به‌یان بۆمبا: پێیان وتووم لە کۆمیدیادا هیوایه‌کیت بۆ کوردستان

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: شاناز حهسهن

بهیان مهحمود بۆمبا لهقۆناغى سهرهتاییهوه بهکارى هونهرى دهستى پێکردووه، ئێستا له وهزارهتى سهرپهرشتیارى هونهره و 32ساڵه لهو بوارهدا خزمهتى ههیه، تائێستا زیاتر له 95 کارى هونهرى کردووه. گلهیى زۆرى له حکومهت ههیه و دهڵێت وابڕوات بیر لهوه دهکاتهوه بچێته دهرهوهى وڵات، لهکاتێکدا خۆى به موڵکى میللهت دهزانێت.

هاوڵاتی: کهى دهستت به کارى هونهرى کردووه؟

بهیان مهحمود بۆمبا: لهساڵى 1974 خوێندکارى سهرهتایى بووم، کارى منداڵانم کردووه و له چالاکى خوێندنگاکاندا بهشداربووم، ههندێکجار خۆم دهقهکانم دهنوسى و دهمانکرد به شانۆگهرى، دواى ئهوه چوومه چوارى ئامادهیى و ماڵهوه حهزیان  نهدهکرد بچمه پهیمانگاى هونهره جوانهکان، وتم دهبمه مامۆستا، چونکه زۆر حهزم لێ بوو، بهڵام دواى ماوهیهک ماڵهوه ڕازى بون و فۆرمم پڕ کردهوه و چوومه پهیمانگاى هونهره جوانهکان، لهو کاتهدا کچیان زۆر پێویست بوو.

هاوڵاتی: لهئێستادا بهچییهوه سهرقاڵیت؟

بهیان مهحمود بۆمبا:  ئێستا خوێندکارم له بهشى سینهما و کارى سینهماى زۆر کاریکى جوانه و حهزم کرد نواندن لهکارى سینهمایش بکهم.

هاوڵاتی: دهرکهوتنى ژن لهو سهردهمهدا چۆن بوو؟ توشى ڕهخنه دهبوویتهوه؟ بهتایبهت لهو کاتهدا که رۆڵى ژن کهم بوو؟

بهیان مهحمود بۆمبا: لهساڵى ههشتاکاندا ڕۆڵى ژن زۆر کهم بوو له بوارى هونهردا. که ژنێک ببینرایه تۆمهتى خراپى دهدرایه پاڵ و به باش باس نهدهکرا، تهنانهت ژنێکى دراوسێمان خوێندهوار بوو موههندیسه بوو، پێى دهگوتم ناترسى بتکوژن تۆ کارى شانۆى دهکهیت، وتم بۆ ئهمکوژن چیم کردووه، بۆیه یهک ههفته ترسام، بهڵام وانییه چونکه کهسێک هونهر بکات زیاتر ئاگاى له شهخسیهتى خۆیهتى وهک له کهسێکى ئاسایى.

هاوڵاتی: کارى دراماى کۆمیدى و تراژیدیا دهکهیت، کامیان لهگهڵ خۆتدا باشتر گونجاوه و حهزى خۆته؟

بهیان مهحمود بۆمبا: لهسهرهتاى کارکردنم به تراژیدیا دهستم پێکرد. لهم ساڵانهى کۆتایدا، پێیان وتم تۆ بۆ کارى کۆمیدى زۆر باشیت، بۆ نایکهیت، یهکهم کارى له تیپى هونهرى گهزیزه کارم کرد، ههموو کاتێک باسم کردووه که گهزیزه  عومهر و ماهیر حهسهن داوایان لیکردم بۆ کارى کۆمیدى و بۆیه لهوهدا خۆم دۆزییهوه و حهزم پێیهتى.

هاوڵاتی: کارى کۆمیدى گرانتره یاخود کارێکى تراژیدیا؟

بهیان مهحمود بۆمبا: من له هیچیان ناترسم و کارهکانم و ئهزمونهکانم بهڵگهى ئهوهن  که دهتوانم له کارێکى کۆمیدى و تراژیدیا شدا سهرکهوتوو بم.

هاوڵاتی: مهرجى تۆ چییه وهک ژنێک بۆ بهشدارى کردنت له کارێکى هونهرى؟

بهیان مهحمود بۆمبا: من له کارێکدا یهک ئهکتهرم به دڵ نهبێت دهورى تێدا نابینم. زیاتر ئهو ئهکتهرانهم خۆش دهوێت که مڵکى میللهتن و خهڵک خۆشى بوێن.

له ڕوى حیوارهکانیشهوه به دهست خۆمه گۆڕانکارى تێدا دهکهم و له حیوار دهردهچم بهتایبهت کۆمیدى، چونکه تراژیدیا پێویسته دهقاو دهق دهقهکان لهبهر کهیت و بیڵێیت.

 هاوڵاتی: کارى ڕیکلامى بۆ حهزى خۆت دهکهیت؟ یان بۆ دهست کهوتنى داهات؟

بهیان مهحمود بۆمبا: بێگومان بۆ دهستکهوتنى داهاتە، چونکه من خۆم و کچهکهمین پێکهوه دهژین. پێویسته بژێوى خۆمان دابین بکهم.

هاوڵاتی: پێشنیارى ههموو کارێکى ڕیکلامیت بۆ بکرێت ڕازى دهبیت؟

بهیان مهحمود بۆمبا: ههموو کارێک نا، گرێبهستهکهى کهم بێت ڕازى نابم، چونکه من ههقى خۆى پێدهدهم.

هاوڵاتی: وهک بینهرێک چێژ له درامایهکى بیانى دهبینى یان درامایهکى کوردى؟

بهیان مهحمود بۆمبا: دراما ههیه بهریتانى و ئهمریکى حهزم لهوانهیه، بهڵام حهزم له زنجیره تورکیهکان نیه، چونکه لهئاستى ئێمهدا نیه و لهگهڵ کلتورماندا ناگونجێت. درامایهکم حهز لێیه کاریگهرى ههبێت لهسهرم.

هاوڵاتی: تائێستا چهند کارى هونهریت کردووه؟

بهیان مهحمود بۆمبا: ڕاستى کارهکان زۆره، چونکه کارى درامى و شانۆیشم کردووه. نزیکهى 95بۆ100کارم کردووه، کارى شانۆیم زیاتره.

هاوڵاتی: کارى شانۆى قورس تره یاخود کارکردن له کارێکى درامى؟

بهیان مهحمود بۆمبا: دراما قورس نیه بۆ من، چونکه بههرهى خۆمه و  ئاڵودهبونى خۆم واى لێکردوم ئاسان بێت بۆم، بهڵام کارى شانۆى سروشتى ئهکتهره،  تواناى ئهکتهرى تێدا دهردهکهوێت.

هاوڵاتی: چ کارێکت زۆر خۆش دهوێت؟

بهیان مهحمود بۆمبا: ههموو کارهکانم لا خۆشهویسته و  ئهو کاره  زۆر خۆش دهبینم که بچێته ناو خهڵکهوه، چونکه کارهکان بێ خهڵک بۆ خۆم هیچ کاریگهرى نیه، پهتریپۆت و ئهوانهى که لهگهڵ ماهیر حهسهن م زۆر کاردانهوهى باشیان ههبووه و خۆشم دهوێن.

هاوڵاتی: لهکارکردن لهگهڵ چ ئهکتهرێک زۆر مورتاحیت؟ بهکارى چ ئهکتهرێک سهرسامیت؟

بهیان مهحمود بۆمبا: ئهکتهر وهک گۆرانیبێژێکى دهنگ خۆش وایه، که چێژت لێبینى کهواته ئهو دهنگه خۆشه، نواندنیش بهو شێوهیهیه که چێژى لێببینم، ههم بۆ کارکردن ههم بۆ بینهر بون چێژى لى دهبینم و مورتاح دهبم، بۆیه ناتوانم ئهکتهرێک دهستنیشان بکهم

هاوڵاتی: وێنهى زۆرت دهبینرێت لهگهڵ ماهیر حهسهن؟

بهیان مهحمود بۆمبا: ماهیر حهسهن وهک برایهکمه و هاوڕێى  تهمهنمه.

هاوڵاتی: وهزارهتى ڕۆشنبیرى تاچهند هاوکارى تۆى کردووه و تاچهند هاوکارى هونهرمهندان دهکات بۆ کارێکى هونهرى؟

بهیان مهحمود بۆمبا: تائێستا هیچ هاوکارى منى نهکردووه. ئێستا سهرقاڵى کارێکى هونهرین، خۆمان ئهگهڕێین و پشگیرى بۆ ئهدۆزینهوه، کهسێک خۆیان مهبهستیان بێت بۆئهوهى سهرف دهکهن.

هاوڵاتی: پێتوانیه کهمتهرخهمى وهزارهتى ڕۆشنبیرییه که کارى جوان کهمبووەتهوه؟

بهیان مهحمود بۆمبا: کار کهمنهبووەتهوه و کارى شانۆگهرى ههر زۆر زۆریشه، کارى هونهرى دهکرێت و بهڵام داواى پارهیان لى دهکهیت، له وهڵام دا پێت دهڵێن، ئیمه پاره له کارى زهخم ئهدهین وهک فیستیڤاڵ که هیچ سودێکى بۆ میللهت نییه.

هاوڵاتی: تائێستا خۆت داواى سپۆنسهریت له کێ کردووه بۆ کاره هونهریهکانت؟

بهیان مهحمود بۆمبا: لهم رۆژانهدا داواى سپۆنسهریم له پارێزگارى سلێمانى کرد، نهیداینێ، پێشم وت من عاجزم، بۆ پارهت نهیامێ، وتى ئێوه له تڵپهکهدا داواى پاره لهمن دهکهن، بهڵام تڵپهى چى تازه مانگى چوار بوو، خۆ کۆتایى ساڵ نیه تا تڵپهکهى بێت، بهوه زۆر دڵم شکا.

هاوڵاتی: کهمى سپۆنسهر نابێته ئهوهى دهست و پێی هونهرمهند ببهسترێت و کارى هونهرى کهمبێتهوه؟

بهیان مهحمود بۆمبا: هونهرمهند تهنها به قسه ڕێزى لێدهگیرێت، به کردهوه نه پشگیرى دهکرێت نه ڕێزى لێدهگیرێت. ههر هونهرمهندێک که ڕیزى لێگیرا، پێویسته حزبى بیت و ئهنجا کارت بۆ دهکرێت. بهداخهوه ئهوه لهناو ههموو چین و توێژێکدا ههیه و حزب دهسهڵاتداره. لهو کاتهشدا ئهبێت حزب شتێکت بۆ بکات، ئهوانهى حزبیشین هیچ یان دیار نیه و  لاى خهڵک خۆشهویست نین، حزبى بون بۆ هونهرمهند زۆر ههڵەیه، چونکه هونهرمهند موڵکى میللهته.

هاوڵاتی:  کارت بۆ دهرهوهى وڵات نهکردووه؟

بهیان مهحمود بۆمبا: زۆرجار داوایان لیکردووم له بهغداوه و له میسرهوه پێیان وتوم، وهک کۆمیدیا هیوایهکیت بۆ کوردستان. وتویانه وهره لهگهڵ ئێمه کار بکه، وهختى خۆى کاک نهوشیروان پێی وتم تۆ هیواى کۆمیدیاى کوردیت له ژندا، بۆیه پێویسته هیوایهک بم بۆ ئهم وڵاته. پێموایه پێویسته کار بۆ میللهتى خۆم بکهم، بهڵام  بههۆى ئهم ڕێز نهگرتن و کهمتهرخهمییانهوه بیر لهوه دهکهمهوه، بڕۆمه دهرهوهى وڵات.

داواى فیزایهکم له حکومهت کردوه بهم شێوهیه وهڵامیان دامه‌‌وه«پێیان وتم بۆ دێیتهوه؟» وایانزانى من قاچاخچیم و مناڵم، بڕۆم و نهیهمهوه. من  وتم ئهچم سهیرێکى فیستیڤاڵ و کاره هونهرییهکانى ئهو وڵاتانه بکهم. بۆیه بێزارم و هیچ مان بۆ ناکهن  و پهستم لهم دهسهڵاته، نه ئهیان بینیت و نه وهڵامت ئهدهنهوه ئێمه تهنها داواى پشگیرییان لێدهکهین بۆکارى هونهرى داواى شوقه و ڤێلایان لێناکهین، ئهبوایه سوپاسمان بکهن، ئێمه خهڵکهکه سهرقاڵ بکهین بهکارێکى هونهرى.

هاوڵاتی: چ رۆڵێک له خۆتهوه نزیکه؟

بهیان مهحمود بۆمبا:  ئهو ڕۆڵانهى تائیستا بینیوه زۆر دوورن له خۆمهوه و من کهسایهتیهکم زۆر بوێرم و تاقهتى درۆ و چاڵههڵکهندنم نیه، لهخۆمهوه سهیرى هونهرمهندان دهکهم ههمویانم خۆش دهوێت، کهسایهتى بێدهنگم، ههموو کهسێکم خۆشدهوێت.

هاوڵاتی: بههۆى چ کارێکتهوه توشى ڕهخنه بویتهوه؟

بهیان مهحمود بۆمبا:  ههموو کارێک ڕهخنهى ههیه، هیچ کارێک بێ ڕهخنه نیه، یهکهم جار لهگهڵ پهتریپۆت کارم دهکرد، زۆر پێیان دهوتم توخوا ئهوه ئیشه تۆ ئهیکهیت و دواى کاردانهوهى زۆر باشى ههبوو لهناو خهڵکدا به هیچ رهخنهیهک ناڕووخێم که  درووستیشم نهکات.

هاوڵاتی: بهرنامهیهکى تایبهتتان ههبوو لهگهڵ بهیان زهریفى؟ بۆ کۆتایى هات؟

بهیان مهحمود بۆمبا:  من خۆم هیلاک بووم و وازم هێنا لهو بهرنامهیه، حهزیشم دهکرد ئهکتهرى تر بێته ناو بهرنامهکهوه.

هاوڵاتی: کارى تازهت چییه؟

بهیان مهحمود بۆمبا:  کارێکمان ههیه وهک بهرنامهى بهرنامه بۆ کهناڵى سپێده، کارێکى کۆمیدیه که لهلایهن کۆمپانیاى بابلیۆنهوه پێشنیار کراوه و لهئیستادا تهنها ئهکتهرهکان دیارى دهکرێت.

هاوڵاتی: یادهوهرییهکى خۆش لهکاتى کاره هونهرییهکانت؟

بهیان مهحمود بۆمبا:  ههموو وێنهگرتنێک لهگهڵ ماهیر حهسهن و پهتریپۆت یادهوهرییهکى زۆر خۆش بووه له ژیانمدا که دوباره نابێتهوه.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار