نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ هەرێمی کوردستانی عێراق کە زۆرجار وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ دیموکراسی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە گێژاودا ناوی دەهینرێت، ڕووبەڕووی ڕەخنەی جدی دەبێتەوە لە پرسی مامەڵەکردندا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان.  لە پشتی پێشکەوتنی ڕواڵەتییانەی ڕێگاوبان و باڵاخانەکان و گەشەی ئابوورییەوە واقیعێکی تاریک هەیە کە بە تیرۆرکردن و تۆقاندن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران ڕەنگڕێژکراوە. لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ڕووداوەکانی تیرۆرکردن، هەڕەشە بەردەوامەکان و دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەوان و میدایاکاران، کاریگەریی هەمەلایەنی لەسەر ئەو پیشەیە و هەروەها تاریک کردنی وێنەی هەرێمی کوردستان لە پرسی ئازادیی ڕاگەیاندندا هەبووە. ئەم پێشێلکردنە توند و بەردەوامەی کاری ڕاگەیاندن و شکۆ و ڕێزی ڕاگەیاندنکاران، جگە لەوەی کە نەتوانراوە سنوورێکی بۆ دابنرێت و کۆتایی پێبهێنرێت هەروەها ئاماژەکانی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی ئەو بوارە لەلایەن دەزگا دەوڵەتیەکانی هەرێمەوە هەستی پێدەکرێت.  هاوکات لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون، زۆرجار بە بێ تۆمەتی ڕوون، بە بیانووی “مەترسی خستنە سەر ئاسایشی نەتەوەیی” یان “بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست” لە کاتێکدا هەروەکو هەندێک لە یاساناسان و مافپەروەران دەڵێن ئەم تۆمەتانە ئامرازێکی ناڕوونن کە تەنها بۆ بیدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران بەکاردەهێنرێن.  لە ناوەندی پرسەکەدا لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکانن کە بۆ کۆنترۆڵکردنی بە زەبر و هەندێجار توندوتیژانەی کایەی ڕۆژنامەنووسیی و بواری ڕاگەیاندن کار دەکەن. دەزگا میدیاییە سەربەخۆکان سەرەڕای هەڕەشەی توندوتیژیی و دەستگیرکردن، هەروەها ڕووبەڕووی فشاری دارایی و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی و هەراسانکردنی سیستماتیکی دەبنەوە.  سەرەڕای ئەوەی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسیی و میدیایی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە و لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەزگای قەزایی پێویستە پابەند بن پێوەی، بەڵام وەکو هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان لە چەندین بۆنەی جیاوازدا ڕایانگەیاندووە کە پڕۆژە یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی هێندەی لە یاسایەکی مردوو و تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز دەچێت هێندە لە پڕۆژەیەکی یاسایی بۆ دابینکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و ڕێز و شکۆ ڕاگرتنی کاری ڕۆژنامەنووسیی ناچێت.  ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لێکۆڵینەوە لە گەندەڵیی یان خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەکەن، زۆرجار خۆیان دەکرێنە ئامانج و لە چەندین لایەنی جیاوازەوە فشاریان لێدەکرێت. ڕەخنەگران دەڵێن ئەمە ژینگەیەکی پڕ لە سانسۆر و فشارە بۆ میدیاکاران و لە دەرئەنجامدا دەزگای میدیایی و میدیاکاری خۆسانسۆرکار بەرهەم دەهینێت. ئەمەش کاری ڕۆژنامەگەریی و بواری ڕاگەیاندن لە مانا و ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی بەتاڵدەکاتەوە. لەلایەکی ترەوە بەرپرسان و دەسەڵاتداران بەرگری لە سیاسەتەکانیان دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەندێک ڕۆژنامەنووس سنووری ئاکاریی و یاسایی تێدەپەڕێنن، هەندێکجار دەبنە سەرچاوەی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و دەبنە هاندەری نائارامیی، هەروەها هەندێک جار ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە هەندێک لە ڕۆژنامنووسان کار لەگەڵ ئەجێندای بیانی دەکەن. ئەوان دەڵێن ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەبێت لەگەڵ ئاسایش و سەقامگیری نیشتمانیدا کۆک و هاوتەریب بێت، بەتایبەتی لە ناوچەیەکدا کە هێشتا ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی تیرۆر و ململانێ ناوچەییەکان دەبێتەوە. لایەنگرانی حکومەت و دەسەڵاتداران، دەستگیرکردنەکان نەک وەک سەرکوتکردن، بەڵکو وەک ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی ئارامیی کۆمەڵگا و ڕێکوپێکیی و نەزم و دیسپلین دادەنێن. چاودێرانی نێودەوڵەتی وەک پەیامنێرانی بێ سنوور و هیومان ڕایتس وۆچ، چەندین جار هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە و ڕەخنەیان ئاڕاستەکردووە لە بواری پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی کاری ڕۆژنامنووسییدا لەبەرئەوە لە تاقیکردنەوەی پێوەرەکانی ئازادیی ڕۆژنامەوانیدا نمرەی نزمیان بۆ دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان داناوە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و فشارەکان و کۆتوبەندەکانی سەر ئازادیی ڕاگەیاندن بەردەوام بن و بەدواداچوونی یاسایی لەبارەیانەوە نەکرێت و ئەنجامی بەرجەستە و ڕاستەقینەیان نەبێت و بێ سزا بمێننەوە و دەستگیرکردنەکان بەبێ ڕێوشوێنی پێویست بەردەوام بن، ئەوا هەرێم مەترسی لەناوبردن و تێکدانی تەواوەتی ناوبانگی خۆی وەک مۆدێلێکی دیموکراسی لە عێراقدا هەیە. ئەو پرسە ململانێیەکی قووڵ لە نێوان بەڵێنە گەورە و ڕواڵەتییەکانی دیموکراسی و پێکهاتەی دەسەڵاتی حزبایەتیی و تەنانەت دەسەڵاتی بنەماڵەکانیش لە ناو حزبەکاندا ئاشکرا دەکات. بۆ بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی کورد، ڕاگەیاندن و ڕووماڵکردنی هەواڵە هەستیار و گرنگەکان و ڕاستییەکانی هەندێ بوار، بووەتە پیشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ژیانیان. دۆخی نالەباری ئەوان تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاڵنگارییە گەورەیەی لە بەردەم هەرێمی کوردستانە: ئایا بەڕاستی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە باوەش دەگرێت و قبوڵی دەکات، یان بەردەوام دەبێت لەو ڕێگایەی خۆی کە بێدەنگکردنی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران و ڕاستییەکانە لە گۆشەیەکی تاریکدا؟

نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای (SCO) لە دوو دەیەی ڕابردوودا وەک یەکێک لە کاریگەرترین بلۆکە ناوچەییەکان لە ئۆراسیا دەرکەوتووە، کە نوێنەرایەتی سەکۆیەک و بەشێکی گەورە و گرنگی جیهان دەکات بۆ هاوکاری سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە نێوان ئەندامەکانیدا.  ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگهای لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠١ لە شەنگەهای لەلایەن چین، ڕووسیا، کازاخستان، قرقیزستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان دامەزراوە، سەرەتا هەوڵیدا چارەسەری کێشە سنوورییەکان، تیرۆر و تەحەددیاتی ئەمنی ناوچەیی بکات. بەدرێژایی ساڵان، مەودای ئەو ڕێکخراوە فراوانتر بووە و ئەمڕۆش ڕێکخراوەکە هیندستان، پاکستان و ئێران لەخۆدەگرێت، لەگەڵ زۆرێک لە دەوڵەتانی دیکە- وەک تورکیا و هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- ئارەزووی خۆیان بۆ هاوبەشییەکی نزیکتر دەربڕیوە. لە ناوەڕۆکی خۆیدا، ڕێکخراوی هارکاریی شەنگهای SCO سێ ئامانجی ڕاگەیەندراوی هەیە: دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، پێشخستنی هاوکاری ئابووری، و بەهێزکردنی متمانەی سیاسی لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکەدا. ئەم گرووپە لە کاتێکدا سەریهەڵدا کە باڵادەستی یەک جەمسەری ئەمریکا خەریکی داڕشتنی سیاسەتی جیهانی بوو. ڕووسیا و چین، وەکو دوو زلهێزی سەرەکی ناو ڕێکخراوەکە، لە ڕێکخراوەکەدا دەرفەتێکیان بینی بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانییەک کە توانای هاوسەنگکردنی کاریگەرییەکانی ڕۆژئاوای هەبێت و لە هەمان کاتدا نەزمێکی نێودەوڵەتی فرە جەمسەری بەرەوپێش ببات. لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەندامانی ڕێکخراوەکە نوێنەرایەتی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان دەکەن و باڵادەستیی بەسەر سەرچاوە سروشتییە بێئەندازە زۆر و گرنگەکانەوە دەکەن، لەوانەش نەوت، گاز و کانزا دەگمەنەکان.  دەستپێشخەرییەکانی ڕێگاوبانی چین زەمینەیەکی بەپیتی لەناو ڕێکخراوەکە دەستەبەر کرد، وەبەرهێنانی لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووری، هێڵی ئاسن، بۆری وزەی نەوت و گازی سروشتی و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵیدا پەرەپێداوە.  لە بەرامبەردا ڕووسیا، ڕێکخراوەکە وەک میکانیزمێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی و دیپلۆماسیەتی وزە لەگەڵ ئاسیا دادەنێت. وڵاتانی ئەندام بە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بازاڕەکانی ڕۆژئاوا، هەوڵدەدەن خۆیان لە سزاکانی ئەمریکا و فشارە ئابوورییەکان بپارێزن. لە بواری سەربازی و ئەمنیدا، ڕێکخراوەکە SCO ساڵانە لە ژێر ئاڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، مانۆڕی هاوبەش ئەنجام دەدات. بەڵام زۆرێک لە شیکەرەوەکان ئەم مەشقانە وەک نیشاندانی هێزی سەربازی بەکۆمەڵ و کارکردنی هاوبەش لێکدەدەنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕۆژئاوا کە ئۆراسیا چیتر ئەکتەرێکی پاسیڤ نییە لە کاروباری ئەمنی جیهانیدا. میکانیزمە هەواڵگرییە هاوبەشەکان و هاوکاری تەکنەلۆژی لە پیشەسازییەکانی بەرگریدا زیاتر ئاستی یەکگرتوویی بلۆکەکە بەرز دەکەنەوە. لە ڕووی سیاسییەوە،ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگهای SCO وەک سەکۆیەک و ناوەندێک بۆ ئەندامان، کاردەکات بۆ هەماهەنگی هەڵوێستەکان لەسەر پرسە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان. لە کاتێکدا کە هاوپەیمانییەکی سەربازی فەرمی نییە وەک ناتۆ، بەڵام هەڵوێستی بەکۆمەڵی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوەکەدا هەندێکجار تەحەدای هەژموونی ئەمریکا دەکات، بەتایبەتی سەبارەت بە دەستێوەردانەکان، سزاکان و سیاسەتی تاکلایەنە. ڕێکخراوەکە لە سەرکۆیەکی ناوچەیی زیاترە و بگرە هاوپەیمانییەتێکی ستراتیژییە کە هەوڵدەدات هاوکێشەی پەیوەندییەکان و هاوسەنگی هێز لەئاستی جیهاندا سەر لەنوێ دابڕێژێتەوە. ڕێکخراوەکە بە ئاوێتەکردن و پێکەوەگرێدانی پەیوەندی ئابووری و هاوکاری سەربازیی و هاودەنگی سیاسیی خۆی وەک پڕۆژەیەک و بەرەیەکی دژ بە باڵادەستی ڕۆژئاوا پیشان دەدات و دەیەوێت بەدیلی فرە جەمسەری لە کاروباری جیهاندا بێنێتە ئاراوە.

سەرچاوە: میدیای پەنجەرە لە هەرێمی کوردستان بەدەر لە یاساو ڕێنماییەکان و بەهەڕەمەکی پاسەوان بە ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی و پارەدارو کادیری حزبی و تەنانەت زانای ئاینیش دراوە، لەکاتێکدا ئەو پاسەوانانە موچەخۆری حکومەتن، بەڵام لە باخ و شوێنە جیاجیاکان خزمەتی کەسیی دەکەن. پاسەوان بۆ هەمووان، بەڵام نەک بە یاسا! ئەو بەرپرسە مەدەنی و سەربازییانەی کە پێویستیان بە پاسەوانەو ژمارەی پاسەوانەکانیان بە پێی یاسا و ڕێنمایی دیاریکراوە، بەڵام جێبەجێ نەکردنی یاسا و ڕێنماییەکان دەرفەتی بۆ خەڵکێکی زۆر ڕەخساندووە، تا لە دەرەوەی یاسا پاسەوانیان پێبدرێت. ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێدانی پاسەوان بە خەڵک لە هەرێمی کوردستان بە هەڕەمەکی ئەنجامدراوەو گەر مەسەلەکە بە یاسا ڕێکبخرێتەوە، دەبێت ژمارەی ئەو پاسەوانانەی لای خەڵکن زۆر کەم بکرێتەوە. لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "پێدانی پاسەوان بە هەڕەمەکی ئەنجامدراوە، خەڵکی مەدەنی و فەرمانبەر هەن کە پاسەوانیان لایە، مەلا هەیە پاسەوانی پێدراوە، ئەفسەرو مامۆستای زانکۆ هەن پاسەوانیان هەیە." یاسا هەیە، بەڵام جێبەجێ ناکرێت! بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، کە لە ساڵی 2021 دەرچووەو واژۆی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی بەسەرەوەیە، ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و مەدەنییانە دیاریکراون کە دەبێت پاسەوانیان هەبێت لەگەڵ دیاریکردنی ژمارەی پاسەوانەکانیان. لە نوسراوەکەدا کە وێنەیەکی ده‌ست پەنجەرە کەوتووە، وەزیر و پلەی وەزیر لەکاتی ئەرکدا 10 پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون یەک پاسەوانیان دەبێت، بریکاری وەزیریش 5 پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون پاسەوانێکی بۆ دانراوە. پەرلەمانتار دوو پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون پاسەوانێکی بۆ ماوەی ساڵێک دەبێت، پارێزگار 8 پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون بۆ ماوەی ساڵێک 1 پاسەوانی دەبێت، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا 2 پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون تا ماوەی ساڵێک پاسەوانێکی دەبێت. لە نوسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمدا کە گشتاندنی بۆ کراوە، سەرجەم پلەدارە سەربازی و مەدەنییەکانی تێدا ئاماژەپێکراوە، کە لە کاتی ئەرکدا چەند پاسەوان و دوای خانەنیشین بوونیش چەند پاسەوانیان پێدەدرێت، دەبێت دوای ساڵێک پاسەوان لە زۆربەیان وەربگیرێتەوە. فەوج و لیوای پاسەوان! پێچەوانەی ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێم، پێدانی پاسەوان لە هەرێمی کوردستان تێکەڵکراوە بە واسیتەو دۆستایەتی، بەجۆرێک خەڵکانێکی زۆر لە ڕێگەی پەیوەندی کەسییەوە پاسەوانیان وەرگرتووە. عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: "یەکەیەکی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ هەیەو ئەمە تاڕادەیەک دیوە فەرمییەکەیە، بەڵام بەرپرس هەیە لیوای هەیە، بەرپرس هەیە فەوجی هەیە، بەرپرسی حزبی هەیە 60 پاسەوانی هەبووە و کۆچی دوایی کردووە، دواتر پاسەوانەکانی وەکو میرات لای نەوەکانی ماونەتەوە." دەشڵێت: "دوو ساڵ لەمەوبەر دیراسەیەکی وردی ئەو هەموو پاسەوانەمان کرد کە لای حزب و بەرپرس و بارەگا حزبییەکانن، ڕەنگە ژمارەیان بگاتە 50 هەزار پاسەوان." پاسه‌وان یان خزمەتکار؟ هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان یەکەی پاسەوانی هەیە بۆ دابینکردنی پاسەوان بۆ بارەگا حزبی و حکومییەکان، بەرپرسانی حزبی و حکومی، بەڵام بەهەزاران پێشمەرگە و پۆلیسی خۆجێی، پۆلیسی زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن و هێزە جۆراوجۆرەکانی تر دراون بە خەڵکانی جیاوازو وەکو پاسەوان لایانن. لەکاتێکدا ئەو کەسانەی پاسەوانیان بۆ دابین دەکرێت دەبێت گومانی هەبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان بکرێت، بەڵام بەشێک لەوانەی پاسەوانیان لایە پاسەوانەکانیان بۆ خزمەتکردنی باخ و میوان و ماڵەکانیان بەکاردەهێنن. حكومه‌تیش پێی چاكناكرێت! سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ناوەندی بڕیاردایە، دانی بەوەدانا جۆرێک لە پشێوی هەیە لە پێدانی پاسەوان بە خەڵکانی سەر بە چین و توێژە جیاوازەکان. سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم کە لەبەر هەستیاری پێگەکەی نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "کاتێک دەست بۆ پاسەوانی بەرپرس یان کەسایەتییەک دەبرێت تا لێی وەربگیرێتەوە، سەدان گرفت دروست دەکات." قەیرانی میلاک و فشارەکانی هاوپەیمانان گرفتی کەمی میلاکی هێزە خۆجێییەکان و پێدانی هەزاران پاسەوان بە خەڵکانی سەر بە چین و توێژە جیاوازەکان لەسەر بنەمای پەیوەندی کەسیی، لەکاتێکدایه‌ هێزەکانی هاوپەیمانان فشارەکانیان لەسەر حکومەتی هەرێم بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان و بە نیزامی کردنیان بەردەوامە. سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت: "میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت 138 هەزار کەس بێت، بەڵام ژمارەکە ئێستا زیاترە." دەشڵێت: "دەبێت ڕێگەی خانەنیشینکردنی ناچاری بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ژمارەکە بۆ 138 هەزار کەمبکرێتەوە، ئەو پلەدارانە خانەنیشین بکرێن کە پایەیان نییە، یاخود ڕێگەی خانەنیشینکردنی پێشمەرگە بە تەمەنەکان بگیرێتە بەر." به‌ڵام وادیاره‌ حكومه‌تى هه‌رێم و به‌رپرسانى حزبی و حكومی، له‌ بری پابه‌ند بوون به‌وه‌ى هاوپه‌یمانان داواى ده‌كه‌ن، سوورن له‌سه‌ر ئه‌و ره‌فتاره‌ى خوویان پێوه‌ گرتووه‌. بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، لە تازەترین نوسراودا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکی پۆلیس و هێزێکی سەربازیی کراوە، داوای دابینکردنی 6 پاسەوان بۆ کادیرێکی حزبی کراوە، کادیرەکە تازە سەنگەری لە نێو حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر گۆڕیووە و پاسەوانەکانی پێدراوە.

نووسینی: لوقمان حەوێز ڕێژەی باران لە وەرزی بارینی داهاتووش 2025-2026 لە ڕێژەی بارانی ساڵێکی ئاسایی کەمتر دەبێت بەتایبەتی لەمانگی 10 و 11 و 12 و 1، بەگشتی دەتوانم بڵێم ڕێژە و بڕی باران بارین لەمانگی دە واتە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ 2025 تاوەکو مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو 2026 لە خوار ڕێژەی بارانی ساڵێکی ئاسایی دەبێت، بەڵام ڕێژەکە هەندێک زیاتر دەبێت بە بەراورد بە بڕی باران لە ساڵی ڕابردو ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو دۆخەی لانینا کە لەو ماوەیەدا بەرجەستە دەبێت لانیایەکی لاوازترە بە بەراورد بەو لانیانەیەی کە لە ساڵی ڕابردو هەبوو، بەگشتی ڕێژەی بارین بۆ زۆربەی ناوچەکان لە هەرێمی کوردستان لە نێوان %40 بۆ %60 ی ڕێژەی بارانی ساڵێکی ئاسایی دەبێت، ئەو ڕێژەیەش بە پێی شوێنەکان هەندێک دەگۆڕێت. وردەکاری و لێکدانەوەی زانستی زیاتر: بە گشتی لە هەر وەرزێکی بارین کاتێک دۆخی ئێل نینۆ لە زەریای هێمن El.Nino بەرجەستە بووە ڕێژەی باران لە زۆربەی ناوچەکەکانی شام و باشور و ناوەراستی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئێران یان ئاسایی بووە یان لەسەروی ئاسایی بووە، زۆربەی کاتەکان لەسەروی ئاسایی بووە، کاتێکیش دۆخی نیوتراڵ بەرجەستە بووە بڕی باران یان ئاسایی بووە یاخود کەمێک لە خوار ئاسایی بووە، لە دۆخی لانینا La.Nina ڕێژەی باران بەشێوەیەکی بەرچاو لە خوار ئاسایی بووە و بە گشتی وەرزێکی وشک یان نیمچە وشک بووە. دۆخی ئێل نینۆ چیە و دۆخی لانینا چیە و دۆخی نیوتڕال ENSO لە زانستی کەشناسی چیە؟ ئەو دۆخانە لە ناوەڕاستی زەریای هێمن نزیک کەمەری ناوەراست بەردەوام ڕوودەدەن،  دیاردەی لانینا بریتیە لە ساردبوونەوەی ئاوی سەر ڕووی پانتاییە ئاویەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زەریای هێمن لە نزیک هێڵی کەمەری ناوەڕاست بە بڕی نێوان 1 بۆ 2 پلەی سەدی لەخوار تێکڕای پلەی گەرمیە ئاساییەکەی. دیاردەی ئێلنینۆ بریتیە لە گەرمتربوونی ئاوی زەریای هێمن بە هەمان ڕێژە لە سەروی پلەی گەرمیە ئاساییەکەی، دۆخی نیوتڕالیش ئەو دۆخەیە کە پلەی گەرمی سەر ڕووی ئاوی ئەو شوێنەی زەریای هێمن نزیکە لە تێکڕای پلەی گەرمیە ئاساییەکەی، ئەو گۆرانکاریانە بەشێوەیەکی بەردەوام ڕوودەدەن بەهۆی گۆڕانی خێرایی و ئاڕاستەی با لەسەر ئەو شوێنانەی زەریای هێمن، ئەو گۆڕانکاریانە کاریگەریان لەسەر ئاو هەوای زۆربەی ناوچەکانی جیهان هەیە بەتایبەتی هەردوو کیشوەری ئەمەریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوڕوپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دۆخەکانی ئێل نینۆ و لانینا کاتێک سەرهەڵدەدەن دەکرێت لەنێوان چەند مانگێک بۆ یەک دوو ساڵ بەردەوام بن. دۆخی ئێل نینۆ و لانینا و نیوتڕاڵ لە ماوەی ساڵی ڕابردو و ئێستا چۆن بووە..؟ بۆ وەرزی بارینی ئەم پایزە و زستان و بەهاری ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت؟ ئێل نینۆ لە وەرزی دابارینی 2023-2024 بەرقەرار بوو بۆیە ئەو وەرزە پڕباران و تەڕ بوو، بەڵام لە مانگی شوباتی 2024 دۆخی ئێلنینۆ ‌تەواو بوو. لە مانگی ئاداری 2024 دۆخی لانینایەکی توند سەریهەڵدا و تاوەکو مانگی شوباتی 2025 بەردەوام بوو، بۆیە لە هاوینی 2024 پێشبینی ئەوەم کرد وەرزی بارینی 2024-2025 وشک و کەم باران بێت و وا دەرچوو. لە مانگی ئاداری 2025 دۆخی نیوتڕال بەرجەستە بوو و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، واتە لەوکاتەوە نە ئێل نینۆ و نە لانینا هەیە، بەڵام ئێستا بە پێی ئەو داتایانەی هەمانە ئێستا لە چاوەڕوانیداین دیسان لە پایزی 2025 دۆخی لانینا سەرهەڵداتەوە، بەڵام لانینایەکی لاوازتر دەبێت، پێشبینی دەکرێت پێش کۆتایی مانگی نۆ و یان لە مانگی دە 2025 دەست پێبکات و لایەنی کەم تا سەرەتا یان کۆتایی مانگی شوباتی 2026 بەردەوام بێت، ئەمەش بۆ دۆخی بارانی ئەم وەرزەی داهاتوو باش نابێت بۆ ناوچەکانی ئێمە، دوای ئەوکاتەش و بە وردی لە ئاداری 2026 دۆخی نیوتڕال دەستپێدەکاتەوە، ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کۆتایی زستان و مانگەکانی 3 و 4 ڕێژەی باران هەندێک گۆڕانکاری بەسەردا بێت و ڕێژەی باران لە مانگەکانی بەهاردا باشتر بێت بە بەراورد بە مانگەکانی زستان. لەبەر ئەوەی بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەوا و گەرمبوونی گۆی زەوی تێکڕای پلەکانی گەرمای ئاوی دەریای سور لەبەرزبوونەوەیەیەکی بەردەوامدا بووە لە ساڵانی ڕابردو ئەمەش ڕێژەی شێی زۆرتر کردوە لەنێو ئەو نزمە پاڵەپەستۆیانەی کەلە دەریای سورەوە دێن بۆیە ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو ئەگەری ڕوودانی لافاو و دابارینی بەخوڕ ناوە ناوە لە ناوچەکانی سعودیە دەبێت وەک ساڵانی پێشوو، ئەو کاریگەریە هەندێک جار دەگاتە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقیش بۆیە بەدوری نازانرێت لەوناوچانە ڕێژەی لافاو و بارانی بەخوڕ زۆرتر بێت، دورنیە ئەو کاریگەرییە نوێیەی دەریای سور لەسەر ناوچەکانی ئێمە، ئەمساڵیش چەند جارێک لەگەڵ هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەکان هەستی پێبکرێت و ڕووبدات بەڵام بەڕێژەیەکی زۆر کەمتر لە ناوچەکانی سعودیە و باشوری عێراق.

خەبات کوردە گرژیەکانی تورکیا و ئیسڕائیل بەرەو جەنگێکی هاوشێوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسڕائیل ڕێدەکەن ؟ بەڵێ ئەو دەنکە خورمایەی کە ئەردۆگان دەیخوات ، دەنکەکەی لە گیرفانی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل دایە ، چۆن .؟ ماوەیەکە کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک لە تورکیا ڕۆژانە و بەردەوام دەیانەوێ وا خۆیان نیشان بدەن کە کارگەکانیان چەکی پێشکەوتوو بەرهەم دەهێنن . ساڕوخەکانی تورکیا تا ئێستا لە ٥٣٠ کم زیاتر بڕ ناکا بە مەرجێ نزیکترین خاڵی نێوان ئیسڕائیل و تورکیا ٥١٥ کیلۆمەترە ! ڕۆژانەش چەندین جۆر ساڕوخ تاقیدەکەنەوە و بە هۆی نەبوونی تەکنەلۆجیای پێویست سەرکەوتوو نابن . ئەگەر خاکی سوریا و بەشە دابەشکراوەکەی قوبرسیش نەبێ قەت نە فڕۆکەی F16 کانی تورکیا دەگەنە سەر ئیسڕائیل وە نە توانای بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە F35 ەکانی ئیسڕائیلیشیان هەیە ، تەواوی هەموو ئەو سیستەمە بەرگریانەی کە لە ناو خاکی تورکیاش دان لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆدان ، بێجگە لە سیستەمی S400 ڕوسیەکە نەبێ کە تا ئێستاش لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕوسیا دایە . لە درێژایی سەد ساڵەی تەمەنی تورکیای ئەتاتورکدا سوپای تورک غەیری شەڕی یۆنان و قوبرس بەشداری هیچ شەڕێکی نێودەوڵەتی نەکردوە ، غەیری چەند ئۆپەراسیۆنێک نەبێت کە لە چل ساڵی ڕابردودا دژی پەکەکە ئەنجامی داون و لە ڕۆژئاڤای کوردوستانیش بە چوار ئۆپەراسیۆن چەندین شاری کوردانی کاول کردوە . ئیسڕائیل تەنها لەو مانگەدا کۆتایی بە هەموو پلانە سیاسی و سەربازیەکانی تورکیا هێنا لە سوریا و ئێستا دابەشبوونی سوریا بۆ چوار پێنج کانتۆنی فیدڕاڵی بۆتە ئەمری واقیع و ئەمەریکاش بە تەواوی بۆ ئەو دابەشبونە پشتی لە ئەردۆگان و سیاسەتەکانی دا کردوە ، ئێستا چاوەڕێ دەکرێ ئیسڕائیل زەختێکی زۆر لە تورک بکات یەکجاری بارەگا و هێزە سەربازیەکانی لە ناوچەکانی ( نبع السلام ) کە لە سەردەمی حاکمداری تڕەمپ ی یەکەم کە لە ٢٠١٩ لە باکوری سوریا داگیری کردون چۆڵیان بکات یان بە زەبری هێز پێیان چۆڵبکەن . لایەنێکی تریش قوبرسە کە ترسێکی گەورەی خستۆتە ناو دڵی ئەردۆگانەوە و زۆر دەترسن ئیسڕائیل لە ناکاو هێزە دەریایی و ئاسمانیەکانی بگەیەنێتە کەناراوەکانی باکوری قوبرس و ئەو بەشە داگیر بکات کە تورکەکان لە ٥٠ ساڵی ڕابردوەوە داگیریان کردوە . هەر چەندە ئەردۆگان و هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەکەی دەیانەوێ ئەوەندە گرنگی بەو بارگرژیەی نێوان تورکیا و ئیسڕائیل نەدەن و چاوەکان بەرەو ڕووبەڕوبونەوەی سەربازی ڕێنەکات ، بەڵام ئیسڕائیل ئەو پشو درێژیەی نیە وەکو ئەردۆگان و گەمە قێزەوەنە سیاسیەکانی و هەر کاتێ کە دەمار گرتی بە کردەی سەربازی گۆڵەکانی خۆی دەکات و نەیارەکانی دەم دەبەستێت . تورکیا چەند ڕۆژێکە بۆ ئەوەی چاوەکانی ئیسڕائیل لە خۆی دورخاتەوە خەریکی جوڵەیەکی سیاسی گڵاو ترە و بە جارێ ڕووی وەرگێڕاوەتە سەر شیعە و سوننەکانی عێڕاق و خەریکی ئاگری فیتنەیەکە و ئەردۆگان بۆ خۆی دەستی کردوە بە جوڵە . ڕۆژێ لە گەڵ هەر دوو سەرکردە سوننەکە ( خمیس خەنجەر وحەلبوسی ) دوور لە چاوی میدیاکان کۆدەبێتەوە و بۆ بەیانی فاڵح فەییازی سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەعوەتی ئەنقەرە دەکات . هەموو ئەو جوڵانەش لە دوای ئەوەوە دێن کە لە ژێر زەختی ئەمەریکا و کشانەوەی هێزەکانی لە تەواوی عێڕاق ، شیعە ناچار کرا یاسای بە حەشد بوونی هێزەکانی لە پەرلەمان بکشێنێتەوە و هەڕەشەکانی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بە هەند وەربگرن ، کاتێ کە ڕایگەیاند : بۆ خۆم ئەو جارە حکومەتێک لە بەغدا بۆ عێڕاقیەکان پێکدەهێنم و تەواوی سەرکردە و بەرپرسە حکومی و حیزبیەکانی عێڕاق بە تۆمەتی دزی و گەندەڵی و بە فیڕۆدانی سامانی گشتی تاوانبار دەکەم و بڕیارمداوە هەر هەموویان ڕووبەڕووی دادگا بکەمەوە

سەرتیپ جەوهەر ماوەیەكی درێژە گفتوگۆی نێوان رۆژئاوای كوردستان و دیمەشق هەڵپەسێردراوە. هەوڵێك هەبوو كۆنفرانسێك بەبەشداری وڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپا لە 14ئاب لەپاریس بكرێت، بەڵام دیمەشق بەبیانوی بەستنی كۆنفرانسێك لەحەسەكە خۆی لەكۆبونەوەی پاریس كێشایەوە.  لەماوەی هەفتەی رابردوو بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی هەردوولا، ئەمریكاییەكان لەدیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع لەگەڵ وەفدێكی كوردیش (مەزلوم عەبدێ و ئیلهام ئەحمەد) لەعەممان كۆبونەوە. بەدڵنیاییەوە خۆكێشانەوەی دیمەشق لەكۆبونەوەی پاریس، لەژێر فشاری توركیا بوو ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێك، یەكەمیان نەیدەویست كۆبونەوەیەك لەنێوان كوردو دیمەشق بكرێت وڵاتانی كاریگەر ئامادەبن و پرسی كورد یان رۆژئاوای كوردستان ببێتە پرسێكی نێودەوڵەتیی. دووەم؛ نەیدەویست كوردو دیمەشق لەسەر مێزی گفتوگۆ هاوكوف بەرامبەر یەكتر دابنیشن وەك دوو لایەنی ململانێ، بەڵكو دەیەوێت دیمەشق وەك مەرجەع تەماشابكرێت و كوردیش وەك كەمینەو ناكاریگەر.  سێیەم: نەیدەویست پاریس ئەو رۆڵەی پێ بدرێت ببێتە سەنتەری كۆبونەوەو چارەسەری پرسەكانی سوریا بەتایبەتیش پرسی كورد، بەڵكو دەیەوێت توركیا وەك میحوەرو سەنتەری كۆبونەوەكان بێت. لەماوەی چەند رۆژی رابردوو وەفدێكی كۆنگرێس و ئیدارەی ئەمریكا هاتنە ناوچەكە بۆ تەكاندانێك بەگفتوگۆی نێوان رۆژئاوای كوردستان و دیمەشق.  لەكۆبونەوەكەی عەممان وەفدی كوردیی بەڕوونی بەئەمریكایان راگەیاند ئەوان ئامادەنین بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئادار، چونكە هیچ متمانەیەكیان بەحوكمڕانانی نوێی دیمەشق نییە، لەماوەی 10 مانگی دوای رووخانی ئەسەد چەندین كۆمەڵكوژیی لەلایەن چەكدارانی شەرع كراون، هەروەك هیچ پێكهاتەیەكی سوریا بەشدارنەبووە لەبڕیارەكانی قۆناغی گواستنەوە كە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دەركراون، بۆیە ئامادەنین نە ئیدارەی رۆژهەڵاتی فورات و نەهێزەكانی هەسەدە رادەستی حوكمڕانانی نوێی سوریا بكەن. ئەوەی ئەوان دەیانەوێ‌، رێككەوتنە لەسەر رێڤەبەری خۆسەر (الادارە الژاتیە) هەروەها پێدانی تایبەتمەندی بەهێزەكانی سوریای دیمەكرات لەچوارچێوەی سوپای سوریا. لەدیمەشق-یش وەفدەكەی ئەمریكا بەنیگەرانیی و جۆرێك لەتوڕەیی گفتوگۆیان لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا كردووە، نیگەرانی خۆیان لەبارەی دوو پرس بەڕوونی گەیاندووە، یەكەمیان بارودۆخی ئەمنی و ئەو كۆمەڵكوژییانەی كراون بەتایبەتیش لەناوچەی دروزەكان، دووەمیشیان ئەو دەستوەردانەی توركیا لەبڕیارەكانیان. لەدوای ئەو كۆبونەوانە، وەفدی ئەمریكا بەتایبەتیش تۆماس باراك نوێنەری تایبەتی ئەمركا لەلێدوانێكیدا بەناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە لەشێوەیەك لەلامەركەزییەت بگەڕێین بۆئەوەی پێكهاتەكانی سوریا تایبەتمەندێتی قەومیی و فەرهەنگی خۆیان بپارێزن. ئەمەش گۆڕانێكی نوێبوو لەسیاسەتی ئەمریكاو پێدەچێت ئەمریكا پاشەكشەی كردبێت لەسیاسەتی پشتیوانیكردنی سوریایەكی ناوەندی. هەر لەدوای لێدوانەكانی ئەمریكا، ئەحمەد شەرع رایگەیاند ئەوان ئامادەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پێكهاتەكانی سوریا تەنها رازی نین بەجیابوونەوە. وەفدی ئەمریكایان ئاگاداركردەوە كە ئەوان رازین بەجۆرێك لەلامەركەزییەت بەمەرجێك ناوی فیدراڵی نەبێت! ئەمەش گۆڕانێكی نوێ‌ بوو لەلێدوان و قسەكردنەكانی دیمەشق، چونكە لەماوەی دوو مانگی رابردوو جگە لەئەحمەد شەرع، بەرپرسانی دیكەی حوكمڕانانی نوێی سوریا جگە لە ناوەندێتی یان مەركەزییەتی دیمەشق، هەموو چارەسەرێكیان رەتدەكردەوە، بەڵام ئەم لێدوانە بەڵگەی كاریگەری فشاری ئەمریكایە لەسەر هەڵوێست و تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانی دیمەشق. بەپێی خوێندنەوە بۆ ئەو كۆبونەوانەوەو گۆڕانكارییەكانی چەند هەفتەی رابردوو، پێدەچێت ئەمریكاش پێی خۆش بوبێت كۆبونەوەی پاریس سەرینەگرتووە، ئەم هەنگاوانەی ئێستای بۆ ئەوەیە یەكەم ئەمریكا سەنتەری بڕیاردان و گەیاندنەیەكی لایەنە ناكۆكەكان بێت و میحوەری چارەسەریی بێت لەسوریا، دووەمیشیان بەر لەهەر كۆبونەوەیەك یان گفتوگۆیەكی دیكە، پێشوەختە هێڵە گشتییەكانی چارەسەریی لەنێوان هەردوولا یەكلایی بكرێتەوە ئینجا بەنێوانگیریی ئەمریكاو بەشداریی لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبونەوەی نوێ‌ بكرێت. ئەوەی زۆر گرنگە بیخەینە روو، ئەمریكا بەروونی لەكۆبونەوەكەی عەممان و كۆبونەوەكەی دیمەشق رایگەیاندووە كەهێزەكانی سوریای دیموكرات هاوبەش و هاوپەیمانی ستراتیژیی ئەمریكان و دەستبەرداریان نابن، واتە ئامادەنین ئەو هێزە رادەستی دیمەشق بكەن، چونكە متمانەیان بەئەحمەد شەرع نییە. ئەم هەڵوێستە زۆر گرنگە بۆ كورد و داهاتووی رۆژئاوای كوردستان، بەمەرجێك ئەمریكا لەهەڵوێست و سیاسەتی خۆی پەشیمان نەبێتەوە. هەر لەم چەند هەفتەیەی رابردوو لەلایەن عەلەوییەكان ئەنجومەنێكی سیاسی بەبەشداری ژمارەیەك كەسایەتی كاریگەری عەلەوییەكان بەناوی (ئەنجومەنی سیاسی بۆ ناوەڕاست و رۆژئاوای سوریا) خۆی وەك نوێنەرایەتی عەلەوییەكان راگەیاند. ئەو ئەنجومەنە لەبەیانی خۆیدا بەروونی داوای فیدراڵی بۆ ناوچەی عەلەوییەكان دەكات. ئەمەش پێشكەوتنێكی نوێیە لەدۆخی عەلەوییەكان كە تائێستا رێبەرانی ئەو پێكهاتەیە بەروونی دیار نییە، بەڵام پێدەچێت ئەم ئەنجومەنە لەلایەن وڵاتانی كاریگەر پشتیوانیی بكرێن و لەمەودوا ئەوانیش بێنە كۆڕو كۆبونەوەكان و وەك نوێنەری عەلەوییەكانی سوریا قسەی خۆیان هەبێت.  سەبارەت بەدروزەكان، پێشكەوتنی زۆر هەیە. ئیسرائیل بەجددی لەپشت دروزەكانەو دەیەوێت ناوچەیەكی دابڕێنراویان بۆ یەكلایی بكاتەوەو راڕەو یاخود كۆریدۆرێكیشیان بۆ بكاتەوە لەژێر ناوی هاوكاریی مرۆیی، هاوكات ئەو پێكهاتەیە لەهەموو پەلامارو هێرشێكی حوكمڕانانی سوریا بیانپارێزێت.  خولاسە، سوریای ناوەندیی یاخود مەركەزیی كۆتایی هاتووە، مومكین نییە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە سەردەمی ناوەندێتیی، ئێستا هەم دیمەشق و هەمیش وڵاتانی بڕیار بەدەست بەدوای شێوەیەكی دیكەدا دەگەڕێن لەحوكمڕانیی تابتوانن پێكهاتەكان كۆبكەنەوە.

سەرچاوە: میدیای پەنجەرە لە کاتێکدا جیهان چاوی لە شەڕی بەردەوامی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیایە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر کەوتووەتە بەردەم ئەگەری گێژاوێکی نوێوە. بەرپرسانی ئێران هۆشداری دەدەن لە هەڵگیرسانی قۆناغێکی تری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەی دروستکردووە سەبارەت بە سەقامگیری ناوچەکە. ئاڵۆزییەکانی ئەوروپا و ئێران: گۆڕانکاری لە سیاسەتدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر بە ئێران بەدی کراوە. چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەم هەڵوێستە توندترە، کە بەراورد بە ڕابردوو جیاوازترە، ڕەنگە بۆ "موجامەلەکردنی" ئیدارەی ترەمپ بێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هاوکات، دۆخی ئۆکرانیا ڕۆڵێکی بەرچاوی لەم گۆڕانکارییەدا بینیوە. وڵاتانی ئەوروپا، کە ئێستا پارە دەدەن بە ئەمریکا بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە سەیری بەهێزبوونی ڕووسیا و نزیکبوونەوەی ئەو وڵاتە لە سنوورەکانیان دەکەن. ترسی ئەوروپییەکان تەنها بە نزیکبوونەوەی ڕووسیا لە سنوورەکانیان کۆتایی نایەت. ئەوان نیگەرانن لەوەی کە ئەگەر ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا بە براوەیی بێتە دەرەوە، ئەوا کاریگەرییەکانی بۆ سەر چەندین وڵاتی وەک پۆڵەندا گەورەتر دەبێت. لەوەش زیاتر، ئەوان لەوە دەترسن کە ئەمریکا و ڕووسیا نزیک ببنەوە و ڕووسیا ڕۆڵێکی گەورەتر لە داڕشتنەوەی پلانە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەوروپادا بگێڕێت.  چاودێرانی سیاسی ئەم هەڵوێستە توندەی ئەوروپا بەرامبەر بە ئێران بە هەوڵێک دەزانن بۆ ڕێگرتن لە بەهێزبوونی ڕووسیا، چونکە ڕووسیا بە درێژایی مێژوو وەک مەترسییەک بۆ ئەوروپا سەیر کراوە. ئێران و ڕۆڵی لە ناوچەکەدا: ترسی لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ سەرەڕای هەڵوێستە توندەکانی ئەوروپا، ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا بۆ ئەوروپا هێندەی پرسی ئێران بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو جێی مەترسی نییە. بەرپرسانی ئێران، لە کاتێکدا جموجۆڵە سیاسییەکانیان فراوانتر دەکەن، بەردەوام هۆشداری لە هەڵگیرسانی قۆناغێکی تری شەڕ لە نێوان وڵاتەکەیان و ئیسرائیل دەدەن،  پێیانوایە شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە. بەرپرسانی ئەمریکاش ئەم ڕوانگەیە پشتڕاست دەکەنەوە و دەڵێن کە تەنها قۆناغی یەکەمی شەڕ کۆتایی هاتووە و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی هەیە. دوای ئەوەی بە نێوەندگیری ئەمریکا، پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا تاڕادەیەک هێور بووەوە، جموجۆڵی بەرپرسانی ئێران زیاتر بوو. ئەوان پێیانوایە ئەم نێوەندگیرییەی ئەمریکا پەیوەندی بە بەرژەوەندییەکانی ئەوانەوە هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەردانی عێراقی کرد بۆ ئەوەی لە ڕێگەی عێراقەوە دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە و مەترسییەکانی سەر ناوخۆی وڵاتەکەی لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ دوور بخاتەوە.  ئێرانییەکان پێیانوایە ڕووداوەکانی ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر وڵاتەکەیان دەبێت، هەرچەندە چاودێرانی سیاسی دەبینن کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ئۆکرانیا، بۆ ئەوەیە تا ئەمریکا خۆی یەکلایی کردنەوەی ململانێکەی لەگەڵ چین بکاتەوە. ترسی ناوخۆیی ئێران: ئامادەکاریی بۆ خۆپارێزیی سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانیان لەبارەی ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی تر، ترسێکی گەورەش بە وتارەکانی بەرپرسانی ئێرانەوە دیارە. ئەم ترسە وایکردووە هەزاران کەس لە ناوخۆی ئێران دەستگیر بکرێن و تۆمەتی سیخوڕی دەرەکییان بدرێتە پاڵ. بە ڕای چاودێرانی سیاسی، دۆخی ناوخۆی ئێران ناجێگیرە، گرفتی ئاو و کارەبا هەیە و خەڵک ناڕازییە، لە کاتێکدا ئێران ناتوانێت گرفتەکان چارەسەر بکات. ترسی ئێرانییەکان زیاتر لە دۆخی ناوخۆییە وەک لە دەرەوە، چونکە مەترسی ئەوەیان هەیە کە ناوخۆی وڵاتەکەیان لە ئەگەری دەستوەردانی دەرەکی ئاڵۆز بێت، ئەگەر شەڕ و ئاڵۆزییەکان سەریان هەڵدایەوە. دەستگیرکردنی هەزاران کەس و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی توند لە ناوخۆی ئێران، ئەوە دەردەخات کە تاران ئامادەکاری دەکات بۆ دوورخستنەوەی مەترسییە ناوخۆییەکان و ڕێگرتن لە ڕوودانی ئاڵۆزی ناوخۆیی. لە قۆناغی یەکەمی شەڕدا، هەرچەندە بوونی هەزاران سیخوڕی ناوخۆیی و دەستڕاگەیشتنی ئیسرائیل بە ناوخۆی ئێران ئاشکرا بوو، بەڵام ناڕەزایەتی گەورە لە ناوخۆدا سەری هەڵنەدا، کە پێشتر پێشبینی دەکرا. بۆیە لە ئێستادا دۆخی ناوخۆ بۆ ئێران زۆر گرنگە و دەیەوێت پێشوەختە خۆی بۆ ئامادە بکات، بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕدا، ناڕەزایەتی ناوخۆیی نەبێتە هۆی ڕووخانی دەسەڵات لەو وڵاتە. دیمەنی داهاتوو: ئایندەیەکی نادیار لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم ئایندەیەکی نادیاردایە. ململانێ هەرێمییەکان و کاریگەرییەکانی شەڕی گەورەتری جیهانی، وەک شەڕی ئۆکرانیا، بەیەکەوە دۆخێکی ناسەقامگیریان دروست کردووە. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پێویستی بە هەوڵی دیپلۆماسی بەرفراوان و تێگەیشتنی قووڵ لە دینامیکییەتی هەرێمایەتی هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ و لێکەوتە کارەساتبارەکانی بەدوور بێت.

نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ ڕاپۆرتێکی شیکاریی لەبارەی گۆڕانی ناکۆکییە سیاسییەکان بۆ توندوتیژیی: نەریتێک و ڕیشەیەکی مێژوویی: کایەی سیاسیی لە کۆمەڵگای کورستاندا هەردەم زەمینەی سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان و وەرگەڕانیان بۆ پێکدادانی چەکداریی خوێناویی بووە، کە هۆکارگەلی جیاوازیان لە پشتەوە بووە، لە جیاوازیی فیکریی و ئایدیۆلۆژییەوە بۆ خواستە سایکۆلۆژییەکانی کاراکتەرە سیاسییەکان  یان ویستی فراوانتربوونی هەژموون و دەسەڵاتخوازیی تا دەگات بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، چ لە نێوانی باڵە سیاسیی و سەربازییەکانی هەمان پارتی سیاسیی بێت و چ لە نێوانی دوو پارتی سیاسیی بووبێت.  ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە مێژووی وەرگەڕانی ناکۆکییە سیاسییەکان بۆ پێکدادانی چەکداریی: بە گەڕانەوە بۆ مێژووی تەنها شەش دەیە لەمەوبەری کایەی سیاسیی کۆمەڵگای ئێمە، دووکەرتبوونێکی قووڵی تەنها پارتێکی سیاسیی ئەوکاتە دەبینین کە پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. ئەو کات باڵی مەکتەبی سیاسیی کە دوو کەسایەتیی هەرە دیاری ئەو باڵە ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال بوون لەگەڵ خودی سەرۆکی پارتی، مەلا مستەفا دەکەونە ناکۆکییەوە.  زۆر سادە و ئاسان ناکۆکیی سیاسیی نێوان هەردوو باڵەکە دەگوازرێتەوە بۆ پەنابردنە بەر چەک و هەڵکوتانە سەر یەکتری و ڕاوەدوونان. دواتر دوو باڵەکە بە جەلالی و مەلایی ناسران و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە ناکۆکییەکە بە هەردوو دۆخی سارد و گەرمییەوە درێژەی کێشا.  ئەو ناکۆکییە بوو بە ماکی دابەشبوونێکی قووڵی هەمەلایەنەی کایەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، کە تا ئێستاش درێژەی هەیە و بۆ نەوەکانیان ماوەتەوە. ئەم ڕەتکردنەوە توندوتیژانەیە بووەتە نەریتێکی ڕیشەدار لە عەقڵییەتی سیاسییدا. ئەم عەقڵییەتەی ڕەتکردنەوە و سڕینەوەی ئەویدی لە نێو کایەی سیاسیی کۆمەڵگای ئێمەدا هێندەی قوربانیی گیانیی لێکەتووەتەوە کە هێندەی قوربانییانی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاران و دوژمنان بووە ئەگەر زیاتریش نەبووبیت. هەروەها هێندەی ئەم نەریتەی پەنابردنە بەر توندوتیژیی، زەبری کوشندەی لە دۆزی ڕەوای ئینسانی کورد داوە، هیندە دوژمنەکەی نەیتوانیوە زیانی پێ بگەیەنێت.  دوای تێپەڕبوون بە چەندین وێستگەی پێکدادانی کورت و درێژخایەندا لە نێوان هەموو پارتە سیاسییەکاندا لە شوێن و کاتی جیاوازدا، دواهەمین دەرکەوتنەوەی ئەو ڕووبەڕوونەوە چەکداریی و خویناوییە، لە کارەساتی لالەزارددا بەرجەستە بوو.  هۆکارەکانی پەنابردنە بەر توندوتیژیی بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان: ١-مێژوویەکی درێژیی خەباتی چەکداریی لە شاخ، کە بە سروشتی خۆیان، پارتە سیاسییەکان و شۆڕشەکان بە گشتی لەسەر دژایەتیکردنی سیستمی سیاسیی پایەداری دەوڵەت و یاساکانی بونیادنرا بوون.  ٢-دواکەوتوویی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیی و نزمیی ئاستی گەشەسەندنی ژیاریی و کولتوریی کۆمەڵگای ئیمە کە هێشتا توانای هەرسکردنی بەهاکانی قبوڵکردنی جیاوازیی و ڕێزلێگرتنی ئەویدی وەکو خۆی و هەڵکردن لەگەڵییدا نییە و هێشتا توانای دیالۆگی عەقڵانیی لاوازە. ٣-بۆماوەییبوونی دەسەڵات یان بە بنەماڵەییکردنی دەسەڵات لەنێو پەیکەری حزبی سیاسییدا کە ئەو دوانە خۆیان لە بنەمادا دژ و ناکۆکن بەیەکتری. حزب پێکهاتەیەکی سیاسیی دنیای مۆدێرنە و سەر بە چەمکەکانی دەزگا، پڕۆژەی عەقڵانیی و بە ناوەندییکردنی تاکە کەس و توانا و کارامەییەکانییەتی لەگەڵ دەنگدانی ئازادانە و هەڵبژاردن. لە کاتێکدا بۆماوەییبوونی  دەسەڵات یان بەبنەماڵەییکردنی دەسەڵات دنیای خێڵ و هۆزگەراییە و لەسەر بنەمای خوین و پشت داڕێژراوە و سەر بە چەمکەکانی بنەماڵە و خێڵ، دەمارگیریی و هێزی ڕووتە. ٤-گرێدراویی بەرژەوەندییە ئابووریی و قازانجە گەورە ماددییەکان بە تۆپەڵبوونی دەسەڵاتی سیاسییەوە ٥-نەریتێکی مێژوویی سەردەمی میرنشینەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە تا حزبە سیاسییە مۆدێرن-خێڵەکییەکانی سەدەی بیست و لەوێشەوە ماکی ناکۆکیی سیاسیی و چەکداریی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە وگەیشتنی بە ئەمڕۆ. ٦-هێزی چەکداری گوێڕایەڵ و ملکەچ بۆ فەرمانی سەرۆک حزب یان تەنانەت بۆ سەرۆکی لیوایەک و هێزێک، واتا بە کەسییکردنی هێزی چەکدار. لێرەوەیە ئەم ‌هێزە چەکدارانە هێندەی لە میلیشیا و هێزی چەکداری خێڵ و بنەماڵەوە نزیکن هێندە لە هێزی نیشتمانیی و پارێزەری هاوڵاتی و نیشتمانەوە نزیک نین.  ٧-لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، بەشێکی زۆری میدیاکانیش کە میدیای حزب و بنەماڵە و کەسەکانن، هێندەی ڕۆڵی فیتنەچیی و بەرپاکاری ئاشوب دەگێڕن هێندە میدیای بەرپرسیار و خاوەن ئێتیکی میدیایی نیین و هیچ ستراتیژێکی نیشتمانیی و بنەمایەکی پیشەیی ڕەچاو ناکەن. کاریگەریی و لێکەوتەکانی پەنابردنە بەر توندوتیژیی بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکان و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان: ١-قوربانییبونی کۆمەڵێک مرۆڤ و تێکچوونی ژیانی دەیان خێزان ٢-شکاندنی بەندە هاوبەشەکانی یەکگرتوویی کۆمەڵگا و پارچەپارچە کردنی، هاوکات بڵاوبوونەوەی بێمتمانەیی ٣-تێكدانی ئاشتیی و ئاسایشیی کۆمەڵایەتیی و ژیانی خەڵک و هێشتنەوەیان لە نائارامییدا. ٤-بەرەو دوا گێڕانەوەی ڕەوڕەوەی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگا لەسەر هەموو ئاستەکانی. ٥-پەرەپێدانی عەقڵییەتی چەکداریی و سەروەرکردنی هێزی ڕووت، هاوکات پایەماڵکردنی تاکەکەسەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان لە هێزی لۆژیک و توانای گفتوگۆی عەقڵانیی. ٦-وێناکردنی کۆمەڵگای کوردیی هەم بۆ خودی خۆی و هەم بۆ دنیای دەرەوەی خۆی، وەکو کۆمەڵێکی دوور لە ئادگارەکانی کۆمەڵگایەکی هاوچەرخ و نائاشنا بە بەها مرۆییە باڵاکانی دنیای نوێ.  ٧-هەڕەشەی جددی لەسەر قەوارەی هەرێمی کورستان، کە سەرباری قەیرانە بێشومارەکانی، هێشتا نوێنەرایەتی شوناس و بوونی ئینسانی کورد دەکات.

نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ ڕاپۆرتێکی شیکاریی لەبارەی پرسی کورد و هەسەدە لە داهاتووی نادیاری سوریا و پەیوەندییە ناجێگیر و گرژییە ناوچەییەکاندا: پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پێشەنگایەتی کورد و حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق وەکو تەوەرێکی سەرەکی لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتەکەدا دەمێنێتەوە. ڕێککەوتنی مانگی ئازاری ٢٠٢٥ی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل، کە ئامانجی یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ڕۆژاڤا بوو لەگەڵ دەوڵەتی سوریا، خاڵێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو. بەڵام جێبەجێکردنی لەسەر بێمتمانەیی بە یەکتر و لێکدانەوە ناکۆکەکانی لامەرکەزی و فشارە دەرەکییەکان وەستاوە. هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کۆنترۆڵکردنی ئاسایش و بەرپاکردنی سەقامگیریی و ئاشتتیی و بەڕێوەبردنی نااوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرکەوتوو بووە کە دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکان، بانگەشە بۆ سیستەمێکی دیموکراسی لامەرکەزی دەکات کە ئۆتۆنۆمی کولتووریی و ئیداریی بۆ کورد و کەمینەکانی دیکە گەرەنتی بکات. بەڵام دیمەشق پێداگریی لەسەر یەکگرتنەوەی تەواوەتی دەکات و پێی باشترە هێزە چەکدارە کوردەکان بەشێوەی تاک بە تاک لە سوپای سوریادا جێگایان بۆ بکرێتەوە، واتا بتوێنرێنەوە و کۆنترۆڵی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی بەسەر سنوورەکان و کێڵگە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکاندا پارێزراو بێت. ڕۆڵی تورکیا و دەستێوەردانە نێگەتیڤەکانی لە وڵاتەکەدا و لە پەیوەندیی نێوان لایەنەکاندا، دیمەنەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە. ئەنقەرە تەماشای هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات وەکو درێژکراوەی پەکەکە و فشاری خستووەتە سەر دیمەشق بۆ ئەوەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی و لامەرکەزیی ئیداریی کوردەکان ڕەت بکاتەوە و نەیهێڵێت. بەرپرسانی تورکیا هەڕەشەی کردەوەی سەربازییان کردووە لە ئەگەری داڕمانی ڕێککەوتنی یەکگرتن، لە هەمان کاتدا ئاماژەن بۆ ئامادەیی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ دیمەشق- کە تیشک دەخاتە سەر سروشتی مامەڵەیی دیپلۆماسی ناوچەیی. شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییە لە دێرەزوور و ڕەقە لە نێوان بەشێک لە هێزەکانی هەسەدە و میلیشیاکانی سەر بە دیمەشق، جەخت لەسەر ناسکیی و هەستیاریی ئەو دۆخەی ئێستا دەکەنەوە. دواخستنی هەڵبژاردنەکانی حکومەتی سوریا لەو ناوچانەی کە زۆرینەی کوردن و ئیدانەکردنی کۆنفرانسی "یەکێتی پێکهاتەکان"ی حەسەکە و ناوهێنانیان وەک جوداخواز، گرژییەکان دەبەنە ئاستێکی بەرزترەوە. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەکتەرە ڕۆژئاواییەکانی وەک کەنەدا مەرجی دانپێدانانی حکومەتی نوێی سوریایان بە داننان بە دەسەڵاتی دیفاکتۆی کورد لە ڕۆژاڤادا داناوە. ئەمریکا بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هەسەدە لە ڕووی سەربازییەوە، ئەمەش هەوڵەکانی دیمەشق بۆ جەختکردنەوە لەسەر سەروەری و ناوەندێتیی دەسەڵات و ئیدارە سەختتر دەکات. پێشبینی و سیناریۆکان: ١-سازانی فیدراڵی: گفتوگۆی ڕاستەقینە و ڕاشکاوانە، دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لە یەکلاییکردنەوەی دانوستان و ببێتە زەمینە سازیی بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی لامەرکەزی لە سوریا، کە ئەمەش گەرەنتیی پاراستنی کوردەکان و پێکهاتەکانی تریش دەکات. ٢-توندبوونەوەی ململانێکان: جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی مانگی ئازار ڕەنگە پێکدادانی فراوانتری لێبکەوێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر تورکیا دەستێوەردانی فراوانتر و لە ڕێگای میلیشیا دینییە توندڕەوەکانەوە دروستکراوی خۆیەوە ناڕاستەوخۆ یان ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپا تورکیاوە پەرەپێبدات. ٣-نێوەندگیری نێودەوڵەتی: چوارچێوەیەکی فرەلایەن کە ئەمریکا و ڕووسیا و زلهێزەکانی ناوچەکە تێیدا بەشداربن دەتوانێت دۆخەکە سەقامگیر بکات، ئەمەش بەندە بە چاکسازییەکی وورد و هەمەلایەنی دەستوریی و یاسایی چ لە ئاستی ناوخۆی سوریا و چ لە ئاستی نێودەوڵەتییدا کە گەرەنتیی پێکەوە ژیانی ئازادانە و ئارەزوومەندانەی پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا بکات. ٤-پارچەپارچەبوون: بەردەوامبوونی دۆخی چەقبەستوویی، ئەگەری چەسپاندنی دابەشبوونە دیفاکتۆییەکان زیاتر دەکات، لەگەڵ ئەوەی هەرئێستا ڕۆژاڤا بە شێوەیەکی نیمچە سەربەخۆ ئیدارەی ژیان و کاروباری ناوچەکانی خۆی دەدات و ئاشتیی و سەقامگیریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لە ئاستێکی زۆر باش و پەرەسەندوودایە.  ئەو پرسیارەی دەمێنێتەوە لەبارەی دواهەمین گرژیی و پەرەسەندنەکانی دێرزور و ڕەققەیە، ئایا دەبێتە بنەمای ڕێککەوتن و سازانی تەواوەتیی یان پریشکی کڵپەکردنی جەنگێک کە درێژکراوەی ناوچەیی سەختی دەبێت و ئەمەش ئایندەی سوریا و وڵاتەکە هێندەی تر ناڕۆشن دەکات؟ ئایا بۆچوونی تۆ وەکو هاونیشتمانییەکی ئاگادار لە ڕووداوە سیاسییەکان و ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، چییە؟

سەرتیپ جەوهەر گرتنی شاسوار عەبدولواحید، مەرگەسات و وێنە تراژیدیەكانی هێرش و پەلاماردانی لالەزار لەسلێمانیی و درێژكردنەوەی حوكمی زیندانیانی بادینان لەهەولێر بەسەریەكەوە، دیمەنی راستەقینەو دۆخی سیاسی و كوردستان پێشان دەدات. دیمەنێك دوای 34 ساڵ لەحوكمڕانیی، تروسكایی و هیوایەك بۆ ژیان و ئایندەی خەڵكی كوردستان ناهێڵێتەوە. رووداوەكان بەسەریەكەوە، ئەو راستیەمان بۆ دووپات دەكاتەوە كە لەكوردستان جگە لە بێبەهابوونی دامەزراوەكانی حوكمڕانی و ئازادی و دیموكراسی، هاوكات سەردەمی بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆنیش كۆتایی هات! ئیدی كوردستان وەك دوو ناوچەی جیاوازو دوو زۆنی حوكمڕانیی بێ‌ ئۆپۆزسیۆن و بێ‌ ئازادیی بەتەواوی یەكلایی بۆوە. بەپێی هەموو مەنتقێك بەكارهێنانی هێزو یان زیندانیكردن و كۆتوبەندكردنی ئۆپۆزسیۆن لەخراپی حوكمڕانیی و لەتوڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵك كەمناكاتەوە، بگرە خراپتری دەكات، ئینكاریكردنی هەقیقەت هیچ لەهەقیقەت ناگۆڕێت. دەبێ‌ دەسەڵاتدارانی كوردستان ئەم راستیە بزانن كاتێك خەڵك دەنگ بەئۆپۆزسیۆن دەدات لەبەرئەوە نییە خاوەنی پرۆژەن، بەڵكو لەبەر بێچارەیی و بێدەرەتانیانە! بۆیە لەباتی كۆتوبەندو توندوتیژیی و بەكارهێنانی هێز، رێگەیەكی زۆر ئاسانتریان هەیە، ئەویش خزمەتكردنی خەڵك و رێگە دیموكراسیەكەیە!  لەسەرەتای دروستبوونیدا، بزوتنەوەی گۆڕان بەردەركی سەرای كردە مەیدانی دەربڕینی ناڕەزایەتی و شەقام و شا رێگاكانیشیان دەگرت، هەندێجار پەنایان بۆ توندوتیژیش دەبرد، زۆربەی چین و توێژەكانی سلێمانی و تەنانەت هەندێجار خەڵك لەهەولێرەوە دەچوونە سلێمانی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، پڕ بەقورگیان دروشمیان دژی دەسەڵات و شێوازی حوكمڕانی دەگوتەوە، كەچی نە یەكێتیی كەئەوكاتە مەكتەبی سیاسیەكەی رۆڵیان لەبڕیاردانی هەبوو و نە رەوانشاد مام جەلال پەنایان بۆ ئەو توندوتیژییە نەبرد كە ئەم چەند رۆژە لەسلێمانی بینیمان! لەماوەی زیاتر لە 20 ساڵی رابردوو سلێمانی مەڵبەندی ناڕەزایەتی و ئۆپۆزسیۆن بووە. سەدان خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی لەسلێمانی بەڕێوەچووەو جارجار لەڕێی پۆلیس و ئاسایشیش بڵاوە بەخەڵك كراوە، ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیانە سلێمانیان ناشرین نەكرد بگرە جوانتریان كردووە، بەڵام هیچ كات پەنا بۆ ئەو توندوتیژییە نەبراوە كە لەم چەند رۆژە بینیمان. سەرباری ئەوەی دەمێكە لەهەموو بارودۆخێكی سیاسی هەموو ئیلتیزامێك دووركەوتوومەتەوەو تێبینی زۆرم لەسەر ئۆپۆزسیۆنبوون لە كوردستان هەیە، بەڵام دیمەنە تراژیدیی و نامرۆییەكانی پەلاماردانی لالەزار و شێوەی دەستگیركردنی كاك لاهور و هاوڕێكانی، ویژدانی من و خەڵكی كوردستانیان ئازاردا. دیمەنێك بوون من دڵنیام زیانێكی ئێجگار گەورە بە وێنەی سلێمانیی و ژیانی سیاسی كوردستان دەگەیەنێت، رێگەیەك بوو، پێشبینی نەدەكرا پەنای بۆ ببرێت، ئێستاش نەچووە بچێت، دەكرێت ئەم برینە چارەسەربكرێت.  لەژیانی دیموكراسی و حوكمڕانیی سەقامگیر، گرەوی سەركەوتنی درێژخایەن لەسەر پرۆژەی ئاوەدانیی و پێشخستنی كۆمەڵگا دەكرێت، نەك بێدەنگكردنی خەڵك و پەنابردنە بەر چەك و یەكلاییكردنەوەی ململانێ لەڕێگەی هێزو توندوتیژیی و سەرەنجام دەبێتە برین و شوێنەوارەكەی دەبێتە برین و بەئاسانی چارەسەر ناكرێت. لەمێژووی كۆن و نوێدا دەیان حاكم و حوكمڕانیی هاتن و رۆیشتوون، بەشێكیان دەیان و سەدان پەیكەریان لەدونیا بۆ دروستكراوەو بوونە رەمزو سیمبولی شۆڕشگێڕیی و مرۆڤایەتیی، بەشێكیشیان بەپێچەوانەوە پەیكەرەكانیان شكێنران، چونكە رەمزی ستەمكاریی و خراپی حوكمڕانی بوون.

نووسین: خەبات کوردە وەکو هەموو لایەک ئاگادارن چەتەکانی تورک لە دوای ڕوخانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریای پێشوەوە دوو قەسابخانەی پاکتاوی لە دژی عەلەویەکان و دروزەکان ئەنجامداوە و شەڕێکی دۆڕاوی چوار مانگەشی دژی شەڕڤانانی ڕۆژئاڤا کردوە . ئێستا سوریا ڕوو لە دابەشبونە و ترسی گەیاندنی دێرزور و شاری سوەیداش بۆتە بابەتی ڕۆژ و دور نیە لە ماوەیەکی کورتی داهاتودا لە ڕێی پەلاماردانی سەربازیەوە ئەو کردەیە بە ئەنجام بگات . هەر چەندە چەند هەفتەیەکە ئیسڕائیل دەستی کردوە بە کردنەوەی ڕێڕەوێک لە سنورەکانی خۆیەوە بەناو هەر دوو پارێزگای قونەیتەرە و دەڕعای باشوەی سوریا تا گەیشتن بە پارێزگای سوەیدا . بەڵام بە ئازادکردنی تەواوی پارێزگای دێرزور لە لایەن هێزەکانی هەسەدەوە هیوای ئیسڕائیل زیاتر دێتەدی و تەواوی ڕێڕەوی داود لە خەونەوە دەبێتە ڕاستی . تورکیا لە ئێستادا دەیەوێ تەواوی چەتە ئیسلامیە ئیخوانیە توندڕەوەکانی لە ناو تورکیا داهەن گەسکێک لێبدات و لە هەموو کون و قوژبنێکی تورکیاوە چەکداریان بکات و بیانگەیەنێتە ناوچەکە بە تایبەتیش هەر دوو شاری دێرزور و ڕەققە . هەواڵەکان دوپاتیدەکەنەوە کە تا ئێستا ٢٥ هەزار چەکدار لە ناو خاکی تورکیاوە گەیشتونەتە ناوچەکە و چاوەڕێ دەکرێ ڕێژەیان وەکو سەرەتایەک بگاتە ٥٠ هەزار چەکدار و بڕیاریشە هەتا ١٥٠ هەزار چەکداریش لە زیاد بوون دابن . هەسەدە چی دەکات .؟ لە بەرامبەردا هێزەکانی سوریای دیموکراتیش هەسەدە ڕۆژانە سەنگەرەکانی بە درێژایی ڕوباری فورات و لە سەروی پردی قەرەقوزاقەوە بۆ بەنداوی تشرین و ڕەققە و دێرزور هەتا دەگاتە ئەلبوکەمالی سەر سنوری نێوان عێڕاق و سوریا توند و تۆڵ تر دەکات و خەریکە ژمارەی شەڕڤانەکانیشی بگەیەنێتە سەروی ٥٠ هەزار شەڕڤان و بە باشترین ئەو چەکە تازانەی کە هێزەکانی هاوپەیمانان پێشکەشی کردون و ڕاهێنانی تەواویان لە سەر کردوە بڵاوەیان پێبکات و ئەو چەکانەی کە لە دوای هەڵاتنی هێزەکانی بەشار و سوپای پاسدارانیش دەستیان کەوتبووە سودیان لێ ببینێ و لە کاتی هێرشەکەی ئەردۆگان و سوپا نا ڕێکەکەی دیمەشقدا بەکاریان بهێنێ . هەواڵەکان وا ڕادەگەیەنن کە چەند شەوێکە ڕووبەڕو بوونەوەیەکی بەهێز لە ئارادایە لە دەوروبەری دێرزور و تا ئێستاش نەگەیشتۆتە ڕاددەی هێرش کردن و داگیر کاری . بەڵام چاوەڕێ دەکرێ ئەگەر دیمەشق نەتوانێ کۆنتڕۆڵی چەتەکانی بکات ، دوورنیە هێزەکانی هەسەدە بەربەستەکانی سەر ڕوباری فورات نەشکێنن و بپەڕنەوە و دەست بە سەر تەواوی شاری دێرزوری بەشی ڕۆژئاواکەشدا بە یەکجاری دابگرن . هەسەدە هەر دوێنێ سەرباقی ئەو هێزانەی کە هەیەتی بە درێژایی ڕوباری فورات ٨٢٠ قەنناس بەدەستی شارەزا و ڕاهێنراویان بڵاوە پێکردوە کە چەندین جۆری دوور مەودای چەکی قەنناسی کاریگەری تێدایە . لە هەمان کاتیشدا خەڵکی ناوچەکە بۆ یەکەم جاریان بووە کە ببینن هەسەدە چەکە پێشکەوتوەکانی دژە فڕۆکەی سیستەمی ئەڤینجەڕ بڵاوە پێبکات . هەموو ئەو ئامادەکاریانە دوای ئەوە دێت کە تورکیای ئەردۆگانی چەندین مانگە ناهێڵێ ئەو ڕێککەوتنەی نێوان شەڕع و عەبدی کە لە ئازاری ڕابردوو ئیمزا کرا ببێتە ڕاستی و ناوچەکە لە شەڕ و شۆڕ دورکەوێتەوە ،  جێی ئاماژەیە دەبێ کە لای هەموان ڕوون بێ سیاسەتی دوفاقی تورکیایە بەرامبەر هەر لایەک کە لە خۆیان بەهێز تر بێ ، چونکە دانیشتنەکانی دیمەشق لە گەڵ ئیسڕائیل لە ئازەربایجان و فەڕەساشدا بێدەنگی لێکرد و نەیوێرا ناڕەزاییەکیش دەرببڕێ کاتێ کە سوپاکەی ئیسڕائیل وا نزیکی دیمەشق بوونەتەوە تەنها هەر ١٠ کیلۆمەتریان ماوە بگەنە ناو گەڕەکەکانی شارەکە و دەست بگرن بە سەر هەر سێ پارێزگاکەی خواروی سوریادا و بۆ ئەوەی بگەنە شاری سوەیدای دروز نشین . دەبێ لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە ئایا لە ڕۆژانی داهاتودا ئەمەریکا و ئیسڕائیل لە بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێڕاق دەدەن یان جەولەیەکی تری شەڕی ئێران و ئیسڕائیل بۆ جاری دووەم دەستپێدەکاتەوە یان ئەردۆگان سەبری دەپچڕێ و هیچی تر ناتوانێ چاوەڕێی کۆتایی هاتنی کۆنتڕۆڵی شاری غەزە لە لایەن سوپای ئیسڕائیلەوە بکات یان ئاگری شەڕی دێرزور هەڵدەگیرسێنێ و ئەوەی ماوەیشە وەکو کەرتی غەزە بە کاولکردنی دەدات .!

ئامادەکردن: هاوڵاتی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سەنعای پایتەختی یەمەن ئەنجامداوە و ئەمەش بە شێوەیەکی پەیوەندیدار لەگەڵ ململانێی ناوچەیی لەگەڵ ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەکانیدا ئەگەری پەرەسەندن و ئاڵۆزتربوونی زیاتری هەیە.  هێرشەکان ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانیان کردە ئامانج، لەوانە کۆمەڵگەی کۆشکی سەرۆکایەتی، وێستگەکانی کارەبا و کۆگاکانی سووتەمەنی. بەپێی وتەی بەرپرسانی تەندروستی ناوخۆیی، لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٦٠ کەسیش برینداربوون. هێرشەکان لە وەڵامی ڕاستەوخۆی مووشەکێکی بالیستیکدا بووە کە لە یەمەنەوە بەرەو باشووری ئیسرائیل ئاراستە کراوە. مووشەکەکە کە دەوترێت بە تەقەمەنی کلاستەر تەیار کراوە، لە ناوەڕاستی فڕینەکەدا ڕێگڕی لێکرا بەڵام ئاماژەیە بۆ ئاستێکی نوێی هەڕەشە لەلایەن بزووتنەوەی حوسییەکانی سەر بە ئێرانەوە. ئەمە یەکەمجارە ئیسرائیل هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی یەمەن ئەنجام بدات لەدوای ئەوەی شەڕی غەززە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا کە گرژییە بەرفراوانەکانی لە ناوچەکەدا بەرپاکرد. حوسییەکان کە بەشێکن لە میحوەری مقاوەمەی ئێران، کەشتییە پەیوەندیدارەکانی ئیسرائیلیان لە دەریای سووردا کردووەتە ئامانج و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیان بەرەو شارەکانی ئیسرائیل هەڵداوە. هێرشەکان لە دوای کۆتایی جەنگی ١٢ ڕۆژەی کورت بەڵام توندی نێوان ئیسرائیل و ئێران دێت لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥. ئەو ململانێیە وایکرد فڕۆکە ئیسرائیلییەکان دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆردومان کرد، لە بەرامبەردا ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر تەلئەبیب و حەیفا. هەرچەندە ئاگربەست ڕاگەیەندرا، بەڵام بەرپرسانی ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ناوچەکە لە دۆخی جەنگدا ماوەتەوە. ژەنەڕاڵ یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران، هۆشداریداوە لەوەی هەر دەستدرێژییەکی دیکەی ئیسرائیل دەکرێت ببێتە سەرەتای جەنگێکی گەورە و فراوان کە بە "جەنگی کۆتایی" ناویهێنا، تەواوی بەری مقاوەمە کە حزبوڵڵا و میلیشیا عێراقییەکان و حوسییەکانەوە تێیدا بەشداربن.  هاوکات تاران بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم و سەرپێچی لە فشارەکانی ڕۆژئاوا دەکات و ئەمەش ئەگەری سەرهەڵدانەوەی قەیرانی ئەتۆمی و دەستپێکردنەوەی جەنگ زیاتر دەکات.  دیمەنی جیۆپۆلەتیکی فراوانتر بە خێرایی دەگۆڕێت. لەگەڵ کەمبوونەوەی شوێنپێی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، زلهێزەکانی وەک تورکیا و سعودیە هەنگاودەنێن بۆ پڕکردنەوەیان . ئەنقەرە هەناردەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئامادەبوونی هێزی دەریایی فراوانتر دەکات، هاوکات ڕیاز سەرکردایەتی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی سوریا دەکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و دەوڵەتانی ئەفریقا قووڵتر دەکاتەوە. شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە سەردەمێکی نوێی دەسەڵاتە ناناوەندییەکانەوە کە جێگای دەسەڵاتە ناوەندییە ستەمکارەکان دەگرنەوە. هەروەها مەترسی ئەوە هەیە هەموو ئەمانە ببنە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی توندی ڕاستەوخۆ لەنێوان دەوڵەتەکان بە گشتی و بە تایبەتی ئیسرائیل و ئیران. سیناریۆکانی داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە جیاوازن، بەڵام نەوەکو لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی هێزی سەربازیی و زەبری مووشەکەکان و گۆڕانی هاوپەیمانییەکانەوە. لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشی توند دەکاتە سەر یەمەن، پرسیارەکە دەکرێت ئەوە بێت، ئەم ململانێیە تا چەند تەشەنە دەکات و کێ دێڕەکانی لاپەڕەی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گوێرەی هێز و بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوپەیمانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی دەنووسێتەوە

ڕۆژنامەى العرب لەژمارەى ئەمڕۆیدا، ڕاپۆرتێکى لەسەر شەڕەکەى لالەزارى سلێمانى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت: هەڵمەتێکى دەستگیرکردن نەیارانی سەرەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کردە ئامانج، کە لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردوە، بەبێ هەماهەنگی و ڕەزامەندی هێزە کاریگەرەکانی شیعەی عێراق لەناو دەوڵەتی فیدراڵیدا نەدەکرا.  پێش هەڵبژاردنەکان ئەم هێزانە پێشتر ئامادەیی تەواویان نیشان دابوو بۆ بەکارهێنانی کاریگەریی خۆیان بۆ یارمەتیدانی یەکێتى بۆ پاراستنی پێگەی خۆی و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە بەرامبەر نەیار و ڕکابەرە جیاوازەکانیدا. ڕۆژنامەکە لەزارى سەرچاوە سیاسییەکانی عێراقەوە ڕایانگەیاند، لایەنە کاریگەرە چەکدارە شیعەکان و گروپەکانى ناو دەسەڵاتی فیدراڵی لە عێراق ڕەزامەندی پێشوەختەیان داوە بە سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ و قوباد، کوڕانی سەرۆک کۆمار کۆچکردوو و دامەزرێنەری یەکێتی، جەلال تاڵەبانی، کە بە پلەی یەکەم پارێزگاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ دەکات. بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی پاکتاوکردنی سیاسی لەم دواییانەدا کە دوو لە نەیارانی گەورەی حزبەکەی کردە ئامانج: شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەی نوێ، و لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی پارتی بەرەی گەل، کە لەم دواییانەدا دوای دوورخستنەوەی لە سەرۆکایەتی هاوبەشی یەکێتی لەلایەن ئامۆزاکانی، پاڤێڵ و قوباد تاڵەبانی، دامەزراند. بەپێى ناوەڕۆکى ڕاپۆرتەکە دەستگیرکردنی ئەو کەسایەتیانە بە شێوەیەکی کاریگەر دیمەنی سلێمانی "پاکدەکاتەوە" لە هەر چالاکیەکی جیددی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرکردایەتی یەکێتی. ئەمە شتێکە کە هێزە سیاسییەکان و کوتلە چەکدارەکانی شیعە بە سەرۆکایەتی کەسایەتییە کاریگەرەکانی وەک قەیس خەزعەلی، فەرماندەی میلیشیای عەسائیب ئەهلی حەق و دۆستی شەخسی بافڵ تاڵەبانی، بەهەمان شێوە ئارەزووی دەکەن. ئەم هێزانە پارتەکەی تاڵەبانی لە نێو هاوپەیمانە دۆستەکانی ئێراندا دەزانن و هەربۆیە حەز دەکەن پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا وەک ڕکابەرێک بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەسەڵات بپارێزن. ئەمەش پێویستی بە ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانی ناوەندی دەسەڵاتی ڕکابەر لە قەڵای خۆی کە سلێمانییە. هەمان ئەو هێزانە پێشتر هەوڵیان دابوو لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە کە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو لەوێ بەڕێوەچوو، هاوکاری ئەو حزبە بکەن بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە سەرکردایەتی هەرێمدا.  ئەوان بە بەکارهێنانی پێگەی خۆیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵیدا، لەوانەش دەسەڵاتی دادوەری، بۆ دەرکردنی هەمواری یاساکانی هەڵبژاردن، سیستەمی هەڵبژاردن، دەستەی چاودێری هەڵبژاردن و تەنانەت ژمارەی پەرلەمانتاران.  ئەم هەموارکردنانە لەلایەن خودی حزبەکەوە پێشنیارکرابوون، کە پێیوابوو یارمەتیدەری دەبێت بۆ باشترکردنی ئامادەیی خۆی لە پەرلەمان، ئەمەش وای لێدەکات بتوانێت دروشمی "گۆڕینی ڕێڕەوی حکومەت" لە هەرێمدا بەدەستبهێنێت. هێزە ئەمنییەکان لە کوردستانی ئێراق بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو شێخ جەنگی کەسایەتی دیاری ئۆپۆزسیۆنی ئۆپۆزسیۆنیان دەستگیر کرد، ئەوەش دوای پێکدادانێکی چەکداری کە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. چەند ڕۆژێک پێشتر پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی  نەوەی نوێی ڕاگەیاند. زۆرجار ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە تۆمەتباردەکرێن بەوەی کاردەکەن بۆ دوورخستنەوەی لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەشێوەیەک کە ئەو حزبانە بە ناشەرعی دەزانن، لەوانە بەکارهێنانی پارە و دەسەڵاتی سیاسی و ئیستغلالکردنی دەزگا فەرمییەکان.

سەرچاوە: میدیای پەنجەرە "كێشه‌ی ناوخۆی یه‌كێتی": پاساوی سه‌ره‌كیی بێده‌نگی به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى په‌نجه‌ره‌، به‌پێچه‌وانه‌ی دۆسیه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید كه‌ به‌ ڕوونی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كرا، زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان، دۆسیه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی وه‌ك "یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حیساباتی ناوخۆیی" یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌بینن. ئه‌م دیدگایه‌ هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ له‌پشت هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرتنی لایه‌نه‌كانی وه‌ك: كۆمه‌ڵی دادگەری، ڕه‌وتى هه‌ڵوێست و ته‌نانه‌ت نه‌وه‌ی نوێش.  هۆكاره‌كانی ئه‌م دیدگایه‌ بریتین له‌: ڕیشه‌ی ململانێكه‌: كێشه‌كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بریتییه‌ له‌ ململانێی ده‌سه‌ڵاتی نێوان باڵی لاهور شێخ جه‌نگی و باڵی بافڵ تاڵه‌بانی له‌ناو یه‌كێتیدا، كه‌ له‌ 8ـى ته‌مموزی 2021ـه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد. بۆیه‌ ئۆپۆزسیۆن نایه‌وێت ببێته‌ لایه‌نێك له‌ كێشه‌یه‌ك كه‌ به‌ هی خۆی نازانێت. لاهور شێخ جه‌نگی وه‌ك به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵات: تا ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌مه‌وبه‌ر، لاهور شێخ جه‌نگی له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیدا بوو و به‌شێك بووه‌ له‌و سیسته‌مه‌ی كه‌ ئۆپۆزسیۆن ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرێت. ئه‌مه‌ وایكردووه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان قورس بێت وه‌ك فیگه‌رێكی ئۆپۆزسیۆنی ته‌واو سه‌یری بكه‌ن و به‌رگری لێبكه‌ن. خۆپاراستن له‌ ده‌ستێوه‌ردان: هه‌ر لایه‌نێكی ئۆپۆزسیۆن ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی لاهور شێخ جه‌نگی وه‌ربگرتایه‌، ڕاسته‌وخۆ ده‌بووه‌ دوژمنی باڵی ده‌سه‌ڵاتداری ئێستای یه‌كێتی. بۆیه‌ زۆرێك له‌ لایه‌نه‌كان بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌م ئاڵۆزییه‌ به‌دوور بگرن. دوو ده‌نگی جیاواز: یه‌كگرتوو و شیوعی دێنه‌ سه‌ر هێڵ له‌ناو ئه‌م بێده‌نگییه‌ گشتییه‌دا، یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان هه‌ڵوێستی جیاوازیان نواند. ئه‌وان له‌بری ئه‌وه‌ی بچنه‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كێشه‌كه‌، ته‌ركیزیان خسته‌ سه‌ر "شێوازی مامه‌ڵه‌كردنه‌كه‌" و مه‌ترسیی به‌كارهێنانی چه‌ك و توندوتیژیی. ڕاگه‌یه‌ندراوی حزبی شیوعی كوردستان: حزبی شیوعی به‌ هه‌مان ئاڕاسته‌، ئیدانه‌ی "به‌كارهێنانی چه‌ك و هێزی" كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. حزبه‌كه‌ داوای كۆتاییهێنان به‌ دۆخه‌كه‌ و ڕاگرتنى شه‌ڕ و توندوتیژیی ده‌كات و پێیوایه‌ "له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌كه‌مان كۆتایی نایات". به‌یاننامه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی: یه‌كگرتوو له‌ ڕێگه‌ى ئه‌مینداره‌كه‌یه‌وه‌ نیگه‌رانیی خۆی ده‌ربڕی له‌ ڕووداوى ده‌ستگیركردنى لاهور شێخ جه‌نگى، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ى ناوى بهێنێت. هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ "په‌نا بۆ یاسا و دادگا ببرێت بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان". هه‌ڵوێستی یه‌كگرتوو زیاتر جه‌ختكردنه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر بنه‌مای "سه‌روه‌ریی یاسا" نه‌ك به‌رگریكردن له‌ كه‌سێكی دیاریكراو. ئۆپۆزسیۆنێك به‌بێ ستراتیژی هاوبه‌ش بێده‌نگیی زۆرینه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ دۆسیه‌ی لاهور شێخ جه‌نگیدا، جارێكی تر ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماند كه‌ ئه‌م به‌ره‌یه‌ خاوه‌نی دیدگایه‌كی هاوبه‌ش نییه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پێشێلكارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان. له‌ كاتێكدا یه‌كگرتوو و شیوعی هه‌وڵیان دا پرسه‌كه‌ بۆ بابه‌تێكی گشتیتر (سه‌روه‌ریی یاسا و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ توندوتیژیی) به‌رز بكه‌نه‌وه‌، لایه‌نه‌كانی تر له‌ چوارچێوه‌ی بێده‌نگییدا مانه‌وه‌. ئه‌م جیاوازییه‌ له‌ هه‌ڵوێستدا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن" زیاتر له‌وه‌ی یه‌كگرتوو بێت له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كان، په‌رته‌وازه‌یه‌ به‌پێی دۆسیه‌ و كه‌سه‌كان، ئه‌م په‌رته‌وازه‌ییه‌ش له‌ كۆتاییدا ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ى زیاتر سودی لێببینێت، خودی ده‌سه‌ڵاته‌.

ئامادەکردن: هاوڵاتی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کەسایەتی سیاسی دیاری کورد و سەرۆکی بەرەی گەل کە پارتێکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنە لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەمەش لە دوای تێکهەڵچوونێکی توندوتیژ بۆ ماوەی نزیکەی چوار کاتژمێر لە شاری سلێمانی. ڕووماڵی بەربڵاوی لەلایەن دەزگا میدیاییە ناوچەیی و جیهانییەکانەوەی بەدوادا هات.  ڕووبەڕووبوونەوەکە کە لە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥ لە نزیک هۆتێل لالازار سەریهەڵدا و چەندین زیانی گیانی لێکەوتەوە و شەپۆلێکی کاردانەوەی سیاسی و گشتیی لێکەوتەوە. میدیای نێودەوڵەتی و ناوچەیی ڕووماڵی هەواڵیی و شیکارییان لەبارەیەوە ئەنجامدا. هەندێک لە سەردێڕ و میدیاکان: - ئەشرق ئەلئەوسەت (عەرەبی): تیشکی خستە سەر داینامیکی دەسەڵاتی ناوچەیی و ڕۆڵی سەرکردایەتی یەکێتی. - بی بی سی عەرەبی و  - فەرەنسا 24 عەرەبی: کورتە بەشی پەخش کراو لەسەر نائارامییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر سیاسەتی کوردی. - الجزیرە عەرەبی: کاریگەرییە بەرفراوانەکانی بۆ حوکمڕانی و بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی عێراقی گرتەوە. هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی هۆتێل لالازاریان دا و بەهۆیەوە چەندین کاتژمێر ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری توند بەردەوام بوو.  دواجار لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دەستبەسەرکران و لەگەڵ کۆمەڵێک لە چەکدارەکاان و لایەنگرانیان خۆیان ڕادەست کرد. هەندێکی تر لە مانشێتی دەزگا میدیاییەکانی جیهان:  کەناڵی "میدیا لاین - هێڵی میدیا The Media Line " کە بنکەکەی لە بەریتانیایە،   سەردێڕی: "لە پێکدادانەکانی دوای دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی سیاسی کورد لە باکووری عێراق پێنج کەس کوژران". پێگەی هەواڵی عەرەبی نوێ "العربی الجدید" :  "پێکدادانێکی کوشندە لەگەڵ دەستگیرکردنی کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی عێراق" "سکای نیوز عربیە" سلێمانی لەژێر ئاگردایە... ئاسایشی کوردستانی عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟   "AP News" کەسایەتییەکی سیاسی کورد لە عێراق دەستگیرکرا، بەهۆیەوە پێکدادان و پێکدادان و کوژرانی ٥ کەسی لێکەوتەوە. کەسایەتییەکی سیاسی کورد لە عێراق دەستگیرکرا و پێکدادانەکانی لێکەوتەوە. ئێران ئینتەرناشیونال - ماڵپەڕ مانشێت: “دەستگیرکردنی کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دوای پێکدادانی چەکداری لە سلێمانی” مانشێت و ناوی ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی تورکیا کە باسیان لە تێکهەڵچوونەکانی سلێمانی و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی تاڵەبانی، سەرۆکی بەرەی گەل و هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی کردووە: --- ڕووماڵی میدیای تورکیا، مانشێتەکان تورکیە ئەمڕۆ- پۆرتاڵی هەواڵی ئۆنلاین Türkiye Today سەردێڕ- هێزە کوردییەکانی عێراق کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن لاهور شێخ جەنگی دوای پێکدادانی چەکداری دەستگیر دەکەن” هابەرتورک - ڕۆژنامە / ماڵپەڕ Habertürk سەردێڕ: شیکردنەوەی کاریگەرییە ناوچەییە فراوانەکانی ململانێی دەسەڵاتی ناوخۆیی کورد. هابەرتورک سێربێستیەت-هەواڵی ئۆنلاین  Serbestiyet سەردێڕ: سلێمانی، پێکدادانی توندی چوار کاتژمێری و لە ئەنجامدا، دەستبەسەرکردنی لاهور تاڵەبانی. ABCmedia.am (میدیای زمانی تورکی) سەردێڕ: “سەرۆکی پارتی بەرەی گەلی کوردستان لەدوای پێکدادانی چەکداری لە عێراق دەستگیرکرا" ئەم ڕووداوە گرژییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانی نوێکردەوە و نیگەرانییەکانی لە سەر ئازادییە سیاسییەکان و سەربەخۆیی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لە ناو کۆمەڵگای کوردستانی زیاتر کردووە. چاودێرانی نێودەوڵەتی و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و کونسوڵگەریی و باڵیۆزخانەکانی ووڵاتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕاگەیاندراو و بەیاننامەیان بڵاوکردوونەتەوە بە گشتی داوای گەڕانەوەی ئارامیی و سەروەریی یاسا دەکەن سەرەڕای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی کاری سیاسیی وڕاگەیاندن.  بەشێک لەو ناوەند و دەزگایانەی بەیاننامە و ڕاگەیانراویان بڵاوکردووەتەوە: -  باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا لە کوردستان. -  کونسوڵگەری گشتی بەریتانیا لە عێراق -  یونامی - نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق -  ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.  زۆر لایەن و ناوەندی دیکەی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی. ئەمە سەرباری ڕاگەیانراوی دەزگا دەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەوانە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و هەروەها چەندین لایەنی سیاسیی لە کوردستان و  عێراق.  هەروەها بۆ ڕاگرتنی توندوتیژیی و کۆتاییپێهێنانی کەشوهەوای سەربازیی لە شارەکەدا لە سلێمانی، چەندین ناوەندی کولتوریی و چەندین ڕێکخراوی مەدەنیی ڕاگەیانراویان بڵاوکردووەوە و هەروەها کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنیی بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و نووسەر و ئەکادیمیی و میدیاکار داوای کۆتاییپێهێنانی فەزای میلیتاریستی لە شارەکەدا دەکەن و هەروەها داوای ڕێزگرتن لە ڕێکارە یاسایی و مەدەنیی و شارستیانییەکان دەکرێت.