ماڵی پشیلەکان
5 ساڵ لەمەوپێش
" کاتێک ئەو دەنگە
دڵۆپ دڵۆپ دادەچۆرێتەوە
نێو ناخی هەرە تاریکم
وەک رستێ هۆنراوە پڕم دەکا
وەک شەرابیش پڕ نەشئەم دەکا
(پشیلە/ بۆدلێر)
ئەحمەدی مەلا
بە زمانێکی هێور، بە ریتمێکی هاوسەنگ، لە نێو دوو فەزای دەرەوە-ناوەوە، هیوا قادر رۆمانێکی دانسقە دەنووسێ. قسەکردنێکی یەکجار زۆر هەڵدەگرێ، من تەنها لەسەر چەند خاڵێک قسە دەکەم.
ئەگەر بێت و ژینگەی سروشتی سەگ، لادێ بێ، فەزای بەرینی شوانکارەیی و ئاژەڵ بەخێوکردن بێ، ئەوە پشیلە و شار تەواوکەری یەکترن. لەم روانگەیەوە رووداوەکان نێو ئەم رۆمانە بەرهەمی ناوجەرگەی شارە کە لە یەکێک لە وڵاتەکانی ئەسکێندینافیا روو دەدەن ، وەرزی زستان، کڕیوە و زریان، ئاسمانێکی بۆر و نزم کە ئەم فەزا سەهۆڵبەندە بەرامبەر بە ماڵی پشیلەکان رادەگرێ، گەرموگوڕ، تایبەت کە دەبێتە مۆڵگەی دەیان چیرۆکی سەرنجڕاکێش، لە سەرووی هەمووییەوە سەفەرێکی ئەفسووناوییمان پێ دەکات بەرەوە کێشوەری ئەفسوونئامێزی پشیلە. ئەو شازادەیەی کە شوێنەکان دەکات بە هی خۆی، سەربەست و ئازاد، ملکەچی هیچ بڕیاڕێک نییە. هەر لێرەوە، نووسەر بە ئەدەبیاتێکی تایبەت و دەگمەن سەبارەت بە دنیای پشیلەکان ئاشنامان دەکات، رەگەزە جیاوازەکان، خاوەنەکانیان، شەیدایی مرۆڤەکان بۆ ئەم ئاژەڵە، چیرۆکی عەشقی مرۆڤ بۆ مرۆڤ، مرۆڤ بۆ پشیلە. دووڕێیانی هەڵبژاردن هتد.
یوسفی پەناهەندە سزا دراوە بەوەی کە دەبێ مانگێکی رەبەق لە ماڵی پشیلەکان بباتە سەر، چونکە دەمەقاڵەی بووە لەگەڵ تورکێکی رەگەزپەرست کە نکۆڵی لە بوونی وڵاتیک کردووە بە ناوی کوردستان، بە بێ ئەوەی نووسەر رۆمانەکەی بکاتە رۆمانێکی سیاسیی، بەڵکو هاتووە ئەم هەلەی قۆزتۆتەوە و بە هێمنی داوەتمان دەکات تاکو دنیایەکی جودامان پێ ئاشنا بکات.
چیرۆکی ژوانێکی لەبارچووی لە نێوا کارینای چەند روخسار و یوسف، ئەو پردە تەسک و ناسکەمان پێ نیشان دەدات کە دەکەوێتە نێوان مرۆڤی پەناهەندە/کوڕ و هاوڵاتی خودی وڵاتەکە کارینای کچ کە لە ماڵی پشیلەکان دەستبەکارە.
ئەوەی جێی بایەخە، چنینێکی زۆر ورد و لێزانانەی لە پشتەوەیە، لە فەزا بچووکە - ماڵی پشیلەکان- هەست بە مەلەل ناکرێت، رستە و وێنەی دووبارەمان تووش نابێ، سەلیقەیەکی ورد لە شۆڕبوونەوە بۆ ناو سایکلۆژییەتی کارەکتەرەکان و تاکو کۆتایی رۆمانەکەش نازانین چۆن کۆتایی پێدەهێنێ.
ئەوەی تێبێنیم کرد کە هیچ حوکمێکی موسبەق پێش نووسینەکە نەکەوتووە، کارەکتەرەکان ئازادانە قسە دەکەن، دەجولێنەوە، بە کورتی هەن.
نووسینێکی واقیعی بەڵام وێنەی شیعریی، نەرمیی لە ریتمی هۆنینەوەی رستەکان، جۆرە شیعرییەتێکی بە دەقەکە بەخشییوە و لە سادەیی گێرانەوە رزگاری کردووە. رۆمانی سەرکەوتوو ئەو رۆمانەیە دوای خوێندنەوەش کارەکتەرەکان دەژین...ئێمە بیر لە پرۆژەکەی شاشتین دەکەینەوە دوای سووتانی ماڵی پشیلەکان، بیر لە کارینا و دایکی دەکەینەوە، بیر لە خانمی زیبا و پشیلە فارسییە توک درێژەکە دەکەینەوە کە هەندەی مرۆڤەکان جێی خۆیان لە ناو رۆمانەکە کردۆتەوە.
ئەم رۆمانە فەزایەکی مۆرڤانە دەبەخشێتە ئاژەڵ و خەسڵەتی ئاژەڵیش دەگەڕێنێتەوە بۆ مرۆڤەکان، نموونەی کارینا، ئەو ئاژەڵەی کە لە ناو هەموو تاکێک دا دەژی.
دابەشکردنی رۆمانەکە :
رۆماننووس هاتووە ٣١٥ لاپەڕەی بەسەر مانگێکدا دابەش کردووە، لە شەشی یەنیوەرییەوە تاکو پێنجی فێبریوەری، واتە سی رۆژ کە دەکاتە ئەو مانگەی کە دەبێ یوسفی سزادراو لە ماڵی پشیلەکان بیباتەسەر. دابەشکردنێکی وریایانەیە، تەنانەت کردەی خوێندنەوە ئاسانتر دەکات، خوێنەر تووشی هەناسەسواریی ناکات، بە پێچەوانەوە هەوایەک دەبەخشێتە نووسینەکە.
دابەشکردنی فەزای دەرەوە ( بەفر و زوقم و زریان) لەگەڵ فەزای ناوەوە هاوسەنگیی بەخشێوەتە رۆمانەکە کە لە نێو پانتاییەکی نیمچە شانۆییدا، خوێنەر تووشی مەلەل ناکات. کارە رۆتینییەکان دووبارە دەبنەوە، بەڵام هەر رۆژەوە بە شێوازێکی جیا باسی دەکات، ئەگینا خوێنەر تووشی بێزاریی دەکرد. ئەم دابەشکردنە لە زۆربار بەسەر دوو دیویی کارەکتەرەکانیش رەنگی داوەتەوە. رابردووی یوسف و "ئێستا"ی یوسف. کەسایەتی کارینا، دیوەن ئاساییەکەی، دیوە ئاژەڵەییەکەی...
دیالۆگ :
رەنگە لە نووسینی رۆمان، شێوازی دیالۆگ پێویستی بە لێزانین و هونەرسازییەکی زۆر بێ، چونکە بە بێ دروستبوونی کارەکتەر، بە بێ ناسینی رەهەندە جیاوازەکانی کارەکتەر لە لایەن نووسەرەوە، قسەپێکردنی کەسایەتییەکان ئاسان نییە، بەڵکو زۆریش دژوارە، هیوا قادر بە وردیی ئەم رووەوەی بەسەرکردۆتەوە، ژێست و جولەکان تێکهەڵکێشی دیالۆگەکان کردووە کە کەلێنی نەهێشتۆتەوە. بە واتایەکی دیکە، جەستەش بەشدارە لە دەوڵەمەندکردنی زمانی رۆمانەکە، ئەمە وایکردووە کە رەنگێکی واقیعی ببەخشێتە تەواویی رۆمانە. بەڵام، هەر وەک لەسەرەوەش ئاماژەم بۆی کرد، ئەم واقیعییە بە زمانێکی شیعریی لە زۆر شوێن ئاوێتەکراوە، واقیعێکی هونەرییانەی بەخشێوە بە رۆمانەکە.
زمان :
زمانی ئەم رۆمانە زۆر پاراوە، زۆر بە وردیی چاودێری خاڵبەندیی رستەکان لەبەرچاو گیراوە و گواستنەوەی پەڕەگرافێک بۆ پەڕەگرافێکی دیکە سەنعەتی نووسینی هیوا قادرمان بۆ دەخاتە روو.زمانی دیالۆگ و زمانی وەسف و گێڕانەوە بە وردیی جیاکراونەتەوە و هەندێ موفرەدەی رۆژئاوایی تێکەڵکردووە، زۆر ئاسایی ئاوێتەی زمانەکەمان بوونە. لەزۆر شوێن هەست دەکرێ کە زمانی سوێدی کراوەتە کوردیی، بە واتایەکی دیکە، سەرجەم ئەتەکێت و زمانی رێز و تەنانەت زمانی توڕەبوون و هەڵچوونەکانیش ئەم راستییە دەردەخەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی فەزای کۆمەڵایەتی و ژینگەی زمانەوانییەکە کوردیی نییە، بەڵام زۆر بە وردیی کوردێندراون. نموونە، لە زمانی فلۆراوە : " سڵاو، من ناوم فلۆرایە، یەکێکی تریش دیارە وەک من ئەیەوێ بێت بۆ ئێرە." لا ٤٥. لە زمانی یوسفەوە، " تا رادەیەک ئەتوانم بڵیم بەڵێ." لا ٤٧.
تارواگە :
یوسف بە رەچەڵەک خەڵکی کوردستانە و پەناهەندەیە لە سوید، بەڵام نووسەر نەهاتووە لەسەر ئەم پنتە بگیرسێتەوە و کروزانەوە و نۆستالژیا بکات بە تەوەری نووسینەکەی، بەڵکو لە رێگەی پەیوەندیی نێوان یوسف و کارینا ئەم پەیوەندییە گیر و عاسیی و فرەرەهەندییە رەنگی داوەتەوە بە بێ ئەوەی راستەوخۆیی پێوەدیار بێ، بە بێ هەوەی گەمە بە هەستەکان بکا، بە بێ ئەوەی دوالیسمی "ئێرە و ئەوێ" قوت کاتەوە. ئەم یەکێکە لە خاڵە پتەوەکانی ئەم نوسینە، چونکە زۆرجار "ئەورپای دۆزەخ و کورستانی بەهەشت" کە لە ژێر پەڕەمووچی نووسەرگەلێکی تاراوگەنشینەوە سادەیی و ساوێلکەیی بەخشێوەتە ئەم بینین و دیدگایە. بەڵام دەرەوەی باو و رەشەبا و سەرماوسۆڵە و ژینگەیەکی سەهۆڵبەندانە لە پەیامێک زیاتری پێیە.
پشیلە :
"ماڵی پشیلەکان" وەک دیمەنی سەرەکی رۆمانەکە دەردەکەوێ و ئەم ئاژەڵە ماڵیی و دەستەمۆیانە وەکو کارەکتەری بێدەنگ، بەڵام هەر یەکەوە خاون کارەکتەر و رەنگ و سیما و ئادگاری خۆیەتی، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشدارن لە چنینی تەونی کەسایەتییەکانی ناو رۆمانەکە. لێرەوە، جەخت لەسەر پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و پشیلە کراوە ؛ هەر پشیلەیەک وەک خاوەنەکەی خاوەن چیرۆکی تایبەتی خۆیەتی. هەر لەم سۆنگەیەوە، نووسەر لە رێگەی ئەو دەقانەی کە هەموو رۆژێک لەبارەی پشیلەوە لە ناو ماڵی پشیلەکان هەڵدەواسرێن، زانیارییەکی زۆرمان سەبارەت بەم ئاژەڵە بۆ دەخاتە روو. چونکە پشیلە، وەک هیچ ئاژەڵێکی دیکە نییە، دێتە ناوماڵەکانمانەوە، دێنە سەر تەختی خەوتنمانەوە و بەشدارن لە ژیانێکی زۆر شەخسی و زۆر تایبەت.
لەرێگەی ئاژەڵەوەوە ئێمە ئاستی شارستانیی میللەتانمان بۆ روون دەبێتەوە. رەنگە دواجار، گۆڕستان و ئاژەڵەکان ناوەڕۆکی مۆرڤی شارستانییەتێکی دیارییکراومان پێ بڵێن. لەم رووەوە ماڵی پشیلەکان پێگە و کۆڵەگەی کۆمەڵگەیەکمان بۆ دەنەخشێنێ کە ئاژەڵ لە پاڵ مرۆڤ، پشیلە وەک نموونە پردی نێوان سروشت و کەلتوور تەواو دەکەن. ئەو پشیلانەی کە لە کۆڵان و کوچەکانی کوردستان راودەنرێن و ئازار دەدرێن و شپرزە و هەمیشە لە ناو دڵەڕاوکێ دەژین هەر وەکو خوددی مرۆڤەکان، دەیان چیرۆکی شکستیی ئەم شارستانییەتمان بۆ دووبارە دەکەنەوە، کەچی لە رۆژئاوا، لە ئەسکەندیناڤیا، ئەم پەیوەندیی لە ئاستێکی شیاوتر، لە ئاستێکی مرۆڤانەتر دەردەکەوتووە.
ماڵی پشیلەکان دواجار باسی دو شارستانییەتمان بۆ دەکات، شارستانی هەڵاتن و دڵەڕاوکێی و گەڕان بە دوای رچەکانی خۆ دەربازکردن، لە پاڵ شارستانییەتێکی ئاسوودەتر و مرۆڤەکان ئەگەر سزاش بدرێن ئەوەی سزایەکە دەچێتە خانەی پەروەردەوە...ئەمە یەکێکە، ئەگەر کرۆکی بنەڕەتی ئەم رۆمانە نەبێ.