"گەشتێک بەناو رۆمانی هەنار و فریشتەی مردن" دا

عەتا محەمەد وەک جادوگەریک

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارام حەمە

 

گەربمانەوێت پێناسەی ئەدەبیاتی پۆست مۆدێرن بکەین تا ڕادەیەک کارێکی دژوارە،چونکە ئەدەبیاتەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک تایبەتمەندی دیاری کراوی  دوای جەنگی جیهانی دووەم  post world war literature II  کە ئەوانیش (پارادۆکس، جیاوازی، فرە دەنگی، ڕێژەیی، ڕووبەڕووبوونەوەی واتای جێگر، فۆرمی کراوە ، دەقئاوێزان(.

 یەکەمین کەس کە زاراوەکەی بەکار هێنا (ئیهاب حەسەن) کە بیرمەند و ڕەخنەگرێکی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک میسری بوو هەر ئەو لە ساڵی ١٩٧١ کتێبێکی نوسی بە ناوی (تقگیع أوصال أورفیوس: نحو أدب ما بعد حداپی) هەر دوای ئەوە کتێبێکی دیکەی بە ناوی (منعگف ما بعد الحداپه‌) نوسی ئەم دەلالەتەش واتە چەمانەوەی پاش مۆدێرنەتە و ئاماژەکانی دوای مۆدێرنەتە ئەمەش بە مانای دانانی ناوبڕ نە بوو لە نێوانیان بەڵکە ئەو کاریگەری و ڕوداوانە بوون کە بوونە هۆی گۆڕینی ڕێچکە یاخود ڕێگای مۆدێرنەتە بۆ پۆست مۆدێرن بۆ ئەم ناونیشانەش گەڕایەوە بۆ بەکارهێنانی زاراوەیەکی ئەفسانەیی گریکی کە ئەیش ئۆرفیوس بوو.

  بەو پێیە ڕۆمانەکەی عەتا محەمەد ڕۆمانێکی پۆستمۆدێرنە چونکە هەموو تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانی پۆست مۆدێرنی تێدایە،بە بڕوای من بۆ نوسینی ڕۆمان پێویست بەوە ناکات سەرەتا ‌قاڵب بۆ کارەکە دابنێیت،ئەم سەردەمەی ئێمەی تێدا دەژین سەردەمی پۆست مۆدێرنە و هەموو لێکەوتەکان خۆیان لەگەڵ چیرۆکی نوێ دەگونجێنن و دواتر خۆیان قاڵب وەردەگرن.

وابەستە بوونی ڕۆمانی پۆست مۆدێرن لەسەر بنەچەی دژوار دەکرێت،دەشێت ئێمە ڕۆمانێک بنوسین تاڕادەیەک کلاسیک بێت بەڵام چێژ بدات بە خوێنەرەکەی چونکە ئەرکی ئەدەب لەسەرەتادا بەخشینی چێژە پاشان دونیابینی و زانیاری و تەکنیک کە ئەوەش بۆ خوێنەری پلە باڵا دەبێت. بە مانایەکی تر ئێمەی کورد درەنگ بە دنیای ڕۆمان ئاشنا بووین و دواتر لەگەڵ جیهانگیریدا هەر زوو بە ڕووی ڕۆمانی پۆست مۆدێرندا کراینەوە چونکە ڕۆمانی پۆست مۆدێرن لێکەوتی لەگەڵ دونیای نوێدا هەیە بۆ ئەمەش بەختیار عەلی سەرمەشق بوو.

هەر سەرەتا کە تەماشای بەرگی کتێبەکەی عەتا محمەد دەکەین ناونیشانەکەی بۆخۆی پەلکێشمان دەکات ئەمەش بە یەکەمین کلیلی چونە ناوەوەی دەقی نوێ دادەنرێت کە گومان و پرسیار لەلای خوێنەرەکەی دروست دەکات،نوسەریش لێرەدا ناونیشانێکی دژوار بەکار دەهێنێت کە هەم ڕیاڵە هەم ئەندێشە و خوێنەر دەخاتە بەردەم پرسیارکردن .

گەرچی ئەدەبیاتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ڕادەیەک بە جیهان نەناسێنراون بەڵام شەمسی لەنگرودی شاعیر و ڕەخنەگر و نوسەری دیاری ئێران پێی وایە " کلتوری باوی ئێمە بە گۆچان دەڕوات و توانای خولقاندنی شاکاری جیهانی نیە" من پێچەوانەی ئەو پێموایە کە ئەدەبیاتی فارس و عەرەب و کورد و تورکێش لە پلەیەکی باڵادان، سادقی هیدایەت نوسەرێکی جیهانی بوو هەروەها ڕۆمانی چاوەکانی بوزورگ عەلەوی شاکارێکی ئەدەبیاتی فارسە و هیچی لە تێکستی گەلانی ڕۆژئاوا کەمتر نیە.

ئەدەبیاتی کوردیش بەختیار عەلی و عەتا محەمەد و چەند نوسری دیکە لە پلەی باڵادان و گەر زمانەکەمان لۆکاڵی نەدەبوو ئەوا شاکاری جوانمان هەیە.واتە باڵا دەستی زمان دەتوانێت کلیلی سەرکەوتنی نەتەوەش بێت یەکەمین ڕۆمانی پۆست مۆدێرن (تریسترام شندی) ی لارن ستێرن، بە زمانی ئیسپانی نوسراوە و ئەدەبیاتی ئیسپانی زمانەکەیانی دەوڵەمەند کردووە.

عەتا محەمەد بەوردی دەست دەخاتە ناو برینەکانمانەوە و باسی زۆر چەمک و گوزارە دەکات ، هەڵاتن لە ڕۆژهەڵات بۆ بە‌هەشتی رۆژئاوا بەڵام هەر لە ڕۆژهەڵاتە،واتە مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی هیچ کات ناتوانێت ببێتە ڕۆژئاوایی کلتور و سیاسەت و ئاین کارێکیان پێکردووە کۆت و بەندیان کردووە و سایکۆلۆژیایان شیواندووە،مرۆڤی پەنابەر دەربەدەر و لانەوازە و دوو جیهان رەتی دەکەنەوە.

عەتا محەمەد لەم رۆمانەدا دەمانخاتە بەردەم چەندین پرسیار و ڕەخنە و پەرش و بڵاومان دەکات ئەو وەک هەمیشە،چەندین دەرگامان بەڕودا دەکاتەوە و وامان لێ دەکات کە حەپەساو و لە نێوان چەندین ڕێگادا دۆشدابمێنین،وەک تونی بابا دەرگا گەلی زۆری هەیە و بە ئاسانی ناتوانین پەی بەو دەقە ببەین.

ڕۆمان نابێت سەرقاڵی گێڕانەوەی پەتی و ڕوت بێت.دەبێت پڕ بێت لە کۆد و شیفرەی نەزانرا و نە کراوە دەبێت لە کۆی تێکستەکەدا ماناو دەلالەتی نا ڕون لەخۆی بگرێت.ڕۆلان بارت پێی وایە کە دەق گڵۆڵە بەنێکی ئاڵۆسکاوە و خوێنەر دەبیت بە دوای سەرەداوەکەیدا بگەڕێت تا شیبکاتەوە و ئاڵۆسکاوییەکەی نەهێڵێت تا گڵۆڵە بەنەکە دەکاتەوە دواتر بەر کۆمەڵێک مانای شاراوە دەکەویت.

دەقی باش و سەرکەوتوو دەبێت تا ڕادەیەک ئاڵۆز بێت و خوێنەر عەوداڵی خۆی بکات تا پەڕە پەڕە بە دوای وەڵامی پرسیارەکاندا بکەوێت.درێژ دادڕی لە نوسیندا زەرە لە دەق دەدات و بێ پێزی دەکات و خوێنەر ماندو و وەڕس دەکات،ئێستا لە ئەدەبییاتی ڕۆژ ئاوادا هەوڵ بۆ نوسینی کورت و پارەگرافی کورت دەدرێت کە پێی دەوترێت شەپۆلی فەڕەنسی وەک ڕۆمانەکانی ماکسینێس فێرمین بۆ نمونە بەفر کە بەشەکان کورت و چڕن و بوار بە خوێنەر دەدات بەشدار بێت لە بونیاد نانی دەقدا واتە نوسەر بە ورد و درشتی و وەسفی زیادە خوێنەر ماندو ناکات و خوانێکی ئامادەکراوی پێشکەش ناکات بەڵکو کەرەستەکانی دەداتێ تا خۆی لەو کەرەستانە دەق بونیاد بنێت ئەمەش تایبەتمەندی ڕۆمانی یان تێکسیتی پۆست مۆدێرنە یان ڕۆمانی دژە رۆمانە.

خاڵێکی تری گرنگ دروست کردنی کەسایەتیە ئەویش نابێت کەسایەتی ڕێک و ڕاستی بەرجەستە بێت بەڵکو دەبێت فیگۆری پڕ تەمو مژ و شاز و شێواو بێت تا خوێنەر بە خۆی سەرسام بکات.

بەو مانایە نا کەسایەتی ئەفسانەیی و لە ڕادە بەدەر خارق بێت بەڵکو دەبێ هەم ڕیاڵ و هەم ئەفسونگەر بێت، پێیەکی لە خەیاڵ و پێیەکەی تری لە دونیای ڕیاڵدا بێت.

ئیهاب حەسەن ی لێکۆڵەری ئەدەبی پۆست مۆدێرن پێی وایە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تێکسیتی پۆست مۆدێرن دژایەتی کردنی ئەخلاقە. ئەم گوزارەیە بە مانای بڵاوکردنەوەی بەد ڕەوشتی نایەت واتای دژایەتی کردنی سیستەمێکی چەپێنەرە کە دەبێتە بەربەست لە بەردەم تاکەکان و دژایەتی کردنی خونەریتی کۆمەڵایەتی باوە.

واتە بونیاد نانی کەسایەتی دژەباو.

ئەم شەپۆلە لە نوسین لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بەرپا بوو بە دروستی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابرد.ئیتالێۆ کالڤینۆ و جاک درێدا و میلان کۆندێرا و ئۆرهان پاموک و هارۆکی مۆراکامی و سەلمان ڕوشدی ....هتد لە نمونەی ئەو نوسەرە دیارانەن کە بە تایبەتمەندییەکانی پۆست مۆدێرن دەنوسن.

هاوکات ئەدەبییاتی ئەندێشەی زانستی بەو پێیەی کار لەسەر دوو جیهانی ئەندێشەیی و واقیعی دەکات دەچێتە خانەی پۆست مۆدێرنە وە.

لە بەشی یەکەمی ڕۆمانی هەنار و فریشتەی مردنی عەتا دا، گێڕەرەوەی هەمووشتزانمان هەیە کە ئاگاداری کۆی چیرۆکەکانی ناو ڕۆمانەکەیە و هەموو کەسایەتییەکان لەژێر ڕکێفی ئەودان،نوسەر لە ڕێگای ئەو رۆمانەوە کە چەندین چیرۆکی لەخۆ گرتووە وەک پەلو پۆی درەخت گەڵاڵەی کردووە دەیەوێت باسی ئازارەکانی مرۆڤی پەنابەرمان بۆ بکات،کە لەم سالانەی دوایدا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستەوە بە لێشاو بەنابەر لە ترسی مەرگ و کوشتن و دەسدرێژی سێکسی ملی ڕێگایان گرت بەرە بۆ ئەو بەهەشتەی پێی دەڵین ڕۆژئاوا.

"پەناهندە هیچ نیە جگە لە چیرۆکێکی وێڵ بوو" سەربەست بە خۆی ووت"ئەوەی جیهان دەگۆڕێت پەنابەرە نەوەک زانست" هەر لەسەرەتاوە نوسەر لە رووی سایکۆلۆژییەوە مرۆڤی پەنابەر شیکار دەکات کە چی مرۆڤ گەلێکی شیواو و پەرتەوازەیە،ئەو دەیەوێت بڵیت کە مرۆڤی پەنابەر خاوەنی دوو یادەوەرییە یەکەم لە منداڵی تا سەردەمی پەنابەری و دووەم لە سەردەمی پەنابەرییەوە دەست پێدەکات.ئەو پێی وایە پەنابەر هیچ ڕەگێک لە رۆژئاوا داناکوتێت چونکە رەگی پەنابەر زێدی خۆیەتی.

لەلاپەڕەی ١٦ وە پلۆت دەست پیدەکات و گرییەک لەلای خوینەر بەجێ دەهێڵێت کاتێک سەربەست کە فیگۆری سەرەکی ڕۆمانەکەیە لە وڵاتی سویدەوە دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی بۆ سۆراخی ڕێباز ناوێک تا بەشێک لە چیرۆکیکی لێ وەربگرێتەوە کە لەسەردەمی شۆڕشدا ڕۆیداوە.سەربەست گفتوگۆ لەگەل هەناردا دەکات کە فیگۆرێکی دیکەی سەرەکی رۆمانەکەیە و بە ڕێکەوتێکی سەیر سەربەست دەناسیت  چونکە هەنار بە دوای چیرۆکی مردووەکانی ئەم شارەدا وێڵە و دەیەوێت لیستیکیان بۆ دروست بکات.

لێرەدا شیوەیەک لە فیلمی (Death Note) دەبین کە کەسایەتی سەرەکی ئەو فیلمە کوڕیکە و بە ڕێکەوت یاداشتی مردنی دەکەوێتە دەست و خودای مەرگ یاخود فریستەی مەرگ بە ناوی Ryuk  هەموو جارێک دێتە لای هەڵگری کتێبەکە، کوڕێکە و پێی دەڵێت ناوی هەر کەس لەسەر ئەو یاداشتە بنوسیت ئەوا ئەو کەسە دەمریت و قەدەر و ئەجەلی دیت،هەڵبەت چیرۆکەکەی عەتا محەمەد بە شێوازێکی ترە بەڵام لێکچونیک لە نێوان ئەو فیلمە و فریشتەی مردنی ناو ڕۆمانەکەی نوسەردا هەیە.

فیگۆری سەربەست زۆر نزیکە لە خودی نوسەر یاخود دەتوانین بڵێن هەر نوسەر خۆیەتی.

هەنار بە سەربەست دەڵێت "تۆ نەخۆشی گیڕانەوەت هەیە" ل١٧ لیرەدە دەزانین کە خودی سەربەست عەتا محەمەدە بەلام لە بەرگێکی تردا.

لە گۆشەنیگای سەربەستەوە تێدەگەین کە گەلی ئێمە چی گەلێکی ژێردەستە و کۆیلەن و ئەوان خەونی گەورەیان نەبووە چونکە میتۆدی خەونەکان هەڵە بوون "ئەگەرچی ئێمە چیرۆکی مەزنمان نەبوو" ل١٨ .

سەربەست بە فلاش باک دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان و بەر چەندین چیرۆکی گەورە و بچوک دەکەوین هەر لە هەمان لاپەڕەی پێشودا بەر چیرۆکی کیژێکی ئەفریقایی دەکەوین کە چۆن لە لایەن گروپە چەکدارەکەنەوە دەسدرێژی دەکرێتە سەری و لە پارەگرافێکدا دۆخی شلۆقی ئەسیوپیا و دیکتاتۆر و بێبایەخی مرۆڤ و چەتەیی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیمان بۆ دەردەکەوێت.

تەکنیک و بونیاد (Structure) ی گێرانەوە لەم ڕۆمانەدا زۆر بەرزە و یەکێک لەو بونیادانە سندوقی چینی یە واتە سندو‌ق لە ناو سندوق لە گەورە بۆ بچوک، چیرۆک لە ناو چیرۆک شۆڕدەبێتەوە، لە میانی گێڕەرەوەی هەمووشتزانەوە وە بەر چیرۆکی نەتەوەکانی تر دەکەوین تا لە گۆزەرانی خراپی ئەوانیش شارەزا ببین و بزانین کە هەر نەتەوەی ئێمە نیە کێشەن لەسەر ئەم هەسارەیە،نوسەر بە وریاییەوە چیرۆکەکان لە بارێکی بینای تێهەڵکێشدا بە پلۆت دەبەستێتەوە بەیەکەوە. بونیادی گێڕانەوە یەکێەکە لەو نەخشەسازییانەی چۆن ئەندازیارێک نەخشە بۆ بینایەک دەکێشت و دەبێت بە پێی نەخشەکە بیناکە دروست بکرێت ڕۆماننوسیش بەو شێوەیەیە گێڕانەوە و ڕوداوەکان بینا دەکات.

زاراوەی بونیاد سەرەتا لە ساڵی ١٩٢٩ بەکارهات بەڵام زانای زمانەوانی فێردیناند دیسۆسێر بە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە دادەنرێت.

ئەوەی ڕۆمان لە حیکایەت جیادەکاتەوە بوونی plot گەڵاڵە یە.

لێرەدا نامەوێ بە دورو درێژی باسی بونیاد structure ی ڕۆمان بکەم و ئەو باسە دورو درێژە بەڵام بۆ بەرچاو ڕوونی چوار شێوازی باوی بونیادی ڕۆمان هەیە:

١- بونیادی شوێنکەوتە ”هێڵی گێڕانەوەی ڕاست” کە روداوەکان بە شێوازی هێلی کاتی کڕۆنۆلۆجی دەڕوات و لە خاڵی یەک بۆ خاڵی دوو سێ و هتد دەڕوات و ئەم شێوازە بە شێوازی کلاسیک ناودەبرێت و لە سەردەستی دانیاڵ دیفۆ و ١٦٦٠-١٧٣١ز ساموێل ڕیچارد سۆن ١٦٨٩-١٧٦١ و هێنری فیڵدینگ ١٧٠٧-١٧٥٤ گەشەی سەند و ئاسۆیەکی نوێی بە هونەری گێڕانەوەی ڕۆمان بەخشی.

٢-بونیادی تێهەڵکێش: تێکەڵکردنی چیرۆکێک لە ناو چیرۆکێکی تردا یاخود زیاد لە چیرۆکێک لە چوارچێوەی ڕۆمانێکدا بەبێ گوێدانە زنجیرەی کات و لێرەدا زنجیرەی کات تێکدەشکێنرێت،ئەم شێوازەش لە ڕۆمانی هاوچەرخدا بەرجەستە بووە،لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە کارەکانی ڕۆماننوسان جەیمس جۆیس ١٨٨٢-١٩٤١ مارسیل پرۆست ١٨٧١-١٩٤٤ ڤێرجینیا ۆلڤ ١٨٨٢-١٩٤١ لە شێوازی بونیادی شوێنکەوتە دورکەوتنەوە و شێوازی بونیادی تێهەڵکێشیان بەکارهێنا.

ڕۆماننوسانی کوردیش زۆر لەم شیوازەیان بەکار هێناوە نمونەش ڕۆمانی ئەژدیها ی محەمەد موکری.

٣-بونیادی هاوسەنگ ”نورەیی” متناوب:

ئەم شێوازە گێڕانەوەی دوو چیرۆک یان زیاترە بە شێوازی نۆرەیی واتە تاک و جووتی بەشەکان بۆ نمونە دوو ڕوداو دەگێڕێتەوە سەرەتا باسی ڕوداوی یەکەم دەکرێت پاشان باسی ڕوداوی دووەم واتە دوو هێڵی گێڕانەوە بە تەریبی یەکتر دەڕۆن تا دەگەنە خاڵی بەیەکگەیشتنیان.

نمونەی ئەم جۆرە ڕۆمانەش دواهەمین هەناری دونیا ی بەختیار عەلی کە دوو هێڵی گێڕانەوەمان هەیە و ئەم شێوازە زیاتر لە هونەری سینەمادا بەرجەستە دەبێت و شێوازێکی مۆدێرنە. ئۆرهان پاموک پێوایە سینەما کاریگەرترە لە ڕۆمان چونکە لە کاتی ماندویشدا دەتوانێت ڕاتبگرێت و چیرۆکت بۆ بگێڕێتەوە.

٤-بونیادی بازنەیی سەرەتای بەکارهێنانی ئەم جۆرە بونیادە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرەتای سەدەی بیستەم شێوازی ئەم بونیادە گێڕانەوەیە لەسەر شێوازی خولانەوە لەسەر بازنەیەک وەک چۆن سەعات لە خاڵی یەک بۆ دوو سێ تا دوانزە دەڕوات و دواتر دێتەوە بۆ خاڵی یەک ئەمەش وەهایە،ڕودانی ڕوداوەکان لە خاڵی دەسپێک پاشان گێڕانەوەی ڕوداوەکان گەشە دەسێنێت و لە کۆتایدا دەگەینەوە بە گێڕانەوەی خاڵی سەرەتا.

واتە گێڕەرەوە باسی ڕوداوێک دەکات کە کۆتایی پێهاتووە پاشان دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ڕودانەکان گێڕانەوەی سەرەتایی ڕوداوەکان.

نمونەی ئەم جۆرە ڕۆمانەش ئێوارەی پەروانە ی بەختیار عەلی یە.

بەکارهینانی تەکنیکی موگناتیسی لە ڕۆماندا ئەوەیەیە کە خوێنەر سەرقاڵ بکەیت بەوەی (page turner) پەڕە پەڕە بەدوای ڕوداوەکان بکەویت و بەشداری بکەیت لە بینای ڕۆمانەکەدا ئەمەش خەسڵەتی (ڕۆمانی پۆست مۆدێرنە)  و وەک چۆن موگناتیس وردە ئاسن بەدوایی خۆیدا رادەکێشیت ئاوا خوێنەر پەلکێشی ناو چیرۆکەکان بکەیت.

نوسەر دەمانبات بۆ ناو ئەندێشەکانی خۆیی چەندان چیرۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە و چیرۆکەکان تەواو ناکات و بە کراوەیی دەیانهێڵتەوە بەو شێوەیە هزر و هۆشمان پەرت دەکات، دیسان وەک (ئیهاب حەسەن) و (لیزڵی فیدڵەر) پێان وایە کە خەسڵەتێکی دیکەی ڕۆمانی سەردەمی پۆستمۆدێرن پشێوییە لە گێڕانەوەدا عەتاش بەو شێواز و ڕێگایە پشێوی دروست کردووە.

لە لاپەرەی ٢٨ دا نوسەر دیسان بەرەو جوگرافیاییەکی دیکە ڕێنمویمان دەکات و جیهانمان پێ نیشان دەدات،کە بزانین لە کۆی ئەم جیهانە گەورەیەدا چەندان چیرۆکی پەنهان و تراژیدی هەیە،کە مرۆڤ ئازار دەچێژێت.

چیرۆکی تاسنیم ئەو کچە بەنگلادیشییەیی لە چارەنوسی خۆی هەڵات و هاتە سلێمانی بۆ کارکردن بەڵام کلتوری ناوگەڵسالاری کورد ئەویشیان کردە لەشفرۆش،لەو خێر و بێڕەی بودجەی نەوت کە ساڵانی ڕابردوو لە بەغداوە دەهاتە کوردستان و پارە زۆر بوو گەنجان بۆ سێکس پەنایان بۆ هەموو شوێنێک دەبرد هەر لە ئاوارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بۆ ئاوارەی وڵاتانی تر و چینی و بەنگلادیشی و ئەسیوپی و ....هتد.تاسنیم بە نمونە،ئا لێرەدا زۆر نیگەران بووم.

لە سەرەتای بەشی دووەمدا نوسەر دیسان پارچە پارچەمان دەکات و نازانین لەو هەموو ڕێگایانەی بە ڕوماندا دەیکاتەوە لە کامیانە وە سەفەری ئەبەدی لێوە بکەین و چەند چیرۆکی ترمان بۆ نیشان دەدات و ناچارمان دەکات ملی ڕێگە بگرین و شوێن ڕوداوەکان بکەوین.

*ڕیالیزمی جادووی لە چیرۆکی کامەران دا :

کاتێک بەدەر لە هەموو پێوەرە زانستی و پزیشکییەکان دۆخی لە ڕەگەزی پیاو دەگۆڕێت بۆ ئافرەت و لە یەکەم ژانی سوڕی مانگانەیدا بەرگەی ئەو ئازارە ناگریت وخۆی دەکوژێت لێرەدا بەر جۆرێک لە (مەسخ) بەدگۆڕانی کافکایی دەکەوین و لەم جارەدا پیمان دەڵێت پیاوەکان لە ئازارەکانی ژن تێناگەن گەر جارێک خۆیان بخەنە شوێنی ئەوان ئەوا هەرگیز ناتوانن ئەزمونی ژنێک بکەن و بەرگە ناگرن.

مەسخ بوون لێرەدا زۆر ئاماژە و دەلالەتی شاراوە و مەجازی هەڵدەگرێت،یەکێکی تر لەو مانایانەی لەم چیرۆکەدا هەیە ئەوە یە گەر هاتوو پیاوەکان  بۆ ساتێک خۆیان بخە شوێنی ژنان دەبێت لە دونیادا چی بگۆڕێت.

لە لاپەڕە ٤٣ دا دیسان بەر وردە چیرۆکی دیکە دەکەوین کە لە تێمای چیرۆکەکەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە مرۆڤی ئەفریقایی و عەرەب و کورد و رۆژهەڵاتی ئامادەن لە ناو فیردەوسیشدا لەسەر پرسی شەرەف خوین بڕێژن هەر بۆیە لەسەر پارچە پەڕۆیەک (ستیان)ێک شەڕ بەرپا دەکەن.

)تێ ناگەم ئەوان لە وڵاتێک هەڵدێن کە بە ئاگر و ئاسن بەرێوە دەبریت و کاول بووە ، بەڵام لێرە لەسەر پارچەیەک پەرۆ یەکتر دەکوژن،کە بازار پڕیەتی،"پاشان بە پێکەنینەوە ووتی "دەزانی مارکەی ستیانەکە،زارایە")) ل٤٣.

سەبارەت ڕۆحی شارەکان نوسەر دەیەوێت لەو ئەفسونە بێتە دەرەوە و وێنای سلێمانی بکات بەوەی وەک دەعبایەکی ڕەش ، ناچیزیی باڵی کێشاوە بەسەریدا و ناسروشتی گەورە بووە و پر بووە لە باڵەخانەی ناسروشتی و بێ زەوق و کۆنکرێتی کە سەلیقە لە ڕێکخستنیاندا نیە، لێرەدا دەگەینە دەرەنجامی ئەوەی کە شۆڕشی کورد هەمووی نەفرەت و شکست بوون

"دەڵێیت ڕادەبوێریت یاخود دەمێکە لێرە دوریت ئەگینا منداڵێکیش دەزانێت کێ ڕۆحی ئەم شارەی کوشت،ئێمە درەنگ زانیمان کە کورد شۆڕشی کرد بۆ ئەوەی خۆی وێران بکات،نەوەک خۆی ئازاد بکات" ل٥٠.

لە ڕۆمان و چیرۆکەکانی عەتا محەمەد دا نهێنی کتێبی دیکە خۆیان حەشار داوە،کە دەکریت هەوێنی نوسینی کتێبی تر بن بۆ وێنە "برینێک لەسەر ڕێگا-فەرهەنگێک بۆ جنێو و کۆمێنتی سەرشەقام" ل٥٣ ،نوسەر لێرەدا کۆمەڵگا و دابوو نەریت ڕەخنە دەکات،کە گەنجە بێکارەکانی ئەم وڵاتە وەها پەروەردە کراون تانە و تەشەر لە کچانی پیادە ڕۆیی بازاڕەکان بدەن،چونکە بۆشاییان زۆرە.

لە میانی چیرۆکی سەربەست کە پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکەیە و بە دوای کەسێکدا ویڵە بە ناوی ڕێباز  کە زوو پێشمەرگە بووە بەر کۆمەڵێک چیرۆکی دیکەی کورت و پڕمانا دەکەوین بە چواردەوری هێڵی درامی ڕۆمانەکەدا خول دەخۆن کە دەتوانین لەشێوەی ستراکچەری درەختێکدا وێنای بکەین وەک پلۆت یاخود لولپێچ.

لەو کاتەی کە سەربەست بە دوای ڕێبازدا دەگەڕێت لە شاری سلێمانی لە ڕێگای زیندانێکی سیاسییەوە کە ناوی هێرشە لە بەردەم باخی گشتی ،نوسەر دیسان چیرۆکەکە،کە هێلی سەرەکی درامییە و بە شیوەی کرۆنۆلۆجی و هێڵی زەمەنی ڕاست بەرەو پێشەوە دەڕوات بە هەڵپەسیردراویی دەهێڵێتەوە و خوێنەر لە خاڵێکی تردا بە ئاراستەیەکی تردا دەبات،بەمەش دەوترێت گرێچن(الحبکە) کە خوێنەر عەوداڵی ڕودواوەکانی دواتر دەکات و وێڵت دەکات.

لێرەدا پرسیارک دێتە پێشەوە، سەربەست کە زانای گشتی نیە و گێڕەرەوەی هەمووشتزان نیە چۆن بەر لە بەرکەوتنی لەگەڵ ئەو کرێکارە بەنگلادیشییەی کە خەڵکی شاری خولنا بوو، بیری لە نازیا دەکردەوە؟

لە ل٦١ دا نوسەر لە ڕێگای ژنێکی نەناسەوە ،کە لەسەر یەکێک لەو کورسییەکانی پارکی ئازادی دادەنیشێت،دیسان دەیەوێت دەرگای یەکێکی تر لە دیاردە قێزەونەکانی کۆمەڵگا بکاتەوە کە ئەویش دیاردەی لەشفرۆشیی ئافرەتانە،کە بە بڕوای من ئەوە لە هەموو جیهاندا هەیە،بەڵام نوسەر دەیەوێت لێزانانە وەک تراوما لە دڵمان بدات و بڵێت کە کۆمەڵگا لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە.

دیسان مەسەلەی تارمایی سەرهەڵدەداتەوە،بەوەی دەکرێت فیزیاییەن هەموومان وەک ماددە بەرجەستە بین بەڵام وەک ڕۆح و میتافیزیکا مردووین و تەنها چیرۆکەکەمان دەژی نەوەک خۆمان،دیسان پێمان دەڵێت دەکرێ ئاین فریودەر و داپڵۆسێنەری خەڵک بێت،دەکرێت دیووی دووەمی ئیسلام کە داعش وێنای دەکات و بوونە دێوەزمە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر قێزەون بن، وەک مارکس دەڵێت "ئاین تلیاکی گەلانە" بەو چەشنە بێت دەنا چۆن دەکرێت سەرلەبەری کۆمەڵگا لەژێر هەڕەشەی ئایندا بێت یان دەوڵەتی ئیسلامی دا بن،چۆن وڵاتیان کاول کرد و جەهالەتیان هێنایەوە بۆ خەڵکی و شارستانیەت و شارەکانیان کاول کرد.

لە ل٦٦ دا نوسەر لە دەرگایەکی ترەوە دەچێتە ناو بابەت گەلی ئاڵۆزی وەک قۆرخکاری و گەندەڵی و کاری مافیایی و چەتەگەرانی بازرگانییەوە و دەلاقەیەکی دژواری دیکەمان بۆ دەکاتەوە،کە هەموومان پێی ئاشناین ئەویش کاری ساختەکاری لە خواردن و سوتەمەنیدا و ساخکردنەوەی دەرمان و خواردن و کەرەستەی ماوە بەسەرچوو بەسەر ئەم گەلە بەشمەینەتەدا.

لە ل٧٠ دا نوسەر دەیەوێت بڵێت ڕاستە نەوت سەرمایەیەکی گرنگی ئێستایە و وزەیەکی گرنگی جیهانی مۆدێرنە بەڵام بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بەتایبەت عێراق و کوردستان جگە لە نەفرەت و نەگبەتی هیچی تر نەبووە،چونکە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت،خەڵکەکەیان فێر دەکەن کە کار نەکەن و تەمبەڵی لە کۆمەڵگادا پەرەدەستێنێت و وەک زەڕنەقوتە چاواڕوان بن لوقمەیەکیان بخرێتە ناو دەم،لێرەدا سیستەم ڕەخنە دەکات،کە نابێت بەو چەشنە کۆمەڵگا بەڕێوە ببرێت،دەبێت کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری وەگەڕبخرێن،کە ئێمە هێچکام لەوانەمان نیە.

هەر لە میانەی گێڕانەوەدا ئەم جارە نوسەر خەڵک و کۆمەڵگا پڕ ڕەخنە دەکات،کە دەکرێت "مرۆڤ بخوات بۆ ئەوەی بژی" نەک "بژی بۆ ئەوای بخوات" کلتوری چڵێسی دیاری سیستەم بوو بۆ خەڵک،پاشان لە دوای هەبوونی کار و موچە و پارەیەکی زۆر دیسان خەڵکی برسی کرانەوە و موچەکانیان بڕا.

نوسەر دەیەوێت بڵێت کە زۆرینەی هەڵەکان خەڵک دەیکەن،بەوی هەڵەخەرجن و ئیسراف زۆر دەکەن و دەست بە شتەوەناگرن،ئەو گەلانەی پێشکەوتن و ئێستا جڵەوی دونیا دەکەن کەمتر چڵێسن و زیاتر خەمی زانست و پێشکەوتنیانە نەوک ورگیان.

لە ل٧٥ (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن) دا باسی پرسی کۆچ و پەنابەر دێتەوە ئاراوە،گەیشتن بە بەهەشتی ئەوروپا خەونی زۆرێک لە لاوان و مرۆڤی ڕۆژهەڵاتییە دەکرێت چیرۆکە تراژیدییەکان ڕۆحێکی کۆمیدییان تێدا بەرجەستە ببێت واتە گەیشتن بە بەهەشت قوربانی دانی دەوێت، لە ل٢٥ (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن) هەنار و فریشتەی مردن وەک بەشێکی بچوک لە ناو بەشێکی گەورەدا واتە قاژێک سێو لە سێوێکی تەواو کە ل ٧٦ (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن) بەشە گەورەکەیەتی

ل٨٤ نوسەر لێرەدا دەست بۆ تابۆ و یاساخەکان دەبات و ڕەخنە لە فەلسەفەی وجود دەگرێت و خودا و گەردوون ڕەخنە دەکات بەوەی کە دەکرا نێرەموکەکان یەک ڕەگەز بن یان نێربن یان مێ،تێکەڵەیەک لەو دوو جۆرە بۆچی؟کە ئەوەش بەشێکە لە کارەکانی ئافەرێنەر،ئەو دەیەوێت بڵێ کە دوو ڕەگەزی جیاواز هەیە بۆچی سێیەم هەبێت سودی چیە جگە لە نەنگی بۆ دروستکراو.گەرچی ئەوە بابەتێکی زانستییە و پەیوەندی بە کڕۆمۆسۆم و بۆماوەیی هەیە و لێکۆڵینەوەی وردی دەوێت(دلۆڤان ئاوڕدەداتەوە و ڕو لە کامێراکە دەڵێت"من ئەو بونەوەرەم کە خودا فەرامۆشی کردووم،وەک ئەوەی هەڵەیەکی ناو بوون بم")ل٨٤(عەتا: هەنار و فریشتەی مردن(

"قوربانیی و جەلاد دەیانەویست مافی پەنابەری وەربگرن،ژیان چی گاڵتە جاڕییەکی تاڵە"ل ٩٠  (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن(

ئەم دێڕەی سەرەوە ماناو دەلالەتی زۆر قوڵ هەڵدەگرێت،کە دەکرێت بڵێین جەنگ و ئامڕازەکانی دروستکردنی جەنگ تراژیدیاییەکی وەها خوێناوی دەخولقێنن کە دواجار شەڕ بڵێسەی سەند وەک چۆن ئاگر لە پوش و پاوان بەردەبێت و بای لە ناکاو نێڵە نێڵ دەیبات و جڵەوگیر ناکرێت ئاوەها جەنگ دواتر جڵەوی لەدەست قوربانی و لەدەست جەلاد دەردەچێت و تەڕووشک دەسوتێنێت و دواتر هەمان جەلاد هەوڵی خۆدەربازکردن دەدات ئا ئەوەیە قێزەونیی جەنگ.

نوسەر لە نوسینی ئەم ڕۆمانە پڕ تێما و ماناو دەلالەتەدا زۆر ماندو بووە و لە مردن نزیک بۆتەوە وەک عەباسی مەعروفی دەڵێت "ڕۆماننوسین وەک گیان کێشان وایە" هەروەها مەحمودی دەوڵەتئابادی دەڵێت "ڕۆماننوس ئەوکاتەشی کە نانوسیت هەر خەریکی نوسینە" واتە مێشک و هزری هەمیشە پەرت و بڵاوە (ماری .م)ی شاعیری ئەمریکی دەڵێت " مرۆڤی ئا‌قڵ نابێتە نوسەر" واتە لە کۆتایدا خۆت وندەکەی و خۆت لەناو دەبەی لە پێناو مرۆڤایەتیدا .

نوسەر لە ڕێگای دایەلۆگی هەنار و فریشتەی مەرگەوە،چەندین جار دەمانخاتە بەردەم پرسیاری گەورە و تێڕامان و جوگرافیای جیاوازمان پێ دەناسێنێت،ئەوەی لەم نوسەرەدا بەدیدەکەم تا ئێستا لە هیچ نوسەرێکی تری کورددا نەمبینیووە،عەتا محەمەد لە هیچ ڕۆماننوسێکی تر ناچێت جگە لە خۆی.

(فریشتەی مردن بەبێ ئەوەی بێزاری پێوە دیار بێت ووتی"قسە لەسەر بێزاری نیە،سەرەڕۆییەکانی مرۆڤ بێ سنورن،لەم ڕۆژانەدا لە شاری فارۆ لەوپەڕی باشوری پورتوگال ڕێمکەوتە کتێبخانەیەکی بچوک و ڕۆمانێکی بچکۆلانەم بۆ یەکەم جار بینی"ل١٠٦ (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن(

نوسەر دیسان دەیەوێت ڕەخنەگرانە بڵێت کە چەندەها شاعیر هەن دەنوسن و بەناو شاعیرن و شیعرییەت لە تێکستەکانیاندا نیە،هەروەها لەناو کۆمەڵگاکاندا بەگشتی شیعر بەرەو توانەوە دەڕوات لە ناو ژانری ڕۆماندا و خەریکە شیعر بەهاو سەنگ و قورسایی نامێنێت،کە کۆمەڵگای ئێمەش لەوە بێبەش نیە.  هەر وەک  شەمسی لەنگرودی پێی وایە " شیعر ئارەزوییەکی تەواو چڕوپڕە،هەر بۆیە بەشێکە لە هونەرە سەرەتاییەکان،بەڵام ڕۆمان کە بەرهەمی مۆدێرنێتەیە و بەخششێکی تاکە کەسییە و تا ڕادەیەک لە ژیانی ڕۆژانە نزیکترە،مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو ژیانی خۆی لە ڕۆماندا دەبینێت" نوسەر لێرەدا دەیەوێت لە ئەرزش و گرنگی شیعر کەمبکاتەوە لە پێناو رۆماندا.

نوسەر دیسان لەسەر نەهامەتییەکانی جەنگ دێتە گۆ و دەیەوێت بڵێت کە جەنگ سیما جوانەکانی منداڵی و لاوی ئێمەی هەڵکوڕوزاند و هەموومانی تۆراند " کوڕم ئێوە نەوەیەکی بەدبەخت بوون،ئاگری شەڕی گەورەکان هەمووتانی هەڵکوڕوزاند" ل١٢٢(عەتا: هەنار و فریشتەی مردن(

تەماشا جەنگ چی سیمایەکی ناشیرینی و ناحەزی هەیە و بێ فەڕە و کەس لە جەنگدا براوە نیە هەموومان دۆڕاوین هێنری میلەر پێیوایە "مادام لە جیهاندا جەنگ هەیە،نابینە خاوانی جەوهەری  بە مرۆڤ بوون".

نوسەر لە ل١٢٣ دا (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن)  لە ڕێگای چیرۆکی پارادۆکس  دەیەوێت ڕەخنەی عەقڵی ئیسلامی بکات و ڕۆژهەڵات واتە سەرزەمینی موسوڵمانان بە ناوی نوێنەرایەتی خوداوە کە لەم سەرزەمینە هەموو کەسێک تەکفیر دەکەن،تەقینەوە دەکەن،خەڵک سەردەبڕن،بەڵام هەر لەو دۆزەخەی کە خۆیان خولقاندویانە،هەڵدێن بۆ سنورەکانی ڕۆژئاوا (سەرزەمینی ئەهریمەن) دێن.

"زۆرینەی ڕۆژهەڵاتییەکان بەخۆیان و باوەڕ و بەرماڵ و سیواک و پەچەو حیجابەوە،سەرزەمینی پیرۆزی خودایان جێهێشت و گەیشتنە سەر سنورەکانی ڕۆژئاوا" ل١٢٣(عەتا: هەنار و فریشتەی مردن(

هەر لە میانی گێڕانەوەکاندا دیسان باسی دزیوییەکانی مرۆڤ و پیشەسازییە خراپەکان دەبیستین و تێدەگەین کە مرۆڤ چەندە  کاولکارە "ڕژێمەکان پەلەیانە لە وێرانکردنی ئەم ئەستێرە شینەدا،بە کەلوپەل و کەرەستەکان فریومان دەدەن"ل ١٧٤(عەتا: هەنار و فریشتەی مردن(

هەربۆیە (میشێل فۆکۆ) زۆر بە وردی کار لەسەر مرۆڤی مۆدێرن و بە ئامێر کراو دەکات مۆدێرنەتەیش بە واتای کۆتوبەندی مرۆڤەکان و بە یاسا و ڕێساکردنی شێواز و ژیاری کۆمەڵگا،فۆکۆ پێی وایە کە مرۆڤی مۆدێرن واتە مرۆڤێکی ئاماژە بۆکراو و لە قاڵب دراو،بە واتایەکی دیکە،مرۆڤی شار و سەردەمی مۆدێرنیەت واتا مرۆڤێکی چەپێنراو و مەحروح،واتە مرۆڤی دڵشکاو و بە ئامێر بوو،گەر تەماشایەکی ئەو فیلمە خەیاڵییە زانستیانە بکەین،کە باس لە موسەخەر بوونی جیهان دەکەن باسی بچوک بوونەوەی گەردون بە مانا فەلسەفییەکەی دەکەن،یان باسی پەرەسەندی ئامێر و ڕۆبۆت گەلی جیاواز دەکەن،دەبینین چون مرۆڤەکان خاڵی دەکەنەوە لە هەست و سۆز و مرۆڤ لە چوارچێوەی سەدان دەستورو یاسادا لە قاڵب دەدەن،ئەمە بەو مانایە نیە کە مرۆڤی سەدەکانی ناوەڕاست مرۆڤی ئازاد بوون بەڵام،لەو سەردەمەشدا بە شێوازی ئازار بەر تر ژیاون،میشێل فۆکۆ پێی وایە شێوازی بەراوردکاری لە جۆری سزای مرۆڤی سەدەکانی ناوەڕاستی فەڕەنسا و سەدەی بیستەم شێوازی جیاوازی وەرگرتووە،مرۆڤی سەدەکانی ناوەڕاست سەری دەپەڕێنرا یان لە سێدارە دەدرا یان لە زیندان دەمایەوە،بەڵام پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و مرۆڤی مۆدێرن جۆری سزاکانی گۆری بۆ شێوازی یاسایی و لە قاڵب دراوی تر کە هەندێک لە سزاکان گەلێک لە سێدارە قورس تر بوون کە کرانە بابەتگەلی فیزیایی و ئاڕاستە کراو،کە دڵ و دەرونی مرۆڤیان پەک دەخست.

سەربازەکانی ئەم سەردەمە هێندە یاساو دەستوریان بۆ هەڵقوڵاوە کە بە موو ناتوانن لێی لابدەن،شێوازی خوێندنی زانکۆیی و چەندەها سیستەمی تر کە تەژین بە یاسا و پابەندی و هیچ بەهایەکیان بۆ مرۆڤی ڕەها نە هێشتۆتەوە،چەمکی مرۆڤی ڕەها واتە مرۆڤێک خاڵییە لە پێودانگو یاسا دەسکردەکان و یاسا زەوتکەر و مرۆڤکوژەکان.

شار بەو هەموو شەقام و باڵەخانەو ئوتۆمبێل و یاسای هاتوچۆو فێرگەو سەربازگە و حیزب و ئامێر و مۆبایل و تاوەری کارەبا .....هتد ی بڕستیان لە مرۆڤی ڕەها بڕییوە ومرۆڤیان کردۆتە کۆیلە،فەزایی گشتی بۆ وێنە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وایان کردووە کە نەریت و پێگەی کۆمەڵایەتی خێزانەکان لە ژێر هەڕەشەو هەڵدیردا بن.

مرۆڤەکان لە شارەکان گەورەترن،دەبێ شارەکان ملکەچی مرۆڤەکان بن. ئیرادەی ئینسانی مۆدێرن گەورەترە لە شار و هەموو یاسا و ڕێساکان تێکدەشکێنێ،نابێ مرۆڤەکان دیلی شارەکان ببن،وەک فۆکۆ پێی وایە تا زیاتر مرۆڤایەتی بەرەو پێش بڕوا زیاتر

مرۆڤاکان ملکەچی یاسا و ڕێسا دەبن و ئەشکەنجە دەدرێن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مرۆڤی مۆدێرن تازە دیەوێ وەک سۆبێکتێک لە شاردا ڕەفتار بکات و شار ڕام بکات،شار بکاتە ئۆبێکت گەرچی شارەکان سێبەری خۆیان زال کردووە بەسەر مرۆڤەکاندا،و مرۆڤیان کردۆتە کۆیلەیی خۆیان ئێستا گەر بشمانەوێ لە شارە بچوکەکان هەڵبێین پەنا بۆ شارە گەورەکان دەبەین،شار بۆتە مەعشوقی مرۆڤەکان و بە ئاستەم ناتوانین لێی دەرباز بین. هەر لەم ڕۆمانەدا عەتا باسی گۆڕانی خێرای فیگەری شاری سلێمانی دەکات،کە زۆر خیرا و  ناسروشی گەشەی کردووە وەک لە پێشتردا باسم کرد.

ئەمیل سیوران پێی وایە کە "مرۆڤ شیرپەنجەی زەوییە" لە  ل ١٧٦ (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن) دا،مرۆڤ کاولکارە لەبری خەلیفەیەکی گوێڕایەڵ تێکدەر و ناپەسەند بوو،لیرەوە تێدەگەین بوونی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەی سیهەمە چەند خەلەلێکی گەورەیە،ئادەمیزاد نوێترین مەخلوقی خودا بوون لەسەر ئەم هەسارەیە و کاتێک هاتن ژیانیان لە بونەوەر و ئاژەڵانی تر کردە دۆزەخ بڕوانن دۆخی کەشوهەوای سەر زەمین و ژیانی ملیونان ماسی و نەوڕەس و باڵندە کە بەهۆی پاشماوەی خراپی کارگە زەبەلاحەکان و پلاستیکەوە چۆن لەژێر هەڕەشەی لەناوچوندان.

خودا لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت" خلق الانسان من العجل" واتە خودا مرۆڤی دروست کرد کە هەمیشە لە ڕاکردن و پەلەپەلیدان بۆ ژیان،هەر بەپێی ڕیوایەتەکان لە کاتی خەلق بوونی ئادەمدا پاش ئەوەی خودا ڕۆحی بەبەردا دەکات،یەکسەر هەڵدەستێت و ڕادەکاتە ناو باغاتی عەدن.

هەر لەسەروبەندی باسی پەنابەراندا،کە بە بڕوای من کارکردنی ئەم ڕۆمانە زیاتر پرسی چیرۆکەکانی پەنابەرانە کە مێژووی پەنابەرێتیان لە ئەوروپادا خولقاندووە،نوسەر باس لە نەهامەتییەکانی ژیانی پەنابەران دەکات و دەیەوێت بڵێت ڕاستە پەنابەران لە دۆزەخی ڕۆژهەڵات هەڵدێن و بەرەو بەهەشتی ڕۆژئاوا کۆچ دەکەن بەڵام لە ناخیاندا دۆزەخێک دروست دەبێت کە مەحاڵە لێێ ڕزگار ببن،تەنانەت دەگاتە ئەو ئاستەی خەون بە زمانی زگماکی خۆت نابینیت " زۆر تاسەی ئەوە دەکەم خەونێک بە فارسی ببینم"ل١٧٩.

لە ل١٨٥ دا نوسەر دیسان ژیرانە ڕەخنەی کلتوری باوکسالاری و کۆمەڵایەتی دەکات بەوەی پیاوی کورد لەترسی مەسەلەی ئابڕو شەرەف و سمێڵیان پێیان نەنگییە لەکاتی سەرجێی کردنیشدا ژنەکانیان تێربکەن و بیانگەیەننە پلەی ئۆرگازم و  کارێک ناکەن کە ژنەکانیان لەبری ترس و شەرم و ئازار چێژ وەربگرن لێرەدە بۆمان دەردەکەوێت کە پیاوی کورد و ڕۆژهەڵاتی چەند وەک کاڵا تەماشایی ژن دەکەن." ئەو شەوەی زوڵەیخا بۆ یەکەم جار هەستی کرد لەژێر قورسایی سوڵتاندا هەستێکی نامۆ بەلەشیدا دەگەڕێت،هەستێک لە نێوان مردن و فڕین"ل١٨٥ هەر لە هەمان لاپەڕەدا " تۆگەیشتویتە ئەو تامەی کە زۆربەی ژنان دەمرن و پێی ناگەن" واتە پلەی ئۆرگازمی سێکسی کە تێیدا ژن و پیاو دەگەنە ئەوپەڕی پلەی چێژ وەرگرتن.

بچوکەکان و پاکەکان باجی هەڵەی گەورەکان دەدەن، شۆڕش و خەبات هەوێنی ئازادی نەبوون و نەفرەت بوون و دابارین بەسر خەڵکی دا،منداڵەکان وەک باروت لە جەنگەکاندا گڕدران و ژنان و کچان جەستەیان بەخشی و بوونە قوربانی گەمەی شەیتانی گەورەکان ،ساکار قوربانی بە جەستەی خۆیدا چونکە ژنان هەستیان ناسکە و زوو دەکەونە ژێر کاریگەری سۆزەوە هەر بۆیە تاکە شت بۆ متمانەی بەرانبەرەکانیان بەخشینی جەستەیانە،"ڕووتی کردمەوە و لەوکاتەدا هەستم دەکرد بەدەم ئازارەوە دەمرم،ئەو نەوەک گوێی لە گریان و پاڕانەوەکانم  نەگرت،بەڵکو لەناکاو ووتی قەحبە تۆ کچی ئەو گەوادە بوویت کە دەستی هەبوو لە کوشتنی ئامۆزاکەمدا،من دەمێکە دەمەوێت تۆڵەی بکەمەوە"ل٢٠٤.

نوسەر پەیکەری ڕۆمانەکەی بە بونیادی بازنەیی تەواو دەکات و کۆتایی بە ڕۆمانەکە دەهێنێت کە وەک هەمیشە دەمانخاتە دۆخی شڵەژان و پارچە پارچە بوون و پەرت بوون کە خوێنەر بە ئاسانی ناتوانێت خۆی کۆبکاتەوە و لە چەند ڕیانێکدا ڕاماندەگرێت و ڕەخنەمان دەکات و بەکراوەیی بەجێمان دەهێڵێت و پێـمان دەڵێت ئەوەی دەژی چیرۆکەکانمانە نەوەک خۆمان چونکە ئەوەی چیرۆکی نەبوو وەک مردوو وایە.

سەرچاوەکان:

١-هەنار و فریشتەی مردن ڕاپۆرتێک لەبارەی مەحوییەوە،عەتا محمەد، ڕۆمان، ناوەندی ئەندێشە،٢٠١٨.

2-Literature of Shakespeare Ramen Sharma and Dr. Preety Chaudhary Research Scholar, Singhania University, Rajasthan, India.

٣- جریده‌ العرب ,نُشر فی 28-02-2016، العدد: 10199، ص(14( الصفحه‌ : پقافه‌ العرب - خلدون الشمعه‌ – لندن.

4- International Journal of Educational Planning & Administration. ISSN 2249-3093 Volume 1, Number 2 (2011), pp. 189-198 © Research India Publications

٥- ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ،حەمە مەنتک – وتار، ئەدەب و کلتوری ڕوداو بەرواری ٩-١٠-٢٠١٨.

٦- هونەرەکانی چیرۆکنوسین- حەمە مەنتک،ئەدەبی، پڕۆژەی چاپی کتێب مێخەک ژمارەی کتێب ٢٠ چاپخانە تاران،٢٠١٨.

٧-نوسین و ئەزمون،کۆمەڵێک نوسەر،دەزگای موکریانی،زنجیرەی کتێب ٥٧٠،ساڵی ٢٠١١ .

٨-ئەخلاق و بەرگری،مەریوان وریا قانع،ناوەندی ئەندێشە،٢٠١٧.

٩-ڕاز و ڕەمزەکانی ڕۆمان، وەرگێڕانی محمەد کەریم،دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،ساڵی ٢٠١٢.

١٠-ڕۆلان بارت،وەرگێرانی کۆمەڵێک نوسەر،دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە،ساڵی ٢٠١٧.

١١- شاری دەستەو تاقمەکان، شارام قەوامی

١٢-ئەفسونی ئەدەب،نزار ئاگری،وەرگێڕانی شوان ئەحمەد،ناوەندی ئەندێشە،٢٠١٦.

١٣- بونیاتی ڕوداو لە ڕۆمانی کوردیدا،میران جەلال محەمەد،لێکۆڵینەوە،ساڵی ٢٠٠٩.

١٤- ڕۆمان چیە،کۆمەڵێک نوسەر،دەزگای موکریانیزنجیرەی کتێب ٢٣٦،ساڵی ٢٠٠٨.

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار