کەژاڵ ئەحمەد: شیعر دونیای خەونە کوژراوەکانمە
5 ساڵ لەمەوپێش
یەکێک لەو دەنگە ناسراو دیارانەی ناو دونیای شیعری ئێمە، کە ساڵانێکە بەرهەمەکانی دەخوێنینەوە، خاتوو (کەژاڵ ئەحمەد)ە، ئەو هێمن و لەسەرخۆ و عاریفانە ڕۆژ دوای ڕۆژ دەست لەملانی شیعرو دونیا تایبەتەکەی خۆی دەبێت. لەم دیدارەدا سەرنجەکانیمان دەربارەی شیعرو کاریگەری لەسەر دونیا و ئەو وەرگرت و پرسیمان.
سازدانی: شاخەوان سدیق
هاوڵاتی: شیعر یەکێکە لە گرنگترین و کۆنترین ئەو ژانرە ئەدەبیانەی کە بەدرێژای مێژوو لەگەڵ مرۆڤدا ژیاوە، نیچە پێى وایە (ئەسەفە کە ژیان شاعیرێک دروستى نەکردووە) بەبڕوای ئێوە ئەم گرنگیەی شیعر لە چییەوە ھاتوە. بۆ تۆ دەتەوێت شیعر بنوسیت و بۆ تۆ شیعر چییە؟
- شیعر چییە و گرنگییەکەی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، پرسیاری زۆر کۆنن لە ھەموو سەردەم و زەمانێکدا شاعیران و فەیلەسوفەکان ئەو پرسیارانەیان لە خۆیان کردووە و لێکدانەوەی جیایان بۆ کردووە. خۆ دەبێت دوای بەسەربردنی زیاتر لە سی ساڵ لەگەڵ شیعردا ، منیش ئەو پرسیارەم لەخۆم کردبێت : ئەی شیعر تۆ چ نیشتمانێکی ئارامیی بەخشیت کە توانیوومە ئەو ھەموو ساڵانەت لەگەڵ بەڕێبکەم. لە کاتێکدا چەندین جار نیشتمانم بەجێھێشتووە و گەڕاومەتەوە بۆلای؟! پێدەچێت وەک عاشقێکی راڕا لەگەڵ نیشتمان ژیابم، بەڵام وەک ھاوسەرێکی ھەمیشەیی لەگەڵ شیعر! لەبەرئەوەی شیعر بۆ کەژاڵ ئەحمەدی ناخم ھەر گرنگ بووە و گرنگە. وەک ئەوەی رۆحم بێت. ئەمە بۆچوونی منە بەپێی ئەزموونی تایبەتی خۆم لەگەڵ ئەو ژانرە خاوەن مێژووە دێرینەی ئەدەب. لە سەرەتاکانی نووسینیشمەوە لە ناوەڕاستی ھەشتاکانەوە تا ئێستا خوێندنەوە و لێکدانەوەی کەسانی تر بۆ شیعر جێگای سەرنجە بۆم و دەزانم لە کۆی لێکدانەوەکاندا ئێستایش شیعر لە نێوان تاوانبارکردن و ئەستۆپاکیدا راگیراوە لەناو کۆمەڵگە جۆراو جۆرەکانی ئەم سەرزەمینە دیجیتاڵی و گەردوونیەدا، شیعر ھەندێ ھەناسەی پڕ لە حەسرەتی پێماوە. نیتشە کە بۆخۆی فەیلەسوف و شاعیر بوو یەکێک لە بۆچوونەکانی ئەوەیە کە شاعیران "ئاوەکە لێڵ دەکەن بۆئەوەی قووڵ دەربکەوێت"! واتا شاعیرەکان بەوە تاوانبار دەکات راستییەکان دەشارنەوە. وەک چۆن ئەفلاتوونیش تاوانبایکردوون بەوەی بنەما ئەخلاقییەکانی ئەو کۆمارە دەڕمێنن کە ئەو دەیوویست لە کۆمارەکەیدا ھەبن، ئەم بە گرنگ و بەپێویست نەزانینەی شیعر و شاعیران بەم بیرکردنەوە ئەفلاتوونییە لەم سەردەمەیشدا بە شێوەیەک لە شێوەکان شوێنکەوتووانی خۆی ھەیە. بەڵام شیعر بێ پشتیوانیش نییە، سوقرات وەک ئامرازی پێشکەوتنی مرۆڤ وەسفی دەکات و بەباڵاتر لە فەلسەفەشی دادەنێت. نەک ھەر شیعر ئەدەب بەگشتی لە لێکدانەوەی پەیوەست بە سەردەمە جیاکانەوە رزگاری نەبووە و ناشبێت، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا چەمکی مردنی ئەدەب یان مەرگ دەق جێگای باسبوو، ھەڵگرانی ئەم باوەڕە پێیان وابوو ھیچی نوێ نەماوە بنووسرێت ئەوەی دەنووسرێت داڕشتنەوەی نوێیە بۆ ھەمان ئەو دەقانەی پێشتر نووسراون. پێیان وابوو ئەو دەقانە نەماون کە گۆڕانکارییان لەدنیادا بەرپا دەکرد، لەم ساڵانەی دواییدا نووسورێک بەناوی (یۆھان فایربر) بە کتێبی (دوای ئەدەب- نووسینەوەی سەردەم) بۆچوونێکی دیکەی خستەڕوو کە نەمردنی دەق رەتدەکاتەوە و نە نەمریشیی، لەو نێوەندەدا لێکدانەوەیەکی بەرھەمھێناوە کورتکراوەکەی ئەوەیە (ئەدەب دەمرێت وەک ھەلێک بۆ لەدایک بوونەوەیەکی تر) بۆچوونەکەی لەسەر پاکنووسکردنی نووسین بنیات ناوە و دەڵێت (ئەو لاپەڕەیەی نووسینێکی تیادا پاکنووس دەکەین دەبێتە گۆڕی دەقەکە و لەھەمان کاتیشدا شوێنی لەدایکبوونەوەی دەقەکەیە ) . بە بۆچوونی من ئەگەر (گۆران) ی مەزن ئەو بازە گەورەیەی بە شیعری کوردیی دابێت بەرەو ئازادبوون و سەردەمیانەبوون بەھەمان کەرەستە زمانیی و ھەستییەکانی سەردەمی کلاسیکەوە ھەمان کاری کردووە کلاسیکی ناشتووە لەو شوێنەی ھاوچەرخی خستۆتە بێشکەی لەدایکبوونەوە. لەڕاستیدا ھەموو لێکدانەوەکان بەوانەشەوە کە شیعر و شاعیر فڕێدەدەنە دەرەوەی جیھانەکانیان جەختکردنەوەن لەسەر گرنگی و کاریگەریی شیعر لەسەر ژیانی مرۆڤ وئەو ژینگەیەی تیایدا دەژی. ئینجا ئەگەر شیعر بۆ شاعیرێکی گەورە و بەئەزموونی وەک ئەدۆنیس ئەو گەرووە بێت کە ھەناسەی لێوەدەدات و بۆ ھەندێ نوسەری جیھانیش ئەو ژانرەبێت کە مرۆڤ توانای پێناسە کردنی نییە، شیعر بۆ من ئەو جیھانە گریمانەییەیە کە تیایدا دەژیم، ئەگەر نەبووایە ژیانم زەحمەت دەبوو.
هاوڵاتی: (مارتیڤ ئەرنۆڵدە)ش دەڵێت" ئەدەب ڕەخنەی ژیانە" بەڕاستی ئێوە پێتان وایە ئەدەب و تێکستی شیعرى بۆ کاری ڕەخنەگرتنن لە ژیان، یان ئەدەب و شیعر خوڵقاندنی دونیایەکی نوێن لەو دیو ژیانی واقیعییەوە، بەگشتی پەیوەندی ئەدەب، بەتایبەت شیعر بە ژیانەوە چۆن دەبینن؟
- ئەدەب و تێکستی شیعریی ئامرازنین بۆ رەخنە گرتن لە ژیان لەوانەشە رەخنەگر بێت لە ژیان، ھیوادارم مەبەستەکەم گەیشتبێت. ئێمە رەخنە دەگرین، چونکە دەقی ئەدەبیی ژیانە لەسەر کاغەز یان لاپەڕە، بەڵام شیعر ئامڕاز و ئامانج نییە بۆ مەبەستێکی دیایکراو کە ڕەخنەیە. دەقی ئەدەبیی ئامانج و ئەرکەکانی فراوانترن و ناکرێت لەیەک ئەرکدا قەتیسبکرێت. پەیوەندیی ئەدەب بەگشتی و شیعر بەتایبەتی بە ژیان و مەرگیشەوە رەنگ و تام بە ئەدەب دەبەخشن، جۆری پەیوەندییەکەش ئاوێنەی ئەو سەردەمەن کە نووسەر تیایدا ژیاوە. كتێبی ( ئەدەب چییە) کەی (جان پۆل سارتەر) کە وەڵامی سێ پرسیاری جدیی تیادەداتەوە: ئەدەب چییە ؟ بۆچی دەنووسین ؟ بۆ کێ دەنووسین؟ زۆر جوان ئەم ھاوکێشەیە دەکات و لەنێو ھەموو ژانرەکانی ئەدەبدا بە تەنیا شیعری لە بازنەی پابەندبوون (الالتزام) دەرھێناوە و بارگاویی نەکردووە بە ھیچ جۆرە ئیلتزامێک و ئازادی کردووە و نەیکردووە بە ئامرازی ھیچ ئەرکێکی ئیجباریی. ئەمەی لە سەردەمێکدا خستەڕوو کە سەراپای جیھان بەھۆی بیری شۆڕشی ئیشتراکییەوە ئەدەبی وەک ئامرازی دژبە کاپیتالیزمی جیھانی و بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەریی چاولێدەکرد. ئینجا کاک شاخەوان ئەگەر ئەم پرسیارەت لە سەرەتاکانی دەرکەوتنمدا لێبکردمایە کە ھەڵگری بیروباوەڕیی مارکسی بووم وەڵامەکەم جیاواز دەبوو، من لەئێستادا پێم وایە شیعر و ئەدەب خودی ئەو ژیانەن کە ئێمەی نووسەر خوازیارین ھەبێت یان ئەو ژیانەن کە رەتیدەکەینەوە بەو شێوازەی ئێستای تیایدا بژین، ئەدەب و شیعر چەک نین بۆ کوشتنی دوژمن و نامەی دڵداریی نین بۆ بەدەستھێنانی دڵی دڵخوازەکەمان ئەو ئاوێنەیەکە بە ئامرازی بوونی خۆمان نیشاندەدات، من پێم وایە شاعیرەکان حیکایەتخوانی کارامەی سەردەمەکانی خۆیان و ئەفسونگەرە ناودار و ئایندە بینەکانی گەردوونن. ئەمە بۆچوونی منە بۆچوونی کەسێکی ئەم سەردەمە کە روانینێکی ئێستایی ھەیە، مەرجیش نییە ھەموو ئەوانەی باسی ئێستا دەکەن ھاوچەرخ و سەردەمییبن وەک چۆن مەرج نییە ئەوەی نووسەرێکی ئەم سەردەمە بێت نووسینەکانی ئێستایی و رەنگدانەوەی ئەو سەردەمە بێت کە تیایدا دەژیی. بە سەدان شیعر و شاعیرمان ھەن لە کۆندا دەقەکانیان چەقیوە و لە ئەمڕۆ و ئێستادا مرۆڤی ھاوچەرخ و سەردەمین.
هاوڵاتی: زۆر جار دەوترێت پرۆسەی نوسین بەسەرھاتی تەواو نەبووی ھەریەکێک لە ئێمەیە، یان کاتێک مرۆڤ دەستی بە ھێنانەدی خەونەکانی ناگات پەنا بۆ نوسین دەبات. بەڕاستی نوسەر بوون دواکارتی فشاری مرۆڤە بۆ بەردەوام بوون لە ژیان، یان نوسین بۆ دەستڕاگەیشتنی مرۆڤە بە ئاشنابوون بە دیوێکی کەی ژیان و کەشف کردنی دونیا یەکی نوێیە؟
- نازانم بۆ کەسێکی تر ھەستەکە چۆنە، بەڵام شیعر بۆ من ئەوەی دووەمییانە. واتە ھەوڵدانە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاشنابوون بە دیوێکی دیکەی ژیان ودۆزینەوەی دنیایەکی نوێ، زۆر بەم دنیایە نەچێت کە تیایدا دەژین، دەتوانم بڵێم شیعر دنیای خەونە کوژراوەکانمە، چیرۆکە تاڵ وگۆشە ناشیرین و تاڵەکانی جیھانە راستەقینەکەمی تیادا دەگێڕمەوە و خواست و روانینەکانمی تیادا دەنووسمەوە کە لەوانەیە خواست و خەون و روانینی تەواوی میللەتێک یان تەواوی مرۆڤایەتیبن. پێم وایە لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشوودا بەڕوونی وتوومە نووسین چییە بۆ ژیانی من، بەڵام پرۆسەی نووسین لای ھەر نووسەرێک مەبەستێک دەپێکێت و لە شێوە گشییەکەیشیدا ئامانجێکی فراوانتری دەبێت. بۆچوونەکان زۆرن وەلێ نووسین بۆ ھەندێکمان وەک خوێندنی ئەو باڵندە دەنگخۆشەیە کە ئەگەر دەنووکی ببەسترێت و بخرێتە قەفەسێکەوە دەمرێت. ھەموو مرۆڤێک بەوانەیشەوە کە نووسەرنین گۆرانییەکیان ھەیە حەز دەکەن بیچڕن لەژیاندا ئەوانەی نووسەرنین گۆرانییەکە بۆ خۆیان دەڵێن و نووسەرەکان ھەموو دارستانەکە و زیندەوەرانی ئەرز و ئاسمان گوێی بۆ ھەڵدەخەن و مانایەک دەدۆزنەوە بۆ ژیانیان لەسەر زەوی.
هاوڵاتی: ( ماغوت) لە دیدارێکدا دەڵێت"شاعیرە ڕاستەقینەکان شاعیری ژیانن، ئەو شاعیرانەن مەرگی باڵندەیەک و لێڵ بوونی جۆگەیەک، ھێندەی مەرگی مرۆڤێک نیگەرانیان دەکات، ئەم تێڕوانینە تا چەند لە ڕاستیەوە نزیکە لە کاتێکدا زۆرێک لە شاعیران تەنھا لەکاتی نوسینی شیعردا شاعیرن.
- ماغوت لە ژیانی رۆژانەیشیدا شاعیر بوو، لە کۆتاییەکانی ژیانیدا بوو کە لەگەڵ (ھێرۆخان و د. شێرکۆ عەبدوڵڵا و فەخری کەریم) چووین بۆ سەردانی، لە شوقەیەکی سادەی شام دا لەسەر قەنەفەیەک کەوتبوو، لەسەر مێزەکەی بەردەمی ژمارەیەکی زۆر لە حەب و دەرمان ھەڵدرابوونەوە. رووانین و قسە و رەفتارەکانیشی شاعیرانەبوو. لەڕاستیدا (ماغوت و ئەدۆنیس و مەحمود دەروێش و سەلیم بەرەکات) ئەو قەڵەمانە بوون کە ساڵانێكی زۆرە لەو دیوو شاکارەکانیانەوە سەیری کەساتییە شیعر ئاساکانیان دەکەم، ئەگەرچی مەرج نییە شاعیران لەژیانی ئاسایشدا شاعیرانەبن، بەڵام بەپێی ئەزموون گەیشتوومەتە ئەو راستییەی ئەوانەی نووسەر و شاعیری راستەقینەن لە ژیانی رۆژانەشیاندا شاعیربوون رەنگدەداتەوە و رەفتاریان رەنگدانەوەی ئەو دنیایەن کە لە بەرھەمەکانیاندا بەریدەکەون. لەناو کوردا ئەزموونی (حەمە عومەر عوسمان) و تاکە دیوانەکەی (لەغوربەتا) شایستەی قووڵبوونەوەیە لە ھەڵسەنگاندندا، جارێک ویستم بزانم ئەو جەنەڕاڵی پایزەی کە پایز شان و ملی درەختێک رووت دەکات ئەم پاڵتۆکەی خۆیی لەبەردەکات، ئەم شاعیرە لە ژیانی ئاسایدا چۆنە، گەیشتم بەچەند چیرۆکێک یەکێک لەوانە ئەوەیە پاڵتۆکەی بەخشیووە بە سەگێکی تەزیووی کۆڵانێکی وەرزی زستان. ئەزموونێکی تری شاعیرانە ژیان ئەو چیرۆکەی مامۆستا (لەتیف ھەڵمەت) ە کە لە حەفتاکاندا بە رۆژی رووناک بەچرایەکەوە گەڕاوە، یان لە ھەشتاکاندا (ئەحلام مەنسوور) لە کۆڕێکی مامۆستا ھێمن دا چۆتە سەر شانۆ و ماچی داوەتێ لەوەڵامی ئەو شیعرەیدا کە دەڵێت "وەرە ماچم دەیە ماچی خودایی کەبێزارم لە ماچی سینەمای".
ئایا لەبیرتانە یان بیستووتانە لە نەوەدەکان فەرھاد پیرباڵ بۆ راگرتنی شەڕی ناوخۆ چۆن بە ھەموو باوەڕێکەوە دەیوویست خۆی بسوتێنێت، ئایا شاعیرانە نییە کە مامۆستا شێرکۆ بێکەش وەسێتی کرد ولە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی نێژرا؟! ئەی بیستووتە چۆن خۆشەویستیی ژنە شاعیری رۆژھەڵات ژیلا حوسەینی بۆ دیداری شاعیرێکی گەورە لە رۆژێکی تەماویدا بە منداڵێكەوە لە سنەوە بۆ تاران دەچێت و لەرێگە خۆی و کۆرپەکەشی لەئەنجامی وەرگەڕانی ئوتۆمبێلی ھاوسەرەکەیدا کۆچی دوایی دەکەن، چیرۆکەکانی شاعیرانە ژیان و مردن زۆرن و ئەوەمان بۆ دووپاتدەکەنەوە کە شاعیر و نووسەرە راستەقینەکان بەشێوەیەکی خۆڕسک ژیانیشیان شاعیرانە دەبێت.
هاوڵاتی: کاتێک بەر نوسین یان دەقێکی تۆ دەکەوین لەگەڵیدا بەر دونیایەک خۆزگ و هیواوى نوێ و وێنەى شتەخوانەکان بە زمانێکى سادەو بێگرێوگۆڵ دەکەوین، دەمەوێت بپرسم زمانی جیاواز یان جیاواز نوسین، تاچەند بۆ نوسەر گرنگە؟ ئایا زمانی جیاواز مەرجە بۆ پرۆسەی داھێنان؟
- ئەدەب خۆی کارکردنە لە سەر پانتایی زمان و شیعر باشترین ئەسپی تاودراوی ئەو ناوەندەیە بۆ دەرخستنی ھونەر و جوانییەکانی زمان و ئاست و توانای زمانەوانیی نووسەر. ئەو نووسەرەی خاوەنی زمانێکی جیاواز نەبێت نابێتە خاوەنی مێژوویەکی ئەدەبیی جیاواز لە نووسورانی سەردەمەکەی خۆیی و ئەوانی پێش خۆی و ئەوانەیش کە لە ئایندەدا دێن. بەشێکی زۆر لە ناوداریی و گەورەیی شاعیرێکی وەک نالی کارکرنە جیاوازەکەی بووە لەکایەی زمانی کوردیدا، کاری نوێگەرانەی ئەم شاعیرە ئەوە بوو بەشێوەزارێک تێکستی شیعری کوردیی نووسی کە لەسەردەمی خۆیدا زۆر سەرزەنشت کراوە لەسەری بەڵام دواتر بەو ھەنگاوە جەریئەی چۆتە مێژووی ئەدەبی کوردییەوە. ئەگەرچی شێوازەکەی کوردییەکی سۆرانی تەواو پەتی نییە و کاریگەریی زمانی عەرەبی و تورکی و فارسی پێوەدیارە، بەڵام ئەم ھەنگاوەی نالی زۆر گرنگ بووە بۆ دامەزرانی پایەکانی نووسین بەشێوەزارێکی نوێی کوردیی خۆئەگەر شیعری نالی بەشۆڕشێک لەبواری زمانی شیعریدا سەیربکەین ئەوا عەبدوڵڵا گۆران بە شۆڕشێک لەبواری فۆڕم و زمانیشدا چەند ھەنگاوێکی کە شیعری کوردیی بەرەوپێش بردووە. با ئەوەش بڵێم کە نالی لە وەڵامی لۆمەکارەکانیدا وتوویەتی:" کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆی کوردییە خۆ کردییە، ھەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مانا دەکا" بەم شیعرە نەمرەی کە ھەر ئەو چەند کۆپلەیەم بیرماوە کاری پاڵەوانانەی خۆی لەناو مەیدانی زمانی شیعر نووسیندا کردووە بەمێژوو بۆ نەوە شیعرییەکانی دوای خۆی. لە ھاوچەرخەکانیش ئەزموونی مامۆستا شێرکۆ بێکەس دیارترینە، بەرھەمە ناوازەکانی ئەو فەرھەنگێکی دەوڵەمەندی زمانن. ئەسڵەن زمانی نووسین لای کاک شێرکۆ وەک ئەو قوڕە لەبارەیەیە کە دەیتوانیی ھەموو توحفەیەکی سەرسوڕھێنەری لێ دروستبکات. وەستاکانی زمانی کوردیی لەبواری ئەدەب و شیعردا کەم نین و ھەر شاعیرێکی دیار خاوەنی زمان و شێوازی نووسینی تایبەت بە خۆیەتی. ھەروەھا گروپە ئەدەبییەکانیش جیاوازییان لە نووسیندا بەشێکە لە ناسنامەیان ھەر بۆ نموونە: گروپی کفریی یان نووسەرانی روانگە یان رەھەندییەکان یان تەمبور قوڕییەکانی ھەولێر و ئەوانی دیکەیش ھەوڵدانیان بۆ کارکردن لە پانتایی زمانی کوردیدا جیاواز و جیاکەرەوەیش بووە. ھەر ئەو جیاوازیی نووسینەیشە دەبێتە ناسنامە بۆ نووسەرەکە، ئەگەر سەبارەت بە ئەزموونەکەی خۆم پرسیارم لێدەکەیت بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی پسپۆڕە ئەکادیمییەکانی جیھان و کوردستان سەبارەت بەشیعری من وتوویانە وەک (ئینگەر ئونستساد) ی مامۆستای کۆلێژی ئاداب لە ئۆسلۆ و (ئالانا لیڤنسون ماری لابروس) ی مامۆستای زانکۆی ئەمریکی و سەنتەری وەرگێڕانی شیعری جیھانی لە لەندەن و پرۆفیسۆر دکتۆر (عیزەدین مستەفا رەسوڵ و خاتوو لەیلا عەتاڵڵا) ی لێکۆڵەر وشاعیری مەغریبیی لەگەڵ زۆرێک لە ناوی درەوشاوەی تر، پێیان وایە خاوەنی زمانی نووسینی جیاواز و ژنانە و تایبەت بە خۆمم. لەوانەیە بۆ شاعیرێکی مێینەی ناو پانتاییەکی رۆشنبیریی پیاوانە ئاسانتر ئەو جیاوازیی زمان و تایبەت بوونەی دەق ھەست پێبکرێت، بەڵام لەوباوەڕەدام ھیچ داھێنانێک لە دنیادا نییە خاوەنی جیاوازیی لە زمان و شێوە و دەربڕینیدا نەبێت.
هاوڵاتی: زۆر جار باس لە قەڵەمى (نێر و مێ) دەکەوێت، لە پرۆسەى نوسینا، تۆ تاچەند بڕوات بە نوسینى (نێرانە و مێیانە) هەیە، پێتانوایە ئەوو دووقەڵمە لەنوسیندا جیاوازن، یان نوسین هەر نوسینە جا نوسەرەکەى نێربێت یان مێ؟
- بڕوای تەواوم بە نووسینی ژنانە ھەیە، بەڵام بەو مانا سادە و ساویلکەیە نا کە ئەو تێکستە ژن نوسیوویوتی یان پیاو. باشترین ئەمەیە جیاکاریی کاتێک یەکێک باڵاتر لەویکە دابنێین بەھۆی رەگەز یان نەتەوە یان ئاینەوە، ئەدەبی ژنان بەومانایە پشتیوانیم کە زمانێک ھەیە سەربە جیھانی ژنە لەم دنیایەدا کە ژن چەوساوەیە وھێشتا پلەدووە. زمانێک ھەیە زمانی پیاوە، کەباڵا دەست و خۆسەپێن و خۆ بەپلە یەک زانە. ئێوە ئەو پیاوانەتان پێ چۆنە کە لە شەست و حەفتاکاندا و لە سەر شانۆ و لەتەلەفزیۆنی رەش و سپیدا رۆڵی ژنیان دەبینی خۆ ھەندێکیان ھەرزۆر سەرکەوتوو بوون، بەڵام ئایا دەیانتوانی قەناعەت بە منداڵێکیش بکەن ئەوان ژنن؟ نەخێر نەیانتوانی ھەردەبووایە ژنان بێنە سەر شانۆ و لەتەلەفزیۆنە رەش و سپی و رەنگاورەنگ و دیجیتاڵەکانەوە دەربکەون و رۆڵ ببینن، ئەدەب و شیعریش بەھەمان شێوەن، (نزار قەببانی) لە زمانی ژنەوە زۆر شیعری جوانی نوسیووە و شاعیری کوردی واماشمان ھەن ھەموو شیعرەکانیان بۆ ژنە، بەڵام ھیچکام لەمانە جیھانی راستەقینەی ژن وێنا ناکەن. وەک ئەوەیە بمانەوێت قەناعەت بە خەڵک بکەین گوڵی دەستکرد دەتوانێت جێگرەوەی گوڵی سروشتی بێت. ھاوڕێم ئێمەی ژن لەکۆمەڵگەیەکی رۆژھەڵاتیدا بە ئومێدێکی دوور لە واقیع و بە وتنی قسەیەک کەدەڵێت ئەدەب رەگەزی نییە و نابێت بەسەر ژنانە و پیاوانەدا دابەش بکرێت، نابین بە پلە یەک یان ھاوشانی پلەیەک. تا ژنکوشتن ھەبێت، تا دوورخستنەوەی مێینە ھەبێت لە بوارەکانی رۆشنبیریی و ژیان، زمانی ژنانە لە ئەدەبدا یەکێک دەبێت لە ئەگەرە حەتمییەکان کە دەبێت ھەبێت. ژن دەبێت ئەدەبیاتی ژنانە پەرەپبدات و خۆزگە دەیتوانی باوەڕی پێی ھەبێت. پیاو پێویستی بەوەنییە ھەوڵبدات ئەدەبیاتی ھەبێت لەبەرئەوەی ئەدەبیاتی کوردیی تاپۆی رەشی پیاوەکانی بواری ئەدەبە تاک و تەرا دەنگی ژن دەبیسترێت لەو تاک و تەرایەش ھەمووان بە ژمارەیەکی کاریگەری بوارەکە دانانرێن! بەڕای من نووسین ھەر نووسین نییە، ژن بینووسێ یان پیاو. لەبەرئەوەی تایبەتمەندیی قەڵەمی ژن لە گێڕانەوەی ئەو ئەزموونانەدا کە بەتەنیا رەگەزی مێ پێیدا تێپەڕیووە بەدرێژایی مێژوە قوڵترین و کاریگەرترینە. پرۆسەی دووگیانی و منداڵبوون بۆ ژن ولە بەرامبەر ئەمەشدا ھەستی پیاو کە بەکۆرپەیی لەلایەن دایکییەوە لە رەحمێکی ئارامەوە فڕێدراوەتە ناو دنیایەکی دڵڕەق و بێڕەحم. کە گەورەش دەبێت بە ھەموو ھێزیەوە ئەم مەخلوقەی ناوی پیاوە ھەوڵدەدات بگەڕێتەوە ناو ئەو ئارامییە لەرێگەی خۆشەویستی و ھاوسەرگیرییەوە و شکست دەخوات و باڵا دەستێکی تۆڵە سێنەوەی لێ دەردەچێت، ژنیش کە لەپای میھرەبانییەکانیدا ھەر دڵڕەقی دەچنێتەوە لە دەوروبەری رادەوەستێت و بەگومانەوە لە دنیا دەڕوانێت. ئیتر ئەم دوو ھەستە مەگەر ھەر دوو رەگەزەکە خۆیان بتوانن باسیبکەن. ژنان و پیاوان بەدوو ھەستی جیاواز و ئاڵۆزەوە لەیەک جیھانی ھاوبەشدا دەژین و بەھۆی کۆدی خۆ گونجاندنەوە درێژە بە پێکەبوون ئەدەن. نووسین ئەو ئاڵۆزکاوییە تەواو خاو دەکاتەوە، بەمەرجێ ھەردوو رەگەزەکە بەزمانی رەگەزی خۆیان باس لەھەستەکانیان بکەن نەک کۆیلە لاسایی سەردارەکەی بکاتەوە. بەلامەوە مەبەستە ئەگەر ناوەکەشم لەسەر شیعرەکەم نەنووسم بەلای کەمەوە بزانرێت ئەمە شیعری ژنێکە. ئەگەر نەشزانرا کە شیعری (کەژاڵ ئەحمەد)ە. ئەو رەگەزی مێیەی لە رۆژھەڵاتدا ترس لە خێزان و پیاوانی عەشیرەت لاڵی کردووە یان کردوویەتی بە کەسێک ھەموو ھەستەکانی بە باشیی بشارێتەوە ئیتر چۆن ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت لەبواری نووسیندا ئازاد و ئازا بێت ؟! زۆر کەمن ئەوانەی دەوێرن خۆیانبن لەسەر کاغەز و لەژیانی رۆژانەیشدا.
هاوڵاتی: زۆرجاران ڕەخنە لە نوسەرە خانمەکان دەگیرێت بەتایبەت لە شیعر نوسەکان کە ئەوخانمانە بە بەکارهێنانى ووشەى ئیرۆتیکى و جنسى و جەستەیەکان سەرنجى خوێنەران ڕادەکێشن بۆ ئەوەى زۆربخوێنرێنەوە، ئێوەبۆچونتان لەم بارەیەوە چۆنە؟ پێتان وایە ئەو ڕەخنانە بێبنەمان و ئەوە جوانى دونیاى خانمان خۆیان و نوسین و دەقە یان ئەوە دیدى پیاوسالارانەى کۆمەڵگایە یان نەخێر ڕاستەو زۆرێک لە قەڵمى لاوازى هەندێک خانمە ئەو هەلە دەقۆزنەوە بۆ خۆێندنەوەیان و سەرنج ڕاکێشان مەبەستمە دیدى تۆبزانم.
- رەخنەکە لەشوێنی خۆیدایە، ئەگەر بەڕاستی دۆخەکە بەوجۆرە بێت کە باسیدەکەیت. سەردەمانێک ئەو کاتانەی خاتوو (شیرین کاف) بەرپرسی ئەدەب و ھونەر بوو، بەمجۆرە دەقانەی دەوت: (عەرزی عەزەڵاتی جورئەت) واتا نمایشکردنیی لەشجوانیی جورئەت، ئەم شیعرانە نەدەچوونە قاڵبی داھێنانەوە بەڵام ئارەزووی پیاوانیان دەجووڵاند و قەرەباڵغییان لە دەوری خۆیان دروست دەکرد. پیاوی شاعیریش ھەن بە باسکردنی ھەمیشەیی جەستەی ژن لەشیعریاندا یاریی لەسەر پەتی ئەو ھەست و ئارەزووانەی خوێنەردەکەن، بەڵام مەرج نییە دەقی نەمر و شاکاری ئەدەبیبن. نزار قەببانی لە دیدارێکدا دەڵێت: ناوبانگی ھەندێک وەک ناوبانگی سەماکارەکانی سەمای رۆژھەڵاتییە کە دەتوانن قەرەباڵغیی سەیر لە دەوری خۆیان دروستبکەن بەجۆرێک ھیچ نووسەرێکی گەورە نەتوانێت ئەو ھەموو جەماوەرەی ھەبێت بەڵام ناتوانێت وابکات تاسەر بەو تامەزرۆییەوە لە دەوری بمێنن. کەواتە کاری نووسەری راستەقینە وروژاندنی دەوروبەر نییە پێشەوایەتی کردنی جەماوەر و خوێنەرەکانیەتی بەرە و ئامانجێکی روون و ئایندەیی. پێم وانییە رەخنەیەکی بێ بنەماو دیدێکی پیاوسالارانەی لەپشت نیە ئەگەر باس لە ناشیعرییەت بکرێت لەو دەقانەی بەشیعر حسابیان بۆ دەکرێت ھەر لەبەرئەوەی نووسەرەکانیان ژنن و باسی جەستەی خۆیان دەکەن بۆ وەوژاندنی بەرامبەر نەک لەپێناوی خوڵقاندنی دەقێک. لەدوو ھەزارەکاندا باسی ئەو جۆرە نوسەرانەمان دەکرد، کە قەڵەمی لاواز بوون، بەڵام زیاتر لە نووسەرێکی گەورە گرنگییان پێدەدرا، ئەمانە نەتوانیان بمێننەوە بۆ ئەمڕۆ نە بەو نووسینانە توانیان سەرنجی ناوەندەکانی وەرگێڕان و چاپ و بڵاوکردنەوە جیھانییەکان بۆلای خۆیان رابکێشن، لەبەرئەوەی داھێنان و ناوبانگی راستەقینە شتێکی زیاتر لەدەھۆڵ کوتانی راگەیاندنەکان و لە ختوکەدانی ئارەزووە رووکەشەکانی پێویستە. بە زمانێکی ناپوختی کوردیی و توێشوویەکی خاڵیی لە مەعریفەت و ھەڵوێستی شاعیرانەی ئەو سەردەم و زەمانەی تیایدا دەژین نابینە نووسەر و شاعیری راستەقیینە، ناوبانگ بەرپرسیارێتیەکە قوربانیدان و زەمان و زەمینەی لەبار دروستیدەکات و کاری بەردەوام و نوێگەریی بەردەوامییەکەی مسۆگەر دەکات. نووسەری راستەقینە چ نێر بێت یان مێ رۆژگار دروستیدەکات. دەکەوێتە بەردەم تاقیکردنەوەی سەخت و رۆژانی تاڵ کە تیایدا کەسانێک ئەو مەودایەی تۆ بە سەختی بڕیووتە زۆر سانا پێی بگەن. لەیەکێ لەشیعرەکانی دیوانی بەندەری بەرمۆدا دا وتوومە: "ئەوەی کە من بەنیووەی تەمەنم سەندم . یەکێکی تر، بەدەرخستنی لاسکی ستیانەکەی وەریگرت"!!! نائومێدیی لەو دوورییەدا نییە کە ھەندێ کەس بە وروژاندن کورتیدەکەنەوە، نائومێدیی ئەوەیانە قوربانیدان و رەنجی چەند ساڵەی میللەتێک بەقووربانی لاسکی ستیانێک بکرێت!