سەرچاوە: ماڵپەرى پەنجەرە لهناو تۆمارى پڕ له گێژاوى مێژووى عێراقدا، ناوى ئهحمهد حهسهن بهكر تهنیا وهك سهرۆكێكی پێشوو نهماوهتهوه؛ بهڵكو وهك خاڵێكی وهرچهرخان دێته ئارا. ئەو دهستپێكی قۆناغێك بوو، کە سهرئهنجام سهركردهیهكی دیكتاتۆری وهك سهدام حسێنی لێكهوتهوه و عێراقی بهرهو لوتكهی توندوتیژی و خوێنڕشتن برد. بهكر، كه خۆی بهرههمی كودهتایەکی سپی بوو، هەر بە کودەتایەکی سپیش دەسەڵاتی ڕادەستکرد. لهساڵڕۆژی مردنیدا، ئهم ڕاپۆرته ههوڵدهدات ماکەکانی سهرههڵدانی ئهو قۆناغه جیاوازە كه بهكر هێناى شی بكاتهوه و پهیوهندییه ئاڵۆزهكهی لهگهڵ جێگره لاوهكهی "سهدام حسێن" بخاتەبەرباس. ههڵفڕین و نیشتنهوهكانى ژیانێكى سهربازیى ساڵی 1914 له شارى تكریت، ئهحمهد حهسهن بهكر لهدایكبووه. دواى تهواوكردنى خوێندن و شهش ساڵ مامۆستایهتى، له ساڵی 1938 پهیوهندى به ئهكادیمیای سهربازیی عێراقییهوه كرد. بهڵام سهرهتاى ژیانى سهربازى ههر زوو به شكستێك دهستى پێكرد؛ بهشدارى له بزووتنهوهكهى ڕهشید عالى گهیلانى دژ به نفوزى بهریتانیا له ساڵی 1941، كه به شكست كۆتایى هات، به زیندانیكردن و ناچاركردنى به خانهنشینى كۆتایى هات. بهڵام بهكر كۆڵی نهدا. له ساڵی 1957 جارێكى تر گهڕێندرایهوه خزمهت و له ساڵی 1958 پهیوهندى به ڕێكخراوى ئهفسهره نیشتمانییهكانهوه كرد، كه كۆتایى به دهسهڵاتى پاشایهتى له عێراق هێنا. ئهمه سهرهتاى ههڵكشانێكى نوێ بوو له ژیانى سیاسیدا، بهڵام ههر زوو له ساڵی 1959 بههۆى تێوهگلانی له بزووتنهوهى شهواف له موسڵ دژ به عهبدولكهریم قاسم، جارێكى تر خانهنشین كرا. سهركردایهتى حزبی بهعس و كودهتاى 17ـى تهموز بهكر كهسایهتییهكى دیار بوو لهناو حزبى بهعس. له 8ـى شوباتى 1963 به هاوكارى لهگهڵ لایهنه نیشتمانییهكان و سهربازییه سهربهخۆكان، بزووتنهوهیهكى چهكدارى ڕێكخست كه حكومهته سهربازییهكهى عهبدولكهریم قاسمى ڕووخاند. دواى ئهم كودهتایه، بهكر بۆ ماوهى 10 مانگ بوو به سهرۆك وهزیران، بهڵام عهبدولسهلام عارف له 18ـى تشرینى یهكهم به كودهتایهكى تر حكومهتهكهى حزبی بهعسى ڕووخاند، بههۆى شكست و لێكترازانهكانى حزبهكه و توندوتیژییهكانى حهرهسى قهومى (پاسهوانى نیشتمانى). بهكر ههرگیز دهستبهردارى خهونى دهسهڵات نهبوو. له 17ـى تهموزى 1968 كودهتایهكى سهربازى تری ڕێكخست كه عهبدولڕهحمان عارف، سهرۆك كۆمارى ئهوكاتهى عێراقى لادا. ئهم كودهتایه به "كودهتاى سپى" ناسرا، چونكه بهبێ خوێنڕشتن جێبهجێ كرا و بهكر بوو به چوارهم سهرۆك كۆمارى عێراق و سهدام حسێنیش بوو به جێگرى سهرۆكى ئهنجومهنى سهركردایهتى شۆڕش. سهردهمێكى زێڕینى ئابوورى و گهشهپێدان ماوهى حوكمڕانیى ئهحمهد حهسهن بهكر وهك قۆناغێكى زێڕین له مێژووى عێراقدا سهیر دهكرێت له ڕووى ئابوورى و گهشهپێدانهوه. له1ـى حوزهیرانى 1972، بهكر بڕیارى نیشتمانیكردنى كۆمپانیاى نهوتى عێراق (IPC)ـى دا، كه له ساڵی 1927ـهوه له عێراق كارى دهكرد و به پاڵپشتیى حكومهتى بهریتانیا دهستى له ئابوورى و سیاسهتى عێراقى وهردهدا. ئهم ههنگاوه بووه هۆى زیادبوونى داهاتى نهوت و بههێزبوونى ئابوورى وڵات. لهم سهردهمهدا، عێراق گهشهسهندنێكى فراوانى ئابوورى و بوژانهوهیهكى گهورهى له بوارى پهروهردهدا بهخۆیهوه بینی. له ساڵی 1977ـدا ڕێكخراوى یونسكۆ ڕایگهیاند كه ئاستى خوێندن و فێربوون له عێراق گهیشتووهته ئاستى وڵاتانى سكهندهناڤیا. ههروهها بهكر پهیوهندییهكى بههێزى لهگهڵ یهكێتیی سۆڤیهت دامهزراند و له 9ـى نیسانى 1972 پهیماننامهى دۆستایهتى لهگهڵیان واژۆ كرد. له كاتى جهنگى تشرینى یهكهمى 1973، به پاڵپشتى سوریاوه نهوتى بهسهر وڵاتانى ڕۆژئاواى دۆستى ئیسرائیلدا بڕى. ههروهها له 11ـى ئازارى 1970، بهكر لهگهڵ كورددا ڕێككهوتننامهى ئۆتۆنۆمى واژۆ كرد، كه به "بهیاننامهى 11ـى ئازار" ناسراوه و تیایدا مافه كولتوورییهكانى كوردهكانى دان پێدانرا. سهدام حسێن: سێبهرێكی ههمیشهیی به تێپهڕبوونى كات، بهكر وردە وردە له ئهركهكانى سهرۆكایهتى دووردهكهوتهوه و سهدام حسێنى جێگرى، بوو به سهرۆكى ڕاستهقینهى عێراق. پهیوهندیی نێوان بهكر و سهدام پڕ بوو له ململانێى نهێنى و زۆرجار ئاشكرا بۆ دهسهڵات. سهدام كهسایهتییهكى بههێز و خاوهن كاریزما بوو و بهكر خۆى لهناو سێبهرى ئهودا دهبینییهوه. له لێدوانێكى كوڕهكهى بهكر، عهبدولسهلام ئهحمهد حهسهن بهكر، ئاماژه بهوه كراوه كه باوكى له ساڵی 1974ـهوه نیازى دهستلهكاركێشانهوهى ههبووه. باوكى پێى وتووه كه "ههموو جارێك نیازم ههبێت دهست لهكار بكێشمهوه، شتێك ڕوودهدات كه دهترسم به هۆیهوه تۆمهتبار بكرێم و دهنگۆى ناڕاستم لهسهر دروست بێت". حامد جبوورى، كه ماوهیهك بهڕێوهبهرى نووسینگهى ههردوو سهرۆك و جێگرهكهى بووه، باسى گێژاوى ناو كۆشكی كۆمار دهكات. دهڵێت: جارێك كه سهدام به تووڕهییهوه له نووسینگهى بهكر هاتووهته دهرهوه و دهرگاكهى به توندى داخستووه، بهكر لهگهڵ ئهودا قسهى كردووه. جبوورى باسى ئهوه دهكات كه چۆن بهكر به گریانهوه وتوویهتى: "ئێمه دیلین و مافى دهستلهكاركێشانهوهمان نییه." ئهم لێدوانه نیشانهى كۆنترۆڵی تهواوى سهدام حسێن بوو بهسهر بهكردا، تهنانهت پێش ئهوهى به فهرمى پۆستى سهرۆكایهتى وهربگرێت. كۆتایى دهسهڵات و میراتێكى جێدهسهڵات له 11ـى تهموزى 1979، بهكر له كۆبوونهوهیهكى ئهنجومهنى سهركردایهتى شۆڕشدا دهستلهكاركێشانهوهى ڕاگهیاند و نیازی خۆى بۆ گواستنهوهى دهسهڵات بۆ سهدام حسێن دهربڕی. حزبى بهعسیش ڕایگهیاند كه بهكر بههۆى نهخۆشیی (پاركنسۆن) ـهوه ناتوانێت ئهركهكانى به باشى جێبهجێ بكات. بهمهش له 16ـى تهموزى ههمان ساڵ، سهدام حسێن به فهرمى بوو به سهرۆكى كۆمارى عێراق. ئهحمهد حهسهن بهكر دواى خانهنشینبوونهكهى تا ڕۆژى مردنى له 4ـى تشرینى یهكهمى 1982، كه له تهمهنى 68 ساڵیدا كۆچى دوایى كرد، دوور له سیاسهت مایهوه. دواى مردنى له گۆڕستانى كهرخ له قهزاى ئهبو غریب به خاك سپێردرا. ههرچهنده سهردهمى بهكر شایهتى پێشكهوتن و گهشهسهندن بوو له زۆر بواردا، بهڵام لایهنه تاریكهكانى دهسهڵاتیشی زۆر بوون، لهوانه: پێشێلكارییهكانى مافى مرۆڤ و توندوتیژییهكانى ڕژێمهكهى بهتایبهت دژ به پێكهاتهى شیعه و كورد، لهوانهش: ڕاگواستنى ههزاران خێزان بۆ ئێران له ساڵی 1970 و لهناوبردنى قهزاى قهڵادزێ له ساڵی 1974، وهك خاڵى ڕهش له مێژووى دهسهڵاتى ئهودا ماوهتهوه. سهردهمى دهسهڵاتگرتنهدهستی ئهحمهد حهسهن بهكر، تهنیا گۆڕانكاری له سهرۆكایهتییهكدا نهبوو، بهڵكو گۆڕانكاری بوو له فهلسهفهی حوكمڕانی و سیمای سیاسیی وڵاتدا، كه دواتر بۆ ماوهى دهیان ساڵ كاریگهرییهكانی بهسهر گهلی عێراقهوه مایهوه به ئێستاشهوه. میراتی بهكر وهك وانهیهكی مێژوویی دهمێنێتهوه، كه چۆن دهسهڵات دهتوانێت لهنێوان بنیاتنان و وێرانكردن، گهشهپێدان و سهركوتكردندا یاریی بكات.
حەبات کوردە بەڵێ دوای دوو ساڵی لە سەدا ۸٥ ی کەرتەکە بوو بە کەلاوە و ٦٥ هەزار غەززاوی بە ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە کوژراون تا ئێستاش نازاندرێ چەند کەس وون بوونە و لە ژێر بینا ڕوخاوەکاندان و برینداران و پەککەوتەکانیش ۱٥٠ هەزاریان تێپەڕاندوە . ئێستا ڕێک شەو و ڕۆژێک تێپەڕیوە بە سەر ڕازی بوونی دەست پێشخەریە ۲۱ خاڵیەکی تڕەمپ و سەرانی حەماس گەیشتونەتە قاهیرەی پایتەخی میسڕ و دەیانەوێ بۆ هەندێ دەستکەوتی لاواز و تاکە کەسی لە گەڵ ویتکۆفی نێردەی تڕەمپ کۆببنەوە و ڕێ و شوێنی خۆ ڕادەستکردنەکانیان و چەکە قورسەکان و تونێل و کارگەکانی دروستکردنی ساڕوخەکانیان و گواستنەوەی پارەکانیان و شێوازی دور خستنەوەی سەرکردەکانیان ، قسە و باسی لە سەر بکەن . لە ڕاستیشدا هەرچیەکی بکەن هیچ لە شێوازی چۆکدادان و دۆڕان و ئاشبەتاڵیەکەیان ناگۆڕێ . ئەو جارە تڕەمپ زانی کلکی کێ دەگرێ و کێ دەتوانێ قەناعەت بە حەماس بکات خۆیان ڕادەست بکەن ، چونکە لە یەکەم لێدوانی تڕەمپ دوای ڕازی بوونیان بە مەرجەکانی ، سەرۆکی ئەمەریکا کەوتە ستایش و سوپاس گوزاری بۆ سەرۆکی ڕاستەقینەی ئیخوانەکانی جیهان ، ئەردۆگانی خۆشەویستی . وا دانێین حەماس کۆتایی هات و کەرتی غەززە ڕادەستی تۆنی بلێری کۆنە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کرا و ئاوەدانکردنەوە دەستی پێکرد و سوپای ئیسڕائیلیش کەرتەکەی جێهێشت . هەر بە ڕاست چی ڕوودەدات لە دواییدا ؟ ئایا ئەمەریکا و ناتانیاهۆ کۆتایی بە حوسیەکانی یەمەن دەهێنن .؟ ئایا ئەمەریکا و ئیسڕائیل هەر بە ڕاستی دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دادەنێن ؟ دەوری ڕوسیا چی دەبێ لە ناوچەکە و شەڕی سێ ساڵەی لە گەڵ ئۆکڕانیەکان ڕادەوەستێ یان هەر درێژەی دەبێ ؟ ئایا حیزبواللەی لوبنانی خۆی پڕچەک دەکاتەوە .؟ ئایا سوپای پاسداران و عەلەویەکانی سوریا خۆیان ڕێکدەخەنەوە .؟ ئایا بەهاری مەغریبی سەر دەگرێ ؟ ئایا ڕژێمی جۆرجیا دەڕوخێ و لایەنگرانی ئەوروپا و ئەمەریکا دەست بە سەر حکومەتدا دەگرن ؟ هەڵبژاردنەکانی عێڕاق و بارودۆخی گروپە چەکدارە شیعەکانی سەر بە سوپای پاسداران چارەنوسیان چی بە سەر دێ ؟ ئایا دونیا گەڕێکی تری شەڕی ئێران و ئیسڕائیل و ئەمەریکا دەبینێت ؟ چونکە دەنگگۆی چەکی ئەتۆمی ئێران لە دوورەوە هەستی پێدەکرێ . لە هەمووشیان گرنگتر سوریا و چەتەکانی جۆلانی و باری نالەباری ئارامی ناو سوریایە و تەواوی گروپە چەتەکانی ناو هەتەشە یە کە لە حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیەکان توندڕەو ترن و چارە نوسیان چی دەبێ ؟ هەموو ئەو پرسیارانە و دەیان پرسیاری تر هێشتا پێویستان بە وەڵامدانەوەیە و تەواوی چاودێران و سیاسەتمەدارانیش چاوەڕێی درزێکن و دیواری نهێنیەکان شەق بکات و بزاندرێ کە لە هەنگاوی داهاتوودا چۆن ئیسڕائیل درێژە بە تۆڵە سەندنەوەکانی دەدات و ئەوانەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی و یارمەتی حەماسیان کردوە ، چۆن و بە چ شێوازێک تۆڵەی خۆیان لێ دەکاتەوە . با لێشتان نەشارمەوە ماوەیەکە هێزەکانی هەسەدە لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبەوە کۆدەکرێنەوە و زوو زووش هەواڵی گەیشتنیان بە گەڕەکەکانی حەڵەب و گەیشتنیان بە شارەکانی کەنار دەریا لە ڕۆژئاوای سوریا بەر گوێمان دەکەون و کەسیش نازانێ ئایا ئەو هێزانە هەر بە ڕاست بۆ ئەو چالاکیە کۆدەکرێنەوە یان تەنها ترسێکە و دڵی چەتەکانی سەر بە تورکیا و چەکدارانی جۆلانی پێدەهەژێنن ! بە بڕوای من لێرە بەدواوە میسڕ دەرگای خێر و بێری ئاوەدانکردنەوە کەرتی غەززەی بە نسیب دەبێ و ئەوەی کە زۆر گرنگیشە ئەنجام بدرێ پەلە کردنە لە نەمانی حوکمی حوسیەکانی یەمەن و گەڕانەوەی ئارامیە بۆ ڕێڕەوی کەشتیە بازرگانیەکان و بوژانەوەی داهاتی کەناڵی سوێسە بۆ میسڕیەکان ، ئینجا حەق و حیساب لە گەڵ گروپە چەکدارەکانی عێڕاق و سەرانی قوم و تاران . هەموو ئەو پێشهات و شیکردنەوانەش هەر وەکو خەیاڵ دەمێننەوە تا ئەو کاتەی کە دەردەکەوێ پلانەکە بە چ ئاراستەیەک ڕێدەکا و هاتنە ناوەوەی تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکە بە ئێرانیشەوە بۆ ناو ڕێککەوتن نامەی ئیبراهیمی و لە دایکبونی ڕێڕەوی داود ، چۆن چۆنی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری بەسەر دادێت .!
د. یاسین تەها، لە نوێترین شرۆڤەیدا لە عێراقی پاش 2003 شەش خول هەڵبژاردنی گشتی بە ڕێكوپێكی لە وادەی دەستوریی خۆیاندا بەڕێوەچوون. تەنانەت شەڕی داعشیش (2014_2018) نەیتوانی ئەم پرۆسەیە پەكبخات و لە نێو تەپوتۆزی پاش كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵدا حكومەت پابەندی خۆی بەجێهێنا و سندوقی دەنگدانی لە هەموو بازنەكانی عێراقدا دانا. بەڵام ئایا ئەم پابەندییە ڕواڵەتییە بە یەكێك لە سیماكانی هەڵبژاردن بەڵگەیە لەسەر ساغڵەمی و بێكێشەیی سیستمی سیاسی و ڕەوشی ئێستا حوكمڕانی لە عێراق؟ ئەوەیان جێگەی مشتومڕ و لێكدانەوەی جۆراوجۆرە، چونكە تەنانەت سەدام حسێنیش هەر ڕاپرسی و هەڵبژاردنی ڕواڵەتییانەی ڕێكدەخست، لە زۆر وڵاتی نا دیموكراتیشیدا كە سیستمی سیاسییان جیاوازە دەنگدان و جۆرێك لە كێبەركێی هەڵبژاردن هەیە؛ كۆماری ئیسلامی ئێران بە نموونە. ئەوەی تێبینی دەكرێت، خول لە پاش خول بەشداری خەڵك و دەنگدەر لە هەڵبژاردنەكان لە عێراق لاواز و كز دەبن، لە یەكەم هەڵبژاردنی پاش كەوتنەكاری دەستووردا كە لە كۆتایی 2005 بەڕێوەچوو، رێژەی بەشداریكردن نزیكبوو لە 80%، بەڵام لە دوا هەڵبژاردنی گشتیدا لە 2021 بە دەوروبەری 42% دیاریكرا، ئەویش هی ئەوانەی بایۆمەترییان نوێكردووەتەوە، ئەگەرنا بەپێی خەمڵاندنەكان ڕێژەی بەشداری ڕاستەقینە لە دەوروبەری 25_ 30% دابووە. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش كە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت مەترسی بەشدارینەكردن لە ناوەندی شیعیدا بەتایبەت ڕوو لە هەڵكشانە چونكە سەدرییەكان كە لە دوا هەڵبژاردنی گشتیدا (2021) زیاتر لە 22%ی دەنگەكانیان بەدەستهێنا (73 كورسی لە 329) بەشداری هەڵبژاردنەكە ناكەن و بڕیاری ئاشكرا و ڕاگەیەنراویان بایكۆتكردنە، ئەمە جگە لەو خەڵكە زۆرەی كە بەردەوام لە هەڵبژاردن بێهیوا دەبن و گرنگی پرۆسەكەیان لەلا كاڵ دەبێتەوە، بەتایبەت كە ئەدای پەرلەمان بەردەوام لە پاشەكشەدایە و جگە لە غیاباتی زۆر و بێتوانایی لە دەركردنی یاسا و چاودێریكردنی حكومەت، تۆمەتی زۆری "دەڵاڵیكردن" و "بەرتیلخواردن" و "ئیبتیزاز" و هەروەها "خۆدەوڵەمەندكردن" بە ئاشكرا لە میدیاكانەوە ڕووبەڕووی هەندێك لە ئەندامەكانی دەكرێتەوە. هەرچەندە لە عێراقدا هیچ یاساو رێسایەك نییە ڕێژەی بەشداریكردن بكاتە پێوەری شەرعیەت بۆ هەڵبژاردن، ئەگەر بە چارەكی دەنگدەرانیش بێت پرۆسەكە دەشێت بەڕێوەدەچێت و كورسی هەژدە بازنەكە هەر پڕ دەكرێنەوە، بەڵام ئەو ساردبوونەوە و پاشەكشەیەی خەڵك لە پرۆسەكە بە ئاماژەیەكی بەهێزی داڕمانی متمانە و پەیوەندی خەڵك و سیستمی حوكمڕان لێكدەدرێتەوە كە دەرگا دەكاتەوە بۆ ئەگەری جۆراوجۆر لەوانەش قۆستنەوەی لەلایەن هێزێكی وەك سەدرییەكانەوە بۆ نموونە یان هەر هێزێكی تر لە دەرەوەی هەڵبژاردن ڕێگەی دیكە بۆ حوكمگرتنەدەست بگرێتەبەر یان پەنا بۆ فاكتەری دەرەكی ببات لە شێوەی ئەوەی لە سووریای دراوسێی عێراق ڕوویدا. پێشهاتێكی دیكەی نوێی خولە نوێیەكانی هەڵبژاردن لە عێراق پاشەكشەی گوتار و دروشم و زاڵبوونی كڕین و فرۆشتنی دەنگ و سوودگەیاندنی خێرای بچووكە بۆ ڕاكێشانی دەنگدەر. ئەم ئاڵووێرەی ئەگەر جاران بە شەرمەوە و بە نهێنی كرابێت ئێستا تا ڕادەیەك نیمچە ئاشكرا و ئاشكرایە. لەم میانەیەشدا جگە لە كڕینی كارتی دەنگدان و بەرزبوونەوەی نرخەكەی، كاندیدەكان نایشارنەوە كە پارەیەكی زۆر بۆ هەڵمەتەكانیان خەرج دەكەن. یەكێك لەوانە كە لە لیستی سەرۆكوەزیران سوودانییە لە كەناڵێكی تیڤی سكاڵای ئەوەیكرد مانگانە 60_70 ملیۆن دینار خەرجدەكات، كەچی لیستەكەی تەنیا 30 ملیۆنی بۆ خەرج دەكەن! ئەگەر كۆی بەربژێرەكانی تەنیا ئەم لیستە حیساب بكرێت (470 كاندید) ئەوە مانگانە خەرجییان دەوروبەری 100 ملیۆن دۆلارە (هەزار دەفتەر)، بە ئەگەری زۆریش بەشی ئەم پارەیەش بۆ دابەشكردن و دەنگكڕینی ڕاستەوخۆیە، ئەمە جگە لە بەكارهێنانی بەرفراوانی تواناكانی حكومەت لە گرێبەست و پرۆژە و مقاوەلات و گواستنەوە و گفتی جۆراوجۆر. لە دەرەوەی لیستەكەی سەرۆكوەزیرانیش بەكارهێنانی مووچەی حەشد و چاودێری كۆمەڵایەتی و جۆرەها بەرژەوەندی دیكەی دەوڵەت، پایەی سەرەكی هەڵمەتەكانن. لە دەرەوەی هێزە شیعەكانیش قسەی زۆر لەسەر پارەی توركی و قەتەری و جۆرەها كارتێكەری دەرەكی هەیە، كە ئەگەر بەوشێوەیەش نەبن باسدەكرێن وەك ئەوەی مالیكی وتی وڵاتێك 100 ملیۆن دۆلاری تەرخانكردووە 100 پەرلەمانتاری خولی داهاتوو بكڕێت، ئەوە شتێك هەر لە ڕاستییان تێدایە، ئەمەش وا دەكات پرۆسەكە زیاتر وەك سەواو مامەڵە و سپیكردنەوە بێتەبەرچاو تا ئەوەی وێستگەیەكی دیموكراسییانەی ڕاستەقینەبێت.
نووسین: عەبدولڕەحمان ڕاشد وەرگێڕان: ئەحمەد ڕەسوڵ زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی چاوەڕێی هەڵهاتنی خۆر و کۆتایی هاتنی ئەم شەو درێژ و تاریکە دەکەن کە ترسناکترین شەڕە لە مێژووی فەلەستیندا. لە بەرامبەر ئەم ساتەوەختە گرنگەدا کە ڕۆژی دووشەممە لە واشنتۆن ڕاگەیەندرا، کە لەپێشماندایە، هیوایەکی نزیک و ئاڵنگارییە دوورەکان، دیارترینی ئەم ئاڵنگارییانە ڕازیبوونی حەماس و ئیسرائیلە بە کۆتاییهێنانی جەنگ، یان مەرجگەلێک دەسەپێنن کە خاوەخاو دەکەن بە دانوستانەکانی جێبەجێکردن و دەرفەتەکە لەباردەبەن؟ ئاشکرایە کە حەماسیش و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆش ڕازی نابن. حەماس ئیتر هیچ هاوپەیمانێکی نییە پشتی پێ ببەستێت. تەنانەت قەتەر و تورکیاش لەسەر ئەو پلانە ڕێککەوتوون و پشتگیریان کردووە و لەگەڵ میسر بەشداری دانوستانەکان دەکەن. ئێران لە دۆخێکدا نەماوە کە پشتیوانی لە حەماس بکات، چونکە توانای شەڕی لەدەست داوە. ناتانیاهۆ، ناوێرێت تەحەدای سەرۆک ترامپ بکات، کە دەتوانێت لە سەرۆکایەتی بخات لە ڕێگەی پەیوەندییەکانییەوە لەگەڵ کوتلەکەی نەتانیاهۆ خۆیەوە. تەنانەت ڕەنگە کۆتاییەکەی لە زیندان بێت. پێدەچێت حەماس چەکەکانی دابنێت و فەرماندە مەیدانییەکانی بەرەو جەزائیر یان تورکیا بڕۆن. بەڵام بەو دەستوبرد و خێراییەش نابێت. بەگشتی، گەیشتن بە لێکتێگەیشتنەکانی ئاگربەست هەروا ئاسان نییە، چونکە هەر لایەنێک بە لێکدانەوەکانی خۆیەوە پابەندە و مەرج و گەرەنتی زیاد دەکات. دەگوترێت، ئەوانەی پلانی ئاگربەست و دووبارە ئیدارەدانی کەرتی غەززەیان داڕشتووە، سوودیان لە ئەزموونەکانی پێشووی بۆسنە و تیمۆری خۆرهەڵات وەرگرتووە. یەکەم: چاوەڕواندەکرێت ناڕەزایەتییەکانی حەماس لەبارەی هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئیسرائیل دەبن بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر بەڕێوەی دەبردن، هەروەها ڕازی نەبێت تەنها بە وەرگرتنەوەی بارمتەکان پاشماوەی کوژراوەکان. دووەم: ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لەوەی هیچ بەشدارییەکی مەدەنی نەبێت لە ئیدارەی کەرتی غەززەدا ڕەتبکرێتەوە و ئازارەکانی زیاتر دەبێت، چونکە پلانەکە داوای ڕادەستکردنی دەسەڵاتی فەلەستین دەکات خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان: شارەوانییەکان، تەندروستی، پەروەردە، دەسەڵاتی دادوەری، و ئاسایشی مەدەنی. سێیەم: چۆنیەتی ئەو بەڵێنانەی کە بە بزووتنەوەی حەماس دەدرێن ڕوون نییە، لەوانەش کە ئیسرائیل لە ساڵانی داهاتوودا ڕەدووی هیچ ئەندامێکی حەماس ناکەوێت و پاکتاویان ناکات. ئەمەش ئەوەیە کە دەیان ساڵە ئیسرائیل کردوویەتی. ناتانیاهۆش ناڕەزایەتی خۆی هەیە. ڕێککەوتنەکە ڕێگەی لێدەگرێت لە کۆنترۆڵی غەززە، وەک بەڵێنی دابوو، و ڕێگری لە ئاوارەبوونی دانیشتووانی غەززە دەکات. تەنانەت ئەوانەی کە دەرچوونیان بە ئارەزووی خۆیان پێدراوە بە ڕوونی بە دەقێک لە پلانەکەی تۆنی بلێردا هاتووە کە ئەگەر بڕیار بدەن و بگەڕێنەوە ئەوا دەست بەسەر موڵک و ماڵی ئەواندا ناگیرێت. جگە لەوەش ئیسرائیل پێی وایە تەواو تەنگی بە حەماس هەڵچنیوە و نزیکبووەتەوە لە حەشارگە و تونێلەکانی لە دوای دەستپێکردنی هێرشەوە بۆ سەر شاری غەززە، ئێستا دەبێت بوەستێت و بارمتەکان کە نزیکەی ٢٠٠٠ هەزار فەلەستینی دەبن، ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی ماونەتەوە لە ژێر دەستی حەماس، چ زیندوو و چ مردوو. ئەمەش ئەو سەرکەوتنە نییە کە ناتانیاهۆ پلانی بۆ دانابوو و ڕەنگە بە خراپ بەسەریدا بشکێتەوە. هیوایەکی زۆر هەیە کە ئێمە شاهیدی کۆتایی جەنگەکە بین، تەنانەت بە بوونی جەمسەرە ڕەتکەرەوەکانیشدا چ لە بەرەی حەماس و چ لە بەرەی ناتانیاهۆ.
خەبات کوردە مانگێک زیاترە بە بڕیارێک ناوی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا گۆڕاوە و دوێنێ یەکەم دیداری وەزیری جەنگ بیت هێگست و دوناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە بنکەیەکی هێزی دەریایی لە ولایەتی فێرجینا لە گەڵ زیاتر لە ۹٠٠ جەنەڕاڵی پلە بەرزی سوپای ئەمەریکادا کە چەندین ساڵە دیداری لەو شێوەیە ڕوینەداوە .! شایانی باسە تڕەمپ لە دیدارەکەیدا لە گەڵ ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بە دەستپشخەریەک و بە ۲۱ خاڵ لایەنگری خۆی بۆ وەستان و کۆتایی هێنان بە شەڕی غەزە دوپاتکردەوە و ئێستا بە پاڵپشتی تورکیا و قەتەڕ و میسڕ خەریکە شەڕ لە کەرتی غەزە بانگەوازی بۆ دەکرێ .! تڕەمپ لەو دیدارەیدا کە لە گەڵ جەنەڕاڵەکان ئەنجامیدا بە شانازیەوە ڕایگەیاند کە جیلی شەشەمی فڕۆکە تازە و پێشکەوتوەکانیان کە لە بی ۲ ڕاپتەردا خۆیان دەبیننەوە بە سەرکەوتوویی کەوتۆتە بواری خزمەتی سەربازییەوە . ئینجا پێدەچێ لە دوای ئەو کۆبونەوەیە کۆمەڵێ جەنەڕاڵ دوور بخرێنەوە و جەنەڕاڵی گەنج و شەڕکەری جەنگی تازە جێیان بگرنەوە و ڕاهێنان و مەشقی تازە و سەربازی زیاتر بخرێنە ناو ڕیزەکانی سوپاوە لە هەموو بوارەکانی سەربازیدا . شەڕی سێ ساڵەی ئۆکرانیا و ڕوسیا ئەوەی سەلماند کە گۆڕانکاری گەورە دەبێ بکرێن و شێواز و پلانەکانیش بە چەکی تازە و بیری تازە ئەنجام بدرێن . بە تایبەتیش کە درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان جەنگی ئەلەکتڕۆنی لە هەموو بوارەکاندا خەریکە زۆرێک لە چەکەکان بێ کەڵک دەکات . میزانیەی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا بۆ ساڵی داهاتوو لە ناو کۆنگرێس هەرای ناوەتەوە لە نێوان دیموکراتەکان و کۆماریەکان و خەریکە لە چەندین تڕلیۆن دۆلار تێدەپەڕێ ، هەر بۆیەش تڕەمپ دەڵێ پێویستە عەمبارەکانی سوپا زیاتر پڕ بکرێن ، بۆ نمونە پێنج ملیار دۆلاری تەنها بۆ کڕینی چەندین جۆری گولە تۆپ بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردوە . هەواڵەکان وا ڕادەگەیەنن کە بڕیارە فڕۆکە هەڵگرێکی ئەمەریکا بگاتە دەریای باڵتیک و لە نزیک کەناراوەکانی سوئێد و فینلەند لەنگەر بگرێ و هەر ئەمڕۆش دانەیەکی تر گەروی جەبەل تاریقی تێپەڕاند و بەرەو قوڵایی دەریای ناوەڕاست بە ڕێگاوەیە . بە پێی ئەوەی لایەکی کۆبونەوەی جەنەڕاڵەکان نهێنی بووە و زۆرێکیش لە چاودێران پێیان وابووە ئەو دیدارە بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئۆکڕانیا ڕێکخراوە ، بەڵام ئاژانسی تاسی ڕووسی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە بە پەلە بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بانگێشتی مۆسکۆ کراوە و ڕوسەکان بە بەرپرسە ئێرانیەکەیان ڕاگەیاندوە کە کۆبونەوەی ئەو جەنەڕاڵانە بۆ دوبارە لێدانەوەی ئێرانە . بە مەرجێ تڕەمپ لە کۆبونەوەکە ڕایگەیاند کە ئێران ڕازی بووە بچێتە ناو پەیماننامەی ئیبراهیمیەوە و هیچی تر دژایەتی بۆ ئیسڕائیل نیشان نەدا . لە تورکیاش دوای ئەوەی کە ئەردۆگان لە دیدارەکەی لە گەڵ تڕەمپ ڕیسوا کرا ، خێرا سوپا بەزیوەکەیان ڕەوانەی دەوروبەری حەڵەب کردۆتەوە و خودی ئەردۆگانیش کەوتۆتەوە دژایەتی ئیسڕائیل و خۆی بە لایەنگری غەزاویەکان لە قەڵەم دەدا و کوردان لە باکوریش بە برا ناوزەند دەکا و لە ڕۆژئاڤاش بە دوژمن هەژماریان دەکات . لە هەمانکاتیشدا دوای دەنگگۆی ڕازی نەبوونی تڕەمپ لە پێدان و فرۆشتنی چەک بە تورکیا ناڕەزاییەکی گەورە لە نێوان هاکان فیدان و کوڕ و زاواکەی ئەردۆگان سەریهەڵداوە بە هۆی فەشەل هێنانی فرۆشتن و دروست کردنی چەندین کەرەستەی سەربازی کە لە نێوانیاندا دڕۆن و فڕۆکەی جەنگی بوونی هەبووە و پێویست بووە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا کەرستەی ئەو عەقدانە دابین بکەن کە لە نێوان تورکیا و ئەندەنوسیا ئیمزا کراون و بای دەیان ملیار دۆلارن . بە بڕوای بەندە گەیشتنی هێزێکی زۆری بەرگری ئەمەریکا بۆ قەتەر و ناوچەکە بە گشتی سەرەتا کۆتایی هێنان دەبێ بۆ شکاندنی باڵەکانی ئێران لە یەمەن و عێڕاق و زەختێکیش دەبێ لە سەر ئێران و ڕوسیا بۆ چۆکدادان و ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگری کردن لە فرۆشتنی بە قاچاغی نەوت و غازی هەر یەکە لە ئێران و ڕوسیا و زەحمەتیشە ئەگەر ئێران چۆک دانەدات لێدانێکی سەربازی توند و خێرا بۆ خۆی مسۆگەر نەکات .
نووسین: سەرتیپ جەوهەر ١٠ مانگ بەسەر رووخانی رژێمی بەشارئەسەد تێپەڕ دەبێت، بەڵام تائێستا دامەزراوەكانی دەوڵەت بەتەواوی نەكەوتوونەتەوە كاركردن. فەرمانگەكانی حكومەت نیوەناچڵ كاردەكەن، سەدان هەزار فەرمانبەر بەهۆی نەبوونی موچەو تۆمەتی لایەنگیریی بۆ رژبَمی پێشوو دەستیان لەكاركردن بەرداوە. لەماوەی سێ مانگی رابردوو، لیرەی سوریا نزیكەی لە ١٥%ی نرخی خۆی بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە. پێشتر ٩٥٠ هەزار بۆ یەك ملیۆن لیرە بەرامبەر ١٠٠ دۆلار بوو، بەڵام ئێستا یەك ملیۆن و ١٥٠ هەزار بەرامبەر ١٠٠ دۆلارە. تائێستا حكومەتی دیمەشق نەیتوانیوە مانگانە موچەی فەرمانبەرانی دابینبكات. بەشێك لەفەرمانبەران موچەكانیان بەرزكراوەتەوە بۆ مانگانە نزیكەی ١٠٠ دۆلارو بەشێكیشیان تائێستا ئەو بەرزكردنەوەیە نەیگرتوونەتەوە، تائێستا موچەكانیان هەر ٢٠ دۆلارێكە. بەپێی قسەی نیزال شەعار وەزیری ئابوریی لەحوكمڕانیی نوێی دیمەشق، رێژەی بێكاریی لەناو گەنجان و نەوەی نوێ گەیشتۆتە نزیكەی لە ٦٠% ، واتە بەنزییکەیی ٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار گەنج نەخوێندەوارن و هیچ كارێكیش نازانن. ئەم رێژەیەش وێرانكەرەو مێژووی سوریا بەخۆیەوەی نەبینیوە. بزوتنی بازرگانیی زۆر سست و لاوازە، لەمیدیاكان باس لەجێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوەدانیی دەكرێت لەلایەن وڵاتانی كەنداو بەتایبەتیش سعودیەو ئیمارات، بەڵام لەراستیدا شتێكی هەستپێكراو نییەو تەنها قسەیە، ئەمە سەرباری سەرهەڵدانی گەندەڵییەكی زۆر بەناوی جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوەدانیی لەلایەن كەسە نزیكەكانی ئەحمەد شەرع. لەماوەی چەند مانگی رابردوو میدیاكان ناوی جەمال شەرع برای ئەحمەد شەرعیان دەهێنا گوایە ئەو سەرپەرشتی تۆڕێكی تایبەت دەكات لەناو حكومەت بێئەوەی هیچ وەزیفەیەكی لەدەوڵەت هەبێت. دیمەنی ئێستای دیمەشق وەك سەردەمی رژێمی دیكتاتۆری بەعس نییە. پێشتر رژێمێكی دیكتاتۆری شۆڤینیی حوكمڕان بوو، ئێستا بێسەروبەرییەكی زۆرو ناڕۆشنیەكی زۆر لەحوكمڕانیی هەیە، تابلۆی سیاسی و حوكمڕانیی دیار نییە ئەمە جگە لەبەرتەسككردنەوەی زیاتری ئازادییەكان بەتایبەت ئازادییە شەخسیەكان. جگە لەگروپە چەكدارەكانی ژێر چەتری دەستەی تەحریری شام (هەتەش) هیچ حزبێكی كاریگەری سیاسی لەدیمەشق نییە، رەنگە چەند ناو ناونیشانێك بەناوی حزب یان كۆمەڵە هەبن، زۆربەیان ئەو حزبە كارتۆنیانەن كە توركیا یان وڵاتانی كەناو دروستیان كردوون و ریشەیان نییە. ئەو گروپە نوێیانەی لەگەڵ روخانی بەشار ئەسەد هاتوون، ژمارەیەكی زۆر بنكەو بارەگایان كردۆتەوەو وەك بارەگای گروپی سیاسی دەردەكەون، بەڵام چەكدارن و لەزۆربەی شوێنەكان ئەركی پاراستنی ئەمنیەتیان گرتۆتە ئەستۆو لەباتی حكومەت بڕیار دەدەن. ١٠ مانگە رژێمی بەشار ئەسەد رووخاوە، بەڵام تائێستا سوپای سوریا وەك دامەزراوە بوونی نییە! ئەوەی هەیە ژمارەیەك گروپی چەكدارن و هەریەكەیان لەناوچەیەكی دیاریكراو بەبەرگی سەریازیی ئەركی پاراستنی ناوچەكانیان پێ سپێردراوە، ئەمە سەرباری لەوەی چەندین ناوچەو هەرێمی جیاواز لەسوریا لەژێر كۆنترۆڵی رژێمی نوێی دیمەشدا نین. ناوچەكانی باكوری حەلەب لەژێر كۆنترۆڵی ئەو هێزو گروپە چەكدارە توندڕەوانەن كە توركیا پشتیوانیان دەكات ناویان لەخۆناوە سوپای نیشتیمانی سوریا، ناوچەی دروزەكان كە دەكەوێتە باشوری دیمەشق بەتایبەتیش پارێزگای سوەیداو دەوروبەری، هاوكات باكورو رۆژهەڵاتی سوریا یان رۆژهەڵاتی فورات بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتە كەلەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانیی دەكرێت. لەناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئەحمەد شەرع وەزارەتی بەرگریی هەیە، بەڵام سوپای نیزامیی نییە، بەڵكو ژمارەیەك گروپی هەن و هەر گروپێك یان چەند گروپێك پاراستنی ئاسایشی ناوچەیەكی دیاریكراویان پێسپێردراوەو تەنها چەكی سوك و مامناوەندیان هەیە، چونكە ئیسرائیل رێگەیان پێنادات. هەریەكێك لەو گروپە چەكدارانە لەناوچەكانیان دەیان بازگەیان دامەزراندووەو بنكەو بارەگای خۆیان لەوناوچانە دامەزراندووە. دیمەشق و گوندەواری دیمەشق و ئیدلب و باكوری رۆژئاوای سوریاو حەما لەلایەن هێزەكانی نزیك ئەحمەد شەرع لەدەستەی تەحریری شام كۆنترۆڵی ئەمنی كراوە. هەروەك پارێزگای حمس و بەری رۆژئاوای فورات لەپارێزگای رەققە و چەند ناوچەیەكی گوندەواری حەماو چەند ناوچەیەكی ئیدلب لەلایەن چەند هێزێكی وەك سوپای ئیسلام و سوپای عززە كۆنترۆڵكراوە. ناوەندی پارێزگای درێرزۆر كە دەكەوێتە رۆژئاوای فورات رادەستی گروپی ئەحرار شام كراوە. جگە لەوەی تائێستا سوپایەكی نیزامیی حكومەت نییە، چەند سەرچاوەیەك دووپاتیدەكەنەوە كە بەشێك لەو گروپانە وەك پێویست پابەندی بڕیارەكانی ئەحمەد شەرع حاكمی نوێی دیمەشق نین بەتایبەت لەناوچەكانی درعاو لەغۆتەو دۆما. پابەند نەبوونەكە روون نییە، بەڵام پێدەچێت جیاوازیی لە تێگەیشتن و بۆچوونی ئاینی كاریگەری لەسەر پابەندی ئەو گروپانە هەبێت بە ئەحمەد شەرع وەك حاكمی نوێی سوریا. ئەم بارودۆخەی سوریا لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 5ی ئۆكتۆبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانیی بەڕێوەبچێت، بێئەوەی ئەم هەڵبژاردنە تەواوی رۆژهەڵاتی فورات و ناوچەی دروزەكان و ناوچەكانی باكوری حەلەب بگرێتەوە. بڕیارە لەم هەڵبژاردنە كە چاودێران پێیانوایە كارتۆنییە، بەتەنها ئەحمەد شەرع لەكۆی ٢١٠ ئەندامی پەرلەمان ٧٠ ئەندامیان بەدامەزراندن لەپەرلەمان دابنێت و ١٤٠ یشیان بەهەڵبژاردن بێنە پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدا هیچ كێبڕكێیەكی حزبیی یان سیاسی نییە! بۆیە پێدەچێت هەڵبژاردنەكە تەنها وەك رێوڕەسمێكی شكلیی بەڕێوەبچێت. سەبارەت بەپەیوەندی حكومەتی نوێی دیمەشق لەگەڵ پێكهاتەكان، تائێستا ئاڵۆزییەكی زۆر هەیە. پەیوەندی ئەحمەد شەرع لەگەڵ دروزەكان دوای ئەو كۆمەڵكوژییەی سوەیدا وەكخۆی بەئاڵۆزیی ماوەتەوە هەر ئاڵۆزە. ئێستا حكومەتی دیمەشق لەپارێزگای سوەیداو دەوروبەری هیچ رۆڵێكی نییەو دروزەكان هێزی چەكداریان دروستكردووەو ئامادەنین بێنە ژێر ركێفی دیمەشق. سەبارەت بەعەلەوییەكان دوای ئەو كۆمەڵكوژییەی لەلایەن دەستەی تەحریری شام و گروپە چەكدارەكان كرا، ماوەیەكە كەمێك بێدەنگە. ئەمە سەرباری دڵەڕاوكێیەكی زۆری ئەمنی لەناوچكە. ئەم ماوەیە وەفدی چەند وڵاتێكی ئەوروپا بەنهێنی لەگەڵ شێخ و ریش سپیانی عەلەوییەكان لە لازقیەو تەرتوس كۆبونەتەوە، بەتایبەت بەریتانیەكان لەچەند رۆژی رابردوو وەفدێكیان لەقامیشلۆوە هاتنە رۆژئاوای فورات و لەگەڵ چەند شێخێكی عەلەویی كۆبونەوە. پێدەچێت هەوڵێك هەبێت تاوەكو فشارەكانی سەر ئەو پێكهاتەیە لەلایەن گروپە چەكدارەكانی دیمەشق كەمبكرێتەوەو لەمەودوا عەلەوییەكانیش رۆڵیان پێبدرێت چونكە تائێستا هێزی چەكداریان نییە بۆیە رووبەرووی توندو تیژیی زۆر بوونەتەوە. سەبارەت بەكورد، تائێستا پێشكەوتن لەگفتوگۆی نێوان رێڤەبەری خۆسەر یاخود هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق نەبووە، ، بەڵام هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی چارەسەری پرسی كورد لەسوریا گۆڕانێكی زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە. بەشێوەیەكی كردارەكی گفتوگۆكان وەستاون، بەڵكو هەست بەگرژیی دەكرێت لەنێوان هەردولا. بەپێی زانیاریی ورد، دەروازەكانی هاتووچۆی نێوان رۆژهەڵاتی فورات و دیمەشق یان نێوان هەرێمی رۆژئاواو دیمەشق لەلایەن دەسەڵاتداران سوریا زۆر توندكراوەو هاتن و چوون سنورداربووە. بەپێی هەندێ زانیاریی و لێكدانەوەی لێدوانەكانی توركیاو سوریا، پێدەچێت تا كۆتایی ئەمساڵ لەژێر فشاری توركیا گرژییەكی سەربازیی لەنێوان رۆژئاوای كوردستان و دیمەشق دروستببێت، واتە شەڕێكی سنوردار لەنێوان هەردولا دروست ببێت بەبیانووی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی 10 ئاداری نێوان مەزلوم عەبدێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع حاكمی نوێی دیمەشق، بۆیە دەبینین ماوەیەكە لەناوچەكانی دێر حافرو لەناوچەكانی دەوروبەری دێرزۆر شەڕو پێكدادان و گرژیی دروستدەبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بارودۆخێكی گرژتر، بەڵام پێدەچێت درێژە نەكێشێت. لەهەمووی جێی سەرنجتر، تائێستا رێڤەبەری خۆسەرو دیمەشق سەبارەت بەخوێندن لەناوچەكانی ژێر ركێفی هێزەكانی سوریای دیموكرات یان باكوری رۆژهەڵاتی فورات نەگەیشتوونەتە رێككەوتن كە ماوەی دوو هەفتەیە دەوام دەستیپێكردووە، بەڵام لەوڵامی ئیعتیرافنەكردن یان دانپێدانەنانی دیمەشق بەزمان و خوێندنی كوردی، رێڤەبەری خۆسەر بڕیاری راگرتنی خوێندنی لەتەواوی خوێندنگەكانی (دەوڵەت) یان ئەو خوێندنگایانەی سەر بەدیمەشقن داوە. كێشەو ناكۆكی نێوان رێڤەبەری خۆسەرو دیمەشق سەبارەت بەخوێندن سێ پرسی سەرەكییە. یەكەمیان؛ رێڤەبەری پێداگرە لەسەر داننان بەزمانی كوردی و خوێندن بەزمانی كوردی، دووەمیشیان رێككەوتن لەسەر مەنهەجی خوێندن بەشێوەیەكی گشتیی كە مەبەست لێی وانەكانی جوگرافیاو مێژوو هەروەها وانە مرۆییەكانە. سێیەمیشیان؛ داننان بەبڕوانامەی خوێندنگاكانی سەر بەرێڤەبەری خۆسەر كە ئێستا دەوام دەكەن و پێكردووەو بەردەوامە.
پەنجا دۆنم خاکی بەپیتی وەکو گەوهەر و ئاوی وەکو کەوسەر، بە تەنها دۆلارێک ئالاسکا، چیرۆکی هەڕاجکردن و دەستبەرداربوونی خاک نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ چیرۆکی پشت کڕینی ئالاسکا لەلایەن ئەمریکاوە لە ڕووسیا. بفەرموون ڕاپۆرتێک لەو بارەیەوە: لە ساڵی ١٨٦٧ ئەمریکا مامەڵەیەکی بێوێنەی ئەنجامدا کە دواتر دەرکەوت یەکێک لە گەورەترین و سەرکەوتووترین مامەڵە بەهادارەکان و وەبەرهێنانە قازانجدارەکان بوو، کە ئەویش کڕینی ئالاسکا لە ئیمپراتۆریێتی ڕووسیا بوو. لەو کاتەدا ئەو ڕێککەوتنە مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە، لەلایەن زۆرێکەوە ڕەخنەی لێدەگیرا و وەکو بە بەفیڕۆدانی پارە باس دەکرا، بەڵام دواتر بە تێەڕینی کات، مێژوو بەهاداریی و گرنگیی ئەو مامەڵەیەی سەلماند و تۆمارکرد. ئەم مامەڵەیە، مامەڵەی کڕینی ئالاسکا، لە ٣٠ی ئازاری ١٨٦٧ بە فەرمی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ویلیام ئێچ سیوارد و دیپلۆماتکاری ڕووسی بارۆن ئێدوارد دی ستۆکلەوە سەرپەرشتی و واژۆ کرا. مامەڵەکە، بریتی بوو لە کڕینی ویلایەتی ئالاسکا بە ڕووبەری یەک ملیۆن و ٥١٨ هەزار و ٨٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە کە دوو هێندەی ڕووبەری ویلایەتی تەکساس بوو، بە بڕی ٧ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی، کە بە نزیکەیی دەکاتە دوو سەنت بۆ هەر دۆنمێک یان ٥٠ دۆنم زەوی بە بڕی تەنها دۆلارێک. هۆکارەکانی دەستبەرداربوونی خاک و فرۆشتنی ئالاسکا لەلایەن ڕووسیاوە ڕەهەندی ئابووریی ڕووسیا لەو کاتەدا شکستی جەنگی کریمیای ئەزموون کردبوو، ئەمەش بارقورسییەکی زۆری بۆ هێنابوو جگە لەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە لەوپەڕی لاوازیی خۆیدا بوو. لێرەدا باشترە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە نیمچە دوورگەی کریمیا یەکێک لە هۆکارەکانی جەنگی ئێستای ڕووسیا و ئۆکرانیایە کە پێشتر لە ڕاپۆرتێکی دەزگای میدیایی هاوڵاتیدا بە ووردیی ڕیشەی مێژوویی کێشەی نیمچە دوورگەی کریمیا و هەرێمی دونباس ڕوونکراوەتەوە. ڕەهەندی جیۆپۆلەتیکی بەهۆی دوورەدەستی جیۆگرافیی ئالاسکاوە لە ناوەندی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابووریی ئیمپراتۆریێتی ڕووسیا، وایکردبوو دەستڕاگەیشتن پێی قورس بێت لە ڕووی لۆجستی و پاراستنی سەرەوەرییەوە. بە تایبەتی ترسی ڕووسیا لە فراوانخوازیی و پاوانخوازیی ئینگلیزەکانەوە کە ئەگەری داگیرکردنی لەلایەن بەریتانیای مەزنی ئەو سەردەمەوە ئەگەرێکی بەهێز بوو. بۆ ئەمریکا پاڵنەرەکان ستراتیژیی و ئابووریی بوون. سیوارد وەکو فراوانبوونی خاکی ئەمریکای دادەنا و گەشەکردنی وڵاتەکەی لە داهاتوودا پێشبینی کردبوو. لەو کاتەدا ئەمریکا لە شەڕی ناوخۆ دەرباز بوو بوو و خواستی گەشەکردن و فراوانبوونی هەبوو. هەرچەندە ڕەخنەگرانی کۆنگرێس و ڕۆژنامەکان ڕەخنەیان لەو کڕینە دەگرت و بە "گەمژەیی سیوارد" یان "سندووقی سەهۆڵی سیوارد" ناویان دەبرد، بەڵام دواتر پڕۆسەکە، دۆزینەوەی سەرچاوە سروشتییە فراوانەکانی لێکەوتەوە . لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا زێڕی لێ دۆزرایەوە و دواتر لە سەدەی بیستەمدا نەوت و گازی لێ دۆزرایەوە، ئەمەش وایکرد ئالاسکا ببێتە یەکێک لە ویلایەتە دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا کە زۆرترین سەرچاوەی سروشتیی و ئابووریی هەبوو کە تا ئێستاش بەردەوامە. گواستنەوەی فەرمیی خاوەندارێتیی ویلایەتەکە لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ١٨٦٧ لە شاری سیتکای ناوەندی ویلایەتی ئالاسکای بەڕێوەچوو. لە مەراسیمی پڕۆسەی گواستنەوەکەدا، داگرتنی ئاڵای ڕووسیا و هەڵکردنی ئاڵای ئەمریکا، هێمای گۆڕینی خاوەندارێتیی و سەروەریی ئالاسکا بوو. تا ئێستاش ئەو ڕێکەوتە بە “ڕۆژی ئالاسکا” ناسراوە و ساڵانە یاد دەکرێتەوە. ئەو زەوییە فراوانەی ڕۆژگارێک وەکو ناوچەیەکی سەهۆڵین و بێ بەرهەم رووسەکان دەستیان لێبەردا و فرۆشتیان، بوو بە بەشێک لە بنەمای هێزی ئابووریی و ستراتیژیی ئەمریکا. کڕینی ئالاسکا وەکو بەڵگەیەک لەسەر دیدگای ستراتیژیی و درێژخایەنی دیپلۆماسیی ئەمریکا هەژمار دەکرێت. گرێبەستێک کە تێچوویەکی کەمی هەبوو بەڵام بەهایەکی بێئەندازەی بەدەستهێنا. لە دواهەمین سەردانی سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین بۆ ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەست و پرسی ئاشتییەوە بۆ جەنگی ئۆکرانیا، لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە ویلایەتی ئالاسکا پێشوازیی لێکرا. ئەو ویلایەتەی کە پێشتر خاکی ڕووسیا بوو. هەروەها ئەو ویلایەتەی کە بەهۆی جەنگی کریمیاوە لە سەدەی نۆزدەدا ڕووسیا ناچار بوو بە دەستلێبەردان و فرۆشتنی. پێشوازیلێکردنی سەرۆکی ڕووسیا لە ئالاسکا لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە واتای سیمبولیکیی سیاسیی و دیپلۆماسیی گەورەی هەبوو. لە زمانی کوردییدا ئیدیۆمێک هەیە و لە باوانەوە بۆمان ماوەتەوە و بیستوومانە کە دەڵێت: "مرۆڤی ژیر، مشتێ خۆڵ ناگۆڕێتەوە بە مشتێ زێڕ" پێدەچێت ئیدیۆمەکە بۆ هەموو سەردەم و هەموو شوێنێک ڕاستییەکی زۆری تێدا بێت. ئەگەر سەرنج و بۆچوونێکت لەو بارەیەوە هەیە، بفەرموو بۆ بەشکردنی لەگەڵمان.
عیسا عوسمان هیچ کارێکی هونەری بەدەر نییە لە ڕەخنە و سەرنج، بەڵام سووکایەتی نییە کە ئەوان دۆخێکیان دروست کردووە تاکوو ئێستەش لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا، بە هەزاران کۆمێنتی جنێو و سووکایەتیان بۆ دەنێردرێ و دەستخۆشی لە داعش دەکەن کە قڕی کردن و دەستدرێژی کردنە سەر... سووکایەتی نییە کە دۆخێکیان دروست کردووە ئەوەی کە سەر بە خۆیان نەبێت و باڵاپۆش نەبێ و بە ئاوازی ئەوان ژیان نەگوزەرێنێ، بە بێئەخلاق و بێئابڕوو و سەرسەری و هیچوپووچ ناوزەدی دەکەن و لە سەروو هەمووشییەوە تەکفیری دەکەن. سووکایەتی نییە کە لەشکرێکیان لە جنێوفرۆش و تەکفیریی پێگەیاندووە و ڕەنگە شانازیشی پێوە بکەن! ئەوانەی کە بە بینینی نمایشێک، ئاو کراوەتە ژێریان و بە ڕاست و چەپدا، ڕەخنە دەبەشنەوە، لە کاتی بینینی ئەو هەموو جنێو و سووکایەتییەی ڕۆژانە بە ئایینەکانی تر و بگرە بە خەڵکی ئاسایی خاوەن باوەڕی جیاواز دەکرێت، لە کاتێکدا هەر کوردن و ڕۆڵەی ئەو خاکەن، لە کوێن؟ دڵنیام کە گەر پێچەوانەکەی بێت و بە شەق حیجاب فەرز بکرێ، ئەوا بە هەزاران کۆمێنتی دەستخۆشی و لایکی بۆ دێت. لێرەدا گرنگە دوو پرسیار لەوانە بکرێت کە ئەم نمایشە و هەموو چالاکییە هاوشێوەکان بە سووکایەتی دەزانن و دژایەتی دەکەن: یەکەم: گەر بڕواتان وایە ڕێکخراوێکی وەک داعش نوێنەری ئیسلام بوو و ئەوەی کە دەیکرد، کتومت ئەوەبوو کە لە دینەکەدا هەیە و لایان نەدابوو، ئەوا بوێرانە دانی پێدا بنێن و بیری خۆتان بەیان بکەن و پیرۆزتان بێت. دووەم: گەر پێتان وایە داعش نوێنەری ئیسلام نەبوو و هەوڵێک بوو بۆ شێواندن و ناشرینکردنی دینەکە، ئەوە زۆر باشە و قبووڵە، بەڵام کێشەیەک هەیە. ئەوان بە ئاڵای ئیسلامەوە ئەو کارانەیان دەکرد، واتە لەژێر ناوی پیرۆزییەکانی موسڵماناندا، کۆمەڵێک کاریان دەکرد کە موسڵمانان بڕوایان پێیان نییە و دژیانن، بەم جۆرە، کارەکانی ئەوان، دەبنە سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام. کەوایە کە دەیانزانی ئەم گرووپە سووکایەتی بە ئیسلام دەکەن، بۆچی لە دژیان نەجەنگان؟! نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکە لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆچی کۆ نەبوونەوە و لە دژیان بوەستنەوە؟ گەر بێباوەڕێک کاریکاتێرێکی دروست کردبا، هەموو دنیا بە یەکدا دەدرا، خۆپیشاندان دەکرا، خەڵک دەکوژرا. بەڵام لە سەروەختی دروستبوونی داعش و لە کاتێکدا کە بە زەقی ئاڵای ئیسلامیان هەڵدەگرت، ئەوانەی کە ئێستە ڕەخنە دەگرن و پێیان وایە نمایشەکە سووکایەتییە، بە دەگمەن دەمبینین ورتەیان لێوە بێت و هەڵوێستێکیان لەسەری هەبێت! نەک هەر هەڵوێستیان نەبوو، بەڵکە لە ناوخۆدا، بەردەوام هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی تریش کە لەگەڵ داعش دەجەنگان، تەکفیر دەکران... لێرەدا ئاماژەدان بە داعش تەنیا نموونەیەکە، قسەکە لەسەر هەموو ئەو هەموو هێز و جووڵانەوانەی تریشە کە هەڵگری بیری داعشن و ئێستەش هەن.
ھیوا سەید سەلیم سروشتی کەسایەتی دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا وا ھەڵکەوتووە، کەمن ئەوانەی دیداریان لەگەڵ ئەنجام دابێ لێی دەربازبووبن، بە بێ ئەوەی لە لایەن ترەمپەوە توانجێکی لێنەدرا بێت یان ھەڵسوکەوتێکی نەگونجاوی لەگەڵ نەکرد بێت. ترەمپ لە دیدارێکدا لە پێش چاوی میدیاکان زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیای سەرکۆنە کرد و بیانووی جلە نەشیاوەکانی پێگرت، ماکرۆنی لەسەر شەقام ڕاگرت تا کەژاوەی ئۆتومۆبێلەکانی خۆی ڕەتبوون، سەرۆکەکانی ئەرمینیا و ئازەرباینجانی بە پەند بردن و ڕیکەوتنامەی زنگەزۆری بەسەر سەپاندن، زۆری دیکەش، کە لێرەدا دەرفەت نییە باسی ھەموویان بکەین. دوایین سەرکردەش کە کەوتبێتە بەر توانجی ترەمپ بریتی بوو لە رەجەب تەیب ئەردۆگان، لە دیداری نێوان (ترەمب - ئەردۆگان) کاتێک ترەمب پرسیاری تەزویری لە لایەن ڕۆژنامەنووسێک لێدەکرێت ڕوودەکاتە ئەردۆگان و دەڵێت :- " ئەردۆگان ھاوڕێی منە ئەو مامۆستایە لە تەزویر" ھیچ گومانی تێدانیە ترەمپ ئەو قسەیەی بە ئامانج بە ئەردۆگان گووتوە، چونکە خۆ تەزویر ھەر ئەوە نییە کە تۆ لە کاتی ھەڵبژاردن و دەنگدان پەنای بۆ ببەی، تەزویری ڕووخسار و کەسایەتی ھەیە، تەزویری گوفتار و ڕەفتار لە نێو سیاسەکان زۆرە. ترەمپ ڕاستی فەرموو، ئەردۆگان مامۆستای تەزویرە، چونکە دوو ڕۆژ پێش دیداری لەگەڵ ترەمپ لەسەر پرسی غەزە دەیکووشتن و نەیدەشاردەوە، تەنانەت لە ووتارەکەشی کە لە کۆمەڵە گشتی نەتەوەیەکگرتەوەکان پێشکەشی کرد لەسەر غەزە ھەڵوێستی زۆر توند بوو، بەڵام لە بەرامبەر ترەمپ فزەی نەکرد، ئەوەیە کەسایەتی تەزویر و دووڕوو. شایانی باسە لە دەستپێکی شەڕی غەزەوە ئەردۆگان فرمێسکی تیمساحی بۆ غەزە ھەڵدەڕێژێت و بە ئاشکرا دژی ئیسرائیلە، بەڵام وەک ئەحمەد داود ئۆغلۆی ھاوڕێی کۆنی ئەردۆگان ئاشکرایکرد، تورکیای ژێر دەسەڵاتی ئەردۆگان گەورەترین ئاستی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل ھەیە لەو دۆخەشدا پەیوەندی بازرگانیەکە بەردەوامی ھەیە و وێڕای بڕیاری پچڕانی پەیوەندی ئابووری ( ئیسرائیل – تورکیا) بەڵام ئەو پەیوەندیە درێژەی ھەیە. ئەوەیە سەرکردەی تەزویر بە قسە دژی ئیسرائیل بی و ژێربەژێریش پەیوەندی ئیستخباراتی و بازرگانی لەگەڵ ببەستی. ئاشکرایە ئەردۆگان وڵاتەکەی بەدەردی قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، بەھای دراوی وڵاتەکەی لە نزمترین ئاست دایە، کەچی داوای فڕۆکەی ئێف 35 ئەمەریکی دەکات و گرێبەستی کڕینی 200 فرۆکەی بۆینگ لەگەڵ ئەمەریکا واژۆ دەکا. پەیوەست بەو پرسە، ئۆزگۆر ئۆزێل، سەرکردەی گەورەترین ھێزی ئۆپزسیۆنی تورکیا (CHP)، سەبارەت بەو قسەیەی ترمپ کە ئاڕاستەی ئەردۆگانی کردبوو دەڵێت :- " ئەگەر ترەمپ بەم شێوەیە قسەی لەگەڵ من کردبا دەمخواست ئەرز قووتم بدات لە شەرمان" بەڵام دیارە ئەردۆگان لە پێناوی بەرژەوەندی خۆی نەیوویست وەڵامی تۆمەتی تەزویر بداتەوە کە ترەمپ ئاڕاستەی کرد بوو، چونکە ئەو بینیبووی کە زیلینسکی کاتێک وەڵامی ترەمپی دایەوە بە چ دەردێک بردرا. لێرەدا تێدەگەین کە ئەردۆگان ئەو پەندەی لەسەر جێبەجێ دەبێت کە پێی دەگوترێت ( شێری ماڵی خۆی و ڕێوی دەرەوە) ناونیشانی بەتەزویرچیشی ھاتە سەر کێماسیەکانی دیکەی ئەردۆگان.
نووسینی شریف العصفوری وەرگێڕان: یادگار عەلی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ شاندەکانی چەند وڵاتێکی ئیسلامی کۆبووەوە و کۆبوونەوەکە، وەک گرنگ و مێژوویی باس کرا. هەواڵەکە گرنگییەکی ئەوتۆی لە ڕاگەیاندنە عەرەبییەکاندا پێنەدرا بەهۆی ئامادەنەبوونی سەرۆکی وڵاتە عەرەبییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، ڕەنگە باڵاترین نوێنەرایەتی عەرەبی سەرۆکوەزیرانی میسر بووبێت، لە کاتێکدا سەرۆکی کۆماری ئەندەنوسیا ئامادە بوو، کە گەورەترین وڵاتی ئیسلامییە لە جیهاندا بە دوو سەد و هەشتا ملیۆن دانیشتووانەوە.! بێگومان کۆبوونەوەکە گرنگییەکی زۆری هەیە، هیچ گومانێکم نییە، کە کۆبوونەوەکە بە جۆرێک بەڕێوەچوو، کە بە دڵی عەرەبەکان نەبوو، هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا ڕاستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، کە بە پشتبەستن بە کۆبوونەوەکە، دژی لکاندنی زەوییەکانی کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوەیە. ئەگەر سەرۆکی ئێستای ئەمریکا کەمێک متمانەپێکراو بووایە، ئەمە لێدوانێکی گەورە دەبوو. یەکەم: کێ ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو لەگەڵ ئەمریکییەکان؟ میسر، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، ئوردن، تورکیا، ئەندەنوسیا و پاکستان. دووەم: ڕاگەیاندنە سیاسییەکان چین؟ ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا: لکاندنی زەوییەکانی کەناری ڕۆژئاوا نییە و پڕۆژەیەک لە ئارادایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەزە. گرنگترین ڕاگەیاندن وتارەکەی پرابۆفۆ سوبیانتۆ، سەرۆکی ئەندەنوسیا بوو، کە دەبێت جیهان لەگەڵ دەوڵەتی فەلەستین بوەستێت [ئەمە لەو گرتە ڤیدیۆیانەی بە عەرەبی بڵاوکراونەتەوە سڕاوەتەوە] و جەختکردنەوە لەسەر دڵنیابوون لە ئاسایش و مانەوەی ئیسرائیل لە بەرامبەردا. ئەندەنوسیا هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل نییە و بەرەو نزیکبوونەوەیەکی سەربازی و سیاسی لەگەڵ تورکیا دەڕوات. پاکستان چەند ڕۆژێک پێش ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتنێکی سەربازی لەگەڵ سعودیە ئەنجامدا. پاکستان و ئەندەنوسیا وڵاتانی گەورەی ئاسیان، بەڵام ئابووری ئەندەنوسیا بەهێزەوە بەرەو پێش دەچێت بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان و هەرچەندە ئەندەنوسیا تێوەگلاوە لە جەنگەکانی جیابوونەوە، بەڵام سوپای ئەندەنوسیا بچووکترە لە سوپای پاکستان یان تورکیا و زیاتر لە [1%]ی بەرهەمی ناوخۆیی ناخاتە سەر بەرگریی.! ڕەنگە لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵێک دوورگە پێکهاتووە لە [19] هەزار دوورگە.! بە پێچەوانەی پاکستان و تورکیا، کە لە گەڕەکە پڕ لە ئاژاوەگێڕەکاندا دەژین. سێیەم: وادیارە ئەوەی لەسەر مێزە و نزیکە لە جێبەجێکردن بەپێی لێدوانەکانی مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و سوبیانتۆ، سەرۆکی ئەندەنوسیا، ئەوەیە کە هێزێکی نێودەوڵەتی [ئیسلامی] پێکدەهێنرێت بە نوێنەرایەتییەکی عەرەبی ڕەمزی یان کەم، بە تەمویلی عەرەبی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەزە، زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن، کە هیچ بوونێکی حەماس لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەزە لە داهاتووی نزیک یان دووردا نییە. هەڵبژاردەکانی فەلەستینییەکان لە نێوان جەنگێکی قڕکردنی بەردەوامدایە [بە ئاوارەکردن یان بێ ئاوارەکردن] یان، وەک داواکارییەکانی ئەمریکا ئازادکردنی بارمتەکان [زیندووەکان و تەرمەکان] و ڕادەستکردنی چەکی حەماس بە دەسەڵاتی فەلەستین بە سەرپەرشتی نێودەوڵەتی و ڕەنگە ئاڵوگۆڕکردن بە دڵنیابوون لە ژیانی سەرکردەکانی حەماس لە ناوخۆدا. ئایا پڕۆژەیەکی لەمشێوەیە دەتوانێت بێتە دی؟ با ڕۆژگار لە نێوانماندا بێت. چوارەم و کۆتایی: ڕۆڵی سەرکەوتووی ئەندەنوسیا، لێرەدا سەرنج دەخەمە سەر چینی سیاسیی حاکمی ئەندەنوسیا، لە ڕوانگەی پەیوەندییەکانی میسر و ئەندەنوسیاوە، ئەندەنوسیا دڵی نەوەیەکی میسری داگیرکردووە، بەتایبەتی دوای کۆنفرانسی باندۆنگ لە ساڵی [1955]، کە بزووتنەوەی بێلایەنی دامەزراند. لێکچوونێک هەیە لە نێوان گەشەسەندنی نیشتمانپەروەری میسریی و ئەندەنوسی لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بوونی کاریگەریی هۆڵەندی لە ئەندەنوسیا کەمتر و خوێناوی بوو، وەک داگیرکاری بەریتانی بۆ میسر، بە پێچەوانەی مۆدێلی فەڕەنسی لە هیندۆچین یان جەزائیر، ڕێگەیدا بە دروستبوونی چینە کۆمەڵایەتییەکان، کە لانیکەم توانای بەڕێوەبردنی خۆبەڕێوەبەری نیشتمانییان هەبێت. کۆمەڵگەی ئەندەنوسیا بە پێچەوانەی میسر، چەندین نەتەوە و گرووپی ئایینی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، هەرچەندە موسڵمانان [90%]ی دانیشتووان پێکدەهێنن. جەنەڕاڵ سوبیانتۆ هاوسەرگیریی لەگەڵ کچی جەنەڕاڵ سوهارتۆ کردووە.! فەرماندەی هێزە تایبەتەکان بوو، کە کۆمەڵکوژییەکانی لە تەیموری ڕۆژهەڵات و پاپوا ئەنجامدا و لە ساڵی [1998]ەوە ڕێگەی پێنەدرا بچێتە ئەمریکا.! سەرۆکی [دیکتاتۆر] و پاڵەوانی نیشتمانپەروەریی ئەندەنوسیا سۆکارنۆ، کە لە نێوان ساڵانی [1950-1965] بە هەر شێوەیەک حوکمی وڵاتەکەی کرد، ڕۆڵی هێزە چەکدارە پاڵەوانەکەی لە حوکمی وڵاتدا دامەزراند بە دروستکردنی هاوسەنگی سیاسیی لە نێوان سێ هێزی ڕەسەن، ئەوانیش بزووتنەوەی نیشتمانی و بزووتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی.! بۆیە پارتی کۆمۆنیستی ئەندەنوسیا لە ساڵی [1960] سێیەم گەورەترین پارتی کۆمۆنیستی بوو لە جیهاندا دوای سۆڤیەت و چین.! بەڵام جەنەڕاڵ سوهارتۆ گەورەترین ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردن و قڕکردنی دژی کۆمۆنیستەکان ئەنجامدا بە کوشتنی نیو ملیۆن بۆ یەک ملیۆن کەس دوای ساڵی [1965].! دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا، ئەردۆگان کۆبووەوە.! وادیارە ئەوەی دوایی هێشتا کارتەکان دەباتەوە، بە ڕوونی دیارە، کە ئەمریکا – بەفەرمی پێشوازی لە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا کرد سەرەڕای ئەوەی لە لیستی داواکراوانی تیرۆردا بوو – بەڵکو سەرۆکی سوریا بۆ یەکەمجار لە ماوەی پەنجا ساڵدا وتارێکی لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەش کرد.! ئەمریکا کاریگەریی تورکیا لە ناوچەکەدا دەپارێزێت لە بەرامبەر توندکردنەوەی گەمارۆکان لەسەر پوتین.! ئەم نموونەیەم بەکارهێنا بۆ ئاڵوگۆڕکردن، چونکە ئەندەنوسیاش دەبێت ئاڵوگۆڕێکی هاوشێوە بکات بۆ تێوەگلانی لە گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەندەنوسیا چیی پێویستە؟ ئابووری ئەندەنوسیا گەورەترە لە ئابووری سعودیە یان تورکیا، پێویستی بە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی کاریگەر لە دەوروبەری خۆیدا و ڕێگەگرتن لە کاریگەریی چین لە دەریای چینی باشوور و یەکگرتن لەگەڵ فلیپین، ئاڵوگۆڕەکە لێرەدا ئابوورییە لە بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەی چین. شەست ساڵ لەمەوبەر ئەندەنوسیا کۆتایی بە بڵاوبوونەوەی کاریگەریی کۆمۆنیستی ماوی هێنا.! سبەی بەرەیەکی پتەو لەبەردەم چیندا دروستدەکات.! ئەندەنوسیا کەمینەیەکی بچووک لە مالایییەکان [نەتەوەیەکی پێکهاتەی مالیزیی] و کەمینەیەکی بچووکتر لە نەتەوەی چینی تێدایە.! هەردوو نەتەوەکە، وەک پردێک کار دەکەن بۆ چوونە ناو سەرمایەداری چین/ ئاسیایی.!، بەڵام بە پاراستنی هاوسەنگی سیاسیی ناوخۆیی لە دوای سەربەخۆییەوە لەگەڵ بەکارهێنانی دیموکراسی [سۆکارنۆ ناوی لێنا دیموکراسی ڕەشید]. کۆتا تێبینیم ئەوەیە سروشتی پەیوەندییەنێودەوڵەتییەکان، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا سەرهەڵدەدەن، مۆدێلی پەیوەندییەکانی پێش جەنگی جیهانی یەکەمم بیر دەهێنێتەوە، ئەگەر زۆربەمان بە دوای [جیهانێکی فرە جەمسەر]دا دەگەڕاین.! ئەوا ئێستا جیهان هەوڵ دەدات بە چەندین جەمسەر پێکبێت.! بە جەنگە بێ کۆتاییەکان و جەنگە گەورەکان، کە لە هەر ساتێکدا ڕەنگە سەرهەڵبدەن بەهۆی هەڵە لە حیساباتەکان.
نووسین: خەبات کوردە هیچ کات و هیچ وڵاتێک نەبووە حکومەتێ ناوی وەزارەتی جەنگی بۆ تەواوی هێزە سەربازیەکانی هەڵبژاردبێ . کاتێک گەورەترین و بەهێزترین وڵاتی گۆی زەوی کە ئەمەریکایە ئەو ناوە هەڵدەبژێرێ و وشەی وەزارەتی بەرگری لە فەرهەنگی سەربازیی خۆیدا لادەبات، هیچ گومانی تێدا نیە کە ترسێکی گەورە بەڕێوەیە و دەیانەوێ لە ژێر ئەو ناوەوە گۆڕانکاری گەورە بخولقێنن . سەرەتای ۲٠۲٥ دەبوو پارەی برێکس مونافەسەی دۆلاری کردبا لە بازاڕە جیهانیەکان و سەری نەگرت . فلادیمێر پۆتینیان بردە ئالاسکا و زۆر هەوڵیاندا کە شەڕی ئۆکڕانیا ڕابگرێ کەچی بە درۆن ئاسمانی پۆڵەندا و ڕۆمانیای بەزاند و هەڕەشەی لە هەر دوو دەوڵەتی لیتوانیا و ئستۆنیای هاوپەیمانی ناتۆ کرد . لوتکەی شەنگەهای، زەمینەی کۆبوونەوەی چین و ڕوسیا و هیند و پاکستان بوو و کیم جون ئۆنی سەرۆکی کۆریای باکور لە پێشەنگی ڕێڕۆیشتنەکەدا بوو هاوشانی سەرۆکی وڵاتنی چین و هند و ڕوسیا، لە کاتێکدا هەموو ئاشکرایە کە ئەو سەرۆکە چەند توڕەهات و نابوتە لە سیاسەتدا . لە کۆبونەوەی دەوڵەتانی عەڕەبی و ئیسلامی بۆ یەکەم جار سعودیە بڕیاریدا پشت بە دەوڵەتی پاکستان ببەستێ و لە ڕێی ۱۷٠ بۆمبە ئەتۆمیەکەی پاکستانەوە مەملەکەتەکەی بپارێزێ و دەوڵەتانی عەڕەبیش سوپایەکی یەکگرتوو دابمەزرێنن و هیچی تر پشت بە ئەمەریکا و ناتۆ و ڕۆژئاوا نەبەستن . چین و ڕوسیا شکستیان هێنا کە بەرگری لە ئێران بکەن و ئەوروپا و ئەمەریکا ، سەر لە نوێ سزای ئابوری توندیان بەسەر ئێراندا سەپێاندەوە و پێدەچێ ئەوجارە بە یەکجاری پەڕ و باڵی بکەن . تۆم بەڕاک نەیشاردەوە کە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، دەوڵەتی یاسا و ڕێسا نین و زەمەنی سایکس پیکۆ بەسەر چووە و کەس ناتوانێ بنیامین ناتانیاهۆ ڕابگرێ لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە . لە ئێستادا فەنزوێلا سوپا کۆدەکاتەوە و وڵاتەکەی خستۆتە ئینزارەوە و ترسی هەیە ئەمەریکا پەلاماریان بدات . زەختێکی زۆر لە سەر تورکیا هەیە و دوور نیە ئەردۆگان پاڵنەداتە ڕوسیا و چین و لە ناتۆ دوور کەوێتەوە .! شەڕی حوسیەکانی یەمەن و گروپە چەکدارە توندڕەوە شیعەکانی عێڕاق و هەڵنەوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و گەڕێکی دیکەی کاولکاری لە نێوان ئێران و ئیسڕائیلدا و هەڕەشەکانی تورکیا لە بەردەم ئیسڕائیل دان و بەبێ وەزارەتی جەنگی ئەمەریکاش زەحمەتە ئیسڕائیل بتوانێ دڵی جولەکە تێر ئاو بکات . کۆبونەوەی تەواوی ژەنەڕاڵەکانی سوپا و وەزارەتی شەڕی ئەمەریکا لە گەڵ وەزیری جەنگ بۆ یەکەم جار لە ۳٠ ی سێپتەمبەر ڕوداوێکی مێژوویی و ترسناکی لێ دەخوێنرێتەوە، چونکە هەرگیز نەبووە تەواوی ژەنەڕاڵەکانی سوپای ئەمەریکا لە ۲٠٠ ساڵی ڕابردوەوە بەو شێوەیە کۆببنەوە . دەبێت لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە ئەمەریکا هەتا دوای جەنگی جیهانی دووەمیش وەزارەتی جەنگی هەبووە بەڵام هەرگیز نەبووە تەواوی سوپای ئەمەریکا لە ژێر ناوی سوپای جەنگ کۆکرابێتەوە و وەزیرێک بەرپرسیار و سەرپەرشتیاری بێ و هیچ پلە و پایەیەکی سەربازی نەبێت. لێرەدا چەندین پرسیار سەرهەڵدەدەن، لەوانە: دەبێ وەزیری جەنگی ئەمەریکا بیر لە چی بکاتەوە ، ؟ ئایا لە دوای ئەو کۆبونەوەیە جیهان بەرەو ئارامی دەبا ، یان شەڕ و خۆسەپاندن .؟ دەبێ وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا دوای گۆڕینی ناوەکەی یەکەم کاری کە ئەنجامی دەدات سود بە مرۆڤایەتی بگەیەنێ یان خۆ سەپاندنی سەربازی دەبێ ؟ پرسیار زۆرن و بەڵام بە هۆی پێشبڕکێی دەوڵەتە زلهێزەکان لە بەرهەم هێنانی چەکی پێشکەوتوو و نوێ، زەحمەتە کەس بتوانێ پێشبینی بکات کە ئایا لە دوای کۆکردنەوەی نزیکەکەی ۸٠٠ ژەنەڕاڵی گەورەترین سوپای دونیا ، چی ڕوودەدا و مەزنترین سوپای سەر ڕووی زەوی خەریکی چیە لە داهاتودا .!
نووسین: خەبات کوردە تڕەمپ، ئەردۆگانی هاوشێوەی باڵۆنێک فوو تێکرد و لە کۆتاییشدا لە بەرچاوی میدیاکان و بە پەنجەیەک ڕووی لە ئەردۆگان کرد و ڕایگەیاند کە ئەو زاتە خەبیرە لە فرتوفێڵ و تەزویر کردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان و زۆریشم خۆشدەوێ. هەر ئەو ساتەش ئەردۆگان بە نائومێدیەکی زۆرەوە نە فڕۆکەی دەستکەوت و نە عەقدی بۆ کرا و هەڕەشەی دەست هەڵگرتن لە ساغکردنەوەی نەوتی ڕوسیاشی لێکرا و بۆ سێ مانگ بۆڕی نەوتەکەی هەرێمیان بۆ کردەوە و پێیان ڕاگەیاند تا ئەو سێ مانگە مۆڵەتت دەدەینێ کە نابێ هیچ پاپۆڕێکی نەوتی ڕوسیا جارێکی تر لە گەرووی بۆسفۆڕ بپەڕێتەوە . ئەحمەد شەڕعیش بێ هیوا کرا و بڕیاریاندا یاسای قەیسەر بە شێوازێکی نوێ و بە جلوبەرگێکی تازەوە سزاکانی سەر سوریا درێژ بکەنەوە . لەگەڵ وتارەکەی ناتانیاهۆش، ئەندامان و سەرکردەکانی زۆربەی دەوڵەتانی عەڕەبی ئیسلامی هۆڵی سەرەکی نەتەوە یەکگرتوەکانیان بەجێهێشت و ناتانیاهۆش بە نەخشەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە ئامادەبوانی ڕاگەیاند کە لە ماوەی پێشوو چەند سەرکردە و سەرۆک و زانا و دانای ناوچەکەی لە تۆڵەی کارەساتی ۷ ی ئۆکتۆبەری ۲٠۲۳ کوشتوە و ئامادەیە زیاتریش بکوژن ئەگەر بێتوو عاقڵ نەبن و واز لە دژایەتی زیاتری ئیسڕائیل نەهێنن. ئەو هەڕەشەیەی ناتانیاهۆ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کۆبونەوەی قەتەری دەوڵەتانی عەڕەبی ئیسلامی بڕیاریاندا هەرچی لە دەستیان بێت دژی ئیسڕائیل دەیکەن . هاوکات لە گەڵ وتارەکەی ناتانیاهۆ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی تۆم بەڕاکی سەفیری ئەمەریکا لە ئەنقەرە و نێردەی تڕەمپ بۆ سوریا بوو ، کە تێیدا دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە خێڵەکی و گوندەوار وەسف کرد و ڕایگەیاند کە هیچ کام لە دەوڵەتانی ناوچەکە سیمای دەوڵەتدارییان پێوە نیە و جۆرێکن لە عەشیرەت و قەبیلە و بەهۆی زۆری پارەکانیانەوە هیچ سەرۆک و مەلیک و ئەمیرێک ئامادە نیە دەست بەرداری کورسیەکەی بێت و گەلەکەی لە خۆشگوزەرانی و ئازادیدا بژێنێت . بەڵێ چەند ساتێک دوای وتارەکەی ناتانیاهۆ و لە گەڵ بەردەوام بوونی دانوستانی ئیسڕائیلیەکان لە گەڵ سەرانی وەفدی دانوستکاری حکومەتە کاتیەکەی دیمەشق، لە دوا ساتەکاندا ڕاگەیێنرا کە دیمەشق ئامادە نیە کە ڕێ بە ئیسڕائیل بدەن ڕێڕەوێک لە ئیسڕائیلەوە بکرێتەوە بۆ گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەکان بۆ پارێزگای سوەیدای دروز نشینەکان . لە ڕاستیدا سوپای ئیسڕائیل لە ئێستادا لە ناوچەی جۆلان و قونەیتەڕە و پارێزگای سوەیدا لە هەوڵی بەردەوامدایە و تەنها پارێزگای دەڕعا ماوە کە بەیەکیان بگەیەنێ . بەڵام کاتێک لە دانوستاندا ئەو داواکاریە دەکەوێتە ناو ڕێککەوتنەکانەوە شەڕعیەت دەدا بە ئیسڕائیل و حکومەتی دیمەشقیش قەت بۆی نابێ پێشێلی ئەو ڕێککەوتنە بکات . هەر چەندە لە کۆتاییدا ئەحمەد شەڕع و دارو دەستەکەی ناچار دەکرێن، کە دان بە فیدڕاڵیەتی هەر سێ ناوچەی دروز و عەلەوی و کوردەکاندا بنێن و وشەی سوریای عەڕەبیش لاببەن ، ئینجا چی لە دیمەشق ڕوودەدا و کێ دەبێتە سەرۆک کۆماری سوریای داهاتوو و شەڕع و دارودەستەکەشی بە دەردی موحەمەد موڕسی سەرۆکی پێشووی میسڕ دەچن یان نا ، ئەوە باسێکی ترە و گۆڕانکارییەکی ترە، کە دوور نیە لە ساڵی ۲٠۲٦ ئەو گۆڕانکارییەش نەبینین.
ئامادەکردن: هاوڵاتی لە دوایین وتارەکەیدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە پشتی بە تێکەڵەیەک لە زیادەڕەوی و درۆی ئاشکرا بەست. بە وردبوونەوە و بەدواداچوون بۆ وتارەکەی، کە لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی زە گاردیەن شیکاریی بۆ کراوە و بڵاوکراوەتەوە هاوشانی دەزگاکانی دیکەی بەدواداچوون و پشکنینی ڕاستییەکان و هەروەها کەناڵە میدیاییەکان، تابلۆیەکی چەواشەکارانە ئاشکرا دەکات کە ئاوێنەی لێدوان و وتارەکانی بووە لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا. یەکێک لە شانازییە سەرەکییەکانی ترەمپ سەبارەت بە ئابووری ئەمریکا بوو، کە بە "بەهێزترین لە مێژووی جیهاندا" وەسفی کرد. ئابووریناسان دەستبەجێ ئەم نیشانەی پرسیار و گومانیان خستە سەر ئەم دەربڕینە. گوایا لە کاتێکدا ئابووری ئەمریکا لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بە شێوەیەکی بەردەوام گەشەی کردووە، بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕەخساندنی هەلی کار لە سەردەمی ترەمپدا ئەو ژمارەیە پێوانەییانەی تێنەپەڕاندووە کە لە بوومەلەرزەی دوای جەنگی جیهانی دووەم یان کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا تۆمارکراون. ئامارەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێچەوانەی ئەو بانگەشە بەرفراوانەن و چەند وڵاتێکی لە سەرووی ئەمریکاوە داناوە لە ڕێژەی گەشەکردن لەو ماوەیەدا. سەبارەت بە بازرگانی، ترەمپ ڕایگەیاند کە ئیدارەکەی "کۆتایی بە سەردەمی ڕێککەوتنە نادادپەروەرەکان هێناوە" و وەک سەرکەوتنێکی گرنگ بۆ ڕێککەوتنی ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا. بەڵام شیکەرەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕانکارییەکان پێداچوونەوەی کەم بوون نەک چاکسازییەکی تەواو. زۆرێک لە بڕگەکان وەک خۆیان مانەوە و وێناکردنی گۆڕانکارییەکی مێژوویی لەلایەن ترەمپەوە، زیادەڕەوییەکی ئاشکرایە. هەروەها لە وتارەکەدا دەستی خستە سەر سیاسەتی دەرەوە، کە ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردایەتییەکەی “ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناوەتە ئاراوە”. لە کاتێکدا ئیدارەکەی ناوبژیوانی کردووە لە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمیدا لە نێوان ئیسرائیل و چەند دەوڵەتێکی عەرەبیدا، شارەزایان دەڵێن، ململانێ فراوانەکانی ناوچەکە، لە یەمەنەوە تا سوریا، بە چارەسەرنەکراویی و هەڵکشانە بەردەوامەکان و خستنەڕووی پێشکەوتن لە بەشێک و ناوچەیەکدا وەک ئاشتییەکی سەراپاگیر ڕەخنەی لێگیرا و وەک کردەیەکی چەواشەکارانە ناودێر کرا. ڕەنگە لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر لێدوانەکانی بووبێت سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا. ئەو بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمریکا بەبێ پابەندبوون بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان باشترکردنی ژینگەی بەدەستهێناوە. پشکنەرانی ڕاستییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەردانی کاربۆنی ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی نزمبوونەوەی بەکارهێنانی خەڵوز و بازاڕەوەیە، نەوەکو سیاسەتەکانی ترەمپ. جگە لەوەش، ئیدارەکە چەندین بڕیار و ڕێکاری پاراستنی ژینگەی پەکخستووە و کاری پێناکات، ئەمەش بانگەشەی ئەو بۆ سەرکردایەتیی جیهانی دەکاتە تەنها بانگەشەیەکی چەواشەکارانە و هیچی تر. ئەم وتارە جەختی لە پشتبەستنی ترەمپ بە دووبارەکردنەوەی گێڕانەوەیەکی سادە، زێدەڕەوییانە و چەواشەکارانە کردەوە، بەبێ گوێدانە وردبینی ڕاستییەکان. پشکنەرانی ڕاستییەکانی ڕۆژنامەکانی زە گاردیەن و نیویۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست، سیااتڵ تایمز و چەندین دەزگای ڕاگەیاندن و دەزگای چاودێریی سەربەخۆ گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە وتارەکانی ترەمپ شێوازێکی بەردەوامی پەیڕەو کردووە: کە ئەویش قاڵب و چوارچێوەی دەستکەوتە مەزنەکان و سیاسەت و پڕاکتیزەکردنی بەشێوەی سەرکەوتنی مێژوویی بەڵام لە هەمان کاتدا پشتگوێخستنی بەڵگە دژبەیەکەکان یان ڕەتکردنەوەی ڕاستییەکان. بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی، ئەو وتارە هەم وەک بیرهێنانەوەی شێوازی جیاوازی ڕیتۆریکی ترەمپ و هەم وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ مامەڵەکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو سەکۆیەک بۆ شانۆییەکی سیاسیی نزم و خراپ. بەدواداچوون و پشکنینی ڕاستییەکان، تیشکی خستە سەر بۆشایی و کەلێنی نێوان بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و واقیعە پشتڕاستکراوەکان، جەختی لەسەر تەحەدای بەردەوامی جیاکردنەوەی پەیامە سیاسییەکان لە ڕاستییە واقعییەکان لە سەکۆ نێودەوڵەتیی و ناوەندە جیهانییەکاندا کردەوە.
ئەبوبەکر کاروانی وانەکان بۆ ئێمەی کورد: ئەحمەد شەرع بەو ڕابردوو و پاشخانەی هەموومان دەیزانین، وەک سەرۆک کۆماری سووریا، ووتەی وڵاتەکەی لەنەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش دەکات. ئەم دیمەن و ڕۆڵەی ئێستاش، وانەی جۆراوجۆری بەتایبەتیش بۆ ئێمەی کورد تێدایە لەوانەش: یەکەم / نەبوونی دەوڵەت دەردێکی یەکجار قورسە، چونکە بوونی دەوڵەت تەنانەت بەشکستخواردوویش هاوشێوەی سووریا، تەنها لە سۆنگەی مانەوەی دانپیانانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێودەوڵەتی پێی، ڕەوایەتی بە زۆر کەس و هێز و سیاسەت و دۆخ دەدات. مەینەتی و لاوازییە ستراتیژییەکەی ئێمەی کوردیش لە بێ دەوڵەتی و نەبوونی پارێزبەندیی نێودەوڵەتیدایە. لەوەش زیاتر جۆری دابەشکردنی کوردستان و گەلەکەیشی کارێکیان کردووە، لە سۆنگەی کەمینە بوونییەوە، لە هیچ گۆڕانکارییەکدا وەک جێگرەوەی ڕژێم و دۆخی لە ئارادا بوو، گرەوی لەسەر نەکرێت، بەڵکو تەنها وەك هێزێکی پارسەنگ ببینرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. دووەم/ بایەخی خوێندنەوەی دوور مەوداو عەقڵی ستراتیژی. کاتێک ناوچەکانی نفووز لە سووریا دابەشکران، ناوچەی ئیدلیب خرایە ژێر دەستی جۆلانی و حکوومەتێکی کاتیشی تیادا دامەزرێنرا، بەڵام مەسەلەکە تەنها ڕێوشوێنێکی کاتی نەبوو، بەڵکوو ناوچەیەک بوو، بۆ پەیوەندیکردن، دووبارە ڕاهێنانەوە و پێگەیاندنەوە، مەشق پێکردن بوو لە سەر بەڕێوەبردن و گەڵاڵەکردنی جێگرەوەیەک بوو لە میانەرەوی توندرەوەکان بۆ ئایندەی ڕژێمی سووریا و تا ئەو کاتە ئیدارەدانی ململانێکان، کە کورد ئەم عەقلەی زۆر بەهێز نیە. سێیەم / نەخەڵەتان بە ڕواڵەتی خەڵەتێنەری ڕیزبەندی و هێڵکارییە ئایدیۆلۆژییەکان. مەبەستمان ئەوەیە دابەشکارییە ئایدیۆلۆژییەکان و بە شەیتان کردنی کەس و بیروباوەڕ و هێزگەلێک لە هەندێک کات و شوێندا، هەموو جارێك واتای ململانێی سفریی ناگەیەنێت وەك هەندێ کەس و ناوەندمان بەکاریگەری ئایدۆلۆژیا لێی تێگەیشتووین، بەڵکو دەکرێت لە چوارچێوەی گەمەی هەواڵگریی و سیاسیدا، قابیلی پیناسە کردنەوە، ناو لێنانەوەو ڕۆڵ بۆ دیاری کردنەوە بن، ئەوەی تا دوێنێش بەمێشک بەستوومان زانیوە هەندێ رۆڵی سیاسی ببینێت و لانیکەم لە ڕووی تیۆرییەوە ببێتە هەڵگری گووتارێکی سیاسی وا زۆر بە خەیاڵماندا نەهاتبێت. لێرەشەوە دەکرێت هەندێ لە تیرۆریستەکانی ئەمڕۆ سەرۆکەکانی سبەینێ بن. هەندێ لە کۆنەپەرستەکانیش بە نیشاندانی تواناو ئیرادەیەکی نەشکاو لە خۆیان، بگەرێنەوە سەر کورسی دەسەڵات. ئەوەش پێمان دەڵێت ئەوەی پێش هەر شتێك لە هەندێ ئاستی سیاسیدا گرنگە ناسنامەی ئایدۆلۆژیی نییە، بەڵکو خۆ سەلماندنتە وەك هێز. دیارە هەموو ئەمانەش ئەو ئەگەرە ناسڕێتەوە، کە دەکرێت ئەو ڕۆڵەی شەرع دەیگێرێت وەزیفەیی و کاتیی و ڕاگوزەر بێت، بەڵام ئەگەر بەو جۆرەش بێت پرسیار ناخاتە سەر سەرنجەکانمان و گرنگی رۆڵەکەی ئەویش.
سەرتیپ جەوهەر لەماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوو ژیانی حزبیی لەكوردستان پاشەكشەیەكی ئێجگار گەورەی كردووە. ئەو پاشەكشەیە دەمێكە دەستی پێكردووە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایی ئەنجامی ئەو پاشەكشەیە روونتر دەركەوت، بەشێوەیەكی گشتیی حزب لەرێكخستنێك یان گردبونەوەیەكی فكریی سیاسی گۆڕاوە بۆ چوارچێوەو گردبونەوەیەكی خێڵەكی لەدەوری خێزانێكی حوكمڕان. ئەم گۆڕانە، زۆرینەی حزبەكانی گرتۆتەوە. چ ئەوانەی جاران ئەربابی چەپ و ماركسیزم بوون، یاخود ئەوانەی حزبی رادیكاڵی ئیسلامیی و دینین. پێدەچێت ئەم گۆڕانەی حزب بۆ خێڵ یان بنەماڵەیەكی دیاریكراو ریشەیەكی مێژوویی كۆمەڵایەتیی هەبێت و كۆمەڵگای كوردستان تائێستا نەیتوانیبێت خۆی لێ رزگاربكات یان پێشكەوتن بەخۆیەوە ببینێت. لەسەرەتای چلەكانی سەدەی رابردوو سۆڤیەت پشتیوانیی لەدروستكردنی حزبێكی چەپڕەوی وەك حزبی (تودەی) لەئێران كرد، بۆ كوردستانەكەی پشتیوانیی دروستكردنی حزبێكی راستڕەوی قەومیان كرد بەناوی حزبی دیموكراتی كوردستان/ ئێران، چونكە پێیانوابوو باری كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگای كوردەواریی ئامادە نییە بۆ حزبێكی چەپی شیوعی، بەڵكو پێویستی بەحزبێك یان رێكخستنێكی راستڕەوی نیمچە خێڵەكی هەیە، تابتوانن لەو رێگەیەوە كۆنتڕۆڵی كوردستانەكە بكەن و بیخەنە ژێر هەژموونی خۆیان. بۆیە دەبینین كاتێك پێشەوا قازی محەمەد حكومەت یان (كۆمار)ەكەی دامەزراند بەشێك لەكەسوكارەكەی لەپۆستە باڵاو كاریگەرەكان دامەزراند، ئەمەش لێكەوتەی سروشتیی حوكمڕانیەكەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بوو. لەدوای قۆناغی كۆماری مەهاباد، پارتی دیموكراتی كوردستان/ عیراق، لەسەرەتای كاركردنیدا بەتایبەت لەسەرەتای پەنجاكان تاوەكو سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوو، واتە بەر لەگەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانیی رەحمەتیی، بزوێنەرو سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بریتی بوون لە بژاردە هەرە خوێندەوارەكانی كوردستان و عیراق. لەو سەردەمەدا حزب جگە لەوەی وەك رێكخستنێكی كۆمەڵایەتیی سیاسی خاوەن دیسپلینی حزبیی كاریدەكرد. سەركردایەتی و كۆڕوكۆبونەوەو بڕیاری دەستەجەمعی و كۆنگرەی دەكرد، هاوكات لەهەردوو ئاراستەی قەومیی و كۆمەڵایەتی ئەسپی خۆی تاودەدا. لەكۆڕو كۆبونەوەو دروشمەكانیاندا لەلایەك باسی مافی گەلی كوردو چارەنوسی كوردستانیان لەعیراق دەكرد، لەهەمانكاتدا باسیان لەئازادی ژن و مافی كرێكارو سەعاتی كاركردن و بیمەی كۆمەڵایەتیی و یەكسانیی دەكرد. لەناوەڕاستی شەستەكاندا، رێڕەوی ژیانی حزبی گۆڕانی گەورەی بەسەرهات، چونكە رەحمەتی مەلا مستەفا بڕوای بەحزب نەبوو، ئەویش سەركردایەتی بزوتنەوەی چەكداریی كوردی دەكرد، بۆیە لەوكاتەوە سیماكانی رێكخستن و دیسپلینی حزبیی بەرەو كاڵبوونەوە چوون و شێوەی كاركردنی پارتی گۆڕانی ریشەیی بەسەرداهات. لەناوەڕاستی حەفتاكانی رابردووش ژمارەیەكی زۆر حزب و گروپ و رێكخستنی نوێ دروستبوون كە زۆربەیان چەپ یاخود مەیلی چەپیان هەبوو، بەشێكیان لەژێر چەتری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبونەوە. ژیانی حزبی سەرلەنوێ بەفۆرمێكی نوێ دەستیپێكردەوە كە تێیدا بڕیاردان دەستەجەمعی بوون و جگە لەدروشمیی قەومیی، بیروڕای چەپ لەدروشمەكانیاندا بەڕوونی دیاربوو، تا گەیشتە دوای راپەڕینی 1991. ئیدی لەوە بەدوا جارێكی دیكە ژیانی حزبی لەكوردستان بەگشتیی لەكورتیدا. زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت حزبایەتی و ژیانی حزبی بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. دەتوانین بڵیین زۆربەی هەرەزۆری حزبەكان بوونە حزبی خێزانیی و بڕیاری دەستەجەمعی لەحزبدا نەما، هەموو رێكارز سیماكانی ژیانی حزبیی بوونە رووكەش، بۆنمونە: كۆنگرەكردن، سەركردایەتی، ئۆرگانەكان..تد. ئێستا زۆربەی حزبەكان لەراستەوە بۆچەپ، لەچەپەوە بۆ ئیسلامیی. دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆن ..تد لەگوتارو شێوەی ئیشكردن و لەدروشم و كاری حزبیی لەیەكتر دەچن. لەپەیكەربەندیی زۆربەیان بوونەتە حزبی پشتاوپشت و یەك بنەماڵە، لەشێوەی ئیشكردندا بڕیارەكانیان كەوتۆتە دەست كەسێك یان بنەماڵەیەكی دیاریكراو. لەدونیا نەبووە حزبێك خۆی بەئۆپۆزسیۆن بزانێت و باسی چاكسازیی لەحوكمڕانییدا بكات، كەچی پەیكەربەندییەكەی خێزانیی بێت. ئێستا لەناو حزبەكان سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و ئۆرگانەكانی بڕیاردان هیچ رۆڵێكیان نەماوە، تەنها رووكەشن، جاران خەڵك ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیان یەك یەك دەناسی چونكە لەبڕیاردان رۆڵیان هەبوو، كەچی ئێستا جگە لەكەسی یەكەمی حزب و یان چەند كەسێكی زۆر دیاریكراو كەس ئەوانی دیكە ناناسێت؟! لەدروشم و بانگەشەی هەڵبژاردنیش شێواویی و لێكچونێكی زۆر هەیە. زۆربەی حزبەكانی دەسەڵات بۆ داپۆشینی بەشێك لەكەموكوڕیی و گەندەڵییەكانی حوكمڕانی بەردەوام موزایەدەی قەومیی دەكەن، كەچی 12 ساڵ دەبێت لەپێكهێنانی حكومەتی عیراقدا پرسی جێبەجێكردنی دەستورو ماددەی 140یان نەكردۆتە مەرجی بەشداریكردن لەحكومەتەكانی بەغدا، بگرە چەند ساڵێكە پرسی بەكارهێنانی زمانی كوردی كە بەپێی دەستور زمانێكی رەسمییە لەناوچە جێناكۆكەكان گرفتی گەورەی بۆ دروستدەكرێت، كەچی نەحكومەت و نە حزبەكانی هەرێم وەك پێویست دەنگیان لێوەنایەت. جاران دروشم و بانگەشەی حزبی دەسەڵات لەئۆپۆزسیۆن جیادەكرایەوە، ئێستا ئەوەش نەماوە. هەندێجار لەدروشمەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن، حزبی دەسەڵات هاوشێوەی ئۆپۆزسیۆن باسی شەفافیەتی داهات و یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەو چاكسازیی لەحوكمڕانیدا دەكات. حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنیش بێئەوەی پرۆژەیەكی ستراتیژیی روون و بەدیلیان هەبێت، تەنها رەخنەدەگرن بێئەوەی هەنگاوی عەمەلیان هەبێت بۆ دروستكردنی فشار، ناچاركردنی دەسەڵات بەگۆڕینی هەڵسوكەوت و بڕیارەكانی. دەتوانین بڵێین حزب لەكوردستان فكرو ئەجێندای ستراتیژیی و رێبازێكی روونی نییە چ بۆ حوكمڕانیی یاخود داهاتووی كوردستان، لەڕاستیدا ستراتیژییەتی حزب بۆتە رێبازی پاراستنی بەرژەوەندی بنەماڵەیەك یاخود كەمینەیەكی زۆر دیاریكراوی حوكمڕان. ئێستا بڕیاربەدەستانی حزب لەباتی ئیش بۆ ئاوەدانیی و چاكسازیی لەحوكمڕانیی بكەن، دێن تەلفزیۆنێك یان ماكینەیەكی ئیعلامیی گەورە دادەنێن بۆ هەڵگیرانەوەو گۆڕینی راستیەكان. تێچووی پرۆژە ئیعلامییەكە زۆر كەمترە لەتێچووی چاكسازییەكان. بەدڵنیاییەوە خراپبوونی بارودۆخی حزبیی لەكوردستان، لێكەوتەی هەبووە لەسەر شێوەی حوكمڕانیی هەرێم، دەبینین دامەزراوەكانی حوكمڕانی پەكیان كەوتووەو شەرعیەتیی قانونیان نەماوە، لەلایەك پەرلەمان هیچ ئەرزشی نەماوەو دامەزراوەكانی چاودێریی بەسەر حوكمڕانیی پەكیان كەوتووە، حكومەتیش هیچ پێناسەیەكی قانونیی لەخۆی ناگرێت، هیچ مەنتق و لۆژیكێكی قانونیی و دەستوریی رێ بەوەنادات ساڵێك بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕێت و چارەنوسی حوكمڕانیی دیار نەبێت. ئەم بارودۆخە بەگشتیی بەسەریەكەوە، نائومیدیی و بێهیواییەكی ئێجگار گەورەی لای هاوڵاتیی دروستكردووە، ئەمە وایكردووە لەماوەی 12 ساڵی رابردوو ژمارەی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەكان زۆر كەمتر ببێتەوە، چونكە هەمووان لەوە گەیشتوون سندوقەكانی دەنگدان هیچ لەواقعی ژیانی ئابوریی و سیاسی ناگۆڕێت بەڵكو هەڵبژاردن میكانزمێكە بۆ بەردەوامبوونی حزبەكانی دەسەلاتدارو دابینكردنی بەرژەوەندی كەمینەیەكی دیاریكراو لەپەنای ئۆپۆزسیۆن بوون.
