ئیتر قسە ئەکەم.. (٣)

6 ساڵ لەمەوپێش



عەبدولڕەزاق شەریف

سەرگەرمی نوسینەوەی بەشی سێیەمی قسەکانم بووم، ھەواڵی دانیشتنی پەرلەمان و تێپەڕاندنی یاسای (کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان- عێراق‌ و ھەمواری شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسەندکردنی دەستور)م بیست. بەناچاری چومەوە سەر وردەکاری کۆبونەوەیەکی تەموزی پارساڵی جڤاتی نیشتمانی، کە دوای تێپەڕبونی یاسای ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم، بەشێکی کۆبونەوەکە بۆ چۆنیەتی نوسینی ئەو پرۆژەیە و چۆنیەتی دەنگدانی فراکسیۆنەکەمان لەناو پەرلەمان، تەرخان کردبوو.

- لەنێوان حزب‌ و ھێز‌و دەوڵەتە رکابەرو دوژمنەکاندا، پەن‌ و کڵاوی ئیستیخباراتی کارێکی تازە نییە، پارتی بەم یاسایە کڵاوێکی لەوجۆرەی بە ھەر رێگەیەک بێ کردوەتە سەرمان، داوای لێکۆڵینەوە ئەکەم، نابێ ئەمە بەبێ لێکۆڵینەوە تێپەڕێت.

ئەم قسەیەم دوای مشتومڕی ئەندامەکانی جڤات لەسەر جەلسەی پەرلەمان‌ و سیفەی ئیستعجال‌ و تێپەڕاندنی ئەو یاسایە کرد.

ئەوکاتە عەڕابەکانی نوسین‌و تێپەڕاندنی رەشنوسەکە، ھیچیان لە کۆبونەوەکەدا نەبون، بۆیە جەلال جەوھەر کە نوێنەری ژوری حکومەت‌و پەرلەمان بو، بە دو بەھانەی لاواز وەڵامی دایەوە:

- دەرفەتێک ھاتوەتەپێشەوە، لە سیاسەتدا ئەبێ ئەو دەرفەتانە ئیستیغلال بکرێن. یاساکەش ھەمو ئەندامانی ژورەکەی ئێمە بینیویانەو رەزامەندبون.

بەدوای قسەکانیدا، لە کۆبونەوەکە چومە دەرەوەو خۆم گەیاندە دکتۆر بایەزید (کە مەسئولی گۆشەی پەرلەمان بو لەھەمان ژوری تایبەتمەند). قسەکانی جەلال جەوھەرم بۆ گێڕایەوەو وتم:

-دکتۆر چۆن ھەڵەیەکی وا بەسەر ئێوەدا تێپەڕیوە ؟

-دەک رووی وای لێ بێت !، راست ناکا، من لە تەلەفزیۆنەوە بیستومە، ئامادەم بێم لەبەردەم ھەمو جڤات ئەم قسەیەی پێ بڵێم.

ماوەیەکی کورت‌ و دکتۆر بایەزید دەستی لە کاروباری ئەو ژوورە کێشایەوە.

دوای بێ ئومێدبونم لەوەی بیانەوێ‌و بتوانن لێکۆڵینەوە بکەن، لای خۆمەوە کەوتمە پرس‌و بەدواداچون‌و وەرگرتنی قسەی ھەمو ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بەو دۆسێیەوە ھەیە، گەیشتمە ئەم راستیانە:

ئەندامانی ھەردو جڤات بەھیچ شێوەیەک ئاگاداری رەشنوس‌ و پێشکەشکردن‌و تێپەڕاندنی ئەو یاسایە نەبوون.

ژوری حکومەت‌ و پەرلەمان بەھیچ شێوەیەک ئاگاداری رەشنوس‌ و پێشکەشکردن‌و تێپەڕاندنی ئەو یاسایە نەبووە.

ژوری یاسایی (کە ئەرکێکی سەرەکی بریتییە لە داڕشتن، یان پێداچونەوە یاخود رەزامەندی لەسەر ھەمو ئەو پرۆژە یاسایانەی کە بزوتنەوەکە پێشکەشیان دەکات) بەھیچ شێوەیەک ئاگاداری رەشنوس‌ و پێشکەشکردن‌ و تێپەڕاندنی ئەو یاسایە نەبووە.

رێکخەری گشتی بەھیچ شێوەیەک ئاگاداری رەشنوس‌ و پێشکەشکردن‌ و تێپەڕاندنی ئەو یاسایە نەبووە.

تێگەیشتم حەقیقەتی حیکایەتەکە بەمشێوەیە بووە:

عەلی حەمەساڵح کە لە پەرلەمانیشدا نە سەرۆکی فراکسیۆن‌ و نە لە لیژنەی یاسایی بووە، رەشنوسی یاساکەی لەگەڵ دکتۆر یوسف‌ و لە ژورێکدا شەن‌ و کەو کردووە، چۆن ھێناویەتی‌ و کێ پێی داوە ؟! ئەمەیان رەنگە وەڵامەکەی لای خۆی بێ، بەڵام کاتێ بۆ تایپکردن، یەکێک لە کۆمپیوتەرەکانی ژوری یاسایی بەکارئەھێنن، بەرێکەوت دکتۆر ئیسماعیلی رێکخەری ئەو ژورە ئەیبینێ‌ و ھەر بە چاوخشاندنێ بە رەشنوسەکەدا، بەسەرسوڕمانەوە ئەڵێ: ئەمە چییە ؟!، ئەگەر بۆ پێشکەشکردنە؟ ئاگاداربن، ھەم ھەڵەی زۆری تێدایە، ھەم کارەساتە.

خانەی راپەڕاندن بەجیا‌ و تەنانەت مامۆستا جەلالیش، لای منیش‌ و چەندین کەسی تر وتبوویان "نەمانخوێندوەتەوە"، بەڵام دکتۆر یوسف لە وەڵامی ئەواندا ئەیوت " راست ناکەن، من لەو گروپەدا، کە لەگەڵ ئەندامەکانی خانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ھەمانە، رۆژی پێشتر دامناوە و کەسیان ھەڵوێستیان نەبووە و مامۆستا جەمالیش دەستخۆشی لێکردووم"، چاتەکانیشی پیشانی زۆر کەس ئەدا، لە وەڵامیشدا ئەندامانی خانە ئەیانوت" فریای خوێندنەوەی نەکەوتوین".

لە ھەمو حاڵەتەکاندا کەس خۆی بە خاوەنی نەکرد‌و یاساکە تەنانەت بێ رەزامەندی کۆمەڵی ئیسلامی (کە ھەتا ئەوکاتە بەھۆی ھەڵوێستەکانیانەوە پەیوەندمان لەگەڵیاندا بەھێز بو، بەبێ پرس‌ و گفتوگۆی ئەوان ھیچ رەشنوسێکمان نەخستبووە پەرلەمانەوە) دەنگی پێویستی ھێنابوو ‌و تێپەڕی بوو، ئەم گفتوگۆیانەی ئێمە کەپنەکی دوای بارانی کەتنەکە بوو.

پارتی لە زمانی فازل میرانییەوە وتیان" پرۆژەکەی گۆڕان بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی، لەوەی پارتی باشتر‌و جوانتر بوو".

یەکێتی لە زمانی مەلا بەختیارەوە وتیان" گۆڕان کارێکی کرد، ئێمەیان لەو ئیحراجییە رزگار کرد کە ساڵانێکە تێی کەوتبووین".

شوباتی ئەمساڵ‌ و کاتێ جڤاتی نیشتمانی کۆبوەوە، بەھەمان شێوازی ساڵی پار لە ئێوارەدا، تەوەری سەعاتی کۆتاییان بۆ (بڕیاری رێککەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموکراتی کوردستان) تەرخانکرد. سەید عومەر دیسانەوە بە موداخەلەیەکی من قوشقی بوو:

- من ھەرگیز دژی رێککەوتن‌ و موساڵەحە نیم، چەندینجار خۆم پێشنیازم کردوەو لەم قۆناغەدا بۆ کورد لە ھەمو شتێ گرنگترە، بەڵام ئەوەی پارتی لەگەڵ ئێوە کردویەتی رێککەوتنی سیاسی نیە، چونکە ئەو خاڵانەی رێککەوتنەکەو ئەو پۆستانەی وەرگیراوە بەپێی ئەو قسانەی مامۆستا جەلال دەیکا،  تەنیا ئاشتبونەوەی ئەندامانی وەفدەکەمانە لەگەڵ پارتیدا بۆ چەند پلەو پۆستێکی خۆیان‌و ھیچی تر، ئەمە ئاشتبونەوەی پارتی‌و گۆڕان‌ و دەنگدەرەکانیان نییە، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە مەسعود بارزانی‌ و سەید عومەر تائێستا یەکتریان نەبینیوە، عورف وایە رێککەوتن‌و موساڵەحەی نێوان دوو ھێز دەبێ سەرکردەی یەکەمی ھەردوولا ھەم یەکتری ببینن‌ و گفتوگۆ بکەن‌ و ھەم دواجار ئەوان ئیمزای بکەن، مەسەلەی ئیعتیزار ھێنانەوەی پارتیش بۆ دادگاییکردنەکەی کاک نەوشیروان، بۆ یەکەم دانیشتنمان دەبوایە مەرجی سەرەکی ئێمە بوایە، ئەمە ھەنگاوی یەکەمی موساڵەحەی راستەقینەی نێوانمانە، رەنگە پارتیش ھەندێک نیگەرانی ھەبێ کە پێویست بکات ئێمە داوای لێبوردنی لێبکەین.

سەید عومەر ھەستایە سەرپێی‌و بە توڕەبونەوە وتی:

-تۆ لە تەلەفزیۆنیشا ئەم قسانە ئەکەی، ئێمە ھیچ رێککەوتنێکی سڕیمان لەگەڵ پارتی نەکردووە، ھەر ئەمەیەو ھێناومانەتە ناو جڤاتەوە، ئەتوانن دەنگی پێ نەیەن.

-کاک عومەر تەنیا یەک کەسیش نییە لەم جڤاتەدا گومانی لەوە ھەبێ‌و نەزانێ لە ساڵی پار‌و لە ھەمواری یاسای سەرۆکایەتییەوە، گروپێکی گۆڕان‌و پارتی خەریکی ئەم رێککەوتنەن ؟!

زیاتر لە ٤٠ ئەندامی جڤات لە کۆبونەوەکەدا بون‌و جگە لە دکتۆر یوسف‌و عەلی حەمەساڵح (کە لەدوای ھەڵبژاردنەکانەوە بونەتەوە بە ئەندامی جڤات) کەسی تر بە نەخێر وەڵامی نەدامەوەو ئەوانیش بە ھەراو زەنا تەئکیدیان کردەوە کە رێکخەری گشتی دورو نزیک ئاگاداری تێپەڕاندنی یاسای ھەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم نەبوە، سەیر لەوەدا بو، سەید عومەریش وا بەرگری ئەکرد، وەکو ئەوەی خۆی یاساکەی نوسیبێتەوەو تێیپەڕاندبێ !

رۆژی ٨ی ئەم مانگە، کە یاسای (کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان- عێراق‌و ھەمواری شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسەندکردنی دەستور) تێپەڕی، لام گرنگ نەبو لە پەرلەمان چی ئەگوزەرێ، خاڵ‌و مادەکان چین‌و چۆن گفتوگۆ‌و دەنگیان لەسەر ئەدرێ، خەریکی بەدواداچونی کاردانەوەی ھاوڕێکانمان لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و ناوەندە رۆشنبیری‌و سیاسییەکەدا بووم.

دکتۆر محەمەد عەلی: ئەم تەسلیمبونە موتڵەقەی گۆڕانی گردەکە بە ئیرادەی پارتی، ھیچی لە ئاشبەتاڵی ٧٥ کەمتر نییە.

کاوە محەمەد: چ شەرمێکی گەورەیە ئەمڕۆ لە ھەموو کاتێک زیاتر ھەرێم لە دەستی پارتیدایە.

مەجید ساڵح لە KNNوە: پارتی وتویەتی ئێمەش بەرنامەکانی نەوشیروان مستەفا جێبەجێ دەکەین.

عەلی حەمەساڵحیش خەتاکەی خستە ملی خەڵک‌و وتی:" با خەڵکی کوردستان ٤٥ کورسی نەدایە بە پارتی".

حاکم شێخ لەتیف: پەرلەمانی کوردستان نێریش ئەدۆشێ.

ئاراس فەتاح: پارتی بۆ دروستکردنی حکومەتەکەی‌و سیستمە سیاسییەکەی، ئەو ھێزە سوڵتانییانەی ھەڵبژارد کە ھەم ھاوشێوەی مۆدێلەکەی خۆین‌و ھەم متمانەی پێیانە.

ئەبوبەکر ھەڵەدنی: ئەمڕۆ ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ دوبارە بوەوە.

ئەبو کاروان: پارتی‌و گوڕان لە ئەنجامی سەفقەیەکی تەسکی حزبیانەی ھەردو لایەن، لەسەر پلەو پۆست رێککەوتن.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد: ئاخر چۆن دەبێت لە سیستمی پەرلەمانیدا کە عورف وایە دەسەڵاتی سەرۆک تەشریفی بێت، ئەوەی کوردستان لە ئەسکەندەری مەکدۆنی‌و جەنگیزخان زیاتر دەسەڵاتی پێبدرێت..؟.

عارف قوربانی لە KNNەوە: بزوتنەوەی گۆڕان لە ھەمو لایەنەکانی تر راستگۆتر بو.

رێبوار کەریم وەلی وتویەتی: ئەمجارە پارتی بە مەبەست‌و بۆ دروستکردنی جێپێیەکی قایم لە سلێمانی، گۆڕان وەکو ئەسپی تەڕوادە بەکاردێنێ.

ئاریان فەرەج رو لە خوێندەوارەکانی نەیاری پرۆژەی ٥٠ ساڵی رابردوی پارتی دەکات‌و دەنوسێ:" ھەڵوەستەیەک بکەن‌و پرۆژە سیاسییەکەی پارتی بە کۆی پرۆژە شکستخواردو و ھەڵوەریوەکانی دیکە بەراورد بکەن".

ئەمەی ئاریان، دەربڕینێکی راستگۆیانەی ناخی پارتی‌و ھەنگاوەکانیەتی، کە ھەر لەسەرەتای گفتوگۆکانەوە بەمەبەستی شکاندنی ئیرادەی ئەو رەوتە مێژوییەو نەیارەکانی پارتی، ناویەتی، بەوەی دورخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردە مەرج‌و لە یادی ١٧ی شوبات‌و یادی سەردەشت عوسماندا، سەردانە گرنگەکان‌و رێککەوتنەکانی لەگەڵ گۆڕاندا ئیمزا ئەکات‌و دواجاریش کە لە تێپەڕاندنی ھیچ یاسایەکی ھاوشێوەدا‌و لە پەرلەماندا مەسەلەی خوێندەوار‌و نەخوێندەوار نەخراوەتە دەنگدانەوە، کە دیارە ھەر بەشێکە لە شکاندنی ئەو ئیرادە شەعبەوییەی گۆڕان بەرامبەر بە پارتی دروستیکردبو، بەدڵنیایی ھەنگاوی تریش بۆ ئایندە بەڕێوەیە، دەبێ‌و دەبوایە ھەرگیز ئەو قسەیەی نەوشیروان مستەفا لەبیر نەکەن کە ئەیوت" ئێمە شەڕی ئیرادە ئەکەین".

بۆ بیرخستنەوە

کێشەی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی‌و لەناویدا یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، لە ساڵی ٢٠٠٥وە جەوھەری ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی‌و پارتی بو، لەدوای ھەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵەوە، شەش مانگ پەرلەمان لەسەر ئەو کێشەیە داخرا، ھەمان سیناریۆ لە ساڵی ٢٠١٦دا‌و لەسەر ھەمان مەسەلە دوبارەبوەوە، ھەر ئەمەش جەوھەری ناکۆکییەکانی (نەوشیروان مستەفا‌و تاڵەبانی) بو، کە دواجار گەیشت بە جیابونەوەو دواتر لە نوسینێکی دورودرێژدا, بەناوی (پرۆسەی پێکھێنانی سەرۆکایەتی ھەرێم) نەوشیروان مستەفا بە درێژی باسی دەکات‌و ئەڵێ مام جەلال تەنیا لەبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەسەر لاشەی ھاوڕێکانیدا رێککەوتنی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی لەگەڵ مەسعود بارزانی کرد.

 

باشترین سەرچاوە بۆ ئەوەی خوێنەرو خەڵکی کوردستان لە بیروباوەڕی نەوشیروان مستەفا‌و ھەڵوێستەکانی سەبارەت بە مەسەلەی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی‌و سەرۆکایەتی ھەرێم تێبگەن، گەڕانەوەیە بۆ ئەم نوسینە. ئەو سەردەمەش ئەم گروپەی خانەی راپەڕاندن (خڕ) لە تەرەفی مام جەلال بون‌و دژی بیروباوەڕەکانی نەوشیروان مستەفا بوون.

جارێکی ترو دوای ئەوەندە ساڵ، دیسانەوە پارتی‌و مەسعود بارزانی زیرەکانە ئامانجی وەفدی دانوستانکاری گۆڕانیان بۆ ئایندەی حوکمڕانی خوێندەوەو یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمیان وەک دوبارەبونەوەی ھەمان سیناریۆ بە چەند پلەو پۆستێکی شەخسی، لە رێککەوتنێکدا بە وەفدی دانوستانکار جێبەجێکرد، تەنیا جیاوازی لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە، تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا لە مەعریفەی سیاسی‌و رۆشنبیری‌و توانای شەخسی خۆیانەوە ھەڵوێست‌و بڕیاریان بە باش‌و خراپ ئەدا، بەڵام ئەم گروپەی "خڕ" لەدوای مەرگی کاک نەوشیروانەوە لە غیابی  مەعریفەو توانایاندا، لە پشتی دەرگایەکەوە دانیشتوون‌و بڕیارەکانیان لەڕێگەی کەناڵی ترەوە پێ ئەدرێت، بۆ سەلماندنی ئەمەش، باشترین نمونە ئەم حیکایەتەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمەیە، کە ئەو گروپە بەسەر لاشەی نەوشیروان مستەفا‌و گۆڕانخوازاندا تێیانپەڕاند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار