مروڤ بەبێ شکستیش هەرنیگەرانە
چەند سەرنجێک لە بارەى کتێبى شیعرى ( وشەکانیش بریندارن )ى گۆران ڕەئوفەوە
6 ساڵ لەمەوپێش
سروشت نةوزاد
لە دەستپێکى ئەم نووسینەدا، دەبێت دان بەوەدابنێم کە کردەى نووسین لە بارەى شیعرەوە، بە بەراورد بەژانرەکانى دیکەى ئەدەب، کردەیەکى سەخت و دژوارە. هەڵبەت ئەم قسەیە لەنێو کەلتورێکى ڕەخنەیى ئاسایى و باودا، کەخاوەنى زەمینەیەکى مێژویی و زانستى وتیۆرى نییە، هیچ سەنگ و قورساییەکى نییە. هەرئەوەشى کەتائێستاش ڕەخنەى ئەدەبى کوردى، هێشتاش قۆناغى پیاهەڵدان و ڕەتکردنەوەى ناڕەخنەییانەى تێنەپەڕاندووە، بێشک پەیوەندى بەو کەلتوورو قۆناغەوە هەیە، کە ڕەخنەى ئەدەبى ئێمەى تێدادەژى، کە کە لتورێکە لە ژینگەیەکى گەلێک داخراوو هەژارو تەنگەبەردا ڕێدەکات.
هەربۆیە ڕەخنەى ئەدەبى ئێمە بەشێکى زۆرى بۆتە قسەى ئاسایى و بازاڕى و کەمترین جارلەسەر ئەو هێڵە نەریتییە لادەدات، کە لە دەرەوەى بەرهەم و دەقە ئەدەبیەکان، بگەڕێتەوە نێو جیهانبینى و تایبەتمەندى نێو دەقەکان وفۆکسى خۆى لەنێو شێواز و پێکهاتەى فۆڕمى و زمانى و تەکنیکى ژانرە ئەدەبیەکان جێگیربکات .جیهانبینى ڕەخنەییى ئێمە دەربارەى ژانرە ئەدەبیەکان بەگشتى و شیعر بەتایبەتى، جیهانبینییەکى کورت و کەم مەودایە و لەدەرەوەى پێکهاتەوتایبەتمەندییەکانى دەقدا ئیشدەکات.
شیعر بەوپێیەى زیاتر لەهەر ژانرێکى دیکەى ئەدەب سەروکارى لەگەڵ زماندایە، زمانیش ئەوچەمکەیە وەک ئەوەى هایدیگەربە (ماڵى بوون)ى دادەنیت.واتە زمان ئەوجێگەیەیە،کەمرۆڤ دەتوانێت زات و بوونى خۆى تێدا بدۆزێتەوەو بەهۆیەوە تەعبیر لەبوون و خۆشى و ئازارو مەینەتیەکانى بکات.مرۆڤ لەزماندا دەژى و بوونى ئێمە وەک زمان وایەوقەت ناتوانین شوێنێک کەزمانى تێدا نەبێت، شتەکان هەڵسەنگینین. واتە ئەوەى ماهیەت و بوون و شوناس دەبەخشێت بەمرۆڤ زمانەو سنوورى مرۆڤ تا ئەو شوێنەیە کە زمان پێی دەبەخشێت. کەواتە زمان لاى هایدیگەر ئەو چەمکە ئاڵۆزەیە کەلەخۆیدا، هەموو حەقیقەتى بوون هەڵدەگرێت.
دیارە شیعریش پێش هەرشتێک،دیاردەیەکى زمانەوانییەو بەکارهێنانى زمان لاى شاعیر،بەکارهێنانێکى جیاوازتر لەزمانى باوو ئاساییە،بەکارهێنانێکە پڕە لە لادان و میتافۆڕو تێکشکاندنى دەستورو یاسا ڕێزمانییەکان.
بۆیە پێکهاتەى زمانى شیعرى، پێکهاتەیەکى ئاڵۆزەو یەکەم ڕوبەڕوبوونەوەى شیعرلەگەڵ زماندایە. وەک ئەوەى شکلۆڤسکى پێى وابوو کە نامۆیی و سەمەرەیى زمانى شاعیرانە، هەرشیعرێک دەکاتە بوونەوەرێکى تەنیا،وە بۆ ئەم مەبەستەش شێوازە زمانییەکان زۆر بەکەڵکى شاعیر دێن.شیعربەرلەهەرشتیک، یارییە لەگەڵ زمان. داهێنانى شاعیران لەو وێنانەدا نییە کەدروستیان دەکەن، بەڵکو لەوزمانەدایە کەبەکارى دێنن. شیعرەکانى شاعیران بەپێى شێوەى دەربڕین، شێوازى ڕستەیى و بەکارهێنانى تایبەتى زمان لێک جیادەکرێنەوە. گۆڕانى وێنەسازى لەکامڵبوونى شیعردا گرنگ نییە، خاڵى گرنگ لەشیعردا، گۆڕان لەبەکارهێنانى زمانە. پاوڵ سیلانى شاعیریش لەجیگەیەکدا، پشتگیرى لەوەها بۆچونێک دەکات:(شیعرنووسین واتە ڕۆشتن لەسەر سەر) واتە شیعرنووسین، پێچەوانەکردنەوەى دەرکەوتنەباوەکانى شتەکانە لەڕێگەى زمانەوە.
کتێبى شیعرى (وشەکانیش بریندارن)ى گۆران ڕەئوف، جیالەوەى کەلەڕووى زمانى شیعرییەوە، کەمترین پرۆسەى یاریکردن بەزمان و تێکشکاندنى کۆت وڕێسا واتاییەکانى زمانى باو و لادانیان تێدابەرجەستەیە، هاوکات یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکیەکانى پێکهاتەى شیعرى شیعرەکانى ئەو، خەسڵەتى فۆڕمى و زمانییە.جیاکارى فۆرمى و زمانى شیعرەکان، پرۆسەى ئاشناى و ناسیاوى شیعرى لەزەینى وەرگر(خوێنەر)دا دروست دەکات.واتە ئەو حاڵەتەى کەلەگەڵ خوێندەوەى شیعرەکانى گۆراندا، ئاشنایەتییەکى تایبەت بەوشیعرانە لە زەیندا دروست دەبێت. ئەوەش پەیوەندى بەو بەکارهێنانە زمانییەوە هەیە کە گۆران لە شیعرەکانیدا کارى لەسەر کردوون، کە بریتین لەهەڵبژاردنى شێوازى تایبەت لەبەکارهێنانى وشەو هەڵبژاردنى جۆرى ڕستەو دەربڕینەکان و ڕیتم و شیعریەت و فەزاسازى..
شیعرەکان بەگشتى پێکدێن لە کۆمەڵە ئیشێکى جیاوازلەڕووى فۆڕم و تەکنیکەوە. لە ئاستى گشتى فۆڕم و تەکنیکدا، هەرشیعرێک ئەوى دیکە تەواو ناکات، ئەوەش پەیوەندى بە پێکهاتەى خودى و کەسایەتى وسایکۆلۆژیاى نێوشیعرەکانەوە هەیە،کەپەرت و پارچەپارچەن و هیچ خودێکیان ئەوى دیکە ناناسێتەوە. بۆیە پێکهاتەى دەرەکى ئەم کتێبە، یەک ئاڕاستەى نییە و هەڵگرى فۆڕمى جیاواز جیاوازن. بەڵام لە ئاستى گشتى بەکاربردنى زماندا، شیعرەکان کەمتر دەکەونە نێو پرۆسەى نامۆکردنى زمانەوە. واتە شیعرەکان کەمتر هەڵگرى زمان و خەیاڵێکى کۆت شکێن و هەڵگەراوەن.
لەمەشدا زیانى گەورە بەردروستکردنى وێنە شیعریەکان کەوتوون. دیارە تەقاندنەوەى زمان کە جۆرێکە لەسەنعەتکارى، یەکەم سودى بەر وینە شیعریەکان و مۆسیقاو بونیادى فۆڕمە شیعریەکان دەکەوێت. وێنە شیعریەکانى نێو دەقەکان لەزۆرجێگادا، وێنەى ئاسایى و کۆنکرێتین، چونکە زمان نەتەقینراوەتەوە و وشەکان کۆنکرێتى و ڕێکن، هەربۆیە بونیادى فۆڕمى شیعرەکان لەهەندێک دەقدا، بونیادێکى یاخییانە نییەو تەکنیک و فۆڕمەکان بزۆک و پەرش و بڵاونین.
زمانى شیعرى لاى گۆران،هێندە بەدواى گەیاندنى بیرۆکەو دەربڕینى پەیام و بیرۆکەکانەوەیە، هێندە بەدواى چۆنیەتى فۆڕمى گەیاندنەکەوە نییە.فۆڕمى شیعریەتى شیعرەکان،یان فۆڕمى ناوەکى شیعرەکان، جێگیرەولە چەقدا وەستاوە وسەنتەرى گرتووە. شیعریەت سازیش لەچەقدایەو یەک ئاڕاستەیەو چەقیوە. هەموو ئەمانە، بۆجۆرى بەکاربردنى زمانێکى ڕامکراوو کۆنکریتى دەگەڕێتەوە لەنێو پێکهاتەى دەقەکاندا..
لەئاستى گشتى دونیابینى و پێکهاتەى ناوەڕۆکى نێو دەقەکاندا، دەقەکان بەگشتى غەمگین و تەریکن. سەربەوژینگەیەن کە زەوییان نییەو سنوور ناناسن. خودى نێو شیعرەکان، خودێکى پەرت و نائارامە، خودێکە بەنێو دێڕەکاندا دەگەڕێت، بریندارەو لەنێو وشەکاندا خوێنى لەبەردەڕوات.
ناونیشانى کتێبەکە بیرى گشتى ناوەڕۆکى شیعرەکانى نێو کتێبەکەى تێدا چڕبۆتەوە.واتە ناونیشانەکە دەرهاویشتەى نەستیى کۆى جیهانبینى و فەزاى شیعرى نێوشیعرەکانە. خودى پارچە پارچەو پەرتى نێوشیعرەکان، لەوشەکانیشدا نائارام و بریندارن.
شیعرى (سەدەى قوپاندن) هەڵگرى تێمایەکەلەبارەى ئێش و ئازارو دەردەسەریەکانى ژیانەوە. شیعرەکە بەگشتى گوزارشتکەرى ژیانى دونیاى مۆدێرنە. درزوکەلێن و نەخۆشى وئازارو مەینەتى ژیانى نێو کەپیتاڵیزم وێناکراوە و پارچەپارچەبوون و کەرتبوونى کەسایەتى و مرۆڤ و مرۆڤبوون چەقى بابەتى نێوشیعرەکەن :
ئەم سەدەیە
چى پێبوو بۆ من
جگە لە بێدەنگکردنم و
هەڵگرتنى وەسوەسەکانم
بۆکۆتایی دنیا
ئەم سەدەیە
هەستدەکەم لێرەوەیە کۆتایى ژیان
لێرەوەیە مردنى چاخى زێڕینى زەوى
ئەم دەقە مانیڤێستى نائومێدییە، هەڵچوون و دەربازبوون هیچ مومکین و ئەگەرێکى نییە. جگە لە بێدەنگبوون و هەڵگرتنى وەسوەسەکانمان بۆکۆتایی دونیا. ئەم دەقە غەریب و غەمگین دەدوێت و پۆشاکى گۆشەگیرى و دژایەتیکردنى جیهانى نوێى پۆشیوە. ئەو ئارامییەى کەهەمووان لەباوەشیان گرتووەو ژیانى نوێى تیدادەژى، لە دیدگاى ئەم دەقەوە، ئارامییەکى ساختەو ڕوکەش و لەرزۆکە. دونیاى مۆدێرن بەرهەمهێنەرى ئەو فەزاو واقیعە بۆش و فشەڵەیە،کەهەست و ژیرى جیهانى مرۆڤ و مرۆڤبوونى بەنج کردووە.
جیاوازى من لەگەڵ دەوروبەردا ئەوەیە
ناتوانم گوێنەدەم
بەم هەموو تڕۆهاتە
من بەردەوام هەستدەکەم
هیندەى ژمارەى ئەستێرەکان
غەریبم بەم سەدەیە"
وردەکارى زمان و تەکنیک لەدەقى (بەژیان بڵێن: بائیترسڵاو نەکات)ڕیتمێکى مۆسیقى غەمگینى دروستکردووە، ئاوێتەى هەمان ئەوفەزا غەمگینە پڕلە یادەوەرییە دەبێت، کەوەک تەمێک بەسەر کۆى دەقەکەدا نیشتووە. ترس و گومان و شکست لەبۆتەى تەکنیکێکى ئاڵۆزو پەرشدا،تێماى سەرەکى دەقەکەن.
ئەم دەقە هەڵگرى تێمایەکى قوڵ و فەلسەفییە لەبارەى ژیان و بوون و تراژیدیاى بوونى مرۆڤدا. خوێنەر لەگەڵ ئەم دەقەدا، دەگەڕێتەوە سەرجەوهەرى ڕاستەقینەى بوونى خۆیی و لەگەڵ تراژیدیاى بوونى خۆیدا ڕوبەڕوو دەبێتەوە. دیارە تراژیدیا مەبەست لەو خەسلەتەجەوهەرییەى بوونە، کە بەدرێژایی ژیان لەگەڵ گومان و ئێش و ئازارەکاندا ڕێدەکات.
هەربۆیە کەشێکى دەرونى نائارام باڵى بەسەر فەزای گشتى دەقەکەدا کێشاوە. کەشێکە تژى لەترس و گومان و شکست..
کێشەى من ئەوەیە
بەردەوام لەژیان ترساوم
ڕەنگە بەتەنیا ئەم دێڕە نەبێتە بابەت
بەڵام گرفتەکە لێرەدایە
هەمیشە پشتەوەى دێڕەکان
بابەتى ڕاستەقینە بوون
وەک چۆن
ژیان سڵاوى لەمن نەکرد
شیعرەکانى گۆران، لەفەزاو ژینگەیەکى تەنگ و ژەهراویدا دەژین. نامۆبوون و نائومێدى شوناسى شیعرى ئەون. هەمیشە پرسى بێهودەیی و ئەزموونى مایەپووچى، وەک موفرەدەیەکى کاڵ و هەندیک جار زەق، لەپاڵ پرسگەلى دیکەدا، لەنیو شیعرى گۆراندا ئامادەن. بەشێک لەو نامۆبوون و تەنیاکەوتنەش، زادەى بچڕانى پەیوەندى ئەون بەدیاردە سروشتیەکانى بوونەوە.
واقیع وەک دیاردەیەکى سروشتى و تێکنەدراو، گریمانەیەکى بۆش و بەتاڵە. دەرون و سایکۆلۆژیاى پەرت و هەڵوەشاوەى نێو شیعرەکان، گوزارشتکەرى ئەوواقیعە زبرەن، کە هەناوى بوونیان تەنیوەو ژیان و دەرکەوتە نوێیەکانى مۆدێرنەش، تابێت زیاترمرۆڤ لە خۆیى و دەورووبەرو سروشتى خۆى دادەبڕن و ڕۆح و دەرونى مرۆڤ بەرەو کەرتبوون و داخوران دەبەن:
پرسارێک لەناخمدا گینگڵدەدات
هەموو لۆژیکەکان دێنێتە لەرزە
ژیانکردن لەپێناوى چیدا
وەڵامى ئەم پرسیارە عەجولەم
هەرئەمەیە کەزیندووم و
چاوەڕێم مەرگ بێتە پەیڤین
دانیشتن لەگەڵ ئازیزەکاندا
بۆماوەیەکى درێژ
کەچى هەربێدەنگین و
تاقەتمان نییە
سەیرى چاوەکانى یەکتربکەین
ئەمەیە
بەرهەمى مرۆڤى نوێ
شۆڕشى پیشەسازى و دەرکەوتە تەکنەلۆژیا نوێیەکانى،لەڕووى ژیانەوە،دۆخێکى تازەى کۆمەڵایەتى بۆمرۆڤەکان خوڵقاند. تیایدا هەست بە ئامێربوون و داماڵینى خۆیان بکەن لەهەموو خەسڵەتێکى ڕۆحى و دەرونى،لەدەرئەنجامى کارکردنى بەردەوام و سەرقاڵبوون بەلایەنى مادى ژیانەوە، ئیدى مرۆڤ وەک بوونەوەرێکى لاواز و گۆشەگیرو بێ ئیرادە دەردەکەوێت کەهەستدەکات تەنیا وەک ئامێرێک لەژیاندا بوونى هەیە. مرۆڤ لەم فەزا تازەیەى ژیاندا،دەرفەتى گەڕانەوە بۆنێو خۆی و خەون و خولیاکانى لەکیس دەچێت.غەریبى و دابڕان دەبێتە ڕەهەندێکى کوشندەى ڕۆحى و سەوداو بەریەککەوتنە کۆمەڵایەتیەکانى مرۆڤ،ڕەهەندێکى ڕووکەش و کاڵ و درۆزنانە وەردەگرێت. لەنێو ڕۆحى مۆدێرنێتەدا ڕۆحى ژیاندۆستى هەرەسدێنێت و هەمووان لەیەک جۆر پۆشاک و خەون و خولیاى کاتى و تیژتێپەڕدا دەژین. :
زەمەنى خۆم چى تێدایە
جگە لە نائومێدییەکى کرچوکاڵ؟
لێرەدا ئینسانەکان
هەموویان لەیەک دەچن
هەمووان پێکەوە یاخین
هەمووان پێکەوە وەڕسن
وادەزانم ئیدى
کارى شاعیرەکان تەواو بووە
ئەى مەگەر شاعیرەکان
لەهەوڵى یاخیبووندانین؟
بۆ دەربازبوون و خۆ قوتارکردن لەو نامۆبوون و تەنیایى و نائومێدیانە، شاعیر پەنا دەباتە بەر نۆستالۆژیاو گەڕانەوە بۆ نێو یادەوەرییەکانى منداڵى و خۆزگەى گەڕانەوە بەرەو جیهانى پاکى منداڵى و یادەوەرییەکانى دەخوازیت. بەڵام ئایا فریادڕەسى شکست و ئازارو بێهودەییەکانى ژیان لەنێو کامە وەهمدان؟ بێگومان جیهان قەدەرێکى تاڵى نوشوستییەو شیعریش لاى گۆران جگە لە وەهمێک بۆهەڵهاتن شتێکى دیکە نییە (بۆنى تەڕبوونى خاک یانى چى؟ تێدەگەم : مرۆڤ بەردەوام لە ژیان هەڵدێت(
مرۆڤ مەحکومە بە مانەوەو ئازارە لەبن نەهاتوەکانى ژیان، چارەنووسە تاڵەکانى مرۆڤن..
من ڕقم لە ئازادى دەرەوەى
ژیانەکەى جارانە
من دەمەوێت
لە ژیانەکەى جارانەوە
دووبارە بژیمەوە
من دەمەویت
لە پەنجەرەیەکى ژیانەکەى جارانەوە
ژیان ببینم
سەرنج : ناونیشانى بابەتە کە دێرەشیعرێکى نێو دیوانەکەیە.