سەرتیپ جەوهەر لهدوایین كۆبونهوهی نێوان ههسهدهو رژیمی نوێی سوریا بهنێوانگرى و ئامادهبوونی نوێنهری ئهمریكاو فرهنسا، 9ی ئهم مانگه، سهرەتا كۆبونهوهكان زورباش بهرێوهچوون و لێكتیگهیشتنی زۆرباش ههبووه لهنێوان وهفدی ههسهدەو حوكمڕانانی دیمهشق، بهڵام لهكۆتایی كۆبونهوهكه ئهسعهد شیبانیی وهزیری دهرهوه و ئهنهس خهتتاب وهزیری ناوخۆی رژێمی نوێی سوریا ئیزنیان خواستووه چوونهته دهرهوهو پهیوهندیان به توركهكانهوه كردووه. ئهو پهیوهندییه كۆبونهوهكه تێكدهدات و زمانی گفتوگۆیان بهتهواوی دهگۆرێت و داواو مهرجی زۆر خراپ و تهعجیزیی دهخهنه روو كه مومكین نییه كورد یان ههسهده پێى رازی بێت. یهكیك لهوانه رادهستكردنی ناوچهكانی رهققهو دێرزۆر بهدهسهڵاتدارانی دیمهشق. ئهمهش لهئهجێندای كۆبونهوهكهدا نهبووهو لهبنهرهتد داوای توركیایه، چونكه توركیا ههوڵدهدات جوگرافیای روژئاوای كوردستان تهنها ناوچه كوردییهكان بیت و كوردیش تهنها ههندێك مافی فهرههنگی لهسوریای نوێ پێبدریت. بههۆی ئهو گۆرانه لهزمانی گفتوگۆو مهرجی نوێی وهفدی دانوستاندنكاری دیمهشق كۆبونهوهكه تێكدهچیت و تۆم باراك نوینهرى ئهمریكا بهتوڕهییهكی زورهوه كۆبونهوهكه جێدههێلیت، ههرچهنده لهكۆبونهوهكه ئهمریكا زۆر لایهنگری ئهحمهد شهرعی كردبوو. دوای ئهو نوێنهرى فەرهنسا لهكۆبونهوهكه باتیست فایڤر ههوڵدهدات گرژبوونی كۆبونهوهكه خاو بكاتهوه بهڵام سودی نابێت هاوکات وهفدی ههسهده-ش توشی سهرسورمان بوون. دوای ئەو کۆبونەوەیە لهروژی 12 ئهم مانگه ئهحمهد شهرع و وهفدێكی سوریا لهباكۆی پایتهختی ئازربایجان، وهفدیكی باڵای سیاسی و ئهمنی ئیسرائیل دهبینن، لهو كۆبونهوهیهش بههۆی دهستوهردان و فشاری توركیا كۆبونهوهكه بێ رێككهوتن كۆتایی دێت. ئیسرائیل بهروونی به شهرع دهلێت رێگا نادات سنورهكانی نائارام بێت، دهبێ سوهیداو سنورهكان داماڵراوبێت لهچهك، بهڵام ئهحمهد شهرع بههۆی گۆڕان لهزمانی ئهمریكا بهرامبهر كوردو فشاری توركیا گوێ بهئاگاداركردنهوەكەی ئیسرائیل نادات. دوای تهنها یهك رۆژ واته 13 مانگ لهسهر داوای توركیا كهدهیهوێت فشار بخاته سهر ئیسرائیل، چهكدارو میلیشیاكانی دیمهشق بهناوی هێزی ئهمنی و گێڕانهوهی ئارامی، زور خراپ پهلاماری سوهیدا دهدهن، لهماوەی دوو تا سێ رۆژ نزیكهی ههزار كهسیان لە درووز كوشت و سهدان كهسیشیان ئهتتكرد. ئهم پهلامارهی سوهیدا وهك وەڵامێك بوو بۆ ئیسراییل، بۆیه ئیسرائیل دەستبەجێ و زۆر توند هێرشی كرده چهند شوینێكی ههستیاری دیمشق لهنێوانیاندا كۆشكی كۆماریی و بارهگای سهرۆكایهتی ئهركانی سوپای سوریا. ئهم هیرشە بههیزانە بارودۆخهكهی ژێراوژوور كرد، خیرا ههم سازشیكی گهورهی به ئهحمهد شرع كرد و ناچاریکرد سوهیداو ناوچهكه رادهستی بهرێوبهرانی دروز بکات، بهتایبهت شێخ حیكمهت هیجری. هاوكات زمانی ئهمریكاو كۆمهڵگای نیودهوڵهتی بهتایبهت فهرهنسا بهرامبەر ئهحمهد شەرع تهواو گۆڕاو لێدوانهكانی تۆم باراك ى نوێنهرى ئهمریكا گۆڕانی گهورهی بهخۆیهوه بینی و چهند لیدوانیكی لهدژی ئهحمهد شهرعدا. لهكاتیكدا پیشتر لیدوانی زۆر خراپی دژی كوردو درووز دابوو. هێرش و پهلامارهكانی سوهیدا تهنها بۆچونی ئهمریكاو ئهوروپای نهگۆڕی كه دهیانویست هاوكاری شهرع بكهن، بهڵكو كاریگهریی گهورهی كرده سهر هێزو پێگهی كورد. بهر له هێرشهكانی سهر سوهیدا، ئهمریكاو ئهوروپا ناراستهوخۆ فشاریان دهكرده سهر كورد. بهرپرسانی كورد زۆر بهههستیارییهوه قسهیان دهكرد، بهڵام دوای هێرشەکانی سەر سوهیداو دیمهشق لەلایەن ئیسرائیل نوینهرو بهرپرسانی كورد لیدوانهكانیان جیاوازتربوو. بۆنمونه بهڕوونی رایانگهیاند كه ئهوان بههیچ شیوهیهك چهك دانانین و دهبێت ههسهده وهك هێزیكی تایبهت لهناوچهكانی روژههلاتی فورات بمینیتهوه لهچوارچیوهی سوپای سوریا. هاوكات پێویسته لهدانوستانهكان بههاوسهنگی و وهك یهك لهسهر مێزی گفتوگۆ دانیشن نهك وهفدی دیمهشق خاوهن ماڵ و ئهوانیش بێگانه، بهڵكو بههاوسهنگی و وهك دوو لایهنی هاوتا. دوای ئهو رووداوانه، جگه لهگهیاندنی باره چهكێكی گهورهی هاوپهیمانان بۆ هیزهكانی ههسهده له كۆبانی، هاوكات لهدوو رۆژی رابردوو هیزهكانی ههسهده بههاوبهشی لهگهڵ هاوپهیمانان ئۆپراسیۆنیكی تایبهتیان لهناوچهی باب لهسنوری نزیك هێزهكانی توركیا لهبهری روژئاوای فورات جێبهجێكرد، ئهم ئۆپراسیۆنه دژی گروپی تیرۆرستی داعش بوو، بهڵام لهبنهرهتدا نامهیهك بوو بۆ توركیا كههاوپەیمانان لههاوكاریی و ههماههنگی ههسهده بەردەوام دەبن هاوکات رێگر دەبن لهههر جموجۆل و تیفكرینێكی توركیا لهبارهی رۆژئاوا. ئەوەی دەیبینین پیدهچیت راكێش راكیشێكی زۆر توند بێت لهنێوان ئیسرائیل و سعودیه لهلایهك و توركیا لهلایهكی دیكه. سعودیهكانیش بۆتامی زارخۆشكردنی ئهحمهد شهرع و هاندانیان بهدووركهوتنهوه لهتوركیا، خێرا وهزیری ئابوریی و بازرگانیان رهوانهی دیمهشقكردو پهیمانی سەرمایەگوزاریی 6 ملیار دولارو 40 پرۆژهی گهورهیان پیدان، بهڵام مهرجداره بهدووركهوتنهوهیان لهتوركیا. بڕیاریشه لهچهند رۆژی داهاتوو به نێوانگیری فهرهنساو ئامادهبوونی ئهمریكا وهفدێكی باڵای ههسهدهو دیمەشق لهپاریس كۆبونهوهیهكی گرنگ بهرێوه بچیت، بهڵام ئهو كۆبونهوهیه رادهوهستته سهر دووباره بهخۆداچوونهوهی حوكمڕنانی دیمەشق و تیگهیشتنیان بۆ واقعی نوێى سوریا كه بههیچ شێوهیهك مهركهزیهتی دهسهڵات و حوكمرانیی قبوڵناكات و پێویستدهكات لامهركهزیهت وهك بنهمای یهكگرتنهوهو رێكخستنهوهى سوریا قبوڵ بكهن، نهك سهپاندنی تاكڕهنگی و تاكڕهویی. هاوكات رادهوهستته سهر ئاستی هاتنهژێرباری فشارهكانی توركیاو گوێگرتنیان له داواكانی كۆمهڵگهی نێودهوڵهتیی، ئهگینا ئهو كۆبونهوهیهش سهركهوتوو نابێت. ئهوهی زۆر گرنگه بۆ كورد دوو خاڵی سهرهكییه. یهكهمیان: بهبهرنامهیهكی پێشوهختهو پرۆژهیهكی روون و ههمهلایهن و ئاوێنهی خواستی ناوچهكهو قۆناغهكه بچنه كۆبونهوهكه. دووهمیان: به وهفدێكی هاوبهش و گشتگیری كوردو روژئاوای كوردستان بهشداربن كه فرهڕهنگیی و یهكگرتوویی زیاتر پێشانی دیمهشق بدات.
ئامادەکردنی هاوڵاتی لەگەڵمان بن بۆ ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە: لە دوای کەوتنی رژێمەکەی ئەسەد لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سوریا چووەتە قۆناغی ناجێگیریی سیاسیی و تەناهیی و لە هەمان کاتدا پڕ لە گۆڕانکاریی. بەدەسەڵات گەیشتنی ئەحمەد شەرع بە لوتکەی دەسەڵاتی وڵاتەکە بە پشتیوانی بەرەی ڕزگاریی شام بە ڕابردوویەکی دینی توندڕەوانە و توندوتیژەوە، هەوڵ بۆ لە قاڵبدانی جیاوازیی و داینامیکییەتی ناوخۆیی وڵات و پەیوەندییەکانی دەرەوە دەدات. یەکێک لە ڕووداوە گرنگە سیاسیی و دیپلۆماسییەکانی ئەو ماوەیە، ڕێککەوتنە گرنگەکەی مانگی ئازاری ٢٠٢٥ لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە یەکێک لە بەندەکانی ڕێککەتنەکە باس لە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی یەکپارچەیی خاکی سوریا و نوێنەرایەتی کەمینە و پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا دەکات. ڕێککەوتنەکە کە بە نێوەندگیریی و پشتیوانی ئەمریکا ئەنجامدراوە، باس لە یەکخستنی دامەزراوە مەدەنیی و سەربازییەکانی کورد لە دەوڵەتی سوریادا دەکات. کۆنترۆڵی ژێرخانی سەرەکی لە باکووری ڕۆژهەڵات، لەوانەش کێڵگە نەوتییەکان، فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان بە دیمەشق دەبەخشێت و لە هەمان کاتدا دان بە سەربەخۆیی کولتووری و ئیداریی کورددا دەنێت. ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، لەلایەن فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، بە فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکا بۆ واژۆکردنەکە ڕەوانەی دیمەشق کرا، ئەمەش هێمای جەختکردنەوە بوو لەسەر بەشداریکردنی ستراتیژیی واشنتۆن لە ڕێککەوتنەکەدا. ئەمەریکا ئەم ڕێککەوتنە وەک ڕێگایەک بۆ سەقامگیرکردنی سوریا و ئاسانکاری بۆ ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی بەبێ دەستپێکردنی ململانی و جەنگی نێوخۆیی دەبینێت. لە کاتێکدا مشتومڕە ناوخۆییەکان بەردەوامن، هەندێک لە لێپرسراوە باڵا ئەمریکییەکان لەگەڵ ئۆتۆنۆمی کوردەکانن، بەڵام هەندێکیش هەرچەندە کەمن دژی فیدرالیزمن بۆ کوردەکان. کۆدەنگیی لە دیدگای سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا ئەوەیە کە یەکگرتنەوەیەکی نەرم و بە گفتوگۆ و دانوستانی بونیادنەرانە باشترە لە پارچە پارچە بوون. مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە کرد و جەختی لە ڕۆڵی ئەم ڕێککەوتنە کرد لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەرەوپێشبردنی یەکگرتوویی نیشتمانی. کاردانەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێشوازیی و گەشبینیی بوو بۆ ڕێککەوتننامەکە. فەرەنسا و ئەڵمانیا چالاکانە پاڵپشتی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان دیمەشق و دەسەڵاتدارانی کوردیان کردووە و جەختیان لەسەر گرنگیی مافی کەمینەکان و پێکهاتەکانیان لە چوارچێوەی حوکمڕانییەکی گشتگیر کردووەتەوە. لێرەدا باشترە ئاماژە بەوە بدەین، کە ڕێککەوتننامەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی کە پێشوازییەکی نێودەوڵەتی لێکرا، لە دوای کوشتاری بێڕەحمانە و دڕندانەی عەلەوییەکانەوە بوو بە کۆمەڵکوژکردنی ١٥٠٠ کەس. بنەماڵەی ئەسەدی دەسەڵاتداری پێشووی سوریا سەر بە پێکهاتەی عەلەوییەکان بوون و ئەمەش دەسەڵاتداریی و هەژمونی بەخشیبوو بەو پێکهاتەیە. دیپلۆماتکارانی یەکێتیی ئەورووپا هۆشدارییان داوە لەوەی کە پابەندنەبوون بەو پرەنسیپانە، دەکرێت ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی سزاکان، ئەمەش لە دوای هەڵگرتنی سزاکانەوە دێت لەسەر سوریا. هەروەها ووڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و لێپرسراوە باڵاکانی پەرلەمانی ئەوروپا جەختیان کردەوە بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لە پرۆسەکە بە سەرۆکایەتی سوریا بە مەرجی ڕێزگرتن لە هەمەچەشنەیی کۆمەڵایەتی و فرەیی لە پێکهاتەی وڵاتەکەدا. توندوتیژی تائیفی ئەم دواییە لە سوەیدا، دیمەنەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە. شەرعیەتی حکومەتی نوێ پەیوەستە بە توانای پاراستنی ئاسایش و ئازادیی کەمینەکان و ڕێگریکردن لە پارچە پارچە بوونی زیاتر. بەرپرسانی ڕۆژئاوا داوایان لە دیمەشق کردووە کە میکانیزمەکانی دادپەروەری قۆناغەکانی ڕاگوزەریی جێبەجێ بکات و ئەو گروپە چەکدارییە دینییە توندڕەوانەی هاوپەیمانن لەگەڵ بەرەی ڕزگاریی شام لە چەک داماڵن. سەرکردە کوردەکان بەدوای گەرەنتیکردنی ئۆتۆنۆمی کولتووریی و دابەشکردنێکی ڕێژەیی داهات لە سەرچاوەکانی نەوت و گازەوە دەگەڕێن. دیمەشق پێداگری لەسەر توانەوەی تەواوەتی هێزە چەکدارە ڕاهێنراو بە دیسپلینە کوردییەکان لە ناو سوپای نیشتمانی دەکات، کە لەمەدا لە پشتی پەردەوە داواکاریی تورکیا ئامادەیە. ئێستا لە دوای ڕووبەروونەوەی درووزییەکان بە دڕندایەتیی و توندوتیژییەکی زۆرەوە، پرسیار لەسەر دەسەڵاتی نوێی سوریا و حکومەتە کاتییەکەی دیمەشق دروستبووە لە پابەندبوونی بە پاراستنی ئاسایش و ئازادیی پێکهاتە جیاوازەکانەوە وبەرپاکردنی دادپەروەریی، ئەمەش کوردەکانی گەیاندە ئەو بڕوایەی چەکدانان و توانەوە لە نێو دەزگا ئەمنییەکانی سوریادا دەشێت هەڕەشە بێت لەسەر بەڕێوەبردنە خۆسەرییەکەیان و تەنانەت تا ڕاددەی توندوتیژیی و سەرکوتکردنیان یان تەنانەت ئەگەری کۆمەڵکوژکردنیشیان. حکومەتە نوێیەکەی سوریا لەژێر زەبری پەیوەندییە سیاسییە دەرەکییەکان و دیپلۆماسییەتیی نێودەوڵەتیدایە و لە بەرامبەردا کوردەکان و هەسەدە لە پێشوازییەکی دیپلۆماسیی و سیاسیی و نێودەوڵەتییدان. مەزڵوم عەبدی، ئێستا بە سەردانێک، بە بانگهێشتێکی فەرمی لەلایەن سەرۆک کۆماری وڵاتەکەوە، لە فەڕەنسایە و کۆبوونەوە لە نێوان مەزڵوم عەبدیی و ئیمانوێل ماکرۆن ئەنجام دەدرێت لەبارەی دواهەمین پەرەسەندنە نێوخۆییەکانی سوریا و پەیوەندیی کوردەکانەوە بە حکومەتی دیمەشقەوە. دۆخی هەستیاری نێوخۆیی و سوریا و هەڵوێستی کوردەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکێشەکانی پەیوەندیی و هێز لە سوریا دیاریدەکەن. ماکرۆن پشتیوانی گفتۆگۆکانی نێوان کوردەکان و دیمەشقە بەشێوەیەکی نەرم و ئاشتییانە و هەروەها بەشداریکردنی کوردەکانە لە داهاتووی سوریادا. بەڵام ڕووداوە توندوتێژیی و خوێناوییەکانی سوەیدا، هەسەدە و کوردەکانی پاڵپێوەنا کە چەکدانان بە هێڵی سوور بزانن و توانەوەیان لە نێو سوپای سوریا بەبێ هیچ گەرەنتییەک ڕەتبکەنەوە. سێ تەوەرەی سەرەکی لە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە، بریتین لە یەکگرتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سوریا، کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە. ئەی بۆچوونی تۆ چییە لەبارەی ئایندەی حکومەتەکەی شەرعەوە؟ ئایندەی هەسەدە و کوردەکانی سوریا لە نێو هاوکێشەکەدا بە کوێ دەگات؟
کاروان عوسمان شوانی گرنگترین سەرچاوەی ژیان و مانەوەی مرۆڤ و ئەو ژینگەیەی کە تیایدایە پەیوەستە بە بوونی ئاوەوە. زەوی، ئەو هەسارەیەی کە مرۆڤی لەسەر نیشتەجێیە تەنها یەک لەسەرسێی وشکانییە، واتە سێ بەشی ئاوە و یەک بەشی وشکانییە. سەرەڕای بوونی ئەو ئاوە زۆرە کەچی تەنها لە سەدا ٤٠ ی دانیشتوانی جیهان ئاوی پاکیان پێ دەگات، زۆرێک لە وڵاتان بەتایبەت وڵاتە هەژارەکان بەدەست نەبوونی ئاو و ئاوی پاکەوە دەناڵێنن. عێراق وەک یەکیک لە وڵاتانی جیهانی سێیەم هەژمار دەکرێت و جارێ لەنێوان وڵاتانی دەوڵەمەند و هەژاردا وەستاوە. ژێرخانێکی ئابووری بەهێزی هەیە، بەڵام لە شێوازی ئیدارەداندا لە ساتی دروستبوونییەوە تا ئێستا کێشەی هەیە. لەناو ئەو کێشانەشدا کێشەی ئاو وەک بەڵایەکی گەورە هەڕەشە لە عێراق دەکات. ڕوبەری خاکی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە 434.924 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە نوێترین سەرژمێریی دا 46 ملیۆن کەسە، دوو ڕوباری سەرەکی ئاو بۆ وڵاتەکە دابین دەکەن و سەرچاوەی هەردووکیشیان لە دوو وڵاتی دراوسێوەیە. ئەو ڕووبارانەشی کە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەن ئەوانیش یا سەرچاوەکانیان ئێران و تورکیان یا کە لەناوخۆوە هەڵدەقوڵێن ئەوەندە نییە پشتی پێ ببەسترێت و زۆرجاریش ڕوباری وەرزین. سروشتی عێراق وایە بە کەڵکی بەنداو نایات، بۆیە کەمترین بەنداوی تیایە و لە هەرێمی کوردستانیش وەک پێویست سود لە پۆند و گلدانەوەی ئاو وەرنەگیراوە و پرۆژەی ئاودێری زۆر کەمە، عێراقیش بە تەواویی دەستبەرداربووە لە خزمەتکردن بە ئابووری و ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، ئەگینا لەڕێی حکومەتی ناوەندەوە دەکرێت دەیان پرۆژەی ئاوی جۆراوجۆر لە هەرێم جێبەجێبکرێن. خەوشی عێراق لە بواری ئاودا ئەوەیە جیۆپۆلەتیکی خاکەکەی نزمترە لە خاکی تورکیا و ئێران، بۆیە ئاوی ئەو وڵاتانە دەرژێتە خاکی عێراقەوە، واتە لە عێراقەوە ئاو سەر ناکەوێت تا بڕژێتە ئەو وڵاتانەوە، پاشان عێراق وڵاتێکە نەکەوتووەتە سەر دەریا، تەنها لە ڕێگەی کەنداوی عەرەبییەوە دەگات بە دەریا،ئەویش وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی سودی لێدەبینێت، نەک ئاوەکەی بۆ ژیانکردن بەکاربهێنێت. ئەگەر وشکەساڵی و گۆڕانی دۆخی زەوی بەو شێوەیە بەردەوام بێت عێراق لە وڵاتی نێوان دوو ڕوبارەوە دەبێت بە وڵاتی بیابان. بەهۆی کەمی دابارین و زۆری بەهەڵمبوونەوە ئەمساڵ مەترسی جدیی لەسەر ئاوی عێراق هەیە و ئەگەری وشک بوونی زۆریک لە زۆنگاوەکان هەیە. سەرەڕای وشکبوونی سەدان هەزار دارخورما، کە بەهۆی سیاسەتی خراپی کشتوکاڵی و نەبوونی ئاوەوە ئەم بەرهەمە گرنگەی عێراق تا دێت، پاشەکشێ دەکات. ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەم دواییانەدا بڵاوی کردەوە، کە عێراق نزیکەی 30%ی زەوییە کشتوکاڵیەکانی لەدەستداوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا. 70% ی ئاوەکانی عێراق لەو ئێران و تورکیاوە دێن، ئەمە لە ڕووی ستراتیژییەوە هێز و توانا دەدات بەو دوو وڵاتە و لەبەرامبەردا عێراق ناچار دەکات سازش بکات بۆیان. بە درێژایی مێژوو لە نێوان ئەم وڵاتانە چەندین ڕێکەوتن ئەنجامدراوە بۆ بەڕێوەبردنی ئاو و ڕوبارەکان بەڵام هێشتا متمانە دروست نەبووە و لە وەرزی هاوین و ساڵانی وشکەساڵی دا ئەو ڕێکەوتنانە پێشڵ دەکرێن. بۆ نمونە تەنها بۆچارەسەری ئاو لە عێراق لە نێوان عوسمانی و سەفەوی دا ڕێکەوتن کراوە، پاشان لەسەردەمی ئینتیدابی بەریتانیا و دواتر سەردەمی پاشایەتی و پاشانیش ڕێکەوتنی بەعس و شای ئێران و ڕێکەوتنی جەزائی، کە بەشێکی زۆری لەسەر ڕێرەوە ئاوییەکان و بەڕێوەبردنی ئاو بووە، کەچی سەرەڕای ئەوانەش ٨ ساڵ جەنگی لێکەوتەوە، کە هۆکانی جەنگەکە زۆرن بەڵام بەشێکی دیسان لە سەر ئاو بووە. تورکیاش وەک هەمیشە هەڕەشەی گرتنەوەی ئاو لە عێراق دەکات هەندێک جاریش بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەدات ئاو بەرامبەر بە نەوت دەدات بە عێراق، هەر لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاوی خواردنەوەش بە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی دەفرۆشێت، پڕۆژەی "گاپ" کە لەسەر ڕوباری دیجلە و فورات دروستی کردووە، کە پێکدێت لە 22 بەنداو، دەتوانێت تا نزیک وشک بوون ئاو لە عێراق و سوریا بگرێتەوە. لە 24 ـ ئایاری ـ 2025 پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە بەغداد بەڕێوەچوو، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند: بەهۆی کەمی ئاوەوە عێراق ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی دەبێتەوە، بۆیە وڵاتانی دراوسێ دەبێت بە سیاسەتی گلدانەوەی ئاودا بچنەوە، ئەوە لەبەرچاوبگرن کە ڕووبارەکان هاوبەشن لەنێوان وڵاتاندا. بەهۆی گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێران و تورکیا، چەندین دەریاچە و روبار لە عێراق وشکبوون. هەروەها کەرتی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، گەشتیاری، سامانی ماسی و بەرهەمهێنانی کارەبا، تەنەنات ئاوی خواردنەوەش بە رێژەیەکی بەرچاو رووی لە کەمبوونەوە کردووە، بە تایبەت ئاوی ڕوباری دیجلە و فورات لە خاکی عێراق و ڕۆیشتن بە بیابانەکاندا سوێر دەبێت و بە کەڵکی خواردنەوە نایات. عێراق وڵاتێکە لەڕووی سیاسییەوە ئارام نییە و پڕە لە ناکۆکی سیاسی و ئیداریی، ئەمانەش هۆی سەرەکین کە وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت تورکیا و ئێران سیاسەتی ئاوییان خراپ بێت بەرامبەر بە عێراق، ئەمەش بۆ ئایندەی عێراق ئێجگار مەترسیدارە و کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. عێراق کارتی فشاری زۆر کەمە بەرامبەر ئەو دوو دەوڵەتە بۆیە ئەگەر ئەو دوو وڵاتە پابەندی یاسانێودەوڵەتییەکان نەبن بۆ پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان ئەوا عێراق لە چەند ساڵێکی کەمدا ڕوبەرووی شەڕو و قەیرانی ئاو دەبێتەوە. هێز و توانای عێراق زۆر لە خوار ئەو دوو وڵاتەوەیە، بۆیە بە ناچاری دەبێت مل بۆ هەر داوایەکی ئەوان بدات لەبەرامبەر پێدانی ئاودا.
ئامادەکردنی ئەحمەد ڕەسوڵ بۆ ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە لەگەڵمان بن: لە ساڵانی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان بووەتە ئامانجی بەردەوامی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیا و ئێران بە پاساوی بەئامانجگرتنی لایەنە سیاسیی و چەکدارە نەیارەکانیان. هێرشەکان لێکەوتەی سیاسیی و ئابووریی و مرۆیی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە و کاریگەریی هەبووە لەسەر ئاسایشی هەرێمەکە و سەروەرییەکەی ئەمەش نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا. تورکیا بە پلەی یەکەم دێت لە بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ڕووبەڕوونەوەی هێزە چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە. ئۆپەراسیۆنەکان و هێرشە درۆنییەکانی تورکیا زیانی گەورەی ئابووریی، ماددی و مرۆیی و ژینگەیی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە. لەم دواییانەشدا، سەرباری ڕاگەیاندنی ئاشتیی و پڕۆسەی چارەسەریی لەلایەن ئەو لایەنە و ڕابەرەکەیانەوە بەڵام هێشتا هێرشەکا بەردەوامن. لەلایەکی ترەوە، ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار مووشەکبارانی هەندێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە بە بیانووی بە ئامانجگرتنی لایەنە سیاسییە کوردییە نەیارەکانی. ئێرانیش هەندێک جار لە ڕووبەڕوونەوەی ئەو لایەنانەدا بە تایبەتی لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناسراو بە شۆڕشی ژینا، سوودی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بینیوە. شەپۆلێکی نوێی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە سەرەای مانگی تەمموزی ٢٠٢٥ بوو. نزیکەی ٢٠ هێرش کرایە سەر ژێرخانی نەوتی هەرێمی کوردستان کە کێڵگە نەوتییەکانی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا کردە ئامانج. ئەم هێرشانە کاریگەری گەورە و هەمەلایەنیان هەبووە. لێرەدا ووردەکاریی هێرشەکان دەخەینە ڕوو لە دیاریکردنی ئەو پێگە و کێڵگانەی کراونەتە ئامانج و زیانیان بەرکەوتووە، بەم شێوەیەیە: - کێڵگەکانی تاوکێ و پێشکەبیر کە لەلایەن کۆمپانیای DNO ی نەرویجەوە بەڕێوەدەبرێن. - کێڵگەی سەرسەنگ کە لەلایەن کۆمپانیای HKN Energy ی ئەمریکییەوە بەڕێوەدەبرێت. - کێڵگەکانی خورمەڵە و عەین سیفنی نزیک هەولێر و دۆهوک. ئەم هێرشانە زیاتر لە لە سەدا شەستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگرتووە و بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕێژەی ١٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە. کاریگەرییە ئابوویی و سیاسییەکان: ئەم هێرشانە تواناکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە لە پاراستنی سەربەخۆیی سەروەرییدا. هەرچەندە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بە بەیاننامە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کردووە. بەڵام پارچە پارچەبوونی کایەی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەهایکردووە پیشاندانی هەڵوێستێکی هاوبەشی یەکگرتووی نیشتمانی ئاسان نەبێت. بە تایبەتی کە لەم هێرشانەی دواییدا بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژە دەکرێت بۆ هێزە چەکدارە شیعییەکانی نزیک لە ئێران، لە کاتێکدا بەغدا، ئەو تۆمەتانە ڕيتدەکاتەوە و بەبێ بەڵگە ناویان دەبات. لە پەیوەند بە هێرشەکانەوە، دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی کورد بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، پەرلەمانی عێراق نەیتوانی تاوتوێی هێرشەکان بکات. هەندێک لە شیکەرەوەکان هێرشەکان وەکو بەشێک لە هەڵمەتی فشارکردنەکان لێکدەدەنەوە کە پەیوەستە بە ناکۆکیی نێوان هەرێم و بەغدا و تەرخانکردنی بودجە و پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان. هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ دانوستان و ڕیککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و ڕەوانەکردنی مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێم. لێرەدا ئاماژە بکرێت بۆ ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە بە قەیرانێکی ئابووریی قورس و ئیفلیجییەکی داراییدا تێپەڕدەبێت. فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و حکومیی لە هەرێمی کوردستان لە دوای مانگی نیسانەوە کە بەرەو نزیکەی سێ مانگ دەچێت، هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە. سەرباری هەڵئاوسانی نرخی کاڵا و خواردەمەنی و پێداویستییەکان، جووڵەی بازاڕ و بازرگانی گەیشتووە بە ئەوپەڕی لاوازیی و دۆخی دەزگا حکومییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان نزیکە لە وەستانەوە. لەبەرئەوەی ئابووریی هەرێم بە پلەی یەکەم و سەرەکیی پشت دەبەستێت بە داهاتی نەوت، لەبەرئەوە ئەم هێرشانە وەکو پێشتر ئاماژەی بۆ کرا، زیاتر لە لە سەدا شەستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگرتووە و بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕێژەی ١٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە، کاریگەری گەورەی لەسەر هەرەسهینانی زیاتری ئابووریی و دارایی هەرێم دەبێت. کاردانەوە نێودەوڵەتیەکان: ئەمریکا هێرشەکانی سەرکۆنە کرد و داوای لە بەغدا کرد کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و سەقامگیری کێڵگە نەوتییەکان و ناوچەکە بە گشتی بپارێزێت. دوابەدوای هێرشەکان نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک یەک دۆلار بەرزبووەوە، ئەمەش گوزارشتە لە دڵەڕاوکێی بازاڕی جیهانی. دەرئەنجام: هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق هەڕەشەی گەورەن لەسەر ژێرخانی ئابووریی و جێگیریی سیاسیی و ئەمنیی هەرێم و عێراقیش. تێەپەڕبوونی ئەم هێرشانە بەبێ بەدواداچوون و لێپرسینەوەیەکی بەهێزی سیاسیی و دیپلۆماسیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، دەرئەنجامی زنجیرەیی زیانی گەورە و کارەساتباری بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لێدەکەوێتەوە.
هیواساعدی لە ئێستاشدا نەک هەرلەسەر ئاستی هەرێم بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە سەرکردەکان و پارت و لایەنە سیاسیەکان پاڵپشتی یەکترببن بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پێگەی حکوومەتی کوردستان دەتوانین ڕێگەنەدەن مەرام و ئاواتی ناحەزان بێتەدی. ئیسماعیل ئاغای شكاك ناسراو بە سمكۆی شكاك ١٨٨٧-١٩٣٠ شۆڕشگێڕێكی كوردی ڕێبەری ھۆزی شكاك بوو كە بۆ ماوەیەك دەسەڵاتی ناوچەی ڕۆژاوای گۆلی ورمێ لە حكوومەتی ناوەندیی ئێران سەندەوە سمكۆ ناوی ئیسماعیلە و كوڕی محەمەد پاشای كوڕی عەلی خانی كوڕی ئیسماعیل ئاغای شكاكە و بنەماڵەكەیان لە مێژەوە گەورە و دەسەڵاتداری خێڵی شكاك بوون. سمكۆ ساڵی ١٨٨٧ لەدایك بووە و پاش مردنی باوكی و جەعفەر ئاغای برای، سەركردایەتی شكاكی گرتۆتە دەست و لەدوای شەڕی جیھانی یەكەمەوە دەستی بە گرتنی ناوچەكانی قەراغی گۆلی ورمێ كردوە. ھەرچەندە لە ساڵانی شەڕی یەكەم جیھانیدا سمكۆ لە ھیچ چالاكییەكی سیاسی بەشداری نەكردبوو، بەڵام ھێزەكانی ڕووسیا گرتیان و دووریان خستەوە بۆ شاری تفلیس و دواتر ئازادیان كرد بەو مەرجەی خۆی دابنیشێ و ھیچ ھەڵوێستێك دژی ڕووسەكان نەنوێنێت كە شەڕی یەكەم كۆتایی ھات سمكۆ وەك سەركردەیەكی سیاسی ناوی دەركرد و لەپێناو دامەزراندنی ئیدارەیەكی كوردیدا ساڵی ١٩١٩ شۆڕشی بەرپاكرد و گەلێ ناوچەی گرنگی خستە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە، ساڵی ١٩٢١ لە ئەنجامی لەشكركێشییەكی گەورەی ھێزەكانی حكومەتی ئێراندا سمكۆ ناچار بوو پاشەكشێ بكات و پەنا بەرێت بە توركیا. ساڵی ١٩٢٤ بە بڕیارێكی لێبوردن گەڕایەوە ئێران و ساڵی ١٩٢٦ جارێكی تر شۆڕشی بەرپاكردەوە. بەڵام ئەمجارەشیان شۆڕشەكەی تێكشكاو ماوەیەك لە توركیادا بە دەستبەسەری مایەوە. پاش ئازاد كردنی گەڕایەوە ئێران و ساڵی ١٩٣٠ بە پیلانێكی كاربەدەستانی ئێران لە شاری شنۆ كوژرا، .بەمەش شۆڕشەكەی شكاك كۆتایی ھات كە یانزە ساڵ درێژەی كێشابوو. سمكۆی مەزن لە مێژووی پڕ لە تێكۆشانی كورد و هاوكات لە ڕەوتی مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد دەور و ڕۆڵێكی گرینگ و كاریگەری گێڕاوە، ئەو خەبات و تێكۆشانەی سمكۆی مەزن پێگەی كوردی لە سەردەمی خۆیدا بەهێز كرد و دواتریش ناوی چووە نێو ئەو كەسانەی كە لە مێژووی ئەم نەتەوەییەدا ڕۆڵی مەزنیان بینیوە و سەروەرییان خووڵقاندووە. سمكۆی مەزن لەو كاتەشدا كە ڕۆژهەڵاتی كوردستانی بەجێ هێشت و ڕووی كردە باكووری كوردستان، لەو ماوە كورتەدا كە لەوێ بوو هەوڵیدا كە لە گەڵ گەورە پیاوان و دەسەڵاتدارانی تورك و كورد و تەنانەت نەتەوەكانی تریش پێوەندی بگرێت و لە مەڕ پرس و كێشەی كورد گفتوگۆ بكات و هەوڵ بۆ پێگەیەكی نوێ و ڕێكخستنەوەی ماڵی كورد بدات، بەڵام لەو سەردەمەدا كەمكەس دەیتوانیی وەك سمكۆی شۆڕشگێڕ ڕۆڵی یەكلاكەرەوە بگێڕێت و تەنانەت كەم كەسیش هەبوو كە وەك ئەو بیر بكاتەوە. نەبوونی ڕاوێژكاری سیاسیی و ئاگاداری ڕووداوهكانی جیهان و ناوچەكە لە دەورووبەری سمكۆ ئاسۆی شۆڕشەكەی بەرو ئاوابوون برد و گیانی خۆشی لەو ڕێگایەدا كردە قوربانی نەتەوەی كورد، نەتەوەك كە قد ڕۆڵ، پێگە و خەباتی سمكۆی دلاور لەبیر ناكات و خەباتەكەی بووەتە چرای ڕووناكیی بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد شەهید سمكۆ لە باری دیپلۆماسی و سیاسیشەوە كەسایەتییەكی مەزن، لێزان، بەئەزموون، زیرەك و تێكۆشەر بوو. دەیان جار هەوڵی داوە كە لە گەڵ بریتانییەكاندا لە ڕێگای جیاجیا و بە شێوازی جیاواز پێوەندی بگرێت، بەڵام هەوڵەكانی بێكام بوو، چونكوو بریتانییەكان پلانێكی تاییبەت بە كوردیان پێنەبوو. پتر لەو هێزانە نزیك دەبوونەوە كە بە دەسەڵاتی فرە سەرمەستیان دەكردن، ئەوەش لە لای كورد هێڵی سوور بوو. چونكوو كورد خۆی بە خاوەنی ئەم نیشتیمانە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووك دەزانی و ماڵ و ژین و ژیانیان نەدەدایە دەستی بێگانەكان. ئەوەش یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی شۆڕشی كورد لە مێژووی شەش سەدەی ڕابردوودا بووە كوردستان لەبەر دەوڵەمەندیی خاكەكەی و هەڵكەوتە ستراتیژییەكانیی بەردەوام چاوی بێگانەكانی لەسەر بووە ئەو هێزانەش كە ئاماژەم پێكردن بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان ئاڵوگۆڕیان لەناوچەكەدا هێناوەتە كایەوە و ئەوەی كە ڕەچاو نەدەكرا ڕۆڵ و پێگەی كورد لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چیاكانی زاگرۆس بوو. هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەركردەكانی كورد هیچكات نەچوونەتە ژێر باڵی هێزە جیهانییەكانەوە و لە بەرامبەردا داگیركەرانی كوردستان بە ئاسانی لەگەڵ وڵاتە زلەێزەكاندا ڕێكەوتوون و ئیزنیان بە ڕاماڵكردنی بەربوومەكانی ناوچەكە داوە. بێگومان بریتانیی، فەرەنسیی، ڕووسەكان، وڵاتانی داگیركاری ئەو سەردەمە و بەتاییبەت ئەورووپییەكان ئامانجیان لەداگیركردنی ناوچەكە دەست بەسەرداگرتنی بەربوومەكانی ناوچەكە و دەست ڕاگەییشتن بە كانگاكانی زێڕ، ئاسن و بەردی بەنرخ بووە. بە ڕێكەوتنیش لەگەڵ داگیركەرانی كوردستان بەئاسانیی ئامانجهكانیان دەپێكا. ئەوانیش بەردەوام دژی دەستكەوتی سیاسیی كورد بوونە، چونكە لە ئەگەری ئەوەدا كە كورد بگەییشتبایە دەسەڵات دەبوو ئەوان ناوچەكە چۆڵ . بكەن و سمكۆی سەركردەش لەگەڵ ئەوەدا نەبووە كە سەرمایەكانی كوردستان لەلایەن داگیركەرانەوە ڕاماڵ بكرێت ئەو دوو هێزەی كە ئاماژەی پێكرا تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان و دۆستەكانیان دەكردەوە، درووست بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی كورد لەقازانج و بەرژەوەندی بریتانی و ڕووسەكاندا نەبوو، چونكه نەتەوەیەك بەو مێژووە مەزنەی كە هەیەتی دەیتوانی لە داهاتووی خۆیدا ببێتە یەكێ لە هێزە گرینگەكانی ناوچەكە و تەنانەت جیهانیش. ئەوەش ڕۆلی بریتانی و ڕووسەكانی لاواز دەكرد. وەك ئاماژە؛ كورد لە شەڕی یەكەمی جیهانیدا لەگەڵ هیچ كام لەو دوو هێزە نەكەوت و تەنیا لە بیری هێز و ڕۆڵی خۆی و ڕێكخستنەوەی پێگەی هێزەكانی لە ناوچەكەدا بوو. لەڕوانگەی ئەو دوو هێزەش كە داگیركەری ناوچەكە بوون، ئەگەر لایەنێك لە ناوچەكە گرینگی بە پێگە و ڕۆڵیان نەدات ئیتر وەك مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانیان پێناسەیان دەكرد هەروەك لە سەرەوە ئاماژەی پێكرا سمكۆی مەزن هاوكات پێوەندی لەگەڵ نەتەوەكانی ناوچەكەشدا هەبوو، پێی وابوو كە پشتیوانی دەرەكیی لەسەر خستنی كێشەی كورد و دەستبەركردنی مافەكانی پێویستە و دەتوانێت ڕۆڵێكی گرینگ بگێڕێت. سمكۆی مەزن بەپێی بەرژەوەندیی كورد پێوەندی لەگەڵ داگیركەرانیش دەگرت، ئەو باوەڕێكی قووڵی بە دیپلۆماسی و چارەسەركردنی كێشەی كورد بەشێوەی ئاشتییانە و دۆزینەوەی ئەو چارەسەرییە بە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ هەبوو. سمكۆی مەزن كەسایەتییەكی و چەكدارێكی پارتیزان و بەورە بوو كە بەپێی دۆخ و هەلومەرج هێزی كۆ دەكردەوە و بڕیاری شەڕی دەدا، لە كاتی .پێویستیشدا دەستی بە دیالۆگ و گفتوگۆ دەكرد و هەنگاوی ئەرێنیی دەهاوێشت. سمكۆی مەزن دەیان جار لەو پێناوەشدا گیانی خۆی خستووەتە مەترسیی، تەنیا بە مەبەستی ئەوەكە بتوانێ چارەسەرێكی بنەڕەتیی بۆ دۆزی ڕەوای كورد بدۆزێتەوە.
ئامادەکردنی هاوڵاتی لەگەڵمان بن بۆ ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە لەبارەی دواهەمین پەرەسەندنەکان و ئەگەرەکان. پارێزگای سوەیدای زۆرینە دروزییەکان لە ئەوپەڕی باشووری سوریا، بووەتە ناوەندی پەرەسەندنی توندوتیژیی و گرژی جیۆپۆلەتیکی. لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی دروز و گروپە چەکدارەکانی هۆزە بەدەوییەکان بە هاوکاری چەکدارە دینییە توندڕەوەکان، لە پارێزگای سوەیدا پەرەسەندنێکی خێرای بەخۆیە بینیوە و تا ئێستا بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ژمارەی کوژراوان لە ٩٠٠ کەس تێپەڕیوە. سەرەڕای ئاگربەستێکی نێودەوڵەتی کە لە ١٩ی تەمموزدا ڕاگەیەندرا، شەڕەکان بەردەوامن لە وێرانکردنی ناوچەکە، ئەمەش پرسیار لەبارەی بەردەوامیی هەوڵەکانی ئاشتی و کاریگەرییە بەرفراوانەکانی لەسەر سەقامگیری دۆخی هەستیاری سوریا دروستکردووە. ململانێکان لە دوای کشانەوەی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە سوەیدا سەریهەڵدا، کە بۆشایی دەسەڵاتی دروستکرد و ئەمەش بوو بە هۆکاری ئەوەی گروپە چەکدارەکان پەلە بکەن بۆ پڕکردنەوەی. تۆمەتبارکرنەکان زۆرن لەوانە: قاچاگچێتیی خێڵەکان، دڵسۆزیی بۆ بێگانە، دەست لە پشتدانی دەرەکیی و زۆری تر و ئەمەش بەس بوو بۆ کڵپەکردن و هەڵگیرساندنی جەنگێک کە نەوەکو تەنها لە نێوان گروپە چەکدارەکان دابگیرسێت بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی جەنگ لە نێوان خەڵکی مەدەنیی. دۆخەکە خراپتر بوو کاتێک ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر سوپای سوریا و پێگە سەربازییەکانی سوریای کردە ئامانج، لەنێویاندا وەزارەتی بەرگری لە دیمەشق و تا گەیشتە بە ئامانج گرتنی کۆشکی سەرۆکایەتییش. ئیسڕائیل پاراستنی پێکهاتەی دروزییەکانی وەک پاساو هێنایەوە. بەڵام ئەم لێدانانە بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە و دەڵێن گرژیەکان زیاتر دەکەن و سەروەری سوریا تێکدەدەن. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی ڕاگەیاند، کە بە نێوەندگیری ئەمریکا پشتگیری لێکرا و لەلایەن زلهێزەکانی ناوچەکە لەوانەش تورکیا و ئوردن پشتگیری لێکرا. پلانەکە بریتییە لە جێگیرکردنی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی لە نێوان دەرعا و سوەیدە و گەڕاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی دامەزراوەکانی دەوڵەت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاگربەستەکە پێشێل کراوە و لە گەڕەکەکانی ڕۆژئاوای شاری سوەیدا پێکدادانە چەکدارییەکان بەردەوامن. نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: وێرانکاریی و زیانەکان زۆر گەورەن و مەزەندە دەکرێت کە لە سەرەتای دەستپێکردنی توندوتیژییەکانەوە زیاتر لە ٨٧ هەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵەکانیان و نەخۆشخانە و بە گشتی ژێرخانی پارێزگاکە بە شێوەیەکی بەرفراوان وێران بووە. کارەبا و ئاو لە شارەکەدا نەماوەو هێڵەکانی پەیوەندیی پچڕاون و هاوڵاتیانی مەدەنی لە دۆخێکی سەختدان. سەرکردایەتی ڕۆحی کۆمەڵگەی دروز بە سەرۆکایەتی شێخ حیکمەت ئەلهیجری پشتیوانی بۆ ئاگربەستەکە دەربڕی و داوای گتوگۆی عەقڵانی و ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانی دەرەکیی دەکات. هاوکات سەرکردەکانی دروزەکان لە لوبنان داوای نێوەندگیری عەرەبی و تورکیایان کردووە و هۆشدارییانداوە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی جەنگی تائیفی بۆ وڵاتانی دراوسێ. هەندێک لە شیکەرەوەکان باس لەوە دەکەن کە قەیرانی سوەیدا تەنها ململانێیەکی ناوخۆیی نییە بەڵکو بەشێکە لە پلانێکی فراوان بۆ ڕێکخستنەوەی ناوچەکە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥. حکومەتی ڕاگوزەری کاتیی نوێی سوریا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی گرینگ دەبێتەوە کە ئەویش بریتییە لە تواناداری یان بێتوانایی لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی خەکی سوریا و جێگیرکردنی ئارامیی و ئازادیی بۆ سەرجەم پێکهاتەکان. ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت و سەردەگرێت یان بە پێکدادان و توندوتیژیی زیاتر هەڵدەوەشێتەوە و کۆتایی پێدێت؟ پێدەچێت چارەنووسی سوەیدا، داهاتووی سوریا دیاریبکات. پارێزگاکە هەم وەک هێمای بەرخۆدان و هەم وەک خاڵی گەرم و چڕبوونەوەی ململانێی ناوچەیی دەبینرێت سەرباری ئەوەی ئاشوبێکی پێشبینی نەکراو و کارەساتێکی مرۆیی گەورە تێیدا بەڕێوەدەچێت.
ئامادەکردنی هاوڵاتی لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد و گەیشتنی بەرەی ڕزگاریی شام و ئەحمەد شەرع بە دەسەڵات، ئەزموونێکی پڕ ئاڵنگاریی لەبەردەم دەسەڵاتە نوێیەکەی دیمەشقدا بوو. ئەحمەد شەرع ویستی لەلایەک دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، لە سەروو هەموویانەوە، ئەمریکا لە خۆی ڕازیبکات و مانەوەی دەسەڵاتدارێتییەکەی مسۆگەر بکات، لەلایەکی تریشەوە هێزە دینییە توندڕەوەکان کە هاوپەیمانی دێرینەین لە خۆی ڕازیبکات. ئەمەش ئەگەر ئەستەم نەبێت کارێکی قورسە. کۆمەڵگایەکی سەرکوتکراوی ژێر دەستی پێنج دەیە لە دیکتاتۆرییەتی ڕژێمەکەی ئەسەد وایکردبوو هەموو جیاوازییە نەتەوەیی، دینیی و ئیتنیکییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی گەلانی سوریا بێدەنگ بکرێن و دەرفەتی دەرکەوتنیان پێنەدرێت. ئێستا کوردەکان، دروزەکان و چەندین پێکهاتەی تر ویستی خۆبەڕێوەبەریی و نوێنەرایەتییکردنی خۆیان و کۆتاییهاتنی سەرکوت و چەپاندیان وەکو بەشێک لە سیمای دیموکراتیی وڵاتی سوریا دەبینن. کوردەکان کە لە سەدا ١٠ ی دانیشتوانی سوریا پێکدەهێنن، لە ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا دەەسەڵاتدارێتییەکی خۆسەریی دیموکراتیکیان دامەزرانددوە و هێزێکی چەکداریی تۆکمە و بە دیسپلینیان هەیە و تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو ناوچەیە لە ئازادیی و سەلامەتیی خۆیان و ژیانێکی ئارام بەهرەمەندن. عەلەوییەکان کە لە سەدا ١٢ ی دانیشتوانی سوریا پێکدەهێنن لە ناوچەکانی خۆرئاوای وڵاتەکە نیشتەجێن. لە درێژایی پێنج دەیەی دەسەڵاتدارێتیی ڕژێمەکەی ئەسەد، عەلەوییەکان دەسەڵاتێکی زۆریان هەبوو، بەوپێیەی بنەماڵەی ئەسەد سەر بە پێکهاتەی عەلەوییەکان بوون. خۆری دەسەڵاتی عەلەوییەکان لەگەڵ کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد، ڕووی لە ئاوابوون کرد. ئەم پێکهاتەیە لەلایەن چەکدارە دینییە توندڕەوەکان و بەشێکی سوپای حکومەتی نوێی سوریاوە بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان پیاو و منداڵ و ژن و بەتەمەنەکان، دووچاری دڕندایەتییەکی زۆر و کۆمەڵکوژییەکی گەورە هاتن، تەنها لە مانگی ئازاردا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە عەلەوییەکان کۆمەڵکوژ کران. لەلایەکی ترەوە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، بە بڕیاری ترەمپ، ئەمریکا سزاکانی سەر سوریای لابرد و هەروەها ئەحمەد شەرع و بەرەی ڕزگاریی شامی لە لیستی ڕەشی تیرۆر دەرهێنا. ئەمەش لە دوای کۆبوونەوەی شەرع لەگەڵ ترەمپ لە سعودیە بەنێوەندگیریی شا محەممەد سەلمانی پاشای سعودیە. ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، خۆبەخۆ واتا ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسڕائیلیش، هەروەها ئەم ڕێککەوتنەش بە مانای چاوپۆشییکردن دێت لە ڕەفتار و ىڕیارەکانی لە ناوخۆی سوریا، ئەمە لێکدانەوەی شەرع بوو بۆ ڕێککەوتنەکە. لە هێڕشەکانی ماوەی ڕابردووی چەکدارە بەدەوییەکان بۆ سەر هێزە چەکدارە دروزییەکان و دواتریش بەشدارییکردنی هێزە چەکدارە دینییە توندڕەوەکان لە کوشتار و سوکایەتی پێکردنی دروزییەکان و هەروەها هاتنە ناوەوەی سوپا، لە ئەنجامدا ئیسڕائیل بۆ بەرگریکردن و پاراستنی دروزییەکان هاتە ناوەوە و سوپای سوریای کردە ئامانج کە بەرەو پارێزگای سوەیدا لە پێشڕەویدا بوو و هەروەها لە سێ ڕۆژی ڕابردوو، تەنانەت دیمەشقی مووشەکباران کرد کە کۆشکی سەرۆکایەتی و بینای وەزارەتی بەرگریی بە ئامانج گرت. لە دوای هێرشەکەی ئیسڕائیل، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تامی بروس، ڕایگەیاند: ئەمریکا بە توندیی ئەو توندوتیژییە شەرمەزار دەکات و پێویستە هەموو لایەنەکان هەنگاو بنێن بەرەو گفتوگۆیەکی مانادار و ئاگربەستێکی بەردەوام. هەروەها ووتی: پشتگیریی لە هێڕشەکانی ئیسڕائیل دەکەین. هەروەکو لە ڕاپۆرتێکی پێشووتری هاوڵاتیدا، هاتووە، پەیوەندیی دروزەکان و ئیسڕائیل دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نزیکەی ٢٠ هەزار کەس لە دروزییەکان لەگەڵ ٢٥ هەزار کەس لە جووەکان لە بەرزاییەکانی جۆلان لە ٤٠ ساڵی ڕبردووەوە پێکەوە دەژین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە دروزییەکان لە ئیسڕائیل نیشتەجێن و هاوڵاتی ئیسڕائیلن. بەشيێک لە شیکەرەوەکان، پێشبینی ئەوە دەکەن پارێزگای سوەیدا، کە ناوەندی نیشتەجیی زۆرینەی دروزەکانی سوریایە و ناوچەکانی دەوروبەری بەرزاییەکانی جۆلان وەکو تامپۆنێک و پشتێنەیەکی ئەمنی بۆ ئیسڕائیل بونیاد بنێت بە شێوەیەک کە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا تەنها بەشيێوەیەکی سیمبولیک بوونیان دەبێت. هەروەها لەلایەکی ترەوە سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، ڕایگەیاند: بە زەبری هێز، ئاگربەستمان سەپاند. لە دوای هێڕشەکانەوە، ئەحمەد شەرع بڕیاریدا بە کشانەوەی سوپا و ڕاگەیاندنی ئاگربەست. لە دوای ئەم هاتنە ناوەوە توندەی ئیسڕائیلەوە، بە خێرا ئاگربەست کرا و بە دوایدا ڕێککەوتن ڕاگەیەندرا. هەرچەندە تا ئێستاش گرژیی و پێکدادانە چەکدارییەکان بەردەوامن. هەروەها سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی هەسەدە، مەزڵوم عەبدی، ڕایگەیاند: پێویستە ئەو توندیژییەی لە دژی دروزییەکان ئەنجامدەدرێت بە خێرایی بوەستێنرێت. لەلایەکی ترەوە، کەسایەتیی کاریگەر و سیاسەتمەداری ناودار، ساڵح موسلیم، ڕایگەیاند: ناچینە ناو سوریایەکەوە کە خەلافەت حوکمی بکات. هەندێک لە شیکەرەوەکان دەڵێن، لە تەمەنی ئەو چەند مانگەی حکومەتەکەی شەرعدا، دوو کۆمەڵکوژیی ئەنجامبدرێن لە دژی عەلەوییەکان و دروزییەکان، ئەی لە بەهێزبوونیدا دەبێت چیتر لە هەگبەکەیدا بێت و ئەنجامی بدات، کە ڕێک و ڕاست مەبەست لە ڕووبەڕوونەوە و جەنگ لە دژی کوردەکانە. هەسەدە و کوردەکان، بە تەواوی لەلایەن ئەمریکا و دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپاوە پشتگیری دەکرێن و هەروەها خاوەنی ١٢٠ هەزار چەکداری ڕاهێنراو بە دیسپلینن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی خاوەنی ئەزموونی بێوێنەی بەرەنگاربوونەوە و شکستپێهێنانی هێزێکی دڕندەی وەکو داعشن. - ئایا پێشبینی تۆ بۆ ئایندەی حکومەتەکەی شەرع چییە؟ - ئایا بەبۆچوونی تۆ، جارێکی تر دروزەکان دەکەونەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئێستای دیمەشق و هەڕەشەی بوونیان بکەوێتەوە سەر؟ - ئایا بەڕای تۆ ئایندەی پەیوەندی کوردەکان و هەسەدە لەگەڵ دیمەشق چۆن دەبێت؟
ئامادەکردنی هاوڵاتی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووەوە جەنگێکی ناوخۆیی کە لێکەوتەی دەرەکیشی هەیە، بەرۆکی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعی گرتووە. پێکدادانی چەکداریی توندیی نیوان هێزە چەکدارییە دروزییەکان و هێزە چەکدارە بەدەویی و دینییە توندڕەوەکانی نزیک و هاوپەیمانی ئەحمەد شەرع بووەتە هۆی هاتنەناوەوەی سوپای سوریا بۆ ناو شەڕەکە. با لە سەرەتایەک بۆ ئاڵۆزییە مێژووییە مەترسیدارەکەوە دەستپێبکەین لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد و دەسەڵات گرتنە دەستی ئەحمەد شەعەوە، لە مانگی ئازاردا هێزە چەکدارە ئیسلامییەکانی هاوپەیمانی حکومەتی نوێی سوریا و سوپا، کەوتنە سەرکوتکردنی عەلەوییەکان لە شاری لازقیە لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە. دەبێت هێما بۆ ئەوە بکرێت کە بنەماڵەی ئەسەدی دەسەڵاتداری پێشووی وڵاتەکە سەر بە مەزهەبی عەلەویی بوون. دواتریش لە مانگی نیسان، پێکدادان لە نێوان چەکدارە بەدەویی و میللیشیا ئیسلامییە سوننیەکان لەلایەک و دروزەکان لەلایەکی تر ڕویدا. ئێستا با بزانین بنەڕەتی کێشەکە چۆنە و دەڕوزەکان کێن؟ دروزەکان بە یەکێک لە ئاینزاکانی ئاینی ئیسلام هەژمار دەکرێن. ژمارەیان بە یەک ملیۆن دەخەمڵێنریت کە لە وڵاتانی لوبنان، سوریا و ئیسڕائیلدا نێشتەجێن. ڕیشەیان دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتای سەدەی ١١ ی زاینیی کە لە میسرەوە دروستبوون و هاتوون بۆ ئەو ناوچەیە. دروزەکان بەهۆکاری کەمینەبوونیان و هەڕەشەی کەمبوونەوەیان، یاسای هاوسەرگیریی ناوخۆییان هەیە، واتا دروزەکان بۆیان نییە و ناتوانن هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسێکی دیکەی دەرەوەی خۆیان و سەر بە ئایین و ئاینزایەکی دیکە بکەن. دروزەکانی سوریا، زۆرینەیان لە پارێزگای سوێدە نێشتەجێن. بەشێک لە دەڕوزەکان لە ناوچەکانی بەرزاییەکانی جۆلان دەژین. لە دوای داگیکردنی بەرزاییەکانی جۆلان لەلایەن ئیسڕائیلەوە لە ساڵی ١٩٦٧ و بە ڕەسمی خستنە سەر خاکی خۆی لە ساڵی ١٩٨١، ژمارەی جوولەکە نیشتەجێکراوەکانی بەرزاییەکانی جۆلان ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی ٢٥ هەزار کەس و هەروەها دروزەکانی بەرزاییەکانی جۆلانیش ژمارەیان دەگاتە ٢٠ هەزار کەس. ئەمەش بووەتە هۆکاری دروستبوونی پەیوەندیی و بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوانی ئیسڕائیلییەکان و دروزەکان. لێرەوە کاریگەری ئیسڕائیل دەبێتە بەشێک لە هاوکێشەکە. سوەیدا، شاری دروزەکان، بۆ بووەتە ئامنجی حکومەتە نوێیەکەی سوریا؟ سوریا، کە ژمارەی دانیشتوانی بە نزیکەیی پێکدێت لە ٢٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس، لە چواردە پارێزگا پێکهاتووە. لە ئەوپەڕی باشووری ووڵاتەکە پارێزگای زۆرینە دروز، سوەیدایە، کە لە ڕووی ڕووبەری خاکەوە سێیەم گەورە پارێزگای ووڵاتەکەیە. پارێزگای سوەیدا، هاوسێیە لەگەڵ پارێزگای دەرعا و پارێزگای ڕیفی دیمەشق لە ڕۆژهەڵات و باکورەوە و هەروەها لە باشوریشەوە وڵاتی ئەردەن. ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە بە نزیکەیی ٥٠٠ هەزار کەس دەبن و ژمارەی دانیشتوانی شاری سوەیدا خۆی دەگاتە نزیکەی ٧٤ هەزار کەس. ئێستا با بزانین کێشەی حکومەتی سووریا لەگەڵ دروزەکان چییە؟ دوای ئەوەی حکومەتی سوریا بڕیاری دا بە داماڵینی چەک لە هەموو گروپە چەکدارەکان و میللیشیاکانی سوریا، ذروزەکان ڕەتیانکردەوە چەکدابنێن بەهۆی ئەوەی هەست بە هەڕەشەیەکی بەهێز لەسەر بوونی خۆیان دەکەن. بۆ ئەمەش، نموونەیەکی سادە ئەوەیە، چەکدارە بەدەویی و ئاینییە ئیسلامییە سوننییە توندڕەوەکان پێش سوپا پەلاماریی دروزەکانیان داوە چەند جارێک. هەروەها نموونەیەکی تریش ئەوەیە سوپا چاوی خۆی لە ئاستی گروپە میللیشیاییە ئیسلامییە سوننیییەکان داخستووە لەبەرئەوەی هاوپەیمانن. ئێستا با پێتان بڵێین، ئەی ئیسڕائیل چۆن و بۆچی لایەکی هاوکێشەکەیە؟ وەکو پێشتر هێمای بۆ کرا لە بەرزاییەکانی جۆلان، جوولەکە نیشتەجێکراوەکان و دروزەکان پێکەوە دەژین و تێکەڵاو بوون، هەروەها بەشێک لە دروزەکان لە ئیسڕائیل دەژین و هاونیشتمانی ئیسڕائیلن. لێرەوە ئیسڕائیل بە مافی خۆی دەزانێت کە دەڕوزەکان بپارێزێت و دروزەکانیش چەند جارێک ڕاستەەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەنایان بردووەتە بەر ئیسڕائیل بۆ پارێزگاریی لێکردنیان. حکومەتی ئیسڕائیلیش بڕیاری یەکلاکەرەوەی داوە بۆ بەرگری لێکردن و پاراستنیان. هەروەها هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە سوپا و دەزگا فەرمییە دەوڵەتییەکانی سوریا لە ناوچەکانی نزیک جۆلان دووور بخاتەوە. ژمارەی قوربانیانی پێکدادانەکان تا ئێستا گەیشتووەتە چەند؟ لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، تا ئێستا ٣٠ کەس کوژراو و نزیکەی ١٠٠ برینداری لێکەوتووەتەوە. ئەو توندوتیژییە بووەتە هۆی دەستێوەردانی حکومەتی سوریا و تا ئێستا ١٨ سەرباز کوژراون. هێزە ئیسلامییەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ حکومەتی سوریا، پەیوەندییان بە شەڕەکەوە کرد، ئەمەش نیگەرانییەکانی دروزەکانی زیاتر کرد و یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی دروزەکانی وا لێکرد، داوای پاراستنی نێودەوڵەتی بکات. ئیسرائیل بڕیاری یەکلاکەرەوەی داوە کە دروزەکان لە سوریا بپارێزێت. ئیسڕائیل، هێرشی کردە سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا، کە بەرەو سوێدە پێشڕەوییان دەکرد. ئەی تۆ پێت وایە ئەمە زەلکاوێکە و حکومەتی نوێی سوریای تێکەوتووە؟ ئەی بۆچوونی تۆ چییە لەبارەی بڕیاری ئیسڕائیل بۆ پارێزگاری لێکردنی دروزەکان یان ئەمە بە بەزاندنی سەروەری سوریا دەزانیت و دەرئەنجام پارچەپارچەکردنی سوریا وەکو هەندێک وای بۆدەچن؟ بەدەر لەو بۆچوونانە، بۆچوون و پێشبینی تۆ چییە؟
هەر کاتێک لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانێک ئەنجام دەدرێت، یان ناڕەزایەتییەک گرژی و قوربانی لێ دەکەوێتەوە، کۆمەڵێک پرسیار خۆیان ڕاپێش دەکەن لەمەڕ بێ بەرهەمی خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکان. ئەوەی زۆر باس دەکرێت وەک هۆکارێک لە پشت سەرنەکەوتنی خۆپیشاندانەکان، توندی وەڵام و سەرکوت و بێڕەحمی دەسەڵاتدارانە. پێم وایە زۆرینەی خەڵکی کوردستان کۆکن لەسەر ئەم هۆکارە، بەڵام ئەو ڕوونکردنەوەیە و تێگەیشتنە وێنە گەورەکان نیشان نادات. بۆیە، بۆ دەبێت بەدوای هۆکاری دیکەدا بگەڕێین و بیر لە کرداری بەرهەمدار بکەینەوە. من پێموایە هۆکاری سەرنەکەوتنی ناڕەزایەتییەکان زۆرن بەڵام دووانیان یەکلاکەرەوەن، کە لە خوارەوە گفتوگۆیان دەکەین. یەکەم، کەمیی ڕێژەی بەشداربووان لە خۆپیشاندانەکان: داتای خۆپیشاندانەکان لەسەرتاسەری دنیا نیشان دەدات کە تەنیا ئەو خۆپیشاندانانە کاریگەرییان هەیە کە لانی کەم ٣.٥٪ دانیشتوانی وڵاتەکە/هەرێمەکە بەشداری لە مانگرتنەکان، لە خۆپیشاندانەکان، یان ناڕەزایەتییەکان دەکەن. واتە، لە هەرێمێکی وەک کوردستان کە ژمارە دانیشتوانی ٦.٥ ملیۆن کەسە، لە هەر خۆپیشاندانێک کە بەرهەمی هەبێت دەبێت لانی کەم ٢٢٠ هەزار کەس بەشداری لە خۆپیشاندانەکان بکەن. خۆ ئەگەر پرسی مووچە وەک پرسێکی هەنووکەیی وەربگرین، کە ماوەیەکە بووە بە چەقی ناڕەزایەتییەکان، ئەوا دەبێت ڕێژەی بەشداری فەرمانبەران لە داوا کردنی مووچەکانیان ڕەچاو بکەین. بەپێی داتاکان، وا پێدەچێت کە ژمارەی فەرمانبەران لە هەرێم خۆی لە ١.٢٥ ملیۆن فەرمانبەر دەدات. واتە بۆ سەرکەوتنی خۆپیشاندانی مووچەخۆران لانی کەم دەبێت ٤٣ هەزار فەرمانبەر بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن. بەڵام ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت ئەوەیە کە ژمارەی بەشداربووان زۆر لەو ڕێژە و ژمارەیە کەمترە، ئەوە بێجگە لەوەی کە چەقی خۆپیشاندانەکان لە پایتەختی هەرێم، هەولێر، نییە بەڵکوو لە شارەکانی دیکەیە. لەوەش سەیروسەمەرەتر، کە هۆکارێکی بێ کاریگەرییکردنی خۆپیشاندانەکانە، ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاوی بەشداربووان فەرمانبەر نین بەڵکوو چالاکوانن کە لەوانەیە مەبەستی دیکەیان هەبێت لە خۆپیشاندانەکان. ئەوەش دەمانبات بۆ هۆکاری دووەم. دووەم، لە داوای مووچە بۆ ڕووخانی ڕژێم: یەکێک لە دیاردە هەر زەقەکانی خۆپیشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان دیارنەبوونی، بە ئاگایی یان بێ ئاگایی بێت، داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانە، یان داواکانیش لەسەرەتا دیار بن بەڵام هەر کە ناڕەزاییەتییەکان دەست پێ دەکەن ئیدی دروشم و داواکان بە ئاقارێکی دیکە دادەچن، یان دادەبرێن. بەلاڕێ دابردنی داواکان زۆر جار مەبەستدارە، واتە گرووپێکی سیاسیی، نەک پیشەیی، دەچنە ناو خۆپیشاندەران و لە جیاتی داوای پیشەیی (وەک دانی مووچە، دوا نەکەوتنی مووچە، دامەزراندنی دەرچووان، هتد) داوا و دروشمەکان دەپەڕێنەوە بۆ "بڕۆ" (ارحل)، گۆڕینی ڕژێم و لە سێدارەدانی بەرپرسان، هتد. ئەم جۆرە لە داواکاریی و دروشمانە دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتن لە پڕۆسەی گۆڕانکاریی لەسەرخۆ (ئیڤۆلیوشنەری) و زاڵیی تێگەیشتنە شۆڕشگێڕییە چەپیی و ئیسلامییە ڕادیکالەکان، کە گۆڕانکاریی تەنیا لە شۆڕش و ڕاپەڕین و سەرنگومکردنی ڕژێمدا دەبینن. بەکورتی، بۆ سەرکەوتنی هەر خۆپیشاندانێک دەبێت ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لەوەی کە تا ئێستا لە کوردستان دەبینرێت بەشدار بن لە ناڕەزایەتییەکان. هاوکات، چەقی خۆپیشاندانەکان دەبێت لە هەولێر بن. بەڵام دروشمی بڕۆ و سەرنگومکردنی ڕژێم نەک هیچ خزمەت بە سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکان ناکات بەڵکوو دەسەڵات دەخاتە سەنگەر و هەموو فەزایەکی لەبەردەمدا دادەخا و لەباری دەبا.
ئاسۆس هەردى ١- بە شێوەیەکی گشتی وەک چاوەڕێ دەکرا، رۆژنامەو کەناڵەکانی نزیک لە ئەردۆغان و حیزبەکەی (بە حورییەت و میللیەتیشەوە)، سەرتاپا پیاهەڵدانە بە سەرۆک و حیکمەتی سەرۆکدا. هەر هەمووی پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکومەت ئەکەن. ٢- دوو حیزبەکەی ئۆپۆزسیۆن: ئیی پارتی کە حیزبێکی تۆرانییە (چەند ساڵێک لەمەوبەر مەهەپەی باخچەلی جیا بووەوە)، زۆر بە توندی هێرش ئەکاتە سەر ئەردۆغان و حکومەتەکەی. ئەمڕۆ سەرۆکەکەیان (دەرویش ئۆغلو) بەتایبەت هێرشێکی توندی کردە سەر ئەو قسانەی ئەردۆغان کە باسی هەڵەکانی دەوڵەتی ئەکرد بەرامبەر کورد. لەوانە ئیغتالاتەکان (پێی ئەڵێن تاوانی بکەر نادیار: فاعیلی مەجهول جینایەتلەر)، سووتاندنی گوندەکان، ئەشکەنجەو تاوانەکان لە زیندانی دیاربەکر… هتد. دەرویش ئوغلو روو بە ئەردۆغان وتی: تۆ وا ئەزانی ئێستاش لە گەڕەکی قاسم پاشا ئاو ئەفرۆشی! تۆ پێگەی سەرۆکی دەوڵەتت هەیە، چۆن ئاوا بە زمانی خۆت ئیدانەی دەوڵەتەکەت ئەکەیت لەبەردەم ئەوروپاو دنیاو رێکخراوە یاساییە نێودەوڵەتییەکاندا؟ میدیاو نووسەرەکانی ئەم حیزبە رێک بە زمانی سەردەمی شەست و حەفتاکان قسە ئەکەن و هەڵوێستیان لەسەر پرۆسەکە توندتر بووە، نەرمتر نەبووە. ٢- پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، گەورەترین حیزبی ئۆپۆزسیۆن بۆ وەبیر هێنانەوە: ئەم حیزبە خۆی بە میراتگری حیزبەکەی ئاتاتورک ئەزانێ و هەمان ناویشی هەیە. بەشێوەیەکی گشتی لە دوو بۆچوونی جیاوازەوە هێرش ئەکەنە سەر پرۆسەکە. یەکەمیان ئەوانەن کە بە هەمان عەقلییەتی کەمالیزم بیردەکەنەوەو هەر لەوێشەوە بە تەواوی دژی پرۆسەکە قسە ئەکەن. سەری زمان و بنی زمانیان داکۆکی کردنە لەوەی لە تورکیادا جیاوازی نەکراوەو ناکرێ، هەموان هاوڵاتین، ئەو کێشانەی هەن بەرهەمی تیرۆری پەکەکەن. دووەمیان ئەوانەن کە رەنگە بەرامبەر کێشەی کورددا کەمێک نەرمتر بن لە هاوڕێکانی گرووپی یەکەمیان، بەڵام هیچ رۆژێک هیچ بەرنامەو پلانێکی روونیان بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێ نەبووە، جگە لە هەندێ دروشمی گشتی. ئەمانیش هەر دژی پرۆسەکە قسە ئەکەن، بەڵام بە زمانێکی نەرمتر. ئەمانە زۆرتر لەم رونگەیەوە قسە لەسەر پرۆسەکە ئەکەن: ئەردۆغان نە بڕوای بە دیموکراسی هەیە، نە بە چارەسەری کێشەی کورد. ئەمە گەمەیەکە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی خۆی و لێدان لە هێزی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن، واتە جەهەپە. ئەوەتا لەکاتێکدا کە باسی چارەسەری کێشی کورد ئەکا، بەردەوامە لە گرتن و راوەدوونانی ئۆپۆزسیۆن. لەم رووەشەو رەخنە لە دەم پارتی و کورد ئەگرن کە “خەمی بەرتەسکی” چارەسەری کێشەی کورد، وێنە گەورەکەی لێ شاردوونەتەوە کە تورکیا بەرەو دیکتاتۆرییەتی یەکجارەکی ئەردۆغان ئەڕوا، کوردیش بەم پرۆسەیە دەبێتە هاوکاری ئەردۆغان. لە بەرامبەردا وەکو وتم، جەهەپە هیچ بەرنامەیەکی بۆ کورد نەبووەو نیە. بگرە هەر کاتێ دەوڵەتی تورک پەلاماری کوردی دابێ، ئەوان ئەگەر هاوکاری نەبووبن، ئەوا بێدەنگییان هەڵبژادووە. سەیر ئەوەیە جەهەپە خۆی بە حیزبێکی چەپ ئەزانێ و ئەندامی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆ نالە! لێرەشەوە با بێمە سەر رۆژنامە چەپەکان رۆژنامەی جمهورییەت کە بە حساب کۆنترین رۆژنامەی چەپی تورکیایەو سەردەمانێک عەزیز نسین سەرنووسەری بووە، نزیکە لە جەهەپەوەو بە توندی دژی پرۆسەکە قسە ئەکا. دیفاع لە مستەفا کەمال و کەماکیزم ئەکاو بە توندی دژی ئیسلامییەکانە. هەر بۆ زانیاری، ئەم رۆژنامەیە یەکەم میدیا بوو کە بە بەڵگەی ڤیدیۆیی هاوکاری میت و ئەردۆغانی بۆ داعش بڵاوکردەوە. ئەم رووداوە بە “لۆرییەکانی میت” بەناوبانگە لە میدیای تورکیدا. رۆژنامەی سۆزجو، دیسان رۆژنامەیەکی چەپە، هەمان هەڵوێستی هەیە. بۆ نموونە ئەمڕۆ نووسەرێکیان باسی ئەو چەکانە ئەکا کە دوێنێ سووتێنران و ئەپرسێ: نازانین ئە چەکانە چۆن گەیشتۆیە دەستی ئەو تیرۆریستانە؟ ئاخۆ لە کوشتنی هاوڵاتی تورکدا بەکارهاتوون یا نە؟ ئەمانە کەمالیستی توندڕەون و بۆیان قبووڵ ناکرێت دانی پێدا بنێن سەرچاوەی سەرەکیی کێشەی کورد کەمالیزم و مستەفا کەمالە. عەلمانیی توندڕەون و لەگەڵ ئەردۆغانی ئیسلامیدا دانوویان ناکوڵێ. لەم نێوەدا رۆژنامەی ئەڤرەنسەل، کە ئەویش رۆژنامەیەکی چەپە، بە روونی پشتیوانی لە پرۆسەکە ئەکا. هەرچی سایتی (تی٢٤)ی حەسەن جەمالە، کە خۆی بە لیبرال پێناسە ئەکاو بەردەوام کێشەی کورد یەکێک بووە لەو بابەتانەی گرنگیی پێداوە، بەگشتی پشتیوانی لە پرۆسە ئەکا، بەڵام ئەو نیگەرانییەش ناشارێتەوە کەمەترسی هەیە کورد لەپێناوی چارەسەری کێشەکەی خۆیدا، مەسەلەی بنەڕەتیی تورکیا فەرامۆش بکا کە دیموکراتیزەکردنی زیاتری وڵاتەکەیە. جگە لەوانەیش چەند سایت و میدیایەکی لێ دەرچێ، هێشتا زمانی زاڵ لە میدیای تورکیدا زمانەکەی جارانە کە لە باسی کێشەی کورددا، پڕە لە بەکارهێنانی وشەی تیرۆر و تیرۆریستان.
ئاگر بۆ کورد هەرگیز سووتان نەبووە؛ بەمانای بڵێسەی زمانێک، سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی گەلێکە. ئەوەی لە بڵێسەی ئەم ئاگرە سەریهەڵداوە، ئیرادەی سیاسی گەلێکە. هەڤاڵانی ڕۆژنامەنووس؛ جوان تونچ، ئامارا هارون، دەنیز غەفور، ڕۆجەر وێستان و نوژیان ئیسیان، ڕووماڵی ساتی ئامادەکارییەکانی گەریلا دەکەن و تۆماری دەکەن. هەموومان نەک تەنها ڕووماڵکردن، تەنانەت دەنووسین و تۆماری دەکەین. ئەوەی ئەمڕۆ لێرەدا دەیبینین تەنها بەڵگەکردن نییە، بەڵکو هەستی پێدەکەین. ئەمە هەواڵ نییە. ئەمە شوێنکەوتنێکە. گەواهیدەری ئەو ساتە دەبین گەلێک چارەنووسی خۆیان دەخەنە دەستی خۆیان. لە ژێر هەر بەردێکدا زمانێک، لە چڵی هەر دارێکدا ناوێکی شاراوە هەیە. ئێستا لەم چیایە کات بە شێوەیەکی جیاوازتر دەڕوات. هەموو ساتێک نەک هەر ئەمڕۆ، بەڵکو ڕابردوو، سبەینێش لەخۆدەگرێت. ٣٠ گەریلا بەشداری "گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بوون بۆ سووتاندنی چەکەکانیان ئەم دۆڵە بە جێ دەهێڵن. هەریەکەیان خاوەنی ناسنامەی ساڵانێک گەریلایەتین؛ ئێستا خۆیان بۆ ڕێپێوانێکی جیاواز ئامادە دەکەن. ئاراستەی ئەم ڕێپێوانە تەنها لە دەشت نییە؛ ڕووی لە پەڕەیەکی نوێی مێژووییدایە. لە کەمپەکەدا (شوێنی گەریلاکان) جموجوڵێکی پێوانەکراو هەیە. پەلەکردن و بڵاوەکردن نییە. هەمووشتێک بە دیسپلینەوە بەڕێوەدەچێت. لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی تەممووز گەریلاکان سەرەتا تەماشای پەیامە ڤیدۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن کە بۆ یەکەمجار لە پاش ٢٦ ساڵ بڵاوکرایەوە. ئەمە تەنها تەماشاکردن نییە، ساتێکی یادەوەرییە، پشتڕاستکردنەوە و دیاریکردنی ڕێگاکەیە. ئەو دیمەنە تەنها دەنگی ڕێبەرێک نییە؛ شوێنەکە مێژوو جارێکی تر لەگەڵ گەلدا دەدوێت. هەر گوزارشتێک ڕۆحی خاوەندارێتی کردنە لە فکرەکە. ئەم ساتەوەختە کەمپێک نییە لەسەر چیا، ساتەوەختی کردنەوەی دەرگایەک لە ویژدانی سیاسی گەلدا. گەلی کورد ئەمڕۆ وەک گەلێک بڕیاری خۆی دەدات. وازهێنان لە شەڕ و ڕێپێوان بەرەو سیاسەت، دابەزین نییە لە چیاوە بۆ دەشت، سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی تێکۆشان لە دەشتدایە. ئەمە گۆڕانکاری شێوازی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەیە، پاراستنی بەردەوامی ئایدیۆلۆژیایەکە. سبەی ١١ی تەمموز کاتێک چەکەکان دەسووتێن، تەنها چالاکییەک نییە ئەنجام درابێت، زۆر شت لە مێژوودا بار دەکات. دەمەو ئێوارە ئامادەکارییەکان تەواو بوون. لە کەمپەکەدا هیچ گرژییەک نییە، هیچ ماڵئاوایییەکی دراماتیک نییە. هەمووکەسێک دەزانێت دەبێت چی بکات. پراکتیزەکردنی ئەزموونی ڕێکخستنی بە ساڵان ئەم ڕۆژەی ئاسایی دەکات. گەریلاکان بەر لە ڕۆیشتن پشکنینی تەواو دەکەن. هەندێک بە باشی جانتاکانیان ئامادە دەکەن، هەندێک گاڵتە لەگەڵ یەکتر دەکەن. دڵخۆش و بەدیسپلین بەیەکەوەن. ڕۆیشتن هەیە، بەڵام ماڵئاوایی نییە. لەبەرئەوەی ئەم ڕۆیشتنە تەنها بەرەو دەرەوە نییە، هەنگاو بەرەو شێوازی نوێی تێکۆشان دەنرێت. کەس وا بیر ناکاتەوە کە بۆ دواجار ئەم خەڵکە جێدەهێڵێت. دەڵێن 'دەگەڕێینەوە' و پێدەکەنن. یەکسەر وەڵام دەدرێتەوە. "بەڵام بە چەک نا، بە هەڵگرتنی شتێکی تر'. هەمووان پێدەکەنن، بەڵام کەس باری سووک نەبووە. لەبەرئەوەی هەر هەنگاوێک لێرەدا کە دەنرێت، تەنها بەرەو شوێنێک نیە، شوێنپێ لە مێژوودا دادەگرێت. ڕوانین لە ڕابردوودا گیری نەخواردووە. ڕوو لەو سەردەمە کراوە. ئەم مرۆڤانە لە شەڕ ناکشێنەوە، بەرەو شێوەیەکی نوێی تێکۆشان بە ڕێدەکەون. ڕووی ئەم ڕێپێوانە تەنها بەرەو دەرەوەی چیا نییە، تەنها بەرەو گۆڕەپانێکی مەراسیم نییە. ئەم ڕێپێوانە بەرەو گەیشتنی گەلە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسەت. هەر گەریلایەک لەنێو ئەم گرووپەدا زمان، دیسپلین و ئەستاتیکی ئەم چیایەی ساڵانێک لەسەر جەستەی خۆی نەخشاندووە. لە ئێستادا هەمان جەستە بەهەمان تێگەیشتن بەرەو جێیەکی تر هەنگاو دەنێت. چەک چیتر لە شان نییە، لەمەودوا فکر لەسەر شانیانە. ئێمە لێیان نزیک دەبینەوە. قسەکردن کورتە، جەوهەری و ڕوونە. کەس چیتر ناڵێت کە چی دەکات. چونکە بڕیار لە زیادە دراوە. دەنگی گەریلایەکی ژن کە دەڵێت 'ئێمە بە ئەرکێکی مێژوویی هەڵدەستین' بڕیاردارییەکی تاکەکەسی نییە، ویژدانی ڕێکخراوەیی گەلێکە. ئامادەکاری تەواوە. گەریلا ڕیز دەبەستن. لە گۆڕەپانەکەدا جموجۆڵێکی نائاسایی هەیە. بڕیار ڕوونە، بەڵام هەستەکان نقووم ناکرێن. ئەم ڕێپێوانە تەنها بەرەو ئەرکێک نییە، بەرەو بەرهەمی ژیانێکی چەند ساڵەیە، بەرەو ڕادەستکردنی فکر لە شێوەیەکی نوێدایە. پێویست بە قسەی زۆر ناکات. بەڵام لە هەموو سەیرکردن، لەباوەشگرتن و دڵسۆزیی ڕێکخراوەییدا هەستێکی بەهێز هەیە. هیچ شتێک کۆتایی نایەت، بەڵام شتێک شوێنی خۆی دەگۆڕێت. ئەم ساتەوەختە تەنها چالاکییەک نییە، ساتەوەختێکە تێیدا ژیانی هاوبەش لە زەینی کۆمەڵدا جێگیردەکرێت. لە فەرماندەکانی هەپەگە ئەحمەد مالازگیرت و سەیدخان دەرسیم یەک بەیەک گەریلاکان بەڕێدەکەن. لەباوەشگرتن کورتە بەڵام تێر و پڕە. ئەوانەی بەڕێدەکەون تاکەکەس نین؛ ئاگاییەکن کە ئەرکیان پێ سپێردراوە. ئەوانەی ماونەتەوە بەوە دەزانن، کە ئەمە کشانەوە نییە، گواستنەوەی پێگەیەکی ڕێکخراوەیییە بۆ گۆڕەپانێکی جیاواز. دۆڵی قەندیل بەجێماوە. بەڵام جێهێشتنەکەی بێ هۆکار نییە، تێکۆشانێکی بەردەوامی بەدواوەیە. هەر هەنگاوێک بەرەو ڕابردوو نییە، بەڵکو وەکو پارچەیەک لە داهاتووی ڕێکخراوەیی دەنرێت. سەرلەبەیانی ١١ـی تەممووز لە سەرووی گوندی سورداشی شارۆچکەی دووکان لە سلێمانی، ئێمە لەبەردەم ئەشکەوتی جاسەنەین. گرووپی گەریلای قەندیل بەڕێکەوت، گەیشتە گۆڕەپانەکە. هەریەکەیان ساڵانێکیان لەڕێی چیادا تێپەڕاندووە. بەڵام ئەمڕۆ و ئەمساڵ تەنها ڕابردوویەک نین، بەڵکو زەمینەی پڕۆسەیەکی نوێن. ئەمە پاشەکشەیەک نییە، بەڵکو گەیشتنە بە ستراتیژییەکی کراوە و ڕێکخراوەیی. دواتر نۆرەی ساتەوەختی هەرە سیمبولیی چالاکییەکەیە. دوای کۆتاییهاتنی ڕاگەیاندراوەکە، گەریلاکان چەکەکانی دەستیان یەک بە یەک دەخەنە نێو ئاگردانەکە. بەڵام ئەمە دانانێکی ئاسایی نییە. هەموو جووڵەیەک پێوەری خۆی هەیە. نە پەلەی لێدەکەن، نە وەک خۆپیشاندانێکیش دایدەنێن. چەک بارێک نییە کە ساڵانێک هەڵگیرابێت، وەکو گوزارشت لە بەرپرسارێتیی ڕێکخراوەیی دادەنرێت. وەکو ئەوەی کە هەر یەکێکیان تەنها کانزایەک نین، بەڵکو پارچەیەکن لە مێژوو. کڵاشینکۆف، بی کەی سی، ئاڕ پی جی... هەر یەکەیان بە وریاییەوە دادەنرێت. گەریلا فڕێیان نادات و بڕوات. گەریلاکان بەر لە ڕۆیشتن پشکنینی تەواو دەکەن. هەندێک بە باشی جانتاکانیان ئامادە دەکەن، هەندێک گاڵتە لەگەڵ یەکتر دەکەن. دڵخۆش و بەدیسپلین بەیەکەوەن. ڕۆیشتن هەیە، بەڵام ماڵئاوایی نییە. لەبەرئەوەی ئەم ڕۆیشتنە تەنها بەرەو دەرەوە نییە، هەنگاو بەرەو شێوازی نوێی تێکۆشان دەنرێت. کەس وا بیر ناکاتەوە کە بۆ دواجار ئەم خەڵکە جێدەهێڵێت. دەڵێن 'دەگەڕێینەوە' و پێدەکەنن. یەکسەر وەڵام دەدرێتەوە. "بەڵام بە چەک نا، بە هەڵگرتنی شتێکی تر'. هەمووان پێدەکەنن، بەڵام کەس باری سووک نەبووە. لەبەرئەوەی هەر هەنگاوێک لێرەدا کە دەنرێت، تەنها بەرەو شوێنێک نیە، شوێنپێ لە مێژوودا دادەگرێت. ڕوانین لە ڕابردوودا گیری نەخواردووە. ڕوو لەو سەردەمە کراوە. ئەم مرۆڤانە لە شەڕ ناکشێنەوە، بەرەو شێوەیەکی نوێی تێکۆشان ڕێدەکەن. ڕووی ئەم ڕێپێوانە تەنها بەرەو دەرەوەی چیا نیە، تەنها بەرەو گۆڕەپانێکی مەراسیم نیە. ئەم ڕێپێوانە بەرەو گەیشتنی گەلە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسەت. هەر گەریلایەک لەنێو ئەم گرووپەدا زمان، دیسپلین و ئەستاتیکی ئەم چیایەی ساڵانێک لەسەر جەستەی خۆی نەخشاندووە. لە ئێستادا هەمان جەستە بەهەمان تێگەیشتن بەرەو جێیەکی تر هەنگاو دەنێت. چەک چیتر لە شان نییە، لەمەودوا فکر لەسەر شانیانە. ئێمە لێیان نزیک دەبینەوە. قسەکردن کورتە، جەوهەری و ڕوونە. کەس چیتر ناڵێت کە چی دەکات. چونکە بڕیار لە زیادە دراوە. دەنگی گەریلایەکی ژن کە دەڵێت 'ئێمە بە ئەرکێکی مێژوویی هەڵدەستین' بڕیاردارییەکی تاکەکەسی نییە، ویژدانی ڕێکخراوەیی گەلێکە. ئامادەکاری تەواوە. گەریلا ڕیز دەبەستن. لە گۆڕەپانەکەدا جموجۆڵێکی نائاسایی هەیە. بڕیار ڕوونە، بەڵام هەستەکان نقووم ناکرێن. ئەم ڕێپێوانە تەنها بەرەو ئەرکێک نییە، بەرەو بەرهەمی ژیانێکی چەند ساڵەیە، بەرەو ڕادەستکردنی فکر لە شێوەیەکی نوێدایە. پێویست بە قسەی زۆر ناکات. بەڵام لە هەموو سەیرکردن، لەباوەشگرتن و دڵسۆزیی ڕێکخراوەییدا هەستێکی بەهێز هەیە. هیچ شتێک کۆتایی نایەت، بەڵام شتێک شوێنی خۆی دەگۆڕێت. ئەم ساتەوەختە تەنها چالاکییەک نییە، ساتەوەختێکە تێیدا ژیانی هاوبەش لە زەینی کۆمەڵدا جێگیردەکرێت. لە فەرماندەکانی هەپەگە ئەحمەد مالازگیرت و سەیدخان دەرسیم یەک بەیەک گەریلاکان بەڕێدەکەن. لەباوەشگرتن کورتە بەڵام تێر و پڕە. ئەوانەی بەڕێدەکەون تاکەکەس نین؛ ئاگاییەکن کە ئەرکیان پێ سپێردراوە. ئەوانەی ماونەتەوە بەوە دەزانن، کە ئەمە کشانەوە نییە، گواستنەوەی پێگەیەکی ڕێکخراوەیییە بۆ گۆڕەپانێکی جیاواز. دۆڵی قەندیل بەجێماوە. بەڵام جێهێشتنەکەی بێ هۆکار نییە، تێکۆشانێکی بەردەوامی بەدواوەیە. هەر هەنگاوێک بەرەو ڕابردوو نییە، بەڵکو وەکو پارچەیەک لە داهاتووی ڕێکخراوەیی دەنرێت. سەرلەبەیانی ١١ـی تەممووز لە سەرووی گوندی سورداشی شارۆچکەی دووکان لە سلێمانی، ئێمە لەبەردەم ئەشکەوتی جاسەنەین. گرووپی گەریلای قەندیل بەڕێکەوت، گەیشتە گۆڕەپانەکە. هەریەکەیان ساڵانێکیان لەڕێی چیادا تێپەڕاندووە. بەڵام ئەمڕۆ و ئەمساڵ تەنها ڕابردوویەک نین، بەڵکو زەمینەی پڕۆسەیەکی نوێن. ئەمە پاشەکشەیەک نییە، بەڵکو گەیشتنە بە ستراتیژییەکی کراوە و ڕێکخراوەیی. ڕوانگەیەک، هەڵوێستێک، گواستنەوەیەک. لەم هەڵوێستەدا شەڕ نییە، تێگەیشتنێکی ڕێکخراوەیی، وردبینییەکی سیاسی هەیە. ئەمە چەک نییە، دانانی ڕێزدارانەی سەردەمێکە کە نوێنەرایەتی دەکات. نە خۆشحاڵە و نە ئیدانە دەکات. تەنها جێبەجێکردنی درفەتە کۆتاییەکانی ئاستی تەواوکراوە. ئاگر دەکرێتەوە. کاتێک بڵێسەی ئاگرەکە دەگاتە ئاسنەکە، جەستەکان پاشەکشە ناکەن. چاوەکان لەسەر بڵێسەدانی ئاگرەکەن، بەڵام عەقڵ لە شوێنێکی تردایە، لە داهاتوودا، چونکە ئەوەی دەسوتێنرێت تەنها ئاسن نییە، بەڵکو قورسایی فۆرمێکی تێکۆشانە. ئەو بارگرانییە ئێستا بە شێوەیەکی نوێ هەڵدەگیرێت. نە کردەوەیەکی دراماتیکە، نە زیادەڕەوی، نە ئاماژەیەکی ڕەمزییە. چونکە گەریلا لێرە نمایش ناکات. ئەوەی لێرەدا دەگوزەرێت، خۆڕێکخستنەوەی ئیرادەیەکی جەماوەرییە کە لە جوانناسیی شەڕەوە بۆ جوانناسی سیاسەت دەگوازرێتەوە. بڵێسەی ئاگر بەرز دەبێتەوە. گەریلا ڕوو لەو ئاگرە دەکەن و هیچ ناڵێن. چونکە ئەمە ماڵئاوایی نییە. ئەمە یەکەم وێستگەی ڕێگایەکە کە لە چوارچێوەیەکی تردا بەردەوام دەبێت. لێرە ئەمڕۆ لەبەردەم ئەشکەوتی جاسنە نەک هەر بڕیارێک ڕاگەیەندرا؛ بەڵام بەرخۆدانی گەلێک لە بەرانبەر مێژوودا بوو. بۆ کورد ئەم شاخانە تەنیا ناوچەیەکی بەرگری نەبوون؛ شوێنانێک بوون کە بیرکردنەوە، یادەوەری و ناسنامە تێیدا پەرەی سەندووە و ئێستا ئەو ئیرادەیەی لەم شاخانەدا دروست بووە، نیشانی داوە کە ئامادەیە بە زمانێکی تر قسە بکات، بەڵام بە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ. گەلی کورد نەک بەو شتەی کە لەدەستی داوە، بەڵکو بەو شتەی کە دەستبەرداری نەبووە، گەشەی کردووە و ئەمڕۆش، ڕایگەیاند کە ئامادەیە تێکۆشانی خۆی بگۆڕێت، نەک لە سایەی چیا، بەڵکو بە ئیرادەی گەل، لە ژێر هەتاوی سیاسەتدا. گەریلاکان دەگەڕێنەوە. بەڵام لەسەر شانیان چیتر چەک نییە، بەڵکو بارگرانییەکی سیاسییە کە بەناوی گەلەکەیانەوە هەڵدەگیرێت. ئەو ئەرکە هەم دەیان ساڵ بەرخۆدان و هەم ئیرادەی بنیاتنانەوەی لە ساڵانی داهاتوودا لە خۆگرتووە. ئەم شاخانە تا ئێستاش هی ئەوانە. بەڵام ئەمجارە بە پارادایمی گەل کە بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆدا پێکهاتووە، چیتر بە زمانی شاخ قسە ناکەن، بەڵکو بە زمانی گەل قسە دەکەن. چونکە فۆڕمی نوێی تێکۆشان یانێ بنیاتنان بە وشە، گۆڕانکاری بە سیاسەت، لەگەڵ گەل بنیاتنانەوە. هەروەها ئەو ئاگرەی ئەمڕۆ لێرە داگیرسا نەک تەنها چەکی ڕابردوو، بەڵکو ڕێگای داهاتووش ڕووناک دەکاتەوە. بۆ کورد هەرگیز ئاگر تەنیا سووتان نییە؛ بەڵکو بڵێسەی زمانێکە، زیندووکردنەوەی گەلێک بووە. ئەوەی لەم بڵێسەیە سەریهەڵداوە، ئیرادەی سیاسی گەلێکە کە لەگەڵ خۆڵەمێشی خۆیدا ڕووبەڕوو بووەتەوە. کە ئێستا دەبێتە ڕێگایەک بۆ دابەزین لە شاخەکانەوە بۆ دەشتەکان، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی دەشتە گەورەکان بەقەد چیاکان.
ئامادەکردنی هاوڵاتی ڕێکەوتی ١٢/٧/٢٠٢٥ لە ڕووداوێکی گرنگدا لە بەرچاوی دنیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا وەکو هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی کرداریی بۆ پڕۆسەی چارەسەریی "ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" چەکدانانی ٣٠ گەریللای پەکەکە و سووتاندنی چەکەکانیان، ئەنجام درا. ئەم ڕووداوە، وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ژیانی سیاسیی، حزبێکی سیاسیی و چەکداریی تەمەن زیاتر لە چوار دەیەی وەکو پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە و تەواوی کۆمەڵگای کوردستانی تورکیا لەلایەک و سەرجەم دەزگا دەوڵەتییەکانی تورکیا و کۆمەڵگای تورکییاش لەلایەکی تر. هەڵبەت ئەو وەرچەرخانە ڕەهەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشی هەیە و بابەتی زۆرینەی میدیا جیهانییەکان بوو. دوای ئەوەی لە ڕۆژی ٢٧ ی شوباتی ٢٠٢٥، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ پڕۆسەی چارەسەریی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ی ڕاگەیاند، کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کردبوو. هەروەها لە دواهەمین پەیامیدا لە ڕێکەوتی ١٩/٧/٢٠٢٥ دوای ٢٦ ساڵ لە زیندانییکردنی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت و جەختی کردەوە لە هەمان بانگەوازی پێشووتری. پەکەکە، لە دواهەمین کۆنگرەی خۆیدا لەسەر رێنماییەکانی ڕێبەرەکەیان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەیاندا، قۆناغ بە قۆناغ بەپێی چوونە پێشەوەی پڕۆسەی چارەسەریی. بە شێوەیەکی سیمبولیک و بۆ پیشاندانی نیازپاکیی و پابەند بوون بە هەنگاوەکانی پڕۆسەی چارەسەریی، چەکدانانی ٣٠ گەریللا کە یەکێک لەوان، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە بوو، ئەنجامدرا. ڕووداوەکە، لێدوانی بەرپرسانی باڵای هەرێم، تورکیا و عێراقیشی بەدواداهات و تێکڕا پێشوازییان کرد لەو هەنگاوە ئەرێنییە بۆ چوونە پێشەوەی پڕۆسەی چارەسەریی و بونیادنانی ئاشتیی. بەشێک لە چاودێران، سەرباری تێڕوانینی ئەرێنییان بۆ پڕۆسەکە بە گشتیی و بە گرنگ زانینی ئەم هەنگاوەش بۆ جێبەجێکردنی کرداریانە، بەڵام نیگەرانیی و کەم متمانەیی خۆیان لە ئاستی دەوڵەتی تورکیا نەشاردەوە. بەو پێیەی هیچ ڕێکەوتنێکی نووسراو و دۆکیومێنتێکی واژۆکراوی دوو لایەنە لە ئارادا نییە کە ببێتە گەرەنتییەکی فەرمی بۆ ئەو کەسانەی چەک دادەنێن و دەیانەوێت بگەڕینەوە تورکیا. بابزانین ئەو بێێمتمانەییە لە چییەوە دێت؟ بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری ئەو بێمتمانەییە، فلاش باکێکی مێژوویی دەکەین، کاتێک بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا بانگهێشتی سەید ڕەزای دێرسیم دەکەن بۆ گفتوگۆ بچێت بۆ ئەرزنجان. لە ڕێگا دەیدەن بەسەریاندا و دەستگیریان دەکەن و دواتر لە سێدارەیان دەدەن. هەروەها هەر لە ئەزموونی پەکەکە خۆیدا، چەندین جار ئاگربەست و چەکدانان بە ئەنجامی خراپ کەوتووەتەوە. ئێستا چەند ئەزموونێکی پێشووتری ئاگربەست و چەکدانانی چەند گروپێکی پەکەکەتان بیردەهێنینەوە: یەکەم: لە دوای دەستگیرکردنی ئۆجالان لە ڕێکەوتی ٩ ی شوباتی ١٩٩٩ بە پلانێکی سیخوڕیی نێودەوڵەتی، بە شەش مانگ و نیو و چەند ڕۆژێک زیاتر، ئۆجالان ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاند. لە ٢٢ ی ئەیلولی ١٩٩٩ داوای لە پەکەکە کرد بە دوو گروپی جیا، چەکدادان و نیازپاکیی خۆیان و ویستیان بۆ ئاشتی پیشان بدەن. بۆ وەڵامدانەوە بە داواکاریی ڕێبەرەکەیان، دوو گروپ لە دوو کاتی جیادا گەڕانەوە بۆ تورکیا. گروپێک کە لە هەشت گەریللا پێکهاتبوون لە ١ ی تشرینی ١٩٩٩ لە قەندیلەوە بەرەوە توکیا ڕۆیشتن. گروپەکەی تر کە بە هەمانشێوە لە هەشت کەس پپێکهاتبوون لە ٢٩ ی تشرینی هەمان ساڵ لە ڤییەننای پایتەختی نەمساوە بە فڕۆکە گەڕانەوە بۆ تورکیا. هەردوو گروپەکە بە ناوی گروپی ئاشتییەوە بوون، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەردوو گروپەکەی خستنە زیندانەوە و دواتر داداگایی کردن و سزای قورسی بەسەردا سەپاندن. دووەم: دوای ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٩ ، لە ١٩ی تشرینی یەکەمدا، گروپێک لە گەریللاو ئەندامانی پەکەکە، کە لە ٣٤ کەس پێکهاتبوون و تەنانەت ٤ یان منداڵ بوون، بە ناوی گروپی ئاشتیی و چارەسەری دیموکراتیک، لە قەندیل و کەمپی مەخموورەوە، کەوتنەڕێ و لە خاڵی سنووریی خاپورەوە خۆیان ڕادەستی تورکیا کردەوە. دەوڵەتی تورکیا بە هەمانشێوەی پێشووتر، سەرجەم ئەندامانی گروپەکەی بە منداڵەکانیشەوە دەستگیر کرد و سزای قورسیی بەسەردا سەپاندن. هەروەها با دوو نموونەتان لە لێدوانەکان پێ بڵیین کە وەکو هۆکاری دیکەی بێمتمانەیی دەبینرێن: لێدوانی یەکەم، لێدوانی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکەیە، کە دەڵێت: پێویستە دەوڵەتی تورکیا مافی ئەوەمان پێبدات کە بتوانین بگەڕێینەوە بۆ تورکیا و گەرەنیی یاساییمان هەبێت و بەشداری بکەین لە سیاسەتی دیموکراسییدا. لێدوانی دووەم، لێدوانی سزای تەمەللی، هاوسەرۆکی دەم پارتییە، کە دەڵێت: پێویستە دەوڵەت دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" بگۆڕێت بۆ پڕۆسەی چارەسەریی و مافی بەشدارییکردنی ئەوانەی چەکدادەنێن و دەگەڕێنەوە، لە سیاسەتی دیموکراتیکدا بپارێزێت. ئەی بۆچوونی تۆ چییە لەبارەی پرسی متمانەوە لە پڕۆسەی چارەسەرییدا؟
راپۆرتی: تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا: • لە ١ی کانوونی دووەم بۆ ٣٠ی حوزەیران، سوپای تورکیا (١،٦٧٨) هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. • (١،٤٨٤) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک، (١٤٠) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، (٥٤) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی و (سفر) هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بووە. • بە هۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، (٩) هاووڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی بە شێوەیەک (٣) هاووڵاتی شەهید و (٦) هاووڵاتی تری مەدەنی برینداربوون. • لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا (١،٢٣٢) هێرشی لە ڕێگەی تۆپباران، (٣٩٧) هێرشی لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، (٤٣) هێرشی لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، (٥) هێرشی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی سوک و (١) هێرشی لە ڕێگەی تەقینەوە ئەنجامداوە. • بە تەنیا لە مانگی حوزەیراندا، سوپای تورکیا، (٥٥٠) هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە (٥٤١) هێرشیان بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆک و (٩) هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر بوون. بە بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی هێرشەکان لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی (٨٪) زیادیانکردووە. • لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئادار، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە. تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە، گرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە: https://static1.squarespace.com/.../%28Kurdish%29+Turkish...
دوای 26 ساڵ زیندانیکردن یەکەم پەیامی ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکرایەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو پێداگرە لهسەر بانگهوازییه مێژووییهكهی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ بۆ (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی). هاوکات جەخت دەکاتەوە بڕوام به هێزی سیاسهت و ئاشتی كۆمهڵایهتی ههیه، نهك چهك. بانگهوازی له ئێوهش دهكهم ئهم پرهنسیپه. ڕێبەر ئاپۆ لە دوورگەی ئیمراڵییەوە پەیوەست بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پەیامێکی ڤیدۆیی بڵاوکردوە. پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە: هاوڕێیانی هێژا سهبارهت بهكێشه و ڕێگهچارهكانی دۆخی بهرجهستهی ئهم قۆناغهی تهڤگهڕی هاوڕێیهتی كۆمیناڵیمان پێی گهیشتووه به ئهركێكی ئهخلاقییانهم زانی كه به نامهیهكی بهرفراوانی دووبارهش بێت، وهڵامی ئاشكرا و خوڵقێنهرتان بدهمهوه. ١- پێداگرم لهسەر بانگهوازییه مێژووییهكهی ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ بۆ (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی). ٢- به كۆنگرهی ١٢ و ههڵوهشاندنهوهی (پەکەکە) وهڵامێكی تاكۆتا ڕاست و ئهرێنی و بهرفراوانی ئهمهتان دایهوه، ئهم ههڵوێستهتان به وهڵامێكی مێژووییانه لهقهڵهم دهدهم. ٣- دهبێت ئهم دۆخهی ئێستا كه وهكو ئهنجامێكی به بایهخ و مێژوویی پهسهند بكرێت. هاوكات ڕهنجی ئهو هاوڕێیانهی كه ڕۆڵی پرد دهگێڕن شایستهی ڕێز و گرنگی پێدانێكی هاوئاسته. ٤- له سهرهنجامی سهرجهم گۆڕانكارییهكاندا، مانیفێستۆیهكی كۆمهڵگهی دیموكراتیم ئامادهكرد كه دهبێت بهوهرچهرخانێكی مێژوویی بژمێردرێت. ئهم مانیفێستۆیه بە سەرکەوتوویی شوێنی مانیفێستۆی ٥٠ ساڵەی “ڕێگای شۆڕشی كوردستان” دەگرێتەوە. لهو بڕوایهدام كه نهك تهنیا بۆ كۆمهڵگهی مێژوویی كورد، بۆ كۆمهڵگهی ههرێمی و گهردوونیش ناوهڕۆكێكی كۆمهڵگهیی مێژوویی ههڵگرتووه، گومانم نییه كه ئهمه نموونهیهكی سهركهوتووی نهریتی مانیفێستۆی مێژووییه. ٥- دهبێت بهئاشكرا ئهوه بڵێم كه ههموو ئهو گۆڕانكارییانه سهرهنجامی ئهو دانیشتنانهن له ئیمراڵی ئهنجامم داون. به وریاییهكی بهرزهوه كار كراوه بۆ ئهوهی دانیشتنهكان لهسهر بنچینهی ئیرادهی ئازاد بن. ٦- ئهم قۆناغهی پێیگهیشتووین، ههنگاوی نوێ بۆ پراكتیزهكردن دهسهپێنێت. به بایهخهوه جهختكردنهوه، تێگهیشتن و پابهندبوون به بنەماکانی ئهم قۆناخه و ئهم ههنگاوه پێویستانهی گرنگییهكی مێژووییان ههیه، مهرجی درێژه پێدانن بهههنگاوهكان. لێرەدا كۆتایی بهتهڤگهڕی پەکەکە دەهێنین کە وەک کاردانەوەیەک له دژی نكۆڵیكردن له ههبوونی کورد دەرکەوت و بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیا ستراتیژییەکەی شهڕی ڕزگاری نهتهوهیی بوو. ئێدی دان بە هەبوونی گەلی کورددا نراو و لەم سۆنگهیهوه ئامانجە سەرەکییەکە بەدی هاتووە. لەم واتایەدایە کە ماوەکەی بەسەر چووە. ئهوهی تر به دووبارهیهكی زۆر و چهقبهستن ههڵدهسهنگێندرێت. لهم سۆنگهیهشهوه درێژه به ڕهخنه و ڕهخنهدانی بهرفراوان دهدات. بهو پێیهی سیاسهت بۆشایی ههڵناگرێت، دهبێت ئهو بۆشاییه به بهرنامهی (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی)، بهستراتیژی (سیاسهتی دیموكراتی) و وهك تهكتیكی سهرهكیش بهحقوقی گشتگیرانه پڕ بكرێتهوه. ئامانجمان قۆناغێكی مێژوویی و چارهنووسسازه. له چوارچێوهی پرۆسهكهدا؛ ئارەزوومەندانە دانانی چهك و ههنگاوی دامهزراندنی كۆمسیۆنێكی بهرفراوان كه وا بیری لێدهكرێتهوه له پهرلهمانی توركیادا بهیاسایی بكرێت و دهستڕۆیشتوو بێت ههنگاوی گرنگن. مهرجه ههنگاوهكان به وریایی و ههستیارییهوه و دوور له لۆژیكی نهزۆك و ململانێی من و تۆیی، بنرێن. دهزانم كه ههنگاوهكانمان مایهپووچ نابن. ئهو ڕاشكاوییه دهبینم و متمانهم پێیهتی. هاوكات ههوڵی چوونه ناو ههنگاوی كرداریتر و كلیل ئاساییانهی بهرجهسته لهئارادایه. ئهو تێزانهی من دامناون سهرهكیترینیان ئهمانهن؛ ١- هەموو لایەک ئهركهكانی سەر شانیان جێبەجێ بکەن، گهیشتن به ئامانجی (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی) به گهیشتن به ڕێنماییهكی ئینتهگراسیۆنیستی ئهرێنی بهدیدێت. له سهرهنجامی ههموو باسهكاندا دهردهكهوێت كە پەکەکە: دهستبهرداری ئامانجی دهوڵهتی نهتهوه بووه، لهگهڵ دهستبهردان لهو ئامانجه بنچینهییه دهستبهرداری ستراتیژییهتی بنچینهیی شهڕیش بووه، كۆتایی بهههبوونی خۆی هێناوه. چاوهڕێ دهكرێت ئهم قۆناغه مێژووییه بهرهو پێشتر ببردرێت. ٢- بهشێوهیهك كه ببێته مایهی واتادان به پهرلهمان و كۆمسیۆن و گومانهكانی ڕای گشتیی لاببات و ببێت بهوهڵامی پێویستییهكانی جێبهجێكردنی بهڵێنهكهمان، دهبێت ئهوه ئاساییانه لێكبدرێتهوه كه زهمینهسازكار بن بۆ ئهوهی چهكدانان بۆ لایهنی پهیوهندیدار و ڕای گشتی بهشێوهیهكی كراوه بكرێت. دروستكردنی میكانیزمی چهكدانان پرۆسهكه بهرهو پێشهوه دهبات. ئهوەی دەکرێت ههنگاوێكی دڵخوازانهیه له قۆناغی تێكۆشانی چهكدارییهوه بهرهو قۆناغی حقوقی و سیاسهتی دیموكراتیاینه. ئهمه نهك به شكست، بهڵكو دهبێت بهسهركهوتنێكی مێژوویی بزانرێت. وردهكاری چهكدانان دهستنیشان دهكرێن و به خێرایی پراكتیزه دهكرێن. ٣- دهم پارتی لهگهڵ پارتییهكانی تری ژێر چهتری پهرلهمان بۆ گهیاندنی ئهم پرۆسهیه بهسهركهوتن پێكهوه ئهركی سهرشانیان جێبهجێ دهكهن. ٤- لهم نێوهدا سهبارهت بهدۆخی ئازادبوونی من كه وهكو مهرجێكی سهرهكی له سهرجهم نوسراو و بڕیارهكاندا هاتووه: خۆشتان دهزانن كه ههرگیز ئازادی خۆمم به كێشهیهكی تاكهكهسی دانهناوه. له ڕووی فهلسهفیشهوه ئازادی تاك؛ دوور له كۆمهڵگه نابێت. تاچهند (تاك) ئازاد ببێت (كۆمهڵگه) و تاچهند (كۆمهڵگه) ئازاد ببێت (تاك)ـیش ئازاد دهبێت. مهرجه بهپێی ئهم مهیله مامهڵه بكرێت. باوەڕم به هێزی سیاسهت و ئاشتی كۆمهڵایهتی ههیه، نهك چهك. بانگهوازی له ئێوهش دهكهم ئهم پرهنسیپه پراكتیزه بكهن. پێشهاتهكانی ئهم ڕۆژانهی دوایی له ههرێمهكهدا، به ئاشكرا گرنگی و پێویستیی ئهم ههنگاوه مێژووییهمان دهسهلمێنێت. دهبێت ئهوهش بڵێم كه سهبارهت به پرۆسهكه پڕ بهدڵ چاوهڕێی ههموو جۆره ڕهخنه و پێشنیار و هاوكارییهكتانم. دهتوانم به حهز و جۆشهوه جهختی لهسهر بكهمهوه و خۆم به گەشبین و ئاماده دهزانم كه ئهم گفتوگۆیانه لەسەر ئاستی ناوچهكه و جیهانیشدا ئێمه و هێزهكانی مۆدێرنیتهی دیموكراتی به بهرنامهیهكی تیۆری و قۆناغێكی ستراتیژی و تهكتیكی دهگهیهنێت و له ئێستاوه لهناو ههوڵ و ئامادهكاری ئهمهدان. بانگهوازیم بۆ قۆناغی داهاتوومان؛ با لهسهر بنچینهی بڕیارهكانی كۆنگره و ئهو بۆچوون و پێشنیارانهی لهم نوسراوهدا باسم كردوون، قورسایی بخهینه سهر ههوڵهكانمان و پێشكهوتن و وهرچهرخانی سهركهوتووانه بهدی بهێنین. لهگهڵ سڵاو و خۆشهویستی هاوڕێیهتی ههمیشهییم ١٩ـی حوزهیرانی ٢٠٢٥ عەبدوڵا ئۆجالان
ئەحمەد ڕەسوڵ - شایلۆک، کێیە؟ لە کوێوە هاتووە و مانای چییە؟ - بۆچی شایلۆک، ووشەیەکە هەڵگری مانای دژەجوویی؟ ترەمپ و شایلۆک دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لە ویلایەتی ئایۆوا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕەخنەی لە هەندێک لە خاوەن بانک و بانکدارەکان گرت و ووشەی "شایلۆک" ی بەکارهێنا. بەو پێیەی ووشەکە، وەکو دەستەواژەیەکی دژەجوویی هەژمار دەکرێت، لەبەرئەوە گروپ و ڕێکخراوەکانی دژ بە هەڵاواردن و دەستەواژە دژە جووییەکان ڕەخنەی توندیان لێگرت. ترەمپیش لە وەڵامدا ووتی نەمزانیوە ئەو ووشەیە سوکایەتیپێکردنە و مانایەکی دژە جوویی هەیە. - ئێستا بابزانین شایلۆک کێیە و بۆ بە ووشەیەکی دژە جوویی هەژمار دەکرێت؟ شەیکسپیر و شایلۆک شایلۆک ناوێکی عیبریی سەدەی شانزەیەمە و لە ناو ئینگلیزەکاندا لەو سەردەمەدا باو بووە. ڕەگی ووشەکە دەگەڕێتەوە بۆ زمانی ئەنگلۆ-ساکسۆنی و بە مانای "ڕیش سپی" دێت. ووشەکە لە دوای بڵاوبوونەوەی شانۆنامەیەکی ویلیام شەیکسپیری شاعیر و شانۆنامە نووسی بەناوبانگی ئینگلیز لە سەدەی شانزەیەم، بە ناوی "بازرگانەکەی ڤینیسیا" مانایەکی دژە جوویی وەردەگرێت. لە شانۆنامەکەدا، پیاوێکی جوولەکەی بەتەمەنی دەوڵەمەندی تێدایە بە ناوی شایلۆک، کە بەشێوازی سوو وەرگرتن، پارە بە قەرز دەدات بە خەڵک. واتا پیاوێکی سوو خۆرە. ئەمە سەرباری ئەوەی زۆر ڕەزیلە و تەواوی خەڵکی شاری ڤینیسیا بە خراپ و دڵرەقی دەزانن. تەناەت کچەکەشی لێی بێزارە لە ڕەزیلیی و بێڕەحمییەکەی. هەندێک لە ڕەخنەکارانی ئەدەبیی، شایلۆک وەکو هێمای هەست و بیرکردنەوەی دژە جوویی "ئەتی سێمیتیزم" لەلای شەیکسپیر لێکدەدەنەوە. واتا بەگوێرەی ئەو جۆرە لێکدانەوەیە، شەیکسپیر، دژەجوو بووە. لێرەدا، دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت، لە کۆنەوە لە نێو جووەکاندا لە پرسی قەرز و سوو، تایبەتمەندییەک هەبووە کە ئەویش ئەوەیە جووەکان لە نێو خۆیاندا پارەیان بە یەکتری داوە بە قەرز بەبێ سوو. بەڵام بۆ دەرەوەی خۆیان، قەرز بەرامبەر بە سوو. لە مێژوویەکی درێژەوە، جووەکان لە هەموو کۆمەڵگاکاندا، بەزۆریی دوو پیشەیان هەبووە، یەکەم پێشەی ئاڵوگۆڕی پارە و کاری بانکیی "سەڕڕاف" هەروەها پیشەی زێرنگەریی "ئاڵتونچیی" - ئێستا بابگەڕێینەوە بۆ لای شایلۆکەکەی شەیکسپیر. ئەنتۆنیۆ، بازرگانێکی شارەکەیە، کە بە باش و بەخشندە وەسفدەکرێت، دەکەوێتە دۆخێکەوە ناچار دەبێت پارە لە شایلۆک قەرز بکات. لەبەرئەوەی ئەم بازرگانە پێشتر زۆر سوکاتیی بە شایلۆک کردووە، بۆیە شایلۆک دەیەوێت وەکو هەلێک تۆڵەی لێبکاتەوە. شایلۆک لە جیاتی سوو وەرگرتن مەرجێکی زۆر سەیر و جیاواز، دەسەپێنێت بەسەر ئەنتۆنیۆدا، کە بریتییە لەوەی ئەگەر نەیتوانی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا پارەکە بگەڕێنێتەوە، شایلۆک مافی ئەوەی هەیە پارچەیەک گۆشت بە نزیکەیی نیو کیلۆ گرام، لە جەستەی ئەنتۆنیۆ دەبڕێت و لێی دەکاتەوە. ئەنتۆنیۆ ڕازی دەبێت. ئەنتۆنیۆ بەهۆی گیرخواردنی کەشتییە بازرگانییەکەی لە ناو دەریا و دواکەوتنی کاروانەکەی، ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا قەرزەکە بداتەوە. بۆیە شایلۆک لەبەردەم دادگا وەکو مافی خۆی دەیەوێت نزیکەی نیو کیلۆ گۆشت لە جەستەی ئەنتۆنیۆ ببڕێت، کە ئەویش دڵییەتی، واتا دەیەوێت دڵی دەربهێنێت و بیبات بۆ خۆی. لێرەدا دادگا لە وەڵامی شایلۆکدا دەڵێت، لەم شارە یاسا سەروەرە و بەڵێ مافی خۆتە بەگوێرەی ڕێککەتننامەکەتان ئەو پارچە گۆشتە ببڕیت، بەڵام دەبێت لەو بڕەی دیاریکراوە نە زیاتر و نە کەمتر ببڕیت و هەروەها بە هیچ شێوەیەک خوێنی لێنەیات و نابێت کەسەکە بمرێت چونکە ئەمانە لە ڕێکەوتتنامەکەتاندا ئاماژەیان پێنەکراوە تۆ مافی ئەوانەت نییە. لە کۆتاییدا، شایلۆک دادگاییەکە دەدۆڕێنێت و تەنانەت سزایەکی زۆر قورسیشی بەسەردا دەسەپێنرێت، کە ئەویش لێسەندنەوەی هەموو سامانەکەیەتی و هەروەها دەبێتە بابەتی سەرزەنشتکردن و سوکایەتیپێکردن و گاڵتەپێکردنی خەڵک. ئەو شانۆنامەیە، بۆ ماوەی چەند دەیەیەک لە کوردستان و عێراقدا بەشێک بوو لە پڕۆگرامی خوێندن لە خوێندنگەکاندا لە پۆلی دوانزەی ئێستا و شەشی ئامادەیی جاران وەکو بەشێک لە وانەی ئینگلیزیی دەخوێندرا. - ئایا تۆ یادەوەرییت لەگەڵ بازرگانەکەی ڤینیسیا و شایلۆک هەیە؟ - ئایا بۆچوونی تۆ چییە لەبارەی ئەو جۆرە لێکدانەوەیەی کە پێی وابووە، شەیکسپیر هەست و بیرکردنەوەی دژەجوویی هەبووە؟ تۆش وای تێدەگەیت یان بە پێچەوانەوە؟ - بۆچوونی تۆ لەبارەی کەسایەتی و کاراکتەری شایلۆکەوە چییە؟ ئەم کەسە مایەی بەزەییە چونکە بەردەوام بابەتی سوکایەتیپێکردن و گاڵتەپێکردن بووە؟ یان کەسێکە مایەی ڕقلێبوونەوە و نەفرەت؟
