چی دەربارەی گرێبەستە 15 ساڵییەکەی ئیسرائیل و میسر دەزانی؟ ئامادەکردنی، هاوڵاتی. رۆژی 17ـی ئەم مانگە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە وەزیری وزەی لە تەنیشتەوە وەستا بوو لە کۆنفرانسیکدا رایگەیاند، گرێبەستێکمان لەگەڵ میسر بەبەهای 35 ملیار دۆلار بۆ هەناردەکردنی غاز واژۆ کردووە و ئێستا ساتێکی مێژووییە. گرێبەستەکە چۆنە؟ مێژووی رێکەوتنەکە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2019 کاتێک ئیسرائیل بڕی 60 ملیار مەتر چوارگۆشە غازی فرۆشت بە میسر بەڵام لە کۆتایی ئەمساڵ گرێبەستەکە گەورەتر کرا بۆ 130 ملیار مەتر چوارگۆشە و بە بڕی 35 ملیار دۆلار گرێبەستەکەش بۆ ماوەی 15 ساڵە بەگوێرەی زانیارییەکان ئیسرائیل نزیکەی 18 ملیار دۆلار قازانج دەکات و بۆ بواری تەندروستی و پەرەوەردە بەکاری دەهێنێت. میسر بۆ غازی ئیسرائیل دەکرێت؟ هەرچەندە میسر خاوەنی کێڵگەی زۆهرە کە لە ساڵی 2015وە غازی لێ دەردەکرێت بەڵام ئێستا رێژەی بەرهەمهێنانی لە ٪40 دابەزیوە و ناتوانرێت کارەبای پێویست بەرهەم بهینرێت هەروەئەوەش نا بەڵکو لە چەندین شوێنەوە بۆرییەکانی گواستنەوەی غاز توشی لێچوون و بوون و غازێکی زۆر بەفیرۆدەروات. بەڵام هەندێک لە شارەزایانی ئابووری و سیاسەت ئەم هەنگاوەی میسر بە سیاسی دەزانن و دەڵیت، ئەمریکا رۆڵی هەبوو لە گرێبەستەکەدا هەبووە چونکە دەیەوێت ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیر بێت وچونکە میسر دراوسێی ئیسرائیلە زیاتر لە 200 کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵی. و میسر رێگە خۆش دەکات بۆ چوونە نێو رێکەوتنی ئیراهیمی. بەڵام حکومەتی میسر ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵیت لەبەر چەند هۆکارێک بووە یەکەم: رێژەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی زۆهر لە ٪40 دابەزیووە کە دەکاتە نزیکەی ملیارێک. دووەم: میسر ژمارەی دانیشتووانی 110 ملیۆن کەسە، رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا دابەزیوە هەندێک جار رۆژی 6 بۆ 7 کاتژمێر دەتوانین کارەبا بدەین. سێیەم: نرخی کرێنی غاز لەڕێی بۆرییەوە هەرزانترە لە ئیسرائیل وەک لە وڵاتانی دیکە. چوارەم: ئیسرائیل خاوەنی پاڵاوگە نییە بۆ ئەوەی غاز بگۆرێت بۆ غازی شل، بەڵام ئێمە هەمانە. ئامانجی ئیسرائیل چییە؟ ئیسرائیل لەڕێی هەناردەکردنی غازە بۆ میسر چەند سودێک دەبینێ وەک ئەگەر میسر ئەو غازە بەکاربهێنیت یان نا دەبێت پارە هەر بدات بە ئیسرائیل. دیوێکی دیکەی بریتیە لە رێگری کردن لە قەتەر بۆ ناردنی غاز بۆ میسر چونکە قەتەر پێشتر نیازێکی وای هەبوو.
ئێران لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ژیان و ناسنامەی خێزانی قوباد تاڵەبانی دەیەوێت چی پەیامێک بگەیەنێت؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. درەنگی شەوی رابردوو ئاژانسی هەواڵیی میهر نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران راپۆرتێکی لەسەر پەیوەندی قوباد تاڵەبانی و هاوسەرەکەی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بڵاوکردەوە و شێری هاوسەری قوباد تاڵەبانی بە سیخوڕی مۆساد ناودەبات. مانشێتی راپۆرتەکە دەڵێت، "چیرۆکی دزەکردنی مۆساد بۆ نێو سلێمانی، هاوسەرە جووەکەی قوباد تاڵەبانی کێیە؟ سەرەتای راپۆرتەکە لەزاری سەرچاوەیەکی عێراقییەوە باسی سەردەمی پێش رووخانی حکومەتەکەی سەدام حسێن دەکات و دەڵێت: لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانی مۆساد، پێش ڕووخانی رژێمی سەدام حوسێن، ئیسرائیل لەقوبادی کوڕە بچووکەکەی جەلال تاڵەبانی نزیک بووەتەوە، کە لەئەمریکا خەریکی خوێندن بووە و توانیویەتی بەژنێکی جووی بناسێنێت بەناوی "شێری گراهام". شێری بەرپرسی دۆسیەی عێراق بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و چەند ساڵێکیش لە قوباد تاڵەبانی گەورەترە. لەو کاتەدا باوکی شێری جوویەکی بەناوبانگ بووە لە ئەمریکا لۆبی بۆ گرووپێکی ئیسرائیل کردووە بە ناوی ئەیپاک کە گەورەترین گروپی لۆبیی ئیسرائیلە لە ئەمریکا. بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەرچەندە شێری چەند ساڵیک لە قوباد تاڵەبانی گەورەترە، بەڵام لەڕێی مۆسادەوە داوای لێکراوە بە هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ شێری رازییببێت و ئەوانێش لەڕێی خەزوری و ئەیپاکەوە رۆڵیان هەبێت لە عێراقی نوێدا. میهر دەڵێت: قوباد تاڵەبانی دوای رازیبوونی بە هاوسەرگیرییەکە، بەرێنمایی مۆساد قوباد تاڵەبانی و شێری گەڕاونەتەوە بۆ عێراق، بەڵام لەبەرئەوەی شێری حەزی لە سلێمانی نەبووە و بە شوێن پێگەی ئێرانی زانیوە ماڵیان بردووەتە هەولێر. ئاژانسە ئێرانییە دەڵێت، بە هەوڵی نهێنی مۆساد و ئەیپاک قوباد تالەبانی کراوە بە جێگریی سەرۆکوەزیران، شێریش لە کوردستان بەردەوام بووە لەو ئەرکەی مۆساد پێیسپاردووە ورێکخراوێکی بەناوی ‘SEED’ دامەزراندوو. بەگوێرەی راپۆرتەکە، شێری کاری لەسەر پلانێک کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل بە دامەزراندنی چەند رێکخراوێکی هاوکاری مرۆیی و مافی مرۆڤ، ئەم رێکخراوانەش کاری سەرەکییان لەبارەی هاورەگەزخواز، فێمینیزم، توندوتیژی دژی ژنان و چەندین بابەتی دیکە بووە. مێهری ئێرانی هەر بەوەندەشەوە ناوەستێت و باسی منداڵەکانیان دەکات و دەڵێت، قوباد و شێری خاوەنی دوو منداڵن، کە کوڕ و کچێکن، مادەم دایکیان جووە کەوایە نەوەکانی مام جەلالیش جوون. لەبارەی ناکۆکییەکانی قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی برا گەورەی ئاژانسی میهر دەڵێت: بافڵ تاڵەبانی رێگرە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی مۆساد لە ناوچەکە بۆیە مۆساد دەیەوێت شوێنی بافڵ تاڵەبانی بە قوبادی برا پڕ بکاتەوە تاوەکو سلێمانی بکەوێتە ژێر دەستی ئیسرایل، ئەمەش بەشێوەیەکی کارا سلێمانی و زۆنی سەوزی بەغداد پێشکەشی ئیسرائیل دەکات کە دوو ناوچەی ئەمنی گرنگ و حەوشەی پشتەوەن بۆ ئێران. ئاژانسی میهر سەرەتا ئەم هەڵمەتەی دەستپێکرد و دواتریش هەمان بابەت لە چەند میدیایەکی دیکەی ئێران بڵاوبوویەوە و دەگوترێت، بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە فشار لە قوباد تاڵەبانی بکرێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەرنەگرێت، چونکە بەپێی زانیارییەکان بافڵ تاڵەبانی لە سەردانەکەی بەغدای پێشنیازی کاندیدکردنی قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردووە، ئێرانیش دەیەوێت لەم رێیەوە ئەو پەیامە بگەیەنێت کە قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستەکە ناشێت چونکە خێزانەکەی جووە.
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە باس لەوە دەکەن بەغدا دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی کۆمکاری عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا پێگەیشتووە. دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-12-2025، رایگەیاند: "رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە رێکەوتی 20ی کانوونی یەکەمی 2025، راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە حکومەتی عێراق دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە لەبارەی نزیکبوونەوەی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر عێراق پێگەیشتووە." دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق نێوەڕۆکی رۆژنامە سعودییەکەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت: "حکومەتی عێراق هیچ نامەیەکی لەو شێوەیەی پێنەگەیشتووە." داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات "وردبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە هەیە." دوێنێ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، "له دوو هەفتەی رابردوودا حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان دوو پەیامی هۆشداریی نائاساییان له دەوڵەتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگری رۆژئاواییەوه بەدەست گەیشتووە، كە زانیاریی جیدییان لەخۆگرتووە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی وەشاندنی گورزی سەربازی فراوان لە عێراق." بە گوێرەی راپۆرتەکە بەرپرسێکی عێراقی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "وڵاتێکی دۆست بەغدای لە ناوەرۆكی ئەو هەڕەشەیە ئاگادار کردووەتەوە، پێش ئەوەی میلیشیا شعییەكان سازش بكەن و بڕیاری دانانی چەك بدەن." رۆژنامەكە نووسیویەتی: "هێرشەکان دامودەزگا حکومییەکانی پەیوەست بە گرووپە شیعەکان و حەشدی شەعبی دەکردە ئامانج، هەروەها ئەو کەسایەتیانەی کە هەژموونی دارایی و سەربازییان هەیە، هەروەها شوێن و کۆگاکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک و کەمپەکانی مەشقکردن، واش لێكدەدرێتەوە كە ئەم دوو پەیامە راگەیاندنی دانانی چەكی ئەو گرووپانەی خێراتر کردبێت." سەرچاوەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە: "دوای گەیشتنی پەیامە عەرەبیەكە، بەرپرسانی حکومی دۆسییەكی زەبەلاحیان لە دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواوە پێگەیشتووە کە لیستێكی ئامادەکراو بووە لەلایەن دەزگایەكی ئەمنی ئیسرائیلی و زانیاریی فراوان و وردی لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی عێراقی تێدابووە ، بەجۆرێك قەبارە و وردی و گشتگیری زانیارییەکان بەرپرسانی عێراقی سەرسام کردووە."
واشنتن هەڕەشە دەکات و دەڵێت بەردەوام دەبین ئامادەکردنی هاوڵاتی کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی 20ـی 12ـی 2025ـە، چەند فڕۆکەیەکی ئێف-15، ئەی-10 و هەلیکۆپتەری ئەپاچی ئەمریکا بەرێدەکەون بەرەو سێ ناوچەی سوریا. لەماوەیەکی کەمدا بۆردومانێکی سەخت دەکەن و دەگەڕێنەوە پێگەکانی خۆیان. ئەمە ئەو ئۆپەراسیۆنە بوو ئەمریکا دژی موڵگەکانی داعش لە سوریا ئەنجامیدا و ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، بەهاوبەشی لەگەل ئوردن 70 پێگە و ژێرخانی داعشیان بەئامانجگرت. ئەو ناوچانەی بەئامانجگیران لەنزیکی شاری دێرەزوور، حومس و رەققە بوون. هێرشەکان لە تۆڵەی کوژرانی ئەو دوو سەربازە ئەمریکییە و وەرگێڕەکەی سوپای ئەمریکا بوو کە هەفتەی رابردوو بەدەستی چەکدارێکی داعش کوژران. پێشتر سوریا دانی بەوەدا نا ئەو چەکدارە لە ریزەکانی هێزەکانی ئاسایشی گشتیی سوریا بووە و ئاژانسی فرانس پرێسیش لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە گوتی، ئەو چەکدارە ماوەی 10 مانگە لە ریزەکانی ئاسایشی گشتیی سوریا دامەزراوە. هێرشەکەی ئەمریکا هێشتا تەواو نەبووبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیامێکی تووندی نارد و هەڕەشەی کرد. ترەمپ گوتی: لەئێستادا تۆڵەیەکی تووند لەوانە دەکەینەوە کە بەرپرسیارن بەرامبەر کوشتنی سەربازەکانمان، هەموو ئەو تیرۆریستانەی بوێری ئەوەیان هەیە هێرشبکەنە سەر ئەمریکا ئەم هۆشدارییەیان پێدەدەم: بەتووندتر لێتان دەدەین بەراورد بە هێرشەکانی پێشوومان ئەگەر بە هەرجۆرێک لە جۆرەکان هەڕەشە بکەن یان هێرشبکەنە سەر سەربازانی ئەمریکا. ترەمپ ئەوەیشی گوت کە هێرشەکە بە ئاگاداری حکومەتی سوریا بووە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، پاڵپشتی تەواوی بۆردومانەکەی کردووە. پێگەی ئاکسیۆس ئاشکرایکرد، پێش بۆردومانەکە واشنتن ئیسرائیلی لە ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادارکردووەتەوە. پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکاش قسەی خۆی هەبوو. هێگسس لە راگەیاندراوێکدا گوتی، ئامانج لە بۆردومانەکە لەناوبردنی چەکدارانی داعش، ژێرخان و پێگەی چەکەکانی گرووپەکە بوون. وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی: ئەمە دەستپێکی جەنگ نییە، بەڵکو راگەیاندنی تۆڵەیە، ئەمڕۆ دوژمنەکانمان ڕاوکردن و بەشێکی زۆریان بەدەستی ئێمە کوژران، بەردەوامیش دەبین. بەهۆی ئەوەی هێرشەکە لە بەشێک لە ناوچەکانی نزیک لە دەسەڵاتی هەسەدە ئەنجامدران، فەرماندەیی هەسەدە ستایشی ئۆپەراسیۆنەکەی کرد و لە راگەیاندراوێکدا گوتی: ئەم پشتگیرییە بەردەوامە ئاسمانییە هۆکارێکی یەكلاكەرەوەیە بۆ رێگریکردن لە داعش بۆ ئەوەی نەتوانێت دووبارە شانەكانی رێکبخاتەوە و چالاکییە تێکدەرەکانی دەستپێبکاتەوە.
ئەمریکا هۆشداریداوە و مارک ساڤایاش هەڕەشە دەکات واشنتن دەستی بە جموجوڵی نوێ کردووە بۆ جڵەوکردنی ئەو میلیشیایانە ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەمجارە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر میلیشیاکانی ئێران لە عێراق جیاوازە و بەراوشکاوی بە بەرپرسانی بەغدای گوتووە، رازی نابن ئەو میلیشیایانە هیچ دەسەڵاتێکیان هەبێت، ئەگەر نا هەموو بژاردەیەکیان لەبەردەمدا کراوەیە و هێرشی ئاسمانیش یەکێک دەبێت لەو بژاردانە. واشنتن لە هەوڵی ئەوەدایە حکومەتی داهاتووی عێراق بەبێ دەستوەردان و هەژموونی ئەو میلیشیایانە پێکبێت. رۆژنامەی عەرەبی جەدید دەڵێت، واشنتن کۆمەڵە سزایەکی تووندی ئامادەکردووە و لیستێکی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە کە ناوی کۆمەڵێک کەسی بەناوبانگی تێدایە کە ئێستا پەرلەمانتاران و نزیکن لە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران. فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، هەمان شتی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی حەدەس پستڕاستکردەوە و گوتی، لایەنی ئەمەریکی لیستی ناوی ژمارەیەک کەسایەتی و گروپە چەکدارەکانی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە و واشنتن لەسەر ئەو ناوانە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات، بەڵکو بەپێی سیاسەت و یاساکانی خۆی مامەڵە دەکات. پێش هەڵبژاردنی عێراق، پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستانەوە بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی هۆشداری بە بەغدا داوە بەهیچ جۆرێک دان بە حکومەتی نوێی عێراقدا نانێت ئەگەر تەنها یەک وەزارەتیش بدرێت بە میلیشیاکانی ئێران. مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق، بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ باسی لەمە کرد و پەیامێکی تووندی ئاراستەی سەرکردە باڵاکانی عێراق کرد کە نەکەن بەهیچ شێوەیەک حکومەتی داهاتووی عێراق رادەستی میلیشیاکانی ئێران بکەن. لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، مارک ساڤایا لە تۆڕی ئێکس نووسی: هیچ دەوڵەتێک سەرکەوتوو نابێت لەکاتێکدا گرووپە چەکدارەکان بەربەرەکانێی حکومەت بکەن و لە دەسەڵاتی دەربچن. مارک ساڤایا بەراشکاوی پەیامی بۆ سەرکردە عێراقییەکان نارد و گوتی: بڕیاری داهاتووی عێراق لەدەست خۆتانە و ئێوە بڕیار دەدەن وڵاتەکە بەرەو سەروەری هەنگاو بنێت یان بگەڕێتەوە بۆ پەرتبوون و لاوازی. ئەگەر بڕیارێکی دروست و عاقڵانە بدەن ئەوا عێراق پێگەیەکی سەقامگیر و رێزلێگیراوی لەنێو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بەڵام ئەگەر وانەکەن رووبەڕووی داخزانی ئابووری، شپرزەیی سیاسیی و پەراوێزبوونی نێودەوڵەتی دەبنەوە. میلیشیاکانی عێراق لە مارک ساڤایا تووڕەن و بە "خیانەتکار" ناویدەبەن. لەم هەفتەیەدا ئەبو عەلی عەسکەری، گوتەبێژی کەتائیبی حزبوڵا هۆشداری بە سیاسەتمەدارانی عێراقدا کە مامەڵە لەگەڵ "ساڤایای خیانەتکار" نەکەن، ئەگەر نا خەڵک وەک داردەستە و ئامرازی ئەمریکا سەیرتان دەکەن. گرووپەکە پێشتریش هەڕەشەی ناردنەوەی ساڤایای بۆ ئەمریکا کردووە. هەر ئەمەش نییە، ئەکرەم ئەلکەعبی، سەرۆکی حەرەکاتی نوجەبا لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەڕەشەی لە سیاسەتمەداران کرد و گوتی: ئەگەر ساڤایا بێدەنگ نەکەن، خۆمان دێین و بەردێک دەخزێنینە ناو دەمی. پێشتر پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، تووندترین هەڕەشەی لە حکومەتی عێراق کرد و گوتی: هەر دەستوەردانێکی گرووپە میلیشیاکان لە کاروبارەکانی ئەمریکادا، وەڵامەکەی هێرشی تووند دەبێت و ئێستا ئەو گرووپانە لەبن دەستماندان. هێگسس لە پەیوەندییەکی تەلەفونی 11 خولەکیدا ئەمەی بە هاوتا عێراقییەکەی گوت و لە کۆتە قسەشیدا گوتوویەتی: ئەمە دواین ئاگادارکردنەوەیە و خۆت باش دەزانیت ئیدارەی ئێستای ئەمریکا وەڵامی چۆن دەبێت.
ڤلادمیر پوتین رێگری چی لێدەکات؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی زیاتر لە ساڵێک تێپەڕدەبێت بەسەر کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد. هەرچەندە زانیارییەکان لەبارەی ژیانی لە دەرەوەی وڵات کەمن، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئێستا لە گەڕەکی روبلیڤکای مۆسکۆ دەژی کە گەڕەکێکی بەناوبانگ و گرانبەهایە لە رووسیا. بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، ئێستا ئەسەد سەرقاڵی فێربوونی زمانی رووسییە و گەڕاوەتەوە بۆ کاری پزیشکی لە بواری چاو و کێشەکانی بینین، ئەمەش وەک خولیایەکی لەمێژینەی خۆی نەوەک وەک پیشە و کارکردن. گاردیان دەڵێت، ئەسما ئەسەدی خێزانی ئەسەد نەخۆشی شێرپەنجەی تێپەڕاندووە و چاکبووەتەوە، ئێستا ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێدەکات. بەگوێرەی راپۆرتەکە، منداڵەکانی بەشار ئەسەد هەر لە مۆسکۆ دەژین، بەڵام هەندێکجار سەردانی ئیمارات دەکەن و لە هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتی مانەوەی یەکجارین، چونکە کێشەی فێربوونی زمانی رووسییان هەیە. هەرچەندە ئەسەد ماوەی ساڵێکە بێدەنگە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی گاردیان، کە لە سەرچاوەیەکی کۆشکی کریملنەوە وەریگرتووە، ئێستا پوتین زۆر حەز بە دیداری بەشار نەکات چونکە هیچ رۆڵ و پێگەیەکی لە سوریا نەماوە، بۆیە سەرۆکی روسیا لێدوان و چالاکی سیاسی لەنێو وڵاتەکەی لێ قەدەغەکردووە. بەشار ئەسەد لە مانگی رابردوو ویستوویەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تی رووسی و بەشداریی پۆدکاستێکی ئەمریکیدا بکات، بۆ ئەمەش داوای مۆڵەتی لە کریملن کردووە، بەڵام بە زوویی داواکەیان رەتکردووەتەوە و رێگەیان نەداوە. سەرچاوەکەی کۆشکی کریملن دەڵێت: بەشار دەتوانێت لێرە بژی، بەڵام دەبێت چالاکی سیاسی نەکات. سەبارەت بە خەرجییەکانیشی دەڵێت: ئەسەد بە ماوەیەک پێش جێهێشتنی سوریا بەشێکی زۆری سامانەکەی رەوانەی روسیا کردووە و ئێستاش هەندێک هاوڕێی پارەی بۆ دەنێرن. پێشتر لە راپۆرتیکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکراکرا بەشار ئەسەد و خێزانەکەی خاوەنی یەک بۆ دوو ملیار دۆلارن، بەڵام میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن ئەوە بەشێکی کەمی سامانەکەیەتی و بڕە راستەقینەکە دەگاتە 22 ملیار دۆلار. رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی ساڵێک لەمەوبەر و لەدوای رووخانی رژێمەکەی ئەسەد ئاشکرایکرد، بە تەنها لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2019 بەشار ئەسەد 250 ملیۆن دۆلاری بۆ مۆسکۆ گواستووەتەوە.
ئارام ڕەفعەت دوێنێ کەسێکی دیاری ناو باندەکانی جۆلانی هێرشێکی چەکداری کردە سەر شاندێکی سوپای ئەمریکا لە بنکەی تەدمر. شاندە ئەمریکییەکە بۆ هەماهەنگی کردن لە شەڕی دژی تیرۆر و داعش لەگەڵ هاوتاکانیان لە باندەکانی ناو وەزارەتی بەرگری جۆلانی هاتبوون بۆ تەدمر. ئەمریکییەکان بێ خەیاڵ لەوەی، جیاوازی نێوان جۆلانی و داعش وەک جیاوازی نێوان توتە و برای توتەیە و سەرەنجام لەلایەن کەسێکی نزیک لە ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی باندەکەی جۆلانی خەڵتانی خوێن کران. ١٠ ساڵ زیاترە و بە سەدان و هەزاران کەس لە سوپای ئەمریکی لە شار و دێهات و گوندەوارەکانی رۆژاڤا شان بەشانی شەڕڤانان دەسوڕێنەوە. ئەمریکییەکان بۆ دە ساڵ دەچێت بە شەو و بە رۆژ هەر لە شەڕی دەستەویەخە و سەنگەر و گۆڕەپانەکانی راهێنانەوە تا هۆڵی کۆبوونەوە و ئاهەنگەکان و لە سەر جادە و شەقام و کۆڵانەکان سەریان تەسلیمی شەڕڤانانی کورد کردووە. لەم دە ساڵەدا تاکە سەربازێکی ئەمریکی نەک پەنجەیەک، نینۆکێکیشی بە خوێندا نەهاتووە. بەڵام لەگەڵ یەکەم ئەزموونی مەیدانیان لەگەڵ باندەکانی جۆلانی خیانەتیان لێکرا و حیزفرسەتانە خەڵتانی خوێن کران. سەرەڕای ئەوەش، هەموو کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی هەر لە ترەمپ و ئەردۆغان و بن سەلمانەوە تا دوا سەرۆک و پادشای دەغەڵی ئەم سەردەمە… هەر لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تا فاشیسترین و خوێناوی ترین رێخراوی عاڕەبی و تورکەکان، داوا دەکەن شەڕڤانان چارەنوسی خۆیان بە تاک یان بەکۆ بدەنە دەست جۆلانی و بچنە ژێر فەرمانی خۆی و باندەکانیەوە. هەر ئەوە نا… باندەکانی جۆلانی، دە ساڵ زیاترە دەبڕن، دەکوژن و تیرۆر لە هەرە دیوە وەحشیانەکەیەوە ئەنجام دەدەن. لەم بڕین و کوشتنەدا جیاوازیان لە نێوان چەکدار و بێچەک، سەرباز و مەدەنی، ژن و پیاو، مناڵ و پیر نەکردووە، هەر کەسێک سەر بە فیرقە خوێناویەکەی جۆلانی نەبووبێ بێڕەحمانە قەتڵ و عام و تیرۆر کراوە. قەتڵ و عام و تیرۆرێکی هێندە بەرفراوان کە کۆمەڵگای نێودەوڵەی ناچار کرد تا زۆربەیان، بە خودی جۆلانیشەوە بخەنە ناو لیستی تیرۆرەوە. تا ئێستاش زۆربەی باندەکانی جۆلانی لەلیستی تیرۆر دان، لەوانەش ئەبو عەمشە و ئەبوو شەقرا، کە دوو لە چەتەکانی سەر بە ئەردۆغان کە ئێستا فەرماندەی فیرقەن لای جۆلانی. تەنانەت هێشتا خەڵاتی ١٠ ملیۆن دۆلار بەرامبەر کەللەی خودی جۆلانی هەر لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکیەکانە. لەبەرامبەردا… شەڕڤانانی کورد، بەسەرکردایەتی ژەنەڕاڵ مزڵوم عەبدی و بە ١٥ هەزار شەهیدەوە بۆ پاراستنی گەلەکەیان و ئینجا مرۆڤایەتی، رووبەڕووی وەیشومەی داعش بوونەوە و کۆتاییان بەو ئەفسانە دۆزەخیەی سەدەی ٢١ هێنا. بەر لە کۆتایی هێنانی لەسەر دەستی شەڕڤانان، داعش ئەو وەیشومەیە بوو کە سوپای هەردوو کیانە فاشی و دەسکردەکەی سوریا و عێڕاقی وەک لێمشتی باران رادەماڵی و گەییشتبووە کەنار شارەکانی دیمەشق و بەغدا. کەچی وڵاتان و نەتەوەکان و سەرۆکەکانی ئەم سیستەمە ناڕەوا و بەراواژووە جیهانییە، مەزڵوم عەبدیان لەبیر کرد و جۆلانیش خەڵات دەکەن. ئەوەی ژەنەڕاڵ مەزڵوم و جۆلانی تیرۆریست لێک جیا دەکاتەوە ئەو قاوغەیە کە پێی دەڵێن دەوڵەت. مەزڵوم کوڕی نەتەوەیەکی ژێردەستە و بێدەوڵەتە و جۆلانیش تاکێکی دەوڵەتیە، با ئەو دەوڵەتە کیانێکی دەسکرد و فاشی و فاشیلی وەک سوریاش بێت. لێرەدا مەزڵوم عەبدی لە دۆخێکدا نوێنەرایەتی نەتەوەیەکی سی تا چل ملیۆنی دەکات، کە دەکرێت بە دۆخی نەفرەتی، روونتر بڵێم “نەفرەتی کوردبوون” پێناسە بکرێت. کورد لەم دۆخە نەفرەتییەیدا لە رەشپێستە ئەفریقیەکان لە ناو میتۆلۆژیای ئایینە ئیبڕاهیمییەکان دەچێت. بەگوێرەی ئەو میتۆلۆژیایە، حەزرەتی نوح نەفرەتی لە نەوەکانی هام و کەنعان کردووە کە نەوە و وەچەکانیان گوایە رەشپێستە ئەفریقیەکانن. ئەم نەفرەت کردنە بووە سەرەتایەک بۆ هەزاران ساڵ کۆیلەکردنی رەشپێستە ئەفریقیەکان و کڕین و فرۆشتن پێیان. رەشپێستە ئەفریقیەکان لەسەدەی بیستەمدا دۆخی نەفرەتیان تێپەڕاند. بەتایبەتی دوای جاڕنامەی مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنوس، ئەوان بوونە خاوەنی دەوڵەت. هەرچەند کاریگەری هەزاران ساڵەی کۆیلەبوونیان هێشتا لەدەست و پێوەندا ماوەتەوە، بەڵام ئەوان چیتر نەوەی هام و کەنعانی نەفرەت لێکراو نین، ئیتر ئەوان کۆمەڵێک نەتەوە و وڵاتی ئازادن… ئەوەی لەو سەردەمەدا وەک تاکە نەتەوەی نەفرەت لێکراو ماوەتەوە کوردە، مەزڵوم عەبدی و شەڕڤانانی رۆژاڤاش باجی ئەو نەفرەتە دەدەن، نەفرەتی کورد بوون.
هەمووان ستایشی دەکەن و بووەتە سەردێڕی میدیا جیهانییەکان ئامادەکردنی هاوڵاتی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە کاتژمیر 6:47 خولەک بە کاتی ئوسترالیا و کاتژمێر 10:47ـی خولەکی بەیانی بە کاتی کوردستان، دوو چەکدار، کە باوک و کوڕن، هێرشیان کردەسەر فێستیڤاڵێکی ساڵانەی جووەکان لە کەناراوی بۆندی لە شاری سیدنی ئوسترالیا. لە رووداوەکەدا 15 کەس کوژران و چەندانی دیکەش بریندار بوون. یەکێک لە چەکدارەکان بەناوی ساجید ئەکرەم کوژرا و کورەکەی بەناوی نەڤید ئەکرەم بریندارە. ئەمە رووداوەکە بوو، بەڵام ئەوەی چاوی میدیا جیهانییەکانی چووەتە سەر بوێری پیاوێکی سوری موسڵمانە، بەناوی ئەحمەد ئەلحمەد. لە کاتێکدا دوو چەکدارەکە چەند جووەیەکیان کوشتووە و بە تەقەوە هەوڵی دوورکەوتنەوە لە شوێنەکە دەدەن، بەڵام ئەحمەد لە پشتی ئۆتۆمبێلێکەوە خۆی شاردووەتەوە و لە پڕێکدا پەلاماری یەکێک لە تەقەرەکان دەدات کە پێدەچێت ساجد ئەکرەم بێت و چەکی دەکات. هەرچەندە ئەحمەد بریندار دەبێت و دەگوزارێتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئەو دیمەنە میدیاکانی ئوسترالیا و جیهانی تەنی، بەجۆرێک بەرپرسانی وڵات و تەنانەت بنیامین نەتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپیش ستایشی رۆڵەکەیان کرد. کریس ماینس، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی نیو ساوز وەیڵز دەڵێت: هەتا ئێستا شتی وام نەدیوە، پیاوێک ژیانی خۆی بخاتەوە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ژیانی چەندەها کەسی دیکە رزگار بکات، بۆیە دەڵیم ئەحمەد پاڵەوانە. ترەمپیش لەسەر رووداوەکە قسەی کرد و گوتی: ئەوە کارێکی رەگەزپەرستییە دژی جووەکان و لەبارەی ئەحمەدیش گوتی: کەسێکی زۆر ئازایە و ژیانی چەندین کەسی لە مردن رزگارکرد، ئێستا دۆخی تەندروستی باش نییە بەڵام من رێزێکی زۆرم بۆی هەیە. نەتانیاهۆش لەبارەی ئەحمەدەوە دەڵێت: ئەو کارە ئازایانەیەمان لەو پیاوە موسڵمانە بینی و رێگریی لە کوشتنی چەندین جووی بێتاوان کرد، من سڵاوی بۆ دەنێرم. ئەحمەد تەمەنی 43 ساڵە، خاوەنی دوکانێکی فرۆشتنی سەوزە و میوەیە لە سیدنی و دوو منداڵیشی هەیە. بەگوتەی ئامۆزایەکی، ئەحمەد فیشەک بەر قۆڵ و دەستی کەوتووە و دۆخی تەندروستی جێگیر نییە، نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە و پێویستی بە دوو نەشتەرگەری دیکەیە. ئەحمەد لەگەڵ هاوڕێیەکەی خەریکی قاوە خواردنەوە بووە کاتێک گوێی لە تەقە بووە. باوک و دایکی دەڵێن، کوڕەکەیان پاڵەوانە و بیری لەوە نەکردووەتەوە ئەو کەسانەی رزگاری دەکات چ ئایینێکیان هەیە. دەشڵێن، کوڕەکەمان جیاکاری لەنێوان نەتەوە جیاوازەکانیشدا ناکات.
ئەرکەکانی چی دەبێت و کەی دەستبەکاردەبێت؟ ئامادەکردنی، هاوڵاتی. رۆژی 12ـی ئەم مانگە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێریی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکراوە. پۆستەکە ماوەی 10 ساڵە لەلایەن فلیپۆ گراندی ئیتاڵییەوە بەڕێوەدەبرێت. نەتەوەیەگرتووەکان لە هەوڵی هێنانە پێشەوەی کەسێکی نوێ بوو، بۆیە دوای بەدواداچوونی ورد سکرتێری گشتیی بریاری لەسەر دکتۆر بەرهەم ساڵح داوە، بەڵام شێوازی دەستنیشانکردنی جیاواز بووە لە کاندیدەکانی پێشوو. پرۆسەی هەڵبژاردنەکە چۆن بوو؟ بەشێوەیەکی ئاسایی سەرەتا سکرتێری گشتیی نەتەوەیەگرتووەکان ناوێک پێشنیاز دەکات، دواتر ناوەکە لە لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆمسیارانی باڵای پەنابەرانی رێکخراوەکە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پاشان دەنێردرێت بۆ کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت. بەگوێرەی بەدواچوونەکانی هاوڵاتی و لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە د.بەرهەم، ئەو کۆبوونەوەیە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەنجامدراوە و بڕیار لەوە دراوە پۆستەکە بدرێتە د. بەرهەم ساڵح. بڕیارە لە رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو پۆستەکە وەربگرێت و دەستبەکاربێت، بەڵام بۆ ئەوەی پۆستەکەی بەفەرمی بکرێت مانگی سێی ساڵی داهاتوو کۆبوونەوەکی دیکە دەکرێت بەمەبەستی دەنگدان لەسەر بەربژێرکردنی. بۆچی بەرهەم ساڵح دەستیشانکرا؟ نەتەوەیەکگرتووەکان چەند مەرجێکی هەیە بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆکی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران، ئەوانیش دەبێت کاندیدەکە ئەزموونی لە بواری پەنابەریدا هەبێت. د.بەرهەم ئەزموونێکی زۆری لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی ئاوارەکان هەیە، بە تایبەتی ئاوارەکانی ئێزدی و موسڵ لەو کاتەی سەرۆککۆماری عێراق بوو. بەشێکی دیکەی هۆکاری دەستنیشانکردنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە ماوەیەی لە دەرەوەی وڵات بووە و ئەزموونی پەنابەری وەک خوێندکارێک لە دەرەوەی وڵات کردووە. پۆستی سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و کۆچبەرانە لە هەموو جیهاندا و ئەم ئەرکە سەرەکییانەی هەیە: پاراستنی مافی پەنابەران لەو وڵاتانەی تێیدا کۆچبەرن یان ئاوارەبوون، چارەسەرکردنی کێشە یاساییەکانیان، دابەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بەسەریاندا، یارمەتییدانی مادی و جێگیرکردنی باری داراییان، هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت و رێکخراوە جیهانییەکان، بەڕێوەبردنی هەڵمەتی زەبەلاح بۆ کاری مرۆڤدۆستی و هاوکاریکردنی کەسانی پەنابەر، لەگەڵ چەندین ئەرکی دیکەدا.
ڕابون مەعروف ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی پێشو، لە گەرمەی جەنگی ناوخۆ، هەولێر شارێکی هیلاك و شەکەت و ماندو بو. لە روی کۆمەڵایەتی و شێوازی ژیانەوە، پارێزگار و جۆرێك داخراو بو. ئیسلامیە توندڕەوەکان، ئەو شارەیان کردبوە مۆڵگە و لەوێوە ئایدیای توندڕەویی و تیرۆریان بە کوردستانا بڵاودەکردەوە. چەندان کەس “مامۆستای زانکۆ، ئەکتیڤیستی چەپ، مژدەبەریی مەسیحی و .. تد” لەسەر ڕا و بۆچون تیرۆرکران. من ئەو سەردەم ئەکتیڤیست و قوتابی، زانکۆ بوم. ئێمەمانان قەلەقی ئەوە بوین، هەولێر بگۆڕێت بۆ شوێنێکی وەك کابوڵ. زنجیرەیەك چالاکی و خۆپیشاندانمان کرد، کە ناونیشانیی سەرەکی ئەمە بو: هەولێر مەکەن بە کابوڵ، کوردستان مەکەن بە ئەفغانستان. لە یەکێك لە خۆپیشاندانەکان، ئاسایشی یەکێتی، لەسەر ئەوەی خۆپیشاندانمان کرد کە کوردستان نەبێت بە ئەفغانستان، دەستگیریان کردم و ١٧ رۆژ لە زیندانی ئاسایش زیندانیان کردم. ئەو سەردەم، سلێمانیی سەرچاوەی ئومێد و گەشبینیی بو. بە پێچەوانەی هەولێرەوە، سلێمانی شارێکی کراوەتر و لەخۆگرتر بو. لە هەمو عێراق و کوردستان و ناوچەکە، سلێمانی بەوە بە ناوبانگ بو، کە شارێکی سرك و کراوە و شارستانی ئەوتۆیە، کە دەتوانێت ببێت بە داینەمۆی گۆڕانکاریی مەزن و سەرمەشقی بردنی کوردستان بەرەو شارستانێتی مۆدێرن و هاوچەرخ. جێگەی داخە، لە پرۆسەیەکی لەسەر خۆ، لەبری ئەوەی هەولێر و سلێمانی و هەمو کوردستان، پێکەوە، هەڵکشێن بەرەو شێوازیی ژیان و بەهاکانی جیهانی مۆدێرن، بە پێچەوانەوە، سلێمانیی و هەولێر جێگەیان گۆڕییەوە! ئیتر سلێمانیی کراوەتە مۆڵگەی تیرۆریی فیکریی و ئیرهابیی ئاینیی. ئەو ئیرهاب و تیرۆرە فیکریەی لە سلێمانیی رێگەی پێدەدرێت و پشتیوانیی دەکرێت و پارێزگاریی لێدەکرێت، تەنانەت لە ئەفغانستانیش رێگەپێدراو نیە. تەنها دیقەت بدەن، لە ئەفغانستان، کە دواکەوتوترین وڵاتی جیهانە، حکومەتەکەی بزوتنەوەی طاڵیبان، بۆ رێگریی لە فەوزا و پشێویی ئاینیی، کتێبی (كتاب التوحيد) ی “محمد بن عبدالوهاب” ی قەدەغە کردوە. بەڵام ئەو کتێبە ترسناکە کە پڕە لە لوغم و تیرۆر و رق و کیراهیەت، لە سلێمانی وەك کۆرس و وانە و بە ڤیدیۆ و لە مزگەوتەکان دەوترێتەوە. وڵات و شارەکان، بەرهەمیی روئیا و ئاسۆی سیاسیین. پێناچێت، حاکم و دەسەڵاتدارانی سلێمانیی هیچ دیدەگایەکیان هەبێت و خۆیان و شار و وڵاتیان داوەتە دەست قەدەر. نابێت، هیچیتر ناوچەگەرێتی و شارچێتی و حیزبگەرایی، بێدەنگی و پشتگوێخستن زاڵ بکات. چونکە ئیتر لە سلێمانیەوە، تیرۆر و توندڕەوی نەك هەر بە سەرتاسەری کوردستانا بڵاودەکريتەوە، بەڵکو کاریگەریی خراپی کردوەتە سەر بڵاوکردنەوەی تیرۆر و توندڕەوی لە ناو رەوەندیی کوردی لە دەرەوەی وڵات. کورد و کوردستان شایستەی حوکمڕانیی و شێوازی ژیانی شارستانیی و مۆدێرنن. ئەمڕۆ فریای سلێمانیی و کوردستان نەکەون، سبەی درەنگ دەبێت!.. لِّقَوْمٍ يَعْقِلُونَ
ئەمریکا و سوریا دەیانەوێت ئەنجامدەری راستەقینەی هێرشەکە بشارنەوە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لە هێرشەکەی تەدموری پارێزگای حومس حکومەتی سوریا دەیەوێت شتێک پەردەپۆش بکات، ئەویش ئەوەیە ئەو کەسەی هێرشەکەی کردووە ئەندامی ئاسایشی گشتیی سوریا نەبووە و ئەندامی داعش بووە. لە هێرشەکەی تەدمور دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێک کوژران، سێ سەربازی دیکەی ئەمریکی و دوو ئەندامی ئاسایشی گشتی سوریاش برینداربوون. هەر زوو حکومەتی سوریا لەرێی میدیای فەرمییەوە رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە. دوابەدوای ئەمە ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا کە بە سێنتکۆم ناسراوە رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن تاکە چەکدارێکی داعشەوە بووە. بەڵام ئاماژە و لێدوانی جیاواز هەیە دەیسەلمێنێت هێرشەکە لەلایەن ئەندامێکی ئاسایشی سوریاوە ئەنجامدراوە. یەکەم ئاماژە و لێدوان لە زاری گوتەبێژی وەزیری ناوخۆی سوریاوەیە بەناوی نورەدین ئەلبابا کاتێک سەرەتا گوتی، چەکدارێکی سەر بە داعش تەقەی لە دەروازەی بنکەیەکی سەربازیی کردووە. بەڵام دواتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، چەکدارەکە ئەندامێکی ئاسایشی گشتی سوریا بووە لە بیابانی تەدمور، بەڵام هیچ پلەیەکی باڵای نەبووە. نورەدین ئەلبابا زیاتر قسەی کرد و باسی لەوە کرد، لەو بیابانەدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس چوونەتە نێو ریزەکانی ئاسایشی گشتی سوریاوە و هەفتانە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. ئەوەی سەیروسەمەرەیە ئەم قسەیەیەتی کاتێک گوتی، سێ رۆژ لەمەوبەر هەڵسەنگاندن بۆ هێرشکارەکە کراوە و گەیشتووین بەو دەرئەنجامەی کە رەنگە بیری توندڕەویی هەبێت، بۆیە چاوەڕێ بووین رۆژی یەکشەممە بڕیارێک لەبارەی دۆسیەکەیەوە بدرێت، بەڵام هێرشەکە لە رۆژی شەممە روویدا و شەممانیش رۆژی پشووە لە دەمودەزگا حکومییەکاندا. هەر ئەمە نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی دیکە نوسینێکی جۆو کێنت، بەڕیوەبەری ناوەندی دژەتیرۆری ئەمریکایە لە تۆڕی ئێکس کاتێک هێرشەکەی بە هێرشێکی "ناوخۆ" وەسف کرد، کە مەبەست لێی ئەوەیە هێرشکارەکە لەنێو خودی حکومەتی سوریادا بووە. ئاژانسی فرانس پرێسیش، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی سوریاوە ئاشکرایکردووە، هێرشکارەکە ئەندامی ئاسایشی گشتی سوریا بووە و 10 مانگە دامەزراوە. تەنانەت روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەمان شتی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، ئەو چەکدارە ئەندامی ئاسایشی گشتیی سوریا بووە. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی هێرشکارەکە سەر بە دەوڵەتی سوریایە، بەڵام دەگوترێت ئەمریکا بەجۆرێک دەیەوێت پەردەپۆشی بکات چونکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەی هەڕەشەی تووندی کرد، بەڵام رایگەیاند، هێرشەکە هێرشێکی داعش بووە دژی ئەمریکا و سوریا لە ناوچەیەکی مەترسیداری وڵاتەکە کە لەژیر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا نییە. بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش هەمان شتی گوت و رایگەیاند، ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریادا نییە. مانگی رابردوو ئەحمەد شەرع لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبوویەوە و لەدوای ئەو سەردانەی شەرع، سوریا بە فەرمی چووە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش. بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، هێرشەکە لەکاتی کۆبوونەوەی ئەفسەرانی ئەمریکی و سوریدا بووە لە بنکەیەکی سەربازیی لە تەدموور. تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا باسی لەوە کرد هێرشێکی لەناکاو بووە بۆ سەر کاروانێکی چاودێریی هاوبەشی سوریا و ئەمریکا. لەدوای ساڵێک لە رووخانی بەشار ئەسەد ئەمە یەکەم هێرشی لەوشێوەیەیە ئەنجامدرێت. ماوەی ساڵێکە واشنتن وەبەرهێنانیکی گەورە دەکات بۆ کرانەوەی سوریا بەرووی جیهاندا و ناساندنی ئەحمەد شەرع وەک کەسێکی دیمکراتخواز، ئەمە جگە لەوەی زۆربەی سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵگرتووە. شارەزایان و چاودێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی ئەوە دەگرن ئەمریکا نایەوێت ئەحمەد شەرع لەم هێرشەدا تێوەبگلێت، بۆیە زۆربەی لێدوان و نووسینەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، بە دۆناڵد ترەمپیشەوە، بەو ئاراستەیەیە کە هێرشەکە داعش ئەنجامیداوە.
چەمچەماڵ، ئەو شارەی کە ساڵانێکە نازناوی "شاری تینوو"ـی هەڵگرتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیمەنێکی پێچەوانەی پێشاندا. لەبری وشکی، ئاو شەقام و ماڵەکانی گرتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لە سێ بەشی سەرەکیدا وردەکاریی ئەم ڕووداوە و هۆکارەکانی دەخاتەڕوو. جوگرافیا و خاک؛ بۆچی زەوییەکە ئاوەکە هەڵنامژێت؟ بۆ تێگەیشتن لە لافاو، سەرەتا دەبێت لەو زەوییە تێبگەین کە ئاوەکەی بەسەردا دەڕوات. قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری (بە تایبەت ناحیەی شۆڕش و تەکیە) خاوەنی تایبەتمەندییەکی جوگرافیی هەستیارن کە لەم خاڵانەدا کورتیان دەکەینەوە: ١. تۆپۆگرافیای نیمچە دۆڵی: چەمچەماڵ لە ڕووی جوگرافییەوە وەک "ناوچەیەکی نزم" یان "دۆڵ" دەکەوێتە نێوان زنجیرە چیاکانی سەگرمە و ناوچە بەرزەکانی کەرکوک و بازیان. کاتێک باران لە چیاکانی دەوروبەر دەبارێت، ئاڕاستەی ئاوەکە بە شێوەیەکی سروشتی بەرەو نزماییەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش شۆڕ دەبێتەوە. ٢. پێکهاتەی خاک (جیۆلۆجی): خاکی ناوچەکە بە زۆری لە جۆری "قوڕین و تێکەڵەی سیڵت"ـە. ئەم جۆرە خاکە کاتێک وشک دەبێت (وەک ئەوەی لە وەرزی هاوین و پایزدا هەیە) ڕەق دەبێت، کاتێکیش بارانی بەخوڕ دەبارێت، زەوییەکە توانای مژینی کەمە. واتە لەبری ئەوەی ئاوەکە بچێتە ناخی زەوی، بەسەر ڕووی خاکەکەدا دەخلیسکێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی لێشاوی خێرا و لافاو. ٣. دۆڵ و شیوەکان: چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش لەسەر یان لە نزیک چەندین "شیو" و ڕێڕەوی ئاوی وەرزیی دروستکراون. ئەم شیوانە لە کاتی ئاساییدا وشکن، بەڵام سروشتیان وایە لە کاتی بارانی بەخوڕدا دەبنە ڕووباری هار. ئاسمانی تووڕە و زەویی تێرنەبوو هاوکات بە گرنگیی تێگەیشتن لە تایبەتمەندیی تۆپۆگرافی، زانینی تایبەتمەندیی سروشتیی و ژینگەیی ناوچەکەش گرنگە، بەتایبەتیش دەستنیشانکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی لەم بوارەدا درووست بوون، وەک: ١. گۆڕانی شێوازی باران: بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، شێوازی بارانبارین لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. پێشتر باران بە هێواشی و بۆ ماوەیەکی درێژ دەباری، بەڵام ئێستا دیاردەی "بارانی چڕ و کورتخایەن" ڕوودەدات. واتە بڕی بارانی مانگێک لە ماوەی ٣ کاتژمێردا دەبارێت. ٢. ئامارەکانی بارانبارین: تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە چەمچەماڵ لە نێوان (٣٠٠ بۆ ٤٥٠ ملم)ـە. بەڵام لە شەپۆلەکەی ئەم دواییەدا، ڕێژەیەکی زۆر بەرز لە ماوەیەکی کەمدا تۆمار کراوە کە نزیکە لە نیوەی تێکڕای دابارینی ساڵانە. ئەمەش فشارێکی گەورە دەخاتە سەر ژێرخانی ئاوەڕۆکان کە بۆ ئەو بڕە زۆرە دیزاین نەکراون. ٣. وشکەساڵی و لافاو: توێژینەوەکان دەریدەخەن کە چەمچەماڵ یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. وشکەساڵیی بەردەوام ڕووەکی سروشتیی لەناوبردووە؛ نەبوونی ڕووەک و پووش و پاوان وا دەکات هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئاوی باراندا نەبێت و خێراییەکەی دوو هێندە زیاد بکات. خەڵک و حکومەت؛ دەستی مرۆڤ لە کارەساتەکەدا؟ لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە ئاراوە: ئایا ئەمەی ڕوویدا تەنها سروشت بوو یان دەستی مرۆڤی تێدابوو؟ سەرچاوە ڕۆژنامەوانیی و زانستییەکان، پەیوەست بەم بوارەوە ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەدەن، لەوانە: ١. تەجاوز بۆ سەر ڕێڕەوی ئاو: بەپێی بەدواداچوونەکان، لە ناحیەی شۆڕش و بەشێک لە گەڕەکەکانی چەمچەماڵ و تەکیە، خانووبەرە و پرۆژەی نیشتەجێبوون لەسەر یان زۆر نزیک لە "دۆڵ و شیوە سروشتییەکان" دروستکراون. کاتێک ئاو دێت، ڕێڕەوە سروشتییەکەی گیراوە، بۆیە دەچێتە ناو ماڵەکانەوە. ٢. کەمتەرخەمیی حکومی و لاوازیی ژێرخان: سیستەمی ئاوەڕۆی ناوچەکە کۆنە و توانای وەرگرتنی ئاوی بارانی بەخوڕی نییە. زۆربەی مەنهۆڵ و ئاودەرە و پردەکان بچووکن و بە خاشاک و پاشماوە گیراون، کە ئەمەش ڕێگە لە ڕۆیشتنی ئاو دەگرێت. ٣. نەبوونی پۆند و بەنداوی بچووک: ئاوی بارانەکە لە بەرزاییەکانەوە بە بێ هیچ بەربەستێک دێتە خوارەوە. ئەگەر پۆند و بەنداوی بچووک لە دەوروبەری شارەکە هەبوایە، هەم لافاوەکە کۆنترۆڵ دەکرا و هەم ئاوەکە بۆ هاوین گل دەدرایەوە. دەرسێک بۆ داهاتوو ناوچەکە مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ لافاوی لەناکاودا هەیە، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی شار بە شێوەی هەڕەمەکی، زیانەکان لە ساڵانی کۆتاییدا زۆر زیاتر بوون. شارەزایان پێیانوایە دەتوانرێت بە گرتنەبەری هەندێک رێکار، ئەگەری دووبارە بوونەوەی کارەساتەکە کەم و لاواز بکرێت، لەنمونەی: لادانی زیادەڕۆیی: دەبێت بەپەلە ئەو خانوو و بەربەستانەی لەسەر ڕێڕەوی دۆڵەکان دروستکراون لاببرێن یان ڕێڕەوەکە فراوان بکرێت. پاککردنەوەی وەرزانە: پێش دەستپێکی وەرزی باران، دەبێت شارەوانییەکان سەرجەم ئاوەڕۆ و پردەکان لە خاشاک پاک بکەنەوە. دروستکردنی پشتێنەی سەوز و بەنداو: چاندنی دار لە دەوروبەری شار و دروستکردنی پۆند و بەنداوی بچووک بۆ شکاندنی تەوژمی ئاوەکە، باشترین چارەسەری درێژخایەنە. گۆڕینی ژێرخانی ئاوەڕۆ دەبێت ژێرخانی ئاوەڕۆ بەهێزبکرێت و بەشێوەیەک دیزاین بکرێت کە توانای گرتنەخۆی ئاوی لافاوی زۆریشی هەبێت. دواجار ئەم کارەساتە وانەیەکی تاڵ بوو. وانەیەک پێمان دەڵێت: سروشت ڕەحم ناکات کاتێک دەستکاریی یاساکانی دەکەین. سەرەڕێگرتن لە دۆڵەکان، گیرانی ئاوەڕۆکان، بایەخنەدان بە ژێرخانی شار لە سەوزکردن و کۆگاکردنی ئاو و لەهەمویشی گرنگتر: بێباکی بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، باجەکەی قورسە؛ بەداخەوە ئەم باجەش زۆربەی کات هەژارەکان دەیدەن!
ئیێتا شەڕەکەیان لەسەر فڕۆکە ترسناکەکەی ئەمریکایە ئامادەکردنی هاوڵاتی فڕۆکەی ئێف-35 ئیسرائیلی تووشی دوودڵییەکی گەورە کردووە. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەنهێنی خەریکی لۆبیکردنە و دەیەوێت بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ رازی بکات ئەو فڕۆکەیە هەرگیز نەدرێتە دەست رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، رۆژی یەکی ئەم مانگە، نەتانیاهۆ لەگەڵ فرانک سەینت جۆن، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای لۆکهید مارتن کۆبووەتەوە، کە ئەو کۆمپانیایە بەرپرسە لە دروستکردنی فڕۆکە تۆقێنەرەکەی ئەمریکا. نەتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کردووە چۆن بتوانرێت باڵادەستی ئیسرائیل لە فڕۆکەکەدا بهێڵرێتەوە ئەگەر هاتوو ترەمپ فرۆکەی ئێف-35ـی دایە دەست سعودیە و تورکیا. ئەلمۆنیتەر دەڵێت، نەتانیاهۆ ترسێکی گەورەی لێنیشتووە، بەڵام نایەوێت رووبەرووی ترەمپ بێتەوە و دژایەتی بکات. مانگی رابردوو ترەمپ رایگەیاند فڕۆکەی ئێف-35 بە سعودیە دەفرۆشن. میدیای ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئەو فڕۆکەیەی دەدرێت بە سعودیە وەشانێکی ئاست نزمترە بەراورد بەوەی لەژێر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە. بەڵام دوودڵی نەتانیاهۆ زیاتر لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەکەیە بە تورکیا. ئەلمۆنیتەر باس لەوە دەکات بەرپرسانی ئیسرائیل زیاتر لە قسەیەکی ئەردۆغان نیگەرانن کە وادەریدەخات بیەوێت رووبەرووی ئیسرائیل بێتەوە. ئەو گوتارەی باسی دەکەن لە تەمووزی 2024 بوو کاتێک ئەردۆغان گوتی، دەبێت ئەوەندە بەهێزبین ئیسرائیل نەتوانێت کاری گەمژانە بەرامبەر فەڵەستین بکات، هەروەک چۆن چووینە قەرەباخ و لیبیاوە، رەنگە هەمان شت بەرامبەر ئەوان بکەین. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ، ئەمریکا تورکیای لە پرۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆکەکە دەرکرد دوای ئەوەی ئەنقەرە سیستمی بەرگری ئێس-400ـی لە روسیا کڕی و چەند سزایەکی بەسەردا سەپاند. بەڵام لەمدواییانە پەیوەندییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان باشبوون و جارێکی دیکە واشنتن خەریکە رازیدەبێت فڕۆکەکە بدات بە ئەنقەرە. تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا هەفتەی رابردوو گوتی واشنتن و ئەقەرە کار لەسەر کێشەکانیان دەکەن سەبارت بە ئێف-35 بەڵام چەند بەربەستێک ماون. تورکیا لە ساڵی 2019 بەنیازبوو 100 فڕۆکەی ئێف-35 لە ئەمریکا بکرێت، بەڵام دەرکردنی ئەنقەرە لە پرۆگرامەکە، ئەمریکا دەڵێت، هەتاوەکو خاوەنی سیستمی ئێس-400 بیت، ئێف-35 وەرناگریت، بەرپرسانی تورکیاش رەتیدەکەنەوە واز لە سیستمی ئێس-400ـی رووسی بهێنن. بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، لەنێو سوپای ئیسرائیل باس لە مەترسی پێدانی فڕۆکەی ئێف-35 دەکرێت بە وڵاتانی دیکە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی تورکیا، هەروەها دزەکردنی زانیارییە تەکنەلۆجییەکانی فڕۆکەکە بۆ چین. بەرپرسێکی باڵای سوپای ئیسرائیل دەڵێت: بابەتی سەرەکی ئیف-35 توانستە نهێنییەکانیەتی کە دەتوانێت خۆی بدزێتەوە لە رادار و سیستمی بەرگری، ئەمەش لە هەموو مۆدێلەکانی فڕۆکەکە هەیە و دەدرێتە سعودی و تورکەکان، جگە لەوەی سیستمی کۆنتڕۆلکردنی هەیە کە دەتوانرێت سەربەخۆ کاری پێبکرێت و نەگەڕێتەوە بۆ تاوەڕی سەرپەرشتی. ئەو بەرپرسە سەربازییە باس لەوەش دەکات، "ئێف-35ـەکانی ئێمە توانییان ئێرانییەکان تووشی سەرسوڕمان بکەن و بە یەکجار سیستمی بەرگریمان تێکشکاندن بەبێ ئەوەی زیانمان بەربکەوێت. ئەم توانایە رەنگە لەدژی ئیسرائیل بەکاربهێنرێت کە وڵاتێکی بچووک و بەرتەسکە و پێویستی بە ئاگاداری پێشوەختە هەیە پێش ئەوەی چەکی دوژمن ئاسمانەکەی ببەزێنیت. بەرپرسە سەربازییەکەی ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە، لەپڕێکدا هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل و بە یەکجار هەموو ناوچە گرنگەکانی لەدەست بدات بۆیە دەڵێت، سەرجەم ئامانجە سەربازی و سڤیلییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەیەکی بچووکی چڕدا کۆبوونەتەوە، ئەگەر فڕۆکەی ئێف-35 لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەڵبستێت و لەپرێکدا لە ئاسمانی ئیسرائیل دەربکەوێت دۆخێک دروست دەبێت ئیسرائیل ناتوانێت بەرگەی بگرێت و بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری دەخاتە سەر توانای بەرگریکردن لە خۆی.
بەرپرسانی وڵاتەکە ترسیان لێنیشتووە و بە بودجەی زەبەلاح چەک دەکڕن خزمەتی سەربازی لە ئەڵمانیا دوای 14 ساڵ گەڕێنرایەوە ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەڵمانیا بەتەواوی خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات و بەرپرسانی وڵاتەکە بڕوایانوایە جەنگ لەگەڵ رووسیا بێگومان روودەدات. ئەو پیاوەی گەورەترین ترسی لێ نیشتووە لە ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیایە کە چەندین جار هۆشداری داوە و گوتوویەتی: دەبێت تاوەکو 2029 خۆمان بۆ جەنگ ئامادەبکەین. هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەڵمانیا بەتەواوی ئامادەکارییە بۆ جەنگێکی درێژخایەن، بەوپێیەی چەند رۆژێک لەمەوبەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئارۆی ئیسرائیلی جێگیرکرد، کە سیستمێکی زۆر پێشکەوتووە و لە جەنگی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێراندا سیستمەکە تواناکانی خۆی سەلماند چونکە بەشێکی زۆری مووشەکەکانی ئێرانی لە دوورییەکی زۆرەوە خستەخوارەوە. ئەڵمانیا ئەم سیستمەی لە سێ ناوچەی باکور، باشور و ناوەراستی وڵاتەکە جێگرکرد بۆ ئەوەی ببێتە قەڵغانێکی تەواوەتی بەسەر وڵاتەکەیەوە دژی مووشەکە مامناوەند مەودا و دوور مەوداکانی رووسیا. تێچووی سیستمەکە چوار ملیار و 18 ملیۆن دۆلارە و بەوە ناسراوە کە دەتوانێت لە دووری هەزار کیلۆمەترەوە هەست بە هەر مووشەکێک بکات و بیخاتەخوارەوە، مەودای بڕینی مووشەکەکانی سیستمەکەش دوو هەزار 400 کیلۆمەترە. ئەوەی ئەڵمانیا خەریجیکردووە لەم سیستەمەدا بەشێکی زۆر کەمە، چونکە پەرلەمانی وڵاتەکە بەنیازە بە یەک گوژمە رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 52 ملیار دۆلار بدات بۆ کڕینی چەک و پێداویستی جەنگ کە ئەمە زەبەلاحەترین بودجەیە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە یەک جار رەزامەندی لەسەر بدات بۆ وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە. هەر ئەمەش نییە، بۆریس پیستۆریۆس بەجۆرێک کەوتووەتە خۆی کە یەکێک بوو لەوانەی بەرگریی لە گەڕانەوەی خزمەتی سەربازی دەکرد، هەر بۆیە پەرلەمانی وڵاتەکە دوای 14 ساڵ، لە سەرەتای ئەم مانگەوە پرۆژەیاسای خزمەتی سەربازی خۆبەخشی پەسەندکرد و لەمەودوا هەر هاووڵاتییەکی ئەڵمانی سەروو 18 ساڵ بە رەزامەندی خۆی دەتوانیت خزمەت بکات. بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا تاوەکو تەمووزی 2027 رێگە بەمە دەدات و ئەگەر بزانێت کەم کەس بەدەم داواکەوە هاتوون ئەوا کارەکە دەکاتە زۆرملێ و دەبێت هەموو کەسێکی سەروو 18 ساڵ پشکنین بۆ خزمەتی سەربازیی بکات بۆ ئەوەی ئەگەر جەنگ هەڵگیرسا راستەوخۆ بچنە سوپاوە و بەزۆرەملێ دەستبکەن بە خزمەتی سەربازی. سوپای ئەڵمانیا 182 هەزار کارمەند و سەربازی لەئێستادا هەیە و پیستۆریۆس چاوی لەوەیە تا ساڵی داهاتوو 20 هەزار سەرباز زیاد بکات و تاوەکو 2023ـیش ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی بگەیەنێتە 260 هەزار. چەند مانگێک لەمەوبەر ئەڵمانیا رەزامەندی یەکێتی ئەوروپای وەرگرت بۆ خەرجکردنی 500 ملیار یۆرۆ لە ژێرخانی بەرگریی لەماوەی چەند ساڵێکدا. بەرلین بەنیازە بودجەی بەرگرییەکەی بگەیەنێتە 108 ملیار یۆرۆ و تاوەکو ساڵی 2029ـش ئەو بڕە دەگەیەنێتە 150 ملیار یۆرۆ. ئەڵمانیا ئاسمانی وڵاتەکەشی لەبیرنەکردووە و داوای 15 فڕۆکەی ئێف-35ـی ئەمریکی کردووە، پێشتریش 35 فڕۆکەی جەنگی هەمان جۆری لە ئەمریکا داواکردبوو. ئەم خەرجییانە بەشێکی زۆری بە بە فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، کە لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ تووڕەیە و دەڵێت بودجەی بەرگرییان کەمە. ترەمپ هێندە لە ئەوروپییەکان تووڕەیە کە فەرامۆشی کردوون و لەنوێترین لێدوانیشدا گوتی، وڵاتە ئەوروپییەکان لە پوکانەوەدان و لاواز بوون. روسیا و ئەوروپییەکان یەکتری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەیانەویت جەنگی ئۆکراین فراوانتر بکەن. ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، چەند رۆژێک لەمەوبەر لەسەر ئەو بابەتە هەڕەشەيەکی تووندی لە وڵاتە ئەوروپییەکان کرد و گوتی: ئێمە لە ئۆکراین بەوردییەوە مامەڵە دەکەین، ئەوەی دەیکەن جەنگێکی راستەوخۆ نییە، ئەگەر ئەوروپا بیەوێت جەنگ هەڵبگیرسێنێت ئەوا ئێمە ئامادەین و دۆخێک دێتەئاراوە کە کەس نەبێت دانوستانی لەگەڵ بکەین.
زیانی لافاوەکە چی بوو؟ کێ قەرەبوویان دەکاتەوە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام لە رۆژی سێشەممە شەپۆلەکە هێندە چڕبوو کە بووە هۆی لافاوێکی گەورە، بەتایبەتی لەسەر چەمچەماڵ. بە گوێرەی ئاماری کەشناسی لە 24 کاتژمێردا 120 ملیمەتر باران باریوە. لافاوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس. یەکەمیان، کچێکی تەمەن 22 ساڵ بوو بەناوی بۆکان بەشارەت کە خاوەن پێدوایستی تایبەت بوو. بەشارەت شەریفی باوکی دەڵێت: هەموو شت لەناکاو بوو، سێ منداڵم بە باوەش رزگار کرد ئیدی ئاگام لە بۆکان نەما، وامزانی لەگەڵ منداڵەکانی دیکەیە، بەڵام وانەبوو. قوربانییەکی دیکە، عومەر سەعید ئەمینە، بەگوتەی هاوڕێکانی چووە بۆ نوێژکردن و لە کاتی نوێژدا گوتییەتی: مردن و ژیان بەدەست خودایە با نوێژەکەمان بکەین. کوڕەکەی بە دڵی پڕەوە دەڵێت، دوای نوێژ بە تەنیشت دیواری مزگەتەکەدا هاتووەتەوە، لەوکاتەدا لافاو دیواری مزگەوتەکەی بەسەردا رووخاندووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. زیانە مادییەکانیش زۆر بوون بەجۆرێک لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش ئاو چووەتە زیاتر لە 600 ماڵ. سەدان ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە و لافاو بردوونی. دەیان کەسیش، کە منداڵیشیان تێدایە، بە زەحمەتییەکی زۆر لە لافاوەکە رزگار کران. کاریگەرترین دیمەنیش، کە کاردانەوەی زۆری بەدوادا هات، رووخانی دیواری قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی بوو لە ناحیەی تەکیە کە لافاو چووە نێو پۆلەکان و لە ماوەی چەند چرکەیەک ئاو گەیشتە سەریان. دواترمامۆستاکان بە باوەش و زەحمەتییەکی زۆر قوتابیانیان رزگار کرد. کەرکوکیش بەبێ زیان لەم لافاوە دەرنەچوو. شەوی رابردوو لە گەڕەکی شۆراو لافاو چووە نێو چەند ماڵێکەوە و ژنێک لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگاربوون لە لافاو دەست بە ستوونێکی کارەباوە دەگرێت و بەهۆی شۆڕتی کارەباوە گیان لەدەستدەدات. کارمەندێکی شارەوانیش بە هەمان شێوە لە کاتی پاککردنەوەی جۆگە و رێڕەوەکان کارەبا دەیگرێت و بریندار دەبێت و لە کەلاریش منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ بەناوی هەردی عومەر لە ئاوی پردی گازینۆ خنکا. زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە؟ زیانە مادوییەکان بە تەواوی دەستیشان نەکراون، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان بە زیاتر لە 10 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت. رەمک رەمەزانی، قایمقامی قەزاکە گوتی، با راشکاو بم لەگەڵتان ئەگەر لە چەند ملیار دینارێک زیاتر بێت ناتوانین قەرەبوویان بکەینەوە. قوباد تاڵەبانیش کە دوێنی سەردانی زیانلێکەوتوانی کرد، گوتی لێپێچینەوە دەکەین و چاوپۆشی لەکەس ناکەین، هەر کەس کەمتەرخەم بێت سزای دەدەین. بەڵام خەڵکی قەزاکە قسەیەکی دیکەیان هەیە و دەڵێن، پۆندێک لە بانی مەقان دروستکراوە، لەسەر پۆندەکە زیادەڕۆیی کراوە و ئاڕاستەی لافاوەکەی گۆڕیوە بەرەو چەمچەماڵ و شۆرش، هەربۆیە لافاوەکە لەماوەی کەمدا دروستبووە.
