کێ باڵادەست دەبێت و کێ دەیباتەوە؟ ئامادەکردنى هاوڵاتى ئیسرائیل و تورکیا هەردووکیان سوپای بەهێزیان هەیە کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە نوێترین تەکنەلۆجیا دەبەستن، بەڵام ئەگەر دژی یەک شەڕ بکەن، چەند هۆکارێک دەبێتە هۆی دۆڕان یان بردنەوەی هەر لایەکیان. من گریمانەی ئەوە دەخەمەڕوو کە کێ براوەی جەنگ دەبێت. سەرەتا دەبێت لە هێزی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی هەر یەکێکیانەوە دەستپێبکەین، بەڵام لەگەڵم بمێننەوە چونکە بابەتەکەتان دواتر بۆ یەکلاییدەکەمەوە. لەرووی ژماری سەربازییەوە، تورکیا باڵادەستە چونکە زیاتر لە 355 هەزار سەربازی ئامادەی هەیە، لەکاتێکدا ئیسرائیل تەنها خاوەنی 170 هەزارە، بەڵام لە ژمارەی سەربازی یەدەگ، ئیسرائیل زیاتری هەیە و 465 هەزار بەرامبەر 378 هەزار سەربازە. لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، ئیسرائیل باڵادەستییەکی گەورەی هەیە چونکە خاوەنی فڕۆکەی زۆر پێشکەوتووە. یەکێک لەوانە ئێف-35ـی تۆقێنەرە کە وەک تارمایی وایە و سیستمە بەرگرییەکان هەستی پێناکەن. ئیسرائیل تاکە وڵاتە بە ئارەزووی خۆی ئەو فرۆکەیەی دەستکاری کردووە و بەپێی خواستی خۆی شتی بۆ زیاد کردووە. هەرچەندە لە 20 ساڵی رابردوودا، تورکیا پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، بەڵام هێشتا ناگاتەوە بە هێزی ئیسرائیل. بەگشتی، ئیسرائیل 611 فڕۆکە و هێلیکۆپتەری جەنگی هەیە، بەڵام تورکیا خاوەنی زیاتر لە هەزار فڕۆکە و هێلیکۆپتەرە. بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت زۆری و بۆری گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئاستی پێشکەوتوویی فڕۆکەکانە. تورکیا لەبەرامبەر ئێف-35ـە تۆقێنەرەکەی ئیسرائیل ئێف-16ـی هەیە کە لەرووی تەکنەلۆجییەوە زۆر لێکەوە دوورن. لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا تاکتیکی جەنگ بەتەواوی گۆڕاوە و ئێستا درۆن بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێنرێت، هەر بۆیە تورکیا لەم دوو دەیەیەدا پشتی بەستووە بە توانستی ناوخۆ بۆ بەرهەمهێنانی بەلێشاوی درۆن، کە دیارترینیان بایرەکتار TB2ـە. ئەم درۆنە درۆنێکی پراکتیکییە چونکە تێچووەکەی هەرزانە و تورکیا دەتوانێت لەکاتی جەنگدا بەلێشاو دروستی بکات. ئەم درۆنە لە شەڕی ئۆکراین و روسیا و جەنگی قەرەباغ بە سەرکەوتووی بەرکارهێنراوە. درۆنی ئاکنجییش درۆنێکی بەهێزتر و گەورەترە لە بایرەکتار و بۆ هێرشی چڕتر بەکاردەهێرێت، بەڵام ئەوەی داهاتووی هێزی ئاسمانی تورکیا یەکلادەکاتەوە فڕۆکەی جەنگی بێ فڕۆکەوانی کیزلێلمایە، کە مانگی رابردوو بەسەرکەوتوویی یەکەم تاقیکردنەوەی خۆی ئەنجامدا و لەداهاتوودا رەنگە پێگەی بەو فڕۆکانە لێژ بکات کە بە فڕۆکەوان هەڵدەفڕن. ئیسرائیلیش بەدەر نییە لە پێشکەوتنی درۆن و خاوەنی کۆمەڵێک لە درۆنە هەرە پێشکەوتووەکانە، وەک: هێرۆن، هێرمس 900 و هارۆپە. درۆنی هارۆپ خۆکوژییە و دووانەکەی دیکەش توانایان هەیە بۆ ئاستێکی بەرز بفڕن و لە ئاسمان بمێننەوە، ئەمە جگە لەوەی هەڵگری چەکی قورسیشن. ئەوەی دەمێنیتەوە هێزی ئاسمانییە، کە لەمەیاندا تورکیا خاوەنی کەشتیگەلێکی گەورەیە لە رووبەرێکی ئاویی فراواندا بەپشت بەستن بەشوێنە جوگرافییەکەی، بەڵام ئیسرائیل خاوەنی گەشتیەگلێکی جەنگی بچووکترە و زیاتر بۆ مەبەستی بەرگری دروستکراون وەک بۆ ئامانجی هێرشبردن. بە گشتی ئیسرائیل خاوەنی 62 کەشتی جەنگی جۆراوجۆرە کە پێنج دانەیان ژێردەریایین، لەکاتێکدا تورکیا 182 کەشتی جەنگی هەیە و 13 دانەیان ژێردەریایین. ئێستا کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارە گرنگەکەیە کە کامیان براوە دەبێت لە جەنگدا. ئەم دوو وڵاتە سنوورییان بەیەکەوە نییە، بۆیە هەر جەنگێک لەنێوانیان رووبدات یان دەبێت لەسەر خاکی وڵاتێکی دیکە بێت، یان دەبێت ناراستەوخۆ بێت لە رێگەی هێزی ئاسمانی یان دەریاییەوە. بەهێزترین چەکی ئیسرائیل لە جەنگدا هێزی ئاسمانییەتی کە باڵادەستییەکی گەورە و تۆکمەی هەیە لەگەڵ سیستمی بەرگرییەکەی کە بە چوار سیستمی جیاواز ئیسرائیل دەپارێزێت. تورکیاش بەهێزترین چەک بەدەستییەوە درۆنە پێشکەوتووەکانییەتی لەگەڵ هێزی دەریایی و تارادەیەکیش هێزی وشکانی. بۆیە وەڵامی ئەوەی کێ براوە دەبێت لەم جەنگەدا، ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان نەکات و یارمەتی ئیسرائیل نەدات، ئەمەیە: ئەگەر جەنگەکە کورتخایەن بێت، بەشێوەیەکی سەرەکی لە هێزی ئاسمانیدا چڕببێتەوە و لەو ماوە کورتەدا شەڕێکی سەخت رووبدات، ئەوا ئیسرائیل باڵادەست دەبێت و دەتوانێت زاڵ ببێت بەسەر تورکیا، چونکە ئەم جۆرە جەنگە پشت بە هێرشی ورد، خێرایی، زانیاریی هەواڵگری، جەنگی ئەلیکترۆنی دەبەستێت کە ئیسرائیل لە هەموویاندا کارامەیە. بەڵام ئەگەر جەنگەکە درێژخایەن بێت و لەمەودایەکی فراواندا رووبدات، ئەوا تورکیا باڵادەستی خۆی دەسەلمێنێت، چونکە ئەم جۆرە جەنگە پشت دەبەستێت بە ئۆپەراسیۆنی لۆجیستی بۆ هێزی وشکانی، شەڕی درۆن و ئۆپەراسیۆنی دەریایی کە تورکیا لە سەرجەمیاندا لێزانە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگە بگرێت.
✍️ سەرتیپ جەوهەر گفتوگۆی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و دیمەشق بەردەوامە، بەدوور نازانرێت كۆبونەوەیەكیش لەسەر ئاستی باڵا لەدیمەشق بەنێوانگری ئەمریكا بەڕێوەبچبَت. هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوەدەكەن رەنگە لەم یەك دوو رۆژە رێككەوتنێكی نوێ لەسەر بنەمای رێككەوتنی (10ی ئاداری 2025) لەنێوان هەلادوولا رابگەیەنرێت، بەڵام بەخوێندنەوەی واقع و كەڵەكەبوونی دۆسیەو پرسە جیاوازەكانی نێوانیان هەلادوولا، زەحمەتە بەمزوانە دیمەشق و رێڤەبەری خۆسەر یان هێزەكانی سوریای دیموكرات، بگەنە رێككەوتنێكی هەمەلایەنەو قابیل بەجێبەجێكردن. گرفتی نێوان هەلادوولا بەتەنها پرسی تێكەڵكردن یان سازاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات نییە لەگەڵ هێزەكانی دیمەشق یان ئەوەی پێی دەگوترێت سوپای سوریا، بەلكو گرفت و ناكۆكییەكان زۆر لەوە گەورەترە! ئەمە جگە كاریگەری لەفاكتەری دەرەكی (توركیا- ئیسراییل) كەرۆڵێكی ئێجگار گرنگ دەبینێت رێككەوتنی هەردوولا. ناكۆكیی و جیاوازییەكانی هەلادوولا زۆرن، دەكرێت بەمشێوەیە ریزبەند بكەین: یەكەم: شێوەی سیستمی حوكمڕانی سوریای دوای روخانی رژێمی ئەسەد. سیستمێكی علمانی دیموكراتی دەستوریی دەبێت یان ئەوەی كە شەرع خۆی رایگەیاندووە كە پێكهاتەكانی سوریاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رەخنەی لێدەگرن، بگرە هەندێك پێیانوایە خراپترە لەسەردەمی ئەسەد. دووەم: شێوەی ئەو خۆبەڕێوبەرێتی یان شێوە فیدراڵیەتەی باكوری رۆژهەڵاتی سوریاو دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی. دەسەڵاتدارێتی دیمەشق ئامادەنییە دەستبەرداری سیستمی مەركەزیی ببێت، كوردو دروز رەتیدەكەنەوە. سێیەم: ناكۆكیان لەسەر پرسی بەڕێوەبردن و دابەشكردنی سامانی سروشتیی وەك نەوت و گاز، هاوكات بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكان و باج و خەراج و دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەرێتی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا. چوارەم: جیاوازیان لەسەر پرسی هێزەكانی سوریای دیموكرات. سەركردایەتی و فەرماندارێتیان و چارەنوسیان. چۆن دەبنە بەشێك لەسوپا یاخود وەزارەتی بەرگری سوریا؟ ئەم پرسانەی سەرەوە، یەك لەیەك ئاڵۆزترن. پێویستیان بەشیتەڵ و وردكردنەوەی زۆر هەیە، راستە رەنگە رێككەوتنێكی كۆنكریتی و هەمەلایەنی نەبێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت راگەیەنراوێكی هاوبەش بۆ لێكتێگەیشتنی زیاتر بۆ چەند پرسێك ببێت. دیمەشق دەیەوێت تا كۆتایی ئەم مانگە كە یەك دوو رۆژێكی ماوە، رێككەوتنێكی دیكە بكرێت لایەنیكەم بۆ رازیكردنی گروپە چەكدارەكان و لایەنگرانی بەوپێیەی دەبوو تاكۆتایی ئەم مانگە رێككەوتنی 10 ئاداری رابردوو جێبەجێكرابا! ئەوەی پێشبینی واقعیە ئەگەر لەم یەك دوو رۆژە كۆبونەوە باڵاكە سەربگرێت، ئەوا رەنگە راگەیەنراوێكی هاوبەش دەربچێت و هەردوولا پابەندبوونیان بەچارەسەری ئاشتیانە بۆ سوریایەكی نوێ دووپاتبكەنەوەو هاوكات راگەیەنراوەكە پابەندێتی بەراگرتنی ئارامیی و ئاسایش دوپاتبكەنەوە. لایەنیكەم ئەم ماوەیە شەڕی میدیایی لەدژی یەكتر رابگرن، چونكە لێكەوتەی خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتیی و تۆخكردنەوەی شۆڤینیەتی نەتەوەیی و ئاینی و تایفی. ئێستا ئەمریكا هێزێكی گەورەو نێوانگرێكی كاریگەرە لەسوریا بەڵام هەم كوردو هەمیش دیمەشق گرفتیان لەگەڵیدا هەیە، ئەویش بۆچوونی روون نییە لەبارەی ئایندەی ئەو وڵاتەو شێوەی بەیەكەوەژیانی پێكهاتەكان، هاوكات وەك نێوانگر هیچ گرەنتیەكی نوسراو ناداتە لایەنە ناكۆكەكان بۆ جێبەحێكردنی رێككەوتنی نێوانیان. رەنگە بەهۆی هاوكێشەی ناوچەكەو لەبەرچاوگرتنی توركیای بێت كە هەستیارییەكی زیاد لەپێویستی بەرامبەر هەسەدە هەیە. ئەنقەرە لەوە دەترسێت ئەگەر فیدراڵی لەسوریا بچەسپێت ئەوا دواتر نۆرەی توركیا دێت. هەموو لایەنەكان لەوە دەگەن كە ناتوانرێت بەر لەكۆتایی ساڵ كە یەك دوو رۆژێكی ماوە بگەنە رێككەوتنێكی گشتگیرو هەمەلایەن. تێگەیشتنی دیمەشق بۆ بەیەكەوە ژیان سیستمی حوكمڕانیی و فشاری توركیا لەسەریان، هاوكات خواست و پێویستی كوردو بەرژەوەندی ئەمریكاو ئیسراییل رێنادەن رێككەوتنێك بكرێت هێزەكانی سوریای دیموكرات بەمشێوەیە ببنە بەشێك لەسوپای ئەحمەد شەرع. بۆیە ئەگەر كۆبونەوە باڵاكەی دیمەشقیش سەربگرێت و توركیا رێگری لێنەكات، تەنها چەند لێكتێگەیشتنێكی دیاریكراو لەنێوان هەردوولا رادەگەیەنرێت و شتێكی دیكەی عەمەلی لێ شین نابێت. خولاسە. دۆخی سوریا تا ماوەیەكی درێژ بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام دەبێت. ئاسۆی گەیشتنە رێككەوتن دیار نییە، دەوەستێتە سەر بەرژەوەندی ئەمریكاو ململانێی وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەت توركیاو ئیسراییل، ئەوەی لەو نێوانەدا بێچارەیە گەلانی سوریایە كە كەمترین رۆڵ و كاریگەریان لەسەر ئایندەی خۆیان هەیە.
هەنگاوەکانیان سەرەتای ئامادەکاری جەنگێکی درێژخایەنە ئامادەکردنی هاوڵاتی تەنها لەم هەفتەیەدا ئیسرائیل و تورکیا جموجوڵی سەربازیی جیاوازیان دەستپێکردووە و خۆیان بۆ رووبەرووبونەوەی سەربازیی ئامادە دەکەن، تەنانەت وای لێهاتووە، هەردوولا یەکتری بە مەترسیدارترین هەڕەشە دەبینن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیان. لەم هەفتەیە چی روویدا؟ رۆژی دووشەممەی رابردوو ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس رێککەوتنێکی هەماهەنگی سەربازیی واژۆکرد بۆ راهێنانی یەکەی سەربازیی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و ئاڵۆگۆڕی زانیاریی لەسەر هەڕەشە نوێیەکان لە دەریای سپی ناوەڕاست، بەتایبەتی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی دۆرنی پێشکەوتوو. هەر لەکاتی ئەم رێککەوتنەدا نەتانیاهۆ پەیامێکی بۆ ئەردۆغان نارد و لەتەنیشت هەردوو بەرپرسی یەکەمی یۆنان و قوبرس گوتی: بۆ ئەوانەی خەون بە بنیادنانەوەی ئیمپراتۆرییەت دەبینن و بیانەوێت خواستەکانیان بەسەرماندا زاڵ بکەن، پێیان دەڵێم: ئەوە روونادات و هەر بیریشی لێمەکەنەوە. ئەم هەماهەنگییە سێ قۆڵییەی یۆنان و قوبرس و ئیسرائیل، لە تورکیا هەرای ناوەتەوە و رۆژنامەی یەنی شەفەق کە زمانحاڵی حکومەتی تورکیایە، دەڵێت، ئیتر دەبێت لەدوای ئەم هەماهەنگییە، تورکیا، ئیسرائیل بخاتە لیستی مەترسیدارترین وڵاتەوە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. یەنی شەفەق دەڵێت، ئێستا سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەکانی تورکیا، ئیسرائیل وەک سەرەکیترین هەڕەشە پێناسە دەکەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵات، لەوانە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی کە بە میت ناسراوە. ئالۆن لایڵ، بەرپرسێکی پێشووی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسیرائیلی گوتووە، ئەنقەرە لەدوای رێککەوتنەکەی ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس کەوتووەتە حاڵەتێکی شڵەژانەوە و خۆی بۆ جەنگ دژی ئیسرائیل ئامادە دەکات، هەموو سیناریۆکانی رووبەڕووبوونەوەکەشی لەبەرچاوگرتووە و بەهەند وەریان دەگرێت. لایڵ باسی لەوەشکرد، ئەنقەرە هێزی ئاسمانی بەهێز کردووە و پێگە بەرگرییەکانی تۆکمەتر کردووە، بودجەیەکی زەبەلاحیشی تەرخانکردووە بۆ بەرەوپێشبردنی سوپاکەی، ئەمە جگە لەوەی بەرەوپێشچوونی بەرچاوی لە بەرهەمهێنانی درۆنی پێشکەوتوو بەخۆیەوە بینیوە. رۆژی یەکشەممەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە ئاماژەیەکی ناراستەوخۆ پێش رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان گوتی: هیچ ململانێیەکمان لەگەڵ وڵاتان ناوێت، تەنها ئاشتیمان دەوێت، بەڵام دەستدرێژیش لە کەس قبوڵ ناکەین. تەنها رۆژێک دوای رێککەوتنەکەی ئیسرائیل، خێرا محەممەد عەلی حەداد، سوپاسالاری لیبیا گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبوویەوە. کۆبوونەوەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی هەردوو وڵات بوو، بەڵام حەداد نەگەڕایەوە بۆ لیبیا و لە ئەنقەرە فرۆکە تایبەتەکەی تێکشکا و لەگەڵ حەوت سەرنشینی دیکە گیانی لەدەستدا. هەر لە هەمان رۆژی رێککەوتنەکەی ئیسرائیل، پەرلەمانی تورکیا ماوەی مانەوەی سەربازانی تورکیای لە لیبیا درێژکردەوە کە لە ساڵی 2019ـەوە لە وڵاتەکە جێگیرکراون. ئیسرائیلیش بەهەمان شێوە، تورکیا بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر وڵاتەکەی دەبینێت. لە نوێترین راپرسی پەیمانگەی سیاسەتی گشتی گەلی جوو، تورکیا هاتووەتە ریزبەندی دووەم لەو وڵاتانەی خەڵکی ئیسرائیل پێیانوایە گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتەکەیان. رێکخەرانی راپرسییەکە دەڵێن، پۆلێن بەندییەکە لەسەر سێ ئاستە: بەرهەمهێنانی درۆن، سیستمی مووشەکی و توانای هێزی دەریایی کە تورکیا لەم سێ ئاستەدا پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و لە وڵاتێکی هەرێمییەوە گەیشتووەتە ئاستی "رکابەرێکی سەربازیی بەهێز"ـی ئیسرائیل. رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت دەڵێت، بە ئەگەری زۆرەوە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە سەرەتا لەسەر خاکی سوریا دەبێت، چونکە هەردوو وڵات لە سوریا ناکۆکییەکی گەورەیان هەیە. میدیای تورکیاش لە خۆشکردنی ئاگرەکە سڵی نەکردووەتەوە و دەیەوێت هەسەدە پەلکیشی ململانێکە بکات، چونکە دەڵێن گرژییەکانی ئەم هەفتەیەی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب رێککەوت نەبووە، بەڵکو ئاماژەی نەتانیاهۆ بووە و ئیسرائیل دەستی هەبووە لە جوڵاندنی هێزەکانی هەسەدە بۆ شەڕ و ململانێ، لەکاتێکدا هەسەدە و چەند رێکخراوێکی سەربەخۆ ئاشکرایان کرد، گروپەکانی سەر بە دیمەشق دەستپێشخەری شەڕەکە بوون. تەنانەت قسەی میدیاکانی تورکیا لە گوتەکانی هاکان فیدان رەنگیدایەوە کاتێک رۆژی سێشەممەی رابردوو سەردانی دیمەشقی کرد و گوتی: هیچ پەرۆشییەک لە هەسەدەدا نابینین بۆ تێکەڵبوونی بە سوپای سوریا و کاری هاوبەشیان لەگەڵ ئیسرائیل بووەتە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەکەدا.
✍️ سەرتیپ جەوهەر لەدوا سەردان و دیداری لێپرسراوانی باڵای پارتی و یەكێتیی، بەبۆنەی تەواوبوونی كاركردنی لەعیراق، محەمەد حەسسان نوێنەری تایبەتی سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان هەردوولای لەناكۆكی و دووبەرەكی نێوانیان ئاگاداركردەوەو پێی راگەیاندن ئەگەر بەكۆدەنگی نەچنە بەغداو رێكنەكەون لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار، زیانی گەورە بەر كورد دەكەوێت. هەروەك ئەمڕۆو دوێنێ لێپرسراوانی باڵای شیعە پەیوەندیان بڕیاربەدەستانی هەرێم (پارتی و یەكێتیی) كردووە كە ئەوان نایانەوێ ببنە لایەنگر (تەرەف) لەپرسی كاندیدی سەرۆك كۆمار، واباشترە پارتی و یەكێتیی لەسەر كاندیدێك رێككەون، ئەگەرنا هەم خۆیان و هەم لایەنەكانی بەغدا توشی ئیحراجی دەكەن. لەدوایین كۆبونەوەیاندا پارتی و یەكێتیی بەزمانێكی نەرم گفتوگۆیان كردووە، بۆ قسەوباس لەسەر گفتوگۆكانیان، هەردوولا گوتویانە دەگەڕێینەوە لای مەرجەعی خۆمان، بەڵام دواتر دیارە وڵامی نەرێنیان لەیەكتر گێڕاوەتەوە. واتە رێكنەكەوتن. بەپێی ئەو بەیاننامەیەی دوێنێی یەكێتیی بێت كە لەدوای كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی خۆی بڵاویكردەوە، ئاماژەی تێدایە كە پێدەچێت هیچ كۆبونەوەیەكی دیكە لەنێوان پارتی و یەكێتیی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ناكرێت تا دوای پێكهێنانی حكومەتی عیراق یان لایەنیكەم هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق. لە 29 ئەم مانگە خولی نوێی پەرلەمانی عیراق كۆبونەوەی خۆی دەكات. لەم كۆبونەوەیە پێویستە سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی هەڵبژێردرێن. لەماوەی دوای رووخانی رژێمی سەدام وەك نەریتێك هەموو جار جێگری دووەم بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە (جگە لەیەك خول كە خۆی ئەو پۆستەی بەخشیە بزوتنەوەی گۆڕان) بۆیە ئەگەر پارتی 29 مانگ كاندیدی هەبێت بۆ ئەو پۆستە، لەسەر ئەو بنەمایە خوێندنەوە بۆ دابەشبوونی پۆستەكانی بەغدا دەكرێت بەتایبەتیش پرسی سەرۆك كۆمار، چونكە پۆستەكانی بەغدا نەك تەنها لەنێوان یەكێتیی و پارتی بگرە هەموو پۆستەكانی دیكەش وەك نەریت لەنێوان شیعەو سوننە بۆ هەموو خولێك دابەشكراون. وەفدێكی رەسمیی پارتی لەبەغدا بوون، بەدڵنیاییەوە تامی زاری هەموو پێكهاتەكانی عیراقیان كردووە، رەنگە بەرچاوروونتر بن لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق. رەنگە دوای هاتنەوەی ئەو وەفدەو كۆبونەوەیان لەگەڵ سەركردایەتی خۆیان جارێكی دیكە هەردوولا (پارتی و یەكێتیی) پەیوەندی بەیەكترەوە بكەنەوە، بەڵام پێناچێت تا دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق هەردوولا باسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بكەنەوە. لەهەموو بارودۆخێك پێكهێنانی حكومەتی عیراق راستەوخۆ لێكەوتەی دەبێت لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم. ئەگەر پارتی بەبێ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی پۆستی سەرۆك كۆمار لەپەرلەمانی عیراق بباتەوە، پرسی پێكهاتنی حكومەتی هەرێم زۆر ئاڵۆز دەبێت. ئەوكات یان دەبێت پارتی دەستبەرداری یەكێك لەدوو پۆستە باڵاكەی هەرێم ببێت بەتایبەت پۆستی سەرۆكی هەرێم، یاخود دوو ئیدارەیی زۆر تۆخدەبێتەوەو شلەژانێك لەدۆخی سیاسی دروستدەبێت. هەرچەندە ئێستا حكومەت و حوكمڕانی هەرێم هیچ وەسفێكی قانونی نییەو پەرلەمان پەكیكەوتووەو دەكرێت بڵێین بەتەواوی لەدەرەوەی شەرعیەتی قانونییە. بەگریمانە، ئەگەر یەكێتیش بەبێ رێككەوتن لەگەڵ پارتی سەرۆكی كۆمار بباتەوە، ئەوا دوای پێكهاتنی حكومەتی عیراق، سەقفی داواكارییەكانی بەرزتر دەكاتەوە. دیسان ئاڵۆزی بۆ پێكهاتنی حكومەتی هەرێم دروستدەبێت. خولاسە، ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستانی دەخوازن بەتایبەت ئەمریكاو ئەوروپا، دوورە لەخواستی حزبی پارتی و یەكێتیی. ئەوان دەیانەوێ حكومەتێكی هەڵبژێردراو پەرلەمانێكی كاراو هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوو هەبێت. ئەنجام هەرێمێكی یەكگرتووی بەهێز دوور لەكاریگەری و راكێش راكێشی هەرێمایەتی هەبێت. بێگومان ئەوە لەبەرژەوەندی هەرێم و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە. دوور بێت لەدەستوەردان، یاخود دابەشبوون بەسەر ئەجێنداو نفوزی هەرێمایەتی. ئەوەی هەیە زۆر روونە. ئەگەر پارتی و یەكێتیی رێكنەكەون، بارودۆخێكی ناجۆر روو لە هەرێم دەكات. ئێستا دامەزراوەكانی شەرعیەتی یاساییان نەماوە. پەرلەمان چ وەك دامەزراوەی نوێنەرایەتی خەڵك چ دامەزراوەی چاودێر بەسەر حكومەت و حوكمڕانیی بەتەواوی پەكیكەوتووە. دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بەتەواوی پاشەكشەی كردووە. ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، هیچ پێناسێكی لەئەدەبیاتی سیاسی و حوكمڕانیی نییە. ئەنجام هیچ بەهایەك بۆ شەرعیەتی حوكمڕانی نامێنێت.
باسی پرسی مووچە و بودجە کراوە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی دوو رۆژە شاندێکی پارتی لە بەغدایە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان چەندین کۆبوونەوەی ئەنجامدا بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و پشنیازکردنی داواکانی کورد لە کابینەی داهاتوو، بەتایبەتی زامنکردنی مووچە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان. سەرۆک بارزانی هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئەو شاندەی راسپارد بچنە بەغدا بەمەبەستی چەسپاندنی شایستە دەستوورییەکانی کورد لە حکومەتی داهاتوو کە پێکهاتووە لە فازڵ میرانی، نەوزاد هادی، ئومێد سەباح و فارس عیسا. بەگوتەی وەفا محەمەد، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان، کە بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، پارتی پێنج داواکاری هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، یەکەم: دەركردنی یاسای نەوت و گاز. دووەم: جێبەجێكردنی مادەی 140. سێیەم: گەرەنتیكردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان. چوارەم: چارەسەركردنی دۆسیەی دابەشكردنی كورسییەكان. پێنجەم: دابینکردنی شایستە دەستوورییەكان. شاندەکە دوێنێ سێشەممە سەردانی بەغدایان کرد و یەکەم سەردانیان بۆ لای لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، بوو کە باسیان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد. دواتر شاندەکە سەردانی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای کرد لە ناوچەی سەوزی بەغدا. پاشان شاندەکە سەردانی موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزمی کرد و لەبارەی پێکهینانی حکومەتی داهاتووی عێراق گفتوگۆکرا، هەر لە پێش نیوەڕۆی هەمان رۆژ شاندەکە لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبوونەوە. دوانیوەڕۆی هەمان رۆژیش، سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا باسی شایستە داراییەکانی هەرێم، یەکخستنی نێو ماڵی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا. کۆتا کۆبوونەوەی دوێنێشیان لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیاری سوننەکان بوو کە لەسەر هەمان پرس گفتوگۆکرا. بەیانی ئەمڕۆش شاندەکە لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر کۆبوونەوە و باسی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کرا، کە بڕیارە لە 29ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت. دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەش هادی عامری بە میدیاکارانی راگەیاند، لەگەڵ پارتی لەسەر زوو پێکهێنانی حکومەت هاوڕابووین کە نابێت زیاتر دوابخرێت، تەنها لەگەڵ برادەرانی پارتی باسی پێکهێنانی حکومەت نەکرا بەڵكو باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم بەغداد کرا، جەختمان کردەوە لەوەی بە رێگەی گفتوگۆ چارەسەری کێشەکان بکرێت.
شەوی ڕابردوو گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، شایەدی پەرەسەندنێکی مەترسیداری سەربازی و ئاڵۆزیی توند بوون. ئەگەرچی دۆخەکە هێور بووەتەوە، بەڵام ڕووداوەکە فشۆڵیی ئەو لێکتێگیشتن و پەیوەندییە دەردەخات کەلەنێوان هەسەدە و دیمەشقدا هەیە. پەرەسەندنی مەیدانی و زیانە گیانییەکان بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاڵۆزییەکانی حەلەب تا ئێستا بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ٢٥ کەس. لە نێو قوربانییەکاندا ژنێک لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ژنێکی دیکە و کوڕەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت گیانیان لەدەستداوە. هەروەها برینداربوونی ٢٣ کەسی دیکەی لە ناوچە جیاجیاکانی شارەکە تۆمار کردووە. گێڕانەوەی لایەنە ناکۆکەکان؛ کێ دەستپێشخەر بوو؟ ئاخین نوجان، بەرپرسی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، لایەنە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەوان بوونەتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕەکە لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی بازگەی "شیحان". نوجان جەختی کردەوە کە هێزەکانیان لە چوارچێوەی "مافی بەرگری ڕەوا"ـدا وەڵامیان داوەتەوە و ئەوان لایەنگری شەڕ نین، بەڵکو هەوڵی پاراستنی مەدەنییەکان دەدەن. لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگری سووریا لە ڕێگەی ئاژانسی "سانا"ـوە ڕایگەیاند: هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هێرشی کوتوپڕیان کردووەتە سەر خاڵەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ئەشرەفییە. لەلایەکی دیکەوە، ناوەندی ڕاگەیاندنی "هەسەدە" بە توندی ئەو ئیدیعایانەی حکومەتی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە گروپە نامەدەنی و سەرکێشەکان کە ماوەی چوار مانگە گەمارۆی گەڕەکەکانیان داوە، موشەک لە ڕۆژئاوا و باکووری حەلەبەوە ئاراستەی ناو شار دەکەن بۆ نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاسایش. ڕەهەندی سیاسی و پەیامی دەرەکی ئەم پەرەسەندنە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵە دیپلۆماسییەکان. هەر دوێنێ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی هاوتای سووری کۆبووەوە. هەردوو لا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەیان بەوە کرد کە "هەسەدە ئیرادەی جددی نییە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار و تێکەڵبوونیان لەناو سوپای سووریادا." بەدوای ئەم لێدوانانەدا، ڕووداوەکەی حەلەب ڕوویدا، ئەمەش ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دۆخی حەلەب تەنها ململانێیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە هاوکێشە ئاڵۆزە هەرێمییەکان.
✍️ سەرتیپ جەوهەر لەگەڵ هەر سەردانێكی لێپرسراوانی توركیا بۆ دیمەشق، پێكدادانی سەربازیی یان گرژی لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق دروستدەبێت. دوێنێ لەگەڵ هاتنی هاكان فیدان و وەزیرو بەرپرسانی دیكەی توركیا بۆ دیمەشق، دوای چەند كاتژمێرێك راستەوخۆ هێزەكانی نزیك ئەحمەد شەرع لەبازگە هاوبەشەكانی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب كشانەوەو شەڕو پێكدادان دروستبوو. بەپێی هەموو لێكدانەوەكان ئەو گرژیەی لەحەلەب دروستبوو، لەژێر كاریگەری توركیاو بۆ دروستكردنی فشاربووە لەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات. چونكە چەند رۆژێك ماوە بۆ سەری ساڵ و رێككەوتنی 10ی ئادار لەنێوان مەزلوم عەبدێ و ئەحمەد شەرع جێبەجێنەكراوە. ماوەیەكیشە نزیكبوونەوەو گفتوگۆ دوور لەچاوی كامێرا لەنێوان دیمەشق و كورد هەبووە، تاوەكو بەر لەكۆتایی ئەمساڵ كەچەند رۆژێكمان كاوە، بتوانن رێككەوتنەكەی ئادار جێبەجێبكەن، بەڵام توركیا ناڕازیە لەو گفتوگۆیەو فشاردەكات شكستی پێ بینێت. كاتێكیش پەلاماری گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب دەدەن، بۆ دروستكردنی فشارە لەسەر هەسەدە، چونكە ئەو دوو گەڕەكە دەكەونە دەرەوەی قەڵەمڕەوی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئاسانە پەلاماردانیان، چ لەلایەن گروپە چەكدارەكانی نزیك توركیا، یاخود ئەو گروپە چەكدارانەی ئیدلب كە گوێڕایەڵی ئەحمەد شەرع نین. دوێنێش لەژێر فشاری ئەمریكا پەلاماردانی گەڕەكە كوردنشینەكان لەلایەن چەكدارەكان راگیرا. ئەم پشێوی و ئاژاوەیەی لەحەلەب یان ناوچەی دیكە دروستدەكرێت، دژی هەوڵی ئەمریكایە بۆ نزیككردنەوەی هەسەدەو دیمەشق. ئەمریكا لەم قۆناغە نایەوێ هێزەكانی هەسەدە تێكەڵ بە هێز یان دامەزراوەی سەربازیی سوریا ببێتەوە، یان لایەنیكەم لەگەڵ ئەوشێوە تێكەڵبونەوەیە نییە، بۆیە دەیەوێت دۆخی نەشەڕ نەئاشتی بەردەوام بێت تا ئەوكاتەی دڵنیادەبێت لەچەسپینی بەرژەوەندی و خواستەكانی خۆی. پێشبینی دەكرێت ماوە ماوە ئەو پشێوەیە دروست ببێت، چونكە توركیا ترسی زۆری لەپێشكەوتنەكانی سوریا هەیە بۆیە هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدات. بێگومان ئەم دۆخە نوێیەی سوریا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر پرسی ئاشتی باكوری كوردستانیش هەیە چونكە لەبنەڕەتدا توركیا دەیەوێت پرسی ئاشتی باكور بۆ دروستكردنی كاریگەریی لەسەر رۆژئاوای كوردستان بەكاربهێنێت. هەردوو گەڕەكی كوردنشین (ئەشرەفیەو شێخ مەقسود) لەحەلەب نزیكەی 5 مانگە ئابلوقەیەكی توندیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریا خراوەتەسەر! نرخی كاڵاو پێداویستیە سەرەكییەكان بەتایبەتیش خواردن و سوتەمەنی زۆر گرانترە لەناوچەكانی دیكە. هەردوو گەڕەك دەكەونە باكوری حەلەب لەرۆژئاوای فورات و لەژێر قەڵەمڕەوی حكومەتی سوریادان، نزیكترین خاڵی سەربازیی هێزەكانی هەسەدە لە(دێر حافر)ەوەیە كە نزیكەی 45 كیلۆمەترێك دوورە لێیانەوە. ژمارەی دانیشتوانی هەردوو گەڕەك دوای ئاوارەبوونی دانیشتوانی شەهبا، ئێستا لە 200 هەزار كەس زیاترە. جاران كۆریدۆر یان رێگەیەكی هاتووچۆ لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات لەنزیك منبەج بەرەو باكوری حەلەب هەبوو، بەڵام دوای رووخانی ئەسەد ئەو كۆریدۆرە، یان رێگای پەیوەندیە نەما. بەپێی دوایین زانیاریی، بۆ جۆشدانەوە بەگفتوگۆی نێوان هەسەدەو دەسەڵاتدارانی دیمەشق، بڕیارە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوو، واتە بەر لەسەری ساڵ بەنێوانگری ئەمریكا جارێكی دیكە لەسەر ئاستێكی باڵا هێزەكانی سوریای دیموكرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق گەڕێكی دیكەی دانوستان دەستپێبكەنەوە، بەڵام توركیا دەیەوێت ئەم دانوستانە تێكبدات. ناكۆكی و جیاوازییەكانی نێوان كوردو دیمەشق زیاترن لەجاران. ئێستا كورد داوای هەمواركردنەوەی دەستورو روونتر چەسپاندنی مافە دەستورییەكانی كوردو فیدرالیەتی ئیداریی سیاسی دەكات. هاوكات ئامادە نییە هێزەكەی (هەسەدە) تێكەڵ بەسوپای سوریای بكات كە ئێستا بوونی نییە. بۆ هەر هەنگاوێكیش سەبارەت بەپرسی هەسەدە، كورد داوای گرەنتی نێودەوڵەتی دەكات لەئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەتیش فرەنسا. یەكێك لەگرفتەكانی ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا نەبوونی متمانەیە بەئەمریكا، هەروەكچۆن ئەمریكاش متمانە بەشەرع ناكات. لەبەرامبەردا توركیا هەژموونێكی گەورەی لەسوریا دروستكردووە بەتایبەتیش لەناوچەكانی ژێر قەڵەمڕەوی ئەحمەد شەرع. لەلایەك ناوچەیەكی بەرفراوانی لەباكوری حەلەبی داگیركردووەو لەڕێی ژمارەیەك گروپی چەكدار، هاوكات چەند گروپێكی دیكەی ئیسلامیی لەناوچەی ئیدلب لەژێر كاریگەری توركیادان. هەروەك باس لەوەدەكرێت كە لە سەرۆكایەتی و بەشێك لە وەزارەتەكانی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، راوێژكاری تورك داندراون و لەنزیكەوە چاودێری بەڕێوەچوونی بارودخ دەكەن.
کێ دەستپێشخەری کرد و ئاگرەکەی خۆشکرد؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. شەوی رابردوو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب، کە سەر بە هەسەدەیە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بەحکومەتی سوریا، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کە دوو گەڕەکی زۆرینە کوردنشینن لە باکووری رۆژئاوای حەلەب رووبەڕووی یەکبوونەوە. سەردانی دوێنێی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ سوریا بووەتە جێی مشتومڕ و گومان دەکرێت ئاگری ئەو شەڕەی لەگەڵ خۆی هێنابێت، چونکە تەنها دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ دەستیپێکرد. هاکان فیدان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری حکومەتی سوریا کۆبوویەوە و دواتر لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و چەند جارێک باسی هەسەدەیان کرد. هاکان فیدان لەبارەی هەسەدە بە دەموچاوێکی تووڕەوە گوتی، هیچ پەرۆشییەکیان تێدا نابینین بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سوریا، چەند جارێکیش چالاکی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل ئەنجامداوە، کە ئەمەش بەربەست بۆ دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق دروستدەکات. قسەکانی ئەسعەد شەیبانیش لە قسەکانی فیدان توندتربوو، گوتی، لە داهاتوودا هێزەکانی سوریا دەچنە هەرێمی جەزیرە و جێگیر دەبن. تەنها دوای چەند کاتژمێرێک لەم قسانە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بە چەکی قورس و مامناوەند گەمارۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەیان داوە لە باکووری رۆژئاوای حەلەب و هێرشی چڕ دەکەن. تەنها بەوەوە نەوەستان، بەڵکو لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵی حەدەس و جەزیرە تانک و زرێپۆشی سوپای سوریا لە گەڕەکە کوردنشینەکان دەبینران، ئەمەش راگەیاندراوەکەی هەسەدەی پشتراستکردەوە کە گوتبووی بە تانک و تۆپهاوێژ گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هێرش دەکەن. لە رووبەڕووبوونەوەکاندا سێ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 20 کەسی دیکەش برینداربوون کە سێ کەسیان سەر با ئاسایشی رۆژاڤان. کێ دەستپێشخەری شەڕەکە بوو؟ لە سەرەتای دروستبوونی شەڕەکەوە، هەسەدە و وەزارەتی ناوخۆی سوریا یەکتریان بە هەڵگیرسێنەری شەڕەکە تۆمەتبارکرد، بەڵام رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بێلایەنە و لە ساڵی 2016ـوە لە بەریتانیا دامەزراوە، قسەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سوریای رەتکردەوە و گوتی: هێرشەکە سەرەتا لەلایەن گروپێکی چەکداری سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی سوریاوە کراوەتە سەر خاڵێکی پشکنینی هاوبەشی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنی گشتی لە بازگەی شەیحان، بەڵام هێرشەکە بەتوندی وەڵام دراوەتەوە و شەڕەکە گۆڕاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەک کە تێیدا چەکی قورس بەکاردەهێنرێت. فەرماندەیەکی ژن ئاگری شەڕەکەی راگرت. دوای زیاتر لە شەش کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، ئاخین نوجان، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، ئەو ژنەی فەرماندەیی رووبەڕووبوونەوەکانی بەرامبەر گروپە چەکدارەکانی دیمەشق دەکرد ئاگری شەڕەکەی بە راگەیاندراوێک خامۆشکرد. ئاخین نوجان گوتی: توانای بەرگریکردنی تەواومان لە گەڕەکەکان هەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئاشتین، نامانەوێت خوێنی هاوڵاتی مەدەنی بڕێژرێت. دواتر فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئێمە تەقەکردمان راگرت وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی بۆ راگرتنی شەڕەکە هەیە، وەزارەتی ناوخۆی سوریاش کۆتای بە هێرشی گروپە چەکدارەکان هێنا.
خەبات کوردە سەرەتاکە لە ڕۆژی یادکردنەوەی ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و ڕێپێوانە چەکداریەکانی ئەحمەد شەڕعەوە سەریهەڵدا لە دیمەشق و ئەو هەڕەشانەی کە لە ئیسڕائیل و هەسەدە و دروز و عەلەویەکان دەکران دەستی پێکرد لە هەمان کاتدا سوپای تورکیا هێزێکی زۆری گەیاندە حەڵەب و سەرێ کانی و بەناو شەقامەکانی شاری حەڵەبدا تێکەڵی ڕێپێوانی چەکدارەکانی شەڕعی کرد بۆ شەوەکەی سوپای ئیسڕائیل تەواوی ئاسمانی سوریای کۆنتڕۆڵ کرد و بۆردومانی هەر دوو بنکەی سەربازی مەززە و حەمای کرد . بۆ بەیانیەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند کە ئەو هێزانە تەنها ئاڵوگۆڕی سەربازی بووە و هیچی تر تۆم بەڕاک گەیشتە ئیسڕائیل و لە گەڵ ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیراندا کۆبونەوەیەکی گرنگی ئەنجامدا و نامەیەکی هەڕەشە ئامێزیشی بۆ تورکیا برد لە گەڵ خۆی بە گەڕانەوەی بەڕاک بۆ ئەنقەرە و کۆبونەوەی لە گەڵ حەقان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیا نامەکە گەیشت و بە ئاشکرا تۆم بەڕاک ڕایگەیاند کە ورگی من عەمباری باوکی کەس نیە و ناتانیاهۆ ڕێگە نادات بە هیچ جۆرێ تورکیا و قەتەر و سوپاکانیان بەشداری لە هیچ کۆبونەوەیەک دا بکەن دەربارەی غەززە و سەربازەکانیان بنێرن بۆ کەرتی غەززە دوا بەدوای ئەوە ئیسڕائیل و یۆنان و قوبرس ڕێککەوتنێکی سەربازی هاوبەشیان ڕاگەیاند . لەو کاتەدا لێدوانێکی مەزڵوم عەبدیش بۆ ڕۆژنامەیەکی ئیسڕائیلی و نیشاندانی ئامادەیی خۆیان بۆ هاریکاری کردنی ئیسڕائیل ئەگەر پێویست بکات .! هەموو ئەو هەڕەشانە ئاگریان لە جەرگی ئەردۆگان و سوپا و حکومتەکەی تورک بەردا سەرباقی نەسیحەتەکەی پۆتین بۆ ئەردۆگان زیاتر لە دوو مانگە و دوای سەردانەکەی شەڕع بۆ کۆشکی سپی و بە بەشداری حەقان فیدان ، نێوانی دیمەشق و ئەنقەرە گرژی بە خۆیەوە دەبینێ و شەڕع و سوپاکەی نەیانتوانی لە بەر هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل خۆیان ئامادە بکەن و هێز کۆبکەنەوە بۆ هێرش کردنە سەر هێزەکانی هەسەدە لە سەرەتای هاوینی ڕابردوەوە تا ئێستا تورکیا چەندین جار هەوڵیدا بنکەی سەربازی تەدمور ئاوەدان بکاتەوە و فڕۆکەکانی ئیسڕائیل دوو جار بە چڕی بەرەنگاریان بوونەوە و کەرستە جاسوسیە سەربازیەکانی سوپای تورکیایان تێکشکاند کاتێ کە دەزگای هەواڵگری میتی تورک زانیان کە هێزەکانی ئەمەریکا دەیانەوێ بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایشی گشتی دیمەشق و سوپاکەی مرهەف ئەبو قەسرە سەردانی بنکە سەربازیەکەی تەدمور بکەن و لە هەمان شوێندا کۆبونەوەیەک ئەنجام بدەن ( ئەو کۆبونەوەیە دوو جاری تریش دوا خرا بوو ) خێرا دەزگای میت شانە نوستوەکانی بەخەبەر هێنا و ئەوەی ڕویدا هەموو لایەک بینیمان و دوو سەربازی پلەداری ئەمەریکی و وەرگێڕە بە ئەسڵ عێڕاقیەکەیان کوژران و سێ سەربازی تریش بریدار بوون و خێرا لە دیمەشقەوە تۆمەتەکە خرایە پاڵ داعش دوای گەیشتنەوەی تەرمی سەربازەکان بۆ ئەمەریکا توڕەیی تڕەمپ گەیشتە لوتکە و گێڕانەوەی ڕوداوەکە لە لایەن بریندار و سەربازەکانیانەوە لە بنتاگۆن بڕیاری تۆڵە سەندنەوە درا و کاتژمێری سفر دیاری کرا و بە هەماهەنگی دەزگا جاسوسیەکانی هەسەدە و ئەمەریکا و دیمەشق پێگە و مۆڵگەکانی داعش دیاری کرا و هەڵمەتی چاوی باز دەستی بە لێدان و کاولکردن کرد و دەیان و سەدان کوژراو و بریندار کران و لانی کەم دەیان چەکداریش بە دیل گیران ، هەموو ئەو شوێنانەش لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی شەڕع دا بوون داعش بۆ تۆڵە کردنەوە و خۆدەرخستن لە زۆرترین ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شەڕع ڕێگاکانیان گرت و چەندین سەرباز و چەکداری سەر بە هێزەکانی ناوخۆ و سوپاکەی شەڕع و خەڵکی سڤیلیان دەست بەسەر کرد و شارۆچکەیەکشیان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرد لە بەرامبەردا ئەردۆگان کەوتە پاڕانەوە و ڕایگەیاند کە چاومان لە خاکی هیچ دەوڵەتێکی کە نیە و دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە ناکەین و تەنها دەمانەوێ وڵاتەکەمان پارێزراو بێ لە ئێستادا هەواڵەکانی ناو سوریا وا ڕادەگەیەنن کە سەدان کەس لە چەکدارەکانی شەڕع هەڵگەڕاونەتەوە و چەندین گروپی چەکدرایش وەلایان بۆ داعش دەربڕیوە لە بەرامبەردا لە چەند کاتژمێر ڕابردو ( واتە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ۲۱ ی مانگ ) ڕاگەیەندرا کە ناوچەیەکی دوور و درێژ لە هێزە چەکدارەکانی شەڕع چۆڵ کراون دوای ئەوە هێزەکانی ئەمەریکا بە هەماهەنگی هێزەکانی هەسەدە لە دێرزورەوە تا شاری ڕەققە و بە درێژایی هەر دوو دیوی ڕوباری فورات هەڵمەتێکی گەورەی زەوی و ئاسمانیان ئەنجامدا و لە تەواوی بیابانەکانی هەردوو بەری ڕوبارەکە و چەندین مۆڵگە و بنکەی هەڵگرتن و شاردنەوەی چەک و جبەخانەی داعشیان تەقاندەوە و دەیان چەکداریشیان لێ بە دیل گرتن و کوشتن دوێنێ دەزگا هەواڵگریەکان بڵاویان کردەوە کە لە بنکەیەکی سەربازی شاری حەما زیاتر لە چوار سەد کەس بە چاودێری هێزەکانی تورکیا و شارەزایانی سەربازی ئۆکڕانیا هەڵمەتێکی بەکاهێنانی دڕۆن ئەنجام دەدەن هەموو لایەک ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەردۆگان دەیەوێ تۆڵەی خۆی لە پۆتین بکاتەوە و پێگەکانی سوپای ڕوسیا لە کەناراوەکانی سوریا بکاتە ئامانج ، ئەوەش تەنها لە سەر ئەوەی کە پۆتین بە ئەردۆگانی ڕاگەیاندبوو کە بە عاقڵی دانیشێ بەڵام ئایا دەبێ ڕوسەکان ئەو خەونەی ئەردۆگانیش لە قوڕ نەگرن ؟ ئەمڕۆ تەنها نۆ ڕۆژ ماوە ، ساڵ کۆتایی دێت و مەرهەف ئەبوو قەسڕە بە نامەیەکی دەست نوس و بە ئیمزای خۆی مەزڵوم عەبدی ئاگادار کردۆتەوە کە دیمەشق ئامادە و ڕازیە بە جێبەجێ کردنی هەموو خاڵەکانی دەی ئازاری ڕابردوو ، لە وەڵامیشدا عەبدی دەڵێ : کۆتایی ڕێککەوتنەکە بە سەر چوو و دوای سەری ساڵی تازەش داواکاری تازە و زیاترمان دەبێ هەر بە ڕاست ئێستا ئەحمەد ئەلشەڕع چوار مانگی لە بەر دەست ماوە کە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بۆی دیاری کرد بوو ، بەڵام ئایا شەڕع ئەو توانایەی هەیە کە لەو ماوەیەدا دەست بگرێ بە سەر هەموو چەکدارە توندڕەوەکاندا و ئاشتی و ئارامی بەرقەرار بکات و مافی هەر یەکە لە کورد و دروز و عەلەویەکان و دڵی ئیسڕائیلی جیرانیش خۆش بکات .؟
ئایا کوردستانی بە قیبلەی موسڵمانان شوبهاندووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لەسەروربەندی یەکەم ساڵیادی رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد گوتارێکی د.مورشید خەزنەوی لە نەرویج بووە بابەتی رۆژ، بەشێک لە خەڵکی دەستخۆشیان لێدەکرد و بەشێکی دیکەیان بە توندی رەخنەیان لێگرت و وەڵامیان دایەوە، تەنانەت هەندێک میدیای هەرێمی کوردستان قسەکەیان گۆڕی و بەلارێیاندا برد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هێرشێکی ناڕەوای بکرێتەسەر. د.مورشید مەبەستی چی بوو؟ د.مورشید لە سەرەتای ئەم مانگەوە کۆرێکی لە ئۆسلۆی وڵاتی نەرویج بۆ رێکخرابوو و تێیدا باسی دۆخی رۆژاڤای کوردستان و سوریای کرد دوای ساڵێک لە رووخانی رژێمەکەی ئەسەد. ئەو وەڵامی هەندێک کەسی دایەوە کە دەیانوت خاکی کوردستان خاکێکی ئاساییە حکومەتی سوریا دەستیبەسەردا بگرێت بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات. لە وەڵامدا د.مورشید گوتی، کوردستان ناوی لە قورئاندا هاتووە و لە قورئاندا سێ شوێنی پیرۆز هەیە، لە دوای مەککە و قودس، کوردستانە. دواتر ئەم قسانە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووە. لە میدیای کوردی خوێندنەوەی هەڵە بۆ قسەکانی کرا یاخود بەئەنقەست شوێندرا چونکە قسەیەکیان بەدەمی د.مورشید خەزنەوییەوە دەنووسی کە هەرگیز شتی وای نەگووتوە. میدیای کوردی دەیانووسی، د.مورشید خەزنەوی دەڵێت: کوردستان سێیەم قیبلەی موسڵمانانە. بەڵام لەراستیدا ئەگەر بەوردی گوێ بۆ قسەکانی بگیرێت، د.مورشید دەڵێت، نوح پێغەمبەر دوعای کردووە کەشتییەکەی لە شوێنێکی پیرۆز بگیرسێتەوە، خوای گەورەش لە جودی گیرساندییەوە، لە قورئاندا ناوی جودی هێنراوە بۆیە خاکی کوردستان پیرۆزە و دەبێت پارێزگاری لە خاکەکەی بکرێت دژی داگیرکەران. -------- بەهۆی پیشەیی نەبوونی میدیاکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت، د.مورشید خەزنەوەی هێرشێکی ناڕەوای کرایەسەر و چەندین تۆمەت درایەپاڵی و قسەی ناشرینی بەرامبەر کرا، لەکاتێکدا مامۆستایەکە هەمیشە رێزی سرووتە ئاینییەکانی گرتووە و بەردەوام ئایینی ئیسلام بە جوانترین شێوە بۆ خەڵک رووندەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرگریکارێکی سەرسەختی نەتەوەکەی خۆیەتی. د.مورشید خەزنەوی، کوڕی محەمەد مەعشوق نەقشبەندییە کە ساڵی 2005 لەلایەن حکومەتەکەی بەشار ئەسەد رفێنراو دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە. د.مورشید، لە گوندی تەلمەعروفی شاری قامیشلۆ لە دایک بووە. لە شەقام، مزگەوت و هەرکۆڕ و کۆبوونەوەیەک بۆی بچێت باسی کوردستان بابەتی سەر زارییەتی. د.مورشید خەزنەوی، بەردەوام بە مامۆستاییەکی ئاینی پشتیوانیکاری رۆژاڤای کوردستان و ئیدارەی خۆسەر دادەنرێت، لە کەم لێدوان و چاوپێکەوتنی هەیە باسی رۆژاڤا و دۆخی کورد نەکات.
چی دەربارەی گرێبەستە 15 ساڵییەکەی ئیسرائیل و میسر دەزانی؟ ئامادەکردنی، هاوڵاتی. رۆژی 17ـی ئەم مانگە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە وەزیری وزەی لە تەنیشتەوە وەستا بوو لە کۆنفرانسیکدا رایگەیاند، گرێبەستێکمان لەگەڵ میسر بەبەهای 35 ملیار دۆلار بۆ هەناردەکردنی غاز واژۆ کردووە و ئێستا ساتێکی مێژووییە. گرێبەستەکە چۆنە؟ مێژووی رێکەوتنەکە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2019 کاتێک ئیسرائیل بڕی 60 ملیار مەتر چوارگۆشە غازی فرۆشت بە میسر بەڵام لە کۆتایی ئەمساڵ گرێبەستەکە گەورەتر کرا بۆ 130 ملیار مەتر چوارگۆشە و بە بڕی 35 ملیار دۆلار گرێبەستەکەش بۆ ماوەی 15 ساڵە بەگوێرەی زانیارییەکان ئیسرائیل نزیکەی 18 ملیار دۆلار قازانج دەکات و بۆ بواری تەندروستی و پەرەوەردە بەکاری دەهێنێت. میسر بۆ غازی ئیسرائیل دەکرێت؟ هەرچەندە میسر خاوەنی کێڵگەی زۆهرە کە لە ساڵی 2015وە غازی لێ دەردەکرێت بەڵام ئێستا رێژەی بەرهەمهێنانی لە ٪40 دابەزیوە و ناتوانرێت کارەبای پێویست بەرهەم بهینرێت هەروەئەوەش نا بەڵکو لە چەندین شوێنەوە بۆرییەکانی گواستنەوەی غاز توشی لێچوون و بوون و غازێکی زۆر بەفیرۆدەروات. بەڵام هەندێک لە شارەزایانی ئابووری و سیاسەت ئەم هەنگاوەی میسر بە سیاسی دەزانن و دەڵیت، ئەمریکا رۆڵی هەبوو لە گرێبەستەکەدا هەبووە چونکە دەیەوێت ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیر بێت وچونکە میسر دراوسێی ئیسرائیلە زیاتر لە 200 کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵی. و میسر رێگە خۆش دەکات بۆ چوونە نێو رێکەوتنی ئیراهیمی. بەڵام حکومەتی میسر ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵیت لەبەر چەند هۆکارێک بووە یەکەم: رێژەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی زۆهر لە ٪40 دابەزیووە کە دەکاتە نزیکەی ملیارێک. دووەم: میسر ژمارەی دانیشتووانی 110 ملیۆن کەسە، رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا دابەزیوە هەندێک جار رۆژی 6 بۆ 7 کاتژمێر دەتوانین کارەبا بدەین. سێیەم: نرخی کرێنی غاز لەڕێی بۆرییەوە هەرزانترە لە ئیسرائیل وەک لە وڵاتانی دیکە. چوارەم: ئیسرائیل خاوەنی پاڵاوگە نییە بۆ ئەوەی غاز بگۆرێت بۆ غازی شل، بەڵام ئێمە هەمانە. ئامانجی ئیسرائیل چییە؟ ئیسرائیل لەڕێی هەناردەکردنی غازە بۆ میسر چەند سودێک دەبینێ وەک ئەگەر میسر ئەو غازە بەکاربهێنیت یان نا دەبێت پارە هەر بدات بە ئیسرائیل. دیوێکی دیکەی بریتیە لە رێگری کردن لە قەتەر بۆ ناردنی غاز بۆ میسر چونکە قەتەر پێشتر نیازێکی وای هەبوو.
ئێران لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ژیان و ناسنامەی خێزانی قوباد تاڵەبانی دەیەوێت چی پەیامێک بگەیەنێت؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. درەنگی شەوی رابردوو ئاژانسی هەواڵیی میهر نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران راپۆرتێکی لەسەر پەیوەندی قوباد تاڵەبانی و هاوسەرەکەی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بڵاوکردەوە و شێری هاوسەری قوباد تاڵەبانی بە سیخوڕی مۆساد ناودەبات. مانشێتی راپۆرتەکە دەڵێت، "چیرۆکی دزەکردنی مۆساد بۆ نێو سلێمانی، هاوسەرە جووەکەی قوباد تاڵەبانی کێیە؟ سەرەتای راپۆرتەکە لەزاری سەرچاوەیەکی عێراقییەوە باسی سەردەمی پێش رووخانی حکومەتەکەی سەدام حسێن دەکات و دەڵێت: لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانی مۆساد، پێش ڕووخانی رژێمی سەدام حوسێن، ئیسرائیل لەقوبادی کوڕە بچووکەکەی جەلال تاڵەبانی نزیک بووەتەوە، کە لەئەمریکا خەریکی خوێندن بووە و توانیویەتی بەژنێکی جووی بناسێنێت بەناوی "شێری گراهام". شێری بەرپرسی دۆسیەی عێراق بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و چەند ساڵێکیش لە قوباد تاڵەبانی گەورەترە. لەو کاتەدا باوکی شێری جوویەکی بەناوبانگ بووە لە ئەمریکا لۆبی بۆ گرووپێکی ئیسرائیل کردووە بە ناوی ئەیپاک کە گەورەترین گروپی لۆبیی ئیسرائیلە لە ئەمریکا. بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەرچەندە شێری چەند ساڵیک لە قوباد تاڵەبانی گەورەترە، بەڵام لەڕێی مۆسادەوە داوای لێکراوە بە هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ شێری رازییببێت و ئەوانێش لەڕێی خەزوری و ئەیپاکەوە رۆڵیان هەبێت لە عێراقی نوێدا. میهر دەڵێت: قوباد تاڵەبانی دوای رازیبوونی بە هاوسەرگیرییەکە، بەرێنمایی مۆساد قوباد تاڵەبانی و شێری گەڕاونەتەوە بۆ عێراق، بەڵام لەبەرئەوەی شێری حەزی لە سلێمانی نەبووە و بە شوێن پێگەی ئێرانی زانیوە ماڵیان بردووەتە هەولێر. ئاژانسە ئێرانییە دەڵێت، بە هەوڵی نهێنی مۆساد و ئەیپاک قوباد تالەبانی کراوە بە جێگریی سەرۆکوەزیران، شێریش لە کوردستان بەردەوام بووە لەو ئەرکەی مۆساد پێیسپاردووە ورێکخراوێکی بەناوی ‘SEED’ دامەزراندوو. بەگوێرەی راپۆرتەکە، شێری کاری لەسەر پلانێک کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل بە دامەزراندنی چەند رێکخراوێکی هاوکاری مرۆیی و مافی مرۆڤ، ئەم رێکخراوانەش کاری سەرەکییان لەبارەی هاورەگەزخواز، فێمینیزم، توندوتیژی دژی ژنان و چەندین بابەتی دیکە بووە. مێهری ئێرانی هەر بەوەندەشەوە ناوەستێت و باسی منداڵەکانیان دەکات و دەڵێت، قوباد و شێری خاوەنی دوو منداڵن، کە کوڕ و کچێکن، مادەم دایکیان جووە کەوایە نەوەکانی مام جەلالیش جوون. لەبارەی ناکۆکییەکانی قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی برا گەورەی ئاژانسی میهر دەڵێت: بافڵ تاڵەبانی رێگرە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی مۆساد لە ناوچەکە بۆیە مۆساد دەیەوێت شوێنی بافڵ تاڵەبانی بە قوبادی برا پڕ بکاتەوە تاوەکو سلێمانی بکەوێتە ژێر دەستی ئیسرایل، ئەمەش بەشێوەیەکی کارا سلێمانی و زۆنی سەوزی بەغداد پێشکەشی ئیسرائیل دەکات کە دوو ناوچەی ئەمنی گرنگ و حەوشەی پشتەوەن بۆ ئێران. ئاژانسی میهر سەرەتا ئەم هەڵمەتەی دەستپێکرد و دواتریش هەمان بابەت لە چەند میدیایەکی دیکەی ئێران بڵاوبوویەوە و دەگوترێت، بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە فشار لە قوباد تاڵەبانی بکرێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەرنەگرێت، چونکە بەپێی زانیارییەکان بافڵ تاڵەبانی لە سەردانەکەی بەغدای پێشنیازی کاندیدکردنی قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردووە، ئێرانیش دەیەوێت لەم رێیەوە ئەو پەیامە بگەیەنێت کە قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستەکە ناشێت چونکە خێزانەکەی جووە.
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە باس لەوە دەکەن بەغدا دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی کۆمکاری عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا پێگەیشتووە. دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-12-2025، رایگەیاند: "رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە رێکەوتی 20ی کانوونی یەکەمی 2025، راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە حکومەتی عێراق دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە لەبارەی نزیکبوونەوەی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر عێراق پێگەیشتووە." دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق نێوەڕۆکی رۆژنامە سعودییەکەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت: "حکومەتی عێراق هیچ نامەیەکی لەو شێوەیەی پێنەگەیشتووە." داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات "وردبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە هەیە." دوێنێ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، "له دوو هەفتەی رابردوودا حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان دوو پەیامی هۆشداریی نائاساییان له دەوڵەتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگری رۆژئاواییەوه بەدەست گەیشتووە، كە زانیاریی جیدییان لەخۆگرتووە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی وەشاندنی گورزی سەربازی فراوان لە عێراق." بە گوێرەی راپۆرتەکە بەرپرسێکی عێراقی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "وڵاتێکی دۆست بەغدای لە ناوەرۆكی ئەو هەڕەشەیە ئاگادار کردووەتەوە، پێش ئەوەی میلیشیا شعییەكان سازش بكەن و بڕیاری دانانی چەك بدەن." رۆژنامەكە نووسیویەتی: "هێرشەکان دامودەزگا حکومییەکانی پەیوەست بە گرووپە شیعەکان و حەشدی شەعبی دەکردە ئامانج، هەروەها ئەو کەسایەتیانەی کە هەژموونی دارایی و سەربازییان هەیە، هەروەها شوێن و کۆگاکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک و کەمپەکانی مەشقکردن، واش لێكدەدرێتەوە كە ئەم دوو پەیامە راگەیاندنی دانانی چەكی ئەو گرووپانەی خێراتر کردبێت." سەرچاوەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە: "دوای گەیشتنی پەیامە عەرەبیەكە، بەرپرسانی حکومی دۆسییەكی زەبەلاحیان لە دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواوە پێگەیشتووە کە لیستێكی ئامادەکراو بووە لەلایەن دەزگایەكی ئەمنی ئیسرائیلی و زانیاریی فراوان و وردی لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی عێراقی تێدابووە ، بەجۆرێك قەبارە و وردی و گشتگیری زانیارییەکان بەرپرسانی عێراقی سەرسام کردووە."
واشنتن هەڕەشە دەکات و دەڵێت بەردەوام دەبین ئامادەکردنی هاوڵاتی کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی 20ـی 12ـی 2025ـە، چەند فڕۆکەیەکی ئێف-15، ئەی-10 و هەلیکۆپتەری ئەپاچی ئەمریکا بەرێدەکەون بەرەو سێ ناوچەی سوریا. لەماوەیەکی کەمدا بۆردومانێکی سەخت دەکەن و دەگەڕێنەوە پێگەکانی خۆیان. ئەمە ئەو ئۆپەراسیۆنە بوو ئەمریکا دژی موڵگەکانی داعش لە سوریا ئەنجامیدا و ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، بەهاوبەشی لەگەل ئوردن 70 پێگە و ژێرخانی داعشیان بەئامانجگرت. ئەو ناوچانەی بەئامانجگیران لەنزیکی شاری دێرەزوور، حومس و رەققە بوون. هێرشەکان لە تۆڵەی کوژرانی ئەو دوو سەربازە ئەمریکییە و وەرگێڕەکەی سوپای ئەمریکا بوو کە هەفتەی رابردوو بەدەستی چەکدارێکی داعش کوژران. پێشتر سوریا دانی بەوەدا نا ئەو چەکدارە لە ریزەکانی هێزەکانی ئاسایشی گشتیی سوریا بووە و ئاژانسی فرانس پرێسیش لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە گوتی، ئەو چەکدارە ماوەی 10 مانگە لە ریزەکانی ئاسایشی گشتیی سوریا دامەزراوە. هێرشەکەی ئەمریکا هێشتا تەواو نەبووبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیامێکی تووندی نارد و هەڕەشەی کرد. ترەمپ گوتی: لەئێستادا تۆڵەیەکی تووند لەوانە دەکەینەوە کە بەرپرسیارن بەرامبەر کوشتنی سەربازەکانمان، هەموو ئەو تیرۆریستانەی بوێری ئەوەیان هەیە هێرشبکەنە سەر ئەمریکا ئەم هۆشدارییەیان پێدەدەم: بەتووندتر لێتان دەدەین بەراورد بە هێرشەکانی پێشوومان ئەگەر بە هەرجۆرێک لە جۆرەکان هەڕەشە بکەن یان هێرشبکەنە سەر سەربازانی ئەمریکا. ترەمپ ئەوەیشی گوت کە هێرشەکە بە ئاگاداری حکومەتی سوریا بووە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، پاڵپشتی تەواوی بۆردومانەکەی کردووە. پێگەی ئاکسیۆس ئاشکرایکرد، پێش بۆردومانەکە واشنتن ئیسرائیلی لە ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادارکردووەتەوە. پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکاش قسەی خۆی هەبوو. هێگسس لە راگەیاندراوێکدا گوتی، ئامانج لە بۆردومانەکە لەناوبردنی چەکدارانی داعش، ژێرخان و پێگەی چەکەکانی گرووپەکە بوون. وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی: ئەمە دەستپێکی جەنگ نییە، بەڵکو راگەیاندنی تۆڵەیە، ئەمڕۆ دوژمنەکانمان ڕاوکردن و بەشێکی زۆریان بەدەستی ئێمە کوژران، بەردەوامیش دەبین. بەهۆی ئەوەی هێرشەکە لە بەشێک لە ناوچەکانی نزیک لە دەسەڵاتی هەسەدە ئەنجامدران، فەرماندەیی هەسەدە ستایشی ئۆپەراسیۆنەکەی کرد و لە راگەیاندراوێکدا گوتی: ئەم پشتگیرییە بەردەوامە ئاسمانییە هۆکارێکی یەكلاكەرەوەیە بۆ رێگریکردن لە داعش بۆ ئەوەی نەتوانێت دووبارە شانەكانی رێکبخاتەوە و چالاکییە تێکدەرەکانی دەستپێبکاتەوە.
ئەمریکا هۆشداریداوە و مارک ساڤایاش هەڕەشە دەکات واشنتن دەستی بە جموجوڵی نوێ کردووە بۆ جڵەوکردنی ئەو میلیشیایانە ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەمجارە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر میلیشیاکانی ئێران لە عێراق جیاوازە و بەراوشکاوی بە بەرپرسانی بەغدای گوتووە، رازی نابن ئەو میلیشیایانە هیچ دەسەڵاتێکیان هەبێت، ئەگەر نا هەموو بژاردەیەکیان لەبەردەمدا کراوەیە و هێرشی ئاسمانیش یەکێک دەبێت لەو بژاردانە. واشنتن لە هەوڵی ئەوەدایە حکومەتی داهاتووی عێراق بەبێ دەستوەردان و هەژموونی ئەو میلیشیایانە پێکبێت. رۆژنامەی عەرەبی جەدید دەڵێت، واشنتن کۆمەڵە سزایەکی تووندی ئامادەکردووە و لیستێکی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە کە ناوی کۆمەڵێک کەسی بەناوبانگی تێدایە کە ئێستا پەرلەمانتاران و نزیکن لە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران. فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، هەمان شتی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی حەدەس پستڕاستکردەوە و گوتی، لایەنی ئەمەریکی لیستی ناوی ژمارەیەک کەسایەتی و گروپە چەکدارەکانی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە و واشنتن لەسەر ئەو ناوانە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات، بەڵکو بەپێی سیاسەت و یاساکانی خۆی مامەڵە دەکات. پێش هەڵبژاردنی عێراق، پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستانەوە بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی هۆشداری بە بەغدا داوە بەهیچ جۆرێک دان بە حکومەتی نوێی عێراقدا نانێت ئەگەر تەنها یەک وەزارەتیش بدرێت بە میلیشیاکانی ئێران. مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق، بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ باسی لەمە کرد و پەیامێکی تووندی ئاراستەی سەرکردە باڵاکانی عێراق کرد کە نەکەن بەهیچ شێوەیەک حکومەتی داهاتووی عێراق رادەستی میلیشیاکانی ئێران بکەن. لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، مارک ساڤایا لە تۆڕی ئێکس نووسی: هیچ دەوڵەتێک سەرکەوتوو نابێت لەکاتێکدا گرووپە چەکدارەکان بەربەرەکانێی حکومەت بکەن و لە دەسەڵاتی دەربچن. مارک ساڤایا بەراشکاوی پەیامی بۆ سەرکردە عێراقییەکان نارد و گوتی: بڕیاری داهاتووی عێراق لەدەست خۆتانە و ئێوە بڕیار دەدەن وڵاتەکە بەرەو سەروەری هەنگاو بنێت یان بگەڕێتەوە بۆ پەرتبوون و لاوازی. ئەگەر بڕیارێکی دروست و عاقڵانە بدەن ئەوا عێراق پێگەیەکی سەقامگیر و رێزلێگیراوی لەنێو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بەڵام ئەگەر وانەکەن رووبەڕووی داخزانی ئابووری، شپرزەیی سیاسیی و پەراوێزبوونی نێودەوڵەتی دەبنەوە. میلیشیاکانی عێراق لە مارک ساڤایا تووڕەن و بە "خیانەتکار" ناویدەبەن. لەم هەفتەیەدا ئەبو عەلی عەسکەری، گوتەبێژی کەتائیبی حزبوڵا هۆشداری بە سیاسەتمەدارانی عێراقدا کە مامەڵە لەگەڵ "ساڤایای خیانەتکار" نەکەن، ئەگەر نا خەڵک وەک داردەستە و ئامرازی ئەمریکا سەیرتان دەکەن. گرووپەکە پێشتریش هەڕەشەی ناردنەوەی ساڤایای بۆ ئەمریکا کردووە. هەر ئەمەش نییە، ئەکرەم ئەلکەعبی، سەرۆکی حەرەکاتی نوجەبا لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەڕەشەی لە سیاسەتمەداران کرد و گوتی: ئەگەر ساڤایا بێدەنگ نەکەن، خۆمان دێین و بەردێک دەخزێنینە ناو دەمی. پێشتر پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، تووندترین هەڕەشەی لە حکومەتی عێراق کرد و گوتی: هەر دەستوەردانێکی گرووپە میلیشیاکان لە کاروبارەکانی ئەمریکادا، وەڵامەکەی هێرشی تووند دەبێت و ئێستا ئەو گرووپانە لەبن دەستماندان. هێگسس لە پەیوەندییەکی تەلەفونی 11 خولەکیدا ئەمەی بە هاوتا عێراقییەکەی گوت و لە کۆتە قسەشیدا گوتوویەتی: ئەمە دواین ئاگادارکردنەوەیە و خۆت باش دەزانیت ئیدارەی ئێستای ئەمریکا وەڵامی چۆن دەبێت.
