ڕەسوڵ سوڵتانی: وەرگێڕەكانی ئێستا هێندەی وشە بە وشەی دەقەكە مانا دەكەنەوە، ئەوەندە گرینگی بە پەیام و ناوەرۆكی ڕستەكان نادەن.

6 ساڵ لەمەوپێش



یەکێک لە ناوە ناسراو دیارەکانی ئێستای ناو دونیای وەرگێڕانی ئێمە (ڕەسوڵ سوڵتانی)ە کە ساڵانێکە لەو بوارەدا کاردەکات و دواین کاریشی پڕۆژەی وەرگێڕانی (١٠) بەرگی بەرهەمەکانی (چیخۆف)بوو. بۆ زیاتر وەرگرتنی بیروڕای سەبارەت بە وەرگێڕان ئەم دیدارەمان لەگەلەدا سازدا.

 

سازدانی: شاخەوان سدیق

پەڕاوی هاوڵاتی: هەمیشە دەوترێت وەرگێڕان نووسینەوەى دەقێکى نوێیە لە لایەن کەسى وەرگێڕەوە، ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟ پێتان وایە وەرگێڕان دەتوانێت ڕۆحى زیندووى تێکستەکان بگوازێتەوە؟

 

- وەرگێڕان سەرلەنوێ نووسینەوە و داڕشتنەوەی دەقەكەی ترە لە زمانێكدا كە پێی وەردەگێڕیت، یان بڵێی بۆی وەردەگێڕیت. تۆ دەقێكی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی دەخوێنیتەوە، كە بتەوێ بیكەیتە كوردی، خۆ نابێ وشە بە وشەی مانا بكەیتەوە، وەك زۆربەی ئەم وەرگێڕانانەی ئێستا هەن. ئاخر وەرگێڕەكانی ئێستا دەق مانا دەكەنەوە، هێندەی وشە بە وشەی دەقەكە مانا دەكەنەوە، ئەوەندە گرینگی بە پەیام و ناوەرۆكی ڕستەكان نادەن. وەرگێڕی شارەزا، پەیامی سەرلەبەری رستە بە كوردی دادەڕێژێتەوە بەبێ ئەوەی لێی كەم و زیاد بكا، لەگەڵ ئەوەشدا كە دەزانێ لەو رستانەدا كام وشە لەوانەیە كۆد، یان نهێنییەكی گەورەیان تێدابێ.

بۆ بەشی دووەمی پرسیارەكەت دەبێ بڵێم گواستنەوەی رۆحی زیندووی دەق، پێوەندیی بە دەسەڵاتی وەرگێڕ و زمانزانی و شارەزایی لە داڕشتنەوەی دووبارەیەوە هەیە. زۆر وەرگێڕمان هەن كە لە فارسییەوە كتێب دەكەنە كوردی، دەقەكانیان دەبینم، ئیتر جوان هەست دەكەم قامووسە فارسییەكەیان لێ وەرگریتەوە، ناتوانن یەك رستەی سادەیش بكەنە كوردی، كەچی بەو حاڵەشەوە فارسییەكەیان لە كوردییەكە باشترە. بەڵێ، فارسییەكە لە زمانە زگماكییەكەی خۆیان باشتر دەزانن، چونكە دەبینم تەواو لە فارسییەكە تێگەیون، بەڵام نەیانزانیوە دایڕێژنەوە، نەیانزانیوە بیكەنە كوردی. وشە بە وشە مانایان كردووەتەوە. زانیویان بە فارسی دەڵێ چی، بەڵام نەیانزانیوە چۆن بە كوردی دایڕێژنەوە. هەر بۆیە ئێمە زۆر وەرگێڕان دەبینین و دەخوێنینەوە كە لە یەك دوو پەرەگرافی یەكەمدا هەست دەكەی داسوو"ئێسكی ماسی" لە قوڕگت دەچەقێ و ئیتر ناتوانی پتر بخوێنیتەوە. ئەوان نازانن وەرگێڕان تەنیا زمانزانین نییە. وەرگێڕان پاش زانینی هەردوو زمانەكە، هونەری سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەقە، بەبێ ئەوەی تاموبۆنی دەقی نووسەرت تێك دابێت و بەبێ ئەوەی زمانەكەی خۆیشتت شێواندبێ. تۆ دەقی وەرگێڕدراوی عەرەبی و فارسی دەخوێنیتەوە هەست ناكەی ئەوە وەرگێڕدراوە، هەر پێت وایە بە فارسی و عەرەبی نووسراوە، كەچی دەقی وەرگێڕدراوی كوردی دوور دوور هاوار دەكا و دەڵێ من دەق نیم، تەرجومەیەكی سەقەتوەرگێڕدراوم.

هەر بۆیە كە وەرگێڕ هونەری داڕشتنەوەی رستەی هەبێ، دەتوانێ رۆحی زیندووی دەق رابگوێزێت. وەك چۆن محەمەدی رەمەزانی توانیویەتی "هەرا و تووڕەیی"ی فۆكنەرمان وا بۆ وەرگێڕێت، كە هەست دەكەی فۆكنەر خۆی بە كوردی بۆمان دەگێڕێتەوە، هیچ تایبەتمەندی و شێوازی فۆكنەریش نەشێواوە.

 

پەڕاوی هاوڵاتی: ئەو بنەما سەرەکیانە چین کە دەبێت لە کەسى وەرگێڕدا هەبن، ئایا زانینى زمانێک بەتەنها دەتوانێ وا لە مرۆڤ بکات تواناى وەرگێڕانى تێکستەکانى هەبێت، وەرگێڕان پیشەیە یان زانستە یان هونەرە؟

 

- لە وەڵامەكەی پێشوومدا باسم كرد، جگە لە زانینی زمان، هونەری داڕشتنەوەیشی پێویستە. زۆر زمانناسی گەورەمان هەن لە زانكۆكانی كوردستان، وانەی زمانناسی دەڵێنەوە، بەڵام نووسینەكەیان بخوێنیتەوە سەرت سووڕ دەمێنێ، چونكە هونەری داڕشتنی رستە شتێكی دیكەیە، تۆ دەكرێ پسپۆڕی بواری رێزمانی كوردی بیت، بەڵام تەنیا بەو زانستە نابیتە نووسەرێكی باش. مەلزەمەكانی كۆلێژ بخوێنەوە، كێ دایڕشتوونەوە؟ مامۆستاكانی زانكۆ كە دكتۆرایان هەیە، دەی كە دەیانخوێنیتەوە، سەرت سووڕ دەمێنێ لەو هەمووە رستە لار و وێڕ و بێسەروبەرەیە. هەر سەرت سووڕ دەمێنێ تەڵەبەی داماو چۆنیان دەخوێنێتەوە و چۆن تێدەگا و چۆن نمرە وەردەگرێ. نووسین و داڕشتنەوەی جوان، هونەرە و هەموو كەس نیەتی.

 

پەڕاوی هاوڵاتی: وەرگێڕان دەتوانێت چ ڕۆڵێک لە بەرەوپێشەوەبردنى کتێبخانەى کوردیدا بگێڕێت؟ بۆ هەوڵ نەدراوە وەرگێڕانى پێچەوانە بکەن، واتە بەرهەمەکوردیەکان وەربگێڕنە سەر زمانە بیانییەکان، پێتان وانیە لە ئێستادا ئەوە پێداویستییەکى گەورەیە؟

 

- وەرگێڕان گواستنەوەی ئەزموونی گەلانە بۆ نێو كتێبخانەی كوردەواری. بەڵام لەوەدا كورد كەمتەرخەم بووە كە دەقی خۆی زۆر وەرنەگێڕاوەتە سەر زمانەكانی تر. بەو دواییانە هێندێ رۆمان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی، ئەوەندە كەمە. ئێمە بەرهەمی باشمان هەیە كە دەكرێ شانازییان پێوە بكەین. لە زۆر شتی دیكەشدا كەمتەرخەمین، تۆ سەیری فەیسبووك بكە، سەدان كارەسات بەسەر كوردستان بێ، كەس بە ئینگلیزی و عەرەبی و فەرەنسی دوو دێڕ نانووسێ و بە خەڵكی دنیا ناڵێ ئاوامان بەسەر هات. سەدان هەزار كورد لە دەرەوەی وڵاتن، هەر خەریكن بە كوردی بۆ خۆمانی دەنووسن، كەچی كەسیان شەش دێڕ بە زمانی ئەو وڵاتە و بۆ خەڵكی ئەو وڵاتە نانووسن كە تێیدا دەژین. ئەوە كەلێنێكی گەورەیە.

 

پەڕاوی هاوڵاتی: له‌ماوه‌ى ڕابردودا پڕۆژه‌یه‌کى جدیتان هه‌بوو که ‌ئه‌ویش وه‌رگێڕانى به‌هه‌مه‌کانى (چیخۆف) بوو. چۆن بوو بڕیارى ئه‌م پڕۆژه‌ گه‌وره‌یه‌تاندا؟ ئێستا پڕۆژه‌ى داهاتووتان بۆ وه‌رگێڕان چییه‌؟

 

- وەرگێڕانی كۆبەرهەمە دە بەرگییەكەی چیخۆڤ كە هەموو چیرۆك و شانۆنامە و نامەكانیەتی، كارێكی ئاسان نەبوو. بەبێ پشتیوانێكی باش و دڵسۆز نەدەكرا. شانسی كتێبخانەی كوردی و خوێنەری كورد، دكتۆر تەها ڕەسووڵ ئەو ئەركەی گرتە ئەستۆی خۆی و پشتیوانیی لێ كردم. كارەكە ئاسان نەبوو. زۆری پێوە ماندوو بووم. پاداشتی من لەو وەرگێڕانە زیاتر پاداشتێكی مەعنەوییە، ئەو شانازییەیە كە پێم بڕاوە و توانیومە خزمەتی كتێبخانەی كوردی بكەم. هیوادارم سەرمایەدارەكانی دیكەی كوردستانیش وەك دكتۆر تەها ڕەسووڵ ئاوڕێك لە كتێبخانەی كوردی و لە كوردی كتێبخوێن بدەنەوە. پرۆژەی داهاتووشم هەر لەسەر پێشنیاری دكتۆر تەها كۆی بەرهەمەكانی "ئەلبێر كامۆ"یە. ئێستا "شەڕ و ئاشتی"ـیەكەی تۆلستۆیم بەدەستەوەیە. گرێبەستم لەگەڵ هیچ كوێ نییە، هەر لایەنێك زیاتر ماندووبوون و مافەكانم وەك وەرگێڕێك لەبەرچاو بگرێت، دەیدەمە ئەو. ئیتر دوای ئەوانەش، هیوادارم خەمی نان بەرۆكمان بەر بدات و بتوانم ئەزموونە ئەدەبییەكانی خۆم لە چوارچێوەی چیرۆك و رۆماندا بنووسمەوە، ئەگەر نەشمتوانی، كەس هیچی لەكیس نەچووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار