کۆمیدیاو هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لەو هونەرە

6 ساڵ لەمەوپێش



شوان کەمال

تراژیدی وەک ئەوە وایە پەنجەی خۆت ببڕێت. کۆمیدی وەک ئەوە وایە بکەویتە ناو مەنهۆڵێکەوە و بمریت.

( مێل بڕوکس)

دۆزینەوەی پێناسەیەکی سادە بۆ ئەم ژانرە ئەدەبییە شتێکی هەروا ئاسان نییە. کۆمیدیا بەشێوەیەکی گونجاو و بەپێی ئەو تایبەتمەندییەی کەهەیەتی لە چوارچێوەی درامادا جێی خۆی دەکاتەوە. ئەوەی کەدەگووترێت و باوە دەربارەی کۆمیدیا ئەوەیە کە ئەم ژانرە ئەدەبییە بەخۆشی دوایی دێت و دەرەنجامەکەی بریتییە لە ئاهەنگی کۆمەڵایەتی وەک جەژن و خۆشی و ڕێوڕەسمی شوکردن یان ژن هێنان. هەرەوەها دەتوانین ئەوەش بڵێین کە کۆمیدیا چاوەڕوان دەکرێت پێکەنیناوی و گاڵتەئامێز بێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کەلە کۆمیدیادا هیچ کەسێک ناکوژرێت و نامرێت. بەڵام دەبێت ئەوەشمان بیر نەچێت کە زۆرێک لەلێکۆڵەاران پێیان وایە کە ئەم ژانرە ئەدەبییە بەردەوامترین جۆری ئەدەبە کەبەپێی قۆناغە جیاوازەکانی گۆڕانی کەلتووری بەچەسپاوی ماوەتەوە و خراپ نەبووە. لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێناسەکان بۆ کۆمیدیا یەکجار زۆرو زەوەندەن، بەجۆرێک کە سنووری ئەو شێوازە تەقلیدییەیان تێپەڕاندووە و لەڕووی هەمەچەشنی زمانەوانی و جۆری پڕاکتیکدا کۆمیدیا دەکرێت چەندین فۆڕمی جیاواز لەخۆ بگرێت. بۆ نموونە شێوازە تەقلیدییەکانی وەک کۆمیدی ناشاریی(pastoral comedy) ، نواندنی بێ مێشکانە(farce) ، لاسایی کردنەوە(burlesque) ، نواندنی بێ قسە(pantomime) ، تەنز(satire). هەرەوەها کۆمیدی ئاکاری(comedy of manner). دەکرێت گەلێک فۆڕمی بچووکتری وەک کارتۆن و زنجیرەی تەلەفزیۆنی تەنزئامێز و تەنزی نێو ڕۆژنامە و گۆڤار و گاڵتەی سینەمایی و هەستان بەنیشاندانی هەندێک یاری و کاریکاتێر و ته‌نانه‌ت ڕۆیشتنێکی بێ مێشکانه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت. بوونی ئه‌م هه‌مه‌چه‌شنییه‌ له‌ جۆره‌کانی کۆمیدی به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کۆمیدی یه‌ک تۆنی دیاریکراوی نییه‌، به‌ڵکو له‌سروشتیدا وه‌ک پیانۆیه‌ک وایه‌ که‌ ‌ده‌توانرێ چه‌ند تۆنی جیاوازی پێ لێبدرێ. سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌م فۆڕمه‌ ته‌قلیدییانه‌ی کۆمیدی و بوونی ئه‌و که‌ناڵ و فۆڕمه‌ جیاوازانه‌ی که‌خۆی تێدا مانیفێست ده‌کات، کۆمیدی تۆنێک یان شێوازێکی دیاریکراوه‌ له‌نووسین که‌ هه‌رگیز یه‌کسان نییه‌ به‌و که‌ناڵ و میدیاو و فۆڕمه‌ جیاوازانه‌ی که‌ خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه‌. تێڵه‌ڵکردنی کۆمیدی له‌گه‌ڵ تراژیدی دا یان له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕه‌گه‌زێکی تر، وه‌ک له‌لای نووسه‌رانی وه‌ک شه‌یکسپیر و دیکنز و ئیبسن و بیکێت وکارۆل چه‌رچل و مارتن ئامیس دەبینرێت، بەبۆچوونی مۆلوین مێرچنت  وەک ئیهانەیەکی بەردەوام وایە بۆ کۆمیدی ڕووت و تراژیدی ڕووت وەک دوو ژانری درامی.

لەسەردەمی پۆست مۆدێرندا؛ لاسایکردنەوە و گاڵتەجاڕی و تەنز بەشێوەیەکی تایبەت بەکاردەهێنران بۆ ڕەخنەگرتن لەفەلسەفەی ڕۆشنگەری. جۆنسن ١٩٢٠ بڕوای وایە کە کۆمیدی لەسەرەتادا گۆرانییەکی سادە بووە کەلەلایەن تاکە کەسێکەوە گووتراوە و دواتر پاڵەوان و گفتوگۆی تێکەوتووە لەقۆناغەکانی داهاتوویدا.

لەڕووی زاراوەسازییەوە ئەگەر بۆ سەرەتای ئەم ژانرە بگەڕێینەوە بەبۆچوونی لێکۆڵەران داڕێژراوە لەهەردوو وشەی گریکی ‘kômos’ یان ‘kômai’ لەگەڵ ‘oda’  .کەیەکەمیان ‘kômos’ بەواتای (ئاهەنگگێڕان) دێت و دووەمیان ‘kômai’ لەوشەی (گووند)ەوە وەرگیراوە. ئەرستۆ پشتگیری لەبۆچوونی دووەمیان دەکرد، چونکە تێبینی ئەوەی کردبوو کە یۆنانییە کۆنەکان خەڵکی گووندنیشینەکانیان بە ‘kômai’ بانگ دەکرد.

 

ئەم بۆچوونەی ئەرستۆ لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە کۆمیدییەکان پێیان دەگووترا کۆمیدی لەبەر ئەوەی کۆچیان کردبوو بۆ گووندەکان و لەشارەکان وەدەرنرابوون بەهۆی کاری ئابڕووبەرانەیانەوە. هەرچی پارچەی دووەمە لەوشەکە واتە ‘oda’   واتە (گۆرانی) بەم شێوەیە بۆمان دەردەکەوێت کە کۆمیدی بریتییە لەهەریەکە لە ڕیتم و ئاهەنگگێڕان. دانتی (1265–1321) بە (گۆرانی گووندنیشینی) ناوی دەهێنا. زۆرینەی ڕەخنەگران لەسەر ئەوە کۆکن کە کۆمیدی بەرهەمی گووندنیشینەکانە زیاتر لەەوەی کە بەرهەمی شارییەکان بێت. بەمشێوەیە بۆی هەیە لەگەڵ ڕیوڕەسمی وەرزیی پیت و بەرەکەتی کشتوکاڵیدا دەستیان پێکردبێت. بۆیشی هەیە ڕەهەندێکی ئاسمانی هەبووبێت و تایبەت بێت بەخودای ئەفسانەیی شەراب و پیت و فەڕ واتە (Dionysus) . ئەم خوداوەندە لەبنەڕەتدا بەخوداوەندی پیت و بەرەکەتی سروشت دەناسرێ، یان ڕۆحی سەوزایی کەمرد و بەزوویی لەدایک بوویەوە. شوێنکەوتووانی گەیشتنە جوگرافیای نێوان هەریەک لە شارەکانی Thrace  Phrygia  لەدەوروبەی ١٠٠٠ پێش زاین. بەشێوەیەکی تایبەت خۆیان تەرخانکرد بۆ خواردنەوە و چێژوەرگرتن و ئاهەنگگێڕان. بەتایبەت ئافرەتان کە ڕوویان کردە دوور لەشارەکان بۆ پەیوەندی کردن بەسروشتەوە. Dionysus بەزۆریی بەوە دەناسرێت کە خودایەکی پەروەدەکردووە کە بە Phales  دەناسرێت و دواتر بووە بە سپۆنسەری ڕەفتارە سێکسییەکانی مرۆڤ. ئەم تایبەتمەندییەی خوداوەند و ئەو سروشتە شەڕانییەی کەهەیبوو کاریگەری نەرێنی کردە سەر فیستیفاڵ و پرنسیپەکانی بەجۆرێک کەبەتەواوی پرنسیپەکانی هەڵگێڕایەوە و ڕەهایی سێکسی بڵاوکردەوە. بەمەش بووە هۆی خولقاندنی ئەو لادان و شێوە گاڵتەچاڕییەی کەلەکۆمیدیدا جیێ بوویەوە. بەمەش ئەم خوداوەندە لەوشارەی کەلێی بوو وەدەرنراو بەرەو قەراغی شار و هەرچی شوێنکەوتووەکانیشی هەبوون بەهەمان شێوە فڕێدرانە دەرەوەی شار. لەڕوانگەی ئەم ئەفسانەوە ئیدی کۆمیدی بە بەئەرکێکی کۆمەڵایەتی و فیکری هەڵدەستا و خزمەتی بەو بەهایانە دەکرد. هەرچی کۆمیدی ئەریستۆڤانە

(c. 448–380 BC) لەخزمەتی سیاسەتێکی ئاشکراو و تەنزئامێزدا بوو. درامای کۆمیدی لەقۆناغەکانی دواتری گەشەسەندنیدا بەرەو قسەکردن لەسەر بابەتە هەنووکەییەکان پەلکێش کرا. ئەرستۆ ئاماژە بەوە دەکات کە کرەیتس یەکەم کەس بووە کە فۆرمی جنێو و گاڵتەجاڕی یاساغ کردوو و گرێ و چیرۆکەکانی یونیڤێرساڵی کرد. دوای سەدەیەک و لە سەردەمی میناندەر (c. 342–c. 291 BC) دا کۆمیدی خەریک بوو بەکاروباری دەسەڵاتەوە. لەسەدەی چوارەمی زاینیدا کۆمیدی وەک ژانرێکی ئەدەبی ڕێنیشاندەر فۆڕموولە بوو. ئەم تێگەیشتنە بۆ یەکەم جار لەلایەن دۆناتۆس کەزمانەوانێکی ڕۆمی بوو، قسەی لێوەکراو لەکارەکانیدا دەربارەی کۆمیدی ڕەنگی دایەوە. ئەم زمانەوانە بەشێوەیەکی بەرفراوان کۆمێنت و تێبینییە گرنگەکانی خۆی دەربارەی بابەتە کۆمیدییەکانی تێرینس Terence دەخستە ڕوو. کۆمیدییەکانی تێرنیس بەوە ناسرابوون کەتەنیا تێکستێکی نووسراو بوون و پێرفۆرمس نەدەکران. لەڕوانگەی ئەم هەوڵە نەزۆکانەی تێرینس ەوە دۆناتۆس ئەو دەرەنجامەی ڕاگەیاند کە ئیدی کۆمیدی دەبێت خۆی لەقەرەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی بدات و ببێتە ئاوێنەیەک بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئاکارەکانی ڕۆژانەی خەڵکی و بەشێوەیەکی پراکتیکی وانەکانی ڕەوشت بەخەڵکی بڵێتەوە.

هەروەها جەختی لەسەر ئەکادیمی بوونی پرنسیپەکانی کۆمیدی کردەوە. دەیگووت کۆمیدی دەبێت هەڵگری پرنسیپێکی بەلاغی بەرز بێت. هەوڵەکانی دۆناتۆس و تێڕوانینە مۆڕاڵییەکەی بۆ کۆمیدیا، کۆمیدیای بەجۆرێک بەرزکردەوە کەخۆی لەقەرەی پرنسیپە نەگۆڕەکانی تراژیدیا بدات. تێڕوانینەکانی دۆناتۆس تا سەردەمی ڕێنسانس و دواتریش، لەنێو گفتوگۆ و مشتومڕەکانی تیۆری کۆمیدیدا هەر لە برەودا بوون. ئەرکی ڕاستکردنەوەی چەوتییەکانی کۆمەڵگە وەک ئەرکی سەرەکی کۆمیدیا بوویە جێی مشتومڕی زۆر و تا لەساڵی ١٦٩٨ ویلیام کۆنگریڤ لەوەڵامێکیدا بۆ قەشە جێریمی کۆڵیەر Jeremy Collier  کەنووسیبووی ( دەبێت خەڵکی بەشتێکی جیاوازتر لەکارە نەشیاوەکانیان بهێنرێنە پێکەنین ) نووسیبووی ئەرکی کۆمیدی بێجگە لەهێنانە پێکەنینی خەڵکی ، بریتییە لە ڕێنموونی کردن و ڕاستکردنەوەی چەوتییەکان. چونکە کاتێک خەڵکی چەوتییەکانی خۆیان لەکارە کۆمیدییەکاندا دەبیننەوە شەرم دەیانگرێت و بەخۆیاندا دەچنەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەش کە دەیانهێنینە پێکەنین.ئەم وەڵامەی ئەو لەکاتێکدا بوو کە ئەو قەشەیە هێرشی کردبووە سەر شانۆ بەگشتی و بەدیاریکراویش کەسێتی کۆنگریڤ.

لەسەدەی بیستدا ڕەخنەگران کەمتر بڕوایان بەئەرکی فێرکەرانەی کۆمیدی بوو. هاری لێڤین بڕوای وایە  کەکۆمیدی بریتییە لەململانێ و کێشمەکێشمی نێوان سۆزی پێکەنین و سەنگینی. شەڕی درێژخایەنی کەسی دەم بەپێکەنین دژی ئەوانەی پێناکەنن. نێوان ئەوانەی نووقمی شادی و پێکەنین لەگەڵ ئەوانەی پێکەنین لەسەر لێویان قاتە. ئێریچ سیگال میێژووی کۆمیدی خۆرئاوایی دیاری دەکات بەدرێژایی هێڵی هاتنەخوارەوە لە شادی و پێکەنینی بەرزی ئەریستۆڤانەوە بۆ شانۆی پووچێتی کەلەکارەکانی بیکێتدا خۆی دەبینییەوە. لەڕوانگەی ئەم بۆچوونەوە، دەربڕینە چالاک و ئەکیڤەکانی ژیان بەرەو پوکانەوە و خاوبوونەوە و ئاڵۆزی ڕۆیستوون.هەروەها پێی دەچێت بەتێپەڕبوونی کات و ئەزموون کۆمیدی گەشبینی بەشێویەکی بەرچاو بەرەو خوارەوە و ڕوو لە کزیی بکات.

سیگال دەنووسێت : ( دراما ئیدی کۆتایی بەخۆشی نایەت. لەڕاستیدا هەر کۆتایی نایەت. هیچ ئاهەنگ و خۆشی دەربڕین و نوێبوونەوەیەکی تێدا نابینرێ. هەر بەڕاست گۆدۆ چی دەنوێنێ؟ ڕزگارکەر یان سەرلەنوێ ژیانەوە؟ تەنیا یەک شت ڕوونە؛ کۆتاییە خۆشەکانی پێشوو ئیدی لێرە بەدواوە هاوەڵمان نین! لەبەر ئەوەی کۆمیدیا لەئێستادا بێجگە لەجەستەیەکی مردوو هیچی تر نییە! )

هەندێک لەڕەخنەگران، ئەوانەی کاریگەرن بە تیوری پۆست ستڕاکچڕالیزم لەوانە ئەندرۆ هۆرتۆن  بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە چۆن زمان و تێکست بەردەوام لەگۆڕاندان، بەهەمان شێوە بۆی هەیە کۆمیدی هەندێک جار کۆکراوە بێت، یان پەرش و بڵاو، کۆتایی هەبێ یاخود نەیبێ. ئەمە بەشێوەیەکی ئاسایی پست دبەستێ بە کۆنتێکست و دەقئاوێزانی داهێنەر و تێکست و هەروەها تێڕامان.

کیربای ئۆلسۆن تێگەیشتنێکی هاوشێوە لەخوێندنەوەی بەرهەمی کۆمیدی سەدەی بیستەم لەڕێی کارەکانی لەفەیلەسووفانی فەڕەنسی لیوتارد و ژی دۆڵۆزەوە پەیڕەو دەکات و پێی وایە کە کۆمیدی سەدەی بیستەم بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو عەقڵانییەتەی کەدەیەوێت بەشێوەیەکی سەرتاپاگیر وێنای جیهان بکێشێت.

دەنووسێت : ( کۆمیدی فۆڕمێکە لەناوەوەی خۆماندایە. کەهەرگیز لەئێمەی ناوێت لەئاسمان بۆی بگەڕێین، یان پێمان وابێت لای خوداوەندە و لەوێ بۆ وەڵامی پرسیارەکانی بگەڕێین. تیوری کۆمیدی گووتارێکی فراوانی هەیە و ئەم گووتارەش فەرمانڕەوایە بەسەر سیاسەتی جەستەدا. ئەم گووتارە لەنێوان باوەڕ و گومڕایدا وەستاوە. وەکو حەز و خولیا وایە بەشێوەیەکی سەیر لەگۆڕاندایە، هەرگیز تێگەیشتنە عەقڵییەکان لەبۆتەیدا جێیان نابێتەوە.)

بەبڕوای ئۆڵسۆن خۆبەدەستەوە نەدانی کۆمیدی و کردەی کۆمیدی بۆ پێناسەیەکی دیاری کراو و بڕواپێکەر، بەڵگەیە لەسەر بەها پۆست مۆدێرنەکانی ئەم ژانرە ئەدەبییە. کۆمیدی بەکورتی دەکرێت بڵێین فۆڕمێکی ئازادە لەپێناسەکردن.

هێنری بێرگسۆن ی فەڕەنسی دەیگووت کۆمیدی بابەتێکی تەواو پەیوەستە بەمرۆڤەوە و لەودیو ئەو بوونەوەرەوە بوونی نییە. کەواتە دەبێت تەواوی نموونە و ڕووداو و کردە کۆمیدییەکان بەجۆرێک لەگەڵ ئاگامەندی مرۆڤدا یەکانگیر بن بۆ ئەوەی ببنە کۆمیدی. ڕەهەندی مرۆڤ وابەستەیی کۆمیدی بۆ یەکەم جار لەلایەن ئەرستۆوە تێبینی کرا. ئەو دەیگووت مرۆڤ تەنیا بوونێکە کەدەتوانێ پێبکەنێت.         

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار