عەبدولخالق یەعقووبی: نیزیکەی دوو سەد ساڵ لە سەردەمی ژیانی نالی تێدەپەڕێ، به‌ڵام زەحمەتە بیسەلمێنین تا ئێستا دوو سەد بابەتی باشمان لە سەر نالی نووسیبێت.

6 ساڵ لەمەوپێش



ئه‌ده‌بى کلاسیک یه‌کێکه‌ له‌ پایه‌گرنگه‌کانى به‌هێزى ئه‌ده‌بیاتى هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک، که‌ وه‌ک بانقێکى زانیارى هه‌میشه‌ پێویسته‌ بۆى بگه‌ڕێینه‌وه‌و لێوه‌ى فێربین، له‌ ناو ئه‌ده‌بى کلاسیکى ئێمه‌دا (نالى) یه‌کێکه‌ له‌و شاعیرانه‌ى که‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌م و رۆژگارێکدا خوێندنه‌وه‌ى نوێ به‌دواى خۆیدا دێنێ، تایبه‌ت به‌ ناسین و دیدێکى نوێ بۆ ئه‌م شاعیره‌ پێمانباشبوو له‌گه‌ڵ ڕەخنەکاری ئەدەبی (عەبدولخالق یەعقووبی) ئه‌م دیداره‌ سازبده‌ین.  

سازدانی: شاخەوان سدیق

ھاوڵاتی:  لە ئەدەبی کوردیدا زۆر بابەت لێرەو لەوێ لەسەر نالی و ئەدەبیاتی ئەو نوسراوە. پێتان وایە ئێمە توانیومانە باش ئەو شاعیرە گەورەیەمان بخوێنینەوە؟

-من پێم وا نییە لە سەر نالی بابەتی زۆر نووسرابێت، یان لانیکەم بابەتی باش زۆر نووسرابێت. تۆ دەزانی نیزیکەی دوو سەد ساڵ لە سەردەمی ژیانی نالی تێدەپەڕێ، و زۆر زەحمەتە بە خۆمانی بسەلمێنین تا ئێستا لە گۆڕەپانی ئەدەبی کوردی دوو سەد بابەتی باشمان لە سەر نالی نووسیبێت. ئەگەر سووکەئاوڕێک لە شاعیرانی دەوروبەری خۆمان وەکو حافیزی شیرازی و مەلانای رۆمی و ھتد بدەینەوە، دەبینین دراوسێکانمان زۆر زیاتر لە ئێمە گرینگییان بە شاعیرانی کلاسیکی خۆیان داوە، چ وەک ساغکردنەوە، چ وەک بڵاوکردنەوە، و چ وەک شیکردنەوەی دەقی شیعرەکانیان. لای فارسەکان حافیزناسی و مەولاناخوێنی بۆتە دیاردە، و ساڵ نییە لە سەر ئەو شاعیرانە، چ لە ئاستی دامەزراوەگەلی حکوومیان و چ لە ئاستی ھەوڵی تاکەکەسیی نووسەرانیان، کتێبی نوێ و تۆژینەوەی تازە نەکەوێتە بەردەستی خوێنەرانیان. بەڵام لای ئێمە، چ سیاسەتێکی کولتووریی بەکەڵک لە ئاستی دەسەڵات و چ ھەوڵی بێوچانی پڕدەستکەوت لە لایەن تۆژەرانمان (بە خۆشمەوە) ھەست پی ناکرێت کە، بۆ وێنە، نالی ناسی وەکو پێداویستییەکی گۆڕەپانی کاری ئەدەبیی وەزارەتی ڕۆشنبیری یان زانکۆکان یان ناوەندەکانی وەشاندن بێتە ئاراوە.

لایەنی دووھەم، ناوەڕۆکی پڕگرفت و و ناواخنی زۆرجار بەتاڵی ئەو بابەتانەیە کە جارجارە لێرە و لەوێ لە سەر شیعری نالی دێتە وەشاندن. بەشێکی بەرچاوی ئەو کارانە ئەو تۆژینەوانەن کە مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی خۆیان دەینووسن، و ھەر بۆیە بەر لەوەی نالی ناسانەبن، پلەخوازانەن. بۆ وێنە، کاتێک ناونیشانێکی وەکو "گوڵ لە شیعری نالی" لە وتارێکی ئەکادیمیدا دەبینیت، و پاشان کە وتارەکە دەخوێنیتەوە، دەبینی نووسەر تەنیا ناو و ژمارەی ئەو گوڵە جۆراوجۆرانەی کە لە شیعری نالی-دا ھاتووە ڕیز کردووە، تازە تێدەگەی ھەم تۆی کات بەفیڕۆچوو، ھەمیش نالیی بەستەزمان کڵاوێکی گەورەتان کراوەتە سەر، چونکی ئەو بابەتە چ فڕی بە سەر مەعریفە و جیھانبینی و جوانیناسیی شیعری نالییەوە نییە، بەڵکو تەنیا وێنەیەکی بێڕووتووشی زەق و زۆپی گوڵستانەکەی باغی شیعری نالییە. کورت و کورمانجی بڵێم، ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە باش نالی بناسین و بیناسێنین، ھەر بۆیە پێویستە لە مەولا باش بیناسین و بیناسێنین.

هاوڵاتی: زۆرجار کەباس لە شاعیرانی کلاسیکی کورد بەتایبەت (نالی و مەحوی) دەکرێت یەکڕاست باس لە پەیوەندی و خەیاڵی عیرفانی ئەوان دەکرێت و دەبەسترێتەوە بە لایەنی دینی و عیشقی ئیلاھیەوە، ئەمە تا چەند ڕاستە؟

- کەسایەتیی وەکو نالی و مەحوی پەروەردەی مەعریفەی حوجرەیین، مەعریفەیەک لە سەر بنەمای ئاین و شەریعەت. بۆیە لە جیھانی شیعریی زۆربەی شاعیرانی کلاسیکی ئێمە ھزری دینی دەوری سەرەکی دەگێڕێت، و پارادایمی زاڵی فەلسەفەی شیعرییان پارادایمێکی دینییە؛ واتە باڵادەستیی تێڕوانینی ئیلاھییانەیە بۆ ئینسان و ژیان و جیھان. بەڵام داھێنەربوونی ئەم شاعیرانە لە پانتایی شیعری کوردیدا ناگەڕێتەوە بۆ ئامادەبوونی ئەم پارادایمە لە شیعری ئەواندا، بەڵکو زیاتر پەیوەندیی بەو دیدە نوێیەوە ھەیە کە ئەوان بۆ ئەو مەعریفە باڵادەستەی سەردەمی خۆیان ھەیانە. لە وتارێکمدا لە سەر شیعری مەحوی بە ناوی "مەحوی: شاعیری ئادابی مەحەببەت" تێزی سەرەکیم بریتی لەوەی عیشقی مەحوی دین نییە، بەڵکو دینی مەحوی عیشقە. واتە راستە مەحوی شاعیرێکی دیندارە و بە زمانێکی پڕ لە ئیماژی سۆفیانە و دینی دەدوێت، بەڵام دواجار ئەو لە دەرگای عیشقەوە دێتە نێو ئەم جیھانەوە و بە کردەوە، پتر لەوەی بە ئەلفوبێی دین بجوولێتەوە، بە ڕۆحییەتێکی ئاشقانەوە ھەڵسوکەوت دەکات. ھەمان دیدگا بۆ نالی-ش وەڕاست دەگەڕێت، کاتێک دەبینین نالی لە زۆر شیعریدا، وەکو قەسیدەکەی بۆ کەر، سنووری مەعریفەی دینی دەبەزێنێت و پتر لەوەی نوێنەری دەنگی شەریعەت بێت، پەیڤداری جھانیبینیی تایبەتی خۆیەتی. یان لە شیعری ھەرمانی "قوربانی تۆزی ڕێگەتم..." نیشتمان خۆشەویستێکە کە حاشا لە دەسەڵاتی سوننەی عوسمانییەکان دەکات. کە واتە، ئەم شاعیرانەی ئێمە نیشتەجێی نیشتمانی دین ھەن، بەڵام زۆرجار سنووری ئەم جوگرافییەیان بەزاندووە، و لە دەرەوی کیشوەری شەریعەت، لە ھەوای ھیومانیزم و جوانپەرەستییان ھەڵمژیوە.

هاوڵاتی: ئێمە چۆن بتوانین خوێندنەوەیەکی نوێ بە دیدێکی تازەوە نالی بخوێنینەوە؟ ئایا ھیچ گۆشەنیگایەکی نوێ ھەیە؟

- دیدی مەلا عەبدولکەریم و کوڕەکانی بۆ شیعری نالی پتر فەساحەت-تەوەر و بەلاغە-بونیاد بووە. دوای ئەوان، مەسعوود محەمەد خوێندەوەی وشە- تەوەر و ڕستە- بونیادی بۆ نالی کردووەتە باو. ھەر دووکی ئەم جۆرە خوێندنەوانە بۆ سەردەمی خۆی و بۆ تێگەیشتن لە شیعری نالی زۆر باش و پێویست بوون. خاڵی ھاوبەشی ئەو دوو بەرە ھاوسەردەمە بۆ خوێندنەوەی شیعری نالی گرینگیدانیان بوو بە مێژووگەرایی و تۆژینەوە لە سەر کەسایەتیی خودی نالی وەکو تاک و ساغکردنەوەی ژیانی ئەو لە سەر بنەمای شیکردنەوەی شیعرەکانی. بەڵام دواتر نەوەیەکی تر لە تۆژەرانی کورد ھاتنە گۆڕەپانەکەوە کە پتر ھەوڵیان دا بە دیدێکی گوتار-تەوەر (discourse-based) لە شیعری نالی بڕوانن، وەکو ڕێبوار سیوەیلی و ئەم قەڵەمە، عەبدولخالق یەعقووبی. لە ڕوانگەی ئەمانەوە، ئەوە گوتاری (کۆی سیستەمی ھزری، مەعریفی، زمانیی) شیعری نالی-یە کە دەبێت بکەویتە ناوەندی سەرنجەوە، نەک تەنیا موفرەداتی شیعری و سەنگوسووککردنی ڕستەکانی. لە خوێندنەوەی گوتارناسانەدا نالی چیتر تەنیا شاعیری مەعریفەیەکی تایبەت (تۆ بڵێ حوجرەیی) نییە، بەڵکو شاعیرێکە فرەمەعریفە کە مافی ئەوەی ھەیە لە سەر ھەموو جیھان و کاینات وەدەنگ بێت، و تەنانەت جاروبار ھێڵی سووری ئەو مەعریفەیەی تێێدا گۆشکراوە ببەزێنێت (بڕوانە شیعری "مەستوورە کە حەسناو و ئەدیبە بە حیسابێ..."). دیارە گۆشەنیگای نوێ و جیازواز بۆ خوێندنەوەی نالی، و ھەر شاعرێکی تریش، ھەمیشە بۆی ھەیە بێتە ئاراوە، و جیھانی ڕەخنەکاریی و شیکاریی ئەدەبی جیھانێکی سنوورنەناس و زەمەنپەڕێن و شوێنبەزێنە.

هاوڵاتی: لە ڕابردوودا ھەریەکە لە مامۆستایان (مەلاعەبدولکەریی مودەرەس و مەسعود محەمەد) زۆریان لەسەر شەرحی نالی نوسیوە، پێتان وایە کێماسیەکانی ئەو نوسینانە لەکوێدایەو دەکرێت لە نێوان تێڕوانینی ئەو دوو نوسەرەدا ئێمە نالیەکی نوێ بناسین و بخوێنینەوە؟

- لە سەر خوێندنەوەی مەلا عەبدولکەریم و کوڕەکانی، سەرباری ئەوەی دەسپێشخەرانە و بوێرانە بووە، چەند تێبینی و ڕەخنەم ھەیە. یەکەم، ئەوان لە زۆر جێگادا نالی وەکو شاعیرێک لە دوورگەیەک بە تەنیا دەبینین. ئەمە بەو ھەڵانەدا دەردەکەوێت کە بۆ ساغکردنەوەی ھەندێک لە وشە شیعرییەکانی نالی-دا بە سەریاندا تێپەڕیوە. بۆ نموونە، لە پیشینەی شیعری کلاسیکی فارسی وشەی "مل" [مول] (شەرابی ترێ) وشەیەکی ناسراو و زۆر بەکاربراوە، بەڵام ئەوان بە "مل"ی دەخوێننەوە (مەجلیسێکی چەمەن و بولبول و بەزمی گوڵ و مول / بە دووسەد مەدرەسە و دەرس و کیتابی نادەم). دووھەم، زۆرجار ھەوڵ دەدەن ژیانی نالی لە سەر بنەمای شیعرەکانی ساغ بکەنەوە، وەکو ئەوەی بڵێی جیھانی شیعریی جیھانێکی پڕفاکت و بێگرێوگۆڵ و و ڕاستەقینەی مێژووییە و ھەموو دیڕەشیعرێک راستەوخۆ دەربڕی واقیعەکانی ژیانی داھێنەرەکەی. بۆ وێنە، ھەڵوێستیان بۆ پرسی ژندار یان بێژنبوونی نالی بە پێی لێکدانەوەی ئەو شیعرانەی کە ناوی "حەبیبە"یان تێدا ھاتووە نیشاندەری ئەوەیە ئەوان شیعر وەکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوڕاستی ژیانی شاعیر دەبینین، نەک جیھانێکی سەربەخۆی پێکھاتوو لە پەیڤ و گوتار، کە ھەڵبەت بێبەری نییە لە ژیانی شاعیر خۆی، بەڵام کۆپیی دەقاودەقی ژیانی شاعیریش نییە.  

لەولاوە، مەسعوود محەمەد بۆ خوێندنەوەی نالی چەند ھەنگاوێک ھاتۆتە پێش و گەلێک جار نالی لە زەمینەی شیعری جیھانی دەوروبەریدا دەخوینێتەوە، و لە ھەمان کاتیشدا لە شیکردنەوەی جوانیناسانە نیزیک دەبێتەوە. دوو سەرنجم لە سەر شیکردنەوەکانی ئەو نووسەرە ھەڵکەوتەیەشمان ھەیە. یەکەم، مەسعوود محەمەد بۆ شیکردنەوەی شیعری نالی زۆر قورسایی و گرینگی بە رستە شیعرییەکان دەبەخشێت، و زۆر جار شیکردنەوەکانی دەبن بە شەرحی موفرەداتی شیعری نالی، نەک جیھانبینی و ھزری نالی. ھەر ئەوەشە وای کردووە کتێبی نایابی "دەستەودامانی نالی"یەکەی زیاتر ڕاستکردنەوە و ساغکردنەوەی شەرحەکەی مەلا عەبدولکەریم بێت نەک شەرحێکی نوێی لە سەر بنەمای  تێڕوانینێکی جیاواز. دووھەم، مەسعوود محەمەد لە شیکردنەوەکانی خۆیدا، زۆرتر لە "چەپکێک لە گولزاری نالی"، ھەندێک جار خواستی ڕەخنەکارانەی خۆی دەخاتە پێش پێدراوەکانی دەقی نالی. واتە، بارێکی قورسی چەمکی و واتایی دەخاتە سەرشانی شیعری نالی، کە لە ڕاستیدا ئەو مەفھووم و مانایانە ڕێتێچوو نین، بەڵام ئەو، وێدەچێت لە سۆنگەی خۆشەویستیی ڕادەبەدەری بۆ نالی، ھەوڵ دەدات وەکو واتای شیعری نالی بیانسەلمێنێت/بیانسەپێنێت. (نموونەکانی ئەو ھەوڵەی ئەوم لە وتاری "بژاری مژاری نالی ناسانەی مەسعوود محەمەد" ھێناوەتەوە(.

پێشنیاری من بۆ خوێندنەوەی نوێی نالی، وەکو پێشتریش باسم کرد، خوێندنەوەی گوتارناسانەیە، خوێندنەوەیەک کە شیعر وەکو گوتار و ڕەوتێکی مەعریفیی مێژووکرد دەبینێت، نەک تەنیا تەتەڵەکردنی بەلاغی یان وشەناسانە لە رەوتێکی دوورەپەرێز لەمێژوو. بۆ وێنە، چاو لەم شیعرەی نالی بکەن:

نالی عەجەب بە قووەتی حیکمەت ئەدا دەکا/ مەعنایی زۆر و گەورە بە لەفزی کەم و بچووک

چەند سەدە پیش نالی حافیزی شیرازی ئەمەی نووسیوە:

بیا و حال اھل درد بشنو / بە لفڤ اندک و معنی بسیار

(وەرە و گوێ بۆ حاڵی ئەھلی ئازار بگرە/ بە لەفزی کەم و مانای زۆر)

تێگەیشتن لەم شیعرەی نالی و شیکردنەوە و چێژلێوەرگرتنی و باسکردن لە شوێندانان و شوێنوەرگرتنی شیعریی نالی بە بێ گەڕانەوە بۆ گوتاری شیعری کلاسیکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی شیعری کلاسیکی فارسی ئەستەمە. بۆیە پێویستە نالی بخرێتە نێو یەکەیەکی گەورەتری شیکردنەوەوە، کە ئەویش گوتارە.

هاوڵاتی: پێم وابێت ئێوە پرۆژەیەکی نوێتان لەسەر نالی ھەیە دەکرێت بزانین ئەو پرۆژەیە چیە؟

عەبدولخالق یەعقووبی: من ئێستا کتێبێکم لە سەر شیکردنەوەی شیعری نالی ئامادەیە بە ناوی "ئاشنای سیڕڕی قەڵەم"، کە ھەوڵ دەدەم بەمزوانە چاپی بکەم (لە سایەسەری دۆخی داڕووخاوی چاپەمەنیی کوردستان بۆ کاری جیددی، بەمزووانە لە یەک ساڵەوە دەگرێتەوە تا سێ سال!). ئەم کتێبەم پێکھاتووە لە چەند ڕەخنەی پراکتیکی لە سەر شیعری نالی و وتوێژێکی درێژیش لە بابەت ھزر و جیھانبینیی نالی. پڕۆژەی ترم شیکاریی شیعر بە شیعری دیوانی نالییە لە سەر بنەمای لێکدانەوەی گوتارناسانە، کە سەرەتا بە شێوەی دەنگیی ئامادەی دەکەم و پاشان دەیکەم بە دەقی نووسراویش. ئەم کارە پەلەی لێ ناکەم و بەکاوەخۆ، مانگان و ساڵان، لەگەڵی دەژیم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار