مێژووی خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه له رێی شۆڕشی ده‌روێشه سیاسییه‌كانه‌وه
خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورت بۆ رۆمانی "ده‌ریاس و لاشه‌كان" ی به‌ختیارعه‌لی
6 ساڵ لەمەوپێش
ئومێد حه‌مه‌عه‌لی
ئه‌م گواستنه‌وه‌یه، ئه‌م خوڵقاندنهوهیهی حه‌قیقه‌ت له خه‌یاڵدا داهێنانه له گێڕانه‌وه‌دا، داهێنانه له‌جۆری به‌رخوردكردن دا له‌گه‌ل په‌یوه‌ندی خه‌یاڵ و واقیع و، فۆرمێكی به‌رزی داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی حه‌قیقه‌ت و خه‌یاڵه. به‌ختیارعه‌لی به‌گێڕانه‌وه‌یه‌كی قوڵه‌وه و به زمانێكی پڕه‌وه هه‌ر له‌بناغه‌وه ئیشی له‌سه‌ر توانای ئاماده‌بوونی له‌دونیا كردووه. هه‌موو ئاماده‌بونێك بهپێشمهرجه ئۆنتۆلۆژییه‌كانیدا تێده‌په‌ڕێت، كه پێویستن نه‌ته‌نیا بۆ ئاماده‌بوونی نوسه‌ر، ئه‌دیب و بیرمه‌ندێك له‌دونیا، بۆ هه‌ر ئینسانێك پێویستی بوونهوییانهن. داهێنه‌ربوون ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌یه هێزی بوون له‌جیهان به‌نوسه‌ر ده‌به‌خشێت. داهێنان خۆی مانای چوونه نێو رۆشنه‌پانتایی بوونه و گواستنه‌وه‌یه له‌جێگایه‌كه‌وه بۆ فرهجێگا. ئه‌م گواستنه‌وه‌یه ته‌نیا به داهێنان دا گوزه‌رده‌كات و پردی په‌ڕینه‌وه‌ی نوسه‌ر داهێنانه. له‌به‌رئه‌وه‌ی داهێنان دروستكه‌ری جیاوازییه، هه‌میشه كێشه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتن و ره‌تكردنه‌وه دێنێته‌گۆڕێ. داهێنه‌ربوونی نوسه‌رێك و رۆماننوسێك واتای توانای خۆجیاكردنهوهیهتی له‌ئه‌وانیتر، هێزێكه له‌ناوه‌وه‌ی داهێنه‌ره‌وه بۆ نایهكسانكردنی له‌گه‌ل مرۆڤه‌كانی دیكه‌دا و له‌گه‌ل نوسه‌رانی دیكه‌دا به‌تایبه‌تی. بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای حه‌قیقه‌تی نوسه‌رێك بكه‌ین وه‌ك نوسه‌ر ده‌بێ لهبهرههمهكانییهوه لێی بڕوانین، چونكه حه‌قیقه‌تی نوسه‌ر ئه‌و ئاسته له‌داهێنان دیاریده‌كات، كه له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه. به‌ختیارعه‌لی به ئه‌ده‌به‌كه‌ی خۆی توانیویه‌تی ئاماده‌بوونی خۆی له رووبه‌ری كوردییدا به‌رجه‌سته‌بكات و، له‌م پێگه بناغهییهیهوه به‌شێوه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆ، به‌ڵام كاریگه‌ر هه‌نگاوی ناوه‌ته دونیای ئه‌وانیتره‌وه. ئه‌م سنوربڕینه ته‌نیا گرێدراوی شایانبوون و ده‌سه‌ڵاتی گێڕانه‌وه‌ی نوسه‌ره له‌رۆمانه‌كانیدا، ئه‌وه هێزی ناخه‌كییانه‌ی ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی رۆمانهكانیهتی له‌جێیه‌كدا ئۆقره‌ناگرن و دیواره ئه‌ده‌بی و كه‌لتورییه‌كانی ئه‌وانیتر ده‌بڕن و جێیه‌ك و نیشتمانێك بۆ خۆیان ئاواده‌كه‌ن. به‌ختیار جیا له‌وه‌ی ئه‌زمونێكی گه‌وره‌ی له‌گێڕانه‌وه‌دا هه‌یه، كه چنینی چیرۆكگه‌لی ئاڵۆز و فره رووداون، له‌گه‌لیدا به‌رده‌وام چاوێكی تیژی فه‌لسه‌فی و هزری له‌ئارادایه و لێكدانه‌وه بۆ دونیای خوڵقێنراوی ناو خه‌یاڵی ده‌كات، له‌و واقیعه ده‌كۆڵێته‌وه و هه‌ڵیده‌وه‌شێنێته‌وه، كه له‌خه‌یاڵی فراوانی ئه‌ده‌بی خۆیدا ئهفراندویهتییهوه. هه‌ڵبه‌ت زیاده‌ڕه‌وی ناكه‌م و هه‌وڵه ئه‌ده‌بییه‌كانی دیكه نادیدهناگرم، به‌ڵام پێموایه رۆمانه‌كانی به‌ختیار خۆبه‌خۆ و له‌پاش بڵاوبونه‌وه‌یان به زمانه جیاوازه‌كانی دونیا و سنوربڕییهكانیان، ئه‌ده‌بی كوردی‌یان گه‌یاندۆته قۆناغێكی تر و، ئه‌كرێ مێژووی ئه‌ده‌بی ئێمه بۆ سه‌رده‌می پێش به‌جیهانیبوونی به‌ختیار و پاش به‌جیهانیبوونی پۆلێن بكه‌ین. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی بهلۆكاڵیبوونی نوسینی ئه‌ده‌بی و رۆمانی كوردییه‌وه هه‌یه تا ئه‌و جێیه‌ی به‌ختیار ئه‌م ئه‌ده‌به له‌و لۆكاڵیبوونه ئه‌ترازێنێت و له‌ناو رۆحی خۆرئاواوه نمایشی راسته‌قینه‌ی بوونی ئه‌ده‌بییانه‌ی خۆی ده‌كات.
به‌ختیارعه‌لی له‌رۆمانی ده‌ریاس و لاشه‌كان دا ئه‌لقه‌یه‌كی تر له‌مێژووی تراژیدی رۆژهه‌ڵات له‌نمونه كوردییه‌كه‌یدا ده‌خاته فۆرمه خه‌یاڵییه ئه‌ده‌بییه‌كه‌یه‌وه و ده‌ست ده‌بات بۆ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه سیاسییه بناغه‌ییه‌كه‌ی گه‌لانی خۆرهه‌ڵات، كه مێژووی ئێمه‌ش به‌شێكی دانه‌بڕاو و خهماوییهتی. دیاریكردن و ده‌ستنیشانكردنی كێشه و ده‌ردی مێژوویی به‌بڕوای من ئیشێكی گرینگ و به‌رپرسیارێتییه‌كی فه‌لسه‌فییانه‌ی بیركه‌ره‌وه و داهێنه‌ره‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌یه. ره‌نگه كتێبه‌كانی به‌ختیار به‌گشتی و رۆمانه‌كانیشی به‌تایبه‌ت باشترینی ئه‌و كتێبانهبن، كه ده‌ستیانبردووه بۆ ره‌گوریشه‌ی نه‌خۆشی سیاسیی مێژووی ئێمه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له‌ده‌ستپێكی ئه‌م رۆمانه‌وه و له‌جێیه‌كدا ته‌رمی سهردارقهمهرخانی ده‌هێنرێته‌وه و دووباره ده‌نێژرێته‌وه، ئیدی چیرۆكی ئه‌و نه‌خۆشییه سیاسییه و رهگوریشهكهی ده‌ستپێده‌كات. ئه‌مه‌ش به‌دڵنیایی له‌به‌رخورد و روانینی ئه‌لیاسه‌وه تێیده‌گه‌ین، كه به‌م شێوه‌یه ده‌ستیپێكردووه : "له‌مه‌راسیمی ناشتنه‌كه‌ی سهردارقهمهرخانیدا ئه‌لیاسمان نه‌بینی، كه ئه‌وده‌م گه‌نجێكی هێمن بوو، تازه دهلاكخانهیهكی بچوكی له‌نزیك مزگه‌وتی شینه‌وه كردبووه‌وه. وه‌ك خۆی ده‌یگوت ئه‌م سیاسییه رزیوه‌ی بۆ گرینگ نییه، كه دوای شازده ساڵ مردن ئێستا لهدارجگهرهكی رزیو ده‌چێت نه‌وه‌ك له قاره‌مانێكی شه‌ڕه بێسوده‌كانی چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. كه پێمانگوت ئه‌مرۆ مه‌یتی قه‌مه‌رخانی ده‌هێننه‌وه. به‌ده‌نگێكی جیدی گوتی ده‌بوایه لاشه‌كه‌ی له‌شوێنی خۆی نه‌جوڵێنن، باش نییه مردوو زۆر ئه‌مدیوه‌ودیو بكه‌یت. ئه‌و هه‌ر له‌و زه‌مانه‌وه گاڵته‌ی بهقهمهرخانی ده‌هات و به‌رده‌وام بۆ كه‌سێكی دی ده‌گه‌ڕا، وه‌ك سه‌رۆك و رابه‌ری خۆی لێی بڕوانێت". (ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره6). ره‌نگه له‌دوو ئاستدا پێویست بێت سه‌رنج له‌كاردانه‌وه‌ی ئه‌لیاس بده‌ین له‌باره‌ی مێژووی قه‌مه‌رخانی و رۆڵه سیاسییه‌كه‌یه‌وه. یه‌كه‌م، ئه‌لیاس وه‌ك مرۆڤێكی رادیكاڵ نه‌ك ته‌نیا ره‌خنه‌ی ئه‌و وجوده سیاسییه و مێژووه‌كه‌ی كردووه، به‌ڵكو به‌چه‌شنێكی ریشه‌ییانه به رزیو پێناسه‌ی ده‌كا و ره‌تیده‌كاته‌وه. به‌دڵنیایی قه‌مه‌رخانی سیمبۆلی قاره‌مانی سیاسی-شۆرشگێڕی له‌حه‌قیقه‌تدا خێڵه‌كی مێژووی ئێمه‌یه. ئه‌و بوونه سیاسییه‌یه ئه‌فسانه‌سازی بۆ كراوه و، له‌بری تێگه‌یشتنی بابه‌تییانه‌ی رۆڵ و كه‌سێتییه‌كه‌ی، له‌بری بینینی فه‌رهه‌نگه خێڵه‌كییه زاڵه‌كه‌ی، وه‌ك جه‌نگاوه‌ر و ژه‌نڕاڵێكی ئه‌فسانه‌یی وێناده‌كرێ. ده‌ركردنی قه‌مه‌رخانی له‌چوارچێوه واقیعییه‌كه‌ی ره‌گوریشه‌ی ئه‌و ده‌رده سیاسییه‌یه. ئه‌لیاس لێره‌دا واده‌رده‌كه‌وێت ناسینی مێژوویی هه‌یه بۆی و له پشتی په‌رده‌ی ته‌وه‌هومه‌وه ته‌ماشای ئه‌كات و راسته‌قینه رزیوه‌كه‌ی ده‌بینێت، نه‌ك ئه‌و وێنا ئه‌فسانه‌یی و ساخته‌یه‌ی بۆی كراوه. ئه‌لیاسه‌كان لێره‌دا و له نمونه‌ی ئه‌لیاسی ده‌ستپێكی ئه‌م رۆمانه‌وه، ئه‌وه ئاشكرا ده‌كه‌ن، كه مێژووی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه ده‌ستبه‌ده‌ستی پێ ده‌كرێت. مێژووی ئێمه به‌گۆڕانكاریی جه‌وهه‌ریدا تێپه‌ڕنابێت، زیاتر بریتییه له ده‌ستاوده‌ستكردنی زۆره‌ملێیانه بهدهستكاریكردنێكی ناجهوههرییهوه، به هه‌ندێ رهنگگۆڕینهوه. دووه‌م، له‌جێیه‌كدا ئه‌لیاس سه‌رباری رادیكاڵبوونهكهی لهرهتكردنهوهیدا بۆ قهمهرخانییهكان، به‌شوێن دۆزینه‌وه‌ی سه‌ركرده و رابه‌ری دیكه‌وه‌یه، به‌شوێن خوڵقاندنی گهورهیهكهوهیه بۆ خۆی. ئه‌و راستییه‌ش پیشانده‌دات، كه ره‌تكردنه‌وه‌ی رادیكالییانهی ئه‌لیاس بۆ دروستكردنی دونیایه‌كی جیاواز نییه، ئه‌و بۆ روانین و دونیابینی تازه ناگه‌ڕێت، ئه‌و كێشه‌ی له‌ته‌ك بتێكی سیاسی‌دا هه‌یه و ره‌تیده‌كاته‌وه و، خولیای بتێكی سیاسیی دیكه له‌سه‌ریایه‌تی. ئه‌م خاڵه نه‌خۆشییه بناغه‌ییه‌كه‌ی ئێمه‌یه، نه‌خۆشی گشت كۆمه‌ڵگاكانی رۆژهه‌ڵاته. مێژووی ئێمه كارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بتی سیاسییه به‌ناونیشانی جیاوازه‌وه. ئه‌لیاسه‌كان له‌و جوگرافیایه‌ی ئێمه‌دا ئه‌و كاراكته‌رانه‌ن وه‌همی شۆڕش و گۆڕانكاری وه‌ك حه‌قیقه‌تی مێژوویی پیشان ده‌ده‌ن.
له‌م ده‌ستپێكه مێژووییه‌دا ده‌ستبراوه بۆ په‌یوه‌ندی مرۆڤ به سه‌رۆكه‌وه، بۆ په‌یوه‌ندی به مردووه‌وه و بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی مرۆڤی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه به به‌رزاییه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه. ره‌نگه ئه‌م په‌یوه‌ندییانه رووبه‌ری راسته‌قینه‌ی ئاشكرابوونی نه‌خۆشییه‌كی گه‌وره‌بن، نه‌خۆشییه‌ك، كه ئینسانی ئێمه‌ی له‌ئازادی خۆی، له‌كه‌سێتی و ره‌سه‌ناێتی خۆی نامۆكردووه و، له‌دوا ئاستدا له‌گه‌ل ئه‌و نامۆییه‌دا باریهێناوه. ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی بۆ سه‌رۆك هه‌یه به‌ته‌واوی ئه‌فسانه‌یی و وه‌همگه‌رایه، به‌خشینی خه‌سڵه‌تی میتافیزیكییانه‌یه به وجودی سه‌رۆك، ترازاندنیهتی له چوارچێوه مرۆییهكهیی و نزیككردنهوهیهتی له‌بوونێكی ترانسدێنتالی، به‌خشینی نه‌مرییه پێی. ئه‌م په‌یوه‌ندییه ته‌نیا له‌زه‌مه‌نێكی دیاریكراودا گیرنابێ و سنوربڕه و ده‌یه‌وێت به‌سه‌ر مردنی فیزیكیانه‌ی سه‌رۆكدا بازبدات. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه به مردنه‌وه، مردن چیدی كۆتایی نییه، شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی ئاماده‌یی سه‌رۆكه له مێژوودا، چ وه‌ك بوونێكی گیانی و میتافیزیكییانه، یان وه‌ك رێباز و بیركردنه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نهشیبوبێت، یان له رێگه‌ی خوێنی و ته‌وریسی سیاسییه‌وه. بێگومان ئه‌م نه‌مرییه ئێجگار كوشنده‌یه و ده‌ردی راسته‌قینه‌ی خولانه‌وه‌ی مێژووی ئێمه‌یه له بازنه‌یه‌كی بۆشدا. به‌ڵام كێشه‌ی گه‌وره ئه‌وه‌یه سه‌رباری ئه‌م نه‌خۆشییه، كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه به‌رده‌وام له وه‌همی گۆڕانكاریدا ماونه‌ته‌وه و دركی راسته‌قینه‌ی گۆڕانكاریی ناكه‌ن. تائێستا بهرووكهشهوه گیرۆده‌ن و هێزی بینینی قوڵاییه‌كانیان نییه، ره‌نگه هۆكار ئه‌وه‌بێ هه‌ر له بنچینه‌وه له قووڵایی ده‌سڵه‌مێنه‌وه.
ئه‌و دۆخه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه و رۆژهه‌ڵات به‌گشتی پێیدا گوزه‌رده‌كات لێره‌دا به‌م شێوه‌یه ده‌گێڕدرێته‌وه:"له‌دوای مردنی قه‌مه‌رخانی له‌مه‌نفا غه‌مگین و كورته‌كه‌ی له ئه‌وروپا، ساڵانێكی درێژ دیارده‌ی ده‌ركه‌وتنی سه‌رۆكه‌كان گه‌لێك په‌ره‌یسه‌ند، ماوه‌یه‌ك هێند سه‌رۆكمان زۆربوو له‌ژماردن نه‌ده‌هاتن. سه‌رۆكه‌كان ده‌رده‌كه‌وتن و زۆربه‌یان پاش ماوه‌یه‌كی كورت ده‌مردن، هۆی مردنه‌كه‌یان رستێك نه‌خۆشی نادیاربوو، كه دكتۆره‌كان به غه‌مۆكی سیاسی، سیلی سیاسیی، یان دوودڵی سیاسیی ناویان ده‌بات".(ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 6 و 7). لێره‌دا دیارده‌ی لهمهنفابوونی سه‌رۆكه‌كان ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌یه بۆ ئه‌و ره‌وشه سیاسییانه‌ی كه مانه‌وه له‌نیشتمان له‌و سه‌رۆكانه قه‌ده‌غه‌ده‌كه‌ن. ئه‌و سه‌رۆكانه‌ی زه‌مه‌نێكی دیاریكراو وه‌ك بتێكی سیاسیی خۆیان سه‌پاندووه، یان په‌رستتراون، ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ زنجیره‌یه‌ك سه‌رۆكی جیاواز و یه‌كله‌دوای یه‌ك، كه مه‌نفایان به‌واتا راسته‌قینه و جیۆگرافی-سیاسییه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه، یان مه‌نفایه‌ك كه له‌خودی نیشتمانه‌كه‌یاندا نوخبه‌یه‌كی دیكه‌ی سیاسیی بۆی پێكهێناون. مردن له مه‌نفا وه‌ك چۆن هه‌ندێ كات هێمای زوڵملێكراوییه، له‌هه‌ندێ دۆخی تردا ئاماژه‌ی ستهمكاربوونه. هه‌موو مردنێك مانای خۆی هه‌یه و مردن له مه‌نفاش له‌جه‌وهه‌ردا ده‌توانێ له‌باره‌ی زۆر دۆخ و راستی سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌ییه‌وه قسه‌بكات. ئێمه رۆڵی سه‌رۆك و رابه‌ره سیاسیی و رۆحییه‌كان نادیدهناگرین له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، به‌ڵام له‌رووی ئاماده‌بوونی ره‌سه‌نه‌وه هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی به‌سه‌رۆك داده‌نرێن، جیاوازن و رۆڵی مێژووییان ئه‌وه یه‌كلایده‌كاته‌وه، كه تاچه‌نده هێزی مانه‌وه و بوونیان له‌جیهاندا هه‌یه. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه هایدیگه‌رییه ته‌ماشابكه‌ین، كه بۆ دازاین، یان بوونی ره‌سه‌ن دیاریكردووه، به‌دڵنیایی ئه‌توانین بڵێین ئه‌و سه‌رۆكانه‌ی بوونێكی ره‌سه‌ن و راسته‌قینه‌یان نه‌بووه هه‌ر له‌بنه‌مادا نه-بوون و بوونه‌ته رابردوو، وه‌ك چۆن ئه‌وانه‌ی بهرهسهناێتی خۆیان و به پێشمه‌رجه ئۆنتۆلۆژییهكانیانهوه له‌جیهان ئاماده‌بوون نابنهرابردوو، ئه‌وانه سه‌رده‌مبڕ و زه‌مه‌ن بڕن. په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی سه‌رۆكه‌كان له‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه ئاماژه‌ی روونی هه‌بوونی كۆمهڵگهگهلێكه له‌سه‌ر بنچینه‌ی فه‌رهه‌نگی مێگهلیزمی سیاسیی بهرێدهچن و، ئه‌و پره‌نسیپه كۆنه رۆژهه‌ڵاتییه ئیش ده‌كات، كه پێیوایه پادشاكان شوانی كۆمه‌ڵگه‌كانیانن. هه‌ربۆیه دیارده‌ی سه‌رۆك له‌م ره‌وشه‌دا هه‌ر ته‌نیا گرێدراوی دۆخی سیاسی نابێ، زیاتر و قووڵتر له‌وه ره‌گوریشه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یی و زیهنیی هه‌یه. ئه‌م زیهنییه‌ته كارخانه و رووبه‌ری هه‌ره سازگاری پرۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ژماره‌ی سه‌رۆكه‌كان و سهرۆكگهلی تازه‌ن. مردنی سه‌رۆكه‌كان به‌هۆكارگه‌لێكی نادیار، كه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌ییه‌ی سه‌رۆكه‌كان تێیدا له‌دایكده‌بن و هێزی خۆیانی لێ وه‌رده‌گرن. ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه چه‌نده هێز و وزه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی له‌دایكبوونی سه‌رۆكه‌كانه، به‌هه‌مان ئاستیش ده‌توانێ هێزی ئاڵوگۆڕی ئه‌و سه‌رۆكانه بێت بهسهرۆكگهلێكی به‌رواڵه‌ت تازه به‌هه‌مان جه‌وهه‌ره‌وه.
به‌ختیارعه‌لی له‌تێكسته فیكری و ئه‌ده‌بییه‌كانیدا به‌روونی كێشه‌ی گه‌وره‌ی له‌گه‌ل موقه‌ده‌سدا هه‌یه و هه‌ر ئه‌وه‌ی پێیوایه: له‌پشتی هه‌ر موقه‌ده‌سێكه‌وه نیازێكی ناموقه‌ده‌س ئاماده‌یه. سه‌لمێنه‌ری ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی ئێمه‌یه. كێشه‌ی موقه‌ده‌س، یان مه‌ترسی موقه‌ده‌س به‌تایبه‌ت له‌فۆرمه سیاسییه‌كه‌یدا به‌شێكی گه‌وره‌ی ده‌ردی كوشنده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی ئێمه‌یه. بۆیه كاتێك له‌باره‌ی پاراستنی گۆڕستانی سه‌رۆكه‌كانه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، به‌و شێوه‌یه باسی ده‌كات:"له‌ترسی كاری خراپه‌كارانه سیاجێكی به‌رزمان بۆ گۆڕستانه‌كه دروستكرد و پاسه‌وانی زۆرمان بۆ دانا.هێنده زۆر رۆژێك ویستمان گۆڕستانه‌كه تێكبده‌ین و خۆمان له‌م هه‌موو سه‌رۆكه بێكهڵكه رزگاربكه‌ین،بوو به‌به‌ڵا بۆمان". (ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره - 7 ). پاسه‌وانیكردنی گۆڕی سه‌رۆكه خۆشه‌ویسته‌كان، هه‌ڵبه‌ت هه‌ر سه‌رۆكه له‌م كۆمه‌ڵگایانه‌دا له خراپترین حاڵه‌تیشدا مورید و شوێنكه‌وته‌ی خۆی هه‌یه، وایكردووه ئێمه له‌سه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری مێژوویی به‌رده‌وامبین، كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه به‌گشتی له‌هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسییه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسیی تر. هه‌ر ئه‌و ته‌لیسم و پاسه‌وانیكردنه سیاسی و گیانییه‌ی له‌ده‌وری سه‌رۆكه‌كان به‌هه‌میشه‌یی دروستیدهكهنهوه، خودی ئه‌و خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه مێژووییه‌یه، كه ئاسته‌نگی به‌رده‌م هه‌ر ئه‌گه‌رێكی گۆڕانكارییه.
چیرۆكی ئه‌لیاس و ده‌ریاس ئه‌و سه‌ره‌تا كۆمه‌ڵایه‌تییه خێزانییه‌یه، كه سه‌ره‌داوه‌كانی دۆخی گشتی و زاڵبووی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ی لێوه ده‌خوێنرێته‌وه. چاوه‌روانی هاتنه‌وه‌ی باوك له‌بناغه‌وه ئه‌و چاوه‌روانییه سه‌رتاسه‌رییه كۆمهڵگهییهیه بۆ باوكێكی فریادره‌س له‌كۆمه‌ڵگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا ئاماده‌یی هه‌یه. باوك به‌و رۆڵه سه‌روه‌ره‌ی له‌خێزاندا هه‌یه‌تی و به‌و مانا ره‌مزییه‌ی دروستیكردووه له‌چوارچێوه‌ی سیسته‌مه ئه‌قڵی و سیاسییه‌كاندا، ده‌توانێ خۆراكی ئه‌به‌دی چاوه‌ڕوانی كۆمه‌ڵگه‌بێ، وه‌ك چۆن بۆ ستاره‌خانی دایكی ده‌ریاس و ئه‌لیاس و، ئه‌لیاسیش بمێنێته‌وه. لێره‌دا ده‌ریاس جیاواز له‌و چاوه‌روانییه گشتییه‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی باوك له‌ئارادایه، خودی چاوهروانییهكه و بوونی باوك به وه‌همێكی بێ چه‌ندوچوون له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری بۆچی ئه‌و وه‌همانه ئینسانه‌كان داگیرده‌كه‌ن، رووده‌كاته خۆرئاوا و له‌رێگه‌ی خوێندنی مێژووی وه‌همه‌وه، وه‌ڵامی پرسیاره‌كه ده‌ستده‌خات. خۆرئاوا لێره‌دا وه‌ك چاوێكی تیژ و تواناییه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ڵامده‌ره‌وه پێناسه‌كراوه و ده‌ریاسیش ئه‌و كاراكته‌ره‌یه وه‌ڵامی خۆرئاواییانه به‌و پرسیاره ئه‌داته‌وه. ده‌ریاس بوونێكه له‌و چاوه‌روانییه وه‌همییانه یاخییه، كه سێبه‌ری ته‌واوی به‌سه‌ر خێزانی خۆیدا، به‌سه‌ر ستاره‌خانی دایكی‌دا كردووه.
یه‌كێك له‌و وه‌ڵامانه‌ی له‌باره‌ی وه‌همی سه‌ری مرۆڤه‌كانه‌وه ده‌درێته‌وه، ئه‌وه‌نییه ده‌ریاس له‌رێگه‌ی مه‌عریفه خۆرئاواییهكهیهوه ده‌یداته‌وه، ئه‌و وه‌ڵامه‌یه ئه‌لیاس له دهلاكخانهكهیدا پێیده‌گات. ئه‌و گه‌نجه شڕۆڵه ماندووه‌ی هاته لای ئه‌لیاس بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ری چاكبكات و، ئه‌لیاس وه‌ك تارماییه‌ك ته‌ماشای ده‌كرد، له‌راستیدا نوێنه‌رایه‌تی به‌شێكی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه وه‌همییه‌ی ده‌كرد، كه شۆڕش له‌لای گه‌لێك له مرۆڤه‌كان دروستیكردبوو. ئه‌م چاوه‌ڕوانییه هه‌مان ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌یه، كه مرۆڤ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی باوكی رزگاركه‌ر هه‌یه‌تی، بۆ فریادره‌س هه‌یه‌تی. شۆڕش به‌شێوه‌یه‌ك وێناكراوه، كه هێزێكه له‌ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ خۆیه‌وه، هێزێكی میتافیزیكی فریادره‌سه و مهسیحێكه ده‌گه‌ڕێته‌وه، یان داده‌به‌زێت و عه‌داله‌تێكی سه‌راپاگیر پیاده‌ئه‌كات. ئه‌م چاوه‌ڕوانییه بۆ شۆرش له هه‌ناوی خه‌ڵكێكی مردوودا، وه‌ك ئه‌لیاس گوتویه‌تی، نامومكینه. ره‌نگه مردوویی خه‌ڵك قابیلییه‌تی خه‌ڵكی بۆ شۆڕش نه‌هێشتبێته‌وه، ته‌نیا شۆڕشی وه‌ك فریادره‌سێكی میتافیزیكی و باوكێكی چاوه‌ڕوانكراو وێناكردبێت، كه رۆژێك ده‌گه‌ڕێته‌وه و رزگاری ده‌هێنێت. ئه‌م چاوه‌ڕوانییه وه‌همییه بۆ شۆڕش و باوكی میتافیزیكی له‌ناوچه دووره‌ده‌سته‌كانه‌وه چه‌كه‌ره ده‌كه‌ن، زیاتر قایمدهبن و گه‌شه‌ده‌كه‌ن، بۆیه پاش ماوه‌یه‌ك و له‌دوای هاتنی گه‌نجه شڕۆڵهكهوه، پیاوێك ده‌رده‌كه‌وێ و ئه‌ویش له‌شارۆچكه دووره‌كانه‌وه هاتووه، هه‌مان چاوه‌ڕوانی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی شۆرش هه‌یه. شۆڕش بووه‌ته بونه‌وه‌رێكی ده‌ره‌كی و هه‌ڵدێ، بووه‌ته كه‌شتییه‌ك و مرۆڤه‌كان ده‌یانه‌وێ بۆ سه‌رزه‌مینێكی دیكه سه‌ربكه‌وێ، بووه‌ته چاوه‌ڕوانی هاتنی شه‌مه‌نده‌فه‌ری گواستنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی بۆ زه‌مه‌نی پاش شۆڕش و جیهانی به‌خته‌وه‌ری. ئه‌وه‌یه كێشه، ئه‌و هه‌موو چاوه‌ڕوانییه‌ی بۆ هاتنی شۆڕش له‌ئارادایه، فاكته‌ری كوشتنی گشت پرسیار و گومانێكی مومكینه له‌سه‌ر خودی شۆڕش و ئایدیاكانی و چاره‌نوسه‌كه‌ی. هه‌ر ئه‌مه‌یه واده‌كات زۆرجار شۆڕش ببێته مه‌كینه‌ی هاڕینی مرۆڤ و خه‌ونه‌كانی. شۆڕش له‌زیهنی مرۆڤی چاوه‌ڕواندا، ته‌نیا گه‌ڕانه‌وه‌ی، یان هه‌ڵگیرسانی گرینگه، ئیدی به چ ئایدیایه‌كه‌وه، به چ جه‌وهه‌رێكه‌وه و به چ چاره‌نوس و ئاینده‌یه‌كه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ گرینگ نییه، ئه‌وه‌ی بایه‌خی هه‌یه هاتنهكهیهتی. شۆڕش باوكێكه پرسیار له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاتییه‌وه ناكرێ، به‌ناوی پیرۆزی هه‌ره‌می كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه پیاده‌ی ئایدیا و هه‌ژمونی خۆی ده‌كات، وه‌ك چۆن شۆڕش به‌ناوی گه‌له‌وه، كه ناسنامه‌یه‌كی نادیار و میتافیزیكییانه‌یه حوكمی مێژوو ده‌كا و داوه‌ری به‌سه‌ر مێژووه‌وه ده‌كات. له‌م رۆمانه‌دا ده‌ستپێكی چاوه‌ڕوانییه‌كانی شۆڕش له‌و ره‌گوریشه دێرینه نه‌ترازاوه، كه نابێت پرسیار و گومان له‌سه‌ر ئه‌و ئایدیا و بوونه بكه‌یت، كه به‌ناوی رزگاركردنی مرۆڤایه‌تییه‌وه قسه‌ده‌كات. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م حه‌رامكردنه‌ی پرسیار هه‌مان ئه‌و موقه‌ده‌سانه‌ن به‌بانگه‌شه‌ی رزگاربوونه‌وه ده‌رده‌كه‌ون.
بیرۆكه‌ی شۆڕش هێنده وروژێنه‌ر و سه‌رسامكه‌ره بۆ ئه‌لیاس، هاوشێوه‌ی بینینی خودایه بۆ ئیماندارێك. (ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 29). ئه‌مه گوزارشتێكی گرینگه بۆ ده‌رخستنی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، كه له په‌یوه‌ندی رۆمانسییانه‌ی شۆڕش و مرۆڤدا هه‌یه. په‌یوه‌ندییه‌ك، كه ده‌بێته رووبه‌ری ته‌سلیمبوون له‌پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جۆرێكی دیكه‌ی ته‌سلیمبووندا، یان هه‌ڵته‌كاندنی فۆرمێكی سه‌پێنراوی ته‌سلیمبووندا. ئه‌وه‌ی بایه‌خی قوڵی فیكری هه‌یه ئه‌و سیحره‌یه شۆڕش له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌یه‌تی، به‌و پێیه‌ی هه‌میشه دۆخێك له‌ئارادایه توانای به‌رهه‌مهێنانی بیرۆكه‌ی شۆڕشی هه‌یه و پێویستی كرده‌ی شۆرشگێڕانه دێنێته ئاراوه. له‌روانینی ده‌ریاسدا جۆرێك لهدژیهكی و پارادۆكسی هزری ئاماده‌یی هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌جێیه‌كدا تێگه‌یشتنی ده‌ریاس له‌باره‌ی شۆڕشه‌وه، له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری گۆڕانكارییه‌وه پیشانده‌درێ:"ده‌ریاس، هه‌موو وڵاته‌كه‌ی واده‌هاته به‌رچاو، وه‌ك جێگایه‌ك كه ناتوانرێت شتێكی گرینگی تێدا بگۆڕدرێ. شته‌كان وادانرابوون و دروستكرابوون، یان ده‌بوو بروخێنرێت، یان ده‌ستیان لێ نه‌درێ. له‌دوای دوو مانگ ژیان له‌شاره‌كه‌دا ته‌واو گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی كه له‌و كه‌سانه نییه بتوانێت هیوای گه‌وره دروستبكات، به‌ڵكو ده‌توانێت وه‌ك هه‌موو خه‌ڵك له‌گه‌ل بێئومێدییهكهی خۆیدا رابێت و ئاسوده بژی".(ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 23). جیاوازی ئه‌لیاس و ده‌ریاس ده‌رباره‌ی ئومێد و بێئومێدییه، له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری گۆڕانكارییه‌وه‌یه، له‌سه‌ر بنچینه‌ی تێگه‌یشتنی قووڵ و رووكهشییانهی مێژووه، له‌سه‌ر ئاستی درككردنی وه‌همی شۆرش و حه‌قیقه‌تی شۆڕشه. ده‌ریاس هه‌رچه‌نده لهتێگهیشتنیدا ئه‌وه به‌یانده‌كات دونیای له‌و شێوه‌یه، یان ده‌ستكاریكردنی مه‌حاڵه، یان له‌بناغه‌وه پێویستی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه، ئه‌م بیرۆكه‌یه شۆڕشگێڕانه‌یه به پله‌ی ته‌واو رادیكاڵ، ئه‌مه له‌كاتێكدا شۆڕش خۆی به‌رخوردێكی رادیكالییانهیه له‌گه‌ل شته‌كان و دیارده‌كان. به‌ڵام هه‌ر ده‌ریاس له‌به‌رئه‌و یهكگوزارشتییهی بۆ ده‌ستكاریكردنی دونیا و گۆڕانكاریی هه‌یه‌تی، كه قه‌بوڵی نارادیكاڵبوون ناكات ده‌یگه‌یه‌نێته ئاستی ته‌سلیمبوون به واقیع، یان ده‌ستوپه‌نجه نه‌رمكردن له‌ته‌ك ئه‌و جۆره ژیانه‌دا، كه سیسته‌م سه‌پاندویه‌تی و خه‌ڵكی گشتی ره‌زامه‌ندانه ئه‌زمونی ده‌كه‌ن. تائێره ده‌بینی پێ به پێ ئه‌و جیاوازییه گه‌وره ده‌بێت، كه له‌نێوان ئه‌لیاس و ده‌ریاس دا له‌باره‌ی بیرۆكه‌ی شۆرشه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات. ئه‌لیاس له ده‌لاكێكی نارازییه‌وه له‌چوارچێوه‌ی دوكان و چایخانه‌ی داشه‌هاره و هاورێكانییه‌وه بۆ شۆرشگێڕێكی رۆمانسی ده‌گوازێته‌وه. بێگومان له‌و كاته‌وه‌ی ناو و بیرۆكه‌ی شۆرشی ژه‌نراڵ بیلال وه‌ك مه‌عشوقێكی له‌ناكاو ده‌خزێته رۆح و ئاوه‌زییه‌وه.
ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌ریاس ده‌یویست ئاراسته‌ی براكه‌یی و هه‌موو شۆڕشگێڕه رۆمانسییه‌كانی موریدی ژهنڕاڵیان بكات، ئه‌وه‌بوو، ئه‌گه‌ر ژه‌نڕاڵ نه‌بوایه ئێوه بیرتان له شۆڕش ده‌كرده‌وه؟ هه‌ڵبه‌ت پرسیارێكی وه‌ڕسكه‌ره بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا جێیان ده‌بێته‌وه، ئه‌وانه‌ی واده‌رده‌كه‌ون شۆڕش بۆ خۆیان ناكه‌ن، بۆ ژه‌نڕاڵ شۆڕش ده‌كه‌ن. ئه‌و پره‌نسیپه بونگه‌راییه‌ی سارته‌ر بۆ بوونی ئازاد دایده‌ڕێژێت ئه‌توانێ روانگه‌یه‌كی رۆشن بێ بۆ تێگه‌یشتن له‌كێشه‌ی شۆڕش بۆ خۆت، یان بۆ ژه‌نڕاڵ. بوون-بۆ-خۆ بوونی ئازاده و هۆشیارییه و، دژبه‌ری بوون-بۆ-ئه‌وانه. شۆرش-بۆ-خۆت،یان شۆرش-بۆ-ئه‌وان، لێره‌دا مرۆڤ وه‌ك بوونێكی شۆرشگێڕ-بۆ-خودی خۆیه‌تی، یان بوونێكی شۆرشگێڕه-بۆ-ژه‌نڕاڵ؟ ئاگامه‌ندی به شۆرش و به بوونی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆت پێشمه‌رجه بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێناوی خۆتدا، له‌پێناوی ئازادی‌دا، كه به‌رپرسیارێتی لهئهوانیترت ده‌خاته ئه‌ستۆ كرده‌ی شۆرشگێڕانه بنوێنیت. ترسی ده‌ریاس ترسێكی جیدییه له‌و نهزعه نامهعریفییهی شۆرش، كه جیا له‌و گۆڕانكارییه‌ی له ئه‌لیاس دا ده‌ركه‌وتبوو به‌شێوه‌یه‌ك ته‌حه‌مولی پرسیار و گومانه‌كانی ده‌ریاسی نه‌مابوو، له‌نزیكتره‌وه و له چایخانه‌ی داشه‌هاره له‌یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی به‌هێزی ژه‌نڕاڵدا قوڵتر و به‌رجه‌سته‌تر ئاشنای ئه‌و خه‌ڵكانه ببوو، كه له‌راستیدا ده‌بوونه كه‌ره‌سته‌ی شۆرشه‌كه، نه‌ك كه‌سێتی شۆرشگێڕانه‌ی شۆرش. دۆخی ده‌ریاس به‌م شێوه‌یه ده‌گێڕدرێته‌وه:"ئه‌لیاس ده‌یزانی براكه‌ی زۆر پرسیارده‌كات و له‌هه‌موو شتێك دودڵ و به‌گومانه. نه‌خۆشییه‌ك بوو له زووه‌وه دركی پێكردبوو، نه‌خۆشییه‌ك میوانانی ئه‌م چاخانانهش له‌خه‌ڵكی زانا و خوێنه‌واردا سهرنجیاندابوو، ده‌یانجار گوێی له‌م كاسب و ئیشكه‌رانه‌ی بازارببوو به‌ده‌م زارهه‌ڵدان و پول كوتان و داش جوڵاندنه‌وه، به‌ده‌م مژی نێرگه‌له‌وه جنێویان دابوو (ئه‌م رۆشنبیره حیزانه كه هه‌ر چه‌نه‌بازی ده‌كه‌ن) ، (ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی ئه‌وه‌نده شت هه‌ڵده‌كۆڵن تا گووه‌كه‌ی ده‌پرژێت به‌ده‌موچاویاندا). رق و شه‌رانگێزی خه‌ڵكی چاخانه‌كه ده‌رهه‌ق به ئه‌هلی كتێب و رۆشنبیران، وایكردبوو هیچ كات رۆشنبیرێك روونه‌كاته چاخانه‌كه". (ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 38). ره‌نگه كێشه‌ی فیكری شۆرش و بیركردنه‌وه‌ی قوڵ له‌باره‌ی گۆڕینی دونیاوه له‌گه‌ل كرده‌وه‌ی شۆرشگێڕانه‌دا، كێشه‌یه‌كی نه‌بڕاوه و ئه‌به‌دی بێ، چونكه زۆرجار واده‌رده‌كه‌وێ ئه‌وانه‌ی كرده‌ی شۆرش به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ن، ته‌نیا جێبه‌جێكارن، یان زیاتر جێبه‌جێكارن، نه‌ك بیركه‌ره‌وه، ره‌نگه كاتی‌یان بۆ بیركردنه‌وه نه‌بێت. ئه‌شێ بیركردنه‌وه‌ی راسته‌قینه و قووڵ زۆر سازگار نه‌بێت له‌گه‌ل مانیفێستی كرده‌وه‌ی شۆرشگێڕانه‌دا. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیداره به باری سایكۆلۆژی مرۆڤی شۆرشگێڕه‌وه، كه به پله‌ی یه‌ك حه‌ماسه‌تیان ئاراسته‌ی كردوون، نه‌ك ئاوه‌زیان.
له‌دونیای ئێمه‌دا شۆڕش گرێدراوی ژهنڕاڵێكه، گرێدراوی سه‌رۆكێكی فره‌واتایه، به‌شێوه‌یه‌ك چه‌مكی شۆڕش و ناوی سه‌رۆك تێكه‌ڵ ده‌بن، كه چاره‌نوسییان به‌یه‌كتر ده‌به‌سترێنه‌وه. چاوه‌ڕوانی شۆڕش له‌م شاره‌دا له‌خودی شۆڕش حه‌قیقیتره و به‌ڵێنی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش به‌شێكه له‌پرۆسه‌ی رێگریكردن لێی و هێشتنه‌وه‌ی له عه‌ده‌مدا. له‌م شاره‌دا، به‌شێوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوانی شۆڕش ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی "له‌چاوه‌ڕوانی بهلهمێكدابن به‌ره‌و به‌هه‌شت هه‌ڵیانبگرێت".(ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 58). دروستكردنی ئه‌و به‌هه‌شته وه‌همییه، بناغه‌یه بۆ هه‌موو ئه‌و په‌رده‌پۆش و شاردنه‌وه بهمهبهستانهی له‌باره‌ی به‌رئه‌نجامی دۆزه‌خییانه‌ی گه‌لێك لهشۆڕشهكانهوه، پیاده‌ده‌كرێت. هه‌موو ئه‌و شۆڕشانه‌ی ته‌سلیمبوون وزه‌ی پێداون ته‌نیا ده‌توانن سیسته‌می ته‌سلیمبوون به‌رهه‌مبهێننه‌وه. كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی له‌م رۆمانه‌دا تێیدا ئه‌ژین، ئه‌وه‌یه لهشۆرشهوه چاوه‌ڕوانی هه‌موو شتێكن، هه‌موو شت بێ كه‌م و زیاد. شۆڕش له‌زیهنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌م وه‌همه‌وه ئالاون، خاوه‌ن هێزی خوڵقاندنی ره‌هایه. یه‌كێك له‌سه‌ره‌تا بنچینه‌ییه‌كانی نائومێدكردنی ئینسان به‌خشینی خه‌سڵه‌تی خودایه به‌شۆڕش و له‌ناویشیدا به سه‌رۆك. هه‌ربۆیه ده‌ریاس له‌ته‌ماشاكردنی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیه‌وه و بینینی ئه‌و ته‌وژمه خورافییه‌ی له‌سه‌ر رۆحی مرۆڤه‌كان نیشتووه، به‌روونی ده‌ڵێت:"شۆڕش ده‌رگا له‌سه‌ر سه‌رده‌مێكی تازه‌ی خورافات ده‌كاته‌وه". (ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 58). ئه‌توانین بڵێین دایكی گشت شۆڕشه‌كان خورافه‌ته، وه‌همه و، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه نه‌بان شۆڕشه‌كان نه‌ده‌بوون. ئه‌گه‌ر وه‌همه‌كان نه‌بوایه‌ن ده‌موچاو و ناواخنی شۆڕشه‌كان ده‌رده‌كه‌وتن، ئه‌مه‌ش هێزی لهدایكبونیانی لێ ده‌سه‌ندن. ئه‌گه‌ر شتێك حه‌قیقه‌تی شۆڕش نه‌شارێته‌وه، ته‌نیا یه‌ك ئه‌گه‌ر بۆ له‌دایكبوونی ده‌بێت، ته‌نیا به‌مردوویی له‌دایكده‌بێت. بۆیه پێویسته تێبگه‌ین، ئه‌وه‌ی هه‌یه حه‌قیقه‌تی شۆرش نییه مرۆڤه‌كان شێلگیرانه تێكه‌ڵاوی ئه‌بن، ئه‌وه وه‌همی شۆڕشه. بیرۆكه‌ی گۆڕانكاری و گواستنه‌وه بۆ دونیایه‌كی تر ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌یه، كه ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی فریوی ده‌خۆن و به ڤاگۆنهكانیدا گوزه‌رده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی چاره‌نوسی خۆیانه‌وه بپرسن. شۆڕش كاتی نییه بۆ بیركردنه‌وه. یان ره‌نگه شۆڕش هه‌ر له‌بناغه‌وه بیرنه‌كاته‌وه. شۆڕش جۆرێكی ئیمانه و پێش هه‌ر شتێك و هه‌ڵوێستێك پێویسته باوه‌ڕی پێ بهێنیت. ئه‌م راستییه به‌ساده‌یی له‌دۆخی ئه‌لیاس دا ده‌یبینین. كاتێك ده‌ریاس تكای گه‌ڕانه‌وه له ئه‌لیاس ده‌كات به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی ستاره‌خانی دایكییان و، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:" ده‌ریاس، وڵاته‌كه و شاره‌كه پێویستی زۆرتری به ئێمه‌یه، له‌ئێستادا خزمه‌تكردنی ژه‌نڕاڵ پێش هه‌ر كار و خزمه‌تێكی تره". (ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 59). ئه‌وهایه په‌یوه‌ندی ئه‌لیاس به ژه‌نڕاڵ و دایكییه‌وه.
ده‌ریاس پاش ئه‌وه‌ی له‌بواره‌كه‌ی خۆیدا ده‌رفه‌تی كاریی نابێت، لهئهرشیفخانهی شاردا ده‌ستبه‌كارده‌كات. له‌م ئه‌رشیفه‌دا ده‌یه‌وێت توێژینه‌وه‌كانی له‌باره‌ی مێژووی وه‌همه‌وه درێژه‌پێبدات. هه‌ر له‌میانه‌ی كاركردنی ئهرشیفخانهكهدا له‌گه‌ل ژه‌نراڵ بیلال ئه‌شكزاددا یه‌كده‌بینن و زانخوازییهكانی ده‌ریاس بۆ زیاتر ناسینی ژه‌نراڵ په‌ره‌ده‌سێنێت، هه‌رچه‌نده به‌هۆی كه‌مدوویی و دوره‌په‌رێزی ئه‌شكزاده‌وه ئه‌و تامه‌زرۆیی و زانخوازییهی تێرنابێت. ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ریاس گرینگی زۆری هه‌یه، مێژووی وههم و، سه‌رهه‌ڵدان و پهرهسهندنییهتی له‌مێشكی مرۆڤدا، ئه‌و راده‌ستبوونه خێرا و ئاسانهیهتی به وههم و چاوه‌روانییه وه‌همییه‌كان و بهخواوهنده سیاسییه وه‌همییه‌كان. یه‌كێك له‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌نێوان ده‌ریاس و ئه‌شكزاددا رووده‌دات سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری شۆڕشه، لێره‌دا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره سه‌ره‌كییه ده‌داته‌وه، كه په‌یوه‌ندی به چاوه‌روانییه وه‌همییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه له ئه‌شكزاد. ده‌ریاس له‌ساتێكی وتووێژه‌كه‌دا "وه‌ك بییه‌وێت نوخته بخاته سه‌ر پیته‌كان و ژه‌نراڵ ئارامبكاته‌وه گێلانه گوتی: ده‌بێت كه‌سێكی مه‌زن بیت، وانییه؟ كه‌سێكی مه‌زن. دیسانه‌وه ژه‌نراڵ به‌ده‌نگه گڕ و تونده‌كه‌ی رێگای لێ به‌سته‌وه و گوتی: هیچ كه‌سێكی مه‌زن بوونی نییه، به‌ڵام خه‌ڵك به ئه‌قڵه خورافی و ناحالییهكهی خۆیان یه‌كێك ده‌كه‌ن به‌مه‌زن، ده‌بێت ئه‌و شته به‌باشی بخرێته خزمه‌تی شۆڕشه‌وه... خه‌ڵك نه‌زانن، بۆ خودایه‌ك ده‌گه‌ڕێن له‌سه‌ر زه‌وی. ده‌بێت ئه‌و خودایه‌یان بۆ دروست بكه‌ین...تێده‌گه‌یت؟ له‌گه‌ڵمدایت؟ ده‌بێت ئه‌و خودایه‌یان بۆ دروستبكه‌ین؟". (ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 65). لێره‌یا ئه‌وه بیرده‌هێنینه‌وه، ژه‌نراڵ له‌م ساتی گفتوگۆیه‌دا كوژراوه و ده‌ریاس پاش بیستن و تێكه‌ڵاوبوونی به پرسه‌گێڕانی ژه‌نڕاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه ئهرشیفخانهكه و بۆی ده‌گه‌ڕێت، ته‌نانه‌ت ته‌ماشای ئه‌و كورسییه‌ش ده‌كات، كه له ساتی گفتوگۆكه‌یاندا ژه‌نراڵ له‌سه‌ری دانیشتبوو، به‌ڵام كورسییه‌كه له‌جێیی خۆیه‌تی، هه‌رچه‌نده ژه‌نڕاڵ گومانی ئه‌وه ئه‌كات له‌پاش هه‌ستانی له‌شوێنی خۆی داینابێته‌وه. راسته‌وخۆ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ده‌چێت، كه هه‌موو ئه‌و شتانه ته‌نیا خه‌یاڵاتی خۆی بن و ته‌نیا وه‌همێك بن. ئیدی ئه‌وه به‌مێشكیدا دێ، كه ئه‌و بۆ ژه‌نڕاڵ ناگه‌ڕێت، له‌راستیدا بۆ خۆی ئه‌گه‌ڕێت. هه‌روه‌ك چۆن پرسه‌گێڕانی مه‌رگی ژه‌نڕاڵ له ژه‌نڕاڵدا بۆ خۆیان ده‌گه‌ڕێن و ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ی بوونی ئه‌وه‌وه قه‌ره‌بووی كه‌موكورتی و كێماسییه‌كانی خۆیان بكه‌نه‌وه. سه‌رۆك له‌زیهنی ئه‌وانه‌ی ده‌سته‌وسانن له‌ئاست پڕكردنه‌وه‌ی كێماسییه‌كانی خۆیاندا، پێگه‌ی یه‌زدانێكی زه‌مینی هه‌یه، كه وه‌ڵام نه ته‌نیا به پرسیاره‌كانیان ده‌داته‌وه، به‌ڵكو ئیراده‌ی تاكه‌كه‌سییانه‌ی خۆیانیان بۆ فه‌راهه‌م ده‌كات. مه‌رگی سه‌رۆك ده‌رگا ده‌كاته‌وه به‌رووی ئه‌و ئاسه‌وار و ره‌گه‌زه خوێنیی و جینییانه‌ی، كه ئه‌توانن تاسه‌ی ئه‌وانه تێربكه‌ن، كه په‌یوه‌ندییان بهسهرۆكهوه، په‌یوه‌ندی بووه به بوونێكی سهرومرۆییهوه، له‌سه‌رو خۆیانه‌وه و، بهخودایهكهوه، كه له مرۆڤێكدا بهرجهستهیانكردووه و وێنای ده‌كه‌ن. ئه‌م مێگه‌له له‌رێی بۆنكردنه‌وه درێژه به پرۆژه‌ی سه‌رۆكه‌كه‌یان ده‌ده‌ن، نه‌ك ئه‌قڵ. ئه‌وان بۆ نه‌مری و به‌رده‌وامی پرۆژه‌ی سه‌رۆك ناگه‌ڕێن، له‌حه‌قیقه‌تدا بۆ بوونێكی به‌رجه‌سته و ماددی ده‌گه‌ڕێن، كه بتوانێت له‌رووی فیزیكییه‌وه، له‌رووی خوێنییه‌وه به‌رجه‌سته‌ی سه‌رۆك بكاته‌وه، نه‌ك له پرۆژه و هزردا. له‌دونیای ئێمه‌دا ئه‌م په‌یوه‌ندییه له‌دوای مردنی سه‌رۆكه‌وه له ته‌وریسی سیاسیی و بنه‌ماڵییكردنی فه‌رمانڕه‌وایی حیزبی و حكومیدا خۆی ده‌بینێته‌وه. سه‌رۆك وه‌ك مرۆڤ ته‌نیا یه‌ك رێگه‌ی هه‌یه بۆ نه‌مری، هه‌ڵبه‌ت نه‌مری به‌واتا بوونهوییهكهی، نه‌ك به مانا خورافی و میتافیزیكییه‌كه‌ی، كه خه‌ڵكی گشتی ده‌یبینن و تێیدا ده‌ژین. مرۆڤ بوونێكه به‌ره‌و مه‌رگ و، مه‌رگ كۆتایی پرۆژه‌ی بوونی مرۆییه، ئه‌مه خاڵێكی بناغه‌یی فه‌لسه‌فه‌ی هایدیگه‌ره له‌باره‌ی بوونی مرۆڤه‌وه. به‌ڵام مرۆڤ ده‌توانێت له‌پاش ئه‌و كۆتاییه‌وه، ئاماده‌ییه‌كه‌ی له‌فۆرمی پرۆژه‌دا بپارێزێ و نه‌بێته رابردوو. ئه‌مه‌ش بنه‌مای دۆخێكه ئه‌گه‌ر بتوانین به‌نه‌مری ده‌ستنیشانی بكه‌ین. كێشه‌ی ئه‌و دروشمانه‌ی له‌جیهانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ئێمه‌دا بۆ مه‌رگی سیاسییه‌كان و رابه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌وترێته‌وه ته‌واو پێچه‌وانه‌یه له‌ته‌ك ئه‌وه‌ی ده‌وترێت، چونكه خه‌ڵك به‌شوێن دیوه نه‌مره‌كه‌ی ئینسانه‌وه نین، ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌مرییه هه‌ر بوونی ببێت، ته‌نیا گیرۆده‌ی مه‌رگی راسته‌قینه‌ی فیزیكییانه‌ی سه‌رۆكن و، ئه‌و ره‌گه‌زه دوورانه‌ی ئه‌شێ بمێننه‌وه و زه‌مه‌نێكی دوورتر بژین، له‌و دروشمه بێناوهرۆكانهدا، له‌و ته‌قدیسكردن و خورافهتگهرایی و خوێنپهرستی و بۆنپهرستی و مهرگپهرستییهدا، ده‌یكوژن.
"ده‌ریاس وایهه‌ستكرد تا ژماره‌ی پرسه‌گێڕان و شۆڕشگێڕانی نا‌ئومێد زۆرتربێت، هه‌ستیان به‌لاوازی و هیچ له‌بارانه‌بوون به‌هێزتر ده‌بێت. هه‌موویان بوونه‌وه‌ری ته‌نیابوون كه له‌كات و رۆژی ئاسایی‌دا، لهنزیكبوونهوه و به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ل یه‌كدا ده‌ترسان، ئێستا كه هه‌موو له‌ناو یه‌كدا توابوونه‌وه، پێكه‌وه ئاسوده‌بوون. ئه‌وه‌ی هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه لاوازبوون، ترسی هه‌ریه‌كه‌یانی داده‌به‌زاند".(ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 72). هه‌ر ئه‌و هه‌وڵه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كێماسی بوونی خۆیان ده‌یده‌ن و له‌بوونی سه‌رۆكدا ده‌توێنه‌وه، واده‌كات سه‌رۆك له‌مردنیدا به‌رده‌وام بێت له‌كاریگه‌ریی. مه‌رگ ناتوانێ ئاسته‌نگی هه‌ڵپه‌ی خه‌ڵك بكات كه له‌پێناو خۆقهرهبوكردنهوهدا هه‌یانه. بوونی ناسه‌ربه‌خۆ و ناره‌سه‌نی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك و ره‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی، ته‌نیا به‌مه‌رگی سه‌رۆك و خۆهه‌ڵواسین پێیه‌وه تێرنابێ، بۆیه له‌سه‌رۆكی مردووی-نه‌مره‌وه تێده‌په‌ڕێت بۆ سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كانی، جێپێكانی، گۆڕه‌كه‌ی و كوڕ و نه‌وه‌كانی، ئه‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و شت و ره‌هه‌ندانه‌یه گرێدراوی بوونی مادییانه و فیزیكییانه‌ی سه‌رۆكن. ئه‌م یه‌كسانبوونه‌ی خه‌ڵك، كه ده‌ریاس سه‌رنجی ده‌دات، یه‌كسانبوونی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌یه له‌دۆخی لاوازی‌دا و له كێماسیدا. ئه‌مه خاڵی هاوبه‌شییانه، برینی هاوبه‌شییانه، كه زۆرجار ئازارێكی شێتانه‌یان تێدا ده‌خوڵقێنێت. به‌ختیار وه‌ك پزیشكێكی جیددی كێشه‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ی ده‌ستنیشانده‌كات، ئه‌و له‌رێگه‌ی دواندنی ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی نه‌خۆشه‌كه‌یه‌وه جه‌وهه‌ری ده‌رده‌كه ده‌رده‌خات. ئه‌م رووبه‌ره‌ی بۆ نمایشی خوڵقاندووه، بێ په‌رده تێیدا كۆمه‌ڵگه و مێژووه‌كه‌ی، ئێستا و چاره‌نوسی له‌هه‌گبه‌ی ئه‌و كاراكته‌رانه‌دا نیشانده‌دات. كێشه ئه‌وه‌یه ترازانی به‌رده‌وامی مرۆڤ بووه‌ته دۆخێكی نۆرماڵ و هه‌ندێ جار دژه‌وانه‌ی ئه‌م دۆخی ترازانه، وه‌ك ترازانی مرۆڤ ته‌ماشاده‌كرێت. له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا لاڕێ بووته رێگه و ترازانیش جێگه‌ی رێكێتی و مرۆڤایه‌تی گرتۆته‌وه. مردنی دایك تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، نوسه‌ر ویستویه‌تی ئاستی وێرانه‌یی سایكۆلۆژی و رۆحی به‌ندایه‌تی مرۆڤی ئێمه بۆ سه‌رۆكه‌كانیان ئاشكرابكات، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌لیاس نماینده‌ی ئه‌و گیانه ته‌سلیمبووه ده‌كات، كه مردنی سه‌رۆكی به‌لاوه بناغه‌ییتره له‌مردنی دایكی. ده‌ریاس به‌هزره گومانگه‌را و رهخنهگرهكهیهوه به‌باشی له‌وه تێناگات، ئینسان بۆچی به‌و ئاسته ترسناكه له‌ده‌ستخۆی ده‌رچووه. لهدهستخۆدهرچوون دۆخێكی گیانی و هزرییه و هێمای ئاشكرایه به باری بوونه‌وییانه‌ی مرۆڤێكی رادهستبوو به‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانیتر. بوونێكه په‌یوه‌ندی به خودی خۆیه‌وه نه‌ماوه و له‌بوونی سه‌رۆكدا و لهئهویتردا بۆ بوونی خۆی وێڵه. ئه‌لیاس براكه‌ی خۆی توشی سه‌راسیمه‌بوون و نائومێدی ده‌كات، كه ره‌تیده‌كاته‌وه له‌به‌رخاتری دایكی خۆی ته‌رمی ئه‌شكزاد جێبهێڵێت، ئه‌مه‌ش پرسیاری بوونی ئه‌و هه‌موو وه‌همه‌ی له‌سه‌ری خه‌ڵكدایه قوڵترده‌كاته‌وه. به‌ناچاری ده‌ریاس ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی دكتۆره‌كانی له‌به‌ر مه‌رگی ئه‌شكزاد چۆڵیانكردووه، ده‌یه‌وێ ته‌رمی دایكی ئه‌سپه‌رده‌ی خاك بكات. مامۆستا مه‌ردان یه‌كێك له‌وانه‌یه بۆ بردنه‌وه‌ی ته‌رمی دایكی خۆی هاتووه و ئه‌بێته فریادره‌سی ده‌ریاس و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی به‌شێك له‌پرسیاره پڕ گومانه‌كانی. مامۆستا مه‌ردان ئه‌و مرۆڤه گردیله سهررووتاوهیهی به‌شێك له ده‌رد و نه‌خۆشی خه‌ڵك به‌یانده‌كات، رووئه‌كاته ده‌ریاس و ده‌ڵێت:"ئه‌م شاره یه‌ك كێشه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه، خه‌ڵكی ئێره شتێكیان پێویسته بیپه‌رستن، خودا به‌ته‌نیا به‌شیانناكات، گه‌ر خودا به‌ته‌نیا به‌شی بكردینایه نه‌ده‌كه‌وتینه عیباده‌تی شتی تر. له‌منی ببیسته، خه‌ڵكی ئێره شتێكیان پێویسته سوژده‌ی بۆ به‌رن، خودا به‌شیان ناكات...تێده‌گه‌یت ده‌ڵێم چی؟". (ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره89). كێشه‌كه لێره‌یه خه‌ڵك دواجار به‌دوای ژیانێكی جیاوازه‌وه نییه، به‌دوای خودایه‌كی تازه‌دا ده‌گه‌ڕێ. ئه‌وه لێكدانه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجراكێش ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه ئاشكرابكه‌ین، خه‌ڵك بۆچی ته‌نیا خودا به‌واتا ئاینی، میتافیزیكی و ترانسدێنتالییهكهی به‌شی ناكات؟ خه‌ڵك ده‌یه‌وێت خودای تایبه‌تی خۆی هه‌بێت، له‌نزیكتره‌وه هه‌ست به به‌ندایه‌تیكردنی خۆی بكات، چوارچێوه‌ی ئازادییه‌كانی روونتر و سنوردارترببینێ و ئه‌و مه‌ودایه‌ی هه‌ندێ جار خودای میتافیزیكی به‌فراوانی بۆ مرۆڤی جێده‌هێڵێت، ناتوانێ به‌رگه‌ی بگرێ و ته‌حه‌مولی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی ناكات. ئه‌م خه‌ڵكه ئیش بۆ ئه‌وه ئه‌كه‌ن تا دواسنور له‌به‌رپرسیارێتی ئازادی خۆیان، خۆیان بته‌كێنن.
مردنی ژه‌نڕاڵ ئه‌شكزاد كۆتایی ئاماده‌یی ئه‌و نییه، كۆتایی بوونه فیزیكییهكهیهتی، به‌ڵام له‌رێگه‌ی جیاوازه‌وه درێژده‌بێته‌وه بۆ دوای مردنی، جارێكی تر له‌جێگه و كاتی جیاوازدا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌وه‌یه تارماییه، تارمایی ئه‌و بۆشاییه‌یه مردنه‌كه‌ی له‌بوونی هه‌ر هاوڕێ و خه‌ڵكێكی شۆرشگێڕی وههمگهرادا خوڵقاندویه‌تی. ئه‌وه‌ی نامرێ ئه‌شكزاد نییه، ئه‌و چاوه‌ڕوانی و باوه‌ڕه‌ی خه‌ڵكه به‌نه‌مری و جاویدانێتی ئه‌و هه‌یانه. ژه‌نراڵ له‌حه‌قیقه‌تا مردووه و له‌زیهن و گیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌دا ئه‌ژیی. ژیانی ئه‌و له گیانی خه‌ڵكدا به‌رده‌وامی بیر و پرۆژه‌ی ئه‌و نییه، ئاماده‌یی ژه‌نراڵه وه‌ك خودایه‌ك، كه هێشتا لهنهبونیشییهوه پێویسته ببێته‌وه به فریادره‌سی بوونی قرچۆك و زه‌لیلی ئه‌و خه‌ڵكه، كه هه‌میشه پێویستییان به وجودێكه بیپه‌رستن و باوه‌ڕیان پێی هه‌بێت. خه‌ڵك ده‌توانن بۆ زه‌مه‌نێكی كورتیش بێ به‌بێ نانخواردن ژیانبكه‌ن، به‌ڵام به‌بێ جۆرێك له‌باوه‌ڕ ئه‌و تواناییه له‌ده‌ستده‌ده‌ن. وه‌همه‌كان هێندهقووڵ ته‌حه‌كوم به مرۆڤی سه‌رده‌مه‌كه‌وه ده‌كه‌ن، بۆ بینینی تارمایی ژه‌نراڵ ژوان ده‌گرن. ئه‌وه‌نده وههمگهران له‌بیریانچووه واقیع چ مانایه‌كی هه‌یه و ده‌ستبه‌رداری حه‌قیقه‌ته‌كان بوون و، بهرخوردییان ته‌نیا له‌گه‌ل تارماییدایه. هاورێكانی ئه‌شكزاد بونه‌وه‌ری ناره‌سه‌ن و ساخته‌ن، وه‌ك خه‌ڵك كۆمه‌ڵێك ته‌نی تواوه‌ن له‌بوونی سه‌رۆكدا، له‌بوونی ئه‌و یه‌زدانه زه‌مینییه‌دا، كه بۆ هه‌موو جوڵه‌یه‌كیان پێویستیانن. شۆڕش گرێدراوی بوونی ئه‌شكزاده و بۆ ئه‌وه‌ی هێزی هه‌ڵگیرساندنی له‌ده‌ستنه‌دات، خه‌ڵك له‌تارمایی ژه‌نراڵدا بۆی ده‌گه‌ڕێن و پێویستیان به له‌به‌ركردنی به‌رگێكی پیرۆزكراو و، ته‌نانه‌ت خواوهندییانهكردن هه‌یه. چیدی نه‌مری پرۆژه‌یه‌كی جیاوازنییه بۆ خزمه‌تی مرۆڤ، خوڵقاندنی بتێكه بیپه‌رستن. خه‌ڵك له‌نه‌مری سهرۆكهكانیاندا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ جیهانبینی و ئایدیایه‌كی تر ناگه‌ڕێن. ئه‌وان به‌شوێن رۆحێكی موقهدهسهوهن كورنوشی بۆ ببه‌ن و گرگنی خۆیانی تێدا حه‌شاربده‌ن. خه‌ڵك بایه‌خیان بۆ راسته‌قینه‌ی بوونی خۆیان نییه و گرینگ نایبینن له‌باره‌ی جه‌وهه‌ری بوونی خۆیانه‌وه بپرسن و خوڵقێنه‌ربن، ته‌نیا بۆ ئه‌ویترێكی باڵا و میتافیزیكی ده‌گه‌ڕێن، كه له پێویستی پرسی مانا و جه‌وهه‌ری بوونی خۆیان ده‌ربازیان بكات. خۆده‌ربازكردن-خۆدزینه‌وه‌یه-له-خۆ، كه خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كی خه‌ڵكه و بنه‌مای پایه‌داربوونی هه‌موو سه‌رۆكه موقهدهسهكانه. بۆیه ئه‌شكزاد سه‌رباری مردنی راسته‌قینه‌ی، یان كوژرانی، ئه‌وه خه‌ڵكه رێگه به‌و كۆتاییه نادات و قه‌بوڵی مردنه‌كه‌ی ناكه‌ن. تارمایی سه‌رۆكه‌كان له‌مێژوودا و له‌م رۆژهه‌ڵاته‌دا ده‌گه‌ڕێت، لانی كه‌م سه‌رده‌م و زه‌مه‌نێكی دوورتر ده‌ڕوات. زه‌مه‌نێكی درێژتر په‌لوپۆی ئه‌و تارماییه به قاچی مێژوودا ده‌ئاڵێ و ئاسته‌نگی جوڵه‌كانی ده‌كات. تارمایی سه‌رۆكه‌كان كۆتوبه‌ندكردنی هه‌نگاوه‌كانی مێژوون، لهكهسێتیخستنی رۆڵی مرۆڤن له مێژوودا.
ده‌ریاس كاتێك هه‌واڵی ده‌ركه‌وتنی تارمایی ژه‌نراڵ لای خه‌ڵكی شاره‌كه ده‌بیستێت، زیاتر له‌سه‌ر بیروبۆچونه‌كانی خۆی سورده‌بێ، كه مرۆڤ له‌م شاره‌دا سه‌رۆكه‌كانی خۆی به‌مردویش ده‌په‌رستێت. هه‌ر له‌بنچینه‌وه خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه بڕوایان به‌مردنی سه‌رۆك و رابه‌ره‌كانیان نییه، یان نایانه‌وێت باوه‌ربكه‌ن، بۆیه چه‌مكی نه‌مری ره‌مزییه‌ت و مانای گه‌وره‌ی بۆیان هه‌یه. ئه‌وان له‌هه‌موو شت و بوونه‌وه‌رێكدا بۆ خودا ده‌گه‌ڕێن، خودایه‌ك نا، كه زۆربه‌ی ئاینه‌كان به‌شێوه‌ی جیاواز به خوڵقێنه‌ر ته‌ماشای ئه‌كه‌ن، ئه‌م دیده عیرفانییانه نییه بۆ خودا، ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه، روانینی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ی ده‌ریاس ده‌رگیری بووه‌ته‌وه، بتپه‌رستانه‌یه، به‌شێویه‌ك بۆ هه‌ر بوارێك خودایه‌ك داده‌تاشن. به‌تایبه‌ت له‌سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌وه‌نده زۆر خودا پێكده‌هێنن، به‌شی هیچ خودایه‌كی تر ناهێڵنه‌وه بۆ په‌رستن. ئه‌لیاس به‌شێوه‌یه‌كی توند براكه‌ی خۆی "ده‌ریاس" ئاگاداركرده‌وه له‌باره‌ی گومانه‌كانییه‌وه له‌سه‌ر نه‌مری ژه‌نڕاڵ، ئه‌مه‌ش له‌پێناو پاراستنی برایه‌تییان. به‌م شێوه‌یه ئه‌و ناكۆكییه قووڵ و ترسناكه‌ی نێوانیان ده‌گێڕێته‌وه:"ئه‌وه‌ی لهگفتوگۆكهیاندا ترسناك بوو ئه‌و ئاگادارییه تونده‌ی ئه‌لیاس بوو، كه تكای لهدهریاس كرد هه‌رگیز هه‌وڵ نه‌دات جارێكی تر له‌به‌رده‌م ئه‌ودا گومان له‌پاكی و نه‌مری ژه‌نراڵ بكات، چونكه به‌وه برایه‌تییان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه و ناچاریدهكات وه‌ك دوژمن و به‌كرێگیراوی بنه‌ماڵه فه‌رمانره‌واكان سه‌یریبكات".(ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 152). ملكه‌چی و به‌ندایه‌تی دوو پایه و دوو پارێزه‌ری بناغه‌یی هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌م سه‌رزه‌مینه‌ی ئێمه‌دا، یه‌كه‌میان، كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو پاكی و باڵاییه‌كی ره‌ها له‌ده‌وری سه‌رۆك و رابه‌رێك، نه‌خشكردنی وه‌ك موقه‌ده‌سێكی نكوڵیلێنهكراو. ئینسانی ئێمه پێویستی مانه‌وه‌ی خۆی لێره‌وه وه‌رده‌گرێ، ملكه‌چی و گوێڕایه‌ڵی بۆ موقه‌ده‌سێك، له‌لایه‌كه‌وه ئیلتیزامێكی وه‌همی چێژبه‌خشی بێهۆشكه‌ری پێ ده‌به‌خشێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، پاساوی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و كوشتنی فیزیكی و رۆحییانه‌ی ئه‌وانیتری ده‌خاته به‌رده‌ست. دووه‌میان، پرۆسه‌ی ته‌خوین و تهخوینسازییه له‌هه‌موو ئاسته‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا، دیاره مه‌به‌ست له‌وه‌نییه خیانه‌ت هیچ بنامه‌یه‌كی نه‌بێت، به‌ڵام خه‌سڵه‌تی زاڵی موقه‌ده‌سگه‌راكان، مرۆڤه ملكه‌چ و به‌نده‌كان، ته‌خوینكردن و ههپرونههپرونكردن و سرینه‌وه‌ی ره‌های ئه‌ویتری جیاوازه. به‌م شێوه‌یه نه‌كه‌ن به‌ئاسانی به‌ر گرگنی و به‌ندایه‌تی خۆیان ده‌كه‌ون. ئه‌م تایپه‌ی مرۆڤی به‌نده له رۆمانی ده‌ریاس و لاشه‌كاندا نه‌ك هه‌ر به‌ندایه‌تی سه‌رۆك ده‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌ندایه‌تی بۆ تارماییه‌كه‌شی به‌هه‌زار پاساوی رتوشكراوهوه قه‌بوڵده‌كه‌ن. ئه‌و كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌م مرۆڤانه بینای ده‌كه‌ن، زیاتر له‌هه‌موو شت كۆمه‌ڵگه‌ی تارماییه‌كانه، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه به جه‌وهه‌ری بتخانهوه هه‌یه. هه‌ربۆیه نوسه‌ر لێره‌دا باسی ئه‌وه ده‌كات، كه مرۆڤه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه هیچ ناگۆڕن، جگه له‌سه‌رۆك و سوڵتان و ئیمامه‌كانیان.
ئه‌گه‌ر به‌وردی ته‌ماشای ئه‌و پارچه‌پارچه‌بونه بكه‌ین، كه كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی گرتۆته‌وه، به‌رۆشنی دیاره له‌گه‌ل خۆیدا هه‌موو چه‌مكه‌كان، حه‌قیقه‌ته‌كان، درۆكان و ساخته و ره‌سه‌نه‌كانی دابه‌شكردووه، به‌شێوه‌یه‌ك دۆزینه‌وه‌ی راستی و مانای به‌ئاستێك دژواركردووه، كه هه‌ڵه‌نابین هه‌ندێ جار پێمانوابێ دیاریكردنی حه‌قیقه‌تی تا ئاستی مه‌حاڵ بردووه. نه‌مری چه‌مكێكی فره مانایه، به‌ڵام له‌م جێگایه‌دا تائاستی شێواندن براوه، حه‌قیقه‌ت و درۆ ئه‌گه‌ر به‌رۆشنی هه‌بن، نه‌مرن، هه‌موو حه‌قیقه‌تێك مورید و، هه‌مو درۆیه‌كیش موریدی خۆی هه‌یه. ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ی، هه‌موو سه‌رۆكه‌كان حاشییه و شوێنكه‌وتووی خۆیان هه‌یه و، هه‌موو مردووه‌كانیش له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بانگه‌شه‌كارانی خۆیان بۆ نه‌مری هه‌یه. له‌م رووبه‌ره پارچهپارچهبووهدا نه‌مری له‌بالای هه‌موو سه‌رۆكه‌كانه‌وه ده‌ئاڵێنرێت. نه‌مری سه‌رۆكه‌كان له ده‌ركه‌وتنی تارماییهكانیاندا بهرجهستهدهكرێ و به‌ڵگه‌ی نه‌مری و گه‌رانه‌وه‌ی ههمیشهییانن. به‌ڵگه‌ن بۆ تێپهرنهبونیان و ئه‌به‌دین و به‌رده‌وام چاویان لێمان ده‌بێ و ئه‌مانپارێزن. ته‌نانه‌ت له‌شۆرش و سه‌ركه‌وتن و كاره‌ساته‌كاندا پێشه‌نگایه‌تیمان ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی بنه‌مایه بۆ ئه‌و پارچه‌پارچه‌بوونه‌ی نه‌مری، ده‌ركه‌وتنی تارمایی سه‌رۆكه‌كانه، ته‌نیا له‌و ده‌ڤه‌ر و رووبه‌ره سیاسی و كۆمه‌لایه‌تییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شوێنكهوتووانیانی تێدایه. شار كه‌وتۆته دۆخی شۆڕشه‌وه و جه‌نگ سیمای هه‌موو مێژووی داگیركردووه. بۆ به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنی شۆرش له‌هه‌ر ئاستێكدابێت پێویستیان به‌ده‌ركه‌وتنی ئه‌شكزاده، وه‌ك چۆن هه‌موو ئیماندارێك بۆ خواردنه‌وه‌ی په‌رداخێك ئاویش پێویستی به‌ئیراده‌ی خواوهندییانهیه، پێویستی به بروایهكه، پێویستی به پشتیوانییه‌كی میتافیزیكییه. ژه‌نراڵ ئه‌شكزاد بۆ شۆرشگێڕان پێگه‌ی یه‌زدانی هه‌یه، چونكه شۆرش خۆی له‌پێناوی ئه‌ودایه نه‌ك خودی شۆرشگێڕان. ئه‌وه رووده‌دات شۆرش نییه له‌ئه‌نجامی گه‌ڕان بۆ ژیانێكی تازه و جیاواز، به‌لكو به‌رجه‌سته‌كردنی خواستێكی واقیعی، یان وه‌همی سه‌رۆكه له هه‌بوون، یان مردویهتییهكهیدا. بۆیه كاتێك دۆخی شه‌ڕ ده‌گێڕێته‌وه به‌م شێوه‌یه په‌یوه‌ندی خه‌لك و ژه‌نراڵ و، په‌یوه‌ندی خه‌ڵك و پارچه‌پارچه‌بوونی نه‌مری ده‌گێرێته‌وه:"له‌گه‌ل په‌ره‌سه‌ندن و گه‌وره‌بوونی بازنه‌ی جه‌نگدا ژه‌نراڵ هه‌ر رۆژه‌و له‌شوێنێكه‌وه ده‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام سه‌یربوو ژه‌نراڵ ته‌نیا له‌و گه‌ڕه‌كانه‌دا ده‌رده‌كه‌وت كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆرشگێڕاندان، له‌و شار و شارۆچكانه‌دا كه له‌ده‌ستی شۆرشگێڕاندابوون، له‌و گوندانه‌دا كه كۆمیته شۆرشگێڕه‌كان فه‌رمانره‌واییان ده‌كردن. زۆر لهدهركهوتنهكانی ژه‌نرال ته‌نیا ورێنه و رێشكهوپێشكهی خه‌یاڵبوون. زۆر له‌چه‌كدارانی شۆرشگێڕ شه‌و به‌خه‌یاڵی بینین و ده‌ركه‌وتنی ژهنراڵهوه ده‌خه‌وتن و رۆژ به‌هیوای ده‌ركه‌وتن و بینینی ئه‌وه‌وه له‌سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه ده‌مانه‌وه. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ره‌كه‌كانی رۆژهه‌لاتیشه‌وه ده‌هاتن، هه‌مان شێوه قسه‌یان له‌و سه‌رۆكه وێڵ و گهرۆكانه ده‌كرد كه شه‌وان به كوچه و كۆڵانه‌كانی ئه‌وێدا ده‌سوڕێنه‌وه".(ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 177). ئه‌مه دۆخی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌یه یان هه‌موو شتێك روون و رۆشن ده‌بینرێت، یان ئاڵۆز و نادیار، زۆر به‌ده‌گمه‌نیش نه‌بێت نه روونبینین و نه ئاڵۆزبینییهكان مه‌عریفه‌یان له‌پشته‌وه نییه.
له‌زۆرجێگادا، ده‌ریاس و لاشه‌كان به‌توندی هه‌ڵكۆڵینی برینی مێژووی به‌رده‌وامی خۆرهه‌ڵاته، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و خۆنوێكردنه‌وه پێچه‌وانه‌یه‌ی له‌ئاسته‌جیاوازه‌كانی شارستانێتیدا رووده‌دات. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا ده‌مه‌وێت گوزاره‌ی "خۆنوێكردنه‌وه‌ی پێچه‌وانه" بۆیه‌كه‌مجار به‌كاربهێنم سه‌باره‌ت به‌خه‌سڵه‌تی مێژووی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه، كه له‌بناغه‌دا خۆیه‌كی مێژوویی وه‌ستاو له‌سه‌ر دووباره‌بوونه‌وه و خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی مێژوویی دامه‌زراوه. خۆنوێكردنه‌وه‌ی پێچه‌وانه بێگومان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خۆنوێكردنهوهیهیه، كه بریتییه له‌خوڵقاندن و داهێنانی ژیانی تازه و فۆرمی جیاواز له‌ئاسته جیاوازه‌كانی ژیانی سیاسی، ئابوری و فه‌رهه‌نگیدا. خۆنوێكردنه‌وه‌ی پێچه‌وانه خۆنوێكردنهوهیه، به‌ڵام نوێكردنه‌وه‌ی هه‌موو چه‌قبه‌ستوویی و كێشه مێژووییه‌كانه، كه فاكته‌ری قه‌یرانی شارستانێتین. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هه‌یكه‌له‌ی سیاسی و فه‌رمانره‌وایی و پێكهاتی كۆمه‌ڵگه‌یی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی ئێمه ده‌كه‌یت، ئه‌و راستییه ئاسان ده‌رده‌كه‌وێت، كه كۆمه‌ڵگه‌كانمان به‌رده‌وام ئه‌و خوده مێژووییه چه‌قبه‌ستووه‌ی خۆی نوێده‌كاته‌وه و له‌چوارچێوه و ناونیشان و رواڵه‌تی تازه‌دا نمایشی ئه‌كاته‌وه. هه‌ر ته‌نیا نوێیناكاتهوه و به‌س، به‌ڵكو سوپایه‌كی كۆمه‌لایه‌تی، سیاسی، میدییایی فراوانی بۆ دروستده‌كا و لهپێناویداجهنگ به‌رپائه‌كات. تراژیدیایه‌كی سه‌رسامكه‌ره، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ئیش له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ژیانێكی تازه ناكات، وێڵی ئاغای تازه، بتی تازه و رابه‌ری تازه‌یه تاكو چڵێسی خۆی بۆ به‌ندایه‌تی تێیدا خاڵیبكاته‌وه. زۆرجار ئه‌و شه‌ڕه گه‌ورانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه، یان به‌شێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه له‌دژی ئاغایه‌ك به‌رپای ده‌كه‌ن، شه‌ڕنییه دژی سیسته‌می ئاغایه‌تی، له‌حه‌قیقه‌تدا شه‌ڕی ئاغایه‌كه دژی ئاغایه‌كی دیكه، كه له‌زه‌مه‌نێكی تردا به‌شێوه‌یه‌كی نائاگامه‌ندانه، یان هه‌ندێ جار ئاگامه‌ندانه‌ش خه‌ڵكانێكی زۆر تێوه‌ی گلاون و له‌پێناویدا ئاماده‌ی مردن بوون. ره‌نگه یه‌كێك له‌و له‌حزه جوانانه‌ی له‌م رۆمانه‌دا ده‌یبینیت، ئه‌و قسه و گفتوگۆیانه‌ی مامۆستا مه‌ردان بێت. ئه‌م مامۆستایه له ناشتنی دایكی‌دا به‌هانای ده‌ریاسه‌وه هاتبوو. له‌شوێنێكی تردا و كاتێك ده‌ریاس له‌ناو لاشه‌كاندا ده‌بینێت، ئه‌و لاشانه‌ی ماوه‌یه‌ك بوو له‌گه‌ل ژنێكی به‌ته‌مه‌ندا ئه‌ركی كۆكردنه‌وه‌یانی له‌ئه‌ستۆگرتبوو، ته‌رمی ئه‌وانه‌ی له‌شۆرش به‌شدارییانكردبوو و ئه‌وانه‌شی له‌به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی شۆرشدا كوژرابوون. ئه‌مه‌شیان له‌پێناوی رێزگرتن له لاشه‌كان ئه‌نجامده‌دا. لێره‌دا مامۆستا مه‌ردان به ده‌ریاس ده‌ڵێت:"ئیتر مێژووی شاره‌كه ئه‌مه‌یه، ئه‌مه‌یه كه تۆ له‌م جێگایه‌دا ده‌یبینیت. ئینسانه‌كان بۆ یه‌كێك ده‌گه‌ڕێن ببن به عه‌بدی، جیاوازی نێوان عه‌بدی ئه‌م زه‌مانه و عه‌بدی زه‌مانی كۆن ئه‌وه‌یه، ئه‌مان به ئیمانێكی تونده‌وه ده‌بن به عه‌بد، به‌هانه ده‌تاشن، به‌ڵگه ده‌هێننه‌وه، دهیخهنهسهری و لێیدهردهكهن، تا بیسه‌لمێنن كارێكی باشیانكردووه. شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن وه‌ك كلك دوای ئاغا و دوای ئه‌و به‌گ و دوای ئه‌و سیاسی بكه‌ون، دوایی ده‌بن به جه‌نگاوه‌ر، چه‌ك هه‌ڵده‌گرن، ده‌كوژن و وێرانه‌یی ده‌نێنه‌وه، دواجاریش ده‌بن به مه‌یتێكی بێ‌سود و رزیو له‌شوێنێكی وادا..". (ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 182). كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه سیخناخه به‌و نه‌خۆشییه‌وه. عه‌بدایه‌تی هۆشمه‌ندانه ده‌ردی بنچینه‌یی مێژووی ئێمه‌یه. زۆرجار هێزه سیاسییه‌كان، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه و له‌رواڵه‌تدا جیاواز ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌گه‌ر كه‌مێك بیانكڕێنیت ده‌گه‌یته‌وه سه‌ر یه‌ك پلێتی هاوبه‌ش، سه‌ر یه‌ك ئه‌سڵ و خاڵی بنه‌ره‌تی هاوبه‌ش، كه دواجار و له شوێن و زه‌مه‌نێكدا لێكئاشكرائهبن و ئاوێزانی یه‌كدی ده‌بنه‌وه. ئه‌م ئاوێزانبونهوهیه چه‌نده تهسلیمبونهوهیه به‌یه‌كتر، زیاتر له‌وه خۆئاشكراكردنه، ئیعترافكردنێكی هه‌ندێ جار ناچارهكییانهیه به‌وه‌ی ئه‌مانه له‌یه‌ك منالدانی مێژووییه‌وه هاتوون و وه‌فاداری ئه‌و سه‌رچاوه سه‌ره‌تاییه‌ی خۆیان ده‌مێننه‌وه. دوو هێزی ناوه‌كی مرۆڤ ئه‌و دونیا شپرزه‌یه به‌رێوه‌ده‌بات، خۆشه‌ویستی زۆر و رقی زۆر. ئێره زۆربه‌ی كات به‌تاڵه له مامناوه‌ندێتی، هه‌میشه له‌دوو روانگه‌وه به‌رخورد له‌گه‌ل جیهاندا ده‌كه‌ن، له‌گه‌ل مێژوودا ده‌كه‌ن، له‌دوو ئاسۆوه ته‌ماشای بیروباوه‌ڕ و دیارده‌كان، ئیمام و سه‌رۆكه‌كان، خێڵ و حیزبه‌كان ده‌كه‌ن، یان رقێكی له‌راده‌به‌ده‌ر، یان خۆشه‌ویستییه‌كی له‌راده‌به‌ده‌ر. ئه‌مه نه‌خۆشییه‌كی وێرانكه‌ره و ناهێڵێت په‌یوه‌ندی و گفتوگۆی راسته‌قینه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا له‌دایكبێت و ناهێڵێت هیچ كرانه‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه له‌نێوانیاندا رووبدات، كه ده‌رگا به‌سه‌ر دۆخ و سه‌رده‌می مێژوویی تازه‌دا بكاته‌وه. ئه‌وه‌ی به‌ختیارعه‌لی پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌كات ئه‌وه‌یه، ئه‌م دوو هێزه وێرانییه‌كی گه‌وره ده‌خه‌نه‌وه، له‌یه‌ك ئاستدا توانیویانه كاولكارانه به‌رخوردی مرۆڤ بكه‌ن. بۆیه كاتێك مامۆستا مه‌ردان قسه بۆ ده‌ریاس ده‌كات له‌باره‌ی "ئه‌و هه‌موو مه‌یته‌ی ده‌یبینێت هه‌مووی به‌رهه‌می خۆشه‌ویستییه، ئه‌مانه هه‌موو عاشقی عه‌قیده‌یه‌ك یان كه‌سێك بوون، بكوژه‌كانیشیان هه‌ر عاشقن، ئه‌وانیش هه‌ر عاشقی عه‌قیده‌یه‌ك یان كه‌سێك بوون...".(ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 185). خۆشه‌ویستی زۆر بۆ عه‌قیده‌یه‌ك، یان بۆ هێز و كه‌سێك سه‌ره‌تانی ئاوه‌زی مرۆییه. هیچ نه‌خۆشییه‌ك هێنده له‌سه‌ر وجود و چاره‌نوسی بیركردنه‌وه ترسناك نییه، چونكه ده‌رفه‌تێكی بچوكیش له‌به‌رده‌م روانینێكی تر و بیركردنه‌وه‌یه‌كی تردا ناهێڵێته‌وه. ته‌نانه‌ت هیچ ئه‌گه‌رێك بۆ كێماسی قه‌بوڵناكات. لێره‌دا ته‌نیا یه‌قین هه‌یه، یه‌ك یه‌قین، یه‌قین به چاكییه‌كی ره‌ها. ئه‌م یه‌قینه ره‌هایه به‌رهه‌می كوێرییه‌كی ره‌هایه. چاره‌نوسی هه‌موو یه‌قینێكی ره‌ها به چاره‌نوسی كوێری ره‌هاوه به‌ستراوه‌ته‌وه. ئه‌و هێزانه‌ی جڵه‌وی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌یان به‌ده‌سته‌وه گرتووه مه‌كینه‌ی به‌رهه‌مهێنانی جۆرێكن له ئینسان به‌بێ چاو. ئه‌گه‌ر زه‌مانێك هێزه‌كان پێویستییان به كوێركردنی ئینسانه‌كان بووه و ئیشێكی زۆر و ماندوێتییه‌كی زۆریان هه‌بووه، ئێستا گۆڕاون بۆ فابریكه‌یه‌كی نوێ به‌چه‌كی مۆدێرنه‌وه، بهئامرازی نوێوه، كه له‌بنچینه‌وه ئه‌و ته‌رزه له ئینسان بخوڵقێنن، كه پێویست به كوێركردنیان نه‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌بناغه‌وه و له له‌دایكبوونه‌وه، له‌زگماكه‌وه بهكوێری بیانهێننه دونیا.
ژه‌نراڵ ئه‌شكزاد ئه‌و ته‌پوتۆزه‌یه له قوڕی خۆرهه‌ڵات هه‌ڵده‌سێت. ئه‌مه ئینسانیترین و چاكه‌كارترین نمونه‌ی سیاسی-شۆڕشگێڕه، كه ره‌گوریشه‌ی له‌ناو دڵڕهقیدایه و دیوێكیشی ته‌سلیمی رۆحێكی خاكییانهی سۆفییانهبووه و له‌جێیه‌كدا ده‌یه‌وێت له‌و دیوه بێ ره‌حمه‌ی خۆی یاخیببێ و تێیپه‌رێنێت. هه‌ر گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی دایك بۆ ئه‌شكزاد و دۆزینه‌وه‌ی برا جمكه‌كه‌ی "نۆبار"، سه‌ره‌تای ئه‌و ئاماژه‌یه‌یه كه دابه‌شبوونی ناوه‌كییانه‌ی خودی ئه‌شكزاد له‌مێژووی سیاسی خۆیدا، پیشانده‌دات. نۆبار ئه‌و دیوه‌ی ژه‌نراڵه كه ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر جێ‌دا نه‌مرێ و مردنێكی جیاواز ئهزمونبكات، به‌رده‌وامییه‌كی جیاوازتر و تولانیتری له سیاسییه‌كانی دیكه ببێت. نۆبار ره‌هه‌نده یاخییه‌كه‌ی ئه‌م سیاسییه‌یه، كه دواجار به یاخیبوون نه‌ته‌نیا له خودی ناوه‌كییانه‌ی خۆی هه‌ڵده‌سێت، به‌ڵكو له‌مێژووی شۆرشگێڕێتی و حیزبی خۆی یاخی ده‌بێت. ئه‌مه‌ش بێگومان له‌رووی مێژووییه‌وه پۆزه‌تیڤ ده‌بوو، ئه‌گه‌ر وه‌ك هه‌موو ته‌لارانی و قهمهرخانییهكانی مێژووی خۆرهه‌لات ده‌روێشی سیاسی دروستنهكردایه. دروستكردنی ده‌روێش له‌كاری سیاسی و شۆرش دا هه‌میشه پێویستی شۆرش ده‌هێڵێته‌وه، چونكه ئه‌و شته‌ی شۆرشی ده‌روێشه‌كان دروستی ده‌كات، هه‌ر له‌بناغه‌وه ده‌بێ بهرهنگاریببیتهوه و هه‌ڵیبوه‌شێنیته‌وه. نۆبار دیوه تۆراوهكهی ژه‌نراڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه و پێكه‌وه یه‌كده‌گرنه‌وه و، شۆرشگێڕێكی به‌ده‌سه‌ڵات ده‌خوڵقێنن، كه ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی خه‌ڵك بۆ خۆیان، تاقیده‌كه‌نه‌وه. نۆبار هه‌وڵێكی ژه‌نراڵه بۆ چوونه‌وه ناو مێژوو له‌رێی خۆشه‌ویستی ده‌روێشانه‌ی خه‌ڵكه‌وه. لێره‌دا هه‌ست به‌وه ده‌كرێت، ژه‌نراڵ بیلالی ئه‌شكزاد نمونه‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌یه، كه له رێگه‌ی جوڵه مێژووییه‌كانی خۆیانه‌وه نایانه‌وێ، یان ناتوانن ژیانێكی تازه و جیاواز بئه‌فرێنن، زیاتر به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌ن مردنێكی گه‌وره و مێژوویی تاقیبكه‌نه‌وه، وابكه‌ن گه‌وره‌ییان له‌مردندا بژی. ئه‌م تایپه‌ی سیاسی خه‌مساردانه ته‌ماشای زه‌مه‌نی پاشخۆیان ده‌كه‌ن و نایانه‌وێ ده‌ستكاری ئه‌و مێژووه بكه‌ن، ره‌نگه به‌ویستی خۆیان نه‌یانه‌وێ، یان بێئومێد‌بن له‌و ده‌ستكاریكردنه‌ی مێژووی سیاسی ده‌ڤه‌ره‌كه و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆیان، بۆیه ته‌قالای ئه‌وه‌یانه ژیانی خۆیان له‌پێناو مردنێكی مه‌زندا، له‌پێناو كۆتاییه‌كی راچڵه‌كێنه‌ر و سه‌رنجكێش و تراژیدیدا سه‌رفبكه‌ن. ره‌نگه ئه‌م جۆره سیاسییه، كه ژه‌نراڵ به‌رجه‌سته‌ی كردووه، هێنده له وههم دا غهرقبوبن، پێیانوایه له پاش مردنیانه‌وه له گۆشه‌یه‌كی عه‌ده‌مه‌وه له ئاپۆڕای شوێنكه‌وتووان و پرسه‌گێڕانی خۆیان ده‌ڕوانن و چێژی راسته‌قینه‌ی لێ ده‌بینن.
نۆبار دیوه یاخییه‌كه‌ی ژه‌نراڵ بیلال وه‌ك برای جمكی له‌م چیرۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌ر ئه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو خه‌ڵك و له‌نزیكه‌وه له‌توره‌یی ئاگرگرتوی چینه‌كانی خواره‌وه به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران تێده‌گات، بۆیه له‌باره‌ی كه‌مه‌ندكێشی چه‌مك و بیرۆكه‌ی شۆڕشه‌وه بیرده‌كاته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك هانی ژه‌نراڵ بیلال ده‌دات بتوانێ خۆشه‌ویستی خه‌ڵك به‌ده‌ستبهێنێت و به‌ره‌و هه‌ڵگیرسانی شۆرش بیانخاته‌گه‌ڕ. هه‌رچه‌نده به‌رۆشنی بروای به‌وه نییه له‌م خۆرههڵاتهدا شۆرشی راسته‌قینه توانای بوونی ببێت، چونكه "له‌شۆرشی راسته‌قینه‌دا ده‌بێ خوداكان و مرۆڤه‌كانیش تا سه‌ر ئێسك بگۆڕین، به‌ڵام لێره نهخوداكانمان بۆ ده‌گۆڕێ و نه مرۆڤه‌كان ده‌توانن ده‌ست له ئه‌خلاق و نه‌ریت و كولتوری خۆیان هه‌ڵگرن و بیانگۆڕن. شتێك بتوانین بیگۆڕین ته‌نیا ده‌موچاوی خه‌لیفه‌كانی خودایه له‌سه‌ر زه‌وی و شێوه‌ی حوكمكردنی ژێرده‌سته‌كانه. ئه‌مه گۆڕانكارییه‌كی وه‌ها ریشه‌یی نییه، به‌ڵام گه‌مژه‌كان دڵخۆشده‌كات".(ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 222-223). كاتێك قسه له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌وه ده‌كرێ ده‌بێت به باشی له‌وه تێبگه‌ین، كه شۆرش گۆڕانكارییه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن و قووڵه و ته‌نیا له‌چوارچێوه سیاسی-فهرمانرهواییهكهیدا ناخوێندرێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌شۆرشدا پێوابونێكی بناغه‌یی زاڵه، كه سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانره‌وا له كۆمه‌ڵگه و كو‌لتور و باری سایكۆلۆژی و نه‌ریت و باوه‌ره‌كانی جیاناكاته‌وه و، ره‌گوریشه‌كانی دامه‌زراندن و پایهدارێتی ئه‌و سیسته‌مه له‌و دۆخه كولتوری و نه‌ریتی و سایكۆلۆژییه جه‌ماوه‌رییه‌دا ده‌بینێت، هه‌ر بۆیه شۆرشی راسته‌قینه بۆ بوونی پێویستی به ده‌ستبردن و ده‌ستكاریكردنی ئه‌و رهگوریشانهی سیسته‌م هه‌یه، كه به‌رده‌وام له ده‌موچاو و فۆرمی جیاوازدا و له‌سه‌رده‌می جیاوازدا هه‌مان سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه. به‌ڵام له ره‌وشی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، لهخۆرههڵاتدا به‌گشتی شۆرشه‌كان به‌رواڵه‌تی سیسته‌مه‌وه گیرۆده‌ن، له‌جیاتی گۆڕینی راسته‌قینه به گۆڕینی ناونیشان و ده‌موچاوی فهرمانرهوایانهوه سه‌رخۆشن. ئاڵوگۆڕی رووكه‌شی سیسته‌م و ده‌موچاوی خه‌لیفه‌كانی خودا له‌سه‌ر زه‌مینی ئێمه ئه‌و كحوله‌یه به‌ناوی شۆرش و گۆڕانكاری راسته‌قینه‌وه ده‌رخواردی خه‌ڵكانێكی زۆر ده‌درێت. شۆرش له‌روانگه‌ی نۆباره‌وه، وه‌ك كه‌سێتییه تازه‌كه‌ی ژه‌نراڵ ئه‌شكزاد، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌م دونیایه‌ی ئێمه‌دا مومكینه، چونكه "له‌م شاره‌دا ته‌نیا ئه‌و كه‌سه ده‌توانێت خه‌ڵك بۆ شۆرش بجوڵێنێت كه پێیان ده‌ڵێت، بێئه‌وه‌ی هیچ له دینتان بگۆڕن، بێئه‌وه‌ی هیچ له‌خۆتان و ئه‌خلاقتان بگۆڕن دونیاتان بۆ ده‌گۆڕم". (ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 223). ئه‌مه ناوه‌رۆكی ئه‌و بانگه‌شه ناجۆره‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌كان و ئینسانه‌كانی ئێمه‌ی له‌سه‌ر روانگه و رێچكه‌یه‌كی مێژوویی هێشتۆته‌وه، كه گۆڕین له‌سنوری گۆڕینی رواڵه‌تییان تێنه‌په‌رێت. كوژرانی ژه‌نراڵ بیلالی ئه‌شكزاد به‌ده‌ستی نۆباری برای ئه‌و ئاماژه روون و رهمزییهتهیه، كه بهئهفسانهكردن و نه‌مركردنی ژه‌نراڵ سه‌رڕێده‌خات، واده‌كات هه‌زاران خه‌ڵك شوێن ته‌رمه‌كه‌ی بكه‌ون و له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی بگرین. ئه‌مه‌ش له‌راستیدا مردنێكی پلانبۆدانراوی ژه‌نراڵ و نۆباری برای بووه تاكو له‌رێگه‌ی ئه‌و مردنه‌وه ئه‌فسانه‌یه‌كی گه‌وره دروستبكه‌ن و جه‌ماوه‌ر غه‌رقی ئه‌فسانه‌ی شۆرش بكه‌ن. له‌م به‌رنامه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوبوون:"نۆبار به‌چاوی خۆی گه‌وره‌بوون و نه‌مری و دره‌وشانه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ی ژه‌نراڵی بینی، ئه‌و هه‌زاران مرۆڤه‌ی بینی به‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌یدا ده‌گرین. خه‌ڵكی بینی ده‌ڕژێنه سه‌رشه‌قامه‌كان و شۆڕش راده‌گه‌یه‌نن، دڵنیابوو ئه‌و چیرۆكه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌دا پێكه‌وه نوسیویانه هاتۆته‌به‌رهه‌م".(ده‌ریاس و لاشهكا لاپه‌ره 235). ئه‌م شۆرشه وه‌همییه‌ی له خۆرهه‌ڵاتی ئێمه‌دا هه‌موو جوڵانه‌وه سیاسییه‌كانی داگیركردووه، یان داگیرده‌كات له‌و نامومكینیهتهی شۆرشه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت، كه نه‌گۆڕانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه و كو‌لتور و بیروباوه‌ڕه‌كانی دروستیانكردووه. لێره شۆرش به‌مه‌رجی ده‌ستكارینه‌كردنی دونیابینی رێگه‌ی ئاماده‌بوونی پێ ده‌درێت، له‌كاتێكدا به‌بێ ده‌ستكاری و دونیابینی نه‌ك شۆرش نابێت، خراپتر له‌وه‌ش ده‌بێته ره‌وایه‌تییه‌كی تازه بۆ هه‌موو ئه‌و دونیابینی و بیروباوه‌ڕانه‌ی مه‌كینه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی رابردوون. ئهفسانهییكردنی شۆرش و پێشڕه‌وانی خه‌سڵه‌تی هه‌ره سه‌ره‌كی ئه‌و دۆخه‌ی ئێمه‌ن، كه ده‌رفه‌تی بوون به شۆرش و گۆڕانكاری راسته‌قینه نادات. له‌كۆتاییدا گفتوگۆی نێوان ده‌ریاس و ئه‌لیاس تێگه‌یشتنێكی زیاتر له‌باره‌ی حه‌قیقه‌تی شۆرش و شۆرشگێڕانه‌وه به‌یانده‌كات، به‌تایبه‌ت ئه‌و مه‌ستییه‌ی شۆرشگێڕان تا ئه‌و ئاسته ده‌بات بتوانن به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕه‌وه بجه‌نگن. ئه‌لیاس له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ریاسی برای بینینی ئه‌و جه‌نگه وه‌ك دوا ته‌حه‌مولكردنی خۆی بۆ شۆڕش داده‌نێت، ده‌ڵێت:"ئێمه‌ی شۆرشگێڕان مهستییهكمان تێدایه كه ناهێڵێت زۆر بیربكه‌ینه‌وه و ببینین، من ئه‌و مه‌ستییه له‌تۆدا نابینم، ئێمه لهگۆرانبێژێك ده‌چین كه تا سه‌رخۆش نه‌بێت ناتوانێت باش بخوێنێت. ئێمه‌ش مه‌ست نه‌بین شه‌ڕمان بۆ ناكرێت".(ده‌ریاس و لاشه‌كان لاپه‌ره 244). ئه‌و مه‌ستییه دۆخی هه‌ره ترسناكی شۆرشه، كه له‌بنچینه‌وه ده‌چێته خزمه‌تی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و ئه‌قڵییه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ی، شۆرش خۆی بهرهنگاریبووهتهوه. ره‌گوریشه‌ی نامومكینیهتی شۆرشی راسته‌قینه له‌و مهستبوونهدایه. مه‌ستبوون بكوژی هۆشمه‌ندی و "من" ی راسته‌قینه‌ی مرۆڤه. ره‌نگه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی كۆی جوڵانه‌وه شۆرشگێڕییه‌كان و گۆڕانخوازییهكانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و مه‌ستبوون و خود-كوژییه بژی.