بۆ یەکەم جار کارێکی ئۆرکێسرالی دانەرێکی کورد لە ئۆرکێسترای سیمفۆنی تۆرۆنتۆ دەژەنرێت.
5 ساڵ لەمەوپێش
ئۆرکێسترای سیمفۆنی تۆرنتۆ یەکێکە لەئۆرکێسترا گەورەو شایستە ئەکادیمییەکانی جیهان لەئاستی ئۆرکێسترا بەنێوبانگەکانی ئەمریکاو کەنەدا-دایەو ساڵانە بەبەشداری چەندین موزیکدانەرو کۆمپۆزەرو موزیکژەنی بەتوانای کەنەدیو جیهانی چالاکییە هونەرییە ئەکادیمییو جیهانییە بەرزەکانی پێشکەشدەکات.
لەدرێژەی چالاکیە هونەریاکانی هونەرمەندی مۆسیقادانەرو پیانۆژەنی کورد نەورۆز تەنیا، ڕۆژی 27ی ئەپریل لەسەر شانۆی Roy Thomson Hall سەمای کوردی ژمارە 1ی نەورۆز تەنیا لەنێو کۆمەڵێک کاری جیهانی پێشکەشدەکرا. دەربارەی چۆنێتی بەڕێوە چونی ئەم کارەش ئەم دیدارەمان لەگەڵ مۆسیقادانەرنەورۆز تەنیادا ئەنجامدا.
سازدانی: شاخەوان سدیق
هاوڵاتی: ڕۆژی 27ی ئەپریل لەسەر شانۆی Roy Thomson Hall سەمای کوردی ژمارە 1 کۆمەڵێک کاری جیهانی پێشکەشدەکرا، پەیوەندی تۆ لەگەڵ ئەم کارانە چی بوو؟ ئایا هیچ کارێکی ئێوە پێشکەشکرا لەو چالاکیەدا؟
نەورۆز تەنیا- من وه‌ك موسیقادانهرێكی كه‌نه‌دی به‌شداریم كرد و نوێنه‌ری دانهرهكهنهدیەكانم كرد، Kurdish Dance پارچه موسیقایهك بو له ساڵی یه‌كه‌می خوێندنم نوسیم و دواتر له‌زۆر بۆنهداو له چه‌ند زانكۆیه‌ك پێشكه‌شكرا.ئۆركێسترای سیمفۆنی تۆرۆنتۆ دوای هه‌ڵبژاردنی كاره‌كه‌ی من له‌ناو زیاترله ١٠ كاری موسیقا دانه‌ره كه‌نه‌دیه‌كان په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردم و بۆ من چركه‌ساتێكه كه وشه‌م نیه وه‌سفی بكه‌م چه‌نده دڵخۆشبوم پێی. چه‌ندجارێك به‌ختی ئەوه‌م هه‌بوه تۆرۆنتۆ سیمفۆنی كاره‌كانی منیان خۆیندوتهوه، بۆ موسیقا دانه‌ر ئەوه شتێكی زۆر گرنگه چونكه پێش هه‌مو مامۆستایه‌ك باشترین ڕێگاكه فێری نوسینی موسیقات بكات ئەوه‌یه كه خۆت له ڕێگای پراكتیكیه‌وه فێری ده‌بیت. كۆنسیرتهكه ٣ جار پێشكه‌شكرا و جگه له ئاماده‌بوانی ئاسایی زۆربه‌ی قوتابخانه‌كانی تۆرۆنتۆ قوتابیه‌كانیان هێنابو بۆ ئاشنابون به ستایڵهجیاوازهكانی سه‌ما له جیهان.
هاوڵاتی: وەک دەزانی ئەم پڕۆژە هونەرییە پێشتر لە ئۆرکێسترای بەناوبانگی سیمفۆنی نۆڤاسکۆشیا پێشکەشکراوە و لەهەمان کۆنسێرتدا داواکراوە بۆ جاری دووەم پێشکەشبکرێتەوە. هۆکاری ئەمە چی‌بوو بۆ داوای دوبارەبونەوەی کرا؟
نەورۆز تەنیا- له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی په‌نابه‌رێكی زۆر هاتنه كه‌نه‌دا، من وه‌ك خۆبه‌خش له ڕێكخراوی دۆكتۆرانی بێ سنور كارده‌كه‌م، له ڕێی ئەوانه‌وه پێیان وتم كه كۆنسێرتێك بۆ په‌نابه‌ره تازه هاتوهكان ده‌كرێت و پێیان خۆشببو كاره‌كه‌ی منیش له‌وی پێشكه‌شبكرێت. لهوكۆنسیرته چیرۆكی هاتن و خوێندن و ژیانی من باس كرابو، بۆ په‌نابه‌ره‌كان چیرۆكێك بو زۆربه‌یان خۆیان تیا ده‌بینیه‌وه هه‌ربۆیه له‌بری هه‌ركارێكی تر سه‌مای كوردیم نارد. ده‌زانم ژیانی داهاتویان له‌باشترین سیناریۆدا به ئەستهمی گەوره تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام وه‌ك هانا ئەرنێت ده‌ڵێت ''گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كان ماناكانمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن به‌بێ ئەوەی ئەو هه‌ڵه‌یه بكات پێناسه‌یان بكات". بۆ من مۆسیقا هه‌ندێك جار ڕۆڵی گێڕانه‌وه ده‌گێڕێت به‌بێ ئەوەی مه‌به‌ستی بێت, هه‌ندێك جار من وای ده‌بینم موسیقا وه‌ك هه‌ر فۆرمێكی تری هونه‌ر ده‌توانێت بتخاته گریان له‌كاتێكدا یهكزهڕه دڵته‌نگی وه‌ك وه‌سیله‌یه‌ك به‌كارناهێنێت. مه‌به‌سم له‌وه‌یه كه كاره‌كه‌ی من مۆسیقای سه‌مایه له‌گه‌ڵ ئەوه‌ش له‌ناو خۆیدا چیرۆكی ئەستهنگی بێوینه له سه‌رله‌به‌ری پێكهاته‌كه‌دا هه‌یه، ئەوه‌ی سه‌رنجڕاكێشه گوێگره‌كان هه‌مویان ئەمه‌یان نه‌بینی ته‌نیا ئەوانه بیستیان كه سوێی به‌جێهێشتنی نیشتیمانیان چه‌شتوه. ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئەوەش كه كاره‌كه‌ی من ته‌واو بو چه‌ند ئامادهبویهك هاواریان كرد Agian Agian Again. كه ڕوانیمه ڕوخساریان له مه‌زاجی دڵخۆشی نه‌بون وه‌ك ئەوه‌ی موسیقاکە (پێشنیاری ده‌كات) به‌ڵكو ئەیان ویست گوێیان له‌و ئاستهگانهیانه بێته‌وه كە بینیبویان یان به ڕێوه‌یه بیبینن. بۆ هه‌موو دانهریكی موسیقا خه‌ونێكی گه‌وره‌یه داوابكرێت كاره‌كه‌ی بژهنرێتهوه.
هاوڵاتی: وەک بینرا لەو مۆسیقا دانەرانەی ناویان لەو کۆنسێرتە هێنرابوو Dvorak, Schostakovitch, Tchaikovsky و چەندین دانەری دیکە لەپاڵ ناوی ئێوەدا هاتبو کە ئێوە موزیک سیان و موزیکدانەری کوردن. چۆن لەگەڵ ئەم موزیکدانەرانە ئاشنا بویت و کۆبونەوە؟
نەورۆز تەنیا- من ئەو دانهرانهم له مناڵیمه‌وه ناسیوه، و دواتر له ڕێی خوێندنهكهمهوه به وردی له‌سه‌ریان خوێندومه، هه‌ر من نا زۆر كات ڕو ده‌دا، بینینی ناوی خۆت له پاڵ ئەو ناوانه‌دا هیچ نیه جگه له‌وه‌ی ئەوه پیشان ده‌دا كه تۆ چیتر ئەو په‌نابه‌ره ته‌نیایه نیت كه كه‌س نایناسێت تۆ ناوێكیت شایانی گوێ لێگرتنیت و چیتر گوێگر وه‌ك شتێكی سه‌یر لێت ناڕوانێت به‌ڵكو وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ری پارچه‌یه‌كی به‌نرخی هونه‌ر لێت ده‌ڕوانیت، بۆ من ئەوه زۆر زۆر گرنگه.ڕه‌نگه پرسیاره‌كه ئەوه بێت كه‌ی و چۆن ده‌گه‌یته ئەو ئاسته‌ی له ئۆركسترایهكی جیهانی ناوت له‌گه‌ڵ ئەو ناوانه بنوسرێت، بۆ ئەوه‌ش ڕه‌نگه وه‌ڵامم دابێته‌وه له پرسیاره‌كانی تر
هاوڵاتی: وەک دەزانی پێشتر لەم ئۆرکێسترایە مۆسیقای ئۆرکێسترالی کوردی بەو جۆرە پێشکەش نەکراوە." چۆنبو ئەم کارە کرا؟ ئەی هەستت چی بوو؟
نەورۆز تەنیا- دانیه‌ڵ كه‌سێكی به‌توانایه و هاوڕیهكی ئەزیزی منه، هه‌ر ئەو له زانكۆ كۆنشێرتۆی پیانۆكهمی ڕابه‌ری كرد. دیاره سه‌دان جار به شێوه‌ی جیاجیا موسیقای كوردی لێره پێشكه‌ش ده‌كرێت، به‌ڵام ئەوهندهی من ئاگاداربم دانه‌ری كوردی- كه‌نه‌دی كاری ئۆركیسترالی له‌لایه‌ن ئۆركیسترای سیمفۆنی تۆرۆنتۆوه پێشكه‌ش نه‌كردوه پێده‌چێت گرنگیهكهی ته‌نیا ئەوهبێت یه‌كه‌م جار بو و زۆر كه‌س هاتنه لای من و دانیه‌ڵ و پرسیاری ئەوایان ده‌كرد كورد چیه؟ یان كورده‌كان چۆنه وڵاتیان نیه؟ هه‌ست ده‌كه‌م ئەگه‌ر من هیچم نه‌كردبێت ده‌ستم هه‌بوه له تیشك خستنه‌سه‌ر ئەو پرسهیارانه. دوای كۆنسیرتهكه نامه‌م له چه‌ند كوردێكی دانیشتوی تۆرۆنتۆ بۆ هات كه له‌وێ ئاماده‌بون بۆ ئەوان و بێگومان بۆمن ڕوداوێكی تابڵییت دڵخۆشكه‌ر بو.
هاوڵاتی: بایەخ و گرنگی بەشداری کۆمپۆزەرو موزیکدانەرێکی کورد لە ئاوەها ئۆرکێسترایەکی گەورەی جیهانیدا راماندەگرێت لەبەردەم بەرپسیارێتییەکی راستەقینەی ئەکادیمیدا؛ کورد خاوەنی چەندین ئەکادیمیست و هونەرمەندو پەیکەرساز و نوسەر و نیگارکێش و رۆمانوسی بە توانایە؛ بەڵام ئایا لە ناوخۆی کوردستان چ لەسەر ئاستی گروپ و ج لەسەر ئاستی تاک گرنگی بەم توانا جدیانە دراوە؟ بەتایبەت لەلایان وەزارەتی ڕۆشنبیری؟
نەورۆز تەنیا- من ساڵانێكه له كوردستان دور كهوتومهتهوه، ڕاسیهكهی ئەمه پرسیارێكی زۆرگرنگه، له‌لایه‌ك گوێم له هه‌ندێك گروپ ده‌بێت كاری هه‌تا بڵییت جوان ده‌كه‌ن و دڵنیام بێئەندازه هیلاك ده‌بن. له‌لایه‌كی تره‌وه ئەیبینم شڵاوێكی دامه‌زراندن و دروستبونی زانكۆھەیە. بڕوام وایه كارێكی ڕاست نه‌بێت، چونكه سه‌رله‌به‌ری سیسته‌می خوێندن له‌ژێر پرسیاردایه، له‌ژێر پرسیاردایه، چونكه به‌رهه‌م هێنانی كاری نویێ و توێژینه‌وه‌ی نویێ كه شایه‌نی ئاماژه بۆكردن بێت سه‌دان جار كه‌متره له‌و ژماره بێشوماره‌ی زانكۆ و په‌یمانگا کەلهسهر هه‌مو كۆڵانێك له شاره جیاوازه‌كان دروست بون . ڕه‌نگه من زۆر ورد نه‌توانم باسی ئەوه بكه‌م چۆن وه‌زاره‌تێك ده‌توانێت یارمه‌تی توانای جدی بدات، هه‌ستده‌كه‌م ئەگه‌ر توانایەك هه‌بێت بتوانین به (جدی) ناوی به‌رین، لێره، له‌وێ،به نوسین، له زیندان،به موسیقا وهه‌ر ڕێگایه‌كی تر بێت دێته‌ده‌ره‌وه و له هه‌ندێك كاتتدا ڕێگرهیهكان ته‌نیا هێزی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی زیاتر ده‌كه‌ن. من وای ده‌بینم ئەو دامه‌زراوانه كاریان ئەوه بێت له ئاست كاری (جدی) واقیان بوڕمێت. كه‌سی جدی ده‌ست گرتنی ناوێت ده‌ستبه‌ردانی ده‌وێت. له كوردستان توانای گه‌وره هه‌یه، هێجگارگه وره به‌ڵام ناتوانم و نامه‌وێت بڕوابهوه بكه‌م چاوه‌ڕێی كه‌س ده‌كه‌ن تا كار بكه‌ن، له‌وه‌ش تێده‌گه‌م ده‌بێت بژین، ڕه‌نگه هەوڵی نان په یداكردن ڕێگرێكی جدی بێت ڕه‌نگه ئەوه‌ش له هه‌مو دونیا زۆری جیاوازی نه‌بێت. من به‌ڕێوبه‌ری كاره‌كانی ئۆركێسترای شارێكم له كه‌نه‌دا به‌ڵام، بیرم نییه ئیشێكی ئەسته‌م ھەبوبێت نهمكردبێت. كات هه‌بوه له ١٠ شه‌و بۆ ١٠ به‌یانی كارم ده‌كرد و تا كاتژمێر٤ ی ئێواره زمانی ئنگلیزیم ده‌خوێند هه‌مو داهاتهكهیم ده‌دا به پرۆفیسۆریكی پیانۆو هارمۆنی تا بتوانم له زانكۆ وه‌ربگیرێم. له چێشتخانه و باخ و چه‌ندین شوێنی تر كارم كردوه، ژیان هه‌تابڵێیت ئەستەمه. من هاوڕێم هه‌یه له كوردستان قه‌د بڕواناكات ئەو كارانه‌م كردبێت، ڕۆژگارێك هه‌بوه له بونی خۆم بێزار بوم، به‌ڵام هه‌ر ئاوا ده‌توانیت ئەو هه‌زاران دیواره ببڕیت و له سوچێكی ئەم دونییایه ناوێك بۆ خۆت دروست بكه‌یت. هه‌موشتێك نرخی هه‌یه، نرخی به دیهێنانی خه‌ون ده‌كرێت گرانترینیان بێت.
هاوڵاتی: تاچەند پێتان وایە ئەوەی شاکارییەکی موزیکی و رۆمانێکی گەورەو شاکارێکی هونەریی دەتوانێت لەدنیای مۆدێرندا بەداهێنان و جوانیی و ئەکادیمیبوونەوە کورد وەک کۆمەڵگەیەکی زیندو بەجیهان بناسێنن هەرگیز سیاسەت و سیاسەتمەندارو ململانێکان ناتوانن ئەو هەنگاوە جیهانییە هەڵبهێن. ئێوە چۆن لەم بۆ چونە دەروانن؟
نەورۆز تەنیا- من ئەگه‌ر گوێگرێك له‌و قاڵبه بهێنمه ده‌ره‌وه كه ئەو دایناوه بۆ نوسه‌ر و دانهرێكی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ڕۆژهه‌ڵاتی یان ده‌ره‌وه‌ی كولتوری خۆراوا ههسدهكهم كارێكی گرنگم كردبێت و ئەوەش ئێجگار ئەسته‌مه، بەڵام مه‌حاڵ نیه. من گه‌ر وه‌سفێكی به‌ختیار عەلی به‌كار بهێنم کە ئە وەسفی دەکات چۆن “پەنابەر وێنەی کۆنی خۆی دێتەبەرچاو”ده‌ڵێم چیتروێنهی خۆم له ئاوێنەداوهك خۆینابینم، من ئیتر لهدیو ئەو سنوره‌وه خۆم ده‌بینم كه ڕۆژگارێك تیا زیندان بوم، ڕۆژێك من له كۆنسێرت هۆڵێكا خۆم بینییه‌وه كه كوڕه‌كه‌ی نیو ئاوێنەكه هه‌رگیز خه‌ونی پێوه نه‌ده‌بینی، ئیتر من سنوری خه‌ونه به دیهاتوهكانی خۆم بڕی، له‌و ته‌نیا دهرگایام دا كه له‌ناو هه‌مو ده‌رگاكانی تر لێم داخرابو، سه‌ره‌ڕای ترس له‌وه‌ی ده‌بێ چی له‌ودیو ئەو ده رگایهوهیه، خۆم به ئازا هاته به‌ر چاو ئەو كاتهبو كه به دڵێكی بێ ترس ئەودەرگایهم كردەوه و له‌وه نه‌ترسام چیدهبینم، ئەوه له‌لام گرنگ بو وێنه‌ی خۆم ببینم وه‌ك كه‌سێك كه ئاوێنه‌كه ناتوانێت بیناسێته‌وه.