ئه‌ده‌بی تراجیدی
6 ساڵ لەمەوپێش
حسه‌ین له‌تیف
هه‌تا ئێستاش کتێبی"هونه‌رى شیعر"ى ئه‌رستۆ که یه‌که‌مین کتێبێکى زانستییه له باره‌ى شیعره‌وه نووسرابێت،سه‌رچاوه‌یه‌کى گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له ئه‌ده‌بی تراجیدی،چونکه ئه‌رستۆ که قسه له‌سه‌ر شیعر ده‌کات له‌و کتێبه‌ی خۆیدا،قسه له‌سه‌ر ده‌قه شانۆییه‌کانى هه‌ریه‌که له ئه‌سخیلۆس و سۆفۆکلیس به پله‌ى یه‌که‌م ده‌کات. ره‌نگه لێره‌دا بپرسن په‌یوه‌ندى ده‌قی شانۆیی به ئه‌ده‌ب و شیعره‌وه چییه؟ چی واده‌کات ئه‌رستۆ ده‌قه شانۆییه‌کان بهێنێته ناو کتێبه‌که‌ى خۆیه‌وه؟ بۆ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌ر چاو بگرین که هه‌موو ده‌قێکى ئه‌ده‌بی، جه‌سته‌یه‌کى زمانى یه، کاتێک که ده‌خرێنه سه‌ر شانۆ و شاشه،ده‌بنه ده‌قێکى هونه‌ریی،چونکه له وشه‌وه ده‌په‌ڕنه‌وه بۆ زمانى نواندن له شانۆدا، زمانى وێنه له سینه‌مادا. ئه‌وه‌ى ده‌قێکى ئه‌ده‌بی ده‌کات به‌کارێکى هونه‌ریی، پرۆسه‌ی گۆڕینی زمانى ده‌قه‌کانه. ده‌قه شانۆییه تراجیدیه‌کان شیعر ره‌گه‌زێکى گرنگی پێکهێنانیان بووه، چونکه شیعر تواناى دروست کردنى کاریگه‌رى له‌سه‌ر ده‌روونى "وه‌رگر /بینه‌ر" به‌هێزه.
کتێبه‌که‌ى ئه‌رستۆ له‌یه‌ک کاتدا قسه‌کردنه له‌سه‌ر شیعر و دراما. وه‌کو تریش قسه‌کردنه له‌سه‌ر ئه‌ده‌بى تراجیدی. ئه‌قلاتۆن له‌به‌ر رۆشنایی بیر‌و باوه‌ڕه رامیاریه‌که‌ى خۆیدا باسی ئه‌ده‌ب و هونه‌رى کردووه، به‌لاسایی کردنه‌وه‌ى سروشتى زانیوون و ره‌تى کردوونه‌ته‌وه،ته‌نها ئه‌و جۆره له‌ئه‌ده‌ب و هونه‌رى په‌سه‌ند کردووه که خزمه‌تى سیستمى رامیارى کۆمار ده‌که‌ن، ئه‌رستۆیش ئه‌ده‌ب و هونه‌رى هه‌ر به لاساییکردنه‌وه‌ى سروشت زانیوه، به‌ڵام به گرنگی یه‌وه له کاریگه‌رى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و به‌تایبه‌ت ئه‌ده‌بى تراجیدی روانیوه،چونکه پێى وابووه له‌ڕێگاى ئه‌و کاریگه‌ریه‌وه که له‌سه‌ر ده‌روونى "وه‌رگر/ خوێنه‌ر"ى به‌جێده‌هێڵێت، وه‌رگر و خوێنه‌ر هه‌ست به ئارامى ده‌روونى ده‌که‌ن.
له ته‌واوى ده‌قه تراجیدیه‌کانى هه‌ریه‌ک له ئه‌سخیلۆس و سۆفۆکلیس و ئه‌ریستۆفانیس و یۆرپیدیس دا، تراجیدیا رووداوێکه به‌سه‌ر خێزانى خواوه‌نده‌کان و بنه‌ماڵه‌نه‌جیبزاده‌کان دا دێن، چونکه مرۆڤى ئاسایی توانای رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى چاره‌نووسی خۆی نییه، وکو تریش ده‌شێت به‌خشینى وێنه‌ى کاره‌کته‌رى تراجیدی به خواوه‌ندان و فه‌رمانره‌وایان له‌لایه‌ن تراجیدنووسه‌کانه‌وه، بۆ پێگه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌وان و تێڕوانینیان به چه‌مکى ململانێ وه هه‌بێت.
ئه‌گه‌ر تراجیدیا له ناو تێکستى تراجیدنووسه‌کانى یۆنان‌دا بریتی بێت له کاره‌سات و رووداوگه‌لێک به‌سه‌ر خواوه‌ندێک یان فه‌رمانڕه‌وایه‌کدا هاتبێت،ئه‌وا لاى نووسه‌رێکى وه‌ک واڵته‌رکاوفمان تراجیدیا له رووداوێکى تاکه که‌سییه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ رووداوێک به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک دا هات بێت. به‌گوێره‌ى پێناسه‌که‌ى واڵته‌ر کاوفمان ده‌کرێت هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له مێژووى خۆیدا، رووبه‌ڕووى چاره‌نووسی تراجیدیانه‌ى خۆى بووبێته‌وه.
کورد وه‌ک نه‌ته‌وه،له‌مێژووى خۆیدا، چه‌ند جارێک رووبه‌رووى چاره‌نووسی تراجیدیانه‌ى خۆى بووه‌ته‌وه،پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ئێمه رووداوه تراجیدیه‌کانى خۆمانمان هه‌ر وه‌ک مێژوو نووسیوه‌ته‌وه یاخود وه‌ک سه‌رچاوه بۆ به‌رهه‌مهێنانى تێکستى ئه‌ده‌بیمان لێمان ڕوانیوون؟ کامانه‌ن ئه‌و تێکستانه‌ى له رووداوه تراجیدیه‌کانى مێژووى ئێمه‌وه به‌رهه‌م هێنراون؟
له راستى دا، ئه‌گه‌ر تراجیدیا وه‌ک رووداوی دڵ ته‌زێن سه‌یر بکه‌ین که‌به‌سه‌ر تاکه که‌س و بنه‌ماڵه‌یه‌کدا هات بێت، ئه‌وا ئه‌حمه‌دى خانى یه‌که‌مین شاعیری کورده که تراجیدیا نووسیوه‌ته‌وه،چونکه ده‌قی مه‌م و زین زۆر له‌و ره‌گه‌زه درامیانه‌ى تیایه که ده‌قێکى شانۆیی ده‌که‌ن به ده‌قێکى تراجیدی. ئه‌گه‌ریش له‌گه‌ڵ پێناسه‌که‌ى واڵته‌ر کاوفمان یه‌کانگیربین،ئه‌وا شێرکۆ بێکه‌س چه‌ندین تێکستى تراجیدی نووسیووه.ئه‌گه‌ر تراجیدیا له‌ئه‌ده‌بی یۆنانی دا،له تێکسته شانۆییه‌کانه‌وه سه‌رى هه‌ڵدا بێت، که‌هه‌ر وایه،ئه‌وا سه‌ره‌تاکانى تراجیدیای کوردی له ناو تێکستى شیعریی ئێمه‌دایه.
کتێبی"روانینێک له تراجیدیا/ئه‌حمه‌دی )خانى و شێرکۆبێکه‌س( وه‌ک تراجیدنووس"هه‌وڵێکى له‌خۆ بوردوانه‌ى منه بۆ ناساندنى چه‌مک و ئه‌ده‌بی تراجیدیی له یۆنانه‌وه تا ئه‌مرۆ، له‌رێگاى به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى چه‌مک و پێناسه جیاوازه‌کانه‌وه بۆ ئه‌ده‌بی تراجیدیی، هه‌وڵى دارشتنى سه‌ره‌تایه‌کى تیۆریم داوه بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر تێکستى تراجیدیی له شیعری کوردی‌دا.ئه‌م هه‌وڵه‌شم له‌وڕوانگه‌یه‌وه‌داوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو تراجیدیایه‌ى به‌سه‌ر ئێمه‌دا هاتووه، هێشتا تراجیدیا له زمانى ئێمه‌دا پێناسه نه‌کراوه‌ته‌وه، هیچ کتێبێک،هیچ هه‌وڵێکى تیۆریی بۆ ناساندنى تراجیدیا له ئارادا نه‌بووه.
له‌م کتێبه‌دا هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌مان ده‌ست نیشان کردووه که پێویستى ده‌قێکى تراجیدین، چونکه هه‌ر تێکستێک که بۆ کاره‌ساتێک نووسرا ماناى ئه‌وه نییه ئه‌و تێکسته تێکستێکى تراجیدییه.