ئه‌نفال و ئه‌ده‌ب

6 ساڵ لەمەوپێش



 

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

 

له‌ بوارى ئیشکردنى ئه‌ده‌بى له‌ سه‌ر ئه‌نفال کۆمه‌ڵێک و هه‌وڵ و ته‌قه‌لا هه‌ن به‌ تایبه‌ت نۆڤلێت و رۆمان و چیرۆک، لێ هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ وێنه‌ى ئه‌نفال وه‌ک خۆى نیشانى ئه‌وى تر بده‌ن، هه‌ڵبه‌ت له‌ بوارى شیعریشدا کارى جوان هه‌ن، کێشه‌یه‌ک که‌ ناکرێ هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌ سه‌ر نه‌کرێت گوازتنه‌وه‌ى تاوانه‌که‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى کاریگه‌ر بۆنمونه‌، چاره‌نووسى ئاده‌میزادى شۆڵۆخۆف، یان سه‌عاتى 25 ، ئایه‌ ئێمه‌ توانیومانه‌ کار له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌موو تارژیدیایه‌ به‌و جۆره‌ بکه‌ین که‌ سه‌رنجى ئه‌وانى تر په‌لکێش بکات هه‌ڵبه‌ت وه‌ک پێویست نه‌خێر، هه‌زاران چیرۆک هه‌یه‌ له‌ ئه‌نفال دا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ سه‌رى بوه‌ستین، هه‌زاران ئازارکه‌ گێڕانه‌وه‌یان ده‌توانێت کارێکى ناوازه‌ى ئه‌ده‌بى لێ ده‌ربچێت، کاتێ )عاسى مسته‌فا ئه‌حمه‌د( دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى سۆراغى خانه‌واده‌که‌ى ده‌کات و نامه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تى کۆمارو سه‌دام ده‌نووسێت و دیوانى سه‌رۆکایه‌تى زۆر خوێن ساردانه‌ ده‌ڵێت هاوسه‌رو مناڵه‌کانت له‌ کرده‌ى ئه‌نفالدا تیاچوون، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر رۆمان نوسێکى به‌ توانا هه‌بێت ده‌توانێ چى لێدروست بکات، عاسى له‌ نامه‌که‌یدا باسى ئه‌وه‌ ده‌کات ئێستا بێ جێگه‌و رێگه‌یه‌و له‌ مزگه‌وت رۆژ ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ى ببرێت بۆ سه‌ربازى و به‌ دیل بگیرێت ئه‌و خانه‌واده‌و هاوسه‌رو کچ و کوڕو ماڵ و گوندو که‌س و کارى هه‌بووه‌، من چه‌ندین جار باسى ئه‌شکه‌وتى کونه‌ که‌متیارم کردووه‌، کاتى خۆى تیمێکى روداویشم له‌گه‌ڵ یه‌حیا به‌رزنجیدا برد بۆ ئه‌و ئه‌شکه‌وته‌و دیدارێکى دورو درێژیان تۆمار کرد، بۆ بڵاو نه‌کرایه‌و هۆکار چى بوو، یان ئاخۆ روداولانى که‌م نرخى ئه‌و کارو ته‌قه‌لایه‌ى منى به‌ هه‌ند وه‌رگرت، ئه‌وه‌یان له‌و لاوه‌ بوه‌ستێت، به‌ڵام له‌و ئه‌شکه‌وته‌دا که‌ 6 خێزان بۆ ماوه‌ى 5 مانگ ماونه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌وێ مناڵێک له‌ دایک بوه‌، هه‌ر له‌وێ هاوسه‌ر گیریه‌ک کراوه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و په‌ڕى به‌ گژاچوونه‌وه‌ى به‌عس و سته‌مکاریه‌، ئه‌مه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک سه‌یرى ده‌که‌یت به‌رده‌وامى دانه‌ به‌ مانه‌وه‌ و ژیان، له‌و باره‌یه‌وه‌ من فیلمى له‌ تاریکیدام بینیوه‌ له‌ سه‌ر جوله‌که‌، شێوازى به‌رده‌وامى دانه‌که‌ به‌ ژیان و خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌دان له‌م دوو ڕوداوه‌دا زۆر هاوشێوه‌ن .

ئه‌و کوڕو کچه‌ى له‌ ئه‌شکه‌وتى کونه‌که‌متیار هاوسه‌رگیریان کردووه‌، گه‌وره‌ ترین شه‌ڕیان دژى جینۆ سایدو سڕینه‌وه‌ راگه‌یاندووه‌، ئاخۆ توانرا ده‌قێکى ئه‌ده‌بى له‌و به‌ گژاچونه‌وه‌یه‌ دروست بکرێت، ئه‌ده‌ب ده‌توانێ چیرۆکه‌کان به‌ شێوازێکى کاریگه‌رتروهونه‌ریانه‌و جیاواز له‌وه‌ى ڕوویداوه‌ بگێڕێته‌وه‌، ده‌توانێت له‌ روداوه‌کان داستانى ناوازه‌ دروست بکات، کورد تا ئێستا وه‌ک پێویست نه‌یتوانیوه‌ جێى ئه‌نفال له‌ ئه‌ده‌بدا دیارى بکات، دیاره‌ ناکرێت ئه‌وه‌نادیده‌ بکه‌ین، که‌ چه‌ندین رۆمان و نۆڤلێت نوسراون، ئاخۆ ئه‌و رۆمان و نۆڤلێتانه‌ى نوسراون تواناى ئه‌وه‌یان تێدایه‌ فیلمێکى وه‌ک کوڕه‌ بیجامه‌ خه‌تخه‌ته‌که‌یان لێ دروستبکرێت ، ئه‌مه‌ گرنگه‌ .

ئه‌و رۆمانانه‌ى ده‌کرێنه‌ فیلم و کاریگه‌رى گه‌وره‌ له‌ سه‌ر بینه‌ر جێده‌هێڵن و ده‌بنه‌ کارى نێو ده‌وڵه‌تى و جیهانى، ده‌قه‌کانیان هه‌مان ئه‌و چیرۆکانه‌ن که‌ له‌ئازاره‌کانى ئه‌نفالدا  هه‌ن بگره‌ ئه‌نفال و چیرۆکه‌کانى ناو ئه‌و تاوانه‌ له‌وانه‌ زۆر کاریگه‌ر ترن، ئه‌گه‌ ر له‌ کوڕیژگه‌ بیجامه‌ خه‌تخه‌ته‌که‌دا وێنه‌ى ئه‌وه‌ نیشانى ئێمه‌ ده‌درێت که‌ له‌ هه‌رچرکه‌یه‌کدا ده‌کرێت که‌سانى تریش ببنه‌ قوربانى، که‌ سته‌مکاران ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ جلى مه‌رگ بکه‌نه‌ به‌ر قوربانیه‌کان، ئێمه‌ له‌ به‌رده‌م نادادیه‌کى گه‌وره‌دا راده‌گرێت، ئه‌وه‌ له‌ 11ى 4ى 1988 ئه‌و کچه‌ ته‌له‌به‌یه‌ى کۆپته‌ره‌کانى به‌عس " بارق عه‌بدوڵا" له‌ ناو شارى چه‌مچه‌ماڵ ده‌یکوژن، باوکى فه‌رماده‌ى کۆمه‌ڵێک چه‌کدارى کورده‌ ،

ئه‌ده‌ب ده‌توانێت ئه‌م وێنانه‌ هه‌موو له‌ خۆیدا کۆبکاته‌وه‌، ده‌توانێت له‌ رێگه‌ى وێنه‌ى هونه‌ریه‌وه‌ ده‌قى نه‌مر به‌رهه‌مبێنێت، ئه‌ده‌بى کوردى و کتێبخانه‌ى کوردى و ئه‌دیبى کورد هێشتا له‌و بواره‌دا هه‌ژارو ده‌سته‌ پاچه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ بڕواى من لایه‌نێکى په‌یوه‌سته‌ به‌ زانینى زمانى دیکه‌و وه‌رگێڕانى ده‌قه‌کانه‌وه‌ بۆ سه‌ر زمانانى تر، با ڕوونتر بڵێم ئه‌گه‌ر ناوه‌ندێکى وه‌رگێڕان لانى که‌م ساڵانه‌10 رۆمان و نۆڤلێتى کوردى وه‌ربگێڕێته‌ سه‌ر زمانه‌کانى )عه‌ره‌بى، فارسى، تورکى، فه‌ڕه‌نسى و ئینگلیزى(، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هانده‌رێکى باش بۆ ئه‌وه‌ى نوسه‌رنى کوردیش کارى باش بکه‌ن، کارى باش به‌و مانایه‌ى مۆرکى کوردى پێوه‌بێت و باس له‌ تراژیدیاو ئازاره‌کانى کورد بکات، لێ کێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتى کوردى وێڕاى ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تێکى تایبه‌ت به‌ شه‌هیدو ئه‌نفالى هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موو کارى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ چڕکراوه‌ته‌وه‌ له‌ پێدانى موچه‌و شتى له‌م جۆره‌ و ئه‌و لایه‌نه‌ گرنگه‌ له‌ بیر کراوه‌، که‌ من لام وایه‌ رێگه‌یه‌کى زۆر باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفال و جینۆسایدى کورد به‌رینه‌ زۆربه‌ى کتێبخانه‌کانى دنیاوه‌ .

دواى سێ ده‌یه‌ زیاتر له‌ ئه‌نفال و جینۆسایدى گه‌لى کورد ئاخۆ زۆر دره‌نگ نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ناوه‌ندێکى تایبه‌ت به‌ کۆکردنه‌وه‌ى چیرۆکه‌کان و رێکخستنیان و تۆمار کردنیان و به‌ داستانکردنیان دروست بکرێت، یانى من به‌ ڕوونى مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ حکومه‌ت و ئه‌و ناوه‌نده‌ به‌ فه‌ڕمى خۆیان داوا له‌ ئه‌فرێنه‌ران و نوسه‌ران بکه‌ن چیرۆک و داستانه‌کان به‌ شێوازێکى هونه‌رى بنووسنه‌وه‌و ئه‌رکى ناوه‌نده‌که‌و حکومه‌تیش وه‌رگێڕان و گه‌یاندنى داستانه‌کان بێت به‌ دنیا، من پێشترو له‌ ساڵانى رابردووشدا هه‌مان پێشنیازم خستوه‌ته‌ به‌رده‌م ده‌سه‌ڵات و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار، لێ ئه‌وان زۆر گرنگیان به‌و بابه‌ته‌ نه‌داوه‌، هه‌ڵبه‌ت من له‌ هۆکارى ئه‌و گرنگیپێنه‌دانه‌ نه‌گه‌یشتوم .

حکومه‌ت و وه‌زاره‌تى شه‌هیدو ئه‌نفال و ناوه‌نده‌کانى سه‌ر به‌و وه‌زاره‌ته‌ ده‌توانن ئاسانکارى زۆربۆ بابه‌تێکى له‌و جۆره‌ بکه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ى من ئاگاداریش بم زۆر که‌س ئاماده‌ن خۆبه‌خشانه‌ هاوکارى پڕۆژه‌و بابه‌تى له‌و جۆره‌ بن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار