دەبێ مرۆڤ كێ بێت؟
ئەم ڕۆمانە دەبێتە هەڵگری جۆرێك لە تێڕامانی فەلسەفیو رۆشنگەری بۆ تەمەنی مرۆڤ لەو جیهانەی تێیدا دەژی
6 ساڵ لەمەوپێش
نەجات نوری
(سعود ئەلسنعوسی) لەم دەقەدا (قەدی بامبۆ) كە (رەنجدەر جەبار) بە كوردیەكی باشو بە وەرگێڕانێكی ورد كردویەتی بە كوردیو ناوەندی رەهەند بڵاوی كردۆتەوە لە ساڵی 2019دا... بە شوێن كێ دا دەگەڕێت؟ (سعود ئەلسنعوسی) دەیەوێت لە كێ ئەو پرسیارە بكات كە مرۆڤ دەبێت كێ بێت؟ ئەو كاتانەی كە نوسەرێك دەقێك دەنوسێت لە قوڵایی دەقەكەیدا ئەو كەلێنانە بەو پرسیارانە پڕدەكاتەوە كە دەبێت خوێنەران بتوانن ورد وەڵامی بدەنەوە ئەگەر نا ئەوا هیچ لە دەقەكان تێناگەن، ئەمە دەكاتە نیشانە بۆ ئەو نوسەرانەی كە دەزانن دەقی ئەدەبی دەقێكی سەرپێیو بچوك نیە، ئەوانەی لە قوڵایی دەقی ئەدەبی تێدەگەن دەزانن كە دەقە گەورەكان دەبنە هەڵگری پانتایەكی پڕ لە ماناو وێنە بۆ مرۆڤ، مرۆڤ لە هەموو دەقە گرنگەكاندا ئەو خاڵە دیارەیە كە نوسەرەكانیان پێوەی سەرقاڵ دەبن.
قەدی بامبۆ راستە دەبێتە دەقێكی ئەدەبی پڕ لە ماناو وێنەی گرنگ بۆ مرۆڤە جوداكانو خوێندنەوەی بەهایی ئەو مرۆڤانە لە ناو رۆژگارە ترسناكو نائومێدكەرەكاندا، بەڵام بە دیوەكەوی ترشیدا دەبێتە هەڵگری جۆرێك لە تێڕامانی فەلسەفیو رۆشنگەری بۆ تەمەنی مرۆڤ لەو جیهانەی تێیدا دەژیو بەشوێن خۆیدا دەگەڕێت، ئەو جیهانەی كە زۆركات بۆ مرۆڤ دەبێتە دۆزەخی هەمیشەیو تێیدا لەگەڵ مەینەتیەكانی خۆیدا بەردەوامی دەدات بە ژیان، ژیانێك كە دەبێتە وێرانەی رۆحو ئاواتەكانی، ئەو مرۆڤانەی كە لەناو نیشتمانو خاكو خێزانی خۆیاندا دەبنە هۆكاری گەلێك لە گێڕانەوەی كوشندە بۆ تێڕامان لە مرۆڤو ویستو ئیرادەیان... ئەم دەقە لەگەڵ ئەوەی كە دەقێكی ئەدەبیە بەڵام لەمە دەردەچێتو لەژێر وردكردنەوەی دەیان بیرو وێنەو پرسیاری قوڵدا دەبێتە كتێبێكی رۆشنگەری گرنگ بۆ وەڵام دانەوەی هەموو ئەو پرسیارە ونبوانەی كە لەدەوری رۆحی مرۆڤ لە جیهاندا دێنو دەچن، كاركردنە لەسەر گێڕانەوەیەكی وردی ناو كایە رۆشنگەریەكان بۆ نا ئومێدیو بیری مرۆڤ لە تەمەن جیا جیاكانداو بیری ئەو خێزانە ستەمكارانەی كە سەرمایە كردونی بە رۆحێكی شومو تێكشكێنەر لە زۆر لای ئێمەداو جگە لە رۆحی شومی خۆیان ئیتر لایان گرنگ نیە كێ هەیەو كێ نیە. لەگەڵ هەر بەشێكی ئەم رۆمانەدا كە پڕە گێڕانەوەی وردو فەنتازییانە بۆ ژیانی مرۆڤ و ئایندەی بە جۆرێكی تر ئەو تێڕامانەیش لەخۆ دەگرێت كە لەگەڵ هەر رۆژگارێكدا با رۆژگاری رۆشنگەریو پێشكەوتنو روناكیش بێت بەڵام تاكەكانی كۆمەڵگا لە زۆرلای دونیادا دەبنە تاكێك كە هەمیشە گیرۆدەی ناو ئەو عەقڵ و بیرو ناوەندە كوشندانەن كە هیچ رێگای رزگاریان بۆ تێدا نادۆزرێتەوەو لەگەڵ ململانیە سەختەكاندا دواجار سەردەنێنە سەر ئازارەكانی خۆیانو دەبنە قوربانی خەونە تاریكەكانی ئەو بەناو مرۆڤانەی كە لە زۆر شوێن وەكو دڕندە بڵاوبوونەتەوەو هێزی بێ نەوایانو ژیانیان رادەماڵن. ئەم دەقە تێڕامانە بۆ بیرو ئەخلاقی زۆر خێزانو تاكو دەسەڵاتداران لە نیشتیمانە جیاوازەكاندا، لەو قوڵایەدا كار دەكات كە ورد ورد دێنە رێگەمانو لێوەی دەبێ بە شوێن ئەو كایە نادیارانەدا بگەڕێین كە ئایا مرۆڤ بۆ دەبێت بەم جۆرە بكرێتە قوربانی ئەو هەستە شومو گڵاوانەی كە هەموو وادەزان هەر خۆیان خودا خوڵقاندوونی.
قەدی بامبۆ وەكو دەقێكی ئەدەبی كاركردنە لەسەر برینی ئەو مرۆڤ گەلەی كە لە زۆر شوێن چیرۆكەكانی ژیانیان ون بووە، بەمەش دەكرێت هەریەكەمان یەكێك بین لەو مرۆڤە بریندارو سەرگەردانو بێ لانانەی كە دەبنە بەركەوتەی ئەو ئیرادە پیسانەی نایانەوێت كەسانی تر وەكو خۆیان بژینو هەمیشە بە سوكو قێزەون لە خوار خۆیان دەڕوانن. سیمای (عیسا) لەم دەقەدا هەڵگری دەیان خوێندنەوەی وردو بێ وەڵامە بۆ نائیسنان بوونی ئەو كەسانەی كە هەمیشە كاریان پەراوێزخستنی كەسانی تربووە لە رۆژگارە جۆربەجۆرەكاندا بە لەژێر زۆر بیانوی بێ ماناو پوچ دا... عیسا لێرەدا دەبێتە ئەو رۆحەی كە دەكرێ رۆحی زۆركەسی تریش بێت، رۆحێك كە هیچ نیشتیمانێك بۆی لەخۆ ناگیرێت، ململانیەدەكات بۆ ئەوەی بە راستی ئەو پرسیارە بگات مرۆڤ بۆچی دەگەڕێت؟ مرۆڤ بوون لە رۆحو روخساری عیساوە لەلای نوسەر ئەم دەقە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە بەشوێن زۆر بوونی مرۆڤی ونبووی تردا بگەڕێت تابە ئەو وەڵامە دەگات دەبێ مرۆڤەكان كەی لەم رێگا هەڵەو كوشندانە كۆڵبدەنو وەكو مرۆڤ لەیەكتری بڕوانن نەك وەكو كۆیلەو خاوەن ماڵو سەرمایەدارو نۆكەر.بەشی سەرەكی ئەم دەقە پرسیارە بۆ بوونی مرۆڤ لە نێوان دوو كەلتوری هێجگار جیاوازدا، لە نێوان دوو نیشتمانو دوو خێزانی هێجگار دوور لەیەكتریدا بە جیاوزای بیرو كەلتورو ئیمانیانەوە... لەم رێگایەوە ئەم دەقە خوێنەران دەباتە سەر ناسنامەی ئەو مرۆڤانەی كە وەكو عیسا دەبێ لە كوێدا جێگەیان ببێتەوە، دەبێ نیشتمانو خێزانیان كوێ بێت؟ دەبێت لە كوێدا وەكو مرۆڤ بە هەقو ئیرادەو بوونی خۆیان بگەن؟ تێكڕا دەقە گەشتێكی پڕ لە مەرگەساتە بۆ ناسینەوەی رۆحی ئەو مرۆڤانەی كە رەنگە ئێمە درەنگ بە ئازارەكانیانمان زانیبێت، راوەستانە بۆ كاركردنی ئەو بیرە قوڵەی تا مرۆڤ وەكو مرۆڤ ببینین نەك وەكو نۆكەرو زۆڵو بێ وڵاتو بێ خێزان... مرۆڤ لەم دەقەدا مرۆڤێكی تەواو شێواو بێ بیرو بێ وەڵامە بۆ خۆیو لەگەڵ چارەنوسی خۆیدا لە جەنگێكی نەبڕاوەدایە تا بە مەرگی دەگات، لەگەڵ جەنگە جیاوازەكاندا كەوتوونەتە وێزەی رۆحی خۆیانو یەكتری وێراندەكەن لەپێناو ئەوەی كە ئەمیان خاوەن پارەو موڵكو نیشتمانەو ئەویتریشیان نۆكەرو كارەكەرو كۆیلەو بێ وڵاتو بێ پارەیەو بێ ناسنامە یە ، ئەم جەنگە شومە بۆ ئەمڕۆ لەم دەقەدا دێژەی هەیە خوێندنەوەیەكی وردی دەرونیانەیە بۆ رۆحی ئەو ئینسانانەی كە لە جیهاندا خراونەتە پەراوێزی هەموو بەها مرۆیەكانەوە، دەقەكە لەگەڵ هەموو ئەو وێنە جیاوازانەی كە هەڵگری چەندن خوێندنەوەی قوڵە بۆ ژیانو مرۆڤ و ئایندەیان تێڕامانیشە بۆ ئەخلاقیەتو بیرو وەیشومەی ئەو كەسانەی كە بیر لە هیچ ناكانەوە جگە لە ویستو داهاتی خۆیان نەبێتو لەسەر رێگای نا مرۆڤ بوونی خۆیان كەسانی تر دەخەنە دۆزەخی ژیانەوە. ئەم دەقە لەگەڵ رۆحی زۆركەسدا دەجەنگێت تا دەیخاتە ناو سەدان پرساری ئەو تۆوە كە دەبێ مرۆڤ بۆچی لەم ئاستانەدا ببنە هەڵگری ئەو دونیا مەرگ هێنەرەی كە جیاوازی دەخەنە نێوان بوونو ژیانو مافیانەوە. ئەم دەقە بەتانیا لە خاڵی جەنگی نێوان كارەكەرێكی فلیپینی وەكو ژنو ماڵباتێكی مشەخۆرو سەرمایەداردا رامان ناگرێت بەڵكو لەو خاڵەدا بەجێمان دەهێڵێت كە مرۆڤ بۆخۆی رێگایەكی هێجگار هەڵەی لە پێناو زۆرشتی پوچدا گرتووەو مرۆڤایەتی خۆی پیسو ناشیرین دەكات، قوڵایی ئەم رۆمانە جەنگی مرۆڤە جیاوازەكانە لە پانتایی رۆژگارێكدا كەپێی دەڵێن رۆژگاری مۆدرێن بەڵام بۆ زۆركەس تاریكو كوشندەو پوچ كە نەك ئەم رۆژگاری مۆدرێنە نەبۆتە هۆكارێك بۆ رزگاری بەشێكی زۆری مرۆڤایەتی بەڵكو زۆر مرۆڤی تێدا بەرەو سەرگەردانیو مەرگ دەبرێت، لێرەوە نوسەری ئەم دەقە لەوەدا رامان دەگرێت كە خوێندنەوەی مرۆڤو كارەكانی وا بەئاسانی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بۆ ئێمە شیكاری ناكرێتو ناتوانین بە دیدێكی ئومێدبەخشانەوە تێدا بۆ ئایندەی مرۆڤ بڕوانین. دەقەكە هەڵگری دیدێكی نوێ یە بۆ مرۆڤ وەكو دەبینین لەنێوان كارەكەرەكاندا چ ڤلیپینی بێت یان هەر رۆحێكی تر لەگەڵ خێزانی (راشد تاروف)دا دەبنە دوو هۆكاری دژ بەیەكی كوشندە بۆ ناسینی خێزانەكان لە دوو كەلتوری گەلێك دوور لەیەكدا كە دەبێت لە دەقەكەدا بە وردی بەشوێن ئەودا بگەڕین كە تا ئەم رۆژگارەش پارەو دەسەڵات چەند گران رۆحی مرۆڤی كردووە بە رۆحێكی كوشندەو تاریك. چەند مرۆڤ ئاوا لەنێوان وڵاتەدا نەدارو سەرمایەدارە شومەكاندا لە نێوان خێزانە بەدبەختەكانو خێزانە دەوڵەمەندە كوشندەكاندا هەمیشە لە چاوەڕوانی دەربەدەریو مەرگدا بێ وەڵام لە دونیای تاركی خۆیان دەڕوانن.