سەرکەوتنە کە هەبیت...

6 ساڵ لەمەوپێش



ئێدیت سوێدەرگران

وەرگێڕانی خەبات عارف

 

لە چی دەترسم من؟ بەشێکم من لەوەی کە کۆتایی نییە.

بەشێکم لە هێزە مەزنەکەی گەردوون و

دونیایەکی تەنیام لەنێو ملیۆنان دونیادا،

شائەستێرەیەکی نێو ئەستێران،

ئەوەی کە دوای هەموویان دەکوژێتەوە.

سەرکەوتنە کە بژیت و

سەرکەوتنە هەناسە بدەیت،

سەرکەوتن ئەوەیە کە هەبیت!

سەرکەوتنە هەست بکەیت کات سەهۆڵیین،

بەنێو دەمارەکانتدا بچۆڕێت،

گوێ بۆ ڕووباری بێدەنگی شەو هەڵخەیت و

لەژێر خۆردا لەسەر چیایەک بوەستیت.

من لەسەر خۆر دەڕۆم، لەسەر خۆر وەستاوم من و

بێ لە خۆر هیچ شتێکی تر ناناسم.

کات- تۆ ئەی ئەوەی دەگۆڕیت،

ئەی ئەوەی تێک دەدەیت،

کات- تۆ ئەی ئەوەی جادوو دەکەیت،

بڵێیت بە تەڵەکە نوێیەکانتەوە بێیت،

یا بە هەزاران فێڵەوە دێیت تۆ،

تا وەک تۆوێکی بچووک ژیانم پێ بدەیت؛

وەک مارێکی پەپکخواردوو و

وەک تاوێرێک لە نێوەڕاستی زەریادا؟

کات- ئەی بکوژ- واز بێنە لێم!

خۆر لێوانلێو سنگم پڕ لە هەنگوینی دڵڕفێن دەکات و

پێم دەڵێت: دەمێک دێت و گشت ئەستێران دەکوژێنەوە،

بەڵام ، بێ ترسن ئەوان و

هەمیشە دەدرەوشێنەوە.

(1916)

 

ئێدیت سوێدەرگران

Edith Södergran

1892-1923

نووسینی نێللی لایتینێن

 

ئێدیت سوێدەرگران؛ کچی ماتس سوێدەرگران و هێلێنا سوێدەرگران -کە پێشتر پاشناوی هۆڵمڕوس بووە، لە 4/4/1892، لە سان-پێتەرسبورگ، لە دایک بووە. لە نێوانی ساڵانی 1902 تا 1908 لە خوێندنگەی دۆیچە هاوپشولە-ی سانت پێتری خوێندویەتی. ئێدیت، ڕۆژگاری خوێندن، لە سان-پێتەرسبورگ ژیاوە و هاوینانی لە ڕایڤۆلای سەر باریکەی کارێل، کە لەوێ خێزانەکەیان ڤیلایەکی گەورەیان هەبووە و لە باووباپیرانەوە بە میرات بۆ دایکی مابووەوە، بە سەر بردووە.

شیعرەکانی نێو کۆمەڵەشیعری؛ دەفتەرە بەرگنایلۆنەکە، کە لەنێوان ساڵانی 1907-1909دا نووسراون و دوای مەرگی خۆی بڵاو کراونەتەوە، زۆربەیان بە ئەڵمانیایی، نووسراون. تەنیا یەک لە دەی شیعرەکانی ئەو سەردەمەی بە سوێدی نووسیون. لەگەڵ ئەوەیش زمانی شیعرنووسینی ئەو پاشان، دەبێت بە زمانی سوێدی.

ماتس سوێدەرگرانی باوکی ئێدیت، کە هێشتا ئێدیت خوێندکار بوو، تووشی نەخۆشیی سیلی سی بوو و لە 1907دا لە ڕایڤۆلا مرد.

ئێدیت سوێدەرگران خۆیشی، ساڵی 1908، لە تەمەنی 18 ساڵیدا، تووشی سیل بوو، هەر لەبەر ئەوەیش لە خوێندن دابڕا. لەنێوان ساڵانی 1909 تا ١٩١٤دا چەندین جار لە نەخۆشخانەکانی سیل لە نومێلا و لە داڤۆس-دۆرف لە سویسرا مایەوە. کە ساڵی 1914یش لە داڤۆس-دۆرفی سویسرا گەڕایەوە و خرایەوە نەخۆشخانەی نومێلا، دواتر نامەیەکی بۆ ئاگادارکردنەوەی دۆکتۆرەکەی نووسی و لەوێ ڕایکرد، بۆ ئەوەی هەرگیز بۆی نەگەڕێتەوە. ئێدیت ئەو ماوەی کە لە ژیان مابووی، نەیدەویست توخنی هیچ شوێنێک بکەوێتەوە کە تێیدا چاودێریی ئەو کەسانەی تێدا دەکرا کە تووشی نەخۆشیی سیل بووبوون.

ئێدیت سوێدەرگران ساڵی 1916 بە کۆمەڵەشیعری؛ شیعر، دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد و فریای بڵاوکردنەوەی سێ کۆمەڵەشیعری تر و کۆکراوەیەکی پەندەکانیشی کەوت.

دوای بەرپابوونی شۆڕشی ڕووسیا و گۆڕانی دەستەڵات لەوێ، ساڵی 1917، دایکی ئێدیت؛ هێلێنا سوێدەرگران، سەرلەبەری سامانی خۆی لە دەست دا، لەبەر ئەوەیش کە چیی تر نەیاندەتوانی لە ڤیلا گەورەکەدا، لە ڕایڤۆلا، بمێننەوە، ئەویشیان بە کرێ دا. دایک و کچ ئیتر، گواستیانەوە بۆ کۆختێکی ئاسایی نێو هەمان زەوی کە ڤیلاکەی تێدا دروستکرابوو. بژێوی ماڵی سوێدەرگران، بژێوییەکی زۆر هەژارانە بوو، بۆ هەموو ئەوانەیش کە ئەوسا لە باریکەی کارێل دەژیان هەروەها بوو. ڕۆژگاری ئەوسا، ڕۆژگارێک بوو پڕ لە پشێوی و بێخۆراکی.

دووەمین کۆمەڵەشیعری سوێدەرگران؛ چەنگەکەی خەرمانان، کە ساڵی 1918 بڵاو کرایەوە، تەواو لەژێر کاریگەریی ئەو سەردەمە پڕ لە پێشێوییەدا بوو کە تێیدا ژیا بوو. شیعرەکان بەتەواوی کاریگەریی ئەو خواستی جەنگین و بەرەنگاربوونەوەی ئەو سەردەمەیان پێوە دیارە بەڵام، کاریگەریی باوەڕێکی گەشکەهێن بە داهاتوو و توانستە تایبەتەکانی خودیش نەخشیان لەسەریان هەیە. چەنگەکەی خەرمانان، پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ نەکرا، تەنانەت تا ڕادەیەک دژایەتیی کرا و بووە مایەی ڕقهەستاندنیش. زۆر بوون ئەوانەی پێکەنینیان پێی دەهات و ئاشکرا گاڵتەیان پێی دەکرد و تەنانەت تاوانی ئەوەیش درایە پاڵ سوێدەرگران کە شیعرەکانی دەبن بە هۆی نەخۆشخستنی هەستەکان. یەک لەوانەی کە لەسەر سوێدەگران بە دەنگ هات و پاشان تا مردنی بوویش بە نزیکترین کەس لێیەوە، هاگار ئوڵسۆن بوو. بەڵام یاڵمار پرۆکۆپێ، ڕونار شیلدت، بێرتیل گریپنبێرگ، ئارڤید مۆرنە و زۆری تریش لە نووسەران لەڕێی نووسینێکەوە کە لە 23/1/1919دا بۆ ڕۆژنامەی هیوڤدستادسبلادێتیان نارد لەسەر سوێدەگران بە دەنگ هاتن. لە نامەکەیاندا هاتووە کە ''ئاشکرا و بێ دوودڵی خۆمان دەخەینە پاڵ ئەو کۆمەڵەشێتەی کە لە شیعرەکانی ئێدیت سوێدەرگراندا هەوڵ و کۆششێکی هونەرییانەی باڵا و پڕ لە خۆشەویستی دەبینن و لەنێو ئەو شیعرانەدا درەوشانەوەی جوانییەکی گەورە و تایبەتیان دۆزیوەتەوە...''

سوێدەرگران، بەر لە مردنی، زیاتر وەک مەلێکی لە دونیایەکی ترەوە هاتوو سەیری دەکرا. ئەو لە سان-پیتەرسبۆرگ پێوەندی لەگەڵ ئەدەبیاتێکی نوێ و ئەدەبیاتێک کە لەگەڵ ئەزموونگەراییدا خەریک بوو، پەیدا کردبوو. ئێکسپرێشونیستە ئەڵمانیایی و فوتوریستە ڕووسەکانی خوێندبووەوە و خوێندنەوە بە چەند زمانی جیاواز کاریگەریی لەسەری دانابوو؛ سوێدەرگران وەک چۆن زمانی ڕووسی و فینلاندی چاک دەزانی، ئاوها ئەڵمانیایی و سوێدی و فرەنسایی و ئیتالیایی و ئینگلیزیشی چاک دەزانی. دونیابینیی بەرفراوان و ئەدەبیی ئەو، پەیوەست لەگەڵ شێوازی نوێگەرایی ئەودا بۆ نووسینی شیعری ئازاد، سووک و ئاسان، وا هەست دەکرا کە بۆ سوێدی-فینلاندییە دابڕاوەکان لەو دونیابییە، ئەوسا، نامۆ بێت.

سوێدەرگران، دوای کۆمەڵەشیعری؛ قوربانیگەی گوڵڕەنگ، ساڵی 1919 و سێبەری داهاتوو، ساڵی 1920، خۆی خەریکی وەرگێڕانی شیعری فینلاندی-سوێدی بۆ ئەڵمانیایی کردبوو. ئامانجی ئەوە بوو ئەنتۆلۆگیایەکیان لێ بەرهەم بهێنێت، بەڵام بە تەواوکردنی پڕۆژەکەیدا نەگەیشت. تەنیا شتێک کە سوێدەرگران دوای ئەوە پێڕاگەیشت بە ئەنجامی بگەیەنێت، چەند شیعر و وتارێک و چەند وەرگێڕانێک بوون کە لە گۆڤاری ئولترادا، ساڵی 1922، بڵاو کرایەوە. سوێدەرگران، لە سێ ساڵانی دوایینی ژیانیدا، لەگەڵ پرسە ئایینی و ئەنترۆپۆسۆفییەکانیش خەریک بوو و گرنگیی پێ دەدان، بەتایبەت بیروبۆچوونەکانی ڕۆدۆڵف شتێینەر. دوایین زستانی ژیانیشی لەگەڵ خوێندنەوەی ئینجیلدا خەریک بوو. سوێدەرگران لە تەمەنی 31 ساڵیدا مرد.

تەواوی ئەو هەلومەرجانەی کە پەیوەست بە ژیانی ئێدیت سوێدەگرانەوە بوون، تا ڕادەیەکی بەرفراوان، نەخشیان لەسەر ئەو و بەرهەمەکانی داناوە. سەرباری ئەوەیش ئێمە، ڕاستییەکەی، کەمێک نەبێت لەبارەی ژیانی ئەوەوە نازانین. ئەو بۆ خۆی بەشێکی زۆر لە نووسراوەکانی خۆی سووتاند. ئەوە نەبێت کە لە سای هاگار ئوڵسۆن و ئێلمێر دیکتۆنیوس-ەوەیە، کە لەڕێی گۆڤاری ئولتراوە بوون بە دوو هاوڕێی نزیکی سوێدەگران، شتێک لە جێدەستی ئەو بۆ داهاتوومان ماوەتەوە.

سوێدەرگران وەک گرنگترین ناو و یەکێک کە لە هەمووان زووتر لەگەڵ نوێکردنەوەی شیعری سوێدی خەریک بوو چاوی لێ دەکرێت، بەڵام زرنگەی ئەو هەستە پڕ لە بەختەوەرییەی لە شیعری سیمبۆلی و سەرڕێژ لە دەربڕینەی لە شیعرەکانی ئەودا هەیە، ڕەگوڕیشەی بۆ ئەو نەریتە ئەدەبییانەیش دەگەڕێنەوە کە لە شیعری ڕۆمانتیکیدا هەبوون.

سەرچاوە: http://www.sls.fi/en/node/1570

 

سەرچاوەی شیعرەکە: کۆشیعری ئێدیت سوێدەرگران، ل161-162، ڕێکخستن و ئامادەکردن: گوننار تیدەستریۆم، پێشەکی: هاگار ئوڵسۆن. چاپ و بڵاوکردنەوە: ڤالستریۆم و ڤیندستراند.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار