هاوڵاتی رۆژنامەی تایمزی چاپی لەندن لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردۆتەوە بە پێی کۆمەڵێک نامە و بەڵگە کە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستین کەوتووە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٦ ساڵدا و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ ٢٠٢٠ لانیکەم ٢٢ ملیۆن دۆلار یارمەتی ماددی حەماسی داوە. تایمزی لەندەن لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە ئەکات سوپای ئیسرائیل ئەم نامە و دێکۆمێنتانەی لە کاتی جەنگی غەزە دا دەستکەوتووەو بە شێوەیەکی تایبەت خراوەتە بەردەست رۆژنامەکە. سوپای ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەم نامە و دێکۆمێنتانە بەڵگەی تەواون بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە حەماس ئەکات و بەردەوام یارمەتی ماددی ئەم رێکخراوەیەی داوەو لایان وایە ئەمە تەنها بەشێکە لەو بەڵگانەی کە دەستیان کەوتووە. لە یەکێک لەم نامانەدا مەروان عیسا، فەرماندەی لقی سەربازی حەماس لە غەزە کە ناوی خوازراوەکەی "ابو البراء"ە و نامەکەی بۆ یەحیا سێنوار رێبەری ئەم گرووپەی نووسیوە، وردەکارییەکانی وەرگرتنی لانیکەم ٢٢٢ میلیۆن دۆلار لە کۆماری ئیسلامی خراوەتەڕوو و باسی لێوە کراوە. بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٤ دا،  بۆ ناوچەیەک لە نزیک کەمپی "نەسیرات" لە ناوەندی غەزە باس لەوە کرا مەروان عیسا کوژراوە. ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرانی ئەم فەرماندە باڵایەی حەماسیان پشتڕاستکردۆتەوە. ئیسرائیل هەروەها بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە "یەحیا سێنوار"یش ئەکوژن و یەحیا سێنوار بە داڕێژەری سەرەکەی پلانی هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەزانن. ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی بەردەوام باس لەوە ئەکات سوورن لەسەر کوشتنی یەحیا سێنوار، سێنوار بە پیاوێکی گەڕۆک ئەزانن کە دوای ٧ی تشرینی یەکەم لە هیچ کوێ ئارام ناگرێت و بەردەوام لە گەڕاندایە ولایان وایە ئەمەش وایکردووە تا ئێستا نەکوژرێت. لە نامەی یەکەمدا کە لە رێگای سوپای ئیسرائیلەوە گەیشتۆتە دەست تایمزی ئیسرائیل و نامەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا نووسراوە بە وردی باس لەو بڕە پارەیە کراوە کە بە شیوەی مانگانە لە کۆماری ئیسلامیان وەرگرتووە. وردەکاری وەرگرتنی پارەکان بە شێوەی مانگانە لەو نامەیەدا باسی لێوە کراوەو ئەم تۆمارە لە مانگی ٧ی ٢٠١٤ ەوە دەستی پێکردوە، راست ئەو کاتەی کە حەماس لە جەنگدا بووە لە گەڵ ئیسرائیل. رۆژی٨ی ٦ی ٢٠١٤ دوای ئەوەی کە ٣ مێرمنداڵی ئیسرائیلی لە لایەن حەماسەوە رفێندران، ئیسرائیل حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستیان هەیە لە رفاندنی ئەو ٣ مێرمنداڵەدا و بەو هۆیەوە جەنگی حەماس ئیسرائیل دەستی پێکرد لە کەرتی غەزە و لە ٨ی مانگی ٦ی ٢٠١٤ەوە تا ٢٦ی ئابی ٢٠١٤ خایاند. لەم جەنگەدا ٦٤ سەربازی ئیسرائیلی و ٢ هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیلی کوژران. لە بەرامبەردا ٢٠٤٠ کەس لە فەلەستینییەکان کوژران و بە پێی ئامارەکان نزیک بە ١٦٠٠ کەسیان هاوڵاتی مەدەنی بوون . بە پێی ئەو زانیارییانەی لەنامەی یەکەمدا هاتووە، لەو ٦ ساڵەدا بە گشتی ١٥٤ میلیۆن دۆلار راستەوخۆ و بە شێوەی نەخت دراوە بە حەماس و ئەوەی ماوەتەوە دراوەتە دەست کەسێک بە ناوی "ابوالعابد" کە گومان ئەکرێت ئەو کەسە هەمان "ئیسماعیل هەنییە" سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس بێت کە لە دووحە پێتەختی قەتەر ئەژی و تایمزی لەندەن لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە باس لەوە ئەکات ئەو کەسە ئیسماعیل هەنییەیە. نامەی دووهەم لە تشرینی دووهەمی ٢٠٢١ نووسراوەو بەم شێوەیە دەستی پێکردووە:" بە ناوی خوای گەورەو دلۆڤان. بۆ برای ئازیزم ، ئەبوو ئیبراهیم، خوا بیپارێزێت"... پێدەچێت " ئەبوو ئیبراهیم" هەمان یەحیا سێنوار بێت. لەم نامەیەدا باس لە وردەکاری یارمەتییە مادییەکانی کۆماری ئیسلامی کراوە بۆ حەماس، دوای جەنگەکانی ٢٠١٤ کە بە " ئۆپەراسیۆنی شمشێری قودس" دژی ئیسرائیل ناوی دەبرا. دوای ئەم جەنگە ، کۆماری ئیسلامی بە یەک جێ ٥٨ میلیۆن دۆلاری گەیاندۆتە دەست حەماس، دواتر بە دوو جار و هەرجارەو ٥ میلیۆن دۆلاری گەیاندۆتە دەست حەماس و رێبەرەکانی. بە پێیزانیارییەکانی تایمزی لەندەن ، ئیسرائیل لای وایە ئەم بڕە زۆرە پارەیە سەرەتا گەیشتۆتە بەیرووت پایتەختی لوبنان و لەوێوە لە لایەن ئەفسەرەکانی سوپای پاسدارانەوە گەیەندراوەتە دەست کەسەکانی حەماس. مەروان عیسا لەم نامانەدا کە باسی " سەعید ئیزەدی" ئەکات بە " حاجی رەمەزان" ناوی ئەبات. سەعید ئیزەدی یەکێک لەو ئەفسەرانە بوو کە محەممەد رەزا زاهیدی فەرماندەیان بووەو راستەوخۆ لە محەممەد رەزا زاهیدی فەرمانی وەرئەگرت. محەممەد رەزا زاهیدی و ٦ ئەفسەری پلەبەرزی سوپای پاسداران، رۆژی ١ی نیسان لە هێرشی ئیسرائیل  بۆ سەر کۆنسولگەری  کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کوژرا، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوە ئەکات و ئیسرائیل رایگەیاندووە ئامادەی هەرجۆرە وەڵامدانەوەیەکە. تایمزی لەندەن باسی لەوە کردووە مەبەستی ئیسرائیل لەم هێرشە ئەوە بووە تاران تێ بگەیەنێت لەوەی ئیتر ناتوانێت خۆی لە پشتی هێزە میلیشیاکانەوە بشارێتەوە. ناوەندە هەواڵگرییەکان لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەو باوەڕەن کۆماری ئیسلامی تۆڵە ئەکاتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کۆماری ئیسلامی راستەوخۆ هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل یان ئەوەیە لە رێگای هێزە پرۆکسییەکانەوە ئەم کارە ئەکات. دوای ئەوەی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایانگەیاند ئەگەری ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی بەم نزیکانە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، هەرچەن نازانرێت ئاخۆ راستەوخۆ هێرش ئەکات یان لە رێگای هێزە پرۆکسییەکانەوە. بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی پێنج شەممە سەردانی بنکەیەکی ئاسمانی وڵاتەکەی کرد و وتی، جگە لە غەزە خۆمان بۆ هەر ئەگەرێکیتر لە ناوچەکانیتر ئامادە کردووە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها وتی :" هەرکەسه هێرشمان بکاتە سەر و زیانمان پێ بگەیەنێت، هێرش ئەکەینەوە سەری و زیانی پێ ئەگەیەنین. ئامادەین بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە ئیسرائیل بکەین". ئەفسەرەکانی بەشی هەواڵگری ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن محەممەد رەزا زاهیدی پارەی دەگەیاندە دەست "صالح العاروری" فەرماندەی سەربازی حەماس لە بەیرووت کە مانگی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤ لە هێرشی ئیسرائیلییەکاندا کوژرا. دواتر ئەم پارەیە لە رێگای ژمارەیەک لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بە کەڵک وەرگرتن لە دراوە دیجیتاڵییەکان دەگەیەنرایە غەزە و سەرەنجام پارەکە دەگەیشتە دەست مەروان عیسا یان نوێنەرەکانیتریان. محەممەد سروور، یەکێک لە خاوەن نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە دەستی بووە لە گواستنەوەی پارە بۆ حەماس، لەگەڵ چەندکەسیتر لەوانەی کە دەوترێت دەستیان بووە لە دابینکردنی پارە بۆ حەماس کوژران. سوپای ئیسرائیل هەروەها رۆژی پێنج شەممە ١١ی نیسان رایگەیاند یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی حەماس بە ناوی " ناسر یەعقووب جابر نەسر" کە کاری دابینکردنی پارە بووە بۆ حەماس، لە هێرشێ ئیسرائیل بۆ سەر رەفح کوژراوە. حەماس لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە پشتیوانی ئەکریت. هەرچەند لە چاو حزبوڵڵای لوبنان کە کۆماری ئیسلامی دایمەرزاندووە سەربەخۆترە. تایمز ئاماژەی بەوە داوە جیهادی ئیسلامی فەلەستین بە تەواوەتی لە لایەن تارانەوە بەڕێوە ئەبرێت و هیچ جۆرە سەربەخۆییەکی نییە. تایمز هەروەها لە بەشێکیتر لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە ، رێکخراوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن کۆماری ئیسلامی پێش هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئاگاداری ئەو هێرشە بووە. دامەزرێنەری حەماس، ئەحمەد یاسین کە یەکێک بوو لە شوێنکەوتوانی ئێخوان المسلمینی میسر، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی  پەیوەندییەکی باشی هەبوو، بەڵام دوای دیدار لەگەڵ ئایەتوڵڵا خومەینی لە تاران، بڕیاری دا پارە لە کۆماری ئیسلامی وەرنەگرێت. بەڵام تایمز ئاماژەی بەوە داوە رێبەرەکانی حەماس لەم چەند ساڵەی دواییدا جۆری روانینیان گۆڕیوەو سەدان میلیۆن دۆلاریان لە تاران وەرگرتووە. تایمز هەروەها نووسیویەتی،  حەماس لەم چەند ساڵەی رابردوودا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە. بۆ وێنە خالید مەشعەل، سکرتێری پێشتری مەکتەب سیاسی حەماس، ساڵی ٢٠١٢ دوای سەرکوتی خوێنای دژبەرەکانی حەماس کە لەو ساڵەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان ئێخوان المسلمین لە سووریا کوژران، بڕیاری دا نووسینگەی حەماس لە دیمەشق دابخات و لە تاران دوور بکەوێتەوە. تایمزی لەندەن هەروەها نووسیویەتی، بۆ ماوەی چەند ساڵ رێبەرانی حەماس ناکۆک بوون لەسەر ئەوەی ئاخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێران و سووریا دروست بکەنەوە یان نا. ئێستا ئەم بە پێی ئەم بەڵگانە بێت لانیکەم لە ٢٠١٤ ەوە پەیوەندی حەماس و تاران دروست بۆتەوەو حەماس یارمەتی ماددی لە تاران وەر گرتووە. ناوەندەکانی هەواڵگری ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەرەن کە هۆکاری دەستپێکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئێران وحەماس جەنگی حەماس – ئیسرائیلە لە ساڵی ٢٠١٤ کە ٧ حەوتووی خایاند. بە پێی بەڵگەکان لە ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دا کۆماری ئیسلامی یارمەتی ماددی حەماسی نەداوە، هۆکارەکەشی ئەکرێ بۆ ئەوە بگەڕێتەوە حەماس لەو ساڵانەدا لەبری ئەوەی دژی ئیسرائیل بجەنگێت، خەریکی نۆژەنکردنەوەی غەزە بوو. رەنگە جیاوازی بۆچوونی نێوان رێبەرانی حەماس هۆکار بێت بەوە لەو ٢ ساڵەدا یارمەتی لە تاران وەر نەگرن. دوای جەنگی ١٢ رۆژەی حەماس- ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢١ یارمەتییە مادییەکانی ئێران بۆ حەماس زیاتر بووە و ئەمەش وەک پێزانینی ئێران بۆ حەماس و بەشداری کردنی لەو جەنگەدا لێک ئەدرێتەوە. سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن یارمەتییە ماددییەکانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم تا ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەر بەردەوام بووەو کۆماری ئیسلامی یارمەتی حەماسی داوە بەوەی کۆگاکانی چەک و چۆلی خۆی دەوڵەمەندتر بکات.  

هاوڵاتی دوای ئەوەی لە ٧ ی مانگی ١٠ ی ٢٠٢٣  دا بزوتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەرباشوری  ئیسرائیل لە دەروازەی   ئیرزی کە دەکەوێتە باکووری کەرتی غەززەوە شەڕی نێوان هەردوولا دەستیپێکرد و تائێستا زیاتر لە ٣٣ هەزار کەس لە غەززە کوژراون کە بەشێکی زۆری ژن و منداڵن. .شەڕی ئیسرائیل و حەماس بۆ ماوەی شەش مانگە بەردەوامەو بە یەکێک لە وێرانکەرترین و کوشندەترین شەڕەکانی سەدەی ۲۱ دادەنرێت لە ئێستاشدا بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو کەرتە ئاوارە بوون  و بەشێک ی زۆری بەرەو شاری ڕەفەح لە لە باشوری غەزە هەڵهاتوون  نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت بەهۆی ڕێگەنەدان بە چونە ناوەوەی خواردن و یارمەتییە مرۆییەکان جگە لە جەنگ  قەیرانی نەخۆشی و برسێتی لەو کەرتە هەڵیداوە هاوکات ژمارەیەکی کەم لە فەڵەستینییەکان توانیویانە ناوچە گەمارۆدراوەکان بەجێبهێڵن. بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵی ئەی پی  بڵاویکردۆتەوە ئامارەکان بەم شێوەیەن: ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەی مردوون لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل ؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینییانەی  لە غەزە کوژراون : 33،137 ژمارەی منداڵ کە لە غەززە کوژراون : زیاتر لە 13 هەزار کەس ژمارەی ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلییانەی کە کوژراون: نزیکەی 1200 کەس ژمارەی ئەو فەيڵستینییانەی کە لە کەناری ڕۆژئاوا (west bank) کوژراون : 456   ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوە کردووە کە، وەزارەتی تەندروستی غەزە جیاوازی لە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و حەماس ناکات لە کاتی هەژمارکردنی کوژراوەکاندا ، بەڵام دەڵێت ژنان و منداڵان نزیکەی دوو لەسەر سێی کوژراوەکان پێکدەهێنن. ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنی و بیانییانەی لە ئیسرائیل کوژراون لە حەوتی ١٠ دا:٧٨٠ ژمارەی کارمەندانی فریاگوزارییە سەرەتاییەکان کە لە ئیسرائیل لە ٧ی مانگی ١٠ دا کوژران: ٦٢ هاوڵآتیانی مەدەنی کە بە درێژای سنورەکانی باکوری ئیسرائیل کوژراون: ٩ کارمەندانی فیریاگوزاری سەرەتای کە لە غەززە کوژراون: ٢٢٤، جگە لەو ژمارەیە ٣٠ ی کارمەندی دیکەش لە کاتی دەوامی ڕەسمییاندا کوژراون ژمارەی کارمەندانی تەندروستی کە لە غەززە کوژراون: ٤٨٤ ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە لە غەززە کوژراون: ٩٥   ژمارەی سەربازی ئیسرائیل / حەماس ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون: زیاتر لە ١٣ هەزار ( ئامارەکە  سوپای ئیسرائیل بڵاویکردۆتەوە ) . ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە خاکی غەززەدا کوژراون: ٢٥٦ ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە ٧ی ١٠ دا کوژراون : ٣١٤ ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی بە درێژای سنورەکانی باکوری غەززە کوژراون لە ٧ی ١٠ ەوە تا ئیێستا: ١١   کەرتی مرۆی: ٪ ٥٥.٩ ی تەواوی باڵەخانەکان تێکشکێنراون ٪٦٠ ی ماڵەکان بە تەواوی تێکشکێنراون ٪٩٠ ی خوێندنگاکان تێکشکێنراون ژمارەی ئەو نەخۆشخانانەی تا ئێستا ماوەو لە ناونەچووە ١٠ دانەیە لە کۆی ٣٦ دانە ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی کە ڕوبەڕوی قەیرانی نەبوونی خۆراک بونەتەوە  بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ١.١ ملیۆنە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەخوار تەمەنی دوو ساڵەوەن و توشی کەمی خۆراک و بەدخۆراکی بوون  ٪٣١ ڕێژەی ئەو خوێندکارانەی کە دەستیان بە خوێندن ناگات ٪١٠٠ ژمارەی ئەو مزگەوتانەی بەتەواوی ڕوخاون: ٢٢٧ ژمارەی ئە وکەنیسانەی ڕوخاون: ٣ ژمارەی بریندارەکان؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون: ٧٥ هەزار و ٨١٥ ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی لە کەناری ڕۆژئاوا برینداربوون : ٤،٧٥٠ ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون : ١٥٤٩ ژمارەی هاوڵاتییانی مەدەنی ئیسرائیلی کە لە سەرەتای جەنگەکەوە بریندار بوون : ٤،٨٣٤   ژمارەی ئەو کەسانەی بەبارمتە گیراون  لە لایەن حەماسەوە لە سەرەتای جەنگەکەدا لە ٧ی مانگی ١٠ ی ٢٠٢٣ :٢٥٣ ژمارەی ئەو بارمتانەی ئازادکراون: ١٢٣ ژمارەی ئەو بارمتانەی  کە لە ئێستادا لە ژیاندان و مردنیان پشتڕاستنەکراوەتەوە: ٩٨ ژمارەی ئەو بارمتانەی کە مردنیان پشتڕاستکراوەتەوە: ٣٦   جێگەیباسە لە نوێترین پێشهاتەکانی جەنگەکەدا ئەمڕۆ یەکشەممە وتەبێژێکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هەموو هێزە زەمینییەکانیان لە باشووری غەززە کشاندوونەتەوە، جگە لە یەک لیوا هاوکات روون نییە کشانەوەکەی سوپای ئیسرائیل لە باشووری غەززە، دەبێتە هۆی دواکەوتنی ئەو هێرشەی پێشتر ئیسرائیل بڕیاری لێدابوو بۆسەر رەفەح بەمەبەستی لەنێوبردنی حەماس. کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری غەززە لەکاتێکدایە کە میسر ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل لای حەماس.  

ئا: هاوڵاتی رۆژی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران بەڕێوەچوو. کاری ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دیاریکردنی رێبەری داهاتووی ئێرانە لەئەگەری مردن یان وازهێنانی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەدەسەڵات. پێدەچێت ئەم خولە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دوایین خولی هەڵبژاردنی ئەم ئەنجومەنە بێت لەسەردەمی ژیانی عەلی خامنەییدا. رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەئێستادا ٨٥ ساڵی تەمەنە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری هەر هەشت ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و هەشت ساڵی تر ئەگەر ئایەتوڵڵا خامنەیی لەژیاندا بێت تەمەنی گەیشتووەتە ٩٣ ساڵ. باسکردن لەجێگرەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەئێراندا چەندساڵە باسێکی گەرمە، چوونە سەرەوەی تەمەنی رێبەری کۆماری ئیسلامی و لەهەمانکاتدا ئەوەی کەنەخۆشە وایکردووە بیر لەجێگرەوەی بکرێتەوە. رۆژی ٢ی ئازاری ٢٠٢٤، ماڵپەڕی رادیۆ فەردا، بابەتێکی لەم بارەوە بڵاوەکردەوەو دەربارەی جێگرەوەی خامنەیی و ئەگەرەکانی جێگرەوەی خامنەیی و لەم پەیوەندەدا بۆچوونی ٣٠ رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی ئێرانی لەدەرەوەی وڵات وەرگرتووە. ئەمە یەکەمجار نییە ئەم ماڵپەڕە راپرسییەکی وەها لەناو رۆژنامەنووس چالاکە سیاسییەکاندا دەکات و ئەنجامەکەی بڵاودەکاتەوە. هەشت ساڵ لەوەپێش و لەسەردەمی بەڕێوەچوونی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریدا هەمان راپرسی لەناو رۆژنامەنووسەکاندا بڵاوکرایەوە. زۆربەی رۆژنامەنووسەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کەدۆخی سیاسی جۆرێکە پێشبینی ناکرێت. هەشت ساڵ لەوەپێش باس لەکەسانێکی وەک «هاشمی رەفسەنجانی» ، «مەحموود هاشمی شاهروودی»، «حەسەن خومەینی»، «سادق لاریخانی» دەکرا وەک ئەو کەسانەی کەئەگەری هەیە ببن بەڕێبەری دوای خامنەیی. بەڵام لەئێستادا ئەم کەسانە یان ئەوەیە لەژیاندا نەماوەن وەک «هاشمی رەفسەنجانی» و «مەحموود هاشمی شاهروودی»  لەژیاندا نەماوەن، یان ئەوەیە وەک « حەسەن خومەینی « و « سادق لاریجانی» لەدەسەڵات دوورخراونەتەوەو بێزراون. ساڵی ٢٠١٦ « هاشمی رەفسەنجانی» وەک دیارترین کەس بۆ جێگرەوەی خامنەیی باسی لێدەکرا، بەڵام « رەفسەنجانی» کانوونی دووهەمی ٢٠١٧ بەشێوەیەکی گوماناوی کوژراو تەرمەکەی لەناو مەلەوانگەیەکدا بینرایەوەو کوڕو کچەکانی سوورن لەسەر ئەوەی باوکیان کوژراوە.  زۆربەی زۆری ئەو ٣٠ کەسەی لەم راپرسییەی رادیۆ فەردا بەشدارییان کردووە کە لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەچووە، لەسەر ئەو باوەڕەن رێبەری داهاتووی ئێران لەدەرەوەی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرییەوە دیاری دەکرێت و عەلی خامنەیی پێش مەرگی خۆی رێبەری ئێران دیاری دەکات.   کێن ئەوانەی وەک جێگرەوەی خامنەیی باسیان لێوەدەکرێت؟ لەم چەند ساڵەدا کەپرسی جێگرەوەی خامنەیی لەئارادایە بەردەوام «موجتەبا خامنەیی» کوڕی عەلی خامنەیی وەک یەکێک لەبژاردەکان باس دەکرێت کە رێبەری داهاتووی ئێرانەو باس لەوە دەکرێت لەم چەند ساڵەدا «موجتەبا خامنەیی» ئامادە کراوە بۆ ئەوەی ببێت بەڕێبەری داهاتووی ئێران. لەگەڵ ئەوەش بەردەوام کۆمەڵێک کەسی تر ناویان هاتووە وەک «ئیبراهیم رەئیسی» سەرۆککۆماری ئێستای ئێران. هەرچەند ئەم ناوانە کەهاتوون زیاتر گومانن و کەمتر بەڵگەیەک لەبەردەستە. بەمەشەوە ناکرێت ئەوە لەبەرچاو نەگیردرێت کەحکوومەت ئەم دوو کەسە وەک بژاردەی یەکەم دەبینێت. لەبابەتێکدا کە  رادیۆ فەردا  رێکەوتی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ دەربارەی جێگرەوەکانی خامنەیی بڵاویکردووەتەوە لەگەڵ ئەوەی ئاماژە دەدات بەناوی» موجتەبا خامنەیی» و « ئیبراهیم رەئیسی « وەک دوو ناو کەبەختی زیاتریان هەیە بەوەی ببن بەڕێبەری داهاتووی ئێران، دوو ناوی تر دەخاتەڕوو کە تا رادیەکی کەم ناسراون. وەک لیستی شاراوەی پاڵێوراوانی رێبەری ناویان لێدەبات. ئەو دوو کەسەش بریتین لە عەلیڕەزا ئەعرافی و موحسێن قومی. عەلیڕەزا ئەعرافی: عەلیڕەزا ئەعرافی، لەدایکبووی ١٩٥٩، شاری مەیبود لەپارێزگای یەزد. ئەندامی ئەنجومەنی پارێزەران ( شۆرای نیگەهبان) و کەسی یەکەم لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری لەتاران. ئەوەی ئەم کەسە دەکات بەیەکێک لەو کەسانەی کەوەک جێگرەوەی خامنەیی لەداهاتوودا ناوی لێببرێت، ئەدام بوونیەتی لە « ئەنجومەنی پارێزەران» کە ١٢ کەسن و لەلایەن رێبەرەوە دیاری دەکرێن. هەروەها «ئەعرافی» لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێت و کەسێکە لەناو سوپای پاسداراندا قسەی بڕشتی هەیەو پشتیوانی هەیە. ئەعرافی کەسێکە لەلایەن خامنەییەوە زۆر پشتیوانی دەکریت. لەساڵی ٢٠٠٨ەوە تاساڵی ٢٠١٨ بەرپرسی «جامعة المصطفی العالمیة» کە دامەزراوەیەکە لەلایەن عەلی خامنەییەوە دروستکراوەو بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ زیاتر لە ٢٣ ملیۆن دۆلار بوودجەی بۆ تەرخانکراوە. ئەم دامەزراوەیە کەوەک ناوەندێک بۆ پەروەردەکردنی مەلای شیعە کاردەکات، لە ١٣٠ وڵاتەوە بەشێوەی ئۆنلاین یان راستەوخۆ خوێندکاری وەرگرتووەو لە ٨٠ ناوەندی ئایینی لەوڵاتانی جیاواز سەر بەم دامەزراوەن. لەسەردەمی جەنگی ناوخۆی سووریادا «ئەعرافی» باسی لەوەکرد ژمارەیەکی زۆر لەئەندامانی کەتیبەی « فاتمییون» و « زەینبەبییون» کە لەسووریا بۆ پشتیوانی لەبەشار ئەسەد جەنگاون، دەرچووی « جامعە المصگفی العالمیه «ن، بەشێک لەو کەسانە کوژران، برینداربوون و بەشێکیشیان ئێستا لەجەنگدان. موحسێن قومی: لەدایکبووی ١٩٦٠ لەگوندی مامازەندی وەرامین، جێگری بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی نووسینگەی ئایەتوڵڵا خامنەیی و کەسی دووهەم لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرێتی. موحسێن قومی لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێراندا بریندار بووە. پێنج کەس لەئەندامانی بنەماڵەکەی لەجەنگدا کوژراون. لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێت. ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرییە. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری زانکۆی ئازادی ئیسلامییە لەئێران. پێشتر نوێنەری خامنەیی بووە لەزانکۆکان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کەلتووری بووە لەئێران.  سەر بەباڵی کۆنسێرڤاتی دەسەڵاتە و لەناو سوپای پاسداراندا قسەی دەڕوات و کەسێکە نزیک لەنووسینگەی خامنەیی. موحسێن قومی پشتیوانی خامنەیی لەپشتە و خامنەیی وەک کەسێکی زاناو دڵسۆز ناوی بردووە. وەک کەسێک جێی متمانەی خامنەیی ٢٠١٨بەشداریکرد لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەکتێبی «بیرەوەرییە زارەکییەکانی خامنەیی» لەبەیرووت پایتەختی لوبنان. موجتەبا خامنەیی: لەدایکبووی ١٩٦٩، کوڕی دووهەمی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی. خوێندنی لەحەوزەی قوم تەواو کردووە. «رادیۆ فەردا» لەبابەتێکدا کە رۆژی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەدات کە لەئێستادا زیاتر لەهەموو کات ئەگەری چوونە دەسەڵاتی «موجتەبا» دوای مەرگی باوکی زیاترە. فەردا لەمبارەوە نووسیویەتی:» ژمارەیەک لەچاودێرەکان لەسەر ئەو باوەڕەن ئەوەی کەبەشێکی زۆر لەکەسایەتییە دیارەکان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دوورخرانەوەو بەشێوەیەک دەتوانین بڵێین لەدەسەڵات دوورخراونەتەوە، ئامادەکردنی بەستێنەکانە بۆ هەڵبژاردنی کەسێک کەحکوومەت دەیەوێت وەک رێبەری داهاتووی ئێران دیاری بکات» . مەحموود محەممەدی عێراقی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری، چەند رۆژ پێش هەڵبژاردنی ١ی ئازار باسی لەوە کرد خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی تەنانەت دژی ئەوەیە ناوی موجتەبا خامنەیی بخرێتە ناو ئەو ناوانەوە کە وەک پاڵیوراوی رێبەری بۆ داهاتووی ئێران دیاری دەکرێن. مەحموود محەممەدی عێراقی لەوتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی (ایلنا) ئەڵێت:» جارێک... لەکۆمیتەیەکی سێ کەسی باس لەیەکێک لەکوڕەکانی رێبەر کرا کە لەباری زانستییەوە لەئاستێکی باڵادایە وەک رێبەری داهاتووی ئێران، ئەم هەواڵە گەیشتبووە گوێی رێبەرو رێبەر ئەوەی رەتکردووەتەوە کەکوڕی ئەو هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی گومانی بەمیراتی بوونی رێبەری دروست نەبێت، کەوایە تەنانەت ئیزنی نەدا تاوتوێی ئەو بابەتەش بکرێت». بەڵام بەڕاست عەلی خامنەیی دژی ئەوەیە کوڕەکەی جێگەی بگرێتەوە؟ موجتەبا خامنەیی لەچاو پاڵێوراوەکانی تر چەند بەختی هەیە، خاڵە بەهێزەکانی کامانەن و کێشەکانی بەردەمی چین؟ پرسی دەستتێوەردانی موجتەبا خامنەیی لەسیاسەتی ئێران و تەنانەت ئەگەری بەڕێبەربوونی لەداهاتوودا دوای مەرگی باوکی، دەگەڕێتەوە بۆ دوو دەیە لەوەپێش. ١٨ ساڵ لەوەپێش و لەسەردەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لەساڵی ٢٠٠٥، بۆ یەکەمجار باس لە دەستتێوەردانی موجتەبا خامنەیی کرا لەسیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئێران، ئەوکاتە مەحموود ئەحمەدی نەژاد بوو بەسەرۆککۆماری ئێران و مەهدی کەڕووبی یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بوو کەناوی موجتەبا خامنەیی هێنا وەک کەسێک کەدەستی وەرداوە لەهەڵبژاردنەکاندا بەهاوکاری سوپای پاسداران. کەڕووبی دواتر لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ لەدەسەڵات دوورخرایەوەو لەئێستادا لەماڵی خۆی لەزینداندایە. موجتەبا خامنەیی، لەناو سوپای پاسداراندا قسەی بڕشتی زۆری هەیە. پشتیوانی زۆری لێدەکرێت و وەک کوڕی عەلی خامنەیی بەختی زۆری هەیە ببێت بەجێگرەوەی خامنەیی.  ئیبراهیم رەئیسی: لەدایکبووی ١٩٦٠ لەمەشهەد. سەرۆککۆماری ئێستای ئێران. خوێندنی تا ٦ی سەرەتایی خوێندووەو دواتر خوێندنی لەحەوزەی قوم تەواو کردووە. پێشتر سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی بووە. بەوە تۆمەتبار دەکرێت یەکێک بووە لەو کەسانەی کەبەشدار بووە لەئیعدامی بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان لەئێران لە ١٩٨٨ کەدەوترێت نزیک بە ١٥ هەزار کەس لەو ساڵە ئیعدام کران. سەر بەباڵی توندڕەوە لەئێران و لەلایەن سوپای پاسدارنەوە پشتیوانی دەکرێت. یەکێکە لەبەختەکانی جێگرەوەی خامنەیی. رەئیسی لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لەساڵی ٢٠٢٢، پشتیوانی تەواوی خامنەیی و سوپای پاسدارانی لەپشت بوو. لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و هەروەها ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریدا رەخنەگرەکانی رەئیسی دوورخرانەوەو مۆڵەتی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنیان پێنەدرا.   ئێران دوای مەرگی خامنەیی کۆماری ئیسلامی لەچەندساڵی رابردوودا تووشی قەیران هاتووە. لەناوخۆی وڵات رەوابوونی خۆی لەدەستداوە. بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان نزیک بە ٤٠٪ خەڵک لەدوایین هەڵبژاردندا بەشدارییان کرد. رۆژی ١٥ی ئازار، فایلێکی دەنگی لە «جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەردەمی حەسەن رووحانی بڵاوکرایەوەو «حسێن تائب» راوێژکاری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و «محەممەد عەلی جەعفەری» فەرماندەی پێشتری سوپای پاسداران بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەستیان وەرداوە لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رێژەی بەشداری خەڵکیان زیاتر کردووە. زەریف تەنانەت باس لەوە دەکات رێژەی بەشداری خەڵک نزیک ٢٪ بووە، کەچی گەیەنراوەتە ٤٠٪. شۆڕشی ژن، ژیان ، ئازادی یان شۆڕشی ژینا کەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ دەستیپیکرد، رەوابوونی دەسەڵاتی بردە ژێر پرسیارەوە. حکوومەت لەدوایین دانپێدانانیدا باس لەوەدەکات ٢٨١ کەس کوژراوە، بەڵام چاودێران و رێکخراوەکانی چالاکی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە. بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو تەنها لە کوردستان لانیکەم ١٣٤ کەس کوژراون. هەروەها لە ١ رۆژدا لەسیستان و بەلووچستان نزیک ١٠٠ کەس کوژران کە بەهەینی خوێناوی ناسراوە. شۆڕشی ژیناو ناڕەزایەتییەکانی پێش شۆڕشی ژینا، رەوابوونی ئەو دەسەڵاتەی بردووەتە ژێرپرسیارەوە. کەساسەیەتی خامنەیی تائێستا بەری بەچەند جەمسەربوونەوەی دەسەڵات گرتووە. شارەزایان باس لەوە دەکەن مەرگی خامنەیی بنەماکانی دەسەڵات لەرزۆک دەکات. لەڕاپرسییەکەی رادیۆ فەردا کە رێکەوتی ٢ی ئازار ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ، زۆربەی بەشداربوان کۆکن لەسەر ئەوەی ئێران دوای خامنەیی وەک پێش مەرگی خامنەیی نابێت. جێگری خامنەیی هەرکەس بێت توانای ئەوەی نابێت جیاوازییەکانی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کۆبکاتەوە.

سازگار ئەحمەد   لەهەرێمی کوردستان ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کرێکار لەکاتی کارکردندا لەپرۆژەکان گیانلەدەستدەدەن و بریندارو کەمئەندام دەبن، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش دەڵێت «هەموو پرۆژەیەک پێویستە خولی هۆشیاری بکاتەوە بۆ ئەو کرێکارانەی کاردەکەن»، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش ئاماژە بەوەدەدات کە حکومەت بەپێی پێویست چاودێری لایەنی سەلامەتی پرۆژەکان ناکات، هەروەها وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم باس لەبێدەنگی کرێکاران دەکات بەرامبەر بەکەمتەرخەمی خاوەنکارەکان. چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «پابەندنەبوونی کرێکاران بەسەلامەتی کارەوە رێژەیەکی کەمە، بەڵام خاوەنکارەکان بەڕێژەیەکی زۆر پابەندنین بەدابینکردنی پێدوایستی سەلامەتی کرێکاران، ئەگەر دابینیشی بکەن پابەندین بەچۆنیەتی بەکارهێنانی کەرەستەکانی سەلامەتی». ئاماژەی بەوەکرد «هەموو پرۆژەیەک پێویستە خولی هۆشیاری بکاتەوە بۆ ئەو کرێکارانەی کاردەکەن، هەروەها پێویستە هەموو پرۆژەیەک بەرپرسێکی شارەزا هەبێت سەرپەرشتی لایەنی سەلامەتی بکات لەناو پرۆژەکان کە ئەمە بەڕێژەیەکی زۆر کەم لەپرۆژەکاندا جێبەجێ دەکرێت». ئەوەشی خستەڕوو «ئەو پابەندنەبوونەی پرۆژەکان هۆکارن بۆ ئەوەی کە رووداوی نەخوازراو رووبدات و ببێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران». سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان روونیشیکردەوە «هۆکارێکی دیکەی ئەو رووداوانە ئەوەیە کەحکومەتی هەرێمی کوردستان بەوردی چاودێری پرۆژەکان ناکات و لێپێچینەوە ناکات، هەروەها پارێزگاریکردن لە کرێکاران و دابینکردنی کەرەستەی سەلامەتی و چۆنیەتی بەکارهێنانی کەتێچووی زۆری دەوێت خاوەنکار بەکاریان ناهێنێت». چالاک رەئوف ئاشکراشیکرد، هەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە پێنج کرێکار لەکاتی کارکردن لەپرۆژەکان لەسنووری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەشدا، بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستن کە سەر بەوەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە دەبێت چاودێری لایەنی سەلامەتی کرێکاران بکات لەپرۆژەکان کە لەیاسای کاردا هاتووە، بەڵام ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە کە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم هەن بەدواداچوونەکانیان زۆر زۆر کەمە یان هەر نییە، ئەمەش کەمتەرخەمییەکی دیکەیە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە. هەر لەسەر هەمان پرس هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی وت «رەوشی کرێکاران لەهەرێمی کوردستان زۆر خراپە، چونکە حکومەتی هەرێم بودجەی پێویستی لەبەردەست نییە ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی کاری پرۆژەکان دەبێت و کرێکاران کەمتر کاریان دەبێت و دۆخ و گوزەرانیان خراپتردەبێت». سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان پێوایە ئەرکی خاوەنکارە کە بۆ هەر کارێک رێنمایی کرێکار بکات بۆ ئەوەی بەسەلامەتی کارەکەی بکات، هەروەها وتی «لایەنێکی دیکەی سەلامەتی کرێکار وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کەبەشی سەلامەتی و پیشەیی بەس بەناو هەیە هیچ لیژنەیەکی چاودێری سەلامەتی و پیشەیی نییە». وتیشی «بەپێی یاسا بێت نابێت هیچ خاوەنکارێک کار بداتە کرێکار تاوەکو رێنمایی پێویستی پێنەدات لەسەر ئەنجامدانی کارەکە». ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «زۆرکات خاوەن پرۆژەکە کەرەستەکانی سەلامەتی دابینکردووە، بەڵام کرێکارەکان پێوەی پابەند نابن». ئەوەشی وت «لیژنەکانی ئێمە بەردەوام دەگەڕێت و چاودێری پرۆژەکان دەکات و زۆرجاریش لەسەر پرسی سەلامەتی خاوەنکار سزادراوە». وتیشی «لایەنی تەندروستی و سەلامەتی لەهەرێمی کوردستان تەنها لە ١٪ی بۆ تەرخانکراوە کە لەعێراق بەڕێوەبەرایەتیەکی بۆ دابینکراوە ئەمەش کەمییەکە کەهەیە، بەڵام ئێمە لیژنەی پشکنینمان هەیە کە دەوری تەندروستی و سەلامەتی دەبینن و هەر پرۆژەیەک لە لایەنی سەلامەتی کەمتەرخەم بێت خاوەنکارەکە سزادەدرێت یان کرێکارەکە بانگ دەکەن». وتەبێژی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر لایەنێکی دیکەو ئاماژەی بەوەدا «کرێکارەکان نایەن سکاڵا بکەن و بڵێن خاوەنکارەکان کەرەستەکانی سەلامەتی دابین ناکەن، هەروەها زۆرکاتیش لەکاتی رووداوەکان کەئێمە لیژنەی بۆ پێکدەهێنین هیچ سکاڵایەک نییە لەسەر خاوەنکارەکان و زۆرکاتیش لەدادگا کاتێک بابەتەکە یەکلادەبێتەوە دەبینین کرێکارەکە کەمتەرخەم بووە». ئاریان ئەحمەد دڵنیایی دەدات بەکرێکاران و دەڵێت «ئێمە هێڵی گەرمان هەیە هەر کرێکارێک سکاڵای هەبێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات و ناوەکەشی پارێزراو دەبێت». بەپێی ئامارێکی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەهەرێم، لەساڵی ٢٠٢٣دا ٧٣ کرێکار لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە کە ٥٢ کەسیان لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون و ٢١ کەسیشیان لەکەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٧٠ ساڵدابووە و ١٨ کرێکاری بیانیش گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی ئەو کرێکارانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٣ گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیە بووە، (لەهەولێر ٢٢ کرێکار، لەسلێمانی ١٩ کرێکار، لەدهۆک شەش کرێکار، لەهەڵەبجە پێنج کرێکار). وەک رێکخراوی بیناسازی ئاماژەی پێداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کاردکردندا لەساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان بووە لەشوێنە بەرزەکان. یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی کارکردن پاراستنی گیانی کرێکاران و بایەخدانە بەسەلامەتی ژینگەی کار، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی کەم بەم لایەنە دەدرێت و رۆژ بەڕۆژ کێشەو گرفتەکانی کرێکاران زیاتر دەبێت.

شوان عەباس بەدری   بۆ یەکەمین جارە دوای 42 ساڵ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن زۆرینەی شارەوانییەکان بەدەست دێنێت‌و دەبێتە هێزی یەکەم‌و هێزی دەسەڵاتدار دەبێتە هێزی دووەم لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا لەساڵی ١٩٢٣ تاساڵی 2024 بیست جار هەڵبژاردنی شارەوانی لەتورکیادا ئەنجامدراوە. یەكەمین هەڵبژاردنی شارەوانیی تورکیا لەساڵی ١٩٣٠ ئەنجامدراو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو، دواهەمین هەڵبژاردنی شارەوانییش لەو وڵاتە 31/3/2024 ئەنجامدرا کە لەئەنجامدا پارتی دادو گەشەپێدان لەشارە سەرەکییە گەورەکانی تورکیا تووشی شکست بوو و چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە لەئێستادا باشترین هەل بۆ پرسی ئاشتی بۆ کورد لەکوردستانی باکوور هاتۆتە پێشەوە. هەر لەبارەی شکستی ئەم پارتە بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا و بەرەو پێشەوەچوونی پرسی ئاشتی لەو وڵاتە، «هیوا سەید سەلیم» چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت:» ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 31ی ئادار دەرفەتێکی باشی بۆ کورد رەخساندووە لەباکووری کوردستان کە بتوانێت ئەم دەرفەتە بەو ئاراستەیە بقۆزێتەوە کە لەپەیامی نەورۆزی ئامەد بۆ هەموو لایەکی خستەڕوو کە ئەویش پەیامی ئاشتییەو پەیامی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دانووسانەو لەو بارەوە کورد قسەی خۆی کردو بەڕوونی داوای لەدەوڵەتی تورکیا کرد کە لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەکرێت بەڕێز ئۆجەلان لەئیمرالی بەموخاتیب وەربگیرێت، ئێستا ئەو پەیامەی کورد بەپشتبەستن بەهێزی سەرکەوتنی لەپرۆسەی شارەوانییەکان، دەتوانێت پێداگری لەسەر ئەو جۆرە بیرکردنەوەو نەهج و سیاسەتە بکات کەئەگەر پارتی دادو گەشەپێدانیش نەیەتە پێشەوە لەو پەیامەی کورد ئەوا رای گشتی تێدەگات کەکورد لەباکووری کوردستان هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەیەوێت پرسەکەی لەڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت». بەبڕوای ئەم چاودێرە سیاسییە ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا دووچاری دوو شکستی گەورە بووەوەو کە بریتین لە لەدەستدانی گەورە شارەوانییەکانی شارەکانی تورکیا وەک «ئەنقەرە و ئیزمیر و ئەستەنبۆل» و لەدەستدانی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و هەروەها پێی وایە کە لەم هەڵبژاردنەدا «جەهەپە» تاکتیکێکی سیاسی تایبەتی پیادەکرد. «سەرکەوتنەکانی «جەهەپە» لەئەنقەرەو بەتایبەتیش لەئەستەنبول و ئیزمیر لەچوارچێوەی ئەو تاکتیکە سیاسییە بوو کە «دەمپارتی» گرتییەبەر کە دەنگدەری خۆی ئازاد کرد دەنگ بەکێ دەدەن و لەسەر دوو ئاراستە کاریان کرد کەبریتی بوون لەیەکەم، کەمکردنەوەی دەنگەکانی «ئاکپارتی» و سەرخستنی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، کەئەم سەرکەوتنەش هیچی لەسەرکەوتنەکانی لەباکووری کوردستان کەمتر نەبوو» هیوا سەید سەلیم وادەڵێت. لەبارەی ئەو ئۆپراسیۆنە بەرفراوانەی کەماوەیەکە لەلایەن تورکیا و چاودێرە سەربازییەکانیەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ سەر ناوچەکانی سلێمانی و قەندیل لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە دەکرێت «هیوا سەید سەلیم « پێی وایە کە لەئێستادا دوو را لەتورکیادا هەیەو هەر لەمبارەیەوە بە «هاوڵاتی»ووت : « تائێستا دوو را هەیە لەناوەندی سیاسی تورکیادا کە یەکەمیان بریتییە لەوەی ئەردۆغان واز لەپرسی چارەسەری سەربازی بهێنێت و لەم بارەیەوە دۆستەکانی کورد لەتورکیا فشار دەخەنەسەر ئەردۆغان و کوردیش لەپەیامەکەی ئەمساڵی نەورۆزدا تۆپەکەی خستە گۆرەپانی «ئاکپارتی» و « ئەردۆغانەوە»، بەڵام ئەزموون ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو غرورەی ئەردۆغان هەیەتی و لەچەند ساڵی رابردووش هەمیشە بیری لای چارەسەری سەربازی بووەو ناگەڕێتەوە بۆ عەقڵ و لۆژیک و بۆیە پێشبینی دەکرێت کە ئۆپراسیۆنەکەی لەکۆتایی مانگی نیسان لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات، ئەگەرچی هەندێک گۆڕانکاری کە پەیوەندییان بەدۆخی سیاسی ناوچەکەوە هەیە لەوانەش سەردانی «سودانی» بۆ ئەمەریکاو هاتنی «ئەردوغان» بۆ عێراق و ئایا عێراق تا چەند رازییە بەداواکەی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەماهەنگی نێوانیان و ئەگەر بەشێکیش نەبێت لەئۆپراسیۆنەکە چاوپۆشی لەئۆپراسیۆنی دەوڵەتی تورکیا بکات «. ئەم چاودێرە سیاسییە پێشی وایە کەجگە لەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە باسکران «ئەوا کارەکتەری دیکەش لەناوچەکەدا هەن و رایەک هەیە لەسەر ئاستی شەقامی عێراقی دژی ئەو ئۆپراسیۆنەیەو هەروەها ئێران دژی ئەو ئۆپراسیۆنەیەو ئەمەریکاش نیگەرانە». هەر لەبارەی ئومێدی گۆڕانکاری لەسیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی تورکیا لەدوای هەڵبژاردنەکانی 31ی ئاداری 2024 ەوە ئەم چاودێرە سیاسییە وتی :» تورکیا دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە دەبێت هەندێک گۆڕانکاری لەئاستی ناوخۆییدا بکات، چونکە بۆ یەکەمین جارە دوای 42 ساڵ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن زۆرینەی شارەوانییەکان بەدەستدێنێت و دەبێتە هێزی یەکەم و هیزی دەسەڵاتدار دەبێتە هێزی دووەم، ئەمانەش هەموویان پەیامی روونن بۆ دەسەڵاتێک کە خراپ ئەدای کردووە لەتورکیا و پەیامێکیشە بۆ ئەو هێزانەی تر ئەگەر وەکو هێزی دەسەڵات نەبن، ئەوا دەتوانن متمانەی شەقام مسۆگەر بکەن«. لەبارەی گرفتەکانی تورکیاش «هیوا سەید سەلیم» وتی:»گرفت لەتورکیا تەنها لەبیرکردنەوە سیاسییەکان نییە، تورکیا دەوڵەتێکە لەبونیادی درووستبوونییەوە لەسەر بنەمای ئینکارکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان دامەزراوە، لە دەستووری تورکیادا دەرفەتێک نییە بۆ کرانەوە بە رووی پرسی کورد لەباکووری کوردستان، هەتا هەمواری ئەم دەستوورەش نەکرێتەوە نە ئەوانەی ئێستا لەدەسەڵاتن و چ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ناتوانن هەنگاو بەئاراستەی چارەسەری ریشەیی پرسی کورد بنێن، ئەوەی کەهەیە کورد خۆی تێدەکۆشێت و خەباتی مەدەنی دەکات کە کاریگەرییەکی زۆری هەیەو لەپاڵ ئەم خەباتەش هێزی سەربازی «پەکەکە» پشتیوانییەکی بەهێزە، لەئێستاشدا کارەکتەرێکی سێیەمیش هاتۆتە مەیدانەوە کەئەویش خەباتی دیبلۆماسی کوردانی باکوورە لەسەر ئاستی ئەمەریکاو ئەوروپا، ئەم سێ فاکتەرەش لەئایندەدا دەتوانن بەرامبەرەکە ناچاربکەن کەهەنگاو بنێت بەئاراستەی چارەسەرکردنی دۆزی کورد لەباکووری کوردستان». لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی تورکیا 61 ملیۆن و 441 هەزارو 882 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو کە 50.59٪ ژنان و لە 49.41٪ پیاوان ئەو رێژەیەیان پێکدەهێناو هەروەها یەک ملیۆن و 32 هەزارو 610 کەس بۆ یەکەمین جار بەشدارییان لەهەڵبژاردنەکەدا کرد.

شەنای فاتیح هەژاری ئەو کێشەیەی تائێستاش سەرەڕای پێشکەوتنە بەردەوامەکانی مرۆڤایەتی چارەسەرێکی بنبڕی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەرنامەی خۆراکی جیهانی فاو راپۆرتێکی لەسەر هەژاری بڵاوکردووەتەوە لەجیهاندا ٨١١ ملیۆن کەس برسین، هەروەها ساڵی ٢٠٢١، ٦٩ ملیۆن کەس لەوڵاتانی عەرەبی برسین و بەپێی ئامارێکی نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵی ٢٠٢١، ١٦٣ ملیۆن کەسی هەژار لەجیهاندا زیادیان کردووە. بەپێی راگەیەندراوی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان هەژمارکردنی هەژاری لەهەرێمی کوردستان و عێراقدا پشت بەستراوە بەخەرجی خێزان بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکان و خواردنەوە لەگەڵ پێداویستییە ناخۆراکییەکان وەک بەشێک لەپێداویستی سەرەکی و سەرەتایی بۆ بەردەوام بوون لەژیان بۆ هەر یەکێک لەئەندامانی خێزان، بەپێی نیشاندەرەکانی رێژەی هەڵاوسان و ئابوورییەکان لەهەرێمی کوردستان و عێراق لەساڵی ٢٠١٨ هێڵی هەژاری بە ١١٠٨٨٠ دیناری عێراقی خەمڵیندرا وەک کەمترین خەرجی خێزان بۆ هەریەک لەئەندامانی خێزان لەمانگێکدا. دوایین ئاماری فەرمی لەهەرێمی کوردستاندا ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدراوە بۆ زانینی رێژەی هەژاری و بەپێی ئامارەکە رێژەی هەژاری لەهەرێمی کوردستاندا ٥،٤٦٪ بووە،  لەکاتێکدا رێژەکە لەعێراق ١٨٪ بووەو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە ژمارەیان بەرکەوتووە، هەولێر ٦،٧٪- سلێمانی ٤،٤٦٪-  دهۆک ٨،٦٪ کەبەرزترین رێژەیە. بەپێی سەرژمێرییەکی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، كە لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كراوە، بۆ نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢١، رێژەی بێكاری لەهەرێمی كوردستان ١٨% بووە، لەپارێزگاكانیش رێژەكەی لەسلێمانی لە ١١،٩% و لەهەولێر ١٧،٧% و لەدهۆك لە ٢٤،١% بووە. هەر بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكە، بەشداریی هێزی كار لەپارێزگای هەولێر ٤٧%، لە دوای ئەوە پارێزگای سلێمانی دێت بە ٤٥%، لەعێراقیش رێژەی  بێكاری لەسەروو ٢٠ بۆ ٣٢% دەبێت، كە بەرزترین رێژەی بێكاری لەپارێزگای نەینەوا بووە بەڕێژەی ٣٢٪. ئابووریناسێک: نەدانی مووچە کاریگەری لەسەر هەر چوار جۆرەکەی بازاڕ هەیە ئەوانیش (بازاڕی دارایی- نەختینەیی- کارو  بازاڕی شمەک و خزمەتگوزاری) د.ماردین مەعسووم، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: دابەشنەکردنی مووچە کاریگەری لەسەر هەر چوار جۆرەکەی بازاڕ هەیە ئەوانیش ( بازاڕی دارایی- نەختینەیی- کار و بازاڕی شمەک و خزمەتگوزاری)، بازاڕ ئەو شوێنەیە کە کڕیارو فرۆشیار تێیدا یەکدەگرن ئاڵوگۆڕی شمەک و خزمەتگوزاری دەکەن،  ئەگەر هاتوو کڕیارو فرۆشیار هەر یەکێکیان رووبەڕووی هەر کێشەیەک بوونەوە راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر رێژەی ئاڵوگۆڕ لەبازاڕدا، بۆیە نەدانی مووچە راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر سستبوونی ئاڵوگۆڕی نێو بازاڕ چونکە کڕیار لایەنێکی سەرەکی پڕۆسەکەیە. وتیشی:  ئابووری هەرێم بەشێکە لەئابووری عێراق، پاش ئەوەی رێکخراوی تیرۆرستی داعش هێرشی کردەسەر چەند ناوچەیەک لەعێراق و گەورەترین پارێزگای عێراقی داگیرکرد، هەروەها لەسەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٥دا نرخی نەوت دابەزی بەمەش ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کێشەیەکی دوو لایەنە بوون ئەوانیش هاتنی رێکخراوێکی تیرۆرستی و دابەزاندنی نردخی نەوت کە ئەمەش داهاتی نیشتیمانی کەم کردەوە، کەئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و زیادبوونی رێژەی بێکاری. ئەو ئابووریناسە باسی لەوەشکرد کە لەهەرێمی کوردستانیشدا لەپاش ساڵی ٢٠١٤وە رێژەی هەژاری و بێکاری زیادی کردووە هەرچەندە داتایەکی فەرمیمان لەبەردەستدا نییە ئەو داتایەی کە هەمانە دەڵیت رێژەی هەژاری ١٢.٥٪ لەساڵی ٢٠١٨دا بەڵام ئەم رێژەیە بەفەرمی ئاماژەی پێکراوە بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان و بڵاوکراوەکانی رێکخخراوی بانکی نێودەوڵەتی بەپێی داتاکانی عێراق رێژەی هەژاری زۆر بەرزبووەتەوەو لەئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریدان، واتە عێراق ٢٣٪ی دانیشتوانەکەی هەژارن و هەرێمی کوردستانیش لەئێستادا نزیکبووەتەوە لە ١٤.٧٪ هەرچەندە داتاکە فەرمی نییەو هی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە. «لەهەر کۆمەڵگایەکدا رێژەی هەژاری و بێکاری زیادی کرد واتە حکومەتی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە داهاتی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی رێکوپێک دابەشبکات بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگادا، هەرکاتێک هەژاری لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبووەوە توندوتیژی زیاد دەبێت لەناو خێزان و دەرەوەی خێزانیشدا، تەنانەت دەگوازرێتەوە بۆ کایە سیاسییەکانیش کە هەر توندوتیژییەک لەرزینە بۆ بنەمای دیموکراسی و  هەو کۆمەڵگایەک رێژەی هەژاری تیادا بەزربووەوە شیرازەی خێزان و پێکهاتە ئابوورییەکان تێکدەچیت. « ماردین مەعسووم وای وت. ئەو مامۆستایەی زانکۆ گرنگترین هۆکارەکانی هەژاری لەهەرێمی کوردستاندا خستەڕوو گەڕاندییەوە  بۆ دابەشنەکردن و دواکەوتنی مووچە هەروەها دەستنەکەوتنی داهاتێک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان کەئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نەخۆشانی دەروونی، چونکە کاتێک سەرۆکی خێزانێک ناتوانێت داهاتێکی شایستەو گونجاو بۆ چواردەورەکەی دابین بکات تووشی خەمۆکی دەبێت و بیر لەخۆکوشتن دەکاتەوە کەئەمەش راستەوخۆ شیرازەی ئەو خێزانە تێکدەدات، بۆیە  هۆکاری هەژاری لەهەرێمی کوردستاندا هۆکارێکی دارایی هەیە. فاتیمە عەبدوڵا، موچەخۆرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەو مانگانە بڕی ٤٠٠ هەزار دینار مووچەی خانەنشینی هاوسەرەکەی وەردەگرێت لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: چوار مانگە موچەم وەرنەگرتووەو هیچ شتێک لەماڵەکەمدا نییەو تەنانەت ئامادەکاریشم بۆ جەژن نەکردووەو ناشزانم ئەو مووچەیەی دوو رۆژە وەرمگرتووە بیدەمەوە بەچ قەرزێکدا و بڕی ٢٠٠ هەزاری مارکێت و ١٥٠ هەزاری نەخۆشخانە قەرزارم. هەژار ئەو کەسەیە کە خزمەتگوزاری پەروەردەو فێرکردنی پێویستی لەبەردەستدا نییە، ئاوو ئاوەڕۆیەکی رێکوپێکی نییە، بێبەشە لەخزمەتگوزاری کارەبا، ئەو کەسەیە کەناتوانێت داهاتێکی شایستە بۆ خۆی و خێزانەکەی دابین بکات. بەپێی ئامارێکی بەشی یاسایی لەبەڕێوەبەرایەتی ‏گشتیی ‏كارو ‏‏‏دەستەبەری كۆمەڵایەتی رێژەی ‏بێكاری ‏لەهەرێمی ‏كوردستان ١٦،٥٪ـە، ئەمە لەکاتێکدایە بەزانكۆ ئەهلی ‌و حكومییەكانەوە ساڵانە زیاتر ٤٨ هەزار كەس لەهەرێمی كوردستان ‏بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەدەستدەهێنن، بەڵام كەمترینی ئەوانە بەهۆی بڕوانامەكانیانەوە ‏كاری دڵخوازی خۆیانیان دەستدەكەوێت. بەپێی رای پسپۆڕان و شارەزایان هۆکاری سەرەکی هەژاری و بەرزبوونەوەی رێژەکەی قەیرانی دارایی و دابەشنەکردن و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانە کەئەمڕۆ سێی نیسانە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئاداریان وەرنەگرتووە، ئەمە سەرەڕای فەوتانی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٣. لەهەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و ٢٥١ هەزارو ٤٥١ موچەخۆر هەیەو تەنها ٧٥١ هەزاریان فەرمانبەری راستەقینەن، واتە ٥٠٠ هەزار کەس مانگانە موچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ ئەرکێک جێبەجێ بکەن.  لەکۆی ئەو ملیۆن و ٢٥١ هەزارو ٤٥١ مووچە خۆرە، تەنها ٧٥١ هەزاریان فەرمانبەری راستەقینەن کە لەوەزارەتەکان و دەستەو دامەزراوە حکومییەکان بەشارستانی و سەربازییەوە رۆژانە دەوام دەکەن، ٩٨ هەزارو ٩٣٧ کەسیش مانگانە مووچەی شەهیدانەو ئەنفالکراوان وەردەگرن هەروەها ١٥٩ هەزارو ١٦٩ کەسیش مانگانە مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت وەردەگرن، ٢٤٢ هەزار کەسیش بەناوی خانەنشینی سەربازی و شارستانی مووچە وەردەگرن کە هەندێکیان بەمافی خۆیان و هەندێکیشیان بە نایاسایی خانەنشینکراون و مانگانەش ئەو ژمارەیە زیاد دەکات. هەروەها لەکۆی ئەو ملیۆن و ٢٥١ هەزار و ١٠٦ کەسەی کەمانگانە مووچە وەردەگرن، ٥٠٠ هەزارو ١٠٦ کەس مووچە خۆرن و مانگانە بەبێ ئەوەی هیچ ئەرکێکیان هەبێت مووچە وەردەگرن بەجۆرێک یان خانەنشینکراون یان خاوەن پێداویستی تایبەت یاخود مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەردرەگرن کەدەگاتە نزیکەی ٥٠٪ی کۆی گشتی مووچەخۆرانی هەرێم.

شوان عەباس بەدری دوای زیاتر لەیەک مانگ بەسەر دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەناردنی موچەو شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا ئەم پرسە بەتەواوی چارەسەرنەکراوەو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دوو رای تەواو جیاوازیان هەیە، وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە دەبێت مووچەی فەرمانبەران لەبانکە حکومییەکانەوە «تەوتین»بکرێت و هەرچی حکومەتی هەرێمیشە پێی وایە کەدەبێت مووچە لەڕێی هەژماری منەوەو لەڕێی (هەژماری من)ەوە دابەش بکرێت. دوابەدوای ئەم بڕیارو پێداگرییەی حکومەتی هەرێمیش فەرمانبەران بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەک دابەش بوون و لەزۆربەی ناوچەکانی زۆنی سەوزو بەتایبەتیش لەشاری سلێمانی فەرمانبەران و مامۆستایان و موچەخۆران کەمپینێکی یەک هەفتەییان لەدژی «هەژماری من» راگەیاند و دەستیان کرد بەکۆکردنەوەی ئیمزا لەدژی ئەم «هەژمارە» و لەئێستاشدا کۆمەڵێک مامۆستاو فەرمانبەری زۆنی زەرد بەنیازن کەمپینی بەڵێ بۆ «هەژماری من» رابگەیەنن . هەر سەبارەت بەم بابەتە مامۆستا «دڵشاد موحەمەد» لەدەستەی داکۆکی مامۆستایان بەهاوڵاتی ووت:»ئێمە هەموو هەنگاوێکی مەدەنیمان پێ باشە بەڵام بەمەرجێک بەدوور بێت لەفشاری لایەنەکان، هەرچەندە بە بڕوای ئێمە ئەوان لەمونافسەی ئێمەدا هەستاون بەو کارەو دڵنیام خەڵک بەو کەمپینە رازی نابێت، یان ناتوانن رێژەیەکی بەرچاو واژوو کۆبکەنەوە گەر بێتوو بە راست و دروستی کەمپینەکەیان بەڕێوەبەرن». لەبارەی ئاخۆ لایەنێکی دیاریکراو هانی ئەو کەسانەی دابێت بۆ راگەیاندنی ئەو کەمپینی پشتگیرییە، ئەم مامۆستایە وتی:»بەتەئکید داوایان لێکراوە ، چونکە ئەو کەسانە هەمویان کادێری دیاری حزبێکن و کادێری حزبی هەستاون بەو کارە». ئەم مامۆستایە پێی وایە کەئەم دوو کەمپینە دەبێتە کلاسیکۆیەکی تووندو هەریەکەو هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ سەرخستنی داواکەی. «بیگومان هەر دەبێتە کلاسیکۆ بەڵام گرنگ ئەوەیە بە رۆحێکی وەرزشییەوە وەریبگرین» مامۆستا دڵشاد وا دەڵێت. سەبارەت بەبردنی کەمپینی «نەخێر بۆ هەژماری من « بۆ ناوچەکانی هەولێرو دهۆک مامۆستا دڵشاد بە «هاوڵاتی» وت:» ئەگەر بۆمان بکرێت و ئازاد بین زۆر ئاساییە بیبەین ، بەڵام ئایا ئازادی ئەوەمان هەیە؟». هەر لەبارەی کەمپینی «بەڵێ بۆ هەژماری من» لەلایەن خۆیەوە مامۆستا»ئاوات ئازاد» لەدەستەی داکۆکیکاری مامۆستایان بەهاوڵاتی راگەیاند:» پارتی دیموکراتی کوردستان بەو هەموو پارەو ئیمکانییەتە زۆرەوە، بەمەبەستی پشتگیری کردنی هەژمارەکەی کۆمەڵێک مامۆستای راسپاردووە بۆ دروستکردنی کەمپینێک بەناوی «بەڵێ بۆ هەژماری من»، واتە حزبێکی 78 ساڵە بەهەموو ئیمکانییەت و توانایەکییەوە هاتووە کلاسیکۆیەکی ئەنجام داوە بۆ چەسپاندنی ئیرادەی خۆی لەڕێی «هەژماری منەوە» کەجۆرێکی ترە لەدزیکردن لەگیرفانی هاووڵاتییان». بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بەکەمپینی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لەهەولێر، « هاوڵاتی» پەیوەندی کرد بەمامۆستا «ئالان عەلی» لەکەمپینی بەڵێ بۆ «هەژماری من» و وتی» ئێمە لەدژی کەس ئەم کەمپینەمان رانەگەیاندووەو بەدژایەتیش وەریناگرین، ئێمە تەنها ئەو حاڵەتەی لەسلێمانی و ناوچەکانی تردا هەیە بەنەبوونی زانیاری راست و دروست سەبارەت بە «هەژماری من» دەزانین و لەبەرئەوەی ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت ئێستا گرفتی هەڵبژاردن و ماوەیەکی تر ئەکەوینە ناو بانگەشەو هەر کەسەو بەلایەنێک و هەرکەسە لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیدا بەکاری دەهێنێت». سەبارەت بەسوودەکانی «هەژماری من» ئەم مامۆستایە وتی:» ئەم «هەژماری منە» بابەتێکە کەقازانجی هەموومانی تیایە، بۆ نموونە هەژماری من رێگری لەدوو مووچەیی دەکات، رێگری لەگەندەڵی دەکات، بڕی مووچەکەت لەناو کارتێکی بانکیدایەو پێویست ناکات هەموو پارەکەت لەگیرفاندا بێت و لەکاتی پێویست ئەو بڕە پارەیەی پێویستتە رایدەکێشیت». ئەم مامۆستایە رەتیدەکاتەوە کە لەلایەن هیچ پارت و لایەنێکی سیاسییەوە هاندرابن بۆ راگەیاندنی ئەم کەمپینە . «ئێمە کۆمەڵێک مامۆستاین لەلایەن هیچ پارت و لایەنێکی سیاسییەوە هان نەدراوین بۆ راگەیاندنی ئەم کەمپینەو ئێمە دەمانەوێ لەدەرگای هەموو حزب و لایەن و کەسایەتییەک بدەین بۆ ئەوەی ئەم بابەتە ببێتە بابەتێکی نیشتمانی» مامۆستا ئالان وا دەڵێت. هەروەها ئەم مامۆستایە وتی:» ئێمە تەنها لەسەر بابەتی پشتگیری بۆ هەژماری من کارناکەین بەڵکو بەنیازین لەگەڵ حکومەتی هەرێمیش سەبارەت بەپلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هاوتاکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ عێراق و پرسی مامۆستایانی وانەبێژ دابنیشین، هەروەک چۆن بەنیازین بۆ راگەیاندنی کەمپینەکەمان لەگەڵ کاربەدەستانی هەولێر دابنیشین». سەبارەت بەدەسپێکی کەمپینەکەش ئەم مامۆستایە بە «هاوڵاتی» وت:» هێشتا گفتۆگۆی لەسەر دەکەین و لەداهاتوویەکی نزیکدا کەمپینەکە رادەگەیەنین». سەبارەت بەگواستنەوەی کەمپینەکەیان لەشاری هەولێرەوە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان ئەم مامۆستایە رایگەیاند:»بەڵێ بەنیازین ئەم کەمپینە لەڕێی نوێنەرەکانمان بەرینە شارەکانی دیکەی هەرێم و تا بەو جۆرە زۆرترین رێژەی خەڵک بەشداری تێدا بکات لەناوچەکانی هەولێرو سلێمانی و هەڵەبجەو دهۆک تا بەو جۆرە هۆشیارکردنەوەیەک بێت بۆیان، چونکە بەداخەوە ساتی راگەیاندنی «هەژماری من» لە ساتێکی خراپدا بوو و گەر لەکاتێکی تردا بوایە بەدڵنیاییەوە سەرجەم چین و تووێژەکان رازی دەبوون لەسەری، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی وەک بانگەشەو کۆکردنەوەی دەنگی هەڵبژاردن تۆزێ کێشەی بۆ دروست بووە». سەبارەت بەئەگەری رەتکردنەوەی «هەژماری من» لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بەغدادەوە وتی:»ئەم بابەتە وەک بابەتێکی سیاسی لێهاتووەو تائێستاش یەکلانەبووەتەوە کەئاخۆ حکومەتی بەغداد قبوڵی دەکات یان خود نا و ئێمە دەبێت بەتەواوی کار لەسەر ئەوە بکەین کەهەم خەڵک و هەم لایەنەکانی تر قەناعەتیان پێبێنین کەئەم هەژمارە لەقازانجی هەموومانە». مامۆستا «ئالان» پێی وایە کەئەم دوو کەمپینە دژ بەیەکە نابێتە کلاسیکۆیەک و بە «هاوڵاتی»وت:» لەزۆنی سەوزیشدا ئێمە خەڵکمان لەگەڵدایە، نامانەوێ بیخەینە ئەو قاڵبەوەو پێویستە چ رای رازی و چ رای دژ پێکەوە گفتۆگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەن». لەبارەی ئاخۆ بۆچی پێشتر بیر لە راگەیاندنی ئەم کەمپینە نەکراوەتەوەو تەنها دوای راگەیاندنی کەمپینەکەی مامۆستاو فەرمانبەرانی سلێمانی، زۆنی زەرد بەنیازی راگەیاندنی کەمپینێکی بەم جۆرەیە ئەم مامۆستایە وتی:»ئێمە دەمێکە ئەم بڕیارەمان دابوو بەڵام لەبەرئەوەی بەنیازین زۆرترین دەنگ کۆبکەینەوە پەلەمان نەکرد تا بەو جۆرە کەمپینەکەمان سەرکەوتوو بێت».

هاوڵاتی دوای هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کە بوو بە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران، وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی سویسرای وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران بانگکرد. حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی نیسانی ٢٠٢٤ لە تۆڕی کۆمەڵاتی ئێکس رایگەیاند "پەیامێکی گرینگمان بۆ ئەمریکا وەک پشتیوانی رژێمی زایۆنیستی ناردووە". بە وتەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، لەم بانگکردنەدا کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بووە، " لایەنەکانی هێرشێ تیرۆریستی و تاوانی رژیمی ئیسرائیل روون کراوەتەوە و جەخت کراوەتە لەوەی ئەمریکا بەرپرسە لەم هێرشانە و ئەمریکا دەبێت وەڵامدەرەوە بێت". ئەمە لە حاڵێکدابە ماڵپەڕی "ئێکسیووس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە کە نەیویستووە ناوی ببرێت  نووسیویەتی ئەمریکا بە ئێرانی راگەیاندووە، ئەوان ئاگاداری ئەم هێرشانە نەبوون و دەستیان نەبووە لەم هێرشانەی کە لە لایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە سەر کۆنسوولگەری ئێران لە دیمەشق. ئێکسیووس لەم بارەوە نووسیویەتی:" ئەم پەیامە دەرخەری ئەوەیە کە جۆباید و دەوڵەتی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق ببێت بە هۆی پەرەسەندنی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا و عێراق بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە". هاوکات نووسینگەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشێ نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئەم ئەنجومەنە درەنگانی شەو دەربارەی هێرشەکەی رۆژی دووشەممە کۆبۆتەوەو ئەو کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆمار و بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایش بەڕێوەچووەو بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە دواتر ئەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. رۆژی دووشەممە ٢ی نیسان بە هۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق نزیک بە باڵیۆزخانەی ئێران ٧ ئەندامی پلە باڵای سوپای پاسداران لەوانە محەمەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سوریا و لوبنان لە سوپای قودس کوژران. حوسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە سوریا، بە تەلەفزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی راگەیاند، جگە لەو حەوت ئەفسەرە باڵایەی سوپا، شەش کەسیتر کوژراون کە بە هاوڵاتی سووری ناوی بردوون. ناوەندی هەواڵی جەماران، محەمەد رەزا زاهیدی وەک فەرماندەیەکی پێشتری هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران و یەکێک لە فەرماندە چالاکەکانی هێزی قودسی سوپای پاسداران ناساندووە کە فەرماندەیی سوپای قودسی لە سوریا  و لوبنان بە ئەستۆ بووە. بەرپرسانی حکومەتی ئێران هێرش بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی ئەو حەوت فەرماندە باڵایەی سوپای بە پێشێلکاری ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو دەبەن و نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆبوونەوەی خێرای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە. بەرپرسانی ئێرانی چی دەڵین؟ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیامێکی نووسراوەییدا محەمەد رەزا زاهیدی وەک فەرماندەیەکی باڵای سوپای قودس ناوبرد کە لەم هێرشەدا کوژراوەو هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و نووسی :" ئیسرائیل بە دەست رۆڵە نەترس و دلێرەکانی ئێمە سزا دەدرێت و ئەوان لەم تاوانەی خۆیان و تاوانە هاوشێوەکانیان پەشیمان دەبنەوە". خامنەیی لە پەیامەکەی خۆیدا شتێکی زیاتری دەربارەی جۆری سزادانەکە نەوتووە و تەنها ئەوە بووە کە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردووە. ئیبراهیم رەئیسی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق وەک "تیرۆری کوێر" ناوبرد و هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و وتی "ئەم تاوانانە بێ وەڵام نابێت". ئیسرائیل زۆربەی کاتەکان ئەم جۆرە هێرشانە ناگرێتە ئەستۆ و لە هەمانکاتدا ناشڵێت کە کاری ئەوان نەبوەو بە زۆری بێدەنگە هەڵدەبژێرین. رۆژی دووشەممە دانیەل هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەربارەی ئەم هێرشانە رایگەیاند دەربارەی ئەو شتانەی لە میدیاکاندا باس دەکرێت سەبارەت بەم هێرشە هیچ ناڵێت و سوپای ئیسرائیل لە ئێستادا تەنها خۆی بۆ جەنگی غەزە تەرخان کردووەو هەوڵ ئەدات ئامانجەکانی خۆی لەم جەنگە بپێکێت و سەرکەوتوو بێت لەم جەنگەدا. بەمەشەوە ماڵپەڕی ئێکسیووس لە زاری بەرپرسێی باڵای ئیسرائیلییەوە نووسیویەتی، سوپای ئەمریکا ئامادەیە بەرامبەر هەرچەشنە هێرشێکی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی کۆمااری ئیسلامییە وەک وەڵام دانەوە بەم هێرشەی کراوەتە سەر کۆنسولگەری ئێران لە دیمەشق و دەزانین کە ئێرانییەکان دەیانهەوێت تۆڵە بکەنەوەو ئێمەش لە ئامادەباشیداین.   کۆبوونەوەی فەماندەکانی سوپا و هێزە فەلەستینییەکان کراوەتە ئامانج   دوا بە دوای هێرشەکەی رۆژی دووشەممە ١ی نیسان،رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئیسرائیلی  و بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران کە چاودێری هێزەکانی سوپای قودس ئەکات ، نووسی:" هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کۆنسولگەری کۆماری ئیسلامی لە دیمەش کۆبوونەوەیەکی کردە ئامانج کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی ئەمنی و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و میلیشیا فەلەستینییەکان گفتگووگۆیان ئەکرد دەربارەی جەنگی غەزە. نیویۆرک تایمز لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، ژمارەیەک لە فەماندە پلەبااکانی جیهادی ئیسلامی فەلەستین و ژمارەیەک لە میلیشیاکانی غەزە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەیوە پشتیوانی ئەکرێن، لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەدا ئامادە بوون لەو بینایەی کە کرایە ئامانج لە لایەن ئیسرائیلەوە. سوپای پاسدارانن تەنها ئاماژەی بە ناوی ٧ کەس داوە کە لە هێرشەکەی دیمەشقدا کوژراوەو ناوی کەسیتری نەبردووە کە لە ناو کوژراوەکاندا بێت. بەڵام باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق ئاماژەی بەوە داوە ٦ کەسیتر کوژراون، هەرچەند ئەو بە هاوڵاتی سووری ناوی بردوون. زیاد نخالە، سکرتێری گشتی جیهادی ئیسلامی فەلەستین، حەوتووی رابردوو هاوکات لەگەڵ سەفەری ئیسماعیل هەنییە، کەسی یەکەمی مەکتەب سیاسی حەماس بۆ تاران، بانگکرابوو بۆ تاران بۆ گفتووگۆ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و هاوئاهەنگ بوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی جەنگی غەزە. چوار بەرپرسی ئیسرائیلی کە داوایان لە نیۆیۆرک تایمز کردووە ناویان نەبات، وتوویانە کە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو بینایە کاری ئیسرائیل بووە، بەڵام ئەوەیان رەت کردۆتەوە کە ئەو بینایە شوێنێکی دیپلۆماسی بێت. ئەم بەرپرسانە وتوویانە ئەو بینایە بە دەستی سپای پاسدارانەوە بووەو چالاکییەکانی سوپای پاسداران لەوێوە پلانی بۆ داڕێژراوە، بۆیە ئامانجێکی سەربازی رەوا بووە. لە ئەمریکا ، کارن ژان پییەر، وتەبێژی کۆشکی سپی بە میدیاکانی راگەیاندووە، جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی راپۆرتەکانە دەربارەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کۆنسولگەری ئیسرائیل لە دیمەشق . بە پێی راپۆرتی میدیاکانی سوریا، مووشەکەکان لە ئیسرائیلەوەو لە بەرزاییەکانی "گوڵان"ەوە هاوێژراون و قەڵغانی مووشەکی سوریا ژمارەیەک لە مووشەکەکانی خستۆتە خوارەوە، بەڵام ئەو مووشەکانەی کە ئامانجەکەیان پێکاوە بووە بە هۆی وێرانبوونی بیناکە و کوژران و برینداربوونی هەموو ئەو کەسانەی لەو بینایەدا بوون. ‌ئیسرائیل لە چەند ساڵی رابردوودا و بە تایبەت دوای دەستپێکی نائارامییەکانی سوریا، چەندین جار بنکە و شوێنی هێزەکانی نزیک بە ئێرانی کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بینایەکی سەر بە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئیسرائیلەوە بکرێتە ئامانج ئەمەش ئەکرێت دەرخەری ئەوە بێت کە ئیسرائیل دەیهەوێت پەرە بە هێرشەکانی بدات دژی ئێران و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریا.

هاوڵاتی، شوان عەباس بەدری  ئەمرۆ یەکشەممە 31/3/2024 لە تورکیا و باکووری کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە بە بەشداری 34 پارتی سیاسی بەرێوە دەچێت و چاوەروان دەکرێت بە ملیۆنەها کورد و تورکی ئەو وڵاتە رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان. ئەم هەڵبژاردنە کە بە گرنگترین هەڵبژاردن لە مێژووی ئەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت گشت لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆیان خستۆتە گەڕ تا بتوانن لە شارەکانی تورکیا و بە تایبەتیش لە شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە سەرکەوتنێکی بەرچاو بە دەست بهێنن کە لەم بەینەشدا پارتەکەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان"ی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا بەدەر نییە لەو خواستی سەرکەوتنە، بە تایبەتیش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە، پارتەکەی "ئەردۆغان" هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ راکێشانی سەرنجی دەنگدەرانی شاری ئەستەنبول خستبووە گەڕ کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە هەڵبژردنەکان تووشی شکستێکی گەورە بوو لەو شارەدا. بە بروای چاودێران گەر بێتوو پارتی داد و گەشەپێدان بە رابەرایەتی "ئەردۆغان" لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت ئەوا رەنگە سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا لە رێی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە خولێکی دیکەی حوکمداری ئەو وڵاتە بە دەست بهێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە گشت پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا ئومێدێکی زۆریان لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆ هەڵچنیوە و دوای شکستەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووی تورکیا لە بەرامبەر ئەردۆغان و هەڵوەشانەوەی هەوپەیمانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە بە رابەرایەتی "پارتی کۆماری گەل"، وەک ماچی دووبارە ژیانەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لێی دەروانن تا دووبارە بە سەرکەوتنیان لە شارەگەورە و یەکلاکەرەوەکانی تورکیا لەم دابەشبوون و پەرتبوونە بێنە دەرەوە و هاوپەیمانییەکی بەهێز لە بەرامبەر "ئەردۆغان" و پارتەکەی پێک بهێنن. دەنگی کورد هەرچەندە لە ساڵانی رابردوودا پارتی "یەکسانی و دیموکراسی گەلان" توانی لە شارە کوردنشینەکانی تورکیا سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەست بهێنێت و بەسەر پارتەکەی ئەردۆغاندا سەربکەوێت ، بەڵام دوابەدوای هەڵبژاردنەکان بە ماوەیەک حکومەتەکەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان" بە پشت بەستن بە یاسای "قەیوم " ی تایبەت بە دەستگیرکردن یان دوورخستەنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان و بە تۆمەتی پەیوەندی یان خود نزیکییان لە "پارتی کرێکارانی کوردستان" ژمارەیەک لەو سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوانەی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە و بە کەسانی نزیک لە خۆی و جێی متمانەی دەوڵەت پۆستەکانیانی پڕ کردەوە کە ئەم هەنگاوەش لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بە تووندی ئیدانە کراو وتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەو هەنگاوەی حکومەتی تورکیا رایگەیاند، ''دوورخستنەوە و دەستگیرکردنی سیاسیه‌کان، دەنگدەران بێبەش دەکات لەهەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و ستەم و زیان گەیاندنیشە بەپرۆسەی دیموکراسی لەنێوخۆی ئەو وڵاتەدا". لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەشدا لە 15ی ئاداردا، لە میانەی گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری "هەکاری" سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا داوای لە خەڵک کرد کە دەنگ نەدەن بەو کەسانەی کە بە دەرچوون و سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، شارەوانییەکان دەکەن بە مۆڵگەی تیرۆریستان کە مەبەست لێی  "پارتی کرێکارانی کوردستان" بوو و ئەم قسەیەی ئەردۆغانیش نارەزایەتییەکی زۆری دانیشتوانی ئەو شارەی لێکەوتەوە. کورد لە شاری ئەستەنبول رێژەی لە%10ی دەنگەکانی ئەو شارە پێکدەهێنێت و لەم کێبڕکێیەدا دەنگی کورد لەو شارە بە یەکلا کەرەوە سەیر دەکرێت. هەرچەندە لە ساڵی 2019دا پاری " یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان" لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە پشتگیری "ئیمام ئۆغلۆ" یان کرد و یارمەتیدەرێکی باش بوون بۆ سەرکەوتنی لەو هەڵبژاردنەدا، بەڵام لە هەڵبژارنەکانی ئەمجارە پارتەکە کاندیدی تایبەتی خۆی خستۆتە روو و بەبروای چاودێرانی ئەو وڵاتەش  پارتی "یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان" بە ئەنقەست کۆمەڵە کەسێکی نەناسراوی کاندید کردووە کە ئەمەش وەک پشتگیرییەکی ناراستەوخۆی ئەو پارتە بۆ سەرۆکی شارەوانی ئێستای ئەستەنبول لێکدەدرێتەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی تورکیا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ٪50.59 ژنان و لە ٪49.41 پیاوان ئەو رێژەیە پێک دەهێنن و هەروەها یەک ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمین جار بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن .

مەبەست سەعید   زیاتر لەحەوت ساڵ دەبێت تەندروستی سلێمانی بەدۆخێكی ناهەمواردا تێدەپەڕێت، چونکە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ناتوانێت گرفتی چاودێری چڕ چارەسەر بکات! هەرچەندە بەهۆی کۆرۆناوە ئامێری پێویست کڕدراون، بەڵام ژمارەی بێد (قەرەوێڵە)ەکان لەئاست خواستی نەخۆشدا نیە.   تەندروستی سلێمانی دەڵێت ژمارەی بێدی چاودێری چڕ کەدەتوانرێت بخرێنەکار ١٢٥ بێدە، بەڵام لەئێستادا تەنها ٢٣ بێد کاری پێدەکرێت.  سەرچاوە تایبەتەکەی هاوڵاتی دەڵێت هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەکان کەڕێگری دەکەن لەکردنەوەی بێدی زیاتر.  بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پلانی ئەوەی هەیە کە 20 بێدی چاودێری چڕ بەشێوەی نیمچە تایبەت بکرێتەوەو لەبری هەر شەوێک مانەوەی نەخۆش بڕی   150 هەزار دیناری عێراقی لێوەردەگیرێت. لەكاتێكدا گەر ئەو بە  120 بێدەی تر کەئامادەن و بخرێنەکار ئەوا هیچ رێگەیەک نامێنێتەوە بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەکان، ئەو کات بەناچاری بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە ئەهلیەکان بەناچاری دایدەخەن.  سەرچاوەیەکی تایبەتی ناو تەندروستی، بەپەیامنێری هاوڵاتی راگەیاند: هەوڵی نەخۆشخانە ئەهلیەكان وایكردووە كەزیاتر لە 100 بەشی لەكاركەوتووی چاودێری چڕ لەسلێمانی نەكەونە كار، چونكە ئەگەر بەشی چاودێری چڕ لەنەخۆشخانە حكومییەكان كاربكەن هاووڵاتیان رووناكەنە نەخۆشخانە ئەهلیەكان. بەپێی زانیاریەكان هەندێك نەخۆشخانەی ئەهلی تەنها شەوێك مانەوە بەنزیكەی یەك ملیۆن دیناری عیراقی وەردەگیرێت. كەمال عەبدولڕەحمان لێپرسراوی هۆبەی یاریدەدەری بێهۆشكاری بەهاوڵاتی وت: لەئێستادا بەهۆی كەمی كارەمەندی پزیشكی بێهۆشكارەوە پەستانێك خراوەتەسەر پارێزگای سلێمانی، بۆیە نەتوانراوە كارمەندی پێویست بۆ ئەم بەشە دابمەزرێندرێت، پاشان بەهۆی گرانی مانەوەی نەخۆش لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان بەتایبەت لەبەشی چاودێری ورد، وایكردووە هاووڵاتی خانوو ئۆتۆمبێل و كەرەستەكانی ماڵەكەی بفرۆشێت تاگەیشتووەتە هەڵوەشاندنەوەی خێزان و جیابوونەوەی ژن و مێرد. دكتۆر توانا سەرپەرشتیاری گشتی بەشی چاودێری وردو پزیشكی سڕكردن و بێهۆشكاری لەنەخۆشخانەی شار لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەکرد: هۆكاری بەكارنەخستنی بێدی نەخۆشخانە حكومییەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو هۆكار، ئەوانیش نەبوونی سەرچاوەی مرۆیی كە لەساڵی 2013 تائێستا هیچ كارمەندێك دانەمەزراوە لەو بوارەدا كەبتوانرێت بەتەواوی ئەو بەشە چالاك بكرێت. هۆكارێكی تر دەگەڕێنێتەوە بۆ نەدانی مووچە لەكاتی خۆیدا كەناتوانرێت كارمەندی چالاك بهێنرێتە بەشی چاودێری ورد. لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێت لەئێستادا ناتوانرێت ئەو بەشە لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان دابخرێت لەحاڵەتی رووداوی نەخوازراودا نەخۆشێك بهێندرێتە نەخۆشخانەی حكومی و بەهۆی پڕبوونەوەی بێدەكان لەنەخۆشخانەكە بەناچاری دەبێت ئەو نەخۆشە ببرێتە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی، گەر بێتوو لەو كاتەشدا ئەهلیەكان بەردەست نەبن نەخۆشەكە رووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە. هاوڵاتی لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ناو تەندروستی هەندێک زانیاری تایبەت بەم بابەتەی دەستكەوتووە كەیەكێك لەهۆكارەكانی كارانەكردنی بێدەكانی نەخۆشخانە حكومییەكان دەگەڕێتەوە بۆ پزیشكەکان كە بەشێكیان لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان كاردەكەن. سەرچاوەیەک بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد: ئەو پزیشكانەی لەبەشی چاودێری چڕ لەنەخۆشخانەی شار دەستبەكاربوون هەمان ئەو پزیشكانەن كە لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان كاردەكەن، پزیشكێك لەنەخۆشخانەی ئەهلی 200 بۆ 300 هەزار دیناری عێراقی دەستدەكەوێت لەنەشتەرگەریەكدا، بەڵام لەنەخۆشخانەی حكومی بەم شێوەیە نیە. هەروەها ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد: ئەگەر بێدەكانی نەخۆشخانە حكومیەكان زیادبكرێن كاری نەخۆشخانە ئەهلیەكان لاواز دەبێت، هەروەها وتی: ئەوەی ئێستا هەیە بازرگانی كردنە لەناو نەخۆشخانە ئەهلیەكاندا، بەتایبەت بەشی چاودێری ورد كەبازاڕێكی باشی بۆ ئەو پزیشكانە دروستكردوە كەكار لەم بەشەدا دەكەن. بەپێیی ئەو داتایانەی دەست هاوڵاتی كەوتوون لەكۆی 125 بێدی چاودێری ورد لەنەخۆشخانە حكومیەكانی سلێمانی، تەنها 23 لەو ئامێرو بێدانە كاری پێدەكرێت، ئەگەرچی هەندێك لەو بەشانە بەكاردەهێنرێت بۆ بابەتی ترو بەشی تری تەندروستی، دابەشبوونی بێدی چاودێری ورد بەم شێوەیەیە لەسلێمانی (لەكۆی هەبوونی 40 بێد لەنەخۆشخانەی شار تەنها 18 بید كاردەكات، نەخۆشخانەی تایبەت بەهەرس و جگەر لەكۆی هەشت بید هیچی كارناكات، نەخۆشخانەی تەعلیمی لەكۆی 10 بێد – هیچی وەك بەشی چاودێری چڕ بەكارنایەت، نەخۆشخانەی ئەڵمانی لەكۆی 40 بێد هیچی كارناكات، نەخۆشخانەی كەنەدی لەكۆی 20 بێد ئەمیش هیچ لە بێدەكان تایبەت بەچاودێری ورد كارناكەن، لەشارۆچكەی چەمچەماڵ كەخاوەنی دوو بێدە هیچ لەو دووانە كارناكەن، ئەوەی دەمێنێتەوە نەخۆشخانەی دڵە لەسلێمانی کە لەكۆی پێنج بێد سەرجەمیان لەكاردان). لەدەرەنجامدا سەرەڕای نالەباری باری دارایی و ئابوری و کەمدەرامەتی هاووڵاتیان، لەئێستادا نەکردنەوەی تەواوی بێدەکانی چاودێری چڕ لەنەخۆشخانە حکومیەکاندا سەرەڕای ئەو ململانێیانەی بوونەتە هۆکاری کارنەکردنی تەواوی بێدەکان، چەندین هۆکاری دیکە بوونەتە هۆی نەکردنەوەو کارنەکردنی بێدەکانی نەخۆشخانە حکومیەکان، لەوانە: دواکەوتنی موچەو لاوازی وەزارەت لەچاودێریکردنی دەوامی پزیشک و کارمەند، دانەمەزراندن و هەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت.

شەنای فاتح هەبوونی سیستەمێکی بانکی پێشکەوتوو هۆکاری سەرەکی بەرەوپێشچوونی لایەنی ئابووری و دارایی و کارئاسانیە بۆ خزمەتگوزاریەکان. لەکاتێکدا ئێستا پڕۆژەی هەژماری من دروست کراوە بۆ دابەشکردنی مووچە بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەبانکەکاندا. لەبەرامبەردا ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی‌ ناڕازی‌ فۆڕمێکیان بڵاوکردووەتەوە تایبەت بەهەڵمەتی کۆکردنەوەی پشتگیری لەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق دەربارەی چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، مامۆستایانی ناڕازی لەڕێگەی ئەو فۆڕمەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆی ئەلیکترۆنی ئەنجامدەدەن، بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن یەکێک لەبانکەکانی ناوەندییەوەو رەتکردنەوەی هەژماری من. هەر لەم بارەیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کەهەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم گرنگی زۆریان بەسیستەمی بانکی داوەو لەهەمان کاتدا لەهەوڵدان بۆ ئەوەی لایەنێکی بازرگانی دەستەبەر بکەن و ئابووری وڵات و سەرچاوەکان هەمەجۆر بکەن. باسیشی لەوەکرد کە تیشکمان خستووەتەسەر چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێم لەبواری سیستەمی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی بەدانانی پڕۆژەی هەژماری من کەبەشێکە لەپلان و کارنامەی حکومەت بۆ گەشەپێدانی بازرگانی و هاوکاریکردنی کەرتی تایبەت. ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم، رایگەیاند کەهەرچی هەوڵ و کارەکانمان ئەوەیە بەزووترین کات سیستەمی دارایی و بانکی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببەین و سیستەمەکە بەکەینە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی و مووچەش بەم سیستەمە دابەش دەکەین لەداهاتوودا. وتیشی: لەم کابینەیەدا هەنگاوی باش بۆ بەدامەزراوەییکردنی ژێرخانی ئیداری فەرمانگەکانی حکومەت نراوە کەبەشێکی ئەنجامی گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونەکان لەداهاتوودا دەردەکەوێت. پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن هاووڵاتیانەوە رەتدەکرێتەوە بەتایبەتی لەپارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەو پێیان وایە حکومەت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی لەدژی هاووڵاتیان ئەم پڕۆژەیەی راگەیاندووە، زۆرینەی مووچەخۆران رەتیدەکەنەوە کە بەشداری و هەژماری بانکی بکەنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە وا بڕیارە لەداهاتوو مووچە بەسیستەمی ئەلیکترۆنی دابەش بکرێت. دکتۆر خالید، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ لەلێدوانێکی تایبەتی بەهاوڵاتی وت: بانک خۆی دامەزراوەیەکی داراییە کاردەکات بۆ بەڕێوەبردنی پارە، سەرمایە، ئەو کەسانەی کەسەرمایەدارن بەنموونە پارەکانیان دەخەنە بانک، بانکیش وەکو نێوەندگیری لەنێوان ئەو کەسەی پارەکە دەخاتە بانکەکە یان دامەزراوەکە، ئەو کەسانە حەز دەکەن کاربکەن، بەڵام سەرمایەیان پێ نیە یاخود پارەکەیان لەئاستی پێویست نیە بۆ کارکردن و کردنەوەی پڕۆژە، بۆیە ئەو نێوەندگیریەی دەکەوێتە نێوان دوو لایەنی کارەکە، ئەو کەسانەی کەپارە دادەنێن وەکو سەرمایە و لە بەرامبەر سەرمایەکە سوو وەردەگرن، بۆ ئەو کەسانەشە کەدەیانەوێت ببنە خاوەن پڕۆژە، کارگە، کێڵگە، دەچن داوای قەرز دەکەن لەبانکەکان، ئەم بەڕێوەبردنەی پارەکە ئیش و کاروباری بانکە پارە وەردەگرێت، لەو کەسانەی کەپارەیان پێیە و پاشەکەوتی دەکەن و دەیخەنە ئەو دامەزراوەیەوە کە بانک ئیدارەی دەکات خۆی سوودی لێوەردەگرێت کەپارەکە دەدات بەکەسێک وەک قەرز، سوودی لێوەردەگرێت بۆ خۆی، لەهەمان کاتیشدا سوود دەدات بەو کەسانەی پارە لەبانکەکەدا دادەنێن، لەنێوان ئەو کەسەی پاشەکەوت دەکات و سوودی خۆی وەردەگرێت و بانکیش بەهۆی ئیدارەکردنی پارەکە ئەویش لەبەرامبەری هەیە، کەئەویش فیدە وەردەگرێت لەو کەسانەی کەداوای قەرز دەکەن، بانک ئەو موئەسەسەیە کەئیدارەی ئیش و کاروباری دارایی دەکات لەنێوان ئەو دوو لایەنە، کۆمەڵێک خزمەتگوزاری داراییان هەیە پێشکەش دەکرێت بەهەردوولا، ئاسانکاری بۆ هەر کەسێک کەهەژمارێکی بانکی دەکاتەوە لەبانک ئاسانکاری بۆ دەکرێت، لەنێو وڵاتەکە خۆی و لەشارەکە لەگەڵ دەرەوە. وتیشی: لەئێستادا سیستەمی بانکی هەمووی بووەتە ئەلیکترۆنی کەگەشت دەکەیت و دەچیتە شوێنێک گەر ئەو بانکە لقی هەبێت لەو وڵاتە دەتوانی شت بکڕیت و ئەو کارتە ئەلیکترۆنیە بەکاربهێنیت، بۆیە بۆ ئیش و کاروباری خۆی دەتوانێت بەکاری بهێنێت، ئەمەش جۆرێکە لەئاسانکاری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی لەشارەکە یان لەوڵاتەکە یان لەنێو وڵاتان. لەنێوان سیستەمی بانکی حکومی و تایبەت، ئەوانە زۆر نزیکن لەیەکتری، بەڵام بانکی حکومی خاوەندارێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، حکومەتیش بەڕێوبەری دەوڵەتەو کاروبارەکانە، بۆیە خاوەنی ئەو بانکە حکومەت دەبێت کەخەڵک بەشدارە لەحکومەتدا، واتە موڵکیەتی گشتییە، بەڵام بانکە ئەهلیەکان یان بانکی تایبەت موڵکیەتی تایبەتە چەند کەسێکن، کەسێکە یاخود زیاتر کەبەڕێوبەری ئیش و کاروباری دارایی خەڵک دەکەن، ئەو دامەزراوەیە تایبەتە چەند کەسێکن، بۆیە ئەوان خاوەنی بانکەکە دەبن تایبەتە، خەڵک زیاتر لەبەرئەوەی ئیمکانیەت و توانای حکومەت لەزۆرینەی وڵاتان زیاترە، ئەگەر بەراورد بکرێتەوە بەتایبەت، بۆیە ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش دەکرێن لەبانکە حکومیەکان زیاترو فراوانترن لەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش دەکرێن لەبانکە تایبەتەکان، خەڵک زیاتر متمانەی بەحکومەت هەیە، جیهازی حکومی ئیدارەی ئیش و کاروباری دەوڵەتەکە دەکات، هەمیشە بەردەوامە ئەو حکومەتە، بەڵام کەرتی تایبەت بەنموونە ئاساییە بانکەکە دابخات و ئیش و کاروباری خۆی کۆتایی پێ بهێنێت، بۆیە حکومەت سیقەو متمانەی زیاترە لەلای خەڵک، خەڵک زیاتر مامەڵە دەکات لەگەڵ بانکە حکومیەکان، بەڵام مەرج نیە ئەمە گشتاندنی بۆ بکەین لەهەموو وڵاتان، لەوڵاتانی دی‌ دەبینین سیستەمی بانکی تایبەت زۆر زۆر پێشکەوتووترە، حکومەت دەستتێوەردان ناکات و ناچێتە ناو ئەو بوارانە، جێی هێشتووە بۆ کەرتی تایبەت ئەو کارانە بکەن، ئیدارەی ئیش و کاروباری دارایی خەڵک بکەن وەک دامەزراوەیەکی بانکی،  بۆیە هەندێک لەوڵاتان، وڵاتانی پێشکەوتوو مامەڵە لەگەڵ بانکە تایبەتەکان دەکرێت نەک بانکە حکومیەکان. بەگشتی هاووڵاتی بەهۆی قەیرانی داراییەوە تاڕادەیەکی زۆر متمانەی بەبانکە حکومیەکان نیە، بە بانکە ئەهلیەکانیش تاڕادەیەک متمانەی نیە، چونکە دۆخی دارایی لاوازە ئێستا لەهەرێمی کوردستان، بۆیە خەڵک حەز دەکات پارەکە لای خۆی بهێڵێتەوە، ئەمە بیرکردنەوەی خەڵکە دەڵێت باشترە لەلای خۆم بێت، دەتوانم بەکاریبهێنم هەرکاتێک پێویستم پێ بوو، نەک لەبانکەکان بێت، لەوانەیە لەبانکەکان حکومەت پێویستی بەپارە بێت، پارە لەبانکەکە رابکێشێت، یان لەکەرتی تایبەت بێت و بانکەکە دابخرێت، بۆیە سیقە کەم بووە لەنێوان هاووڵاتی و بانکەکاندا، ئەمە وایکردووە کەکەرتی یان بواری بانکی لەکوردستان لاواز بێت ئیش و کاروبارەکەی وەک پێویست نەبێت. عوسمان تەها، هاووڵاتی لەلێدوانی بەهاوڵاتی وت: زۆربەی خەڵک بەهۆی خراپی باری داراییەوە تاڕادەیەکی زۆر متمانەی بەبانکەکان نیە، چونکە دارایی کوردستان زۆر لاوازە، بۆیە حەز دەکەم پارەکە لای خۆم بێت باشترەو دەتوانم بەکاریبهێنم هەرکاتێک کە ناچاربم و هۆکارێک بێتە پێشەوە. وتیشی: ئەگەر پارەکانم لەبانکەکان دابنێم لەوانەیە لەبانکەکان نەمێنن و کەس نازانێت بۆ کوێ دەبرێن. بڕیار جەلال، فەرمانبەری حکومی بەهاوڵاتی وت: راستە زۆر مووچەمان فەوتاوە یان پاشەکەوت کراوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت سیستەمی بانکی حکومی شتێکی باش نییەو متمانەم پێی نییە بۆ دانانی پارەکانم و وەرگرتنی قەرز، چونکە بانکی تایبەت هەندێکجار نازانیت کێ خاوەنییەتی و ئەگەر دابخرێت ناتوانی لەکەسی داوا بکەیتەوە. وتیشی: ئەمە وادەکات کەحکومەت متمانەی زیاد بکات لای خەڵکی و فەرمانبەرانی بەتایبەتی، بەڵام بەبۆچوونی من متمانەی فەرمانبەران بەحکومەت بەئاسانی دروست نابێتەوە تەنانەت بەم سیستمەش.  بەپێی ئاماری بانکی جیهانی ٤٩ بانکی حکومی و تایبەت لەهەرێمی کوردستان هەن کە بەلقەکانیەوە زیاترن لە ١٠٠ بانک.

شوان عەباس بەدری   لەگەڵ دەستپێک و بەردەوامیی شەڕی غەزە، ئەو رۆڵەی ئێران لەو جەنگە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیگێڕێت، سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشاوە. ئێران سەرەڕای  پشتیوانی لەبزووتنەوەی حەماس لەململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هێرشی کردەسەر عێراق و سوریاو پاکستان وهەروەها  روسیاش بەشێوەیەکی بەرچاو سوودی لەدرؤنەکانی ئەو وڵاتە لەهێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیادا بینیوە. هەرچەندە ئێران تێوەگلانی خۆی لەهەندێک هێرشی وەک پەلاماری ئیسرائیل لە لوبنانەوەو  هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەئوردن و هەروەها هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی رۆژئاوا لەدەریای سوور لەبنکەکانی یەمەنەوە رەتکردووةتەوە، ، بەڵام گروپە ميلیشیاکانی  سەر بەئێران راستەوخۆ بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشاندا راگەیاندووە.   ئەم گرووپانە کێن و رۆڵی ئێران لەم ململانێیانەدا چییە؟ لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژمارەیەکی زۆر گروپی چەکدار هەن کەپەیوەندییان بەئێرانەوە هەیە، لەوانە حەماس لەغەزە، حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لەیەمەن و گروپەکانی دیکە کەبنکەیان لەعێراق و سوریاو بەحرەیندا هەیە. وڵاتانی رۆژئاوا زۆرێک لەو گرووپانەیان کە بە “بەرەی بەرگری” ناسراون، وەک گرووپی تیرۆریستی پۆلێن کردووەو بەگوتەی عەلی فایز، شارەزا لەکاروباری ئێران ، ئەم گرووپانە یەک ئامانجیان هەیە کەبریتییە لە « پاراستنی ناوچەکە لە هەڕەشەکانی ئەمریکاو هەڕەشەکانی ئیسرائیل». بەرای فایز، ئەمەریکا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئێران و مەترسی دووەمیش بریتییە لەئیسرائیل کەئێران وەک بریکارێکی ئەمریکی لەناوچەکەدا سەیری دەکات و دەشڵێت: «ئێران ئەم تۆڕە ميلیشیاییە گەورەیەی لەناوچەکەدا دروستکردووە  تا بەو جۆرە هێزی خۆی پیشانی ئەمریکاو ئیسرائیل بدات». هەرچەندە دوابەدوای هێرشە درؤنییەکەی 28ی کانوونی دووەمی ساڵی 2024  لەئوردن کە بووەهۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، ئێران رەتیکردەوە لەپشت ئەو هێرشەوە بێت، بەڵام بەرخۆدانی ئیسلامی سەر بەئێران، بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند. دوای هێرشە کوشندەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر کە بووەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی غەزە، ئەوە یەکەمجار بوو سەربازانی ئەمریکی لەهێرشەکانی ناوچەکەدا بکوژرێن، هەر لەبەرئەمەش جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا گوشارێکی زۆری لێکرا تا تۆڵەی کوژرانی سەربازە ئەمەریکییەکان بکاتەوە. هەر لەبەر ئەو گوشارانەش ئەمریکا دوای هەفتەیەک هێرشی کردەسەر هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران لەعێراق و سوریا، دواتر ئەمریکاو بەریتانیا هێرشی هاوبەشیان کردەسەر ئامانجەکانی حوسی لەیەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. هەرچەندە زیاتر لە سێ دەیە بەسەر دوا جەنگی ئێران لەناوچەکەدا تێدەپەرێت بەڵام زۆرجار ئەم وڵاتە لەپشت پەردەی ئالەنگارییەکانی ناوچەکەدا دەبینرێت. هەروەک باسکرا زۆرجار ئێران ئەوە رەتدەکاتەوە راستەوخۆ دەستی لەگەڵ بریکارەکانی لەناوچەکەدا تێکەڵ کردبێت، بەڵام تاران هەر لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئەو وڵاتەوە، واتە ماوەی 45 ساڵە پشتیوانی لەگروپە چەکدارەکانی ناوچەکەی کردووەو هەر لە دەیەی هەشتای سەدەی رابردووەوە ئەم پشتگیرییە بووەتە بەشێکی دیاری ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی رژێمەکەی ئێران.   مێژووی ئێران و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەمریکا دوو رووداو لەمێژووی هاوچەرخی ئێراندا هەن کەیارمەتیدەرن بۆ روونکردنەوەی پێگەی ئەو وڵاتە لەناوچەکەداو پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ ئەمریکا کەبریتین لە: یەکەم / شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 کە بووەهۆی دابڕانی ئێران لەڕۆژئاوا دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران و بەبارمتەگرتنی 52 دیپلۆماتکاری ئەمەریکی لەو وڵاتە، ئیدارەکەی جیمی کارتەری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا نزیکەی یەک ساڵ هەموو تواناوهەوڵێکی خۆیان لەپێناو ئازادکردنی ئەو دیپلۆماتکارانە خستەگەڕو دواجار رایەک لەناو ئیدارەی واشنتۆندا درووست بوو کەدەبێت ئێران لەڕووی نێودەوڵەتییەوە گۆشەگیربکرێت و هەروەها سزای تووندیشی بەسەردا بسەپێنرێت. هەر ئەمەش وایکرد ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی لە رۆژئاوادا دژی ئێران  پشتی عێراق و سەدام حسێن بگرن. دووەم /  شەڕی ئێران و عێراق لەدوای جەنگێکی هەشت ساڵەی خوێناوی دواجار بەبەستنی ئاگربەستێک لەنێوان ئێران و عێراق ئەو جەنگە کۆتایی هات، بەڵام لەماوەی ئەو هەشت ساڵەدا هەردوو وڵات باجێکی زۆریان داو نزیکەی ملیۆنێک کەس لەهەردوولا بریندارو کوژران و ئابووری ئێرانیش بەتەواوی وێران بوو. ئەم جەنگە بووە وانەیەک بۆ ئێران و کاربەدەستە باڵاکانی ئەو وڵاتە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کەپێویستە تاران لەڕێگەی چەند ستراتیژو تاکتیکێکەوە رێگە بەهەر جۆرە لەشکرکێشییەک بگرێت کە رەنگە لەداهاتوودا بکرێتە سەری و یەکێک لەپلانەکانی ئەو ستراتیژییەش بریتییە لەبەرنامە مووشەکییە بالیستییەکەی ئێران و دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی ميلیشیایی. دوابەدوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفغانستان لەساڵی 2001و عیراق لەساڵی 2003و هەروەها راپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لەساڵی 2011، ئەم بۆچوون و ستراتیژییەی لەلایەن ئێرانییەکان زیاتر بەهێزکرد.   ئێران چی دەوێت و بەنیازی چییە؟ بێگومان لەڕووی توانای سەربازییەوە ئەمەریکا زۆر لەپێش ئێرانەوەیەو بە رای چاودێرە سەربازیەکانیش ئەم بابەتە هۆکارێکی سەرەکییە کەئێران لەپێناوی مانەوەی خۆیدا ستراتیژییەتی بەرپەرچدانەوە پیادە بکات. هەرلەمبارەیەوە ئەلێکس ڤاتانکا-ی دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئێران لەئینستیتیۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: « جەنگ کردن لەگەڵ ئەمەریکا دوا بژرادەیە کەئێران و بەرەی بەرگری هەوڵی بۆ دەدەن». هەروەها «ڤاتانکا» پێی وایە ئێران بەمەبەستی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەخۆی لەڕێگەی ميلیشیاکانییەوە تاکتیکی فشار خستنەسەر بەکاردەهینێت، کەئەمەش ستراتیژییەتێکی درێژخایەنەو مەبەست لێی ماندووکردنی ئەمەریکایە لەناوچەکەدا. لەلایەن خۆیەوە «کامەران مارتن» پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەزانکۆی ساسیکس-ی بەریتانی هاوڕای بۆچوونەکەی «ڤاتانکا»يەو پێی وایە ئێران دەیەوێت لەسەر شانۆی جیهانی  ببێتە هاوکێشەیەکی بەهێز. هەروەها ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە کە ، ئێرانی کۆن کە لەمێژوودا بەوڵاتی فارس ناسراوە، رابردوویەکی پرشنگداری هەیەو زیاتر لەدوانزدە سەدە لەناوچەکانی  رۆژئاوای ئاسیادا باڵادەست بووە، هەر لەبەر ئەو رابردووەش ئێرانییەکان پێیان وایە کەدەبێت رۆڵێکی کاریگەرو گەورەیان لەسەر پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکاندا هەبێت و بەتایبەتیش کەجگە لەلایەنە سیاسییەکە ئەوا خاوەنی کلتوورو ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەندیشن و هەر ئەم باوەڕەش بووەتە سووتەمەنییەکی باش بۆ پەلهاویشتنی ئێران بەناوچەکەدا.   ئێران تاچەند کۆنتڕۆڵی هەیە؟ «یاسەمەن ماسەر»ی چالاکوانی سیاسی و توێژەری ئیرانی لەزانکۆی ئۆکسفۆرد پێی وایە کەئێران لەئێستادا کۆنترۆڵێکی ئەوتۆی بەسەر بریکارو ميلیشیاکانی لەناوچەکەدا نەماوە. ئەم چالاکوانە سیاسییە هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور بەنموونە دهێنێتەوەو دەڵێت: «هەڵەیە گەر بڵێین حوسییەکان بەتەنها فەرمانەکانی ئێران جێبەجێ دەکەن، بەڵکو ئەوان بۆ خۆیان خاوەنی ئەجیندایەکی تایبەتن و لەڕێی پیادەکردنی ئەو ئەجیندا تایبەتەش بەنیازن خۆیان وەک هێزێکی گەورەو پۆڵایین لەناوچەکەدا بناسێنن، نەک تەنها وەک ميلیشیایەکی سەر بەئێران». لەمبارەیەوە «عەلی فایز» تەواو هاوڕایە لەگەڵ قسەکانی یاسەمەن و پێی وایە ، کێشەی ئێران لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کەکۆنترۆڵێکی تەواوی بەسەر تۆڕی ميلیشیاکانیدا نییەو هەر ئەمەش بۆتە هۆکارێک تاسیاسەتی هەرێمایەتی خۆی بسپێرێتە کۆمەڵێک کارەکتەری نادەوڵەتی. بەبۆچوونی عەلی فایز زۆرجار وڵاتان زیادەڕەوی لەتواناکانی ئێراندا دەکەن، «وڵاتانی دەوروبەری ئێران پێیان وایە کەئەو وڵاتە داڕێژەرە سەرەکییەکەی یارییە سیاسییە شەترەنج ئاساکەی ناوچەکەیە، بەڵام دەبێت بزانین ئێران و گشت هاوپەیمانەکانی نەیانتوانیوە هیچ کام لەئامانجە ستراتیژییە سەرەکییەکانیان بەدەستبهینن، هەر لەناچارکردنی ئیسرائیل، بگرە سەبارەت بەبەستنی ئاگربەست لەغەزە و تادەگاتە دەرکردنی ئەمەریکا لەناوچەکە». هەروەها «فایز» باس لەبەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش دەکات و دەڵێت: « بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەئێستادا لەچاو 20 ساڵ لەمەوپێش پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو لەڕاستیدا ئەمە خۆی لەخۆیدا مەترسییە راستەقینەکەیە بۆ سەر ئیسرائیل و رۆژئاوا، نەک گروپ و ميلیشیاکانی سەر بەئێران».   جەنگی جیهانی سێیەم لەگەڵ بەرفراوانتربوونی هێرش و پەلامارەکان لەهەموو ناوچەکەدا ئەوا سێرچ لەبارەی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانیش زیادی کردووە. «ڤاتانکا» لە ئینستۆتیۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وایە، دەبێت ئێران بەوریاییەوە جووڵە بکات، چونکە فشارە ناوخۆییەکانی ناو وڵاتەکەی و ناڕەزایی هاووڵاتیان گەیشتووەتە ترۆپکی خۆی و لەم چەندساڵەی دواییشدا ژنان بوون بەسەرقافڵەی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان دژ بەڕژێمی تاران. «خەڵکی ئێران زۆر تووڕەن و بۆیان گرنگ نییە کەئێران لەناوچەدا خەریکی چییە» ڤاتانکا وادەڵێت. بەهەمان شێوەش رۆژئاوا ئارەزووی هیج جۆرە بەریەککەوتن و شەڕێک لەگەڵ ئێراندا ناکات ، «ئیلی گێرانمای»، جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: « بیگومان سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ناتوانیت بەرگەی فشاری هەڵگیرسانی جەنگێکی بەم جۆرە بگرێت بەتایبەتیش کە لەئێستادا لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمەریکا نزیک دەبینەوەو هەروەها ئیسرائیلیش لەتوانایدا نییە کەوەک پێویست خۆی لەمەترسی هڵگیرسانی جەنگەکە بپارێزێت بەتایبەتیش کە قورساییەکەی لەئێستادا لەئەنجامی هەڵگیرسانی جەنگ و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لەغەزە  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرەو لاوازی چووە». «گیرانمای» پێی وایە ، «ئەمەریکا و ئێران لەجیاتی رووبەێووبوونەوەی راستەوخۆی یەکتر، ئەوا ميلیشیاو بەکرێگرتەکانی خۆیان لەناوچەکەدا بۆ بەئامانجگرتن و لێدانی یەکتر بەکاردەهێنن و لەکاتێکدا بەدەستێک لەیەکتر دەدەن ئەوا لەهەمان کاتدا دەستەکەی تریان لەپشتی خۆیان بەستۆتەوە تا بەو جۆرە رووبەڕووبوونەوە و جەنگی راستەوخۆ لەنێوانیاندا روونەدات، چونکە پێشهاتێکی لەو جۆرە لەتواناو بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدا نییەو دەرئەنجامەکانی زۆر مەترسیدار دەبن». بەڵام سەرەڕای ئەمەش «گیرانمای» پێی وایە گەر ئاوڕێک لە رووداوەکانی 10 ساڵی رابردوو بدەینەوە کەزۆر «مەترسیدارو ئاگراوی «بوون، ئەوا دەبێت ئەو هۆشدارییەش بدرێت کە گەر بێتوو «دیبلۆماسییەتێکی جددی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەکەوێتە گەڕ، ئەوا دوورنییە رووداوەکان واشنتۆن و تاران بەرەو رێگەچارەی سەربازی راستەوخۆ پەلکێش بکەن، بەتایبەتیش ئەگەر لایەنێک لەلایەنەکان بەوریایی و ژیری هەڵسوکەوت نەکەن، رەنگە پێشهات و رووداوەکان زۆر لەپێشهات و رووداوەکانی ئێستا پەرەبسێنێت و ناوچەکە بسووتێنێت». سەرچاوە: بی بی سی فارسی  

شوان عەباس بەدری   هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکە هێزەکانی ناوخۆ بەچڕی دەستییان کردووە بە دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت و دانانی بازگە لەسەر شەقام و رێگە سەرەکییەکانی شارەکان و سەرەڕای قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا  هێشتا لەهەرێمی کوردستان زۆربەی تاوانەکانی کوشتن و بریندارکردن و هەڵکوتانە سەر شوێنان بەو چەکە بێمۆڵەتانە بەردەوامە. نەبوونی رێوشوێنی تووندیش لەسەر مامەڵەو کڕین و فرۆشتن بەچەکیش، وایکردووە هەڵگرتنی چەک لەلایەن هاونیشتمانیانەوە ببێتە دیاردە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر زیادبوونی تاوان لەهەرێمی کوردستاندا هەبووە. لەبارەی ئەم تەوەرە « سەرکەوت ئەحمەد « وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە «هاوڵاتی» راگەیاند ، «سەبارەت بەهەڵمەتەکە ئێمە بازگە دادەنێین و لەهەندێک شوێنیشدا بەردەوامەو گەر کەسێک چەکی بێموڵەتی پێبێت دەستگیری دەکەین، دیارە لەشەڕەکانیشدا هەندێک شەڕ دروست دەبێت کە تەقەشی تیا ناکرێت، بەڵام کەهێزەکانی پۆلیس دەچن کەسەکان دەگرن، ئەگەر کەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێبێت تەسلیم بەبنکەیەک دەکرێت و دۆسییەی بۆ دەکرێتەوە». هەر سەبارەت بەکردنەوەی دۆسییەی ئەو کەسانەی کەچەکی بێمۆڵەتییان پێیەو دەستگیرکراون  «سەرکەوت ئەحمەد» وتی : « ئەو کەسانە رەوانەی دادگا دەکرێن و بەیاسای تازەی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت ئیجرائاتیان لەگەڵ دەکرێت کەسزاکە لەئێستادا قورستر بووە». لەبارەی سزای هەڵگرتنی ئەو جۆرە چەکانەش وتەبێژەکەی پۆلیس بە «هاوڵاتی» رایگەیاند: « ئەگەر بێتوو کەسەکە تەقەی بەچەکەکە کردبێت ئەوا لەساڵێک تا سێ ساڵ سزای بەندکردنی بەسەردا دەسەپینرێت، ئەمە جگە لەغەرامە کە لەملیۆنێک تا سێ ملیۆن دینار عێراقییە، ئەوەش دەکەوێتە سەر راوبۆچوونی دادگا کەئایا ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ئەو چەکەی بەکارهێناوە یان بەکاری نەهێناوە، یاخود بەو چەکە هەڕەشەی لەخەڵک کردووە یان خود نا «. لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەی «هاوڵاتی» کەئاخۆ لەو هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت چەند کەس دەستگیرکراون، وتەبێژەکەی پۆلیسی سلێمانی وتی : « لەساڵی پار واتە لەساڵی 2023دا، 598 پارچە چەکی بێمۆڵەت دەستی بەسەرداگیراوە». هەر لەسەر بابەتی سزادانی ئەو کەسانەی کەچەکی بێمۆڵەتیان پێدەگیریت و چۆنییەتی سەپاندنی سزاو ئەو رێکارانەی کەدادگا لەسەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەدا دەیانگرێتەبەر «هاوڵاتی» رای یاساناسێکی وەرگرت و وتی: « وەک دیارە یاسای چەک لەچەند ماددەیەک پێکدێت و سەبارەت بەهەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەتیش بەپێی یاسا تاوانە، چونکە هیچ کەسێک بۆی نییە لەدەرەوەی یاسا چەکی بەدەستەوە بێت ئەگەر مۆڵەتی هەڵگرتنی نەبێت، لەبەرئەوەی لەڕووی یاساییەوە بەتاوان ئەژمار دەکرێت». سەبارەت بەجۆری هەڵگرتنی چەکەکان و ئاخۆ لەسەپاندنی سزادا جیاوازن، ئەم یاساناسە وتی : « لەڕووی یاساییەوە جیاوازن، ئەگەر دەمانچە بێت سزاکە جۆرێکەو ئەگەر کڵاشینکۆف و هاوشێوەکانی کڵاشینکۆف بێت جۆرێکی ترە، بۆ نموونە گەر بەدەمانچەوە کەسەکە دەستگیربکرێت ئەوا لەدادگای کەتن دادگایی دەکرێت، بەڵام گەر بەکڵاشینکۆف و هاوشێوەکانی ئەو چەکە دەستگیربکرێت ئەوا لەدادگای تاوانەکان دادگایی دەکرێت». «دادگایی کردنەکەش رێکارێکی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی دادگای تاوانەکان سزاکەی قورسترە لەچاو دادگای کەتندا، لەهەموو حاڵەتێکیشدا هەردوولا بەو ئاراستەیە کاردەکەن کەئەم کەسە مادەم چەکی بێمۆڵەتی هەیە، کەواتە دەبێ حوکم بدرێت» یاساناسەکە وادەڵێت. لەبارەی جیاوازی نێوان دادگای کەتن و تاوانیش وتی:» جیاوازییەکە ئەوەیە کەدادگای تاوانەکان لە سێ دادوەر پێکدێت و ئەمە جگە لەداواکاری گشتی کەوەکو پارێزەری مافی گشتی کار لەسەر کەیسەکە دەکات، هەرچەندە داواکاری گشتی حوکم نادات بەڵام ئەگەر هاتوو تاوانەکە شیاوی سزا بێت ئەوا ئەم داوای سەپاندنی سزا بەسەر تاوانباردا دەکات، دادگای کەتنیش لەیەک دادوەر پێکهاتووە لەگەڵ داواکاری گشتی کەئەگەر هاتوو کەسەکە تاوانەکەی بەسەردا ساغ بووەوە یان گەیشتە ئەو قەناعەتەی کەدەبێت حوکم بدرێت ئەوا داوای سەپاندنی سزا دەکات». سەبارەت بەلەبەرچاوگرتنی سزای کەسێک بۆ کەسێکی تر یاساناسەکە بە «هاوڵاتی»وت: « هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، ئەگەر کەسەکە بۆ کارێکی نەشیاو بەکاریبێنێت جیاوازە لەگەڵ کەسێکی تردا کە بۆ پاراستنی گیانی خۆی چەکەکەی پێبێت، بۆ نمونە ئەگەر کەسێک شوان بێت یان کەسێک لەبازاڕی دراودا کاربکات ئەگەر ئەمانە وەکو ئێحتیاتێک دەمانچەیەک هەڵبگرن ئەگەر بەو چەکە دەستگیرکران ئەوا جیاوازە لەگەڵ کەسێکی تردا کە بۆ نییەتێکی خراپ ئەو چەکەی هەڵگرتبێت، بۆنموونە کەسێک ئەگەر بۆ مەبەستی سەرانەسەندن و سووکایەتی پێکردن و گشت ئەو بابەتانەی کەئەو جۆرە تاوانانە لەخۆدەگرێت بەکاری بهێنێت ئەوا دادگا هەموو ئەم شتانە لەبەرچاو دەگرێت و هۆکارێکن بۆ سووککردن یان تووندکردنی سزای تاوانەکە، لەهەموو حاڵەتێکیشدا ئەگەر کەسەکە پێشینەی تاوانی هەبێت سزاکەی قورسترەو ئیقاف تەنفیزی بۆ ناکرێت لەچاو ئەو کەسەی کەپشێنەی تاوانی نییە». لەبارەی سەپاندنی سزای ماددیش یاساناسەکە وتی:» بڕی سزاکە دادگا خۆی دیاری دەکات، چونکە پەیوەندی بەقەناعەتی دادوەرەکەوە هەیە». جێی ئاماژەیە لەڕێنومایی ژمارە 5ی ساڵی 2022ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای چەکدا لەماددەی 15ی بڕگەی یەکەمی ئەو یاسایە هاتووە کە، ‎هەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکیبکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بەبەندەکردن بۆ ماوەیەک کە لە(١) یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە (٣) سێ ساڵ زیاتر نەبێت و بەپێبژاردنێک کە لە (٢٠٠٠٠٠٠) دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.  

سازگار ئەحمەد دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا پرۆسەکە دەستیپێنەکردووەتەوەو شارەزایەکی ئابووریش پێی وایە ئەگەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی رابردوو دەستپێبکاتەوە، ئەوا هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئابووری هەرێم نابێت، هەروەها ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت «پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چەندجارێک گفتوگۆی لەسەر کراوە، بەڵام بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر نەدراوە». دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستووری بوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دادگای نێوبژیوانی پاریس-یش لەسەر سکاڵای عێراق بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەرکرد. دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت «پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چەندجارێک گفتوگۆی لەسەر کراوە بەتایبەت لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیادا، بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆکانیان نەگەیشتووەتە ئەنجام». «زۆرجار باسدەکرێت کەهێڵێکی جێگرەوە بۆ ئەو هێڵەی کە لەکوردستانەوە دەڕوات بدۆزرێتەوە، هەروەها قسەش لەسەر ئەوە دەکرێت کە لەداهاتوودا ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەی کە رۆژانە هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنێت لەڕێگەی ئەو بۆرییە جێگرەوەیە هەناردە بکرێت بۆ بازاڕەکانی جیهان»، دارا سێکانیانی وادەڵێت. ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی «تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەو گفتوگۆکان لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر نەدراوە». روونیشیکردەوە «لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تائێستا گفتوگۆی جددی لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت نەکراوە، چونکە ئەم بابەتە زیاتر کاری هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیایە، هەروەها باس لەوەدەکرێت لەداهاتوودا بەرپرسی یەکەمی تورکیا دێتە عێراق هەندێک دۆسیەی گرنگ هەیە هەردوولا تاووتوێی دەکەن و یەکێکیش لەدۆسییەکان هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت». هەر لەسەر هەمان پرس سەعد عەبدوڵڵا گوڵپی، شارەزای بواری ئابووری بەهاوڵاتی راگەیاند «بڕیاری راگەیاندنی ئابووری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی هەڵە بوو، لەبەرئەوەی ئەو بڕیارە باش تاووتوێ نەکرابوو، هەروە‌ها بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە لەفرۆشتنی نەوتەکەشی زیانی بەردەوکەوت». ئاماژەی بەوەشکرد «هۆکاری زیانی هەرێم لەفرۆشتنی نەوت ئەوەبوو کە بەرهەمهێنانەکەی تێچووی زۆربوو، هەروەها لەفرۆشتنیشی هەرێم ناچاربوو بەنرخی کەمتر بیفرۆشێت تاوەکو کۆمپانیاکانی دەرەوە لێی بکڕن». وتیشی «ئەوە پارەیەی لەفرۆشتنی نەوت بەدەست دەهات دەبوو ئاڕاستەی کەرتی بەرهەمهێنان بکرێت، نەک بکرێتە داهات بۆ مووچە، ئەمەش وایکردووە ژێرخانی ئابووری حکومەتی هەرێم سفر بێت». سەبارەت بەڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان سەعد عەبدوڵڵا گوڵپی روونیکردەوە «راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی ئابووری نییە، بەڵکو کاریگەرییەکی سیاسییە لەبەرئەوەی ئەوکاتەی نەوتیش دەفرۆشرا هەر مووچە بەدوو مانگ جارێک دابەش دەکرا یاخود نیو مووچە دابەشدەکراو ئاستی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریش بەپێی پێویست نەبوو، بەڵام ئێستا راگرتنی هەناردەکردنی نەوت دۆخەکەی خراپتر کردووە، چونکە خۆمان نەوت نافرۆشین و بەغداش بەپێی پێویست پارە نانێرێت». ئەم شارەزای ئابووریە پێی وایە ئەگەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی رابردوو دەستپێبکاتەوە، ئەوا هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئابووری هەرێم نابێت، بەڵام ئەگەر لەڕێگەی سۆمۆوە نەوت هەناردە بکرێت، یان لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتنی سیاسی بکرێت کە هەرێم نەوت نەفرۆشێت و حکومەتی عێراق خۆی نەوتەکە بفرۆشێت و بودجەی تەواوەتی بۆ هەرێم بنێرێت، ئەوا قازانجی زیاتر دەکرێت. وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵیادی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد «لەهەوڵەکانمان بۆ دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامین، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ رێککەوتبوون لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردە، تائێستا دەستی پێنەکردووەتەوە». ئەوەشی خستەڕوو «نەوتی هەرێم بێ خەرجکردنی بودجە دامەزراوە، بەڵام لەبودجەدا هاوشێوەی ئەو پیشەسازییانە هەژمارکراوە کەملیارەها دۆلارییان لەسەر بودجەی گشتی تێچووەو ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەهەرێمی كوردستان ناگونجێت». وەزارەتی سامانە سروشتییەکان روونیکردووەتەوە «نه‌وتی هه‌رێم ته‌نها له‌ ١٠٪ی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق پێكده‌هێناو داهاتی ئه‌م نه‌وته‌ ته‌نها به‌شێك له‌شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێم له‌بودجه‌ی گشتیی وڵات بوو، هه‌ر له‌دوای راگرتنی هه‌ناردنی نه‌وتی هه‌رێم، هه‌رێمی كوردستانیان خستووه‌ته‌ ناو قه‌یرانێكی دارایی تونده‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پێدانی موچه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دواكه‌وتووه‌«. بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت، حكومه‌تی هه‌رێم بڕی زیاتر لە ١١ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی راده‌ستی حكومه‌تی فیدڕاڵ كرد، تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت یه‌ك دیناری وه‌رنه‌گرتووه‌، بۆئه‌وه‌ی بتوانێت شایسته‌ داراییه‌كانی كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی نه‌وت بداته‌وه. ئەوەش باسکراوە کە بەمەبەستی چارەسەری ئەم کێشانە هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم راسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم. هەروەها کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان «ئەپیکۆر» راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا ئاماژەی بەزیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کردو رایگەیاند «بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە داهاتی عێراق نزیکەی ١١ ملیار دۆلار کەمیکردووە». ئاماژە بەوەشکراوە «بڕی قەرزی ئەپیکۆر لای حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەک ملیار دۆلارە کە لەمانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ بۆ مانگی ئازاری ٢٠٢٣یە، هەروەها زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر لەهەرێمی کوردستان راگیراوە». ئەوەشخراوەتەڕوو «داهاتی ساڵانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت بەڕێژەی ٦٠٪ کەمیکردووە بەهۆی ئەوەی فرۆشی ناوخۆی جێگەی فرۆشی بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی گرتووەتەوە». وەک لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان بەردەوامەو جیاوازییەکەی تەنیا لەداهات و نرخی فرۆشتندایە کە بەراورد بەپێشووتر بەڕێژەی ٦٠٪ کەمبووەتەوەو بەو پێیەش ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان ٣٠ بۆ ٣٥ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئاڵپارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا چەندینجار لەلێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کەهەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دیارینەکراوە. وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕاگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، هیچکات بەبڕیاری عێراق هەناردەی نەوت رانەگیراوە، بەڵکو ئەوە بەبڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس بووە. وەزارەتی عێراق دەشڵێت «زیانمەندی گەورە لەڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە حکومەتی عێراقی بووە». رۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ بەهۆی بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆری بەندەری جەیهانەوە راگیراو عێراق سکاڵاکەی لەتورکیا بردەوە، ئەنقەرە بەپێدانی قەرەبووی یەک ملیارو 400 ملیۆن دۆلار بەعێراق پابەندکراوە، بەڵام تورکیا دەیەوێت بەدەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەسکاڵاکە رزگاری ببێت.

سازگار ئەحمەد  بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسی پێکهاتەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا بەمشێوازەی ئێستا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە بەشدارینەکردنی پارتی کێشەی گەورە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دروستدەکات. رۆژی ١٨ی ئازاری ٢٠٢٤ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند «لەسۆنگەی تێگەیشتنمان لەپێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لەپاراستنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فیدراڵی عێراق، هەروەها رەوایی نەدان بەهەڵبژاردنێكی نادەستوری و نادیموكراسی و وەستانەوە لەبەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بەبەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستوریی و سیستەمێکی سەپێنراو لەدەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بەنایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت». بورهان شێخ رەئوف، چاودێری سیاسی لەبارەی بڕیارەکەی پارتییەوە بەهاوڵاتی راگەیاند «بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کێشەیەکی گەورەدەبیت لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەهەرێم، چونکە پارتی هێزی چەکداری هەیەو دەسەڵاتی بەسەر هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆکدا زاڵە». ئاماژەی بەوەشکرد «کە پارتی دەڵێت بەشداری ناکەم تەنها ئەوە نییە بەشداری هەڵبژاردن نەکات، بەڵکو رێگە دەگرێت لەبەشداریکردنی ئەو ناوچانەی دەسەڵاتی ئەون، ئەمەش کێشەی گەورە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان دروستدەکات». ئەم شارەزا سیاسییە پێی وایە ئەگەر بەهۆی ئەم بڕیارەی پارتییەوە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت ئەوا حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستای هەرێمی کوردستان ئەو بەهایەی نامێنێت کەهێزێک دیاریبکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، چونکە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەونە بۆشایی دەستووری و یاساییەوە، ئەمەش رێگە بۆ حکومەتی ناوەندی خۆشدەکات کەوەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات. بورهان شێخ رەئوف وتی: «ئەم ناکۆکییانەی کە هەیە رێگەی زیاتر بۆ حکومەتی عێراق خۆشدەکات، چونکە ئێمە لەئێستادا نە پەرلەمان و نە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنمان هەیەو حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمیش کاربەڕێکەرن، بۆیە ئەمە لەداهاتوودا حکومەتی عێراق و دادگای فیدراڵی سەرپشک دەکات کە چ بڕیارێک لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان بدات». لەدوای تێپەڕبوونی دوو رۆژیش بەسەر بڕیاری بەشدارینەکردنی پارتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لەعێراق رایگەیاند «پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردو شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لەدەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە، كە تێیدا دەنگدەران لەمافی دەنگدان بێبەش نەكرێن و پڕۆسەی دیموكراسی بێبەها نەكرێت و یاساکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێن». هەروەها ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بەهاوڵاتی وت: «پێموایە بەم بڕیارەی پارتی هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت لەهەرێمی کوردستان، لایەنی کەم پارتی لەزۆنی خۆی ناهێڵێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، کەواتە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەبێتە ئەستەم». «چارەنووسی هەرێمی کوردستانیش لەبەردەم چەند ئەگەرێکدا دەبێت یان دوو ئیدارەیی دروستدەبێت یاخود دەگەڕێینەوە پێش ساڵی ٢٠٠٥ یاخود قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە و حکومەتی فیدراڵی وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵەمان لەگەڵ دەکات» ئەبوبەکر هەڵەدنی وا دەڵێت. ئاماژەی بەوەشدا «ئۆباڵی ئەم دۆخەی ئێستا لەئەستۆی هەردوو حزبی دەسەڵاتە ئەگەر دوو ساڵ پێش ئێستا هەڵبژاردنیان بکردایە هیچ لەمەسەلەکە نەدەگۆڕاو هەروەک خۆی دەمایەوە، بۆیە لەئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە بەرەو تونێلێکی زۆر خراپ دەڕوات و رووداوی چاوەڕواننەکراو روودەدات». ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وتیشی «هەموو ئەو کارتانەی لەدەست حکومەتی هەرێمن بەرامبەر بەغدا هەمووی لاوازن، چونکە هەرێم پەرلەمانی نەماوەو حکومەتەکەی کاربەڕێکەرەوەو ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵوەشاونەتەوەو نەوت لەدەست عێراقەو لەسەروو هەمووشیانەوە نەبوونی یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی هەرێم». ئەبوبەکر هەڵەدنی پێشیوایە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان دوا خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بووە، ئەمەش لەسایەی ئەو فۆڕم و شێوازو عەقڵییەتە حوکمڕانییەی کە ئێستا لەهەرێمی کوردستاندا هەیەو ماوەی ٣٣ ساڵە سەرجەم دەرفەتەکانی لەدەستداوە.  بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوەو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند «بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خزمەت بەبەرژەوەندیی پارتی و گەلی کوردستان و عێراق ناکات، ئێمە نیگەرانین و پشتیوانیی هەڵبژاردنێک دەکەین هەموو لایەک تێیدا بەشداربێت». پارتی دیموکراتی کوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکات کە تایبەتن بەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام دادگای فیدراڵی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکان و سەرکردەو لایەنەکانی عێراقیش دەڵێن، پێویستە هەموو لایەنەکان پابەندبن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوەو نابێت بڕیارەکانی ئەو دادگایە پێشێل بکرێت. تەنانەت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش جگە لەپارتی پشتیوانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەن و داوادەکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت، چونکە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگە و پەیوەستە بەژیانی خەڵک و لایەنی سیاسی و ئابووری هەرێمەوە. هەروەها کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت «دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت و ئامادەکارییەکان بەردەوامی هەیە». لەلایەکی دیکەوە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق – یۆنامی لەپەیامێکدا وتی «تێبینی بڕیارەکەی پارتی دەکەین لەبارەی بەشدارینەکردنی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا زۆر گرنگە و داوا لەلایەنەکان دەکەین بۆ بەرژەوەندیی خەڵک کاربکەن تاوەکو بەرەو چارەسەر هەنگاوبنێن، نەک بەرەو چەقبەستووییەکی دیکەی درێژخایەن». بەپێی ئەو وادەیەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە بڕیارە لە رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات.