هاوڵاتی رۆژی ٢٤ی کانوونی دووهەم ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بەرەو تورکیا بەڕێکەوت و سەردانی تورکیای کردو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاو ژمارەیەک لەبەرپرسانی تورکیا کۆبووەوە. ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران پێش سەفەرەکەی بۆ تورکیا، لەفڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران بەمیدیاکانی راگەیاند:» ئەم سەفەرە لەسەر داوای سەرۆککۆماری تورکیاو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هاوبەشی دوو وڵات و هەروەها گفتوگۆکردن بۆ پەرەپێدان بەپەیوەندییە دوولایەنەکانیان و پرسە ئابوورییەکان، رێکخراوە. رەئیسی لەبەشێک لەقسەکانیدا وتی: پرسی گرنگی ناوچەکە کەموسڵمانەکان و مرۆڤە بەئاگاکانی لەهەموو دونیا نیگەران کردووە، پرسی فەلەستینەو ئێران و تورکیا وەک یەک بیردەکەنەوە لەسەر پشتیوانیکردن لەفەلەستین و بەرگرییەکەیان. هەوڵدراوە بەوەی بۆمبارانەکان رابگیردرێت، بەڵام بەهۆی پشتیوانییەکانی ئەمریکاو رۆژئاوا لەڕژێمی زایۆنیستی، بەردەوام دەبینین کەژن و مناڵی فەلەستین دەبن بەقوربانی. رەئیسی هەروەها وتی:» بەستینەکان بۆ پەیوەندی ئێران و تورکیا لەبارەو وەک دوو وڵاتی دراوسێ، هەوڵدەدەین پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا وەک وڵاتێکی ئیسلامی دراوسێ هەبێت و پەرە بەپەیوەندییەکانمان دەدەین. سەرۆككۆماری ئێران و توركیا لەئەنكەرە كۆبوونەوەوەو رێككەوتنێكی 10 خاڵیان لەبوارە جیاوازەكانی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی و رۆشنبیری واژۆ كرد. ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران دوابەدوای سەردانەكەی بۆ توركیا لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو وردەكاری بڕیارەكانیان رایگەیاند «هەردوو وڵات چەند بڕیارێكی گرنگیان لەبارەی رووبەڕووبونەوەی تیرۆریزمداوە». ئامانجی سەفەرەکە کۆماری ئیسلامی لەناوخۆی وڵات تووشی کێشەی قووڵی ئابوورییەو لەهەمانکاتدا ناڕەزایەتییەکان لەناوخۆی ئەو وڵاتە کەم و زۆر بوونی هەیە. مانگرتنی مامۆستایان، کرێکاران و خانەنشینکراوەکان رۆژ لەگەڵ رۆژ لەپەرەسەندندایە. بەهای تمەن بەرامبەر بەدراوەکانی تر رۆژ لەگەڵ رۆژ لەدابەزینە. هەربۆیە کۆماری ئیسلامی بۆ کەمکردنەوەی قورسایی ئەم دۆخە ئامادەبوو لەگەڵ تورکیا لەسەر مێز دابنیشێت. ئەمە جگە لەوەی هەردوو وڵات سەرەڕای کێشەکانیان لەگەڵ یەکتر هەرکات باسی پرسی کورد هاتووە، هاوپەیمان و کۆک بوون. هەر لەپەیمانی سەعدئابادەوە لەساڵی ١٩٣٧ تائێستاکە تورکیاو ئێران ئەوەیان خستۆتەڕوو سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانیان یەکجۆر روانینیان هەیە بۆ پرسی کوردو هەردوو وڵات کوردو بزووتنەوەکەی بەتیرۆریست ناودەبەن. بەڵام لەم دیدارەدا پرسی سەرەکی بۆ لایەنی ئێرانی وەک چۆن ئیبراهیم رەئیسی پێش سەفەرەکەی باسیکردبوو، پرسی ئابووری بوو. هەر لەم بوارەدا بەپێی وتەی «حوجەتوڵڵا عەبدولمەلەکی» سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ناوچە ئازادەکانی ئێران، تاران پێشنیاری سەرمایەگوزاری ٢٠ میلیار یۆرۆی ئامادە کردووە بیخاتە بەردەم تورکیا. بەڵام میدیا تورکییەکان پرسێکی تریان زەق کردووەتەوە. بەپێی وتەی میدیا تورکییەکان وەستانەوە بەرامبەر بەکوردو بزووتنەوەی کوردستان پرسی سەرەکی باسەکەیان بووەو میدیا تورکییەکان باسکردن لەپرسی کوردیان وەک پرسی تیرۆریزم ناوبردووە. تورکیا لەچەندمانگی رابردوودا بەردەوام بووە لەهێرشکردن بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پ.ک.ک لەباشووری کوردستان، بەڵام جگە لەوەی نەیانتوانیوە بەوتەی خۆیان پ.ک.ک لەناوببەن، چەندجار لەلایەن گەریلاوە هێرش کراوەتەسەریان و لەنزیک بەدوو مانگی رابردوودا دەیان سەربازیان لەباشووری کوردستان بەدەستی گەریلا کوژراون. ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری لەناوخۆی تورکیا لێکەوتووەتەوە. تورکیا بۆ ئەم مەبەستە دەستەودامانی وڵاتانی ناوچەکە لەوانە ئێران بووە بەوەی بەهاوکاری ئێران بتوانێت دژی پ.ک.ک بوەستێتەوە. ئێرانیش بەهەمانشێوە پرسی کورد وەک پرسێکی تیرۆریستی دەبینێت. لایەنی ئێرانی لەقسەکانیاندا جەخت لەسەر ئەم کێشە هاوبەشەی دوو وڵات دەکەنەوە، بەڵام لایان وایە پەیوەندی دوو وڵات بەرفراوانتر لەم بابەتەیە. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران، مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لەپەیوەند لەگەڵ هاوکاری ئێران و تورکیادا وتی :» پەیوەندی نێوان ئێران و تورکیا بەتەواوەتی روون و ئاشکرایە. دوو وڵات لەبواری جیاوازدا پەیوەندی نزیکیان هەیەو هەوڵدەدەین ئەم پەیوەندییە پەرە پێبدەین». دوو وڵاتی تورکیاو ئێران سەرەڕای ئەوەی کەپەیوەندی باشیان هەیە لەگەڵ یەکتر، کۆمەڵێک کێشەش لەنێوانیاندا هەیە کەچارەسەر نەکراوە. ئەو راگەیاندنەی کەدوای ئەم دیدارە بڵاوکرایەوە دەرخەری کەڵەکەبوونی ئەم رسانەیە. هەروەها یادداشتێکی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەدەماودەمی سەفەرەکەدا لەڕۆژنامەی « میللیەت»ی تورکیا چاپ بوو کەدەرخەری ئەو کێشانەیە کەپێویستە چارەسەربکرێن. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەژمارەیەکی زۆر لەو کێشانە کرد کە لەنێوان دوو وڵاتدا بوونی هەیەو پێویستە بڕیاری لەسەربدرێت. ئەو پرسانە هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، هەر لەباری کەلتووری و سنووری و سەربازییەوە بگرە تا دەگاتە پرسی ئابووری. وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەپێویستی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان دوو وڵات کردووەو جەختی کردبووەوە لەسەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی لەئێستادا یەکێکە لەسەرەکیترین دابینەکەرانی غازی سروشتی تورکیاو هێڵی بۆری غازی نێوان دوو وڵات لەساڵی ٢٠٠١ەوە یەکێکە لەڕەمزە گرنگەکانی هاوکاری بەردەوامی ئابووری نێوان دوو وڵات. بەڵام بەوردبوونەوە لەئاستی هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ تۆرکیا، ئەوە دەکەوێتە روو، ئەوەی ئێران بەگرنگی دەزانێت بەلای تورکیاوە وەک ساڵانی زووتر گرنگ نەماوەو فرۆشتنی گازی ئیران بۆ تورکیا لەساڵی رابردوودا ٥٠ لەسەد کەمی کردووە. هەر ئەم جیاوازی ژمارەو وتانە، بەشێک لەکێشەکانی نێوان دوو وڵات دەخاتەڕوو. سەرەنجام سەفەرەکە کرا تورکیاو ئێران وەک دوو وڵاتی دراوسێ کۆمەڵێک بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیەو کۆمەڵێک پرسی هاوبەش هەیە کەکۆیان دەکاتەوە. لەساڵی رابردوودا چەندجار لەمیدیاکانی دوو وڵات باس لەوەکرا کە رەجەب تەیب ئەردۆغان بانگهێشتی ئیبراهیم رەئیسی کردووە سەردانی تورکیا بکات. بەڵام ئەو سەفەرە هیچکات رووینەدا. دوایین جار کەسەفەری بەرنامە بۆداڕێژراوی رەئیسی بۆ تورکیا هەڵوەشایەوە، رۆژی ٤ی کانوونی یەکەم بوو، کە بەهۆی تەقینەوەکانی کرمان کەزیاتر لە ٩٠ کەس تێیدا کوژراو زیاتر لە ٢٠٠ کەس برینداربوون، سەفەرەکە هەڵوەشایەوە. بەڵام بۆ جارەکانی تر نەزانراوە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەفەری رەئیسی بۆ تورکیا چی بووە. ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەوەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی سەفەری رەئیسی بۆ تورکیا لەمانگی تشرینی دووهەم وتبووی، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەفەرەی رەئیسی بۆ تورکیا ئەوە بووە کەوەزیری دەرەوەی دوو وڵات لەو کاتەدا لەئەمریکا بوون. بەڵام ئەم وتەیەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەڵامێکی گونجاو نەبووە بەلای شارەزایانی سیاسەتی نێونەتەوەییەوە. لەبەرئەوەی لەوکاتەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا بەدرێژایی ئەو هەفتەیەی بەرنامەی سەفەرەکەی رەئیسی بۆ چنرابوو لەدەرەوەی تورکیا بوو، لەبەرئەوەی دەیانتوانی سەفەرەکە لەکاتێکی تردا دابنێن. هەربۆیە شارەزایانی بواری سیاسەتی نێونەتەوەیی و بەتایبەت سیاسەتی دوو وڵاتی تورکیا و ئێران بۆچوونی جیاوازیان هەبوو لەسەر ئەوەی کە بۆچی ئەو سەفەرەی رەئیسی لەو سەردەمەدا نەکراوە. لایەنە ئێرانییەکان لایان وابوو سەفەری رەئیسی بۆ تورکیا هەڵوەشاوەتەوە لەبەرئەوەی تورکیا پەیوەندی بازرگانی هەیە لەگەڵ ئیسرائیل. ئەمەش پێچەوانەی داواکاری خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بوو کەداوای لەوڵاتانی ئیسلامی کردبوو پەیوەندی بازرگانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن. بەڵام میدیا تورکییەکان جۆرێکی تر بۆ بابەتەکەیان دەڕوانی. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕە بوون هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەفەری رەئیسی لەو کاتەدا بۆ تورکیا بۆ جیاوازی روانینی دوو وڵات دەگەڕێتەوە لەسەر چۆنیەتی وەستانەوە دژی تیرۆریزم لەناوچەکە. میدیا تورکییەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون ئێران لەم بارەوە وەڵامی داواکارییەکانی تورکیا ناداتەوە. بێگومان مەبەستی میدیا تورکییەکان لەوشەی تیرۆریزم، کوردو پرسی کوردە لەباکوورو رۆژئاوای کوردستان. تورکیا بەتایبەت هەوڵدەدات لەڕۆژئاوای کوردستان ئێران بکات بەهاوهەڵوێستی خۆی و بەهۆی پەیوەندی نزیکی ئێران و ئەسەد، هەوڵبدات دەسەڵاتی ئەسەد ناچاربکات و هانی بدات دژ بەڕۆژئاوای کوردستان بوەستێتەوەو هێرشی سەربازی بکاتە سەر رۆژئاوا. لە ئێستادا تورکیا هەموو هەوڵی خۆی ئەدات ئەزموونی رۆژئاوا لەبار ببات و لەهەمانکاتدا بەردەوامە لەهێرشکردنە سەر پ.ک.ک لەباشووری کوردستان. کێ بوو مەبەستی فاڵەکەی رەئیسی؟ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لەبەشێک لەسەفەرەکەی خۆیدا لەدیوانێکی کۆنی حافز فاڵێکی گرتەوەو دێڕێک لەشیعرێکی حافزی خوێندەوە. زۆر کەس لایان وایە خوێندنەوەی ئەو شیعرەو ئاماژەکانی دوو وڵات دەرخەری کێشەو جیاوازییەکانی نێوان دوو وڵاتە. لەو دێڕە شیعرەی حافزدا کە رەئیسی خوێندییەوە ئەمە نووسراوە :» خوش باش کە ظالم نبرد راە بە منزل» واتە « گەشبین بە زاڵم بە مەنزڵ ناگات». ئەردۆغان بەئاماژەی قامکی ئیبراهیم رەئیسی کرد وەک بەردەنگی ئەو دێڕە شیعرە ناوبرد کە لەفاڵەکەدا دەرهاتبوو. بەڵام رەئیسی وای دەڕوانی مەبەستی ئەو لە «زاڵم» ئیسرائیلە. ئایا پرسی کورد دوو وڵات دەباتەوە سەر مێز؟ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لەهەر شتێکدا پێکەوە ناکۆک بووبێتن لەسەر پرسی کوردو وەستانەوە دژی ئەزموونی کورد لەهەر پارچەیەک هاودەنگ و کۆک بوون و هەن. دەربارەی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان رەنگە هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا لەئێستادا روانینی جیاوازیان هەبێت بەرامبەری، بەڵام سەرەنجام هەردوو وڵات سەقامگیری ئەو ناوچەیە و دروستبوونی هەرێمێکی ئارام و سەقامگیر لەبەرژەوەندی خۆیاندا نابینن. لەپەیوەند لەگەڵ باشووری کوردستانیش بەهەمانشێوە. بەشێکی گەورەی ئامانجی ئەم سەفەرە کە رەنگە کەمتریش هاتبێتە ناو میدیاوە لەوەی باسی کراوە باسکردنی پلان و بەرنامەکانیانە دژی هەر ئەزموونێکی کوردی. هیوا ئەحمەد لەڕاپۆرتێکدا لە ANFNEWS لەپەیوەند لەگەڵ سەفەری رەئیسی بۆ تورکیا نووسیویەتی :» بەچالاكییەكانی گەریلاكان لەبەرەكانی شەڕو بەرخۆدان ئەردۆغان و حكومەتەكەی لەژێر زەخت و گوشاری زۆردایە، بۆیە لەلایەك پەنای بۆ رژێمی ئێران و دەوڵەتی ئێران بردووەو لەلایەك راستەوخۆ لەگەڵ ئیستخباراتی سوریا و گروپە چەتەكان لەناوچە رزگاركراوەكانی ژێر دەستی هەسەدە ئاژاوەگێڕی و فیتنە دەنێتەوە و لەلایەكی تر هەموو شتێكی توركیای خستووەتە گرەوو مەزادەوە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەپێناو دەستەبەركردنی پشتیوانی سیاسی، سەربازی، ئابوری بۆ لەناوبردنی گەلی كوردو بزوتنەوەی ئازادی كوردستان، وەك ئەوەی لەقبوڵكردنی وڵاتانی سویدو نەرویج بۆ چوونە نێو هاوپەیمانی ناتۆوە بینرا». هیوا ئەحمەد لای وایە ئامانجی سەرەکی بانگهێشتکردنی رەئیسی لەلایەن تورکیاوە ئەوەیە ئەردۆغان دەیەوێت بەو فێڵ و پێشنیارە، رژێمی ئێران رووبەڕووی بزوتنەوەی گشتی ئازادی گەلی كوردستان «پەكەكە»و گەلی كورد بكاتەوە. بێگومان ئەگەر رژێمی ئێران بكەوێتە داوی پیلانەكانی دەوڵەتی توركەوە ئەوا بەدەستی خۆی گیرۆدەی ئاگرەكە دەكات. رەئیسی لەبەشێک لەقسەکانیدا باسی لەوەکرد:» ئێران ئاسایش و ئەمنییەتی تورکیا بەئاسایش و ئەمنیەتی خۆی دەزانێت و نابێ بەهیچ شێوەیەک ئەم ئاسایشە بکەوێتە مەترسییەوە» ئەمەش بەو مانایە ئێران رازی بووە هاوکاری تورکیا بکات بۆ وەستانەوە دژی پ.ک.ک. بەڵام میدیا تورکییەکان بەگومانەوە لەقسەکانی رەئیسی دەڕوانن و ئەوان پ.ک.ک بەهاوپەیمانی ئێران دەزانن و لایان وایە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن. تورکیاو میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن هێزەکانی پ.ک.ک لەناوچەی سەوزو لەسلێمانی چالاکی بەردەوامیان هەیەو بەردەوام لەهاتووچۆدان. لەهەمانکاتدا لایان وایە ئێران لەم ناوچەیە دەستی دەڕوات. چاوەڕوانی ئەوەیان لەئێران بووەو هەیە هەموو رێگایەک بگرێتەبەر بەوە بەر بەچالاکییەکانی پ.ک.ک بگرێت لەم ناوچەیە. پرسی فەلەستین رەئیسی پێش سەفەرەکەی جەختی لەوە کردەوە سەفەری بۆ تورکیا، سەفەرە بۆ وڵاتێکی دراوسێی موسوڵمان بۆ ئەوەی لەئێستادا هاودەنگ بین لەمەڕ پرسی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو وەک خۆی دەڵێت، پشتیوانی لەخەڵکی فەلەستین. تورکیا زۆر جار لەمیدیاکانەوە هەڵوێست دەگرن دژی ئیسرائیل. بەڵام بەئێستاشەوە پەیوەندی بازرگانیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. بەشێکی زۆری نەوتی ئیسرائیل لەڕێگای تورکیاوە دابین دەکرێت. تورکیا لایەنگری پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینە هاوشان لەگەڵ ئەوەی کەئیسرائیل بوونی هەیە. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران دروشمی نەمانی ئیسرائیلی هەیەو تەنها بە نەمانی ئیسرائیل رازییە. پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی ئیبراهیم رەئیسی پێش سەفەرەکەی باسی لەوە کرد ئامانجی سەرەکی ئەم سەفەرەی پرسی ئابوورییە. ئەو وتبووی :» ئامانجمان ئەوەیە پەیوەندی بازرگانی نێوان دوو وڵات بگەیەنینە ٣٠ میلیار دۆلار، کە بەهۆی تواناکانی دوو وڵاتەوە ئامانجێکە دەتوانین پێی بگەین». لەئەنقەرەو لەدانیشتنی هاوبەشی چالاکانی ئابووری دوو وڵاتیشدا وتی :» ئەم بڕیارە کەپەرە بەبازرگانی و پەیوەندی نێوان دوو وڵات بدەین لەبەڵگەنامەو رێککەوتننامەکانی ئەمڕۆی نێوان دوو وڵاتدا باسی لێوەکراوە». رەئیسی تەنانەت زیاتر لەمەشی باسکردو بەئەدەبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامی قسەکانی خۆی هێنایە باس و وتی :» پەیامی ئامادەیی بەرپرسانی دوو وڵات لەم کۆبوونەوەیەدا دەرخەری ویستی ئێران و تورکیایە بۆ جێبەجێکردنی کاری جیهادی و هەنگاوی جیددی هەڵگرتن بەمەبەستی چارەسەرکردنی لەمپەرەکانی بەردەم گەشەی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان بەتایبەت لەبواری ئابووری و بازرگانیدا». لەبەرامبەردا ئەردۆغانیش لەکۆبوونەوەیەکدا کە ٤٠٠ کەس لەبازرگان و چالاکانی ئابووری ئێران و تورکیا تێیدا ئامادە بوون وتی :» بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دژی گەمارۆ یەک لایەنەکانین دژی ئێران. هیچکات پەیوەندی ئابووری و بازرگانی خۆمان لەگەڵ ئێران بەهۆکاری گەمارۆکان نەپچڕاندووەو لەمەو بەدواش بەردەوام دەبین. سوورین لەسەر ئەوەی ئاستی بازرگانی دوو وڵات بگەیەنینە ٣٠ میلیار دۆلار». تورکیاو ئێران هەوڵیان ئەوەیە پەیوەندی بازرگانی خۆیان لەساڵی ٢٠١٢ زیاتر پەرە پێبدەن. لەو ساڵەدا بازرگانی دوو وڵات گەیشتە ٢٢ ملیار دۆلار. بەڵام دواتر بەهۆی گەمارۆکانەوە ئاستی بازرگانی تورکیاو ئێران دابەزی بۆ کەمتر لە ١٥ ملیار دۆلار. هەردوو ولآت بیانووی ئەوەیان هەیە کەکرۆنا کاریگەری بووە لەسەر دابەزینی ئاستی بازرگانی دوو وڵات. بەڵام ئەم دابەزینە تەنها لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا نەبووە.
هاوڵاتی لەچاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتیدا زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەکانی کەجەکە دەڵێت، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی ماوەیەک لەمەوبەر باسی هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان گەریلاکانی پەکەکەو پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیارمەتی تورکیا، ببووە باس و خواسی ناو سۆشیال میدیای کوردی و هەریەک لەلای خۆیەوە بەجۆرێ شیکارو راڤەی بابەتەکەیان دەکرد ،تورکیا ڕێ خۆشدەکات بۆ شەڕی نێوان گەریلا و پێشمەرگە و سەبارەت بەڕێکەوتنی ئەردۆغان و ئیبراهیم رەئیسی، زاگرۆس هیوا پێی وایە کاتێک ئەردۆغان لەگەڵ ئێران، سوریا یان عێراقدا کۆدەبێتەوە، هەوڵدەدات مسۆگەری ئەوە وەربگرێت کە لەم سێ وڵاتەدا هیچ هەنگاوێت کە رەنگە لەئێستا و داهاتوودا لەبەرژەوەندی کورددا بشکێتەوە هەڵنەگیرێت و وایان لێبکات کەئەوانیش رێک وەکو تورکیا دژە-کورد بن هاوڵاتی: راستی رووداوەکانی ئەمدواییەی شەڕی پێسمەرگەو گەریلا چۆن هەڵدەسەنگێنن کە لەهەمان کاتدا ببووە باس و خواسی گەرمی نێو سۆسیال میدیا؟ زاگرۆس هیوا: «چەند رۆژێک لەمەوپێش لەچاپەمەنی باشوری کوردستاندا بەڵگەیەک بڵاوکرایەوە کەتیایدا فەرمان بەهێزە چەکدارەکانی پەدەکە کرابوو لەهەر شوێنێک گەریلایان بینی بێدوودڵی تەقەیان لێبکەن و شەهیدیان بکەن. بێگومان ئەمە تەنیا فەرمانێکی سەربازی نییە، بۆچوون و هەڵوێست و سیاسەتێکی بەرنامەبۆداڕێژراوە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاو پەدەکەوە گەرچی پەدەکە نکۆڵی لەم بەڵگەیە کرد، بەڵام لەکردەوەدا راستییەکەی بۆ هەموو کەسێک ئاشکرابوو. دوو رۆژ پاش ئاشکرابوونی ئەم بەڵگەیە، چەکدارانی پەدەکە لەشوێنێک کە لەساڵی ١٩٨٢ەوە رێگەی هاتووچووی هەڤاڵانی ئێمەیە، شانبەشانی سەربازانی تورکیا لەگوندی سەرگەڵێ ئامێدی بۆسەیان داناو تەقەیان لەهەڤاڵان کرد. لەم بۆسەیەدا دوو هەڤاڵمان بریندار بوون،هاوکات چەکدارانی پەدەکە ئەحداسیاتی دوو سەیارەی ئێمەیان دا بەسوپای داگیرکەری تورک و لەئەنجامدا بوونە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاو لەناوچوون. ئەمە نموونەیەکی زۆر ئاشکرای هاوکاری پەدەکەو تورکیایە دژ بەگەریلا. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سەر بە پەدەکە سوپای تورکیا بۆی هەیە بەدەیان کیلۆمەتر بێتە ناوەوەی هەرێمی کوردستان، بەسەدان دەبابەو تۆپ و سەیارەی سەربازی لەدەوروبەری ئامێدی جێگی بکات و ئەمە هیچ مەترسییەک دروست ناکات، بەڵام گەریلا بۆی نییە بەرەنگاری ئەو داگیرکەرانە ببێتەوە. پەدەکە بۆ خۆی رێگا بۆ سوپای داگیرکەر دروستدەکات، ئیمکانیاتی لۆجیستیکییان بۆ دابین دەکات، حەرەسیاتیان دەگرێت، لەسەر شوێن و جوڵەی گەریلا زانیاری و ئیستخباراتیان پێدەدات، بریندارەکانیان تیمار دەکات و دەیانگوازێتەوە. لەهەمانکاتیشدا بۆسە بۆ گەریلای ئازادی کوردستان دادەنێت و هێرشیان دەکاتە سەرو شەهیدو برینداریان دەکات. ئەگەر پەدەکە هێزێکی کوردی بوایە پێویست بوو کارێکی پێچەوانەی ئەمەی کردبایە. بەڵام بەداخەوە بۆتە بەکرێگیراوی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاو ئەجێندای تورکیا پێویستی بەچی بێت ئەوە جێبەجێ دەکات. ئەم سیاسەتەی پەدەکە نەک تەنیا زەرەر لەبەرژەوەندی هەموو کورد دەدات، بەڵکو هەبوونی کوردو نیشتمانی کورد دەخاتە بەردەم مەترسییەکی زۆر جیددیەوەو بانگەوازیمان هەیە بۆ رای گشتی، رۆشنبیران، هونەرمەندان، نووسەران، کەسایەتییە کۆمەڵایەتیی و ئاینییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان کە لەدژی ئەم کردەوانەی پەدەکە هەڵوێست وەربگرن». هاوڵاتی: خوێندنەوەی ئێوە چییە بۆ رێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان ئێران و تورکیا؟ زاگرۆس هیوا: « تورکیا ئەوە باش دەزانێت کەئەگەر دەستوری عێراق لەسەر بنەمای داننان بەهەبوون و مافی دەستووری و دیموکراتی گەلی کورد جێبەجێ بکرێت عێراق دەبێتە پێشەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەهەموو بوارێکدا پێشدەکەوێت، هەربۆیە بەهاوکاری لەگەڵ پەدەکەدا هەوڵدەدات پێگەی کورد لەدەستوردا نەهێڵێت، کورد لەهەرێمە جێناکۆکەکاندا لەمافی خۆی بێبەش بکات و هەروەها باشوری کوردستان داگیربکات. تورکیا دەیەوێت عێراق و باشوری کوردستان رووی ئارامی و سەقامگیری بەخۆیانەوە نەبینن و هەمیشە و دایم موحتاجی تورکیا بن. بێ تورکیا نان و ئاویان پێ نەخورێت. ئێستا هەموو هەوڵدانی تورکیا ئەوەیە کەناکۆکی و شەڕو ئاژاوە لەنێوان کوردو عەرەب، کوردو تورکمان، کوردو دەوڵەتی عێراقدا دروستبکات. هەڕەشەکردنی تورکیا لەبەغدادو لەسلێمانی هەڕەشەیە لەدەستوورو لەباشور. ئەگەر عێراق بێت و خۆی رادەستی ئەم جۆرە خۆسەپاندنانەی تورکیا بکات، ئەوا سەد ساڵ بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و جارێکی دی کێشەیەک بەناو کێشەی کورد لەعێراقدا سەرهەڵدەدات و ئەمجارە دینامیکی زۆر جیاوازتر دێنە ناو کایەکەوە. تورکیا دەزانێت کە بەتەنیا هێزی خۆی تێر ناکات کەئەمە بەسەر بەغداددا بسەپێنێت، بۆیە پەنا دەباتەبەر ئێران تاکو کاریگەری خۆی لەسەر دەوڵەتی عێراق لەم پێناوەدا بەکاربهێنێت. ئەردۆغان وەکو ئامادەکارییەکی پێشوەختە بۆ سەردانەکەی رەئیسی بۆ ئەنکەرە سەرۆکی دەزگای تیرۆریستی میتی ناردە بەغدا. واتە، ئەردۆغان چاوپێکەوتنەکانی ئیبراهیم کالن و سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی وەک یەک پاکێج دەگرێتە دەست. ئەگەر ئەم چاوپێکەوتنانە لەکۆنتێکستی دەنگۆیەکانی کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق و سوریاو هەروەها کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئاستانا لەنێوان ئێران و تورکیاو روسیادا بگرینەدەست، دەبینین کەتورکیا هەم لەئاستی نێودەوڵەتی و هەم لەئاستی هەرێمی ئامادەکارییەکی بەرفراوانی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری بۆ هێرشێکی بەرفراوانی داگیرکاری سەربازی لەسەر باشورو رۆژئاوای کوردستان دەکات. زاتەن ئەردۆغان بەڕاشکاوانە ئەمەی هێنایەسەر زمان. بێگومان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش پلانی خۆیانیان بۆ هەرێمەکە هەیەو هەموو شتێک بەگوێرەی پلانی تورکیا ناڕوات، بەڵام وەکو کورد پێویستە گرەو لەسەر سیاسەتی هیچ کام لەم هێزانە نەکەین و بەتێکۆشان و بەگیانی یەکێتی نەتەوەیی بەرەنگاری ئەم هێرشانە ببینەوە. ئەردۆغان بەرلەوەی چاوی بەئیبراهیم رەئیسی بکەوێت، تاتوانی هەڕەشەی لەعێراق و گەلی باشور کردو پاشان سەرۆکی دەزگای سیخوڕی میتی ناردە بەغداد. ئەردۆغان کاریگەری ئێران لەسەر سیاسەتی عێراق دەزانێت و دەزانێت کەئەگەر بیەوێت هەنگاوێک دژ بەکورد لەعێراقدا هەڵبگیرێت، پێویستە هاوکاری ئێرانیشی لەپشت بێت. راستییەکی دی عێراقیش هەیە. عێراق تاکە دەوڵەتە لەڕۆژهەڵاتی ناویندا کەکێشەی کوردی لەبواری دەستوریدا چارەسەر کردووە. بەشێوەیەکی فەرمی دانی بەناسنامەو هەبوونی کورددا ناوەو مافەکانی لەدەستور جێگیرکراوە. ئەوەی ماوە کێشە دیموکراتی بوونە، هەم دیموکراتی بوونی عێراق و هەم دیموکراتیبوونی هەرێمی کوردستان. لەلای تورکیاوە ئەمە هەنگاوێکی زۆر مەترسیدارەو پێویستە ئەم مافە بۆ کورد نەمێنێت. هەربۆیە لەکردەوەدا دان بەدەستووری عێراقدا نانێت و وەک ئەوەی کە لەم دەستورەدا ناوی کوردو کوردستان نەهاتبێت هەڵسوکەوت دەکات. بۆ نموونە، ستاتۆی هەرێمی کوردستان، وەکو ناوو وەکو قەوارە لەدەستوردا چەسپاوەو هەموو دونیا ئیعترافی پێدەکات و تورکیاش لەعورفی دیپلۆماتیدا پێویستە بەباشور بڵێی هەرێمی کوردستان. بەڵام دەست لەعیناد هەڵناگرێت و هەر دەڵێت باکوری عێراق. واتە لەعێراقیش هەمان سیاسەتی دژە-کوردی خۆی پەیڕەو دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە کەدەسەڵاتداری سەرەکی باکوری عیراق کە پەدەکەیە هاوکارو بەکرێگیراوی خودی تورکیایە.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادە نییە بڵێ هەرێمی کوردستان». هەر لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ هاوڵاتی وتەبێژی پەیوەندییەکانی کەجەکە وتی، « بەگوێرەی راگەیاندنە فەرمییەکانی هەردوولا فۆکسی ئەم کۆبوونەوەیە ل سەر بابەتە ئابوورییەکان بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر زۆر بابەتی سیاسی سەبارەت بەهەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت کوردستانیش هەڵوێستیان دەربڕیوە. ئەوە شتێکی روون و ئاشکرایە کە گێجەنگەی (میحوەری) سەرەکی و بابەتی یەکەمی هەموو کۆبوونەوە دیپلۆماسیەکانی ئەردۆغان دژایەتی گەلی کوردە. ئەردۆغان دەیەوێت کۆدی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بەکورد - کەهەمان نکۆڵی و جینۆسایدە - بەسەر هەموو لایەنێکدا بسەپێنێت، بەسەر هەموو دەوڵەتان و هێزە جیهانییەکاندا. بەتایبەت کاتێک کەئەردۆغان لەگەڵ ئێران، سوریا یان عێراقدا کۆدەبێتەوە، هەوڵدەدات مسۆگەری ئەوە وەربگرێت کە لەم سێ وڵاتەدا هیچ هەنگاوێت کە رەنگە لەئێستا و داهاتوودا لەبەرژەوەندی کورددا بشکێتەوە هەڵنەگیرێت و وایان لێبکات کەئەوانیش رێک وەکو تورکیا دژە-کورد بن». دەشڵێت، «بەر لەم کۆبوونەوەیە ئەردۆغان لەڕێگای داعشەوە هێرشی کردەسەر ئێران و لەشاری کرمان نزیکەی سەد کەسی کوشت. ئارمانجی ئەم هێرشەی ئەردۆغان ئەوە بوو کەئەم هێرشە بخاتە پاڵ ئیسرائیل و ئێران پەلکێشی شەڕی ئیسرائیل-حەماس بکات و ناچاری ئەوەی بکات کە لەزۆر بابەتدا گوێڕایەڵی تورکیا بێت بەڵام ئێرانیش بەلێدانی هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیاو داعش لە ناو خاکی سوریاو عێراقدا وەڵامی ئەم هێرشەی تورکیای دایەوە. واتە، رەئیسی نەیویست کە بەبێ ئەوەی کە تۆڵەی خۆی لەئەردۆغان بکاتەوە، بڕوات دەست لەناو دەستی بنێ. ئێران و تورکیا هەموو ئیمکانیاتی ئابووری خۆیان سەرفی ململانێیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. بەتایبەت هەموو ئابووری تورکیا بۆ شەڕ لەدژی گەلی کورد لەناوخۆی تورکیاو هەروەها داگیرکردنی باشورو رۆژئاوا تەرخان کراوە. هەربۆیە لیرەی تورکی رۆژ لەدوای رۆژ هاڕە دەکات. ئێرانیش لەسەر حیسابی قوتی گەلانی ناو ئێران دارو نەداری خۆی پێشکەشی گروپە پرۆکسیەکانی دەکات، لەیەمەنەوە بگرە تا لوبنان. هەربۆیە ئەم دوو وڵاتە بۆ راستکردنەوەی باری لاری ئابووری و دارایی پێویستییان بەیەکدی هەیە. ئێران پێویستی بەدۆلارەو تورکیاش پێویستی بەبازاڕ.
هاوڵاتی لە کاتێکدا رۆژ بە رۆژ کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست روو لە تووندی دەکات و لە ساتەوەختێکی هەستیاردا بۆ ئیدارەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ئیدارەکەی زیاد لە جارێک ئەوەی راگەیاندووە بە تووندی بەرپەرچی هەر هێرشێک بداتەوە کە دەکرێتە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بە تایبەتیش لە عیراق و سوریا ، لە هێرشێکی ملیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر بورجی 22 و سەرسنووری ئەردەن و سوریا 3 سەربازی ئەمریکی کوژران و 34 سەربازی دیکەش بریندار بوون. چاودێرە سیاسییەکان ئەم هێرشەیان بە مەترسیدار لە قەڵەمدا و رایانگەیاند، لە دوای جەنگی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 ، ئەمە یەکەمین جارە کە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی بە دەستی ملیشیاکان دەکوژرێت و بە دلنیاییەوە ئیدارەکەی جۆ بایدن بێ دەنگ نابن و بە تووندی وەڵامی هێرشەکە دەدەنەوە و رەنگە ئەمجارە بە راستەخۆ ئێران بە ئامانج بگیرێت. بە تایبەتیش هێرشەکە لە کاتێکدا کراوە کە جۆ بایدن هەموو هەوڵێکی خۆی دەدا بە مەبەستی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا کە بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو بەرێوە بچێت ، و دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان چەندین جار جۆ بایدنی بە کەسێکی دودڵ و ڕاڕا وەسف کردووە و جۆبایدنی بە باکارهێنانی شێوازە کاری فشەڵ لەبەرامبەر تاراندا تۆمەتبار کردووە . کەواتە بژاردەکانی بەردەم جۆ بایدن لە بەرامبەر هێرشەکەی ملیشیاکانی سەر بە ئێران چۆن دەبێت؟ بە بڕوای شیکار و چاودێرە سیاسی و سەربازەکان ، لە ئێستادا ئیدارەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا سی بژاردەی لە بەردەمدایە کە بریتین لە یەکەم/ هێرشێکی تووند و بەرفراوان بکەنە سەر بنکە و مۆڵگەی ملیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا و عیراق . دووەم/ هێرش کردنە سەر بنکە و بارەگاکانی ئێران لە سوریا. سێیەم/ چەند بنکەیەکی سەربازی و تایبەتی لە ناخۆی ئێران بە ئامانج بگرن ، کە ئەم بژاردەیە ، بژاردەیەکی سەرەکی نییە. لەلایەن خۆیەوە "جوویل رایبون" ی نیردەی تایبەتی ئیدارەکەی ترەمپ بۆ سوریا بە رۆژنامەی "وۆل ستریت ژۆرنال" ی رایگەیاند، هێرشەکەی سەر بورجی 22 هەموو هێڵە سوورەکانی تێپەراند و دەبێت واشنتۆن بە راستەوخۆ و بە تووندی تۆڵە لە ئێران بکاتەوە ، گەر بێتو ئەم کارە ئەنجام نەدات ئەوا هێرشی ملیشیاکانی بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان بەردەوام دەبێت. لە لایەن خۆیەوە "ئارۆن دەیڤید میلەر" لە دامەزراوەی کارنیج بۆ ئاشتی جیهانی ئەوەی خستە روو لە ئیستادا چەند رێگەیەکی وەڵامدانەوەی هێرشەکە هەیە کە بریتین لە بە ئامانج گرتنی بەرپەرسە باڵاکانی ئێران لە سوریا و عیراق ، یان هێرشکردنە سەر پاپۆرە ئێرانییەکانی ناو کەنداوی عەرەبی . ناوبراو وتی : " لە ئێستادا ئەوەی کە پیویستە بکرێت بریتییە لەوەی کە ئیدارەکەی جۆ بایدن نامەیەکی راستەوخۆ بۆ ئیرانییەکان بنێرێت و تێیانگەیەنێت وەڵامی ئەم جۆرە هێرشانە وەلامێکی زۆر تووندتر دەبێت لە هێرشەکانی پێشووتر . هەروەها هەر لەبارەی هێرشەکەی بورجی 22 و کوژران و برینداربوونی سەربازە ئەمریکییەکان ، کۆمارییەکانی ئەمریکا داوایان لە ئیدارەکەی جۆ بایدن کرد کە هێرشێکی راستەخۆ بکاتە سەر چەن ئامانجیک لە ناوخۆی ئێران. لەمبارەیەوە "تۆم کۆتۆن" ی سیناتۆری کۆماری ویلایەتی ئەرکنساس و ئەندامی لیژنەی کاروباری سەربازی و هەوالگری ئەنجومەنی پیران ی ئەمریکا وتی : " دەبێت تۆڵەکەی ئەمریکا ، چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ، تۆڵەیەکی سەربازی تووند بێت لە دژی هێزە تیرۆریستییەکانی ئێران. جێی ئاماژەیە دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە ، ملیشیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران نزیکەی 160 هێرشی جۆراوجۆریان کردۆتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و ئێران.
هاوڵاتی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤، هێرشی ئاسمانی کرایەسەر بینایەک لەدیمەشقی پایتەختی سووریا، لەو هێرشە ئاسمانییەدا کەپەیوەند درایەوە بەئیسرائیلەوە، پێنج ئەندامی باڵای سوپای پاسداران، کەسوپای پاسداران وەک راوێژکاری سەربازی ناویان دەبات کوژران. پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنێکدا لەم بارەیەوە نووسیویەتی جگە لەکوژرانی ئەو پێنج ئەندامەی سوپای پاسداران ژمارەیەک لەهێزە سورییەکان لەهێرشە ئاسمانییەکی ئیسرائیل بۆ ناوچەی (ئەلمزە) کوژراون. سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنەکەی خۆیدا باسی لەکوژرانی چوار کەس کرد بەناوەکانی، حوجەتوڵڵا ئومیدوار(سادق ئومید زادە)، عەلی ئاقازادە، حسێن محەممەدی و سەعید کەریمی. بەڵام باسی لەپلەی سەربازیی ئەم چوار کەسە نەکردووە. چەند کاتژمیر دواترو ئێوارەی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤ ماڵپەڕی تەسنیم سەر بەسوپای پاسداران هەواڵی کوژرانی یەکێکی تر لەئەندامانی سوپای پاسدارانی لەهێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا بڵاوکردەوە. لەهەواڵەکەی ماڵپەڕی تەسنیمدا هاتووە، محەممەد ئەمی سەمەدی یەکێکی تر لەئەندامانی سوپای پاسداران کە لەهێرشەکانی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممەدا بەخەستی بریندارببوو، بەهۆی قووڵی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنەکەی خۆیدا ئاماژەی بەپلەی سەربازیی هیچکام لەو کەسانە نەداوە کە بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە کوژراون و وەک راوێژکاری سەربازی ناوی بردوون. بەڵام هەواڵنێرەکانی ئێران باسیان لەوە کردووە سادق ئومێدزادە (حوجەتوڵڵا ئومیدوار) پلەی (سەردار) بووەو بەرپرسی بەشی هەواڵگری هێزەکانی قودس بووە. سادق ئومێدزادە ( حوجەتوڵڵا ئومیدوار) کێیە؟ لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەسوپای پاسداران یان لەماڵپەڕەکانی سەر بەسوپاو کۆماری ئیسلامی زانیاری ئەوتۆ لەسەر ئەم فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران لەبەردەستدا نییە. وەک بەرپرسی بەشی هەواڵگری سوپای قودس ناسراوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراوەتەوە هەر لەسەرەتای دەیەی ١٩٨٠ەوە پەیوەست بووە بەسوپای پاسدارانەوە. وێنەیەکی کۆنی سادق ئومێدزادە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتە کەساڵی ١٩٨٤ لەمزگەوتی گوندی (بارزان) وێڕای دوو کەسی تر بەناوەکانی نەسروڵڵا چغاکەبوودی و رەسووڵ، گیراوە. ئەم وێنەیە لەکتێبی بیرەوەرییەکانی ژیاننامەی (رەسووڵ حەیدەری) وەرگیراوە. رەسووڵ حەیدەری بەناوی ( مەجید مونتەزری) ساڵی ١٩٩٣ لەسارایۆڤۆ، لەسەردەمی جەنگی بۆسنە کوژرا. رەسووڵ حەیدەری یەکێک بوو لەو چوار ئەندامەی سوپای پاسداران کە بەناوی دیپلۆماتی سیاسییەوە سەردانی شارێکی بۆسنەیان کردو لەوێ کوژرا. هەروەها بەپێی هەندێ زانیاری کەماڵپەڕە حکومەتییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە زیاتر لە دوو دەیەیە سادق ئومێدزادە لەسوریایە. ماڵپەڕی تابناک سەر بە موحسین رەزایی نووسیویەتی :» حاج سادق لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریا لەلایەن (بەرەی نوسرە)ەوە لەگەڵ ژمارەیەکی تری ئێرانی بەبارمتە گیران و لەناو دیلە ئێرانییەکاندا بوو. دواتر بەنێوانگیری قەتەر لەگەڵ دیلەکانی تر ئازاد کرا». ماڵپەڕی (فرهیختگان) دەربارەی حوجەتوڵڵا ئومێدوار نووسیویەتی :» حوجەتوڵڵا ئومیدوار کە بەناوی خوازراوی سادق ئومیدزادەوە لەسوریا چالاکی دەکردو لەلایەن ئیسرائیلەوە شەهید کراوە، یەکێک بوو لەڕاوێژکارە ئێرانییەکان لەسووریا. ئەو کە بە حاج سادق ناوی دەرکردبوو میدیا ئەمریکییەکان تائێستا زۆرجار هەوڵیانداوە راپۆرتی لەسەر ئامادەبکەن. دەوترێت حاج سادق لەساڵی ٢٠١١ لەلایەن بەرەی نوسرەوە لەسووریا بەدیلگیراوە، دواتر بەنێوانگیری قەتەرییەکان ئازاد کراوە». ئەم ماڵپەڕە هەروەها دەربارەی حوجەتوڵڵا ئومیدوار نووسیوویەتی :» سەردار سادق ئومیدزادە پلانداڕێژو جێبەجێکاری دەرکردنی ئەمریکاییەکان بوو لەسووریا. سەرەتای مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢٣ واشنگتۆن پۆست سادق ئومیدزادەی وەک پلانداڕێژەری سەرەکی هێرشەکان بۆ سەر ئەمریکییەکان ناوبرد». هەڵوێستی ئێرانییەکان دوای کوژرانی پێنج ئەندامی سوپای پاسداران ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، لەپەیامێکدا ئەم هێرشانەی بەنیشانەی « شکستی ئیسرائیل» ناوبردو بەتوندی هێرشەکەی مەحکوم کرد. هەروەها رایگەیاند ئەم کارەی ئیسرائیل بێوەڵام نابێت و بیدەنگ نابین و وەڵامی شیاو دەدەینەوە. محەممەد موخبەر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لەپەیامێکدا نووسیویەتی:» بەدڵنیاییەوە دوژمنی زایۆنیستی وەڵامی ئەم تاوانە لەبەرەی بەرگری وەردەگرێتەوە». ماڵپەڕی (ئیرنا) ماڵپەڕی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەهەواڵی کوژرانی ئەم پێنج ئەندامەی سوپای پاسداران لەسووریا، پەیامی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێرانی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوەو نووسیویەتی :» لاپەڕەیەکی زێڕینی تر لەدەفتەری شەهادەت هەڵدرایەوەو جوامێرانێکی تر لەموجاهیدەکانی بەرەی جەنگ دژی زڵم و زۆر چوون بۆ ئاسمان». جێگری سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها نووسیویەتی:» پیاوانێکی مەزنی وەک سەردار حوجەتوڵڵا ئومیدوار (سادق ئومیدزادە)، عەلی ئاقازادە، حسێن محەممەدی، محەممەد ئەمین سەمەدی و سەعید کەریمی کە بۆ بەرگری لەئامانجەکانی ئیسلام و شوێنە پیرۆزەکان، وەک راوێژکاری سەربازیی خەریکی جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانیان بوون، لەبۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکانی بەکرێگیراوە زایۆنیستییەکاندا لەدیمەشق شەهیدبوون، بەدڵنیاییەوە ئەمە دەرخەری دەروونی پیسی زایۆنیستە داگیرکەرەکانە». موخەبر لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوە داوە، بەدڵنیاییەوە ئەم کارە بێوەڵام نابێت و بەرەی بەرگری بەهێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل وەڵامی ئەم تاوانە دەدەنەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم هێرشانەی بەهەنگاوی «هێرشبەرانە و شەڕخوازانە» لەلایەن ئیسرائیلەوە ناوبردووەو داوای لەدەوڵەتەکان و رێکخراوە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان لەوانە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە ئەم هێرشانە شەرمەزار بکەن. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران وتوویەتی ئەم هێرشانە :»پێشێلکاری بەردەوامی سەروەرییەکانی سووریایە» بەهۆی دەستەوەستانبوونی ئیسرائیلە لەجەنگی غەزەو هەوڵەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ تەشەنەسەندنی نائارامی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە». وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها وتوویەتی :» راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران لەسەر داواکاری فەرمی دەوڵەتی سووریا لەو وڵاتەن و دەورێکی بەرچاوو کاریگەریان هەیە لەیارمەتیدانی سووریا بۆ وەستانەوە دژی تیرۆریزم و یارمەتی ئەو وڵاتە دەدەن بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لەو ولاتە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرەنجام باس لەوە دەکات ئێران بەمافی خۆی دەزانێت وەڵامی گونجاوو شیاوی هەبێت بۆ ئەم هێرشانە. پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ، رۆژێک دوای کوژرانی پێنج ئەندامی سوپای پاسداران لەسووریا، محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئەم هێرشانەی بەنیشانەی «شکستی ئیسرائیل» لێکدایەوەو وتی کۆماری ئیسلامی و بەرەی بەرگری ئیسرائیل لەم کردەیەی پەشیمان دەکەنەوە. محەممەد باقر قاڵیباف لەسەرەتای دانیشتنی ئاشکرای پەرلەماندا رۆژی یەکشەممە ٢١-١- ٢٠٢٤، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کردە، بەهۆی شکستە بەردەوامەکانی لەمەیدانی جەنگ و پاشەکشەیان لەبانگەشە پووچ و بێ بنەماکانیان دەربارەی هێرشی سەربازی بۆ سەر غەزە، دەستیان داوەتە ئەم هێرشە. سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی هەروەها وتی، هەموو ئەوانەی دڵیان لای بەرگرییە، مافی وەڵامدانەوە بۆ خۆیان بەڕەوا دەزانن و بەورەیەکی بەرزترەوەو ئیسرائیل پەشیمان دەکەنەوە. گۆڕینی زمانی بەرپرسان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران، هەرجارەی دوای کوژرانی فەرماندەیەکیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەلایەن خۆیانەوە و لەزمانی خۆیانەوە هەڕەشەیان دەکرد. خۆیان وەک کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەیان دەکرد. بەڵام دوای کوژرانی پێنج ئەندامەکەی سوپای پاسداران زمانی هەڕەشەیان گۆڕاوە. ئەمجارەیان جگە لە خۆیان بەرەی بەرگری ئەرکدار دەکرێت بەوەی تۆڵە بکەنەوە. محەممەد موخەبر جێگری سەرۆککۆمار لەم پەیوەندەدا هەڕەشەی کردو وتی :» بەدڵنیاییەوە دوژمنی زایۆنیستی وەڵامی ئەم تاوانە لەبەرەی بەرگری وەردەگرێتەوە». محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشە دەکات و بازنەی ئەرکدارەکان بۆ تۆڵە سەندنەوە بەرینتر دەکاتەوەو ئەڵێت :» هەموو ئەوانەی دڵیان لای بەرگرییە، مافی وەڵامدانەوە بۆ خۆیان بەڕەوا دەزانن و بەورەیەکی بەرزترەوەو ئیسرائیل پەشیمان دەکەنەوە». کەئەمەش هەر مەبەستی بەرەی بەرگرییە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هێزو میلیشاکانی سەر بەخۆیان کەوەک گرووپە بریکارەکان دەناسرێن وەک « بەرەی بەرگری» لەناوچەکە ناودەبەن. بەئامانجگرتنی هێزەکانی سوپا لەسووریا لەچەند ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل زۆرجار هێرشی کردووەتەسەر سووریا و مەبەست لەهێرشەکانیشی بەوە ناساندووە کەئەو شوێن و کەسانە دەکاتە ئامانج کەپەیوەندییان بەئێرانەوە هەیە. ئێران بوونی هێزەکانی خۆی لەسووریا وەک راوێژکار دەناسێنێت. بەڵام ئیسرائیل هێزەکانی ئێران وەک هەڕەشە بۆ سەر خۆی ناودەبات. بەرپرسانی ئیسرائیلی باس لەوەدەکەن ئێران لەڕێگای ئیسرائیلەوە چەک و تەقەمەنی دەگەیەنێتە دەست حزبوڵڵای لوبنان وەک گەورەترین هێزی سەر بەکۆماری ئیسلامی لەناوچەکە. رۆژی ٢٥-١٢-٢٠٢٣ رەزی مووسەوی، یەکێک لەکۆنترین فەرماندەکانی سوپا لەناوچەکە، لەماڵەکەی خۆی لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و کوژرا. دوای کوژرانی رەزی مووسەوی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لەئیسرائیل کرد. ماڵپەڕە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا باسیان لەوە کردووە بۆمبارانکردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە تۆڵەی کوشتنی رەزی مووسەوی بووەو ماڵی ئەم بازرگانە کوردەیان وەک بنکەی ئیسرائیل ناوبردووە. بەرپرسانی سوپای پاسداران هەروەها وتبوویان، لەسووریا، هەر لەبەشار ئەسەدەوە بگرە تا کەسانی تر لەپلەی خوارترەوە، ئاگاداری چالاکییەکان و کارەکانی رەزی مووسەوی بوون. ئەو بۆ ئیسرائیل کەسێکی ناسراو بوو. لانیکەم دووجار لەلایەن ئیسرائیلەوە هەوڵی کوژرانی درابوو. جگە لە رەزی مووسەوی لەساڵانی رابردوودا ژمارەیەک لەفەرماندە پلەباڵاکانی سوپای پاسداران لەوانە، حسێن هەمەدانی، حەسەن شاتری، محەممەد عەلی مورادخانی، محەممەد جەمالی پاقەلعە، لەسووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون. ئیسرائیل زۆر بەدەگمەن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی لەسووریاو هێرشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام دەوترێت بنکەو بارەگاکانی هێزەکانی سەر بەئێران لەوانە حزبوڵڵای لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێتە ئامانج. لەسەرەتای ئەمساڵدا و رۆژی ٢-١-٢٠٢٤ ساڵەح ئەلعاوری فەماندەیەکی باڵای حەماس لەبەیرووتی پایتەختی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج. ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی لەچوار مانگی رابردوودا و دوای دەستپێکی جەنگی غەزە لە ٧ی تشرینی یەکەم زیاتر کردووە. ئایا جەنگ تەشەنە دەستێنێ؟ هەر لەسەرەتای دەستپێکی جەنگی غەزەوە یەکێک لەنیگەرانییەکانی دونیای رۆژئاواو ئەمریکاش ئەوە بووە کەجەنگ تەشەنە بستێنێ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا چەندجار بەڕاشکاوی باسی لەوە کردووە خوازیاری ئەوە نییە جەنگ تەشەنە بستێنێ و دەیەوێت بەر بەتەشەنەسەندنی جەنگ بگرێت. بەرپرسانی فەرەنسی و ئەڵمانی و بەریتانی بەهەمانشێوە خوازیاری بەرگرتن بە تەشەنەسەندنی ئەم جەنگە بوون. بەڵام رووداوەکانی ئەم دواییانە ئەو نیگەرانییەی دروستکردووە کەجەنگ لەناوچەکە تەشەنەبستێنی. ئیسرائیل بەردەوامە لەهێرشکردنە سەر حەماس کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێت و وەک دەوترێت ژمارەی کوژراوەکانی غەزە ٢٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە کەزۆربەیان ژن و مناڵن. رۆژی یەکشەمە ٢١-١-٢٠٢٤ رۆژنامەی «وۆڵ ستریت جۆرناڵ»ی ئەمریکی لەزاری دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە کەدوای چوار مانگ بۆردومانی بەردەوامی کەرتی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە، پێدەچێت کە لە ٢٠٪ بۆ ٣٠٪ی چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس کوژرابن . هەروەها دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئەوەشی خستۆتەڕوو کەهەرچەندە بزوتنەوەکە چەند مانگێکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلییەوە گەمارۆ دراوە، بەڵام هێشتا بزووتنەوەی حەماس جبەخانەیەکی فراوانی لەبەردەستا ماوەو دەتوانێت زۆر بەئاسانی ئامانجەکانی لەناو ئیسرائیلدا بپێکێت. لەلایەکی ترەوە بەرپرسە ئیسرائیلییەکان لەلایەن خۆیانەوە ئەوەیان ئاسکراکردووە، کە بزووتنەوەی حەماس هەوڵی سەرکەوتن لەجەنگەکەدا نادات بەڵکو هەوڵی ئەوەدەدات کە بە کەمترین زیان لە جەنگەکە بێتە دەرەوە. هەروەها ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە سنوورەکانیان بەردەوام تەقە لەیەکتر دەکەن. رۆژی یەکشەممە سەرچاوە ئەمنییەکانی لوبنان ئاشکرایان کرد، دوو ئەندامی حزبوڵای لوبنانی لەئەنجامی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەکەیان لەنزیک خاڵێکی پشکنینی سووپای لوبنان، لەلایەن درونێکی ئیسرائیلییەوە لە باشووری لوبنان کوژراون. ژمارەیەک شایەتحاڵیش بەئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە :» دوابەدوای رووداوەکە بەپەلە ئەمبوڵانس و تیمی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنەکەو تەرمی کوژراوەکانیان گواستووەتەوە». میلیشیا شیعەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەردەوامن لەهێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە. رۆژی شەممە٢٠-١-٢٠٢٤ ، به ٢٠مووشهک بنكهی سهربازی عهین ئهسهد كههێزهكانی ئهمهریكا وهك بنكهیهكی سهربازی بهكاری دههێنێت، بۆردومانكرا، بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز کە لەبەرپرسێکی ئەمریکایان وەرگرتووە، بەمووشەکی بالیستی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد هێرشی کراوەتەسەر کەهێزەکانی ئەمریکای تێدا نیشتەجێیە. ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، ژمارەیەک لەسەربازانی عێراقی بەو هێرشە مووشەکیە بالیستیەی کراوەتەسەر بنکەی عەین ئەسەد بەسەختی برینداربوونە. دوابەدوای هێرشەکەش مقاوەمهی ئیسلامی لهعێراق بهپرسیارێتیی خۆی لهو هێرشه موشهكییه راگهیاندو لهبهیاننامهیهكدا كهدوای هێرشهكه دهریكردوه، ئاماژهی بهوهداوه كه بهگورزه موشهكێك هێرشیانكردووهتهسهر بنكهی عهین ئهسهدو بهردهوامیش دهبن لهگورزهكانیان بۆ سهر «مۆڵگهكانی دوژمن». ئەمریکا و بەریتانیا لەماوەی رابردوودا چەندجار هێرشیان کردووەتەسەر حووسییەکان لەیەمەن. حووسییەکان گرووپێکی زەیدین کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن. و لە ١٩-١٠-٢٠٢٣وە دەستیان کردووە بەهێرشی بەردەوام بۆ سەر ئەو کەشتیە بارهەڵگرانەی لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن لەهاتووچۆدان و مانگی ١٢-٢٠٢٣ ئەمریکا بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەهێرشی حووسییەکان بەرەیەکی پێکهێنا کەچەند وڵات لەوانە، بەریتانیا، هۆڵەندا، ئوسترالیاو بەحرین و... لەناو ئەو بەرەیەدان. لەم ماوەیەدا تا ئێستا ٣٠ جار لە لایەن حووسییەکانەوە هێرش کراوەتەسەر کەشتییە بارهەڵگرو سەربازییەکان لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن. رۆژی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست راپۆرتێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوە دا کەبایدن دەیەوێت بەردەوام بێت لەهێرشەکانی بۆ سەر حووسییەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن و بوون بەهەڕەشە بۆ سەر بازرگانی لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن. ئێران بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٦-١- ٢٠٢٤ بەمووشەکی بالستیکی هێرشی کردەسەر چەند شوێن لەنزیک هەولێرو ماڵی بازرگانێکی ناسراو بەناو «پێشڕەو دەزیی». ئەم هێرشانە ناڕەزایەتی زۆری لەناوخۆی عێراق و لەدەرەوەش لێکەوتەوە. عێراق باڵیۆزی خۆی لەئێران بانگکردووەتەوە. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەپەراوێزی کۆبوونەوەی داڤووس کۆببێتەوە. ئێران رایگەیاند بنکەیەکی مووسادی لەهەولێر لەناوبردووەو هەرێمی کوردستان و عێراق ئەوە رەتدەکەنەوە ماڵی پێشڕەو دزەیی بنکەی مووساد بێت یان ئەوەی هیچ بنکەیەکی مووساد لەهەرێم بوونی هەبێت. شەوی دووشەممەی رابردوو ١٦/١ ئێران هێرشی کردەسەر چەند شوێنێک لەخاکی پاکستان و دەوترێت دوو مناڵ بەبۆنەی ئەو هێرشانەوە کوژراون . سوپای پاسداران رایگەیاند چەند بنکەیەکی جەیش العدلیان لەناوبردووە. رۆژی پێنجشەممە ١٨-١ پاکستان رایگەیاند لەگەڵ ئەوەی وەڵامی هێرشەکانی ئێرانمان داوەتەوە ، هاوکات هێرشمان کردووەتەسەر چەند بنکەیەکی بەرەی سەربەخۆیخوازی بەلووچی پاکستان لەسنووری ئێران ودوو پیاو و سێ ژن و چوار مناڵ کوژران. هەرچەند هەردوولایەنی پاکستان و ئێران دواتر باسیان لەگفتوگۆ کرد، بەڵام لەهەمانکاتدا هەردوولایەن زمانی هەڕەشە دەبەنە کار دژ بەیەکتر. رۆژی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتی خەبات دژی تیرۆریزمی پاکستان رایگەیاند کەسێکیان دەستگیرکردکردووە بەناوی «سەید محەممەد مەهدی» کە سەر بەفەیلەقی زەینەبییون بووەو بۆ ئیتڵاعاتی ئێران کاری کردووە. لەکاتی لێپرسینەوە لەم کەسە ناوی دوو هاوکاری خۆی بەناوەکانی سەید رەزا جەعفەری و عابد رەزا بردووە کەدەستیان بووە لەچەند کاری تیرۆریستیدا لەپاکستان. لەوانە هێرش بۆ سەر موفتی تەقی عوسمانی لەساڵی ٢٠١٩. لەڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی خەبات دژی تیرۆریزمی پاکستاندا هەروەها ئاماژە بەوەدراوە لەهێرشەکەیان بۆ سەر شوێنی ئەم کەسە، دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و چۆڵ و ماددەی تەقینەوەو نارنجۆکدا گیراوە. فەیلەقی زەینەبیون، سەر بەسوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەو سوپای پاسداران لەناو شیعەکانی پاکستاندا ئەم فەیلەقەی دروستکردووەو لەشەڕی ناوخۆی سووریا لەگەڵ فەیلەقی فاتیمیون کە لەناو شیعەکانی ئەفغانستان دروستیکردووە، بەکاریهێنان بۆ پشتیوانی لەحکوومەتی بەشار ئەسەد.
عەمار عەزیز - دهۆك "زیاتر لەپێنج ساڵە مامەڵەكانم تەواو بووەو هیچ كێشەیەك لەفایلەكەی مندا نیە، هەموو مانگێك دەچمە بانك لێیان دەپرسم ناوەكەی من گەڕاوەتەوە بەدەستبەتاڵی دەگەڕێمەوە ماڵ" ئەمە قسەی ئەڤین خالد، كۆرتەباڵایە لەشاری دهۆك دەژێت ئاواتی ئەوەیە مووچەی بۆ ببەسترێت تا بەشێك لەپێداویستییەكانی رۆژانەی خۆی پێ دابین بكات. خەریكە كەمئەندامانی دهۆك بەیەكجاری بێهیوا دەبن لەگەڕانەوەی ناوەكانیان، 10ساڵی رێكە چاوەڕێی ئەوەن مووچەیان بۆ ببەسترێت بەڵام بەبیانوی نەبوونی پارەو كەمی داهات وەزارەتی دارایی تائێستا ئامادە نیە بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەیان بۆ بدات، ئەوان سەردانی هەموو شوێنێكیان كردووە بەڵام تەنها بەڵێنیان پێدراوەو تائێستا گیرفانیان گەرم نەبووەتەوەو هەموو جار بەدەستبەتاڵی گەڕاونەتەوە. ئەڤین خالد، تەمەن 30 ساڵ ، دانیشتووی شاری دهۆكە خۆی و خۆشكێكی كۆرتە باڵان ، زیاتر لەپێنج ساڵە مامەڵەكانی وەرگرتنی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی تەواوكردووەو هیچ كێشەیەك لەفایلەكەیدا نیەو تائێستا ناوەكەی نەگەڕاوەتەوە بەهاوڵاتی وت: باش بیرم نایەت بەڵام دەزانم زیاتر لەپێنج ساڵە هەموو مامەڵەكانی من كە پەیوەستن بەوەرگرتنی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی تەواوبووە بەپشكنینی پزیشكییەوە، هەموو مانگێك سەردانی بانك دەكەم و لێیان دەپرسم ناوەكەم نەگەڕاوەتەوەو بەدەستبەتاڵی دەگەڕێمەوە ماڵ، خوشكێكی من بەهەمانشێوە پێكەوە مامەڵەمان پێشكەشكرد هی ئەویش نەگەڕاوەتەوە". لەخێزانەكەی ئەڤین تەنیا برایەكی لەپیشەسازی ئۆتۆمبێل ئیش دەكات، هیواو ئاواتی ئەو ئەوەیە ناوەكەی بگەڕێتەوەو ببێتە خاوەن مووچەیەكی 150 هەزار دیناری، زیاتر وتی : ئێمەی كورتەباڵاو كەمئەندام زیاتر لەهەموو كەسێك پێویستمان بەهاوكارییە، بۆیە دەبێت حكومەت هاوكاریمان بكات بەلایەنی كەمی وەزارەتی دارایی مووچەمان بۆ ببەستێت تائێمەش بتوانین بەشێك لەپێداویستیەكانی رۆژانەی خۆمان بەو پارەیە دابین بكەین، لەوانەیە كچێكی تر بتوانێت لەدەرەوە ئیش بكات بەڵام بۆ خۆمان قورسەو هەلی كار زۆر كەمە، دەتوانم بڵێم بۆ ئێمە هەر نیە، داواكاریمان ئەوەیە بەزووترین كات حكومەت كێشەكەمان چارەسەربكات". لەسنوری پارێزگای دهۆك تائێستا 15 هەزار كەمئەندام چاوەڕێی وەزارەتی دارایین، بەقسەی بەرپرسی كۆمەڵەی كەمئەندامانی دهۆك مامەڵەكانی ئەوان تەواوبووە تەنها چاوەڕێی رازەمەندی وەزارەتی دارایین . نسرەت بۆتی ، بەڕێوەبەری كۆمەڵەی كەمئەندامانی لقی دهۆك بەهاوڵاتی ی وت " لە 2014وەو بەتایبەت لەدوای هاتنی چەكدارانی داعش مامەڵەكانی ئەو كەمئەندامانەی كە راپۆرتی پزیشكی و تەواوی بەڵگەكانی پێویست ئامادەكراون و تەواو بووە ، ژمارەیان نزیكەی 15 هەزار كەمئەندامن كە 10 ساڵی رێكە چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەن ، تەنها ئەوە ماوە وەزارەتی دارایی رازیبوونی خۆی لەسەر دەربكات و پارەیان بۆ خەرج بكرێت" "هیچ كێشەیەك لە دۆسییەكانیاندا نییە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی دهۆك تادەگاتە ئاستی وەزارەتی كارو كاروباری كومەڵایەتی ئاگاداری بابەتەكەن، بەم دواییە لەكاتی سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دهۆك یەكێك لەداواكاری سەرەكی ئێمە ئەوە بوو كەمووچە بۆ ئەو كەمئەندامانە ببەسترێت، هەموو بەرپرسانی پەیوەندیدار بەدۆسیەكە ئیمزایان لەسەر كردووە، بەڵام تائێستا رەزامەندی وەزارەتی دارایی نەدراوە" نەسرەت بۆتی وای وت. لەسنوری پارێزگای دهۆك 29هەزار كەمئەندام هەن، لەم ژمارە تەنها 14 هەزار كەمئەندام مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن. نسرەت بۆتی دەشڵێت: بەدواداچوونی وردمان لەسەر بابەتەكە كردوە، هەروەها باسی ئەم بابەتەمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڕوون و ئاشكرا كردووە تاوەكو چارەسەربكرێت بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتووە، كەمئەندامەكانی تریش هەر 35 بۆ 40 رۆژ جارێك تەنها 150 هەزار دینار وەردەگرن، كەئەمەش بڕەكەی زۆر كەمەو پێویستە زیاد بكرێت چونكە ئەوان وەكو كەسانی تر نین ناتوانن هەموو ئیشێك بكەن". شێرزاد حەمید، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری كۆمەڵایەتی بەهاوڵاتی وت : پرۆسەی تۆماركردنی كەمئەندامان لەسنوری پارێزگای دهۆك بەردەوامە، لیژنەی پزیشكی بەردەوام پشكنین بۆ ئەو كەسانە دەكات كەمامەڵەی پێشكەشكردووە تاهەموویان تەواو نەبن، ئێمە رەوانەی وەزارەت ناكەین، جگە لەو كەسانەی كەپێشتر مامەڵەكانی خۆیان تەواوكردووەو مانگانە مووچە وەردەگرن، 10 هەزار كەمئەندامی تر مامەڵەی خۆیان پێشكەشكردووە، لەم ژمارەیە چوار هەزار فۆرم تەواوبووەو ئامادەیە رەوانەی وەزارەتی بكەین، ،6 هەزاری تر ماون كەهێشتا لیژنەی پزیشكی بڕیاریان لەسەر نەداوە كەئایا رێنماییەكان ئەوان دەگرنەوە یاخود بەپێچەوانەوە". شێرزاد حەمید ، دڵنیایی دەداتە كەمئەندامان و زیاتر وتی: لەگەڵ وەزارەتی خۆمان بەردەوام لەسەر خەتین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەمئەندامان، ئێمەش حەزدەكەین هەموویان مووچە لەكاتی خۆیدا وەربگرن چونكە دۆخی ژیانیان لەگەڵ خەڵكی تر قورسترە بەڵام حكومەت كۆمەڵێك رێنمایی دەركردووە دەبێت بەپێی رێنماییەكان بن".
شەنای فاتیح پاش زیاتر لە ٣٠ ساڵ لەحوکمڕانی کوردی تائێستا ئاڵنگاری و توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنانی رۆژنامەوان روو لەهەڵكشانن، بەپێی توێژینەوەیەکی سەنتەری میترۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ئاڵنگاری بەردەم ژنان و کچان لەدامەزراوە میدیاییەکانی هەرێمی کوردستاندا لەئاستێکی بەرزدایە بەڕێژەی ٥٥.٤٪. بەپێی توێژینەوەیەکی سەنتەری میترۆ بەناونیشانی (ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژنان لەدامەزراوەکانی راگەیاندن لەهەرێمی کوردستاندا) بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ئاڵنگاری بەردەم ژنان و کچان لەدامەزراوەکانی راگەیاندن لەهەرێمی کوردستاندا لەئاستێکی بەرزدایە کەڕێژەی ٥٥.٤٪ پێکدەهێنێت، هەروەها بەشداری خانمان لەپۆستە باڵاکانی نێو دامەزراوەکانی راگەیاندن لەئاستێکی نزمدایە کە ١٢٪یە، هەروەها روانگەی کچان و ژنان سەبارەت بەئاستەنگی کولتورو تێگەیشتنی کۆمەڵگا لەبەردەم ژنان بۆکارکردن لەدامەزراوەکانی راگەیاندندا بەڕوویەکی نەرێنیدا رێژەکەی ٤٢.٤٪ مۆڵەتی دایکایەتی بەموچەوە لەدەزگاکانی راگەیاندندا ٥١٪ی راپرسییەکەیەو مۆڵەتی دایکایەتیش بەبێ موچە ٤٩٪ی راپرسییەکەیە. ئەنجامدەری توێژینەوەكە: هەندێك لەژنان لەدەزگاكاندا هەراسان دەكرێن هەژان خالید، مامۆستای زانکۆو ئەنجامدەری توێژینەوەکە لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: «لەگەڵ ئەوەی لەم ساڵانەی دوایدا ژنان هاتنەپێشەوەیەکی بەرچاویان هەبووە لەبواری راگەیاندندا بەڵام بەداخەوە تووشی کێشەو ئاڵنگاری گەورە دەبنەوە لەشوێنی کارەکانیان، ئێمە ئەم توێژینەوەیەمان ئەنجامداو دوو ئامانجی سەرەکیمان هەبوو، ئەوانیش بزانین ژنان تێڕوانینیان چییە لەسەر بارودۆخی خۆیان، بۆیە لەڕێگەی راپرسییەوە لە٩٢ خانم کە لەدەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن راپرسییەکمان ئەنجامدا، بۆ ئەوەی بزانین تاچەند رەوشی هەرێمی کوردستان لەبارە بۆ ژنانی رۆژنامەنووس و کارکردن لەو بوارەدا». وتیشی: بەشێوەیەکی گشتی لەتوێژینەوەکەدا بەدواداچوونمان لەسەر چەند ئاستێک کرد لەسەر ئاڵنگارییەکان، کۆمەڵیک تەحەدا لەسەر ژنانی رۆژنامەنووس هەیە لەدامەزراوە میدیاییەکاندا، یەکێکیان مەسەلەی هەراسانکردنە، تائێستاش لەنێو شوێنی کارو دەرەوەی کاریش ژنان رووبەرووی هەراسانکردنی سێکسی و ئۆنلاین و گفتوگۆیی و توندوتیژی دەبنەوە، کەئەمەش کاریگەری لەسەر جێبەجێکردن و ئەدای کارکردنی ژنان دەبێت. «بابەتێکی دیکە مەسەلەی بەشداریکردنی ژنانە لەناوەندەکانی بڕیارداندا کەئاستێکی زۆر لاوازی هەیە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی روماڵکردنی دۆزەکانی پەیوەست بەژنان لەمیدیادا، بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین ئەو گوتارەی میدیا دروستی دەکات گوتارێکی پیاوانە دەبێت، ئەگەرچی ژمارەیەکی زۆر لەژنان لەپۆستەکانی پەیامنێرو پێشکەشکاردا هەن، بەڵام کەمترین ژن دەبینین کەبتوانن لەسەر مێزی کۆبوونەوەکان و بڕیاردان لەژوورەکانی هەواڵدا دابنیشن و بڕیار لەڕوماڵکردنەکان و چۆنیەتی شێوازی روماڵکردنەکان.» هەژان خالید وای وت. هەژان خالید باسی لەوەشکرد، بابەتێکی دیکە مافە سەرەتاییەکانە کە تاچەند دەدرێتە ژنانی رۆژنامەوان، بەشیکی دامەزراوە میدیاییەکان تائێستاش بەشێوازێکی یاسایی بەپەیڕوکردنی یاسای کاری عێراقی مۆڵەتی دایکایەتی نادەنە ژنانی رۆژنامەنووس، ئەوەی کەدەدرێت پێیان بەشێوەیەکی هاوڕێیانە پێیان دەدرێت، بەداخەوە ئەمەش جارێکی دیکە پێمان دەڵێت کە لەڕووی مەعنەوی و دەرونییەوە کاریگەری خراپ لەسەر ژنان دروستدەکات، بەشێکیش لەم ژنانە ئەگەری هەیە بەهۆی دایکایەتییەوە لەکارەکانیان دووربکەونەوەو زۆرجار سەردەکێشێت بۆ دوورکەوتنەوەی تەواوەتی لەکاری راگەیاندن. ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئەوەشی خستەڕوو «خودی ژنانیش بەرپرسیارن و بەداخەوە وەک پێویست پەرەیان بەتواناکانی خۆیان نەداوەو ئەو لێهاتووییەی هەیانە بەرەوپێشەوەی ببەن، ئەمەش دووبارە پەیوەستە بەژیان و باری خێزانی و تێڕوانینی تەواوی کۆمەڵگا بۆ تواناکانی ژنان کەئەرکی دایکایەتی لەسەرەو ناچارە تەرکیزێکی تەواوی هەبێت بۆ ماڵ و ماڵداری، بۆ ئەمەش بەشێک لەتەرکیزەکەی دەگوازێتەوە. «بەشێک لەدەزگاکان نایانەوێت ژنەکانیان هۆشیار بن و زیرەک بن و توانایان هەبێت، پێیان وایە توانای ژن تەنها لەچێشتخانەکاندایەو پێویستە تواناکانیان سنوردار بکرێت، ئێمە چەند کەیسێکمان هەیە کەژنان رووبەڕووی توانج بوونەتەوە لەدەزگاکاندا، کەواتە ئەو عەقڵیەتەی دەزگا میدیاییەکان بەڕێوەدەبات عەقڵێکی پیاو سالارانەیە. چارەسەر چییە؟ سەبارەت بەچارەسەرکردنی ئەو کێشانە هەژان خالید وتی: ئەو کێشانەی باسمان کرد دەتوانین لەچەند لایەنێکەوە چارەسەریان بکەین، رەنگە نەتوانین چارەسەرێکی تەواوەتی سەرجەم کەیسەکان بکەین، بۆ نموونە توندوتیژی و هەراسانکردن ناتوانرێت بەتەواوی بنبڕبکرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە سیاسەتی تایبەت بەڕوبەرووبوونەوەی هەراسانکردن و یەکسانی جێندەری و بەشداری ژنان لەپۆستە باڵاکانی دامەزراوەکاندا دابڕێژرێتەوەو کاری لەسەربکرێت و جێبەجێ بکرێت، پێویستە ژنان خۆشیان هۆشیارانە خوێندنەوەیان هەبێت بۆ ماف و ئەرکەکانیان و هەوڵ و تواناکانیان پەرەپێبدەن. بەشیکی دیکەش پەیوەستە بەمیدیاکانەوە کەئەو کەیسانەی تایبەتە بەهەراسانکردن و توندوتیژی و ئیهانەکردنی ژنان بجوڵێنن و راپۆرتی لەسەربکەن و رایگشتی لەسەر بجوڵێنن و بەچاوێکی پڕ بایەخەوە لێی بڕوانن.» هەژان خالید وای وت. ئەوەی جێگای باسە تائێستا هیچ ئامارو تووێژینەوەیەک لەبەردەستدا نییە کەژمارەو رێژەی ژنان لەدەزگا میدیاییەکانی کوردستاندا ئاشکرابکات، هەرچەندە هەندێکجار ژنانی رۆژنامەنووس بەهۆی بارودۆخی تایبەتی ژیانیانەوە بەتایبەت دایکایەتی لەکارەکانیان دووردەکەونەوە. . ب.ر، ناوی خوزراوی ژنە میدیاکارێکی نێو دەزگا میدیاییەکانی کوردستانەو بەهۆی ئەوەی بووەتە دایک لەکاری راگەیاندن دووربکەوتەوە، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: خۆی مۆڵەتی دایکایەتی ٧٢ رۆژە، بەڵام من سێ مانگ مۆڵەتم وەرگرت، هێشتا سێ مانگیش زۆر کەمە بۆ دایک، بەتایبەت کاتێک لەشارێکی دیکە بیت و دووربیت لەخێزان و کەسوکار. وتیشی: بەڕاستی کێشەیە بۆ ژنی رۆژنامەوان لەدەزگای راگەیاندندا، بەتایبەت ئەو ماوەیە زۆر کەمە چونکە لۆدێکی زۆر لەسەر ئەو خانمە هەیە کاتێک دەچێتەوە بۆ دەوام و کاتی بۆ منداڵەکەی کەمتر دەبێت، دەبوو لەشەش مانگ کەمتر نەبێت بەڵام چیش بکەین ئیشەو ناتوانیت دەستبەرداری ببیت». «هەرچەندە من لەکۆتاییدا بەهۆی منداڵەکەمەوە وازم لەکارەکەم هێنا چونکە کاری میدیایی زۆر قورسە ناتوانیت لەیەک کاتدا دایک بیت و سەرەتای منداڵ بەخێوکردنت بێت و ئەو دەوامە زۆرەش بکەیت.» ب.ر وای وت. ئەڤین نەسرین، میدیاکارێکی کەناڵی ژن تیڤییەو لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: میدیاکەی ئێمە تایبەتمەندە بەژنان و هەموو ئەو بوارانەی کاریان تێدا دەکەین چ تەکنیکی و بوارە مەیدانییەکان و بەردەم کامێراو سەرجەم بوارەکان لەلایەن میدیاکارانی ژنەوە ئەنجامدەدرێن و سەرجەم پۆست و کارەکانیش لەلایەن ژنانەوە ئەنجامدەدرێت و بەڕێوەدەبرێن. وتیشی: بارودۆخی دەروونی یان فشارێک رەنگە هەبێت لەکاتی کارکردندا بەڵام وەک توندوتیژییەک بمێنێتەوە یان کەسێک لەئاستی بەڕێوەبردنی ئێرەدا توندوتیژی بەرامبەر بەمن یان هاوڕێکانم ئەنجامدرابێت شتیوا لەدەزگاکەی ئێمەدا رووی نەداوە. ئەڤین نەسرین باسی لەوەشکرد، کەمی رێژەی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرجەم میدیاکانی ئێرە میدیای حزبین و سەر بەلایەنێکی دیاریکراون، پارتەکانی باشووری کوردستانیش لەلایەن پیاوانەوە خاوەندارێتی دەکرێن و بەڕێوەدەبرێن، کاتێکیش دەزگایەکی میدیایی دادەمەزرێنن بێگومان بەڕێوەبردن لەپیاوێکەوە دەدرێتە پیاوێکی دیکە لەئاستە باڵاکانی دەزگاکانی راگەیاندندا بەمیدیای بینراوو بیستراو خوێندراویشەوە». زۆرکات لەئاستێکدا پیاوان بەڕێوەبەری دەزگاکانی راگەیاندنن و هەبوونی ئەقڵی تەواو پیاوسالاری جێبەجێدەکرێت، بەکاڵا سەیرکردنی ژنان و بۆ کارکردنیش لەسەر بنەمای نەبوونی توانای ژن تەماشا دەکرێن، ئەگەر ژنێک هەنگاوێک بنێت دەبێت پیاوێکی لەپشت بێت پیاوێک پاڵپشتی بێت و یارمەتی بدات هەموو ئەم تێڕوانینانە کەبناغەکەی پیاو سالارانەیە هۆکارن بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لەدەزگاکانی راگەیاندندا ئەنجامبدرێت.» ئەڤین نەسرین وای وت. سەبارەت بەمۆڵەتی دایکایەتی لەدەزگاکەیاندا ئەڤین نەسرین وتی: لەدەزگاکەی ئێمەدا مۆڵەتی دایکایەتی هەیەو هەر ژنێکی رۆژنامەوان تاچوار مانگ دەتوانێت وەریبگرێت، لەمانگی نۆیەمەوە بێت یان لەکاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیدا، ئەو چوار مانگەی کەمۆڵەتی دەزگایە بەمووچەوەیەو پاش چوار مانگەکەش ئەگەر ویستی مۆڵەتەکەی بۆ دەکرێتە شەش مانگ بەڵام تەنها موچەی چوارمانگ وەردەگرێت. بەپێی راپۆرتێکی سەنتەری میترۆ بەناونیشانی (هەراسانکردنی کچان و ژنانی رۆژنامەوان) بۆ ساڵی ٢٠٢١، هەراسانکردنی کچان و ژنانی رۆژنامەنووس لەئاستێکی بەرزدایەو ٥٠٪ی ڕۆژنامەنووسە ژن و کچەکان رووبەڕووی هەراسانکردنی دەروونی و ئۆنلاین و زارەکی و سێکسی بوون، ناوخۆی ئەو دامەزراوەیەی کاری تێدا دەکەن بەپلەی یەکەم دێت کە رێژەکەی ٦٠٪و پاشان شوێنی مەیدانی دێت کە ١٩٪یە، ٨٪ی خانمانی رۆژنامەوانیش لەلایەن هاوپیشەکانیانەوە لەدەزگاکانی دیکەی راگەیاندندا هەراسان دەکرێن.
زریان فەرەیدون سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: سودانی بەبەرپرسانی ئەمەریکای راگەیاندووە دەیەوێت هێزەکانی ئەمەریکا بمێننەوەو ئەو داوایەشی کەدەیکات بۆ هێورکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکانە. سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی هەفتەی رابردوو رایگەیاند دەستدەکات بەپرۆسەی دیپلۆماسی بۆ دەستپێکردنی وادەیەکی دیاریکراو بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کەزیاتر لە دوو هەزارو ٥٠٠ سەربازیان لەعێراقدا هەیە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت بەنهێنی داوامان لێکراوە بمێنینەوەو دەنگۆی دەرچوونمان لەعێراق بۆ کەمکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکانە. دوابەدوای هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكا لەسەرەتای مانگی کانونی دووەمدا بۆ سەر بنكەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەبەغدای پایتەخت کە لەئەنجامدا دوو بەرپرسی دیاری بزووتنەوەی نوجەبا كوژران، محەمەد شەیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانەی ئامادەبوونی چوارەمین ساڵیادی كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی، رایگەیاند «ئیتر هێزەكانی هاوپەیمانان هیچ جۆرە بیانویەكیان بۆ مانەوە لەناو عێراقدا نەماوەو داوای كشانەوەی هێزەكانیانی كرد». لەوەڵامی ئەمەشدا پاتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هیچ داواکارییەکی حکومەتی عێراقیان پێنەگەیشتووە بۆ کشانەوەی هێزەکانیان و هیچ پلانێکیشیان نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، کاتێکیش لەلایەن رۆژنامەنووسێکەوە پرسیاری لێکرا کەئایا سوپای عێراق توانای ئەوەی هەیە بەبێ پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا بەرامبەر تیرۆرلەناوچەکە بوەستێ، رایدەر وتی « ئەمە بەڕاستی پرسیارێکە بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق کەوەڵامی بدەنەوە.» هاوکات ئاژانسی هەواڵی پۆلۆتیکۆ لەزاری سەرچاوەیەکەوە لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندووە، سودانی بەبەرپرسانی ئەمەریکای راگەیاندووە داوای کشانەوەی هێزەکانی کردووە بۆ هێورکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکان. هێرشەکەی ئەمریکاو بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لەكەرتی غەزە، هێرشی گروپ و ملیشیاكانی سەر بەئێران بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق و سوریا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەجۆرێک كە تەنها لەدوو مانگی كۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ١٠٠ هێرشی جۆراوجۆر لەعێراق و سوریاو هەرێمی كوردستان كراونەتە سەر ئەو هێزانە و پێنتاگۆن دەڵێت ٤١٪ی ئەو هێرشانە لەناوخۆی عێراقەوە بوون ئەمەش پاڵی بەهێزەكانی ئەمریكاوە ناوە تاوەڵامبدەنەوە، یەکێک لەو وەڵامانەش هێرشەکەی ئەمریکا بوو بۆ سەر بەغدا کەهەرایەکی زۆری لەناوخۆی عێراق نایەوە، هەوڵەکانی کردنە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق دووبارە هاتە ناو باسی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت ئەو لایەنانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن . جێگەی باسە بەشێکی زۆری چاودێرانی سیاسی و سەربازیش پێیان وایە دوابەدوای شكستە یەك لەدوای یەكەكانی ئێران لەلوبنان و سوریاو یەمەن و كوژرانی فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئێران بەمەبەستی دوورخستنەوەی پریشكی ئاگرەكە لەخۆی، هەوڵی بەرفراوانكردنی جەنگەكە دەدات و بۆ ئەم مەبەستەش چەند وڵاتێكی وەك عێراق و سوریاو لوبنان و یەمەنی بۆ ئەم مەبەستە دیاریكردووە. پێشیانوایە، کەئەمریکا عێراق بەجێناهێڵێت و ئێران دەیەوێت عێراق ناچاربکات کەڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکاو عێراق جارێکی تر دابڕێژرێتەوە. هەر بەبڕوای چاودێرە سیاسی و سەربازییەکان، لەئێستادا ئەمریكاو ئێران لەناوخۆی عێراق دەستییانكردووە بەتۆڵەكردنەوە لەیەكتری و ئەگەر بێتو حكومەتی عێراق و دامەزراوەكانی بێلایەنی خۆیان نەپارێزن، ئەوا عێراق دەبێتە چەقێكی هەڕەشەئامێز بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی جیهانی . هەربۆیە چاودێران پێیان وایە گەر حکومەتی عێراقی بەڕاستی نیازی خۆبەدورگرتن لەئاگری ئەو جەنگە راستەوخۆیەی هەبێت ئەوا دەبێت بەبەهێزی بێتە مەیدان و دەسەڵات و هێزی خۆی پیشانی باڵەکانی سەر بەئێران بدات و سەروەری خاکەکەی لەهەر هێرش و پەلامارێکی ئاسمانی و زەمینی بپارێزێت.
ڤانە حەمە سەرەڕای ئەوەی پریشکی ئاگری غەززە و ئیسرائیل تا دێت فراوانتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی و فشارەکان لەسەر هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەموو بەرەکاندا لە زیادبووندایە کە دیارترینیان بڕینی موچەی فەرمانبەران، شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بەهۆی هەموارنەکردنەوەی یاسای بودجە، هاوکات بۆردەومانەکانی تورکیایە لەسەر هەرێم، کەچی «پەرتەوازەبوون و ناتەبایی ناوماڵی کورد لە زیادبووندایە و بەردەوامە». پەرتەوازەیی ناو ماڵی کورد لەم دۆخەدا بەجۆرێکە لە هەر سنورێک دژی ڕوداویک، کەموکورتیەک خۆپیشاندانە و هیج یەکگرتوییەک بەدی ناکرێت لە هەڵویستەکانی شەقامی کوردی و یەک دەنگیەکی سەرۆکایەتی هەرێم دا. چەندین مانگە مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان دەکەن دژی پێنەدانی موچەکانیان و بەهۆیەوە وەرزێکی خوێندن لە سەرجەم خوێدنگەکانی قەزا و ناحیە و پارێزگاکان ڕاگیراوە، بەڵام لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بووە و هیچ ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر پێنەدانی موچە بەڕێوە نەچووە؛ لەبەرامبەردا لە دوای هێرشی موشەک و درۆنی سوپای پاسداران بۆ سەر پارێزگای هەولێر خۆپیشاندانی بەکۆمەڵ دژی ئەو هێرشانە چەندین رۆژە بەردەوامە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و قەزای زاخۆ. گردبوونەوە و ناڕەزاییە فراوانەکانی هەریەک لە دهۆک، هەولێر، زاخۆ لەدوای ئەوە دێن رۆژی ١٨ ی ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران چەندین هێرشی درۆنی و موشەکی کردە سەر پارێزگای هەولێر کە تێیدا ئامانجی سەرەکی کە بۆردوومانکرا ماڵی سەرمایەداری کورد پێشرەو دزەیی بوو کە تێیدا ٤ کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام بەوهۆیەوە هیج گردبوونەوە و ناڕەزایەتیەک لە سنوری سەرجەم پارێزگا و ناحیە و قەزا، شار و شارۆچکەکانی سلێمانی و دەوروبەری یان سست بووە یان بەڕێوەنەچووە. ئەمەش لەکاتیکدایە لە دوو رۆژی رابردوودا یونامی هۆشداریدا لەوەی ئێڕاق زیاتر پەلکێشبکرێتە ناو جەنگی ئیسترائیل و غەززە، لە بەشێکی بڵاوکراوەکەی یونامیدا هاتووە « “سەرەڕای هەوڵەکانی عێراق بۆ رێگریکردن لە هەڵچوونی گرژییەکان، بەردەوامبوونی هێرشەکان کە لەناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی عێراق سەرچاوەیان گرتووە، ئەگەری هەیە ئەو سەقامگیرییەی کە بە زەحمەت بەدەست هاتووە، لەگەڵ ئەو دەسکەوتانەی بەمدواییانە بەدەست هاتوون، هەڵیانوەشێنێتەوە». دکتۆر کاروان حەمە ساڵح، پسپۆری کارگێری و دارایی، هاوکات چاودێری سیاسیشە لەبارەی ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە بە هاوڵاتی وت» ئێمە پێش دەستپیکردنی ئەم جەنگە و سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئۆکرانیاش هۆشداریمان دا، پریشکی ئەم جەنگانە بەر ئێمەش دەکەوێت، بەڵام بەهەند وەرنەگیرا و بینیشمان چۆن کاریگەری هەبوو، بەڵام ئێستاش کە جەنگێکی گەورە ڕۆژهەلاتی ناوەراستی گرتۆتەوە و ئامانج لێی گەورەبوونی چەند دەسەڵاتی بەشێک لە وڵاتانە، جەخت لەوە دەکەینەوە پێویستە کورد یەکگرتوو بێت. چونکە لەم دۆخەدا ڕێگا خراپەکە پەرتەوازەییە، ئەو پەرتەوازەییەی لەم دژ بەیەکیەی ئەم رۆژانەی خۆپیشاندانەکان بینیمان لە سودمان نییە». ئەو چاودێرە سیاسیە باسیش لەوە دەکات نابێت ئەو دژیەکی و لایەنگیریەی حزبەکان شۆربێتەوە بۆ ناو خەڵک، پێویستە هاوڵاتیان بەیەک چاو تەماشای هەر هێرشێک بکەن بۆسەر هەرێم. هاوکات لەبارەی هێرشەکانی ١٨ی ئەم مانگەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی چوار کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٧ کەس. دکتۆر کاروان کاردانەوە وهەلویستەکانی سەرکردایەتی کوردی لە هەرێمی کوردستان بە پێویست بینی، بەڵام وتیشی ئەم هەڵویستانە زیاتر بۆ کەمکردنەوەی ئازاری دەروونی بوون تا ستراتیژی، ئێمە پێویستمان بە هەڵوێستی جدی و ستراتیژیە.
شوان عەباس بەدری ماوەیەکە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بەئێران بۆ سەر هەولێر و دەوروبەری، پەیوەندییەکانی بەغدادو هەولێر ئاڵۆزییەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. لەم رووەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش پێی وایە کەهێرشەکان لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانەوە بەپارەی دەوڵەت ئەنجامدەدرێن. لەلایەکی ترەوە لەدوای هێرشەکانی سەری ساڵ بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لەپارێزگای هەولێر، سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق داوای کرد بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە لیژنەیەکی ڵێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت. جێی ئاماژەیە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا بەبیانووی بوونی نووسینگەی ئیسرائیلی زیاتر لە 20 هێرشی جۆراوجۆر بەزیاتر لە 40 درۆن کراوەتەسەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لەپارێزگای هەولێر و بەبڕوای چاودێران بیانووی ئەو هێرشانە دوورن لەڕاستییەوەو مەبەستی سەرەکی هێرشەکان بریتییە لە لەباربردنی ئەزموونی فیدراڵی لەعێراقدا. لەبەدواداچوونێکی هاوڵاتیدا زانراوە کەگرووپە چەکدارە شیعەکان لەمانگی ئۆکتۆبەری 2023دا، 24 جار هێرشیان کردووەتەسەر فرۆکەخانەی هەولێرو بنکەی سەربازی حەریرو لەو 24 هێرشەش گرووپی چەکداری بەرگری ئیسلامی عیراقی، سیانزەجار بەرپرسیارێتی خۆی لەهێرشەکان راگەیاندووە. هەر بەپێی بەیاننامەکانی گروپی چەکداری بەرگری ئیسلامی لەعیراق، نزیکەی 45 درۆنیان لەهێرشەکانی سەر پارێزگای هەولێر بەکارهێناوە. هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان کەوتۆتە بەر هێرشی درۆنەکان و ئێران بەڕاستەوخۆ یان لەڕێی گروپەکانی وابەستە بەخۆیەوە هێرشەکانی چڕکردووەتەوە ، بەتایبەتیش لەسنووری سڵێمانی چەند جارێک پارتە کوردییەکانی ئێرانی بەر هێرشی مووشەکی داوەو تورکیاش بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەتا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک پێویست نەیتوانیوە رێگری لەو جۆرە هێرشانە بکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی عێراقیش نەیتوانیوە وەک حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتوو خۆی پیشانبدات و بتوانێت سەروەری خاکەکەی لەبەرامبەر ئەو جۆرە دەستدرێژییانەدا بپارێزێت. بەپێی بەدواداچوونەکانی هاوڵاتی لەساڵەکانی 2021و 2022، 138 جار هێرشی ئاسمانی و 214 جار تۆپبارانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کراوەو لەماوەی چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2023شدا هەرێمی کوردستان، 150 هێرشی ئاسمانی و 300 جار تۆپباران کراوە، کە ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوو مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر هەرێم. هەر بەهۆی ئەو هێرش و پەلامارانەش دەیان گووند چۆڵکراون و چەندین دارستان سووتێنراون کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا مەترسییەکی راستەقینەی دیکەیە بۆ سەر ژینگەو ژیان و باری ئابووری هەرێمی کوردستان. بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیش پێیانوایە ئەم گروپ و میلیشیا شیعانە، کۆمەڵێک گرووپی لەیاسادەرچوون کە چەک و پارەی دەوڵەتیان بەمەبەستی هێرشکردنەسەر هەرێمی کوردستان قۆستۆتەوەو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە پشتگیری دەکرێن و بەم جۆرە هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایش و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان دەدەن و پێیان وایە ئەم جۆرە هێرشانە، هێرشن بۆ سەر گشت عیراق و نەک بەتەنها هەرێمی کوردستان. بەڵام هەتا ئێستا حکومەتی هەرێم جگە لەئیدانەو سەرزەنشت هیچ جۆرە هەڵوێستێکی دیکەی نەبووەو هەردوو پارتی دەسەڵاتدار (یەکێتی و پارتی) هاوشێوەی حکومەت لەڕێی وتەبێژو بەیاننامەکانی مەکتەبی سیاسییەوە تەنها ئیدانەیان کردووە. هەروەک چۆن لەدوای هێرش و بۆردومانە ئاسمانییەکەی تورکیا بۆ سەر سنووری چەمچەماڵ لەساڵی 2021دا کەبووەهۆی شەهیدبوونی کەسێک و برینداربوونی دوو کەسی دیکە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەیاننامەیکدا ئیدانەی هێرشەکەی کردو داوای لەحکومەتی فیدراڵی کرد بەئەرکە دیبلۆماسییەکانی خۆی بەرامبەر ئەو جۆرە پەلامارە مەترسیدارانە هەستێت کەدەکرێتە سەر قووڵایی خاکی عێراقەوە. هەروەها هەر لەدوا هەفتەی ساڵی 2023دا تورکیا لەڕێی فرۆکە جەنگییەکانیەوە زیاد لە 20 جار بۆردومانی ناوچەکانی شنگال و مەخموریان کرد، کە بەگەورەترین هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەژماردەکرێت کە لەئەنجامدا دوو کەس شەهید و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و سەرەڕای بێدەنگی حکومەتی هەرێم و عێراق بەڵام بەبڕوای شارەزایانی یاسا نێودەوڵتییەکان، ئەم هێرشانەی تورکیاو ئێران بەتاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێن. تورکیا بەپێی رێکەوتنێکی دەیەی هەشتای سەدەی رابردوو کە لەگەڵ حکومەتی بەعسدا بەستبووی بەمافی خۆی دەزانێت کە سنووری عێراق ببڕێت و بێتە ناو خاکەکەیەوەو ئەمەش لەدوای رێکەوتنێکی دوولایەنەی تاریق عەزیزی وەزیری دەرەوەی پێشووی عێراق و هاوتا تورکییەکەی هات کە بۆ ماوەی یەک ساڵ مافی ئەوە بەتورکیا دەدات کە بەقووڵایی پێنج کیلۆمەتر خاکی عێراق ببەزێنێت و بەپێی لێدوانێکی جەمال حەلبووسی شارەزای ستراتیژی و ئەمنی، لەکۆتاییەکانی دەسەڵاتی بەعسیشدا لە لێکتێگەیشتنێکی نهێنیدا رێگەدرا تورکیا بەقووڵایی 50 کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عیراقەوە، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی عێراقەوە، دەوڵەتی تورکیا ئەو هەلەی قۆستووەتەوەو بەپێی وتەیەکی فوئاد حسێن لەساڵی 2018ەوە تاساڵی 2022، 22هەزارو 700 جار تورکیا سەروەری خاکی عیراقی پێشێل کردووەو حکومەتی عێراقیش 296 جار بایاننامەی ناڕەزایی دەرکردووەو لەنەتەوەیەکگرتووەکانیش شکاتی لەبەرامبەر ئەو پێشێلکاریانە تۆمارکردووە . بەپێی چاودێرە سیاسییەکان و شارەزایانی یاسا جگە لەوەی کەئەو رێککەوتنەی نێوان عێراق و تورکیا بۆ ماوەی یەک ساڵ بووە، واتە لەساڵی 1984 بۆ 1985، ئەو رێکەوتنەو لێکتێگەیشتنەی کەدواتر یش بەستراوە، لەگەڵ رووخاندنی حکومەتی بەعس رێکەوتنەکە بەتەواوی لەکارکەوتووە . هەر بەپێی چاودێران تورکیا بوونی پەکەکەی لەهەرێمی کوردستانی بەمەبەستی فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی قۆستۆتەوەو هەرچی ئێرانیشە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەخۆی بەمەبەستی گوشاری زیاترو مەرامە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی خۆی لەهەرێمی کوردستاندا بەکاردەهێنێت . هەر لەبارەی ئەم تەوەرە جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم، هۆشداری دەدات لەزیادبونی هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەو هێرشە درۆنیانەی ماوەیەكە دەكرێتە سەر پارێزگای هەولێرو بەهاوڵاتی وت «هێرشە دۆرنیەكان دەبێتە مایەی تێكچوونی دۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق، چونكە رۆژانە هێرشەكان دەكرێت، كاریگەری دەروونیشی بۆ سەر دانیشتوانی هەولێر دەبێت، بەتایبەت دەنگی تەقینەوەی درۆنەكان لەناوچە نیشتەجێبوونەكان و دڵەڕاوكێ لەناو هاووڵاتیاندا دروستدەكات». ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی»هێرشە درۆنیەكان كاریگەری لەسەر ئابوری هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە زۆر كۆمپانیا كە لەهەرێم وەبەرهێنان دەكەن بەهۆی سەقامگیری دۆخی هەرێمەوە هاتوون و لێرە وەبەرهێنان دەكەن، بۆیە ئەگەر هێرشە درۆنیەكان بەردەوامبێت رەنگە ئەو كۆمپانیایانە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئاسایش بكەن و كارەكانیان رابگرن و كاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕو ئابوری هەرێم دەبێت». جەبار یاوەر ئەوەشی خستەڕوو»بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێم توند بووە، وەڵامەكەی حكومەتی عێراقیش توندتر بووە، دیارە ئەوەش پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای ئاڵۆزكردووە». لەبارەی وەڵامدانەوەی سەربازیی هەرێمیش بۆ ئەو گروپانەی كە هێرشی درۆنی دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان، جەبار یاوەر دەڵێت «مافی هەرێمە بەرگری لەخۆی بكات و وەڵامی دەستدرێژیی هەر گروپێكی چەكداری بداتەوە، بەڵام بەو مەرجەی لێوەی دیاربێت كەئەو چەكدارانە لەكوێوە دەستدرێژی دەكەن». هەروەها غازی فەیسەڵ بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ ڵێکۆڵینەوەی ستراتیژی پێیوایە کە ئەم جۆرە هێرشانە هەوڵێکە بۆ لەباردنی ئەزموونی فیدراڵی و لێدانە لەمافی کەمینەکان و فرە ئایینی و کلتووری لەعێراقدا. لەلایەکی دیکەوە ئەم هێرش و پەلامارانە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای هاووڵاتیانی هەرێم درووستکردووە و پێیان وایە کەحکومەتی هەرێم لەپاراستنی سنوور و هاووڵاتییەکانی لاوازە و بەشێک لەهاووڵاتیانیش پێیان وایە ئێستا رۆژانە بەژەم دروون دەنێرن بۆ سەر ئاسمانی هەرێم و هۆکاری سەرەکی ئەمەش خۆی لەناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا دەبینێتەوە . هاووڵاتیان دەپرسن: بۆ چی کاتێک هەولێر درۆن باران دەکرێت، زۆرجار یەکێتی نیشتمانی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و کاتێکیش سنووری سلێمانی بەر هێرش و پەلامارەکانی تورکیا دەکەوێت، پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ جۆرە هەڵوێست و کاردانەوەیەکی نابێت و بگرە هەندێک جار بەڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بیانوو بۆ ئەو بۆردوومانانە دەهێنێتەوەو پشتگیرییان دەکات؟ لەکۆتاییدا ئاخۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان لەنێوان دەنکە تەسبیحەکەی دەستی گرووپە چەکدارە شیعەکان و بەرنامەی هێزە ئیقلیمییەکاندا بەکوێ دەگات و یەکێتی و پارتی پێکەوە دەتوانن ئەم کەشتییە نیوە نووقم بووە بگەیەننە کەناری ئارامی؟
شەنای فاتیح پاش ١٣٢ رۆژ لەدەستپێکی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، دەرگای بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی سلێمانی کرانەوەو سەرچاوەیەکیش بەهاوڵاتی راگەیاند: وەزارەت و بەڕێوبەرایەتی گشتی وپەروەردەکان سوورن لەسەر کردنەوەی دەوام بەهەر نرخێک بێت. پاش ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ی بەیەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی دەوام دەستنیشانکرد، بەڵام مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردو دابەشکردنی مووچەو پلەبەرزکردنەوەو دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژانیان کردە مەرجی چوونەوەیان بۆ هۆڵەکانی خوێندن. سەرچاوەیەک کەنەویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت، بەهاوڵاتی وت: وەزارەت و بەڕێوبەرایەتی گشتی وپەروەردەکان سوورن لەسەر کردنەوەی هۆڵەکانی خوێندن بەهەر نرخێک بێت، فشارێکی زۆریان کردووە لەرێگەی بەڕێوبەری پەروەردەکانەوە بۆ سەر بەڕێوبەری قوتابخانەکان. وتیشی:بەشێکی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بەفشاری بەڕێوبەری پەروەردەکان غیاباتی مامۆستایانیان وەرگرتووە، لەزۆربەی پەروەردەکاندا غیابات دەستیپێکردووەو پێیان وتوون هەتا نەقڵکردن و فەسڵکردن دەڕۆین ئەگەر دەوام نەکەنەوە، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر کردنەوەی دەوام. « لەناو شاری سلێمانی و دەوروبەریدا نزیکەی 80٪ ی قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام هێشتا پەروەردەی دەرەوەی شارەکان بەو شێوەیە نین.» سەرچاوەکە وای وت. هاوکات، لەمانگی ئابی ئەمساڵەوە تائێستا کۆمەڵێک مامۆستای نارازی بەردەوامن لەسەردانیکردن بۆ بەغداو بەوتەی خۆیان چاویان بەلیژنەی دارایی و چەند کوتلەیەکی پەرلەمان و چەند سەرۆک حیزبێک کەوتووە بۆ ئەوەی بتوانن لەکاتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی ٢٠٢٤دا جێگای ئەوە بکرێتەوە کە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەکانیان راستەوخۆ لەرێگەی بەغداوە وەربگرن بەبێ دواکەوتن و ٣٠ رۆژ جارێک، هەروەها هەوڵی ئەوەش دراوە کەموچەی فەرمانبەران چێتر نەبێتە فشارێکی سیاسی لەنێوان حکومەتی هەرێم و ناوەنددا. ئاوات ئازاد، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەمانگی ئابدا نۆ مامۆستاو فەرمانبەر سکاڵامان دژی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی تۆمارکرد، کە بەشێوەیەکی نایاسایی لەساڵی ٢٠١٦وە پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنیان راگرتووە، بەڵام پلەبەرزکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆو ئەنجومەنی دادوەرییەکان بەردەوامە، سکاڵاکەمان تا ٢١ی کانوونی دووەم سێ جەلسەی تێپەڕاندووەو جەلسەی داهاتوومان دواخراوە بۆ ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤. وتیشی: فشارەکانی پەروەردە لەسەرەتای مانگی کانوونی دووەمەوە دەستیپێکردووە کۆمەڵێک فشارو نوسراوی جیاواز دەردەکەن بەشێوەیەک هەر نوسراوەو جۆرێکە، بەپێی یاسا کەس ناتوانێت مامۆستایەک یان فەرمانبەرێک سزا بدات کەداوای مافی خۆی دەکات، کاتێک موچەی پێنادرێت ئەویش کارناکات، خوێندنیش بەم شێوەیە بەترس و تۆقاندن و سزادان بەڕێوەبچێت، خوێندنێکی تەندروست نابێت و زانستی پێویست بەقوتابی ناگات. «بەهیچ جۆرێک هیچ بەڕێوبەرێک مافی لادانی هیچ مامۆستایەکی نییە جگە لەوەزیر، لەکاتێکدا وەزیر دەسەڵاتی رەهای پێدابێت بابەتێکی ترە، بەڵام وەزیر خۆی لەبۆشایی یاسایدایە چونکە حکومەتی ئێمە کاربەڕێکەرەو توانای هیچ بڕیارو یاسایەکیان نییەو پەرلەمانیشمان نییە.» ئاوات ئازاد وای وت. ئەو مامۆستا ناڕازییە باسی لەوەشکرد کە هەر مامۆستایەکیش سزا بدریت ئێمە سکاڵای یاسایی تۆماردەکەین و بەردەوامین لەخۆپیشاندنان و ناڕەزایەتییەکان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانمان. محەمەد کەمال، لەنوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ لەسلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: دەنگۆ هەیە کە هەر مامۆستایەک نەیەتەوە بۆ دەوام سزا بدرێت، بەڵام تائێستا هیچ نوسراوێکی فەرمی وا نەهاتووە بۆ قوتابخانەکان. وتیشی: هیچ بڕیارێک نییە کەبایکۆت بشکێنین و بەردەوامین لەناڕەزایەتییەکان. ئەمە لەکاتێکدایە لەچەند رۆژی رابردوودا بەشیک لەنوێنەرایەتی مامۆستایانی ناڕازی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران و دواتر بەشێکیان ئازادکران.
ڤانە حەمە سەرەڕای نەبوونی خزمەتگوزاری و نۆژەن نەکردنەوەی باڵەخانەی زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکان، هاوکات لەگەڵ پێنەدانی دەرماڵەکانیان، بەشێک لە زانکۆ حکومیەکان « پێداویستیە هەرە سەرەکی و گرنگەکانیشیان» کە بۆ ئەنجاندانی کارە پراکتیکیەکانیان پێویستیانە بۆ دابین ناکرێت، لە ئەنجامیشدا یان کردە پراکتیەکان ئەنجام نادەن، یاخود خوێندکارەکان و مامۆستاکان خۆیان بەناچاری بەشێکی دابین دەکەن. زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی یەکێکە لەو زانکۆیانەی سەرەڕای کۆنی باڵەخانە، هۆڵەکانی و بەشە ناوخۆییەکانی، بەدەست نەبوونی کەرەستە و پێداویستیە سەرەکیەکانیەوە دەناڵێنێت، بەجۆرێک لە بەشە پزیشکیەکانیدا تەنانەت دەستکێش کە پێداویستی هەرە سەرەکیە ناتوانرێت لە لایەن زانکۆوە دابین بکرێت، لە ئەنجامیشدا خوێندکارەکان یان وانە پراکتیکیەکە بە ناتەواوی دەخوێنن یان مامۆستاکانیان داوایان لێ دەکەن خۆیان ئەو پێداویستیانە دابین بکەن. هێڤار سەلمان، خوێندکاری شیکاری نەخۆشیەکانە لە زانکۆی پۆڵیتەکنیک بەهاوڵاتی وت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە تاقیگەکانمان پیداویستیەکان هەبوون بەڵام کەموکوڕی تیابووە یاخود بە جۆرێک بووە کە تەنها مامۆستا کاری کردووە یان هەر گروپێکمان تەنها یەک کەس کاری کردووە بەهۆی نەبوونی دەستکێش، دواتر خۆمان دەستکێشەکانمان کڕیووە؛ دەشڵێت هەرخۆم تائێستا چوار جار کڕیومە و چەند تەلەبەیەکی دیکەش دوو یان سێ جار کڕیویانە». ئەو خوێندکارە دەشلێت ساڵی ڕابردوو پێیان وتووین لە ساڵی نوێدا پارەمان بۆ خەرج دەکرێت بەڵام وانەبوو. لەبارەی خەرج نەکردنی بودجەی تاقیگەکانەوە راگرایەتی کۆلیژی زانکۆش دەڵێت بەهۆی هەبوونی کێشە لە پاکتاوی دارایی ئەو حاڵەتە دروستبووە ولە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی. زەردەشت غەفور مامۆستای یاریدەدەرە لە هەمان زانکۆ، ئەو دەڵێت « لە تاقیگەکانی دیکەی کۆلیژەکەمان هەمان کێشەمان هەیە، مەعقول نییە زانکۆیەکی گەورە دەستکێش و موادی کارە پراکتیەکانی نەبێت، لەکاتێکدا ئەو زانکۆیە خوێندکاری پارالێڵی هەیە ولەوەش داهات بۆ زانکۆکە بەدەست دێت، پێم وایە ئەو پارەیە بۆ زانکۆکە خەرج ناکرێت». نەبوونی پێداویستیە سەرەکیەکان لە زانکۆ حکومیەکان و کەموکورتیەکان لەپاڵ چارەسەرنەبوونی کێشە بەردەوامەکانی دیکەی زناکۆکەدان کە دەیان جار خوێندکاران خۆپیشاندانی بەرفراوانیان بەهۆیەوە ئەنجامداوە، لەوانەش کێشەی کۆنی و ناتەواوی باڵەخانەکانیان، نەبوونی ئاوی گەرم و کارەبا و غاز وهەبوونی سەگی بەرەڵا لەناو کەمپی زانکۆکە. شایستە بەهائەدین یەکێکە لەو خوێندکارانەی لە بەشە ناوخۆیی زانکۆکە دەمێنێتەوە لەبارەی دۆخی بەشە ناوخۆییەکەیان و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانیان بە هاوڵاتی وت، بە بەردەوامی کێشەی ئاوی گەرم وغازمان هەیە، هەندێک جار هەفتەی دوو جاریش ئاوی گەرممان نیە، هەندێک جار بۆ دوو هەفتە چاکی دەکەن و دواتر وەک خۆی لێدەکەنەوە. هاوکات دەشڵێت دەبوایە ئێمە سیستەمی غازی « ئێڵ پی جی»مان هەبوایە، نەوەک خۆمان چەند نهۆم غاز ببەینە خوارەوە و کەزۆربەی جارەکانیش غازەکە نیە. هاوکات گوڵان ئازاد کە خویندکاری کۆلێژی فیزیایە لە زانکۆی سلێمانی، دەڵێت زۆرجار بەهۆی کۆنبوون ولەکارکەوتنی ئامێرەکانمان لە تاقیگەکاندا ئامار و داتاکانمان هەڵە دەردەچن و مامۆستا و دکتۆرەکانیشمان خەتاکە دەخەنە سەر ئەستۆی ئێمە. هەروەها دەشڵێت ئەو ئامێرانە زۆر کۆنن و لەکاتی دووەم وەجبە یان سێیەم وەجبەی خویندکارانی ئەم بەشەوە دابین کراون بۆ زانکۆکە. یەکێکی دیکە لە خوێندکارەکانی زانکۆی سلێمانی کە نەیویست ناوی بهیندرێت وتی،» بەگشتی کێشەیەک و کەموکوڕیەکی سەیر و عەجیب هەیە لە زانکۆکەمان، بەرپرس و ڕاگرەکانی زانکۆکە بەدەم داواکاریەکانمانەوە نایەن کە زۆر جار شتی زۆر ئاسایین». دەشڵێت یەکێک لەو کێشانەی کە خۆم وەک نوێنەرێک کارم زۆر لەسەر کردووە و وەڵامم نەدراوەتەوە، کێشەی هەبوونی سەگی بەرەڵان لەناو زانکۆکەکە کەبەردەوامە وچارەسەرنەکراوە، هەر دوێنێ بە « پازدە سەگەوە» پەلاماری خوێندکارێکی کوڕیان داوە وبرینداریان کردووە». ئەم کەموکورتیانەی زانکۆکان لەکاتێکدایە، کە وەرزێکی خویندن بەهۆی بایکۆتی مامۆستایەنەوە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمیی کوردستان فەوتاوە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان ٢٠ زانکۆی حکومی هەیە.
هاوڵاتی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشی ئیسرائیل لە دیمەشقی پێتەختی سووریا، بۆ سەر بنكەكانی سوپای پاسداران، هەواڵنێری تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران رایگەیاند چوار ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران كە وەك راوێژكار ناسراون، كوژراون. بە هۆی هێرشەكانی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 20ی كانونی دووەمی 2024ی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق، ناوەندی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەك نزیك لە بەرەی ناوچەیی پشتیوانی سووریا، بڵاویكردەوە "بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسداران لەم هێرشەدا كوژراوەو ژمارەیكی تریش بریندار بوون". رۆیتەرز بەپشت بەستن بە سەرچاوەكانی خۆی بڵاویكردۆتەوە "بینایەكی چەند نهۆمی كە لەلایەن ئەندامانی سوپای پاسدارانەوە لە سووریا بەكار دەهێنرا، لەم هێرشەدا رووخاوە". چەند كاتژمێرێك دواتر هەواڵنێری نور نیوز، سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، رایگەیاند "سادق ئومێد زادە، جێگری هەواڵگری هێزەكانی قودس لەگەڵ جێگرەكەی بە ناو حاج غوڵام لەم هێرشەدا كوژراون". ماڵپەڕی تەسنیم تەنها ئاماژەی بەوە داوە كە چوار ئەندامی باڵای سوپای پاسداران كە وەك راوێژكار ناوی بردوون كوژراون و ئاماژەی بە ناوی كەسەكان نەداوە میدیاكانی سووریا باسیان لەهێرشی ئیسرائیل بۆ ناوچەی مەززە كردوە. سەرچاوەكانی تری سووریا رایانگەیاندووە دەنگی تەقینەوە لە هەموو شوێنێكی دیمەشق بیستراوە. هاوكات كەناڵی حەدەسی سەر بە سعوودیە بڵاویكردەوە "فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل دوو مووشەكیان بەرەو ناوچەی مەززەوە ناوەو هۆیەوە پێنج كەس كوژراون. هەر لەم بارەوە رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا، كە گروپێكی نەیاری حكومەتی بەشار ئەسەدەو بنكەكەیان لە بەریتانیایە، سەرەتا باسی لە كوژرانی چوار كەس كرد بەهۆی ئەم هێرشانەوەو نووسیبوی بینایەك كە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانی و رێكخراوی جیهادی ئیسلامی فەلەستینەوە بەكار دەهێنرێت كراوەتە ئامانج. هاوكات كەناڵی تەلەفیزیۆنی سكای نیوزی عەرەبی باسی لەوەكرد (ئەكرەم ئەلعجوری) یەكێك لە ئەندامانی پلە باڵای جیهادی ئیسلامی فەلەستین لەم هێرشەدا كوژراوە. بەڵام ماڵپەری تەسنیم، سەر بە سوپای پاسداران لە زاری ئیسماعیل ئەلسەنداوی نوێنەری جیهادی ئیسلامی فەلەستین لە سووریاوە نوسیویەتی"هیچكام لە ئەندامانی ئەم رێكخراوەیە بە هۆی هێرشەكانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق نەكوژراون". هەروها كەناڵی ئەلعەرەبیەی بڵاویكردوەتەوە "جیهادی ئیسلامی كوژرانی زیاد نەخالە سكرتێری گشتی ئەم رێكخراوەیە بە درۆ دەخاتەوە". ئەوەشی خستوەتەڕوو "پێدەچێت ئەكرەم ئەلعەجوری، بەرپرسی بەشی سەربازی جیهادی ئیسلامی فەلەستین و بەرپرسی دابینكردنی چەك و چۆڵ بۆ سەرایای قودس، لقی سەربازی ئەم رێكخراوەیە، لەم هێرشەدا كوژرابێت". ئەكرەم ئەلعەجووری ناوی لە لیستی ئەمریكایی تیرۆریستە نێونەتەوەیەكاندایە. میدیا ئیسرائیلییەكان هەواڵی هێرش بۆ سەر دیمەشقیان بڵاوكردۆتەوە بەڵام هیچكام لە بەرپرسانی ئیسرائیلی باسیان لەوە نەكردووە ئیسرائیل دەستی بووە لەم هێرشانەدا. رۆژی 25ی كانونی یەكەمی 2023، ئیسرائیل بە مووشەك هێرشیكردە سەر خانوویەك لە گەڕەكی زەینەبییەو رەزی مووسەوی بەرپرسی پلە باڵای سوپای قودس لە ماڵەكەی خۆی لەگەڵ كچە هاوڕێكەیدا كوژران. رەزی مووسەوی بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ لە سووریە بووەو ئەركی پشتیوانی و لۆجستیكی هێزەكانی قودس بوو لە سووریا و لوبنان. بێنیامین نتانیاهۆ رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لەكۆنفرانسێكی میدیایدا لە تەلئەڤیڤ لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی هێرش بۆ سەر ئێران وتی"وڵاتەكەی راستەوخۆ هێرش دەكاتە سەر ئێران، بەڵام هیچ شتێكی زیاتری لەو بارەوە نەوت".
شوان عەباس بەدری لەبەرەبەیانی رۆژی سێشەمە 2024/1/15 ، سووپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لەتۆڵەی کووشتنی فەرماندە باڵاکانی سووپای پاسداران و بەرەی بەرگری لەسووریا و لوبنان و بەمەبەستی داکووتینی بنکە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل لەناوچەکە، چەند هێرشێکی مووشەکییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراویش بۆ سەر هەولێر ئەنجامداوە. هەرچەندە ئەم جۆرە هێرشانەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان تازە نین و لەماوەکانی رابردووشدا سوپای پاسداران بەبیانووی داکووتینی هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و بنکە سیخورییەکانی ئیسرائیل چەند هێرشێکی هاوشێوەی ئەنجامداوە، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە هێرشەکە لەگەرمەی کەف و کوڵ و کۆڵانی ناوچەکەو ئەگەری فراوانبوونی جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیلیدا، جیاوازترو پەیامەکەی بۆ لایەنە ناوخۆییەکانی هەرێم و هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمریکا تووندترو روونتر بێت، بەتایبەتیش کەئێران ئەمجارە لەجیاتی ئەوەی ئەو ئەرکە بەباڵە چەکدارییەکانی خۆی لەناو عیراق بسپێرێت، راستەوخۆ خۆی ئەم ئەرکەی گرتەئەستۆو هێرشەکانی ئەنجامدا. هەتا ئێستاش دیار نییە کەئێرانییەکان وەک هێرشە مووشەکییەکەی 8ی کانوونی دووەمی 2020ی سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبار کە لەتۆڵەی کووشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سووپای قودس لەژیر ناوی "چالاکی شەهید سولەیمانی"، پێشتر ئەمریکییەکانی ئاگادارکردووەتەوە یان خود نا، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە رەنگە دوای ئەم هێرشانەی ئێران، جەنگی بەوەکالەتی وڵاتە ئیقلیمییەکان و ئێران لەلایەک و ئەمریکاو ئێران لەلایەکی ترەوە لەڕێی باڵەکانیان لەناو عیراق بەگشتی و هەریمی کوردستان بەتایبەتی و سوریاو لوبنان و یەمەن تووندترو چڕتربێتەوە . ئاشکراشە گەر ئەو گریمانەیەی پێکدادنی باڵانە رووبدات، ئەوا کوردو قەوارەی هەرێم یەکەم زەرەرمەندی ئەو جەنگە بەوەکالەتەی نێوان زلهێزە هەرێمایەتییەکانی ناوچەکە و جیهان دەبێت، بە تایبەتیش کەکورد ئەزموونێکی ناخۆشی لەگەڵ ئەم جۆرە ململانێ بەوەکالەتەی هەیە. هەرچەندە دوابەدوای هێرشەکانی سەر هەولێر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ئەمریکاو بەریتانیاو چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان بەتووندی ئیدانەی هێرشەکانیان کردو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانەی هێرشەکەی کردو تۆمەتەکانی ئێرانی رەتکردەوەو هێرشەکانی بەکاریکی دوژمنکارانە وەسفکرد، بەڵام ئاخۆ ئەم ئیدانە و رەتکردنەوانەی تۆمەتانە تاچەند لەرزە بەگیانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستە باڵاکانی ئێراندا دەهێنێت، بەتایبەتیش ئیران کە لەڕێی گروپ و میلیشیا شیعەکانی پەیوەست بەخۆیەوە، لەڕێی درۆنی بۆمبرێژکراوو موشەکەوە ماوە ماوە هیرش دەکاتەسەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەک چۆن مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەدوای هێرشەکان رایگەیاند، لەساڵی 2020 وە هەولێر لەلایەن سووپای پاسدارانەوە بەبیانووی جیا جیا، کەوتووەتە بەر هێرشی مووشەک و درۆنەوەو دان بەخۆداگرتنمان سنووری هەیە. بەڵام لیرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کەئاخۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ، چۆن و بەچ شێوەیەک وەڵامی ئەو دەستدرێژیانە دەداتەوە کەدەکرێتە سەر شارەکانی ژێر دەسەڵاتییەوەو توانای بەرەنگاربوونەوەی سەربازی و هێرشی هەیە بۆ ناوخۆی ئێران و بنکەو بارەگاکانی سوپای پاسداران و باڵە چەکدارەکانی لەناوخۆی عێراق؟ خۆ گەربێتو بەنیازبێت کارتی هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی ئێرانی ناو هەرێمی کوردستان لە دژی ئیران بەکاربهێنێت، ئەوە بۆ هەموان روون و ئاشکرایە کەوەڵامی ئێران چۆن و بەچ شێوەیەک دەبێت، هەرچەندە بەبڕوای زۆربەی چاودێرەکان، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، نە توانای ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارەیان هەیەو نە هێزو چەکێکی ئەوتۆیان هەیە کەبتوانن بەپێی پێویست بەرگری لەخۆیان بکەن. هەرچی ئەمریکاشە هەرگیز بەرژەوەندییە باڵاکانی نە لەبەر کوردو نە لەبەر هیچ لایەن و دەوڵەتێکی دیکە ناخاتە مەترسییەوە. لەلایەکی دیکەوە دوای هێرشەکان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق ، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ڵێکۆڵینەوەی بۆ هێرشەکان دەرکرد، بەڵام روون و ئاشکرایە کەئەم فەرمان و بڕیاڕە تەنها بۆ سڕینەوەی عارەقی شەرمەزاری حکومەتی ناوەندە لەبەرامبەر بەزاندنی بەردەمی ئاسمان و خاکی عێراق و هیج شتێکی ئەوتۆی لێ سەوز نابێتەوەو تەنها بۆ ئیستهلاکێکی ناوخۆییەو هیچی تر. هەرچەندە مێژووی پەیوەندییەکانی کورد لەکوردستانی عیراق و ئێرانییەکان چ لەسەردەمی رژێمی پاشایەتی و چ لەسەردەمی دوای رووخاندنی رژێمی پاشایەتی و هاتنەکایەی کۆماری ئیسلامی ئێران، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیەو مێژووی ئەم پەیوەندیانەش بەپێی پێویستییە سیاسییەکانی سەردەم هەورازو نشیوی بەخۆوە بینیوە ، بەڵام نابێت ئەوە لەیاد بکەین کە سەرەڕای نشێوییەکانیش بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەو پەیوەندییانە تا رادەیەکی باش پاریزراون و لایەنە کوردی و ئێرانییەکان لەبەر بەرژەوەندی هاوبەشی سیاسی نەیانهێشتووە داری ئەو پەیوەندیانە لەڕەگەوە وشک ببێتەوە. لەڕاڤەی پەیوەندییە سیاسییەکانیشدا قسەیەکی کلاسیکی باو هەیە کەدەڵێت: لەسیاسەتدا کەس تاسەر دۆست و دوژمن نییە. ئەم قسەیەش لەئێستادا پراوپڕ پڕ بەبەری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئیرانە. بەتایبەتیش وەک باسمان کرد، گەر بیتۆ چاوێک بەمێژووی ئەم دوو لایەنە ناکۆکە رووکەشە دۆستەی پشت پەردەکە بخشێنین، ئەوا دەبینین کە لایەنی ئێرانی چەندین جار لەمیژووی شۆڕشەکانی کوردی باشوور، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی پشتی کوردەکانی بەرداوە، بەڵام بەرپرسە باڵا پلە یەکەکانی ناو شۆڕشەکەی بەپێی گرنگییان بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران چ لەو سەردەمە و چ لەئەگەری داهاتوو لەناو خاکی خۆی داڵدە داوەو زەقترین نموونەی ئەو پشتبەردان و دەستهەڵگرتنە ئاشبەتاڵی 1975 و رێکەوتنی نێوان موحەمەد رەزا شای پەهلەوی و رژێمی بەعسی پێشوو بوو و دەتوانین جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقی سەردەمی سەدام و خومەینیش بەفریادڕەسێکی باش بۆ پشتگیریی هەمەلایەنەی شۆڕشی کورد لەو سەردەمە بزانین، گەر نا رەنگە ئاخوندەکانی ئێرانیش، هاوشێوەی رژێمەکەی پەهلەوی، بەڕێکەوتنێکی ستراتیژی سنوورەکانی خۆیان بە رووی کورددا دابخستایەو بەپێی پێویست یارمەتی لۆجیستی شۆرشەکەیان نەدایە. هەرچەندە لەئێستادا ئێران زۆنی زەرد بەناوچەیەکی بەهەشت ئاسا بۆ بنکە سیخوڕی و سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا راڤە دەکات و تێبینییەکی زۆریشی لەسەر زۆنی سەوز هەیەو هاوشێوەی زۆنی زەرد، بنکەو بارەگای هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بوردومان کردووە، بەڵام دەبێت راستییەک بزانین کەمانگی هەنگوینی پەیوەندییەکانی نێوان بەرپرسانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی بەم هێرش و پەلامارانە کۆتایی نایەت و بابەتی پشت پەردەکان زۆر زیاترن لەو بابەتانەی کە لەمیدیاکان باس دەکرێن و تیشکیان دەخریتەسەر. لەکۆتاییدا لەناو ئەم هەموو ئاڵۆزی و کێشەو جەنگ و ململانییەی ناوچەکە پرسیاریک خۆی قووت دەکاتەوە کەئاخۆ پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن خۆیان لەئەگەری ئەو جەنگە بەوەکالەتە سووتینەرە بەدووربگرن و درێژە بەمانگی هەنگوینی پەیوەندییە ئاشکراو نهێنییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بدەن، یان خود نا لەژێر گووشاری وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەکان کۆتایی بەو هاوسەرگیرییە کاتۆلیکییە دێنن و مانگە هەنگوینییە چەندین ساڵەکەیان پێش دڵنیابوون لەڕووخاندنی کۆماری ئێران دەکەن بەخەزانی هێرشی مووشەکی و درۆنی؟ بێگومان هێرشی دوای کۆتایی هاتنی مانگە هەنگوینییەکەش وەک هێرشەکانی پێشووتر نابێت و بەرپرسانی هەریمیش باش ئەم راستییە دەزانن.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٨-١-٢٠٢٤ لەگەڵ ئەوەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران پشتڕاست کردەوە رایگەیاند، هێرشمان کردۆتە سەر حاشارگەی تیرۆریستەکان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران. دوای ئەوەی ئێران شەوی سێ شەممە هێرشی کردە سەر پاکستان بە بیانووی لێدانی بنکەکانی جەیش العدل، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند مافی وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی ئێران بۆ خۆیان بە ڕەوا ئەزانن، لە هەمانکاتدا رێز لە سەروەری خاکی ئێران ئەگرن. هاوکات رۆژی پێنج شەممە روەیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی پاکستانییەوە نووسی، ئەو وڵاتە بە هێزەوە وڵامی هەرچەشنە هێرشێکی ئێران ئەداتەوە. ئەم بەرپرسە ئەمنیەی پاکستان رایگەیاندووە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان. وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بەرە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممەش رایگەیاند هێرشەکان زۆر ورد و بە پێی زانیاری لە چالاکی تیرۆریستەکان ئەنجام دراون. وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیاندنەکەی خۆیدا باسی لەوە کرد ژمارەیەک کەس کە ئەو وڵاتە بە تیرۆریست ناویان دەبا کوژراون. لەم راگەیاندنەدا ئاماژە بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی جەیش العدل نەدراوە، تەنها نووسراوە " مەبەست لەم هێرشەی ئەمڕۆ دابینکردنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی پاکستانە کە لە گرینگترین پرسە بۆ ئەو وڵاتە و ناکرێت بخرێتە مەترسییەوە". لە کاتێکدا پاکستان باس لە کوژرانی چەند تیرۆریست ئەکات لە خاکی ئێران، بە پێی زانیاری سەرچاوە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم هێرشەدا ٢ پیاو و ٣ ژن و ٤ مناڵ کوژراون و کوژراوەکان ئێرانی نین. ماڵپەڕی (حال وەش٩ کە زانیارییەکانی سیستان و بەلووچستانی ئێران بڵاو ئەکاتەوە نووسیویەتی :" زۆربەی کوژراوەکان ئەندامانی بنەماڵەی لایەنە سەربەخۆیخوازەکانی بەلووچ و دانیشتوانی گوندە سنوورییەکانن لە شاری سەراوان لانیکەم ٥ منداڵ و ٤ ژن و پیاوێک کوژراون و ژن و پیاوێکیش بریندارن. وتەبێژی گرووپی سەربەخۆییخوازی بەلووچ کە بە ( BLF) دەناسرێن، کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی خۆی بە هۆی هێرشەکانی پاکستانەوە پشتڕاست کردۆتەوەو هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی کردووە. مێجەر گەهرام بەلووچ لەم راگەیاندنەدا وتوویەتی :" ئێستە بەرەی رزگاریخوازی بەلووچ(BLF) بێدەنگ نابێت و تۆڵەی ئەم هێرشە ئەکاتەوە، لە ئێستاوە جەنگ دژی پاکستان رادەگەیەنین. هاوکات ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران نووسیویەتی: ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکانی بەرەبەیانی ٥ شەممەی پاکستان بۆ چەند گوندێکی سەر سنووری ئیدانە کردووەو داوایان لە بەرپرسانی پاکستان کردووە بە زووترین کات وەڵامدەرەوە بن لە هۆکارەکانی ئەم هێرشانە. عەلیڕەزا مەرحەمەتی، جێگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، کاتژمێر ٤:٣٠ بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە دەنگی چەند تەقینەوەی گەورە نزیک شاری سەراوان بیستراوەو دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت پاکستان بە مووشەک هێرشی کردۆتە سەر گوندە سنوورییەکانی ئێران. پێشتر بەرپرسێکی باڵای پاکستان بە روەیتەرزی راگەیاندبوو هێرشێ ئاسمانیان کردۆتە سەر چەند شوێنێک لە ئێران. شەوی سێ شەممە کۆماری ئسیلامی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک هێرشی کردە سەر چەند شوێنێک لە پاکستان و رایگەیاند چەند بنکەیەکی جەیش العدلیان لە خاکی پاکستان لە ناو بردووە. لە راگەیاندنێکدا گرووپی جەیش العدل رایانگەیاند بە هۆی هێرشەکانی سوپای پاسدارانەوە ٢ مناڵ کوژراون. ئەم کارە بوو بە هۆی ئەوەی پاکستان باڵیۆزی خۆی لەتاران بکێشێتەوەو بە باڵیۆزی ئێران رابگەیەنێت بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆ پاکستان لە ئێستادا. جەلیل عەباس جەیلانی ، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی کاتی پاکستان رۆژی چوارشەممە ١٧-١-٢٠٢٤ لە وتووێژی تەلەفۆنی لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پاکستان بە مافی خۆی ئەزانێت وەڵامی هێرشەکانی ئێران بداتەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان هەڵوێستی توندنی بەرامبەر بە هێرشی سوپای پاسداران بۆ خاكی ئەو وڵاتە گرت و باڵیۆزی خۆی لە تاران كشاندەوەو رایگەیاند باڵیۆزی ئێران لە ئێستادا بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆ پاكستان. ناوەندەكانی هەواڵی حكومەتی كۆماری ئیسلامی شەوی سێ شەممە 16ی كانونی دووەمی 2024، رایانگەیاند: سوپای پاسداران بەموشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشی كردۆتە سەر دوو بنكەی (جەیش العدل) لە پاكستان و لە ناوی بردون. ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ چوار شەممە 17ی كانونی دووەمی 2024، راگەیاندنێكی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستانی بڵاوكردوە تیایدا هاتووە" لەئێستادا پاكستان رێگە بە باڵیۆزی ئێران نادات بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتە". رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاكستان، لە ئێستادا لە تارانە. هەڵوێستی توندنی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا وتی"پێشێلكردنی بێ بنەماو ئاشكرای سەروەری پاكستان لەلایەن ئێرانەوە، لادانە لە یاسا نێودەوڵەتیەكانن و ئامانج و بنەماكانی جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان". موممتاز زەهرا بەلووچ وتیشی "ئەم كارە سەرەڕۆیانەیەی ئێران بەهیچ شێوەیەك رێگەپێدراو نییەو هیچ پاساوێكی نییە، بۆ ئەو كارە پاكستان بەمافی خۆی ئەزانێت وەڵامی ئەم كارە نایاساییە بداتەوەو بەرپرسارێتی ئەنجامەكانی لەئەستۆی كۆماری ئیسلامییە". "ئێمە پێمانڕاگەیاندون پاكستان بڕیاریداوە باڵیۆزی خۆی لە تاران بكێشێنێتەوەو باڵیۆزی ئێران كە لە ئێستادا لە تارانە، بۆی نییە بگەڕێتەوە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان وای وت. وتیشی "ئیسلام ئاباد بڕیاریداوە سەرجەم ئەو دیدارانە هەڵبوەشێنێتەوە كە بڕیاربوو لە رۆژانی داهاتوودا لە نێوان پاكستان و ئێراندا بەڕێوە بچێت". ئەمە دووهەمین هەڵوێستی توندی پاكستانە دوای هێرشی سەربازی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە. جێهێشتنی پێشانگای چابەهار لەلایەن وەفدی پاكستانییەوە بە پێی زانیارییەكانی سەرچاوە لۆكاڵیەكانی پاكستان، دوای هێرشی موشەكییەكەی ئێران، ئەندامانی وەفدی پاكستانی پێشانگای چابەهاریان جێهێشتووە. كەناڵی تێلگرامی " حال وەش" و " كەمپەینی چالاكانی بەلووچ" نووسیویانە "لەسەر داوای بەرپرسانی پاكستانی، بازرگان و چالاكانی ئابووری ئەو وڵاتە دەستبەجێ و بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشتر، پێشانگاكەیان بەجێ هێشتووە". بەپێی ئەم راپۆرتە، لە ئێستادا پێشانگای هەناردەكردن بۆ پاكستان بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی كۆماری ئیسلامی، راوێژكاری سەرۆك كۆمارو سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ناوچە ئازادو تایبەتە ئابوورییەكانی وڵات، پارێزگاری سیستان و بەلووچستان، بەڕێوەبەری گشتی ناوچەی ئازادی چابەهارو بەرپرسانی بڵای پاكستان، ئەفغانستان، عێراق و عوممان لە چابەهار بەڕێوە ئەچێت. ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران، شەوی سێ شەممە رایگەیاند "ئەو ناوچەیەی بۆردمارانكراوە، ناوچەیەكە بەناوی كێوی سەوز لەپارێزگای بەلوچستانی پاكستان كە یەكێك لە گەورەترن بنكەكانی گروپی جەیش العدل لەو ناوچەیە". بەڵام لە راگەیاندنێكدا كە لە كەناڵی تێلگرامی جەیش العدلەوە بڵاوكراوەتەوە "شەش فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و ژمارەیەك موشەك ئەو خانوانەی كردۆتە ئامانج كە ژن و منداڵی ئەندامانی ئەم گرووپەی تێدا بووە". پاكستانیش رایگەیاند "بەهۆی هێرشەكانی سوپای پاسدارانەوە دوو منداڵ كوژراون، ئەمە لە حاڵێكدایە سوپای پاسداران باس لەوە دەكات توانیویەتی ئەو گروپە لە ناو ببات". داواكاری نوێی ئێران لە پاكستان لە هەمانكاتدا، مەجید میر ئەحمەدی جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ بواری ئەمنی و ئاسایشی وڵات، داوای لە پاكستان كردوە هەنگاوی جدی هەڵبگرێت بۆ دەركردن و لەناو بردنی ئەو كەسانەی كە ئەوان بە "تیرۆریست" ناوی دەبەن. مەجید میر ئاماژەی بەگروپی جەیش العدل كردوەو رایگەیاند"ژمارەیەك لە گروپە تیرۆریستییەكان لە خاكی پاكستان گیرساونەتەوەو شوێنیان خۆشكردوە". هاوكات وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی بە ئاماژە بە هێرشەكانی ئەم دواییانەی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق وتی "ئێمە رێز لە سەروەری دەسەڵات و یەكپارچەیی پاكستان و عێراق دەگرین، بەڵام رێگە نادەین ئاسایشی وڵاتەكەمان بكەوێتە مەترسییەوەو یاری پێ بكرێت". وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو "لە هێرشەكەیان بۆ سەر پاكستان، هاووڵاتیانی پاكستانی نەكراونەتە ئامانج". گرووپی جەیش العدل، هێزو رێكخراوێكی چەكداری دژبەری كۆماری ئیسلامییە كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی و چەند وڵاتێكی رۆژئاوایی لەوانە ئەمریكاوە وەك تیرۆریست ناسراون. هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بنكەكانی جەیش العدل دوای ئەوە هات، كە ئەم هێزە بەرپرسارێتی هێرش بۆ سەر بنكەی سەربازی لە شاری راست لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان گرتە ئەستۆ. ئەو هێرشە رۆژی ١٠-١-٢٠٢٤ئەنجامدرا. جیش العدل چی ئەڵێت؟ جەیش العدل لە راگەیاندنێكدا كە لە كەناڵی تێلگرامی ئەم گرووپە بە ناوی "شبكە عدل" بڵاوكراوەتەوە، رایگەیاندوە "گرووپی تیرۆریستی سوپای پاسداران بە كەڵك وەرگرتن لە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و موشەك هێرشیكردۆتە سەر ماڵی ژمارەیەك لە موجاهیدەكانی رێكخراوی جەیش العدل لە كێوە سنورییەكان بەلوچستان و لەم هێرشەدا كە لانیكەم شەش فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی خۆتەقێنەرەوەو ژمارەیەك موشەك بەكار هاتوون ئەو شوێنانە كراوەتە ئامانج كە ژن و مناڵ موجاهیدەكانی رێكخراوی جەیش العدلی تێدا بووە كە بەوهۆیەوە ماڵی دوو موجاهید روخاوەو ئەندامانی بنەماڵەیان كوژراون بوون یان بریندار بوون. لەم هێرشەدا دوو منداڵ كوژراون و دوو ژن و كچێكیش بریندار بوون و برینەكەیان قورسە. كوژرانی فەرماندەیەكی باڵای سوپا ئەمڕ چوارشەممە17ی كانونی دووەمی 2024، هێرشی چەكداری كراوەتە سەر ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە سەراوانی بەلووچستان و عەقید حسێن عەلی جاوادانفەڕ، پلەدارێكی گەورەی سوپا كوژراو چەند كەسێكی تریش بریندار بوون.