هاوڵاتی ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رۆژانی رابردوودا و پێش جەژنی قوربان، هەر سێ لایەنی کۆمەڵە، کۆمەڵە- رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی کوردستانیان ئاگادار کردۆتەوە پێویستە بە زووترین کات و تا دوای جەژن، کەمپەکانیان لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵە ڕادەستبکەن و بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی تر. بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتوون، هەر سێ لایەنی کۆمەڵە ئاگادار کراونەتەوە پێویستە خۆیان ئامادە بکەن بۆ چۆڵکردنی کەمپەکان و ئەگەر ئەو کارە نەکەن، بە زۆری هێز کەمپەکانیان پێ چۆڵ ئەکرێت. ئەم گوشارانەی یەکێتی نیشتمانی و ئاسایشی یەکێتی دوای ئەوە دێت، کە ساڵی رابردوو لە ژێرگوشاری ئێران و بەهۆی رێک کەوتنی ئەمنی حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ ئێران، کەمپەکانی کۆمەڵە و دیموکرات تەنها کەسانی مەدەنی و بنەماڵەکان تێیدا جێگرن و هێزی پێشمەرگە بە ئاگاداری لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شوێنیتر گواستراونەتەوە. لەم پەیوەندیەدا هاوڵاتی هەوڵیدا پەیوەندی بە سێ لایەنی کۆمەڵەوە بکات. دوو لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەت کێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە، بەڵام سەرەڕای تەلەفۆن کردن، لایەنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە. ڕووداوەکە چۆن بووە؟ عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی مەکتەب سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەت کێشانی کوردستانی ئێران، ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە کە لە لایەن ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هەر سێ لایەنی کۆمەڵە بانگکراون و پێیان راگەیەندراوە بە زووترین کات پێویستە کەمپەکان چۆڵ بکەن. بە هەمان شێوە، سروە ناسری، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە هاوڵاتی راگەیاند، بەڵێ هەرسێ لایەنی کۆمەڵە ئاگادار کراونەتەوە کە پێویستە بە زووترین کات کەمپەکان چۆڵ بکەین و لە راستییدا ئەمە گوشارێکە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە و لە رێگای لایەنە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێم و ئاسایشی یەکێتییەوە ئەخریتە سەر کۆمەڵە. عەبدوڵڵا ئازەربار هەر لەم پەیوەدەدا بە هاوڵاتی وتی، بانگیان کردووین و پێیان وتووین وەک بەشێک لە ریککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق- ئێران پێویستە کۆمەڵەکان لە یەک شوێن نیشتەجێ بکرێن و لە کەمپێکدا بن، ناوی سوورداش و عەربەت هاتووە. رەنگە ئەو ناوانە هەر وەک ناو بن. ئازەربار لای وایە ئەمە دەرئەنجامی سەفەری ئەم دواییانەی (عەلی باقری) سەرپەرەشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییە بۆ هەولێر و بەغداد لەم دواییانەدا. کەمپەکان شوێنی کەسانی مەدەنین لە دوای بۆمبارانکردنی کەمپەکانی کۆمەڵە و دیمۆکرات و بە تایبەت لە ساڵی رابردووەوە، کەمپەکانی کۆمەڵە و دیمۆکرات زیاتر شوێنی مانەوەو حەسانەوەی بنەماڵەکان و کەسانی مەدەنین. پێشمەرگە بە هۆی رێککەوتنە ئەمنییەکەی حکوومەتی هەرێم و ئێرانەوە گواستراونەتەوە بۆشوێنێکی تر. هەروەها ناوچە سنوورییەکانیان بەجێهێشتووە. سروە ناسری، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەم بارەوە بە هاوڵاتی راگەیاند،" کەمپی کۆمەڵە شوێنی چالاکی پێشمەرگانە نییە. لە راستییدا شوێنی مانەوەو حەوانەوەی بنەماڵەکانە. ژن و منداڵ تێیدا نیشتەجێن. ئێمە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لەو کەمپانەین. وەک گوندێکی کوردستانی عێراقی پێکهاتووە. ناکرێت و ناتوانین چۆڵی بکەین. ئێمە لە پەیوەندییداین لەگەڵ لایەنەکانی باشووری کوردستان بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. عەبدوڵڵا ئازەربار ، ئەندامی مەکتەب سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، بە هاوڵاتی وت،" ئەمە بۆ ئێمە مومکین نییە بتوانین ئەم کەمپانە چۆڵ بکەین. ئەمە وەک سزایەک ئەبینین بۆ خۆمان. وەک گوشارێکی دەروونی و شەڕێکی دەروونییە لەگەڵمان ئەیکەن. ئێمە ئەم کەمپانەمان بە رەنجی شانی خۆمان، بە ئەزیەت و ئازار ئاوەدان کردۆتەوە. ئێستا کە تەنها کەسانی مەدەنی تێدان، بنەماڵەکان لەوێ نیشتەجێن، بۆکوێ بچین. ئەوان دەڵێن ئێمە بچینە شوێنێکیتر. ئەمە مومکین نییە بۆمان، بارقورسییەکی زۆرە بەسەر شانمانەوە. ئێمە ئێستا لە ناو ئەم کەمپانەداین کە بەس کەسانی مەدەنی و بنەماڵەکانی تێدان، چ جیاوازییەک هەیە لێرە بین یان لە شوێنیتر. ئەیانهەوێ بچێنە ژێر خێمە و ناوچادر، لە ناو خاک و خۆڵ و قۆڕ ، بێ سەرەتاییترین ئیمکانەکانی ژیان ، ئەمە مومکین نییە بۆمان و ئامادە نین بە ئاسانی چۆڵی بکەین، ئەگەر هەر زۆریشیان بەکار هێنا و زیلیان هێنا و بنەماڵەکانیان تێ خست، با مێژوو بڕیار بدات، بەس ئێمە بە ئاسانی چۆڵی ناکەین. چالاکی سەربازی ڕاگیراوە. هەر دوو ئەندامی رێبەری کۆمەڵە – لقی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سوورن لەسەر ئەوەی ئەوان ئێستا هیچ چالاکییەکی سەربازییان لە سەر سنوورەکان یان لە ناو کەمپەکانی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە نییە. سروە ناسری ئەڵێت،" ئێمە بەڵێنمان بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوە چالاکی سەربازیمان رابگرین. لە راستییدا ئێستا ئێمە زیاتر کار لە سەر رێکخستنی ناو شارەکان ئەکەین. کەمپەکان لە ئێستادا تەنها شوێنی مانەوەی بنەماڵەکانن. یان ئەو کەسانەی بە هۆی نەخۆشی یان چوونەسەرەوەی تەمەنەوە توانای جەستییان لاوازە. پێشمەرگە لە شوێنیتر نیشتەجێن". عەبدوڵڵا ئازەربار ئەڵێت،" نە هۆی رێککەوتنمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ئێمە چالاکیە سەربازییەکانی خۆمان راگرتووە. ویستوویانە فێرگەمان لەوێ نەبێت و بەو شێوەیە نەبێت کە پێشتر بوو، بە قسەمان کردوون. داوایان کردووە ڤیدیۆی نمایشی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکان بڵاو نەکەینەوە، تا ڕادەیەکی زۆر وامان کردووە. ئێمە لە دۆخی هەرێم تێ ئەگەین و نامانهەوێ کێشەیەک دروست بێت. بەڵام ئەوانیش پێویستە دۆخی ئێمە لەبەرچاو بگرن."

هاوڵاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ جێگرەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران کە 19ی ئایاری 2024 لە رووداوی کەوتنە خوارەوەی کۆپتەر گیانی لە دەستدا، چەند رۆژیتر و رۆژی 28ی حوزەیران بەڕێوەئەچێت. 80 کەس خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە ناونووس کردبوو، بەڵام لە کۆی ئەو 80 کەسە تەنها شەش کەس لە لایەن ئەنجومەنی پارێزەرانی کۆماری ئیسلامییەوە پەسەندکراون. ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی پێشتری کۆماری ئیسلامی لەوانە مەحموود ئەحمەدینژاد، سەرۆک کۆماری پێشتری ئێران پەسەند نەکران. لە ئێستادا باس لەوە ئەکرێت ئەم 6 کەسە پەیوەندی پتەویان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە و سوپای پاسداران دەیەوێت سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران دیاری بکات. لە بابەتەدا باس لە پەیوەندی هەرکام لە 6 پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری ئەکرێت لەگەڵ سوپای پاسداران و جۆری پەیوەندییەکانیان، ئەوەی ئاشکرایە ئەم 6 کەسە کە ناویان هاتووە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. کەسانێکیان پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ سوپا هەبووەو خۆیان پێشتر ئەندامی سوپای پاسداران بوون. ئەوانیتریشیان ئەگەر خۆشیان ئەندامی سوپا نەبن، بەرپرسی کاروباری بانگەشەکردنیان، پاسدار بوە، وانەی بە پاسدارەکانی سوپا وتۆتەوە یان ئەوەیە لە دەسەڵاتی پێشتریدا جێگرەکەی پاسدار بووە.  هەرچەند رەمەزان شەریف، وتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، سوپای پاسداران دەست لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وەرنادات، بەڵام یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسی سوپا پاسداران لە سمینارێک لە ژێرناوی " سمیناری روونکردنەوەو لێکدانەوەی پرسەکانی هەڵبژاردن" بە ئاماژە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار وتی، "هەر کەس لەم هەڵىژاردنەدا براوە بێت، ئەنجامەکەی ئەکرێ 2 شت بێت؛ یەکەم ببێت بە هۆکاری بەرهەمهێنانی هێز، دووهەم هۆکارێک بێت بۆ دروستبوونی ئالنگاری"، سوپای پاسداران تەنها هێزێکی سەربازی نییە. سوپای پاسداران و بەسیج وەک بەشێک لە سوپا، لە راستیدا دەسەڵاتی باڵان لە ئێران". لەم راپۆرتەدا باس لە پەیوەندییەکانی هەر کام لە 6 پاڵێوراوەکان ئەکرێت لەگەڵ سوپای پاسداران. - محەممەدباقر قاڵیباف قاڵیباف کەسێکە هەر لە سەردەمی لاوێتییەوە تێکەڵ بە سوپای پاسداران بووە. لە تەمەنی 19 ساڵییەوەو ساڵی 1979 تا 2005 بە فەرمی لە سوپا بووە. ئەمیرعەلی حاجیزادە، یەکێک لەفەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، ئازاری 2024، قاڵیبافی وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی شارە مووشەکییەکانی سوپاسداران ناوبرد و  وەک کەسێک کە بەردەوام لە هەوڵدایە و ماندوو نەناسە ناوی برد  و باسی لەوە کرد ئابووری وڵات پێویستی بە کەسی وەک قاڵیباف هەیە. قاڵیباف ساڵی 2005 وەک سەرۆکی شارەوانی تاران دیاریکرا، ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی شارەوانی تاران بوو. لە سەردەمی ئەودا، سوپای پاسداران و بەتایبەت کۆمپانیای " هۆڵدینگ یاس" سەر بە سوپای پاسداران بەشداری راستەوخۆیان هەبوو لە چالاکییە ئابوورییەکانی شارەوانی تاران. تەنانەت ساڵی 2023، ئەو کاتەی سەرۆکی پەرلەمان بوو، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێرانی لە بەرژەوەندی سوپای پاسداران گۆڕی. - عەلیڕەزا زاکانی عەلیڕەزا زاکانی هاوشێوەی قالیباف، سەرۆکی شارەوانی تاران بووە. زاکانی 8ی ئابی 2021 وەک سەرۆکی شارەوانی تاران دیاری کرا. بەڵام جۆری پەیوەندی زاکانی لەگەڵ سوپای پاسداران جیاواز بووە لە جۆری پەیوەندی قاڵیباف. لە سەردەمی جەنگی ئێران-عێراق ئەندامی سوپای پاسداران بووەو بەشداری لە جەنگدا کردووەو بریندار بووە، لە سەردەمی ناڕەزایەتی خوێندکاران لە ساڵی 1999 ، کە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار کوژران و بێسەروشوێن بوون، ئەندامی بەسیجی خوێندکاریبووەو بەشدار بووە لە سەرکەوتی خوێندکارەکان. ساڵی 2013، ئیسماعیل کەوسەری یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران پشتیوانی لە زاکانی کرد و وتی :" زاکانی لە سەردەمی ریفۆرمخوازەکاندا ( سەردەمی سەرۆککۆماری محەممەد خاتەمی) یەکێک بوو لە بەرپرسەکانی بەسیجی خوێندکاری و ئەرکی خۆی بە باشی جێبەجێکرد، ئێمەش پشتیوانیمان کرد لەبەر ئەوەی لە سەردەمی جەنگی 8 ساڵەی عێراق- ئێرانەوە ئەمانناسی. ساڵی 2021، ئەو کاتەی گومان هەبوو لەوەی زاکانی وەک سەرۆکی شارەوانی تاران هەڵبژێردرێت، ماڵپەڕی فارس نیوز، ماڵپەڕی فەرمی سوپای پاسداران، هێرشی کردە سەر رەخنەگرەکانی زاکانی و نووسی :" بە دڵنیاییەوە زاکانی ئەبێت بە سەرۆکی شارەوانی"، نیسانی 2022 زاکانی رایگەیاند ، 5 بنکەی لە تاران دامەرزاندووەو سوپا و بەسیج تێیدا چالاکن.  زاکانی، لوتفوڵڵا فرووزەندەی وەک بەرپرسی ناوەندی بانگەشەکردنی خۆی هەڵبژاردووە. فرووزەندە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵی " خۆبەخشانی شۆڕشی ئیسلامی" کە فەرماندە پێشترەکانی سوپای پاسداران تێیدا چالاکن و لە سەرەتای دەیەی 2000 لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا دەورێکی گرینگیان هەبوو و بەتایبەت لە دیاریکردنی مەحموود ئەحمەدینژاد وەک سەرۆککۆمار لە ساڵی 2005. - سەعید جەلیلی سەعید جەلیلی بەوە ناسراوە کە کەسێکی توندڕەوەو لە بناژۆخوازە توندڕەوەکانە، بەڵام هاوشێوەی قاڵیباف یان زاکانی پەیوەندی راستەوخۆ و رێکخراوەیی لەگەڵ سوپای پاسداران نەبووە.  بەدەر لەمەش قسەیەک لە زاری قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشتری سوپای پاسدارانەوە دەگێڕدرێتەوە کە وا دەرئەکەوێت قاسم سلێمانی شێوەی بەڕێوەبردنی سەعید جەلیلی بەلاوە پەسەند نەبووە. لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماری 2013، سەعید جەلیلی یەکێک بوو لەو کەسانەی پاڵێوراو بوو. موجتەبا زولنوور یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە زاری قاسم سلێمانییەوە گێڕابوویەوە کە وتوویەتی :" ئەگەر جەلیلی ببێت بە سەرۆککۆمار، من یەک رۆژ لە سوپای قودسدا نامێنمەوە." سلێمانی وتبووی ئەو دەیهەوێت هەموو شتەکان لە بەردەست خۆیەوە دەرچێت و ئاگاداری هەموو شتەکان بێت و چەکی بانکی چایچییەکانیش خۆی واژۆی بکات.  بە هەموو ئەمانەوە میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران پەیوەندییەکای باشیان لەگەڵ سەعید جەلیلی بووەو هەیە. ماڵپەڕەکانی فارس و تەسنیم، رۆژنامەی جەوان و کەناڵی تەلەفیزیۆنی "افق" کەناڵی سوپای پاسداران، لایەنگری لە جەلیلی ئەکەن. هەموو ئەم ماڵپەڕ و رۆژنامە و تەلەفیزیۆنانە سەر بە سوپای پاسدارانن.  موحسن مەنسووری، بەرپرسی ناوەندی بانگەشەی سەعید جەلیلی پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. مەنسووری لە سەردەمی ئیبراهیم رەئیسی و بۆ ماوەی زیاتر لە 1 ساڵ، لە تشرینی یەکەمی 2021 ەوە تا تشرینی دووهەمی 2022 ، پارێزگاری تاران بوو و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی وەک بەرپرسەکانی پارێزگا دیاری ئەکرد. - پوورمحەممەدی مستەفا پوور محەممەدی لە دەیەی 1980 و هاوینی 1988 یەکێک بوو لەو کەسانەی بە "لێژنەی مەرگ" ناویان ئەبرا و لەو هاوینەدا زیاتر لە 15 هەزار کەس لە چالاکانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دران.  پوورمحەممەدی لە دەوری یەکەمی سەرۆککۆماری مەحموود ئەحمەدی نژاد، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەو کاتە محەممەد باقر زولقەدری وەک جێگری خۆی لە وەزارەتی ناوخۆ دیاریکرد. محەممەد باقر زولقەدر لە ئێستادا کەسی دووهەمە لە ناو سوپای پاسداران و جێگری فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانە. - قازی زادە ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی، یەکێکیتر لە پاڵێوراوەکانی سەر بە باڵی بناژۆخوازە. لە 6 پاڵێوراوەکە تەنها "پزیشکیان" لە لایەن ڕیفۆرمخوازەکانەوە پشتیوانی ئەکرێت. ئەمیرحسێن قازی زادە پێشتر بەرپرسی " رێکخراوی شەهید و خۆبەخشەکان" بووە کەسەر بە سوپای پاسدارانە. بێگومان پەیوەندی باشی بووە لە گەڵ سوپای پاسداران. محەممەد رەزا میرشەمسی، بەرپرسی ناوەندی بانگەشەی قازی زادە، پێشتر جێگری  بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی زانکۆی " ئیمام حسێن" بووە کە زانکۆیەکە سەر بە سوپای پاسداران.  - پزیشیکیان مەسعوود پزیشکیان، پاڵیوراوێکی ئازەرییە کە لە مەهاباد لە دایکبووە، باوکی پزیشکیان دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بووە بە بەرپرسی سەربازی شارەکە. پزیشکیان کوردییەکی زۆر باش ئەزانێت. بەڵام زۆر دژە کوردە و هەڵوێستەکانی وەک کەسێکی دژە کورد دەرکەوتووە.  پزیشکیان تەنها پاڵێوراوێکە لە لایەن باڵی ریفۆرمخوازەوە پشتیوانی ئەکرێت. پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ سوپای پاسداران نەبووە. پزیشکیان بۆ ماوەی 5 دەورە نوێنەری پەرلەمان بووە. لە سەردەمێکدا کە سوپای پاسداران کەوتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، وەک هەموو نوێنەرەکانی پەرلەمان جلی سوپای کردە بەر و لە پەرلەمان ئامادە بوو. کانوونی یەکەمی 2022 لە کاتی وتاردانێکی لە زانکۆ تاران، لە وەڵامی خوێندکارێکدا کە رەخنەی گرتبوو بۆچی جلی سوپای لە بەر کردووە وتی :" ئێستەش جلی سوپا لەبەر ئەکەم، ئەگەر سوپا نەبوایە ئەم وڵاتە دابەش ئەبوو، وڵات نەدەما". پزیشکیان لە سەردەمی شەڕی 8 ساڵەی عێراق – ئێراندا لە بەرەی شەڕ بووەو جلی سوپای لەبەر بووە.

بە پێی دوو راپۆرتی جیاواز کە بڵاو بۆتەوە ئەوە دەرکەوتووە بوودجەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی لە ساڵی 2023 لە دونیا 13% زیادی کردووەو لە ساڵی رابردوودا 91.4 میلیارد دۆلار سەرفی بەرهەمهێانی چەکی ناوەکی کراوە لە هەموو دونیا. بە پێی ئامارەکان، ساڵی 2022 بە گشتی لە دونیا 80.7 میلیارد دۆلار سەرفی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی کراوەو ئەوەی کە لە ساڵی 2023دا و لە ماوەی ئەم ساڵەدا 10.7 میلیارد دۆلار لە چاو ساڵی پێشتر سەرفکراوە بۆ بەرهەمهێنای چەکی ناوەکی، بە زۆری ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو جەنگانەی لە ئێستادا هەن بە تایبەت جەنگی رووسیا و ئۆکراین و ئیسرائیل و غەزە و هەر بە بۆنەی ئەم جەنگانەوە لەم ساڵەدا ئەمریکا بوودجەی سەربازی خۆی زۆر زیاتر کردووە. بە پێی راپۆرتی گرووپی " کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ نەهێشتنی چەکە ناوەکییەکان " (international Campaign to Abolish Nuclear Weapons) کە رۆژی دووشەممە 17 ی حوزەیران بڵاو کرایەوە، ئەو 9 وڵاتەی کە خاوەن چەکی ئەتۆمین، بوودجەی خۆیان لەم بارەوە زیاتر کردووەو هەوڵ ئەدەن پەرە بە بەرهەمهێنای چەکی ناوەکی بدەن. ئەمریکا یەکەم وڵاتە کە زۆرترین بوودجەی بۆ بەرهەمهێنای چەکی ناوەکی تەرخان کردووەو بە تەنها زیاتر لە نیوەی بوودجەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی لە دونیا، لە لایەن ئەمریکاوەیە و 51.5 میلیارد دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە. دوای ئەمریکا چین دووهەم وڵاتەو 11.9 میلیارد دۆلار بوودجەی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە. هەرچەن بە بەراورد لەگەڵ ئەمریکا، زۆر کەمترە. دوای چین رووسیا سێهەم وڵاتە کە 8.3 میلیارد دۆلاری بۆ پەرەپێدان بە چەکی ئەتۆمی تەرخان کردووە. بەریتانیا 8.1 میلیارد دۆلار و فەرەنسا 6.1 میلیارد دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە. لەم راپۆرتەدا باس لە بوودجەی وڵاتانی وەک کۆریای باکوور نەکراوە. لە راپۆرتەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە نەیانتوانیوە دەستیان بە زانیارییەکانی وڵاتانی هێندستان، پاکستان و ئیسرائیل بگات بۆ پەرەپێدانی چەکی ناوەکی ، بەڵام گومان لەوەدا نییە ئەو وڵاتانەش پەرە بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی ئەدەن. هەروەها بە پێی راپۆرتی "ئەنیستیتۆی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم" (Stockholm International Peace Research Institute() )ئەوە دەرکەوتووە، ئەو وڵاتانەی خاوەن چەکی ناوەکین، خەریکی نۆژەنکردنەوەی چەکەکان و تەنانەت جێگیکردنی چەکی نوێ بە كڵاوەی ناوەکیەوەن و بەردەوامن لە چالاکییەکانیان بۆ پەرەپێدان بە چەکی ناوەکی و بوودجەیەکی زیاتریان تەرخان کردووە. سۆزی سنایدەر، یەکێک لە نووسەرەکانی راپۆرتی " کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ نەهێشتنی چەکە ناوەکییەکان" لەگەڵ ئەوەی نیگەرانە لەوەی وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی، زیاتر پەرە بە بەرهەمهێنانی و نۆژەنکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان ئەدەن و پارەی بۆ سەرف ئەکەن، باس لەوە ئەکات بەم شێوەیە بێت گومان ئەکرێت لە داهاتوودا هەموو ساڵێک ١٠٠ میلیارد دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی چەک ئەتۆمی تەرخان بکەن. ئەم نووسەر و لێکۆڵەرە باس لەوە ئەکات ئەم بڕە پارە زۆرەی کە تەرخان ئەکرێت بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدان بە چەکی ناوەکی، ئەکرێت تەرخان بکرێت بۆ بەرنامەی گرینگی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی. سۆزی سنایدەر لای وایە، بەم بوودجە زۆرەوە ئەکرێت بەر بە گۆڕانی کەش و هەوا بگیردرێت، دەیان جۆر ئاژەڵ و رووەک لە لەناوچوون بپارێزرێن، ئەم بڕە پارە زۆرە تەرخان بکرێت بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی لە دونیا و بێگومان گۆڕانی زۆر گەورە دروست ئەکات. بە پێی راپۆرتی کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ نەهێشتنی چەکە ناوەکییەکان، لە پێنج ساڵی رابردوودا بوودجەی تەرخانکراو بۆ چەکی ناوەکی 34 لەسەد یان وەک ئەوترێت 23.2 میلیارد دۆلار زیادی کردووە. ئەم زیادکردنی بوودجەیە لە ئەمریکا 45 لەسەد و لە بەریتانیا 43 لەسەد بووە، پێش بینی ئەکرێت ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت لە ساڵی 2024 زیادکردنی بوودجەی بەرهەمهێنای چەکی ناوەکی 100 میلیارد دۆلار تێپەڕێنێت. هەروەها لەم راپۆرتەدا باس لەوە کراوە، ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆککۆماری رووسیا، لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئۆکراین و هێرش بۆ ئەو وڵاتە، زۆرجار باسی لە وێستگە ناوەکییەکانی ئەو وڵاتە کردووەو دونیای رۆژئاوای ئاگادار کردۆتەوە خۆیان بەدوور بگرن لەوەی کە بە شێوەی راستەوخۆ دەستێوەردانی سەربازی بکەن لەو جەنگەدا. لە راپۆرتی ئەنیستیتۆی نێونەتەوەی لێکۆڵینەوەی ئاستی ستۆکهۆڵمدا باس لەوە کراوە، كڵاوە ناوەکییەکان لە دونیا تا رادەیەک کەمتر بووەنەتەوەو لە 12 هەزار 512 كڵاوەی ناوەکییەوە لە 2023 دابەزیوە 12 هەزار و 112 کڵاوە ناوەکی لە سەرەتای 2024دا.

ئا: هاوڵاتی لە ئێران و  بەشێک لەو ناوچانەی کە سەر بە رەوتی شیعەن، ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە 17ی حوزەیران کراوە بە جەژن. لە ئێران، لە ناوچە سوننە نشینەکان، سەرەڕای ئەوەی کە دەسەڵات رۆژی دووشەممەی بە جەژن راگەیاند، بەشێکی زۆری خەڵک رۆژی یەکشەممەیان کرد بە جەژن. ئەمە رەوتێکە کە چەند ساڵە بوونی هەیە و ئەتوانین بڵێین لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، ئێران بەزۆری جەژنی قوربان و رەمەزانی لەگەڵ وڵاتانی سوننە نشین جیاکردۆتەوەو بەزۆری یەک رۆژ دواتر ئەکات بە جەژن. بەڵام ناوچە سوننە نشینەکان، لەوانە ناوچە سوننە نشینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ وڵاتانی سوننە نشین جەژن ئەکەن و بووە بە نەریتێک. بە شێوەیەک لە ناوچە سوننە نشینەکان دوو جار جەژن ئەکرێت، جارێک خەڵک ئەیکات کە لەگەڵ جەمسەری سوننەیە و خۆیان ئەڵێن لەگەڵ سعوودیە ئەیکەین و جارێک دەسەڵات ئەیکات بە جەژن، کە رۆژی دوای رۆژی جەمسەری سوننەیە. جیاکردنەوەی دوو جەمسەر ئەوەی کە ئێران جەژنی خۆی لە گەڵ جەمسەری سوننە و سعوودیە وەک دیارترین وڵاتی ئەم جەمسەرە جیا ئەکاتەوە، وەک رووبەڕوو بوونەوەی دوو رەوتی دیاری ئیسلامی دەرئەکەوێت. موختار هووشمەند، نووسەر و لێکۆڵەر و شارەزا لە رەوتە ئیسلامییەکان و مێژووی ئیسلامی سیاسی، لەمبارەوە بە هاوڵاتی راگەیاند،" ئێران وەک جەمسەری شیعە لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە دەیهەوێت خۆی لە جەمسەری سوننە جیا بکاتەوە. ئەوەش کە زۆربەی ساڵەکان دوو جەژنی قوربان و رەمەزان بە جیا لە وڵاتانی سوننە نشین و لەوانە سعوودیە ئەیگرێت بۆ جیاکردنەوەی خۆیانە وەک رەوتێکی جیاواز بە ئایدیای جیاوازەوە". ئێران دەیهەوێت خۆی لە هەموو روویەوە وەک جەمسەرێکی بەهێزی ئیسلامی نیشان بدات، ئیشی بۆکردووەو لە هەموو رەمز و سێمبۆلەکان کەڵک وەرئەگرێت بۆ ئەوەی خۆی لە رەوتی سوننە وجەمسەری سوننە جیا بکاتەوە. جەژن لە کوردستان وەک نافەرمانی مەدەنی لە ناوچە سوننە نشینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەشی زۆری خەڵک نەک لەگەڵ تاران بەڵکو لە گەڵ سعوودیە ئەیکەن بە جەژن. هەرچەند دام و دەزگا حکوومەتییەکان کراوەن، خوێندنگە و قوتابخانەکان کراوەن، بەڵام خەڵک هەرجێژنی خۆیان ئەکەن و ئەیکەن بە جەژن و رێ و رەسمەکانی جێژن لەم رۆژەدا و لەگەڵ جەمسەری سوننە بەڕێوە ئەبەن. موختار هووشمەند لای وایە، ئەمە جۆرێکە لە نافەرمانی مەدەنی و جیاکردنەوەی خۆیانە لە دەسەڵات. ئەتوانێت ئەمە ئاماژە بێت بەوەی، بەو پێیەی لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە سوننەکان پەراوێز خراون، کۆماری ئیسلامی بە گشتی لەگەڵ رەوتی سوننە لە دونیا وەک ئایدیۆلۆژیا باسی ئەکەم کێشەی هەبووە. لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا سوننەکان پەراوێز خراون. هەربۆیە خەڵک زیاتر وەک پەرچەکردار بەرامبەر ئەم کارانەی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەی شوناسی خۆیان بە شتێکیترەوە لە دەرەوەی ئێرانەوە گرێ بدەنەوە، رێکەوتی جێژنەکانی خۆیان جیا ئەکەنەوە". هووشمەند لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا دەڵێت،" ئەوەی کە خەڵک رێکەوتی جێژنی خۆیان لەگەڵ حکوومەت جیا ئەکەنەوە، لە راستییدا خۆدوور خستنەوەیە لەو بەرنامە و کارانەی کە کۆماری ئیسلامی بە ناوەی ئایینەوە ئەیکات و خۆبەستنەوەیە بە شتێکیتر لە دەرەوەی ئێران، بە تایبەت سعوودیە کە وەک سەرچاوەی بڕیاری موسوڵمانە سوننەکان دادەنرێت و ئەوانیش دەیانهەوێ خۆیان گرێ بدەنەوە بە سعوودییەوەو لە خۆیان لە ئێران دوور بخەنەوە" پێشنوێژی هەینییەکان نوێنەری خەڵک نین لە ئێران بە فەرمی جگە لە میدیاکان، پێشنوێژەکانی شارەکان، هەر شارەو یەک پێش نوێژی هەیە کە بە پێشنوێژی هەینی ناسراوە، دیاریکردنی جێژن لە لایەن پێشنوێژ شار و گوندەکانەوەیە. بەڵام خەڵک بە پێچەوانەی ئەوەی پێشنوێژەکان رۆژێک دوای جەمسەر سوننە وەک رۆژی جێژن دیاری ئەکەن، لەگەڵ جەمسەری سوننە ئەیکەن بە جێژن. موختار هووشمەند دەربارەی پێشنوێژەکان و ئەوەی کە بۆچی خەڵک گوێڕایەڵی ئەوانیش نین ئەڵێت،" خۆت ئەزانی پێشنوێژەکانی ، نوێژی هەینی لە ناوچەکوردنشینەکان و ناوچە سوننە نشینەکان و بە گشتی لە ئێران لە لایەن حکوومەتەوە دیاری ئەکرێن. ئەوەی ئەیڵێن و ئەیکەن ئەبێ لە چوارچێوەی ئەو شتانەدا بێت کە کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت و بە دیاریکراوی " ناوەندی گەورەی ئیسلامی" بۆیان دیاری ئەکات. لە رۆژئاوای ئێران و ناوچە کوردنشینەکان " ناوەندی گەورەی ئیسلامی رۆژئاوای وڵاتە، کە دیاری ئەکات مەلاکان و پێش نوێژەکان چی بکەن و چی بڵێن و کۆنتڕۆڵی مزگەوتەکان ئەکات. ئەوان ئەبێ ئەو رۆژە وەک رۆژی جەژن بە خەڵک رابگەیەنن کە حکوومەت دیاری ئەکات، بەڵام ساڵانێکە خەڵک بە پێچەوانەی داوکارییەکانەوەو سەرەڕای ئەوەش کە زۆرجار هەڕەشەیان لێدەکرێت، هێشتا ئامادەنین تەک کۆماری ئیسلامی جێژن بکەن. ناسەرکەوتووی دروشمی حەوتووی یەکبوون "وەحدەت" کۆماری ئیسلامی چەند ساڵە بەردەوام باس لەوە ئەکات شیعە و سوننە لە ئێران جیاوازییان نییە، بە دروشم ئەمەیان ئەوتەوە " شیعە و سوننە فەرقی نییە، رێبەرمان خومەینییە". بەڵام لە راستییدا بە پێچەوانەوە بووەو تا ئێستا لە شارێکی وەک تاران کە وەک دەوترێت زیاتر لە یەک میلیۆن سوننەی تێدایە، مزگەوتێک بۆ سوننەکان نییە و ئیزنیان پێنادەن مزگەوتیان ببێت یان کەسێکی سوننە ناتوانێت بە پێی یاسا ببێت بە سەرۆککۆمار لە ئێران. هووشمەند لەمبارەوە ئەڵێت،" ئەوەی کە سوننەکان لە ئێران رێکەوتی جێژنی خۆیان لەگەڵ شیعەکان جیائەکەنەوەو هاوکات لە گەڵ سعوودیە ئەیکەن بە جێژن، پێمان ئەڵێت ئەو دروشمەی ئێران کە باس لە یەکبوونی شیعە و سوننە ئەکات سەرکەوتووە نەبووە، تەنانەت حەوتوویەکیشی داناوە بە ناوی " حەوتووی یەکبوون" ( حەوتووی وەحدەت" لە 12ی ربیع الاول بۆ 17 ی ربیع الاول ی هەموو ساڵێک، ئەو هەنگاوەی سەرکەوتووە نەبووە. سوننەکان خۆیان بە هاوسۆز لەگەڵ شیعە و دەسەڵاتی شیعە نابینن لە ئێران.

هاوڵاتی لە چەند رۆژی رابردوودا و لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە، هەزاران هێکتار (هەر هێکتارێک چوار دۆنمە) لە دارستانەکانی زاگرۆس، لە ئیلام و ئەیوان و داڵاهۆوە بگرە تا دەگاتە جوانڕۆ و پاوەو مەریوان ئاگری گرتووە.  هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و وشکبوونی پووش و پاوەنەکان، بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی زاگرۆس دەسووتێت. سووتانی دارستانەکانی زاگرۆس بووە بە پرسێکی گرنگی ژینگەیی.  ئەنجومەنی "چیای سەوزی مەریوان" لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە تێلگرام رۆژی سێ شەممە 11ی حوزەیران رایگەیاند کە دارستانەکانی نزیک ئاوایی سەردۆشی سەر بە شاری مەریوان ئاگری گرتووەو بە هەوڵی ژینگەدۆستان توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.  رۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیران ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان رایگەیاند، "دارستانەکانی دەورووبەری ئاوایی "نەچێ" سەر بە شاری مەریوان ئاگری گرتووەو بە دەستی ژینگەپارێزە خۆبەخشەکان و خەڵکانی ناوچەکە توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت". دارستانەکانی دەورووبەری پاوەو جوانڕۆ لە 5ی حوزەیرانەوە ئاگری گرتووە، ژینگە پارێزەکان لە پاوەو جوانڕۆ و شوێنەکانیترەوە روویانکردۆتە ناوچەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام تا ئێستاش سووتانی دارستانەکانی پاوە هەر بەردەوامە و ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٣ی حوزەیران توانراوە ئاگری دارستانەکانی جوانڕۆ کۆنتڕۆڵ بکرێت. دەوری هێزە خۆبەخش و ژینگەپارێزەکان عەدنان حسەینی، یەکێک لە ئەندامانی بەشی راگەیاندنی چیای سەوزی مەریوان بە هاوڵاتی راگەیاند، "نیگەرانین لە سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان، لە هەمانکاتدا هەوڵ و ماندوو بوونی ژینگەپارێزەکانی بەرز دەنرخێنین کە ماندوونەناسانە و خۆبەخشانە هەوڵ دەدەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان". حسەینی لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی، "ژینگەپارێزەکان لە راستیدا پارێزەرانی دارستانەکانی کوردستانن. دارستانەکانی کوردستان سەرمایەیەکی گەورەی سروشتی ئێمەن، بەڵام هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما بە پلانەوە ئیش ئەکرێت بۆ نەهێشتنی دارستانەکان". ژینگەپارێزکی دیکەش بۆ هاوڵاتی دواو وتی، "ئێمە لە بەردەم جینۆسایدی ژینگەییداین. ئەم جینۆسایدی ژینگەییە زیاتر لە دوو دەیەیە لە کوردستان دەستی پێکردووە، ئێمە خۆنەویستانە و سەرەڕای هەموو کێشەکان، سەرەڕای ئەوەی گیانمان ئەکەوێتە مەترسییەوە، بەڵام سوورین لەسەر ئەوەی دارستانەکان بپارێزین". ئەندامێکی ژینگەپارێزی شاری "پاوە" لەم بارەوە بە هاوڵاتی راگەیاند، " ئەمساڵ لە 4ی حوزەیرانەوە دارستانەکانی بووزین ئاگری گرتووە, تائێستاش نەمانتوانیوە بە هۆی رژدی رێگاکە و چڕی دارستانەکانەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین، بەڵام هەر بەردەوامین و خەڵک خۆبەخشانە لە هەموو شوێنەوە بە هانامانەوە هاتوون". ئەم ئەندامە ئەنجومەنی ژینگەپارێزی "ژیوا"ی شاری پاوە بە ئاماژە بە سێ کەس لە ژینگەپارێزەکانی پاوە کە 29ی حوزەیرانی 2020 لە دارستانەکانی " بووزین " و "مەرەخێڵ" گیانیان لەدەستدا، وتی "نزیک چوار ساڵ لەوە پێش سێ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی "ژیوا"ی پاوە بە ناوەکانی "موختار خەندانی" ، "یاسین کەریمی" و "بیلال ئەمینی" لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەدا گیانیان لە دەستدا". هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە عەدنان حسەینی، ئەندامی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان، چەند هۆکاری دیاریکردووە بۆ کەوتنەوەی ئاگرەکان. ئەو لای وایە ئاگرەکان سروشتی نین. هەم دەستی لایەنی سەربازی و حوکمی تێدایە و هەم دەستی کەسانێکی بەرژەوەندیخواز کە دەیانهەوێت بە سووتاندنی دارستانەکان، دەست بە سەر ناوچەکەدا بگرن. حسەینی دەڵێت، "زیاتر باس لە سووتانی دارستانەکان ئەکرێت، بەڵام تەنها سووتاندن نییە. لە وەرزە جیاوازەکاندا بڕێنەوەی دارستانەکان هەیە. بە رۆژی روون بە بەرچاو ناوەندە حکوومەتی و بەرپرسەکانەوە دارستانەکان تاڵان ئەکرێن، بەڵام کەس ناپرسێتەوە". لایەنێکی سەربازی، خۆی نەیشاردووەتەوە هۆکارە بەوەی ئاگر لە دارستانەکان ئەکەوێتەوە. چ لە کاتی نمایشی سەربازی وەک ئەوەی ساڵی پار روویدا، یان بە شێوەیتر وەک دەڵێن دەیانهەوێت بتوانن توانای کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان هەبێت. ئەندامە ژینگەپارێزەکەی ئەنجومەنی "ژیوا"ی پاوە کە نەیویست ناوی ببرێت بە هاوڵاتی وت، "بە ئاشکرا دەستی حکوومەت لە سووتاندنی دارستانەکاندا ئەبینرێت. سوپای پاسداران هەموو ساڵێک ئەم ئاگرانە ئەخاتەوە. خەڵکانیتریش کەدەستیان هەیە لەو ئاگرەدا ، پلانەکانی سوپای پاسداران جێبەجێ ئەکەن". کەسێکی ژینگەپارێزی شاری جوانڕۆ بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەموو کەس ئەوە ئەزانێت ئەم ئاگرانە بۆ کەوتوونەتەوەو ئەکەونەوە. ئەوان زەوی سووتاویان ئەوێت. دەیانهەوێ قڕمان بکەن. بەس ئێمە ناهێڵین". یارمەتییە حکوومەتییەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە حسەینی لەمبارەوەیەوە دەڵێت، "ناتوانین بڵێین لایەنە حکوومەتییەکان لە سەدا سەد هیچ کارێک ناکەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان. بەڵام کەمتەرخەمن. تا ئێستاش نەبووە کۆپتەرێکی ئاگرکوژێنەوە بەکاربهێنرێت بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان. خەڵک بە پاچ و پێمەڕە و باوشە داری تەڕەوە رووبەڕووی ئاگر ئەبنەوە.حکوومەتیش کە ئاگرەکە تەواو بو دەردەکەون". ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەی "ژیوا" ئەوەشی وت، "ئەوانەی کە دێن بە هانای بانگەوازەکانمانەوە خەڵکانی دڵسۆزن. ژیانیان  بۆ ئەم ژینگەیە تەرخان کردووە. بە ژن و پیاوەوە، بە کوڕ و کچەوە، هەر یەکەو بە گوێرەی تواناییەکانی خزمەتکردنن، حکومەت نەیویستووەو نایهەوێت یارمەتیمان بدات. بەڵام ئێمە بەردەوامین و واز ناهێنین".

هاوڵاتی درەنگانی شەوی سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024 سوپای ئیسرائیل بە درۆن هێرشی کردە سەر گوندی جۆیا لە باشووری لوبنان و چوار فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا بەهۆی ئەم هێرشەوە کوژران. یەکێک لەو فەرماندە باڵایانە، " تالب سامی عەبدوڵڵا" بووە، لەم راپۆرتەدا باس لەوە دەکرێت تالب عەبدوڵڵا کێ بووەو چ دەور و نەخشێکی لەناو حزبوڵڵادا بووە. تالب سامی کێ بوو؟ تالب سامی عەبدوڵڵا، لە دایکبووی 1969، کە بە " ئەبووتالب" دەناسرا، یەکێک بوو لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی حزبوڵڵای لوبنان. ماڵپەڕی "ارم نیوز"ی ئیماراتی دەربارەی ئەم فەرماندە باڵایەی حزبوڵڵا نووسیویەتی، ئەبووتالب، فەرماندەی " لیوای النصر" ی حزبوڵڵابووە، لیوایەک کە بەرپرسایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵڵای لە ناوچە سنوورییەکانی  لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل گرتۆتە ئەستۆ. ناوچەی کشت و کاڵی "شبعا" کە بە دەست ئیسرائیلەوەیە، ناوچەیەک بووە کە "لیوای النصر" چالاکی تێدا بووە. ئەبووتالب، دیارترین فەرماندەی سەربازی حزبوڵڵا بووە کە لە ماوەی هەشتی مانگی رابردوودا و دوای پەرسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل، لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە. کێشە و ناکۆکی و شەڕی ناوەناوەی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل وەک درێژکراوەی کەرتی غەزە دەبیندرێت. حزبوڵڵا ئەڵێت بۆ ئەوەی بتوانێت گوشارەکان لە سەر فەلەستینییەکان کەم بکاتەوە لە کەرتی غەزە، بە درۆن و مووشەک هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیلیش لە وەڵامدا، بنکە و شوێنەکانی حزبوڵڵا ئەکاتە ئامانج. بە هۆی وەڵامدانەوەو هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر بنکەکانی حزبوڵڵای لوبنان، تا ئێستا زیاتر لە 300 کەس لە هێزەکانی ئەم گرووپە میلیشیایە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن کوژراون. کۆبوونەوەیەکی گرینگ کراوەتە ئامانج ژمارەیەک لە میدیا عەرەبییەکان لەوانە "ارم نیوز" و "العربیە" باس لەوە ئەکەن ئیسرائیل لەم هێرشەدا بە درۆن کۆبوونەوەیەکی گرینگی فەرماندەکانی حزبوڵڵای کردۆتە ئامانج، کۆبوونەوەکە بە بەشداری " تالب سامی عەبدوڵڵا" و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حزبوڵڵا بەڕێوەچووە کە لەو هێرشەدا لانیکەم 4 فەرماندەی حزبوڵڵا کوژراون. میدیاکانی لوبنان باس لەو ئەکەن، جگە لە "تالب سامی" 3 فەرماندەیتری حزبوڵڵا بەناوەکانی، عەلی سەفوان، محەممەد سەبرا، حسێن محەممەد حەمید لەو هێرشەدا کوژراون. ئەوانە ٣ فەرماندە بوون کە وێڕای تالب سامی عەبدوڵڵا لەم کۆبوونەوەدا بەشدار بوون.  پەیوەندی لەگەڵ قاسم سلێمانی تالب سامی، یەکێک بوو لە فەرماندە سەربازییەکانی حزبوڵڵا کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشتری هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران بوو.  لیوای "سیدالشهدا" یەکێک لە گرووپە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، بە بە دەرکردنی راگەیاندنێک، سەرەخۆشی کردووە بە بۆنەی کوشتنی "تالب سامی"ەوەو وەک یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی قاسم سلێمانی ناوی بردووە. بەپێی دوایین ئاماری دامەزراوەی لوبنانی " زانیاری نێونەتەوەیی" (International Information)  لە 8 مانگی رابردوودا بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لانیکەم ٤٤٤ کەس لە لوبنان کوژراون.  334 کەسیان ئەندامی حزبوڵلا، 18 کەسیان سەر بە رێکخراوی تەندروستی ئیسلامی حزبوڵڵا، 18 کەسیان سەر بزووتنەوەی " امل" هاوپەیمانی حزبوڵڵا، 7 کەس لە بەشی فریاگوزاری خێرا، 3 هەواڵنێر، 1 کەس سەر بە سوپای لوبنان، یەکێک لە ئەندامانی حزبی سووری نەتەوەگەرانی کۆمەڵایەتی لەم هێرشانەدا کوژراون.

  هاوڵاتی بە پێی کۆمەڵێک زانیاری کە تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشناڵ" رۆژی سێ شەممە 11ی حوزەیرانی 2024، بڵاوی کردۆتەوە، محەمەد ڕەزا نووری، ئەندامی هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران کە بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتییەکی ئەمریکی، لە عێراق زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە، پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران دەستگیرکرابوو. کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێونەتەوەیی وەزارەتی دادی ئێران، رۆژی دووشەممە 10ی حوزەیرانی 2024، لەگەڵ ئەوەی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دراوەتە پاڵ محەمەد ڕەزا نووری وتوویەتی، ئەمریکا داوای کردووە ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران رادەستی ئەمریکییەکان بکرێت، بەڵام عێراق رازی نەبووە. هاوکات بە پێی هەندێک لە زانیارییەکان ماوەیەکی کەم لەوە پێش، عەلی باقری کەنی، سەرپەرەشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەردانی عێراقی کردووە بۆ گفتگووگۆ دەربارەی ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران. دۆسییەی محەمەد رەزا نووری لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە میدیاکانی ئێران هاتە بەرباس. حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی پێشتری ئێران کە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەر لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی گیانی لە دەستدا، رۆژی دووشەممە 13ی ئایار 2024، لە گەڵ بنەماڵەی نووری دیداری کرد و بە بنەماڵەکەی راگەیاند ماوەیەکە هەوڵی ئازادکردنی دەدات. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی محەممەدرەزا نووری وەک راوێژکاری میدیای ناو ئەبەن، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشنال" محەممەدڕەزا نووری لەم ساڵانەی دواییدا بە هاوکاری ئەندامێکی بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی نوجەبا، کەڵکی لە پەیوەندییەکانی وەرگرتووە بۆ ئەوەی خەریکی بازرگانی بێت بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی لە عێراق و کۆمەڵێک گرێبەستی بازرگانی رێکخستووە.  رووداوی کوشتنی هاوڵاتییە ئەمریکییەکە ستیڤن ئێدوارد ،هاوڵاتیەکی ئەمریکی و مامۆستای قوتابخانە رۆژی 7ی تشرینی دووهەمی 2022 لە کەڕادە، ناوەندی بەغداد کوژرا. هەمانڕۆژ گرووپی "اصحاب الکهف" بەرپرسایەتی کوشتنەکەی گرتە ئەستۆ. "ئەنیستیتۆی لێکۆڵینەوەی واشنگتۆن" رایگەیاند گرووپی "اصحاب الکهف" سەر بە «عصائب اهل الحق»ە و پلاتفۆڕمەکانی "عصائب اهل حق" نزیکییەی زۆری لەگەڵ "اصحاب الکهف" هەیە و ئەم کردەوە تیرۆریستییەش لە ناوچەیەک بووە کە "عصائیب اهل حق" باڵادەستە لەو ناوچەیە. رۆژی 23ی ئازاری 2023،محەممەد رەزا نووری وێڕای چوار ئەندامی هێزە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق، بە تۆمەتی کوشتنی مامۆستایەکی ئەمریکی بە ناوی " ستیڤن ئێدوارد ترۆئێل" دەستگیرکران. ستیڤن ئێدوارد هاوڵاتییەکی 45 ساڵ تەمەنی ئەمریکی و خەڵکی ویلایەتی "تێنسی" لە باشووری ئەمریکا، لەگەڵ ژن و مناڵەکەی لە عێراق ئەژیا. ستیڤن ئێدوارد مامۆستای قوتابخانە بوو. گرووپی "اصحاب الکهف" رایگەیاند ئەم مامۆستا ئەمریکییەی لە تۆڵەی کوشتنی "قاسم سلێمانی" فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کوشتووە. رۆژی 23ی ئازار، محەممەد رەزا نووری و 4 هاوڵاتی عێراقی ئەندامی " عصائب الحق" لە نەجەف دەستگیرکران. رۆژی 31ی ئابی 2023، لە لایەن دادگای تاوانەکانی کەرخی عێراقەوە، محەممەد رەزا نووری و 4 هاوڵارییە عێراقییەکە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ بڕایەوە. تاوانبارەکان لە دادگا دانیان بە کشتنی " ستیڤن ئێدوارد"دا ناوەو باسیان لەوە کرد سەرەتا دەیانویست ئەم هاوڵاتییە ئەمریکییە بدزن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پرۆسەی دادگایی کردنی ئەم ٥ کەسەی بە عادڵانە ناوبرد و پێشوازی کرد لەو بڕیارەی دادگا.  سیخوڕ لە تاران، بکوژ لە عێراق محەممەد رەزا نووری بە پێی ئەوەی لە پاسپۆرتەکەیدا هاتووە، 25ی حوزەیرانی 1987ە لە تاران لە دایکبووە. بە پێی کۆمەڵێک زانیاری ، ئەم هاوڵاتییە ئێرانییە، هاوکاتی هاوڵاتی سووریا بووە و لە سووریا بە "ئەبوو عەباس" ناسراوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی ئێراندا هاتووە، لە شەڕی ناوخۆ لە سووریا بەشداری کردووەو کەسێک بووە نزیک لە قاسم سلێمانی. بە پێی کۆمەڵێک زانیاری کە ایران اینترنشناڵ بڵاوی کردۆتەوە، محەممەد رەزا نووری، چەند ساڵ لەوە پێش دوای ئەوەی لە سووریاوە گەڕاوەتە بۆ ئێران، بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکراوەو 9 مانگ لە زیندان بووەو لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوەو وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و رێکخراوی هەواڵگری سوپای پاسداران، هاوکات رایانگەیاند گومانیان هەیە لەم ئەندامەی سوپای قودس. دەوترێت ئەوەی کە سوپای پاسداران لە میدیاکانی خۆیدا ئامادە نەبووە ئاماژە بە ناو و تۆمەتی ئەم کەسە بکات و باس لەوە بکات لە تۆڵەی قاسم سولەیمانیدا ئەم هاوڵاتییە ئەمریکییەی کوشتووە، بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە سوپای پاسداران گومانی بووە لەوەی کە سیخوڕ بێت. بەڵام هەوڵی ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران، رادەستی ئەمریکییەکان بکرێت بووە بە هۆی ئەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدا بن ئازادی بکرێت. لەگەڵ دەستپێکی هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی، میدیاکانی ئێران دوای زیاتر لە 1 ساڵ ناویان محەممەد رەزا نووری بردووە وەک کەسێک کە 400 رۆژە لە زیندانە و باسیان لەوە کردووە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە. میدیاکانی ئێران لە لایەکەوە باسیان لەوە کردووە کە تۆمەتی کوشتن بێ بنەمایە و ئەو تۆمەتەیان رەت کردۆتەوە. لە لایەکیترەوە باسیان لەوە کردووە ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییەی کە کوژراوە، هاوڵاتییەکی ئاسایی نەبووە. هەرچەند کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی عێراق، پەیماننامەی رادەستکردنی سزادراوەکانیان واژۆ کردووە، بەڵام عێراق تا ئێستا رازی نەبووە نووری رادەستی ئێران بکات. تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشناڵ" باسی لەوە کردووە نووری یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی بەشی عەرەبی " صابرین نیوز" راگەیاندنی بەرگری ئیسلامی لە عێراق.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد هەموو ساڵێک، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و رشانەوە لەنێو منداڵاندا زیاددەکات، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزیی پلەی گەرما کە دەبێتەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو، خراپ هەڵگرتنی خۆراک و گەشەکردنی هەندێک جۆری بەکتریا، بێجگە لەمانە منداڵ لە پلەی گەرمیی بەرزدا زیاتر وشکدەبێتەوە و کەمتر بەرگەی سکچوون و رشانەوە دەگرێت. د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لە سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەم پاتەیە ساڵانی رابردووش لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ژمارەی نەخۆشەکانمان بە تووشبوون بە پەتای سکچوون و رشانەوە زیاتر دەبێت بەراورد بە نەخۆشییەکانی دیکە". بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان روونیشیکردەوە، "لەوانەیە رۆژانە 50 بۆ 60 نەخۆش داخڵی نەخۆشخانە بێت لەو رێژەیە 25 بۆ 30 منداڵایان تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە کە زیاتر هۆکارەکەی بەهۆی بەکتریا و ڤایرۆسەوەیە". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "ساڵانە لەم وەرزەدا رێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییە زیاتر دەبێت بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و چوونە دەرەوەی زیاتری هاوڵاتییان بۆ گەشت". د. کۆیان زاهیر رێنمایی هاوڵاتییان دەکات و داوایان لێدەکات خۆیان لە خواردنی دەرەوە و سەوزەواتەکان بپارێزن و گرنگی زیاتر بە پاک و خاوێنی بدەن و خواردنی ماڵەوە بۆ جاری دووەم گەرم نەکەنەوە و میوەکان بە باشی بشۆنەوە. لای خۆشییەوە د. پشدەر عەبدوڵڵا،  پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان رێنمایی بە دایکان و باوكان دەدات و دەڵێت، بۆ رێگەگرتن لە تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنرێت: - کوڵاندنی ئاوی خواردنەوە. - هەڵگرتنی خواردن لەناو بەفرگردا. - شۆردنەوەی تەواوی سەوزە و میوە. - شۆردنی زووزووی دەستی منداڵ بەتایبەت پاش چوونە تەوالێت. - پاکراگرتنی تەوالێت و حەمام. - خاولی، پەرداخ، کەوچک و کەرەستەی دیکەی یەکدی بەکارنەهێنرێت - دوورکەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت خواردنی سەر عەرەبانەکان. - باشکوڵاندنی گۆشت و خواردنەکانی دیکە.

هاوڵاتی، هەرێم شێرە  بە پێی راپۆرتێکی دیوانی چاودێری هەرێم داهاتی مانگانەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە(111) ملیار دینارە، هەروەها داهاتی مانگانەی دەروازەی ابراهیم خەلیل بە تەنها نزیکەی (60) شەست ملیار دینارە. لە بەرامبەریشدا موچەی وەزارەتی پێشمەرگە (133) ملیار دینار و هەروەها موچەی مانگانە دەزگاو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم نزیكەی (63) ملیار دینارە. واتە تەنها بە داهاتی دەروازەكانی ئەم دوو مانگەی رابردوو حکومەتی هەرێم دەیتوانی موچەیەکی وەزارەتی پێشمەرگە بدات و هێشتا 89 ملیار دیناریش وەک داهات بۆ حکومەتی هەرێم دەماوە. جگە لەمەش حکومەتی هەرێم تەنها لە رێگای داهاتی مانگانەی دەروازەی ابراهیم خلیل دەیتوانی لە %95 موچەی کارمەند و ئەفسەرانی ئەنجومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم دابینبکات. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بەرپرسانی هەرێم بە بەردەوامی لە کۆڕ و لێدوانەكانیاندا ستایشی هیزەکانی پێشمەرگە دەکەن و بە سیمبول و پارێزەری کوردستان ناویان دەبەن کەچی ماوەی 55 رۆژە پێشمەرگەو ئەفسەرانی ئاسایش خۆیان و خێزانەکانیان لەبەر بێ موچەیی لە باردوخۆێکی سەختی داراییدان و لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر نابەرپرسیارانە مامەڵە دەكەن و هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەری كێشەكە نانێن،لە کاتێکدا وەک باسمان کرد تەنها لە رێگای داهاتی دەروازەکان دەیانتوانی موچەکانیان پێبدەن. لە ماوەی ڕابردودا سەرەرای ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە قوربانی زۆریان داوە بەڵام لە نێوان دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم ڕۆڵ و قوربانیدانیان لەبەرچاو نەگیراوە،لە شەری داعشدا هێزەكانێ پێشمەرگە زیاتر لە ١٨٠٠ هەزارو هەشت سەد شەهیدیان دا بەڵام عەبادی كە سەرۆك وەزیرانی عێڕاق بوو لە كاتی گوتاری سەركەوتن بەسەر داعشدا بە یەك وشەش باسی ڕۆڵی پێشمەرگەی نەكرد،دەسەڵاتدارانی هەرێمیش تا ئێستا نەیانتوانیەوە سادەترین مافیان كە دابین كردنی موچەكانیتیان بۆیان دابین بكەن،بۆیە لە ئێستادا دەتوانین بڵێین كە پێشمەرگە مافخوراوترین چینی كۆمەڵگایە٠٠

هاوڵاتی ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی منداڵانە وهاوڵاتی  بەدواداچوونی بۆ دۆخی منداڵانی ئیشکەر کردووە لەشەقام و بازاڕەکانی هەرێمدا و منداڵپارێزی کوردستانیش دەڵێت، ئەو سزایەی دەدرێت بەسەر دایک و باوکی ئەو منداڵانەدا کە کاردەکەن بڕەکەی زۆرکەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی ئەو منداڵانە دووبارە نەخرێنە بەر کار لەلایەن دایک و باوکیانەوە. نوعمان عەبدولڕەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری منداڵپارێزی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024 لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت، "لە ڕێگەی لیژنەکانیانەوە بەردەوام چاودێری ئەو منداڵانە دەکەن کە کاردەکەن و لە ڕێگەی پۆلیسی نەوجەوانانەوە دایک و باوکی ئەو منداڵانە ئاگادار دەکرێنەوە" باسی لەوەشکرد، "بەشێکی زۆری ئەو منداڵانەی کاردەکەن بە پلەی یەکەم منداڵی ئاوارەکانن کە لە هەرێم نیشتەجێن بە تایبەت منداڵی پەنابەرە سورییەکان و بە پلەی دووەم منداڵی  کۆچەرییەکانن (قەرەج) و کەمترین ریژەی منداڵی ئیشکەریش سەربە دانیشتوانی  ناوخۆی هەرێمن هاوکات ئەو منداڵانەی کاردەکەن کچ و کوڕیشیان تێدایە". منداڵپارێزی کوردستان دەڵێت، ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئەو منداڵانەی کە کاردەکەن کەمدەبێتەوە و بە گوێرەی نوێترین داتاکانی ئەو ڕێکخراوە ژمارەی ئەو منداڵانەی ئیشیان لەسەرکراوە و   بەشێوەیەکی نایاسایی لە هەرێم کاردەکەن بەم شێوەیە دابەشبوون: - پارێزگای سلێمانی : 443 منداڵ. - پارێزگای هەولێر: 390 منداڵ. - پارێزگای دهۆک: 414 منداڵن. وەک لە ئامارەکاندا دەردەکەوێت ژمارەی منداڵانی ئیشکەر لە پارێزگای سلێمانی بە بەراورد بە منداڵانی پارێزگاکانی دیکەی هەرێم بەرزترەو منداڵپارێزیش هۆکاری بەرزی ژمارەکە بۆ هەبوونی کێشەی تەکنیکی وەک دابینکردنی سەیارە و کاتەکانی کۆکردنەوەی داتاکان و نەبوونی ژمارەی پێویستی پۆلیسی نەوجەوانان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەگەڕێنێتەوە. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی هاوڵاتی لە منداڵپارێزەوە دەستی کەوتووە زۆرینەی ئەو منداڵانەی کە کاریان پێدەکرێت لە لایەن دایک و باوکیانەوە "ئیستیغلال" کراون و کاریانپێدەکرێت لە کاتێکدا خۆیان توانای کارکردنیان هەیە. هەروەها بە شێکی زۆری ئەو منداڵانەی بەم شێوەیە بەکاردەهێنرێن زیاتر منداڵی ئاوارەوپەنابەرەکانن و منداڵپارێزدەڵێت، بەهۆی ئەوەی بەردەوام شوێنی نیشتەجێبونیان دەگۆڕن ئاسانتر دەتوانن ئیستیغلالی منداڵەکانیان بکەن و خۆیان لە سزا و ڕێکارە یاساییەکان بدزنەوە". لە ئێستادا بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە دوای دەستنیشانکردنی منداڵەکان لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە لێپێچینەوەی یاسای لەگەڵ دایک و باوکی ئەو منداڵانەدا دەکرێت و بەڵێننامەیان پێپڕدەکرێتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان نەخرێنەوە سەر کار و لە کاتی پێشێلکردنی ئەمەدا دایک و باوکەکان سزای مادی دەدرێن. سەرچاوەیەکیش لە منداڵپارێزی کوردستان بە هاوڵای وت، "ئەو بڕە پارەیەکی لە دایک و باوکی منداڵەکان وەردەگیرێت بڕەکەی زۆر کەمە و یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە بەڵام بەهۆی کارنەکردنی  پەرلەمانی کوردستانەوە ناتوانن ئەو کارە بکەن و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی کە مندال هەیە دایک و باوکی زیاتر لە جارێک بەڵێنامەیان پێپڕکراوەتەوە سزا دراون بەڵآم دووبارە خراونەتەوە سەر کارکردن". لە رۆژی جیهانی مداڵاندا، بەهۆی کەموکورتی و بێباکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەبونی ڕێکار و یاسای پێویست بۆ پارێزگاری کردن لە منداڵانی ئیشکەر لە بازاڕەکان و شوێنە جیاجیاکانی هەرێمدا ژمارەیەکی زۆر منداڵ کاردەکەن و مەترسی توندو تیژی سێکسییان لەسەرە  و لە بەشێکی زۆری مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشکراون.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی وارشۆ وادیارە شەڕەکەی حەماس دەکرێت لە کۆتاییدا ئەنجامێکی باش بۆ فەڵەستینییەکان و خاکی فەڵەستین بێنێتە بەرهەم. ئەوەش لەبەر ئەوەی وردە وردە تەواوی جیهان لەوە تێدەگەن، بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، پێویستە فەڵەستین ببێتە دەوڵەت. لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزوتنەوەی حەماس پەلاماری بۆ سەر ئیسرائیل برد؛ لەو هێرشەدا حەماس 1,139 کەسی کوشت کە 695یان هاوڵاتی سڤیلی ئیسرائیلی بوون و 36 کەس لەوانە منداڵبوون. 71 کەسیان هاوڵاتی بیانی بوون و 373 کەسیشیان پۆلیس و ئاسایش بوون. هەر لەو پەلامارەدا 24 هاوڵاتی و پۆلیس لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران، ئەمە جگە لەوەی رووبەرێکی لە ئیسرائیلیش کۆنترۆڵکرد. هەر دوای ئەوە ئیسرائیل بانگەوازی جەنگی لەگەڵ حەماسدا راگەیاند کە تا ئێستا بەردەوامە و ئامانجەکەشی لەناوبردنی تەواوەتی حەماسە لە غەززە. لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززەدا کە وەک خۆی دەڵێت، ئامانجی لەناوبردنی حەماسە، تاوەکو نوسینی ئەم راپۆرتە 35 هەزار و 647 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و لانیکەم 79 هەزار و 852 کەسیش برینداربوون. جەنگەکە کاردانەوەی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و تا رادەیەک وەک هەمیشە زەوی کردووە بە دوو جەمسەری دژیەکەوە. ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا تا ئەمڕۆ رەوایەتی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەدەن و بە "شەڕ لە دژی تیرۆر" ناوی دەبەن؛ بەشێکیان بێ لایەنیان هەڵبژاردووە و هەرچی دەمێنێتەوە ئێستا سەرکۆنەی ئیسرائیل دەکەن بەوەی لە غەززە "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و رەشەکوژی" دەکات. "ئاڕاستەی گفتووگۆ دیپلۆماسییەکان رووەو کوێ؟" کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێگەیشتووە، ئەگەر ئاگری شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە کۆتایی نەیەت، بەدەر لەو کارەساتە مرۆییەی دوای خۆی جێیدەهێڵێت، پریشک دەهاوێژێت بۆ رووبەرێکی گەورەتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتریش بۆ جیهان. هەروەک هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەربازی و ستراتیجییەکانی یەکدی لە دەرەوەی خاکی خۆیان و دواتریش هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر یەکدی؛ ئێران لە 13 و 14ی نیسانی ئەمساڵ و ئیسرائیل لە 19ی هەمان مانگ. ئەمە جگە لە مەترسی پەلکێشبوونی لوبنان لە شەڕەکەدا بەهۆی هێرشە جار بە جارەکانی حیزبوڵا و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی. هەربۆیە دەنگی دروشمی "چارەسەری دوو دەوڵەت" لە کۆبوونەوە فەرمی و لوتکەکانی جیهاندا خەریکە زیاتر بەرزدەبێتەوە. چارەسەری دوو دەوڵەت بریتییە لە پێشنیازێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1947، کە چارەسەری کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیلی بەوە دەکرد، دوو دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر ئەو خاکەی ئێستا هەردووکیانی تێدان دروستبکرێت. هەروەها مزگەوتی ئەقسا و رووبەرێکی دیاریکراوی چواردەوری کە لەلای موسڵمان و جووەکان بە پیرۆز دادەنرێت، بە سەربەخۆیی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە چاودێری بکرێت. جگە لەوەش، ئێستا وڵاتان لە هەوڵی ئەوەدان لە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسی نێودوڵەتیدا ماف و دەسەڵاتی زیاتر بدەنە فەڵەستین. 10ی ئاداری 2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگی لەسەر پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی ماف و بەرژەوەندی زیاتر بە فەڵەستین و کردنی بە ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوەیەکگرتووەکان. لە 193 ئەندام، 143 ئەندامیان دەنگیان لە بەرژەوەندی پرۆژەیاساکەدا. هەروەها ئەمڕۆ ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلەندا بڕیاریاندا 28ی ئەم مانگە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن و بە روونی جەختیان لەوە کردەوە، چارەسەری دوو دەوڵەت دەبێت جێبەجێبکرێت و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی رژد رووەو ئەو مەبەستە بنێن. لەلایەکی دیکەوە، یەکێتی ئەوروپا و گرووپی حەوت کە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسای تێدا ئەندامن بە فەرمی داوای دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینیان کردووە. ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتدایە، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی ئیسرائیل و فەڵەستین بەیەکەوە لەسەری بگەنە رێککەوتن؛ ئەوەش لای زۆرێک "ئەستەمە". هەر ئەمڕۆ، دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ئەوان یەکێکن لە هەرە پاڵپشتە گەورەکانی جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت و ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێش رووخانی یەکێتی سۆڤیەت، یەکێتییەکە دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. لەلایەکی دیکەوە، وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە، چین پاڵپشتی تەواوەتی خەڵکی فەڵەستین دەکات لە بەدەستهێنانی ماف و سەربەخۆییان. هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە چین بە رژدی پاڵپشتی چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات و لە پێشووتریشدا پەکین هەر زوو دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. تێڕوانینی ئێستای عەرەب، ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ پێشنیازە بەساڵاچووەکە هەرچی وڵاتانی عەرەبییە هەرچەندە لە رابردوودا دوو جار لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ دژوەستانەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت چوونەتە جەنگەوە، لە دواین لوتکەیاندا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کۆنفرانسێکی ئاشتی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بە بەریەککەوتنەکانی فەڵەستین، بەتایبەت حەماس و ئیسرائیل بهێنن. مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لە ئەیلوولی ساڵی رابردوودا و لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا پاڵپشتیی لە چارەسەری دوو دەوڵەت کرد، هەروەک داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کاری لەسەر بکەن و دەکرێت، "ئەمە کۆتا هەل بێت بۆ پەیڕەوکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت". هەرچی حەماس و ئیسرائیلە بیروڕای پەڕگیر و تێکدەرانەیان بۆ بابەتی چارەسەری دوو دەوڵەت هەیە. حەماس لە 2017دا پاڵپشتی خۆی بۆ پێشنیازەکە خستەڕوو، بەو مەرجەی سنوورەکان بگەڕێنەوە پێش ساڵی 1967. لەلایەکی دیکەوە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکی گوتووە، بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین گەورەترین خزمەتە بە "گرووپی تیرۆرستی حەماس". پێشنیازێک کە بە دوایدا دوو جەنگ هاتووە، ئێستا دەبێتە هەوێنی ئاشتی؟ دوای ئەوەی لە ساڵی 1914 ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لەناوچوو، لە ساڵی 1918دا بەریتانیا کۆنترۆڵی نزیکەی نیوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد کە بەشێک لەو رووبەرە ئەو خاکەیە ئێستا فەڵەستین و ئیسرائیلی لەسەرن. لەو کاتەدا دانیشتووانی فەڵەستین بریتیبوون لە موسڵمان، کریستیان و جووەکان کە زۆرینە موسڵمان بوون. لە ساڵی 1936، شۆڕشی عەرەب لە دژی بەریتانییەکان روویدا، ئەوەش لەبەر مەترسی زۆربوونی دانیشتووانی جوو لە فەڵەستین. دواتر بەریتانیا بڕیاریدا چارەسەری دوو دەوڵەت بهێنێتە ئاراوە کە لەو کاتەدا 80٪ی رووبەری ئەو خاکە بۆ فەڵەستینییەکان و 20٪ی بۆ جووەکان دانرا، بەڵام فەڵەستینییەکان ئەو چارەسەرەیان رەتکردەوە. دواتر لە ساڵی 1947، نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاریدا دووبارە چارەسەری دوو دەوڵەتی هێنایە ئاراوە. پێشنیازەکە 56٪ی خاکەکەی بۆ ئیسرائیل و 44٪ی بۆ فەڵەستین یەکلادەکردەوە. ئەم جارە جووەکان چارەسەرەکەیان قبوڵکرد و ئەو هەنگاوە بووە بناخەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 15ی ئاداری 1948، بەڵام عەرەب بۆ جاری دووەم رەتیانکردەوە. هەرچی لوبنان، عێراق، ئوردون، میسر و سووریا بۆ رووخاندنی ئەو دەوڵەتە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بردییەوە و رووبەرێکی گەورەتری لەسەر خاکی فەڵەستین کۆنترۆڵکرد و ئوردونیش کەرتی رۆژئاوای فەڵەستینی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. لە ساڵی 1967، دووبارە ئوردون، میسر، سووریا و لوبنان هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل و جەنگەکە شەش رۆژی خایاند، بەڵام دووبارە ئیسرائیل بردییەوە و تەواوی خاکەکەی بە غەززە و کەرتی رۆژئاواوە کۆنترۆڵکرد. لە ساڵی 2000، دووبارە فەڵەستین و ئیسرائیل بۆ گفتووگۆی ئاشتی لە ئەمریکا کۆبوونەوە. ئیهود داراک، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل و یاسر عەرەفات بۆ ماوەی 14 رۆژ بە نێوەندگیر بیڵ کڵینتن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا گفتووگۆیان کرد. پێشنیازکرا 94٪ی کەرتی رۆژئاوا و تەواوی غەززە بچێتە ژێر دەسەڵاتی فەڵەستینییەکانەوە و وەک دەوڵەتی فەڵەستین بناسرێت؛ هەروەک رۆژهەڵاتی ئۆرشلیم\قودس ببێتە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین. یاسر عەرەفات، سەرۆکی رێکخراوی ئازادکردنی فەڵەستین بە پێشنیازەکە رازی نەبوو و دووبارە شەڕ و پێکدادان لە نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل دەستیپێکردەوە. لە ساڵی 2008، مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لەگەڵ ئیهود داراک کۆبوونەوە و هەمان پێشنیاز بۆ دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین هاتەوە بەرباس، بەڵام جارێکی دیکە لەلایەن فەڵەستینەوە رەتکرایەوە. لەو کاتەوە چارەنووسی دەوڵەتی فەڵەستین بە نەزانراوی ماوەتەوە. لەو ماوەیەشدا نزیکەی 500 هەزار ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین جێگیر کراون، کە ئەمەش ئێستا یەکێکە لە بەربەستە گەورەکانی بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین، چونکە بە دروستبوونی فەڵەستین دەبێت تەواوی ئەو نیو ملیۆن کەسە ماڵەکانی خۆیان جێبێڵن و بگەڕێنەوە ناو سنووری ئیسرائیل. "چارەنووسی چارەسەری دوو دەوڵەت بەرەو کوێ؟" لە دوای ساڵی 2020 کە رێککەوتننامەی ئەبراهام بە نێوەندگیری ئەمریکا کە ئەوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی بوو، لە نێوان بەحرەین و ئیمارات لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە واژۆکرا، وردە وردە نێوانی عەرەب و ئیسرائیل بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت. ئامانجی رێککەوتننامەی ئەبراهام ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییە. مەغریب و سوودان لە دواتردا بڕیاری بە چوونە ناو رێککەوتنەکەیاندا و ئێستاش سعودیە لە گفتووگۆدایە بۆ چوونە ناو رێککەوتنەکە. سعودیە کە وەک ناوەندی بڕیاری دەوڵەتانی عەرەب و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشاندەدات، دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت جێبهێڵێت. پاڵپشتیی چین، رووسیا، یەکێتی ئەوروپا، نەرمی نواندنی ئەمریکا، پاڵپشتی زۆرینەی نەتەوەیەکگرتووەکان و پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەو پێشنیازە، دوای 77 ساڵ لە دژایەتیکردنی، دەکرێت ئاسۆیەکی گەش بێت بۆ جێبەجێکردنی لە داهاتوویەکی تا رادەیەک نزیکدا و بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین.

هاوڵاتی/ ژیر فاتیح یەکێک لەو دیارەدە خراپ و دزێوانەی لە دونیای ئێمەدا لە ئارادایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر تەشەنە دەکات، بینینی فیگەر و کەسایەتی و دیاردە جیاوازەکانە بە یەک شکڵ و شێوەی دیاریکراو و لەناو یەک پۆلین و ڕێکخستنی گشتیدا، بە واتایەکی دیکە؛ جۆرە تێڕوانینێک لە فەزای کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری دونیای ئێمەدا باڵادەستە، کە کۆی کەسایەتی و ڕوودا و و دیاردەکان بە یەک فۆڕمی کڵێشەیی دیاریکرا و دەبینێت، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی تایبەتمەندێتی و جیاوازی و وردەکاری ئەم فیگەر و کەسایەتی و دیاردە ناچوونیەکانە بکات، لەناو یەک شێوە پێناسە و تێڕوانیندا کورتیان دەکاتەوە و مۆبیلیزەیان دەکات. ئەم نیگا سەرتاپاگیرە کە توانای بینینی جیاوازییەکانی نییە و لە یەک گۆشە نیگای دیاریکراوە لە دیاردەکان و کەسەکان دەڕوانێت، وا دەکات بوارێک بۆ بینینی تاقانەیی و لێوەشاوەیی کەسایەتییەکان و فرەیی و ناهەمەچەشنی دیاردە و دەرکەوتەکان نەهێڵێتەوە. یەکێک لەو شێوە-ڕوانینە باوانەی هەنوکە لە دونیای ئێمەدا باڵادەستە، ڕوانینە بۆ پرسی سەرمایەداری و کەسایەتییە سەرمایەدارەکان، کە زۆرجار بە شێوەیەکی دوور لە ڕاستی و نا بابەتییانە خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت و هەندێک ئایدیا و روانگەی بارگاوی بە نەریتی مارکسیستانەش بۆ ئەم جۆرە خوێندنەوانە دەکرێنە پاساو و کەرەستە، کە نەک تەنیا لەڕووی تیۆرییەوە راست نین، بەڵکو رێگەی ئەوەشمان لێدەگرن شتەکان بە شێوەیەکی بابەتی و وەک خۆیان ببینین. بێگومان ئەوە راستە کە کۆی جیهان لەمڕۆدا بەدەست سیستمی سەرمایەداری و لۆژیکی بازاڕی ئازادەوە لە قەیراندایە، بەڵام قسەکردن لەسەر سیستەمی سەرمایەداری و ئابوری نیولیبڕاڵی و بازاڕی ئازاد، پێویستە جیا بکرێتەوە لەو هەوڵە فەردییانەی کە بە گیانێکی دڵسۆزانە ونیشتیمانپەروەرانەوە، بڕێکی زۆری سەرمایە و داهاتی خۆیان دەخەنە خزمەتی پڕۆژەی نیشتیمانی و گشتییەوە، کە سود و قازانجە گشتییەکانی دەیانجار لە دەستکەوتە فەردیی و کەسییەکان گەورەترە. "فاروقی مەلا مستەفا" نموونەی ئەو سەرمایەدارە دڵسۆز و خەمخۆرانەی نیشتیمانە، کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوام و بێ پشوودان، لە هەوڵی سەرپێخستنی دەیان پڕۆژەی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و سەرمایەگوزاری جیاوازدایە، بە سەدان ملیۆن دۆلاری لە بڕی سەرمایەکەی خۆی بۆ خزمەتکردنی شاری سلێمانی و کوردستان بە گشتی، تەرخانکردووە و بەردەوام وەک فیگەرێکی دیاری ناو بواری بازرگانی، خۆ نەویستانە و لەخۆبوردووانە لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و هێنانە ئارای دونیایەکی ئارام و کەشێکی لەباردا بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی کوردستان، ماندوونەناسانە هەوڵی داوە و هەمیشە پێشەنگ بووە لە خزمەتکردن و بونیادنانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە یادی دە ساڵەی دامەزراندنی (نەخۆشخانەی فاروق)دا، ئەم سەرمایەدارە دڵسۆز و خەمخۆرە، کە خاوەنی باکگراوندی مەعریفی و دیدگای تایبەت بە خۆیەتی سەبارەت بە پرس و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە وتارێکدا بۆ ئامادەبووان ئاماژەی بە چەند خاڵکێدا، کە جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنن و پێویستە دیوە ئینسانی و نیشتیمان پەروەریی و قازانج نەویستییەکەیان بۆ هەمووان ئاشکرا بکرێت. تا ئەوە لای هەمووان ڕوون بێت کە مەرج نییە، هەموو سەرمایەدارێک تەنیا لە بیری کەڵەکەکردنی قازانجدا بێت، هەرچەند زۆر سەرمایەدار هەن لە دونیای ئێمەدا بەو لۆژیکە بیردەکەنەوە، بەڵام بوونی ئەوانە ناتوانن تاقانەیی و خەمخۆری کەسانی وەک "فاروقی مەلا مستەفا" بشارنەوە. یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی ناوبراو لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێدا، ئەوەیە کە چۆن دڵسۆزانە و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە، بیریان لە دروستکردنی پڕۆژەیەکی تەندروستی و زانستیی گەورەی وەک نەخۆشخانەی فاروق کردووەتەوە. بەو پێیەی ئەزموونی حکومڕانی لە دونیای ئێمەدا تا ئەندازەیەکی زۆر لە قەیراندایە، ئەمە وایکردووە کە هانیان بدات ئەرکێک لە ئەستۆ بگرن، کە لە بنەڕەتدا ئەرکی حکومەتە ئەنجامی بدات، بەڵام بەو پێیەی لە قسە و کردارەکانی "فاروقی مەلا مستەفا"وە دەردەکەوێت، ئەوان تەنیا وەک بازرگانێکی بێ هەڵوێست لە کۆمەڵگەدا ناژین، کە تەنیا بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی خۆیان بووێت، بەڵکو نموونەی بازرگانێکن کە خەمخۆری وڵاتەکەیانن و بیرکەرەوەیەکی بەردەوامن، لەو ڕووەوە کە شان بەشانی سەرانی حکومڕان و بگرە زیاتریش هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن بەرانبەر بە هاونیشتیمانیان و هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان. هەر بۆیە لە بڕگەیەکی دیکەی قسەکانیدا، وردبینانە و وەک کەسێکی خاوەن دید و پسپۆڕی لە پیشەکەی خۆیدا، ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە کەرتە گشتییەکانی تەندروستی و پەروەردە و فێرکردن، لە ژێر چاودێری حکومەتدا بە تایبەتی بکرێن، بۆ ئەوەی نەبنە مایەی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و کەسانێکی چاوچنۆک لەسەر قوتی خەڵکی و بەبێ رەچاوکردنی باروگوزەرانی ژیانی گشتی سەروەت و سامان کەڵەکە بکەن. ئەم دڵسۆز و خەمخۆرییەش بە ڕادەیەکە، کە بە گفتێکی ئینسانی و زۆر دڵسۆزانە لە ماوەی ڕابردوودا و لە مەڕاسیمی یادی دە ساڵەی دامەزراندنی نەخۆشخانەی فاروقدا دەڵێت: من خۆشم و کەسە ئازیزەکانیشم هەموو زەرەرەکان بە قازانجێکی گەورە دەبینین. واتە هەرچەندێک لەم جۆرە پڕۆژە خزمەتگوزاریانەدا زیانمەند ببن، هێشتا وەک قازانج دەیبینن، چونکە لە بەرژەوەندی گشتیدایە. ئەم بیرکردنەوە و تێگەیشتنە دەریدەخات، کە بوونی کەسایەتی و بازرگانانی لەم شێوەیە، نەک تەنیا نابێت وەک کەسانی خۆپەرست و قازانخواز تەماشا بکرێن، بەڵکو پێویستە بکرێنە سەرمەشق و کارێک بکرێت ناویان لەناو مێژوو و یادەوەری نەتەوەدا بەو پەڕی ئەمکدارییەوە بپارێزرێت.   

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد رۆژی 3ی ئایار، رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەرییە، ئازادیی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان لەدۆخێکی مەترسییداردایە و وەک رێکخەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی پێدەکات، ژینگەی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان ژینگەی دەربازبوونە لە سزا تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان، هەروەها سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت "پێشلکارییەکان لە هەولێر و دهۆک زیاترن". رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەموو ساڵێک لە 3ی ئایاردا نەتەوەیەکگرتووەکان و یونسکۆ یادی ئازادی رۆژنامەگەری دەکاتەوە، ئەم یادە رۆژێکە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی پێشکەوتنی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەموو وڵاتێکدا". ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمەش لە هەرێمی کوردستان ئەگەر بێین هەڵسانگاندنێک بۆ ئازادی رۆژنامەگەری بکەین لەچەند خاڵێکدا دەتوانین قسەی لەسەر بکەین، خاڵی یەکەم لەرووی بواری پێشکەوتنی یاساکانەوە، ئێمە یاسای رۆژنامەگەری و یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری و خۆپیشاندانمان هەیە کە ئامانە هەمووی پەیوەستن بە ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، کەواتە ئێمە لەرووی دەرکردنی یاساوە لە پێشەوەین، بەڵام کە ورد دەبینەوە لە بارودۆخەکە لە جێبەجێکردنی یاساکان ئاستەنگ و بەربەستی زۆر هەیە، واتە یاساکان تەنها دیکۆرە نەک بۆ بەهێزکردنی دیموکراسییەت". "ژینگەی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان ژینگەی دەربازبوونە لە سزا و هەموو ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر رۆژنامەنووسان کراون، بێگومان ئەمەش دیموکراسییەت و سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر لێپرسینەوە"، رەحمان غەریب وادەڵێت. روونیشیکردەوە، "دەربازبوون لە سزا لە هەرێمی کوردستان دیاردەیەکی بەربڵاوە لەکاتی بەکارهێنانی تووندوتیژی و دەستگیرکردن و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن هێزەکانەوە، هەروەها هەموو ئەو تووندوتیژیانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان کراوە لە ساڵانی رابردوو ئەنجامدەرانی بەبێ لێپرسینەوە دەربازیان بووە لە سزا". رەحمان غەریب ئەوەشی وت، "دەبێت دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان هێندە رازی نەبێت لە بارودۆخی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە چاوێکی رەخنەگرانە دۆسیەی مافی مرۆڤ بە گشتی و بابەتی ئازادی رۆژنامەگەری بە تایبەتی هەڵسەنگێنێت و بەچاوێکی رەخنەیی تەماشای بکات و پلانی هەبێت بۆ باشترکردنی ژینگەی کاری رۆژنامەنووسی". لای خۆشییەوە کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە هاوڵاتی وت، "بەدەر لەوەی رێکخراوە بیانییەکان قسە لەسەر ئێمە بکەن و هەندێک خەڵک بەبێ ئەوەی لە ژینگەی کوردستان تێبگەن ئێمە خۆمان دەڵێین ئازادی رادەربڕین لەدوای ساڵی 2020 و 2021 لە پاشەکشێدایە و ئەم پاشەکشێیەش حاڵەتێکە پێشبینیکراو بوو". وتیشی "ئەم پاشەکشێیە پەیوەستە بە ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو و ژینگەیەکی سیاسی دیاریکراو لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی پەیوەستە بە ناوچەی جوگرافیاوە هەولێر و دهۆک بە پلەی یەکەم دێت لە پێشێلکارییەکان بە تایبەت هەولێر کە لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاتبوو لە هەولێر و بەغدا 345 حاڵەتی پێشێلکاری تیادا تۆمارکراوە". کاروان ئەنوەر جەختی لەوەشکردەوە، "بەراورد بە کابینەکانی دیکە لەم کابینەیەدا ئازادی رادەربڕین پاشەکشێی کردووە، بە تایبەتی دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسان و چالاکوانانەی بادینان کە هەموویان هێنرانە هەولێر دادگایی کران، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە کەشوهەوا میدیایەکە لە هەرێمی کوردستان نیشانەیەکی پرسیاری گەورەی بکەوێتەسەر". لەبارەی ئەوەی لەم قۆناغەی ئێستادا چی بکەین، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان باسی لەوەکرد، "دەبێت ژینگەی سیاسی لەباربێت بۆ ئەوەی ببێت بە زادەی لەدایکبوونی ژینگەیەکی میدیایی گونجاو، هەروەها سەرجەم سێکتەرەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئابووری چەندین سێکتەری دیکە لە خاڵێکدا بەیەک دەگەنەوە کە پێی دەوترێت ئازادی بەشێوە گشتییەکەی". راشیگەیاند، "هەم ئێمەی رۆژنامەنووس، هەم خەڵکی شەقام لەم بارودۆخەی ئێستا رازی نین، چونکە ئێستا رۆژنامەنووسەکان وەک روژنامەنووسەکانی پێشوو کارناکەن، هەروەها جگە لە فشارەکانی دەسەڵات کەناڵ و میدیاکان فشار لەسەر رۆژنامەنووسەکان دروستدەکات و پاداشت و مووچەکەی لەژێر هەڕەشەی لێبڕیندایە، ئەمانەش هۆکارن کە رۆژنامەنووس ببێت بە دیلێک کە نەتوانێت داهێنان بکات". هەروەها رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا دەکات دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنن بۆ سەر مافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری، لەوانەش، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، لێدان و دادگاییکردنی نادادپەروەرانەی رۆژنامەنوسان، هەراسانکردن و تۆقاندن و هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسان کاریگەرییەکی ساردی لەسەر مافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە، زۆرێک لە رۆژنامەنووسان ناچاربوون هەڵبێن، خۆیان بشارنەوە یان بەتەواوی واز لە رۆژنامەگەری بێنن، لەکاتێکدا زۆرێک لە هاوتاکانیان له بەندیخانە ماونەتەوە. لە راگەیەندراوەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باس لە دۆسیەکانی هەردوو رۆژنامەنووسی زیندانیکراوی بادینان شێروان شێروانی و قارەمان شوکری کراوە، ئەوەش راگەیەندراوە " دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق شانازی بەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان چرای ئازادی رۆژنامەگەرییە، بەڵام ئەمە جگە لە بانگەشەیەکی گاڵتەجاڕانە هیچ نییە بە لەبەرچاوگرتنی سەرکوتکردنی ئازادی ۆژنامەگەری و هەراسانکردنیان، تۆقاندن و لێپێچینەوە لە رۆژنامەنووسان، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر پرسی گەندەڵی نووسیویانە و رەخنەیان لە مامەڵەی دەسەڵاتداران گرتووە". بەپێی ئامارێکی سەنتەری میترۆ، پێشلکارییەکانی بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2022 و 2023دا بەم جۆرەبووە: - ساڵی 2022: (431) - ساڵی 2023: (249) - كەمیكردووە: (182) - بەرێژەی : (42%) دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2023: - ساڵی 2022: (64) دەستگیركردن - ساڵی 2023: (37) دەستگیركردن - كەمیكردووە: (27) حاڵەت - بەرێژەی: (42%) كەمیكردووە

زریان فەرەیدوون وتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی داوا لە سەرجەم کرێکاران دەکات خۆیان دەستەبەر بکەن و سەرۆکی سەندیکای کرێکارانیش دەڵێت کرێکاران متمانەیان بەو دەستەبەرە نییە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی لە پرۆژە یاساکەدا هەیە پێشکەش بە کرێکاران ناکرێت . ئەمڕۆ ١/٥ ڕۆژی جیهانی کرێکارانە و لە سەرجەم دام و دەزگانی هەرێم پشوی ڕەسمییە بەڵآم گەر بەرەبەیان بچیتە ناوبازاڕی سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگاکە دەبینیت کرێکاران  بەردەوامن لە کارکردن ، لەگەڵ ئەوەی پشوو وەرناگرن نە شوێنی کارەکانیان سەلامەتە و نە مافەکانیان پارێزراوە. سەبارەت بە ڕەوشی کرێکارانی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند، "دۆخی کرێکاران بە ڕاستی خراپە، هەمان حاڵەت و کێشەکانی ڕابردوو دوبارە دەبێتەوەو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەم یاداشت و داخوازی و داواکارییەکانمانەوە نایەن". ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەوەی لای ئێمە زۆر گرنگە و پێویستە  چارەسەر بکرێت جێبەجێکردنی سەلامەتی پیشەیی و گرێبەستی کاری کرێکارانە لە شوێن کارەکانیاندا بەڵام ئەو بە ڕێوبەرایەتییانەی بەرپرسن لەم کەیسانە زۆر لاوازن ، لەگەڵ ئەوەی  حکومەتی خۆجێیشمان لێی ئاگادار کردۆتەوە بەڵام هیچمان بۆ نەکراوە هیچ هاتنە پێشەوەیەک نەبووە." پرسی سەلامەتی لە شوێنی کاردا:  سەلامەتی شوێنی کار و دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران یەکێکە لەو پرسانەی بەردەوام باسدەکرێت و حکومەتی هەرێم دەڵێت بەرەوپێشچونی بە خۆیەوە بینیوە بەڵام سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت هەندێک بڕیارلە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەوە دەرکراوە بەڵام بەتەواوی ناخرێنە کار و میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دڵخۆشکەر نییە. بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵ لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە، لە سلێمانی ئەم ساڵ حەوت کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە دوایین کرێکار ئێوارەی دوێنێ گیانی لەدەستدا، لە هەولێر سێ کرێکار و لە دهۆک دوو کرێکار گیانی لەدەستداوە، لە هەڵەبجە هیچ کرێکارێک لەکاتی کاردا گیانی لەدەست نەداوە . سەبارەت بە پرسی سەلامەتی شوێنی کار وتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاریان ئەحمەد لە لێدوانێکدا بەهاوڵاتی راگەیاند ، "زۆرکات خاوەن پرۆژەکە کەرەستەکانی سەلامەتی دابینکردووە، بەڵام کرێکارەکان پێوەی پابەند نابن بەتایبەت ئەو کرێکارانەی لە باڵەخانە بەرزەکاندا ئیش ئەکەن کە بەکارنەهێنانی ئەو کەرستانە مەترسی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژیانیان". ئەوەشی وت "لیژنەکانی ئێمە بەردەوام دەگەڕێت و چاودێری پرۆژەکان دەکات و زۆرجاریش لەسەر پرسی سەلامەتی خاوەنکار سزادراوە" وتەبێژی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت زۆری ڕوداوەکانی سەلامەتی لە شوێنی کاردا   ئاماژەی بەوەدا "کرێکارەکان نایەن سکاڵا بکەن و بڵێن خاوەنکارەکان کەرەستەکانی سەلامەتی دابین ناکەن، هەروەها زۆرکاتیش لەکاتی رووداوەکان کەئێمە لیژنەی بۆ پێکدەهێنین هیچ سکاڵایەک نییە لەسەر خاوەنکارەکان". وتیشی، " کرێکارەکان زۆر جار بەرژەوەندی خاوەن کارەکە لەبەرچاودەگرن لەبەر ئەوەی موچەیەکی ئەداتێ و زۆرجار ئەو کێشەیەی هەیە  ناوێرن باسی بکەن و شکات بکەن کاتێک لیژنەکانی ئێمە ئەچێت ڕاستییەکان بڵێن و لەویایا زۆرجار مافی کرێکارەکە پێشێل دەکرێت و ئێمەش گەر ڕاستییەکانمان پێنەڵێن ناتوانین هیچیان بۆبکەین". ئاریان ئەحمەد دڵنیایی دەدات بەکرێکاران و دەڵێت" ئێمە هێڵی گەرمان هەیە کە ژمارەکەی ٥٠٠٥  هەر کرێکارێک سکاڵای هەبێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات و ناوەکەشی پارێزراو دەبێت". لەم بارەیەوە سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت،" حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوردی چاودێری پرۆژەکان ناکات و لێپێچینەوە ناکات و ئەو لیژنانەی کە تایبەتن بە سەلامەتی پیشەی تەندروستی بۆ شوێنکارەکان کە سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتین لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم چالاک نین و زۆر لاوازن یانیش هەر کارناکەن". باسی لەوەشکرد کە ئەوان وەک سەندیکای کرێکارانی کوردستان  لە شاری سلێمانی ماوەی پێنج ساڵە لیژنەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ قایمقامییەتی سلێمانی هەیە کە لە پرسی  سەلامەتی پیشەیی لە شوێن کار بۆ کرێکاران دەکۆڵێتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی تەنیا یەک لیژنە هەیە لە سنوری سلێمانی و نزیک بە پێنج هەزار پڕۆژە و کارگە و شوێنی کار هەیە کە کرێکار ئیشی تیا دەکات تەنانەت ئەوانیش ناتوانن بەتەواوی چاودێری خاوەن کارەکان بکەن تا پێشێلکاری نەکەن. بەپێی ئامارێکی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەهەرێم، لەساڵی ٢٠٢٣دا ٧٣ کرێکار لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە کە ٥٢ کەسیان لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون و ٢١ کەسیشیان لەکەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٧٠ ساڵدابووە و ١٨ کرێکاری بیانیش گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی ئەو کرێکارانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٣ گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیە بووە، (لەهەولێر ٢٢ کرێکار، لەسلێمانی ١٩ کرێکار، لەدهۆک شەش کرێکار، لەهەڵەبجە پێنج کرێکار). وەک رێکخراوی بیناسازی ئاماژەی پێداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کاردکردندا لەساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان بووە لەشوێنە بەرزەکان. یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی کارکردن پاراستنی گیانی کرێکاران و بایەخدانە بەسەلامەتی ژینگەی کار، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی کەم بەم لایەنە دەدرێت و رۆژ بەڕۆژ کێشەو گرفتەکانی کرێکاران زیاتر دەبێت. پرسی دەستەبەری کۆمەڵایەتی:  لە ئێستادا  هیچ ئامارێکی فەرمی نییە کە چەند کرێکار هەن، بەڵام بەڕێوبەری سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی دەڵێت، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کرێکار بەس لە شاری سلێمانیدا هەن و زیاتر لە نیوەیان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان پڕنەکردۆتەوە و نییانە بە هۆی ئەوەی کرێکاران باوەڕیان بەو پڕۆژە یاسایە نییە. سەبارەت بە هۆکاری ئەمە چالاک ڕەوف بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، خاوەن کارەکان خۆیان لە دەستەبەرکردنی کرێکارەکانیان دەدزنەوە بۆ ئەوەی ناچارنەبن ئەو بڕە پارەیە بۆ کرێکارەکانیان بدەن و کرێکارانیش باوەڕیان بە پڕۆژە یاساکە نییە. ئەو کرێکارانەی ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆماردەکەن دەبێت ڕێژەی لە سەدا ١٧ ی مووچەکانیان بدەن بە سندوقی خانەنشینی، لەم بڕەش ڕێژەی ٪١٢ی خاوەن کارەکە بۆی دەدات ٪٥ ی کرێکارەکە خۆی دەیدات،لەبەرامبەر ئەمەدا کرێکارەکان کە گەشتنە تەمەنی خانەنشینی وەک فەرمانبەرەکانی دیکەی سەر بە حکومەتی هەرێم خانەنشین دەکرێن و مانگانە مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە. هاوکات لەناو پڕۆژە یاساکەدا جگە لە خانەنشینکردنی کرێکارەکان چەندین خزمەتگوزاری دیکە هەیە کە پێویستە بۆ کرێکارانی بەشدار دابین بکرێت ، کە بە گوتەی چالاک ڕەوف هیچکام لەو خزمەتگوزارییانە بۆ کرێکاران دابین ناکرێت کە بەشدارییان لە پڕۆژەکەدا کردووە و ناویان تۆمار کردووە.  بەشێک لەو خزمەتگوزارییانە لە زاری بەڕێوبەری سەندیکای کرێکارانی کوردستانەوە : یەکەم:  " لە پرۆسەی ناو تۆمار کردنی کرێکاران بۆ خانەنشینی بابەتێک هەیە کە پێی ئەڵێن سەلامەتی پیشەی یانی کرێکارەکە پارەکە دەدات حکومەت ئەرکە لەسەر شانی سەلامەتی پیشەی بۆ کرێکارەکان دابین بکات ، سەلامەتی پیشەی ئەوەیە کە کرێکارێک نەخۆشکەوت یان بریندار بوو بەبێ بەرامبەر چارەسەری بۆ بکرێت یانیش کەم ئەندام بوو چارەسەری بۆ بکرێت و خانەنشین بکرێت لەسەر ئەم پارەیەی بۆ خانەنشینی دەیدات ." دووەم: "گەر کرێکارێک شوێنی کارەکەی گۆڕی لە جێگایەک بۆ جێگەیەکی دیکە بەهۆی ئەوەی بەشداری کردووە لەم سندوقەدا پێویستە حکومەت بۆ ئەو چەند مانگەی کاری نییە پارەی بۆ سەرف بکرێت." سێیەم : " تایبەتە  بەو کرێکارانەی ئافرەتن کە مەسەلەی مۆڵەتی دایکایەتییە ، هەر خاتونێک بەشداری و ئیشتیراکی لە سندوقی خانەنشینیدا کردبێت لە یاساکەدا هاتووە و مادەکەش هەموارکراوەتەوە کە دەڵێت دەبێت لەمۆڵەتی دایکایەتیدا سندوقی خانەنشینی مووچەی ئەم کرێکارە ژنە بدات بەو ماوە یاساییەی کە بۆی دیاری کراوە، وەک چۆن لە کەرتی حکومی فەرمانبەرێک مۆڵەتی دایکایەتی هەیە و مووچەی دەدرێتێ. چالاک ڕەوف دەڵێت لەگەڵ ئەوەی هیچکام لەو خزمەتگوزارییە زۆرانەی لە پڕۆژە یاساکەدا هەن بۆ کرێکاران دابین ناکرێت و تەنها خانەنشینییەکەی جێبەجێدەکرێت کە ئەویش ڕێژەیەکی زۆر زۆر کەمە و بەرچاو نییە لە هەمان کاتدا خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە کە کرێکارەکە دەچێتە لای حکومەت بۆ ئەوەی پارەی  دەستەبەرییەکەی بدات هیچ  پسوڵەیەکیان نادرێتێ کە بیسەلمێنێ ئەم کرێکارە پارەکەی داوە بە سندوقی خانەنشینی ئەمەش وایکردووە کرێکاران باوەڕیان بە پڕۆسەکە بە شێوەیەکی گشتگیر نەبێت.  چالاک رەئوف سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان باسی لەوەشکرد کە ئەو شەش کرێکارەی لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە  " هەر شەشیان لە بواری بیناسازیدا ئیشیانکردووە و ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆمار نەکراوە و هەر شەشیان ئەوانەن لە دوای مردنیان هیچ یاساو قانونێک شمولیان ناکات و گیانیان بەهەدەر چووە" شەوی ڕابردووش هەر لە سلێمانی کرێکارێکی دیکە لە کاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا.  لە هەرێمی کوردستان بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ـی ساڵی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987. بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، 20 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنە. بۆ ئافرەتانیش 20 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری کراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەر کراون و ئێستا 880 کەس [کرێکار] خانەنشینی وەردەگرن.

هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری رۆژی شەممە، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 170 ئەندام پەرلەمان یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازی پەسەندکرد و ئەمەش ناڕەزایەتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای لێکەوتەوە. هەر سەبارەت بەم بابەته رێکخراوی لێبوردنی جیهانی رایگەیاند، "ئەم یاسایە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات" هەروەک چۆن رێکخراوەکە چاکسازییەکانی ناو یاساکەی بە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر عێراقییەکان وەسفکرد.  وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش نیگەرانی خۆی لە دەرکردنی یاساکەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە قەدەغەکردنی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازی دەربڕی و یاساکەی بە هەڕەشەیەکی جدی بۆسەر ئازادییە تاکەکەسییەکان وەسفکرد، هەر لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە "پەسەندکردنی ئەم یاسایە، هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئازادی رادەربرین و دەسکەلایەکە بۆ سەرکوتکردنی رێکخراوە ناحکومییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا". لە یاسا نوێیەکەی قەدەغەکردنی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازیدا هاتووە، سزای هاوڕەگخوازی یان گۆڕینەوەی ژن بەمەبەستی چێژی سێکسی لە 10 ساڵ تا 15 ساڵە و هەروەک چۆن لە یاساکەدا هەموو ئەو لایەن و رێکخراوانەی کە بانگەشەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی دەکەن لە عێراقدا قەدەغە دەکرێن و ئەوکەسانەش کە بەم بانگەشەیه هەڵدەستن سزای حەوت ساڵ زیندانییان بەسەردا دەسەپێنرێت. هەر لە یاسا تازەکەدا گۆڕینی رەگەز بەپێی حەز و ئارەزووی کەسەکان قەدەغەکراوە و گەر بێتۆ کەسێک ئەم کارە ئەنجام بدات و هەر پزیشکێکیش نەشتەرگەریی گۆڕینی رەگەز ئەنجام بدات ئەوا سزای یەک ساڵ تا سێ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت. هەر لەیاساکەدا باس لە کۆمەڵگەی پەلکەزێرینە (هاوڕەگەزخوازی) کراوە و بە پشت بەستن بە یاسای ساڵی 1969، سزاکەیان لە چەند ساڵێک بۆ زیندانی هەتاهەتایی درێژ دەبێتەوە. لەلایەن خۆیەوە رائد مالکی، خاوەن بیرۆکەی دەرکردنی ئەم یاسایە بە میدیاکانی راگەیاند،"بڕیاربوو لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا، دەنگ لەسەر ئەم پرۆژە یاسایە بدرێت، بەڵام بەهۆی سەفەرەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ واشنتۆن ،بە باشمانزانی دەنگدانەکە دوابخەین، چونکە ئاگاداربووین نە یەکێتی ئەوروپا و نە ئەمەریکا بە پەسەندکردن و دەرکردنی یاسایەکی بەم جۆرە رازی نابن". لەلایەکی دیکەوە عەلی تەمیمی، یاساناسی عێراقی رەخنەی تووندی لە یاساکە گرت و بەناڕوون وەسفی کرد. عەلی تەمیمی باسی لەوە کردوو، "لە یاساکەدا ئەوە روون نەکراوەتەوە کە ئاخۆ خۆشوبهاندن تەنها ئەو پیاوانە دەگرێتەوە کە خۆیان بۆ ژن دەگۆڕن و مکیاژ و قژی سەناعی و جلوبەرگی ژنان لەبەردەکەن و هەڵسوکەوتیان وەک ژنانە، یان خودی ئەو ژنانەش دەگرێتەوە کە پیاوانە هەڵسوکەوت دەکەن". "لە یاساکە ئەوەش روون نەکراوەتەوە کە ئاخۆ مەبەست لە هاوڕەگەزبازی، نێر لەگەڵ نێر دەگرێتەوە، یان خود لێزبییەنەکانیش (ژن لەگەڵ ژن) دەگرێتەوە" عەلی تەمیمی وادەڵێت. هەربۆیە تەمیمی داوایکرد کە خاڵ بە خاڵی یاساکه روون بکرێتەوە تا لە داهاتوودا لایەنی پەیوەندیدار دووچاری کێشەی یاسایی و سەرلێشێواوی یاسایی نەبن. لەلایەن خۆیەوە موحسن مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق بە وەکالەت پەسەن کردنی ئەم یاسایەی بە پێویستییەکی گرنگ زانی و رایگەیاند، "لەناو عێراقدا جێی هاوڕەگخوازەکان نابێتەوە". دوێنێ شەممە 28ی نیسانی 2024 لە راگەیەندراوێکدا فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بەمەبەستی پاراستنی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگەی عێراقی لە هەموو هەڵدێرێکی ئەخلاقی، پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای چاکسازی لە یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی ژمارە 8ی ساڵی 1988 پەسەندکرد تا بەم جۆرە تاکی عێراقی و نەوەکانی داهاتوو لە مەترسییەکانی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازی بپارێزرێن.