عەمار عەزیز قەزای ئامێدی لەشەش ناحیە پێكهاتووەو ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 150 هەزار كەس دەبن، لەو سنورە 23 بنكەی تەندروستی هەیە لەگەڵ نەخۆشخانەی گشتی لەناوەندی ئامێدی، لەو 23 بنكەیە لە نۆ بنكە پزیشك هەیە ئەوانەی تر لەڕێگای پەرستارو كارمەندانی پزیشكی بەڕێوەدەبرێت لەسنوری قەزای ئامێدی هەر كەسێك ئازاری ددانی هەبێت بەناچارییەوە دەبێت سەردانی دهۆك و شارەكانی تر بكات چونكە لەتەواوی سنوری قەزاكە تەنها یەك پزیشكی ددان هەیە ئەویش لەسەنتەری ناحیەی دێرەلوك دەوام دەكات، هاوكات پزیشكی تایبەتمەند بەبواری دەرمانخانە نیە. مامۆستا هەیفا ئامێدی كە ماڵی لەسەنتەری شارە بەهاوڵاتی وت: كێشەی سەرەكیمان نەبوونی پزیشكی ددانە، هەركات كەددانمان ئازاری هەبێت بەبێ دوودڵی دەبێت سەردانی نۆرینگەیەكی تایبەت بكەین یاخود دەبێت سەردانی دهۆك بكەین، لەنەخۆشخانەی ئامێدی ژووری تایبەت بەپزیشكی ددان هەیە، بەڵام بێ پزیشكە، زیاتر لەساڵێكە ئەوە حاڵمانەو كەسیش نیە ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكات. هەروەها ناوبراو وتیشی من مامۆستام و هەموومان باش دەزانین كەدۆخی مامۆستا و فەرمانبەران لەچ ئاستێكدایە، سەڕەرای ئەمەش بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشییەكانی ددان ئینجا ئەگەر شۆردن و پاككردنەوە بێت یان دەرهێنان یاخود داگرتن «حەشووی ددان»بێت، بۆ هەموو ئەمانە یان دەبێت بچینە نۆرینگەیەكی تایبەت یاخود سەردانی دهۆك بكەین، لەنۆرینگەش بەلایەنی كەمی 30 بۆ 40 هەزار دینارت پێویستە، چ خوا قبوڵ دەكات لەهەموو قەزای ئامێدی یەك پزیشكی ددان هەبێت، باوەڕناكەم ئەمە لەهیچ شوێنێكی دونیا هەبێت». هەروەها «بۆ داگرتن واتە «حەشووی ددان» چەند جارێك سەردانی دهۆكم كردووە، هەرجارێك بەلایەنی كەم 100 هەزار دینارم پێویستە، نەك من بەڵكو ئەوە حاڵی هەموو دانیشتووانی ئامێدی-یە، لەنەخۆشخانەی ئامێدی ژووری پزیشكی ددان هەیە، بەڵام بەبێ پزیشكە، خەڵك هەیە هەژارە و پارەی نیە بچێتە نۆرینگە، پێویستە بەرپرسانی تەندروستی ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن تاكەی ئەوە حاڵمان بێت « هەیفا ئامێدی وای وت . بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی كەوتووە لە 2014وە پزیشكانی ددان دانەمەزراون، هەروەها ئەو پزیشكانەی خزمەتی خۆیان لەدەرەوەی شار تەواو كردووە گەڕاونەتەوە ناوەندی دهۆك، بۆیە بۆشایی لەئامێدی و چەند ناوچەیەكی تر دروستبووە. مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای ئامێدی بەهاوڵاتی وت: یەك پزیشكی ددانمان هەبوو لەنەخۆشخانەی ئامێدی، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی موڵەتی دایكایەتی بەبێ پزیشكی ددانین، لەئێستادا لەسنوری قەزای ئامێدی تەنها یەك پزیشكی ددانمان هەیە ئەویش لەسەنتەری ناحیەی دێرەلوكە، بەنووسراوی فەرمی داوامان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك كردووە كەپزیشكی ددانمان بۆ بنێرن، بەڵام تائێستا نەیانناردووە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەزیاتر لە 10 ساڵە دامەزراندنی پزیشكی ددان راگیراوە بۆیە ئەم بۆشاییە دروستبووە». مەسعود بۆتی وتیشی: بۆ ئێمە زۆر ناخۆشە كاتێك كەسێك كەنەخۆشی ددانی هەبێت سەردانی نەخۆشخانە دەكات و بەدەست خاڵی دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە لەدەستەڵاتی ئێمەدا نیە، چارەسەر لای بەڕێوەبرایەتی گشتی تەندروستی دهۆكەو دەبێت ئەوان بۆمان بنێرن». دكتور سەعید عەلی محەمەد، سەرۆكی لقی دهۆكی سەندیكای پزیشكانی ددان بەهاوڵاتی وت: 700 پزیشكی ددان لای ئێمە تۆماركراون، لەم ژمارەیە تەنها 120یان دامەزراون، ئەوانەی تر بەشێكیان بەخۆبەخشی دەوام دەكەن و بەشی زۆریان لەماڵ دانیشتوون، كۆمەڵێك پێشنیارمان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك و لایەنی پەیوەندیدار كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، لەوانە هاوكارییەكی مانگانە لەگەڵ دابینكردنی شوێنێك بۆ ئەو پزیشكانە كەدەچنە قەزاكان وەكو ئامێدی و ئاكرێ و شارەكانی تر یاخود بكرێنە گرێبەست، بەڵام هیچیان جێبەجێنەكراون». دكتور سەعید عەلی محەمەد دەشڵێت: ئەوەی لەسەر ملی ئێمەیە بەزیادیشەوە كردوومانە، هەر پزیشكێكی ددان كەدەربچێت دەبێت لەسەنتەری شار دوو ساڵ لەنەخۆشخانەیەكی حكومی بەخوبەخش دەوام بكات و ئەوانەی لەدەرەوەی شار ساڵێك خزمەت بكات ئینجا ئێمە موڵەتی پێدەدەین نۆرینگەیەك بكاتەوە یاخود لەشوێنێكی ئەهلی كاری پزیشكی بكات، دوای خزمەتكردنی كاری خۆیان ئێمە زیاتر ناتوانین پێیان بڵێین دەبێت هەر بەخۆبەخشی دەوام بكەن، پێویستە حكومەت شتێكیان بۆ بكات ئەوانیش دەڵێن لەئێستادا ناتوانین، بۆیە كێشەكە رۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبێت».
شەنای فاتیح لەشاری هەولێر دوو کارمەندی کۆمپانیایەکی عەقارات بەتۆمەتی بردنی نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری هاووڵاتیان دەستگیرکراون و چارەنووسی موڵکی ئەو هاووڵاتیانەش نادیارە، سەرچاوەیەکیش لەکۆمپانیاکە ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوە کە لەسەر سکاڵای ئەوان ئەو دوو کارمەندە دەستگیرکراون و موڵک و مافی هیچ کەسێکیش نافەوتێت. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی لەشاری هەولێر نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ کەس چارەنووسی نادیارەو ئەو کەسانەش چارەنووسی پارەکانیان نادیارە بەسێ جۆر مامەڵەیان لەگەڵ لقێکی کۆمپانیایەکی خانووبەرە کەئەو لقە بریکاری فرۆشتنی پڕۆژەیەک بووە، هەروەها هەندێ هاووڵاتی موڵکیان پێ فرۆشتووەو پارەیان وەرنەگرتووە، هەندێکیشیان لەشێوەی وەبەرهێنانی هاوبەش پارەیان پێدراوە. هەروەها لەسەر ئەو کەیسە دوو کارمەندی کۆمپانیاکە دەستگیرکراون کە بەوتەی سەرچاوەیەک لەکۆمپانیاکە لەسەر سکاڵای ئەوان بووە. ئەو دوو کارمەندەی کۆمپانیا عەقارییە کەدەستگیرکراون لەئۆفیسی یەکێک لەگەورەترین کۆمپانیاکانی عەقاراتدا کاریان کردووەو پارەی نزیکەی ٨٠٠ کەسیان لەبەردەست بووە بۆ مامەڵەو کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، هەروەها زانیارییەکان دەڵێن، ئەوان مۆرو وەسڵی کۆمپانیاکەیان بەکارهێناوەو بەپارەکانیان موڵکیان کڕیوەو فرۆشتووەتەوە، هەروەها بەشێوەی سوو پارەکانیان وەرگرتووەو لەبەرامبەر وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەکدا بەڵێنی گێڕانەوەی زیاتریان بەخاوەنەکەی داوە. سەرچاوەیەک لەکۆمپانیاکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە کەباس لەبردنی چەند ملیۆن دۆلار دەکرێت، ئەوانە دوورن لەڕاستییەوەو ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە، ئێمە وەک کۆمپانیا خەریکی پێداچوونەوەی حساباتین بۆ ئەوەی بگەین بەئەنجامێکی وردو بزانین بڕە پارەکە چەندە. وتیشی: موڵک و پارەی هیچ کەسێک نافەوتێت و هەموو خاوەن مافەکان دەگەنەوە بەمافی خۆیان، بەڵام ئێمە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی حساباتی خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی داتایەکی دروستمان لەبەردەستدا بێت بزانین بڕەکە چەندەو ئەو رووداوە چۆن چۆنییە. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد کەئێمە وەک کۆمپانیا، سکاڵامان لەسەر ئەو دوو کارمەندە تۆمارکردووەو لەئێستادا دەستگیرکراون و راگیراون، «بێگومان ئەوان خیانەتیان کردووە لەئەمانەت و لۆگۆو ناوو مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە بۆ هەندێ کاری دەرەوەی رێنماییەکانی کۆمپانیا». «لەدەرەوەی رێنماییەکانی کۆمپانیا هەندێک کارکراوە وەک بابەتی قیستی سەیارەو هێنانی شیش و پارەی نەقدو قیستات، ئاڵوگۆڕی دینارو دۆلار، بابەتی ڕیبا زۆر شتی دیکەش کە لەدەرەوەی کاروباری عەقاراتن، کە ئەمانەش بەبێ ئاگاداری کارگێڕی و بەڕێوبەری کۆمپانیا، سودیان لە ناو و لۆگۆی کۆمپانیا وەرگرتووەو مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە بۆ ئەو کارانە» سەرچاوەکە وای وت. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد کە ئەوان هاوکار دەبن لە یارمەتیدان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، بەڵام رایان وایە کە پێویستیان بە هەندێک کاتە تا پێداچوونەوەی حساباتیان تەواو دەبێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی دروستیان لەبەردەستدا بێت، وتیشی: « کاتێکی دیاریکراویش نییە بڵێین لەو ماوەیەدا حساباتەکانمان تەواودەکەین لەبەرئەوەی بابەتەکە کەمێک ئاڵوزە». سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە کەمتر لە ١٠٠ کەس مامەڵەیان هەبووە لەگەڵ ئەم لقەدا و سەرجەمیان فایلی خۆیان هەیە، ئێمە چێکی سەرجەم فایلەکان دەکەینەوەو پێداچوونەوەی بەسەرجەم حساباتەکاندا دەکەین چونکە ئەم بانەتە هی ماوەیەکی دیاریکراو نییە، هاوڵاتی هەیە سێ ساڵە مامەڵەی لەوێ کردووە ئێمە پێداچوونەوە بەسەرجەمیاندا دەکەین تا بزانین هەڵە لەکوێدایە. « لەهەندێک حساباتدا بۆمان دەرکەوتووە کە هەڵەی دیار لەژمارەی حساباتدا هەیە، ئێمە لێکۆڵینەوەیەکی ورد ئەنجام دەدەین تا ئەنجامەکانمان چارەسەربن بۆ کێشەی هەموو لایەک، چونکە ئێمە لەگەڵ چارەسەرداین و هاوکار و یارمەتیدەریش دەبین بۆ گەیشتن بەچارەسەری کێشەکە «. بەوتەی سەرچاوەکە ئەو دوو کارمەندەش لەسەر سکاڵای ئەوان دەستگیرکراون لەبەرئەوەی ناوو لۆگۆو مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە. یەکێک لەزیانکەوتووەکان رایگەیاند: ئێمە کڕین وفرۆشتنمان ئەنجامداوە لەشاری هەولێرو پارەمان داوە بەو کۆمپایایەو ئەوانیش هەستاون بێ بەرپرسیارانە موڵکەکانی ئێمەیان فرۆشتووەو هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ ئێمە نەگەڕاندووەتەوە. وتیشی: ئێمە لەگەڵ کۆمپانیا کڕین و فرۆشتنمان ئەنجامداوەو موڵکمان لێکڕیوون و بەناومانەوە ناکرێت، زیاتر لەچەندەها ملیۆن دۆلار شوقە هەیە خەڵک کڕیویەتی و نەیانکردووە بەناوی خۆیانەوە لەسەر متمانەی ئەوان، ئەوانیش نەیانکردووە بەناوی خەڵکەوەو لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکان کێشەیان بۆ دروستبووەو خاوەن پڕۆژەکەش هیچ موڵکێک بەناوی خەڵکەوە ناکەن.
هاوڵاتی دوای ئەوەی رۆژی ٧ی تشرینی یەکەم حەماس هێرشی کردەسەر ئیسرائیل، جارێکی تر ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن حەماس هەر لەسەرەتاوە دروستکراوو پرۆژەی ئیسرائیل بووە زیاتر دەردەکەوێت و باسی دەکرێت. ئەوەی کەسەرەتای ئەم دەنگۆیە بۆ کەی و کوێ دەگەڕێتەوە رەنگە بۆ زۆر کەس سەرنجڕاکێش بێت و ببێت بەهۆی سەرسووڕمان، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە تۆمەتێکی زۆر کۆنە. تۆمەتێک کەهەردوو ئاراستەی هەردوو لایەنی ئیسرائیلی و حەماس دەکرێت. تەنانەت وەزیرێکی فەلەستینی مانگێک پێش دەستپێکی جەنگ، لەوتووێژ لەگەڵ BBC جارێکیتر ئەم باسەی هێنایەوە بەرباس و ژمارەیەک زۆر لەڕۆژنامەکان و کەسایەتییە ناسراوەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەکانیان دووبارەکردەوە. چەند دەیە لەوەپێش حوسنی موبارەک، سەرۆک کۆماری پێشتری میسر ئەم باسەی هێنایە گۆڕ، سێناتۆرێکی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکا لەو بارەوە قسەی کردبوو و بەرپرسانی ( شین بێت) ، سیستەمی ئاسایشی ئیسرائیل، ئاماژەیان پێدابوو. بەڵام هەردوولایەن، واتە ئەندامانی حەماس و هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل ئەم دەنگۆیە بەبێ بنەما ناودەبەن و رەتیدەکەنەوە. ئەم دەنگۆیە تاچەند راستە؟ لەسەر چ بنەمایەک هاتۆتەپێش و ئەم گومانە لەچ سەردەمێکداو چەنێک دوای دروستبوونی بزووتنەوەی حەماس هاتە بەرباس؟ سەردەمی دروودرێژی لەدایکبوونی حەماس دەبێ ئەوەمان لەبەرچاوبێت بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی یان حەماس ساڵی ١٩٨٧ دامەزرا، کوتوپڕ دروستنەبوو، بەڵکوو مێژوویەکی دوورودرێژ پێش لەدایکبوونی هەیەو شاراوەیە. دەکرێت ئەم رەوتە بەدوو بەش دابەشبکەین: بەشی یەکەم: رەگەکانی بزووتنەوە لەخاکی فەلەستین، کەیەکەم ئاماژەکانی لەناوەڕاستی دەیەی ١٩٤٠ لەگەڵ شکڵگرتنی یەکەم لقەکانی فەلەستینی ئەخوان ئەلموسلمین لەغەزە، ناوچەی شێخ جەڕاح لە بیت المقدس و شاڕەکانی تر دەرکەوت. بەشی دووهەم: جیاوازی بیروڕای نێوان لاوانی ئەخوان ئەلموسلمین لەگەڵ شێخ و رێبەرانی ئەم گرووپە دوای شکستی وڵاتانی عەرەبی لەجەنگی ١٩٦٧، دەرکەوتنی یەکەم ئاماژەکانی ئایدیای چالاکی سەربازی رێکخراو لەناو لاوانی ئەخوان ئەلموسلمیندا. مێژوونووسەکان لەسەر ئەو باوەڕەن بەشێکی بەرچاو لەمێژووی چالاکییەکانی ئەخوان ئەلموسلمین لەفەلەستین تایبەتمەندییەکی ئایینی، پشتیوانکارو رۆشنگەری بووەو خۆی تەرخانکردووە بۆ دروستکردنی دامەزراوە ئایینی، کۆمەڵایەتیەکان و مزگەوتەکان. فێرکارییەکانی ئەخوان لەو کاتانەدا کە لەفەلەستین چالاک بوون ئەوە ئەخەنەڕوو ئەوان جەختیان لەسەر راهێنان و ئامادەکردنی بووە لەباری فیکری، کەلتووری، دەروونی و مینۆکی (مەعنەوی)ەوەو جەختیان لەسەر بواری سەربازی نەبووە. هەر لەمبارەوە خالید مەشعەل، یەکێک لە رێبەرانی حەماس ئاماژە بەوەدەدات، ئیسلامییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر نەیاندەتوانی لەو خاکەی کەخاکی فەلەستین بوو بمێننەوە، لەبەرئەوەی لەکۆتاییەکانی دەیەی ١٩٥٠و بەدرێژایی ١٩٦٠، لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتنی ناسریستەکان، بەعسییەکان و کۆمۆنیستەکان، ئیسلامییەکان لەدۆخێکی خراپدا بوون لەناوچەکە. بەوتەی مەشعەڵ پێشوازیان لێ نەدەکراو هەلی ئەوەیان بۆ نەدەڕەخسا چالاکی بکەن و دەرکەون. لەبەشی دواتری ئەم بابەتەدا، ئەپەرژینە سەر قۆناغی دووهەمی ئەو باروودۆخەی کەحەماس تێیدا لەدایکبوو، کەدەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی دوای ١٩٦٧ دوای ساڵی ١٩٨٧ کە بەفەرمی دامەزرا. گومەزی سوور: ئاماژەکانی جەنگی چەکدارانە پێدەجێت یەکێک لەهۆکارەکانی گۆڕینی فۆڕم و شێوەی « خەبات دژی ئیسرائیل» شکستی وڵاتانی عەرەبییە لەجەنگی ساڵی ١٩٦٧. ئیبراهیم غووشە، یەکەم وتەبێژی حەماس و یەکێک لەڕێبەرانی پێشتری ئەم گرووپە لەکتێبی بیرەوەرییەکانیدا بەناوی «گومەزی سوور» باس لەکاریگەری ئەو شکستە دەکات لەسەر لاوانی سەر بەئیخوان ئەلموسلمین. غووشە نووسیویەتی : محەممەد عەبدولڕەحمان خەلیفە ، رێکخەری ئەخوان ئەلموسلمین لەئەردەن، ئەوکات کۆنفرانسێکی ئیسلامی بەڕێوەبرد کەئەنجامی ئەو کۆنفرانسە غووشەو گەنجە هاوتەمەنەکانی ئەوی رازی نەکرد،» رێگایەکی روونی بۆ داهاتووی فەلەستین نەخستەڕوو و خوازیاری پێکهاتنی ئیسلامی جەهادی نەبوو». لەو کتێبەدا نووسراوە ئەم بابەتە ئەو گەنجانەی ئیخوان ئەلموسلمین کەخوازیاری وەستانەوە بوون دژی ئیسرائیل کرد هاندا بەوەی «بزووتنەوەیەکی ریفۆرمخواز» لەناو گرووپەکەدا دامەزرێنن، بێ ئاگاداری رێبەرانی گرووپەکە دەستیانکرد بەچەکدارکردنی خۆیان. دواتر بەشێوەی نهێنی لەگەڵ بزووتنەوەی فەتح رێککەوتن بەوەی راهێنانی سەربازی بکات بەئەندامە لاوەکانی ئێخوان ئەلموسلمین لەئەردەن و ئامادەیان بکات بۆ چالاکی چەکداری. ئەم راهێنانە ساڵی ١٩٦٨ دەستیپێکردو ساڵی ١٩٧٠ هاوکات لەگەڵ رووداوەکانی « سێپتەمبەری رەش» لەئەردەن کۆتایی پێهات، لەبەرئەوەی وەک چۆن غووشە لەکتێبی بیرەوەرییەکانیدا ئاماژەی پێداوە ، رێبەرانی ئێخوان ئەلموسلمین بەبزووتنەوەی ریفۆرمخوازیان زانی لەناو گرووپەکەیاندا. ئێخوان ئەلموسلمین ئەو دەم لەناوخۆیدا کێشەی جیدی بووە لەنێوان رێبەرانی نەریتی و رێبەرانی گەنجترداو دوو روانگەی جیاواز بوون. لەحاڵێکدا گەنجەکان گوشاریان دەهێنا بەوەی دەستبکەن بەخەباتی چەکداری دژی ئیسرائیل، رێبەرانی ئێخوان سووربوون لەسەرئەوەی «دروستکردنی حکوومەت» هەنگاوێکی لەپێشترە و گرنگرە لەوەی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکەن. هەر ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی بەشێک لەئەندامانی ئەم گرووپە جیاببنەوەو « بزووتنەوەی نەتەویی و چەکدار پێکبهێنن کە خوازیاری خەباتی چەکداری بوو». ئەم ئاڵوگۆڕانە وایکرد گوشار لەسەر ئێخوان ئەلموسلمین زیاتر بێت کە بەهۆی دوژمنە زۆرەکانی و زاڵبوونی بزووتنەوە نەتەوەیی و ئایدۆلۆژیکییە فەلەستینییەکان هەستیان بەلاوازی دەکرد. حەماس بەرامبەر بە یاسر عەرەفات زەقکرایەوە «گومانی پەیوەندی» نێوان ئیسرائیل و و رەوتی ئیسلامگەرا کە حەماسی لێکەوتەوە، لەدەیەکانی ١٩٧٠و ١٩٨٠ هاتەئاراوە حوسنی موبارەک سەرۆک کۆماری میسر یەکێک لەو کەسانە بوو کە بەهێنانە بەرباسی ئەم تۆمەتە، بزووتنەوەی حەماسی وەک دروستکراوی ئیسرائیل ناوبرد. ڤیدیۆیەکی کۆن لەموبارەک لەبەردەستە و لەڤیدیۆیەدا لەکۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی میسر موبارەک ئەڵێت:» ئیسرائیل حەماسی دروستکردووە بۆ ئەوەی دژی رێکخراو کاربکات». مەبەستی ئەو لەڕێکخراو لەقسەکانیدا رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین (منڤمە التحریر الفلسگینیە) کە یاسر عەرەفات رێبەری دەکرد. ئەم تۆمەتە تەنها لەلایەن حوسنی موبارەکەوە نەهاتۆتە ئاراوەو باسی نەکراوە. ران پۆل، یەکێک لەئەندامانی پێشتری پەرلەمانی نوێنەرانی ئەمریکا کەساڵی ١٩٨٨ پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری بوو، ساڵی ٢٠٠٩ لەکۆنگرەی ئەمریکا وتی :» ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، تێدەگەین ئیسرائیلییەکان خوازیاری دروستبوونی حەماس بوون و یارمەتییاندا دروست بێت، بەو ئامانجەی کەبەرامبەر بە یاسر عەرەفات بوەستنەوە». حەسەن عوسفوور (حسن عصفور) وەزیری پێشتری فەلەستین و ئەندامی وەفدی دانوستانە نهێنییەکانی ئۆسلۆ لەساڵی ١٩٩٣، لەسێپتەمبەری ٢٠٢٣ بە BBC وت :» حەماس لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی ئەمریکیدو لە رێککەوتن لەگەڵ ژمارەیەک لەوڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلی پێکهات وەک رێکخراوێکی هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین». لەمبارەوە لەگەڵ ئەحمەد جەمیل عەزم، مامۆستا و پسپۆری پەیوەندی نێونەتەوەییەکانی زانکۆی قەتەر قسەمان کرد. ئەو دەڵێت ئەم تۆمەتانە لەلایەن کەسێکی تایبەتەوە نەدرایە پاڵیان و خودی ئیسرائیلییەکان دەستیان هەبوو لەدروستکردنی ئەم دەنگۆیانە. کێشەو درزی نیوان فەلەستینییەکانیش پەرەی بەم دەنگۆیانە دا. ئەحمەد جەمیل عەزم دەربارەی بۆچوونەکەی حوسنی موبارەک کەچەند دەیە لەوەپێش باسی کردبوو بە BBC وت:» هەڵوێستەکانی حکوومەتی میسر بەپێی بەرژەوەندییەکانی گۆڕاوە... رەنگە ئەم تۆمەتە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کەمیسر لەگەڵ ئێخوان ئەلموسلمین ناکۆک بوون یان ئەوەی کێشەیان هەبوو لەگەڵ حەماس... حوسنی موبارەک و بەرپرسی زانیاری (مخابرات)ەکەی، عومەر سلێمان، هەندێجار پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ حەماس بووە، تەنانەت هاوکاریان دەکردن بەوەی چەک و چۆڵ بگاتە کەرتی غەزە». دەتوانین بڵێین تۆمەتی « پەیوەند قەدەغەکراوی»ی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل چەند ساڵ دوای جەنگی ١٩٦٧ هاتە بەرباس، ئەو دەمەی ئیخوان موسلمین دەستیکرد بەو جۆرە لەکارکردنەی کەپێی دەگوت «قۆناغی مزگەوتەکان و ئەم کارەی لەفەلەستین ئەکرد، قۆناغێک کەوەک چۆن خاڵید حرووب لەکتێبی (حەماس، بیرکردنەوەو پرۆڤەی سیاسی» باسی دەکات، بە « دروستکردنی مزگەوت لەو شوێنانە، هەوڵدەدرا بەرەی نوێ تێکەڵ بەچالاکییەکان بکرێت و ئامادەبکرێن بۆ ئەوەی بەپێی جۆری رێنوێنییەکانی گرووپ دژی رەوتی زایۆنیستی بوەستنەوە» و ئەم قۆناغە تاساڵی ١٩٧٥ بەردەوام بوو. حرووب لەکتێبەکەیدا نووسیویەتی ئیسلامییەکان لەو هەڵەی کەدوای جەنگی ١٩٦٧ هاتەپێش کەڵکی بەجێیان وەرگرت بۆ خۆیان، لەبەرئەوەی دوای شکستی وڵاتانی عەرەبی لەجەنگ لەگەڵ ئیسرائیل، بەکردەوە ئایدیای نەتەوەخوازی و ناسیۆنالیستی ناسرییەکان زۆر لاواز بوو، دەرفەتێک خوڵقا بۆ وتنەوەی دروشمە ئیسلامییەکان وەک جێگرەوەی دروشمە نەتەوەییەکان. خالید حرووب دەنووسیت :» قۆناغی دواتری رێکخراوەیی لەناوەڕاستەکانی ١٩٧٠ەوە دەستیپێکردو تاکۆتاییەکانی ١٩٨٠ بەردەوام بوو. لەم قۆناغەدا گرووپە خوێندکارییە ئیسلامییەکان، کلووپەکا، رێکخراوە خیرخوازییەکان و دامەزراوەکانی تر دروستبوون و بوون بەناوەندێک بۆ کۆبوونەوەو گفتوگۆی تاقمێکی نوێ و گەنجی ئیسلامی». من سەرۆکی شین بێت بووم و ئاگادارم چۆن حەماس دروستبوو ساڵی ١٩٨١ رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز وتارێکی بڵاوکردەوەو لەو وتارەدا ئیسحاق سێگۆ، فەرماندەی سەربازی غەزە لەگەڵ ئەو رۆژنامەیە گفتوگۆی کردبوو. ئەم فەرماندە باڵا سەربازییە بەنیۆیۆرک تایمزی وتبوو :» فۆندەمێنتاڵە ئیسلامییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە یارمەتی دەدران.... دەوڵەتی ئیسرائیل بوودجەیەکی لەبەردەستم دانابوو، حکوومەتی سەربازی ( کەئەودەم دەسەڵاتی بەشە فەلەستینییەکانی بەدەست بوو) یارمەتی دەدا مزگەوت دروستبکرێت. لەم وتارەدا باس لەوە کراوە مەبەست لەو بوودجەیە بەهێزکردنی هێزەکانی دژبەری رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین بوو. لەوتووێژێکدا کەماوەیەک لەوەپێش لەتەلەفیزیۆنی ئیسرائیلەوە بڵاوکرایەوە، یاکوو پێری، بەرپرسی پێشتری شین بێت، ئاژانسی ئاسایشی ئیسرائیل وتی :» من لەساڵی ١٩٨٨ ەوە تا ١٩٩٥ بەرپرسی ئاژانس بووم. من بینیم چۆن بزووتنەوەی حەماس دامەزراو ئێمە لامان وابوو زیاتر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، ئەودەم هەروا بوو... هەوڵیدەدا پێداویستییەکانی خەڵک دابین بکات... زۆر کەس لەئیسرائیل شین بێت بەوە تۆمەتبار دەکەن کەیارمەتی داوە بۆ دروستکردنی رێکخراوی سیاسی حەماس وەک رەقیبێک بۆ رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو. قسەکانی شێخ ئەحمەد یاسین، دامەزرێنەری حەماس لەوتووێژ لەگەڵ بەرنامەی « شاهیدی زەمان» لەتەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرە لەساڵی ١٩٩٩ ئەوە دەخاتەڕوو ئەو پرسی بوودجەکانی ئیسرائیلی وەک (کێشەیەک) نەدەبینی. لەو وتووێژەدا باس لەوە دەکات ئیسرائیل وەک هێزێکی داگیرکەر، مووچەی دەداو هەروەها وتی :» ئەوان دەستیانکردن بەپێدانی مووچەو نووچەی خانەنشینی ئەو فەرمانبەرانەی ئامادەبوون بچنەوە سەرکار، سەرەتا بەبێ مووچەو دواتر بەمووچەوە». یاسین هەروەها وتی، ئیسرائیل بەو مەبەستی مووچەی دابیندەکرد کەژیان لەغەزە ئاسایی بێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ پێش داگیرکردنی غەزە:» من مامۆستا بووم و وەک مامۆستا مانگی ٢٤٠ لیرەی ئیسرائیلیم وەردەگرت... هەروەها ٤٠ لیرەم وەک وتاربێژی مزگەوت... ئەم بڕە پارەیە بۆ ئەوە نەبوو ماشێنی پێبگریت و هاتوچۆی پێبکەی، بەشی هیچ کوێی نەدەکرد». «قەرەبووکردنەوەی نەخوازراوی بەرژەوەندییەکان» رانی شاکێد، لێکۆڵەری دامەزراوەی ترۆمەن لە «زانکۆی عێبری» لەوتووێژ لەگەڵ BBC بەئاماژە بەوەی ئیسرائیل کێشەی لەگەڵ بزووتنەوە ئایینی کۆمەڵایەتییەکان نەبووە، باسی لەوەکرد لەو سەردەمەدا ئیخوان ئەلموسلمین هەڕەشە نەبوون بۆ سەر ئیسرائیل. شاکێدکە خۆی لە دەیەی ١٩٧٠ یەکێک بووە لەئەفسەرەکانی رێکخراوی شین بت، دەڵێت، ئیسرائیل هیچکات یارمەتی ئابووری تاقم و گرووپە ئیسلامگەراکانی نەدەدا، یارمەتییەکانی لەوەدا سنووردار کرابووەوە کەمۆڵەتی پێ دەدان، ئەوەنەبوو پارە بدات بەتاقم و گرووپە ئیسلامییەکان. رانی شاكێد و ئەحمەد عەزم هەردووکیان کۆکن لەسەرئەوەی جیاوازی هەیە لەوەی ئاخۆ پشتیوانی لەم گرووپانە بکریت یان ئەوەی چاو بنووقێندرێت بەرامبەر بەچالاکییەکانیان و مۆڵەتیان پێبدرێت. هەردوو لێکۆڵەر لەسەر ئەو باوەڕەن، ئەوەی کەگرووپە ئیسلامییەکان خۆیان بەدوور دەگرت لەوە خەباتی چەکداری بکەن دژی ئیسرائیل، لەڕاستیدا بەرەو خاڵێکی دەبردن کە بێ ئەوەی خۆیان بیانەوێت بەرژەوەدنییەکانی دوو لایەن قەرەبوو دەکرایەوەو پارێزراو بوو. هەربۆیە ئیسرائیل مۆڵەتی بەم گرووپانە دەدا چالاکیان هەبیت و ئەمجۆرە روانینە بوو کەوەک پشتیوانی ئیسرائیل لەئیخوان ئەلموسلمین لێکدەدرایەوە. مایکل دێمپێر، نووسەری بەریتانیایی لەکتێبێک بەناوی « سیاسەتی ئیسرائیل بەرامبەر ئەوقافی ئیسلامی لەفەلەستین» کەساڵی ١٩٩٢ چاپ بووە، دەربارەی جۆری پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و ئەو پرسیارەی ئاخۆ ئیسرائیل پشتیوانی ئابووری دروستکردنی مزگەوتی دەدا یان ئەوەی تەنها مۆڵەتی دروستکردنی پێدەدان، نووسیویەتی یەکێک لەیەکەم کارەکانی فەرماندەی سەربازی لەساڵی ١٩٦٧، دانانی ئەفسەرێکی ئیسرائیلی بوو وەک بەرپرسی کاروباری ئایینی لەکەرتی غەزە، کەکاری ئەو فەرماندەیە دروستکردنی پەیوەندی بوو لەگەڵ ناوەندی بڕیاردانی سەربازی لەگەڵ گرووپە ئیسلامی و مەسیحییەکان. ئەم نووسەرە وتوویەتی ئیسرائیل لەکۆتاییەکانی دەیەی ١٩٧٠ەوە تا ناوەڕاستی ١٩٨٠ مۆڵەتی دروستکردنی مزگەوتی دەدا بەمەبەستی دروستکردنی هاوسەنگییەک دژی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین. بەڵام ئەم نووسەرە ئاماژەی بەهێڵ و لایەنی دابینکردن و یارمەتیدانی ئابووری نێوان مزگەوتەکان و ئیسرائیل نەداوە. «کەممان دانەنا... بەڵام هیچکات یارمەتی ئابووری حەماسمان نەدا» بەرپرسانی ئیسرائیلی کۆک نین لەسەر یەک جۆر گێڕانەوە دەربارەی جۆری هەڵسووکەوتیان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، لەسەردەمی پەرەسەندنیان لەکەرتی غەزە. لەحاڵێکدا ژمارەیەک لەبەرپرسانی پێشتری ئیسرائیل بەداخەوەن بەوە یارمەتیان داوە بۆ ئەوەی حەماس دروست بێت، لەوتارێکدا کەساڵی ٢٠٠٩ لەنیۆیۆرک تایمز بڵاوبۆتەوە، لەزاری شالۆم هەراری، کە سەردەمی دروستبوونی حەماس ئەفسەرێکی پلە باڵای مووساد بوو لەغەزە نووسیویەتی:» ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی ئابووری لەحەماس نەکرد، ئیسرائیل هیچکات حەماسی پڕچەک نەکرد... کۆمەڵێک جموجووڵی ئیسلامییەکان هەبوو کەوەک هەڕەشە دەبیندران بەهەند وەرنەگیران، بەڵام هۆکارەکەی بۆ کەمتەرخەمی دەگەڕایەوە. ئەوە نەبوو بمانەوێت ئیسلامییەکان بەهێزبکەین». شێخ ئەحمەد یاسین لەمبارەوە ئەڵێت:» ئیسرائیل چاودێری چالاکی و هەڵسووڕانی رێکخراوە ئیسلامگەراکانی دەکرد هاوشێوەی رێکخراوەکانی تر... هەوڵی دەدا هاوسەنگییەک دروستبکات لەناو بەشەکاندا.. ئیزنی دەدا هەموان بەشێوەی خۆیان گەشەبکەن و لەکاتی خۆیدا بەری دەدانە وێزەی یەک و دەیدان بەشەڕا دژی یەکتر». «ئەنجامەکەی لەکۆنتڕۆڵ دەرچوو» ئەوانەی ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەستیبووە لەدروستکردنی حەماس، بەتایبەت ئاماژە بەدامەزرانی « کۆمەڵی ئیسلامی « و « کۆمەڵگای ئیسلامی» ئەدەن لەغەزە لەدەیەی ١٩٧٠. لەگێڕانەوەکانی ئێخوان ئەلموسلمیندا، ئەو سەردەمە لە سەدەی رابردوودا لەژێر چەتری یاساکانی ئیسرائیلدا شکڵی گرتووەو ئەوەی کەچالاکییەکانیان تەنها بەوە سنووردار نەکرابووەوە کەخەریکی راهێنان و پەروەردەی ئایینی بن. ئەوان دەیانگوت ئەم رێکخراوانە یاسایان پێشێل نەکردووەو لەجەنگدا نین دژی ئیسرائیل. ئەحمەد یاسین، رێبەری سێمبۆلیکی بزووتنەوەی حەماس لەبەرنامەی « شاهیدی زەمان» وتبووی :» ئێمە نەماندەتوانی دژی هێزە داگیرکەرەکان بجەنگین.. هەربۆیە باس لەوە کرا دامەزراوە ئیسلامییەکان دروستبکرین... نووسینگەی « کۆمەڵی ئیسلامی» ساڵی ١٩٧٦ لە ژوورێکدا بوو لەمزگەوتێک... زیاتریش جەختی لەوە دەکردەوە کەچالاکی وەرزشی رێکبخات». ئیهوود یاری و زیۆ شێڤ، دوو نووسەری ئیسرائیلی لەکتێبی «ئینتفازە» چاپی ١٩٩٠ دا نووسیویانە:» کابینەی مەدەنی و ناسەربازی ئیسرائیل دەورێکی بەرچاوی هەبوو لەدروستبوون و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ئیسلامیدا کە لەگەڵ دەستپێکی ئینتفازەی یەکەم، پەرەیسەند.... ئیسرائیل مۆڵەتی پێدان شوێن پێی خۆیان پتەو بکەنەوە بۆ ئەوەی کاریگەریان هەبیت لەسەر کۆمەڵگا لۆکاڵییەکان و هێزیان هەبیت و بتوانن خۆیان رێکبخەن. ئەم دوو نووسەرە ئیسرائیلییە لەکتێبەکەیدا نووسیویانە :» ئیسرائیل تووشی وەهم ببوو دەربارەی توانای کۆنتڕۆڵی ئیسلامییەکان و بەکارهێنانی گەشەکردن و دەرکەوتنیان بۆ کەمکردنەوەی هێزو توانای رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین... ئیسرائیل سەرەنجام بەهەڵەکەی خۆی زانی، بەڵام زۆر درەنگ بوو». ئیبراهیم غووشە یەکێک لە رێبەرانی پێشتری حەماس لەم بارەوە لەکتێبی بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی :» ئەمە هەڵەی ئێخوان ئەلموسلمین یان شێخ یاسین نەبوو کەئیسرائیل لای وابوو بەوە مۆڵەتی دامەزرانی « کۆمەڵگای ئیسلامی» بدات لەغەزە هاوسەنگێک دروست دەبێت لەناو رەوتی سێکۆلاری رێکخراوی ئازادیخوازی فەلەستین و رەوتی ئایینی لە ئیخواندا. ئەگەر زایۆنیستەکان لەهەڵسەنگاندنەکانی خۆیادا تووشی هەڵە بوون، خۆشیان ئەنجامەکەی دەبیننەوە». خالید ئەبوو ئەلعومەرەین، لەکتێبی « حەماس، رەگەکان، ئاخێزگەکان و باوەڕە سیاسییەکانی» نووسیویەتی، بەرپرسە ئیسرائیلییەکان ئەوە نەبوو تەنها مۆڵەت بەبزووتنەوە ئیسلامییەکان بدەن بۆ دروستکردنی رێکخراوی خۆیان، بەڵکوو یارمەتی گرووپە جیاوازەکانیاندا بۆ خۆیان کلووپ، ناوەند، سەندیکاو نووسینگەیان ببێت. ئەو نووسیویەتی :» ساڵی ١٩٨٠ ئیسرائیل مۆڵەتی بەبزووتنەوەی فەتح دا بەوەی دامەزراوەی بزووتنەوەی لاوان رێکبخات، کە لەبواری سیاسی و کۆمەڵایەتییدا چالاکی دەکرد». عەبدوڵڵا هاروونی، نووسەری کتێبی :» ناوەندە خێرخوازییەکان لەکەرتی رۆژئاوا و کەرتی غەزە» کە ساڵی ١٩٨٨ بڵاوبووەوە، دەڵێت، کۆی ئەنجومەن و ناوەندەکان بەر لەئینتفازەی یەکەم لەساڵی ١٩٨٧ گەیشتبووە ٦٢ ئەنجومەن و ناوەندو ئێخوان ئەلموسلمین تەنها ٤ ناوەندی هەبوو کەگرنگترینەکانیان «کۆمەڵی ئیسلامی» و « کۆمەلگەی ئیسلامی» بوون. هەڵەی بەراوردکاری ئەحمەد جەمیل عەزم، مامۆستاو شارەزای پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی زانکۆی قەتەر دەڵێت ئیسرائیل تووشی هەڵەی هەڵسەنگاندن و بەراوردکاری ستراتیژیکی و تاکتیکی ببوو:» ستراتیژییەکی تایبەتیان نەبوو... ئیسرائیل بەردەوام پشتی بەتواناو هێزی سەربازی خۆی بەستبوو. بۆ وێنە دوای داگیرکردنی غەزە لەساڵی ١٩٦٧، هەوڵیدا پەیوەندی دروستکات لەگەڵ کۆمەڵگای غەزەدا، بەشێوەی جیاوازی وەک خوڵقاندنی دەرفەتی ئابووری، پەیوەندی لەگەڵ ئەو بنەماڵانەی کە لەناو کۆمەڵگا لۆكاڵییەکاندا دەستیان دەڕۆشت و قسەیان وەردەگیرا، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ناوچەکان... بڕیارەکان زیاتر روانگەیەکی ئەمنی و ئاسایشیان لەپشت بوو نەک ئەوەی روانگەیەکی ریالیستی بێت لەسەر کۆمەڵگاو لایەنەکانی داگیرکردنی و دەرئەنجامەکانی... ئەمجۆرە کارکردنانە نەیدەتوانی بەر بەوە بگرێت خەبات دژی داگیرکاری نەمێنێت». رانی شاكێد، لیکۆڵەر لەدامەزراوەی ترۆمەن لەزانکۆی عیبری بیت المقدس، بە BBC وت:» سەرەڕای ئەوەی لەدەسەڵاتدارانی سەربازی غەزە لەو سەردەمەدا دەترسان، ئێسحاق سێگغۆ، فەرماندەی باڵای سەربازی غەزە پێی وتووە، نیگەرانی دۆخی زاڵی ئەم ناوچەیە لەبەرئەوەی زۆر لەتاران دەچێت بەر لەشۆڕش و سەرەڕای ئەوەی کەئیسرائیل ئاگادارکرابووەوە لەمەترسی بزووتنەوەی ئیسلامی لەداهاتوودا، بەڵام بەدروستی لەدۆخەکە و ئەو بزووتنەوەیە نەدەگەیشتن و دەستەوەستان بوون بەرامبەری». شاکێد دەڵێت :» شێخ ئەحمەد یاسین، ئیسرائیلی فریو دا، ئەوەی کەدژی کۆمۆنیستەکان هەڵوێستی گرت ئیسرائیلیەکانی تووشی وەهم کرد، لەحاڵێکدا خەریکبوو دروست دەکرد، بەرەیەکی نوێی بار دەهێناو ئامادەی دەکردن بۆ وەستانەوە دژ ئیسرائیل». ئەم لێکۆڵەرە ئیسرائیلییە لەسەر ئەو باوەڕەیە ئیسرائیل ئێستاش لای وایە بەلەناوبردنی حەماس و خوڵقاندنی دەرفەتی کارو سەرچاوەی ئابووری بۆ فەلەستینییەکان ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە، « بەڵام وەها نییە... ئەگەر حەماسیش لەناوچێت، بزووتنەوەیەکی بەرگری نوێ دەردەکەوێت». خاڵی سیفر: جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل وەک چۆن ئیبراهیم غووشە، یەکەم وتەبێژی حەماس لەکتێبی بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی، گۆڕانی بنەڕەتی لەشێوەی خەباتی ئیخوان ئەلموسلمین دژی ئیسرائیل ساڵی ١٩٨٣ روویدا، ئەوکاتەی ئەم رێکخراوەیە کۆنفرانسێکی لەئەردەن بەڕێوەبردو لەو کۆنفرانسەدا بڕیاری دا « ئیزن بە ئەندامانی رێکخراو لەکەرتی رۆژئاوا و کەرتی غەزە بدات چالاکی سەربازییان هەبێت و لەگەڵ ئامادەبوونی هەلومەرج دەستپێبکەن». ساڵێک دوای ئەم کۆنفرانسە، ئیسرائیل سەرجەم ئەندامانی یەکەم گرووپە سەربازییەکانی لەکەرتی غەزە دەستگیرکرد، رێبەری ئەو کەسانە شێخ یاسن بوو. لەماڵەکەیدا ٨٠ دانە چەک کە پێشتر کڕیبووی بەمەبەستی ئامادەبوون بۆ چالاکی سەربازی دەستی بەسەردا گیرا. بەڵام یاسین تەنها چەند مانگ لەزیندان بوو و ساڵی ١٩٨٥ وەک بەشێک لەڕێککەوتنێکی گەورەی نێوان ئیسرائیل و «بەرەی گەڵ بۆ ئازادی فەلەستین- فەرماندەیی گشتی» کە سێ سەربازی ئیسرائیلیان بەبارمتە گرتبوو، ئازاد کرا. ئەوکات ئیسلامییەکان زیانی گەورەیان پێگەیشتبوو لەلایەن ئیسرائیلەوە- بەتایبەت بەلەبەرچاو گرتنی ئەو راستییەی کەباڵی چەکداری بزووتنەوە هێشتا تازە دامەزرابوو و ئەزموونی کەم و توانایەکی سنووداری هەبوو- بەڵام بزووتنەوەکە هەڵنەوەشایەوە. لەبەرئەوەی بەشی ئایدۆلۆژیکی ئەو بزووتنەوەیە بەهێزبوو، هەربۆیە توانای هەستێتەوە. بەم شێوەیە لەگەڵ دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی سەربازی لەڕێگای هەوڵدان و هەڵەکردنەوە، سەرەنجام رێکخراوی سەربازی « موجاهیدە فەلەستینییەکان» و بەشی ئەمنی « مەجد» دروستبوو. بەڵام وادەردەکەوێ ئیسرائیل هێشتا لەگرنگی گۆڕانی شێوەی راکێشان و پەرەسەندنی ئەم رێکخراوەیە لەناوخۆو دەرەوەی خاکی فەلەستین ئاگادار نەبوو، هەربۆیە ئیسلامییەکان توانیان پەرە بەتواناکانی خۆیان بدەن، سەرەنجام ئەوەی لێکەوتەوە بەئاشکرا « خەباتی چەکدار»یان دەستپێکردو لەدایکبوونی « بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی»یان راگەیاند. حەماس رۆژی ١٤-١٢-١٩٨٧ تەنها چەند رۆژ دوای دەستپیکی ئینتفازەی یەکەم، خۆی ئاشكرا کرد. گومان لەوەدا نییە بەڵگەی و دێکۆمێنتی تەواو لەبەردەستدا نییە دەربارەی مێژووی حەماس و ناڕوونی هەیە دەربارەیان. ئەمە راستییەکەو بەشێکی زۆر لەئەندامانی ئەم گرووپە ئەم ناڕوونییە بۆ دۆخی ئەمنی و هەروەها باکگراوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم گرووپە و دەستپێکی بزووتنەوە لەخاکی فەلەستین دەگێڕنەوە. بەهەرحاڵ رەنگە وەڵام بەم پرسیارەی کەئاخۆ حەماس دروستکراوی دەستی ئیسرائیل، بەوردبوونەوە لەو ناکۆکییەی کە لەخودی پرسیارەکەدا هەیە، ئاسانتر بێت. ئیسرائیل حەماسی دروست نەکرد، بەڵام بە رای ژمارەیەک لەلێکۆڵەرەکان لەوانە رانی شاكێد و ئەحمەد جەمیل عەزم، دۆخی ئاڵۆزی پەیوەند بەماوەی دوورو درێژی لەدایکبوونی ئەم گرووپە لەناو دڵی ئێخوان ئەلموسلمینەوە، کەدوای هاتنی هێزی داگیرکەرو جەنگی فەلەستینییەکان دروست ببوو، دۆخێک ئەخوڵقێنێت کە سەرەنجام دروستبوونی حەماسی لێدەکەوێتەوە. کەوایە رەنگە بتوانین بڵێێن ئیسرائیل لەسەرەتای دروستبوونییەوە چاوی نووقاندووە بەرامبەر بەدروستبوونی ئەم بزووتنەوەیەو بەلایەوە گرنگ نەبووە، یان ئەو دەمەی بینی رەوتێک دروستبووە لەناو بزووتنەوەی فەلەستینییەکاندا، هەوڵیداوە بەکاریبهێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەڵام بەستێنە مێژووییەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی لەغەزە و ئەو هەلومەرجەی گەشەی کرد تیێدا، لەگەڵ ئەوەدا ناتەبایە بەوە کەحەماس لەلایەن ئیسرائیلەوەو لەژوورێکی داخراوی ئیسرائیلدا، دروستبووبێت یان بەپرۆژەی ئیسرائیل بزانریت. سەرچاوە: https://www.bbc.com/persian/world-features-67880311
سازگار ئەحمەد محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق «پارەی پێویست»ی تەرخاننەکردووە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، لەکاتێکدا پێش پێکهێنانی کابینەکەی نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر بەڵێنی کاراکردنەوەی ماددە پەکخراوەکەی دابوو بەکورد کەتایبەتە بەدیاریکردنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. بەپێی دەستووری عێراق کەساڵی ٢٠٠٥ پەسەندکرا، دەبوو ماددەی ١٤٠ بەسێ قۆناغ جێبەجێ بکرێت، کە ئەوانیش بریتین لەقۆناغی قەرەبووکردنەوە، راپرسی، سەرژمێری، بەڵام دوای ١٩ ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناغی یەکەمی جێبەجێکراوە بەهۆی پشتگوێخستنی لەلایەن حکومەتی عێراق و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە. محەمەد شیاع سودانی دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی حکومەتی عێراق لەساڵی ٢٠٢٢ لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی کاراکردەوە کە لەساڵی ٢٠١٤ پەکخرابوو بەهۆی شەڕی داعش و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە، بەڵام دوای نزیکەی ساڵێک دەستی کرد بەجێبەجێکردنی کارەکانی، بەرپرسانی کورد دەڵێن ئەو پارەیەی کە بۆ لیژنەکە جێبەجێکراوە لەلایەن حکومەتەوە وەکو پێویست نییە. فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی وت «ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ زۆر سەرەتایین، لەئاستی چاوەڕوانییەکانی ئێمەدا نەبوون، بەڵام ئەم لەم کابینەیەی حکومەتی عێراقدا بەراورد بەکابینەکانی پێشتر هەندێک هەنگاوی ناوە». ئەم کابینەیەی حکومەت کە دروستبوو رێککەوتن لەنێوان سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراقدا کرا کە ماددەکە کارابکرێتەوەو بوودجەیەکی بۆ تەرخانبکرێت، فەهمی بورهان وتی «ئەم دوو هەنگاوە ئەرێنین». ئەگەرچی لیژنەکە کاراکراوەتەوە، بەڵام هێشتا ماددەکە لە قۆناغی قەرەبووکردنەوەدا چەقیوە بەهۆی ئەوەی پارەیەکی کەمی بۆ تەرخانکراوە. حکومەتی عێراق ساڵانە تەنیا بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری تەرخانکردووە بۆ قۆناغی قەرەبووکردنەوە، نوێنەرانی کورد دەڵێن ئەو بودجەیە لە ئاستی پێویستدا نییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە بە جۆرێک چارەسەری کێشەی زەوی و زارو قەرەبوو، هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان و عەرەبەکان بۆ زێدی خۆیان و ئەنجامدانی سەرژمێریکردن. فەهمی بورهان وتی «بەشێوەیەکی گشتی کار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کراوە، بەڵام کارکردنەکان لەئاستی گەورەیی بابەتەکدا نەبوون، بەم پارەیە ناتوانرێت ئەو هەنگاوانە بنرێت». هەروەها وتی «یەکەم هەنگاو کە پێویستە بنرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ماددەی ١٤٠ هەبوونی جددیەتە لەبەغداوە، بەڵام ئەم جددیەتەی بەغدا نابینم، نیەتێک نییە بەئاڕاستەی جێبەجێکردنی ماددەکە، هەروەها ئەو ماددانەی دیکە کەپەیوەندییان بەهەرێمی کوردستانەوە هەیە حکومەتی عێراقی جددی نین لەجێبەجێکردنی و بیانوویان زۆرە». ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی هەیە پێی دەڵێت لیژنەی ماددەی ١٤٠، لەم لیژنەیەدا ئەندامی کورد هەیە، بەڵام فەهمی بورهان پێیوایە پرسی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ «گەورەترە» لەتوانای ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتیشی «ئەم پرسە زیاتر پرۆسەیەکی سیاسییەو دەبێت سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بێنە سەرخەت بۆ جێبەجێکردنی». بەپێی ئاماری بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠ لەساڵی رابردوودا ٣٤١ خێزانی ئاوارەی کەرکوک چەکی قەرەبوویان بەبڕی ١٠ ملیۆن دینار وەرگرتووە، هەروەها لەساڵی ٢٠٢٤ تەنها ٥٦ چەکی قەرەبوو بەسەر ئاوارەکانی کەرکوک دابەشکراوە. هەروەها ٥٤٦ چەک لەساڵی ٢٠٢٣دا لەکەرکوک بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکراوە، لەساڵی ٢٠٢٤یش تەنها ٨٠ چەک بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکراوە. لەساڵی ٢٠٢٣دا لەخانەقین ٨١ خێزانی ئاوارەو ١٤١ عەرەبی هاوردە چەکی قەرەبوویان وەرگرتووە، هەروەها لەساڵی ٢٠٢٤ لەخانەقین تەنها چەک بەسەر ١٠٠ خێزانی ئاوارەدا دابەشکراوە». کۆی گشتی ئەو چەکانەی کە تائەمساڵ بەمەبەستی قەرەبووکردنەوە بەسەر خێزانە ئاوارەکان و عەرەبی هاوردەدا دابەشکراون لەکەرکوک و خانەقین و شنگال، بریتین لە ٤٢ هەزارو ٤٦ چەک کە بەسەر خێزانە ئاوارەکانی کەرکوک دابەشکراون و هەروەها بۆ عەرەبی هاوردەش لەکەرکوک ١٤ هەزار و ٢٢٨ چەک دابەشکراون. هەروەها لەخانەقین ١٠ هەزارو ٩٠٥ چەک دراوە بەخێزانە ئاوارەکان و دوو هەزارو ٧٧٦ چەکیش دراون بەعەرەبە هاوردەکان، هەروەها تائێستا لەقەزای شنگال ١٦ هەزارو ٩٦٦ چەک بەسەر خێزانە ئاوارەکاندا دابەشکراون. هەندێک لەعەرەبە هاوردەکان کەدەستیان بەسەر زەوی کشتوکاڵی کوردا گرتووە نایانەوێت بگەڕێنەوە بەوپێیەی پارەی گەڕانەوەیان بۆ خەرجنەکراوە، ئەگەرچی بڕیارێک لەساڵی ٢٠١٢ گرێبەستەکانی تەعریب تایبەت بەزەویە کشتوکاڵیەکان هەڵوەشاوەتەوە. کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠ بەهاوڵاتی راگەیاند «ئێمە داوامانکردووە قەرەبووی جوتیارانی هاوردە بکرێتەوە، تەنها بەشێک لەوانە ماوە کەقەرەبوو بکرێنەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەوانە قەرەبوو بکرێنەوەو دۆخەکە ئاسایی بێتەوەو دەست لەزەوییەکان هەڵبگرن». وتیشی «ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق هەنگاوی ناوە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، بەڵام هەنگاوەکان لەسەرخۆیەو ئێمە لەوە زیاتر پێویستمان بەبودجە هەیە، چونکە ئەو بودجەیەی بۆی دیاریکراوە کەمەو ئەمەش وادەکات جێبەجێکردنی ماددەکە زۆر بخایەنێت». روونیشکردەوە «بەهۆی ئەوەی کابینەکانی دیکەی حکومەتی عێراق لەساڵی ٢٠١٤وە لەشەڕی دژ بەداعشدا بوون هیچ پارەیەکیان بۆ ئێمە تەرخان نەکرد، ئەمەش وایکرد جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ زیاتر دوابکەوێت». لەدوای کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە لەڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠٢٣ یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەکە بەسەرۆکایەتی هادی عامری، سەرۆكی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەكە بەڕێوەچوو کەدوو ئەندامی کوردیشی تێدایە. دژوار فایەق، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلیژنەی ماددەی ١٤٠ وتی «بۆ ئەوەی بتوانین داواکارییەکانی خەڵکی ناوچە کێشەلەسەرەکان جێبەجێ بکەین و دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەین، پێویستە لایەنە کوردییەکانی ئەو ناوچانە یەکگرتوو و یەکدەنگ بن». بەشێک لەبەرپرسانی کورد پێیانوایە، ژمارەیەک هێزو لایەنی عیراقی و ئەوانەی تاوەکو ئێستا دۆسییەی ماددەی ١٤٠یان بەڕێوەبردووە کەمتەرخەم بوون، چونکە جێبەجێکردنی ماددەکە لەقۆناغی قەرەبووکردنەوەدا چەقیوەو هەر ئەو لایەنانەو ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن هۆکاری پەکخستنی ماددەکەن. دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت «لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەی ماددەی ١٤٠ کاراکراوەتەوە، هیوادارین ئەو لیژنەیە بتوانێت بەڕۆڵ و ئەرکی خۆی هەستێت و کۆتایی بەگرفت و کێشەکانی ناوچە جێناکۆکەکان بهێنێت». بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ئەو بڕە پارەیەی بۆ لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق تەرخانکراوە، بڕی 200 ملیار دینارە بۆ هەر ساڵێک، واتە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ کەکۆی گشتیی دەکاتە ٦٠٠ ملیار دینار کەوەک بەرپرسان ئاماژەی پێدەکەن ئەو بڕە بودجەیە «کەمە» بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە. ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بریتین لەشاری كەركوك، مەخمور، قەزاکانی خانەقین، دوزخورماتوو، شنگال، ئەو گوندو ناحیانەی سەر بەو شارو قەزایانەن دەگرێتەوە، هۆكاری ناكۆكی لەسەر ئەم ناوچانە ئەوەیە كەدانیشتووانەكانیان كوردو عەرەب و توركمانن، هەر پێكهاتیەكیش لەوانە ئەو ناوچانە وەك ناوچەی خۆیان دەبینن، زۆرینەی كوردەكان دەیانەوێت ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و زۆرینەی عەرەب و توركمانەكانیش دەیانەوێت ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا بێت. دوابەدوای رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حسێن لەلایەن ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانییەوە لەساڵی ٢٠٠٣، عێراق دەستوورێکی نوێی نووسیەوە، یەکێک لەماددەکان ماددەی ١٤٠ بوو بۆ چارەسەركردنی پرسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەکان. بەپێی دەستووری عێراق کەساڵی ٢٠٠٥ بەزۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق پەسەند کرا، دەبووایە تاوەکو٣١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧ ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرایە کە لەسێ قۆناغ پێکهاتبوو، ئەویش ئاساییکردنەوەو سەرژمێری و راپرسی لەكەركوك و ناوچەكانی دیکە كەناكۆكییان لەسەرە بۆ دیاریكردنی ویستی هاووڵاتییان، بەڵام دوای ١٩ ساڵ تەنها بەشێکی کەمی ماددەکە جێبەجێکراوە.
زریان فەرەیدوون نرخی گۆشتی سوور لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی مانگێکدا بەشێوەیەکی خێرا رووی لەبەرزبوونەوە کردووە، ئەوەش بەهۆی کەمی هاوردەکرنەوە. حکومەتیش داوا لەگۆشتفرۆشان دەکات نرخەکەی هەرزان بکەن لەکاتێکدا ئەوان دەڵێن ئەگەر بەقسەی حکومەت بکەن دەبێت بەزەرەر بیفرۆشنەوە چونکە هیچ هاوکارییەکیان ناکات. نرخی فەرمیی گۆشتی سوور لەنێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی شارو شارۆچکەکان جیاوازە، بۆ نموونە لەسلێمانی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 23 هەزار دینارە، لەهەولێر و دهۆک بە 22 هەزار دینارە، لە هەڵەبجە بە 18 هەزار دینارە. هەروەها کیلۆیەک گۆشتی مانگا لەسلێمانی بە 22 هەزار دینارە، لەهەولێرو دهۆک بە 18 هەزار دینارە، لەهەڵەبجە بە 16 هەزار دینارە. ئەکرەم رەزا ئاژەڵدار لەمەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دەڵێت، «بەهۆی هاوردەنەکردنی ئاژەڵ لەدەرەوە ژمارەیان لەمەیدانەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووەو ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی». نرخی کیلۆیەک ئاژەڵ بەزیندوویی نزیکەی دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە، ئاژەڵدارەکانی مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانیش دەڵێن ئاژەڵ کەمبووەتەوە بۆیە بەهاکەی گرانبووە. ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بەهاوڵاتی وت، کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور نێودەوڵەتییە، هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەگەڕێتەوە. وتیشی، «بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ تەنها لەهەرێمدا نییە... بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، لەوڵاتانەوە بڕێکی کەمتر ئاژەڵ هاوردە دەکرێت، لەناوخۆش زیاتر دەکەوێت، هەربۆیە نرخەکەی بەرزبووەتەوە». بەپێی دوایین داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لەساڵی 2022دا، توانراوە 55٪ی پێویستیی گۆشتی سوور لەناوخۆ دابینبکرێت، کەنزیکەی 75 هەزار تۆنە لەساڵێکدا، ئەوەی دیکە دەبێت هاوردەبکرێت. ئەو هاوردەیەش لەوڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، هەنگاریاو بەرازیل بەفەرمی هاوردە دەکرێت؛ هاوکات، لەچەند وڵاتێکی دیکە بە نافەرمی دەهێندرێت. سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کەڕێگری لەهەناردەکردنی ئاژەڵ دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی وت «ئێمە وڵاتێکی هەناردەکارنین، هاوردەکارین، چونکە بڕەکە لەپێداویستی ناوخۆ کەمترە، لاریمان نییە لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ بەشێوەیەکی یاسایی و هیچ رێگرییەک نییە». بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی گۆشتی سوور، قایمقامیەتی سلێمانی داوای لەگۆشتفرۆشەکان کردووە هەر کیلۆیەک گۆشت بە 22 بۆ 23 هەزار دینار بفرۆشن، بەڵام ئەوانیش بەمە رازی نین و لەئێستادا نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لەبازاڕدا گەیشتووەتە 25 هەزار دینار. ئاسۆ عومەر وتەبێژی گۆشتفرۆشانی هەرێمی کوردستانیش لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانییەوە داوایان لێکراوە گۆشت بەنرخی ٢٣ هەزار بفرۆشین تاکاتێکی نادیارو تا ئەوکاتەی لەهۆکاری گرانبوونی نرخەکەی لەمەیدانی ئاژەڵان دەکۆڵنەوە کە لەئێستادا نرخی هەر کیلۆیەک گۆشتی سور ١١ هەزار دینارە بۆ ئاژەڵە زیندووەکان. باسی لەوەشکرد کەئەو نرخەی بۆیان دیاریکراوە زۆر کەمەو هیچ قازانجێکی لێناکەن و گۆشتەکە ٢٤ هەزار دینار لەسەریان دەکەوێت و هاووڵاتیانیش نایکڕن. قایمقامیەتی سلێمانی بەهاوڵاتی وت کەئەو بابەتە پەیوەندی بەوانەوە نییەو پەیوەستە بەچاودێری بازرگانی سلێمانییەوە، هاوڵاتی پەیوەندی بەژووری بازرگانی سلێمانی و چاودێری بازرگانی سلێمانییەوە کرد بەڵام ئامادەنەبوون لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدەن. رۆژانە لەپارێزگای سلێمانی، 120 تۆن گۆشتی سوورو 80 تۆن گۆشتی سپی بەکاردەهێنرێت.
شوان عباس بەدری دوای زیاتر لەپێنج مانگ لەبایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن، بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی رایانگەیاند بەڵێنی چارەسەرکردنی داوکاریەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دراوەو خۆپیشاندان هەڵدەپەسێرن بەڵام بەشێکی تریان دەڵێن بەردەوام دەبن بەشێوازی جۆراوجۆر. شەوی دووشەممە 19/2/2024 بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی هەڵەبجە لەدوای کۆبوونەوەیەکی ژمارەیەک لەمامۆستایان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مامۆستایانیان سەرپشک کرد لەگەڕانەوەیان بۆ ناوەندەکانی خوێندن یان بەردەوامیدان بەبایکۆت، بەڵام مامۆستایانی هەندێک لەقەزاکانی تر دەڵێن ئەوان سوورن لەسەر بایکۆت تابەڵێنەکان جێبەجێدەکرێن. مامۆستایانی ناڕازی پێنج داواکاری سەرەکییان هەیە کەدیارترینیان دامەزراندنی وانەبێژان و دەسپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە. هەروەها داوادەکەن چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو دیاری بکرێت لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا . هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەهەر ناوێکەوە لەمووچەکان بڕاون لەگەڵ دابەشکردنی مووچەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بانکە حکومییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق. لەگەڵ ئەوەی تائێستا هیچ داوایەکیان جێبەجێ نەکراوە، بەڵام هەندێک لەوانەی بایکۆتیان شکاندووە دەڵێن بەڵێنی زارەکییان لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بەڵام ئەو بەڵێنانە هەمان ئەو بەڵێنانەن کەمانگی رابردوو وەزارەتی پەروەردە بەنووسراوێک بڵاویکردەوە بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی کارگێڕی و یاسایی تێدابێت، ئەوەش لەکاتی خۆیدا قەناعەتی بەمامۆستایان نەکرد بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن. لەگەڵ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبوونەتەوە و دەڵێن لەئێستادا چالاکیەکانیان هەڵپەساردووە، بەڵام ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی دەڵێن ئەوان هیچ بڕیارێکی لەو جۆرەیان نەداوە. هادی حەمەڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بەهاوڵاتی راگەیاند «بەشێک لەمامۆستایانی ناڕازیی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردو چەند بەڵێنێک بۆ چارەسەکردنی کێشەکان درا، بەڵام ئێمە هیچ بڕیارێکمان بۆ هەڵپەساردنی بایکۆت نەداوە». وتیشی «ئێمە چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، باوەڕمان وایە دەبێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێبکرێن» . مامۆستا دانا نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند «ئەو بابەتەی کەوەزیر بڵاویکردبووەوە لەدەسەڵاتی وەزیردا نەبوو و زۆر لاستیکی بوو و مەجالی خۆدزینەوەی لەبەرپرسیارێتی زۆر تیا بوو، بەڵام ئەم بریارەی ئەمڕۆ ئەو بابەتانە هەڵناگرێت و پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی چەسپاندووە لەگەڵ دامەزراندنی وانەبێژان و جگە لەوەش بەڵێنی داوە دوای جێبەجێکردنی ئەو دوو خاڵەی باسمکرد قۆناغ بەقۆناغ و بەپێی پرەنسیبی خۆیان و بەپێی پلەبەندی خۆیان جێبەجێی سەرجەم داواکان بکەن، کەبریتین لەبابەتی مووچەو مووچە پاشەکەوتکراوەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران». سەبارەت بەوادەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارو پەیمانانەش مامۆستا دانا وتی «لەو کۆنووسەی کە لەبەردەستماندایە، کۆنووسەکە ئیشارەتی کردووە بەوەی راستەوخۆ لەگەڵ چاککردنی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق، ئەوان یەکسەر دەستدەکەن بەجێبەجێکردنی و لەئێستادا کردوویانە بەبڕیار». وتیشی «بە دڵنییایەوە ئەگەر بێتو ئەو بڕیارانە جێبەجێ نەکرێت ئێمە لەشەقام دەبین و بۆ بایکۆت و هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەکی تر دەستمان کراوەیە لەبەرامبەریان». هاوکات ئەم هەڵوێستەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە، ناڕەزایەتی بەشێک لەمامۆستایانی وانەبێژی دەڤەری راپەڕینی لێکەوتەوەو رایانگەیاند کە لەبەرئەوەی بەشدارنەبوون لەکۆبوونەوەکەی مامۆستایان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، بەردەوام دەبن لەبایکۆت. «ئێمە نە لەکۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی بەشداریمان کردووە، نە لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، بۆیە بەردەوامین لەبایکۆت» کارۆخ عبدوڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەدەڤەری راپەڕین وای بەکەناڵەکانی راگەیاندن وت. کارۆخ عەبدوڵڵا راشیگەیاند، ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی مامۆستایانی دامەزراو (میلاک)ن و مامۆستای وانەبێژانیان تێدا نییە. وتیشی «مامۆستایانی دامەزراو چی بڕیارێک دەدەن بۆ خۆیان دەیدەن نەوەک ئێمە». لەلایەن خۆیەوە ئاسۆ کۆساری، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی لەئیدارەی راپەڕین لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەو راگەیەندراوەی کەباس لەهەڵپەساردنی بایکۆت دەکات راست نییەو چاوەڕێی بڕیارەکانی داگای فیدراڵی عیراق دەکەین و دوای دەرچوونی بڕیارەکان، بڕیار لەبارەی بایکۆتەوە دەدەین. «بڕیاری شکاندنی بایکۆت دوورە لەخواستی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەرتاسەری ، بەتایبەتیش ئێمەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڤەری راپەرین، ئێمە خۆمان بڕیاری خۆمان داوە کەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، ئێمە خۆمان رای خۆمان دواجار لەسەر بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان دەردەبڕین» مامۆستا ئاسۆ کۆساری وادەڵێت. لەلایەن خۆیانەوە دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی پشدەریش شکاندنی بایکۆتیان بەتوندی رەتکردەوەو بڕیاری شکاندنی بایکۆتی مامۆستایانیان لەلایەن بەشێک لەبەڕێوبەرەکان بەبڕیارێکی بەپەلەپروزاوی و بێدەسکەوت و ئەنجام وەسفکردو رایانگەیاند، تەنها مامۆستایان خاوەنی راستەقینەی بایکۆتن و رۆژی چوارشەممە 21/2/2024 بە کردار وەڵامی ئەو بڕیارە دەدەنەوە. هەروەها هەریەک لەکفری و کۆیە هێشتا هەڵوێستی خۆیان لەمبارەیەوە یەکلایی نەکردووەتەوە. وا بڕیار بوو رۆژی یەکشەممەی رابردوو 18/2/2024 مامۆستایانی ناڕازی شارەزوورو هەڵەبجەو سەیدسادق و پێنجوێن بێنە دەباشان و شانبەشانی ژمارەیەک مامۆستای ناڕازی دیکەی دانیشتووی سلێمانی بەمەبەستی جێبەجێکردنی داواکانیان لەدەباشان خۆپیشاندانێک ئەنجامبدەن، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لەو بڕیارە ، لەڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە و شارەزوورو سەیدسادق رایانگەیاند، بەهۆی ئەوەی هەردوو بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەدەباشان نین، گردبوونەوەکەیان دواخستووە بۆ رۆژێکی دیکەو لەخۆپیشاندانەکانیان لەشارو شارۆچکەکانی خۆیان بەردەوام دەبن . هەر لەمبارەیەوە مامۆستا دانا نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بەهاوڵاتی راگەیاندبوو کە «ئێمە نابێت بەیەک شێواز خۆپیشاندان ئەنجامبدەین و هەموو رۆژێک لەبەردەم پەروەردە بۆ بەردەم دادگا بێت ئەمە گەرموگوڕی ناهێڵێت، بەڵکو دەبێت ئاڕاستەکان بگۆڕین». ئەم مامۆستایە ئەوەشی روونکردبووەوە کەهەنگاوی نوێیان هەیە بەجۆرێک گردبوونەوەکان بگوازنەوە بۆ ناو هەولێر لەگەڵ رۆیشتنیان بۆ خاڵە سنوورییەکانی هەرێم و بەربەستکردنی رێگەی ئەو خاڵە سنووریانەو داخستنی رێگەی هاتوچۆو رێگریی لەتانکەرەکانی نەوت. دانا عەبدول ئەوەشی بەهاوڵاتی راگەیاندبوو «دەمانەوێت خۆپیشاندانەکان بەرینە هەولێر لەڕێی دێگەڵەوە، ئەگەربێت و رێگەشمان لێبگیرێت ئەوا ئێمەش رێگەی دێگەڵە دەگرین بۆ ئەوەی هەرچی تەنکەری سەربەخۆیانە رێیان لێبگیرێت». هەروەها وتی «هەنگاوێکی دیکەشمان چوونمانە بۆ دەروازە سنوورییەکانی وەک (باشماخ و سەیرانبەن و کێلێ و پەروێزخان)و بەربەستکردنی رێگاکانە». ئەوەشی خستەڕوو کەهەنگاوێکی دیکەیان بریتیە لەمانگرتن لەخواردن، ئەگەر حکومەت وەڵامیان نەداتەوە. «ئەگەر نەگەینە ئەنجام تائێستا ٥٠ کەسێک ئامادەن، مان لەخواردن بگرن لەبەردەم (یو ئێن)دا، هەتا داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێت و ئامانجمانە ئەم کەیسە بکەینە کەیسێکی نێودەوڵەتی»، مامۆستا دانا وادەڵێت. مامۆستایانی ناڕازی پێنج داواکاری سەرەکییان هەیەو دەڵێن بایکۆت ناشکێت هەتاوەکو ئەو داوایانە جیبەجێ نەکرێت کەدیارترینیان دامەزراندنی وانەبێژان و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە. هەروەها داوادەکەن چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو دیاری بکرێت لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا . هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەهەر ناوێکەوە لەمووچەکان بڕاون لەگەڵ دابەشکردنی مووچەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بانکە حکومییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق. مامۆستا دانا گۆڕینی شێوازی ناڕەزایەتییەکان بە «بێهیوایی» نەزانیبوو و بەڵکو پێی وابوو هەنگاوەکەیان گۆڕینی شێوازی فشارەکانە بەڕێگەی جۆراوجۆر. وتیشی «لەڕاستیدا ئێمە نابێت بەردەوام بەیەک ریتم خۆپیشاندان بکەین، هەموو هەفتەیەک لەبەردەم پەروەردە بۆ بەردەم مەحکەمە بڕۆین، ئەم شێوازە ریتمە تەقلیدییە هەموو هەفتەیەک دووبارە دەبێتەوەو گەرموگوڕی نایەڵێت ، بەڕاستی دەبێت ئاراستەکان بگۆڕین «. لەبارەی سەردانکردنی مامۆستایان بۆ بەغداو ئەنجامەکەی ئەو مامۆستایە وتی «ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسان و لیژنەکانی یاسایی و دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق کردووەو هەموویان لەسەر هێڵن و بەڵێنیان پێداوین لەهەمواری بودجەدا بابەتەکان لەبەرژەوەندیی مامۆستایان بێت». لەبارەی سزادانی مامۆستایانەوە ئەو مامۆستا ناڕازییە وتی «لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەنها سزادانی مامۆستایان هەیەو ئەم بڕیارەش بەشێوەیەکی بێسەروبەرانە دراوە، چونکە لەسنووری هەڵەبجە نزیکەی چوار هەزار مامۆستا لەبایکۆتدایە، بۆچی تەنها ژمارەیەک مامۆستا دیاریکراوە و سزادەدرێن، تەنانەت مامۆستا سزادراوە کە لەمۆڵەتی دایکایەتی و خوێندندایە». هەر سەبارەت بەپرسی گردبوونەوەی مامۆستایان لەدەباشان مامۆستا عادل حەسەن کەمامۆستایەکی ناڕازییە لەلێدوانێکی پێشوویدا بەهاوڵاتی راگەیاندبوو، «بڕیاڕەکە لەلایەن ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەیدسادق و شارەزوورو پێنجوین و هەڵەبجە دراوەو ئێمە تەنها پشتیوانیمان کردوون». وتیشی «دۆخێکی نائومێدی زۆر درووست بووە لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لەدەڤەری سلێمانی چونکە بەهۆی ئەو فشارانەی کەپەروەردەکان کردوویانەتە سەر مامۆستا، لەسلێمانیدا مامۆستایان بەویستی خۆیان بایکۆتیان نەشکاندووە، بەڵکو بایکۆتیان پێشکێنراوەو ئەم دوو شتەش زۆر جیاوازن لەیەکتری». هەرچەندە لەمانگی رابردوودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەڕێی بەیاننامەیەکەوە داوای شکاندنی بایکۆت و گەڕانەوەی مامۆستایانی کرد بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام مامۆستایان وەڵامێکی تووندی بەیاننامەکەی یەکێتی نیشتمانییان دایەوەو رایانگەیاند هەتا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن لەبایکۆت، بەڵام لەئێستادا ئەو بڕیارەیان هەڵپەساردووەو چاوەڕێی چاککردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و جێبەجێکردنی ئەو پەیمانانەی حکومەت دەکەن کەپێیان دراوە.
هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەممە ١٨/٢/٢٠٢٤ دادگای تاوانەکانی سلێمانی سزای لە سێدارەدانی لە دوو کەیسی جیاوازدا بە سەر دوو تاوانباری بکوژدا سەپاند ، کە یەکێکیان پەیوەندی بە شەهید کردنی نەقیب موحەمەد لەتیف لە بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژ بە ژنان و ئەوی دیکەش سەبارەت بە کووشتنی شنیار هونەرە کە لە شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لە گەرەکی کوردساتی شاری سلێمانی لە ماڵەکەی خۆیدا سووتێنرا و لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دوابەدوای تانە لێدان لە بڕیاری دادگا و بەرزکردنەوەی بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، بریارەکە لە زیندانی هەتاهەتاییەوە بەرزکرایەوە بۆ سزای لە سیدارەدان. دوابەدوای دەرچوونی سزای لە سێدارەدانەکەی بکوژی شنیار هونەر، ئاودێر عومهر، پارێزەری کەیسی شنیار هونەر، لە بەردەم دادگای سلێمانیدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ تاوانبارێک ژنەکەی بە ناوی (شنیار هونەر) سوتاند، پاش ئەوەی دادگای لێکۆڵینەوە ڕێکارەکانی جێبەجێکرد، هەردوو تۆمەتبار هاوسەرەکەی و ژنێکی بە ڕەگەز عەرەب بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پیاوەکە و هاندانی بۆ کوشتنی شنیار دەستگیر کران. دواتر دادگای تاوانەکانی سلێمانی لە ٤/٦/٢٠٢٣ سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر (هونەر ڕەشید) هاوسەری (شنیار هونەر) سەپاند، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و ئازادکردنی ژنە بە ڕەگەز عەرەبەکەی دا. هەروەها ناوبراو وتیشی، هەردوو لایەن بە بڕیارەکە ڕازینەبوون و تانەیان لێدا، دۆسییەکە ڕۆشت بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، ئەویش ئازادکردنی ژنەکەی پەسەندکرد، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانی هەتاهەتایی هاوسەرەکەی شنیار و ڕایگەیاند، کە ئەم تاوانە شایانی سەپاندنی سزایەکی زیاترە و زیندانی هەتاهەتایی تۆمەتباری کرد بە سێدارەدان. شەوی ١٨ی شوباتی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی شنیار هونەری تەمەن ٢١ ساڵ لەلایەن هاوسەرەكەیەوە نەوتی پێداكرا و ئاگری تێبەردرا، دوای چوار رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا، دوای رووداوەکە هاوسەری شنیار و ژنێکی عەرەب دەستگیرکران، بەڵام دوای دادگاییکردن هەردوو تۆمەتبار بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک ژنە عەرەبەکە ئازادکرا. هەروەها هەر ئەمرۆ دادگای سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی بە ژنان لە سلێمانی دەرکرد. هەروەها دادگای سلێمانی هەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا زیندانی هەتاهەتایشی بۆ ئەو دوو کەسەی لەگەڵ بکوژەکەدا بوون و یارمەتی بکوژەکەیان دابوو دەرکرد. شەوی شەممە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی داواکراوێک رووبەڕووی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بووەوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک بە ناوی (نەقیب محەمەد لەتیف) کوژرا و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار بوون و هەر ئەوکاتیش بکوژانى هەڵاتن، دواتر لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢٢ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە توانرا تۆمەتباران دەستگیربکرێن. لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی تۆمەتبارانی کوشتنی نەقیب محەمەد لەتیف بەڕێوەچوو، دوای چەند جارێک دانیشتنی دادگا و دواخستنی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری کۆتایی لەبارەی کەیسەکەوە دا و سزای لە سێدارەدانی بە سەر بکوژی نەقیب محەمەد دا سەپاند.
سازگار ئەحمەد کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق لەئێستادا هەواڵی گەرمی میدیاکانەو بۆچوونەکان جیاوازن لەبارەی ئەم پرسەوە، چاودێرێکی سیاسی پێی وایە لەئێستادا کشانەوەی ئەمەریکا لەژێر فشاردا ئەستەمە، ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت "ئەمەریکا بەئاسانی نەهاتووەتە عێراق تا بەئاسانی جێبهێڵت"، روونیشیدەکاتەوە، لەئێستادا بۆ کورد گرنگە کەوشیارانە بیر لەوەبکاتەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بکات لەعێراق. لەبارەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا سەرهەد شێخە، چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی راگەیاند "ماوەیەکە باس لەدەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکرێت لەعێراق کەئەم بابەتەش مێژوویەکی هەیە کەدەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەدوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی و هاوڕێ عێراقییەکەی، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاردانەوەی ئەم کردەیەو بۆ هێورکردنەوەی شەقامی شیعە بەبێ بەشداری لایەنەکانی کوردو سوننە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکای دا لەوڵاتەکەی، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێنەکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "لەدوای روودانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس گروپ و میلیشیاکانی نزیک لەئێران زیاتر کار بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن بەبیانووی ئەوەی وڵاتی ئەمەریکا پاڵپشتی وڵاتی ئیسرائیل دەکات لەهێرش و پەلاماردانەکانی سەر کەرتی غەززە". ئەو چاودێرە نەیشاردەوەو وتی "ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا دەربکرێن ئەوا کاریگەری لەسەر دۆخی عێراق دەبێت بەتایبەتی لایەنی ئەمنی کەئەویش لەچەند لایەنێکەوە کاریگەری دەبێت، یەکێک لەوانە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعشە لەناوچەکە، لایەنی دووەم ئەوەیە کێشەی زیاتر لەنێوان پێکهاتەکانی سوننەو شیعەو کورد دروست دەبێت، چونکە کوردو سوننە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکایان ناوێت، تەنها لایەنی شیعە بەتایبەت گروپ و میلیشیاکانی نزیک لەئێران کەسوورن لەسەر ئەو بڕیارە، هەروەها لایەنی سێیەم ئەوەیە لەشکرکێشی و پێشێلکردنی سەروەری عێراق لەلایەن زلهێزە هەرێمییەکانەوە زیاتر دەبێت". "هۆکاری سەرەکی ئەوەی کەدەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق ئەم کاریگەرییە نەرێنییانەی دەبێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکومەتی ئێستای عێراق لەتوانایدا نییە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ئیدارەیەکی باشی وڵاتەکە بدات" سەرهەد شێخە وای وت. لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا حکومەتی عێراق دەتوانێت هێزەکانی ئەمەریکا دەربکات، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا "لەڕوانگەی یاساییەوە بەڵێ حکومەتی عێراق دەتوانێت هێزەکانی ئەمەریکا لەوڵاتەکەی دەربکات، بەپێی ئەو رێککەوتننامەیەی کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە هاتنی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا بووە بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش، بەڵام لەئێستادا بەهۆی شەڕی حەماس - ئیسرائیل کشانەوەی ئەمەریکا ئەگەر ئەستەم نەبێت نزیکە لەئەستەم، مەگەر هەردوولا بەگفتوگۆو دانوستان و لەچوارچێوەی رێککەوتننامەی ستراتیجی نێوان هەردوو وڵات ئەو بڕیارە بدەن ئەویش بەپڕۆسەو قۆناغ بەقۆناغ دەبێت نەک هاوشێوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەوڵاتی ئەفغانستان دووبارەبوونەوەی ئەمەی لەئەفغانستان روویدا مەحاڵە لەئێستاداو لەم بارودۆخە ناهەموارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمە رووبدات". ئەم چاودێرە سیاسییە ئەوەشی روونکردەوە "ئەگەر ئەمەریکا ناچار بەکشانەوە بکرێت وەک گریمانەیەک لەعێراق، ئەوا کاردانەوەی دەبێت، یەکێک لەو کاردانەوانەش ئەوەیە ئەمەریکا ئەو دۆلارەی ئێستا دەینێرێت بۆ عێراق ئەوکاتە لێی دەگرێتەوەو دۆلار نانێرێت، بەمەش عێراق تووشی گەورەترین کێشەی ئابووری دەبێتەوە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان لەهەموو سێکتەرەکان دەبێت". هەروەها جەختی لەوەشکردەوە "ئەمەریکا هەرگیز ئامادەنییە عێراق لەسەر سینییەکی زێڕ بداتە دەست وڵاتە نەیارەکانی بەتایبەت رووسیاو چین". سەرهەد شێخە پێشی وایە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە. کەئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی پاڵپشتێکی سەرەکی دروستبوونی ئەم قەوارەیەی هەرێمی کوردستان بوون. هەروەها باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بەهاوڵاتی وت "بابەتی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق ئاسان نییە بەبێ دیراسەکردن و تووێژینەوە نابێت بڕیارێکی لەو جۆرە بدرێت". لەبارەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پرسی کۆتایهێنان بەئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچەیە ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "جوڵاندنی ئەو بابەتە لەپەرلەمان دوو رەهەندی هەیە، یەکەمیان بۆ راکێشانی سۆزی ئەو کەسانەیە کە خۆیان بەدژی ئەمەریکا دەزانن، رەهەندی دووەمیش، بۆ نانەوەی زیاتری پشێوییە لەعێراق". "ئەمەریکا بەئاسانی نەهاتووەتە عێراق و بەئاسانیش دەرناچێت، دەبێت بیریش لەوەبکرێتەوە ئەم هێزانەی ئەمەریکا نەمێنن ئایندەی عێراق بەرەو کوێ دەچێت"، باڵانبۆ محەمەد وا دەڵێت. راشیگەیاند "ئەمەریکا چەندین ساڵە لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، تائێستا هیچ وڵاتێک وەکو عێراق نەهاتووە راستەوخۆ لەڕاگەیاندنەکان باسی ئەوە بکات کەپەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دانیشتن ئەنجامدەدات، کەواتە ئەگەر عێراق گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت ئەوا پێویستی بەو راگەیاندنە نەدەکرد دەتوانرا لەڕێگەی حکومەتەوە لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆ بکەن و ئەو بابەتە چارەسەربکەن". ئەوەشی خستەڕوو "لەئێستادا عێراق بووەتە مەیدانی ململانێکانی نێوان ئەمەریکاو ئێران هەردوولا خاکی عێراق بەکاردەهێنن بۆ درێژەدان بەو ململانێیەی کەهەیە لەنێوانیاندا". ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان جەختیکردەوە لەوەی، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا نەک تەنها ئاڵۆزی بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئاڵۆزی بۆ هەموو عێراق دروستدەکات. ئەوەشی روونکردەوە "لەئێستادا بۆ کورد گرنگە کەوشیارانە بیر لەوەبکاتەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بکات لەعێراق، چونکە پێویستە ئەوە بزانین کە ئەگەر ئەمەریکا نەمێنێت حکومەتی ناوەند مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە پێدەچێت کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان باشبێت نەک خراپ". یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئاشکرایکرد، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجامداوە بۆ کۆتاییهێنان بەئەرکی هاوپەیمانان لەناو خاکی عێراقدا، ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکان خشتەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەئەرکی هاوپەیمانان لەعێراقدا دادەڕێژن هەنگاو بەهەنگاو تا ئەوکاتەی بەتەواوی ئەرکەکانیان لەخاکی عێراقدا بەزووترین کات کۆتایی پێدێت. ئێوارهی رۆژی چوارشهممه ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ فڕۆكهیهكی بێفڕۆكهوان ئۆتۆمبیلێكی لەگەڕەکی مەشتەلی بهغدا كرده ئامانج كه چوار كهسی تێدابوو، لهو هێرشەدا دوو سهركردهی كهتائیبی حزبوڵای عێراق بهناوهكانی (ئهبوباقر ساعدی و ئهركان عهلیاوی) و دوو پاسەوانیان کوژران، دواتر فهرماندهیی ناوهندیی هێزهكانی ئهمەریكا رایگهیاند "ئەو هێرشە لەتۆڵەی كوشتنی سێ سهربازی وڵاتهكهی بووه لەئوردن". دوابەدوای ئەم هێرشە زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی لایەنە شیعەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق واژۆیان کۆکردەوەو لەنووسراوێکدا داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنەکەیان کرد لەبارەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان و ئەو دەستدرێژەی دەکرێتەسەر عێراق، لەسەر داوای ئەم ئەندامانە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران رۆژی ١٠ی شوباتی ٢٠٢٤ی دیاریکرد بۆ کۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە. رۆژی ١٠ی ئەم مانگە دانیشتنهکە بهسهرۆكایهتیی موحسن مهندهلاوی، سهرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بهوهكالهت بهرێوهچووهو تیایدا داوای لهحكومهت كرد، بڕیاری ژماره ١٨ی ساڵی ٢٠٢٠ جێبهجێ بكات كهتایبهته بهدهركردنی هێزه بیانییهكان لهعێراق و كۆتاییهێنان بهئهركهكانیان. هەروەها محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند "پێویستە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا دووبارە رێک بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوان ئامانج یان پاساوێک نەبن بۆ هیچ لایەنێک، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، بۆ ئەوەی نەبنە هۆکاری ناسەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، بۆیە دەبێت ئەو هێزانە لەعێراق بچنە دەرەوە". بهردهوامی داوای كشانهوهی هێزهكانی ئهمەریكا لهكاتێكدایه، پێشتر ئەمەریکا نامەیەکی هەڕەشەئامێزی ئاڕاستەی عێراق کردبوو کە رۆژنامەی «شەرقولئەوسەت» ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردبووەوە، تیادا پەیامێکی تووندی دابووە بەغداو رایگەیاندبوو «لەدوای کشانەوەی هێزەکانمان، بە لوبنانیبوونی عێراق دەبینێرێت«، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی، دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلار، «دابەزینێکی گەورە» تۆمار دەکات، هاوشێوەی دراوەکەی حکومەتی بەیروت کەئێستا لەناو گێژاوێکی قووڵی قەیرانێکی داراییە. هەروەها لەنامەکەدا، هۆشدارییەکی دیکەی ئەمەریکا بۆ بەغدا ئەوەبوو، کەپێداچوونەوە بە مامەڵە بازرگانییەکان و رێککەوتنە ستراتیژییەکەی نێوانیان دەکات، هاوکات ئەمەریکا ناتوانێت چی دیکە چاوپۆشی لەو جوڵە بازرگانییانەی نێوان عێراق و ئێران بکات کە بەدۆلار ئەنجامدەدرێت، بۆیە داوای کردووە جارێکی دیکە بیر لەداوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێرقدا بکەنەوە. لەساڵی ٢٠١١ ئەوکاتەی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمەریکا بوو بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەعێراق دەرکرد، بە کشانەوەی ئەمەریکا بۆشاییەکی ئەمنی فراوان لەعێراق دروستبوو، حکومەتی ئەوکاتە نەیتوانی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە و چاودێرانیش پێیان وایە دروستبوونی داعش لەساڵی ٢٠١٤ ئەنجامی کشانەوەی ئەمەریکا بوو لەعێراق، دواتر لەکاتی شەڕی داعش دووبارە ئەمەریکا گەڕایەوە بۆ عێراق بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، هەروەها لەئێستادا دوو هەزارو ٥٠٠ سەربازی لەخاکی عێراقدا هەیە وەک بەشێک لەهێزەکانی هاوپەیمانان بۆ راوێژکردن و یارمەتیدانی هێزە ناوخۆییەکان بۆ رێگەگرتن لەگەڕانەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق. تائێستا بەفەرمی هیچ بڕیارێک نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت "هیچ بڕیارێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتەوە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق"، هەروەها شارەزایانی سیاسی و سەربازیش پێیان وایە ئەمەریکا بەئاسانی دەستبەرداری عێراق نابێت و ناکشێتەوە.
هاوڵاتی دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شورای ئیسلامی) رۆژی ١-٣-٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت . هاوکات هەر لەم رۆژەدا هەڵبژاردنی شەشەمین خولی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری بەڕێوەدەچێت. هەڵبژاردنی ١ی مارسی ٢٠٢٤ لەچەند مانگ لەوە پێشەوە نیگەرانی ئەوەی لای بەرپرسانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی دروستکردووە کەبەشداری کەم بێت. بۆیە هەوڵدەدەن لەهەموو میکانیزمێک کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی خەڵک هانبدەن بچنەسەر سندووقەکانی دەنگدان و ئەگەر دەنگی پووچەڵیش بدەن، بەڵام هەر دەنگبدەن. حکومەت بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکاندا بەپەسەندکردنی دەسەڵات ناو دەبات. لەخولی پێشتری هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا ٢١ی شوباتی ٢٠٢٠ بەڕێوەچوو و بەوتەی بەرپرسانی حکوومەتی و ناوەندە حکوومەتییەکان کەمترین رادەی بەشداری هەبوو و رادەی بەشداری بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان نزیک ٤٢ لەسەد بوو. لەحاڵێکدا باس لەوە دەکرا تەزویر کراوە بۆ ئەوەی ژمارەی دەنگەکان زیاتر بکرێت و بەپێی بەراوردی ژمارەیەک لەڕێکخراوە چاودێرەکان ئاستی بەشداریکردن کەمتر لە ٣٠ لەسەد بووە. لەئێستادا ئەوەی نیگەرانی لای دەسەڵات دروستکردووە ئەوەیە لەناوخۆی وڵات دەنگێکی گەورە بەرزبوەتەوە کەئامادە نییە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات. ئەمە وایکردووە هەوڵبدەن پەنا بۆ هەموو رێگاکان بەرن بەوەی بتوانن دەنگی خەڵک رابکێشن و خەڵک ببەنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، پێش هەڵبژاردنەکانی خولی پێشترو ئەو دەمەش کەنیگەران بوون لەوەی کە بەشداری کەم بێت، وتی:» تەنانەت رەنگە کەسانێک هەبن گلەییان لەسیستەم هەبێت و رەخنەییان ببێت، بەڵام ئەو کاتەی دێن و بەشداری هەلبژاردن ئەکەن، ماناکەی ئەوەیە ئەم چوارچێوەیان قبووڵە و متمانەیان پێی هەیەو بە سیستەمێکی شیاوی دەزانن بەوەی لەچوارچێوەی ئەو سیستەمەدا کاربکەن و بچنە پێشەوە». لەئێستاشدا دەسەڵات بەهەر شێوەیەک بێت دەیەوێت خەڵک هانبدات بەشداری هەڵبژاردن بکەن و بەشداریکردن لەهەڵبژاردن وەک پەسەندکردنی خۆی ناودەبات. لەبەرامبەردا خەڵک بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن وەک رێفراندۆم ناودەبەن. ژمارەی نوێنەرانی مەجلیس و رەوتی خۆکاندیدکردن هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئێران هەر ٤ ساڵ جارێکەو ژمارەی کورسییەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ٢٩٠ کورسییە. ١٤٦ کورسی پێویستە بۆ ئەوەی رەوتێک ببێت بە زۆرینە. ناونووسین بۆ پاڵێوراوبوون لەهەڵبژاردنی دوانزەهەمین خولی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەم دەستیپێکرد بۆ ماوەی هەفتەیەک تا ٢٥ی کانوونی یەکەم بەردەوام بوو. لەم ماوەیەدا ٢٤ هەزارو ٨٢٩ کەس ناویان نووسی کە ١٢ لەسەدیان ژن بوون. بەگشتی ١٢،٠٣٣ کەس لەلایەن شورای چاودێرییەوە مۆڵەتیان پێدرا ببن بەپاڵێوراو و بەشداری هەڵبژاردن بن، واتە زیاتر لە ٥٠ لەسەدی بەشداربوان لەلایەن شورای چاودێرییەوە شیاوبوونیان رەتکراوەتەوە. ئەوانەی بەشیاو نەزانراون بۆ پاڵێوراوبوون بەگشتی زیاتر لە ٥٠ لە سەدی ئەو کەسانەی ناویان نووسیبوو، لەلایەن شورای چاودێرییەوە شیاوبوونیان بۆ ئەوەی بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوەو خەڵک دەنگیان پێبدەین یان نەیدەن، رەتکراونەتەوە. ئەوانەی رەتکراونەتەوە رەخنەگرانی دەوڵەتن. ژمارەیەک لەکەسایەتییەکانی سەر بەڕەوتی «میانەڕەو»و هەروەها ژمارەیەک لەوانەی بە « ریفۆرمخواز» دەناسران و خۆیان پاڵاوتبوو رەتکراونەتەوە. ئەمەش بۆ یەکدەستکردنەوەی تەواوی مەجلیسە، واتە تەنها پاڵێوراوانی سەر بەڕەوتێکی دیاریکراو کە رەوتی بناژۆخوازەکانن دەتوانن بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوەو رەنگە لەداهاتووشدا ببنە نوێنەر. بایکۆتی هەڵبژاردن یەکێک لەنیگەرانییەکانی بەرپرسانی حکوومەتی ئەوەیە کە بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردندا کەم بێت. بەپێی بەراوردەکان پێدەچێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ئاستی بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکان لەسەرجەم خولەکانی هەڵبژاردن لەئێران کەمتر بێت. ئەمەش نیگەرانی لای بەرپرسانی حکوومەتی دروستکردووە. تا ئەو ئاستەی هەوڵ دەدەن کەڵک لەهەموو مێکانیزمێک وەربگرن بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان. هەر لەترساندن و هەڕەشەکردن لەوەی (یارانە)، واتە ئەو بڕە پارە کەمەی کەحکوومەت ئەیدا بەخەڵک ئەبڕن تاهەڕەشەکردن لەفەرمانبەرەکان و.. . لەلایەکی ترەوە دەیانەوێت کەڵک لەهەستی ئایینی خەڵک وەربگرن بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان. ماوەیەک لەوەوپێش گرتەیەکی ڤیدیۆیی پێشنوێژی شاری مەشهەد بڵاوکرایەوە کەدەیگوت:» ئیمام مەهدی لەسەر سندووقەکانی دەنگدان چاوەڕوانتانە». بەپێی راپرسییەک دەربارەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران زیاتر لە ٤/٣ی خەڵک ئامادەنین بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن و نزیک بە ٧٥ لەسەد ئەو کەسانەی لەڕاپرسییەکەدا بەشدارییان کردووە خوازیاری رووخانی کۆماری ئیسلامین. ئەنجامی راپرسی « خەڵکی ئێران چۆن لەهەڵبژاردنەکانی ١٤٠٢ (٢٠٢٤) ئەڕوانن) کە لەلایەن ناوەندی شیکاری و راپرسی ئێرانییەکان (گمان)ەوە ئەنجام دراوەو ناوەندەکە بنکەکەی لەهۆڵەندایە، ئەوە دەرکەوتووە ٧٧ لەسەدی بەشداربوان لەو راپرسییە رایانگەیاندووە ئامادە نین دەنگ بدەن. هەروەها نزیک بە ٨ لەسەدی بەشداربوانی ئەو راپرسییە رایانگەیاندووە کەهێشتا بڕیاریان نەداوەو نزیک بە ١٥ لەسەد وتوویانە دەنگ دەدەن. بەپێی راپۆرتێک کە تەلەفیزیۆنی (ایران اینترناشناڵ) دەربارەی ئەم راپۆرتەی دامەزراوەی (گمان) بڵاوی کردۆتەوە، ئەم راپرسییە لەرێکەوتی ٣١ کانوونی دووهەم تا ٧ی شوبات بەماوەی ٨ رۆژ ئەنجام دراوەو زیاتر لە ٥٨ هەزار کەس لەناوخۆی ئێران بەشدارییان لەم راپرسییەدا کردووە. ئەم دامەزراوەیە جەختی کردۆتەوە، ئەنجامی راپرسییەکە کەسانی خوێندەوار دەگرێتەوە کەتەمەنیان سەرووی ١٩ ساڵەو نیشتەجێی ئێرانن و راپرسییەکە ٩٥ لەسەد جێی متمانەیە. بەپێی ئەم راپرسییە، لەمانگەکانی رابردوودا زۆربەی ئەو کەسانەی هێشتا بڕیاریان نەدابوو لەسەر بەشداریکردن یان نەکردن لەهەڵبژاردندا، بەو ئەنجامە گەیشتوون بەشداری نەکەن لەم هەڵبژاردنەدا. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ئەم راپرسییە، ٣٨ لەسەدی خەڵکی ئێران ئاگادار نین کەی هەڵبژاردنی مەجیلسی شۆڕای ئیسلامی بەڕێوەدەچێت. بەپێی ئەم ڕاپرسییە، خەڵک بێ هیوا بوون لەئەنجامی هەڵبژاردن لە ئێران و ٣٩ لەسەدی ئەو کەسانی ٢٠٢٠ بەشداریان لەهەڵبژاردندا کردبوو ئامادەنین بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکەن. تەنانەت بەپێی راپرسییە حکوومەتییەکان و بەپێی راپۆرتێک کەماڵپەڕی (انصاف نیوز) بڵاویکردووەتەوە، ئاستی بەشداری لەهەڵبژارندەکانی داهاتوودا کەمتر لە ٣٠٪ دەبێت. بەپێی ئەم راپرسییە ئاستی بەشداری خەڵک لەپارێزگای تاران نزیک ٢٢٪و لەشاری تاران کەمتر لە ١٥٪ دەبێت. شۆڕشی ژیناو کاریگەری لەسەر بایکۆت دیارترین هۆکار بۆ ئەوەی خەڵک بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بوو کەساڵی ٢٠٢٢ لەئێران سەریهەڵداو چەند مانگی خایاندو لەئێستاشدا دەسەڵات بەردەوامە لەسزادانی ئەو کەسانەی کەبەشداریان بووە لەو ناڕەزایەتییانەدا. لەخۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ کەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقز لە ١٦ی ئەیلوول دەستیپێکردو چەند مانگی خایاند بەپێی ئامارەکان نزیک بە ٦٠٠ کوس بەتەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژران یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا. هەروەها نزیک بە ٢٠،٠٠٠ (بیست هەزار کەس) دەستگیرکران و ژمارەیەکیان سزای قورسی وەک ئیعدام یان زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا داسەپا. لەم خۆپیشاندانەدا خەڵک لەزۆربەی شارەکان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان بەهەموو باڵەکانییەوە کردە ئامانج و دژیان دروشمیان وتەوە. بەپێی راپرسییە حکوومەتییەکان خۆپیشاندانەکانی سەردەمی شۆڕشی ژینا کەئەوان بە (اغتشاشات (بشێوی) ١٤٠٠) ناوی ئەبەن، کاریگەری دەروونی داناوە لەسەر خەڵک کەمتمانەیان بەدەسەڵات نەبێت و بەشداری لەهەڵبژاردن نەکەن. لە هەمانکاتدا باس لەوە ئەکەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان کاریگەرییەکان هەیە لەسەر ئەوەی خەڵک ئامادەنەبن بەشداری بکەن لەهەڵبژاردنەکاندا. ماڵپەڕی تابناک سەر بە سپای پاسداران لەم بارەوە نووسیویەتی :» تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەسایەتیە سێلێبریتییەکان و میدیاکان هاندەرن بەوەی خەڵک لەدەسەڵات سارد بکەنەوەو بەشداری نەکردن وەک بەهایەک چاوی لێدەکرێت. « ماڵپەڕی تەسنیم کە بەهەمانشێوە سەر بە سپای پاسدارانە بەتووڕەییەوە نیگەرانی خۆی لەسەر ئاستی بەربڵاوی ئەو دەنگانەی وەک دەنگی بایکۆت دەرئەکەون دەربڕیوەو نووسیویەتی ، تەنانەت ئەمجۆرە بانگەشە کردنە بۆ بەشداری نەکردن لەناو میدیای حکوومەتیشدا دەبینرێت. هەروەها دەربارەی ئەو کاسەیەتییە هونەری و وەرزشی و سیاسیانەی کە پشتیوانی بایکۆتن، زمانی هەڕەشە بەکاردەبات و ئەڵێت :» بەئاشکرا بانگەوازکردن بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان دەبێ وەک تاوان بزانریت و بانگەشەکاران دەبێ سزابدرێن.» شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لەکوردستانەوە دەستیپێکردو بەشی زۆری شارەکانی ئێرانی گرتەوە، کاریگەرییە دەروونییەکانی هەر ماوەو تەنانەت هەندێک کەس ئەم دەورانە وەک دەورانی بێدەنگی ئەو شۆڕشە دەبینن و لایان وایە توانای هەیە هەردەم سەرهەڵبداتەوە. یەکێک لەکاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە، دابڕانە خەڵکە لەدەسەڵات تا ئاستێکی زۆر. تائەو ئاستەی وەک لەراپرسییەکەی ناوەندی (گمان) دا دەرئەکەوێت نزیک بە ٧٥ لەسەدی خەڵک خوازیاری رووخانی دەسەڵاتن. بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردنەکان یەکێکە لەدەرکەوتەکانی ئەو دابڕانە. یەکدەست بوونەوەی دەسەڵات یەکێکی تر لەهۆکاری ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت ئاستی بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن زۆر بێت ئەوەیە دەسەڵات خۆی یەکدەست کردۆتەوە. ئەگەر لەساڵانی رابردوو و بەتایبەت لەدوای هاتنەسەر کاری خاتەمییەوە خەڵک لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنەکانیان بە سەر دوو رەوتی دیاری «ریفۆرمخواز» و « بناژۆخواز»دا دابەش دەکرد، لەئێستادا ئەو دوو بەرەیە بەجیاوازییە کەمەکەشیانەوە نەماون. ئەوەی ماوەتەوە رەوتی ناسراو بە «بناژۆخواز»ە کە خامنەیی وەک رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و رەئیسی وەک سەرۆک کۆمارو سپای پاسداران وەک باڵی سەربازی دەسەڵات روخسارەکانی ئەم رەوتەن. شورای چاودێری (شورای نگهبان) وەک فیلتەری ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ پاڵاوتن ناونووس کردبوو، شیاو بوونی زیاتر لە ٥٠ لەسەدی کەسەکانی بۆ بوون بەپاڵێوراو رەت کردووەتەوە، زۆربەی ئەوانەش کەڕەتکراونەتەوە کەسانێکن کە رەخنەیان هەیە لەدەوڵەتی رەئیسی یان گومان دەکەن سەر بەرەوتی خۆیان نەبن. نەبوونی ئەم دەنگە جیاوازانە ئەگەر بەڕواڵەتیش بێت، وا دەکات خەڵک کەمتر ئامادە بن بۆ بەشداری لەهەڵبژاردن. پێویستە ئەوەشمان لەبیربێت بەشێک لەکەسایەتییە دیارەکان وەک ئەحمەدی نەژادو کەسە نزیکەکانی یان حەسەن رووحانی، دوو سەرۆککۆماری پێشتری ئێران لەبەرەی بایکۆتدان و بەتایبەت ئەحمەدی نژاد زۆر بەئاشکرا داوای بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات. حەسەن رووحانیش کە سەرۆککۆماری پێشتری کۆماری ئیسلامی بوو پێش رەئیسی و نزیک بوو لەریفۆرم خوازەکان، خۆی بۆ هەڵبژاردنی « ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری» ناونووس کردبوو، بەڵام لەلایەن شورای چاودێری لەسەر هەڵبژارنەکانەوە شیاوبوونی رەتکراوەتەوە. کوردستان و هەڵبژاردنەکان لەئێران یەکەم هەڵبژاردن و دەنگدان کە لەئێران کرا، رێفراندۆم بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵی یان نا، لەرێکەوتی ١ی ئاپریلی ١٩٧٩، کوردستان بەزۆری ئامادە نەبوو بەشداری هەڵبژاردنەکان بێت. لەچەندساڵی رابردووشدا کوردستان لەچاو شوێنەکانی تری ئێران زۆر کەمتر بەشداری لەهەڵبژاردن کردووە. تەنها دەورەیەک کە کوردستان ئامادەیی بەرچاوی هەبوو لەهەڵبژاردندا، خولی یەکەمی سەرۆککۆماری محەممەد خاتەمی بوو لەساڵی ١٩٩٧. ناتق نووری کەوەک کەسی بەرامبەری خاتەمی دەرکەوتبوو، نوێنەری باڵی دەسەڵاتدارو بناژۆخواز بوو و خاتەمی وەک نوێنەری باڵی ریفۆرمخواز دەرکەوتبوو. کوردستان بەهیوای ریفۆرم و وەک وەستانەوەش بەرامبەر بەپاڵێوراوی دەسەڵات، زیاترین دەنگیان بەخاتەمی دا. جگە لەو سەردەمە، لەزۆربەی زۆری هەڵبژاردنەکان لەکوردستان، ئاستی بەشداری خەڵک زۆر کەمتر بووە لەناوچەکانی تری ئیران. بەپێی ئامارە فەرمییە حکوومەتییەکان لەخولی پێشتری هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئاستی ٣٢ لەسەدی خەڵکی پارێزگای سنە بەشداریان لەهەلبژاردندا کردبوو. کەدوای پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز کەمترین رێژەی بەشداری بووە. رێژەی بەشداری خەڵک لەپارێزگای تاران کەمتر لە ٢٢ لەسەد بووە. حزبە سیاسییەکان لەرۆژهەڵاتی کوردستان ئەمساڵ بێ دوودڵی خوازیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانن، بەڵام لەهەڵبژاردنەکانی پێشتردا ناو هەندێ لەحزبەکان جۆرێک گومان هەبوو. ئەو کەسانەی لەکوردستان و پارێزگا کوردنشینەکان خۆیان پاڵاوتووە، تائێستا گومانیان هەیە بەوەی کەبتوانن ناوەندی بانگەشەکردن دابنێن. دەوترێت خاوەن دووکانەکان ئامادەنین شوێن بدەن بەپاڵێوراوان بەوەی بانگەشەی تێدا بکەن، بۆیە حکومەت بیری لەوە کردووەتەوە بانگەشەکردن لە رێگای تەلەفیزیۆنەوە بێت.
هاوڵاتی چەند بانکێکی ئەهلی مانگانە چەندین ملیۆن دینار لەڕێگەی «هەژماری من» وەکو عمولە لەمووچەی فەرمانبەران دەچننەوە، ئەوەش نیگەرانی فەرمانەبەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بەرپرسانی حکومەت دەڵێن بڕەکە کەمەو جێگەی نیگەرانی نییە. وەزارەتی دارایی دەڵێت بۆ هەر فەرمانبەرێک مانگانە دوو هەزارو ٥٠٠ دینار لەمووچەکەی وەکو خزمەتگوزاریی عمولە وەردەگیرێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی لەوەزارەتی پیشمەرگە ئەو پارەیەی کە لەمووچەی پیشمەرگەیەک وەرگیراوە دەکاتە ٠.٥%. چاودێرانی دارایی پێیانوایە ئامانج لە «هەژماری من» رزگارکردنی حکومەتە لەقەیرانی نەبوونی نەختینەی دارایی، بەڵام بانکە ئەهلییەکان بەقازانج لێی دێنە دەرەوەو هەروەها بەزیانی بانکە حکومییەکان دەشکێتەوە. رۆژانە فەرمانبەران هەژماریان لەلایەن حکومەتەوە بۆ دەكرێتەوە. تائێستا ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر مامەڵەی کردنەوەی هەژمارەکەیان بۆ کراوە. وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم فەرمانبەران بچنە ژێر چەتری پرۆژەی «هەژماری من»و دەشڵێت هەموو فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان دەبێت «هەژماری من»ی بۆ بكرێتەوە، لەبەرئەوەی لەداهاتوودا لەڕێگەی ئەو هەژمارەوە مووچەیان پێدەدرێت. دەنگۆی ئەوە لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە لەڕێگەی ئەو هەژمارە بانكییەوە ١%ی مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بەشێوەی عمولە بۆ ئەو بانکە ئەهلییانەی هەژمارەکەی تێدا دروستدەکرێت )بانکی ئاڕ تی RT، بانکی بی بی ئەی سی BBAC، بانکی ئێن بی ئای NBI) ین. بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیەی بە «بێ بنەما» وەسفكردو وتی، «هیچ بڕە پارەیەک لەفەرمانبەران وەرناگیرێت و دەنگۆی بڕینی ١%ی مووچەی فەرمانبەران لەهەژمارەکەوە مانگانە دوورە لەڕاستییەوە». هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەوەشی روونکردەوە کە «مانگانە تەنها بری دوو هەزارو ٥٠٠ دینار بەشێوەی عمولە بانکەکان لەمووچەخۆرانی وەردەگرن و لەبەرامبەر ئەمەشدا چەندین خزمەتگوزاری دیکەیان پێشکەش دەکرێت هاوکات هیچ بڕە پارەیەکیش لەفەرمانبەران لەبەرامبەر وەرگرتنی کارتەکە وەرناگیرێت». بەڵام کارمەندێکی وەزارەتی پیشمەرگە بەهاوڵاتی رایگەیاند «بەشێک لەفەرمانبەران مووچەی مانگی یەکیان لەڕێگەی ئەو هەژمارەوە وەرگرتووە، تەنها لە ٠.٥%یان لێبڕاوە نەک لە ١%، بەڵام ئەگەر ببێتە لە ١% ئەوا بۆ ئێمەی فەرمانبەران زۆرەو بڕیارەکە لەبەرژەوەندیی ئێمە نابێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار نەدات کەئەو رێژەیە زیادبکرێت». لەتشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كاركردنی لەسەر پرۆژەی (هەژماری من) دەستپێكرد، مانگی شوباتی ساڵی رابردوو (٢٠٢٣) پرۆژەكە چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، كەسەرەتا وەكو تاقیكردنەوە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر كەژمارەیان ٨٤١ فەرمانبەربوون، دەستیپێكرد. لەئێستادا نزیکەی ٦٠هەزار کارت تەواو بووەو نزیکەی سێ هەزار فەرمانبەر لەم مانگەوە بەهەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن. شارەزایەکی بواری دارایی و بانکیش دەڵێت، «بەهۆی ئەوەی سندوقی خانەنشینی نییە، بڕێکی پارەی خانەنشینی فەرمانبەران دەبێتە داهات بۆ بانکە ئەهلییەکان». گوڵاڵە سدیق، شارەزا لەبواری دارایی و بانک لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی راگەیاند «ئەگەربمانەوێت سەیری پێشکەوتنی ئابووری وڵاتێک بکەین دەبێت سەیری سیستمی بانکییەکەی بکەین، بەڵام ئێمە سیستمی بانکییەکەمان بەقاسەیەکی بەتاڵی حکومەتی هەرێمەوە زیاتر دەچێتە قاڵبی بازرگانی و پارە پەیداکردن بۆ بانکە ئەهلییەکان». وتیشی «ئێمە لەکوردستاندا نزیکەی ٩٠ بانکی حکومیمان هەیە، بەڵام ئەوەی سەیرە بۆ ئەم پرۆژەی هەژماری منە، چەند بانکێکی تایبەت دەستنیشانکراون، واتە ئەو پارەیەی کە بۆ عمولە وەردەگیرێت لەکاتی کردنەوەی هەژمار یان راکێشانی پارە دەبێتە داهات بۆ ئەو بانکە تایبەتانە، ئەمەش لەڕۆڵی بانکە حکومییەکان کەمدەکاتەوە». کۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ٩١٤ ملیار دینارە، گوڵاڵە سدیق ئاماژە بەوەدەکات ئەگەر هەموو فەرمانبەرێک لەکاتی راکێشانی مووچەکەی لە ١%ی عمولەی لێوەربگیرێت واتە لەهەر ١٠٠ هەزار دینارێک یەك هەزار دینار دەبێتە عمولە بۆ ئەو بانکە. وتیشی «ئەم ٩١٤ ملیار دینارە عمولەی مانگانەی دەبێتە نۆ ملیارو ١٤٠ ملیۆن دینار، ئەگەر ئەم بڕە پارەیە بۆ بانکە حکومییەکان بووایە ئەوا داهاتێکی باش دەبوو». ئەو شارەزایە باسی لەکێشەیەکی دیکەی سیستمی هەژماری من کردو وتی «بڕیارە نزیکەی ئامێری پارە راکێشان (ئەی، تی، ئێم) دابنرێت بۆ هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سلێمانی و دەوروبەری ٥٠٠ دانەی بەردەکەوێت و هەولێرو دهۆک و دەوروبەریشی ٥٠٠ دانەکەی دیکەیان بەردەکەوێت، بۆ نموونە لەسلێمانی نزیکەی ٧٠ هەزار مامۆستا هەیە، لەڕۆژی دابەشکردنی مووچە ئەم ٧٠ هەزارە پارە رادەکێشن ئەوە قەرەباڵغییەکی زۆر دروستدەبێت، ئەمەش وادەکات کە فەرمانبەران نەتوانن لەو رۆژەی دیاریکراوە مووچەکانیان وەربگرن و پرۆسەکە بەوشێوەیە خاو بەڕێوەدەچێت». وتیشی «ئەگەر سیستمێکی بانکی رێکوپێک هەبێت و ئامێری راکێشانی پارە لەهەموو بازاڕو دوکانەکاندا هەبێت و متمانەی بانکی لەنێوان هاووڵاتییان و بانکەکاندا هەبێت ئاساییە کەپرۆژەی هەژماری من جێبەجێبکرێت لەبانکە حکومییەکاندا نەک ئەهلییەکان، چونکە کارەساتە فەرمانبەرانی بانکە حکومییەکان بێئیش بکەیت بۆ بانکە ئەهلییەکان». روونیشکردەوە «ئێمە تاوەکو ئێستا سندوقی خانەنشینیمان نییە، کاتێک پارەی مووچە کە ٩٤٤ ملیار دینارە دێتەسەر هەژماری بانکەکان، ئەو فەرمانبەرانەی کە لەدەوامی ئاساییدان و هیچ خانەنشین و چاودێرییەکی کۆمەڵایەتییان نییەو پێویستە خانەنشینیان لێببڕیت بڕی پارەکەیان ٧٣٢ ملیار دینارە، کاتێك لە ٧%ی بۆ خانەنشینی لێدەبڕێت دووبارە بەهۆی ئەوەی سندوقی خانەنشینی نییە، ئەو پارەیە دەبێتە داهات بۆ بانکە ئەهلییەکان». حكومەتی هەرێم پلانی هەیە چەند بانكێكی دیكەش بخاتە ناو پڕۆژەی «هەژماری من»، بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی داراییش لەئێستادا پێنج بانک بەشدارن، بەڵام بەپێی ئەو فۆڕمەی فەرمانبەران پڕیدەکەنەوە تەنها سێ بانک دانراوە، هاوکات لەنوێترین بڵاوكراوەشدا فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت ناوتۆمارکردن لەو پڕۆژەیە لەشاری سلێمانی و دهۆکیش دەستیپێکردووە. بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی لەڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسند کراون، پارەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ٩١٤ ملیار دینارە، ئەوە جگە لەهاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کەمانگانە نزیکەی ٢٥ ملیار دینارە.
شوان عەباس بەدری سزای هەزاران مامۆستای بایکۆتکردوو لەلایەن پەروەردەکانەوە هەڵوەشێنرایەوە دوای ئەوەی مامۆستایانی ناڕازیی رایانگەیاند رێکاری یاسایی دژیان دەگرنەبەر، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەوامی قوتابخانەکان لەبەشێک لەقەزاکان نەکراوەتەوە دوای پێنج مانگی بەرەوام لەبایکۆت. نەژاد عەبدوڵا یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەکۆی هەزارو 307 ناوەندی خوێندن، هەزارو 208یان دەوامیان تێدادەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ناوەندەکانی خوێندنی سلێمانی دەستیان بەدەوامکردووەتەوە و پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سنوری پارێزگاکە هەیە. ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی بەنەهاتوو تۆمارکرابون زیاتر لەدوو هەزارو 500 مامۆستابوون، لەئێستادا زۆربەیان گەڕاونەتەوە بۆ دەوام، نەهاتنی ئەو مامۆستایانەش بەسزا هەژمار ناکرێت. ماوەی پێنج مانگە بایکۆت لەکۆیەوە هەتا گەرمیان بەردەوامە، ماوەی مانگێکیشە فشارەکانی لەڕێگەی پەروەرەکانەوە بۆ سەر مامۆستایان بەسزادانیان بەردەوامە هێشتا ١٠٠ قوتابخانە لەسلێمانی لەبایکۆتدان و هەندێک لەقەزاکانیش بەردەوامن لەبایکۆت. لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ دەسپێکی فشارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەر مامۆستایانی ناڕازی، ژمارەیەک مامۆستا گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و ئەو مامۆستایانەش کە نەکەوتنە ژێرباری فشارەکان و سووربوون لەسەر داواکاری و خواستەکانیان بەشێوازی جۆراوجۆر سزادران و هەندێکیشیان راژەکانیان لەخوێندنگەکانیان گواسترایەوە. لەم رووەوە مامۆستایەکی ناڕازی بەهاوڵاتی راگەیاند، بەبێ ئاگاداری خۆم نەقڵیان کردووم بۆ خوێندنگەیەکی ترو ئەمەش جۆرێکە لەسزا. مامۆستایەکی دیکەش هەر سەبارەت بەبابەتی گواستنەوەی مامۆستایان بەهاوڵاتی وت: لەمەکتەبەکانی خۆماندا بێگومان کارەکانمان راگیراوەو تەنانەت لەناو پەروەردەکانیشدا کارەکانمان راگیراوە. مامۆستا نەسرین کەمامۆستایەکی ناڕازی سزادراوە بەهاوڵاتی وت: «من رۆژی چوارشەممەی رابردوو پەیوەندیم کردەوە بەمەکتەبەوەو چووم بۆ دەوام بەڵام رۆژی دواتر لەبەر هەندێک هۆکار نەمتوانی لەکاتی خۆیدا لەمەکتەب ئامادە بم، بەڵام دەرسی ئەخیر هەر رۆیشتمەوە بۆ خوێندنگەکەو لەکاتی وتنەوەی وانەکەمدا بەڕێوبەر دوو جار جێگرەکەی نارد بەدوامداو یەکسەر پێیان وتم، بڕۆ دەرەوە ئێمە تۆمان ناوێ و وانەبێژێکمان لەجیاتی داناویت». «بەڕێوبەرەکەم پێی وتم تازە لەلای من نەماویت، ئێمە وانەبێژێکمان هێناوەو بڕۆ بزانە لەتەربییە بۆ کوێت نەقڵ دەکەن، هەرچەندە زۆر هەوڵمداو زۆر قسەم لەگەڵ کرد بەڵام نەیخوارد، رۆژی یەکشەممەش بە یەکجار دوو فەرمانی سزام بۆ دەرچوو، خۆی لەخۆیدا ئەم فەرمانی گواستنەوەیەم بەبێ ئەوەی پێشتر ئاگادارکرابێتمەوە یان پێم وترابێت سزایەکی نایاساییە «، مامۆستا نەسرین وادەڵێت. هاوڵاتی لەبارەی ئەم کەیسەوە پەیوەندی کرد بەمامۆستا مهاباد، بەڕێوبەری خوێندنگەی دیاری قەزازو ناوبراو وتی «ئەو مامۆستایە خۆی هەر دەوامی نەکردووەو یەک رۆژ هاتووەتەوە لەدووەم وانەداو پێم وتووە کەنابێ ئیتر وا دوابکەویت، رۆژی دواتریش نەهاتەوەو تەلەفۆنم بۆ کرد وتم بۆ نایەیت بۆ دەوام، وتی، من کۆبوونەوەی ئەنجومەنم هەیەو لەوانەی کۆتاییدا دێم کاتێک کۆبوونەوەکەم تەواو بوو». مامۆستا مهاباد لەدرێژەی قسەکانیدا وتی « منیش وتم ، مادەم وایە هەر مەیەرەوە بۆ دەوام و من مامۆستایەکی تر دەخەمە شوێنی تۆ». سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی سزای سەر مامۆستاکانیش، بەڕێوبەری خوێندنگەی دیاری قەزاز وتی: «سزای ئەو مامۆستایەی باسمکرد هەڵوەشاوەتەوەو غیاباتەکانیمان هەڵوەشاندووەتەوە و تەنها فەرمانی گواستنەوەکەیمان بۆ خوێندنگەیەکی تر بۆ دەرکردووە«. لەلایەن خۆیەوە د.لهتیف مستهفا ئهمین شارهزای بواری یاسایی رایگەیاند «بایكۆت و نهچوونی مامۆستایان بۆ هۆڵهكانی خوێندن حاڵهتێكی تاكه كهسی یان چهند كهسی نیه تاوهكو باسی سهپاندنی رێكاره كارگێڕییهكانیان لهگهڵدا بكرێت، ههموو فهرمانبهرێك لهناویاندا مامۆستا مافیان ههیهو ئهركیشیان لهسهرشانه». وتیشی «مافی مامۆستایان و گشت فهرمانبهرانیش پێدانی تهواوی موچهو شایسته داراییهكانیانه بهرامبهر دهوامی تهواوی ئهوان، واته پابهندیهكه دوولایهنه، لایهنی یهكهم كهحكومهته دهبێت پابهند بێت موچهو شایستهی دارایی تهواوی مامۆستاو فهرمانبهر لهكاتی خۆیدا بدات، لهبهرامبهردا لایهنی دووهم كهمامۆستایان و گشت فهرمانبهرانن دهبێت دهوامی تهواوی خۆیان بكهن، كاتێك كه لایهنی یهكهم ههڵناستێت بهپێدانی مافی تهواوی لایهنی دووهم، لایهنی دووهمیش پابهندی دهوامی تهواوی نامێنێت». «سهرهڕای ئهوه ئهم نهچوونه دهوامهی مامۆستایان حاڵهتێكی تاكهكهسی یان چهند كهسی نیه تاوهكو باسی سهپاندنی رێكاره كارگێڕیهكانیان لهگهڵدا بكرێت و به (غیاب) بهنههاتوو تۆمار بكرێن، واته بابهتهكه بابهتێكی كهمتهرخهمی ئیداری وهزیفی نیه كهفهرمانبهرێك یان چهند فهرمانبهرێك بهئارهزووی خۆیان و بهبێ هیچ هۆكارێكی مهشروع و بێ ئاگاداركردنهوهی فهرمانگهكانیان لهدهوام دابڕابێتن، بهڵكو ئهمهی ئهمان دهیكهن ههڵوێستی ناڕهزایی دهربڕینه بهرامبهر بهغهدرێك و ناحهقییهك و پیشێلكاریهكی مافی خۆیان كه لێیان دهكرێت و ساڵانه دووباره دهبێتهوه بێ ئهوهی حكومهت هیچ ههنگاوی جددی بنێت بۆ چارهسهركردنی كێشهكهیان و نههێشتنی ئهو غهدرو پیشێلكاریهی بهرامبهریان دهكرێت» د.لەتیف مستەفا ئەمین وادەڵێت. لەبارەی بەردەوامی بایکۆت و خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانەوە، مامۆستا ئاوات ئازاد نوێنەری مامۆستایان بەهاوڵاتی راگەیاند : « تائێستا لەبارەی سزادان و بەردەوامبوونمان لەبایکۆت بڕیاڕمان نەداوە کەئایا گەر سزاکان هەڵبوەشێنەوە رادەوەستین و دەگەڕێینەوە ناوەندەکانی خوێندن یان بەردەوام دەبین». هەر سەبارەت بەسزادانی مامۆستایان هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانیکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند «كۆمهڵێك رێكاری كارگێڕی ههن، ئهوهی كهدادهمهزرێت كۆمهڵێك پابهندی ههیه، ئهم پابهندییانه یاسا دیاری كردووهو پهیوهندی بهوهزارهتێك یان بهڕێوهبهرایهتییهكی گشتی یان شوێنێكی دیاریكراوهوه نییه، ئهوانه دهكهوێتهسهر لایهنه یاساییهكی و ئێمه تێكهڵی نابین و تهنها جێبهجێی دهكهین».
هاوڵاتی سەردار نوری مامۆستایەکی شێوەکارییە لەپەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کفری و سەرۆک بەشی شێوەکارییە، لەپاڵ مامۆستایەتی گرنگییەکی زۆری بەهونەری شانۆ داوەو جگە لەمانەش شاعیرە، سەردار نوری گربوونەوەو خۆپیشاندانی مامۆستایانی نارازی بەردەوام لەڕێگەی نواندنی شانۆوە سەرنجی خۆپیشاندەرانی بەلای خۆیدا راکێشاوەو سەبارەت بەپرسیارێکی هاوڵاتی لەبارەی پەیام و ئامانجەکانی نواندەنەکانی لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا وتی : ئەوەی بەگرنگم زانیوە لەناو خۆپیشاندانەکاندا لەڕێگەی نواندنی هونەرییەوە، لەڕێگەی جوڵەی جیاوازەوە، لەڕێگەی پێفۆرمانسەوە، کۆمەڵێک پەیام بنێرم، هەوڵمداوە لەڕێگەی هونەرەکەمەوە ئەوەی بەوتار دەوترێت ئەوەی بەقسە دەوترێت، زۆربەی خەڵک لەئێستادا تاقەتی گوێگرتنی زۆری نەماوە، قسەکان زۆر زۆر دووبارەن، هەربۆیە لەقۆناغی دووەمی خۆپیشاندانەکانەوە دەستمپێکرد واتە لەدوای فشارەکانی حزبی دەسەڵاتدار بۆ کردنەوەی دەوام، هەربۆیە من پەیامێکم بەزمانێکی جیاواز بۆ حکومەت و وەزارەتی پەروەردەو یەکێتی مامۆستایان و ئەو مامۆستایانە نارد کەهێشتا نەهاتوونەتە ریزی بایکۆتەوەو بۆ ئەو حزبانەشی کەدەیانەوێ لەڕێگەی فشارو هەڕەشەوە مامۆستایان بگەڕێنەوە ناو ناوەندەکانی خوێندن نارد. یەکەمین نواندنم ناونا زمانی هیندییە سورەکان کەدەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و لەنواندنەکانی دیکەمدا کۆیلەیەک خۆی ئازاد دەکات بەو مانایەی کەوەرن با خۆمان ئازادبکەین و دەنگی خۆمان هەبێت و نەک حزب هەر کاتێ بیەوێ بمانهینێتە شەقام و هەر کاتێکیش بیەوێت دەرمان بکات لەشەقام، هەروەها لەنواندنێکی دیکەمدا رۆڵی مامۆستایەکی خانەنشین دەبینم کە لەتەمەنی 90 ساڵیدا دێمە ناو خۆپیشاندانەکان و بەحەماسەوە وتم رۆڵە ئەگەر ئێوە بەردەوام نەبن ئەوا دۆخەکە تا 50 ساڵی تریش هەروا بەردەوام دەبێت. پەیامیکی دیکەی نواندنەکانم لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا بۆ ئەو مامۆستاو بەڕێوەبەرانەیە کەماوەی سێ مانگ زیاتر لەگەڵماندا بوون و بەڵام بەداخەوە دواتر بەفەرمانی حزب گەڕانەوە بۆ قوتابخانەکان و کەلێنێکیان خستە ناو بایکۆتی مامۆستایانەوە . بەگشتی پەیامی نواندنەکانم چەکوشێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ ئەوەی شەقام چۆڵ نەکەن. سەبارەت بەپرسیارێکی هاوڵاتی لەبارەی کاردانەوەی بەرپرسانی کەرتی پەروەردە، سەردار وتی: بەداخەوە کاردانەوەکانی بەرپرسانی حکومەت و پەروەردە هێشتا ئەرینی نەبووەو بەداخەوە سەرانی پەروەردە هەر لەوەزیرەوە بگرە تادەگاتە بەڕێوبەرە گشتییەکان و تادەگاتە پەروەردەی شارەکان فشارەکانیان زۆر زیاتر کردووەو دەزانم نواندنەکانی منیان بینیوە بەڵام ئیتر ئەوانیش راسپردراون بەکۆمەڵێک کارو بەڕێوەبەرەکانیان راسپاردووە بەهەرجۆرێک بێت مامۆستایان بهێننەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و ژمارەیەک مامۆستاو وانەبێژیش لەترسی فەسڵ کردن و گواستنەوە گەڕاونەتەوە، بۆیە داوا دەکەم مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ شەقام و شەرمە لەکاتێکدا هیچ داواکارییەکی مامۆستا جێبەجێ نەکراوە، مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ دەوام.
شەنای فاتیح بەگوێرەی بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، ساڵی ٢٠٢٦ دیاریکراوە وەک کۆتا وادە بۆ یەکگرتنەوەی ئەو هێزانەی سەر بەپارتی و یەکێتین لەژێر هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت: دەستتێوەردانی حزبی هەیە کەوایکردووە پڕۆسەکە بەخاوی بەڕێوەبچێت. لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ دامەزراندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەستکرا بەتێکەڵکردنی هێزەکان و لەسەرەتادا تواندرا (١٢) لیوای هاوبەش پێکبهێندرێت، جگە لەوەش چەندین لیوای دیکە پێکهێندراون کە تائێستا ژمارەیان گەیشتووەتە (٣٠) لیوا، یەک لیوا چوونەتە سەر وەزارەتی بەرگری لیوای ٢٠و هەندێکیان لەپڕۆسەدان. وتیشی: دوا وادە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دیاریکراوە بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکان ساڵی ٢٠٢٦یە، تاڕادەیەکی باش کار بۆ پڕۆسەکە کراوە، بەڵام بێ کەموکوڕیش نییەو رێگری بەربەستی هەیە، «ئاستەنگی پڕۆسەکەش شەڕی چەند ساڵەی چەکدارانی داعش و کێشەی دارایی و نەبوونی بودجەیەکی سیادی دیاریکراو، دەشتوانین بڵێین دەستتێوەردانی حزبی هەیە کەوایکردووە پڕۆسەکە بەخاوی بەڕێوەبچێت». سەبارەت بەهاوکارییەکانی هاوپەیمانان، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە وتی: هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بەردەوامە، بەڵام بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا واژۆ کراوە، ساڵانە بەڕێژەی ٢٥٪ کەمدەکات، «بەمەش تاساڵی ٢٠٢٦ سەرجەم هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەوەستێندرێن، ئەگەری تازەبوونەوەی یاداشتنامەکە هەیە ئەگەر پڕۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوە بەباشی بەڕێوەبچێت». هەوڵەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە نوێ نییەو ٣٨ ساڵە بەردەوامە، بەڵام تائێستا ئەنجامێکی ١٠٠٪ی نەبووە، یەکەم هەوڵی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەساڵی 1986 دا بوو لەئێران کە جەلال تاڵەبانی و ئیدریس بارزانی رێککەوتنێکیان لەسەر دامەزراندنی بەرەی کوردستانی واژۆ کرد، هەمان رێککەوتن واژۆکردنی بڕیاری لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی تێدابوو، لەساڵی 2014دا پەرلەمانی کوردستان لەبڕیاری ژمارەی 19ی بڕگەی چوارەمی مانگی تەمموزدا بڕیاریدا کەپێویستە حکومەتی هەرێم یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بخاتە بەرنامەی کارەوەو لەماوەی شەش مانگدا تەواوی پڕۆسەکە ئەنجامبدرێت. لەهەمان ساڵداو لەمانگی کانوونی یەکەمدا، مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان حەوت بڕیاری دەرکرد تایبەت بەیەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، لەخاڵێکدا داوای یەکخستنەوەی بەپەلەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، لەخاڵێکی دیکەشدا بڕیاریدا هەر هێزێک لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بوونی هەبێت بەنایاسایی دەژمێردرێت. پاش سێ ساڵ لەکۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بەئامادەبوونی نوێنەرایەتی هەریەک لەئەمریکاو بەریتانیاو وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بەداعش بڕیاردرا بەیەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەماوەی سێ ساڵدا، لەناوەڕاستی ٢٠٢١یشدا پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە سەری هەڵدایەوە، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: «کارێکی ئاسانە». بەرپرسی میحوری مەخمور- گوێر: « پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر داواکاری هاوپەیمانان نییە». سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری مەخمور- گوێر لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی رایگەیاند: تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ هیچ هێزێک نامێنێت لەسەر یەکەکانی ٧٠ و ٨٠، هەمووی دەچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگەو تائێستاش پڕۆسەکە بەردەوامەو دەکرێن بەلیوا لەسەر داوای هاوپەیمانان بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەکانی ئەمریکادا هەیە، دوو فیرقەی پێشمەرگە دامەزراون و ئەمساڵیش دوو فیرقەی دیکە دادەمەزرێن. وتیشی: «پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر داواکاری هاوپەیمانان نییە، پێش شەڕی داعش سەرکردایەتی سیاسی کورد لەسەر بڕیاری سەرۆک بارزانی بڕیاریاندا پێشمەرگە یەکبخرێنەوە، ئەو لیوا هاوبەشانە دروستکران ئەوکات دروستکران و گەیشتنە لیوای ١٤ کەتێکەڵ بکرێن و شەڕی داعش دەستیپێکرد، کەکێشەی گەورەتر هاتە پێشەوەو وازیان لەپڕۆسەکە هێنا». سەبارەت بەدۆخی ئەمنی و هاوکاری هاوپەیمانان سیروان بارزانی رایگەیاند: دۆخی ئەمنیەت باشەو ئەو داعشەی جاران نەماوە، بەڵام جموجۆڵیان زیادی کردووەو تەنها لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا هەشت جار چەکدارانی داعش لەسنووری میحوەری ئێمەدا بینراون. «ئەرکی هاوپەیمانان لەئێستادا تەنها راوێژکردنەو بەشداری لەهێرشەکاندا ناکەن و پێداویستی پێشمەرگە لەبودجەو تەقەمەنی کەمەو ئەو هاوکاریانەی بۆ پێشمەرگە دێن کەمن». زیاتر لە ١٠ ساڵە هەوڵ بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەدرێت، بەڵام تائێستاش پڕۆسەکە بەتەواوی جێبەجێنەکراوە، لەکاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە دوو (یاسای چاکسازی لەمووچە و دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لەهەرێمی کوردستان) ساڵی ٢٠٢٠ دەبێت ژمێریاری ئەو دوو هێزە هەڵبوەشێتەوەو بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. لەیەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دا لەوەزارەتی پێشمەرگەر دوو فیرقە دروستدەکرێت، یەکێکیان لەسلێمانی و کەرکوک، ئەوی دیکەش لەهەولێر، هاوکات هێزێکی یەدەگیش لەوەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەو پێشمەرگانەی کەساڵانێکە زۆرە خزمەت دەکەن و تەمەنیان هەیە دروستدەکرێت. وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان خاوەنی ٢٢ لیوایە، بەفەرمی ١٢٥ هەزار پێشمەرگەیە، کەدوو لیوایان لەچوارچێوەی لیوای هاوبەشە بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کەسەر بەوەزارەتی بەرگری عێراقن، لەبەرامبەریشدا هێزەکانی ٧٠ی یەکێتی و ٨٠ پارتی هەن، ئەمریکاش سوورە لەسەر یەکخستنەوەی ئەو دوو هێزە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە. بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان: یەکێک لەکێشەکان دامەزراندنێکی زۆرە لەناو هێزە تایبەتەکاندا بەناوی جۆراوجۆر. رزگار حەمە مەحمود، بڕیاردەی لیژنەی پێشمەرگە لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەڕاستیدا لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە چەندین جار هاوپەیمانان لەگەڵمان کۆبوونەتەوەو هۆشداریان پێداوین و رایانگەیاندووە، ئاگاداری سەروو خۆتان بکەن کەئێمە ناتوانین هاوکارییە لۆجیستی و سەربازییەکانمان بەردەوام بێت، چەندیجار ماوە ماوەیان داناوە کەهێزەکان یەکبگرنەوە، بەڵام بەداخەوە ماوەکە تێپەڕیوەو هێزەکانیش وەک پێویست نەچونەتەوە سەر هێزەکانی پێشمەرگە. وتیشی: لەکابینەی نۆی حکومەتی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هەندێ کار کراوە لیواکان لە١٦ لیواوە ئێستا بوونەتە ٣٠ لیوا لەهەردوو هێزەکەو ئێستا لەسەر هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کەهاوپەیمانان هاوکارییەکانیان کەمکردووەتەوە، کاتێک لیواکان ١٦ لیوا بووە، ٢٠ ملیۆن دۆلار وەک سولفە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان دەکرا، ئێستا لیواکان بوونەتە ٣٠ لیوا بەڵام هاوکارییەکان بۆ ١٥ ملیۆن دۆلار کەمکراوەتەوە. « دیاریکردنی ساڵی ٢٠٢٦یش وەک وادەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، پێم وانییە ئەو کاتەش ئەم هێزانە یەکبخرێنەوە، چونکە ئەم حزبانەی هەرێمی کوردستان بەدیاریکراوی یەکێتی و پارتی پێویستیان بەهێزێکە خۆیان خاوەنی بن چونکە کاریان پێیەتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کاتی پێویستیان و پاراستینی بەرژەوەندیان،هەروەها کێشەیەکی دیکە هەیە ئەویش دامەزراندنێکی زۆرە لەناو هێزە تایبەتەکاندا بەناوی جۆراوجۆر، لیوایەک لەهێزەکانی ٧٠و لیوایەک لەهێزەکانی ٨٠ دەچنە سەر هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە بەڵام بەهێزی دیکە لەژێر ناوی دیکەدا جێگایان پڕدەکرێتەوە، هاوپیمانانیش نیگەران بوون» رزگار حەمە مەحمود وای وت. بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە باسی لەوەشکرد کەچەندین جار کۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانان و سەرۆکایەتی هەرێم و دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامداوە، دووجار سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بانگهێشتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کردووە، لەسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش کاتێک باسم لەگیروگرفتەکان کرا لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی هەرێم، پێشنیاریان کرد لیژنەیەک پێکبهێندرێت سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەو دیوانی ئەنجومەنی وەزیران نوێنەریان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان پەرلەمان نوینەری خۆیان دیاریکرد بەڵام تاتەواوبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرت. رزگار حەمە مەحمود وتیشی: چەندین جار هەوڵماندا سەردانی لایەنە حزبییەکانیش بکەین، ئێمە چەندجارێک کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامداوەو خودی وەزیر پێی راگەیاندووین «ئەم داواکارییە قورسەو تەنها یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا دەتوانن ئەم بڕیارە بدەن بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە»، چونکە تەنها هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ نین هێزی دیکە بەناوی دیکەوە هەن، هاوپەیمانان ماوە دیاریدەکەن و هۆشداری دەدەن، بەڵام ناکاتە ئەوەی نیەتێک لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە هەبێت، بەڵام تائێستا ئەو نیەتە نییە. «لەکابینەی هەشتەمدا ٨٤٠ ملیار دینار بۆ کۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەراخان دەکرا، بەڵام لەکابینەی نۆیەمدا ژمارەکە بۆ ٩٧٥ ملیار دینار زیادکرا، ئەوەش کەژمارەی موچەخۆرانی زیاد کردووە لەسەر وەزارەتی دارایی هێزەکانن» رزگار حەمە مەحمود وای وت. بەپێی راپۆرتێکی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان، لەمانگی ئاداری ٢٠٢٢، ژمارەی هێزەکانی ٨٠ کە سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستانە لەنێوان ٦٣ بۆ ٦٨ هەزار پێشمەرگە دەبن، ژمارەی هێزەکانی ٧٠ کە سەر بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لەنێوان ٤٠ هەزار بۆ ٤٥ هەزار پێشمەرگە دەبن. لەم چەند ساڵەدا کە وەزارەتی پێشمەرگەش هەیە، تەنیا توانیویەتی، سەرپەرشتی ٢٠ فیرقەی هاوبەش، دوو هێزی پشتیوانی هاوبەش، سێ سەنتەری راهێنانی هاوبەش، لەگەڵ کۆلێژێک لە رانییە بکات، کەئاشکرانییە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئەوانەدا هەیە، یان قەیرانێک بەئاسانی لێکیان جیادەکاتەوە. هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان ساڵ لەدوای ساڵ کەمتر دەبنەوە، وەک نموونە، لەساڵی ٢٠٢١، ئەمریکا نزیکەی ٥١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان داواکرد، لەساڵی ٢٠٢٢ ئەو هاوکاریانە بۆ ٣٤٥ کەمبووەنەوە، لە ٢٠٢٣ نزیکەی ٣٥٨ ملیۆن دۆلار بوو، بۆ ساڵی ٢٠٢٤یش بڕێک پارە کەنزیکەی ٣٩٨ ملیۆن داواکراوە بۆ هەموو خەرجییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا.
هاوڵاتی لەکاتێکدا شەڕی غەزە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، مەترسی شەڕێکی دیکە یەخەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی کەڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم گرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران سێ سەربازی ئەمریکیان لەبۆردوومانێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لەئوردن کوشت و ٣٤ی دیکەیان بریندارکرد. هێرشی گرووپە چەکدارەکان لەژێر ناوی «بەرەی بەرگری ئیسلامی عێراق» بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی کە بەتاوەر ٢٢ ناسراوە، وەڵامی ئەمریکای بەدوادا هات و سەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، 85 ئامانجی ئەو گرووپانەیان لەناو عێراق و سوریا پێکاوە. ئەم رووداوە تووڕەیی گەورەی لەناوخۆی ئەمریکا لێکەوتەوە. لەهەمانکاتدا بەشێک لەشارەزایانی بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەم هێرشەیان وەک خاڵێک زانی کەددەبێت بەهۆی پەرەسەندنی جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا رۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم لەمبارەیەوە وتی :» لەحاڵێکدا هێشتا خەریکی کۆکردنەوەی زانیارین تایبەت بەم هێرشانە، بەڵام دەزانین ئەم هێرشانە لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارانەوە بووە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکەن. ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی دژی تیرۆریسم بوەستینەوەو بەردەوام ئەبین. بێگومان لەکات و شوێنی دیاریکراودا بەشێوەی خۆمان حیسابی خۆمان لەگەڵ ئەو کەسانە پاک دەکەین کە لەپشت ئەم هێرشانە بوون و بەرپرسن لێی. هەڵوێستەکان لەناوخۆی ئەمریکا سەرۆککۆمار بایدن جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لەبەرنامەیەکی هەڵبژاردنەکان لەکارۆلینای باشوور دەربارەی هێرش بۆ سەر تاوەری ٢٢و کوژرانی سێ سەربازە ئەمریکاییەوە وتی :»دوێنێ شەو رۆژێکی ناخۆشمان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو. ئێمە سێ سەربازی بوێری خۆمان بەهۆی هێرشێک کەکراوەتە سەر یەکێک لەبنکەکانمان لەدەستداوە». سەرۆککۆماری ئەمریکا داوای لەبەشداربوون کرد، بۆ رێزگرتن لەسەربازە ئەمریکاییەکان چەند ساتێک بێدەنگ بن. دواتر وتی :» ئێمە وەڵام دەدەینەوە». وەزیری بەرگری ئەمریکا لۆئید ئاوستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا، بەئاماژە بەوەی کەگرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران بەرپرسن لەوهێرشە بەردەوامانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند ئەمریکا لەکات و شوێنێکدا کەخۆی دیاری دەکات، وەڵامی شیاوی بۆ هێرشانە دەبێت. دەربارەی هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی :» زۆر نیگەرانم لەوەی کە سێ سەربازی ئەمریکایی کوژراون و ژمارەیەکی زۆر سەرباز برینداربوون. ئەم هێرشانە تووڕەی کردووم بەداخەوەم. لۆئید ئاوستین هەروەها وتی، ئەم سەربازە ئەمریکاییانە بەمەبەستی وەستانەوە دژی هەڕەشەکانی داعش لەو ناوچەیەن. وەزیری بەرگری ئەمریکا لەبەشێکی تر لەقسەکانیدا دوای رووداوەکە وتی :» سەرۆککۆمار بایدن و من ناتوانن ئیتر دان بەخۆماندا بنێین و هەموو کارێک دەکەین بۆ بەرگری لەئەمریکاو هێزەکانمان و بەرژەوەدنییەکانمان. ژمارەیەک لەسیناتۆرە دیموکراتەکان هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، لەناوخۆی ئەمریکاو لەناو سیاسییەکاندا زۆر بەهەند وەرگیراو دەستبەجێ ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا لەهەردوو حزبی دیموکرات و کۆماریخواز هەڵوێستیان گرت. لەناو سیناتۆرە دیموکراتەکاندا، سیناتۆر (بۆب کیسی) لەگەڵ ئەوەی سەرەخۆشی لەبنەماڵەی ئەو سێ سەربازە کرد، خوازیاری ئەوەبوو بەتوندی وەڵامی ئەو لایەنانە بدرێتەوە کە لەپشتی هێرشەکەوە بوون. لەتویتێکدا نووسی:» ئەمە سەرچەشن و نموونەیەکی کارەکانی ئەو گرووپانەیە کە لەلایەن ئێرانییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن و هەست دەکەن بوێرن و ناترسن و ئەمەش جێگەی نیگەرانییە». سیناتۆر مایکل پێنت هەروەها دەربارەی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە ٢٨ی کانوونی دووهەم نووسی :» ئەم هێرشانە بەشێکن لەپلانێکی بەرفراوانتری دەستدرێژییە بەردەوامەکان کە لەلایەن ئێرانەوە لەناوچەکە جێبەجێ دەکرێن». ئەم سیناتۆرە دیموکراتە خوازیاری ئەوەبوو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دژی هێرشەکانی ئێران هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت. ئادام سمیت، ئەندامی باڵا لەکۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی سێناری ئەمریکا هێرش بۆ سەر تاوەری ٢٢ی وەک پەرەسەندنی مەترسیداری ناکۆکییەکان ناوبردو جەختی کردەوە بۆ بەرگرتن لەپەرەسەندنی ناکۆکییەکان، پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەو ئەو کەسانەی لەپشتی ئەو هیرشانەوە بوون سزا بدرێن . ئەم سێناتۆرە لەوتووێژ لەگەڵ CNN ، ئەوەی لەغەزە روودەدات گرنگە، جەنگی غەزە لەئێستادا بووە بەهۆی بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامی. ئێلیساسلاتکین، یەکێکی تر لەئەندامانی سینا، لەمبارەیەوە هەڵوێستی گرت و ئاماژەی بەهێرشە بەردەوامەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران دا بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکاو لەتویتێکدا نووسی:» نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە رۆژ لەگەڵ رۆژ پەرە دەستێنێت، ئەمە وادەکات لایەنە وتووێژکارەکان دەربارەی جەنگی غەزە خێراتر هەنگاو هەڵبگرن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان». ئەم سیناتۆرە هەروەها نووسی :» ئەم گرووپانە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و ئەجێنداکانی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ دەکەن. ژمارەیەکی تر لەسیناتۆرە دیموکراتەکان لەوانە، دینا تیتۆس، کیتی مێنینگ، خوازیاری هەڵوێستی جیدی دەوڵەتی بایدن بوون. ترامپ و کۆمارییەکان رەخنەی توند لە بایدن دەگرن دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشتری ئەمریکا، هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەو کوژرانی سێ سەربازی بەڕۆژێکی تاڵ بۆ ئەمریکا ناوبرد. ترامپ کەبەربژێری سەرەکی کۆماریخوازەکانەو بەئەگەری زۆر رەقیبی جۆ بایدنە لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکادا، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک، هێرش بۆ سەر تاوەری ٢٢ی بەهێرشێکی بێ شەرمانە ناوبردو نووسی:» ئەم هێرشە دەرئەنجامی لاوازی و خۆبەدەستەوەدانی بایدنە». ترامپ لەدرێژەدا نووسیبووی :» سێ ساڵ لەوەپێش، بەهۆی سیاسەتی گونجاوی منەوە کەزۆرترین گوشارم دەخستە سەر ئەو رژێمە، ئێران لاوازو تێکشکاو بوو کە بەئاسانی کۆنتڕۆڵی دەکات و حکومەتی ئێران بەئەستەم دەیتوانی دوو دۆلاری دەستبکەوێت بۆ ئەوەی بیدات بەگرووپە بریکارە تیرۆریستەکانی». ترامپ هەروەها نووسیویەتی :» جۆ بایدن چەند میلیار دۆلاری دا بەکۆماری ئیسلامی و حکومەتی ئیران ئەو دۆلارانە بەکاردەهێنێت بۆ پەرەپێدانی خوێنڕێژی و کوشتن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست». ترامپ هەروەها نووسیبووی :» ئەگەر من سەرۆککۆمار بومایە، ئەم هێرشە رووی نەدەدا، هەروەها وتی، ئەگەر ئەو سەرۆککۆمار بوایە، حەماس هێرشی نەدەکردەسەر ئیسرائیل و جەنگی ئۆکراین نەدەبوو». دۆناڵد ترامپ لەدواییدا بەو ئەنجامە گەیشتبوو، هێرشی رۆژی یەکشەممە ٢٨ی کانوونی دووهەم، بەڵگەیەکی ترە بەوەی دەبێ دەستبەجێ ئەمریکا سیاسەتی « ئاشتی لەڕێگای هێزەوە» بگرێتەوەبەر بۆ ئەوەی بەر بەپشێوی و نائارامی و کوژرانی ئەمریکاییەکان بگرێت. جۆن کۆرنین، سیناتۆری ئەیالەتی تەگزاس لەسەر لیستی کۆمارییەکان دوای بیستنی هەواڵی کوژرانی سێ سەربازە ئەمریکییەکە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X نووسی :» ئێران بەئامانج بگرن». لیندسی گراهام، سیناتۆرێکی تری ناسراوی کۆمارییەکان، وێڕای رەخنەی توند لەدەوڵەتی ئەمریکا لەسەر چۆنیەتی هەڵسووکەوتیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نووسی :» بدەن لەئیران، بەتوندی لێیان بدەن». ئێرانییەکان هەڕەشە دەکەن لەدوای هێرشی حەماس بۆ ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەم و پاشان هێرشە بەردەوامەکانی لایەنەکانی سەر بەئێران لەعێراق و سوریاو لوبنان و یەمەن، بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل و دونیای رۆژئاوا، وڵاتانی رۆژئاوایی بەتایبەت ئەمریکاو بەریتانیا ئێران ئاگاداردەکەنەوە دەستبەرداری پشتیوانیکردنی هێزەکانی سەر بەخۆی بێت لەناوچەکە. تەنانەت لەپرسی حووسییەکاندا ئەمریکا چینی راسپارد بەوەی ئێران رازی بکات دەستبەرداری پشتیوانیکردن لەحووسییەکان بێت و حووسییەکان کۆنتڕۆڵ بکات. بەڵام کۆماری ئیسلامی بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو هیزانە کەخۆی بە (بەرەی بەرگری) ناویان دەبات، سەربەخۆ بڕیاردەدەن و کۆماری ئیسلامی بەرپرس نییە لەچالاکییەکانی ئەوان. لەپەیوەن رووداوی هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، ئێران بێئاگایی خۆی راگەیاندو رایگەیاند بەرەی بەرگری سەربەخۆیانە هێرشیان کردووە. لەهەمانکاتدا دوای لێدوانی بەردەوامی بەرپرسانی ئەمریکایی و بەتایبەت کۆمارییەکان کەسووربوون لەسەر ئەوەی دەبێ ئێران سزابدرێت، بەرپرسانی ئەمریکایی هەڕەشەیان کردووە هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان لەدەرەوەی وڵات یان هێرش بۆ سەر خاکی ئێران بێوەڵام نابێت. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەمبارەیەوە وتی :» بەرەی بەرگری خۆیان بڕیاردەرن بەوەی چی دەکەن و لەئێران فەرمان وەرناگرن. هەروەها وتی ، ئێران نایەوێت جەنگی غەزە لەناوچەکە پەرەبستێنێت. ئەمیر سەعید ئیرەوانی نوێنەری ئێران لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەمبارەیەوە وتی:» هەر چەشنە هێرشێک بۆ سەر خاکی ئێران، بەرژەوەندی یان کەسەکانی لەدەرەوەی سنوورەکان، لەلایەن ئێرانەوە بەتوندی وەڵامی دەدرێتەوە». رۆژی سێشەممە ٣٠ی کانوونی دووهەم نوێنەری ئێران لەڕاگەیاندنێکدا لەگەڵ ئەوەی، ئەوەی رەتکردەوە پەیامی جیاوازیان لەلایەن واشنگتۆنەوە لەدوو رۆژی رابردوودا پێگەیشتبێت وتی :» پەیامی لەو جۆرەمان بۆ نەهاتووەو ئاڵووگۆڕی پەیام نەبووە لەنێوانماندا. بەمەشەوە، ئەمە سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە ئەگەر هەر لایەنێک هێرش بکاتەسەر خاکی ئێران یان بەرژەوەندییەکانمان یان هاووڵاتیەکانمان لەدەرەوەی سنوورەکان، بەتوندی وەڵامی دەدرێتەوە». کەناڵی ئەلجەزیرە پێشتر لەزمانی یەکێک لەبەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە رایگەیاندبوو، دوابەدوای هێرش بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ئوردن کەکوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لێکەوتەوە، واشنگتۆن لەڕێگای وڵاتێکی سێهەمەوە کۆمەڵێک پەیامی بۆ تاران ناردووە. بەپێی ئەم راپۆرتە، ئێران لەوەڵامی ئەمریکادا وتوویەتی، هەرجۆرە هێرشێک بۆ سەر ئێران وەڵامی توندی دەبێت. ئیبراهیم رەئیسی لەدوای هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢ دەربارەی ئەگەرەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران وتی :» ماڵپەڕی تابناک نزیک لە سوپای پاسداران دەربارەی ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نووسیویەتی :» ئەم هات و هاوارە زیاتر دروستکراوی کەسانێکی نۆکەری ئیسرائیلە لەئەمریکاو ژمارەیەک لەشارەزایانی فارسی زمان ئاگرەکە خۆش دەکەن». سەرەنجام ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێرانی دەربارەی هەڕەشەکان بۆ سەر ئێران و بەرژەوەندییەکانی رۆژی ٢ی شوبات لەسەردانێکدا بۆ پارێزگای هۆرمۆزگانی باشوور وتی :» زۆرجار وتوومانە ئێمە نابین بەهۆی هەڵگیرسانی هیچ جەنگێک، بەڵام ئەگەر وڵاتێکی زاڵم بیەوێت هێرشمان بکاتەسەر، کۆماری ئیسلامی وەڵامی گونجاوو بەهێزی دەبێت بۆیان». رەئیسی هەروەها وتی :» هێزی سەربازی کۆماری ئیسلامی لەناوچەکە هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و نەبووە، بەپێچەوانە هێزی سەربازی ئێمە لەناوچەکە ئاسایشی هێناوەو وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن پشت بەم هێزەو بەتواناکانی کۆماری ئیسلامی ببەستن و متمانەی پێبکەن». سەرۆککۆماری ئێران بێ ئەوەی ناوی ئەمریکا ببات وتی :» ئەمڕۆکە دوژمن هیچ توانایەکی نییە کەدژی ئێمە بەکاری بهێنێت، لەبەرئەوەی ئەوان دەزانن هێزەکانمان چەند بەتوانان». ئێران هێزەکانی خۆی لەسووریا کێشایەوە رۆژی پێنجشەممە ١ی شوبات، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی ئەفسەرە باڵاکانی سوپاکەی لەسوریا کەمدەکاتەوەو زیاتر پشت بەمیلیشیا شیعەکان وهێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان دەبەستێت لەسووریا. رۆیتەر لەزاری پێنج سەرچاوەی جیاوازەوە بڵاویکردەوە، کەئێران بەبڕیارێکی بەپەلە ژمارەی ئەفسەرە باڵاکانی لەسوریا کەمکردووەتەوەو دەشڵێت بڕیارەکەی ئێران بۆ دوورکەوتنەوەیە لهشهڕی راستهوخۆ لهگهڵ ئهمریكا. رۆیتەرز لەدرێژەی راپۆرتەکەیدا بەئاماژەدان بەوەی کەئێران لەدوای ناکۆکییەکانی سووریا، پشتیوانی گەورەی ئەسەدەو ژمارەیەکی زۆر لەهێزەکانی لەسووریایە نووسیویەتی: ئێران نایەوێت سووریا بەجێبهێڵێت، بەڵام نایانەوێت جەنگ پەرەبسێنێت و دەشزانن بەهۆی هێرشی میلیشیاکانی سەر بەئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق و سووریا، ئەگەری هێرش بۆ سەر ئەو گرووپانە لەلایەن ئەمریکاوە نزیکە. هێرش بۆ سەر بەرەی بەرگری لەدێرەزوور دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی ٢ی شوبات، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە هێرش کرایەسەر ١١ بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لهناوچهكانى مهیادین و ئهلبوكهمال سەر بەپارێزگای درێرهزوور لهسووریا . سەرەتا پێنتاگۆن و ئەمریکا رایانگەیاند هێرشەکان کاری ئەوان نەبووە. بەڵام دواتر لەگەڵ ئەوەی رایانگەیاند هێرشەکان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بووە، ئەوەشیان راگەیاند کەئەمە سەرەتایەو ئەمریکا لەهەموو شوێن بەرگری لەگیانی هاووڵاتییەکانی و بەرژەوەندییەکانی دەکات. حەشدی شەعبی لەڕاگەیاندنێکدا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر بنکەکانی لەپارێزگای دێرەزوور، ١٦ کەس کوژراون و ٣٦ کەس برینداربوون. رۆژی یەکشەممە رێوڕەسمێک بۆ بە خاکسپاردنی کوژراوەکان لەبەغدا بەڕێوەچوو و فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەوتارێکدا هێرشی توندی کردەسەر ئەمریکاو لەبارەی هێرشەکەوە وتی، «ئەو تاوانە قێزەونە بەوە لەهێرشەکانی پێشووی جیادەکرێتەوە کەکردنە ئامانجێکی راستەوخۆی هێزەکانی حەشدی شەعبی بوو و بەپاساوی ناڕاست و شێواوو پووچیش بارەگاکان، نەخۆشخانەو هێزەکانی لەشوێنە سنوورییەکان و لەنێو سەنگەرەکان کردە ئامانج کەئەرکی پاراستنی سنوورو پاراستنی ئەم وڵاتەو دژایەتیکردنی تیرۆریان لەئەستۆدایە. رەخنەی میدیاکانی ئەمریکاو کۆمارییەکان لە بایدن دوا بەدوای هێرش بۆ سەر بنکەکانی بەرەی بەرگری لەپارێزگای دیرەزوور، کۆمارییەکان رەخنەی توندیان لە بایدن گرت و وتیان، بایدن بەهەڕەشەکانی پێشتری ئێران و گرووپەکانی سەر بەئێرانی ئاگادار کردبووەوەو ئەوان بنکەکانیان جێهێشتبوو. کۆمارییەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشتر دەبوایە هێرشەکان ئەنجامبدرایە. تەنانەت CNN لەڕاپۆرتێکیدا لەمبارەیەوە نووسیویەتی:» ئەو هێرشانە کرانەسەر بنکە چۆڵکراوەکان». کۆمارییەکان وەک رێککەوتنی نێوان ئێران و دیموکراتەکان بەڕێبەری بایدن ناویان لێبرد. ئایا جەنگەکە دەبرێتە خاکی ئێرانەوە؟ دوای رووداوی هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، یەکێک لەو ئەگەرانەی کەباس دەکرا ئەوەبوو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی راستەوخۆ ئێران بکەنە ئامانج. ئێرانییەکانیش هەستیان بەم مەترسییە دەکردو لەگەڵ ئەوەی بێبەریبوونی خۆیان لەهێرش بۆ سەر تاوەری ٢٢ رادەگەیاند، هەڕەشەیان کرد هەر هێرشێک بکرێتەسەر ئێران بێوەڵام نابێت. بایدن بەئاشکرا باس لەوە دەکات ئەو نایەوێت جەنگ لەوە زیاتر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەبستێنێت. بەڵام هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە پارێزراو بێت. هیچکات راستەوخۆ باس لەئەگەری جەنگ لەگەڵ ئێران نەکراوەو راستەوخۆش وەک ئەگەرێک نەخراوەتە لاوە. جەیکووب سالیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، رۆژی یەکشەممە ٤ی شوبات لەوتووێژ لەگەڵ NBC NEWS ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێرانی نەخستە لاوە. سالیڤان دەربارەی هێرشەکانی ئەمریکا لەتۆڵەی سەربازە ئەمریکاییە کوژراوەکان وتووێژی لەگەڵ دەکرا، سێ جار لەلایەن پێشکەشکاری ئەم کەناڵە تەلەفیزیۆنییەوە پرسیاری لێکرا دەربارەی ئەگەری هێرشی بایدن بۆ سەر ئێران، هەرسێ جارەکە خۆی لەوە دوورگرت وەڵامی پرسیارەکە بداتەوەو وتی:» نایەوێت لەبەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا، دەبارەی ئەو بژاردانەی لەبەردەستدان قسەبکات». سالیڤان جەختی کردەوە ، سەرۆککۆمار بایدن نایەوێت جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەبستێنێ، بەڵام سورە لەسەر ئەوەی وەڵامی گونجاوو بەهێز بداتەوە بەو هێرشانەی کراوەتەسەر ئەمریکییەکان. ساڵیڤان بەئاماژە بە فەرمانی جۆ بایدن بەوەی کەوەڵامی بەهێزو جیدیان دەبێت بۆ ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ئەمریکییەکان لە ئوردن وتی، ئەم وەڵامە شەوی هەینی دەستیپێکرد، بەڵام ئەمە کۆتایی نییەو هێرشی زیاتریش دەکرێت.
سازگار ئەحمەد رێگەی کەلار – سلێمانی ناسراو بە(ڕێگەی مەرگ) کەڕێگەیەکی مەترسیدارەو ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە ئەو پرۆژەیەی بۆ دەرچووە کەدووسایدکردنی رێگەکەیە جێبەجێ بکرێت، هاوڵاتییانی سنوورەکەش باس لەمەترسی رێگەکە دەکەن و دەڵێن «رۆژ نییە رووداوی هاتووچۆی تیادا روونەدات و خەڵک نەبێتە قوربانی». هاوڕێ کرێکار، دانیشتوویەکی قەزای کەلارەو بەهاوڵاتی راگەیاند «رێگەی کەلار – سلێمانی رێگەیەکی وێران و مەترسیدارە و رۆژ نییە رووداوی هاتووچۆی تیادا روونەدات». ئەو هاووڵاتییە نەیشاردەوە، تەواوی دانیشتووانی ئیدارەی گەرمیان بێزارن لەهاتووچۆکردن لەو رێگەیە، چونکە مەترسییەکی زۆری هەیەو چەندەها کەس لەو رێگەیە بوونەتە قوربانی. هەروەها سامان عەلی، وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان لەبارەی مەترسییەکانی رێگەی کەلار – سلێمانی بەهاوڵاتی وت «بەشێکی رێگەکە تاوەکو ناحیەی باوەنوور کراوە بەدووسایدو ئەمە گرفتی کەمترە، بەڵام لەدوای ئەوەوە رێگەکە یەک سایدەو مەترسیدارەو بە(ڕێگەی مەرگ) ناسراوە». ئاماژەی بەوەشکرد «ساڵانە لەو رێگەیدا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە گیانلەدەستدەدەن و برینداردەبن و دەبنە خاوەن پێداویستیی تایبەت». وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئاشکراشی کرد «حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی گەرمیان بەڵێنیان داوە کارکردن لەپرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی کەلار – سلێمانی نەوەستێنن و کارەکانی بەردەوام بێت». هەر لەبارەی پرۆژەکەوە مەریوان مەلا حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «ئەگەر پارەی پێویست هەبووایە تەواوکردنی پرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی کەلار – سلێمانی زۆری پێنەدەچوو، بەڵام بەهۆی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە نەتوانرا بەپێی پێویست پارە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە خەرجبکرێت». ئەوەشی روونکردنەوە «تەواونەکردنی ئەو پرۆژەیە تەنها پەیوەندیی بەقەیرانی داراییەوە هەیەو هیچ پەیوەندییەکی بەکێشەی سیاسی و دیکەوە نییە». سەرچاوەیەکی تایبەتیش لەبەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی گەرمیان بەهاوڵاتی وت «کارکردن لەپرۆژەکە بەردەوامی هەیە، بەڵام هەنگاوەکان بەو جۆرە نین کەجێگەی دڵخۆشی بن و کارکردن لەپرۆژەکە بەشێوەیەکی خاو بەڕێوەدەچێت». بەپێی ئەو زانیارییانەی هاوڵاتی دەستیکەوتووە بەشێک لەبەڵێندەرەکان بەهۆی خەرجنەکردنی پارە بۆ پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ماوەیەک کارکردن لەو پرۆژەیە کشاونەتەوەو کارەکانیان راگرتووەو لەجێبەجێکردنی پرۆژەکە کشاونەتەوە، ئەگەر پارەی پێویست بۆ پرۆژەکە تەرخانبکرایە لەماوەی ساڵێکدا پرۆژەکە تەواودەکرا. پرۆژەی رێگەی کەلار – سلێمانی بۆ ماوەی چەندینجار کارکردن تیادا راگیراوە بەهۆی ئەوەی بودجەی پێویستی بۆ تەرخاننەکراوە تەنها توانراوە نزیکەی لە ٦٠٪ی پرۆژەکە تەواوبکرێت، گوژمەی رێگەی کەلار - سلێمانی ١٣٧ ملیار دینارە، لەئێستادا کارکردن لەپرۆژەکە بەردەوامی هەیە، بەڵام کارەکان بەشێوەیەکی خاو بەڕێوەدەچن و رۆژ بەڕۆژیش ئامارەکانی ئەو کەسانەی لەو رێگەیە بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە دەبنە قوربانی لەبەرزبوونەوەدایە.