له چلهى گهردهلولدا بهیادى"با"
6 ساڵ لەمەوپێش
پەخشان عەبدولڕەحمان
ئەوکاتەی ئەوین پروشەی دەکرد ....
غرور پەپولەیەکی توڕەبوو، لە باخچە یاخی دەبوو
دوستێکی وڕکگرتوو بوو ، نازی بەسەر شەبەنگدا دەکرد ،
ئێستا ئەگەر دارودیواری ئەو ئەوینە بە قوڕنەگرم.....
دەمباتەوە سەر خەمێکی تەڕ ،
ناچارم دەکا دەستی مەراقم لەسەر تەنورێک دابنێم.....
ئەمبەر و ئەو بەری نییە ، ئەوسەری ئاگاییم پڕدەکا لە نائومێدی
وام لێدەکا بیر لەوانە بکەمەوە کە نازانم لەسەر سفرەی کێ گەورەبوون
ئەوانەی دوعایان لە گوڵەکان دەکرد ،
کۆترەکانیان لە هەیوانە نیوە سێبەرەکان ڕاودەنا ،
فریوی دنیای پشت ئەشکەفتەکانم خوارد
لە چاوی مامزێکی سرکەوە بۆ بستێ زەوی ئارام دەگەڕام
نەشمدەویست سەر لە دەوڵەتە دوورە دەریاکەی ئەفڵاتون بدەم ،
لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکەی مارکۆزەش هەڵم نەدەکرد
شارستانیەتی ئیرۆس بە من چی !
هەولێر، شاری ئێوارە لاڵەکان.....
هەورەکانتم خۆشدەویست ،
بەڵام ڕۆژێک ، لە ڕق ڕاچووی و پێت وتم ،....
خۆ هەور هەتا سەر نەخشی سنگی ئاسمان نابێ
دووبارە گوێم لە دەنگی شکانی تاقی کیسرا بوو
سەرم پڕ لە قەلەقی چوون و نەچوونی ڕێیەکی هات ونەهات بوو
کە هەورەکان ڕۆیشتن دنیا هێندە تۆزاویی بوو....
پێم وانەبوو ئەسپە ڕەسەنەکانیش لێی دەرچن
پێم وانەبوو ماڵە خانەدانەکانیش.....
دەرگا ، بەڕوی میوانێکی زامداردا بکەنەوە
هێندە تاریک بوو دەستی عەدەمێکم گرت و
بە یاوەری ئەستێرەیەک گەڕامەوە
بەبێ ئیزنی ئەوین تەنیاییم بە ڕەنگی هەناریی بۆیەکرد و
لە مەزادێکدا بە قیمەتی غوربەت فرۆشتمەوە بە "با "
دنیا هێندە تۆزاویی بوو کەسێکم شک نەبرد لێی بپرسم
سوڕەیاکان زیاتر لە بومەلەرزە دەترسن یا گۆزەکان؟
کە موحەمەد کۆچی کرد بیلال چەند شار ڕۆیی؟
"با"یەکی ڕۆژهەڵاتی شار چەندە لە گرێی دێڕێکدا گیر دەبێ؟
هەر بەڕاستی کێ ڕادیکاڵترین پیاوی مێژوو بوو؟
هەورێک لەسەر فنجانەکەم دایکرد
پێم خۆش بوو ئەو قوڕی میحنەتەم شێلا
بەڵام گران کەوتەوە کە پەنجەکانم پەیکەری نائومێدیان خەلق کرد
ئەو هەموو ئەستێرەیەی لە ناوما شکان.....
غیابی هەموو ڕووناکیی دنیایان پڕدەکردەوە
کە ڕۆیشتی دنیا زەنگیانەیەکی ڕەش بوو لە فەزا بەرببۆوە
دیواری حەوشەکەمان بەرزتربوو
بۆمبەکان زۆرتر و سێدارەکان بە گوریسی ئەستورتر جێگیر کران
کە ڕۆیشتی دنیا پێی نایە چاخێکی تر
دەبوو دڵم بە سنگێک دا کوتم هەر بۆئەوەی لەوێ نەبێ
بەڵام لەبەر تۆ بە کۆڵانی چاخی بەردیندا هاتمەوە
چی دڕک و داڵی مێژوو هەبوو لە پێم چەقی،
سەرم بە کتێبەکاندا کردەوە و
شەڕەکانم هەڵگیرساندەوە
بە خەرابستان و شەڕگەکاندا چوومەوە
ئەو دەمانە دڵی بەرد لە سنگی ئاودا لێی دەدا ،
دەستم بە کراسە نارەنجییەکەی ڕۆژدا هێنا و
بۆنی کوریکی پڕتەقاڵ خەیاڵی دوور بردم
خەبەری ئەو ئایەتانەت نییە کە ئاو بردنی
مەوسمی لەحزەکان کە وەک نەیزەک دادەبارین و
شوختیان دەکردە بێئۆقرەییم
ئەو خەونانەی لە هەنارەکان عاجز بوون
مەوسمی سەرابستان ڕۆژەکانی داغانکردم
نەخشی سەر دیوارەکان بزر بوون
زەخرەفەکان کاڵبوونەوە
پشتت کردە خاک و خۆڵ و ئاوڕێکت نەدایەوە،.....
گلەیی لە "بـــــــا " ناکرێ !!