ڕۆژەکانم بە ڕیمۆت کۆنتڕۆڵ دەگۆڕم

6 ساڵ لەمەوپێش



گۆران ڕەسووڵ

برین مێژووی ئێمەیە

وەک کانییە  کی تازە تەقیوو

خوێنی ڕە 􀘡شی لەبەر دەڕوات،

زەمەن لێ ناگەڕێ قەتماغە بگرێ

هەرجارە و بە مارکەیە  کی جیاوازی چەقۆ

هەڵی دەکۆڵێتەوە.

 

من برینناسم

دەزانم جەستەم

چەند گوللەی بەرکەوتووە

دڵم وەک توورەکەی بزمار

کون کون...

دەستم ناچێتە تیری ژەهراویی چەقیوو لەجەستەی بوونم

خەیاڵم خەسێندراو و ئارەزووم دەست بەسەر،

بلوتوس و وایفای

بوون و گێڕانەوەمیان بەیەک بەستووەتەوە.

 

بوونم پێویستی بەوە هەیە

لەسەر تەختەی «کات »

برینە لەبنەهاتووەکانی بۆ نمایش بکرێت!

 

حەشیش،

هێواش هێوش کۆشکی بوونم دادەڕمێنێت

کحول چووەتە ناوخوێنمەوە

چۆن دەربارەی جوانیی بدوێم

کە بوونم سەرتاپا درۆی ناو مارکێتەکان بێت.

ویستم مانیفێستی ڕەشبینیی بنووسمەوە،

کەچی بینیم

ئاسۆی بوونم خۆی یەک پارچەدووکەڵە!

 

دووکەڵ ڕوانینی لێڵ کردووم!

ڕەنگەکان

بێدەسەڵاتانە لەبەردەم دووکەڵدا خۆیان ڕووت دەکەنەوە،

پەلکەزێڕێنەکان خۆڵەمێشیین،

دووكەڵی جەنگەکان

دووکەڵی کارگەکان

وەک برینی تەقیووی بوونم

نیگاری ڕۆژە ڕەشەکانم دەکێشن.

 

گەر درۆزان بام دەمگوت داهاتوو ڕۆشنە

بەڵام ئەوەتا ژیان و بوون خۆیان بلیتی دۆڕاوی یانسیبێکن،

هەمووتان

دەستان خستووەتە نووسینەوەی فێڵی جوانکردنی ڕۆژەکانتان

بەڵام...

ئەم ڕۆژانە «خوێ »ن بۆ برینی من!

 

نازانم چەند دەبێت

کە خۆر بەر جەستەم نەکەوتووە

ئەم باڵەخانە هەوربڕە لەعنەتییانە

سەربانی ماڵەکەشیان لێ کردووم بە ژێرزەمین.

 

گرێگۆر سامسا نییم

بەڵام جەستەم قورس و شەکەتە،

ئاگام لێیە کە هەموو بەیانییەک

چەندان دوگمەی نوێ لەجەستەم دەڕوێن،

 

پێمخۆشە بە تەنیا

لە ژوورە پەرتوبڵاوەکەمەوە

چێژ لە تاڵییەتی کوپێک قاوە وەرگرم،

بچمە ناو کتێبەکانەوە و

یەخەی یەک بەیەک لە کارەکتەرەکان بگرم،

بەڵام

باشتر دەبوو کە بمتوانیبا

لەگەڵ خواردنی لەقوتوونراوی ناو مارکێتەکان و

مرۆڤی لەقوتوونراوی ناو شارەکان و

ژیانی لەقوتوونراوی ناو شاشەکان نەژیابام!

 

ئەم بوونە ساختە لەقوتوونراوە

تەنیاییم دەداتە بەر چەقۆ

هەزار و یەک ماسک دەخاتە سەر برینەکانم،

خوێنم وەک بارانێکی ناوەختی ڕاگوزەر نمایش دەکات.

 

سمارت-فۆنەکان

خەیاڵم دەخەسێنن.

کامێراکان

جوانییم لا ئاڵۆز دەکەن،

ناچارییانە ڕۆژەکانم بە ڕیمۆت-کۆنتڕۆڵ دەگۆڕم.

 

ببمە سامساش

کەس برینی جەستەی پڕ وایەرم نابینێت

شانی شکاو و

سەری وایفایی و

قاچی ئەلیکترۆنییم،

کەس سەرسام ناکا

کەس ناترسێنێت!

 

ئەمجارە ناڵێم من مرۆڤی ئەم سەدەیە نییم

بەڵام

من شەش سەدە زیاتر لە خۆم ژیام، مردم.

 

بۆ ئەم ڕۆژە تازانە

دەبم بە گرێگۆر سامسا،

لەبری سێو

هەر ڕۆژەی ئەپلیکەیشنی تازە

بەر پشتم، بەر سەرم دەکەوێت.

 

حەزم دەکرد

بەدوای کۆلارەی بیرکردنەوەکانم ڕۆیشتبام،

بەڵام

سێلفی-ستیک کوێرانە پەتی خستۆتە ملی کاتەکانمەوە.

 

لە نێوان ئەم بوون و نەبوونانەدا

ئێستا برینەکانم ئەلیکترۆنیین

ڕۆژانە بە خوێنی ناو وایەرەکان

بارگاوییان دەکەمەوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار