«گەردووننامە»ی پێشەوا کاکەیی، دووەم کتێبی بڵاوکراوەکانی نووسیار بڵاوکرایەوە.

6 ساڵ لەمەوپێش



بڵاوکراوەکانی نووسیار لە یەکەمین دەرکەوتنیدا، لە زنجیرە کتێبی «خەرمانەی نووسیار» کتێبی «گەردووننامە»ی پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو دەکاتەوە.

ئەم بەرهەمە: لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ۲۰۱۸ نووسراون، پێک هاتووە لە ۱۰ شیعر، لە دووتوێی ١٠٨ لاپەڕەدا. کە کاری ڕێنووس و هەڵەچن: وشیار عەلی، بەرگ و نەخشەسازی ناوەوە: محەمەد زاری ئەنجامی داوە، هەروەها لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی چاپ کراوە.

       ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شاعیرە.

 کاکەیی لەم بارەوە دەڵێت: ئەم بەرهەمەم: لەمەڕ دونیای فیزیکی و میتافیزیکییەوەیە، لە لایەکەوە خۆدانەوەیە بەر حیکمەی بوون و لەلایەکی دیکەشەوە زمان چۆن دەڕوانێتە ئەو دوو دیوە، چۆن زمان دەخاتەوە نێو ماڵی بوون. ئەوەی من گەرەکمە بيكه‌م، ئه‌وه‌يه‌ هاوسەنگییەک بۆ وشە بگێڕمەوە و چیدی وشە لە خودێتیی مرۆڤدا قەتیس نەکرێتەوە. قووڵبوونەوە لە شەو، یان تەنیایيی چەکچەکیلەیەک، سەفەرکردن بە نێو جیهاندا یان چوونەنێو-جیهانه‌وه‌ بچووک نەکرێتەوە بۆ خودێتی(ـى من و تۆ و ئێمە بەڵکوو کارکردن بێت لەسەر شەو، گەردوون وەک ڕووبەری گشتی، ئەستێرە، یان هەرهەسارەیەکی دیكه‌، بگرە گەمەی مەیموون، ڕوانین لە گیاندار، جوانيی ڕووەک، ڕامان لە باڵندە و... تا دوایی. لە ڕووبەرێکی گشتیدا خۆی وەک خۆی بناسرێت و خۆی لە کایەی شیعریدا وەک خۆی بەشدار بێت، نەک ببنە کەرەستەیەکی شیعری بۆ خودێتیی شاعیر. هاوکات، گفتوگۆیەک لە نێوان «یاسین حوسێن و پێشەوا کاکەیی،» لەمەڕ «شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی» ئەنجام دراوە، کە شیعرە دەپاڵ گەردووننامەدا. هەروەها، «شەنیار جەلال» خوێندنەوەیەک بە نێوی: «ئەدەبی زانستییانە و زانستی ئەدەبییانە» بۆ کتێبەکەی نووسیوە.

 پێشەوا کاکەیی، خاوەنی چەند کتێبێکی شیعرییە، هەروەها خاوەن پڕۆژەی شیعرییە، بە نێوی: «شعرە/ڕێ» کە کارنامەکەی لە هەشت پڕۆژە پێک هاتووە، ئەوانیش:
۱- ئەفریقانامە، بە تامی شیعر.
۲- زەمیننامە، بە تامی شیعر.
۳- ئەمریکای باشوور، بە تامی شیعر.
٤- ئەمریکای باکوور، بە تامی شیعر.
٥- زەریا و بەستەڵەکی باشوور، بە تامی شیعر.
٦- ئۆقیانووسیا، بە تامی شیعر.
۷- ئاسیانامە، بە تامی شیعر.
۸- ئەورووپانامە، بە تامی شیعر.
        شاعیر، لە ساڵی ۲۰۱٦ەوە تاکوو ئێستا، چوار پڕۆژەی نووسیوە، ساڵی ۲۰۱۸، لە دوو کتێبدا بە چاپی گەیاندوون، بە نێوی: «ئەفریقانامە و زەمیننامە، بە تامی شیعر» و «ئەمریکانامە، بە تامی شیعر»

        پارچە شیعرێک لە کتێبەکەوە:

شەو لەوەتی چووەتە دونیای مۆدێرنەوە،
مانگ تووشی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە بووە؛
لە نەخۆشخانەی گەردووندا پاڵ کەوتووە و
یەک ئەستێرەش ناناسێتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار