ژەنڕاڵی پایز؛ پایزی هەڵبژارد بۆ ماڵئاوایی

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

محەمەد عومەر عوسمان ناسراو بە ژەنەراڵی پایز، شەوی رابردوو بەکارەساتێکی دڵتەزێن کۆچی دوایی کرد. بەوتەی پۆلیسی سلێمانی، خۆی خنکاندووە.

محەمەد عومەر عوسمان هەرچەندە شاعیریکە بەرهەمی کەمە، بەڵام قەڵەمێکی دیارە لەناو دنیای شیعری کوردیدا لەدوای راپەڕین.

دەقی «ژەنەراڵی پایز» یەکێکە لەشیعرە دیارەکانی ئەم شاعیرەو بەم ناوەوە ناسراوە ژەنەراڵ پلەیەکی سەربازیی باڵایە، بەڵام لێرەدا بووەتە ناونیشانی شیعر. محەمەد عومەر عوسمان لەبەشێک لەشیعرەکانیدا باسی پایز دەکات و لەپایزیشدا کۆچی دوایی کرد.

هەروەک چۆن پایز بەوەرزی کۆتایی و بەرەو مردن دادەنرێت ئەوا محەمەد عومەر عوسمانیش هەست دەکات لەهەمووان نزیکترە لەمردنەوە، بەوەش وەک شای پاییزی لێدێت. بەمانایەکی تر، ناونیشانی جەنەراڵی پایز مانای گەورەیی و باڵابوونی ئەم کەسێتیە نیشاندەدات لەچاو پاییزدا، ئەمیش لەسەر بنەمای ئەو خاسێتە پایزیانەی کەهەیەتی بەجۆرێک کەدەیگەیەننە ئاستێک خۆی لەسەروی وەرزی پایزەوە ببینێت.

شاعیر وەکو ژەنەراڵێکی سەربازی وێنای خۆی دەکات و سەرجەم ئەو نیشانانەی کە لەڕووکەشدا ژەنەراڵێکی سەربازی پێ دەناسرێنەوە بەرجەستە دەکات، بەڵام هەموویان لەو رەگەزانەی سرووشت وەردەگرێت کە پەیوەستن بەپاییزەوە. گەڵای رەنگ زیوینی درەخت دەبێتە ئەستێرەکانی سەرشانی، کزەبای پاییز لەبەر دەکات و لقی درەخت دەکات بەشمشێر. ئێستا ئەوە ئاشکرا دەبێت کەشاعیر بەجۆرێک پەیوەست و عەشقی پاییزە کەدەیەوێت لەڕێگای بەئامرازکردنی توخمەکانیەوە بەرجەستەی شووناسێک بۆ خۆی بکات و ببێتە هاوشێوەی پاییز یان تەنانەت وەکو دەقەکە بەرجەستەی دەکات ببێتە ژەنەراڵی پاییز.

لەڕوویەکی ترەوە سەیری چەمکی پاییز بکەین، ئەوا دەزانین کەپاییز لەڕوانینی خەڵکەوە هاوشانە لەگەڵ چەمکی غوربەت و نامۆبووندا کە دوو چەمکی نزیک لەیەکن، بەڵام هەریەکە رەهەندی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی خۆی هەیە کە بەگشتیش پەیوەستن بەبوونی مرۆڤەوە. بەواتا دەتوانین بڵێین غوربەت و نامۆبوون لەو ڕوانگەیەوە کە لەڕووی بەرهەم هاتنەوە پەیوەندیان بەپاییزەوە هەیە لەهەمان کاتدا پەیوەستن بەبوونی ئەنتۆلۆجیانەی مرۆڤەوە. بۆیە لەبارێکی وەهادا جۆرێک لەهاوشێوەیی لەنێوان مرۆڤ و پاییزدا دروست دەبێت.

کاتێ شاعیر خۆی وەکو جەنەڕاڵی پاییز واتە سەروەرو سەرکردەی پاییز نیشان دەدات، ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت کەئەو خۆی وەکو مرۆڤێکی باڵاتر دەبینێت لەچاو ئەوانی تردا کە دەشێ لەناخی خۆیداو بەو هەموو خەمە پاییزییەوە کەهەڵیگرتووە هەست بکات ئەم لەڕووی هەستکردن و بەتەنگەوە هاتنی مرۆڤایەتیەوە لە سەرووی ئەوانی ترەوەیە، ئەوەش وای لێ بکات کەهەست بکات ئەم لەچاو مرۆڤەکانی تردا مرۆڤێکی باڵاترە. بەواتا دەتوانین بڵێین جەنەراڵی پاییز جەنەراڵی مرۆڤەکانیشە، بەڵام لەسەر بنەمای بوونی دەسەڵاتێکی زیاتر نا لەچاو ئەوانی تردا، بەڵکو لەسەر بنەمای هەست بەئینسانی کردنێکی زیاترو بەتەنگەوە هاتنی زیاتر بۆ خۆدی مرۆڤ و بۆ کێشەو ئازارەکانی و بۆ چارەنووسی نادیارو ونی.

منم ژەنەراڵی پاییز..

منی هەرگیز ئۆقرە نەدیو ژەنەراڵم..

ژەنەراڵی هەزارەها داری رووت و ملیارەها گەڵای وەریو

ئەوی شاعیر لەئاشکراکردنی شووناسی راستەقینەی خۆیدا بۆمان ئاشکرا دەکات، ئەم نەک بۆ مەرگی مرۆڤ و بۆ ئازارو مەینەتییەکانی ئازار دەچێژێت و خەم دەخوات، بەڵکو بە جۆرێک هەستیارە کەئازاری وەرینی گەڵای درەختەکان و رووتبوونەویان کاری لێ دەکات و خەمیان بۆ دەخوات. هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین لە کاتێکدا کەئەم خۆی وەکو ژەنەراڵی پێشکەش دەکات، ئازارەکانی لەئازارەکانی پاییز بۆ ئەو دیاردانە زیاترەو هەر چۆن مرۆڤی هەستیار بەدیار مەرگی مرۆڤایەتیەوە دەگری ئەمیش بەهەمان شێوە بەدیار وەرینی گەڵاکانەوە دەگری و ئەوەش وای لێدەکات کە خۆی بخاتە سەرووی پاییزەوە، لە کاتێکدا کەپاییز وەکو هێمای خەم و نامۆیی دەناسرێت، ئەم خۆی لەسەرووی پاییزیشەوە دەبینێت لەخەم خواردندا، هەر بۆیە وەکو ژەنەراڵی پاییز خۆی نمایش دەکات.

منم ژەنەراڵی پایز..

کاسکێتەکەی سەرم هەورەو

ئەستێرەکانی سەر شانم

چەن گەڵایەک بە ڕەنگی زیو

پاڵتۆی بەرم کزە بایەو

شمشێرەکەم لقی درەختێکی ڕزیو

ئەم شاعیرەی ئێمە بە باشی لەو خەمە ئەزەلیەی مرۆڤ تێدەگات و بەهوشیاریشەوە سەیری دەکات و خۆیشی فریو نادات بۆ ئەوەی خۆی لێ بشارێتەوە. بەڵکو بەئاگاوە مامەڵە لەگەڵ ئەو خەمەدا دەکات و هەوڵیش دەدات پایەیەک بێت لەو دنیایەدا کە ناوی دنیای پاییزو هەڵوەرین و خەم ونیگەرانیە ئەوەش وای لێدەکات ببێتە ژەنەراڵی پاییز.

منم ژەنەراڵی پایز ..

درەختی رووت ئەم نازناوەی خەڵات کردم

منیش نازناوی شەهیدم دا بەگەڵای هەڵوەریوو

کردمە تاکە ئازیزم

لەیەک ساتا خۆم کۆرپەی گەڵاڕێزان و

هەر خۆشم باوکی پاییزم

شاعیر پێش ئەوەی کەدرەختی رووت نازناوی ژەنەراڵی پایزی پێ ببەخشێت خۆی کەسێکی سرووشت پاییزی بووەو لەگەڵ وەرینی هەر گەڵایەک و رووتبوونەوەی هەر درەختێک و هەڵکرنی هەر کزەبایەکدا ئەم خەمی هەموو گەڵاکانی هەڵگرتووەو لەگەڵ هەستکردن بەغەریبی و بەنامۆییدا ژیاوەو هەستی بەمردنێکی بەردەوام و هەمیشەیی هێواش کردووە. لێرەشەوە هەستی ئینسانانەی ئەم کەسێتیە دەردەکەوێت و ئەوێک کە بۆ وەرین و مەرگی گەڵاو رووتبوونەوەی سرووشت و ماتەمی پاییز بگری و ئازار بچێژێت داخۆ ئازارو مەرگ و رووخاندنی مرۆڤ و سوکایەتی کردن بەمرۆڤ چ کاریگەریەکیان هەبێت لەسەری؟ ئەوەی کە هەندێ شاعیرو نووسەر لە شێوەی رستەی ناشیعری ئاشکراو درووشمدا و لەشێوەی هەڵوێست فرۆشتندا دەری دەبڕن محەمەد عومەر لەئاستێکی زۆر قوڵتری مرۆڤانەداو لەئاستێکی شیعری باڵاو بەچێژو جوانیەکی بەرزەوە دەری دەبڕێت کە ئەوەش راستگۆیی شاعیرو تێگەیشتنی ئەو لەشیعرو لەچەمکی شیعر دەردەخات.

منم ژەنەراڵی پایز..

خوێنێکی زەرد بە نێو دەمارما دەگەڕێ و

چاوم هەروەک

هەور نمناک

تەنیا من بووم

کە لەتابووتی شوشەدا..

چەندین گەڵام

سپارد بەخاک

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار