ئەو کەسانەی تووشی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە بوون، هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە!   ئامادەکردنی: هاوڵاتی جۆرێك شێرپەنجەی نامۆ بڵاوبۆتەوە، كه توشى سییەکان دەبن، بەبێ‌ ئەوەی كەسی توشبوو، جگەرە كیش بێت. تیمێک لە پزیشکان و توێژەرانی سەنتەری شێرپەنجەی میمۆریال سلۆن کیتەرینگ جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجەی سییەکانیان دۆزیوەتەوە تووشی کۆمەڵێک گەنج بووە کە هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە. توێژینەوەکەیان شیکردنەوەیەکی وردی کلینیکی و بۆماوەیی نەخۆشییەکە لەخۆ دەگرێت، بەڵام دڵنیانین پزیشکان بتوانن چارەسەری ورد بۆ ئەو کەسانە بکەن کە تووشی نەخۆشییەکە دەبن. دکتۆر ناتاشا ڕێختمان دەڵێت: "هەموو ڕۆژێک جۆرێکی نوێی شێرپەنجە نادۆزرێتەوە، ئەم جۆرە نەخۆشییە نوێیە تایبەتمەندی جیاوازی هەیە"،  لەبەرامبەردا دکتۆر چارلز ڕودین پسپۆڕی شێرپەنجەی سییەکان و نووسەری باڵای توێژینەوەکە پێی وایە تێگەیشتن لەم جۆرە نوێیەی شێرپەنجەی سییەکان پێویستی بە شارەزایی فراوان هەبوو، هەر لە تاقیگەوە تا کلینیک." تیمەکە لە 42 پزیشک و توێژەری نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەکان و خانە و شانەکان پێک هاتووە، لەگەڵ پسپۆڕانی بۆماوەزانی گرێ.   چیرۆکی توشبوویەکی نەخۆشییەكە   خالق ساندا تەمەنی 19 ساڵ بوو و خوێندکاری قۆناغی دووەمی زانکۆی دوک بوو کاتێک پشکنینی ئەنجامدا و بۆی دەرکەوت کە تووشی شێرپەنجەی سییەکان بووه، دواتر دەرکەوت نەخۆشییەکە بۆ بەشەکانی تری جەستەی بڵاو بووەتەوە. دکتۆر رودین کە یەکێک بوو لە پزیشکەکانی خالق لەگەڵ لیسا دی ئانجێلیس و ئەوانی تر دەڵێت: "ئەمە زۆر نائاساییە، ئەمە جۆرێکە لە شێرپەنجە کە هەمیشە پەیوەندی بە جگەرەکێشانێكی زۆرەوە هەیە، ئەمەش وای لێکردین کە بەدوای نموونەی هاوشێوەی ئەو کەسانەدا بگەڕێین کە هەرگیز جگەرە ناکێشن و تووشی نەخۆشییەکە بوون، بەهەمان شێوە دکتۆر ڕێختمان رونیكردەوە "دواتر دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوە تا بزانین بە ڕاستی ئەم شێرپەنجە نائاساییە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت." سەرەڕای پێشكەوتنی زانستی و پزیشكی بەڵام جۆرەكانی شێرپەنجە لە زیادبوندان و تاكو ئێستاش چارەسەری یەكجارەكی بۆ ئەم نەخۆشیە نەدۆزراوەتەوە و كۆنتڕۆڵنەكراوە.

ئەو هۆکارانە چی بوون کە وایانکردووە ژنان ببنە بکوژی زنجیرەیی؟ ئەلیزابێس باتۆری کێیە و بۆچی بە ترسناکترین بکوژی زنجیرەیی ناسراوە؟   ئامادەکردنی: هاوڵاتی ئەستەمە ژمارەیەکی وردی ئەو ژنانە دیاری بکرێت کە بە درێژایی مێژوو بکوژی زنجیرەیی بوون، بەڵام داتا مێژوویی و یاساییەکان باس لەوە دەکەن کە ژنان نزیکەی ١٠-١٥%ی هەموو بکوژە زنجیرەییەکان پێکدەهێنن. هەرچەندە ڕەنگە زۆربەیان ناسراو نەبن و بەڵگەیان لەسەر نەبێت. بەڵام دیارترینیان بریتین لەم ژنانەی خوارەوە، کە پاڵنەری جیاواز جیاوازیان بۆ ئەنجامدانی کردەی کوشتن هەبووە و هەندێکیشیان بۆ دەستکەوتی مادی ئەو کارەیان ئەنجامداوە. لەوانەش: ١. ئایلین ڤۆرنۆس لە ئەمریکا ٢. بێل گانیس لە نەرویج و ئەمریکا ٣- ئەلیزابێس باتۆری لە هەنگاریا ٤- ماری ئان نیکۆڵس لە شانشینی یەکگرتوو ٥. نانی دۆس لە ئەمریکا هەریەکە لەم ژنانە ناو و ناوبانگیان  لە مێژوودا بە بکوژی زنجیرەیی تۆمار کراوە. بەڵام سەرنجڕاکێشترین چیرۆک لەناو سەرجەم چیرۆکەکانی بکوژی زنجیرەییدا چیرۆکی ژنێکە بە ناوی ئەلیزابێس باتۆری. ئەلیزابێس باتۆری  یەکێکە لە بەناوبانگترین ژنە بکوژە زنجیرەییەکان، کە بە "هاودەمی خوێن" ناسراوە. باتۆری ژنی ئاغایەکی هەنگاری بووە و لە ساڵی ١٥٦٠ لەدایکبووە، بەهۆی ئەو تاوانانەوە کە گوایە دژی ژنانی گەنج ئەنجامیداوە ناوبانگی دەرکردووە، کە بە پێی خەمڵاندنەکان ڕەنگە لە ماوەی ژیانیدا ٦٠٠ قوربانی ئەشکەنجەدابێت و کوشتبێتنی، هەرچەندە ئەم ژمارەیە لەناو مێژوو نووساندا یەکلایی نەبووەتەوە و مشتوومڕی زۆری لەسەرە. ئەلیزابێس باتۆری لە خێزانێکی ناوداردا لەدایک بووە و بووە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ژنانی هەنگاریا. دوای ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کۆنت فێرێنک ناداسدیدا کرد، ژیانی ئاڵوگۆڕێکی خراپی بەسەردا هات، چونکە ناداسدی وەک سەربازێکی توندڕەو ناسرابوو، کە زۆر دڕندانە مامەڵەی لەگەڵ دوژمنەکانیدا دەکرد. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٦٠٤دا، ناداسدی کۆچی دوایی دەکات، ڕەفتاری باتۆری تادێت ناڕێک و توندوتیژتر دەبێت. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە باتۆری پێیوابووە خۆشۆردن بە خوێنی کچان، گەنجی و جوانییەکەی دەپارێزێت. ئەمەش وای لێدەکات بە نمایش و فێڵ و تەڵەکەی جۆراوجۆر کچە گەنجەکان بۆ قەڵاکەی ڕابکێشێت. پاشان دەستی دەکرد بە ئەشکەنجەدانیان، کە زۆرجار لەبەر توندی و سەختی ئەشکەنجەکان دەمردن و بەرگەی ئەو ئازارە زۆرەیان دەگرت. سەرچاوەکان باسی بەکارهێنانی دەرزی و سووتاندن و بەستنەوەی قوربانییەکان دەکەن لە لایەن باتۆرییەوە، زۆرێک لەو کردەوانەی ئەنجامیشی داون لەلایەن خزمەتکار و ئاغاکانی دیکەوە بینراون. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بەناوبانگێکی زۆر دەربکات. تا لە ساڵی ١٦١٠دا، دوای ئەوەی وەزیرێکی لۆتەران چالاکییەکانی خۆیان بۆ دەسەڵاتداران ڕاگەیاند، دەستگیرکرا. سەرەڕای ئەو بەڵگە زۆرانەی لە دژی بوون لەگەڵ ئیفادەی شایەتحاڵەکاندا، کەچی ئەلیزابێس باتۆری هەرگیز بە فەرمی بە تۆمەتی کوشتن دادگایی نەکرا. بەڵکو لە قەڵاکەیدا خرایە ژێر چاودێری و لە لایەن ماڵباتەکەیەوە زیندانی کرا، تا لە ساڵی ١٦١٤ دا لەوێدا مایەوە و هەر لەو ساڵەشدا کۆچی دوایی کرد. کتێبی گینس کە بۆ تۆماری ڕووداوە جیهانی و سەرسوڕهێنەرەکان تەرخانکراوە، ناوی باتۆری وەک بکوژێک تۆمارکردووە، کە زۆرترین کەسی کردووەتە قوربانی. هەرچەندە هەندێک لە مێژوونووسان دەڵێن زۆرێک لەو قسانەی دەکرێن سەبارەت بە تاوانەکانی زیادەڕەوییان تێدا کراوە و هەڵبەستراون، بەهۆی پاڵنەرە سیاسییەکان و ئەو ترسە کۆمەڵایەتییەوە کە سەبارەت بە دەسەڵاتی ژن هەبووە لەو سەردەمەدا. هەرچۆنێک بێت، چیرۆکی باتۆری ئیلهامبەخش بووە بۆ چەندین بەرهەمی خەیاڵیی ئەدەبی و فیلمی سینەمایی، بەتایبەتی لەناو ژانری ترسناکدا. ژیانی باتۆری بە درێژایی مێژوو بەستراوەتەوە بە لێکدانەوە جۆراوجۆرەکانی توندوتیژی ژنان و دەسەڵاتی ژنانەوە بەرانبەر ڕەگەزی بەرانبەر و هاوڕەگەزەکانی خۆیەوە. لەو ڕووەوە کە پرسیار لەسەر ڕۆڵی جێندەری ڕەگەزی مێینە دروستدەکات لە ئەنجامدانی تاواندا و ئەو پرسیارە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا دروست دەکات کە ئاخۆ کۆمەڵگا چۆن هەست بە تاوانباریی ڕەگەزی مێینە دەکات بە بەراورد لەگەڵ ڕەگەزی نێرینەدا.

هەڵوێستی ئەمریکا چییە لەو بارەیەوە؟   ئامادەکردنی: هاوڵاتی   بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشيانکرده‌وه ‌سه‌ر باکوری ئیسرائیل. بەرەكه بەیاننامەیەکى بڵاوكرده‌وه ‌و رایگەیاند: لەدرێژەی هەڵمەتەکانمان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دوژمن ‌و پاڵپشتیی گەلی فەڵەستین ‌و لوبنان ‌و لەوەڵامی ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە ئیسرائیل لەدژی خەڵکی مەدەنی بەرامبەر بەمنداڵ و ژنان ‌و بەساڵاچوان دەیکات، ئەمڕۆ شه‌ممه‌ بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشمانکردە سەر پێگەیەکی گرنگ لەباکوری ئیسرائیل. بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق ماوەی چەند مانگێکە چەندینجار هێرشیکردوەتە سەر ئیسرائیل و چه‌ند ناوه‌ندێكى سه‌ربازیشیان به‌ئامانجگرتوه‌، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لەدژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و لوبنان.   لە عێراقەوە بە سەدان هێرش كراوەتە سەر ئیسرائیل حەیدەر لامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا كە بەشێكن لە بەرەی موقاوەمە لە لێداونێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە سەرەتای جەنگی غەززەوە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) زیاتر لە 400 جار هێرشی درۆنی و مووشەکیی کردووەتە سەر ئیسرائیل، لە بەرامبەردا میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، ئەو گرووپانە نزیکەی 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و 70٪ـی ئەو هێرشانەش لە ئەیلوولدا بوون.  دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی رابردوودا قورسایی هێرشەکانی خستە سەر حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل زیاد کرد، بەهێزترینیان رۆژی 3ـی مانگى 10 بوو کاتێک لە هێرشێکی درۆنیی ئەو گرووپانەدا بۆ سەر بەرزاییەکانی جۆلان دوو سەربازی ئیسرائیلی کوژران و 24ـی دیکەش برینداربوون.       ئیسرائیل پلانی هێرشێكی فراوان بۆ سەر میلیشیاكانی عێراق دادەنێت رۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاویکردووتەوە، بەهۆی زیادبوونی هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل پێشبینی دەكرێت پێگەی میلیشیا هاوپەیمانەكانی عێراق رووبەڕووی هێرش ببنەوە. سەرچاوە سیاسی و حكومیەكانیش دەڵێن، گورزی چاوەڕوانكراو و حەتمی دەكرێتە سەر گروپە چەكدارەكان و حكومەتی عێراقيش نیگەرانە لە لێكەوتە مەترسیدارەكانی ئەگەری هێرشكردنە سەر گروپە چەكدارەكان. سەرچاوەیەكی باڵا لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق  ئاماژەی بەوەکردووە، سودانی فشارەكانی چڕكردووەتەوە بۆ راگرتنی هێرشەكان بۆ سەر ئیسرائیل لەناوخۆی عێراقەوە. میدیاكانی ئیسرائیلیش جەختدەكەنەوە، سوپای ئیسرائیل پلانی هێرشێكی فروانی داناوە بۆ سەر گروپە چەكدارەكانی عێراق.   هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر ئەو هێرشانەی لەناو خاكی عێراقەوە دەكرێتە سەر ئیسرائیل چەند بەرپرسێكی ئەمریكی ئاشكرایان كرد رۆژانە لە عێراقەوە بە درۆن هێرش دەكرێتە سەر ئیسرائیل لەلایەن گروپە چەكدارەكانی عێراقەوە و هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی رێگا لەو هێرشانە دەگرن. ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێس لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكی لە وەزارەتی بەرگری بڵاوی كردەوە لەم چەند هەفتە یەدا هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە عێراقەوە بۆ سەر ئیسرائیل زیادی كردووە و رۆژانە نزیكەی پێنج جار لەناو خاكی عێراقەوە لەلایان میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئێران هێرش دەكرێتە سەر ئیسرائیل و لە ماوەی هەفتەی رابردوو هەشت درۆن لە عێراقەوە بەرەو ئیسرائیل تێگیراوون. بەرپرسەكە وتیشی: هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان رێگایان لەو هێرشانەی عێراق بۆ سەر ئیسرائیل گرتووە و لەبەرامبەردا ئەم هێرشانە رێگەخۆشكەرن تاكو ئیسرائیل بەشێوەیەكى راستەوخۆ وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە كە لەناو خاكی عێراقەوە دەكرێتە سەری.

كورد پشتگیری له گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەكانی دەدات   ئامادەکردنی: هاوڵاتی   كورد و سوننە و شیعە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ململانێیانە لەسەر پەسەند كردنی سێ‌ پڕۆژە یاسا، بۆ پەسەند كردنیشیان پێویستە لەناو خۆیاندا رێكبكەون، یان هەر ئاوا بە هەڵواسراوی دەمێننەوە. ئەو بابەتانەی مشتومڕ و ملمڵانێیان لەسەرە لە پەرلەمانی عێراق بریتین لە پرۆژە یاسای هەمواری گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانی کە کورد پێشکەشیکردووە، پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی کە سوننە پشتیوانیی دەکات، پرۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسیی کە شیعە پشتیوانیی دەکات و جۆرێک لە رێککەوتن لەنێوان کورد و شیعە و سوننە هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو سێ پرۆژە یاسایەی ماوەیەکە مشتومڕیان لەسەرە.   یاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان پرۆژە یاسای هەمواری گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانی، كە هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبى بەعسی هەڵوەشاوە دەیگرێتەوە، بەشدار دەبێت لە گەڕانەوەی موڵک و زەوی بۆ خاوەنەکانیان و سڕینەوەی کاریگەریەکانی تەعریبكردن و راگواستن و پڕۆژە یاسایەکی گرنگە بۆ کورد وهەموو پێکهاتەکان سوودمەند دەبن لە پەسەندکردنی ئەم یاسایە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا. بە پەسەندکردنی ئەم پڕۆژەیە زیاتر لە ملیۆنێک دۆنم زەوی دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و ئەو کێشەیەی کە ساڵانە لە نێوان خاوەنی ئەو زەویانەدا نوێ دەبێتەوە بەهۆی بڕیارەکانی حزبى بەعسی هەڵوەشاوە کۆتایی دێت.     پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی ئەو عێراقییانە دەگرێتەوە کە سزای لەسێدارەدان یان یەکێک لە سزاکان یان ڕێوشوێنی زەوتکردنی ئازادییان بەسەردا سەپێنراوە، جا سزاکە لە ئامادەبوون یان غیابیدا بووبێت. تێپەڕاندنی پرۆژەی ياسای لێبووردنی گشتی یەکێک بوو لە مەرجی سوننەکان بۆ بەشداریی لە حکومەتەکەی سودانی، لە ڕابردوودا چەند جارێک هەوڵ دراوە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوە بۆ ئەو پرۆژە یاسایە بکات، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانەوە نەکراوە. لێبوردنی گشتی بریتی دەبێت لە دووبارە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو زیندانیانەی کە لەلایەن ئەو زانیاریدەرە نهێنییەوە بوختانیان پێکراوە، هەروەها ئەو کەسانەی کە دانپێدانانەکانیان بە زۆر و ئەشکەنجە دەرهێنراوە بەپێی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی تەندروستی.   پرۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسیی ئەم هەموارە زیاتر باسی ئەوە دەکات لەکاتی هاوسەرگیریدا هەردوولا سەرپشکن لەوەی کە ئەحکامی یاسایی یان ئەحکامی مەزهەبی پەیڕەو دەکەن، هەروەها ئەگەر ژن و پیاوەکە مەزهەبیان جیاوازبوو مەزهەبی پیاوەکە بەسەر ژنەکەدا دەسەپێندرێت و خاڵێکی دیکەی یاساکە ئەوەیە کە هەندێک مەزهەب پێیان وایە کچ لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە باڵغ دەبێت و دەتوانێت هاوسەرگیری بکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە یاسا تەمەنی ١٨ ساڵیی دیاریکردووە بۆ هاوسەرگیری و هەموارە نوێیەکە یاسای پشتگوێ خستووە، ئەگەر وەقفی شیعە یان سوننە ڕێگەپێدانی بدەنێ پێویستە دادگا ئەو هاوسەرگیرییە پەسەند بکات کە تەمەنیان هەرچەندێک بێت، ئەمەش بە ڕوونی پەراوێز خستنی ڕۆڵی دادگایە و گەڕانەوەیە بۆ حوکمی کۆنی مەزهەبە جیاوازەکان و ئاڵۆزی و ناکۆکی زۆری تێدایە، بۆیە ئەگەر ئەم هەموارە جێبەجێ بکرێ لەناو مەزهەبی شیعەدا کچان لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە دەتوانن شوو بکەن. یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراو، زیاتر لە ١٥ جار هەموار کراوەتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، کە گۆرانکاریەکانیش بەجۆرێک بوون هەمیشە بەلەبەرچاو گرتنی پاراستنی خێزانی عێراقی بووە لەپێناو پەرتەوازە نەبوون و ئاسایشی باری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عێراقی تێدا پارێزراو بێت.

  ئەو دوو پاشا کوردەی، لە زۆربەی ئاینەکاندا باسکراون ئاینەکان چۆن باسی ئەم دوو پاشایە دەکەن؟ لە ئاین و ئەفسانەی گەلاندا چۆن باس کراون؟   ئامادەکردنی: هاوڵاتی   هاروتاش و ماروتاش، دوو لە پاشایانی بنەماڵەی کاشییەکان بوون و یەکێکیان خۆی وەک خوداوەند ناودێر دەکرد و ئەوەی دیکەش خۆی بە پاشای جیهان دەناساند، ئەم دوو پاشایە لە ساڵانی ١٣٠٠ی پێش زایین فەرمانڕەوایەتی دەوڵەتی بابلیان کردووە. بەهۆی ڕۆڵی کاریگەریان لە ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەتی بابل لە پێشکەوتنی نەخشەسازی شار و تەلارسازییەوە، ئەم دوو پاشایە لە ئەفسانەی گەلێک نەتەوە و چیرۆکی ئاینەکاندا باسیان کراوە. دوای ڕوخانی دەوڵەتی بابل لەلایەن کوروشی فارسەوە، ئەم دوو ناوە خزانە ناو دەقە ئاینییەکانی ئاینی زەردەشتییەوە، کە لەوێدا چیرۆکەکەیان لە پاشاوە گۆڕاوە و وەک دوو فریشتە بە ناوەکانی (هەورتات و ئەمێرتات) لە ئاڤێستا ناویان هاتووە و بە فریشتەی پارێزەری ئاو و سەوزایی ناسراون، لە زمانی فارسیشدا ئەم دوو ناوە بوونەتە: خەرداد و ئامردات. لە ئەدەبیاتی هیندیشدا، ئەم دوو ناوە وەک دوو فریشتە باسکراون، کە لەپای ناردنی مرۆڤ بۆ سەر زەوی و بڵاوکردنەوەی خراپەکاری، ڕەخنەیان لە خودا گرتووە، لەسەر پێشنیاری خوداش لەنێوان فریشتەکاندا دوو فریشتە هەڵدەبژێردرێن تا بچنە سەر زەوی و وەک مرۆڤ بژین، ئینجا ئەوکات دەردەکەوێت کە ئەوە تەنها مرۆڤ نییە خراپەکاری دەکات، بەڵکو فریشتەکانیش بچنە سەر زەوی، خراپەکاری دەکەن، ئەم دوو فریشتەیش دەچنە سەر زەوی خراپەکاری دەکەن و خوداش لە پای تاوانەکانییان، لە چاڵێکی بابلدا هەڵیان دەواسێت. ئەرمەنییەکانیش لەژێر کاریگەری ئاینی زەردەشتیدا، دوو خوداوەندییان بە ناوەکانی (هوروت موروت) داتاشییوە، کە لە بنەڕەتدا هەردوو ناوەکە لە چیرۆک و ناوی ئەو دوو پاشا بەناوبانگەی کاشییەکانەوە هاتوون. بەهۆی کاریگەری دەوڵەتی هاخامنشینییەوە، ئەم چیرۆکە لە ئاینی یەهودیشدا بە شێوەیەکی تر دەگێڕدرێتەوە، لە کتێبی حەنوخدا باس لە دوو فریشتە دەکرێت بە ناوەکانی (ئیزرائیل و شەمخازی)، کە بەهۆی پیدانی وانەی خۆڕازاندنەوە بە ژنان و جادوگەری بە پیاوان، خودا لە ڕیزی فریشتەکان دەریکردوون. ئیسلامیش بێ بەش نییە لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە، لە قورئاندا چیرۆکی ئەم دوو پاشایە لە سورەتی بەقەرە ئایەتی ١٠٢دا هاتووە، کە خودای دلۆڤان دەفەرموێت: وَمَآ أُنزِلَ عَلَى ٱلْمَلَكَيْنِ بِبَابِلَ هَٰرُوتَ وَمَٰرُوتَ ۚ خودا دوو فریشتەی بە ناوەکانی هاروت و ماروت ناردە سەر زەمینی بابل، تا خەڵکی تاقی بکەنەوە و فێری سیحریان بکەن، بۆ ئەوەی بزانن کە ئایا بۆ خراپە بەکاری دەهێنن؟ بەڵام خەڵکەکە گوێیان پێنەدا و بۆ کاری خراپە فێری بوون و بەکاریانهێنا. جیا لەوانەی باسکران، لەناو ئەدەبیاتی چەندین گەل و نەتەوەی تر چیرۆکی ئەم دوو پاشایەی کاشییەکان بە تام و بۆی جیاوازەوە باسکراوە. بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، کاشییەکان کۆمەڵەیەک بوون لە دەوروبەری نیوەی یەکەمی هەزارەی دووەمی پێش زاین، لە خاکی لۆلۆیی و گۆتییەکاندا دەژیان، ڕوونتریش نیشتمانی ڕەسەنی ئەوان لەنێوان لوڕستان و گەرمیاندا بووە و ماوەی ٤٠٠ ساڵ نەخشیان بەسەر دەسەڵاتی دەوڵەتی بابلدا نەخشاندووە.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی هاڵۆوین بۆنەیەکە لە ٣١ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێکدا یادی دەکرێتەوە و ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت. ئەم بۆنەیە ڕیشەیەکی مێژوویی دوورودرێژی هەیە، کە بە نزیکەیی بۆ دوو هەزار ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. دەکرێت سەرچاوەی ئەم جەژنە پەیوەندی بە ڤیستیڤاڵی سێلتیکی کۆنی سامهاینەوە هەبیت کە ڕێکەوتی کۆتایی وەرزی دروێنە و سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی زستان دەکات. کێلتەکان باوەڕیان وابووە کە لە شەوی سامهایندا سنووری نێوان مردووەکان و زیندوەکان لە یەکتری نزیک دەبنەوە، لەو شەوەدا ڕێگە بە ڕۆحەکان دەدرێت بە ئازادی بسوڕێنەوە. خەڵکیش بۆ ڕێزلینان لەم ڕۆحانە ئاگر دادەگیرسێنن و قوربانی پێشکەش دەکەن. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئاینی مەسیحییەتدا کڵێسا هەوڵیدا نەریتی بتپەرستی بگۆڕێت بۆ بەجێهێنانی ڕێوڕەسمی دینی مەسیحی، بۆیە پاپا گریگۆری سێهەم ١ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی سەرجەم پیرۆزییەکان دەستنیشان کرد بۆ ڕێزلێنان لە پیرۆزییەکان و شەهیدان. ئێوارەی پێشتری ١ی تشرینی دووەم کە دەکاتە ٣١ی مانگ و بە ڕۆژی پیرۆزییەکان ناسراوە لە کۆتاییدا گۆڕا بۆ جەژنی هاڵۆوین. بە تێپەڕبوونی کات هاڵۆوین بووبە پشوویەکی ساڵانەی کۆمەڵایەتی، لەو پشوەدا خەڵکی پۆشاکی هەمەڕەنگ و ترسناک دەپۆشن چونکە لەو بڕوایەدان خۆگۆڕین لە ڕۆحە خراپەکان دەیانپارێزێت. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هاڵۆوین لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم ناوبانگی پەیدا کرد،بەڵام ئێرلەندییەکان دابونەریتی خۆیان تێکەڵاو کرد. لەمڕۆدا هاڵۆوین گۆڕاوە بۆ جەژنێک کە بە ڕازاندنەوەی وردەکارانە بە بابەتی ترسناک بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و پڕ سەرکێشی و مەترسی دەناسرێتەوە. ئەمریکییەکان ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار لە جەژنی هاڵۆویندا خەرج دەکەن، کە دەبێتە دووەم گەورەترین پشووی فەرمی لەدوای کریسمسەوە. شایەنی باسە جەژنی هاڵۆوین تێکەڵەیەکە لە مێژوو و فۆلکلۆر و ڕۆحیی کۆمەڵایەتی بۆیە وەک پشوویەکی بێهاوتا بەردەوامە و ساڵانە یادی دەکرێتەوە.

هاوڵاتی دوو ساڵ لەمەوبەر، شوێنەوارناسان لە پۆڵەندا ئێسکەپەیکەرێکیان لە گۆڕێکدا دۆزیەوە کە بە "سەرسوڕهێنەر" وەسفی دەکەن - پاشماوەی ژنێکە کە داسێک لە ملیدایە و قوفڵێکی سێگۆشە لەسەر پێیەکانی بووە. لە گۆڕستانێکی بێ ناونیشان لە گوندی (پیێن) دۆزرایەوە،  وای بۆ دەچن ئەو ژنە تەمەن ٤٠٠ ساڵە کە بە خوێنمژ دادەنرێت، ئەوانەی ناشتوویانە ئەو ئامێرە کشتوکاڵییەیان خستووەتە گەردنییەوە، چونکە بەپێی بیروباوەڕی کۆن، پێیان وابووە ئەو خوێنمژە دەگەڕێتەوە و زیان بە زیندووەکان دەگەیەنێت. تیمێکی لێکۆڵینەوە لە زانکۆی نیکۆلاوس کۆپەرنیکۆس لە شاری تۆرون لە مانگی ئابی ٢٠٢٢دا ئەو دۆزینەوە ناوازەیەیان ئەنجامدا، لەگەڵ ئۆسکار نیلسۆنی شوێنەوارناس کە خەڵکی سویدە، تیمەکە بە بەکارهێنانی دی ئێن ئەی و شێوازی سێ ڕەهەندی، گڵیان بۆ دروستکردنەوەی ڕووخساری زۆسیا کۆکردەوە،  بە جۆرێک وەک ئەوەی خەڵکی ناوچەکە بووبێت. نیلسۆن بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "بەڕاستی وەک شتێکی گاڵتەجارانە دەردەکەوێت! چونکە ئەو کەسانەی ناشتیان، هەموو شتێکیان کرد بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لەوەی لەمردنەوە بگەرێتەوە. کەچی ئێمە هەموو شتێک دەکەین  بۆ ئەوەی بیگەڕێنینەوە بۆ ژیان. لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا نیلسۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئەو ئەفسانەیەی باسی دەکات،  زۆسیا تەنها بە قفڵەکەوە نێژراوە، بەڵام کاتێک خەڵکی گوندەکە هەندێک ڕووداوی خراپیان بەسەر هاتووە، بڕیاریانداوە پێویستە ڕێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بە جۆرێک بینێژن کە نەتوانێت زیان بە زیندووەکان بگەیەنێت. نیلسۆن دەڵێت: کاتێک گۆڕەکەیان هەڵدایەوە، بینیویانە کە قوفڵەکەی دراوە لە پێیەکانی کراوەتەوە، بۆیە بە ترسێکی زۆرەوە تیغی تیژی داسێک دەخەنە سەر ملی؛ بۆ ئەوەی سەرهەڵنەداتەوە. پۆلینسیکی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوز لە ساڵی ٢٠٢٢، وتی دۆزینەوەی پاشماوەی زۆسیا پێویستە بێدەنگەی لێ بکرێت چونکە دۆزینەوەیەکی لەو شێوەیە لە پۆڵەندا و دوای چوار سەدە، شتێکی سەرسوڕهێنەرە. ماگدالینا زاگرۆدزکا، کە هاوکات لەو تیمی توێژینەوەیەدا بووە کە زۆسیایان دۆزیوەتەوە، باسی لەوە کردووە، پاشماوەی ئەو ژنە سەرپۆشێکی ئاوریشمیشی پێوە بووە، کە بە تاڵێکی زێڕین یان زیوی تێوەی پێچراوە. زاگرۆدزکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سەرپۆشە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو ژنە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرزی هەبووە. بۆ دروستکردنەوەی دەموچاوی ژنەکە، نیلسۆن کۆپییەکی سێ ڕەهەندی چاپکراوی کەللەسەرەکەی دروستکردووە بە بەکارهێنانی زانیاری دەربارەی تەمەن و کێش و وردەکارییەکانی دیکەی ژنەکە بۆ پەیکەرسازی ماسولکە و سیماکانی دەموچاو، بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە شوێنی کارەکەیدا تۆمارکراوە. نیلسۆن دەڵێت: "من ڕاهاتووم بە دروستکردنەوەی دەموچاوەکان، هەروەها بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە هەوڵدەدەم کە هەندێک شکۆ و سیمای مرۆییان بۆ بگەڕێنمەوە." شوێنەوارناسەکان دەموچاوی (خوێنمژ)ێکی تەمەن ٤٠٠ ساڵان دروستدەکەنەوە کە داسێکی ئاسنی لە ملدایە. دوو ساڵ لەمەوبەر، شوێنەوارناسان لە پۆڵەندا ئێسکەپەیکەرێکیان لە گۆڕێکدا دۆزیەوە کە بە "سەرسوڕهێنەر" وەسفی دەکەن - پاشماوەی ژنێکە کە داسێک لە ملیدایە و قوفڵێکی سێگۆشە لەسەر پێیەکانی بووە. لە گۆڕستانێکی بێ ناونیشان لە گوندی (پیێن) دۆزرایەوە،  وای بۆ دەچن ئەو ژنە تەمەن ٤٠٠ ساڵە کە بە خوێنمژ دادەنرێت، ئەوانەی ناشتوویانە ئەو ئامێرە کشتوکاڵییەیان خستووەتە گەردنییەوە، چونکە بەپێی بیروباوەڕی کۆن، پێیان وابووە ئەو خوێنمژە دەگەڕێتەوە و زیان بە زیندووەکان دەگەیەنێت. تیمێکی لێکۆڵینەوە لە زانکۆی نیکۆلاوس کۆپەرنیکۆس لە شاری تۆرون لە مانگی ئابی ٢٠٢٢دا ئەو دۆزینەوە ناوازەیەیان ئەنجامدا، لەگەڵ ئۆسکار نیلسۆنی شوێنەوارناس کە خەڵکی سویدە، تیمەکە بە بەکارهێنانی دی ئێن ئەی و شێوازی سێ ڕەهەندی، گڵیان بۆ دروستکردنەوەی ڕووخساری زۆسیا کۆکردەوە،  بە جۆرێک وەک ئەوەی خەڵکی ناوچەکە بووبێت. نیلسۆن بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "بەڕاستی وەک شتێکی گاڵتەجارانە دەردەکەوێت! چونکە ئەو کەسانەی ناشتیان، هەموو شتێکیان کرد بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لەوەی لەمردنەوە بگەرێتەوە. کەچی ئێمە هەموو شتێک دەکەین  بۆ ئەوەی بیگەڕێنینەوە بۆ ژیان. لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا نیلسۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئەو ئەفسانەیەی باسی دەکات،  زۆسیا تەنها بە قفڵەکەوە نێژراوە، بەڵام کاتێک خەڵکی گوندەکە هەندێک ڕووداوی خراپیان بەسەر هاتووە، بڕیاریانداوە پێویستە ڕێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بە جۆرێک بینێژن کە نەتوانێت زیان بە زیندووەکان بگەیەنێت. نیلسۆن دەڵێت: کاتێک گۆڕەکەیان هەڵدایەوە، بینیویانە کە قوفڵەکەی دراوە لە پێیەکانی کراوەتەوە، بۆیە بە ترسێکی زۆرەوە تیغی تیژی داسێک دەخەنە سەر ملی؛ بۆ ئەوەی سەرهەڵنەداتەوە. پۆلینسیکی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوز لە ساڵی ٢٠٢٢، وتی دۆزینەوەی پاشماوەی زۆسیا پێویستە بێدەنگەی لێ بکرێت چونکە دۆزینەوەیەکی لەو شێوەیە لە پۆڵەندا و دوای چوار سەدە، شتێکی سەرسوڕهێنەرە. ماگدالینا زاگرۆدزکا، کە هاوکات لەو تیمی توێژینەوەیەدا بووە کە زۆسیایان دۆزیوەتەوە، باسی لەوە کردووە، پاشماوەی ئەو ژنە سەرپۆشێکی ئاوریشمیشی پێوە بووە، کە بە تاڵێکی زێڕین یان زیوی تێوەی پێچراوە. زاگرۆدزکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سەرپۆشە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو ژنە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرزی هەبووە. بۆ دروستکردنەوەی دەموچاوی ژنەکە، نیلسۆن کۆپییەکی سێ ڕەهەندی چاپکراوی کەللەسەرەکەی دروستکردووە بە بەکارهێنانی زانیاری دەربارەی تەمەن و کێش و وردەکارییەکانی دیکەی ژنەکە بۆ پەیکەرسازی ماسولکە و سیماکانی دەموچاو، بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە شوێنی کارەکەیدا تۆمارکراوە. نیلسۆن دەڵێت: "من ڕاهاتووم بە دروستکردنەوەی دەموچاوەکان، هەروەها بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە هەوڵدەدەم کە هەندێک شکۆ و سیمای مرۆییان بۆ بگەڕێنمەوە."

چی لەبارەی ئەو پاڵەوانە کوردەوە دەزانیت، کە فارس و تورک بە هی خۆیانی دەزانن؟ ڕۆستەمی زاڵ پاڵەوانی مێژوویی کورد، چیرۆکی پاڵەوانیەتییەکەی چییە؟ ئەو بەڵگانە چین، کە کوردبوونی ڕۆستەمی زاڵ دەسەلمێنن؟ گوێ لەم ڕاپۆرتە بگرە تا ئەو ناوە ئاشنا و چیرۆکە بزرەی مێژووی کوردانت پێ ئاشنا بکات. لەنێو کورداندا، ناوی ڕۆستەمی زاڵ، هەمیشە وەک هێمایەک بۆ نەبەردی و ئازایەتی کەسێک بەکاردەهێندرێت، بۆ ئەوەش سەدان چیرۆک، هۆنراوە و بەیت و بالۆری بۆ داتاشراوە، خەڵکیش لە کۆن و ئێستادا چیرۆکە پر لە چێژ و سەرنجڕاکێشەکانی لە کۆڕ و دانیشتنەکاندا بۆ یەکتری باس دەکەن، بەبێ ئەوەی ڕیشەی چیرۆکەکە و خودی کەسەکە بناسن، باسکردنی خودی ئەم ناوە و تایبەتمەندییەکانی، لەوساوە تا ئێستا لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان گێڕدراوەتەوە. ڕۆستەمی زاڵ کێیە؟ ڕۆستەم کوڕی  زاڵ کوڕی سام: لەبارەی مێژوو و شوێنی لەدایک بوونییەوە، بیروبۆچوونی جیاواز هەن، بە گوێرەی "شانامە"ی فردەوسی بێت، ئەم پاڵەوانە کوردە و بنەچەشیان دەگەڕێتەوە بۆ پاشای مادەکان، کە شانشینێکی کوردی بووە و لە هەزارەی یەکەمی پێش زایندا لە ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستان فەرمانڕەواییان کردووە، بەگوێرەی ئەم بۆچونەش بێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زاین. لە کتێبی "جوگرافیای وردی شانشینەکانی عوسمانی"دا، کە ساڵی ١٨٨٧ لە ئیستەنبوڵ چاپکراوە، بەم شێوەیە باس لە کوردبوونی ڕۆستەمی زاڵ کراوە: کورد، بە سرووشت خەڵکێکی ئازا و بوێرن، پیاوی ئازای وەک ڕۆستەمی کوڕی زاڵ و بەهرام چۆپین و سەڵاحەدینی ئەیوبی و فەرهادیان تێدا هەڵکەوتووە.  ئەم ئەفسانەیە لەناو ئەدەبیات و چیرۆکی چەند نەتەوەیەکی ناوچەکەدا بە شێوەی جیاواز باسکراوە، لەناو کوردانیشدا ئەم پاڵەوانە هەمیشە وێردی سەر زمانی چیرۆکخوانان و بەیت و حەیرانبێژان بووە. وەک لە یەکێک لە ئەفسانەکاندا دەوترێت، کاتێک ڕۆستەمی زاڵ، لەدایک دەبێت، ١٠ دایەن، شیریان پێداوە و تێرنەبووە، کە گەورەش بووە هێندەی ١٠ کەس نانی خواردووە، کاتێک بە ڕێگاشدا ڕۆیشتووە چێپێیەکانی چاڵ بوون.   ڕەخش، ئەسپەکەی ڕۆستەم بەهۆی کەڵەگەتی و زەبەلاحییەوە، هیچ ئەسپێک نەیتوانییەوە (ڕۆستەمی زاڵ) لەخۆی بار بکات، چونکە هێندە کێشی قورس بووە، کاتێک چووتە سەر پشتی هەر ئەسپێک، سکی بەر زەوی کەوتووە، تەنها یەک ئەسپ نەبێت، کە ئەویش ناوی "ڕەخش" بووە، لەبارەی ئەو ئەسپەشەوە دەوترێت: کە توانایەکی سەرسوڕهێنەر و جەستەیەکی گەورەی هەبووە، ئەم ئەسپە لە زۆربەی شەڕەکاندا لەگەڵ ڕۆستەمی زاڵ بووە و هەرگیز نەکەوتووە و نەشیهێشتووە سوارەکەی بکەوێت.   گورز، چەکەکەی ڕۆستەمی زاڵ ڕۆستەمی زاڵ، لە گۆرەپانی شەڕدا، ڕمێکی پۆڵاینی بەکارهێناوە، کە کێشی ١٠٠ کیلۆگرام بووە، دەیتوانی بە یەک جار چەند سەربازێکی پێ بکوژێت، ئەم ڕمە ناوی "گورز" بووە و لەنێو ئەفسانەکاندا دەیان و بگرە سەدان چیرۆکی لەسەر وتراوە، ئەگەر سەرنج بدەینە ناوی ڕمەکە، ئەوا دەبینین ئەم ناوە تا ئەمڕۆش لەناو کورداندا بەکاردەهێندرێت. لە زمانی ئێستای کوردیدا، کاتێک لە شەڕدا سوپایەک هێرش دەکات سەر سوپاکەی تر، دەڵێن: ئەم سوپایە گورزی لە دوژمنەکەی وەشاند. بەمەش دەردەکەوێت، وشەی "گورز"ی ئەمڕۆ ڕەنگە لە ناوی ڕمە پۆڵاینەکەی ڕۆستەمی زاڵەوە هاتبێت.   ڕۆستەمی زاڵ و زۆرابی کوڕی بەگوێرەی چیرۆکەکان بێت، ڕۆژێک رۆستەم لە دەشتاییەکانی ناوچەی سامانکۆی، کە سنووری نێوان دەوڵەتی میدیا و تۆران بووە، خەریکی ڕاو دەبێت، دوای ڕاو بۆ پشودان دێتە ژێر سێبەری دارێک و ئەسپەکەشی لە دارێک دەبەستێتەوە، لەو کاتەدا کە ڕۆستەم سەرخەو دەشکێنێت، ئەسپەکەی لەلایەن چەند کەسێکەوە دەدزرێت، کاتێک هەڵدەستێت و ئەسپەکەی نەماوە، گومان دەکات کە تۆرانییەکان بردبێتییان، هەر بۆیە بەدوایدا دەگەڕێت و بۆ دۆزینەوەی ئەسپەکەشی دەچێتە لای پاشای تۆران، کە پێشتر دەیناسی و ڕێزێکی زۆر لەنێوانیاندا بوو، دەستبەجێ پاشا فەرمان بە سەربازەکانی دەکات، تا بچن ئەسپەکەی بۆ بدۆزنەوە، لەو سەروبەندەدا وەک نیازپاکی، کە ئەوکاتە هەردوو شانشینەکە لە ئاشتیدابوون، پاشا کچەکەی خۆی کە ناوی "تامینە" بوو دەداتە ڕۆستەم، کە تەنها یەک شەو لەگەڵی مایەوە، ئەوشەوە تامینە بە رۆستەم  دەڵێت: دەمەوێت کچێک یان کوڕێکم پێ ببەخشیت، ڕۆستەمیش ملوانکەکەی ملی دەداتە تامینە و دەڵێت: ئەگەر کچێک یان کوڕێکت بوو، ئەوا ئەم ملوانکەیە بکە ملی و با بزانێت باوکی کێیە. پاش ئەوەی سەربازانی پاشای تۆران، ئەسپەکەی دەدۆزنەوە و ڕۆستەم دەگەڕێتەوە شانشینەکەی، دوای چەند ساڵێک شەڕێکی گەورە ئاشتی نێوان هەردوو شانشینەکە تێکدەشکێنێت، دواجار لەنێوان بەرەی (کەی کاوس) پاشای مادەکان، بە سەرکردایەتی ڕۆستەمی زاڵ و بەرەی (ئەفراسیاب) پاشای تۆران، بە سەرکردایەتی زۆراب، شەڕ هەڵدەگیرسێت. زۆراب، کوڕی ئەو ژنەیە، کە چەند ساڵێک پێشتر، لەلایەن پاشای تۆرانەوە بە ڕۆستەمی زاڵ بەخشرابوو، کە تەنها یەک شەو لەگەڵی مایەوە و دواتر منداڵێکی لێی بوو. شەڕ دەستیپێکرد و دەبوایە سەرەتا سەرکردەی هەردوو سوپاکە، لە گۆرەپانی جەنگدا بە تەنها شەڕ بکەن، لە ڕۆژی یەکەمدا، هیچ کامیان نەیانتوانی ئەوەی تریان ببەزێنن، هەر بۆیە ڕۆستەم کەوتە ڕاڕایی و دڕدۆنگی، پرسیاری پیری و کەنەفتی مێشکی دەخوارد، کە ئاخۆ ئەو جەنگاوەرە بوێرە کێیە کە من نەتوانم بیبەزێنم؟! ڕۆژی دووەم، شەڕی نێوانیان دەستیپێکردەوە و دواجار زۆراب توانی سەربکەوێت، بەڵام ئامادە نەبوو ڕۆستەم بکوژێت، هەر بۆیە شەڕەکە بەردەوام بوو و جاری دووەم ڕۆستەم سەرکەوت و ڕمێکی لەسەر سنگی زۆرابدا، زۆرابیش لە کاتی ئاوزینگی مەرگدا، رووی کردە ڕۆستەم و پێێ وت: کەسێک هەیە لە تۆ بەهێزترە، ئەویش ڕۆستەمی باوکمە، بڕۆ ڕابکە و خۆت بشارەوە. کاتێک ڕۆستەمی زاڵ ئەمەی بیست، هاواری لێ هەستا و بۆی دەرکەوت ئەوە ئەو کوڕەیەتی کە هەرگیز نەبینیووە.!   تەڵەی شوغادی برای ڕۆستەمی زاڵ، بۆ کوشتنی براکەی لە شانامەی فردەوسیدا، ئەم چیرۆکە وەها گێردراوەتەوە، ڕۆژێک لەسەر داوای پاشا، دەبوو ڕۆستەمی زاڵ و شوغادی زڕبرای، پێشبڕکێی ئەسپ بکەن، لەسەر بازدان بەسەر چاڵێکدا، کە سەد شمشێری ژەهراوی تێدا چەقێندراوە. ئەم پێشبڕکێیە پێشتر لەنێوان پاشا و شوغاد بە مەبەستی لەناوبردنی ڕۆستەمی زاڵ ڕێکخراوە، چونکە لەوکاتەدا ئەسپەکەی ڕۆستەم پیر و کەنەفت بووە و توانای بازدانی گەورەی نەبووە، هەر بۆیە ویستویانە لەو ڕێگەیەوە لەناوی ببەن، تا شوغادی زڕبرای جێگەی بگرێتەوە. پێشبڕکێ دەستیپێکرد و سەرەتا ڕۆستەم ئەسپەکەی خۆی هەڵدا، بەڵام لموزی ئەسپەکەی بەر لێواری چاڵەکە کەوت و ڕۆستەم کەوتە سەر شمشێرە ژەهراوییەکانەوە، لە سەرەمەرگدا ڕۆستەم بیری کردەوە، کە ئەمە تەڵەیە، بۆیە بە دەنگێکی نزم بە شوغادی زڕبرای وت: بۆچی براگەورەکەی خۆت بە پاشا فرۆشت؟، شوغادیش بە پێکەنینەوە پێی دەڵێت: تۆ وا خەریکە دەمریت، وەسیەتی خۆتم پێ بڵێ تا وەک برایەک بۆت جێبەجێ بکەم، لەو کاتەدا ڕۆستەم داوا دەکات تیروکەوانێکی پێبدات، تا نەهێڵێت قەلەڕەشەکان بە زیندوویەتی جەستەی بخۆن، شوغادیش تیروکەوانێکی پێدەدات و دەمودەست پەشێمان دەبێتەوە، چونکە دەزانێت بۆ ئەوەی نییە، بەڵکو دەیەوێت پێش ئەوەی خۆی بمرێت، ئەوی پێ بکوژێت، لەو کاتەدا ڕۆستەم تیرێک ڕادەوەشێنێت و برا ناپاکەکەی دەکوژێت. لەوبارەیەوە، حەسەن مەحمود حەمەکەریم، مامۆستا و مێژووناس، لەبارەی ئەو ڕوداوەوە دەڵێت: شوێنی ئەم پێشبڕکێیە لە پەنا دارێکی گەورە و تەمەنداری گوندی (قاپڵانتو)ی سەر بە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە تا ئێستاش ئەم دارە و چیرۆکی کوشتنی ڕۆستەمی زاڵ، لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە، وەک دوانەیەکی لێکدانەبڕاو سەدان چیرۆک و شیعر و شانامەی لەبارەوە دەوترێت.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی پەیوەندی ئیسرائیل و فەلەستین چۆن ڕۆڵ دەبینێت لە گۆڕینی نەخشەی سیاسی جیهاندا؟ بۆ تێگەیشتن لە کێشەی غەززە پێویستە باسی کێشەی فەڵەستین بکرێت، سەرچاوەی ململانێکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلیش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و لەگەڵ هەڵکشان و پەرەسەندنی بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکاندا دروست دەبێت. لەو کاتەوە گرژییەکان لە نێوان هەردوو گەلی جولەکە و عەرەبەکاندا لە فەلەستین سەرهەڵدەدات. ساڵی ١٩١٧، فەڵەستین لە لایەن هێزەکانی ئینگلیزەوە بە سەرکردایەتی جەنڕاڵ "ئەللێنبی" داگیرکرا، کە پێشتر بەشێک بوو لە ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی، بەڵام دوای دروستبوونی بزوتنەوەی زایۆنیزم، کە جوڵانەوەیەکی سیاسی و ڕامیاری و فراوانخوازی بوو، هاوکێشەکان گۆڕانیان بەسەردا هات و ئەم جوڵانەوەیە توانی بەریتانیا ناچار بکات بە دەرکردنی پەیمانی "بلفۆڕ" لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٧دا، ئەم بەڵێننامەیە لە لایەن ئارسەر جیمس بلفۆری وەرزیری دەرەوەی بەریتانیاوە وەک بەیاننامەیەک دەرچوو کە لە دەقەکەیدا هاتووە: (دەوڵەتی پاشایەتی خاوەنشکۆ بە چاوێکی سۆزدارانەوە دەڕوانێتە بونیادنانی نیشتیمانێکی نەتەوەیی بۆ گەلی جولەکە لە فەڵەستیندا، هەروەها هەوڵ بۆ ئاسانکاری و بەجێهێنانی ئەم ئامانجە دەدات، بەبێ ئەوەی هیچ لە ماف و موڵکی ئایینیی ئەو تیرە و طائیفانە بگۆڕێت کە جولەکە نین و لە فەڵەستیندا دەژین). ئەم هەوڵەی بزوتنەوەی زایۆنیزم بۆ کۆکردنەوەی جولەکەکان و گواستنەوەیان بۆ فەڵەستین بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی فراوان بوو بۆ جولەکەکان لە بەرژەوەندی ئیمپریالیزم لە ناوچەکە، کە دواتر هەریەکە لە ئەمریکا و فەڕەنسا و ئیتاڵیاش پشتگیرییان لێکرد. بۆیە لە ساڵی ١٩٢٠ ەوە بەریتانیا ئینتیدابی خۆی بەسەر فەڵەستیندا سەپاند تا لەو ڕێگەیەوە پەیمانی بلفۆڕ جێبەجێ بکات، ئەمەش تا ساڵی ١٩٤٨ بەردەوام بوو، تا ئەو کاتەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر خاکی فەڵەستین دامەزرا. دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەریتانیا، دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨دا، یەکەم جەنگی نێوان عەرەب و ئیسرائیلی لێکەوتەوە. لەو جەنگەدا نزیکەی ٧٠٠ هەزار فەلەستینی ئاوارە بوون و ڕووداوەکە بە نەکبە (کارەسات) ناسرا. ئەم ئاوارەبوونە قەیرانێکی درێژخایەنی پەنابەران و ناڕەزایەتییەکی قووڵی لەنێو فەلەستینییەکاندا دروستکرد. پاشان لە ساڵی ١٩٦٧دا، شەڕی شەش ڕۆژە هەڵگیرسا کە بووە هۆی داگیرکردنی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەمەش گرژییەکانی زیاتر کرد و کێشەکان بەردەوام بوون تا سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا و دروستبوونی بزووتنەوەی حەماس، کە ڕێکخراوێکی ئیسلامی بوو، وەک بەدیلێک بۆ بزووتنەوەی فەتحی عەلمانی و ناوبانگێکی زۆری لای فەڵەستینییەکان بەدەستهێنا. میساقی حەماس لە سەرەتادا داوای لەناوبردنی ئیسرائیلی دەکرد و جەنگەکەی گۆڕی بۆ جەنگێکی ئاینی ڕووت. دوا بە دوای  شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش لە ساڵی 1979دا، ئێران وەک جەمسەرێکی ئیسلامی و مەزهەبی دروستبوو، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک ڕژیمێکی ئاخوندی و تیۆکراتی خۆی ناساند کە بەرگری لە دۆزی موسڵمانان دەکات، بەتایبەتیش لە خەباتی گەلی فەلەستین دژ بە زایۆنیزم و ئیسرائیل، ئەمەش بەرگێکی نوێی کرد بە بەری کێشەی فەلەستینییەکاندا و لە دۆزێکی نەتەوەییەوە گۆڕی بۆ کێشەیەکی ئاینی و مەزهەبی. پشتیوانی ئێران لە حزبوڵڵا جەختی لەسەر زەقکردنەوەی ڕەهەندە ئایینیەکانی ململانێکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلە و بەجۆرێک پرسی ناسیۆنالیزمی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای  دینیدا تێکەڵاو کردووە. ئەم مۆدێلەی ئێران ئیلهامبەخش بوو بۆ زۆرێک لە بزووتنەوە ئیسلامییەکانی دیکەی ناوچەکە، تا وەک ئەرکێکی ئایینی پشتیوانی لە سەرانسەری جیهانی موسڵماناندا بۆ گەلی فەلەستین کۆ بکاتەوە و هەر دەوڵەتێکی ئیسلامی ناچار بێت پشتیوانی لە غەززە و فەلەستین بکات دژ بە ئیسرائیل. هەر لەو ڕێگەیەشەوە لوبنانی پەلکێشی جەنگێکی خوێناوی کرد لەگەڵ ئیسرائیلدا. ئەمەش دەریدەخات کە دۆزی فەڵەستین ئێران بە دوو ئاڕاستەدا بەکاری دەهێنێت، یەکەمیان وەک گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان بۆ پرسی مەزهەبی و دینی، دووەمیشیان بۆ پاساودان و دوورخستنەوەی سەرنجی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەسەر مەسەلەی ئەتۆم و چەکی کۆمەڵکوژی. ئەمە جگەلەوەی لە ڕێگەی میلشیاکانی عێراقەوە دەیەوێت هەژموونی خۆی لە عێراقدا بپارێزێت و ڕێگری بکات لەوەی پڕۆژەی هیلالی شیعی لەبەرامبەر پلانە نوێکەی ئیسرائیلدا شکست بهێنێت.   هەرچی تورکیاشە لە مێژووی خەلافەتی عوسمانییەوە پشتگیری خۆی بۆ فەلەستین دربڕیوە و لەسەردەمی کەمال ئەتا تورک و حکومەتی عەلمانیشدا بە چاویلکەیەکی ناسیۆنالیستییەوە لە ململانێکانی دەڕوانی و لایەنگری خۆی بۆ گەلی فەلەستین نیشاندەدا. دواتر لەگەڵ بوون بە سەرۆککۆماری ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، تورکیا ڕێبازێکی ئاشکراتری ئیسلامیانەی لە سیاسەتی دەرەوەدا گرتەبەر  و لەسەر بنەمای ئایینی پشتیوانی خۆی بۆ فەلەستین دەربڕی. ئەردۆغان زۆرجار جەختی لەسەر گرنگی پێگەی ئایینیی قودس کردووەتەوە. تورکیاڕۆڵی خۆی وەک ئەندامێکی ناتۆ دەگێڕێت و لە هەمان کاتدا پشتگیری لە گروپە فەلەستینییەکان دەکات، لەنێویشیاندا بۆ ئەوانەی مەیلی ئیسلامییان هەیە. ئەم ڕێبازە ئیزدواجی و دووڕووییە ڕێگەی بە تورکیا داوە کە خۆی وەک پێشەنگێک لە جیهانی موسڵماناندا جێگیر بکات و داکۆکی لە مافەکانی فەڵەستین بکات و دژایەتی سیاسەتەکانی ئیسرائیل بکات، لە ئاستی نێویدەوڵەتیشدا وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی و مۆدێرن خۆی بناسێنێت. تورکیا هەوڵی نێوەندگیری نێوان لایەنە جیاوازەکانی ناو خاکی فەلەستین دەگێڕێت و بانگەشە بۆ یەکگرتوویی نێوان گروپەکانی وەک فەتح و حەماس دەکات، هاوکات خەریکی دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانیشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، لە پێناو پاراستن و هێشتنەوەی هەژموونی خۆیدا لە ناوچەکەدا. لەو کاتەشەوە کە حەماس لە ساڵی ٢٠٠٧ وە، دەستی بەسەر غەززەدا گرتووە، ئیسرائیل گەمارۆیەکی توندی سەپاندووە بەسەر فەلەستیندا، لەوانەش سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە کاڵا سەرەکییەکان و پێویستی ڕۆژانەی خەڵک و کەرەستە پزیشکییەکان و تێکچوونی ژێرخانی ئابووری و جەنگی بەردەوام و توندووتیژانە لە لایەن غەزەوە بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامی تۆڵەی ئیسرائیل بۆسەر غەزە و ناوچەکانی دیکەی فەلەستین. ئەم جەنگ و ململانێ بەردەوامانە تا ئێستا بووەتە هۆی لەدەستدانی گیانی هەزاران هاوڵاتی و ئاوارەبوونی سەدان هەزار خەڵکی جولەکە و عەرەبی موسڵمان، بە ڕادەیەک کە زۆرینەی خەڵکی ئاوارە و دەربەدەر بۆ مانەوە پشت بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن. جگە لەو لێکەوتە ناوخۆییانە، ئەم جەنگەی نێوان ئیسرائیل و غەززە کاریگەری لەسەر سەقامگیری کۆی گشتی ناوچەکە و پەیوەندیی نێوان دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسرائیل هەیە، هەروەها کاریگەری لەسەر جیۆپۆلیتیکی دوورمەوداتر هەیە وەک ئێران و دەوڵەتە لایەنگر و نەیارەکانی ئیسرائیل و فەلەستین. وەک لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی بوونی بزووتنەوەی حزبوڵڵاوە لە لوبنان، لە لایەن ئیسڕائیلەوە هێرشکرایە سەر لوبنان و دواتریش ئێران هێرشی درۆنی و مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل، نزیکترین جەنگ و لێکەوتەی ئەم هێرشانەش وەڵامی ئیسرائیل بوو بۆ ئێران بە بۆردوومانکردنی ناوچە سەربازییەکانی. بە بڕوای چاودێران جەنگی غەزە لەم ڕیشە مێژوویەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەگەر بێت و چارەسەری ئاشتیانەی بۆ نەدۆزرێتەوە، دوور نییە پریشکی جەنگەکە عێراق و زۆر ناوچەی دیکەش بگرێتەوە. بە تایبەت لە دوای ئەو پلانە نوێیەوە کە ئیسرائیل بۆ گۆڕینی نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرای کردووە و ترسی خستووەتە دڵی هەر یەکە لە تورکیا و ئێران و دەوڵەتە هاوپەیمانەکانیانەوە.

  بەختیار ئەمین   ڕەنگە هەریەکەمان ئەو پرسیارەمان لا دروست ببێ، ئایا ئەو ئامێرەی، کە ئەم دەنگە دەخوێنێتەوە، پشت بەچی دەبەستێ بۆ هەژمارکردنی دەنگی دەنگدەران؟ ئەم ئامێرە چۆن دەزانێت ئەو دەنگە هی کام کاندیدەیە؟ ئایا پرۆسەکە هاوشێوەی هەژمارکردنی دەنگەکان بەدەست ئاسانە؟ گرنگە ئەوە بزانرێ، هەموو ئامێرێکی ئەلیکترۆنی پێویستی بەداتایە واتە (زانیاری) بۆ بڕیاردان، یان بۆ هەر کردارێک بیەوێ ئەنجامی بدات. بەهەمان شێوە، چۆن من و تۆ یان کارمەندێکی کۆمسیۆن بڕیار ئەدەیەن لە سەر ئەو فۆرمەی کە دەنگدەر دەنگی لەسەر داوە، دوای ئەوەی داتای سەر فۆرمەکەمان بینی.   وەڵامی هەندێ لە پرسیارەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن: ئامێرەکانی هەژمارکردن و ناسینەوەی فۆڕمی دەنگی  دەنگدەر بە ئامێری ئۆپتیکاڵ سکانەر ناسراون (Optical Scanner سکانەری بینایی). نەک هەر ئەو ئامێرە، بەڵکو هەموو ئامێرەکانی ئۆبتیکاڵ سکانەر، کە بۆ هەر مەبەستێک دروست کرابن، جا ئەگەر تەنها بۆ هەژمارکردن بێ، یا ڕاکێشان و هەژمارکردن، سەرجەمیان پشت دەبەسن بە تەکنەلۆژیای Optical Character Recognition (OCR))، واتە تەکنەلۆژیای ناسینەوەی هێما و کارێکتەرەی بینایی سەر هەر کاغەزێک، کە بەم ئامێرانەدا تێپەڕ دەبن. ناسینەوەی کاراکتەری بینایی (OCR) لە ڕاستیدا تەکنەلۆژیایەکی زۆر بەهێزە، توانای ناسینەوەی دەقی وێنە و بەڵگەنامە سکان کراوەکان یان سەرچاوە بینراوەکانی تری هەیە. OCR پشت هەم  بە هاردوێر (ئەگەر داتاکە لەوەوە وەربگرێ)، وەکو خودی سکانەرەکە (بەسەرجەم پارچەکانیەوە هەر لە سێنسەر و کامێرا و بەشە ڕەقەکانی تر)، هەمیش پشت بە سوفتوێر دەبەستێ بۆ ئەنجامدانی هەر کردارێک یان کارێک کە پێی بسپێردرێ.   ئەی ئەم تەکنەلۆژیایە چۆن کاردەکات، یان پشت بەچی دەبەستێ؟ ئۆ سی ئاڕ، سۆفتوێرکە بە ئەلگۆریثم دیزانکراوە، ئەلگۆریثمیش ئەو پرۆگرامەیە، کە لەڕێگای سۆفتوێرێکەوە بە ئامێرەکە دەڵی چی کردارێک ئەنجام بدە و چۆن؟ ئەلگۆریثمەکان زۆرکات پشت بە کۆمەڵێ کرداری ماتماتیکی وەکو ژیرەکانی دەستکرد (AI) دەبەستن، بۆ ناسینەوەی دەقی چاپکراو، دەستنووس، یان تایپکرا، تەنانەت وێنە و دەنگیش. هەر ئەو ئەلگۆریثمی ژیری دەستکردەیە، کە توانای گۆڕینی دەنگ و وێنە و ڤیدیۆی من و تۆی هەیە بۆ دەنگ و وێنە و ڤیدیۆی کەسێکی دیکە. لە زانستی ژیری دەستکردا ئەلگۆریثمەکان هەموو زانیاری و داتاکان دەکەنەوە بە دەقی دیجیتاڵی (دەقەکە ژمارە بێ یان تێکست) ئینجا دەتوانن سودی لێ وەربگرن.   بەزمانێکی سادە، ئامێرەکانی ئۆبتیکاڵ سکانەر هەمان ئەو دەورە ئەبینن، کە چۆن ئەندامێکی کۆمیسیۆن لە ڕێگای چاوەوە یان ژماردنی دەستەوە ئەنجامی دەدەن بۆ ناسینەوە و هەژمارکردنی دەنگەکان.  بەنمونە، کاتێک دەنگدەر فۆرمی دەنگدانی دەخاتە ناو ئەو سندوقەی کە  بۆی دانراوە، لە سەر ئەو سندوقە دوو شت هەن، یەکێکیان ئەو ئامێرەیە، کە وێنەی فۆرمی دەنگی دەنگدەر ئەگرێ و پێیدا تێ دەپەڕێ، دووەمیشیان سندوقەکەی ژێر ئامێرەکەیە کە فۆرمەکانی تیادا هەڵدەگیرێ.   تەکنەلۆژیای (OCR) چۆن کاردەکات یان ئەو کردارانە چین کە لە توانای ئەم تەکنەلۆژیایەدان؟ ئامانجی ئۆ سی ئاڕ لە ئوپتیکاڵ سکانەردا ئەوەیە پرۆسەی ناسینەوە و هەژمارکردنی دەنگەکان زۆر خێراتر بکات بە هێندەی سەد ئەوەندەی توانای مرۆڤ. وە ئەم تەکنیکە پشت بەم قۆناغانەی خۆارەوە دەبەستێ، بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاریەکانی سەر فۆڕمی دەنگدەر و هەژماکردنیان  لەو کاتەی وێنەی دەنگەکە دەگرێ: قۆناغی یەکەم:  (Image Capture) پرۆسەی گرتنی وێنەی فۆرمی دەنگی دەنگدەر: لەم قۆناغەدا سکانەرەکە هەڵدەستێ بەگرتنی وێنەی فۆرمی دەنگدەر لەڕێگای کامێرای ناو سکانەرەکەوە بەخێرایەکی زۆر بێ ئەندازە، هاوشێوەی لەیزەر، دواترهەڵگرتنی وێنەکە لە ناو ئامێرەکەدا، یان ئەو میمۆریەی بە ئامێرەکەوە بەستراوە. مەترسی ئەم پرۆسیە چیە؟ دەکرێ وێنەی ئەو فۆڕمەی، کە ئامێرە گرتویەتی بگۆڕدرێ بە وێنەی فۆڕمی کاندیدێکی دیکە. چۆن؟ ئەو ئەلگۆریثمەی، کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد هەرخۆی دەتوانێ وێنەی ئەو فۆرمە بگۆڕێ. گرنگە ئەوە ڕونبێت، تەنها وێنەکە دەکرێ بگۆڕدرێ نەک فۆرمەکە، چونکە لەم قۆناغەدا فۆڕمەکە تێپەڕبوە بە ئامێرەکەدا، ئەوەی لە سەر فۆڕمەکەیە ئەوە دەگرێ، بۆیە لەڕێگای هەژماری دەستیەوە دەکرێ بەوردی ڕاستی و دروستی ئەم فۆرمە دووبات بکرێتەوە. قۆناغی دووەم: (Pre-processing): لەم قۆناغەدا کواڵیتی وێنەی فۆڕمەکان یان کۆنتراستی وێنەکان دەکرێ چاک بکرێن یا با بڵێن دەستکاری بکرێن. واتە ئەگەر هەر پەڵەیەک یان مارکێک لەسەر وێنەکە بوو، کە (بەپێچەوانەی ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆنەوە بوون) دەکرێ لاببردرێن. ئەم تەکنیکەش زۆر باوە لە زانستی کۆمپیوتەر (بەتایبەت ژیری دەستکردImage Processing ) دا. دەکرێ لە ڕێگای بەکارهێنانی کرداری فیلتەرەوە ئەنجام بدرێ هاوشێوەی ئەم وێنەیەی خوارەوە. وەکو دیارە دەتوانرێ سەرجەم ئەو پەڵانەی لە وێنەی لای چەپدان لاببرێن و تەنها ژمارەکان بمێننەوە.    لەوانەیە هەندێ هاونیشتیمانی پرسیار بکەن، ئایا لەم قۆناغەدا دەکرێ دەستکاری فۆڕمەکە بکرێ؟ بەڵێ، دەتوانرێ فیلتەر لە سەر هەر بەشێکی فۆڕمەکە دابنردێ کە بمانەوێ. ووردتر بڵێم، ئەگەر بمانەوێ دەتوانین ئەلگۆریثمەکە وا پرۆگرام بکەین بۆ هەر بەشێکی سەر وێنەی فۆرمەکە، بۆ نموونە لابردنی مۆر، پەڵە، یان نەخشی پاشبنەما نەخوازراوەکان. دەکرێ لەم ڕێگایەوە کاریگەری لەسەر وردی لێکدانەوەی بەڵگەنامەکان دروست بکەیت و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بەو شێوەیە دیزان بکەی کە مەبەستە.  واتە دەستکاری وێنەی فۆرمەکە بکەی یان (سەری لێ بشێوێنی)، بە ئامێرەکە بڵێی: ئەو فۆرمەی مۆری لەسەر نیە، پوچەڵی بکەوە، ئەم پەڵەیە زیادە لەسەر فۆرمەکە ڕەشی بکەوە...هتد. بۆ دڵنیای لەم کردارە تەماشای ئەم وێنەی خوارە بکەن، لەوێنە دەستی چەپدا دەردەکەوێت و دایارە کە سەرجەم ئەو پەڵە و نوسینانەی سەر ئەو کاغەزانە دەکرێ لا دەبرێین. وە ئەم کردارە لە ئیمج پرۆسێسینا (mage Processing) زۆر باوە.             ئەم ئامێرانە و تەکنیکی ئۆ سی ئاڕ لە زۆر ووڵات بەکار دەهێندرێن بۆ ژماردن و پشتڕاستکردنەوەی وەرەقەی تاقیکردنەوەی خوێندکاران، بە نمونە، پشتڕاستکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی فێرکار، یان لابردنی پەڵە و مارک لە سەر هەر هەڵبژاردنێیک وەکو لەم وێنەی خوارەودا دیارە.     قۆناغی سێیەم: (Pattern Recognition) ناسینەوەی زانیاری سەر فۆرمی دەنگدەر: ئەم پرۆسەیە پشت دەبستێ بە ئەلگۆریثمەکان بۆ ناسینەوەی و هاوتاکردنی سەرجەم زانیاریەکانی سەرفۆرمی دەنگدەر. ئامانج لێی وردبینیکردنە لە زانیاریەکانی سەر فۆرمەکەم لەوانە تێکست، ژمارە...هتد. سکانەری بینایی هەموو کات پشت دەبەستێ بەتکنیکی OCR بۆ ناسینەوەی هەر زانیاریەک، کە لە سەر وێنەی فۆرمی دەنگدەردا هەیە، لەوانە ناسینەوە و لێکدانەوەی کاراکتەرەکان، هێماکان، یان نەخشەکانی لە ناو بەڵگەنامەی سکانکراودا. واتە گۆڕینی داتا بینراوەکان بۆ ژمارە  یان هەر جۆرە زانیاریەکی دیجتاڵی تر. لە تەکنیکەکانی ژیری دەستکرد AI، دەتوانرێ نەخشەکان و نیشانە ناڕوونەکان بناسرێنەوە، وەک پەڵە لە بەشێکی پڕکراوە یان شێواو و خراپ، بە نمونە پشتڕاستکردنەوەی ئەو ناوچەیەی کە دەنگدەر مۆرەکە ئەدا لە تەنیشت بەر بژێر یان لیستەکەی. (گرنگە ئەوە بزانرێ، بە پێی پێویست دەکرێ کرداری زیاتر لە نێوان ئەم قۆناغانەدا ئەنجام بدرێ). قۆناغی چوارەم: (Data Processing) پرۆسێسیکردنی داتاکان: لەم قۆناغەدا زانیاریەکانی سەر فۆڕمەکە بەشێوەی تێکست یان ژمارە لە ڕێگای ئۆسی ئاڕەوە وەردەگێڕدرێن، بە نمونە، وێنەی سەر فۆڕمەکە چ زانیاریەکی تیایە، ئایا دەنگدەر دەنگی بەکام بەربژێرداوە، وە بە کام لیست؟ ئەمەش دیسیان پرۆسەیەکە تەنها لە ڕێگای ئەلگۆریثم و هاوکێشە ماتماتیکەکانەوە ئەنجام دەدرێ، کە دەستکاریکردنی ئەنجەکان ئاسانە تیایاندا. قۆناغی پێنجەم: (Data Storage) خەزنکردنی داتاکان: لە پرۆسەی هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی عێراق و هی ئەم جارەی هەرێمی کوردستان، داتاکان لە (عەقڵی) ئامێرەکاندا خەزن ناکرێن، چونکە ئۆپتیکاڵ سکانەرەکان توانای هەڵگرتن و خەزنکردنی داتای کۆکراوەی هاوشێوەی هەزارەها دەنگدەری نیە. بۆیە سەرجەم داتاکان لە میمۆریەکادا کۆدەکرێنەوە کە بەستراون بە ئامێرەکانەوە، دواتر ڕەوانەی داتا سەنتەری کۆمسیۆن دەکرێن لە بەغذا و لەوێوە زانیاریەکان دەدرێتەوە بە بنکەکانی دەنگدان.  ئایا ئەم پرۆسەیە تەزوری تیادا دەکرێ، بەڵی و زۆریش ئاسانە؟ بەڵام تەزویرکردن لەم قۆناغی کۆتایەدا دەکرێی زۆر زۆر بەوردی ئەنجام بدرێ و هاوتای دەنگەکانی ناو سندوقی ناوەندی دەنگدان بکرێ. لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستاندا، تەزویر لەم قۆناغەدا ئەنجام نەدراوە. دەرئەنجام و وەڵامی هەندێ لەو پرسیارانەی کە خەڵکی کوردستان لە سەر هەڵبژاردن هەیانە: یەک: ئایا دەکرێ دەنگەکان دەستکاری بکرێن لە کاتێکدا بەدەست هەژمار دەکرێنەوە؟ وەڵام؛ بەڵێ، وەکو باسمان کرد، دەکرێ لەڕێگای پرۆگرامی ناو سکانەرەکەوە کرداری سڕینەوە ئەنجام بدرێ، دەکرێ کرداری کانسڵ -پوچەڵی دەنگەکەشی پێ ئەنجام بدرێ. وە ئەگەر توانای مۆرکردنیشی هەبێ، دەتوانرێ مۆری نوێ بدات لەسەر فۆڕمەکە. بەڵام، ئەمە پێویستی بە بەڵگە هەیە و دەکرێ ئامێرەکان لەپێش چاوی هەموو لایەک تێست بکرێن، تاوەکو دڵنیایی بدرێ لەوەی ئەم ئامێرانە توانای ئەنجامدانی ئەم کردارەیان نیە؟ زۆر گرنگە وردبینی بۆ سەرجەم دەنگە پوچەڵەکراوەکانیش ئەنجام بدرێ، هۆکاری وردبینەکە بزاندرێ، کە ئایا دەنگدەر خۆی هۆکارەکە بووە یان پرۆگرامی ناو سکانەرەکە ئەو کردارەی بە مەبەست ئەنجامداوە؟ دوو: ئەی ئەگەر ئامێرەکە لە پێش هەندێ کەسی پسپۆڕ تاقیبکرێنەوە و وا دەرنەچون ؟ وەڵام؛ ئامێرەکان دەکرێ تێست بکردرێن  لە پێش چاوی پسپۆڕان، بەڵام ئەمە لەکاتێکدا دەکرێ چەند دەقەیەک پێش دەسپێکردنی یان کۆتایی هەڵبژاردنەکە. چونکە دەکرێ بەچەند دەقەیەک پێش دەسپێکردن یان کۆتای هەڵبژاردن، پرۆگرامی دەستکاریکراوەی ناو ئامێرەکە وەکو خۆی لێ بکرێتەوە و هیچ ئاسەواری دەستکاریکردن بەجێ نەهێڵدرێ. ئەی چۆن ئەمە پشتڕاست بکرێتەوە، تەکنیکی زۆر هەیە بۆ ئەم مەبەستە. سێ: پرسیارێکی زۆر گرنگ، دەربارەی ئەگەر ئامێرێک وا دیزاین بکرێ لە ڕۆژی دەنگداندا تەنها لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تاوەکو ٦ ئێوارە کار بکات، وە دواتر قفڵ – لۆک ببێ، ئەی چۆن دەکرێ دەستکاری بکرێ؟ وەڵام؛ مادام ئەم ئامێرانە توانای کارکردنیان هەیە لە ڕێگای پێدانی ئیعازی مرۆڤەوە (مەبەستمان پرۆگرام کردنیانە)، کەواتە دەشتوانرێ دەستکاری هاردوێر و سۆفتوێرەکانی ناوێ بکرێن  لە ڕێگای پرۆگرامکردنی ئەو ئەلگۆریثمەی کە شیکاری داتاکانی پێدەکات. بە نمونە وای پرۆگرام بکەین (A)مان  بۆ بکات بە (B)، دەنگی ئەیمان بۆ بسڕێتەوە و فۆڕمەکەشیمان بۆ پوچەڵ بکاتەوە، وە هەروەها ئەنجامدانی چەندین هاوکێشەی تر. ئەمانەی سەروە  بەشێکن لەو لایەنە زانستیە نەبینراوانەی پرۆسەکە، وە تەنها کەسانی پسپۆڕی ئەم بوارە دەتوانن درکی پێبکەن، لەگەل هەندێ ڕێگای تەکنیکی دیکە. چوار: کامیان گونجاوترە بۆ هەژمارکردنی دەنگی دەنگدەر، بە ئامێری ئەلیکترۆنی یان دەستی؟ وەڵام؛ بیگومان، لەڕوی زانستیەوە ڕێگای هەژمارکردنی دەنگی دەنگدەر بە ئامێری ئەلیکترۆنی هیچ کات پارێزراو یا گونجاو نیە. چونکە، ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە، پێکهاتەی تەنها کرداری ئامێرێک یان سۆفتوێرێک نیە. تەنانەت لە ووڵاتانی زۆر پێشکەوتوی هاوشێوەی ئەمریکا و بەریتانیا ...هتد، کە خاوەنی بەهێزترین تەکنەلۆژیای سەردەمن، هەژمارکردنی دەنگ بە دەستە نەک ئامێر، کەواتە بۆ لە هەرێم و عێراق ئەلەکترۆنییە؟!   لە کۆتایدا ئەوەی پێویستە بوترێت ئەمەیە: لە پرۆسەی دیموکراسیدا گرنگ نیە کێ براوەیە یا دۆڕاو، لەهەموی گرنگ تر دروستی و شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەیە. وە بۆ بیرهێنانەوەی خەڵک، ساڵی داهاتو حیزبەکانی هەرێمی کوردستان دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە، هەر لە ئێستاوە دەپرسین: کێ گەرەنتی ئەوە دەکات لە ئاستی هەرێم و ناوچە دابڕاوەکانیشدا دیزان و تەزویری رێکخراو ناکرێ، کێ و چۆن مشوری ئەم بابەتە دەخۆن؟!    یاریدەری پڕۆفیسۆر د. بەختیار ئەمین مامۆستا و شارەزی بواری ژیری دەستکرد (AI) لە زانکۆی   City University of London            UK.      

شارۆ شاهۆ بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تایبەتی پێگەی Dark reading کە دەگەرێتەوە بۆ ڕێکەوتی ٢٠ ی شوباتی ٢٠٢٤، ئاماژە بەوە دەکات کە تیمێکی شارەزا لە کۆمپانیای Resecurity توانیویانە داتابەیسێکی ٢١.٥٨ گێگابایتی بدۆزنەوە لەناو دارک وێبدا  کە کارتی دەنگدان و زانیاریە تایبەتەکانی دەنگدەرانی ئێراقی تێدایە، لەگەڵ نەرمەواڵەیەکی تایبەت کە بۆ "بەشی بەڕێوەبردنی کردار و داتاکان"ی کۆمسیۆن دروستکراوە. بەپێی گوتەکانی Gene Yoo، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری Resecurity، دوا کۆمەڵە داتا دزراوەکان راستەقینەن. پاش وەرگێڕانی زانیاریە سەرەکیەکان لە عەرەبیەوە پشتڕاستی کردۆتەوە کە داتابەیسەکە زانیاری دەنگدان لەگەڵ وردەکاری دەربارەی دەنگدەران (ناو، بەرواری لەدایکبوون)، بنکەکانی دەنگدان، و ناوەندەکانی تۆمارکردن لەخۆدەگرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە کۆمپانیاکە توانیوێتی هەندێک لە IP-ی هێرشبەرەکان بدۆزێتەوە کە بۆ پارێزگای کەرکوک لە باکووری عێراق دەگەڕێتەوە و گومان دەکرێت ئەم پرۆسەیە بەشێوەی سیستەماتیک لایەن کەسێکی ناوخۆییەوە ئەنجام درابێت کە دەستی بە ژێرخانی زانیاریەکانی کۆمسیۆن راگەیشتبێت! هەروەتر ئەوەی کۆمپانیاکە درکی پێکردوە گومانلێکراوی سەرەکیەکانی هێرشەکە بریتین لە ئەکتەرە دەوڵەتیەکان کە بەدوای ناسەقامگیرکردنی عێراقەوەن یان ئەکتەرێکی ناوخۆیەکانن کە لە ئەنجامدانی هاکردندا دەست باڵایان هەیە و خاوەن سیستەمی هاکی ئاست بەرزن. ئەوەی شایەنی باسە، شیکارکارانی یەکەی Hunter ی Resecurity پێشتر دزینی داتای ٦.٤ ملیۆن دەنگدەری ئیسرائیلیان لە فۆرۆمی تاوانکاری سایبەری Eleaks دۆزیەوە. دزینەکە، کە یەکەمجار لە دەوروبەری ساڵی ٢٠٢١ ئاشکرا کرا، چەندین جار بەکارهێنراوەتەوە، لەوانە لە سەرەتای ململانێی ئێستای نێوان ئیسرائیل-غەزە، کە تێیدا گروپی هاکەرانی سەربە حە-ماس و ئەکتەرە شەرەنگێزەکانی پشت پەردە بۆ ئامانجگرتنی کەسانی دیاریکراو بەکاریان هێناوە، لەوانە خێزانی سەربازانی ئیسرائیلی. کۆمپانیای Resecurity توانی ئەم دزینە بگەڕێنێتەوە بۆ هاککردنی Elector، کە نەرمەواڵەیەکی ئیسرائیلە لە میانەی بەڕێوەبردنی هەڵمەتە سیاسیەکانی ئەو وڵایە لە ٢٠٠١ دا بەکارهێنراوە! لەکۆتاییدا، زۆر گرنگە چالاکوانانی بواری هەڵبژاردن و ڕێکخراوەکان و ئەکتەرە دەوڵەتیەکان زۆر بەوردی چاودێری پێگە تاریکەکانی ناو دارک وێب بکەن کە داتای دزراوی تێدا دەفرۆشرێت. چێک بکرێتەوە بۆ باگراوندی ئەو کۆمپانیایانەی کە دابینکاری تەکنەلۆژین لە بواری بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنن، چونکە زۆرکات دزەکردن و بەئامانج گرتن لەلایەن هاکەرەکانەوە بۆ ئەوان ئەنجام ئەدرێت نەوەکو دەوڵەتی کڕیار! هێشتاکە پێشم وایە بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێت دووربێت لەو جۆرە سیستەمە تەکنەلۆژیانەی کە پەیوەستن بە ئەنتەرنێتەوە یاخود نەرمەواڵەکەیان کۆمپانیا دەرەکیەکان دروستی دەکەن بەتایبەتی لە ئێراقدا کە وڵاتێکە گیرۆدەی پرسی گەندەڵی و دەستێوەردانی دەرەکیە.    پەراوێز: دارک وێب: بەشێکی شاراوەی ئینتەرنێتە کە بە ڕێگەی براوسەری ئاسایی ناتوانرێت بگەیت پێی، بەڵکو پێویستی بە براوسەری تایبەت هەیە وەک تۆڕ (Tor)، هەروەها زۆربەی چالاکییەکانی نایاسایین و بەکاردێت بۆ بازرگانی پێکردنی کەلوپەلی قەدەغەکراو، دزەکردنە ناو سیستەمەکان، فرۆشتنی زانیاری دزراو و چەندین کاری نایاسایی تر، بەڵام هەندێک کەس و گروپیش بۆ مەبەستی باش بەکاریدەهێنن وەک پاراستنی نهێنی و گەیشتن بە زانیاری لەو وڵاتانەی کە سانسۆریان هەیە.​​​​​​​​​ Software- نەرمەواڵە       سەرچاوە: دەتوانن لەم لینەکەوە زانیاری زیاتر چنگ بخەن:   https://www.darkreading.com/endpoint-security/hacked-iraqi-voter-information-found-for-sale-online    

هاوتای ناوی پیرشالیار لە ئاینەکانی دیکەدا چییە؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی جەژنی پیرشالیار، ئەو ئاهەنگە مێژووییەیە، کە هەورامییەکان پتر لە ٢٠٠٠ ساڵە لە ناوچەی هەورامانی تەختدا بە بەشداری هەزاران کەس، لە دوو وەرزی جیاوازدا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ یادی دەکەنەوە. لەبارەی مێژووی ئەم ئاهەنگەوە، مێژوونووسان دەبنە دوو بەرە، بەرەیەکییان، کە مێژوونوسانی ئیسلامن و کەمترینن، ئەم چیرۆکە بۆ سەردەمی خەلافەتی ئیسلامی دەگەڕێننەوە. بەرەکەی تریش، کە وردتر لەم ئاهەنگەیان کۆڵیوەتەوە، دەیگەڕیننەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی میتانی کوردی بە ئاین زەردەشتی، کە مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ پێش هاتنی ئاینی ئیسلام. ناوی پیر شالیار لەچییەوە هاتووە؟ پێش هەموو شتێک پێویستە ناوی ئەم کەسایەتییە شی بکەیەنەوە: وەک چۆن لە ئاینی ئیسلام بۆ پیاوانی ئاینی "مەلا" و لە ئاینی مەسیحیشدا "قەشە" بەکاردێت، ئاواش لە ئاینی زەردەشتیدا بۆ پیاوانی ئاینی "پیر یان مۆغ" بەکار دەهێندرێت. پیر لە ئاینی زەردەشتیدا بەو کەسانە وتراوە، کە هەر حەوت قۆناغەکەی پاکبوونەوەی ڕۆحییان برییەوە و پلەی پیاوخاسییان بەدەستهێناوە. شالیاریش، لە سەردەمی میتانییەکان بەو کەسانە وتراوە، کە پلەی بەڕێوەبردنی شار و بەشێک لە کاروبارەکانی دەوڵەتتییان لە ئەستۆدا بووە، هەندێ جاریش شالیار، بەپێی شوێن و شێوەزار "شاریار"یشی پێدەوترێت، کە ئەمەیان روونترە و لە هەردوو وشەی: (شار و یار) پێکهاتووە، هەنوکەش لە کرمانجی سەروودا پێی دەڵێن شارەدار. بۆچوونی زاڵیش لەسەر ئەو ناوە دەڵێن: پیرشالیار بە واتای پیری پیرەکان دێت، کە لە ئاینی یارساندا هەر ٩٩ پیرێک ڕێبەرێکیان هەیە، بەمەش پیری شالیار واتە: پیری پیرەکان، کە پلەیەکی بەرزترە لە پیر. پیر شالیار کێ بوو؟ پیاوێکی ئاینی زەردەشتی بووە و لە سەردەمی میتانییەکان، نزیکەی ٢٠٠ ساڵ پێش هاتنی ئاینی ئیسلام ژیاوە، هەموو ئەوانەی لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە، کۆکن لەسەر ئەوەی، کە پیرشالیار خەڵکی هەورامانە، لە سەردەمی خۆیدا پیاوێکی بەناوبانگ و سەرڕاست بووە، هەورامییەکانیش دەڵێن: پەرتوکێکی هەیە بە ناوی "ماریفەتو پیری"، لەم پەرتوکەدا ئامۆژگاری خەڵکی ناوچەکەی کردووە، فێری کردوون کە چۆن لە بەرامبەر دوژمناندا یەکگرتووبن. لەبارەی ئەم ئاهەنگەشەوە، بەشی زۆری لێکۆڵەران دەڵێن: ئەم ئاهەنگە، بۆنەیەکی ئاینییە و سرووتە ئاینییەکانی ئاینی زەردەشتی تیدا دەوترایەوە، بەڵام لەگەل هاتنی ئاینی ئیسلام، گەوهەری ئەفسانەکە گۆراوە و سرووتە ئاینییەکانیان دەستکاری کردووە. بەشیک لەو دەستکارییەش، زانای ئیسلامی کورد، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، لە پەرتوکی بنەماڵی زانیاراندا کردوییەتی، کە تێدا ئەم ئەفسانەیە بۆ زەماوەندی هاوسەرگیری پیرشالیار و بەهار خاتوونی کچی شای بوخارا دەگەڕێنێتەوە، بەمەش ئاهەنگەکەی بەستووەتەوە بە ئاهەنگی هاوسەرگیری پیرشالیاری دووەم، کە بانگخوزێکی ئاینی ئیسلامە.   چەند پیرشالیار هەبوون؟ سەرچاوە مێژووییەکان باس لە بوونی سێ پیرشالیار دەکەن، کە یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میتانییەکان و ئەوەی دووەم و سێیەمیش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیسلام. پیرشالیاری یەکەم، پیرێکی ئاینی زەردەشتی بووە و لەناوچەی هەورامان خەڵکی بە ئاینی زەردەشتی ئاشنا کردووە و خاوەنی ئەم جەژنە ئاینییەشە، کە پتر لە ٢٠٠٠ ساڵە لەناو هەوارامییەکاندا یادی دەکرێتەوە. پیرشالیاری دووەم، پیاوێکی ئاینی ئیسلامە و بە مەبەستی ڕینماییکردنی خەڵک بۆ ئاینی ئیسلام لە هەورامان ژیاوە، هەوارمییەکان دەڵێن لە خۆشەویستی بۆ پیرشالیاری یەکەم ناوی خۆی کردووە بە پیرشالیار و بەشێک لە شێوەی ئاهەنگەکەشی بە مەبەستی ونکردنی چیرۆکە ڕەسەنەکە گۆڕییەوە، ئەو مەزارگەیەی کە لە بۆنەکەشدا خەڵک سەردانی دەکات، گۆری پیرشالیاری دووەمە، کە لە بنەڕەتدا ناوی سەید مستەفایە و لە نەوەکانی ئیمامی عەلییە. پیرشالیاری سێیەمیش، پیاوێکی ئاینی یارسان بووە و خەڵکی هەورامانی بە ئاینی یارسانی ڕینمایی کردووە، بەڵام وەک هەورامییەکان دەڵین: ئەم ئاهەنگە هیچ پەیوەندییەکی بەم پیرشالیارەوە نییە. کەوایە، ئەو جەژنەی کە هەورامییەکان هەموو ساڵێک دوو جار و لە دوو وەرزی جیادا دەیگێڕن، هەمان ئەو جەژنەیە، کە پیرشالیاری یەکەم، پتر لە ٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە چوارچێوەی بۆنەیەکی ئاینی زەردەشتیدا، لە هەورامان ئەنجامیداوە.     جەژنی پیر شالیار چۆنە؟ مەراسیمی جەژنی پیرشالیار، لە هەورامانی تەختی سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەلاتی کوردستان، ساڵانە جارێک لە ناوەراستی وەرزی زستان و جارێکی تریش لە نیوەی کۆتایی وەرزی بەهاردا ئەنجامدەدرێت. ئەو مەراسیمەی، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی زستان، هەورامییەکان پێی دەڵێن: ئاهەنگی پیرشالیار، کە لە ١٢ی ڕیبەندانی هەموو ساڵێکدا ئەنجام دەدرێت و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەم ڕێوڕەسمەدا، نەریتەکانی كڵاو ڕۆچنە، قوربانیكردنی مەڕ و بزن، لێنانی چێشتی تشین، دەفژەنی و سەمای عیرفانی، زیکر و تەوافكردنی كەوشی چەرمیی پیرشالیار، لەناو بەشداربواندا بەڕێوە دەچێت. لەو مەراسیمەشی، کە دەکەوێتە نیوەی کۆتایی وەرزی بەهار، لە ٥ی بانەمەڕی هەموو ساڵێک بەڕیوەدەچێت، هەورامییەکان پێی دەڵێن: "کۆمسای" ئەو ناوەشیان لە ناوی ئەو بەردەوە وەرگرتووە، کە دەکەوێتە ناو مەزارگەی پیرشالیار، خەڵکی ناوچەکە لەسەر ئەو باوەڕەن بەردەکە تەنیا لەو رۆژەدا دەشکێت. هەر کەس لەتکێک لە بەردەکە وەک موفەڕک هەڵدەگرێ و هیوا بۆ وەدیهاتنی ئاواتەکانی دەخوازێت. خەڵک دەڵێن، بەردە شکاوەکە تاوەکو ساڵ وەردەچەرخێتەوە،  وەک خۆی لێدێتەوە.

ئەو دوو هێڵە ئاسن و شۆستەیەی وا بڕیارە لە ڕێگەی ئێران و عیراق و تورکیاوە پەیوەندیی چین و هیندستان بە ئەوروپاوە ببەستنەوە، چینییەکان بە 'ڕێگای ئاوریشمی نوێ' و حکوومەتی عیراق بە "طریق التنمیة" و کورد بە "'ڕێگای گەشەپێدان یان پەرەپێدان" ناوی دەبەن. ڕێگاکە بڕیارە لە بەشی عیراق خۆیدا شاری فاوی سەر خەلیج بە پیشابوور و لەوێ بەدواوە بە ڕێگای تورکیادا بە ئەوروپا هەتا  شاری لەندەن ببەستێت. داڕشتنی جوغرافیایی هێڵەکە و وێستگە سەرەکییەکانی، لەئەنجامی پێکهاتنی هەردوو حکوومەتی تورکیا و عیراق، هەروەها قەتەر و ئیماراتەوە، بەشێوەیەکی زیرەکانەی ئەوتۆ داڕژاوە کە  سەدان کیلۆمەتر بە خاکی باشووری کوردستاندا تێپەڕ دەبێ، بەڵام سەرجەم شارە کوردییەکان تەریک دەخات و جگە لە دابڕینی خاک و دەنگ و سەدای زۆر و پیس و پۆخڵیی هەوا هیچ دەسکەوتێکی بۆ کوردستان نابێت. شۆستە و قیتارەکە لە بەسرەوە تا پیشابوور سەردانی هیچ شارێکی کوردستان ناکەن؛ بەڵام بە زۆر شوێنی وەک کەربەلا و نەجەف و سامەڕا و تکریتدا تێپەڕ دەبن؛ تاقە وێستگەشیان دوای مووسڵ، دەکەوێتە دەرەوەی ڕۆژئاوای شاری دهۆک- ڕاست ئەو شوێنانەی وا لە ئێستاوە سوپای داگیرکەری تورک خۆیان لێ مۆڵداوە. لە ئەنجامدا هیچکام لەو دوو هێڵە ناتوانن ئاوەدانییەک و گەشە و پەرەیەک بۆ کوردستان و کار و پیشەیەک بۆ کورد بەرهەم بهێنن؛ بەڵام دەتوانن قەتەر و ئیمارات بە تورکیا و ئوروپا ببەستنەوە! لێرەشدا وەک زۆر پرۆژەیتر کە تورکیا و سیاسەتی ئەردۆغانی بەڕێوەیان دەبات، خۆیان و سیاسەتی هاوتەریبیان لە بەغدا، لە دوورەوە دانیشتوون و فڵانە شەریکەی ئیتالی دەکەنە بەرپرسی دانانی پڕۆژەی ڕێگاکان! لە ئەنجامی ئەو پیلانە ئاشکرایەدا سەری کورد بێ کڵاو ماوەتەوە بێ ئەوەی کەس خۆ بە ساحیبی ئەو نەخشەیە بکات کە لەژێر چاوەدێریی ووردی تورکیا و عیراقدا پلانی بۆ داڕژاوە. وێنە: سایتی ئاوێنە، ڕۆژی ٢٨/٥/٢٠٢٤(بڕوانە کۆتایی ئەم وتارە) ئەگەر دەستی حکوومەتانی ناوچە لە داڕشتنی جوغرافیایی ڕێگاکە، لە بەشی عیراقدا زۆر ئاشکرا نەبێ، لە بەشی ئێرانەکەیدا ڕوونتر دەردەکەوێ. ئێستا هەموو پەیوەندێکی سەرزەویی ئێران لەگەڵ ئوروپا بۆ هاوردە و هەناردەی کەلوپەل، بە ناوچەی ورمی و سەڵماسدا تێدەپەڕێ و لە دیوی تورکیاش دەگاتە دیاربەکر، واتە پەیوەندییەکان لە هەردوو دیوی ئێران و تورکیا بە ناو خاکی کوردستاندایە. لەکاتێکدا 'ڕێگای گەشەپێدان' پەیوەندییەکانی ناوچەی ورمێ لەگەڵ دیاربەکر دەپسێنێ و بە پێچەوانەوە، بەرەو باشووری ئێران واتە ئابادان و خوڕەم شەهر دادەکشێ تا دەگاتە سەر ئاوی خەلیج و لەوێوە بۆ فاو و بەسرە و تورکیا و ئەوروپا. لەبەر ئەو ڕاستییەی کە پێکەوە بەسترانی شارە کوردییەکان بەهۆی ڕێگای ئاسنەوە ئاواتی سەدساڵەی کورد بووە، وەرچەرخانی ڕێگای هاتوچۆی بازرگانی لە ورمێوە بۆ ئابادان کارتێکەریی گەلێک خراپی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەسەر ناوچەی بەرفراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ و ئاوەدانی و کار و پیشەیەکی زۆر لە باشووری ئێران، هەروەها لە ناوچەی بەسرە و مووسڵ دەخوڵقێنێ، تاقە شوێنێک کە ئەو ئاڵوگۆڕە تووشی نەهامەتی و بێکاریی ساڵانی داهاتوو دەبێ و هیچ سوودێکی پێناگات، شار و ناوچەکانی کوردستان دەبن. سەرنجدانە سەر وتوێژی ڕۆژی شەممە ٢١/٩/٢٠٢٤ی مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو (https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/210920241 ) ئەو ڕاستییەی سەرەوە بە ڕوونی دەردەخات. مەیسەم سافی کە ناتوانێ دەستنیشانی یەک تاقە شاری کوردستان لەسەر هێڵەکە بکات، دەڵێ "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەشێکە لە پڕۆژەکە و پێکهێنانی پڕۆژەکە. رێگەکە بە ١١ پارێزگادا تێدەپەڕێت و ئەو پارێزگایانەش کە رێگەکە پێیاندا تێنەپەڕێت، بەشێوەیەکی لاوەکی بە هێڵەکەوە گرێ دەدرێن." ئەو لاوەکی بوونە هەموو دەسکەوتی کوردستانە لەو "بەشێک لە عیراق" بوونەی وا جەنابی مەیسەم و سەرجەم حکوومەتەکەی سوودانی بۆ کوردیان بەدیاری هێناوە. لەو بارودۆخەدا، ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک بەڕێوەبەری سیاسی و خاوەنی ڕاستەقینەی خاکی کورد، ئەوەیە بارودۆخەکە هەڵسەنگێنێ و هەوڵبدات بە هەوڵێکی ئاشتیخوازانە بەڵام چڕوپڕی ناوخۆیی و ناودەوڵەتی، بەرگری لە کارەساتێک بکا کە بەگوێرەی بڕیارەکانی عیراق و تورکیا، لە ساڵی ٢٠٢٨ دا دەگاتە قۆناغی دەسپێکردن و کاتێ کار گەیشتە ئەو لووتکەیە، ئیتر چارەسەری نەگونجاو یان ئەستەم دەبێ. ئەرکی نەتەوایەتیی بەڕێوەبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە تا درەنگ نەبووە بە بارودۆخەکەدا بچنەوە و چارەسەرێکی خێرای بۆ بدۆزنەوە. هەموو عەقڵێکی سەلیم دەزانێ هەڵاواردنی سەرجەم شارەکانی کوردستان و گونجاندنی هەندێک شاری خۆشەویستی دەسەڵاتدارانی عیراق لە پرۆژەکەدا بە هەڵکەوت نەبووە و پلان و بەرنامەی داڕێژراوی ئەوان و پەسنی تورکیای لەپشت بووە. بە هەمان شێوە، ئەرکی نیشتمانیی گەلی کورد لە هەردوو بەشەکەی کوردستانە لە بەرانبەر ئەو پیلانە ئاشکرایەدا بێدەنگ نەمێننەوە و بەشێوازێکی مەدەنی، لە هەموو ڕێگایەکەوە ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن. ئەوانەی خوارەوە چەند لینکێکن بۆ هەواڵ و خەریتەی ڕێگای هاوریشمی نوێ لە بەشی عیراق، کە لە سەرچاوە کوردییەکان وەرگیراون: https://www.ina.iq/kurd/49887--.html https://www.awene.com/detail?article=107410 https://xelk.org/67107 / https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=215373 https://chawykurd.com/2024/01/14/%DA%95%DB%8E%DA%AF%D8%A7%D9%89-%D8%A6%D8%A7%D9%88%D8%B1%DB%8C%D8%B4%D9%85

هاوڵاتی لە دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە شاندێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بەسەرپەرشتی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کە لەلایەن هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ژنە ئاسنینەکە ناسراوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا. هاوڵاتی زانیویەتی، تەیف سامی بۆ دوو مەبەست سەردانی هارێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە دەکات: یەکەم، داوای ڕێکخستنەوە و هاوتاکردنی باجەکان دەکات لە نێوان هەردوو حکومەتدا، بە ئامانجی کارکردن بەیەک سیستەم. دووەم، دەیەوێت تەواوی داهاتە ناخۆیییەکان لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم ئەو کارەی نەکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی حەوت مانگە ژنە ئاسنینەکەی عێراق تەنگی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵچنیوە، ئەوان لیستی مووچەی بۆ دەنێرن و ئەویش دنیایەک تێبینی لەسەری هەیە و ڕەتی دەکاتەوە. بە پێی پێشهاتەکان هاتنی تەیف سامی بۆ هەرێمی کورستان وەک ئاماژەیەکی باش بۆ یەکجارەکی کێشەکانی مووچە و دارایی دەبینرێت. بە گوێرەی زانیاریەکانی هاوڵاتی،  ژنە ئاسنینەکە دانووستان لەگەڵیدا کارێکی زەحمەتە و بۆیە ئەم جارە خۆی هاتۆتە هەرێمی کوردستان تاوەکو لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ کێشەکان بکات.

ئامادەکردنی هاوڵاتی نیوز 28 ساڵ بەسەر ڕووداوی 31ـی ئابی 1996 تێدەپەڕێت، تاوەكو ئێستا لەو ساڵیادەدا پارتی و یەكێتی بە شێوازی جیاواز قسەی لەسەر دەكەن. چی ڕووی دا: 21ی ئاب بۆ پارسەنگیی هێز و توانای ڕووبەڕووبوونەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوا لە سوپای پاسدارانی ئێران دەكات هاوكاریی بكەن لە شەڕی دژ بە پارتی دیموكراتی كوردستان. هێزەكانی یەكێتی بە پشتیوانیی هەزاران پاسدار هەولێر و چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دەگرن. 10 ڕۆژ دوای داواكەی یەكێتی لە ئێران، واتە لە 31ی ئاب لەسەر داوای پارتی، سوپای عێراق بەشداری كرد دژ لە گرتنی هەولێر . بەشداریی سوپای عێراق بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەوكاتیان، دژی دەستوەردانی ئێران بووە لە شەڕەكەدا. پارتیش پێیوایە ڕووداوەكە ئەنجامی شەڕێكی سەپێنراو و ڕاكێشانی ھێزی بێگانە بوو، كە یەكێتی بۆ نەھێشتنی پارتی دایڕشتبوو، لەكاتێكدا ئێستا یەكێتی ڕووداوەكە بەخیانەت ناودەبات و دەڵێت پارتی پلانی لەناوبردنی یەكێتی داناوە. لە درێژەی شەڕی ناوخۆی نێوان یەكێتی و پارتی، كە لە ساڵی 1994 دەستیپێكرد و تاوەكو 1998 بە نێوەندگیریی ئەمریكا ڕێكەوتننامەی ئاشتیی واشنتن لە نێوان هەردوولا كۆتایی هات، ڕووداوەكانی 31ـی ئاب لە دیارترینی ئەو ڕووداوانە بوو، كە تاوەكو ئێستاش لە ساڵیادی ئەو ڕۆژەدا دێتەوە بەرباس و مشتومڕی نێوان پارتی و یەكێتی و لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەر هەڵبژاردنێكیش بە چڕی هێرشی میدیایی دەكەنە سەر یەكتر، ئەویش لە ڕێگەی دەیان میدیای ڕەسمی و سێبەر كە هەر بۆ ئەو شەڕە دروستیان كردوون. هەڵوێستی ئەمریكا لەگەڵ سەر‌هەڵدانی شەڕی ناوخۆ هەموو هەوڵێكی ئەمریكا بۆ ئەوە بوو هەرچی زووە یەكێتی و پارتی بگەڕێنێتەوە بۆ مێزی گفتوگۆ، واشنتن پێیوابوو دەبێت هەرێمی كوردستان بە سەقامگیری و بەهێز بمێنێتەوە، لەكۆتاییشدا هەوڵەكانی سەریگرت و لە واشنتنەوە ئاشتەوایی ڕاگەیێنرا و كۆتایی بە شەڕ هات. 31ـی ئاب لە بەڵگەنامەكانی ئەمریكادا بەشێك لە بەرپرسانی ئەمریكا پێیانوایە یەكێتی بە هاوكاریی ئێران پێشڕەوییەكانی دژ بە پارتی كردووە و سوپای پاسداران هاتوونەتە خاكی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەمەش پارتی داوای لە عێراق كردووە دەستوەردان بكات. هاتنی سوپای ئەوكاتی عێراق هەرچەندە بەزاندنی هێڵی 36ـی هەرێمی كوردستان بوو، كە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دانرابوو، بەڵام ئەمریكا كاردانەوەی نەبوو بەرامبەر بەو هێرشە، تەنانەت بەهیچ شێوەیەك لە سنووری هەولێر بەرپەرچی سوپای عێراقی نەدایەوە. پارتی پێی وایە "ئەمە دەرخەری ئەوەیە ئەمریكا ئەو هەنگاوەی پارتی بە جۆرێك لە پێویستی زانیوە، بۆیە هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو". "سەدام وەڵامی‌ ئێرانی‌ دایەوه"‌ لەسەر ڕووداوەكەی 31ـی ئاب جۆن ئێدوارد پۆرتێر، ئەندامی‌ ئەنجوومەنی‌ نوێنەرانی‌ ئەمریكا لە گفتوگۆیەكدا به ‌سەرۆكی‌ ئەو كاتی ئەنجوومەنەكە ڕادەگەیەنێت: "نوێنەرانی‌ وەزارەتی‌ دەرەوە ئاگاداری‌ ئەوە نەبوون، كە ئێران سنووری عێراقی‌ بەزاندووە و هێرشی‌ كردووەتە سەر بنكەكانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران لە باكووری‌ عێراق". دەشڵێت: "پاش هێرشەكەی‌ ئێران، واشنتن هیچ هەڵوێستێكی‌ نەبووە و ئەم هێرشەی‌ شەرمەزار نەكردووە. عێراقیش وەك دەستدرێژی‌ بۆ سەر خاكی‌ وڵاتەكەی‌ سەیری‌ ئەم هێرشەی‌ ئێرانی‌ كردووه. بارزانی لە كتێبەكەیدا چۆن باسی 31 ی ئاب دەكات لە بەرگی پێنجەمی كتێبەكەی بە ناوی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد)، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دەنووسێت: "بەرەبەیانیی 17ی ئابی 1996 ھێرشە بەربڵاو و فراوانەكەی یەكێتی لە ھەموو میحوەر و بەرەكانی شەڕ دەستیپێكرد، شەڕی ئەمجارە زۆر جیاوازبوو لەگەڵ شەڕی قۆناغەكانی پێشتر. بۆردوومانە چڕ و تووندەكەی تۆپخانە و كاتیۆشا كاری یەكێتی نەبوو، چاك دەمانزانی و دیاربوو كە ئەمە تۆپخانەی ئێرانە و زیانێكی زۆری بە هێزەكانمان گەیاند. دوای ئەوەی دەركەوت كە ئێران ڕاستەوخۆ ھاتووەتە ناو شەڕەكەوە، سەدام، مانع عەبد ڕەشید، بەڕێوەبەری موخابەراتی ناردە كوردستان و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی پارتی دژی دەستوەردانەكانی ئێران، منیش داوام لێ كرد، ژمارەیەك تۆپی 130ملم و كاتیۆشای 107 و 122ملم بە میلاك و ستافەكەیانەوە بنێرن بۆمان، دواتر وەڵامیان ناردەوە كە ئامادەین یارمەتیتان بدەین و ھەولێر ڕزگار بكەین". سەرۆك بارزانی دەشڵێت: "31ی ئاب كردەوە و بەرنامەیەكی پێشوەختە نەبوو، بەڵكو كاردانەوەی ئەو شەڕ و كاولكارییە بوو، كە یەكێتی بە ھاوكاری و یارمەتی و حزووری ڕاستەوخۆی ئێران لەدژی پارتی دەیكرد، ئەنجامی پڕۆسەیەكی ناهەق و شەڕێكی سەپێنراو و ڕاكێشانی ھێزی بێگانە بوو كە یەكێتی بۆ نەھێشتنی پارتی بەپێی پلانێكی تۆكمە و بەرفراوان دەستی پێ كردبوو": سەرۆك بارزانی قاعیدەیەكی فیقھی لەبارەی ڕووداوەكە هێناوەتەوە و دەڵێت: (دفع اڵافسد بالفاسد)؛ واتە لابردنی خراپتر بوو بە خراپ. نامەكەی جەلال تاڵەبانی بۆ ئێران بەپێی چەند سەرچاوەیەك پێش ئەوەی پارتی داوا لە سوپای عێراق بكات و لە ڕۆژی 21ـی ئاب، جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نامەیەك بۆ محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی ئەوكاتەی سوپای پاسدارانی ئێران دەنێرێت و داوای لێدەكات بە زووترین كات هێز بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بنێرن، دوای ئەوەش لەسەر داواكاریی و ڕێخوشكردنی یەكێتی، سوپای پاسدارانی ئێران بە هێزی زیاترەوە هاتنە قووڵایی خاكی كوردستان. دوای تێپەڕبوونی 40 ڕۆژ بەسەر ڕووداوەكانی 31ی ئاب و لە ڕۆژی 10-10-1996، یەكێتی بە هاوكاری هێزەكانی ئێران، هێرشی پێچەوانەی دەستپێكرد و توانی سنووری پارێزگای سلێمانی و تاوەكو كۆیە بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. تێبینی .. بۆ ئەم ڕاپۆرتە سوود لە میدیای پارتی و یەکێتی و چەند بەڵگەنامەیەک وەرگیراوە