عومهر سهید: کاریگەرترین بوار بۆ بە جیهانی کردنی مێژووى تراژیدیا و کۆمەڵکوژییەکانمان رۆمانە
6 ساڵ لەمەوپێش
(عومهر سهید) یهکێکه له دهنگه جدیهکانى ناو دونیاى نوسینى ئێمه ئهو له ئێستادا خاوهنى سێ ڕۆمانه، و یهکێکه لهو نوسهرانهى له ڕۆمانهکانیدا کار له بهئهدهب کردنى کارهساتى ئهنفالى گهلى کورد دهکات، لهم دیدارهدا هۆکارى ئهم گرنگیدانهی بهکارهساتى ئهنفالمان لێپرسى؟.....
سازدانى: شاخهوان سدیق
*دهوترێت "ڕۆمان هاوارى ئهو کهسانهیه که مێژوو دهنگیان نابیستێت" تا چهند لهگهڵ ئهم بۆ چونهدان. بهو پێى ئێوه کار لهسهر به ئهدهب کردنى مێژوو دهکهى له ڕۆمانهکانتدا؟
عومهر سهید: رەنگە هەر ئایندەی رۆمانیش بۆ ئەو گەل و نەتەوانە بێت، کە تا ئێستە لە دەرەوەی مێژوودان، کە بوونەتە گرێ کۆێرە و کێشەی سەرەکی ئەم چاخە و بە درێژایی مێژوو چەوسێنراونەتەوە. رەنگە رۆمان لە ئێستادا هەمان سیفەتی کریستۆفەر کۆڵۆمبس بگێڕێت، بۆ دۆزینەوە و هەڵماڵینی حەقیقەتی کپ کراو. لە ئاشکرا کردنی ئازار و راستی و ویژدانە زیندۆکان. لە مەعانات و ئازاریی مرۆڤە پەراوێزکان. ئەمڕۆ جیهان بۆتە گوندێکی بچکۆلە، لای من باشترین بڵندگۆ رۆمانە، تا ئەو گوندە هەراسان کەیت و هەم ئاشنایان بکەین بە مێژووی خۆمان و هەموو رابردو و ئێستای پڕ قوربانیمان بدەین بە گوێیاندا، وەک چۆن جولەکەکان تا ئێستاش و بەردەوام لە رێگەی رۆمان و سینەما بۆ یەک رۆژیش ناهێڵن ئەو گوندە بێ حیکایەتە گەورەکەیان شەو سەرخاتە سەر سەرین، رۆژێک نییە ئەوان رۆمانێک یا فیلمێک لە سەر هۆلۆکۆست بەرهەم نەیەنن و نەیدەن بە گوێی مرۆڤایەتیدا. بەڵێ قووڵترین و کاریگەرترین بوار بۆ بە جیهانی کردنی مێژوو تراژیدیا و کۆمەڵکوژییەکانمان، رۆمانە. چونکە رۆمان رۆچوونە بە مەعانات و ئازاریی تاکدا، پێچەوانی زانستی مێژووە، کە بابەتە سەرەکییەکەی ناوی پادشا و جەنگ و بەرواری سەرکەوتنەکانە. مێژوو مرۆڤ بە کۆ و وەک قەبارە دەبینێ، کە تێکرا لە ژێر باروزروف خەمێکی هاوبەش و چوونیەکدا ژیاون. لە کاتێکدا لە دنیای رۆماندا بۆ هەر کەسێک حیکایەت و ئەندێشە و ئازاریی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆی هەیە. ئەوەی راستییە لە مێژوودا، تەنها ناوەکانە، لە کاتێکدا ئەوەی راستی نییە لە رۆماندا تەنها ناوەکانە. ئێمە بۆ تێگەیشتن لە مێژ و مرۆڤ و کۆمەڵگای رووسی و تورکی دەبێ بگەڕێنەوە بۆ دۆستۆفسکی و تۆڵستۆی و یەشار و پامۆک. بۆ تێگەیشتنی جیهانیش لە ئێمە، یەکێک لە بوارە گرنگەکان رۆمانە. مێژوو و شۆڕش و مەسەلەی نەتەوایەتی و ئەو جینۆسایدانەی دەرهەقمان کراوە، دەبێ و پێویستە لە رێگەی بە ئەدەب کردنییەوە بگەیەنینە هەموو زمانەکان، کە بە داخەوە ئێمە تا ئێستا لە رووی وەرگێڕانی خۆمان بۆ دەرەوە زۆر خراپ و لاوازین.
*چیرۆکى ئهنفال یهکێکه له تێما و هێڵهگشتیهکانى ئیشکردنى تۆ له ههرسێ ڕۆمانهکهتدا، ئهمه کاریگهربونهته به تراژیدای ڕوداوهکه، یان ئهنفال و چیرۆکهکانى کهرهستهى باشى گێڕانهوهن له بنهما ئهدهبیکهیدا؟
عومهر سهید: هیچیان نییە، من خودی خۆم لە ناو تراژیدیاکەوە دێم. کوڕی دۆزەخەکەم، ئەوەی کە وەک جەستە و فیزیک ماوم و ئەنفال نەکراوم، هیچ لەو حەقیقەتە کەم ناکاتەوە کە رۆح و یادەوەری و شوێن و مێژوو و هاوڕێ و خزم و خوێشم هەموو ئەنفالن. ئەو کاتەی دەبمە هەژدە ساڵ، بە بەر چاومەوە هەموو ئەو مێژووە دلیت دەکرێتەوە و هەموو منداڵی و هەرزەکاریم ئەنفال دەیدزێت. لەو مێژووەشەوە تا ئێستا، رۆژانە بەر ئاه و ناڵە و گریان و چاوەڕوانی بە ئازاری ئەو مرۆڤانە دەکەوم کە میمکم و دایک و گوندییە خزمەکانمە. لە گەڵ ئەنفالدا، وەک فیسکۆی ئیتلێو کالڤینۆ دەبمە دوو لەتەوە، لەتە منداڵێکەم سەر بە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی دایکم و پێدەشتەکانی گەرمیان و لەتەکەی تریشم بەشێکە لە سڕینەوەی شوێن و چیرۆکە تراژیدێکانی کەسوکارەکەم. نوسینی ئەم رۆمانانە بۆ من هەوڵدانە بۆ یەکگرتنەوەی ئەو دوو لەتە، ئەمە بە ئاشکرا روون و دیارە لە فەزا و تەکنیک و زمانی رۆمانەکانمدا، کە ئاوێتەیەکن لە خەیاڵ و فەنتازیا و واقیع، کەمتر ئەو چیرۆکانە دەگێڕمەوە کە روویان داوە. کاری ئەدەب هڵلۆشینی واقع و مێژووە لە خۆیدا، هێنانی رووداوە بۆ ناو ئەدەب نەک بردنی ئەدەب بۆ ناو واقیع و مێژوو و رووداو، بۆیە لە رۆمانەکانی مندا، بەر ئەو چیرۆکانە دەکەویت کە دەشێ رووبدات، یان رووی دابێت و ئێمە نەمانبیستبێت. نەک ئەو چیرۆک و رووداوانەی کە دەچنە نێو دەقی مێژوویەوە. دەمەوێ لە رێگەی ئەنفالەوە حیکایەتە گەورەکە بگێڕمەوە، حیکایەتی مێژویەکی دوو لەت و چوار لەت. دبوایە ئەنفال بۆ کورد خاڵی وەرچەرخان و بنەمای بنیاتنانی گەورە بوایە وەک هۆلۆکۆستی جوو. دەبوو ببێتە بنەما و سەرەتا بۆ بێدار کردنەوەی ویژدانی نەتەوایەتیمان، دادگا بوایە بۆ شەرمەزار کردن و مەحکوم کردنی مێژووی جاشایەتیمان. دەبوو لە ئێستادا هەزاران لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە و دەیان مۆزەخانە و کتیبخانە و فیلم و دیکۆمینتاری و چی و چیترمان هەبوایە بۆ ئەنفال و مێژووی ئەنفال، بەڵام کە ئێمە هێندە خەمسارد و بێ ئاگا بین بۆ مێژووی خۆمان، ئەوا هەمیشە ئەنفال لە پێشمانەوە دەبێت، وەک لە شەنگال رووی دایەوە. بە کورتی رۆمانەکانی من دەرهاویشتەی ئەو واقیعەن، ئەو مەترسیانەی دووبارە بوونەوەی هەمیشەیی ئەنفال. نوسینیش چییە جگە لە نووسینەوەی خود، خودی منیش بریتیە لە ئەنفال، ئەو هاوڕێیانەم کە تا ئێستە کەس نازانێت لە چ بیابانێکدا زیندە بەچاڵن، گریان و لاوانەوەی دایک و میمکەکانمە کە تا ئێستاش خەونەکانیان دەگێڕنەوە، خەونی گەڕانەوەی منداڵەکانیان. هەوڵی بچووکی من بە گشتی کردنی خەونەکانی ئەوانە، بە ئەدەب کردنێتی تا ببن بە بەشێک لە مێژوو، لە دادگایی کردنی جاش و فسس پاڵەوانەکانی نیشتمان و ستەمکاران.
*دوا ڕۆمانتان (ئهسپهڕه) جیاواز له ههردوو ڕۆمانى پێشوتان (دهرگا داخراوهکانى بابل، زیکزیکه) جیاوازیهکى زۆر بهدى دهکرێت، له ڕووى گێڕانهوهو تهکنیکى نوسین و تهنانهت تێماى چیرۆکهکان، که یهک چیرۆک نییه و خۆى له صهند چیرۆکێکدا دهبینێتهوه، هۆکارى ئهمه چیبوو؟ ئهم شێوازه نوێیه بهمهبهست بوو یان ڕهوتى گێڕانهوهى ڕووداوهکان وایان خواست؟
عومهر سهید: باختین دەڵێت" رۆمان دیاریدەیەکی فرە شێواز و زمان و دەنگە" هەر ئەو دەڵێت" بە هۆی گەشەکردنی بەردەوامەوە، تا ئێستە پێناسەی رۆمان وڵامێکی بە دەست نەهێناوە" سروشتی رۆمان وایە، بەردەوام بە هەموو شێوازە جێگیر و کۆنەکانی خۆیدا دەچێتەوە و تەکنیک و شێواز و زمانی نوێ بەرهەم دێنێت. هەر لە بنەڕەتیشدا رۆمان هێمایە بۆ ململانێ و دژ یەکی مرۆڤ. دژە بە تاک رەهەندی زمان و شێوازە، چونکە ئاڵۆزی و فراوانی ئەم سەردەمە، بە تەنها فرە زمانی دەتوانێت گوزارشتی لێبکات. بۆیە ئاساییە بۆ هەر رۆمانێک، شێواز و زمانێکی جیاواز هەبێت. گەر سەرنج بدەیت، لە هەر سێ رۆمانکەدا، ئەوی دووبارە دەبێتەوە فەزای شوێن و بابەتە و تەنانەت کەسایەتێکانیش کە قوربانییەکانی ئەنفال و جینۆسایدن، بەڵام ئەوەی دووبارە نابێتەوە زمان و شێوازی گێڕانەوە و تەکنیکە. بەو پێیەی روودا و بابەتی ئەسپەرە، تراژیدیایەکی گەورە و فرە رەهەند و تێمایە. دەبوو لە چەندین گۆشە نیگا و لە سەر زاری چەندین کەسایەتی و چیرۆکەوە بگێرڕێتەوە، مەبەستمە بڵێم، هەم رۆمانەکە ئەو تەکنیکەی دەخواست و هەم منیش مەبەستمە لە هەر رۆمانێدا، تایبەتمەندی و شێوازی جودای خۆم هەبێت و کارێک بکەم، لە فۆرم و ناوڕۆکدا، وەک پەنجە مۆر خودی خۆم بم.
*زۆرێک له نهتهوهو گهلانى دونیا ههموو چیرۆک و ئهفسانهو شکست و کارهستهکانیان له ڕێگهى ئهدهبهوه دهکهنه چیرۆکى جیهانى و سهرنجى دونیاى پێڕادهکێشن وهک ئهوهى یابانیهکان بۆ کارهساتى هێرۆشیماو ناکازاکى کرودیانه یان جولهکهکان بۆ هۆلۆکۆست، پێتان وایه ئێمه وهک کورد توانیومانه ڕوداوو کارهساتهکانمان لهو بوارهدا سود لێوهرگیرن؟ پێتان وانییه که دهبوو کارهساتهکانى وهک (شۆڕش، کیمیاباران، ئهنفال، کۆڕهو) زۆرباشتر له ئێستا لهناو ئهدهبى ئێمهدا ئیشى لهسهر بکرایه؟
عومهر سهید: نەخێر ئێمە هێشتا نەمانکردووە و لە سەرەتاداین، لە کاتێکدا دەبوایە ئێستە بە سەدان و بگرە هەزاران رۆمان و چیرۆک و دەقی هەمەجۆری ترمان بڕژانایەتە نێو ئەدەبی جیهانییەوە وخۆمان و مێژووی پڕ شوڕش و قوربانیمان بۆ هەموو دنیا روون و ئاشکرابوایە. پێم وایە هەموو وەرەقەکانی دنیا بەشی رۆمانەکانی ئێمە ناکات گەر بیانوسینەوە. کەس هێندەی کورد گوناە و قوربانی و بێدەنگ نەبووە، کە دەبێت بنوسرێتەوە، ئێمە لەو پیاوە دەچین کە عەریزە نووسەکە دوای ئەوەی عەریزەکەی بۆ دەنوسێت وبۆی دەخوێنێتەوە، کابرا دەست دەکا بە گریان و باوکە ڕۆ و دەڵێ بۆ من هێندە گوناهم. مێژووی قوربانی و فرمێسکی ئێمە بەشی دروستکردنی دە دەوڵەتیش دەکات. هەر یەکێک لە تاکی کورد، لە شۆفێری تاکسیەکەوە تا پیرەمێرد و پێشمەرگەیەک و ئافەرتێک بگریت بەشی رۆمانێکی قەبە ئازار و سوژە و چیرۆکی لایە. بە قەد ئۆقیانوسێک زەخیرە و کەرەسەی ئەدەبی و هونەریمان هەیە، دنیایەکین هێشتا نەک بۆ بێگانە، بۆ خۆشمان روون و ئاشکرا نەکراوین. هێشتا لای ئێمە خودنوسینەوە نەبۆتە بنەما و میتۆد و بابەتی کارکردن، بۆیە بەردەوام لە بازنەیەکی بۆش و داخراودا دەخولێنەوە و ئەو قولابەی باپیرەمانی راو کرد، هەر هەمان قولابە کە باوکمانی راو کرد و وا بڕوات ئێمەش ڕاو دەکات. چونکە هیچمان نەنوسیوەتەوە. مێژویەکی ڵێڵ و ناروون و سوور بە خوێنین. رۆمان بۆ میللەتانی تر گەر داهێنان و رۆچوون بێت بە ناخی مرۆڤ و کێشە هەنوکەیەکان. ئەوا بۆ ئێمە پێویستییەکی حەیاتییە، سەرەتا و رێگایەکە بۆ سەرنج راکێشان و بە هاناوە هاتنمان لە لایەن رۆحی مرۆڤایەتییەوە بۆ کێشەکەمان. بۆ پاراستنمان لە ستەمی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتیمان. چەک ئێمەی ماڵوێرانتر کرد. بۆ ئایندە دەبێ لە ئەدەب و سینەما و بوارە مرۆیانەکەی ترەوە زووم بخەینە سەر خۆمان. وەک بەڕێزتان دەڵێن. دەبێ ئێمەش دەقی گەورە و ئەدەبی باڵا و سەرنج راکێش بخەینە بەردەم مرۆڤایەتی، تا ئەوەی چەک و جەنگ نەیتوانی بمانخاتەوە ناو مێژوو، بە حیکایەتە گەورەکەمان بە گۆڕە بە کۆمەڵەکانمان بە کچە گەرمیانی و ئێزدێکانمان، ئەوانی نەمانتوانی بە چەک پاکیزەییان بپارێزین، هیچ نەبێت با لە رێگەی ئەدەب و هونەرەوە ویژدانی بیماری مرۆڤایەتی پێ ریسوا و شەرمەزار بکەین. رەنگە بەم رێگایە بتوانین قەدەری بازنەی داخراوی خۆمان تێکشکێنین و جارێکیتر کۆمەڵکوژی نەکرێینەوە.