مانگی شین و مانگی سپی
6 ساڵ لەمەوپێش
خۆم: شێرزاد هەینی ستۆکهۆلم
ئەو: رووخۆش مستەفا
خۆم: حەزدەکەیت بەیەکەوە شتێ بنووسین؟
ئەو: نازانم چ بڵێم! نازانم دەترسم زۆر لەیەک جیاواز بنوسین.
خۆم: نووسین ئارەزوومەندایە!
ئەو: بەڵێ وایە
خۆم: لەبەر چۆلەکە نەبێت، دەڵێم با بەفر نەتوێتەوە!
ئەو: جوانە!
خۆم: وەڵامم بدەوە
ئەو: باشە. منداڵەکە بەو سەرمایە نازانێت، لەسەر ئەم شەقامە دڵڕەقە، دەستی تەزیووی چ لێ بکات، من چۆن بەفرم خۆش بوێت!
خۆم: دڵی سووتاوی عیشق خۆرێکی گەرمە! دەستیش، بۆ گەمە گەرم دەکاتەوە، منداڵ و پیرەکانیش ئەوە دەکەن!
ئەو: عاشقەکان، دنیایان خەیاڵاوییە، "چەتر"ێکیان بۆ پێکەوەبوون دەوێت.
خۆم: چەتر، هەڵمەدە با قژت وەک رووبار و کانیش تەڕ بێت!
ئەو: بای بێ مروەتی، پەرێشانی کردووم، زەفەری بە دڵیشم بردووە.
خۆم: کلیلی دڵت کۆپی مەکە، مەیدە دەست کەس، نەوەک ونی بکات و زۆلێک بیدۆزێتەوە!
ئەو: دڵ، بە دەست یارەوە کەیلە، پێویست بە قوفڵ ناکات.
خۆم: بۆیە بەرۆژیش لەسەر ئاسۆس تروسکایەک دەبینم، دڵی تۆیە سەما دەکات!
ئەو: دڵم دڵ نییە، هێندە غەمگینە وەک رۆژ دەسووتێت.
خۆم: ئەوە خەم نییە، پەریشانییە، دەیسووتێنێت.
ئەو: گوتیان وەک خۆر بسوتێ، تا هەستت پێ بکەن، کەچی بۆم دەرکەوت درۆ بوو درۆ. رستەی سەر دیواری کۆڵانەکان بوون، کەسیش بەبەزەییش ئاوڕی لێ نەدامەوە.
خۆم: هەموو درۆکان بەو رستانە هەڵواسراوە، با وشک ببنەوە و بفڕن!
ئەو: مەل، کە باڵی شکا ئیدی باڵناگرێتەوە.
خۆم: وەرە لەسەر "سەرە سپی"یەکەم، هێڵانەیەکت بۆ دەکەم!
ئەو: تۆ تاجی زێڕینیت، من دەتخەمە سەرسەرم، سەری خۆم.
خۆم: دەترسم، ببمە پاشایەکی زاڵم! شوێن و ناوی ترت نییە؟
ئەو: من وەک مەلێکی بێ لانەم لە ناونیشانی من مەترسە.
خۆم: دەست لە گەردەنت بدە، بزانە هەر ئێستا زەنجیری ناونیشانێکت لە مل نەکرا!؟
ئەو: من لەگەڵ هەستم جەنجاڵ بووم، خۆمم بیرچوبووەوە... نازانم لەکوێدابەجێماوم؟
خۆم: منیش بۆیە پەرۆش لێت دەگەڕێم!
ئەو: دیارە، تۆش دەزانی تەنیایی بخوێنیتەوە؟
خۆم: ئەوە تەنیایی نییە دوو کەسن، یەکێکیان بەدزییەوە سەیرت دەکات.
ئەو: حەزم لە وشەی دزی نییە، ئەو منداڵەم بیردەکەوێتەوە بەدزییەوە لە نانەوایەک دەڕوانێت، تا جەستەی گەرمی سەموونێک ببینێت.
خۆم: سەموونەکە بۆ من نابێت، من ورد ورد کونجییەکەی سەری هەڵدەگرم، ئەوەی بەر زمانم دەکەوێت!
ئەو: ناکرێت لەجیاتی ئەوە، بۆ خۆت لە گوڵێک رامینێت.
خۆم: من باسی شەو دەکەم.
ئەو: زۆرجار شەویش دەستی ساردە، کزکز دەسووتێت.
خۆم: دەزانم بۆیە پرسیارم کرد!
ئەو: زۆری نەماوە بۆ سپێدە. ئیتر تۆش پێ دەخەینە رۆژێکی تر، سپێدە.
خۆم: بەیانی ملپێچێکی سوور دەبەستم، هەموو دەزانن بۆ ئیمڕۆ من زۆر چالاکم!
ئەو: کەواتە، تۆ رۆژ، بیری شەو دێنیتەوە.
خۆم: ببوورە ئەگەر بێزاربوویت، قسە بکە.
ئەو: هههه، نانا تۆ ببورە گەر جوانم نەنووسیبێت.
خۆم: ئاسمان هەر جوانە، ئەدی ئاسمان نییە خودا و بەفری میوانە.
ئەو: ئەی گیان... تۆ ئازیزیت.
خۆم: ئەدی ئاسمان نییە، هەردووکمان دادەپۆشێت، کەس ناماندۆزێتەوە.
ئەو: ئەوە چییە، ئەوە شیعرە، یان هەر گفتوگۆیە؟
خۆم: شیعر خۆی گفتوگۆیە.
ئەو: وایە
خۆم: هەر چەند قسە بکەین، کەس لە زمانی چۆلەکە تێناگات، چاویش بەژنی سپی نابینێت!
ئەو: باڵام بەرزنیە، مەسرەفم هەر هێندەی چۆلەکەیەکە.
خۆم: من بەس سوخمەیەکت بە ریحان بۆ دەکەم.
ئەو: من لە دەرەوەم بۆ گوڵ دەڕوانم ، پێویستم بەبەرگ نییە.
خۆم: منیش ئەوەم دەوێ.
ئەو: ئاسمانم کردووە بە سێبەرم، ئەستێرەکان بە کراسی بەرم، لە رۆژ ناترسم، کراسەکەم گوڵ گوڵینە.
خۆم: گوڵ دەبێ گوڵزار بپۆشێت، ئەگەرنا چیتر بەفر لەو دەڤەرە نابارێت.
ئەو: بەفر دەستی تەزیووی منداڵانی بێ باوکم بیردێنێتەوە.
خۆم: دەرزێک بکەوە بێمە ژوورەوە.
ئەو: تەنیایی ماڵێک نییە بەش بکرێت.
خۆم: ئەگەر هاتم؟
ئەو: هیچم نییە لەگەڵ تۆ بەشی بکەم، تەنیا پاشماوەی سیگارەکانی دایکمم لایە!
خۆم: دووبارە دایدەگیرسێنینەوە، دووکەڵێک بەرپادەکەین، کەس نامانبینێت.
ئەو: من ئاسمانم کردووە بە سێبەرم، لێرەم هەموویان دەمبینن.
خۆم: میوەیەک هەیە بیخۆم!
ئەو: حەرامزادە نییم.
خۆم: حەواش حەرامی خوارد.
ئەو: من هەر لە وەچەی ئادەم نیم.
خۆم: دەزانم بۆیە ناوێرم هیچ بڵێم!
ئەو: بێ دەنگی جوانترە.
خۆم: بیکاسۆش بێدەنگ ژنی زۆر بە جوانی نەخشاند!
ئەو: هەمیشە مردووەکان گەورە دەکرێن.
خۆم: ناتوانم چیتر بێدەنگ بم، تۆ ئاسمان و دەریای.
ئەو: دەریام، بەڵام هیچ کەسم نەخنکاندووە، ئاسمانێکی بێ دەنگم لە گوناهی مرۆڤەکان دەڕوانم و سەرم سوڕدەمێنێت!
خۆم: سەیری پەنجەکانم بکە، بێجگە لە قەڵەم هیچیان نەگرتووە!
ئەو: لەو رۆژە دەترسم بێجگە لە عەسایەک هیچی ترم نەبێت.
خۆم: ئاخر ئاوایە، بۆیە پیری نائومێدم دەکات.