فیلمی ماڵئاوا ئەوروپا - تراژیدیای خۆکوشتنی ستیڤان زیڤاڤیج
7 ساڵ لەمەوپێش
شوان ئەحمەد
ڕووداوی هەموو خۆکوشتنێک لەم دنیایەدا، بێ سێ و دوو نهێنییەکی لەپشتە، نهێنییەک کە بەهیچ کەس هەڵنایەت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوای خۆکوشتنی هەر مرۆڤێک (بەتایبەت ئەوانەی بەهرەمەند و بلیمەت و داهێنەرن)، زانینی نهێنی پشت کۆتایهێنانی ئەوانە بەژیانی خۆیان، بۆ هەندێک دەبێتە مەراقێکی گەورە.
لەم ماوەی دوایدا بینەری دوو فیلم بووم، لەسەر خۆکوشتنی هەریەک لە نوسەری دیاری ئەڵمانی (ستیڤان زیڤاڤیج) و هونەرمەندی بەناوبانگی هۆڵەندی (ڤنسنت ڤان کوخ).
یەکەمیان فیلمێکی درامییەو دووەمیان ئەنیمەیشنەو بەهەردووکیشیان، تراژیدیای خۆکوشتنی دوو بەهەرمەندمان بۆدەگێڕنەوە کە بەنوسین و تابلۆکانیان هەتا ئێستاش، زیندون و لەگەڵماندا دەژین.
ئەگەر ڤان کوخ (١٨٥٣-١٨٩٠)، یەک بینە ژیانی چەرمەسەری و نەبونی و بەدبەختی بووبێت، ئەوا بەپێچەوانەوە ستیڤان زیڤاڤیچ (1881-1942)، هاوڵاتیەکی نەمساویی خواپێداوو نوسەرێکی پڕبەرهەم و خۆشگوزەرانبووە، بەڵام ژیانی هەردووکیان بەخۆکوشتن تەواودەبێت. ڤان کوخ لەتەمەنی (٣٧) ساڵیدا کۆتایی بەژیانی خۆی دێنێت و زیڤاڤیجیش لەتەمەنی (61)ساڵیدا.
زیڤاڤیج وەک زۆرێک لەنوسەران و ئەدیبان و بیرمەندانی ئەڵمانیا، دوای هاتنە سەرکاری نازیستەکان لەگەڵ (واڵتەربنیامین، تۆماس مان، کورت تۆخۆلسکی، تیودۆر ئەدۆرنۆ، هێربەرت مارکۆزە، بێرتۆڵدبرێجت، هانا ئارێنت و... هتد)، وڵات جێدێڵێت.
لەپاش هەڵایسانی دووەم جەنگی جیهانی نەک هەر ئەڵمانیا، بەڵکو سەرتاسەری ئەوروپاش دەبێتە گۆڕەپانی شەڕێکی بێئامان و ئەوانە هەموویان بەچاوی خۆیان دەبینن، چۆن ئەو شارستانیەتەی چاویان تێدا بەدنیا هەڵهێنا، واخەریکە تیادەچێت.
زیڤاڤیج وەک جولەکەیەکی گەڕیدە، هەر لەگەڵ هاتنە سەرکاری نازیستەکان ڕوودەکاتە لەندەن و لەوێوە بۆ نیویۆرک و لەنیویۆرکیشەوە بۆ بەرازیل.
فیلمی (ماڵئاوا ئەوروپا)، باس لەو ساڵانەی ژیانی دەکات کەدوای دەرچونی لەئەڵمانیاو کیشوەری ئەوروپا، لەوڵاتی بەرازیلدا گوزەراندویەتی. لەوکاتانەشدا لەتەمەنی شەست ساڵی نزیک دەبێتەوەو وەک خۆشی باسی دەکات: (مرۆڤ لەدوای شەست ساڵیەوە سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە، ڕەنج و ماندوبونێکی زۆری دەوێت).
بۆیە لەگەڵ (لوتە)ی هاوژینیدا کە 25 ساڵێک لەخۆی منداڵتردەبێت، بڕیاردەدەن پێکەوە کۆتایی بەژیانی خۆیان بێنن. ڤان کوخ بەگوللەی دەمانچەیەک کە ناوسکی دەپێکێت، خۆی دەکوژێت و ماوەیەک بەبرینداری و لەسەرجێ دەمێنێتەوە. وەلێ ستیڤان زیڤاڤیچ بەخواردنی حەب و کەپسولێکی زۆر، کۆتایی بەژیانی دێنێ و بەشێنەیی سەردەنێتەوەو ماڵئاوایی لەدنیا دەکات.
سەرباری ئەوهەموو هۆکارو شرۆڤەو بەهانانەی بۆ خۆکوشتنی ئەمانە دەوترێت و باس دەکرێت، بەڵام دواجار هەروەک تەلیسم و نهێنیەک دەمێنێتەوەو ئەو تەلیسم و نهێنیەش لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە گۆڕەوە.