دلێر عەبدوڵڵا یەكێتی هەوڵەكانی بۆ ئاشتكردنەوەی سەركردە دابڕاوەكان دەستپێكردو بەڕاسپاردەی سەرۆكی ئەو حزبەش، عومەر شێخ مووس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی دیاریكرا بۆ ئەوەی دەست بەكۆبوونەوە بكرێت لەگەڵ سەركردە دابڕاوەكان، لەبەرامبەر باڵەكەی لاهوری شێخ جەنگی هیچ جووڵەیەكی سیاسی نییەو چاوەڕێی كردنەوەی دەرگای تۆماری قەوارەكان دەكات لەلایەن كۆمسیۆنەوە بۆ ئەوەی وەك لیستێكی جیا بەشداری هەڵبژاردن بكەن. پاش كۆتایی هاتنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەرۆكی ئەو حزبە بڕیاریداوە كە لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ كۆبوونەوەو دانیشتن لەگەڵ سەركردە دابڕاوەكانی حزبەكەی، تا بگەڕێنەوە ناو یەكێتی و دووبارە دەست بەكاری سیاسی بكەنەوە. لەوبارەوە لەتیف نێروەیی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی سەركردە دابڕاوەكان، یەكێكە لەبڕیارەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی، لەكۆنگرە پێشنیاركراو دواجار كرا بەبڕیارو بۆ ئەوەش لیژنەیەكی باڵا پێكهێنرا بۆ ئەو پرسە كە بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت.» ئەگەرچی دوای كۆنگرە بڕیار لەسەر ئاشتكردنەوەی سەركردە تۆراوەكان دراوە، بەڵام چاودێرێكی سیاسی پێی وایە كەپێش كۆنگرە ئامادەكاری بۆ ئەوە كراوەو یەكێتی و خودی سەرۆكەكەشی بەرنامەڕێژییان كردووە تا پاش كۆنگرە ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكەن، لەوبارەوە دكتۆر كاروان حەمە صاڵح چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت «دەتوانین بڵێین ئەم پرۆسەی ئاشتەواییە لەدوای كۆنگرە بیری لێنەكراوەتەوە، پێش كۆنگرە بەرنامەی بۆ دانراوە. لەسەر ئەو بنەمایەی كە لەناو كۆنگرە ئەوە یەكلایی بووەوە كە سەرۆكی یەكێتی دەسەڵاتی ئەوەی پێبدرێت هەموو كورسییەكان لەناو كۆنگرە یەكلایی نەكرێتەوە بەتایبەت لەناو سەركردایەتی و ئەنجومەنەكان، بۆ ئەوەی بوارێك بهێڵرێتەوە لەدوای كۆنگرە ئەو كۆمەڵەیەی نەهێنرانە ناو كۆنگرە، خۆیان لەپاش كۆنگرە بانگهێشتیان بكەنەوە ناو حزب.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، عومەر شێخ مووس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دیاریكراوە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیە بكات كە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەركردە دابڕاوەكان پێكهێنراوە، لەوبارەوە لەتیف نێروەیی بەهاوڵاتی وت «لیژنەكە بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی و ئەندامێتی هەڤاڵ عومەر شێخ موس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و هەڤاڵ شێخ جەعفەر بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، لەیەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەم بابەتە تاوتوێكرا بۆ ئەوەی بڕیارەكە بكەوێتە بواری پراكتیكیەوە و لەدووەم كۆبونەوە رۆژی 10ی ئەم مانگە دیاریكرا بۆ ئەوەی لیژنەكە دەستبەكاربێت، ئەمڕۆ سەردانی چەندین هەڤاڵ كراوەو لەوبارەوە قسەیان لەگەڵ كراوە، بۆیە هەڤاڵ عومەر شێخ مووس دیاریكراوە چونكە ئەو یەكێكە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر، كەسێكی نزیك بوو لەهەڤاڵ مام جەلال، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتیەوە تا ئێستا بەردەوام بووە لەخەبات و لەلایەن هەموو هەڤاڵانەوە رێز لە عومەر شێخ مووس دەگیرێت و لەناو كۆنگرەی پێنجەمیشدا كاتێك مشتومڕێك دەهاتە كایەوە ئەم بەنەرم و نیانی و ئەزموونی خۆی وای دەكرد كە ببێتەهۆی كۆكردنەوەی بیروبۆچوونەكان و گەیشتن بە ئەنجام و بڕیارێكی هاوبەش. دەتوانین بڵێین رۆڵی كاریگەری هەبووە لەسەرخستنی یەكێتی.» لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەی یەكێتی بۆ كۆكردنەوەی سەركردە دابڕاوەكان، لیستەكەی لاهوری شێخ جەنگی هیچ جووڵەیەكی سیاسی نییەو چاوەڕێی كرانەوەی دەرگای تۆماركردنی لیست و قەوارەكان دەكات لەكۆمسیۆن تا وەك هێزێكی سیاسی بۆ هەڵبژاردن تۆماربكرێت، لەوبارەوە بەختیار كاوانی كەسی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی بەهاوڵاتی وت «هێشتا قەوارە لەكۆمسیۆن داوا نەكراوە، ئەوەی هەیەو نییە كاك لاهور گوتویەتی لیستم دەبێت. تەنها ئەوە هەیەو هیچی تر، سەبر بگرن لەداهاتوودا هەموو شت یەكلایی دەبێتەوە.» هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەهەوڵەكانی یەكێتی بۆ ئاشتكردنەوەی سەركردە دابڕاوەكان، رێگرییە بەرامبەر هەر هەوڵێكی لاهوری شێخ جەنگی بۆ بەهێزكردنی لیستەكەی، لەوبارەوە سەرچاوەیەكی نزیك لە لیستەكەی لاهوری شێخ جەنگی بەهاوڵاتی وت «یەكێتی دەبوو پێش كۆنگرە ئەوەی بكردایەو هەموو جەمسەرەكان لەكۆنگرە بەشداربووان، تا بەهۆیەوە یەكێتی بەهێز بووایە. نەك ئەو فەراغە هەبێت و یەكێتی بەو پەرتەوازەییە بهێلِرێتەوە، ئاشكرایە هەوڵەكان بۆ ئەوەیە كە ئەو سەركردە دابڕاوانە پەنا بۆ هێزو كەسایەتی تر نەبەن، بەڵام یەكێتی هەڵەی كرد دوای كۆنگرە ئەوە دەكات، دەبوو پێش كۆنگرە بەوكارە هەستایە.» هەوڵەكەی یەكێتی بەچەند قۆناغێك دەبێت، سەرەتا سەركردەكان و دواتریش ئۆرگان و مەكتەبەكان. كە بۆ ئەوەش لیژنەی تایبەتمەند پێكهێنراوە، لەوبارەوە لەتیف نێروەیی بەهاوڵاتی وت «لەدوای كۆنگرە هەوڵەكانمان بە ئاراستەی كۆكردنەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەكانی یەكێتیە، كۆكردنەوەی هەڤاڵانمانە لەهەموو ئۆرگانەكان. لەیەكەم هەنگاویشدا لەسەركردەكانەوە دەستپێدەكات و هەمو ئۆرگانەكان دەگرێتەوەو بەدروشمەكەی مام جەلال كە دەڵێت كەسمان لێ زیاد نییە، بەردەوام دەبین لەكۆكردنەوەی یەكێتییەكان.» هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە لیژنەكە لەگەڵ تەواوی سەركردە دابڕاوەكان جگە لەنزیكەكانی لاهوری شێخ جەنگی كۆدەبێتەوەو دانیشتن و گفتوگۆیان لەگەڵ دەكرێت، لەوانە حاكم قادرو مەلا بەختیار، لەئێستاشدا گفتوگۆو دانیشتن لەگەڵ سامان گەرمیانی ئەنجامدراوەو ناوبراو نزیكبووەتەوە لە پەیوەندیكردنەوەی بە یەكێتی، هەروەك ئەوەی لەتیف نێروەیی بەهاوڵاتی وت «دوێنێ یەكەم دانیشتن ئەنجامدراوەو گفتوگۆ لەگەڵ هەڤاڵ سامان گەرمیانی كراوە، ئومێدمان هەیەو دەتوانین بڵێین ئەنجامی باشمان دەبێت.» بەهۆی كێشەو ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتیەوە، دەیەها سەركردەو كادیری پێشكەوتوی ئەو حزبە وازهێنانی خۆیان راگەیاندو لەیەكێتی دووركەوتنەوە. بەتایبەت پاش رووداوەكانی هەشتی تەمموزی ساڵی 2021 كە براوەی یەكەمی كۆنگرەی چوارەم كرایە دەرەوەی حزبەكەو بەدوایدا چەندان سەركردەی تر دەركران و چەندانی تریش وازهێنانی خۆیان راگەیاند.
سەركۆ جەمال هێشتا پرسی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا جێگەی مشتومڕە، هەرچەندە بەوتەی چەند سەرچاوەیەك سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە ئەگەر پڕۆژەكە لەپەرلەمان تێپەڕێت جێبەجێی بكات، بەڵام پارتی بەپڕۆژەیەكی نامەعقولی دەزانێت، لایەنەكانی دیكەش پشتیوانی دەكەن، لەكاتێكدا زیاتر لە 60 هەزار واژۆی فەرمانبەران و مامۆستایانی بۆ كۆكرایەوە. سودانی بەمەرج پڕۆژەكە دەكاتە بڕیارو جێبەجێی دەكات غالب محەمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»شەوی یەكشەممە لەگەڵ یوسف كیلابی پەرلەمانتاری شیعەكان قسەمكردووە دەڵێت سەردانی محەمەد شیاع سودانیم كردووە وتوویەتی لەدەسەڵاتیدا نییە جێبەجێی بكات بەڵام ئەگەر بیخەنە بودجەوە ئەوكات ئامادەیە جێبەجێی بكات». وتیشی:»نزیكەی دوو هەفتەی دیكە بودجەی 2024 دەست دەکرێت بەگۆڕانكاری و ئەگەر تیایدا جێگیر بكرێت و لەپەرلەمان تێپەڕێت پێویستە جێبەجێ بكرێت، لەحاڵەتی جێبەجێنەكردنیشیدا دەكرێت پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببرێت». «ئەو پڕۆژەیە دەبێت جێبەجێ بكرێت ناكرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەوشێوەیە بدرێت، دەبێت لەلایەن پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا هەوڵی جددی بۆ بدرێت، چونكە ئەو 700 ملیارە بۆ سێ مانگ بەمەرج نێردراوە كەیەكێكیان پێداچوونەوەی لیستی مووچەی هەرێمە». غالب محەمەد وای وت. ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق دەشڵێـت:»زۆربەی پەرلەمانتارە كوردەكان لەپارتی دەترسن بۆیە كار بۆ ئەو پرسە ناكەن، پێم سەیرە خۆیان مووچەیان لەسەر بەغدایەو نایانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ بەغدا بیدات». نەوەی نوێ پێی وایە بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكە چیتر مووچە نابێتە هەواڵ لەبەرامبەردا رێبوار ئەوڕەحمان، وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:»ئەگەر ئەم پڕۆژەیە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و وەك ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە، بەڵێ گرفتی دابەشكردن و دواكەوتنی مووچە لەهەرێم كۆتایی دێت». وتیشی:»مانگانە پارە دەچێتە سەر هەژماری تی بی ئای و لەكاتی خۆیدا دەچێتە سەر هەژماری مووچەخۆرانی هەرێم و دواناكەوێت، ئەوكات بەشێوەیەكی بنەڕەتی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەبێت و چیتر مووچە نابێتە هەواڵ». پێشتر جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:»ئەوەی كراوە هەوڵێكەو واژۆ كۆكراوەتەوە دەبێت لەپەرلەمان تێپەڕێت دواتر حكومەتی عێراق جێبەجێی بكات، ئەگەر نیسابی دانیشتنەكە تەواو ببێت و پەنجا كۆیەكی پەرلەمان دەنگی لەسەربدات دەبێتە بڕیار». پارتی پڕۆژەكە بە «نامەعقول و دەستبڕین» ناودەبات شوان محەمەد پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:»ئەو پڕۆژەیە دەستبڕینە و تەنها بۆ موزایەدەیە لەڕێگەی چەند پەرلەمانتارێكی شیعەوە كەپێشتر لەسەر ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێم سكاڵایان تۆماردەكرد، ئێستا چۆن رازی دەبن مووچەی زیاتر لەملیۆنێك فەرمانبەر راستەوخۆ لەبەغداوە بێت». وتیشی:»ئەو پڕۆژەیە سەرناگرێت چونكە بانكی تی بی ئای لەهەرێم تەنها سێ لقیان هەیە كەبچووكن جگە لەوەش دابەشكردنی مووچە لەڕێگەی ئەوانەوەو بەكارتی زیرەك كاتێكی زۆری پێدەچێت و قسەیەكی نامەعقولە». بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم بۆ هاوڵاتی:»ئەمساڵ هیچ پڕۆژەیەك بۆ گواستنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا جێبەجێ ناكرێت و دوای ناردنی دوو گوژمەی دیكەی 700 ملیار لەلایەن بەغداوە دەبێت حساباتی نێوان هەرێم و بەغدا تەسفیە بكرێت ئەوكات كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلایی دەكرێتەوە». بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەسەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی دەستیكەوتووە، وەفدێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لەهەرێمی كوردستان ماونەتەوەو راپۆرتی خۆیان لەبارەی ژمارەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نووسیوەو رادەستی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی دەكەن. هەرێمی كوردستان (ملیۆنێك و 255 هەزار) مووچەخۆری هەیە، بەڵام (658 هەزار) فەرمانبەری هەرێم لای بەغداد تۆماركراوە كەدەكاتە (52%)ی كۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە (48%)ی مووچەخۆرانی هەرێم بەفەرمی ناویان لای بەغداد نیە. دوای فراوانبوونی داواكاریەكان بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حكومەتی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەگەر مووچە لەبابەتەكانی تریش جیابكرێتەوە هەر دەبێت لەڕێگەی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێت. ئەم لێدوانەی مەسرور بارزانی وەك جۆرێك لە رازیبوون لێكدرایەوە كەكێشەی نیە بەغداد راستەوخۆ مووچە بدات، بەڵام دەبێت لەڕێگەی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێـت. ئێستا چارەنووسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پەیوەستكراوە بەهەمواری یاسای بودجەی عێراقەوە، بۆ ئەویش بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی دوو ئەگەر هەیە، یەكەمیان لەڕێگای بەغدادەوە راستەوخۆ بدرێت یاخود وەك پشكی هەرێم لەیاسای بودجەدا بێت و بەو شێوەیەی ئێستا بنێردرێت، هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پاڵپشت بەلایەنە شیعەكان كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم جیابكرێتەوە لەبابەتەكانی تری پشكی هەرێم و بخرێتە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراقەوە، سودانی و بەشێك لەپەرلەمانتارانی شیعەو لایەنە عێراقییەكان بەڵێنیانداوە لەهەمواری یاسای بودجەدا كەكۆتایی ئەمساڵ ئامادە دەكرێت، چارەسەری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بكرێت و جیگەی بۆ بكرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵە (2023-2024-2025 ) بەڵام دەبێت ساڵانە هەمواربكرێت و خشتەو (تەخسیسات) و ژمارەكان بگۆڕدرێن، بۆیە بەپێی ئەو دوو رێگا چارەیەی خراوەتەڕوو دەتوانرێت لەكاتی گۆڕینی خشتەو ژمارەو تەخسیساتەكان پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش چارەسەربكرێت و بخرێتە ناو خشتەی مووچەخۆرانی عێراقەوە جا راستەوخۆ بەغداد لەڕێگەی ئەژماری ئەلكترۆنی و بانكی (TBI) بێت یاخود بەمەبلەغ بنێردرێت و حكومەتی هەرێم خۆی دابەشی بكات. لەحاڵەتی جێگیركردن و جیاكردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەبابەتەكانی دیكەو خرایە خشتەی موچەخۆرانی عێراقەوە، ئەوا دوو رێگە هەیە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم: رێگای یەكەم ئەوەیە لەهەمواری یاسای بودجەداو لەناو خشتەی مووچەخۆرانی عێراقدا جێگەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكرێتەوە، بەڵام پشكی مووچەی مووچەخۆران راستەوخۆ لەبەغدادەوە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم و حكومەتی هەرێم خۆی مووچەكە دابەش دەكات، كە لەیاسای بودجەی عێراقدا ئەوەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە مانگانە دەكاتە (906) ملیار دینار بەم شێوەیە: - كۆی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەخشتەكانی یاسای بودجەدا ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە. -كۆی مووچەی تەرخانكراو بۆ ساڵێك: (9 ترلیۆن و 300 ملیار) دینارەو مانگانە دەكاتە (775) ملیار دینار. -بۆ مووچەی خانەنشینانی هەرێم ساڵانە (ترلیۆنێك و 346 ملیار) دینارو مانگانە دەكاتە (112) ملیار دینار. -بۆ موچەی (23)هەزار پێشمەرگە ساڵانە ( 228) ملیار دینار مانگانە دەكاتە (19) ملیار دینار واتا كۆی ئەو مووچەیەی بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان و پێشمەرگە تەرخانكراوە، دەكاتە (906) ملیار دیناری مانگانەو ئەگەر وەك خۆی بێت ئەوا لەگەڵ (25) ملیار دیناری هاوپەیمانان بەئاسانی بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكات. رێگاچارەی دووەم ئەگەر ئەو پێشنیازە سەربگرێت و بەغداد راستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی بانكی (TBI)ەوە بدات ئەوكات گۆڕانكاری درووست دەبێـت، چونكە ژمارەكان جیاوازن ئەوەی لای بەغدایە لەگەڵ ئەوەی هەرێم، جیاوازیەكە (597 هەزار) موچەخۆرە، ئەوەی لای بەغداد تۆماركراوە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە دەكاتە (52%)ی كۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كەژمارەیان (ملیۆنێك و 255 هەزار) مووچەخۆرە بەم شێوەیە: -ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم: (ملیۆنێك و 255 هەزارو 273) مووچەخۆر -ژمارەی فەرمانبەر: (752 هەزارو 959) كەس بەڕێژەی (60%) -ژمارەی مووچەخۆر: 502 هەزارو 364) كەس بەڕێژەی (40%) -فەرمانبەری مەدەنی: 430 هەزارو 231 كەس -سەربازی: 217 هەزارو 979 كەس -پۆلیس و ئاساییش: 104 هەزارو 699 كەس -خانەنشینی: 246 هەزارو 269 كەس -چاودێری كۆمەڵایەتی: 159 هەزارو 158 كەس -شەهیدان: 96 هەزارو 937 كەس ئەگەر بەغداد بڕیار بدات تەنیا مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بدات كە لای خۆی تۆماركراوەو ژمارەیان ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم جگە لە مووچەخۆران (752 هەزار) فەرمانبەری هەیە ئەوانەی لەكاردان، واتا نزیكەی (100هەزار) فەرمانبەری فیعلی هەرێم بێ مووچە دەبن، لەگەڵ ئەوەی (597 هەزار) مووچەخۆری هەرێم بێ مووچە دەبن. چونكە ئەگەر بەغداد بیەوێت راستەوخۆ مووچەی مووچەخۆران بدات دەبێت كۆی فایل و ئەوەلیات و پلەبەندی و خزمەت و ناونیشانی مووچەخۆران بداتە بەغداد كە ئەمەش ئاسان نیە، كە تەنیا (52%)ی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوەلیاتیان لای بەغدادە، خاڵێكی تر پرسی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمە كەنزیكەی (48%)ی كۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ سلكی سەربازیەو ژمارەیان (433) هەزار كەسەو كۆی گشتی: (450 ملیارو 177 ملیۆن) دینار مووچەكانیانە كەدەكاتە 48%ی كۆی مووچەی مووچەخۆران كە بۆ مانگێك (944 ملیار) دینارە.
شەنای فاتیح لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و دابەزینی پلەكانی گەرما خواستی هاووڵاتیان لەسەر سوتەمەنی و بەتایبەت نەوتی سپی زیاد دەبێت، بەهۆی ئەوەش كەحكومەتی هەرێم پاڵپشتی نرخی نەوتی سپی ناكات، نرخەكەی بەرزدەبێتەوە، فرۆشیارێكی نەوت ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لەماوەی هەفتەیەكدا نرخی نەوتی سپی 20 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. هەفتەی رابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كەپڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپیی ماڵان دەستیپێكردووەو سەرەتا لەناوچە شاخاوییەكانەوە دەستپێدەكەن. هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بودجەی پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابینكراوەو هەر خێزانێك بڕی 200 لیتر نەوتی سپی پێدەدرێت لەبەرامبەر 100 هەزار دیناردا. بەوتەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، بڕی شەش ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوت بۆ ناوەندەكانی خوێندنی حكومی لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان دابینكراوە كە لەپێنجی تشرینی یەكەمەوە دەست بەدابەشكردنی كراوە. گەیلان جەمال، بەڕێوەبەری تاقیگەی ناوەندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئاگاداری پرسی دابەشكردنی نەوت نیم و زانیاریم نییە، ساڵی رابردووش بەهەمان شێوەی ئەمساڵ بەرمیلێك نەوت بە 100 هەزار دینار بەهاووڵاتیان دراوە». وتیشی: «نەوت لەناو شارەكان دابەشنەكراوەو ساڵی رابردوو و رابردووتریش دابەشكردنی نەوت لەناوچە شاخاوییەكان كۆتایی پێنەهاتووە». هاوڵاتی گفتوگۆی لەگەڵ چەند فرۆشیارێكی نەوتدا كردو ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد كەنرخی نەوتی بازرگانی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوەو بەراورد بەساڵی رابردوو بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 65 هەزار دینار زیادیكردووە، هەروەها باسیان لەوەشكرد كە بەهۆی ئەوەی هێشتا لەوەرزی پایزداین نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزنەبووەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لەوەرزی زستاندا نرخەكەی زیاتر بەرزببێتەوە». عەلی فوئاد، كە پیشەی نەوتفرۆشە لەسەنتەری شاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «خواستی هاووڵاتیان لەسەر نەوت تاهەفتەیەك بەر لەئێستا زۆر باشبوو، بەڵام بەهۆی دابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتەوە لەچەند ناوچەیەك كەمێك بازاڕ لاواز بووەو هاووڵاتیان گلەییان لەبەرزی نرخی نەوت هەیە». سەبارەت بەنرخی نەوت ئەو نەوتفرۆشە باسی لەوەشكرد « هەفتەیەكە نرخی نەوت لە 165 هەزار دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 185 هەزار دینار، پێنج رۆژ لەمەوبەر لیترێك نەوتمان بە 680 دینار كڕیوەو لەم رۆژانەدا بە 770 دینار كڕیومانە، بەدابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتەوە نرخی نەوتی بازرگانیش دادەبەزێت». «نرخی نەوت لە 21ی ئازاری ساڵی رابردوو 120 هەزار دیناربوو تانزیكەی دوو مانگ لەمەوبەر، ئەو كاتە بوو بە 150 هەزارو پاشان بەرزتربووەوە بۆ 160 هەزار دینار، بەڵام لەئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 185 هەزار دینارە». عەلی فوئاد وای وت. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی نرخی جۆرەكانی نەوت لەبازاڕدا جیاوازەو نەوتی كەركووك هەرزانترین نرخی هەیە، كەبەم شێوەیەن: نرخی نەوتی بێجی بە 185 هەزار دینارە، نەوتی بەغدا بە 170 هەزار دینارو نرخی نەوتی كەركوكیش بە 160 هەزار دینارە. ئەمە لەكاتێكدایە كە زستانی ساڵی رابردوو نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 305 هەزار دینار کە بەرزترین ئاست بوو بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوت نرخەکەی دەستی بەدابەزین کرد. هاووڵاتیان گلەییان لەنرخی نەوت هەیەو دەڵێن ئەو نەوتە هاوردەكراو نییە تا باجی بچێتە سەر. ئەحمەد عەبدوڵا، هاووڵاتییەكی شاری سلێمانییە بەهاوڵاتی وت: بۆ ئەمساڵ بەر لەهاتنی وەرزی زستان بەرمیلێك نەوتم كڕیوە بە 170 هەزار دینار كە لەم بارودۆخە داراییە ناهەموارەدا ئەو نرخە زۆرە چونكە نەوتەكە لەدەرەوە بۆمان نایەت و هی وڵاتی خۆمانە. ساڵانە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرمیلێك یان دوو بەرمیل نەوت بەرامبەر بڕێك پارە بەهەر خێزانێك داوە لەوەرزی زستاندا، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆكاری قەیرانی داراییەوە پڕۆسەكە خاو بووەتەوەو زۆرجار هاووڵاتیان ناچارن لەوەرزی زستاندا نەوتی بازرگانی بكڕن كەهەندێكجار بەسێ هێندەی نرخی راستی كڕیویانە.
دلێر عەبدوڵڵا لەپەرلەمانی بەغداوە هەوڵی ئەوە دەدرێت هەمواری یاسای بودجە بكرێتەوە تا لەڕوی یاساییەوە گرفت بۆ هەوڵەكانی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا دروستنەبێت، پەرلەمانتارێكی عەرەب ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كەهەموو كارێك دەكات بۆ ئەوەی هەوڵەكان بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەربگرێت و هۆشداریشیدا بەوەی كە ئەگەر بێتو وەزیری دارایی هەرێم بەردەوام بێت لەپەكخستنی ئامادەبوونەكەی لەبەردەم لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوا پارەداركردنی هەرێم رادەگیرێت و چیتر بەغدا پارە رەوانەی هەرێم ناكات. هەوڵەكان بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا، بەردەوامی هەیەو لەئێستادا بووەتە پرسێكی سەرەكی و چەندین پەرلەمانتارو لایەن و فراكسیۆنی جیاواز كاری لەسەر دەكەن، بەتایبەت یوسف كیلابی پەرلەمانتاری عەرەب لەبەغدا كە دەیەوێت ئەو هەوڵە بگەیەنێتە كۆتایی، لەوبارەوە ناوبراو بەهاوڵاتی وت «داواكاری موچەخۆرانی هەرێم بەهەند وەردەگرین، ئێمە زیاتر لە 60 هەزار واژۆمان بۆ هاتووەو وەك نوێنەرێكی راستەقینەی گەلانی عێراق، هەوڵ بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دەدەین و تاكۆتاییش بەردەوام دەبین.» ئەگەرچی لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە، پێدانی راستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە گرفتی هەیە، بەڵام هەوڵەكان بەردەوامن و موچەخۆرانیش لەچاوەڕوانیدان تا داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێت، بەپێی وتەی عەبدولقادر ساڵح راوێژكاری یاسایی بۆ هاوڵاتی، «گواستنەوەی مووچە بۆسەر حكومەتی ناوەندی، پێچەوانەی مادەی 117ی دەستوورە. چونكە ئەو ماددەیە دانی ناوە بەحكومەتی هەرێم و سێ دەسەڵاتەكە، كەواتە پێدانی مووچە لەدەسەڵاتی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمەو ئەو جیهەتە تایبەتمەندە بەو پرسە. بۆیە بەبڕوای من حكومەتی هەرێم ئەگەر خۆیشی بیەوێت ئەو كارە بكرێت، بەڵام دەستوور رێگرەو ئەو كارێكی ئەستەمە. بۆ؟ چونكە بەجێبەجێبوونی ئەو حاڵەتە، حكومەتی بەغدا لەحكومەتێكی فیدڕاڵییەوە دەبێتە مەركەزی و ئەوەش پێچەوانە دەبێتەوە لەگەڵ دەستووردا. دەكرێت حكومەتی بەغدا پابەند بكرێت بەدابینكردنی پارەو پێدانی مووچە بەهەرێم، نەك بەپێچەوانەوە راستەوخۆ بەغدا موچە بدات بەفەرمانبەران. جگەلەوەش ئەوە پێچەوانەی یاسای موازەنەیەو بەهیچ جۆرێك یەكناگرێتەوە لەگەڵیدا، لەلایەكی ترەوە بەبڕوای من حكومەتی عێراقی ناچێتە ژێر باری ئەو ژمارە خەیاڵیانەی كە لەهەرێمدا هەیە. بۆیە بەكۆی گشتی پێمان وایە رێگری یاسایی و دەستووری و واقیعیش هەیە بۆ ئەوەی كە نەتوانرێت مووچە راستەوخۆ لەبەغداوە بدرێت بەفەرمانبەرانی هەرێم.» سەرەڕای ئەو رێگرییە دەستووری و یاساییە، بەڵام یوسف كیلابی و نەوەی نوێ سوورن لەسەر هەوڵەكانیان و دەیانەوێت بەڕێگەیەكی یاسایی هەوڵەكانیان بگەیەننە ئامانج، ئەویش هەمواركردنەوەی یاسای بودجە. لەوبارەوە كیلابی بەهاوڵاتی وت «هەفتەی داهاتوو پرۆژە یاسایەك پێشكەش دەكەین بۆ هەمواری یاسای بودجە، پاش ئەوەش دەتوانین موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگوازینەوەو ئاواتی هەموو موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی خۆشەویست بەدیبهێنین و هەموو هەوڵێكیش ئەدەین و تاكۆتایی لەگەڵیدا دەڕۆین و پشت بەخوا سەركەوتووش دەبین.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، هەمواركردنەوەی پرۆژەیاسای بودجە، پێشنیاری لایەنێكی سیاسی هەرێمە، هاوكات چەندین پەرلەمانتارو فراكسیۆنی جیاوازی عێراقی، دەنگیان یەكخستووەو لەهەوڵی ئەوەدان پرۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجە پێشكەشی پەرلەمان بكەن، لەوبارەوە سەرچاوەیەك لەنەوەی نوێ بە هاوڵاتی وت «دەنگێكی زۆرمان كۆكردوەتەوەو زۆرینەی لایەنە كوردییەكان و بەشێكی زۆری عەرەبەكانیش لەگەڵماندان.» لەگەڵ بەردەوامی هەوڵەكان بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام ئەگەر هەیە بەهۆی ئامادەنەبوونی وەزیری دارایی هەرێم لەدانیشتنی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارەداركردنی هەرێم لەلایەن بەغداوە رابگیرێت، لەوبارەوە یوسف كیلابی بەهاوڵاتی وت « نەهاتنی وەزیری دارایی هەرێم بۆ ئێرەو وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكەی لیژنەی دارایی بەئامادەنەبوونی لەدانیشتنی میوانداریكردنیدا، مانای وایە كە كێشەو گرفت و ناڕوونی هەیەو ئەوان نایانەوێت دەركەوێت و بۆ ئێمەی روون بكەنەوە، كێشەكانیش لەژمارەی فەرمانبەراندایە، ئەوان نایانەوێت ئەو پارەیەی دەینێرین بیدەن بەفەرمانبەر، واتە ئەگەر ئەوان گرفت و كێشەیان نەبێت ئەوا شتەكان روونن و پێویست بەم دواخستن و پەكخستنە ناكات و ئامادە دەبوون، لەبەرئەوە پێمان وایە كە هۆكاری سەرەكی ئەو كێشانە وەزیری داراییە، دەبوو ئەم هەفتەیە بێتە ئێرە، بەڵام نەهاتووە. ئەگەربێتوو بەردەوام بێت لەسەر دواخستنی ئامادەنەبوون، ئەوكات كێشەو گرفتی بۆ دروست دەبێت، بەدڵنیاییەوە پرۆسەی ناردنی پارە كۆتایی دێت و ئیتر ناتوانین هیچ بڕە پارەیەك بنێرینە هەرێم. چونكە ئەمە رێكەوتنە، ئەوكاتەی كە مەسرور بارزانی هاتە بەغداو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی كرد، لەسەر دوو بڕگە رێكەوتن، یەكەم پێشكەشكردنی داتای راست و دروستی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها ناردنی وەزیری دارایی هەرێم بۆ بەغدا. بەڵام دەبینین هیچكام لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەبوون، بەواتایەكی تر واتە بارزانی بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكرد.» چەندین جار بەهۆکاری جیاواز دانیشتنی پەرلەمان بۆ بانگێشتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، دواخراوە و لەهەفتەی رابردووشدا حکومەتی هەرێم بەنووسراوێک لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاگادارکردەوە کە ئاوات شیخ جەناب تا دوو هەفتەی تر ناتوانێت سەردانی بەغدا بکات. بەپێی نووسراوەکە، «ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ئەم هەفتەیەو هەفتەی داهاتووش ناتوانێت ئامادەبێت لە لیژنەی دارایی، چونکە لەوەزارەتەکەیدا سەرپەرشتی ئامادەکردنی داواکارییەکان دەکات بۆ دەستکردن بەوردبینی ژمارەو بڕی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشین و ئەوانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لەهەرێمی کوردستان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان». بابەتی موچەی فەرمانبەران، بووەتە كێشەو گرفتی سەرەكی لەهەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمیش وەك دەسەڵاتی جێبەجێكردن تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات و رێگریش لەهەر هەوڵێك دەكات بۆ ئەوەی پێدانی موچەی فەرمانبەران بگوازرێتەوە بۆ بەغداد، ئەمەش نیگەرانی لای موچەخۆران دروستكردووەو بەگومانەوە لەهەر هەوڵێك دەڕوانن كە بەئاراستەی چارەسەری كێشەكەیان بدرێت.
سەركۆ جەمال نزیكەی هەفتەیەكە توركیا بەچڕی لەزەوی و ئاسمانەوە بۆردوومانی ناوچە كوردیەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەكات، بەپێی ئامارێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەپێنج رۆژی هێرشەكەدا 72 هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوەو 55 دامەزراوەی مەدەنی و پەیوەست بەژیانی هاووڵاتیانی كردووەتە ئامانج، بەهۆی هێرشەكانەوە 45 كەس شەهیدبوون كەبەشێكیان مەدەنین. سیامەند عەلی، وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هێرشەكانی توركیا دوای وتەكانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان چڕبوونەوە، تائێستاش لەڕۆژئاوای كوردستان بەهۆی ئەو هێرشانەوە 45 كەس شەهیدبوون كەبەشێكیان مەدەنین». وتیشی:»لەو كەسانەی شەهیدبوون 11 كەسیان مەدەنین و ئەوانی دیكەش ئەندامی هێزە ئەمنیەكانن كە 29یان ئەندامی ئاسایشی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرن و زۆربەی زیانەكانیش لەحەسەكەن». وتەبێژی یەپەگە باس لەوەشدەكات توركیا لەڕێگەی 34 هێرشی ئاسمانیەوە 23 دامەزراوەی مەدەنی لەڕۆژئاوای كوردستان كردووەتە ئامانج لەوانەش (پێگەی نەوتی لەشارۆچكەی كرداهۆڵ، وێستگەی سیكركا، وێستگەی تەقل بەقڵی نەوتی، وێستگەی ئاوی خانا، وێستگەی كارەبای مالیكیە، ناوچەی پیشەسازی دەوروبەری حەسەكە، نووسینگەیەكی دراو لەمشیرفە، رادیۆی ستار، دەوروبەری كەمپی رۆژ، كارگەیەك لەكۆبانی، كارگەی رستن و چنین لەعامودا، یاریگەیەكی وەرزشی لەكۆبانی، نەخۆشخانەی كۆرۆنا لەكۆبانی، كۆمپانیایەكی نەوت لەقەحتانیە، وێستگەی ئاوی باكوری حەسەكە، وەرشەی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل لەباشوری رۆژئاوای سررین، وێستگەی ئاو لەگوندی رەكبە لەدەوروبەری تل تەمر، وێستگەیەكی كارەبا لەدەوروبەری حەسەكە، وێستگەیەكی كارەبا لەقامیشلۆ، قوتابخانەی گوندی داد عەبداڵ لەدەوروبەری تل تەمر. بەوتەی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەو هێرشانەی توركیا لەسوریا ئەنجامیاندەدات، تاوانی جەنگە بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت، داواش دەكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش فشار بخەنەسەر حكومەتی توركیا كە ئەو هێرشانە بوەستێنێت، هاوكات ئامادەیی خۆشی نیشاندەدات دۆسیەكانی پەیوەست بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەكان و كوشتنی هاووڵاتیان بگەیەنێتە ناوەندە نێودەوڵەتیەكان. ئارام حەنا، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: لەڕۆژی نۆی تشرینی یەكەمی 2023 لەكاتژمێر 9:30 خولەكی بەیانی هێزەكانمان لەگوندەكانی (ئوم شەعیفە، باب ئەلفەرج، تل محەمەد، ئەلداودیە و عەبدولحەی) لەدەوروبەری شارۆچكەی زركان لەباكوری حەسەكە، هێزەكانی توركیای داگیركەریان كردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە چوار سەربازیان كوژراون و پێنجی دیكەش برینداربوون. ئارام حەنا دەشڵێـت: لەچوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی سوپای توركیا، هێزەكانمان توانیویانە لەچەندڕۆژی رابردوودا 15 سەربازی توركیا بكوژن و 13 ی دیكەش برینداربكەن. وتەبێژی هەسەدە وتەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش رەتدەكاتەوە كەڕایگەیاندبوو لەهێرشەكانیاندا بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا 194 پێگەیان بەئامانج گرتووەو بەهۆیەوە 162 ئەندامی هەسەدە «كوژراون» . ئارام حەنا دەشڵێت: سەرجەم ئەو پێگانەی توركیا بۆردوومانی كردوون پێگەی خزمەتگوزاری و مەدەنی و ژێرخانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بوون، بەهۆی هێرشەكانیشەوە 45 كەس شەهیدبوون كە 11 یان مەدەنین، ئەوانی دیكەش ئەندامی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەربوون كە لەكاتی مەشق و راهێناندابوون. لەبارەی هێرشەكانەوە ئەڤین سوێد، نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لەهەرێمی كوردستان، بەهاوڵاتی وت:»توركیا لە 4-10-2023 ەوە هێرشێكی قورسی بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێكردووە، هێرشی ئەمجارە زیاتر لەڕێگەی فڕۆكەی جەنگی و درۆنەوەیە، وەك چۆن لە 2018 بەوشێوەیە هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین دەستپێكرد، دواتریش لە2019 دا بۆ سەر سەرێكانی بەهەمانشێوە دەوڵەتی توركیا هێرشی ئەنجامدا». وتیشی:» تائەمڕۆ هێرش بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، بەڵام هێرشی ئەمجارە جیاوازە دوای وتەكانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كە وتی هێرش دەكەینەسەر ژێرخانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لەوكاتەوە هەموو كایەكانی پەیوەست بەژیانی خەڵك بۆردوومانكراون، لەوانە وێستگەی كارەباو سوتەمەنی و پڕۆژەی ئاوو تەنانەت بەنداوەكانیش». «ئەو سیاسەتە بۆ ئەوەیە خەڵكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا كۆچ بكەن و لەجێگەی ئەوان لەناوچە كوردیەكان چەتەكانی نزیك لەخۆیان نیشتەجێ ببن، دەیانەوێت گۆڕانكاری دیموگرافی دروست بكەن، ئەمەش كارەساتێكی گەورەیەو زیاتر خەڵكی مەدەنی دەكرێنە ئامانج» . ئەڤین سوێد وای وت. بەوتەی نوێنەری رۆژئاوا لەهەرێمی كوردستان «بەئامانجگرتنی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەلایەن توركیاوە بۆ ئەوەیە رێگری لەكاری ئەوان بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر كەتوركیاو گروپەكانی نزیك لێی كاری گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر دەكەن». نورشان حسێن ئاماژە بەوەشدەكات «لەبەرامبەر هێرشەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان تائێستا چەند لایەنێكی سیاسی هەرێمی كوردستان و خەڵكی سلێمانی و چەند وڵاتپارێزێك هەڵوێستی خۆیان پێشان داوە، ئەو هێرشە رەنگە بەردەوامبێت و ئامانج لێی لەباربردنی دەستكەوتەكانی كوردە بۆیە پێویستە هەموو كەسێك هەڵوێستی هەبێت چونكە كاریگەری دەبێت لەسەر رای گشتی». هێرشەكانی توركیا لەكاتێكدایە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمریكا جگە لەئیدانەكردنی هێرشەكان و خستنە خوارەوەی درۆنێكی توركیا كەنزیكببوەوە لەهێزەكانیان، هیچ هەڵوێستێكی دیكەی نەبووە، بەڵام بەوتەی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رۆژی 10-10-2023 ئەمریكا 30 بارهەڵگر چەك و تەقەمەنی لەڕێگەی دەروازەی وەلید لەهەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بارەگای هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش كردووە لەدەوروبەری حەسەكە. وەك هەڵوێستێك بەرامبەر بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر هێرشەكانی توركیا، بەتایبەت ئەو هێرشەی كە هەشتی ئەم مانگە كردیەسەر ئەكادیمیای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەڕۆژئاوای كوردستان و بووە هۆی شەهیدبوونی 29 ئەندامی ئەو هێزانەو برینداربوونی 28 ی دیكە، لەسەرتاسەری رۆژئاوای كوردستان سەرجەم دامەزراوەكان و خوێندنگە و بازاڕەكان لەناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا داخران و ئەو داخستنە گشتییەش سێ رۆژ دەخایەنێت. هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان لەكاتێكدایە، داعش لەهێرشەكانی بۆ سەر هێزە ئەمنیەكانی رۆژئاوای كوردستان بەردەوامەو حكومەتی سوریاش ناوبەناو لەڕێگەی بەشێك لەهۆزەكان بەتایبەتیش لەدێرەزوور دەیەوێت گرفتی ئەمنیی بۆ هێزە كوردییەكان دروستبكات. رۆژئاوای كوردستان لەوكاتەوەی لەساڵی 2011 بەهۆی خۆپیشاندانە ناوخۆییەكانی سوریا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان دامەزراندووە، بەردەوام لەلایەن توركیاو ئێران و پاشانیش گروپە چەكدارەكانی نزیك لەتوركیاو لە2014 لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش رووبەڕووی هێرش و پەلامار بووەتەوەو چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستانیش لەلایەن توركیاو گروپەكانی نزیك لێی لە 2018و 2019 داگیركران.
راپۆرتی: واشنتن پۆست وەرگێرانی: هاوڵاتی هێرشە گەورە ئاڵۆزەکەی سەر ئیسرائیل لە رۆژی شەممەدا لەلایەن چەکدارانی کەرتی غەززەوە ئیسرائیلییەکانی شۆککردووە، کە بەترس و تۆقانەوە سەیری چەکدارەکانیان دەکرد بەئاسانی بەنێو یەکێک لەپێشکەوتووترین سیستەمی ئەمنی جیهانیدا تێدەپەڕین. لانی کەم هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە دوو هەزارو ٦٠٠ کەسی تریش لەئیسرائیل برینداربوون. حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، زیاتر لە ١٠٠ بارمتە گیراون. ئیسرائیل بەبەردەوامی غەززە بۆردومان دەکات و بەپیی قسەی بەرپرسانی فەڵەستینی، بەهۆی ئەم بۆردومانانەوە لانی کەم ٧٠٠ کەسی کوژراون. «پەرژینە زیرەکەکە» کە ئیسرائیلی لە غەززە جیادەکردەوە بە تەکنەلۆجیایی پێشکەوتوو سەردەم پڕچەککراوەو ئەم پەرژینە بۆ ئەوە بنیادنراوە کە هەرچی دزەپێکردنێکی ئەمنی هەیە ئاشکرای بکات. ئا بەم جۆرەی خوارەوە چەکدارانی حەماس پێیدا تێپەڕین. «دیواری ئاسنین» لەساڵی ٢٠٢١ ئیسرائیل تەواوکردنی «پەرژینە زیرەکەکەی» راگەیاند کە بەربەستێکی ٦٤ کیلۆمەترییە بەدرێژایی کەرتی غەززە کەکۆسپێکی کۆنکرێتی ژێرزەمینیش لەخۆدەگرێت. پرۆژەکە ساڵی ٢٠١٦ بەفەرمی راگەیاندرا دوای ئەوەی حەماس تونێلی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لەجەنگی ساڵی ٢٠١٤دا. بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، پرۆژەکە پێویستی بە ١٤٠ هەزار تۆن ئاسن و پۆڵا بووە لەگەڵ دانانی سەدەها کامێرا، رادارو هەستەوەر. نزیکبوونەوە لەپەرژینەکە لە بەری غەززەوە تەنها سنوردارکرابوو بۆ جوتیاران ئەویش تەنیا بەپێ. لەبەری ئیسرائیلەوە، تاوەری چاودێری و تەپۆڵکەی لمی دانراون بۆ چاودێریکردنی هەڕەشەو دزەکەرە هێواشەکان. لەساڵی ٢٠٢١، بێنی گانتز کە وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئیسرائیل بوو وتی، بەربەستەکە «دیوارێکی ئاسنین» لەنێوان حەماس و باشوری ئیسرائیلدا دادەنێت. بەڵام لەشەممەی رابردوو، هەوڵیکی زنجیرەیی رێکخراو یارمەتی حەماسی دا دیوارەکە تێپەڕێنێت. بەپێی وتەی سوپای ئیسرائیل، پەرژینەکە لە ٢٩ خاڵەوە دزەیپێکرا. هەرچەندە پاسەوانی ئیسرائیلی لەتاوەرەکان لەهەر ٥٠٠ پێیەک بەدرێژایی نزیک لەدیوارەکە جێگیرکرابوون، بەڵام چەکدارانی حەماس رووبەڕووی بەرەنگارییەکەی کەم بوونەوە. دواتر دەرکەوت کە سنورەکە ستافێکی کەمی تێدا جێگیرکراوەو بەشێکی زۆری سوپای ئیسرائیل ئاراستەیان بەرەو ئەو پشێویانە گۆڕاوە کە لەکەرتی خۆرئاوا هەبوون. «سەرنجڕاکێشترین بەشی سیستەمەکە ئەوانەن کە هەستەوەرو ئاگادارکەرەوەیان تێدایە، بەڵام هەر کە لەپێشدا نەتبینی کە کەسێک خۆی رێکدەخات لەبەردەم پەرژینەکە، ئیتر پەرژینەکە هەر دەبێتە پەرژینێکی ئاسایی، پەرژینێکی گەورە بەڵام هەر پەرژینێکی ئاسایی»، ماتیو لێڤیت، بەڕێوەبەری پرۆگرامی رووبەڕووبونەوەی تیرۆر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک وا دەڵێت. بەم جۆرە چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نیو پەرژینەکەوە و تێیانپەڕاند: 1-درۆنەکان تەقینەوەیان دەخستە خوارەوە. بەدرێژایی سنورەکە، حەماس بە بەکارهێنانی درۆنی بازرگانی بۆردومانی تاوەرە چاودێرییەکان، ژێرخانەکانی پەیوەندی و سیستەمەکانی چەکیان کرد. 2-هەڵدانی موشەک و هێزی مرۆیی رێکخراو ئیسرائیل دەڵێت، حەماس زیاتر لەسێ هەزار موشەکی بۆ وڵاتەکە هەڵداوە کە هەندێکیان نزیکبوونەتەوە لە تەلئەبیب و ئۆرشەلیم (قودس). چەکدارانی حەماس بە پاراگلایدەرەوە سنوریان تێپەڕاند. 3-تەقینەوە بەدرێژایی پەرژینەکە. چەکدارانی حەماس تەقینەوەشیان بەکارهێنا بۆ تەقاندنەوەی بەشێک لەبەربەستەکە. بەشێک لەچەکدارانی تر بەسەر ماتۆرسکیلەوە بەناو ئەو بۆشاییانەی دروستبوون دەڕۆشتن. 4-فراونکردنی بۆشاییەکە. بلدۆزەرەکان، ئەوەی مابوو کردیان، بەمەش رێگەیان خۆشکرد بۆ کردنەوەی بۆشاییەکی فراوانتر تا ئۆتۆمبێل پێیدا تێپەڕببێت. شارەزایان دەڵێن ئەم هێرشە چەند هەفتەیەکی لەئامادەکاری و پلانی فێڵکردن پێویستە. «کارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە کەلوپەلەکان پێشتر لەماوەی چەند هەفتەیەکدا بخەیتە شوێنی مەبەست و دواتر بیخەیتە نیو باڵەخانە یان ژێر خێمە»، مایکڵ ئۆهانلن، توێژەرێکی باڵا لە پەیمانگەی برۆکینگی ئەمریکی وا دەڵێت. مایکڵ ئاماژە بەوەش دەکات کە دەگونجێت بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلەکان لەبەرچاودا بووبێتن لەگەراجی ئۆتۆمبێل یان ناوچەکانی باڵاخانە دروستکردن. بەڵام لیڤیت پێیوایە کە «بیرۆکەی هێنانی بلدۆزەر بەو نزیکییە لە پەرژینەکەوە سەرسوڕهێنەرو مێشک تێکدەرە».
هاوڵاتی لە کاتێکدا کە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و کەنەدا، دژی هێرشی حەماس بۆ ئیسرائیل هەڵوێستیان گرتووە، ئێران و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی پشتیوانی خۆیان لەم هێرشە دەربڕی. هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا پشتگیری تەواوەتی بۆ ئیسرائیل دەربڕی. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل وسوورین لەسەر ئەوەی یارمەتی ئیسرائیل بدەین بەوەی بەرگری لە خۆی بکات. وەزیری بەرگری ئەمریکا وێڕای ئەوەی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان کرد، رایگەیاند هەر کەرەستەیەکی سەربازی پێویست بێت دەخرێتە بەردەست ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر توندووتیژی و تیرۆریزمدا. دوای وتەکانی لۆید ئۆستن، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی کورتدا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە و رایگەیاند، "هەرگیز پشتی ئیسرائیل بەرنادەین و مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن، دڵنیا دەبینەوە کە ئیسرائیل چی پێویست بێت لەبەردەستیدا بێت تا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات." بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بزوتنەوەی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکی شۆکهێنەردا بەناوی "تۆفانی ئەقسا" پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرئیل کرد و نزیکەی دوو هەزار چەکدارەیشیان چوونە نێو ئیسرائیل کە یەکەمجارە هێزێک بتوانێت دوای 50 ساڵ سنوری وڵاتەکە ببەزێنێت. لە هێرشەکانی حەماسدا 150 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون. شیکەرەوانی جیهانی و میدیا نیودەوڵەتییەکان ئەمە بە "شکستی هەواڵگری" ئیسرائیل ناودەبەن کە نەیانتوانییوە پێشبینی هێرشیکی فراوانی لەو جۆرە بکەن. دوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیل دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی خۆی لە کەرتی غەززە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی 232 کەس و برینداربوونی 1790 کەسی تر. وڵاتانی جیهان کاردانەوەیان چی بوو؟ ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ریشی سۆناک سەرۆک وەزیری بەریتانیا، ئۆلاف شۆلتێس، ڕاوێژکاری گەورەی ئەڵمانیا، جۆزێپ بۆرل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا، ڤلادیمێر زێلنیسکی سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین، لە کەسایەتییە دیارەکانن کە هاوسۆزیان لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕیوە. جەیمۆز کێلۆرلی کەسایەتی دیاری سیاسی بەریتانیا و ئەفسەری باڵای سوپای ئەو وڵاتە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لەگەڵ ئەوەی ئەم هێرشەی وەک هێرشی گروپێکی تیرۆریستی وەسف کرد نووسی :" هیچ وشەیەکیتر بۆ وەسفی هێرشی دڕندانە یان کردە تیرۆریستیەکان بە مەبەستی بە ئامانج کردنی کەسانی مەدەنی بوونی نییە جگە لەوە بڵێن ئەمە تیرۆریزمە و پێویستە دژی بوەستینەوە." گرووپی چەکداری حەماس، لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانیترەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوەو وەک گرووپ و تاقمی تیرۆریست ناوی هاتووە. جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەبارەی هێرشەکانەوە وتی، وڵاتەکەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئیسرائیل سەرکۆنە ئەکات و پشتیوانی لە ئیسرائیل ئەکات بەوەی بەرگری لە خۆی بکات." کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە یەکەم ساتەکانەوە لە میدیا سەرەکییەکانی خۆیەوە هەواڵەکەی خوێندەوەو وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی بردو پشتیوانی خۆی بۆ ئەم هێرشە دەربڕی. کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە کە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکان ئاگری خۆشی و شادی ئەکەنەوە. بە پێی کۆمەڵێک ڤیدیۆ کە لە ماڵپەڕە حکومییەکان بڵاو کراونەتەوە ئێوارەی شەممە 7ی تشرینی یەکەم لە کۆمەڵێک لە شارەکان هێزە حکومییەکان شادی و خۆشیان دەربڕیووە. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، هێرشەکانی حەماس بۆ ئیسرائلی وەک "درێژەی سەرکەوتنەکان لە لوبنان و سووریا" ناوبرد. یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکار و یاریدەدەری باڵای رابەری کۆماری ئیسلامی، پیرۆزبایی ئەم هێرشانەی کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی برد و وتی :" کۆماری ئیسلامی تا ئازادی فەلەستین و قودس وەک پاڵپشتی موجاهیدە فەلەستینییەکان ئەمێنێتەوە." گرووپی حیزبوڵای لوبنان، کە یەکێکە لەو گرووپانەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی لێ ئەکرێت، پشتیوانی لە هێرشەکانی حەماس کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی لێبرد و ئامادەیی خۆی بۆهاوکاری حەماس نیشاندا. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئیسرائیلی بە بەپرسی هێرشەکانی حەماس بۆسەر هاوڵاتییە ئیسرائیلییەکان ناوبرد. لەلایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی کوێت لەراگەیاندراوێکدا وێڕای ئەوەی نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندووتیژییەکان دەربڕی، ئیسرائیلی بە بەرپرس زانی و هێرشی حەماسی بە دەرئەنجامی هێرشە ئاشکراکانی ئیسرائیل ناوبرد. وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی توندووتیژییەکانی نێوان "ژمارەیەک لە هێزە فەلەستینییەکان و هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل بوو". وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و توندووتیژییەکان بوو. عەممان لەهەڵوێستێکی هاوشێوەدا خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بوو. تالیبان لەئەفغانستان جۆری دەربڕینی هەڵوێستەکانیان نزیکبوو لەهەڵوێستی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی خۆیان لە حەماس دەربڕی و هێرشی حەماسیان بەرز نرخاند بۆ ئازادکردنی قودس. ناتانیاهۆ: لە جەنگداین چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی مووشەکی و زەمینی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دۆخی کتوپڕی راگەیاند و وتی کە وڵاتەکەی لە جەنگدایە. بێنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند وڵاتەکەی دەیەوێ هێزەکانی "دوژمن" لە باشوری ئیسرائیل بسڕێتەوەو ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، "دژومن باجێکی قورس بەخۆیەوە دەبینێت کە هەرگیز پێشتر نەیدیووە." سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد ئارامی خۆیان بپارێزن بە مەبەستی سەرکەوتن لەم جەنگە یەکدەنگ بن. هاوکات وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانم داوە بەوەی کارەبای کەرتی غەزە بپچڕێت و بە پێی ئەم فەرمانە کارەبای ٨٠٪ غەزە دەپچڕێت. ئۆپەراسیۆنی " شمشێری ئاسنین" شمشێری ئاسنین، ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەیە کە ئیسرائیل لە وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی حەماس، بۆ هێرشەکانی خۆی هەڵیبژاردووە. بە پێی زانیارییەکان دەستبەجێ ئیسرائیل دەستیکرد بە وەڵامدانەوەی هێرشەکان. بینایەکی ١١ نهۆمی لە غەزە کرایە ئامانج کە دەوترێت ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی حەماس لەوێ بوون و وێستگەی رادیۆیی حەماس لەوێ جێگیرکرابوو. هاوڵاتییەکی خەڵکی غەزە بە بی بی سی فارسی وتووە:" ئەمانزانی تۆڵە ئەکرێتەوە، ئێمە ئەم بەیانییە بە دەنگی تەقە خەبەرمان بوەوە. ئەم پیاوە ٦٠ ساڵە وتوویەتی لایەنگری هیچ جۆرە توندووتیژییەک نییە بەڵام ئەزانێت نە حەماس و نە ئیسرائیل، هیچکامیان هێرشەکانیان راناگرن
عەممارعەزیز زیاتر لە 15 ساڵە كێشەی نەبوونی نەخۆشخانەیەكی گشتیمان هەیە، جگە لەمەش ئەو بنكانەی تەندروستی كەهەن پزیشك و دەرمان بەپێی پێویست نیە، بۆ بچووكترین نەخۆشی دەبێت سەردانی ئاكرێ و شارەكانی تر بكەین»، ئەمە قسەی حەلیمە عەبدولڕەحمانە کەدانیشتوویەکی قەزای بەردەڕەشە لەسنوری پارێزگای دهۆک. حەلیمە عەبدولڕەحمان، تەمەنی 49 ساڵەو لەبەردەڕەش دادەنیشێت کەگرفتاری تەواوکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتییە. ئەو دەڵێت نەخۆشی شەکرەی هەیەو زۆرجار بۆ دەرمان کڕین سەردانی دەرەوەی بەردەڕەش دەکات چونکە هەندێکجار لەبەردەڕەش «دەرمان نامێنێت یان پزیشکی لێ نییە»و «ئەگەر خوا نەكات تووشی نەخۆشیەكی تر بین دەبێت سەردانی ئاكرێ و دهۆك بكەین، ئاكرێ كەنزیكترین قەزایە بۆ ئێمە بەهەمانشێوەی بەردەڕەش قەزایە بەڵام دوو نەخۆشخانەی هەیە نەشتەرگەری دەكرێت و ئەمانە لەبەردەڕەش نیە». نەخۆشخانەی بەردەڕەش لەساڵی 2012وە بەردی بناغەی بۆ دانراو گوژمەی پرۆژەكە 40 ملیار دینار بوو کەنەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێڵەییە بەڵام تەنها ماوەیەكی كەم ئیشی لەسەر كرا كەتەنها لەسەدا 10ی پرۆژەكە تەواوكراو زیاتر لە 10 ساڵە ئیشكردن لەپرۆژەكەدا وەستاوە. بەردەڕەش لەساڵی 2007وە بووەتە قەزاو ١٥٠ هەزار دانیشتووی هەیە، لەسێ ناحیەو 106 گۆند پێكهاتووەو تائێستا هیچ نەخۆشخانەیەكی گشتی نییە. ئەوەی هەیە تەنها دوو بنكەی تەندروستییە لەسەنتەری قەزا لەگەڵ 16 بنكەی ناحیەو ناوچەكانی تر. شەهاب ئەحمەد کە هاووڵاتیەكی دیكەی شاری بەردەڕەشە دەڵێت، کاتێک نەخۆشخانەکە بەردی باغەی بۆ دانرا ئەو زۆر دڵخۆش بووە چونکە پێیوابووە رزگاری دەبێت لەکێشە تەندروستییەکان، بەڵام بەوتەی خۆی ئەو دڵخۆشییە بوو «بەخەون و ماوەیەكی كەم ئیش لەسەر پرۆژەكە كراو دواتر وەستا تائێستاش چارەنووسی دیارنیە، نازانین جارێكی تر دەست بەدروستكردنەوەی دەكرێت یان نا». لەدوای دروستبوونی قەیرانی دارایی لەهەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی داعشەوە لەساڵی ٢٠١٤ چەندین پرۆژە لەهەرێمی کوردستان وەستاوەو تائێستا تەواونەکراون، نەخۆشخانەی گشتی بەردەڕەشیش یەکێکە لەو پڕۆژانە. شەهاب ئەحمەد باس لەوە دەکات کە «زۆر پێویستە بەزووترین كات دەست بەدروستكردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە بكرێت تاخەڵك كەمێك پشووبدات، گوناهی ئەو خەڵكە چیە رۆژانە دەبێت سەردانی شارەكانی تر بكەن بۆ لای پزیشك.» سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی پرۆژەکەو کارکردن تێیدا ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک بەهاوڵاتی راگەیاند، «دوو نەخۆشخانەی گشتی لەسنوری پارێزگای دهۆك هەیە، یەكێكیان نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەردەڕەش و ئەوەی تر نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی لەشاری دهۆك زیاتر لە 10 ساڵە ئیشكردن تیادا وەستاوە ، ئەگەر بودجە لەبەغداوە بگات، ئەوا جارێكیتر دەست بەكارەكانی دروستكردنی ئەو دوو نەخۆشخانەیە دەكەینەوە، هیچی نوێ لەسەر دەستپێكردنەوەی ئەو دوو نەخۆشخانەیە نیە، لەبەرنامەماندایە جارێكی تر دەست بەدروستكردنی بكەینەوە بەڵام چاوەڕێی پارە دەكەین». ئەفراسیاب موسا دەشڵێت، «نەخۆشخانەیەكی تر دروستكراوە لەسەنتەری بەردەڕەش وەكو بینایە تەواو بووە بەڵام هێشتا نەكراوەتەوە، لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی نەخۆشخانە هەركات تەواوبن بەفەرمی بە رووی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە، هیچ جیاوازی لەنێوان قەزاو شارەكاندا ناكەین بەپێچەوانەوە لای ئێمە هەموویان وەك یەكن، بەپێی ئەو توانایەی لەبەردەستمانە پزیشك و پەرستارو دەرمانی پێویست بۆ بەدەڕەش و دەوروبەریمان دابینكردووە.» بەڵام حەلیمە عەبدولڕەحمان کەچەندین ساڵە دانیشتووی قەزای بەردەڕەشە بێهیوا بووە لەبەڵێنی بەرپرسان و دەڵێت، «ماوە ماوە لەتەلەڤزیۆن و شوێنەكانی تر دەبیستین كەكێشەكان چارەسەر دەكەن بەڵام تەنها قسەیەو كردارمان نەبینیوە».
شەنای فاتیح پاش زیاتر لە 10 ساڵ واژۆكردنی نووسراوی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، تائێستا بەشێوەیەكی رەسمی هەڵەبجە نەبووەتە چوارەمین پارێزگا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و ١٩هەمین پارێزگای عێراق، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت «نۆ ساڵ و نیوە هەڵەبجە بڕیاری بەپارێزگابوونی بۆ دەرچووە تائێستا ئەوەندەی ئیدارەیەكی سەربەخۆ بەدەمەوەهاتنی بۆ نەبووە». بەپێی ئامارێك كە لەپارێزگای هەڵەبجەوە دەست هاوڵاتی كەوتووە ژمارەی دانیشتوانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە ١٣٥ هەزارو ٢٥٣ كەسە. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت نۆ ساڵ و نیوە هەڵەبجە بڕیاری بەپارێزگابوونی بۆ دەرچووە تائێستا ئەوەندەی ئیدارەیەكی سەربەخۆ بەدەمەوەهاتنی بۆ نەبووە كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دوو هۆكاری سەرەكی هەن كە تائێستا بەفەرمی هەڵەبجەی نەكردووەتە ١٩هەمین پارێزگای عێراق، ئەوانیش ململانێی مەزهەبی و سیاسی نێوان شیعەو سوننەو كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بەرامبەر بەهەڵەبجە، زیاتر لە 10 ساڵە هەڵەبجە بڕیاری بەپارێزگابوونی دەرچووەو تائێستا هێندەی ئیدارەیەكی سەربەخۆ كەساڵێكە فەرمانی بۆ دەرچووە بەدەمەوەهاتنی بۆ نەكراوە». وتیشی: «ئەوانەی كابینەی رابردوو ئۆپۆزسیۆن بوون دەوڵەتی یاسا بوو كە لە ٢٠١٣ خۆیان پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیان واژۆ كردووە، هاوپەیمانی یەكێتی نیشتیمانیشن دەبوو گرەنتی ئەوە وەرگرن كەئەگەر خرایە دەنگدانەوە دەنگی پێبدەن چونكە هاوپەیمانن». جێگری پارێزگاری هەڵەبجە باسی لەوەشكرد «بوونی هەڵەبجە بەپارێزگا لەڕووی مەعنەوییەوە بۆ خەڵكی شارەكە گرنگە، ناوی دەچێتە سەر پاسپۆرت هەروەها بەشە بودجەی دەرمان و نەوتی سپی زیاتر دەبێت، هەروەها ئەو فەرمانگە فیدراڵیانەی كەهەیە لەوەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی ناوخۆ هەموویان دەچەسپن و كارتی نیشتیمانی و رەگەزنامە وەك پارێزگایەك دەردەچێت». «حكومەتی هەرێم كەمتەرخەم بووە لەبەپارێزگابوونی هەڵەبجەداو لە٢٠١٥وە هەنگاوێكی كرداری نەناوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جار بڕیار لەئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە بۆ نموومە بڕیاری ژمارە ١٠٤ لە ٢٠١٧ دەرچوو كەپێویستە وەزارەتی ناوخۆ سەردانی بەغدا بكات بۆ تەواوكردنی فەرمانگە فیدراڵییەكان و رێكارەكان بەڵام تائێستا ئەو سەردانە نەكراوە، هەروەها لە٢٠١٣وە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت سەردانی هەڵەبجەیان نەكردووەو ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵیشە وەزیری ناوخۆ سەردانی هەڵەبجەی نەكردووە». كاوە عەلی وای وت. وەك جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت:» وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی عێراق لە نۆی ئەیلولی ٢٠٢٣ راپۆرتێكی بەسەرجەم نەخشەكانەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران كردووەو ئەنجومەنی نوێنەرانیش وێنەیەكی ناردووە بۆ هەرێم و لەنۆی ئاب وێنەیەكی بۆ پارێزگای هەڵەبجە نێردراوەو ئێمە لە ١٣ی ئاب ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆمان كردووە، وەزارەتی ناوخۆش لە ٣٠ی ئاب ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووەو بەئێمەیان راگەیاند كەئاڕاستەی بەغدا كراوە، پاساوەكە بۆ ئەوە بووە كە تەئجیل بكرێت بۆ ئەوەی كۆدەنگییەك لەنێوان كوتلەكاندا لەسەر ئەو پرسە دروستبكرێت». پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەچوار ماددە پێكهاتووە لەهۆكاری دەركردنی یاساكەش نووسراوە: «بەهۆی بەرژەوەندیی گشتی و لەئەنجامی فراوانبوونی ئاوەدانی و زیادبوونی دانیشتووانی شاری هەڵەبجە، هەروەها بەهۆی ئەو قوربانی و زیانە ماددی، مرۆیی و ژینگەییە گەورەیەی لەهێرشی كیمیایی رژێمی بەعس لەساڵی ١٩٨٨ بۆ سەر شارەكە كەوتووەتەوە، بەپێویست دەزانرێت شارەكە بكرێتە پارێزگا». لە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا ئەوەش هاتووە:» هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای ١٩هەمین پارێزگای عێراق و لەسنووری ئیداری هەرێمی كوردستان دەبێت و قەزای هەڵەبجە دەبێتە ناوەندی پارێزگاكە». لەماددەی دووەمی پرۆژەیاساكەدا ئاماژە بەوەشكراوە «حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق، سنووری ئیداری و یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای هەڵەبجە دەستنیشان دەكەن». لەبەرامبەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا كوتلە عێراقییەكان داوای بەپارێزگابوونی قەزاكانی تەلەعفەر كە قەزایەكی شیعە نشینەو فەلوجە دەكەن كەقەزایەكی سوننە نشینە. یادگار مەحمود، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی دەنگ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، لەسەر فشاری جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ جاری سێیەم دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە خرایە بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی شەممە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣، بەڵام بەداخەوە ئەو بڕگەیە لابرا لەسەر بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەو رۆژەو ئەو لابردنەش بێگومان بەڕەزامەندی سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بووە». وتیشی: «هۆكاری رازیبوونی فراكسیۆنە كوردییەكان ئەوەبوو كەڕێگەبگرین لەشكستهێنانی پڕۆژەیاساكە، ئەگەر بێتو پڕۆژەیاساكە بخرایەتە دەنگدانەوەو دەنگی نەهێنایە ئیتر ئێمە نەماندەتوانی لەم خولەدا داوای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بكەین، ئەمەش بەپێی ماددەی ١٣٠ پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كارێك پڕۆژەیاسایەك دەنگ ناهێنێت بەپێی ئەو ماددەیە پەرلەمان ناتوانێت جارێكی دیكە ئەو پڕۆژەیاسایە بخاتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە». ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت:» لایەنە عێراقییەكان باس لەوەدەكەن كەئەوانیش قەزایان هەیە بكرێتە پارێزگا، من پێموایە ئەمە فێڵێكی سیاسییەو لەو رێگەیەوە رێگری لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەكرێت، ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردییەكان كێشەمان نییە لەگەڵ بەپارێزگابوونی هیچ قەزایەكدا بەمەرجێك كاریگەری نەبێت لەسەر پڕۆسەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە چونكە هەڵەبجە تایبەتمەندی خۆی هەیە». «وادەیەك دانەنراوە كەی دواهەمین قۆناغی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە، بەڵام پێدەچێت بەهۆی ئەوەی كەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەئارادایە ئەمەش وابكات كەكوتلەو لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵدەبن بەبانگەشەی هەڵبژاردنەوە دەكرێت ئێمـە چاوەڕوان بین كەبكەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە». یادگار مەحمود وای وت. چرۆ حەمەشەریف، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» وەك فراكسۆنە كوردییەكان كۆكین لەسەر دەنگدان بەپاریزگابوونی هەڵەبجە، وەك فراكسیۆنی یەكێتی ئەوكاتەی كەدواخرا كاك بافڵمان ئاگاركردەوە ئەوەش چووە لای هادی عامری و هەموو ئەو كوتلانەی ناڕازی بوون لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كە مالیكی و هادی عامری و سەرۆكی پەرلەمانن داوای لێكردن كەهاوكار بن بۆ ئەوەی هەڵەبجە ببێتە پارێزگا، وەڵامی لێوەرگرتوون و رەزامەندیان دەربڕیوە كە هەڵەبجە لەداهاتوویەكی نزیكدا دەبێتە پارێزگا». چرۆ حەمەشەریف وتیشی:»لەئێستادا هەڵەبجە لایەنە ئیداری و یاساییەكانی تەواو بووەو هیچ كێشەیەكی نەماوەو لەئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە لەپەرلەمانیشدا خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە، هەروەها سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاندووە كە هیچ لارییەكیان نییە لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، بەڵام لەئێستادا داوای نەخشەیەكی ئێستای پارێزگای هەڵەبجە دەكەن، دواتریش حكومەتی عێراق نووسراوێك دەكات بۆ حكومەتی هەرێم كەسنووری ئێستای پاریزگای هەڵەبجە دیاریدەكرێت و دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراقی و ئەوكات بڕیاری لەسەردەدرێت». «بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە ئەگەر هەیە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بكەوێتە دوای ساڵی تازەوەو تەنها دوو هەفتەی دیكە جەلسەكانی پەرلەمان هەیە چونكە ئەوان دەچنە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكانەوەو پشوو دەستپێدەكات، بەڵام دەمەوێت بڵێم، لەسەدا سەد هەڵەبجە لەم خولەی پەرلەماندا دەبێتە پارێزگا». چرۆ حەمەشەریف وای وت. شاری هەڵەبجە بەدووری (٩٠) كیلۆمەتر دەكەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی سلێمانی و لەبەری رۆژهەڵاتیەوە، رووبەرەكەی هەزارو ٥٩٩ كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، دانیشتوانی سنورەكە بەشێوەزاری گۆران (هەورامی) قسەدەكەن و پەیڕەوی ئاینی ئیسلام و كاكەیی (یارسانن). پارێزگای هەڵەبجە چەندین ناوچەی گەشتیاری گرنگی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان عێراق تێدایە كەگرنگترینیان ئەحمەدئاوایە، هەروەها دەشتی شارەزوور كە بەیەكێك لەدەشتە بەپیت و ناودارەكان دەناسرێت، بەشێكی گەورە لەڕووبەری پارێزگای هەڵەبجەی پێكهێناوە. لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨، لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، بەچەكی كیمیایی هێرش كرایەسەر هەڵەبجەو پێنج هەزار هاووڵاتی كوردی مەدەنی بەو هۆیەوە شەهیدبوون و هەزاران كەسی دیكەش بریندارو پەككەوتە بوون و تائێستاش بەشێكیان قەرەبوو نەكراونەتەوە.
هاوڵاتی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی گراوەند بە هاوڵاتی راگەیاند دایک و باوکی ئارمیتا تا ئێستا کچەکەیان نەبینووە لە نەخۆشخانە و گومانیشیان هەیە زیندوو مابێت. ئارمیتا گراوەند کچێکی تەمەن 16 ساڵە و خەڵکی کرماشانە. بەپێی وتەی چەند رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی لەنیو ئێران، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە میترۆی تاران دوای ئەوەی پۆلیسی ئەخلاقی تووشی گێچەڵی دەکەن و رووبەرووی دەبنەوە بەهۆی نەبەستنی لەچکەوە، لەهۆش خۆی دەچێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران. ئێستا نیگەرانی ئەوە هەیە کە کەیسی ئارمیتا گراوەند وەک ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵی لێبێت کاتێک لە ساڵی رابردوودا پۆلیسی ئەخلاقی هێرشیکردەسەر بەهۆی پەیڕەوی نەکردن لە "جلوبەرگری رەسمی ئەخلاقی" و گیانی لەدەستدا، کە دواتر بووە هۆی دروستبوونی نارەزایەتییەکی گەورە و خۆپیشاندانی بەرفراوان. ئێران نکۆڵی لەوە ئەکات بەوەی ئارمیتا گراوەند لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە لێی درابێت. گرتە ڤیدیۆییەکان ئاماژەن بەوەی، بە پێچەوانەی وتەکانی پۆلیسی ئەخلاقی، لەلایەن ئەو کەسانەوە وەک پارێزەرانی حیجاب دانراون لێی دراوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات کە ئارمیتا لە نەخۆشخانەی فەجر لە تاران لە دۆخێكی ناجێگیری مەترسیداردایە دوای ئەوەی کەوتووەتە دۆخی کۆماوە. سەرچاوەیەک لەنزیک بنەماڵی گراوەند بە هاوڵاتی وت، "کەس ئاگاداری تەندروستی ئێستای ئارمیتا نییە. گومانمان هەیە لەوەی مابێت. تەنانەت باوک و دایکیشی نەیانتوانیوە لە نەخۆشخانەی فەجر و لە بەشی ICU بچنە لای و بیبینن، هەرچەشنە سەردانکردن و هەواڵپرسینێک قەدەغە کراوە. ئیزن نادەن بنەماڵەکەی سەردانی بکەن. ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات نیگەرانی بە قسەکانییەوە دیاربوو، لە هەمانکاتدا ترسێکی تێدا دەبیندرا بەوەی کە مۆبایلەکەی لەژێر کۆنترۆڵدا بێت وتی، "دایک و باوکی ئارمیتا تەنها لە ریگای ئێشگرەکان و دکتۆر و پەرەستارەکانەوە لە باری تەندروستی کچەکەیان ئاگادر دەکرێنەوە، هەڕەشەیان لێکراوە نابێ لەگەڵ میدیاکان قسە بکەن، ناهێڵن هیچ کەس لە دەرەوەی بنەماڵە پەیوەندییەکی وەهای لەگەڵیان ببێت، لە راستییدا دایک و باوکی ئارمیتا جۆرێک گەمارۆ دراون کە ناکرێت پەیوەندی بکرێت پێیانەوە و ئەندامانی نزیکی بنەماڵەش بە هەزار نارەحەتی ئەتوانین پەیوەندییان پێوە بکەین." دوای روداوەکە دایک و باوکی ئەم کچە کوردە کرماشانییە لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایانگەیاند کچەکەیان بوراوەتەوەو باری تەندروستی تێکچووە و "نازانین، وتوویانە زەختی خوێنی دابەزیوە." رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئەو لێدوانە دەڵێت، "لە دیمانەکەدا بەڕوونی دەردەکەوێت کە سەرەڕای گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر دایک و باوکی ئارمیتا، هێشتا بەڕوونی نازانن هۆکاری دابەزینی پەستانی خوێنی منداڵەکەیان چی بووە." هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئانالینا بێربۆک، لە تویتەر نووسیویەتی، "جارێکیتر کچێکی گەنج لە ئێران لەگەڵ مەرگ لە جەنگدایە تەنها لەبەر ئەوەی لە مێترۆ قژی دەرکەوتووە، ئەمە نابێ قبووڵ بکرێت." وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ئاماژە بۆ لێدوانەکەی دایک و باوکی و بێ ئاگایی باوکی لە تەندروستی کچەکەی وتوویەتی :" جێگای دایک و باوکی بەردەم کامێرا نییە، مافی ئەوانە لە ژوور سەری کچەکەیان بن." سەرچاوەکەی نزیک لە بنەماڵەی گیراوەند بە هاوڵاتی وت، "من بۆ خۆم دوای بڵاوبوونەوەی ئەو وتووێژە نەمتوانیوە قسە لەگەڵ دایک و باوکی بکەم. ناهێڵن پەیوەندیمان لەگەڵیان ببێت. بەڵام لە ناو خزم و کەسوکاردا ئەوە دەوترێت کە بە زۆر ئەو وتووێژەیان لەگەڵ کراوە و وەڵامەکانیان بۆ نووسراوەو ناچارکراون ئەو شتانە بڵێن کە بۆیان نووسراوە. هەڕەشەیان لێکراوە ئەگەر ئەو شتانە نەڵێن و لەبەردەم تەلەفیزیۆن ئامادە نەبن پرۆسەی دەرمانی کچەکەیان رائەگرن. تۆش بیت هەڕەشەی وات لێ بکەن و ئەگەر هیوایەکی کەمیشت هەبێت، ئامادەی داواکارییەکانی ئەوان جێبەجێ بکەیت. ئەمە جگەرگۆشەیە و باسی مەرگ و ژیانی جگەرگۆشەیە، ئەزانی خۆ!؟" لە وەڵامی ئەوەی ئاخۆ ئارمیتا هیچ نەخۆشییەکی پێشتری بووە سەرچاوەکە باسی لەوە کرد کە، "ئارمیتا کچێکی تەندروست بوو، مەگەر وەک هەموومان نەخۆشییەکی وەک هەڵامەت یان شتی هاوشێوەی گرتبێت ئەگینا قەت پێشتر پێشینەی نەخۆشی نەبووە. لەو کاتەشدا کە ئەم رووداوەی بۆ پێش هاتووە، بە هیچ شێوەیەک نەخۆش نەبووە، تەنانەت هەڵامەتیشی نەبووە." سەرچاوەکە باس لەوەش دەکای "ئارمیتا کچێکی وەرزشکار بوو. تەندروست ئەژیا. بەردەوام خەریکی وەرزش بوو. لە باری رۆحییەوە کچێکی بەهێز و گەش بوو. هیوادارم بگەڕێتەوە ناو بنەماڵە و تەندروستی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. بەڵام ئەوانەی دەیانەوێ وا دەری بخەن ئارمیتا نەخۆش بووەو بوراوەتەوە راست ناکەن، ئارمیتا پاڵی پێوە نراوە، ئەوان ئەیانەوێت بە کچێک کە وەرزشکارە بڵێن نەخۆشی بووە، کچێک کە نەخۆشی ببێت ناتوانێ بە شێوەی پیشەییانە وەرزش بکات." سەبارەت بە پۆشینی جلوبەرگ و لەچک لەسەرکردنی ئارمیتا، سەرچاوەکە باسی لەوە کرد، "لە ساڵی رابردووەوە زۆر ئاسایی بووەتە کە کچان ئیتر وەک جاران حیجاب و لەچک ناکەن. ئەویش کچێکی گەنج بووە و لەگەڵ دوو هاوڕێی خۆی لە قوتابخانە گەڕاوەتەوە. ئاساییە وەک هەموو گەنجەکانی هاوتەمەنی، وەک هەموو هاوڕێکانی لەچکەکەی فڕێداوە یان تۆزێک زیاتر قژیان دیار بووە. پۆلیسی ئەخلاق لە مێترۆ لەگەڵیان بەشەڕ هاتووە و دەستی پێوە ناون. ئەگەر پۆلیسی ئەخلاق وەها نەکردووە بۆچێ هەڕەشەیان لە هاوڕێکانی کردووە نابێ قسە بکەن؟!"
هاوڵاتی دوای هێرشەکەی بەردەم ئاسایشی گشتی تورکیاو نزیک لەپەرلەمانی وڵاتەکە، تورکیا دەستیکردووە بەئۆپەراسیۆنیکی چڕ لەناوخۆی وڵاتەکەو فڕۆکە جەنگییەکانیشی زیاتر دەست واڵا کردووە لەئەنجامدانی بۆردومان بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم. جگە لەمانەش ئەنقەرە زەنگی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی تری لێدا لەهەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، سنورەکانی باشوری وڵاتەکەیان دەپارێزێن و هەنگاوی نوێیان بۆ ئەوە هەیە. ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەپارێزگا کوردییەکان و پارێزگاکانی تری وڵاتەکە كاتژمێر 9:30 خولەکی بەیانیی رۆژی یەكشەممە، یەكـی تشرینی یەكەمی 2023 هێرش كرایەسەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی توركیا، حكومەتی توركیا دەڵێت دوو پۆلیس برینداربوون بەڵام پەكەكە دوای ئەوەی بەرپرسیارێتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ رایگەیاند زیانەكان زۆر لەوە زیاترن و تورکیا دەیشارێتەوە. پەکەکە دەڵێت دوو کەس لەگروپی «تابوری نەمران» هێرشەکەیان ئەنجامداوە. هەر دوای ئەم هێرشە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەستیکرد بەئۆپەراسیۆەیکی چڕو نزیکەی هەزار کەسی لە ١٦ پارێزگای وڵاتەکە دەستگیرکردووە. عهلی یهرلیكایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاند کە تائێستا 55 کەسیان لە 16 پارێزگای تورکیا دەستگیرکردووەو لەئۆپەراسیۆنێکی جیادا لەپێنج پارێزگای تر 12 کەسیان دەستگیرکردووە. بەپێی قسەی وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەو 55 کەسەی دەستگیرکراون بەشێکن لە «پێکهاتەی هەواڵگری» پەکەکە لەئورفە، ماردین، ئامەد، شرناخ، باتمان و چەند پارێزگایەکی تری تورکیا. عەلی یەرلیکایا دەشڵێت، 13 هەزارو 400 پۆلیس، جەندرمەو میت بەشداریان لەئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە. هەر دوای ئەم راگەیاندراوە، وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەکرد کە لەئۆپەراسیۆنەکەدا ٩٨٠ کەسی تریان بەتۆمەتی «هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت» و «قاچاغی کردن بەچەکەوە» دەستگیرکردووەو دەستیشیان گرتووە بەسەر ٨٤٠ چەکدا. گومان دەکرێت کەدوای هیرشەکە حکومەتی تورکیا رەشبگیری دەستپێکردبێت چونکە وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە لەدەستگیرکردنی نزیکەی هەزار کەسدا باسی لەوە نەکردووە ئاخۆ ئەوانەی دەستگیرکراون پەیوەندی راستەوخۆیان بەهێرشەکەوە هەبێت. زەنگی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ دوا هێرشە خۆکوژییەکە لەنزیک ناوچەی وەزارەتەکانی تورکیا، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند لەهێرشێکی ئاسمانیدا 20 ئامانج و ئەشکەوت و پەناگەو کۆگای پەکەکەیان لەهەرێمەکانی مەتیناو خواکوڕک و قەندیل و گارا لەهەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج. لەدوایین پێشهاتیشدا شەوی رابردوو تورکیا بۆردوومانی قەزای ماوەت لەشارباژێڕو چەند گوندێکی بناری قەندیلی کرد. ئێوارەی ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند 22 پێگەی پەکەکەیان لە سنوری گارە و خواکورك و مەتینا و ئاسۆس و قەندیل بەئامانج گرتووە. هێرشەکەی ئەنقەرە لەکاتێکدا ئەنجامدرا کەبڕیاربوو رەجەب تەیەب ئەردۆغان لەپەرلەمانی وڵاتەکە وتارێک پیشکەش بکات دوای کۆتاییهاتنی پشووی فەرمی پەرلەمان. سەرباری تەقینەوەکە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکۆبونەوەی پەرلەماندا لەهەمان رۆژ وتارەکەی پێشکەشکردو وتی، «ئەو خراپەکارانەی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیانمان دەکەنە ئامانج، هەرگیز ئامانجەکەیان بەدی نایەت و ناگەنە مەبەست». بابەتی هێرشەکە لەپەرلەماندا بووە یەکەم بابەتی قسە کردن و لەدرێژەی وتارەکەیدا سەرۆککۆماری تورکیا بەناڕاستەوخۆ هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی لەهەرێمی کوردستان کردو وتی، «ستراتیجیەتمان هەیە بۆ پاراستنی سنوری باشوری وڵات لەڕێی پشتێنەیەک بەقوڵایی 30 کیلۆمەترو بەردەوام دەبین لەچاودێریکردنی جموجوڵەکانی ئەوێ، هەنگاوی نوێیان تەنها پەیوەستە بەکاتەوە». تورکیا لەساڵی 2015ەوە چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پەکەکە لەهەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، بەبێ رەچاوکردنی ناوچەی مەدەنی هێرش دەکاتەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە تائێستا سەدەها قوربانی لێکەوتووەتەوە. بەپێی ئامارێکی رێکخراوی CPT ئەمریکی لەساڵی 2023دا نۆ کەسی سڤیل لەهەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە. رێکخراوەکە دەڵێت لەساڵی 2015 بۆ 2022، 98 خەڵکی سڤیل بەهێرشەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسانی تورکیا هەر ئەمرۆ چوارشەممەش 4ی تشرینی یەکەمی 2023 هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییان کرد بۆ سەر رۆژاڤا. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەرچی پێگەی پەکەکە و یەپەگە هەیە لە سوریا و عێراق ئامانجی تورکیایە بۆ هێرش و نابێت هیچ لایەنێک دەستوەردان لەو دۆخەدا بکەن و ئەو دوو کەسەی تەقینەوەکەیان لە نەقەرە ئەنجامدا لە سوریاوە هاتبوون. دواتریش یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا وتارێکی پیشکەش کرد و رایگەیاند، "بهو ئهنجامه گەیشتووین ئەو دوو چهكدارهی تهقینهوهكهی بهردهم وهزارهتی ناوخۆیان له ئهنقهره ئهنجامدا، له سووریاوه هاتوون، سهرجهم ناوهند و چالاكییهكانی یەپەگە و پەکەکە له سووریا و عێراق ئامانجمان دەبێت، تا ئهو كاتهی ئەوان لەو جوگرافیایه لهناو دهچن و دهڕۆن." بەڵام مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەم وتانەی بەرپرسانی تورکیا رەتدەکاتەوە و رایگەیاند، هێرشکەرەکانی ئەنقەرە لە هەرێمەکەی ئەوانەوە نەچوونەتە تورکیا و حکومەتی تورکیا بۆ بەهانە دەگەڕێت تا رەوایەتی بە هێرشەکانی ئێستای بدات و "ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دژی ئێمە" ئەنجام بدات. حوکمەتی هەرێم لەسەر هێرشەکەی ناوخۆی تورکیا هاتە دەنگ بەڵام بۆ بۆردومانەکانی تورکیا لەهەرێم بێدەنگە هەرێمی كوردستان لەئاست هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خەڵكی مەدەنی هەرێم بێدەنگە، بەڵام فیشەكێك لەتوركیا بتەقێت یەكەم كەس ئیدانەی دەكات. ئەوەی جێگەی سەرنجە، پێش عێراق و تەنانەت دۆستەكانی توركیا، حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئیدانەی هێرشەكەی رۆژی یەکشەممەی کرد بۆ سەر بارەگا حکومییەکانی تورکیا. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە «حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دژی هەر کارێکی تیرۆریستی و تووندڕەویی دووپاتدەکاتەوە». تەنانەت سەرۆکایەتی هەرێمیش ئیدانەی هێرشەکەی کردو وتی: جهخت لهكاری پێكهوهیی و پێویستیی برهودان بههاریكاریی هاوبهش دهكهینهوه بۆ رێگریكردن لهتیرۆرو سهرچاوهكانی لهناوچهكه. ئەمە لەكاتێكدایە لەئاست هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خەڵكی مەدەنی و ناوچە سنوریەكان دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بێدەنگی دەنوێنن و هیچ كاردانەوەیەك نیشان نادەن. هەر دوای بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئیدانەكردنی كردەوەكەی ئەنقەرە، توركیا لە 10 شوێنی جیاوازی هەرێم هێرشی ئەنجامدا بەڵام لەسەر ئەو هێرشانە حکومەتی هەرێم بێدەنگی هەڵبژارد. تەنانەت دژە تیرۆری کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئاراستەی دەکات لەزۆر هێرشی درۆنی تورکیا دەڵێت قوربانییەکان «چەکداری پەکەکە»ن. دواترین هێرش کە تێیدا دەرکەوت ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی مەدەنی بوون هێرشە درۆنییەکانی تورکیا بوو بۆ سەر دوو ئۆتۆمبێل لەدوکان و دواتریش لەپێنجوێن. هەردوو هیرشەکە لە رۆژی ٩ و ١١ی مانگی ئابی ئەمساڵ ئەنجامدرا کە تێیدا چوار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا بەبێ ئەوەی پەیوەندیان بە پەکەکەوە هەبێت. رۆژانە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و لەدیارترین هێرشدا ئێوارەی رۆژی ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لەڕێگەی درۆنەوە هێرشی كردەسەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت و لەئەنجامدا سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەهیدبوون و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون، بەڵام وەك چاوەڕوان دەكرا حكومەتی هەرێم و دەزگا فەرمیەكانی لەئاستی هێرشەكەدا بێدەنگبوون، لەكاتێكدا عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هێرشەكەیان ئیدانەكرد.
سەركۆ جەمال لەسەر داوا و پێشنیاری دەستەی داكۆكی لەمامۆستایان و فەرمانبەران، یوسف كیلابی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پرۆژە یاسایەك بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ عێراق ئامادە دەكات، ئەندامێكی لیژنەی دارایی دەڵێت هەوڵێكی لەوشێوەیە ئەستەمە، پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت ئەوە هەوڵێكە دژی هەرێمی كوردستان. هەرێمی كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و جەمال كۆچەر سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و سروە عەبدولواحید سەرۆكی لیستی نەوەی نوێ و سۆران عومەر، سەرۆكی لیستی كۆمەڵی دادگەری وژۆیان لەسەر پرۆژە یاساكە كردووەو بڕیارە واژۆی پەرلەمانتارانیشی بۆ كۆبكرێتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، سەرۆكی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و نەوەی نوێ و كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق داوایان كردووە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تێكەڵی كێشەی سیاسیی نێوان هەرێم و بەغدا نەكرێت، لەكۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە شیعەكان وتوویانە «چونكە فەرمانبەر ئیشی خۆیان دەكەن و مافی خۆیانە سەری مانگ مووچە وەربگرن هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق». شیعەكان بەڵێنیان بەنوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم داوە مامۆستا هاوڕێ قادر، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، كە یەكێك بووە لەئەندامانی ئەو وەفدەی فەرمانبەرانی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:»لەسەردانەكەدا چەند پەرلەمانتارێكی شیعەكانمان بینی لەوانەش یوسف كیلابی، بەڵێنی ئەوەیان پێداین لەپەرلەمانی عێراق كار لەسەر ئەو 60 هەزار واژۆیە بكەن كە فەرمانبەرانی ناڕازیی پێشكەشیان كردووەو دەیانەوێت مووچەكانیان بچێتە سەر بەغدا». وتیشی:»شیعەكان تووشی سەرسوڕمان بوون كە باسمان لەپاشەكەوتی مووچەو لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران كردووە، هاوكات دوو رێگەچارەشیان خستەڕوو، وتیان ئەگەر حكومەتی هەرێم لیستێكی پاكی موچەخۆران نەنێرێت یاخود كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەكات ئەوا لەپەرلەمان دەستكاری ئەو بڕگەیە دەكەن كە پەیوەستە بەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تاڕاستەوخۆ هاوشێوەی فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵ، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش بنێردرێت». بەوتەی ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەگەر لەپەرلەمانیش تێپەڕێ مەرج نییە حكومەت جێبەجێی بكات لەوبارەیەوە جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەمە هەوڵێكە واژۆ كۆكراوەتەوە بۆ پەرلەمان هیوادارین وەڵامێكی ئەرێنی هەبێت، رێكارەكان وایە دەتوانن بیكەن بەبڕیار و دانیشتنێكی پەنجا كۆ یەكی هەبێت دەبێتە پرۆژە و رەوانەی حكومەتی بكەن و بڵێن ئەوە رای پەرلەمانە». وتیشی:»لەحاڵەتێكیشدا لەپەرلەمان تێپەڕێت مەرج نییە حكومەتی عێراق جێبەجێی بكات، ئەمە زیاتر فشارێكە ئومێد دەكەین ئەنجامێكی هەبێت چونكە سێ مانگە فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە ئەمەش لایەنێكی مرۆییە». ئەندامێكی دیكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەوڵەكە بەئەستەم دەزانێت هەر لەبارەی ئەو هەوڵەوە، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەم بابەتە بەڕاستی هەروا سادە نییە كە واژۆی بۆ كۆبكرێتەوە، لەڕووی كردارییەوە ئاسان نیە، رەنگە بۆ مووچەی خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی ئاسان بێت، چونكە ئەو بڕە پارەیەی دابەش دەكرێت یەكلابووەتەوەو جێگیرەو دەكرێت حكومەتی عێراق لەڕێگەی هەژماری بانكییەوە پارەكە بخاتە سەر هەژماری ئەو مووچەخۆرانە». وتیشی:» بەڵام بۆ فەرمانبەران كرداری نیە چونكە بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردادێت لەڕووی دەرماڵە و پلە بەرزكردنەوەو هەندێك رێكاری تر، كە تەنها فەرمانگەكە دەتوانێت ئەو كارانە بكات، مانگانە پێویستی بەلیستی نوێیە، هەموو فراكسیۆنەكان لەخەمی ئەوەداین چارەسەرێكی ریشەیی بۆ پرسی موچە بدۆزرێتەوە بەڵام بەبۆچوونی من رێكارێكی سەركەوتوو نابێت». «لەڕووی كردارییەوە ئەو هەوڵە ئاسان نییە، گرنگترین شت ئەوەیە ئەم پرسە ئەگەر بێتو فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵیدا بن ئەوە دەستكەوتە سەرەكییەكەیە ئەوكات دەتوانین ئەو خواستەی هەیە بەشێوازی دیكەش بیخەینەڕوو بۆ چارەسەری پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی هەوڵەكە رەنگە چەند ساڵێك بخایەنێت». نەرمین مەعروف وای وت. پارتی بەهەوڵێك دژ بە هەرێمی كوردستانی لەقەڵەمدەدات فراكسیۆنی پارتی تەنیا فراكسیۆنە لەفراكسیۆنە كوردییەكان واژۆی بۆ دانیشتنی لەوشێوەیە لەپەرلەمانی عێراق نەكردووە، لەوبارەیەوە شوان محەمەد پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:»ئەو هەوڵە بەموزایەدە دەزانین و پێمان وانییە هیچ ئەنجامێكی هەبێت، جگە لەوەی بەهەوڵێكی دەزانین دژ بەحكومەتی هەرێمی كوردستان». وتیشی:»ئەو هەوڵە پێچەوانەی دەستوورەو لەبەر ئەو هۆكارانەی باسیشم كرد ئێمە واژۆمان نەكردووە». یەكەمجار نییە هەوڵی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەدرێت، لەساڵی 2020 یش زیاتر لە 100 واژۆی پەرلەمانتاران لەپەرلەمانی عێراق كۆكرایەوە، بەڵام هەوڵەكان سەریان نەگرت. فازیل فەتلاوی، پەرلەمانتاری خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی (المعلومە) رایگەیاندووە: “پشكی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان بابەتێكە، كە زۆر بەدەستیەوە دەناڵێنین، بەتایبەتی پرسی مووچەی فەرمانبەران، بەهۆی نەبوونی شەفافیەت و دیدگایەكی روون بۆ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم”. وتیشی: “باشتر بوو حكومەتی بەغداو هەولێر لەسەر یەكلاكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لەبانكە حكومییەكان رێكبكەون، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هاووڵاتیانی كورد، عێراقیین و دەبێت لەكاتی خۆیدا مافی دارایی خۆیان وەربگرن”. سەرەڕای پەسەند كردنی یاسای بودجە، بەڵام هێشتا بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن عێراقەوە بەتەواوی رەوانە نەكراوەو هەریەكە لەهەولێر و بەغدا یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە پابەندنەبوون بەجێبەجێ كردنی بڕگەكانی یاساكەو لەو نێوەندەشدا فەرمانبەرانی هەرێم گیرۆدە بوون، بەشێوەیەك سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2023یەو هێشتا حكومەتی هەرێم لەدابەشكردنی مووچەی مانگی تەمموزدایە، دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم لەمانگی ئاداری رابردووەوە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەكەی لەلایەن دادگای ناوبژیوانی پاریس رایگەیاند كە چیتر توانای دابەشكردنی مووچەی نەماوەو پێویستە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، دوای چەند مانگێكیش لەگفتوگۆو دانوستان و پەسەندكردنی بودجە، حكومەتی عێراق بەشێوەی قەرز زیاتر لەترلیۆنێك دیناری رەوانەی هەرێم كردووە، 10 رۆژ لەمەوبەریش حكومەتی عێراق بڕیاریدا سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بەقەرز بنێرێت. هەرچەندە تائێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی (8 و 9)یان وەرنەگرتووەو لەوەرگرتنی مووچەی مانگی (7)دان، بەڵام نە حكومەتی هەرێم ئامادەیە لەداهاتی ناوخۆی ئەو سێ مانگە مووچەكانی دیكە دابەشبكات یان میلاكی فەرمانبەران بەتەواوی رادەستی بەغدا بكات، نە بەغداش گەرموگوڕە لەناردنی پارەو وەرگرتنی دۆسیەی فەرمانبەران و بەستنەوەی راستەوخۆ بە وەزارەتی داراییەوە تاوەكو لەگەڵ فەرمانبەرانی شارەكانی دیكەی عێراق مووچەی هەرێمیش بدات، هەرچەندە چەند جارێك باسی ئەو پرسە كراوە. ئەوەش لەكاتێكدایە، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق رایگەیاندووە، حكومەتی هەرێم ئامادەنەبووە فەرمانبەرانی بەحكومەتی فیدراڵییەوە ببەسترێنەوەو لەلایەن حكومەتی عێراقەوە مووچەیان پێدەدرێت. پێشتریش، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، كە لەكۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران باسی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە كردووەو لەبەرامبەردا سودانی پێی وتووە، كە حكومەتی هەرێم بەوە رازی نەبووە، ئەگینا لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش دەكەین. مەسعود حەیدەر بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لەڕوونكردنەوەیەكدا لەبارەی ئەو هەوڵە رایگەیاند: بەپێی دەستووری عێراق؛ حكومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان هەر خەرجیەكی تر بۆ هەرێم خەرجبكات. وتیشی: هەموو مامەڵەیەكی نێوان هەرێمو بەغدا دەبێ لەڕێگەی دامودەزگا فەرمیەكانی هەردوولاوە بێت كە حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵییە. بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشكردوە، بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2023 دەبێت حكومەتی فیدراڵی مانگانە 775 ملیار دینار مووچە بۆ هەرێم خەرج بكات لەڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە. مەسعود حەیدەر نوسیوویەتی: هەر بابەتێك لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، یاریكردنە بەهەستو سۆزی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ناتوانێت جێبەجێی بكات، چونكە پێچەوانەی ماددەی 117و 121ی دەستووری عێراقە. بەڵام د. یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاری پێشوی عێراق دەڵێت: ناردنی راستەوخۆی موچە بۆ موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەستورییە، هیچ رێگرییەكی یاسایی و دەستوری نیە، بۆ ئەوەی بەغداد راستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات. وتیشی: رەسمكردنی سیاسەتی دارایی كە پرسی موچەش دەگرێتەوە بە پێی مادەی (١١٠/ سێیەم)ی دەستور لە سەڵاحیاتە حەسرییەكانی دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانە، لەبەر ئەوە رێگری دەستوری نیە، تەنانەت یاسای بودجەی گشتیی عێراق ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ لە مادەی (١٣/ ھەشتەم/ أ و ب) رێی بە حكومەتی فیدڕاڵ داوە راستەوخۆ ئەركی پارەداركردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران لە ئەستۆ بگرێ.
عەممار عەزیز «دایكم بەو تەمەنەوە سێجار لەئاكرێوە هاتە بەر دەرگای دادگای هەولێر، هەموو جارێك بەدڵێكی پر هیوا دەهات تاوەكو گۆهدار لەگەڵ خۆی بباتەوە ماڵ، بەردەوام لەپێش دادگا نزای لەخوا دەكرد بەڵام بەدەستبەتاڵی و خەمێكی قووڵەوە گەڕایەوە ئاكرێ «، ئەمە قسەی زێدان زێباری، برای گۆهدار زێبارییە كەزیاتر لەدوو ساڵە چاوەڕێی ئازادكردنی گۆهدار دەكەن. رۆژی 2ی تشرینی یەكەمی 2023 بەهۆی تاپرێكی سەردەمی ئینگلیز سزای شەش مانگ زیندانی بەسەر رۆژنامەنوس گۆهدار زێباری سەپێنرا. گۆهدار زێباری لە 22ی مانگی تشرینی یەکەمی 2020 لەگەڵ چەند کەسێک کەدواتر بەزیندانیانی بادینان ناویان برا، بەتۆمەتی تێکدانی «ئاسایشی گشتی» دەستگیرکران و هەریەکەیان بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران. لەمانگی شوباتی 2022 بەفەرمانێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سزاکەی گۆهدارو هاوڕێکانی بەڕێژەی 60٪ کەمکرایەوە جگە لەشێروان شێروانی کەسزاکەی بەڕێژەی 50% کەمکرایەوە. بەپێی بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، وابڕیاربوو 16ی ئازاری 2023 گۆهدار زێباری ئازاد بکرێت، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بەحەوت مانگی تر زیندانی سزادرا بەتۆمەتی «گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی» پێش دەستگیرکردنی. دوای ئەو حەوت مانگە بڕیاربوو لەمانگی ئابی ئەمساڵ گۆهدار ئازاد بکرێت، بەڵام بەهۆی تۆمەتی «هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت» جارێکی تر شەش مانگی تر سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا. لەسەر دووبارە سزادانی زێدان زێباری، برای گۆهدار زێباری بەهاوڵاتی راگەیاند، «جارێكی تر براكەم بەناحەق سزادرا ، شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا ، ئەوەش بەهۆی ئەو تاپڕەی كە لەكاتی دەستگیركردنی لەلایەن دەزگا ئەمنییەكان دۆزراوەتەوە ، دەیانجار وتوومانە ئەو تاپڕە هی گۆهدار نیە، ئەوەندە كۆنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئینگلیز ئێستا هەر تەقە ناكات بەڵام بێسوود بووە دادوەر بەو شێوەیە بڕیاری داوە كەئەو چەكە هی گۆهدارە بەڵام ئەمە زۆر دوورە لەڕاستی .» «دایكم سێجار لەگەڵ باوكم دەهاتە پێش دەرگای دادگای هەولێر، هەموو جارێك كە دەهات بەیانییەكەی زوو لەخەو هەڵدەساو بەدڵێكی پر هیواوە دەهات، ئاواتی ئەوە بوو گۆهدار لەگەڵ خۆی بباتەوە ماڵ، بەڵام بۆ دواجار جارێكی تر سزای تازەی بەسەردا سەپێنرا، بەخەمێكی قووڵەوە گەڕایەوە بۆ ماڵ، ئەوەی دادوەر كردوویەتی ناحەقیەكی زۆر گەورەیە، ئەوە دەسەلمێنێت كە بەهیچ شێوەیەك دادگاكانمان سەربەخۆ نین»، زێدان زێباری وای وت. بەپێی ماددەی 15ی یاسای چەك، هەر كەسێك بەبێ موڵەت چەكێكی ئاگرین یان تفاق هەڵبگرێت، بیفرۆشێت، چاكی بكاتەوە ، یان دەستاودەستی پێبكات، ئەوا بەبەندكردن بۆماوەیەك سزا دەدرێت كە لەیەك ساڵ كەمتر نەبێت و لەسێ ساڵ زیاتر نەبێت ، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێ بژاردنێك سزادەدرێت كە لەدوو ملیون كەمتر نەبێت و لەپێنج ملیون دینار زیاتر نەبێت. رێڤینك یاسین، پارێزەری تیمی بەرگری لەڕۆژنامەنووسان و چالاكی بادینان بەهاوڵاتی وت، «بەڵگەی تەواو و دروست نەبووە كە بیسەلمێنێت گۆهدار تاپڕی هەڵگرتووە یان موڵكی ئەو بووە، بڕیارێكی نادادوەرانە بوو، كەیسێك دروستكراوەو لەپێش دادوەر دانراوە تا بڕیاری لەسەر بدات، دادوەر خۆیشی بڕوای بەبڕیارەكەی خۆی نییە». « ئەو ماددەیەی گۆهداری پێ سزادراوە ، ماددەی 15ی یاسای چەكە، بڕیاری سزادانی شەش مانگە، بەڵام لەبەرئەوەی گۆهدار بۆ ماوەی مانگێك و چواردە رۆژ لەئاسایش راگیراوە، ئەو ماوەیە بۆی حساب دەكرێت، واتە چوار مانگ و 14 رۆژی تر ئازاد دەكرێت»، ریڤینك یاسین وای وت. سەندیکای رۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان دەڵێت هیچ رۆژنامەنوسێک پێشتر لەسەر چەک سزا نەدراوە. ئازاد حەمە ئەمین ، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسان لەهەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند، «هیچ زانیارییەكمان نیە كە رۆژنامەنوسێك لەسەر چەك سزادرابێت، هەر كەیسێك ئەگەر نەگاتە دەستمان یان سكاڵا بەفەرمی لای ئێمە تۆمار نەكات ئێمە دەستتێوەردان ناكەین «.
دلێر عەبدوڵڵا پاش ململانێیەكی سەختی نێوانیان، دواجار كێشەو ناكۆكی نێوان هەردوو رابەرەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی بەجیابوونەوەی یەكێكیان كۆتایی هات و حزبێكی نوێ لەهەناوی بزووتنەوەی ئیسلامی راگەیەنراو هەمان ئەو ناوەیان بەكارهێنا كە لەسەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە پێی ناسرابوو. بەرپرسێكی حزبە نوێیەكەی بزووتنەوە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەسڵی بزووتنەوە ئەوانن بۆیە ئەو ناوەیان بەكارهێناوەتەوە. لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو دوێنێ سێشەممە كۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی لەنێوان هەردوو باڵە ناكۆكەکە ئەنجامبدرێت، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراوو پێش ئەنجامدانی كۆنگرەكە، باڵی كامیلی حاجی عەلی بایكۆتی كۆنگرەیان كردو لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا جیابوونەوەی خۆیان راگەیاندو بڵاویانكردەوە كە لەژێر ناوی حزبێكی تردا درێژە بەكاری سیاسی خۆیان دەدەن. لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی بڵاویانكردەوە كە بەهۆی پێشێلكاری و لادان لەبنەماو پڕەنسیبەكانی حزب، بڕیاری ئەوەیاندا نەچنە كۆنگرەو بایكۆتی بكەن، هەروەها بڕیاری ئەوەیاندا كەحزبێكی نوێ دروستبكەن و بەناوی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامییەوە درێژە بەخەباتی سیاسی خۆیان بدەن. لەوبارەوە دكتۆر محەمەد بازیانی سەركردەی حزبە نوێیەكە بەهاوڵاتی وت «گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە كاركردن لەگەڵ ئەو برایانە گونجاو نییەو باشترین رێگا جیابوونەوەیە لێیان.» بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی، كە ناوە نوێیەكەی باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی-یە. مێژوویەكی كۆنی هەیەو هەمان ئەو ناوەیە كە لەسەرەتای دامەزراندنی رێكخستنی كاری ئیسلامی لەكوردستانی باشوور بەكارهاتووە. ئەو حزبە لەساڵی 1978 لەسەر دەستی شێخ صدیق سەرگەتی و شێخ محەمەد بەرزنجی و عەبدولڕەحمان نەورەسی و محەمەدی رازی و چەندین سەركردەی تری ئەوسای رێكخستنی كاری ئیسلامی دامەزرا، كەدواترو پاش نۆ ساڵ لەخەباتی نهێنی و چەكداری، بڕیاری گۆڕینی ئەو ناوە دەدرێت و لەساڵی 1987و پاش پەیوەندیكردنی شێخ عوسمان عەبدولعەزیزو كۆمەڵێك سەركردەی تری برایانی موسڵمان (اخوان المسلمین) بزووتنەوەی پەیوەندی هەڵدەوەشێتەوەو لەجێیدا بزووتنەوەی ئیسلامی راگەیەنرا. بزووتنەوەی ئیسلامی لەماوەی تەمەنی خۆیدا دوانزە كۆنگرەی ئەنجامداوەو چەندین كێشەو گرفتی ناوخۆیی بەرۆكی ئەو حزبەی گرتووە. كە سەرجەمیان ناكۆكی بووە لەسەر رابەری و پۆستی یەكەمی حزبەكە. هەربۆیە لەساڵی 2001 كۆمەڵی ئیسلامی راگەیەنراو دواتریش لەكۆنگرەی نۆهەمدا مەلا محەمەد عومەری ئامۆزای عیرفان عەبدولعەزیز لەڕابەری كشایەوەو بەهۆی ناكۆكی لەسەر ئەو پۆستە لەبزووتنەوە دووركەوتەوە، هەروەها لەكۆنگرەی دەهەمیشدا بەهەمان هۆكار شێخ صدیق عەبدولعەزیز كشایەوەو نەیتوانی ركابەری عیرفانی برازای بكات. كێشەو گرفتەكانی نێوان كامیلی حاجی عەلی و عیرفانی مەلا عەلی، ماوەی دوو ساڵە درێژەی هەیەو هەریەكەیان دەیەوێت خۆی ببێتە رابەرو كەسی یەكەمی حزب. بۆ ئەوەش چەندین كەسایەتی و مامۆستای ئاینی هەوڵی پێكهێنانەوەی داون، لەوانە ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەوبارەوە عوسمان كاروانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەهاوڵاتی وت «ماوەی سێ مانگە جەنابی ئەمیندار لەسەر هێڵە بۆ یەكخستنەوەی هەردوو باڵ، ئەمەش لەسۆنگەی بەپرسیارێتی و خەمخۆری جەنابیان بۆ رابوونی ئیسلامی كوردستان، بەڵام دیارە ئەو برایانە نایانەوێت و وەك پێویست بەدەم هەوڵەكانی ئێمەوە نەهاتن.» بڕیارەكەی كامیلی حاجی عەلی بەدووركەوتنەوە لەبزووتنەوەو راگەیاندنی حزبێكی نوێ، كۆتایی بەململانێ تولانییەكەی نێوان هەردوو رابەرە ناكۆكەکە هێنا، بەوەش عیرفانی مەلا عەلی توانی جارێكی تر دەست بەسەر بزووتنەوەی ئیسلامیدا بگرێتەوەو پاش دوورخستنەوەی هەریەكە لە مەلا محەمەد عومەری ئامۆزای و شێخ صدیق عەبدولعەزیزی مامی، كامیلی حاجی عەلی-شی خستە دەرەوەی هاوكێشەی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە. هەڵبژاردنی ناوی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی لەلایەن باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی-یەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوان پێیان وایە بنچینەو دامەزرێنەری بزووتنەوەن و خاوەندارێتی ئەو حزبە بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە نەك باڵەكەی عیرفانی مەلا عەلی، لەوبارەوە دكتۆر محەمەد بازیانی بەهاوڵاتی وت «حاجی كامیل یەكێكە لەدامەزرێنەرانی بزووتنەوەی پەیوەندی لەساڵی 1978 كە لەگەڵ چەند زانایەكی تردا ئەو حزبەیان راگەیاند، بۆیە ئەسڵی بزووتنەوە ئێمەین و خاوەندارێتی ئەو حزبە بۆ ئێمە دەگەڕێتەوە.» لەبەرامبەردا باڵەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی بەشداری كۆنگرەی دامەزراندنیان كردو بەئامادەبوونی 1000 ئەندام و نوێنەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارەكانی كۆنگرەیان بەڕێوەبرد، لەوبارەوە عەبدوڵا وەرتێ وتەبێژووی بزووتنەوەی ئیسلامی بەهاوڵاتی وت «بەپێی رێنمایی و مەرجەكانی كۆمسیۆنی باڵاو بەسەرپەرشتی راستەوخۆی نوێنەرەكانیان، كۆنگرەمان ئەنجامداو سوپاس بۆ خوا سەركەوتووبوو، لەگەڵ ئەوەی ئێمە چاوەڕێی ئەو برایانەمان دەكرد بەشداری بكەن، بەڵام بەداخەوە كەوتنە هەڵەیەكی سیاسی گەورەوەو مێژووی خۆیان خستە ژێر پرسیارەوەو بوونە هۆی دروستبوونی تەفرەقە لەڕیزی موسڵماناندا.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، كۆنگرەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی بەئامادەبوونی 1000 ئەندام بەڕێوەچوو، دوو كاندید دیاریكران بۆ وەرگرتنی پۆستی رابەری، ئەوانیش هەریەكە لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیزو كامیل حاجی عەلی بوون، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز توانی 986 دەنگ بەدەستبهێنێت و بۆ سێهەمین جار وەك رابەر دیاریكرا. سەرەڕای ئامادەنەبوون و نەكشانەوەی كامیلی حاجی عەلی، بەڵام ناوبراو نۆ دەنگی بەدەستهێنا. هەروەها پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە دەنگی لەسەر دراو هەڵبژاردنیش بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی شورا ئەنجامدراو 23 كەس وەك ئەندامی شورای حزبەكە دەنگیان پێدرا. بزووتنەوەی ئیسلامی لەساڵی 1987 دامەزراوەو تائێستا پێنج كەس بوونەتە رابەری ئەو حزبە، كە سێ كەسیان برابوون بەناوەكانی (شێخ عوسمان عەبدولعەزیزو شێخ عەلی عەبدولعەزیزو شێخ صدیق عەبدولعەزیز) هەروەها مەلا محەمەد عومەر برازای هەرسێ ناوبراو ماوەیەك رابەری ئەو حزبە بووەو عیرفانی مەلا عەلی-ش كە كوڕی رابەری دووەمی بزووتنەوەیە، سێ خولە رابەرایەتی ئەو حزبە دەكات و رێگربوو لەوەی رابەرایەتیكردنی حزبەكەی بدرێتە دەست كامیلی حاجی عەلی.
هاوڵاتی رۆژێک دوای قسەکانی عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل، ژمارەیەک لە راگەیاندنەکان پەرژاونەتە سەر قسەکانی رابەری کۆماری ئیسلامی و تاوتوێی هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیان کردووە لە بەرامبەر ئەگەری ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل. رۆژنامەی فیگارۆ چاپی پاریس لە ژمارەی رۆژی چواشەممە ٤ی تشرینی یەکەمدا لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی :" کۆماری ئیسلام دوای ماوەیەک کە گرنگی بە هەواڵەکانی تایبەت بە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و سعوودیە نەئەدا ئێستا ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکە وەک مەترسییەکی جدی ئەبینێت و لای وایە ئەگەری ئاسایی بوونەوەی ئەم پەیوەندییە زۆرە، هەربۆیە باڵاترین بەرپرسی کۆماری ئیسلامی لەمبارەوە هاتۆتە دەنگ". فیگارۆ دوای ئاماژەپێدان بە قسەکانی خامنەیی کە لە رۆژی سێ شەممە ٣ی تشرینی یەکەم لە دیدارێکیدا لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئسیلامیدا کردی و هەروەها دووجار هەڵوێست گرتنی ئیبراهیم رەئیسی ، سەرۆک کۆماری ئێران دژ بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، ئاماژەی بە قسەکانی چوار مانگ لەوە پێشی وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە کە لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فیگارۆ وتوویەتی :" نیشانەیەک نابینرێت بەوە پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و سعوودیە ئاسایی ببێتەوە". ئەو ڕۆژنامە فەرەنسییە نووسیویەتی :" کۆماری ئیسلامی دەیویست بە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودییە دوای چەند ساڵ ناکۆکی، ئابوورییەکەی زیندوو بێتەوەو لە باری ئابوورییەوە دروستبوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ سعوودیە سودی بۆی هەبێت. هەروەها دیپلۆماتێکی ئەورووپی کە لە تارانە و نەیویستووە ناوی ببرێت بە رۆژنامەی فیگارۆی وتووە، بە هۆی دروستبوونەوەی پەیوەندی نیوان ئێران و سعوودیە، رێبەرانی کۆماری ئیسلامی لایان وابوو ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان". فیگارۆ لە بەشێکیتر لە راپۆرتەکەدا باسی لە ئەگەرەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووەو وتوویەتی :" بە هۆی نزیکبوونەوەی ئێران و سعوودیە و درستبوونەوەی پەیوەندی نێوانیان دوای ٧ ساڵ، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاسان نەبوو، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیلی لە ساڵانی رابردوودا زۆرجار باسیان لە بەرەوپێش چوونی بەرنامە ناوەکییەکانی ئێران کردووەو نیگەرانی خۆیان لەو بارەوە دەربڕیوەو ئێرانی خاوەن چەکی ئەتۆمیان بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر خۆیان زانیوە". رۆژنامەی فیگارۆ ئاماژەی بە وتەکانی محەممەد بن سەلمان، جێگری پاشای سعوودیە کردووە کە لە وتووێژێکیدا لەگەڵ فاکس نیوزدا وتوویەتی :" ئەگەری هەیە جارێکیتر بەرەیەکی دژە سعوودی لە ئێران دروست بێتەوە" بن سەلمان لەو وتووێژەدا وتوویەتی وڵاتەکەی و ئیسرائیل رۆژ لەگەڵ رۆژ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان نزیکتر ئەبنەوە. ئاماژەی فیگارۆ بۆ شکڵگرتن و دروستبوونی بەرەیەکی دژە سعوودی لە ئیران، لە کاتێکدایە کە پێشتر پەیوەندی دیپلۆماتیکی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ٢٠١٦ بە هۆی هێرشی ژمارەیەک لە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر باڵێۆزخانە و کۆنسولییەکانی عەرەبستان لە تاران و مەشهەد پچڕابوو. هەڵوەشاندنەوەی یاری نێوان الاتحادی سعوودی و سپاهانی ئیسفەهان هەروەها ئەگەری دروستبوونەوەی ئەم بەرە دژە سعوودییە لە ئێران لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە ٢ تشرینی یەکەم، یاری نێوان هەردوو یانەی وەرزشی سپاهانی ئیسفەهان و الاتحادی ریاز، بە هۆی دانانی پەیکەرەی قاسم سلێمانی لە یاریگا هەڵوەشایەوەو یانەی الاتحاد ئامادە نەبوو بچێتە یاریگاوەو ئەمەش ئەگەری ململانێی نێوان تاران و ریاز زیاتر ئەکات. بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی رادیۆ فەردا بڵاوی کردۆتەوە، دوا بەدوای هەڵوەشانەوەی یاری نێوان الاتحادی سعوودی و سپاهانی ئیسفەهان، ژمارەیەکی زۆر پۆستەری قاسم سلێمانی لە شوێنە جایوازەکانی تاران دانراوەو لە ژمارەیەک لە پۆستەرەکاندا نووسراوە :" لە نیگاکانت ئەترسن". یانەی الاتحادی سعوودی دانانی پەیکەرەی قاسم سلێمانی لە چەند شوێنی جیاوازی یاریگا بە ناڕەوا و لادان لە پرەنسیپەکانی فیفای زانی کە دەستێوەردانی سیاسەتە لە یاری تۆپی پێدا. جرۆزالێم پۆست: شەڕێکی قورسی تاران دژی ئاساییکردنەوە رۆژی چوارشەممە ٣ی تشرینی یەکەم، رۆژنامەی ئیسرائیل جرۆزالێم پۆست لە بابەتێکدا لەسەر قسەکانی عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی نووسی :" ئێران لە شەڕێکی قورسدایە بۆ ڕێگەگرتن بە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئیسرائیل". نووسەری ئەم بابەتە نووسیویەتی :" کۆماری ئیسلامی ئیتر ناتوانێت راپۆرتە بەردەوامەکانی تایبەت بە ئاساییکردبوونەوەی پەیوەندی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل ببینێت و وا خۆی دەربخات کە هیچی نەدیوە و هیچ نەبووە". نووسەری بابەتەکەی جرۆزالێم پۆست نووسیویەتی :" تەنانەت تەلەفیزیۆنی ئەلمەیادین، کە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامییە لە بەیرووت، رۆژی سێشەممە راپۆرتێکی دەربارەی سەفەری ئەم دواییانەی وەزیرەکانی ئیسرائیل بۆ سعوودیە بڵاو کردەوە". ئەم رۆژنامە ئیسرائیلییە بە ئاماژە بە هاودەنگبوونی حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حیزبوڵای لوبنان لەگەڵ خامنەیی نووسیویەتی :" رەنگە کۆماری ئیسلامی سیاسەتی ناردنی پەیامی هەڕەشە دژی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لە ناوچەکە بگرێتە بەر". ئەم رۆژنامەیە هەروەها نووسیویەتی:" تاران هێشتا نەیتوانیوە رێکارەکانی خۆی لەم بارەوە و بەو شێوەیەکی کە دەیەوێت بگرێتە بەر و جێبەجێیان بکات و تاران ئێستە ئەزانێت لە شەڕێکی قورسدایە لە بەرامبەر ئەو هێزەدا کە لایەنگری ئاسایی بوونەوەی پەیوەین لەگەڵ ئیسرائیل، هەوڵی ئەوەیە ناکۆکی لە ناوچەکە بنێتەوە بەوەی یارییەکە لەبەرژەوەندی خۆیدا بێت".