فەرهاد سەنگاوى زۆرجار هاوڕێکانم پێم ئەڵێن ، بۆ تۆ ئاوا زۆر بڕوات بە  (تیوری پیلانگێڕی ) هەیە ؟. پڕۆژە و پیلان لە ژیربونی مرۆڤەوە هەیە و هەر زیادیش دەکات . ئەمڕۆ جیهان لە سەر نوکی پەنجەی سێ شت هەڵدەسوڕێت ، موخابەرات ، پارە ، تەکنۆلۆجیا . لە شەڕی فرەنساو بریتانیادا سەربازێک لە پوناپارتی پرسی گەورەم...  ئێمە هەردولامان مەسیحیین خودا لەگەڵ کاممانە ، ناپلیونیش وتی خودا لەگەڵ تۆپی گەورەیە ، خۆ ئەردۆغان کەمزان و کەم ئاوەزیش نیە ، ئەی بۆ زۆر شتی سەیرو سەیرۆکە دەڵێ ؟ .... بەپێی زانیاری ئەردۆغان خۆی جورجی یەو ژنەکەشی کوردە ، تەنانەت لەماڵی ئەواندا چەند جار گۆرانی شڤانپەروەریش لێدراوە ، باشە بۆ ئاوا ؟  دژ و گژ و دوژمنی کورد ڕاوەستاون ؟...... یەکەم جار کە تورکیا وتی ئێمە باشوری کوردستان دەگرین و کەرکوک و موسڵ بۆ خۆمان  دەبەین ، ئێمە پێکەنیین...  لەچاوپێکەوتنێکدا وتمان،  ڕاستە ئەمە ئەو هەوارە بەس نە ئەو بەهارە، زەمان و زەمینی پڕ پرخەی خەوی گەلانی ناوچەو دنیا هی سەردەمی محەمەد فاتح ! نیەو نایەتەوە ، نە ئیسرائل مردوە ، نە ئەمریکا خەوتوە ، نە میسر و سعودیەو ئێرانیش بێ ئاگان ، ساڵی ۱٤٥۳ ئەم دەوڵەتانە نەبوون ، کاتێک کە تورکی مەنگۆلی بیزەنسی ڕوخاند ، ئێستا تورکیا بۆی نیە تەنانەت بستێک لە خاکی ژێر دەستی خۆیشی ببەخشێت ،چونکە ئەو تەنها وەکیلەو لە وووەکالەت نامەکەدا نوسراوە کڕین و فرۆشتن نیە .   ئەم دەوڵەتانەی سایکسپیکۆ تەنها وەکیلن وەکیل... لەم ڕوانگەوە زۆر بەزەیم بە نەزانی خۆشماندا هاتەوە و کێشەی کوردم بینیەوە ... کەواتە سەدساڵە ئێمە تەقە لە زلهێزەکانی جیهان دەکەین ، کەواتە ۱٨۹ دەوڵەتی دنیا ؟ بۆ کورد یا دژ  و دوژمن یا بێلایەن بون ، بەڵام... دوای بەڵام... تورکیاو جیوپوڵتیکەکەی و ململانێ دژوارەکان هەندێک ناز و نوز بە تورکیا ڕەوا دەبینن ، نابێ نابێکانی تورکیا لە چوارچێوەی ئەو ناز و نوزەدایە و بەس...  ئێستا تورکیا خۆی لەناو زائید و بازنەی دابەش دایە ، کە درەنگ یا زوو دەبێ دابەش بێت ، ئەمەش لەبەر دوو هۆ : یەکەم بەرهمهێنان و بازاڕی جیهانی پێویستی بە تێکشکاندنی هەمو داب و دەستور و خوو ڕەوشت و بەها کۆنەکان هەیە ، چونکە دەبن بە ڕێگر ، دووەم :چونکە ئەم دەوڵەتە گشتگرانە پڕاوپڕن لە ناکۆکیە جەرگبڕەکان ،  [ نەتەوەیی ، نیشتمانی ، سنووریی ، دینیی ، مەزهەبی ، چینایەتی ، شارو دێ ، ڕەگەزیی ، خێڵەکی و خێزانی و فمینستی ] ... ئەم هەمو دەردە بێدەرمانەی ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات ئەم هەموو ژیلەمۆ کۆن و نوێ یە زۆر ئاسانە دەوڵەتان بینێژن و بیکرۆژن و سلفێکی لێدەن ... بۆیە تورکیا هەموو ڕۆژێک لە کوردستانی گەورەدا خەریکی گۆرانی نابێ نابێ یە ، کوردیش پێی دەڵێ ، حەیات یار پەیدا نابێ... پێویستی نەک هەر دایکی داهێنانە بەڵکە دایکی هەموو شتەکانە ، ئەمجارە و ئەم سەدە سەدەی کوردە هەزار خەندەک و هەزار دیواری چیمەنتۆ و هەزار بەرزانۆکە  ناتوانێ کورد و کوردستان لێکدابڕ و لێکدوژمن بکات ، چونکە بازاڕە بازاڕ  . فەرها سەنگاوی  ۱۱ی ۱۰ی ۲٥ سوید .

سەرچتوە: ماڵپەرى پەنجەرە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، حزبی دەعوەی ئیسلامی بەهۆی پشتگیری کردنی لەلایەن ئێرانەوە، بووە هێزی سەرەکی حوکمڕانی عێراق و زۆربەی کات پۆستی سەرۆکوەزیرانی لابووە. لە ساڵی 2005ەوە تا ساڵی 2018، پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لای حزبی دەعوە بوو، ئیبراهیم جەعفەری، نوری مالکی و حەیدەر عەبادی کاتێک دەسەڵاتیان گرتە دەست سەربەم حزبە بوون، هەرچەندە دواتر جگە لە مالکی ئەوانیتر جیابوونەوە. لەدایکبوونی حزبی دەعوە حزبی دەعوەی ئیسلامی لە ساڵی 1957 لە شاری کەربەلاو لەسەر دەستی هەشت کەس ڕاگەیەنرا، دیارترین ئەو کەسانە محەمەد باقر سەدربوو. حزبی دەعوە سەرەتا هەڵگری بیرێكی پان ـ عێڕاقی و نێونەتەوەیی ئیسلامیی بوە، دەستەی دامەزرێنەرەكەی پیاوانی ئاینیی و چالاكانی سیاسیی بون.  چەند کەسایەتییەکی لوبنانی و بەحرەینی و پاکستانی لەنێو ئەندام و دامەزرێنە سەرەتاییەکانی حزبی دەعوەدا بوون، کە دوای گفتووگۆ و ئامادەکارییەکی زۆر پاشان دامەزراندنی ڕاگەیەنرا. حزبی دەعوە کۆنترین حزبی سیاسی شیعەی عێراقەو بەدایکی زۆربەی حزبە شیعەکانی تر دادەنرێت، بەو پێیەی بەشێکی زۆر لەو حزبانەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدان لەم حزبە جیابوونەتەوە. بەپێی قسەی دامەزرێنەرانی، حزبی دەعوە وەکو پەرچەکرداری بیری چەپ و لەکاتێکدا دامەزرێنەراوە کە حزبی شیوعی چالاک بووە لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسی عێراق. هەرچەندە ئامانجی حزبی دەعوە بریتی بوە لە ؛"ڕەخسانی واقیعی ئیسلامی و جێبەجێکردنی شەریعەت"، بەڵام لە دوای ساڵی 2003 بۆ یەکەمجار زاراوەی دیموکراسی بووە بەشێک لە ئەدەبیاتی ئەم حزبە، ئەمەش وەکو جۆرێک لە تاکتیک بۆ خۆگونجاون لەگەڵ ڕۆژئاوا گێڕدرایەوە. حزبی دەعوە و ئێران هەرچەندە حزبی دەعوە بەهۆی ڕەتکردنەوەی ویلایەتی فەقیهو زاڵبوونی دیدگای عەرەبی بەسەریدا، بەلای ئێرانییەکانەوە زۆر قەبوڵکراو نەبووە، بەڵام هەمیشە ئەو حزبە وەکو کارتێکی گوشار دژی بەعس بەکارهێنراوە. باڵی سەربازی و سیاسی حزبی دەعوە لە ئێران و سوریا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جم و جۆڵیان هەبووە، لەلایەن بەعسیشەوە تۆمەتبار دەکرا بە هەوڵدان بۆ کوشتنی سەدام حسێن لە ساڵی 1982 و 1987 لە دوجەیل و موسڵ.  حزبی دەعوە هەمیشە شانازی بە مێژووە دوور و درێژەکەیەوە دەکات و بڕیاری ژمارە 461 ی مەجلیسی قیادە سەورەی بەعس بۆ لەسێدارەدانی ئەندامەکانی، وەکو دەستکەوت و شانازی بە بیری عێراقییەکان دەهێنێتەوە. شانازیش بەوەوە دەكات لە مێژوی خۆیدا هەرگیز لەگەڵ رژێمی بەعس نەچوەتە ناو هیچ پڕۆسەیەكی گفتوگۆ و دانوستان، بە پێچەوانەی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كورد و حیزبی شیوعییەوە كە هاوتەمەنی ئەم حیزبەن. حزبی دەعوە لە سەردەمی مالکی دا تا پێش گرتنە دەستی ئەمیندارێتی حزبی دەعوە لەلایەن نوری مالکییەوە، حزبەکە بەشێوەی سەرکردایەتی بە کۆمەڵ بەڕێوە دەبرا، بەڵام دوای ئەوەی دەسەڵاتی حزبەکە کەوتە دەست مالکی لەساڵی 2007 و ئیبراهیم جەعفەری جیابوویەوە، دۆخەکە گۆڕا. مالکی سەركردایەتیی حزبی لە كاری دەستەجەمعییەوە گۆڕی بۆ جۆرێك لە تاكڕەوی و سەردەمی دەسەڵاتی ئەم حیزبەی وەها لێكرد كە خودی خۆی تێیدا سەنتەر بێت و ئەحمەدی كوڕی و زاوا و ئامۆزاكان و راوێژكارە تایبەتەكانی كە هەندێكیان لە دەعوەدا هیچ نەبون، بازنەی یەكەمی بڕیار بن لە عێڕاق دا. حزبی دەعوەو باڵ باڵێن لە ساڵی 2014 بەهۆی ناکۆکی نێوان مالکی و عەبادییەوە، حزبی دەعوە کەوتە بەردەم ئەگەری لێکترازان، بەو پێیەی عەبادی کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبەکە بوو، پێشنیارەکانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران قەبوڵ کرد.  مالکی نیگەران بوو لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە، دواجار ناکۆکییەکە گەیشتە ئاستێک عەبادی جیابوویەوەو هاوپەیمانێتی نەسری ڕاگەیاند. ئەوکات جم و جۆڵێکی فراوان لە نێو حزبی دەعوە بۆ لابردنی مالکی دروستبوو، بە بیانووی ئەوەی حزبەکە لەسەر دەستی ناوبراو لەڕووی جەماوەرییەوە داڕووخاوە، بەڵام هەوڵەکان شکستیان هێنا. ئەوکات عەلی لامی سەركردە لە حزبی دەعوە، ڕایگەیاند: جموجۆڵی خێرا هەیە لە نێوان سەركردەكان و كەسایەتییەكانی نێو حزب، بۆ ئەوەی بەبێ دەنگی مالیكی دوور بخەنەوە، لە نێو ئەو سەركردانەدا حەیدەر عەبادی هەمیشە دووپاتی دەكاتەوە كە حزب پێویستی بە خوێنی تازە و نوێبوونەوە هەیە. دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر ناکۆکییەکاندا مالکی هێشتا جڵەوی حزبی دەعوەی لەدەستدایە، هەروەها ململانێی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەکات، بەڵام ئەمجارە ململانێکان لە جاران قورسترن بۆی و پێناچێت ئەو پۆستە بە ئاسانی دەست حزبی دەعوە بکەوێتەوە.

خەبات کوردە ‎دەیکوژن یان دەبێتە بکوژ .؟ درۆ نیە ئەگەر بڵێین لە شەو و ڕۆژێکدا ئەردۆگان و دار و دەستەکەی ۲۳ کاتژمێریان تەرخان کرد بێ بۆ دژایەتی کوردان لە هەر چوار پارچەکە زیادە ڕۆیی نیە بە تایبەتیش لە سوریا .!  ‎لە دوای ۱٠ ی ئازاری ڕابردوەوە تا ئەو چرکە ساتە شەو و ڕۆژ ئەردۆگان و وەزیرە خائینە کوردەکەی و دەزگا بەدناوکەی میت لە دژایەتی و پلاندانان بۆ لاواز کردنی هێزەکانی هەسەدە و خۆبەڕێوەبەری مەسەدە لە ڕۆژئاڤا ڕاناوەستن جا چ بە سیاسەت و پلانە گڵاوەکانیان یان بەکارهێنانی هێزە سەربازی و چەتەکانیان . ‎سەرەتای ئەو هەفتەیە بە هاوشانی تۆم بەڕاک و ئەدمیڕاڵ کۆپەری بەپرسی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە ، هەر یەکە لە مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و بەرپرسی هێزەکانی یەپەژە ( ڕۆهڵات عەفرین ) لە ڕۆژئاڤا گەیشتنە دیمەشق و چەند پێشنیارێکیان خستە بەردەم سەرۆکی کاتی دیمەشق بەو مەرجەی دەستکاری دەستورە کاتیەکەی سوریا بکرێ . ‎هەر خێرا شەیبانی وەزیری کاتی دەرەوەی دیمەشق بانگێشتی ئەنقەرە کرا و پێشنیاری گەڕانەوەی عەمید مەناف تڵاسی کۆنە دۆست و هەڵگەڕاوەی ئەسەد بۆ بوون بە وەزیری بەرگری سوریا کەوتە بەر باس و لێکۆڵینەوە . ‎شایانی باسە ڕوسیاش لە هەوڵی ڕاکێشانی تڵاس دابوو بۆ ئەوەی لە ناو ناوچە عەلەوی نشینەکان سوپایەک لە کۆنە پلەدارەکانی ڕژێمە ڕوخاوەکەی بەشار ئەسەد پێکبهێنێ و هەرێمێکی عەلەوی نشین ڕابگەیەنن . ‎لە گەڵ ئەو هەموو سوڕان و گەڕانەدا لە پڕ کەمال کلیچکدار ئۆغڵۆ دەرکەوتەوە و ڕایگەیاند کە پێویستە وشەی ئەلعەڕەبیە لە ( کۆماری سوریای عەڕەبی ) لابدەن ، هەر هیچ نەبێ ئاهێک بەر کورد و عەلەوی و دروزەکاندا دێتەوە هەستی جیاکاری لە ناویاندا دەڕەوێتەوە . ‎هێنانە پێشەوەی عەمید مەناف تەڵاس و گەڕانەوەی دەیان و سەدان پلەداری کاریگەری کۆنە سوپاکەی ڕژێمی پێشوو و ڕێکخستنەوە و یەکڕیزی سوپا ، کۆتایی بە سوپا فشۆڵەکەی مەڕهەف ئەبو قەسرەی دەستەی گروپە توندڕەوە ئیخوانی و چەتە بەکرێگیراوەکانی ئەردۆگان و تیرۆریستە توندڕەوە ئیغۆری و شیشانی و ئۆزبەکیەکان دوور دەخرێنەوە و لە بەرچاو نامێنن . بەو پێیەی مەناف لە ساڵانی سەردەمی ڕژێمەکەی ئەسەد کاریگەری خۆی هەبووە و عەقڵێکی سەربازی زیرەکانەی هەیە . ‎سەرباقی ئەوەش ترسی هەڵگەڕانەوەی سەربازیش کەمدەکاتەوە لە داهاتوو و ڕویەکی سوپای مۆدێرن پێشانی دونیای دەرەوە دەدەن . ‎ سەرگرتنی ئەو پلانەی ئەنقەرە لەو کاتە ناسکەدا چی لە هاوکێشەکە دەگۆڕێ ؟ ‎ئایا فەشەل بە سوپای ڕوس دەهێنێ کە لە کەناراوەکان هەرێمێک بۆ عەلەویەکان ڕابگەیەنێ .؟ ‎ ئایا تڵاسیش دەکەوێتە دوژمنایەتی کردنی کورد و هێزەکانی هەسەدە ؟ ‎ئایا مەناف تڵاس چەند کاتی پێویستە تا دەستێک بە ناو چەکدارە بەڕەڵاکانی بەرەی نوسڕە دابێنێ و بیان کاتە مرۆڤ دۆست و  هیچی تر پەلاماری خەڵکی سوریا نەدەن ؟ ‎ ئایا مناف تڵاس دەتوانێ سوپایەکی یەکگرتوی نیشتیمانی سوری بونیاد بنێ و نەهێڵێ هیچ دەزگایەکی سەربازی و جاسوسی لە ناو سوپاکەی بوونی هەبێ ، بەتایبەتیش تورکیا و سوپاکەی و دەزگا ئیستیخباریە بەدناوەکەی .؟ ‎ لە هەموشی گرنگتر بۆ مناف تڵاس ئەوەیە کە چۆن چۆنی دژایەتی یان دۆستایەتی جیرانە ئیسڕائیلیەکەی دەکات و سەریان بۆ دادەنەوێنێ .؟ ‎هەموو ئەو پرسیارانە بۆ عەمیدێکی هەڵاتوی بە پارەی قەتەر و بە فیتی تورک لە ڕژێم و سەرۆکە خۆشەویستەکەی هەڵگەڕابێتەوە ، دەبێ چ کەڵکێکی پێوە مابێ بۆ نیشتیمانەکەی .؟ یان تەنها کات کوشتن و لە بێژنگ دانی چەتە و چەکدارە توندڕەوەکانە و ئەردۆگان ناچار کراوە کە چۆن ڕۆژی خۆی کارئاسانی بۆ کردن و هەموویانی لە ناو سوریادا کۆکردەوە ، بە هەمان شێوە ئێستا دەبێ پاکسازیان تێدا بکات و ڕیشیان بتاشێ و بیانگەڕێنێتەوە وڵاتەکانی خۆیان .!؟

په‌نجه‌ره‌ سه‌رچاوه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ عێراقییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن به‌هۆی هه‌مواری نوێی یاسای باری كه‌سێتییه‌وه‌، ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ دایكانی عێراقی به‌ره‌و هه‌رێمى كوردستان كۆچ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ مافی گرتنه‌خۆی منداڵه‌كانیان بێبه‌ش نه‌كرێن كه‌ به‌پێی هه‌مواره‌ نوێیه‌كه‌ كه‌ به‌ "یاسای جه‌عفه‌ریی" ناسراوه‌، ژنان له‌و مافه‌ بێبه‌ش ده‌كات. 800 حاڵه‌تى كۆچكردنى دایكان ڕۆژنامەنووس حوسام ئه‌لحاج، چەند ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە کە کاریگەری یاساکە لە ماوەی چل ڕۆژی یەکەمی جێبەجێکردنیدا دەردەخات. ئه‌و ده‌ڵێت: هەزاران پیاو داوای گۆڕینی گرێبەستی هاوسەرگیری یان جیابوونەوەیان لە مەدەنییەوە بۆ جەعفەری پێشکەش کردووە. نزیکەی 4400 حاڵەتی مافی گرتنەوەی منداڵ لە دایکان وەرگیراوەتەوە. نزیکەی 800 دایک کۆچیان کردووە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی منداڵەکانیان و ڕاکردن لە یاساکە. ئەم ئامارانە، لەلایەن هیچ لایەنێکی حکومی یان دادوەرییەوە پشتڕاستنه‌كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چالاكوانان جه‌خت له‌ مه‌ترسیی گه‌وره‌ى هه‌مواره‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ بۆمبێكه‌ له‌نێو خێزان و كۆمه‌ڵگه‌دا. گۆڕانکارییەکی مشتومڕاویی لە ساڵی 2014ـه‌وه‌ هەوڵدرا بۆ دەرکردنی یاسای باری کەسێتی جەعفەری، بەڵام بەهۆی فشاری سیاسی و جەماوەرییەوە پڕۆژەکە هەڵپەسێردرا. ئێستا بە شێوازێکی هەموارکراوەوە لە شوباتى 2025ـه‌وه‌ چووه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. ئەم یاسا نوێیە ڕێگە بە هاوسەران دەدات لە کاتی گرێبەستی هاوسەرگیریدا ئه‌وه‌ هەڵبژێرن کە ئایا یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 یان "کۆدی حوکمە شەرعییەکان" كه‌ له‌لایه‌ن مه‌زهه‌به‌كانه‌وه‌ ئاماده‌ده‌كرێت، كامیان ده‌گرنه‌به‌ر؟ به‌ڵام مه‌ترسی گه‌وره‌ى یاساكه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ هاوسه‌ره‌كان ده‌توانێت به‌بێ ویستی ئه‌وى تر، په‌نا بۆ كۆدی حوكمه‌ شه‌رعییه‌كان ببات، ئه‌مه‌ش سه‌رده‌كێشێت بۆ درووستبوونى كێشمه‌كێش و ئاڵۆزی زۆر به‌تایبه‌تى له‌ پرسی گرتنه‌خۆی "حضانه‌"ـى مناڵ دا، چونكه‌ ڕاپۆرته‌كانى رێكخراوه‌كانى داكۆكی له‌ مافه‌كانى مرۆڤ، باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ ژنان به‌مهۆیه‌وه‌ له‌ مافی گرتنه‌خۆ بێبه‌ش ده‌كرێن كه‌ به‌پێی جاڕنامه‌ و ڕێككه‌وتننامه‌ جیهانییه‌كان، مافێكى بنه‌ڕه‌تی دایكانه‌. کۆچکردن یان مانەوە لەبەردەم هەڕەشەدا؟ ڕێکخراوی "هیومن ڕایتس وۆچ" له‌سه‌روبه‌ندى ده‌رچوونى هه‌مواره‌ نوێیه‌كه‌، ڕایگەیاند: هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عێراق، مافی یەکسانی ژنان و کچان لەبەردەم یاسادا پێشێل دەکات و دەیانخاتە مەترسی پێشێلکاری دیکەوە. سارا سەنبەر، توێژەری عێراق لە ڕێکخراوی هیومن ڕایتس وۆچ، ڕایگەیاند: "زۆر دڵتەزێنە کە سەرکردەکانی عێراق وڵاتەکە بەرەو دواوە دەبەن نەک پێشەوە لە بواری مافەکانی ژنان و کچاندا." به‌پێی ئامارێكى ڕێكخراوى یونیسێف، 28%ـى کچانى عێراق، پێش تەمەنی 18 ساڵی، هاوسەرگیریی دەکەن. بڕوا وایه‌ كه‌ ئه‌م هه‌مواره‌ ڕێژه‌كه‌ زیاتر بكات. له‌وه‌ته‌ى یاساكه‌ هه‌مواركراوه‌ته‌وه‌، چالاكوانانى مافه‌كانى مرۆڤ و ژنان، ناوه‌ناوه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تى ده‌رده‌بڕن، به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ پشت هه‌مواره‌ نوێیه‌كه‌وه‌، ئه‌و كارانه‌ هیچ كارێكیان تێبكات. لەم نێوه‌نده‌شدا ژنان به‌گشتى و دایكان به‌تایبه‌تى، له‌نێوان دوو به‌رداشدا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌: یان ئه‌وه‌یه‌ دانیشن و ڕازیی بن به‌و هه‌مواره‌ى كه‌ هیچ مافێكیان بۆ ده‌سته‌به‌ر ناكات، یاخود ڕێگه‌ى كۆچ و سه‌رخۆهه‌ڵگرتن بگرنه‌به‌ر!

هیوا سەید سەلیم زۆری نەماوە ناوی براوەی خەڵاتی ئەمساڵی نۆبل بۆ ئاشتی ڕابگەیەنرێت، دۆنالد ترەمپ جیاواز لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان ساڵانێکەخۆی خۆی کاندید کردووە بۆ بەدەستهێنای ئەو خەڵاتە وە شەڕی بەدەستهێنانی دەکا، هەر ئەمساڵ زۆر کاری کرد تا خەڵاتی نۆبل بۆ ئەو بێت نەک کەسانی دیکە لە کۆتیهێنان بە ململانێی (ئەرمینیا- ئازەرباینجان)،(هیند- پاکستان)، (تایلەند- کەمبۆدیا)، (ئێران- ئیسرائیل) دوا جاریش (ئیسرائیل – حەماس) هەر بۆ ئەم مەبەستە بەرەبەیانی ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ هەواڵی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی جەنگی غەزەی ڕاگەیاند، بۆیە دۆنالد ترەمپ، پێی وایە کەس لە خۆی شایستەتر نیە بە بەدستهێنانی خەڵاتی نۆبل بۆ ئاشتی.  خەڵاتی نۆبل کە لە بوارەکانی داهێنان لە ( فیزیا، پزیشکی، ئەدەب، کیمیا، فسیۆلۆجیا، ئاشتی) ساڵانە لە لایەن لیژنەیەکی هاوبەشی نەرویژی – سوێدی دەبەخشرێت لە داهێنانی ئەلفرێد نۆبل)ە بۆیەش هەر بە خەڵاتی نۆبل ناسراوە، ئەو ساڵی ١٨٩٥ پێنشنیازی کردووە دوای خۆی ئەو خەڵاتە ببەخشریت بەوانەی لەو بوارانە داهێنان دەکەن و ڕۆڵیان دەبێ لە بواری ئاشتی لەسەرتاسەری جیهان. دۆنالد ترەمپ، خاڵی بەهێز و لاوازی هەیە، لە خاڵە بەهێزەکانی ئەوەیە کە خۆی باسی لێوەدەکات کە ڕۆڵی هەبووە لە سەپاندنی ئاشتی لە ململانێ نێودەوڵەتیەکان، لەو نێو ئەو هەواڵانەشی دوایین هەوڵە بۆ راگرتنی جەنگ لە غەزە، کە لە ڕابردووشدا کارەکتەرەکانی پەیوەندرار بە جەنگی عەرەب – ئیسرائیل چەندین جار ئەو خەڵاتەیان پێدراوە لە نموونەی ( یاسر عەرەفات، ئەنوەر سادات، مناحم بیگن، شیمۆن پێرێس، ئیسحاق رابین)  خاڵە لاوازەکەشی ئەوەیە کە دۆنالد ترەمپ خۆی داوای ئەو خەڵاتە دەکات و فشاریشی کردووە بۆ بەدەستهێنانی. ئەگەر ترەمپ ئەو خەڵاتە بەدەست بهێنێت دەبێتە چوارەمین سەرۆکی ئەمەریکا کە ئەو خەڵاتە بەدەست دەهێنێن دوای (رۆزفێڵت ١٩٠٦، وێلسن١٩١٩، ئۆباما٢٠٠٩) وە ١٨مین سەرۆک یان سەرۆک وەزیران کە ئەو خەڵاتە وەردەگرێت. ترەمپ کە لە نێو بزنس و بازرگانی هاتۆتە ناو سیاسەت، دەیەوێت لە دوا دەرفەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و مانەوەی لە کۆشکی سپی ئەو شانازییەی پێ ببڕێت کە خەڵاتی نۆبلی ئاشتی پێبڕاوە، نەوەک دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی لەسەر دۆسیەیی جۆراوجۆر دادگای بکرێت، وەک چۆن لە خوولی یەکەمی سەرۆکایەتی پەلکێشی دادگا کرا.

خەبات کوردە دەگێڕنەوە لە زنجیرە چەند ساڵیە دڕاماکەی تورک کە نازانم تا ئێستاش بەردەوامە یان نا ، عەلەمداری پاڵەوان ئەگەر کار و چالاکیەکی لێ عاسێ دەبوو ، خێرا خۆی دەگەیاندە پیاوێکی پیری بە ساڵا چوو وەکو ڕابەر ڕێنمایی دەکرد بە ناوی ( بابە زازا ) . ‎لە ڕاستیدا ئەو بابە زازایە وەکو سەرۆکی دەوڵەتی قوڵی تورکیا حیسابی بۆ دەکرا و ڕێنمایی و پلانی بۆ عەلەمدار دادەنا .  ‎دوای ئەوەی ئەردۆگان لە گەڵ دۆناڵد تڕەمپ کۆبۆوە و زۆر بە ژیرانە ئەردۆگانی ڕەزیل کرد و پێش ئەوەی تڕەمپ ڕازی ببێ بە فرۆشتنی کۆمەڵێ فڕۆکەی مەدەنی و سەربازی ، کە بای دەیان ملیار دۆلار دەبوو بە قەرزی درێژ خایەن ، هەندێ داواکاری قورسیان فەرز کرد بە سەریدا کە باوکی ئەردۆگانیش لەو کاتەدا ناتوانێ جێبەجێیان بکات . ‎ئەردۆگان هەر لە ئەمەریکاوە بڕیایدا کە کۆمەڵێ تانک و زرێپۆش لە دەروازەی بابوهەواوە بگەیەنێتەوە ڕۆژهەڵاتی شاری حەڵەب و سەر لەنوێ شەڕ بە هێزەکانی هەسەدە بفرۆشنەوە . ‎   دوای ئەوەی هەسەدە شکستیان بە پەلامارەکانی چەتەکانی سەر بە تورکیا هێنا و هەڕەشەی ناردنی هێزێکی گەورەی پڕ چەکیان کرد بۆ هەر سێ شارەکانی سەر دەریای سپی عەلەوی نشین و هێزەکە گەیشتنە نزیک ۱٠٠ کیلۆمەتری خوار شاری حەما ، خێرا تۆم بەڕاک گەیشتە حەسەکە و بە ئامادە بوونی بەرپرسانی سەربازی سوپای ئەمەریکا کۆبونەوەیەکی سەرکەوتویان ئەنجامدا و بەڕاک و عەبدی ڕایانگەیاند کە زۆر هاوبیر و هاوڕا بووین ، لە بەرامبەردا ئەنقەرە شێت و هار بوو و هاکان فیدان نەیتوانی سەرکەوتوو بێ بۆ ئەوەی بزانێ باسی چیان کردوە و لە سەر چی ڕێککەوتون ، خێرا دوای چەند کاتژمێرێک لەو کۆبونەوەیەی حەسەکە پەلاماری هەر دوو گەڕەکە کورد نشینەکەی شاری حەلەبیان دا و بە دەیان تانک و زرێپۆش کەوتنە پەلاماردان  و گەمارۆ دان . ‎دوای چەند کاژمێرێک لە گرژی و ئاڵۆزی و هەڕەشەکانی مەزڵوم عەبدی و بە هەوڵی ئەمەریکا  پەلامارەکە ڕاگیرا و چەندین کوژراو و برینداریشی لێکەوتەوە و چەتەکانی ئەردۆگانیش بە ملی شکاوەوە بێدەنگیان هەڵبژارد و کشانەوە . ‎ئەمڕۆ بەیانیش تۆم باڕاک و مەزڵوم عەبدی و دوو ژنە جەسورەکەی ڕۆژئاڤا گەیشتنە کۆشکی کۆماری  لە دیمەشق و لە گەڵ ئەبو محەمەد جۆلانی کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا . ‎بە پێی هەواڵەکانی ناو کۆشک بێ پێش چاوپێکەوتنەکەی جۆلانی وەزیری بەرگریەکەی ناچار کراوە بە بەیاننامەیەک ڕایبگەیەنێ کە شەڕ لە گەڵ هێزەکانی هەسەدە لە تەواوی بەرەکانی شەڕ ڕاگیراوە و هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات لە هەر دوولا ، دەستبەجێ لێپرسینەوەی لە گەڵ بکرێ . ‎( بروسکەکەی مەرهەف ئەبوو قەسرەی وەزیری بەرگری دیمەشق و کاتی چاوپێکەوتنەکەی جۆلانی ئەوە دوو پاتدەکاتەوە کە دوو کاتژمێر جیاوازی هەبووە .) ‎لەو کەین و بەینەدا هاکان فیدان بە پەلە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریای بانگێشتی ئەنقەرە کرد . ‎بەڵێ کۆبونەوەکە ئەنجامدرا و هەندێ هەواڵ دزەیان کرد کە گوایە شەڕع و عەبدی بە ئامادە بوونی هەر یەکە لە تۆم باراک و ئەدمیڕاڵ بڕاد کووپەر ی بەرپرسی هێزەکانی سوپای ئەمەریکا لە ناوچەکە ڕێککەوتون کە حوکمەزاتیەکی هاوشێوەی هەرێم بەو مەرجەی ناوی فیدڕاڵی و کۆنفیدڕاڵی تێدا نەبێت ، لە ژێر سایەی دەستوری حکومەتە کاتیەکەی ئەلشەڕع جێی بۆ بکرێتەوە و هێزەکانی هەسەدەش وەکو فەیلەقێکی سەربەخۆ لە ناو سوپای سوریادا بە ناوی پاسەوانانی سنور جێی بۆ بکرێتەوە و لە بەرامبەردا ڕێژەیەک لە نەوت و غاز و داهاتی سنورەکان و نانەوتیەکان بۆ دیمەشق مسۆگەر بکرێ .  ‎هەر دوا بە دوای ئەو کۆبونەوە و ڕێککەوتنە خێرا ئەسعەد شەیبانی هاوشێوە عەلەمدارەکە خێرا گەیشتە لای بابە فیدانەکەی و تەواوی ڕێککەوتنەکەیان ڕادەستی ئەنقەرە کرد . ‎ئێستا لە وانەیە زۆرێک لەوانەی کە ئەو بابەتە دەخوێننەوە ڕێک بیریان بۆ کۆتایی هێنان و ڕێککەوتنەکانی تاڵەبانی و بارزانی لە پاریس و دوایش کە لە بەردەم مارلین ئۆلبڕایتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنجام درا و چۆن چۆنی خێرا تورکیا و دەزگا جاسوسیەکەی و بابە زازاکەی تەواوی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەیان لە سەر سینیەکی زێر لە بەردەم داندرا . ‎ئازیزانم ئێستا زانیتان عەلەمدار و بابە زازا کێیە .؟ ‎هیوارم سەرکردەکانی ڕۆژئاڤا هەتا پێیان دەکرێ توند ڕەفتار لە گەڵ دیمەشق بکەن و هەردەم زاڵبن بەسەریاندا ، بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی خۆیان .  

دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر بەسەر ئاڵۆزییەکانی دەوروبەری حەلەب دا، هەروەها تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر دیدارەکەی تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق و مەزڵوم عەبدی، بەرپرسانی سوریاو هەسەدە لەسەر مێزی گفتووگۆ کۆبوونەوەو ئاگر بەستیان ڕاگەیاند. هەرکات ئاڵۆزی لەنێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە دروست دەبێت، هەموو چاوەکان دەچنەوە سەر ڕۆڵی ئەمەریکا بەوەی چۆن جارێکی تر ناچاری دانوستانیان دەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: پەیوەندی ئەمەریکا چۆن لەگەڵ هەسەدە دروستبوو؟ لە شەنگالەوە تا کۆبانی دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگال و هاتنە سەر هێڵی ئەمەریکا بۆ شەڕ دژی ئەو ڕێکخراوە، هێشتا پەیوەندی نێوان ئەمەریکاو هێزەکانی سوریای دیموکرات نەڕۆیشتبووە سەر ڕێچکەی خۆی. ئەندازیاری دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ئەمەریکاو هەسەدە برێت مەکگۆرک، نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە ناوچەکە، کە ناوبراو بۆ یەکەمجار نوێنەرێکی هەسەدە لە سەرووبەندی شەڕی شەنگال دا لە سلێمانی دەبینێت. ئەوکات برێت مەکگۆرگ لە سیاسەتی تورکیا نیگەران دەبێت و پێیوادەبێت، تورکیا پشتگیری گروپە توندڕەوەکان دەکات و پێچەوانەی سیاسەتی ئەمەریکا یاری دەکات. دوای دیدارەکەی سلێمانی لەگەڵ نوێنەرەکەی هەسەدە، پەیوەندی لە نێوان مەکگۆرک و هێزەکانی سوریای دیموکرات توندوتۆڵ دەبێت. مەکگۆرک تێدەگات لەوەی ئەمەریکا پێویستی بەهەسەدە دەبێت، هەم بۆ شەڕی دژی داعش، هەم بۆ مانەوەی جوگرافیایەک لە ژێر کۆنترۆڵی هێزێکی نزیک لە خۆی، تا لەوێوە ڕۆڵی بەردەوام بێت لەسوریا. لەکاتێکدا تا ئێستا نزیکەی ١١ هەزار شەڕڤانی هەسەدە بوونەتە قوربانی، بەڵام ئەمەریکا کەمترین قوربانی لە سوریا داوە، هەسەدە هۆکاربوو بۆ ئەوەی ئەمەریکا سەربازی خۆی بە کوشت نەدات، ئەمەریکاش بەچەک و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنان پاڵپشتی هەسەدە بکات. دواجار پەیوەندی نێوان هێزەکانی ئەمەریکاو هەسەدە دەگاتە ئاستێک، ئەمەریکا وەکچۆن سود لە هێزەکانی خۆی وەردەگرێت، بەهەمانشێوە توانای سود وەرگرتنیشی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت. ئەوەی بۆ ئەمەریکاییەکان مایەی گرنگی پێدان و سەرنج بووە، ئەوەیە هێزەکانی هەسەدە خێرا بڕیار دەدەن و زوو بەرەو ئامانجەکان دەجوڵێن، بەوپێیەی هێزێکی خاوەن یەک بڕیارن، ئەمەش کاتێکی زۆر لە بڕیارداندا بۆ ئەمەریکا دەگێڕێتەوە. یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لە هێزی پێشمەرگە ئەوەیە، فرە مەرجەع و فرە بڕیارە، تا بڕیارێک دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کات و ڕاوێژی زۆر دەوێت، لەکاتێکدا دۆخەکە بۆ هەسەدە پێچەوانەیە. لە ئێستادا سەرباری ئەوەی نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا نزیکایەتی لەڵ تورکیاو کەنداو هەیە، بەڵام لە ترسی ڕای نێوخۆیی وڵاتەکەی بە ئاشکرا ناوێرێت پشت لە هەسەدە بکات.  وێنەیەکی وا لە ناوخۆی ئەمەریکا دروست بووە،  هەسەدە هێزێکی شەڕکەری تۆکمەو هاوپەیمانی ئەمەریکایە، ئەمەش وایکردووە هەوڵە بەردەوام و یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا دژی ئەو هێزە تا ئێستا بێ ئەنجام بێت. پلانی ئەمەریکا پێش هەسەدە پێش دروستبوونی هەماهەنگی لە نێوان ئەمەریکاو هەسەدە، دەزگای هەواڵگیری ئەمەریکا هەوڵیدا بەشێک لە گروپە توندڕەوەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و سودیان لێوەربگرێت، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجام بوو. هۆکاری شکستهێنانی هەوڵەکانی دەزگای هەواڵگیری ئەمەریکا بۆ ڕاکێشانی کۆمەڵێک گروپی توندڕەو بۆ دژایەتی داعش ئەوەبوو، ئەو گروپانە لەناو خۆیاندا ناکۆک بوون و توانای جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان نەبوو. دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگیری ئەمەریکا لە بەکارهێنانی کۆمەڵێک گروپی توندڕەو نائومێد دەبێت، دواجار لە ڕێگەی برێت مەکگۆرگەوە ڕوو لە هێزەکانی هەسەدە دەکات. ئەوەی هەسەدە لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش دا ئەنجامیدا، بۆ هێزەکانی ئەمەریکا مایەی گرنگی پێدان بوو، بەو پێیەی ئەم هێزە وایکرد ئەمەریکا بەبێ ئەوەی سەربازی خۆی بەکار بهێنێت، بتوانێت بەرەنگاری داعش ببێتەوە لە سوریا.

هیوا ڕەفیق/ مامۆستای زانکۆ  هەر دوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب، تایبەتمەندی دیاری ئەم دوو گەڕەکە ئەوەیە تەواوی دانیشتوانەکەی بە درێژای هەزاران ساڵە کوردنشینن، هەر بۆیە خاوەنی کلتور و زمان و جلوبەرگی تایبەت بە خۆیانن، لە ڕووی کارگێڕییەوە گرێدراوی پارێزگای حەلەبن. دانیشتوانەکەی بەدرێژای جەنگی ١٣ ساڵەی ناوخۆی سوریا بە خوێنی (خورت و لاو) خۆیان پارێزگاریان لەمانەوەی شوناس و کلتوری خۆیان کردووە. ئەوان واتا دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە بە پاڵپشتی سەربازی و لۆجستی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵساون بەدامەزراندنی ئەنجومەنێک بە ناوی (ئەنجومەنی گشتی خۆبەڕێوەبەری شێخ مەقسود و ئەشرەفیە) بۆ ڕایکردنی کاروبارە کارگێڕی و دارایی و پەروەردەییەکانیان. خاڵێک کە جێگەی تێڕامان و سەرەنجێکی قوڵە ئەوەش ئەویە لەسەر زەوی ئەو دوو گەڕەکە بە دووری ٢٤ کیلۆمەتر دابڕاو و دوورن لە جوگرافیای سیاسی و کارگێڕی و سەربازی هەرێمی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکرات، واتا ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ ئەو دابڕانە جوگرافیایەش کەهەیە هەموو پاڵپشیەکی دارایی و سەربازیان لە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پێدەگات. ڕۆژی ١ـی نیسانی ٢٠٢٥ پاش گفتوگۆیەکی قوڵ لە پارێزگای حەلەب ڕێککەوتنێکی ١٤ خاڵی سەبارەت بە هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە نێوان ئەنجومەنی ئەو دوو گەڕەکە و دەسەڵاتدارانی دیمەشق هاتە ئیمزاکردن. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و پێکەوەژیان لەو پارێزگایە لە پاش ڕوخانی دەسەڵاتی ئەسەد. گرنگترین ئەو بەندانەی ئەو ڕێکەوتنە لەخۆی گرتووە بریتیە لە سپاردن و پاراستنی ئەو دوو گەڕەکە کوردە بە هێزەکانی ئەنجومەنی گشتی خۆبەڕێوەبەری و ئاسایشی ناوخۆ. لە ڕێکەوتنەکەدا هاتووە پێویستە پارێزگاری لە سیستەمی (پەروەردە و خوێندنی کوردی بە زمانی کوردی) بکرێت تا ئەو کاتەی بڕیارێکی هەمەلایەنە و ڕێکەوتن لەگەڵ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دێتەئاراوە، هەروەها بە پێی ناوەڕۆکی بەندەکانی ڕێکەوتنەکە پێدانی دەسەڵاتی ئیداری، خزمەتگوزاری، ڕۆشنبیری و فەرهەنگی بدرێت بە ئەنجوومەنی گشتی هەردوو گەڕەک لەگەڵ بوونی هەماهەنگی لە تەنیشت دامەزراوە خزمەتگوزاری و ئەمنییە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای حەلەب. دیسان هەر بەپێی ڕێکەوتنەکە میکانیزمی تایبەت بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە دیاریکرا و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە دووپاتی دەکاتەوە کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بازگەکانیان لە هەردوو گەڕەکەکەدا لە شوێنی خۆیان دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵکی لەگەڵ بوونی هەموو نگی ئەمنی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا پێچەوانەکەی ڕودەدات لەسەر ئەروی واقع. لە مادەی ١٢ـی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە “هەردوو لایەن هەموو زیندانەکانی پارێزگای حەلەب ئازاد و ئاڵوگۆڕیان دەکەن”. هەر بۆ هەمان مەبەست لە مانگی حوزەیران ئاڵوگۆڕی زیندانیان لەنێوان ئەنجومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و دەسەڵاتدارانی دیمەشق ئەنجامدرا. دەسەڵاتدارانی سوریای نوێ لە حەلەب بە پێی ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە بەڵێنیاندا بەرپرسیارێتی نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر گەڕەکەکان لە ئەستۆ بگرن، لە هەمان کاتدا هەوڵە هاوبەشەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانە مسۆگەر دەکەن و ڕێککەوتنەکە گەرەنتی ئازادی هاتوچۆی دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە لە ناو شار و دەرەوەی شار بەبێ بوونی هیچ هەراسانکردنێک لەخۆ دەگرێت. هەروەها نوێنەرایەتی تەواو بە هەردوو گەڕەکەکە دەبەخشێت لە ئەنجومەنی پارێزگا و ژووری بازرگانی و دامەزراوەکانی تر لە پارێزگای حەلەب. بەڵام لەجیاتی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بەخەڵکی ئەو گەڕەکانە درا لەلایەن حکومەتی سوریاوە پاش پێنج مانگ زۆرینەی بەندەکانی ئەم ڕێکەوتنە ١٤ خاڵییە بووە مەرەکەبی ووشکەوەبووی سەر کاغەز و جێبەجێنەکرا، بەپێچەوانەوە لەئێستادا بارودۆخ گەیشتووە بەوەی هەرچی ئەو دەروازە و دەرگایانەی چوونە ژورەوە و چوونەدەرەوەی ئەو دوو گەڕەکە بە دیواری بەردین و ساتری خۆڵ گەمارۆیەکی مرۆیی، ئابوری و سەربازی توند دراوە بەسەر خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی کوردنشین، بۆیە ئەوانیش بەناچاری کەوتوونەتە بەرگری و پاراستی ناموس و کەرامەتی خۆیان لەهەمبەر هێرشی چەتەکانی حەمزات و عەمشەی گرێدراوی حکومەتی نوێی سوریا. هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە و نا بەرپرسانە لە دروستکردنی کێشە و ڕێگری ئەم گروپە چەکدارانە بەرامبەر خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بە ئاگاداری و پاڵپشتی سەرۆکی سوریا بووە، دوودڵی و ئاماژەیەکی مەترسیدار هەیە لە دووبارەبوونەوە هەمان سیناریۆی کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠٢٤ چەکداران و ملیشیاکانی سوریای بەرانبەر بە عەلەوییەکان لە هەردوو پارێزگای لازقیە و تەرتوس و کۆمەڵکوژی پارێزگای سوەیدای زۆرینە درووز نشین و شیعەکانی دەوروبەری دیمەشق. بە هۆکاری ئەوەی ئەو چەکدارانە هەڵگری بیری توندئاژۆی داعشی و قەومین لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێزەوە ٣ کۆمەڵکوژیان ئەنجامداوە بەرامبەر بە پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی سوریا، وە بەردەوامیش هەڕەشە و چاوسورکردنەوە بەرامبەر بە پێکهاتە و نەتەوەی کورد ئەکەن بۆیە خەڵکی هەردوو گەڕەک بە هەستیاری و ناچاریەوە لەڕێگەی خۆپیشاندانی مەدەنی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرگری لە مانەوەی خۆیان و خاکەکەیان دەکەن.

ئەگەر لە ڕابردوودا عێراق لە ترسی ئێران خۆی لە زۆر بابەتی سیاسی و سەربازی و پەیوەندی نێودەوڵەتی پاراستبێت، ئەوا لە ئێستادا جۆری ترسەکەی گۆڕاوەو زیاتر ترسی لە ئیسرائیل هەیە. عێراق و خۆ بەدوورگرتن کاتێک لە مانگی حەوتی ساڵی 2022، عێراق بۆ ڕێککەوتنی هاریکاری ئەمنی و بەرگری نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی داوەتکرا، لە ترسی ئێران داوەتەکەی ڕەتکردەوە. ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی هاریکاری ئەمنی و بەرگری نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی (ئیمارات، میسر، ئەردەن، سعودیە و بەحرەین)، بریتی بوو لە دامەزراندنی سیستەمێکی ئەمنی لەناوچەکەدا و دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی نوێ بۆ بەرگرتن بە هەڕەشەکانی ئێران. بەپێی گفتووگۆکانی ئەوکاتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، سیستەمە ئەمنییەکە سیستەمێکی تۆکمەی فرە ئاست بوو بۆ تۆخکردنەوەی پەیوەندی نێوانیان، بەسود وەرگرتن لە توانا تەکنەلۆژی و ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل، تا بتوانن ڕێگری بکەن لە درۆن و هێزی بالیستی ئێران. دروستکردنی سیستەمی ئەمنی و ڕێککەوتنی هاریکاری نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، جۆرێک لە جەمسەرگیریی لەناوچەکەدا دروست دەکرد ئامانج لێی بەتاڵکردنەوەی کارتەکانی ئێران بوو. گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی عێراقی دووچاری ئیحراجی کرد، بەو پێیەی گەر بەشدار بووایە سەنگەری ئێرانی بەجێدەهێشت و لە وڵاتانی عەرەبی نزیک دەبوویەوە. ئەو بۆچوونە هەمیشە لای چاودێرانی سیاسی بۆچوونێکی تۆخە، عێراق ناتوانێت لە ئێران داببڕێت، بۆیە بەشداریینەکردنی عێراق لە گفتوگۆی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی خستییە نێوان بەرداشی ئێران و ئیسرائیلەوە. لەئێستادا هەڕەشەکانی ئێران لەسەر ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لاواز بووە کە گفتوگۆی هاریکاری ئەمنی لەپێناو ئەنجامدرا، بەڵکو ئێستا گفتووگۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر دەکرێت کە بە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی ناسراوە. هەرچەندە لە ئێستادا هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل بەهۆی دۆخی غەززەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی قورسە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە دوای یەکلایی بوونەوەی دۆخی غەززە، هەنگاوی جیاوازتر بۆ خاوکردنەوەی بارگرژییەکان بنرێت.   عێراق و ململانێی ئیسرائیل سەرباری ئەوەی میلیشیا شیعەکانی عێراق تۆمەتبار دەکرێت بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، هاوکات لە مانگی ئایاری ساڵی 2022ـش، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندی عێراقی لەگەڵ ئیسرائیل پەسەند کرد. "بەڵێ بەڵێ بۆ عێراق، نا نا بۆ ئیسرائیل" ئەمە دروشمی پەرلەمانتارانی عێراق بوو، دوای پەسەندکردنی یاساکە و ئەوکات هەندێک لایەن و کەسایەتی عێراقیش بە هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار دەکران. دوای دەرچوواندنی یاساکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، دەنگۆی قەدەغەکردنی گەشت لە ژمارەیەک سیاسی عێراق بە بیانووی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بڵاوکرایەوە، بەڵام دواجار دۆخەکە بە ئاقارێکی تردا برا و مەسەلەکە کپ کرایەوە.  ترس لە ئێرانەوە بۆ ترس لە ئیسرائیل لەکاتێکدایە لە ڕابردوودا عێراق بەشداریکردنی هەر ڕێککەوتن و گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەتدەکردەوە، بەهۆی ئەو ترسەی لە ئێران هەیبوو، بەڵام ئێستا شێوازی مەترسییەکە گۆڕاوە بۆ ترس لە ئیسرائیل. ئەگەری هێرشکردنە سەر گروپە شیعەکانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەو مەترسییەیە کە هەمیشە سەرکردەی لایەنە شیعەکانی عێراق فەرامۆشی ناکەن، بەتایبەت دوای هەڕەشەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق مەترسییەکان قوڵتر بوونەتەوە. حەمدی گلی، شارەزای بواری سەربازیی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: شیعەکانی عێراق زۆر لە هێرشی ئیسرائیل دەترسن، چونکە دوای یەمەن و غەززە و لوبنان، عێراق تەنها شوێنە هێزە شیعەکان دەسەڵاتدارن تێیدا. دەشڵێت: ئەگەری هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شیعەکانی عێراق لەسەر کات وەستاوە، ئەگینا هێرشەکە درەنگ یاخود زوو هەر ئەنجام دەدرێت.

✍️ سەرتیپ جەوهەر چەند رۆژێكە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە. ئەوەی تێبینی دەكرێت هەڵبژاردنێكی زۆر بێدەنگ دوور لەتوندوتیژیی و زمانی زبری راگەیاندن بەڕێوەدەچێت. بێگومان ئەم شێوە بانگەشەیە زۆرباشە، چونكە هەموومان حەزمان لەلەژاوەژاوی راگەیاندن و دروستكردنی بارگرژیی نییە، بەمەرجێك هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت و نەك پێچەوانەكەی. هەڵبژاردنەكە بۆ پەرلەمانی عیراقە، كەچی هەم حزبەكان هیچ بەیان و پەیامێكیان سەبارەت بەئەجێندای كاركردنیان لە4 ساڵی داهاتووی پەرلەمان و حكومەتی نوێی عیراق نییە وەك جێبەجێكردنی ماددەی 140، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان یاخود چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا..تد. هەمیش بەشێك لەكاندیدەكان دروشمەكانیان بەجۆرێكە وەك ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بێت نەك بەغدا تەنانەت میدیای حزبەكانیش لەبانگەشەكانیان باسی چارەسەریی كێشەكانی هەرێم لەگەڵ عیراق ناكەن یان زۆركەم باسی دەكەن!. ئەم دۆخە، زیاتر لە 12 ساڵە هەستی پێدەكرێت، واتە 12 ساڵە حزبەكانی كوردستان لەپێكهێنانی كابینەكانی حكومەتەكانی بەغدا بەرنامەی كاركردن و مەرجی بەشداریكردنیان لەحكومەتەكاندا نەبووە، هەموو خەمی هەرێمی كوردستان لەپرسی نەوت و موچە چڕكراوەتەوە. هێشتا روون نییە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە چۆن دەبێت، بەڵام بەپێی ئەو ئاماژانەی هەن، لەهەرێمی كوردستان هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن وەك جاران نەماون و هاوكات ئەگەرەكانی بەردەم خەڵك لەهەڵبژاردن بەرتەسك بۆتەوە، بۆیە پێدەچێت هەم ژمارەیەكی كەمتر لەخەڵك بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و هەمیش بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەكە كە (سانت لیگۆ)یە پێدەچێت زۆرینەی دەنگ یان كورسیەكان بۆ پارتی و یەكێتیی بڕوات. ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عیراق راستەوخۆ پەیوەندی بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و هاوكات بەركەوتەی پارتی و یەكێتیی لە حكومەت و كابینەی نوێی عیراقەوە هەیە. پێدەچێت پۆستەكانی هەردوو حكومەت (هەرێم و بەغدا) بخرێنە سەبەتەیەك و لەدوای هەڵبژاردن پارتی و یەكێتیی وەك یەك بوخچە (پاكێج) گفتوگۆی لەسەر بكەن و رێككەون، بەڵام ئەم رێككەوتنەش گرێدراوی دۆخی سیاسی عیراق و ناوچەكەیە. شەڕی غەززە تەواو بوو، رەنگە ئەجێندای نوێ لەناوچەكە بێتەپێشەوە. ئەگەر تادوای هەڵبژاردنی عیراق گرژییەكان لەگەڵ ئێران سەرهەڵنەداتەوە، ئەوا پێكهێنانی هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم دەكەوێتە بەر مقەست و فشاری هەرێمیی. كەوایە دوای هەڵبژاردنی عیراقیش پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئاسان نابێت، چونكە ئەمجارە ناكۆكییەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم تەنها لەسەر پرسی دابەشكردنی پۆستەكان نابێت، بەڵكو پرسی كاندید بۆ پۆستە باڵاكانی بەغداو هەرێم و هاوكات یەكێتیی داوای دیاریكردنی دەسەڵات دەكات لەحكومەت، ئەمەش گفتوگۆكان سەخت دەكات. 

سەرچاوە: ماڵپەرى پەنجەرە له‌ناو تۆمارى پڕ له‌ گێژاوى مێژووى عێراقدا، ناوى ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر ته‌نیا وه‌ك سه‌رۆكێكی پێشوو نه‌ماوه‌ته‌وه‌؛ به‌ڵكو وه‌ك خاڵێكی وه‌رچه‌رخان دێته‌ ئارا. ئەو ده‌ستپێكی قۆناغێك بوو، کە سه‌رئه‌نجام سه‌ركرده‌یه‌كی دیكتاتۆری وه‌ك سه‌دام حسێنی لێكه‌وته‌وه‌ و عێراقی به‌ره‌و لوتكه‌ی توندوتیژی و خوێنڕشتن برد. به‌كر، كه‌ خۆی به‌رهه‌می كوده‌تایەکی سپی بوو، هەر بە کودەتایەکی سپیش دەسەڵاتی ڕادەستکرد. له‌ساڵڕۆژی مردنیدا، ئه‌م ڕاپۆرته‌ هه‌وڵده‌دات ماکەکانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و قۆناغه‌ جیاوازە كه‌ به‌كر هێناى شی بكاته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ جێگره‌ لاوه‌كه‌ی "سه‌دام حسێن" بخاتەبەرباس. هه‌ڵفڕین و نیشتنه‌وه‌كانى ژیانێكى سه‌ربازیى ساڵی 1914 له‌ شارى تكریت، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر له‌دایكبووه‌. دواى ته‌واوكردنى خوێندن و شه‌ش ساڵ مامۆستایه‌تى، له‌ ساڵی 1938 په‌یوه‌ندى به‌ ئه‌كادیمیای سه‌ربازیی عێراقییه‌وه‌ كرد. به‌ڵام سه‌ره‌تاى ژیانى سه‌ربازى هه‌ر زوو به‌ شكستێك ده‌ستى پێكرد؛ به‌شدارى له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ى ڕه‌شید عالى گه‌یلانى دژ به‌ نفوزى به‌ریتانیا له‌ ساڵی 1941، كه‌ به‌ شكست كۆتایى هات، به‌ زیندانیكردن و ناچاركردنى به‌ خانه‌نشینى كۆتایى هات. به‌ڵام به‌كر كۆڵی نه‌دا. له‌ ساڵی 1957 جارێكى تر گه‌ڕێندرایه‌وه‌ خزمه‌ت و له‌ ساڵی 1958 په‌یوه‌ندى به‌ ڕێكخراوى ئه‌فسه‌ره‌ نیشتمانییه‌كانه‌وه‌ كرد، كه‌ كۆتایى به‌ ده‌سه‌ڵاتى پاشایه‌تى له‌ عێراق هێنا. ئه‌مه‌ سه‌ره‌تاى هه‌ڵكشانێكى نوێ بوو له‌ ژیانى سیاسیدا، به‌ڵام هه‌ر زوو له‌ ساڵی 1959 به‌هۆى تێوه‌گلانی له‌ بزووتنه‌وه‌ى شه‌واف له‌ موسڵ دژ به‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم، جارێكى تر خانه‌نشین كرا. سه‌ركردایه‌تى حزبی به‌عس و كوده‌تاى 17ـى ته‌موز به‌كر كه‌سایه‌تییه‌كى دیار بوو له‌ناو حزبى به‌عس. له‌ 8ـى شوباتى 1963 به‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ نیشتمانییه‌كان و سه‌ربازییه‌ سه‌ربه‌خۆكان، بزووتنه‌وه‌یه‌كى چه‌كدارى ڕێكخست كه‌ حكومه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى عه‌بدولكه‌ریم قاسمى ڕووخاند. دواى ئه‌م كوده‌تایه‌، به‌كر بۆ ماوه‌ى 10 مانگ بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام عه‌بدولسه‌لام عارف له‌ 18ـى تشرینى یه‌كه‌م به‌ كوده‌تایه‌كى تر حكومه‌ته‌كه‌ى حزبی به‌عسى ڕووخاند، به‌هۆى شكست و لێكترازانه‌كانى حزبه‌كه‌ و توندوتیژییه‌كانى حه‌ره‌سى قه‌ومى (پاسه‌وانى نیشتمانى). به‌كر هه‌رگیز ده‌ستبه‌ردارى خه‌ونى ده‌سه‌ڵات نه‌بوو. له‌ 17ـى ته‌موزى 1968 كوده‌تایه‌كى سه‌ربازى تری ڕێكخست كه‌ عه‌بدولڕه‌حمان عارف، سه‌رۆك كۆمارى ئه‌وكاته‌ى عێراقى لادا. ئه‌م كوده‌تایه‌ به‌ "كوده‌تاى سپى" ناسرا، چونكه‌ به‌بێ خوێنڕشتن جێبه‌جێ كرا و به‌كر بوو به‌ چواره‌م سه‌رۆك كۆمارى عێراق و سه‌دام حسێنیش بوو به‌ جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى شۆڕش. سه‌رده‌مێكى زێڕینى ئابوورى و گه‌شه‌پێدان ماوه‌ى حوكمڕانیى ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر وه‌ك قۆناغێكى زێڕین له‌ مێژووى عێراقدا سه‌یر ده‌كرێت له‌ ڕووى ئابوورى و گه‌شه‌پێدانه‌وه‌. له‌1ـى حوزه‌یرانى 1972، به‌كر بڕیارى نیشتمانیكردنى كۆمپانیاى نه‌وتى عێراق (IPC)ـى دا، كه‌ له‌ ساڵی 1927ـه‌وه‌ له‌ عێراق كارى ده‌كرد و به‌ پاڵپشتیى حكومه‌تى به‌ریتانیا ده‌ستى له‌ ئابوورى و سیاسه‌تى عێراقى وه‌رده‌دا. ئه‌م هه‌نگاوه‌ بووه‌ هۆى زیادبوونى داهاتى نه‌وت و به‌هێزبوونى ئابوورى وڵات. له‌م سه‌رده‌مه‌دا، عێراق گه‌شه‌سه‌ندنێكى فراوانى ئابوورى و بوژانه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ى له‌ بوارى په‌روه‌رده‌دا به‌خۆیه‌وه‌ بینی. له‌ ساڵی 1977ـدا ڕێكخراوى یونسكۆ ڕایگه‌یاند كه‌ ئاستى خوێندن و فێربوون له‌ عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستى وڵاتانى سكه‌نده‌ناڤیا. هه‌روه‌ها به‌كر په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت دامه‌زراند و له‌ 9ـى نیسانى 1972 په‌یماننامه‌ى دۆستایه‌تى له‌گه‌ڵیان واژۆ كرد. له‌ كاتى جه‌نگى تشرینى یه‌كه‌مى 1973، به‌ پاڵپشتى سوریاوه‌ نه‌وتى به‌سه‌ر وڵاتانى ڕۆژئاواى دۆستى ئیسرائیلدا بڕى. هه‌روه‌ها له‌ 11ـى ئازارى 1970، به‌كر له‌گه‌ڵ كورددا ڕێككه‌وتننامه‌ى ئۆتۆنۆمى واژۆ كرد، كه‌ به‌ "به‌یاننامه‌ى 11ـى ئازار" ناسراوه‌ و تیایدا مافه‌ كولتوورییه‌كانى كورده‌كانى دان پێدانرا. سه‌دام حسێن: سێبه‌رێكی هه‌میشه‌یی به‌ تێپه‌ڕبوونى كات، به‌كر وردە وردە له‌ ئه‌ركه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى دوورده‌كه‌وته‌وه‌ و سه‌دام حسێنى جێگرى، بوو به‌ سه‌رۆكى ڕاسته‌قینه‌ى عێراق. په‌یوه‌ندیی نێوان به‌كر و سه‌دام پڕ بوو له‌ ململانێى نهێنى و زۆرجار ئاشكرا بۆ ده‌سه‌ڵات. سه‌دام كه‌سایه‌تییه‌كى به‌هێز و خاوه‌ن كاریزما بوو و به‌كر خۆى له‌ناو سێبه‌رى ئه‌ودا ده‌بینییه‌وه‌. له‌ لێدوانێكى كوڕه‌كه‌ى به‌كر، عه‌بدولسه‌لام ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ باوكى له‌ ساڵی 1974ـه‌وه‌ نیازى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى هه‌بووه‌. باوكى پێى وتووه‌ كه‌ "هه‌موو جارێك نیازم هه‌بێت ده‌ست له‌كار بكێشمه‌وه‌، شتێك ڕووده‌دات كه‌ ده‌ترسم به‌ هۆیه‌وه‌ تۆمه‌تبار بكرێم و ده‌نگۆى ناڕاستم له‌سه‌ر دروست بێت". حامد جبوورى، كه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى هه‌ردوو سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ى بووه‌، باسى گێژاوى ناو كۆشكی كۆمار ده‌كات. ده‌ڵێت: جارێك كه‌ سه‌دام به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ له‌ نووسینگه‌ى به‌كر هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌رگاكه‌ى به‌ توندى داخستووه‌، به‌كر له‌گه‌ڵ ئه‌ودا قسه‌ى كردووه‌. جبوورى باسى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن به‌كر به‌ گریانه‌وه‌ وتوویه‌تى: "ئێمه‌ دیلین و مافى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌مان نییه‌." ئه‌م لێدوانه‌ نیشانه‌ى كۆنترۆڵی ته‌واوى سه‌دام حسێن بوو به‌سه‌ر به‌كردا، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ى به‌ فه‌رمى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى وه‌ربگرێت. كۆتایى ده‌سه‌ڵات و میراتێكى جێده‌سه‌ڵات له‌ 11ـى ته‌موزى 1979، به‌كر له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى شۆڕشدا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ڕاگه‌یاند و نیازی خۆى بۆ گواستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌دام حسێن ده‌ربڕی. حزبى به‌عسیش ڕایگه‌یاند كه‌ به‌كر به‌هۆى نه‌خۆشیی (پاركنسۆن) ـه‌وه‌ ناتوانێت ئه‌ركه‌كانى به‌ باشى جێبه‌جێ بكات. به‌مه‌ش له‌ 16ـى ته‌موزى هه‌مان ساڵ، سه‌دام حسێن به‌ فه‌رمى بوو به‌ سه‌رۆكى كۆمارى عێراق. ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر دواى خانه‌نشینبوونه‌كه‌ى تا ڕۆژى مردنى له‌ 4ـى تشرینى یه‌كه‌مى 1982، كه‌ له‌ ته‌مه‌نى 68 ساڵیدا كۆچى دوایى كرد، دوور له‌ سیاسه‌ت مایه‌وه‌. دواى مردنى له‌ گۆڕستانى كه‌رخ له‌ قه‌زاى ئه‌بو غریب به‌ خاك سپێردرا. هه‌رچه‌نده‌ سه‌رده‌مى به‌كر شایه‌تى پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن بوو له‌ زۆر بواردا، به‌ڵام لایه‌نه‌ تاریكه‌كانى ده‌سه‌ڵاتیشی زۆر بوون، له‌وانه‌: پێشێلكارییه‌كانى مافى مرۆڤ و توندوتیژییه‌كانى ڕژێمه‌كه‌ى به‌تایبه‌ت دژ به‌ پێكهاته‌ى شیعه‌ و كورد، له‌وانه‌ش: ڕاگواستنى هه‌زاران خێزان بۆ ئێران له‌ ساڵی 1970 و له‌ناوبردنى قه‌زاى قه‌ڵادزێ له‌ ساڵی 1974، وه‌ك خاڵى ڕه‌ش له‌ مێژووى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌ودا ماوه‌ته‌وه‌. سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ستی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر، ته‌نیا گۆڕانكاری له‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كدا نه‌بوو، به‌ڵكو گۆڕانكاری بوو له‌ فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی و سیمای سیاسیی وڵاتدا، كه‌ دواتر بۆ ماوه‌ى ده‌یان ساڵ كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر گه‌لی عێراقه‌وه‌ مایه‌وه‌ به‌ ئێستاشه‌وه‌. میراتی به‌كر وه‌ك وانه‌یه‌كی مێژوویی ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ چۆن ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت له‌نێوان بنیاتنان و وێرانكردن، گه‌شه‌پێدان و سه‌ركوتكردندا یاریی بكات.

حەبات کوردە بەڵێ دوای دوو ساڵی لە سەدا ۸٥ ی کەرتەکە بوو بە کەلاوە و ٦٥ هەزار غەززاوی بە ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە کوژراون تا ئێستاش نازاندرێ چەند کەس وون بوونە و لە ژێر بینا ڕوخاوەکاندان و برینداران و پەککەوتەکانیش ۱٥٠ هەزاریان تێپەڕاندوە  . ئێستا ڕێک شەو و ڕۆژێک تێپەڕیوە بە سەر ڕازی بوونی دەست پێشخەریە ۲۱ خاڵیەکی تڕەمپ و سەرانی حەماس گەیشتونەتە قاهیرەی پایتەخی میسڕ و  دەیانەوێ بۆ هەندێ دەستکەوتی لاواز و تاکە کەسی لە گەڵ ویتکۆفی نێردەی تڕەمپ کۆببنەوە و ڕێ و شوێنی خۆ ڕادەستکردنەکانیان و چەکە قورسەکان و تونێل و کارگەکانی دروستکردنی ساڕوخەکانیان و گواستنەوەی پارەکانیان و شێوازی دور خستنەوەی سەرکردەکانیان ، قسە و باسی لە سەر بکەن . لە ڕاستیشدا هەرچیەکی بکەن هیچ لە شێوازی چۆکدادان و دۆڕان و ئاشبەتاڵیەکەیان ناگۆڕێ .  ‎ئەو جارە تڕەمپ زانی کلکی کێ دەگرێ و کێ دەتوانێ قەناعەت بە حەماس بکات خۆیان ڕادەست بکەن ، چونکە لە یەکەم  لێدوانی تڕەمپ دوای ڕازی بوونیان بە مەرجەکانی ،  سەرۆکی ئەمەریکا کەوتە ستایش و سوپاس گوزاری بۆ سەرۆکی ڕاستەقینەی ئیخوانەکانی جیهان ، ئەردۆگانی خۆشەویستی . ‎وا دانێین حەماس کۆتایی هات و کەرتی غەززە ڕادەستی تۆنی بلێری کۆنە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کرا و ئاوەدانکردنەوە دەستی پێکرد و سوپای ئیسڕائیلیش کەرتەکەی جێهێشت . ‎هەر بە ڕاست چی ڕوودەدات لە دواییدا ؟ ‎ئایا ئەمەریکا و ناتانیاهۆ کۆتایی بە حوسیەکانی یەمەن دەهێنن .؟  ‎ئایا ئەمەریکا و ئیسڕائیل هەر بە ڕاستی دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دادەنێن ؟ ‎دەوری ڕوسیا چی دەبێ لە ناوچەکە و شەڕی سێ ساڵەی لە گەڵ ئۆکڕانیەکان ڕادەوەستێ یان هەر درێژەی دەبێ ؟ ‎ئایا حیزبواللەی لوبنانی خۆی پڕچەک دەکاتەوە .؟ ‎ئایا سوپای پاسداران و عەلەویەکانی سوریا خۆیان ڕێکدەخەنەوە .؟ ‎ئایا بەهاری مەغریبی سەر دەگرێ ؟ ‎ئایا ڕژێمی جۆرجیا دەڕوخێ و لایەنگرانی ئەوروپا و ئەمەریکا دەست بە سەر حکومەتدا دەگرن ؟ ‎هەڵبژاردنەکانی عێڕاق و بارودۆخی گروپە چەکدارە شیعەکانی سەر بە سوپای پاسداران چارەنوسیان چی بە سەر دێ ؟ ‎ئایا دونیا گەڕێکی تری شەڕی ئێران و ئیسڕائیل و ئەمەریکا دەبینێت ؟  ‎چونکە دەنگگۆی چەکی ئەتۆمی ئێران لە دوورەوە هەستی پێدەکرێ . ‎لە هەمووشیان گرنگتر سوریا و چەتەکانی جۆلانی و باری نالەباری ئارامی ناو سوریایە و تەواوی گروپە چەتەکانی ناو هەتەشە یە کە لە حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیەکان توندڕەو ترن و  ‎چارە نوسیان چی دەبێ ؟ ‎هەموو ئەو پرسیارانە و دەیان پرسیاری تر هێشتا پێویستان بە وەڵامدانەوەیە و تەواوی چاودێران و  سیاسەتمەدارانیش چاوەڕێی درزێکن و دیواری نهێنیەکان شەق بکات و بزاندرێ کە لە هەنگاوی داهاتوودا چۆن ئیسڕائیل درێژە بە تۆڵە سەندنەوەکانی دەدات و ئەوانەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی و یارمەتی حەماسیان کردوە ، چۆن و بە چ شێوازێک تۆڵەی خۆیان لێ دەکاتەوە . ‎با لێشتان نەشارمەوە ماوەیەکە هێزەکانی هەسەدە لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبەوە کۆدەکرێنەوە و زوو زووش هەواڵی گەیشتنیان بە گەڕەکەکانی حەڵەب و گەیشتنیان بە شارەکانی کەنار دەریا لە ڕۆژئاوای سوریا بەر گوێمان دەکەون و کەسیش نازانێ ئایا ئەو هێزانە هەر بە ڕاست بۆ ئەو چالاکیە کۆدەکرێنەوە یان تەنها ترسێکە و دڵی چەتەکانی سەر بە تورکیا و چەکدارانی  جۆلانی پێدەهەژێنن ! ‎بە بڕوای من لێرە بەدواوە میسڕ دەرگای خێر و بێری ئاوەدانکردنەوە کەرتی غەززەی بە نسیب دەبێ و ئەوەی کە زۆر گرنگیشە ئەنجام بدرێ پەلە کردنە لە نەمانی حوکمی حوسیەکانی یەمەن و گەڕانەوەی ئارامیە بۆ ڕێڕەوی کەشتیە بازرگانیەکان و بوژانەوەی داهاتی کەناڵی سوێسە بۆ میسڕیەکان ، ئینجا حەق و حیساب لە گەڵ گروپە چەکدارەکانی عێڕاق و سەرانی قوم و تاران . ‎هەموو ئەو پێشهات و شیکردنەوانەش  هەر وەکو خەیاڵ دەمێننەوە تا ئەو کاتەی کە دەردەکەوێ پلانەکە بە چ ئاراستەیەک ڕێدەکا و هاتنە ناوەوەی تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکە بە ئێرانیشەوە بۆ ناو ڕێککەوتن نامەی ئیبراهیمی و لە دایکبونی ڕێڕەوی داود ، چۆن چۆنی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری بەسەر دادێت .!  

د. یاسین تەها، لە نوێترین شرۆڤەیدا لە عێراقی پاش 2003 شەش خول هەڵبژاردنی گشتی بە ڕێكوپێكی لە وادەی دەستوریی خۆیاندا بەڕێوەچوون. تەنانەت شەڕی داعشیش (2014_2018) نەیتوانی ئەم پرۆسەیە پەكبخات و لە نێو تەپوتۆزی پاش كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵدا حكومەت پابەندی خۆی بەجێهێنا و سندوقی دەنگدانی لە هەموو بازنەكانی عێراقدا دانا. بەڵام ئایا ئەم پابەندییە ڕواڵەتییە بە یەكێك لە سیماكانی هەڵبژاردن بەڵگەیە لەسەر ساغڵەمی و بێكێشەیی سیستمی سیاسی و ڕەوشی ئێستا حوكمڕانی لە عێراق؟ ئەوەیان جێگەی مشتومڕ و لێكدانەوەی جۆراوجۆرە، چونكە تەنانەت سەدام حسێنیش هەر ڕاپرسی و هەڵبژاردنی ڕواڵەتییانەی ڕێكدەخست، لە زۆر وڵاتی نا دیموكراتیشیدا كە سیستمی سیاسییان جیاوازە دەنگدان و جۆرێك لە كێبەركێی هەڵبژاردن هەیە؛ كۆماری ئیسلامی ئێران بە نموونە. ئەوەی تێبینی دەكرێت، خول لە پاش خول بەشداری خەڵك و دەنگدەر لە هەڵبژاردنەكان لە عێراق لاواز و كز دەبن، لە یەكەم هەڵبژاردنی پاش كەوتنەكاری دەستووردا كە لە كۆتایی 2005 بەڕێوەچوو، رێژەی بەشداریكردن نزیكبوو لە 80%، بەڵام لە دوا هەڵبژاردنی گشتیدا لە 2021 بە دەوروبەری 42% دیاریكرا، ئەویش هی ئەوانەی بایۆمەترییان نوێكردووەتەوە، ئەگەرنا بەپێی خەمڵاندنەكان ڕێژەی بەشداری ڕاستەقینە لە دەوروبەری 25_ 30% دابووە. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش كە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت مەترسی بەشدارینەكردن لە ناوەندی شیعیدا بەتایبەت ڕوو لە هەڵكشانە چونكە سەدرییەكان كە لە دوا هەڵبژاردنی گشتیدا (2021) زیاتر لە 22%ی دەنگەكانیان بەدەستهێنا (73 كورسی لە 329) بەشداری هەڵبژاردنەكە ناكەن و بڕیاری ئاشكرا و ڕاگەیەنراویان بایكۆتكردنە، ئەمە جگە لەو خەڵكە زۆرەی كە بەردەوام لە هەڵبژاردن بێهیوا دەبن و گرنگی پرۆسەكەیان لەلا كاڵ دەبێتەوە، بەتایبەت كە ئەدای پەرلەمان بەردەوام لە پاشەكشەدایە و جگە لە غیاباتی زۆر و بێتوانایی لە دەركردنی یاسا و چاودێریكردنی حكومەت، تۆمەتی زۆری "دەڵاڵیكردن" و "بەرتیلخواردن" و "ئیبتیزاز" و هەروەها "خۆدەوڵەمەندكردن" بە ئاشكرا لە میدیاكانەوە ڕووبەڕووی هەندێك لە ئەندامەكانی دەكرێتەوە. هەرچەندە لە عێراقدا هیچ یاساو رێسایەك نییە ڕێژەی بەشداریكردن بكاتە پێوەری شەرعیەت بۆ هەڵبژاردن، ئەگەر بە چارەكی دەنگدەرانیش بێت پرۆسەكە دەشێت بەڕێوەدەچێت و كورسی هەژدە بازنەكە هەر پڕ دەكرێنەوە، بەڵام ئەو ساردبوونەوە و پاشەكشەیەی خەڵك لە پرۆسەكە بە ئاماژەیەكی بەهێزی داڕمانی متمانە و پەیوەندی خەڵك و سیستمی حوكمڕان لێكدەدرێتەوە كە دەرگا دەكاتەوە بۆ ئەگەری جۆراوجۆر لەوانەش قۆستنەوەی لەلایەن هێزێكی وەك سەدرییەكانەوە بۆ نموونە یان هەر هێزێكی تر لە دەرەوەی هەڵبژاردن ڕێگەی دیكە بۆ حوكمگرتنەدەست بگرێتەبەر یان پەنا بۆ فاكتەری دەرەكی ببات لە شێوەی ئەوەی لە سووریای دراوسێی عێراق ڕوویدا. پێشهاتێكی دیكەی نوێی خولە نوێیەكانی هەڵبژاردن لە عێراق پاشەكشەی گوتار و دروشم و زاڵبوونی كڕین و فرۆشتنی دەنگ و سوودگەیاندنی خێرای بچووكە بۆ ڕاكێشانی دەنگدەر. ئەم ئاڵووێرەی ئەگەر جاران بە شەرمەوە و بە نهێنی كرابێت ئێستا تا ڕادەیەك نیمچە ئاشكرا و ئاشكرایە. لەم میانەیەشدا جگە لە كڕینی كارتی دەنگدان و بەرزبوونەوەی نرخەكەی، كاندیدەكان نایشارنەوە كە پارەیەكی زۆر بۆ هەڵمەتەكانیان خەرج دەكەن. یەكێك لەوانە كە لە لیستی سەرۆكوەزیران سوودانییە لە كەناڵێكی تیڤی سكاڵای ئەوەیكرد مانگانە 60_70 ملیۆن دینار خەرجدەكات، كەچی لیستەكەی تەنیا 30 ملیۆنی بۆ خەرج دەكەن! ئەگەر كۆی بەربژێرەكانی تەنیا ئەم لیستە حیساب بكرێت (470 كاندید) ئەوە مانگانە خەرجییان دەوروبەری 100 ملیۆن دۆلارە (هەزار دەفتەر)، بە ئەگەری زۆریش بەشی ئەم پارەیەش بۆ دابەشكردن و دەنگكڕینی ڕاستەوخۆیە، ئەمە جگە لە بەكارهێنانی بەرفراوانی تواناكانی حكومەت لە گرێبەست و پرۆژە و مقاوەلات و گواستنەوە و گفتی جۆراوجۆر. لە دەرەوەی لیستەكەی سەرۆكوەزیرانیش بەكارهێنانی مووچەی حەشد و چاودێری كۆمەڵایەتی و جۆرەها بەرژەوەندی دیكەی دەوڵەت، پایەی سەرەكی هەڵمەتەكانن. لە دەرەوەی هێزە شیعەكانیش قسەی زۆر لەسەر پارەی توركی و قەتەری و جۆرەها كارتێكەری دەرەكی هەیە، كە ئەگەر بەوشێوەیەش نەبن باسدەكرێن وەك ئەوەی مالیكی وتی وڵاتێك 100 ملیۆن دۆلاری تەرخانكردووە 100 پەرلەمانتاری خولی داهاتوو بكڕێت، ئەوە شتێك هەر لە ڕاستییان تێدایە، ئەمەش وا دەكات پرۆسەكە زیاتر وەك سەواو مامەڵە و سپیكردنەوە بێتەبەرچاو تا ئەوەی وێستگەیەكی دیموكراسییانەی ڕاستەقینەبێت.

نووسین: عەبدولڕەحمان ڕاشد وەرگێڕان: ئەحمەد ڕەسوڵ زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی چاوەڕێی هەڵهاتنی خۆر و کۆتایی هاتنی ئەم شەو درێژ و تاریکە دەکەن کە ترسناکترین شەڕە لە مێژووی فەلەستیندا. لە بەرامبەر ئەم ساتەوەختە گرنگەدا کە ڕۆژی دووشەممە لە واشنتۆن ڕاگەیەندرا، کە لەپێشماندایە، هیوایەکی نزیک و ئاڵنگارییە دوورەکان، دیارترینی ئەم ئاڵنگارییانە ڕازیبوونی حەماس و ئیسرائیلە بە کۆتاییهێنانی جەنگ، یان مەرجگەلێک دەسەپێنن کە خاوەخاو دەکەن بە دانوستانەکانی جێبەجێکردن و دەرفەتەکە لەباردەبەن؟ ئاشکرایە کە حەماسیش و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆش ڕازی نابن. حەماس ئیتر هیچ هاوپەیمانێکی نییە پشتی پێ ببەستێت. تەنانەت قەتەر و تورکیاش لەسەر ئەو پلانە ڕێککەوتوون و پشتگیریان کردووە و لەگەڵ میسر بەشداری دانوستانەکان دەکەن. ئێران لە دۆخێکدا نەماوە کە پشتیوانی لە حەماس بکات، چونکە توانای شەڕی لەدەست داوە. ناتانیاهۆ، ناوێرێت تەحەدای سەرۆک ترامپ بکات، کە دەتوانێت لە سەرۆکایەتی بخات لە ڕێگەی پەیوەندییەکانییەوە لەگەڵ کوتلەکەی نەتانیاهۆ خۆیەوە. تەنانەت ڕەنگە کۆتاییەکەی لە زیندان بێت. پێدەچێت حەماس چەکەکانی دابنێت و فەرماندە مەیدانییەکانی بەرەو جەزائیر یان تورکیا بڕۆن. بەڵام بەو دەستوبرد و خێراییەش نابێت. بەگشتی، گەیشتن بە لێکتێگەیشتنەکانی ئاگربەست هەروا ئاسان نییە، چونکە هەر لایەنێک بە لێکدانەوەکانی خۆیەوە پابەندە و مەرج و گەرەنتی زیاد دەکات. دەگوترێت، ئەوانەی پلانی ئاگربەست و دووبارە ئیدارەدانی کەرتی غەززەیان داڕشتووە، سوودیان لە ئەزموونەکانی پێشووی بۆسنە و تیمۆری خۆرهەڵات وەرگرتووە. یەکەم: چاوەڕواندەکرێت ناڕەزایەتییەکانی حەماس لەبارەی هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئیسرائیل دەبن بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر بەڕێوەی دەبردن، هەروەها ڕازی نەبێت تەنها بە وەرگرتنەوەی بارمتەکان پاشماوەی کوژراوەکان.  دووەم: ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لەوەی هیچ بەشدارییەکی مەدەنی نەبێت لە ئیدارەی کەرتی غەززەدا ڕەتبکرێتەوە و ئازارەکانی زیاتر دەبێت، چونکە پلانەکە داوای ڕادەستکردنی دەسەڵاتی فەلەستین دەکات خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان: شارەوانییەکان، تەندروستی، پەروەردە، دەسەڵاتی دادوەری، و ئاسایشی مەدەنی.  سێیەم: چۆنیەتی ئەو بەڵێنانەی کە بە بزووتنەوەی حەماس دەدرێن ڕوون نییە، لەوانەش کە ئیسرائیل لە ساڵانی داهاتوودا ڕەدووی هیچ ئەندامێکی حەماس ناکەوێت و پاکتاویان ناکات. ئەمەش ئەوەیە کە دەیان ساڵە ئیسرائیل کردوویەتی. ناتانیاهۆش ناڕەزایەتی خۆی هەیە. ڕێککەوتنەکە ڕێگەی لێدەگرێت لە کۆنترۆڵی غەززە، وەک بەڵێنی دابوو، و ڕێگری لە ئاوارەبوونی دانیشتووانی غەززە دەکات. تەنانەت ئەوانەی کە دەرچوونیان بە ئارەزووی خۆیان پێدراوە بە ڕوونی بە دەقێک لە پلانەکەی تۆنی بلێردا هاتووە کە ئەگەر بڕیار بدەن و بگەڕێنەوە ئەوا دەست بەسەر موڵک و ماڵی ئەواندا ناگیرێت.  جگە لەوەش ئیسرائیل پێی وایە تەواو تەنگی بە حەماس هەڵچنیوە و نزیکبووەتەوە لە حەشارگە و تونێلەکانی لە دوای دەستپێکردنی هێرشەوە بۆ سەر شاری غەززە، ئێستا دەبێت بوەستێت و بارمتەکان کە نزیکەی ٢٠٠٠ هەزار فەلەستینی دەبن، ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی ماونەتەوە لە ژێر دەستی حەماس، چ زیندوو و چ مردوو. ئەمەش ئەو سەرکەوتنە نییە کە ناتانیاهۆ پلانی بۆ دانابوو و ڕەنگە بە خراپ بەسەریدا بشکێتەوە.  هیوایەکی زۆر هەیە کە ئێمە شاهیدی کۆتایی جەنگەکە بین، تەنانەت بە بوونی جەمسەرە ڕەتکەرەوەکانیشدا چ لە بەرەی حەماس و چ لە بەرەی ناتانیاهۆ.

خەبات کوردە ‎مانگێک زیاترە بە بڕیارێک ناوی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا گۆڕاوە و دوێنێ یەکەم دیداری وەزیری جەنگ بیت هێگست و دوناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە بنکەیەکی هێزی دەریایی لە ولایەتی فێرجینا لە گەڵ زیاتر لە ۹٠٠ جەنەڕاڵی پلە بەرزی سوپای ئەمەریکادا کە چەندین ساڵە دیداری لەو شێوەیە ڕوینەداوە .!  ‎شایانی باسە تڕەمپ لە دیدارەکەیدا لە گەڵ ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بە دەستپشخەریەک و بە ۲۱ خاڵ لایەنگری خۆی بۆ وەستان و کۆتایی هێنان بە شەڕی غەزە دوپاتکردەوە و ئێستا بە پاڵپشتی تورکیا و قەتەڕ و میسڕ خەریکە شەڕ لە کەرتی غەزە بانگەوازی بۆ دەکرێ .! ‎ تڕەمپ لەو دیدارەیدا کە لە گەڵ جەنەڕاڵەکان ئەنجامیدا بە شانازیەوە ڕایگەیاند کە جیلی شەشەمی فڕۆکە تازە و پێشکەوتوەکانیان کە لە بی ۲ ڕاپتەردا خۆیان دەبیننەوە بە سەرکەوتوویی کەوتۆتە بواری خزمەتی سەربازییەوە . ‎ ئینجا پێدەچێ لە دوای ئەو کۆبونەوەیە کۆمەڵێ جەنەڕاڵ دوور بخرێنەوە و جەنەڕاڵی گەنج و شەڕکەری جەنگی تازە جێیان بگرنەوە و ڕاهێنان و مەشقی تازە و سەربازی زیاتر بخرێنە ناو ڕیزەکانی سوپاوە لە هەموو بوارەکانی سەربازیدا .  ‎ شەڕی سێ ساڵەی ئۆکرانیا و ڕوسیا ئەوەی سەلماند کە گۆڕانکاری گەورە دەبێ بکرێن و شێواز و پلانەکانیش بە چەکی تازە و بیری تازە ئەنجام بدرێن . بە تایبەتیش کە درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان جەنگی ئەلەکتڕۆنی لە هەموو بوارەکاندا خەریکە زۆرێک لە چەکەکان بێ کەڵک دەکات .  ‎ میزانیەی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا بۆ ساڵی داهاتوو لە ناو کۆنگرێس هەرای ناوەتەوە لە نێوان دیموکراتەکان و کۆماریەکان و خەریکە لە چەندین تڕلیۆن دۆلار تێدەپەڕێ ، هەر بۆیەش تڕەمپ دەڵێ پێویستە عەمبارەکانی سوپا زیاتر پڕ بکرێن ، بۆ نمونە پێنج ملیار دۆلاری تەنها بۆ کڕینی چەندین جۆری گولە تۆپ بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردوە . ‎  هەواڵەکان وا ڕادەگەیەنن کە بڕیارە فڕۆکە هەڵگرێکی ئەمەریکا بگاتە دەریای باڵتیک و لە نزیک کەناراوەکانی سوئێد و فینلەند لەنگەر بگرێ و هەر ئەمڕۆش دانەیەکی تر گەروی جەبەل تاریقی تێپەڕاند و بەرەو قوڵایی دەریای ناوەڕاست بە ڕێگاوەیە . ‎ بە پێی ئەوەی لایەکی کۆبونەوەی جەنەڕاڵەکان نهێنی بووە و زۆرێکیش لە چاودێران پێیان وابووە ئەو دیدارە بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئۆکڕانیا ڕێکخراوە ، بەڵام ئاژانسی تاسی ڕووسی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە بە پەلە بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بانگێشتی مۆسکۆ کراوە و ڕوسەکان بە بەرپرسە ئێرانیەکەیان ڕاگەیاندوە کە کۆبونەوەی ئەو جەنەڕاڵانە بۆ دوبارە لێدانەوەی ئێرانە . ‎ بە مەرجێ تڕەمپ لە کۆبونەوەکە ڕایگەیاند کە ئێران ڕازی بووە بچێتە ناو پەیماننامەی ئیبراهیمیەوە و هیچی تر دژایەتی بۆ ئیسڕائیل نیشان نەدا . ‎ لە تورکیاش دوای ئەوەی کە ئەردۆگان لە دیدارەکەی لە گەڵ تڕەمپ ڕیسوا کرا ، خێرا سوپا بەزیوەکەیان ڕەوانەی دەوروبەری حەڵەب کردۆتەوە و خودی ئەردۆگانیش کەوتۆتەوە دژایەتی ئیسڕائیل و خۆی بە لایەنگری غەزاویەکان لە قەڵەم دەدا و کوردان لە باکوریش بە برا ناوزەند دەکا و لە ڕۆژئاڤاش بە دوژمن هەژماریان دەکات . ‎ لە هەمانکاتیشدا دوای دەنگگۆی ڕازی نەبوونی تڕەمپ لە پێدان و فرۆشتنی چەک بە تورکیا ناڕەزاییەکی گەورە لە نێوان هاکان فیدان و کوڕ و زاواکەی ئەردۆگان سەریهەڵداوە بە هۆی فەشەل هێنانی فرۆشتن و دروست کردنی چەندین کەرەستەی سەربازی کە لە نێوانیاندا دڕۆن و فڕۆکەی جەنگی بوونی هەبووە و پێویست بووە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا کەرستەی ئەو عەقدانە دابین بکەن کە لە نێوان تورکیا و ئەندەنوسیا ئیمزا کراون و بای دەیان ملیار دۆلارن . ‎ بە بڕوای بەندە گەیشتنی هێزێکی زۆری بەرگری ئەمەریکا بۆ قەتەر و ناوچەکە بە گشتی سەرەتا کۆتایی هێنان دەبێ بۆ شکاندنی باڵەکانی ئێران لە یەمەن و عێڕاق و زەختێکیش دەبێ لە سەر ئێران و ڕوسیا بۆ چۆکدادان و ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگری کردن لە فرۆشتنی بە قاچاغی نەوت و غازی هەر یەکە لە ئێران و ڕوسیا و زەحمەتیشە ئەگەر ئێران چۆک دانەدات لێدانێکی سەربازی توند و خێرا بۆ خۆی مسۆگەر نەکات .