ئازاد سوبحی؛ بوونەوەرێک بەقەدەر لەزەتی گومان
نوسهر و ئهدیب ئازاد سوبحی
5 ساڵ لەمەوپێش
شوان ئهحمهد
-1-
شاعیرگەلێکی زۆر ھەن خۆشیم بەچارەیان نایەت.. خوا خۆی دەزانێت بەبینینی سەرو فەساڵیان چەن قەڵس دەبم. بەخوێندنەوەی دەقە مردوەکانیان، چۆن سوڕی خوێنم تێکدەچێت و مەراقێکی قوڵ دامدەگرێت. مەبەستم لەوانە پێڕی درۆزنە شاعیرەکانن، ئەوانەی تەنها ئەوکاتە شاعیرن که قەڵەم بەدەستەوە دەگرن و دەکەونە لاپەڕه رەشکردنەوە.
دوای ئەوە وەک بونەوەرێکی هارو برسی، شوێن چڵێسیەکانی ژیان دەکەون. دەبن بەڕاپۆرت نوس، دەبن بەڕاوچی، دەبن بەپۆلیس و بەبزنسمان و بەهاوڕێ و دۆستی کاربەدەستان و بەچاودێری سیاسی و بەواعیز، شاعیربون نەبێت.
من زۆرێک لەو درۆزنە شاعیرو شاعیرە لۆتیانە دەناسم. ئەوانەی باسی میهر و وەفاو خۆشەویستی دەکەن، کەچی خۆیان کوانوی بوغزو کانگای پۆخڵی و سەرمەشقی نامەردین. باسی منداڵی و پاکبونەوە و مێخەک و کوکوختی و بەرسیلەو پوشکە بەقنە دەکەن، بەڵام لەسیمای کەسیاندا نەک نور و رۆحانیەت، تروسکایی نابینیت.
ئەم پێڕە لەنێو تێکستەکانیاندا شتێکن و لەدەرەوەڕا شتێکی دی. لەشیعرەکانیاندا جۆرێک دەپەیڤن و لەژیانی رۆژانەشدا شتێکی دی ئەزمون دەکەن. شاعیرە درۆزنەکان ئەوانەن، لەدەقەکانیاندا حاشا لەحزب و سیاسەت و هەلپەرستی دەکەن و لەواقیعیشدا، شەڕ بۆ ئەندام پەرلەمانی و وەزیری و پلەو پۆستی بەرزو باڵای حکومی دەکەن.
درۆزنە شاعیرەکان بەشیعرەکانیان بێت، قوتی ڕۆژانەیان لەگەڵ منداڵە برسیەکاندا بەش دەکەن و لەگەڵ بەشمەینەتاندا رۆژدەکەنەوە، وەلێ لەفیستیڤاڵ و لەبۆنە رەسمیەکاندا، هەر ئەوانەن دێن بەقات و بۆینباخ و پێڵاوی لەماعەوە، شیعر بۆ مرۆڤکوژەکان دەخوێننەوەو شیعر سوک و هەرزانفرۆش دەکەن.
بۆ نەگبەتی وڵاتەکەی من پڕپڕە لەو شاعیرە دوو ڕووانە. وڵاتەکەی من ھەر کوشتەی دەستی سیاسی گەلحۆو بەرپرسی گژۆژەو بازرگان و قاچاخچی چاوچنۆک و بێویژدان نیە، وڵاتەکەی من بەر لەوانە بیماری دەستی ئەوانەیە بەناوی شیعر و شاعیریەوە، هەقیقەتیان ریسواکردو پاکێتیان نایە ژێرپێ.
(سوبحى) درێژکراوهى ئهو دهنگه شیعریانه بوو کهیهک دهموچاویان ههبوو، سهر بهو بنهماڵهیه بوو کهوهک یهک لهناو تێکست و لهواقعى ژیانى ڕۆژانهیاندا، چیان دهنوسى وههاش رهفتاریان دهکرد
شاعیرە نامەردو درۆزنەکانی وڵاتی من کەدیوانەکانیان پڕپڕە لەباس و خواسی (رۆحی ژن و جوانی ژن و ئازادی ژن و سەنگینی ژن)، رۆژانە وەک جلەکانی بەریان و وەک ئۆتۆمۆبێلەکانی ژێریان، ژن دەگۆڕن. پاشانیش بۆ خۆ نوێکردنەوەو فراوانکردنی زەین و دونیابینیان، سەنگەر دەگوازنەوە.
کەسیاسیەکان و مافیاکانی خوێن، تەماحی شەڕو ئارەزوی ئاگر خۆشکردنیان دەبێت، ئەوان دێن و بەچامەی درێژو بەپۆستەرە شیعرەوە، زەمینەیان بۆ خۆشدەکەن و کوڕگەلی ئەم هەرێمە تەیار دەکەن بۆ جەنگێکی نوێ.
ئەوانەی شاعیربون تەنها بەنوسینی قەسیدەوە گرێ دەدەن و شاعیریەتیان تائەو شوێنە بڕدەکات کە لەنوسینی دەقەکە دەبنەوە، دەبێت وەک خەڵک و خوای ئاسایی چاوەڕوانی هەموو شتێکیان لێبکرێت.
شاعیربون کەلەگەڵ تەواوکردنی نوسینەوەی قەسیدەدا کۆتایی هات و نەپەڕییەوە بۆ ناو چرکە بەچرکەی ژیان و ساتەکانی تەمەن، هەموو شتێکی لێ چاوەڕێ بکە جوانی نەبێت. هەمو شتێکی پێ دەبێت راستگۆیی نەبێت، هەموو شتێکێی تێدا دەدۆزینەوە پاکێتی نەبێت.
-2-
بەداخەوە ناوەندی رۆشنبیری کوردی زۆرێک لەو شاعیرانەی تێدایەو ئەو مۆدێلەی تێدا زاڵە، بەڵام لەپەراوێزیشیدا هێشتا خەڵکانێک هەن تەسلیم بەو قەدەرە نەبون و لەخەمی پاراستنی ماکی راستەقینەی شیعر و شاعیر بوندان.
(ئازاد سوبحی) یەکێک بوو لەو دەنگانە. ئەو زیاتر لەبیست ساڵە وەک شاعیرێکی پەراوێزنشین، بێدەنگانە سەرقاڵی کاری خۆی بوو. نەماشێنێکی ئیعلامی گەورەی لەپشت بوو، نەهیچ دەستەو تاقمێکیش شاباشی کارەکانیان دەکرد.
وزەو سەلیقەی شیعری خۆی، هەڵوێست و ئەخلاقی بەرزی شاعیرانەی لەئاست نوسین و ژیان و مرۆڤدا، ئەویان گەیاندە ئەو شوێنەی تەنهاو تەنها نوسەرە راستگۆکان دەیگەنێ.
ساڵی 1994 بۆ یەکەمجار بەشێک لەقەسیدەی (بونەوەرێک بەقەدەر لەزەتی گومان)م خوێندەوە، کەتەواوم کرد بەخۆمم وت (ئا من لەم هەناسە شیعرییە دەگەڕێم). سەروەختێکیش (باخچەکانی باوکم) بەو کوالێتی و بێ نازییەوە بڵاوکرایەوە، دڵنیابوم کەئێمە لەبەردەم ئەزمونێکی شیعریی تایبەتداین.
ئەڵبەتە سیحرو جوانی (سوبحی) شاعیر تەنها هەر دەرگیری دەقە شیعریەکانی نەبوو، بەڵکو هاوکات پەیوەست بوو بەو ئەخلاقی شاعیرانەیەی لەژیانیشدا بەرجەستەی کردبوو.
(سوبحی) درێژکراوەی ئەو دەنگە شیعریانە بوو کەیەک دەموچاویان هەبوو، سەر بەو بنەماڵەیە بوو کەوەک یەک لەناو تێکست و لەواقعی ژیانی رۆژانەیاندا، چیان دەنوسی وەهاش رەفتاریان دەکرد. ئەو لەنمونەی (جان دەمۆ و ماغوت و سوهراب و رامبۆ) بوو.
بەراورد بەهاوتەمەنەکانی خۆی کەمێکی کەمی نوسی، لەو کەمەش هەندێکی بڵاوکردەوە. مەسرەف نەکردنی زۆری وشەو خۆ بەدورگرتنی لەبڵاوکردنەوە، لەتەمبەڵی و دەستە پاچەییەوە نەبوو، ئەوەندەی پەیوەندی بەوەوە هەبوو لەم سەردەمە جەنجاڵ و بێ روحەدا کە (هیچ نەزم و عورف و پێودانگێکی) تێدا نەماوە، هەندێ شکۆ بۆ وشەو بۆ شیعر بگێڕێتەوە.
چونکە ئەو وەکی (عیزەت سرایلیچ)ی شاعیری گەورەی بۆسنە پێیوابوو (ئێمە رۆژگارێک دەگوزەرێنین کەتەواوی شتەکان، هەر لەچەقۆوە تاگژو گیا پیس و ژەهراوی بون).
لەناو ئەو پیسی و ژەهراوی بونەدا، ئەو ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر پەنای دەگرت و بۆ هەر شوێنێک رێی بکردایه، هەڵدەخلیسکایەوه ناو ناخی خۆی. دەگەڕایەوه ناو ماڵی تەنها و بێدەنگی خۆی.
(سوبحی) رۆیشت و بۆ یەکجارەکی رۆژ ژمێری ژیانی پێچرایەوه، بەڵام لەدوای خۆی بۆ نەوەکانی ئێستاو داهاتوو، هەر بەتەنها رێچکایەکی شیعریی تایبەتی جێنەهێشت و هەر تەنها هونەری شیعر نوسینیان فێرناکات، بەڵکو لەسەروو ئەوانەوه ئەخلاقی شاعیرانەی راستەقینەشیان نیشان دەدات کەعەیامێکه، لەواقعی ئێمەدا لەبەین چوەو لەناو دنیای رۆشنبیری ئێمەدا کاڵبۆتەوه.
(سوبحی) تەنها هەر شاعیرێکی هەست ناسک و مرۆڤێکی جوان و میهرەبان نەبوو، بەڵکو نوسەرێکی بەسەلیقەو وەرگێڕێکی لێهاتووش بوو. وەک چۆن بەکوردی تێکست و نوسینی ئاست بەرزی هەبوو، بەزمانی عەرەبیش بەهەمان شێوه.
شەوێکیان وتی بابچین بۆ ئاسمان
وتم ئاخر ئێمه باڵمان نیه گوڵه گیان
وتی ئاسمان خۆشه کەسی لێ نیه
هەر خوای لێیه.. خوا گوڵی خۆش ئەوێ
ئێستاکێ رۆحی تۆ رۆیشت بۆ ئاسمان، بەڵام ئەوەی دەمترسێنێ ئەوەیه دوای رۆیشتنت، شاعیرگەلێکی درۆزن بێن و رەگوڕیشەی خۆیان بگێڕنەوه سەر دنیای شیعری تۆو لەسەر میراتی شیعری تۆ، خۆیان بژیەنن.
رۆحت شادو ئارام بنوو ئەو ئارامیەی لەم دنیایەدا بەنسیبت نەبوو.
بڕۆ خوات لەگەڵ....
سلێمانی 3/10/2014