چیرۆکی ته‌واونه‌کراو

6 ساڵ لەمەوپێش



سواره‌ نه‌جمه‌دین

 

-ئێواره‌ دایکم له‌ حه‌مام تۆی ده‌شۆرد، من ژووره‌که‌تم پاکرده‌وه‌، په‌‌ڕه‌یه‌کم له ‌ژێر مێزی نووسینه‌که‌تدا دۆزییەوه‌.

-ئه‌گه‌ر له‌ ژووره‌که‌ی خۆم بووبێت، لێم ون نه‌بووه‌.

- که‌وتبووه‌‌ شوێنێکی په‌نهانه‌وه‌، شوێنه‌که‌ی زۆر ناقۆڵا بوو، منیش به‌ ناڕه‌حه‌ت ده‌ستم پێی گه‌یشت، له‌ پشت ئه‌و ڕیزه‌ کتێبه‌وه‌ بوو که‌ له‌ ته‌نیشت قاچی مێزه‌که‌وه‌ هه‌ڵتچنیون، وا ده‌زانم لێت ون بووبێت، له‌سه‌ر مێزه‌که‌ دامنایه‌وه‌.

-ده‌ستخۆش.

-سوپاس بۆ ده‌ستخۆشیه‌که‌ت، به‌ڵام له‌ مێشکم ده‌رناچێت، له‌ ئێواره‌وه‌ چیرۆکه‌که‌ له‌ بیرما دێت و ده‌چێت، به‌ نیوه‌ناچڵی جێتهێشتووه‌، خۆزگه‌ ته‌واوت ده‌کرد.

-کام چیرۆکه‌یه‌؟ بیرم نایەت به‌م نزیکه‌ ده‌ستنووسی چیرۆکم لێ ون بووبێت؟

-نا به‌ ته‌پوتۆزه‌که‌ی سه‌ر په‌ڕه‌که‌ بێت، ده‌مێکه‌ که‌وتۆته‌‌ ئه‌و په‌نایه‌وه‌‌، چیرۆکی کابرایه‌کی فه‌رشچنه‌، وه‌ستایه‌کی کارامه‌ و ده‌ستڕه‌نگین، وه‌ستایه‌ک نه‌خشێک له‌ سه‌ریدایه‌ و ده‌یه‌وێت بیخاته‌ سه‌ر قاڵییه‌ک، چه‌ندەها جۆر خوری و به‌نی جیاواز به‌کار ده‌هێنێت، به‌ درێژایی ڕۆژ له‌ کارخانه‌که‌یدا بیر ده‌کاته‌وه‌ و ڕۆژی ڕیزێک یان دوو ڕیز ڕایه‌ڵ ده‌کات، ورده‌ ورده‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ ته‌واوکردنی قاڵییه‌که‌، لێ تا نزیکتر ده‌بێته‌وه‌ له‌ ته‌واوکردنی کاره‌که‌، بێهێز و ڕه‌نگزه‌ردتر ده‌بێت، له‌و په‌ڕەیه‌دا هێشتا قاڵییه‌که‌ی ته‌واو نه‌کردوه‌، په‌ڕه‌که‌ی تری لای خۆته‌، نازانم چی به‌سه‌ر دێت، وه‌ستای ده‌ستڕه‌نگین له‌ کۆتایی په‌ڕه‌که‌یدا هێزی ده‌ست و جوڵه‌ی به‌ ته‌واوی که‌م ده‌بێته‌وه‌.

-نازانم په‌ڕه‌که‌ی تریم له‌ کوێ داناوه‌، به‌ ته‌واوه‌تی بیرم نییه‌ چۆن کۆتاییم به‌و چیرۆکه‌ هێناوه‌، لێ ئه‌وه‌ ده‌زانم که‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی چیرۆکی پۆرترێته‌ هێلکه‌ییه‌که‌ی ئه‌دگار ئالان پۆدا ده‌مویست چیرۆکێکی هاوشێوه‌ بنووسم، وابزانم پێشتر چیرۆکی پشیله‌ ڕه‌شه‌که‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌م پێداویت بیخوێنیته‌وه ‌؟

-بریا نه‌مخوێندبایه‌ته‌وه‌، زۆر ترساندمی.

-چیرۆکی پۆرترێته‌ هێلکه‌ییه‌که به‌و ڕاده‌یه‌ ترسناک نییه‌‌، که‌مێک جیاوازه‌.

-هه‌ر باسی مردن و کوشتن ده‌کات؟

-وێنه‌کێشێک ژنه‌که‌ی وه‌ک مۆدێل داده‌نێت تا وێنه‌ی بکێشێت، چه‌ندان ڕۆژ لێبڕاوانه‌ داده‌نیشێت تا تابلۆکه‌‌ ته‌واو بکات، کاتێک تابلۆکه‌ ته‌واو ده‌بێت ژنه‌که‌ی مردووه‌، لێ ژنی ناو تابلۆکه‌ ڕووح چووه‌ به‌ به‌ریا

-که‌وایه‌ تۆش ده‌تویست وه‌ستاکه‌ بکوژیت کاتێک قاڵییه‌که‌ ته‌واو ده‌کات.

-نازانم، ڕه‌نگه‌ وام کردبێت، بیرم نه‌ماوه‌، ئه‌شێ هه‌ر ته‌واوم نه‌کردبێت.

-بۆچی بیرت نه‌ماوه‌، خۆ خۆت نووسیوته‌؟

-ڕه‌نگه‌ ته‌واوم نه‌کردبێت، ئێستا زۆرێک له‌ چیرۆکه‌کانم بۆ ته‌واو ناکرێت، حه‌وسه‌ڵه‌ی جارانم نه‌ماوه‌. که‌مێک په‌نجه‌ره‌که‌ بکه‌ره‌وه‌ هه‌ست به‌ گه‌رما ده‌که‌م.

-ده‌ره‌وه‌ هه‌وایه‌کی خۆشی هه‌یه‌.

-که‌وایه‌ با بچینه‌ به‌له‌کۆنه‌که‌، ده‌بێت له‌ناو ده‌رگاکه‌یدا که‌مێک تایه‌ی دواوه‌ی کورسییه‌که‌م به‌رز بکه‌یته‌وه‌، خۆم تایه‌ی پێشه‌وه‌م بۆ به‌رز ده‌بێته‌وه‌‌.

-ده‌زانم.

-ده‌زانم ئه‌وه‌ ده‌زانیت، به‌س ئه‌وه‌ نازانیت زۆر شه‌و دڵم نایەت که‌ستان خه‌به‌ر بکه‌مه‌وه‌ و حه‌زیش ده‌که‌م بچمه‌ به‌له‌کۆنه‌ و سه‌یری ده‌ره‌وه‌ بکه‌م ‌. زۆر شه‌و دره‌نگان له‌ په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ سه‌یری ده‌ره‌وه‌ ده‌که‌م.

-بیر له‌و چیرۆکانه‌ ده‌که‌یته‌وه‌ که‌ نه‌تنووسیون؟

-نا بیر له‌و چیرۆکانه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ نایانبینم.

-ئه‌گه‌ر نه‌یانبینی له‌ ژووره‌وه‌ بیت و له‌ به‌له‌کۆنه‌که‌ بیت هه‌مان شته‌.

-جیاوازن، سه‌یرکه‌ ئێمه‌ لێره‌وه‌ چه‌ند باڵه‌خانه‌مان لێوه‌ دیاره‌؟

-چوار، ئه‌وه‌ی ئه‌وسه‌ریش سوچه‌که‌ی دیاره‌، بڵێ پێنج.

-له‌و پێنج باڵه‌خانه‌یه‌وه‌ سه‌دان ژوور هه‌یه‌، زۆربه‌یان گڵۆپه‌کانیان کوژاندۆته‌وه‌، چه‌ندیان گلۆپه‌کانیان داگیرساوه‌؟

-بووه‌سته بیانژمێرم: پێنج، ئه‌وه‌ حه‌وت، ئه‌وه‌ی ئه‌وسه‌ریش، یانزه‌ ژوورم لێوه‌ دیاره‌.

-ئه‌وانه‌ ده‌بێت که‌سێک تیایاندا دانیشتبێت و به‌خه‌به‌ر بێت.

-ده‌ته‌وێ بڵێیت ئه‌وانه‌ هه‌ر یه‌که‌ و چیرۆکێکیان هه‌یه‌ و تۆ نایبینیت؟

-نا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، چه‌ند چیرۆکێک له‌ ژووره‌ تاریکه‌کاندا هه‌ن‌، چیرۆکی ژووره‌ ڕووناکه‌کان چیرۆکی ساده‌ و دووباره‌ن، ناکرێت له‌و سه‌دان ژووره‌ی گڵۆپه‌کانیان کوژاندۆته‌وه‌، هه‌موویان نووستبن، ڕه‌نگه‌ ده‌یان ژووری تیابێت به‌ئاگا بن.

-بۆ چیرۆکی ژووره‌ تاریکه‌کان ده‌گه‌ڕێیت؟

- چیرۆکه‌ نه‌نووسراوه‌کان له‌ ژووره‌ تاریکه‌کاندان، نا خه‌یاڵت بۆ شتی پڕوپووچ نه‌ڕوات، کچێکی جاحێڵ به‌ ته‌له‌فۆن ڕاز و نیاز بکات، یان پیاوێک دانیشتبێت به‌ دیار گۆرانییه‌کی خه‌مبار و ئه‌لبوومێک وێنه‌وه‌ بخواته‌وه‌، ئه‌وانه‌ چیرۆکی دووباره‌ و بێ ئه‌نجامن، چیرۆک ئه‌وه‌یه‌ به‌ ته‌نها له‌ ژوورێکدا دانیشتبیت و هیچ نه‌که‌ی. وابزانم ئه‌وه‌ ده‌نگی دایکته‌ خه‌به‌ری بۆته‌وه‌ .

-دایکه‌ لێره‌ین، له‌ به‌له‌کۆنه‌که‌.

-بڕۆ به‌ ده‌میەوه‌، ئێستا ده‌یکات به‌ هه‌را و دڵی داده‌خورپێت.

***

-باوکم خه‌وی لێ نه‌ده‌که‌وت، بردمه‌ به‌لۆکه‌نه‌که‌، که‌مێک هه‌وا هه‌ڵه‌مژین و ده‌چین ده‌نووین، وه‌ره‌ که‌مێک دانیشه‌ لامان.

-ئه‌وه‌ دووی شه‌وه‌‌، دانیشتنی چی! تۆ بڕۆ بنوو خۆم باوکت ده‌به‌مه‌وه‌ سه‌ر جێگەکه‌ی.

-نا لێمگه‌ڕێ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌تانه‌وێ بڕۆن، خۆم هه‌رچۆنێک بێت دێمه‌وه‌ ژووره‌وه‌.

-منیش جارێ نانووم، له‌گه‌ڵ باوکمدا باسی ئه‌و ژووره‌ تاریکانه‌ ده‌که‌ین. تۆ بڕۆ با خه‌وت نه‌زڕێ

-من چاوم هه‌ڵنایەت، ئێوه‌ش تازه‌ که‌وتونه‌ته‌ هه‌وای شیعره‌وه‌. من ده‌ڕۆم، که‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌ بیرت نه‌چێت کاره‌بای بۆیله‌ره‌که‌ بکوژێنەره‌وه ‌.

-بڕۆ خه‌مت نه‌بێت.

-دایکت ئه‌و قسانه‌ی پێ خۆش نییه‌، بیست ساڵه‌ گوێ له‌ وڕێنه‌کانی من ده‌گرێت، تا بێزار بوو، ناهه‌قی نییه‌، بیست و پێنج ساڵه‌ ده‌مه‌وێت چیرۆکێک بنووسم، چیرۆکێک کارا‌کته‌ره‌که‌ی وه‌ک ژنی ناو تابلۆی پۆرترێته‌ هێلکه‌ییه‌که‌ی پۆ هه‌ستێته‌ سه‌رپێ و بڕوات، له‌ناو په‌ڕه‌کانه‌وه‌ بێته‌ ناو ژووره‌که‌م و له‌وێوه‌ ده‌رگای شوقه‌که‌ بکاته‌وه‌ و بڕواته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و وه‌کو هاوڵاتیان بگه‌ڕێت‌.

-ئاخر وه‌ک وێنه‌کێشه‌که‌ بێت، ده‌بێت یه‌کێک له‌ بری ئه‌و بمرێت!

-نا وه‌ک ئه‌و نا، چیرۆکنووس زیاتر له‌وه‌ی کارا‌کته‌ر بکوژێت دروستی ده‌کات، که‌سی ناو چیرۆکه‌کان ڕۆحیان ده‌کرێت به‌ به‌ردا، ئێمه‌ له‌ نه‌بوونه‌وه‌ که‌سێک ده‌هێنینه‌ بوون.

-به‌س خۆت جارێک پێت وتم، هیچ شتێک له‌ نه‌بوونه‌وه‌ نایەته‌ بوون، هه‌موو شتێک سه‌رچاوه‌یه‌کی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر گه‌ردێکیش بێت. خۆت وتت چیرۆکه‌کانیش وان.

-بیرم نییه‌ که‌ی وام پێ وتوویت. نازانم بۆ ئه‌وه‌م وتووه‌.

-ڕۆژێکی زستان بوو، به‌فرێکی چڕ ده‌باری، ئه‌و کاته‌ هێشتا له‌ ناوه‌ندی بووم، له‌گه‌ڵ خۆت بردمت بۆ پێشانگای په‌یکه‌ر‌سازێک، ده‌یان په‌یکه‌ر‌ی بچوکی دروستکردبوو، یه‌کێک کەله‌سه‌ر و یه‌کێک ته‌نها ده‌ستێک، یه‌کێک باڵی کۆترێک له‌ پشیله‌یەک ڕووابوو، دانه‌یه‌کی تر له‌ کورسییه‌که‌وه‌ بزمار هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌موویانم بیر نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌ سوچه‌که‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، له‌و شوێنه‌ی له‌ هۆڵه‌که ده‌چووینه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ردێکی ناڕێک دانرابوو، به‌ردێک له‌ جۆری قایه‌ سپییه‌کان، هیچ هونه‌رێکی تیا نه‌بوو، ته‌نها به‌ردێکی ئاسایی و هیچی تر، به‌وه‌ ده‌چوو له‌ دیوارێکی ده‌رهێنابێت و ڕاسته‌وخۆ هێنابێتی له‌وێ داینابێت. تۆ به‌دیارییه‌وه‌ دۆشدامابوویت، به‌س تۆ سه‌یری ئه‌و به‌رده‌ت ده‌کرد، ئه‌وانه‌ی تر له‌ په‌یکەره‌کان ورد ده‌بوونه‌وه‌، تۆش له‌ سووچی هۆڵه‌که‌دا به‌دیار به‌ردێکی ئاساییه‌وه‌ تاسابوویت و هیچت نه‌ده‌وت، بیرمه‌ بانگی په‌یکه‌رتاشه‌که‌ت کرد و که‌مێک قسه‌تان کرد، هیچ له‌ قسه‌کانتان تێنه‌گه‌یشتم، ئه‌وه‌ نه‌بێت، هونه‌رمه‌نده‌که‌ سه‌رسامی پێوه‌ دیاربوو، هه‌ستم کرد له‌به‌رده‌م باوکێکی زۆر بلیمه‌تدام، شانازیم پێوه‌ ده‌کردی .

-ئێستا بیرم که‌وته‌وه‌، به‌س ئه‌وه‌ی خاوه‌نی زیره‌کییه‌که‌ بوو، باوکت نه‌بوو، هونه‌رمه‌نده‌که‌ بوو. هونه‌رمه‌نده‌که‌ هه‌موو په‌یکه‌ره‌کانی له‌ به‌رد داتاشیبوو، ئه‌و به‌رده‌ی دانابوو، تاکو بینه‌ر خۆی بۆ په‌یکه‌ره‌که‌ بگه‌ڕێت، خۆی له‌ زه‌ینی خۆیدا شێوه‌ی جیاوازی لێ دروست بکات.

-به‌ڵام زیره‌کی تۆشی تیابوو، بیرمه‌ هونه‌رمه‌نده‌که‌ له‌ناو هه‌موو ئه‌وانه‌ی بۆ پێشانگاکه‌ هاتبوون، ده‌ستی خسته‌ سه‌ر شانت و وێنه‌یه‌کیشتان پێکه‌وه‌ گرت.

-ئاخر ئه‌وه‌م بیره‌، ئێستا بیرمکه‌وته‌وه‌ بۆ وتوومه‌ هیچ شتێک له‌ نه‌بوونه‌وه‌ نایەته‌ بوون، هه‌ر ده‌بێ سه‌رچاوه‌یه‌کی هه‌بێت، لێ سه‌رچاوه‌ی چیرۆک خه‌یاڵه‌، خه‌یاڵێک خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینم بیگوێزمه‌وه‌ بۆ ڕاستی و به‌رجه‌سته‌ی بکه‌م

-باوکه‌ وابزانم شه‌و دره‌نگی کردووه‌، پێویست به‌وه‌ ده‌کات که‌مێک پشوو بده‌ی، ده‌تبەمه‌ سه‌ر جێگەکه‌ت .

-نا بمبه‌ره‌وه‌ لای مێزه‌که‌م، خۆم دوایی ده‌توانم بچمه‌وه‌ سه‌ر جێگەکه‌، ته‌نها له‌ ده‌رگای بالکۆنه‌که‌ بمکه‌ره‌ ژووره‌وه‌، بیریشت نه‌چێت هه‌وڵبده‌ کورسییه‌کی باشترم بۆ په‌یدا بکه‌ی.

-ناته‌وێت میزت پێ بکه‌م، ئینجا بتبه‌مه‌ سه‌ر جێگەکه‌ت.

-نا ده‌مه‌وێت بچمه‌ لای مێزه‌که‌م.

-ده‌ته‌وێت چیرۆکێک بنووسی؟

-ده‌مه‌وێ قسه‌کانی ئه‌م شه‌ومان بنووسمه‌وه‌.

-ده‌یکه‌یت به‌ چیرۆک؟

-نازانم ده‌بێت به‌ چی.

-ئه‌گه‌ر توانیت چیرۆکی کابرای فه‌رشچن ته‌واو بکه‌.

-نا جارێ با گفتوگۆکه‌مان بنووسمه‌وه‌.

-مه‌یکه‌ به‌ چیرۆک، نه‌ک وه‌ک ژنی کابرای وێنه‌کێش یه‌کێکمان بمرین.

-ئه‌وه‌ی ده‌بێت بمرێت له‌م چیرۆکه‌دا، یان منم یان تۆیت یان دایکت، ئه‌گه‌ر من بووم له‌سه‌ر مێزه‌که‌م ده‌ستنووسه‌که‌ت بۆ داده‌نێم.

-ئه‌گه‌ر منیش بووم..

-نا قسه‌که‌ت ته‌واو مه‌که‌، منیش ئه‌و کات چیرۆکه‌که‌ ته‌واو ناکه‌م،‌ چۆن ده‌هێڵم تۆ بیت .

 

تێبینی: ئە‌م چیرۆکه‌ له‌ بیست و دووهه‌مین ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژ په‌راوێزه‌کانی لابرابوو، که‌ به‌شێکی دانه‌بڕاوی چیرۆکه‌که‌یه‌ بۆیه‌ لێره‌دا به‌ ته‌واوه‌تی بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌.

په‌راوێزه‌کان:

[1] - من ده‌مویست ئه‌و جیاوازییه‌ پیشانی كچه‌كه‌م بده‌م، پۆ له‌ چیرۆكی پشیله‌ ره‌شه‌كه‌دا ژنه‌كه‌ی به‌ ده‌ستی خۆی ده‌كوژێت، به‌ڵام له‌ پۆرترێته‌ هێلكه‌ییه‌كه‌دا له‌ ڕێگەی دۆناودۆنه‌وه‌، ڕۆحی ژنه‌كه‌ی ده‌كاته‌ ناو جه‌سته‌ی ژنی دووهه‌مییه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ستم كرد، كچه‌كه‌م هێشتا ئاماده‌ی ئه‌وه‌ی تیا نییه‌ مێشكی به‌ دۆناودۆن و مه‌سه‌له‌ ڕۆحییه‌كانه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكه‌م. ناوبه ناو چیرۆكی یان ڕۆمانی ده‌ده‌مێ بیخوێنێته‌وه‌، ئه‌و هێشتا قۆناغی یه‌كه‌می زانكۆیه‌، زۆر مێشكی به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ سه‌رقاڵ ناكه‌م، ده‌مه‌وێ ببێته‌ پارێزه‌رێكی وریا، نه‌ وه‌ك من و نه‌ وه‌ك دایكی.

-2هه‌ست ده‌كه‌م خه‌ریكه‌ كچه‌كه‌شم لێم بێزار ده‌بێت، ئه‌وه‌ پێنج ساڵه‌ پیره‌ پیاوێكی په‌كه‌وته‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن، باوكێك ئه‌بوو ببێت به‌ چه‌تر بۆ كچه‌كه‌ی، كه‌چی ئه‌و بووه‌ به‌ به‌رده‌ستم، زۆر نیگه‌رانم، زۆر جار ئاوات به‌ مه‌رگ ده‌خوازم، لێ بوێری ئه‌وه‌م نییه‌ ڕۆژێك له‌ بالكۆنه‌كه‌وه‌ خۆم بخه‌مه‌ خواره‌وه‌. پێنج ساڵه‌ ژنه‌كه‌م و كچه‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌م كورسییه‌ ده‌مهێنن و ده‌مبه‌ن.

3- بیست ساڵ پێش ئێستا دایكی كچه‌كه‌مم ناسی، ئه‌و له‌ ڕێگه‌ی كتێبه‌وه‌ ئاشقی من بوو، وای ده‌زانی دنیای ناو كتێبه‌كان ئه‌و به‌هه‌شته‌یه‌ بۆی ده‌گه‌ڕێت، وای ده‌زانی ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ پیاوێكی كتێبنووسی كتێبخوێندا بكات، به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت، ساڵ دوای ساڵ له‌ كتێبه‌كان دووركه‌وته‌وه‌، تاكو گه‌یشت به‌وه‌ی تاقه‌تی گوێگرتنیشی نه‌ما، له‌ عاشقێكی سه‌رسه‌ختی كتێبه‌وه‌ بوو به‌ دوژمنێكی دڵره‌ق، له‌و بروایه‌دام ڕۆژێك هه‌ق له‌ كتێبه‌كان بكاته‌وه‌، ڕۆژێك ڕه‌نگه‌ هه‌مووی پێكه‌وه‌ بسوتێنێت، ئه‌و كتێب به‌ سه‌رچاوه‌ی دوره‌په‌رێزیمان ده‌زانێت، لای وایه‌ من ئه‌وه‌نده‌ی دڵم لای كتێبه‌كانه،‌ نیو ئه‌وه‌نده‌ دڵم لای ئه‌و نییه‌. چه‌ند جار ئه‌وه‌ی پێ وتووم، له‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ چیرۆكه‌كانم بۆ ئه‌و ده‌خوێنده‌وه‌، ورده‌ ورده‌ ئه‌و وه‌ڕس بوو، ئێستا له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌م خه‌ریكم، ده‌زانم ئه‌ویش ڕۆژێك ده‌زانێت به‌هۆی كتێبه‌كانه‌وه‌ چ‌ غه‌درێكم لێ كردووه‌ و چ باوكێكی خراپ بووم. 

4- كه‌مێك قسه‌ی تریشی كرد، له‌وانه‌ی هه‌میشه‌ ده‌یڵێت، لێ ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ی گفتوگۆكه‌م نووسیوه‌ته‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ باسی چیرۆكه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.

5- له‌وێدا ده‌مویست به‌ كچه‌كه‌م بڵێم ڕۆژانێك دایكیشت شانازی پێوه‌ ده‌كردم، قسه‌كه‌م گه‌ڕانده‌وه‌.

6- لێره‌دا كچه‌كه‌م وای ده‌زانی وڕێنه‌ ده‌كه‌م، هه‌رچی جارێك باسی خه‌یاڵیان بۆ ده‌كه‌م، وا ده‌زانن وه‌ك قاچه‌كانم عه‌قڵیشم له‌ده‌ست داوه‌.

7- ڕه‌نگه‌ كچه‌كه‌م له‌ ترساندا خه‌وی لێ نه‌كه‌وێت، یان ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ر جێگەكه‌ی به‌ گوێی دایكیدا چرپاندبێت، باوكم وا عه‌قڵیشی له‌ده‌ست ده‌دات.  وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌واڵێكی چاوه‌ڕوانكراوی پێ بدات، زۆر حه‌زم ده‌كرد ئه‌وه‌ بێت له‌ بری ترسه‌كه‌.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار