جوانترین ژنی ڕاکشاو
6 ساڵ لەمەوپێش
بەختیار حەمەسوور
قۆناخی ئامادەیی بووم، لە ئامادەیی سلێمانی کوڕان. پشت پاڵاس. ئەم قوتابخانەیە لە مێژووی ئەم شارەدا جێیەکی تایبەتی هەیە، چەندین کەسی دیار و بەناوبانگی سلێمانی، قۆناخی ئامادەییان لەم مەکتەبەدا تەواو کردووە. یەکێکە لە قوتابخانە هەرەکۆن و قەدیمەکان، لە ساڵانی ١٩٢٤ – ١٩٢٥ دامەزراوە. من ئەزموونێکی خۆشم لێرە نەبوو؛ لە گەڕەکە خوارەکانی شارەوە بەرەو ئێرە بەڕێ کەوتم، هەر کە لێرە چاوم کردەوە، چواردەورم لە چینە بەرز و هەبوو و ڕاقییەکان بوون، نامەوێ ئەم حەکایەتە تاڵە بگێڕمەوە، وەک چۆن نامەوێ یادەوەرییەکانی تریش بگێڕمەوە، پلانم داناوە بە زنجیرە ئەم قۆناخە بنووسمەوە، دانە بە دانە. بە تەنیشت ئەم حەکایەتانەوە، حەکایەتی جددیەت و بەپرەنسیپ و بەرپرسیارێتی، وەک خەسڵەت و سیما و ناسنامەیەک ئەم مەکتەبەی پێ دەناسرایەوە، ئەمە زۆر ئازاری دەدام، دەیڕەنجاندم، بەردەوام ماندوو و وەڕزی دەکردم، بە هەموو توانامەوە دەمخوێند، دەکۆشام و دەجۆشام، لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر بەناڕەحەت دەردەچووم؛ زۆرترین هەوڵم دەدا، بە کەمترین ئەنجام.
لە پۆلی چوار بووم، چوار دەی ئێستەیە. ئەوکاتە بەشی ئەدەبی و عیلمی لە پۆلی پێنجەوە جیا دەکرانەوە، لە چواردا، تێکەڵەیەک لە هەردوو بەشەکە دەخوێنرا. چواربڕین ئاسان نەبوو. دوای نیوەی ساڵ، مامۆستایەکمان بۆ هات، ناوی مامۆستا ئامانج جەبار بوو، پیاوێکی بەژن ڕێک و بۆشناخ، چاویلکەلەچاو و جددی، وردبین و بێ بزە، خۆی وەک مامۆستای هونەر و شێوەکاری ناساند، لەو کاتە و دواتریشدا، وانەی هونەر، لە پاڵ وانەکانی وەرزش و موزیکدا، لە وانە فەرامۆشکراوەکان بوو، کە هەمیشە بەر ڕێست و فەراغ دەکەوت، یان لەبریی، وانەیەکی تر دەگوترایەوە، لە زۆر حاڵەتیشدا دەخرایە وانەی کۆتاییەوە و نەدەخوێنرا و دەڕۆیشتینەوە. هاتنی ئەو مامۆستایە پێچێکی خستە ئەم ڕێسایە و وانەی وێنەکێشانی کرد بە وانەیەکی سەرەکی، سووربوو لەسەر ئەوەی وانەکە چۆن لە جەددوەلدا هەیە، وا بخوێنرێ و گرنگی تەواویشی پێ دا. هەموو ئەمانەی لە یەکەم وانەدا گوت. حەفتەی جارێ وانەکەی ئەومان هەبوو، دەهات و بە کۆمەڵێک قسەی تازە و نەبیستراوەوە، لە حاڵەتی حەپەسان و دەمکردنەودا، جێی دەهێشتین. جارێ لەگەڵ هاتنەژوورەوەیدا، گوتی: «سەرو پەڕەی سپی دەربێنن، بە دڵی خۆتان پڕی بکەنەوە، بە هەرچییەک کە دەتانەوێ؛ گرنگ پڕ و ڕەشی بکەنەوە.» و دەنگی دڕان و لێکردنەوەی پەڕەکان لە دەفتەر، بۆ ساتێک سەدایەکی ناجۆر و خشەخشکەری لە هەوای پۆلەکەدا سازاند و هەر زوویش لە هەمان هەوادا توایەوە. دواتر مامۆستا ئامانج بەسەر ڕیزەکاندا ڕەحلەبەڕەحلە دەستی بە گەڕان کرد و پاش وردبوونەوەیەکی کەم بەڵام قووڵ، لەناو ئەو پەڕە ڕەشکراوانەی بەردەمماندا، شتی سەیروسەمەرەی دەدۆزییەوە. ئێستە کە ئەم دێڕانە دەنووسم بیری ئەو قسە بەناوبانگەی شێوەکار و پەیکەسازیی ئیتاڵیی، مایکڵ ئەنجیلۆ کەوتوومەتەوە؛ کە ڕۆژێک لە تەماشاکردنی گاشەبەردێکدا گوتوویەتی: «ئەسپێک لەناو ئەم گاشەبەردەدا گیری کردووە، دەبێت ڕزگاری بکەم.» و دواتر جوانترین پەیکەری ئەسپی خۆی و سەردەمی ڕۆنیسانس لەناو دڵی گاشەبەردەکەدا دەردەهێنێت. ئەمە دەلالەت لە درک و هەستی قووڵ و وردبینیی هونەرمەند دەکات، کە دەتوانێت لە کەلاوەیترین و شپڕێوترین جێیەکاندا کاری هونەریی دانسقە کەشف بکات و بدۆزێتەوە. بەهەرحاڵ، مامۆستای هونەرەکەی ئێمەیش شتێک لەو نابیغەبوون و درککردنە وردەی تێدا بوو؛ بەوەدا کە ئەو هەموو ژن، پیاو، مناڵ، ئەسپ، باڵندە، کانی و... لە پەڕە شپڕێو و شپرزەکانی ئێمەدا دەرهێنا، کاتێکیش گەیشتە ڕەحلەکەی من و لە تەنیشتم دانیشت، وانەکە بەرەو کۆتایی لێژ دەبووەوە. کەمێک لە پەڕەکەم ورد بووەوە، پەڕەیەک، کە دەتگوت پشیلە شەڕی تێدا کردووە، داینا و گوتی: «چی تیا دەبینی؟» بزەیەکی ساکارم کرد و گوتم: «هیچ.» گوتی: «چی هیچ!» گوتم: «وەڵڵا نازانم.» گوتی: «کوڕی باش، تۆ جوانترین ژنی ڕووتت کێشاوە، کە لەسەر گازەرای پشت لێی ڕاکشاوە!» حەپەسام و گوتم: «چۆن؟» گوتی: «قەڵەمەکەتم بەرێ.» و دامێ. هەندێ لە خەتە خوارەکانی منی تۆخ کردەوە و جوانترین ژنی لەناو دڵی ئەو پەڕە پڕکراوە بە هێڵ و خەتی لەخۆوەکێشڕاو و بێسەروبەرەدا دەرهێنا. زەنگ لێی دا و وانەکە کۆتایی هات، بەڵام ئەو چرکەساتە چون بیرەوەرییەکی سەوز کۆتایی نەهات و نایەت. وەک وەفایەک بۆ ئەو مامۆستایە نزیکی پازدە ساڵە ئەم وێنەیە و ئەم لاپەڕەیەم هەڵگرتووە، ناڵێم بێوەفاییم نەکردووە و بێوەفا نەبووم، بووم و هەم، بەڵام لە ئاست ئەم مامۆستایەدا، دەتوانم کەمێک بە تۆنێکی بڵند بڵێم: «نا، نەبووم و نیم.» پاش ئەو ڕووداوە چەند جار هەوڵم دا وێنە بکێشم و شکستم خوارد، بە ئێستەیشەوە، هەر پەڕەیەکی ڕەشکراوە بە شەڕەپشیلە دەبینم، دەزانم ژنێک، پیاوێک، مناڵێک، ئەسپێک، باڵندەیەک، کانییەک و... گیری کردووە و دەبێت دەربهێنرێت، بەڵام من دەستم ناگاتە قووڵایی و دڵی پەڕەکان و تێپەڕ دەبم.