دوو تایبەتمەندی ئەنفال
6 ساڵ لەمەوپێش
عومەر سەید
گەر لە ئەفسانەوە مرۆڤ و دنیاکەی بخوێنینەوە، دەبینین گەیشتن و سەرهەڵدانی مرۆڤ لە سەر ئەم هەسارەیە، هاوتەریبە لە گەڵ تراژیدیادا. گەر بەهەشت هێما بێت بۆ ئارامی و نا تراژیدیا، ئەوا سەرزەمین جێیەکە بۆ سزا و عەزاب و مردن. ئیدی لەو کاتەوە و تا ئێستا مرۆڤ پاڵەوانێکی دۆڕا و شکست خواردوو بووە لە بەرامبەر تراژیدیادا. یەکەم داستانی نوسراوی مرۆڤ بۆ وێناکردنی خۆی لە بەردەم تراژیدادا، گەلگامشە، ئەو نیمچە خودا و نیمچە مرۆڤەی دوای گەشتێکی دوور دان بە شکستی خۆیدا دەنێت. بەشی هەرە گەورە و زۆری ئەدەب و هونەر بەرجەستە کردنی ئەم ململانییە. کار کردنە لە سەر مەرگەسات و کارەسات و کۆمەڵ کوژییەکان. گەر لە تراژیدیای یۆنانیدا، مرۆڤ لە ژێر جەبر و هەژموونی خوداکاندا بێت و چارەنووسی بە دەستی خوداکان بێت و هەر لەوانیشە دەرگیری تراژیدا بێت، وەک ئۆدیب پاشا و سیزیف. ئەوا لە کلاسیزمی نوێدا و لای شکسپیر و راسین و کۆرنی شانۆ دەبێتە جێگای نمایشی تراژیدیای مرۆڤ وەک تاک و بەرپرسیارێتێکەش لە خوداوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ خۆی، نەک هێزێکی بان سروشت. گومانی تێدانییە بەشێکی گەورە و زۆری مێژوو، جەنگ و داگیرکاری و کۆمەڵ کوژییە. کە ئێمە لە رێگەی زمانی نوسینەوە لە دووتۆی کتێبەکانی مێژووەوە، یان حیکایەت و چیرۆکەکانەوە بەریان دەکەوین و دەیانخوێنیینەوە. بەڵام لە سەدەی رابردووەوە کە پڕە لە کۆمەڵ کوژی و تاوانی گەورەی وەک هۆلۆکۆست و پاکتاوی رەگەزی ئەرمەنییەکان لە تورکیا و ئەنفال........هتد بەڵگەنامە و وێنە و دۆکۆمێنتەکان و شوێن و پاشماوەکان و گۆڕە بە کۆمەڵەکان، ئێسک و پروسکی خودی قوربانییەکان دەبنە بەڵگە و شایەتحاڵ. ئەمڕۆ هەزاران بەڵگەی وێنەیی و دۆکۆمینتاری و بەڵگە و شوێنەوار و شایەتحاڵ لە سەر ئاشفێز بەردەستە. لە سەردەمی ماسمیدیا و دیجیتاڵدا، لە سەردەمی وێنەی فۆتۆگرافی و وێنەی جوڵاودا، تەواوی پرۆسەی کۆمەڵ کوژییەکان هەن و ئەرشیف کراون. بەڵام کێشەی جدی و لەمپەری گەورەی بەردەم جینوسایدی ئەنفالدا، نەبوونی وێنەیە، کە کاریگەرترین بەڵگەیە بۆ ئەم سەردەمە، کە بە سەردەمی گومان و بەڵگەی بەرچاو ناسراوە. ئەنفال پرۆسەیەکی ئەقڵانی سیستماتیزەکراوە، لە رووی لۆجستی و سەربازی و پرۆسەوە بەشێکە لە مۆدرێنە و لە پشتییەوە ئەزموونێکی زۆر و ئەقڵێکی گەورە هەیە. بەعس لە ئەنفالدا هێندە جەهەنمیانە و نهێنیانە کاری کردووە، هێند بیروکراسیانە قۆناخ دوای قۆناخ پرۆسەکەی ئەنجام داوە، کە ئێمە ئەمڕۆ بەراورد بە ترسناکی و گەورەیی کۆمڵ کوژییەکە، کەمترین بەڵگە و داتا و دۆکۆمێنتمان بەردەستە. تەنانەت یەک وێنەشمان نییە یا بڵێین بەعس یەک وێنەشی بۆ بەجێنەهێشتووین، تا ئەمڕۆ وەک وێنەکەی عومەری خاوەر، بیکەینە هێما و ناسنامەی ئەنفال. ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی سی و یەک ساڵ لەو کۆمەڵ کوژییە، تا ئێستە بە دیاری کراوی نازانین چی رووی داوە. کەمترین زانیاریمان سەبارەت بە جۆر و شێوازی کۆمەڵکوژییەکە هەیە، یا ژمارە و شوێنی گۆڕەکان، ژمارەی ژن و کچەکان، ژمارەی منداڵەکان، ژمارەی گەنج و پیر و پەککەوتەکان. دوای سی و یەک ساڵ لە جینۆسایدەکە و شانزە ساڵ لە رووخانی بەعس، دانپێدانانی یەک شایەتحاڵمان لەو جەلادانە لە لانییە. کەسێک نە لە جاش و نە لە سەرباز و نە لە سەرانی بەعس نییە بە تەواوەتی بزانێت یا ئاگاداری تەواوی قۆناخەکانی پرۆسەکە بێت. ئەو جاش و سەربازانەی گوندەکانیان ئاگرداوە و خەڵکەکەیان راگواستووە، ئەرک و فەرمانیان هەر هێندە بووە کە خەڵکەکە بگوازنەوە تا نزیکترین سەربازگە، لەوێشەوە جەلاد گەلیتر بە ئەرکی خۆیان هەستاون و دەس بە دەس بێ ئەوەی هەنگاوێک ئاگاداری هەنگاوی پاش و پێشی خۆی بوبێت. یەک وێنەی زیندوو و راستەوخۆی ساتی زیندانیانی نێو قەڵا و زیندانەکانی نوگرەسەلمان و تۆبزاوە و عەرعەرمان لانییە، نازانیین قەبارە و شێوەی سەگە رەشە کورد خۆرەکە چۆنە و چ بیچمێکە. یەک چرکەیش فیلمی بەڵگەیی ساتی گوللەباران کردن و زیندەبەچاڵ کردنی ئەو هەموو قوربانییانەمان دەستنەکەوتووە، ئەمە ئەگەر هەبێت. یەک موسڵمانی کورد، یا ناوەندێکی ئیسلامی، یا وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، نازانێت و ناتوانێ پێمان بڵێت، چەند مزگەوت و پەرستگا و ماڵی خودا لەو پرۆسەیەدا رووخێنراوە و چەند کتێبی پیرۆز سووتێنراوە. کەمترین داتا و ژمارەمان لایە.! ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییە تاڵ و بە ئازارەکەی ئەنفال، کەمی بەڵگە و نەبوونی وێنە. لێرەدا رۆڵی ئەدەب بە تایبەتی رۆمان، رۆڵی هونەر بە دیاریکراوی سینەما، بە دەر ئەکەوێت. دەبێ و دەبوایە نوسەران و هونەرمەندان لە رێگەی خەیاڵ و فەنتازیاوە ئەم بۆشاییە گەورەیان پڕ کردایەتەوە، گەرچی ئیش کراوە، بەڵام بە گشتی زۆر کەم و کرچوکاڵە. ئەوە ئەرکی رۆمان و سینەمایە کە تەواوی پرۆسەکە بە ورد و درشتێوە بێنێتەوە و وێنە و روخساری پێببەخشێتەوە، هەموو قوربانی و گوند و شارە خاپورەکان، هەموو ستەمکاران و جاش و خۆفرۆشان بە خوێن و گۆشت و ئێسکەوە لە رێگەی وشە و وێنەوە بگێڕێتەوە نێو ژیان ومێژووەوە، تا بۆ ئەبەد بەعس و جاشەکان سوک و شەرمەزار کرێن و رۆحی قوربانییەکانیش ئاسودە و نەمربن. تراژیدیای لە تراژیدیا بە سوێتر و شەرمەزارتر، بەشداری کارای ئەو هەموو کوردە خۆفرۆشەیە لە ئەنفالدا. جووەکان دەزانن ئەوەی قەتلوعامی کردن نازییەکان بوون، ئەرمەنەکان بە دەستی فاشیزمی دەوڵەتی تورکی پاکتاوی رەگەزی کران، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ دەبێ دان بەو حەقیقەتە تاڵەدا بنێین و بێ ترس و شەرم رۆڵی گەورە و کاریگەری خۆمان لە جینۆساید کردنی خۆماندا بنێین.! تایبەتمەندی دووەمی ئەنفال، بوونی نزیک بە نیو ملێون جاشە کە بەشداری کارایان هەبووە لە سووتان و راگواستنی خەڵکە سڤیلەکە بۆ نێو چنگی پۆڵایی بەعس! کە ئەمە جگە لەوی عەیبەیەکی گەورەی سۆسولۆژیی و سیاسییە. هاوکات بە درێژایی مێژووی نەتەوایەتیشمان بۆتە هۆکار و لەمپەری سەرەکی بەردەم بە ئامانج گەیشتنی مەسەلە رەواکەمان. دەبێ دانیپێدا بنێین. لەوەش شەرمەزارتر یەک لەو پاڵەوانە خۆفرۆشانە تا ئەمڕۆ ئامادەنییە و نەبووە لە بەردەم میللەتەکەیدا دانپێدانانی خۆی بڵێت و داوای لێبوردن بکات. تەنانەت هەندێکیان تا ئێستەش خۆیان بە بێ گوناه و کوردی عەیار بیست و چوار دەزانێت. جاشایەتی بە قوڵایی مێژووی ئێمە لێدان بووە لە یاسای سروشتی پیرۆز و هەمیشەیی نەتەوەیمان. بنکۆڵ کردن و بارگاوی کردنی رۆحی نەتەوە بووە بە شکست و شەرمەزاری. بۆ نموونە بیهێنە بەرچاوی خۆت، رۆژێک کۆمپانیایەکی بیانی بەرهەم هێنانی فیلم بانگێشتی هەرێم بکەین و داوای دروستکردنی فیلمێکیان لە سەر ئەنفال لێبکەین. گومانی تێدا نییە دەبێ بڵێین لە بەرامبەر چەند هەزار پێشمەرگەیەکدا، نیو ملێون جاشیشمان هەبووە. دیسانەوە بیهێنەوە بەرچاوی خۆت، دەرهێنەری فیلمساز چۆن ئەبڵەق دەبێت و بۆ چەند ساتێک لە خۆ دەچێت تا ژمارە و دیمەنەکەی بۆ روون دەبێتەوە و رەنگە لە گەڵ قاقایەکی گاڵتەجاڕانەشدا بڵێت (کاکینە، ئەم مێژووە بۆ فیلم نابێت و ئێوە کەڵکی ئاوەدانیتان نییە) !!!. هەر بۆیە گەر دەمانەوێت، کلتورێک و نەتەوەیەک و نیشتمانێک و ژیانێکی نوێی دوور لە ئەنفال و ترس بنیات بنێین. دەبێت بە سەرێک تەواوی مێژووی قوربانی و پاکتاوی رەگەزی خۆمان بگێڕینەوە ناو ئێستا و ناو ژیان و خۆمانی لە سەر بونیاد بنێینەوە، بە سەرێکی تریش تا مێژووی رۆحی جاشایەتی نەبێتە ئەجیندای سەرەکی ناو لێکۆڵینەوەکانی ئاکادیمی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەگەری چەندین بارەی ئەنفال بەردەوام بە دوامانەوەیە، وەک چۆن لە شەنگال رووی دایەوە. هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە و لە تراژیدیایەکەوە دەچینە تراژیدیایەکی نوێترەوە. دواجار وەک چۆن تێۆدۆر هەرتزلی باوکی رۆحی دەوڵەتی ئیسرائیلی دەڵێت ( ئێمە یەک نەتەوەین و ئەوەشی ئێمەی کرد بە یەک نەتەوە دوژمنەکانمان بوون) دەکرێ کوردیش لە رێگەی تراژیدیا زۆر و بەردەوامەکانییەوە، لە رێگەی مێژووی جینۆسایدەکانییەوە، کار بۆ نەتەوە بوون و دەوڵەت بوونی خۆی بکات.