وه‌ک چۆله‌که‌یه‌کى شین له‌ ئاینده‌دا به‌جێماوم

6 ساڵ لەمەوپێش



داستان به‌رزان

سوێند به‌ برین، که‌ هه‌ڵهات ئاوابوونى بۆ نییه‌، ئه‌م دڵۆپه‌ خوێنانه‌ نامۆنین به‌ من، هه‌رکات ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ناو شکست، به‌شتێک خۆمى لێ ده‌رباز ده‌که‌م، من ژیانم کێشه‌ى گه‌وره‌ى نییه‌، من ژیانم ژانى گه‌وره‌ى هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ندێک خواریدا، ئه‌مجاره‌ به‌نیازم به‌ کۆدائین ئه‌و ژان و خوارییانه‌  چاره‌سه‌ر بکه‌م، واته‌ شکست به‌ شکست.

 

 باشبوو نه‌مردم

هاتنه‌ قسه‌ ئه‌و برینانه‌ى به‌ده‌ستى ئێوه‌

له‌سه‌ر گیانم ڕووێنراون و

شاهیدن به‌سه‌ر خراپی ئه‌م ڕۆژانه‌مه‌وه‌.

 

من هاتووم پێتان بڵێم: ڕێزى برینى خۆتان بگرن

برینه‌کانتان گه‌نجینه‌تانن.

مرۆڤه‌ برینداره‌کان شوێنیان به‌رزاییه‌کانه‌

له‌ برینه‌کانتانه‌وه‌ سه‌یری دونیا بکه‌ن

که‌ توانیتان ئه‌وه‌ بکه‌ن

خه‌م بۆ شادى ناخۆن که‌ نیتانه‌.

بڕۆن سه‌یری ده‌رگاکانتان بکه‌ن

دڵۆپه‌ خوێنى شینى منه‌ ڕه‌نگى کردوون

ئێستا تاقه‌تم نییه‌ بۆتانى باس بکه‌م

مچوڕکه‌یه‌کى کۆدائین له‌ گیانمدایه‌ و

ده‌مه‌وێت بۆ هه‌میشه‌ تێمدابێت

ده‌چمه‌ سه‌ر په‌ڵه‌یه‌ک هه‌ور و

خه‌ون به‌ ڕۆژانێکه‌وه‌ ده‌بینم

که‌ منیش باسی دونیام ده‌کرد.

 

بۆ خۆشیی مه‌گه‌ڕێن له‌ هیچ کوێ نییه‌

به‌هه‌شتیش ته‌نیا وشه‌یه‌که‌ به‌ هه‌موو زمانه‌کان ده‌نووسرێت و ده‌گوترێت

خوداش دووره‌

خودا زۆر زۆر دووره‌

به‌وه‌دا بزانن که‌ مرۆڤ ته‌نیایی خواردوویه‌تى

ته‌نیایی سواری مرۆڤ بووه‌

ته‌نیایی ئاژدادى مرۆڤى گاوه‌.

 

شادییه‌کانتان بشارنه‌وه‌

ڕۆژگارێک تێکه‌وتووین شادییمان خه‌ڵکى توڕه‌ ده‌کات

برینه‌کانتان نمایش بکه‌ن

بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵکى ده‌ست به‌سه‌رتاندا بهێنن و

دڵسۆزانه‌ خوێ به‌ برینه‌کانتاندا بکه‌ن

ئه‌مه‌یه‌ مرۆڤى ئه‌م ڕۆژگاره‌.

 

ئه‌گه‌ر له‌ باره‌ى شێواندنى ژیانه‌وه‌ زانیاریت نییه‌

واز له‌م شیعره‌ بێنه‌، باشتره‌ له‌وه‌ى ته‌واوى بکه‌یت

ته‌نیا سه‌رئێشه‌ت بۆ دروست ده‌کات

چون ئه‌م شیعره‌ بۆ ئه‌وانه‌یه‌ ژیانیان ده‌ڕشێنه‌وه‌

به‌ قورسی خۆیان له‌ په‌تاکه‌ى ڕزگار ده‌که‌ن و

به‌ ژه‌هری ڕۆژه‌کانیان شه‌ربه‌تى نائومێدى ده‌گرنه‌وه‌.

 

 ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نت بیست و پێنج ساڵه‌ و پێت وایه‌ گومان نه‌خۆشییه‌

ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نت سی ساڵه‌ و خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینى گۆمه‌ڵگا لێت ڕازی بن

ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نت چل ساڵه‌ و تاکو ئێستاش که‌سێک هه‌یه‌ له‌ سه‌روته‌وه‌ داده‌نیشێت

ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نت په‌نجا ساڵه‌ و ئومێد به‌ ساڵانى ڕابردووت ده‌خوازى

ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نت شه‌ست ساڵه‌ و به‌نیازى زیاتری

ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نت حه‌فتا ساڵه‌ و سه‌ما بۆ مردن ناکه‌یت

ئێستا واز له‌م شیعره‌ بێنیت باشتره‌ له‌وه‌ى ته‌واوى بکه‌یت

چون تۆ پێویستت به‌ که‌سێکه‌ ئیش له‌ بیرکردنه‌وه‌کانتدا بکات

پرسیار مه‌که‌ بۆچی؟

تۆ بیرکردنه‌وه‌کانت له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ ده‌ڕۆن

به‌ دارشه‌ق ڕێده‌که‌ن خه‌یاڵه‌کانت

هیچیان لێ سه‌وز نابێت ئه‌ندێشه‌کانت

یه‌عنى ئه‌مه‌وێت پێت بڵێم: تۆ به‌جێماوى فاریزه‌ تۆ فه‌وتاوى.

 

مرۆڤ زیاد له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێک پێویستى شینایی ئاسمانه‌

به‌ بریقانه‌وه‌ى گه‌ڵای سه‌وز له‌به‌ر تیشکى خۆردا

به‌ ده‌نگى خوڕه‌ى ئاو له‌ شاخێکى به‌رزه‌وه‌

به‌ باران و به‌فر و ته‌رزه‌

به‌ به‌رد و گیا و ئه‌ستێره‌

به‌ دارستان و

ڕێگا چێنراوه‌کان به‌ ئه‌ڤین

به‌ گوڵی گه‌نم و

تامی هه‌نگوین

تامى تووى وشک و

تامى قه‌زوانى ته‌ڕ

بۆنى نارنج

بۆنى کاڵه‌ک و

بۆنى خه‌یار

ڕه‌نگى که‌له‌رمى مۆر و

ڕه‌نگى سێوى سه‌وز و

ڕه‌نگى شه‌رابی سور.

 

ده‌ستت له‌سه‌ر پارچه‌یه‌ک سه‌هۆڵ دابینێ و

بیر له‌ چیا سه‌هۆڵینه‌کان بکه‌ره‌وه‌

ده‌ست بخه‌ره‌ ناو جامێک ئاو و

بیر له‌ قوڵپدانى کانى بکه‌ره‌وه‌

ده‌ستت بخه‌ره‌ سه‌ر ڕووى گه‌ڵایه‌ک و

بیر له‌ باغه‌کان بکه‌ره‌وه‌

ده‌ستت بخه‌ره‌ سه‌ر مێزێکى ته‌خته‌ و

بیر له‌ دره‌ختێکى ناو جه‌نگه‌ڵه‌کان بکه‌ره‌وه‌

ده‌ست بخه‌ره‌ به‌ر دڵۆپه‌ بارانه‌کان و

بیر له‌ زه‌ریاکان بکه‌ره‌وه‌

ده‌ستت بخه‌ره‌ سه‌ر ده‌نکێک لم و

بیر له‌ بیابانه‌کان

بیر له‌ ته‌قینى دڵی تۆوه‌کان

له‌ درزبردنى هێلکه‌ و

هاوار و ناڵه‌ى ساتى زاین بکه‌ره‌وه‌

(بیکه‌ره‌وه‌ بیرت وه‌کو زنجیری پانتۆڵه‌که‌ت)

 

به‌ کۆدائین ئه‌م ڕۆژانه‌م بزمار ڕێژ ده‌که‌م

به‌ ته‌نافی شه‌وه‌کانى سلێمانیدا هه‌ڵیان ده‌واسم

من ده‌مه‌وێت بڕۆم و پشت بکه‌مه‌ ئه‌م شاره‌

من ده‌مه‌وێت بڕۆم و تف بکه‌مه‌ ئه‌م هه‌واره‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار