نەزەند بەگیخانی: ئەگەر شیعر نەبوایە، ڕەنگە بەرگەی ژیانم نەگرتایە
6 ساڵ لەمەوپێش
خانمە توێژەرو نوسەرو شاعیر (نەزەند بەگیخانی) یەكێكە لە دەنگە شیعریەكانی ناو دونیای ئەدەبی ئێمەو ساڵانێكە بەرهەمەكانی دەبینین و دوخوێنینەوە، لەم دیدارەدا چەند سەرنجێكی دەربارەی ئەزمونی شیعرنوسین و دونیانبینی ئەو بۆ ئەو پرۆسەیە دەخەینەڕوو.
سازدانی: شاخەوان سدیق
*لە نوسینەكانتا زویربوون لە نیشتمان دەبینرێ، (ماغوت) لە دیدارێكدا دەڵێت" ئەوەی من بە نیستمانەكەمەوە ئەبەستێتەوە، تەنها پێڵاوەكانمە" تۆش لە شیعرێكدا نیشتمان تەڵاق دەدەیت، ئەم زویربونەت لە نیشتمان هۆكاری چییە؟
نەزەند بەگیخانی: بەداخەوە ئێمە لە نیشتمانێكدا لە دایك بوون، كە هەموو ئەوانەی دڵسۆزین و هەموو ئەوانەی جوان بیر دەكەنەوەو جوان دەیانەوێت ئەم نیشتمانە ڕابگرن و خزمەت بكەن ناچار بە مەنفا كراون، من وەك ژنێك قسە دەكەم وەك شاعیرەیەك وەك مرۆڤێك كە دەمەوێت جوان بیر بكەمەوە، هەستەكەم لە نیشتمان جوانیان كوشت، ئازادیان كوشت، ژنیان كوشت، ئەمەش وا لە من دەكات كە نەتوانم خۆمبم لە نیشیمان، منیش كەسێكی ئازادم، كەسێكم ناتوانم نمایش بكەم ناتوانم درۆبكەم دەمەوێت لە سەدا سەد خۆمبم، خۆم چۆنم ئاوا بژیم، چۆنم ئاوا گوزارشت لە خۆم بكەم، لە ڕەفتار لە پۆشین لە ڕۆشتن لە كاری هونەری لە سەما لە هەر شنێك، بەڵام بەداخەوە لەم نیشتمانەدا ناتوانی لە سەدا سەد خۆت بیت. كە خۆت نەبوویت، هیچ شتێك ناتوانێن پێكتانەوە ببستێتەوە، ڕێك وەك پەیوەندی هاوسەرگیری، تۆكە نەتوانیت خۆت بیت و خۆت لە دەستدا لە پەیوەندیەكە ناچار دەبیت بە جیابوونەوە.
*نیرۆدا دەڵێت" هەمیشە شاعیرانی ڕاستەقینە دەبێت لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیاندابن" تاچەند پێتان وایە دەبێت شاعیرانی كوردیش لەبەرەی هاوڵاتیانی خۆیاندتبن و لە هەموو ئازارو ناخۆشیەكدا لە ناویاندابن؟
نەزەند بەگیخانی: من نێرۆدام خۆشدەوێت بەس خۆم لە ڕەوتی شیعری ئەودا نابینمەوە، بۆ من شیعر هەڵوێست نییە بەقەد ئەوەی كە پرسیارە، ڕوانینە هەڵوەستەیەكە، لە پاڵ شیعردا من كە سێكی نوسەرو توێژەرم و هەندێك لە بۆ چونە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانم لەو بوارانەدا زیاتر گوزارشتیان لێبكەم. چونكە لەوێدا بوار هەیە بۆ وەڵام بە پێچەوانەی شیعرەوە كە تەنها بوار هەیە بۆ پرسیار و ڕێگەیەك نییە بۆ وەڵامدانەوە. یان ئەوە هەڵناگرێت. كاتێك كەسێك شیعرێكی من دەخوێنێتەوە دەبێت هەست بەو گوزارشتانەی من بكات، كە من لە شیعرەكانمدا بۆ چوونەكانی خۆم دەربارەی هەموو تێڕوانینەكانمە دەخەمە ڕوو.
*ئەو هەموو پرسیارە گومانەی كە تۆ لە شیعردا هەتە پێتوایە شیعر ئەو میمبەرەیە كە بتوانێ هەموو ئەو پەیامانەی تۆ بگەیەنێت؟
نەزەند بەگیخانی: نا شیعر پەیام نییەو هیچ پەیامێكیش ناگەیەنێت، بۆیە وتم من لە نوسین و تۆێژینەوەكانم زیاتر ئەو بابەتانە دەوروژێنم و پرسیار دەكەم لە شیعر، شیعر ڕوانیتی منە بۆ ژیان بۆ دونیا بۆ دەورو بەر بۆ جوانی.
*(ماركیز) لە شوێمێك دەڵێت" شیعر ئەو خۆێیەیە كە نایەڵێت جیهان بۆگەن بكات" بەبۆچونی تۆ قودرەت و توانای شیعر لە كوێدایە كە دەتوانێت هەموو جوانیەكانی ژیان لە خۆیدا كۆبكاتەوە و نایەڵێت بفەوتێت؟
نەزەند بەگیخانی: شیعر بۆ من زۆر گرنگە، دەتوانم بڵێم من هەم، چونكە شیعر هەیە، ئەگەر شیعر نەبوایە، ڕەنگە بەرگەی ژیانم نەگرتایە. شیعری بۆ من جەوهەرە، شیعر بۆ من هەموو شتێكە.
*زۆرێك پێیان وایە شیعر لە ئێستاداو لەناو ئەم بە سەناعی بون و تەكنەلۆژیەیی ژیانا، ئیتر خەریكە شیعر وەزیفەی نامێنێت. بۆ چونی تۆ چییە؟
نەزەند بەگیخانی: نا شیعر هیچكات وەزیفەی نەبووە، تەنها شیعر وەكو جوانی وایە، شیعر وەكو مرۆڤە، هیچ وەزیفەیەكی نییە، تۆ دەشێت لە ڕێگەی شیعرەوە مانایەك بدەیتە وجود، بەڵام ئەوە شیعر نییە بێت نەخشی وجود بۆ بكات.
*زۆرجار باس لەوە دەكرێت شیعری خانمان لە هەرێمی كوردستان بەهۆی باسكردن لە جەستەو بابەتە حەرامكراوەكانی خۆیانەوە دەخوێترێنەوە دەنا شیعری خانمان زۆر لاوازە، بۆ چونی تۆ لەسەر ئەمە چییە؟
نەزەند بەگیخانی: من دژی ئەو بۆ چونەم و بە ڕوانینێكی پیاوانەی دەوانم بۆ شیعری ژن، بەداخەوە لەبەر ئەوەی پاو هەمیشە چەقی كلتورو چەقی كایەی فكری و داهێنان بووە، بەڵام ئێستا كە ژن لە ڕووی داهێنان و كلتوریەوە دەسەڵاتی هەیە، دەسەڵات بەو مانایەی كە فۆكۆ باسی دەكات دەسەڵاتی نوسین دەسەڵاتی داهێنان، ئەم تێڕوانینانە قبوڵناكەن، هەر ئەمەشە وایكردووە پیاو نەتوانێت لە ژن تێبگات، ئەوەش بە ژن ڕانابینێت كەوا خاوەنی دەنگی خۆیبێت، خاوەنی ستایل و فۆڕم و ئاوازی تایبەتی خۆیبێت لە شیعرەكانیدا هەمیشە دەیەوێت فەرزی بكات بەسەریدا كە تۆ دەبێت ئاوا بنوسیت، بەڵام من وەك نەزەند دەنوسم ئەوەی كە دەی نوسم گوزارشتە لە خۆم، ئەوە ڕوانینی منە بۆ دونیا، وە تێگەیشتنی من بۆ ژیان بۆ وجود بۆ خۆم بۆ پەیوەندیەكانم.
*تاچەند بڕوات بە قەڵەمی ژنانەو پیاوانە هەیە، ئایا نوسین هەر نوسینە یان ئەو دوو قەڵمە جوودان؟
نەزەند بەگیخانی: نا هەرگیز نابێت ئەمە جیابكرێتەوە، بەڵام ئەمە مەعنای ئەوە نییە ئیلا دەبێت وەك یەك بنوسین، (سوقرات) قسەیەكی جوانی هەیە دەڵێت" هەرشتێك تەعبیر نەبوو لە هەستی تۆ مەعنای نییە" من وەك ژن ژیان و ئەزمونی ڕۆژانەم جیاوازە لە ژیان و ئەزمونی ڕۆژانەی تۆ وەك پیاو، هەر بۆیە ئەوەشی كە دەی نوسم جیاواز دەبێت. وە دەشبێت ئەم جیاوازیانە قبوڵ بكرێت، نەك ببێتە مایەی دروستكردنی جباوازی دوو قەڵەمی جیا. ئەمەش دەوڵەمەندیە لە بواری داهێنان، بەڵام پیاوان هێشتا نەگەیشتونەتە ئەو ئاستە و بەو جیاوازیانە ئاشنانین كە نابێت كەس وەك ئەوان بنوسێت. بەڵام من ناتوانم وەك پیاوێك بنوسم.
*تۆ تاچەند لە شیعرەكانتا ئامادەی وەك ئەوەی (فروخ) دەڵێت "من خۆم دەنوسمەوە" بەڕاست تۆ خۆت دەنوسیتەوە؟ تا چەند لە پشت كارەكتەری شیعرەكانتەوەی؟
نەزەند بەگیخانی: من ئاگام لەو قسەیەی (فرۆخ)نییە، بەڵام من هەمیشە وتومە شیعر من دەنوسێتەوە، منیش شیعر.
*تا چەند كە دەنوسیت خوێنەرت لە بیرە؟
نەزەند بەگیخانی: لە ڕاستیا هەرگیز بیر لە خوێنەر ناكەمەوە لە كاتی نوسیندا، بەڵام هەست بە تەنهایی و مەینەتی و ئازارە قوڵەكانی مرۆڤ دەكەم.
*تا چەند هەستەكەی شیعرەكانت خوێنراونەتەوە، و خوێنەرەكانت هەستەكانی خۆیان تیایدا بینیوەتەوە؟
نەزەند بەگیخانی: لە ڕاستیا من كەسێكم دەنوسم و ژیانێكی قەڵەباڵغم هەیە لە بواری نوسین و توێژینەوەی ئەكادیمیدا، بۆیە زۆر فریای ئەوە ناكەوم تا بزانم چەند خوێنەرم هەیە و چی لەسەر من دەنوسرێت، وە لە سۆشیال میدیاش دوورم چونكە ئەو قەڵباڵخیە نەكاتم هەیە بۆی نە بەباشی دەزانم، نوسەر بوەستێت لە پرۆسەی داهێنان. بەڵام من ئەمرۆ وەك ژنێكی ئازاد و بیری خۆم ئەگەر ئەمڕۆش نەخوێنرێمەوە ئەوا دڵنیام لە سبەینێدا بەباشی دەخوێنرێمەوە.
*لە زۆرێك لە شیعرەكانتا زۆر باس لە تەنیای دەكەیت تۆ لە تەنیای دەترسیت؟
نەزەند بەگیخانی: بەهیچ شێوەیەك من لە تەنیای ناترسێم، بەپێچەوانەوە زۆر جار پێم وایە پێكەوەبوون، خیانەتە لە تەنیایی؟
*شیعر چی پێبەخشیت و چی لێسەندیتەوە؟
نەزەند بەگیخانی: من شیعرم، شیعریش هەمیشە من دەنوسیتەوە، ئەمەش گەورەترین دیاری شیعرە بۆ من.