هیوا قادر: تەکنیکی باش، کورترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە گەنجینەکە، کە ئەویش خوێنەرە

5 ساڵ لەمەوپێش



یەکێک لە نوێترین کارە ئەدەبیەکانی نووسەر و ڕۆمان نووس(هیوا قادر) ڕۆمانی "ماڵی پشیلەکان"ە. لەم دیدارەدا مەبەستم بوو نوسەر دەربارەی چەند لایەنێک لە ڕۆمانەکەی بدوێت.

سازدانی: شاخەوان سدیق

 

هاوڵاتی: بۆ ماڵی پشیلەکان؟

- یەکێک لەو پرسیارە هەمیشەییانەی لە سەروەختی منداڵیمەوە هەتاکو ئێستا لەگەڵمدا بەردەوامی هەیە و سنوورەکانی بیرکردنەوە و تێگەیشتنم بۆ فراوانتر ئەکات، تەنهاییە. ئەم بابەتە بۆ من هەم وەک کێڵگەی مین وەهایە کە هەمیشە ئەمکوژێت و لەناویدا زیندووئەبمەوە، هەمیش وەک ئاسمانێکی شینی فراوان لە ناویدا ئەفڕم و لەگەڵ پرسیار و خەیاڵەکانمدا تیایدا باڵ ئەگرمەوە. من لە ڕێی تێگەیشتنێکی متەوازعانە لە تەنهایی هەم بەشێک لە مرۆڤ و هەمیش بەشێکی کەم لەو گیرۆدەبوونانەی مرۆڤ لە ژیاندا تێگەیشتووم، بۆیە هیچ موبالەغە نییە گەر بڵێم بابەتی تەنهایی بۆ من، شابابەتە بۆ نووسین و بیرکردنەوەکانم. ئەم بیرکردنەوە بەردەوامەم هەرە هۆکاری گەورەی پشتی بیرۆکەی نووسینی ڕۆمانی ماڵی پشیلەکانە.

 

 

 

هاوڵاتی: تەکنیک، چ ڕۆڵێکی لە ڕۆمانەکەدا هەیە؟

- تەکنیکی باش لە ڕۆماندا، یانی ڕێگای باشی گێڕانەوە، تەکنیکی باش، کورترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە گەنجینەکە، کە ئەویش خوێنەرە. ئێمە ڕۆژانە هەموومان قسە ئەکەین، بەڵام ناتوانین هەموومان سەرنجی هەمووان ڕابکێشین، چەند کەسێکی کەممان نەبێت، کەوایە هەموو گیڕانەوەیەک، یاخود هەموو ئاخافتنێک تا ئەگاتە نووسین، هەمووی پێویستی بە شێواز و تەکنیکی خۆی هەیە. پێشموایە هەموو بابەتێک لە ناو زماندا هەڵگری جۆرێک لە تەکنیکی خۆیەتی، زۆر گرنگە ئەو درکەت بۆ جیاوازی بابەتەکان هەبێت و لەو هەستیارییەی زمانیش تێبگەیت، بۆ ئەوەی بتوانیت بە پێی پێویست ئەو تەکنیکە هەڵبژێریت کە بابەتەکە ئەیخوازێت. دیارە تەکنیکیش بە کۆمەڵێک داوە دەزووی ناو بابەتەکەوە بەستراوە کە ئەوانیش، شوێن، کات، کەلتوور، خەیاڵە تاکەکەسییەکان و گشتییەکانی کەسایەتییەکان و دەیان شتی تر کە لە ناو سنووری دنیای ڕۆمانەکەدا پێویستە بەردەوام  بیریان لێبکرێتەوە.

 

هاوڵاتی: بۆ کارەکتەری پشیلە؟

- هەڵبژاردنی پشیلە لە ناو ڕۆمانەکەدا، نە بیانووە، نە دروستکراو. بەڵکە تەواو پەیوەندی بە کەسایەتییەکان و شوێنی هەڵبژێراوی ڕۆمانەکەوە  هەیە. زۆرینەی کەسایەتییەکان ژنن. پێ ئەچێت پشیلەکان لە ژنەکانەوە نزیکبن و سەگەکانیش لە پیاوەکانەوە، دوای پشتئەستوربوون بە کۆمەڵێک خوێندنەوە بۆ کەسایەتی نێر و مێ و پشیلە و سەگ، پشیلەم هەڵبژارد. دیارە کە ویستوومە باس لە ماڵی پشیلەکان بکەم، بێگومان ئەبێت باسی پشیلە بکەم دەنا هیج دەرفەتێکی ترم لەبەردەستدا نییە. گەڕانی زۆرم بە دوای جۆری پشیلەکاندا وای لێکردم ئاشنایەتییەکی باش لەسەر پشیلە پەیدابکەم، کە پێشتر شتێکی ئەوتۆم لەسەریان نەئەزانی. ئەمەش کارەکەی ئاسانترکردم و من زیاتر سەرقاڵی پێکەوەبەستنەوەی گرێی ڕووداوەکان بووم لەگەڵ بەرجەستەکردنی ئەو تێمایەی لە خەیاڵمدا بوو کە ئەویش تەنهاییە.

 

هاوڵاتی: کامیان: پشیەلەکان یان مرۆڤەکان کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکەن؟

- پشیلەکانیش وەک مرۆڤەکان بە قەبارەی خۆیان، ڕۆڵی گرنگیان لە ڕێڕەوی ڕووداو و بیرکردنەوەکاندا هەیە، ئەو هەموو چیرۆکانەی مرۆڤەکان لەگەڵ پشیلەکاندا هەیانە بەس نین، کە بڵێین ڕۆڵی پشیلەکانیش هیچی کەمتر نییە لە ڕۆڵی مرۆڤەکان. لە ڕۆمانی نوێدا چیتر پاڵەوانی سەرەکی ئەو ڕۆڵەی جارانی نەماوە، کە ببێتە چەقی هەموو ئەو دنیا ئەندێشەکراوە و ئەوانی تر ڕۆڵی لاوەکیان هەبێت، هەموو کەسایەتییەکان پێکەوە بە پشیلەکان و مرۆڤەکانەوە، هەر یەک بە قەبارەی خۆی، پێکەوە بونیادی ڕۆمانەکە دروست ئەکەن.

مرۆڤی ئەوروپی بەراورد بە مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی زیاتر ژیانی ڕۆژانەی بە ئاژەڵەکانەوە گرێدراوە، یانی ئاژەڵەکان دەستیان هەیە لە خەیاڵ و بیرکردنەوە و بڕیاری ژیان و ئەو شێوازە ژیانەی کە هەریەک بۆ خۆیی هەڵیبژاردووە. دیارە جیاواز لە ژیانی کەسی خۆرهەڵاتی، کە ئاژەڵەکان هێشتا مانا سەرەتاییە فیودالیەکەیان فرێنەداوە لەناو ژیانیاندا، کە تۆ پشیلەت هەیە بۆ ئەوەی مشکت بۆ بگرێت و سەگیش پاست بۆ بکات، بەڵام ئەم ڕۆڵە بۆ پشیلە و سەگ لە ئەوروپادا نەماوە، بەڵکە بەشدارە لە ژیانی تاکەکاندا و بەشێک لە خۆشبەختی و سەرقاڵی مرۆڤەکانی ئەوروپا پێک ئەهێنن.

هاوڵاتی: ماڵی پشیلەکانت بۆ خوێنەری کورد نووسیوە یان ئەوروپی؟ 

- بێگومان من ئەمەوێت ماڵی پشیلەکان خوێنەری کورد بیخوێنێتەوە، ڕۆمانەکە بە کوردی نووسراوە، هەڵگری بەشێک لە خەیاڵی زمانی کوردییە و هەموو کوردێک ئەتوانێت خۆی بە خاوەنی بزانێت. بەڵام ترسی من کە تا ئێستاش نەڕەوییوەتەوە سەرباری ئەو هەموو پێشوازیکردنە لە ڕۆمانەکە، بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە، کە من باسم لە کاریگەریی ئاژەڵان و بەتایبەتیش لە پشیلە کردووە لە ناو ژیانی مرۆڤەکاندا، کە ڕەنگبێت تا ڕادەیەک بۆ کوردێکی ناو جەنگەکان جێی پرسیاربێت، بۆ پشیلە و بۆ ماڵی پشیلەکان؟ بۆ شتێکی تر نەبێت کە وابکات مرۆڤ بە مانا ئاسایی و گشتییەکەی چەق بێت؟ ئەمە ئەو بیرکردنەوە سادەیەیە کە ئەیترساندم کە ڕەنگبێت ڕۆمانەکە وەکو پێویست نەخوێنرێتەوە، دیارە بێگومانم خوێنەری ئەوروپی بە شێوازێکی تر پیشوازی لە ڕۆمانەکە ئەکات و ئەو پرسیارە سادانەی سەرەتا باسمکرد لای ئەو دروست نابێت، چونکە ئاژەڵ لە ژیانی ئەودا بەشێک و کایەیەکی تایبەتی خۆی هەیە و بەشدارە لە ژیانی ڕۆژانەیدا. من هیچ کات شوێن و بەهای خوێنەری کوردم بە بچووک نەبینیوە، تا بڵێم خوێنەری کورد نابێت ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، بە کوردی و کورتییەکەی ئەوەیە کە خوێنەری ئەوروپی ڕەنگە پچەک زیاتر چێژ لەو بە دنیایکردنەی پشیلە لەناو ژیانی مرۆڤەکاندا ببینێت، کە ڕەنگە لە کلتوری ئێمەدا هێندە باو نەبێت.

هاوڵاتی: باری دەروونی کەسایەتییەکان لە چ دۆخێکدایە!

- من زۆر بەدەستە ئەنقەست کاری وردم لەسەر باری دەروونیی کەسایەتییەکان کردووە، چونکە لایەنێکی گرنگە و من بۆ خۆم زۆر حەزم لێیەتی، هەست ئەکەم لە ڕێگای پیشاندانی باری دەروونییەوە زیاتر دیوە نادیارەکانی کەسایەتییەکان ئەبینرێت، ڕەنگە لەو ڕێگەیەوە زووتر  خوێنەر بیان ناسێت و ئەو کەشوهەوایە بخولقێنن کە لە ڕۆمانەکەدا پێویستە پیشان بدرێت، بێ ئەوەی خوێنەر ڕاستەوخۆ بزانێت ئەو وێنە بچووکانەی باری دەروونی کەسایەتییەکان دروستی ئەکەن بوونەتە هۆی وروژاندنی بەشێک لە کونجکوڵی و بەردەوامیدان بەخوێندنەوە، هەروەها لەگەڵدا ڕۆیشتن تا کۆتایی چیرۆکەکان.

هاوڵاتی: گۆڕینی ژینگەی کوردی بۆ ئەوروپی بۆ؟!

- هەست ئەکەم ئاسانیش نییە گۆڕینی ئەو ژینگە کوردییە و چوونە ناو ژینگەیەکی ئەوروپی و وێناکردن و دروستکردنی کەسایەتیگەلێک کە کورد نین، پێش هەرشت گەر ئاشنا بە کلتووری ئەو کۆمەڵگەیە نەبیت، ئەکەویتە هەڵەی زۆر سادە و هەندێک جاریش ئاڵۆزەوە، من ئەزموونی ژیانم لە کۆمەڵگای سویدیدا کار ئاسانی زۆری بۆ کردووم لە دروستکردنی ئەو کەسایەتییە سارد و هەندێک جار کونجکوڵ و سەیرانەدا، کە هەموویان تەنهایی تا سەرئێسقان کول و ماندووی کردوون. من پێموایە بەشێک لە ئاژەڵدۆستی مرۆڤی ئەوروپی هۆی مرۆڤدۆستی نییە، بەڵکە هۆی تەنهاییەتی، بەشێک لەو ئاژەڵنەویستییەی مرۆڤی کوردیش هۆی نامرۆڤدۆستی نییە، بەڵکە هۆی کلتوور و شپرزەیی ژیانییەتی. بۆیە نابێت هیچ کات بڕیاری گشتگیر بدرێت لە هەڵسەنگاندنەکانماندا بۆ کەسایەتی ناو کلتوورە جیاوازەکان دەنا تووشی هەڵە و تێنەگەیشتنی ترسناک ئەبین. جارێ بۆ نووسەر بڤەیە بە گشتگیری باس لە کلتورێک و گروپێک لە مرۆڤێک بکات و حوکمێکی گشتگیریان بەسەردا بدات، چونکە هەر مرۆڤێک بۆ خۆی تایبەتمەندی و دانسقەیی خۆیی هەیە.

هاوڵاتی: تاچەند گرنگیتان بە شتە بچووکەکانداوە.

- ئیشکردن لە مەساحە وردەکاندا لە ناو ئەم ڕۆمانەدا ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی من بۆ ژیان و مرۆڤەکان لە ڕێگەی شتە بچووکەکانەوە، کە من پێموایە کۆی ئەو شتە بچووکانەن ژیانی مرۆڤەکان پێکدێنن نەک بیرۆکە گەورەکان. پێشموایە لە ڕوودانی شتی زۆر بچکۆلەوە ئەگەری ڕووداوی زۆر گەورە هەیە، ئەوەی لە ڕووداوی بچکۆلە نەترسێت گەمژەیە، چونکە هەر بچکۆلەکانن گەورەئەبن، دڵۆپە ئاوەکانن کە پێکەوە کۆ ئەبنەوە و لافاو دروست ئەکەن.

من مرۆڤ لە وردەکارییەکاندا ئەبینم، هیچ کات بەرامبەر گەورەیی سەرسام نیم، هەست ئەکەم گەورەی فێڵێکە بۆ نەبینینی شتە بچووکەکان.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار