ئایا پێوەری پیشەیی بەهەند وەرگیراوە یان پابەندبوون بەحزب و نزیکی لە بەرپرسە باڵاکان؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی لەگەڵ رووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، دەسەڵاتی نوێی سووریا دەستی کرد بە پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی بۆ وڵات و لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، محەمەد بەشیر راسپێردرا کابینەی حکومەتی کاتی سوریا پێکبهێنێت. محەمەد بەشیریش بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتە کاتییەکە زۆرینەی لەو کەسایەتیانەی دیاریکردووە کە بەشدار و بەرپرس بوون لە حکومەتی رزگاری نیشتمانی کە پێشتر لە ئیدلیب لەسەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد پێکیانهێنابوو. تا ئێستاش میکانیزمی دیاریکردنی کەسایەتییەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیر لە حکومەتی کاتی سووریا روون نییە، کەپێشتر لە ئیدلیب لەلایەن ئەنجومەنێک بە ناوی ئەنجومەنی شوراوە وەزیرەکان دیاری دەکران، بەڵام لەم حکومەتە نوێیەدا تەنها بە راوێژ لەگەڵ ئەحمەد شەرع یان بە بریاری راستەوخۆی خۆی دەستنیشان کراون. زۆرینەی وەزیرەکانیش پێشینەی ئیسلامییان هەیە و فەرماندەی جەنگ بوون کەبریتین لە: ✹ محەمەد بەشیر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەسەردەمی ئەسەد لە کارگەی غاز کاریکردووە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کارەبا و سەرۆکی حکومەتی رزگاری نیشتمانی بووە لە ئیدلیب. ✹ ماهر شەرع برای ئەحمەد شەرع بۆ پۆستی وەزیری تەندروستی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە لە پزیشکی ژنان و راوێژکاری وەزارەتی تەندروستی بوو لە حکومەتی رزگاری نیشتمانی لە ئیدلیب. ✹ ئەسعەد شیبانی ناسراو بە " ئەبو عائیشە" بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە کە وتەبێژی پێشووی بەرەی نوسرەبوو، ئەسعەد خەڵکی گوندی " ئەبو راسین" ە لە شاری حەسەکە و دەشگوترێت کوردە، بەڵام کوردبوونەکەی هاوشێوەی کوردبوونەکەی تەها یاسین رەمەزانە. ✹ مورهیف ئەبو قەسرە بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، کە پێشتر فەرماندەیەکی سەربازی دەستەی تەحریر شام بوو، لە سەردەمی رژێمی ئەسەد لەبواری ئەندازیاری کشتوکاڵ خوێندویەتی. ✹ محەمەد عەبدولرەحمان بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، پێشتر فەرماندەی سوپای فەتح بووە و بواری سەربازی لە زانکۆی حومس تەواوکردووە. ✹ شادی محەمەد ئەلویسی بۆ پۆستی وەزیری داد، پێستر مامۆستای پەروەردەی ئیسلامی بووە و دواتر بۆتە ئیمام و وتاربێژی یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری حەلەب. ✹ عائیشە دبس بۆ پۆستی بەرێوەبەری نوسینگەی کاروباری ژنان، عائیشە تاکە ژنی کابینەکەی محەمەد بەشیرە و پێشتر لە بواری مافی ژنان کاریکردووە. ✹ محەمەد یەعقوب عومەر بۆ پۆستی وەزیری راگەیاندن، پێشتر ئاژانسی هەواڵی شام" ی دامەزراندوە و بەکالۆریۆسی لە زانستی سیاسیدا هەیە. ✹ فادی قاسم بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە، پسپۆڕیی لە بواری کیمیا هەیە و پێشتر بەرێوەبەری کاروباری مرۆیی بوو لە ئیدلیب. ✹ محەمەد سەلیم بۆ پۆستی وەزیری ژینگە، بڕوانەمەی لە بواری ئەندازیاری میکانیک هەیە و پێشتر ئەمینداری گشتی وەزارەتی ئەوقاف بووە لە ئیدلیب. ✹ حوسام حاج حسین بۆ پۆستی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پێشتر سەرۆکی نوسینگەی کاروباری مزگەوتەکان بوو لە حکومەتی رزگاری نیشتمانی. ✹ عەبدولمونعیم عەبدولحافز بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە لە رووی تەمەنەوە لە هەموویان گەورەترە و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە. ✹ نزیر محەمەد قادری بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە پێشتر مامۆستای زمانی عەرەبی بووە و ماوەی دە ساڵ لەسەر چالاکی سیاسی لەسەردەمی بەشار ئەسەد زیندانی کراوە. ئەم حکومەتە کاتیەی کە لە دیمەشق پێکهێنراوە ناتوانێت نوێنەرایەتی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی سووریا بکات و رووبەرووی ئەرکێکی زۆر قورس دەبێتەوە کە وڵاتێکی وێران و ئابوریەکی داتەپیوی بۆ بەجێماوە و دەستوەردانە دەرەکی و نێودەوڵەتیەکانیش هێندەی تر ئەرکی قورستر دەکات، لە کاتێکدا گەلی سوریا چاوەرێی دەسەڵاتێک دەکات کۆتایی بە ئێشوئازارەکانی رابردووی بهێنێت.
تڕەمپ دەڵێت: ئەگەر ئەمریکا نەبێتە تاکە سەرچاوەی غاز بۆ ئەوروپا، ئەوا پێناسی گومرگیی نوێ بەسەریاندا دەسەپێنین. ئامادەکردنی: هاوڵاتی ڕووداوە جیهانییەکان بە تایبەت جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا دروستکردووە، بە جۆرێک خۆری کیشوەری ئەوروپا نەک بە تەنها ڕوو لە کزبوونە بەڵکو مەترسی باڵکێشانی تارمایی بەسەریاندا دەکرێت، کە هەردەم وڵاتانی ئەو کیشوەرە، نمونەی گەشاوەی زانست و ئابوری و خوێندن و پەروەردە و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بوون لە سەرتاسەری جیهان. سەرباری ئەوەی ئەورووپا مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە لە داهێنانی زانستیدا بە تایبەت لە بوارەکانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیای نوێ و دەرمانسازییدا، بەڵام بەم دواییە هەست بە دواکەوتنی دەکرێت لەچاو زۆر وڵاتی پێشکەوتووی دیکەدا. پێشتر ئەورووپا کە بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی پێشکەوتوو ناسرابوو، بەڵام ئەمرۆ لە کۆی 15 جۆری ئۆتۆمبێلی کارەبایی پڕفرۆشی جیهان، تەنانەت یەک دانەشیان هی وڵاتانی ئەوروپا نین. لەوبارەیەوە ماریۆ دراگی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا و پارێزگاری ئێستای بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە دەڵێت: لە نێوان 50 کۆمپانیای زەبەلاحی جیهاندا تەنها چواریان ئەورووپین، کە ئەمەش نزمی ئاستی توانای کێبرکێی وڵاتانی ئەورووپا نیشان دەدات. هاوکات کریستین لاجارد سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەوروپا دەڵێت: ئێمە بە پێچەوانەی رابردووەوە لە قۆناغێکی پێشکەوتنی خێرای تەکنەلوژیدا دەژین، بەڵام بەداخەوە ئەوروپا لە ئێستادا پێشەنگی ئەو پێشکەوتنە نوێیە نییە. چاودێرانیش دەڵێن ئەگەر وڵاتانی ئەورووپا لەسەر ڕێڕەوی ئێستایان بەردەوام بن، ئەوا ئەو وڵاتانە دەبنە مۆزەخانەیەکی جوانی ماندوو، بۆ گەشتیارانی چینی و ئەمریکی. سەرباری کۆی ئەو ئاماژانە کە بوونەتە هۆی پاشەکشێی وڵاتانی ئەورووپا، گەڕانەوەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ سەرکورسی دەسەڵات بارگرانی سەرشانیان هێندەی دیکە زیاد دەکات. ترامپ لە نوێترین لێدوانیدا داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە، نەوت و غازی زیاتر لە ئەمریکا بکڕن بە جۆرێک هاوتەریب بێت لەگەڵ ئاستی هەناردەی ئەوروپا بۆ ئەمریکا کە ساڵانە بە 500 ملیار یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، ئەگەرنا ئەوا واشنتۆن پێناسی گومرگی لە سەر هەناردەی ئەوروپا بۆ ئەمریکا بە رێژەی %20 زیاد دەکات، چونکە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم هەرەشەیەش ئابووری ئەوروپا رووبەرووی قەیرانی جدی دەبێتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا بۆ وڵاتانی ئەورووپا بازاڕێکی زۆر گرنگە و زۆرینەی کەرەستەی بەرهەمهاتووی ئەورووپا هەناردەی ئەمریکا دەکرێت. لەسەر ئاستی سەربازیش، تڕەمپ بەردەوام داوای لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ کردووە، کە ئەوپارەیەی کەوتووەتە ئەستۆیان رادەستی واشنتۆنی بکەن، ئەگەرنا ئەوا ئەمریکا جارێکی تر هەڕەشەی کشانەوە لەو هاوپەیمانێتییە دەکات، هەڕەشەکانی تڕەمپیش بارگرانیەکی تری ئابووری بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا دروستدەکات و هێندەی تر دووچاری کورتهێنانی بودجەیان دەکاتەوە. جگە لەوەش دوور نییە هەندێ لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ناچار بە گرتنەبەری سیاسەتی سکهەڵگوشین بکات. گۆرانکارییە ئابوری و سەربازییەکانی جیهان بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا زۆر خێران، بۆیە هەر جۆرە بەجێمانێک لەو کاروانە نەک بە تەنیا زیانی گەورەی بۆ وڵاتە دواکەوتوو و تازە گەشەکردووەکان هەیە، بەڵکو بۆ وڵاتە پێشکەوتووەکانیش بە داتەپینی ئابوری و پاشەکشێی زانستی دوایی دێت. بەو پێیەشی لە ئێستادا وڵاتانی ئەورووپا لە کاروانی نوێی داهێنانە بەردەوامەکانی بواری تەکنەلۆژیا پاشەکشەیان کردووە، پێدەچێت نەوەکانی داهاتووی ئەو کیشوەرە باجی قورسی ئەو پاشەکشێکردنە بدەن.
ئایا گەلی سوریا دەتوانێت داهاتی دزراوی خۆی لەو وڵاتانە وەرگرێتەوە؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی دوای هەڵهاتنی بۆ مۆسکۆ، زۆر قسە و باس لەبارەی سەروەت و سامانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا و ئەندامانی خێزانەکەی دەکرێت کە خۆی و باوکی زیاتر لە 53 ساڵ حوکمی سووریایان کرد و لەماوەی دەسەڵاتیشیان هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لە دۆخێکی نالەباردابوون و ئاستی بژێویان بە شێوەیەک دابەزیبوو کە موچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی لە نێوان 10 تا 15 دۆلاردا بوو. بەلاچونیشی لەدەسەڵاتیش هەوڵەکان بۆ دەستنیشانکردنی بڕ و شوێنی سەروەتەکەی بەشار ئەسەد چڕبووەتەوە، لەوبارەیەوە رۆژنامەی وڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت: "هەوڵێکی جیهانی لەئارادایە بۆ دۆزینەوەی سەروەت و سامانی خێزانی ئەسەد کە کاتێکی زۆریان لەبەردەستدا بووە بۆ شاردنەوەی". پێگەی "زە بایبر" ی بەریتانیش دەڵێت: " بەشار ئەسەد بڕی 66 ملیۆن یۆرۆی لە بانکی (ئاتش ئێس بی سی) لە لەندەن داناوە و داوا لە حکومەتی بەریتانی دەکرێت رێگەبدات ئەو بڕە پارەیەی ئەسەد کە لەو بانکە دایناوە بۆ پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی سوریا تەرخانبکرێت". هەر سەبارەت بە سەروەت و سامانی ئەسەد و خێزانەکەی رۆژنامەی فاینانشڵ تایمز بڵاویکردەوە، بەشار توانیویەتی سزا نێودەوڵەتییەکان تێپەڕێنێت و بڕی 250 ملیۆن دۆلار رەوانەی هەژماری بانکی خۆی لە رووسیا لە نێوان ساڵەکانی 2018 تا 2019 بکات. سەبارەت بە کۆی سەروەتو سامانی بەشار ئەسەد و خێزانەکەشی ( سکۆت لۆکاس ) شارەزای بواری رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا لە زانکۆی بێرمینگهام لە بەریتانیا دەڵێت سەروەتی بەشار و خێزانەکەی دەگاتە 12 تا 16 ملیار دۆلار ئەوەش جگە لەو زێڕ و خشڵانەی کە بۆ دەرەوەی سووریا گواستویانەتەوە. چاودێرانیش دەڵێن بازرگانی ماددەهۆشبەرەکان، بە تایبەت کارگەکانی دروستکردنی حەبی کەبتاگۆن پانتاییەکی فراوانی لە سەروەت و سامانی بەشار ئەسەد و خێزان و کەسە نزیکەکانی هەیە، بە تایبەت ماهر ئەسەدی برای کە چەندین ملیار دۆلاریان لەو بازرگانییە دەستکەوتووە و سووریایان کردبووە وڵاتی ماددە هۆشبەرەکان و مەترسی تەواویان بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دروستکردبوو. چاوەروانیش دەکرێت زۆرینەی سەروەت و سامانی خێزانی ئەسەد لە رووسیا بێت و موڵک و ماڵێکی زۆر و زەوەندیان لەو وڵاتە کڕیبێت ئەوە جگە لە هەژماری بانکییان کە ملیارەها دۆلاری دزراوی سوریا بە ناوی خۆیان یا کەسانی نزیکیان دانراون، گەڕانەوەی ئەو بڕە پارە زۆرەش لە رووسیاوە بۆ سووریا کارێکی ئاستەمە بەهۆی ئەو پشتیوانییە زۆرەی ڤلادیمێر پۆتن لە بەشار ئەسەد و خێزانەکەی دەیکات. لە کۆتاییدا بەشار ئەسەد رۆشت و وڵاتێکی وێرانەی بە کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکی بەجێهێشت، وڵاتێک کە تا ئێستاش برسێتی باڵیکێشاوە بەسەریدا و زیاتر لە 7 ملیۆن هاوڵاتی سوریا ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا بوون، وڵاتێک ژێرخانی ئابووی داروخاوە و چەندین ساڵ کاری بەردەوامی دەوێت تا بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە.
ڕۆڵی ئەمریکا لە پاراستنی رۆژئاوای کوردستان و دانانی سنورێک بۆ دەستدرێژییەکانی تورکیا چییە؟ کردنەدەرەوەی ئێران لە سووریا و دەستوەدانەکانی تورکیا لەو وڵاتەدا چۆن ڕوو دەدات؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی سەرکەوتنە سەربازی و سیاسیەکانی کوردانی رۆژئاوای کوردستان، تورکیای دوچاری هستریا کردووە و دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت سنوی دەسەڵاتیان بەرتەسکبکاتەوە و ئاستێک بۆ ئەو پشتیوانییە دابنێت کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بەدەستیان هێناوە، لەرێی نانەوەی ئاژاوە و بۆردومانی بەردەوام و هاندانی بەکرێگیراوان بۆ پیلانگێڕی و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی و بردنەپێشی حزبە کارتۆنییەکان لە دیمەشق کە لە رۆژئاوای کوردستان هیچ پێگەیەکی جەماوەرییان نییە. ئەو بیانوانەش کە هەردەم سەرانی تورکیا وەکو چەکێک لە دژی رۆژئاوای کوردستان بەکاریدەهێنێت ئەمانەن: هێزەکانی سوریای دیموکرات مایەی مەترسین بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا. بەستنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە تیرۆر، کە هەموو جیهان دەزانێت ئەم تۆمەتانە ناڕاستن. بوونی چەکداری بیانی لە ریزەکانی سوپای سووریای دیموکرات. تەنها ئەم سێ تۆمەتەیە کە بەرپرسانی باڵای تورکیا و راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام دەیڵێنەوە و وەک چەکێک لە دژی رۆژئاوی کوردستان بەکاریدەهێنن، لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدیش بە ئاشکرا داوای چەکدانان و هەڵوەشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن و بەروونی دەڵێن یان کوردانی رۆژئاوای کوردستان تەسلیم بوون قبوڵ دەکات یان لەرێی بەکارهێنانی هێزەوە ئامانجەکانیان لە باکوری سووریا بەدیدەهێنن. لەسەر ئاستی باڵاش، بەردەوام تورکیا داوای راگرتنی هاوکاریە سەربازییەکان دەکات کە ئەمریکا و خۆرئاوا پێشکەشی رۆژئاوای کوردستانی دەکەن، بەجۆرێک کارگەشتوەتە ئاستێک کە شرۆڤەکارێکی تورکی وەک بەکیر ئاتاجان داوای رووبەرووبوونەوەی سەربازی لە دژی ئەمریکا بکات ئەگەر بەردەوامبێت لەسەر هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئەو هستریایەش کە دووچاری تورکیا بووە، سەلمێنەری ئەو بۆچوونەیە کە تورکیا کارتەکانی لە سووریای دوای بەشار ئەسەد بەرەو سوتان دەچن و پێدەچێت روداوەکان تەواو پێچەوانەی خواستەکانی سەرانی ئەنقەرە بێت. لەوبارەیەوە تا ئێستا هاوکاریەنێودەوڵەتییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن، بەجۆرێک پنتاگۆن ژمارەی سەربازەکانی لە سوریا زیادکردوە و ئاڵای ئەمریکاش لەسەر زۆربەی شوێنە گشتیەکانی شاری کۆبانی هەڵکراون، وەک ئاماژەیەک بۆ تورکیا و بەکرێگیراوانی کە نزیکبوونەوە لەو شارە هێڵی سوورە، بەردەوامیش هەواڵی تێکشکان و هەڵهاتن و تەسلیم بوونی چەکدارە توندڕەوەکان کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات لەبەرکانی شەڕ بە تایبەت لە مەنبج و بەنداوی تشرین روو لە زیادبوون دەکات و خەونی سیاسەتی شەرەنگێزی تورکیا لەو بەشەی کوردستان بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت. دوای شکستە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیاش لەبەرەکانی شەڕ، ئەنقەرە بەردەوام هەوڵ دەدات نوێنەرایەتی کردنی کورد لە دەسەڵاتی داهاتووی سوریا لە دیمەشق کارتۆنی بێت لەرێی ئەو حزبە بەناو کوردیانەی چەند ساڵێکە لە هۆتێلەکانی ئەستەنبوڵ بەخێویان دەکات کە لەناوخۆی ئەو پارچەیەی کوردستان هیچ پێگەیەکی جەماوەرییان نییە، بۆ بەرگرتن لەو پیلانگێرییەش جەنەراڵ مەزڵوم عەدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد ( ئەکەسە) کۆبویەوە وتەبێژی ئەنەکەسەش کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی لەقەڵم دا لەهەمووی گرنگتر کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا رێکخراوە، ئەوەش بەهەوڵێکی تری ئەمریکا لێکدەدرێتەوە تا ئەنەکەسە لە ژێر رکێفی تورکیا دەربکات و کورد هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەبێت لە چوارچێوەی سووریای نوێدا. ئەوەی تا ئێستا لە سوریای دوای رژێمی ئەسەد غائیبە وڵاتانی عەرەبین، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە ئەندامی کۆمکاری عەرەبییە و یەکێکە لە وڵاتە ستراتیجیەکانی ناوچەکە، بەڵام تائێستا هیچکام لەوڵاتە باڵادەستەکانی عەرەب شاندی باڵایان رەوانەی دیمەشق نەکردوو و ئەم خەمساردییەش بەوە لڵکدەدرێتەوە کلیلی دەسڵاتی داهاتووی سوریا رادەستی تورکیا بکرێت کە رۆڵێکی نەرێنی دەبینێت و هەردەم هەوڵدەدات سوریا بۆ بەدیهانیانی ئەجیندا و خواستی خۆی لەناوچەکە بەکاربهێنێت و دوچاری شەرێکی نەبڕاوەی ناوخۆی بکات کە لەداهاتوودا کۆتاییهێنان بەو شەڕە قوربانی زۆری دەوێت و باجەکەشی قورس دەبێت. هاوکات چاودێران ئەو دوورەپەرێزییەی وڵاتی عەرەبی بەوە لێکدەدەنەوە کە وڵاتی عەرەبی تا ئێستا دانی بە گۆرانکاریەکانی سوریای نوێ نەناوە و خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە دەکەن، بەجۆرێک پێشتر هیچ رێکەوتنێک لەنێوان تورکیا و ئەحمەد شەرع فەرماندەی دەستەی تەحریر شام نەبووە و دەکرێت وڵاتانی عەرەبی لەرێی ئەحمەد شەرعەوە سوریا لەژێر رکێفی ئەنقەرە دەربهێنن و بگەرێتەوە بۆ ناو کایەی ئاسایی خۆی لە چوارچێوەی وڵاتانی عەرەبیدا.
هێشتا دۆخی سوریا سەقامگیر نییە و کاتی زیاتری دەوێت تا ئاڵۆزییەکان ڕوون ببنەوە. ئامادەکردنی: هاوڵاتی پرسی پەنابەرانی سوریا یەکێکە لە دۆسیە گرنگ و ئاڵۆزەکانی ئەو وڵاتە کە لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە راستەوخۆ بەدەرکەوت و بووەتە جێگای مشتومڕی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بە جۆرێک لە دوای چەند رۆژێکی کەم لە کۆنترۆڵکردنی شاری دیمەشق لە لایەن هێزەکانی دەستەی تەحریر شامەوە، زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا و نەرویج و نەمسا و دانیمارک، رێوشوێنی تایبەتیان گرتووەتەبەر و تەواوی مامەڵەکان بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی سوری لە وڵاتەکانیان راگرتووە، بە ئومێدی رودانی گۆڕانکاری لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری لە سوریا و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان. لە دوای روداوەکانی سوریا و سەرهەڵدانی ناکۆکی و شەڕ و پێکدادانەکان، نزیکەی 7 ملیۆن هاوڵاتی سوریا ئاوارە بوون و روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە بە جۆرێک 3 ملیۆن پەنابەر لە تورکیان و نزیکەی 800 هەزار پەناریش روویان لە ئەڵمانیا کردووە، لە لوبنانیش نزیکەی 800 هەزار پەناری سوری لێیە، لە کاتێکدا 700 هەزار لە ئوردن و 300 هەزار لە عێراق و نزیکەی 150 هەزار لە نەمسا و 200 هەزار پەنابەری دیکەش روویان لە سوید کردووە، 500 هەزار پەنابەری تریش بەسەر چەندین وڵاتی تردا بڵاوبونەتەوە، ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرانیش لە کاتێکدایە لە ناوخۆی سوریاش ملیۆنەها ئاوارەی ناوخۆیی هەن و بەردەوامیش ژمارەکە لە زیادبووندایە بەهۆی ناکۆکی و شەڕ و پێکدادانەکانەوە بە تایبەت بەهۆی پیلانی دوژمنکارانەی تورکیا و بەکرێگیراوەکانییەوە لە دژی ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان. لەگەڵ روخانی رژێمی ئەسەد ئاسۆیەک بۆ گەڕانەوەی پەنارانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان کراوەتەوە، بە جۆرێک کۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان پێشبینی دەکات لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025 دا، نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەر بگەرێنەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی سوریا، وەزیری ناوخۆی تورکیاش دەڵێت تەنها لە ماوەی پێنج رۆژدا 8 هەزار پەنابەری سوری کەمپەکانی تورکیایان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەربەستی زۆر هەیە کە رێگرن لەبەردەم پەنابەرانی سوریا، گرنگترینیان بریتین لە خراپی باری ئابوری و ئەو وێرانییەی بەسەر سوریادا هاتووە لەگەڵ داتەپینی ژێرخانی ئابوری و نەبوونی سەرچاوەی بژێوی و پێداویستیە سەرتاییەکانی ژیان لە زۆر ناوچەی سوریا، لە هەمووشی گرنگتر بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیری وڵاتە، کە مەترسی ئەوە هەیە دۆخی وڵات لە داهاتوودا تێکبچێت و جارێکی دیکە ناچاربن ئاوارەی وڵاتان ببنەوە. لە رابردوودا پەنابەرانی سوریا دوچاری زۆرترین ئێش و ئازاربوون و نەهامەتی زۆریان بینیوە، بە تایبەت ئەو پەنابەرانەی روویان لە تورکیا کردبوو، چونکە ئەو وڵاتە مامەڵەی کارتی فشاری لەگەڵدا دەکردن و وەک دەرفەتێک لێی دەڕوانین بۆ گۆرینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان وەک ئەوەی لە عەفرین کردی و سەدان هاوڵاتی عەرەبی لەو شارە کوردییە نیشتەجێ کردووە، سەرباری ئەوەش میلیشیای چەکداری لێدروستکردن و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی کردن لە لیبیا و تەنانەت لەشەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا وەک بەکرێگیراوێک بەشداری ئەو شەڕەی پێکردن. لە دوای روخانی رژێمی ئەسەدەوە چاوەروان دەکرێت بە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرە سوریەکان بۆ وڵات و ناچە جیاجیاکانی خۆیان و کەمبونەوەی ژمارەیان لە تورکیا، کۆتایی بەو کارتی فشارانەش بێت کە بەدەست ئەنقەرەوەیە و بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە لە رابردوودا بەکاری هێناون بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و پیلانە دوژمنکارانەکانی، کە بە دوورن لە هەر بەهایەکی مرۆڤانەوە.
سوریا گەورەترین سەرچاوەی حەبی کابتاگۆن بووە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. ئامادەکردنی: هاوڵاتی روداوەکانی سوریا و ئاڵۆزبوون و داتەپینی باری ئابوری و وشکبوونی سەرچاوەی داهات لە دوای ساڵی 2011 ەوە لەو وڵاتە، رژێمی سوریای هانداوە پەنا بۆ بازرگانیکردن بە ماددەهۆشبەرەکان و دروستکردنی حەبی کابتاگۆن بەرێت و وەک دوو چەک بەکاریان بهێنێت و بیانکاتە سەرچاوەی داهاتێکی باش بۆ رژێمی ئەسەد و دارودەستەکەی، جگە لەوەش وەک چەکێک لە دژی نەیارەکانی بەکاریان بهێنێت. بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "ئەشۆشێتد پرێس" ئەو ناوچانەی لە سوریا حەبی کابتاگۆنیان تیا دروستکراوە و لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد ئاشکرابوون، بریتین لە بنکەی ئاسمانی لە دیمەشق و کۆمپانیای بازگانی ئۆتۆمبیل لە لازقیە و کارگەیەکی دروستکردنی جبسی پەتاتە لە دەروازەی دیمەشق و چەندین کارگەی تری دروستکرنی جبسی پەتاتە لە دەوروبەری دۆما. بەپێی زانیارییەکانیش ئەو کارگەیەی لە سنوری قەزای دەربەندیخان کە لە کۆتایی مانگی 4 ی ساڵی 2024 لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە دەستی بەسەرداگیرا، دامەزرێنەری کارگەکە هاوڵاتیەکی سوری و چەند کەسێکی تری دانیشتووی هەرێم بوون. هاوکات کارۆلین روز بەرێوەبەری پرۆژەی ( بازرگانی کابتاگۆن) لە پەیمانگای " نیو لاینز" بۆ لێکۆڵینەوە، دەڵێت: دۆزینەوەی ئەو هەموو کارگانە کە سەر بە رژێمی سوریا بوون توشی شۆکی کردوون و بەڵگەی زۆریش لەبەردەستدان سەبارەت بە تێوەگلانی کەسە نزیکەکانی بەشار ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکەی لەو بازرگانییەوە. تا ئێستاش کۆی کارگەکان لە سوریا ئاشکرا نەکراون، بەڵام شارەزایان پێیان وایە سەدان کارگەی لەو جۆرە لەسوریادا هەن. حەبی کابتاگۆن هەر بەتەنها سەرچاوەی داهات نەبووە بۆ رژێمی ئەسەد و دارودەستەکەی، بەڵکو لە رووی دیبلۆماسیشەوە هاوکاربووە بۆ دەرهێنانی لەو کەنارگیریەی تێیکەوتبوو بە هۆی رووداوەکانی ئەو وڵاتەوە، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبییش پەیوەندی دیبۆماسییان لەگەڵی بەستەوە و ریشەکێشکردنی ماددەهۆشبەرەکانیش داواکاری سەرەکییان بوو لە رژێمەکەی ئەسەد، لەو چوارچێوەیەشدا لە ساڵی 2023 هەڵپەساردنی ئەندامێتی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی هەڵوەشایەوە لەبەرامبەردا سوریا بەڵێنیدا لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان هاوکاربێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی هەماهەنگی هەرێمایەتی پێکهات، بەڵام لەدوای روخانی رژێمی ئەسەد ئاشکرابوو ئەو رژێمە خۆی حەبی کابتاگۆنی بەرهەمهێناوە و بەرپرسە باڵاکانی لە بازگانی ماددەهۆشبەرەکان تێوەگلاون، لەو وتارەشدا کە لە مزگەوتی ئەمەوی لە 8ی کانونی یەکەم پێشکەشی کرد، ئەحمەد شەرع فەرماندەی دەستەی تەحریر شام وتی " رژێمی ئەسەد سوریای کردبووە گەورەترین کارگەی دروستکردنی حەبی کابتاگۆن لە جیهاندا، ئەمرۆش سوریا لەو حەبە پاکدەکرێتەوە". چاودێرانیش پێیان وایە بەڵگە لەبەردەستدا هەیە نەک بە تەنها رژێمی ئەسەد بەڵکو چەند گروپێکی ئۆپۆسزیۆنی سوریاش لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانەوە تێوەگلاون و میلیشیا ناوخۆیەکان و باندەکانی تاوانیش حەبی کابتاگۆنیان دروستکردووە و بازرگانیان پێوەکردووە. لەوبارەیەوە کارۆلین رۆز دەڵێت پێدەچێت دوای روخانی ئەسەد بازرگانی حەبی کابتاگۆن لەسەر ئاستی جیهان بۆ ماوەیەک، تەواو کەمبێتەوە تا گروپە تاوانکارەکان پێگە و مۆڵگەی تر دەدۆزنەوە بۆ درەستکردنی، بەوپێیەی داواکاری لەسەر ئەو جۆرە حەبە ئێستاش بەردەوامە. دروستکردنی حەبی کابتاگۆن بەو جۆرە بەرفراوانییە لە سوریا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وڵاتانی دراوسێی هەبووە و رێژەیەکی زۆری رەوانەی عێراق و لوبنان و ئوردن کراوە و لێیەوە بەجیهاندا بڵاوکراوەتەوە، وەک شارەزایان دەڵێن حەبی کابتاگۆنی سوریا گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی ئاسیا و تەنانەت چەند وڵاتێکی ئەوروپا، عێراق و هەرێمی کوردستانیش کە سنورەکەی نزیکەی 600 کیلۆمەترە لەگەڵ سوریادا، قاچاخچێتی بە ماددەی هۆشبەرەوە کراوە لەو سنورەدا و هاوردەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم و عێراق کراون کە ئێستا لە عێراق بە تەواوەتی بڵاوبوەتەوە و تەنانەت گەیشتووەتە ناو قوتابخانە و زانکۆکان. دیکتاتۆرەکان لەماوەی دەسەڵاتیاندا بە تەنها سەروەت و سامانی وڵات نادزن، بەڵکو لە دوای خۆیان وێرانەیەک جێدێڵن کە دەیان ساڵ کارکردنی بەردەوامی دەوێت تا ئاسەواری ئەو ئێش و ئازارەی لە بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەندروستیدا بە میللەتیان گەیاندووە، سارێژ بکرێن.
تورکیا بەهەمان رێڕەوی ئێراندا دەڕوات و دەیەوێت بە نانەوەی شەڕ خۆی لە ئاگری شەڕ بپارێزێت. ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ لە غیابی هەڵوێستێکی یەکگرتووی وڵاتانی عەرەبی، تورکیا بە نیازە هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی خاکی سوریادا بسەپێنێ. ئامادەکردنی: هاوڵاتی دوای 11 رۆژ لە هەڵهاتنی بەشار ئەسەد و دورکەوتنەوە و نەمانی دارودەستەکەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی سوریا، هەڵپەی تورکیا بۆ داگیرکاری و خوێنرشتنی زیاتر تەواو بەدەرکەوت و نیازی ئەو وڵاتە ئاشکرابوو کە هەردەم بەشێک بووە لە کێشە و ناکۆکییەکان و رێگە نادات هاوڵاتیانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان کە زۆر نیە لە دیکتاتۆرێکی خوێنرێژ رزگاریان بووە، کەمێک پشوو بدەن و وڵاتێکی دوور لە کێشە و ناکۆکی بنیاد بنێن. لەوبارەیەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا بە کۆی دەنگی هەر پانزە ئەندامەکەی لە نێویشیاندا روسیای هاوپەیمانی پێشووی سوریا، داوا دەکەن گەلی سوریا تەنها خۆیان بڕیار لەسەر ئایندەیان بدەن، داواش لە دراوسێکانی ئەو وڵاتە دەکات خۆیان لەهەر جۆرە کردارێک بەدوور بگرن کە ئاسایشی هەرێمایەتی بخاتە مەترسییەوە، هەر لەو بەیاننامەیەدا ئەنجومەنی ئاسایش پابەندبوونی تەواوی ئەندامانی نیشانداوە بە سەروەری و سەربەخۆیی و یەکێتی و سەلامەتی خاکی سوریا و داواشیان لە هەموو لایەک کردووە رێز لەو بنەمایانە بگرن. جگە لەوە داواشی لە سوریا و دراوسێکانی کردووە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەکتریدا نەکەن. ئەم داوایەی ئەنجومەنی ئاسایش لە کاتێکدایە سوپای تورکیا و بەکرێگیراوانی هێزێکی زۆریان لەسەر سنورەکانی رۆژئاوای کوردستان بە تایبەت شاری کۆبانێ کۆکردۆتەوە و خۆیان بۆ شەرێکی تری خوێناوی ئامادە دەکەن، لەو بارەیەوە فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت: سێ کۆبوونەوەی مەیدانیان لەگەڵ سوپای تورک ئەنجامداوە، بەڵام كۆبوونەوەكان بەهۆی پێداگریی توركیا لەسەر شەڕ نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك و دەشڵێت: تورک پلانی هەیە بۆ داگیرکردنی تەواوی خاکی سووریا. ئەوەش لە کاتێکدایە هەریەک لە تورکیا و ئیسرائیل ئێستا ناکۆکییەکی قوڵی دیبلۆماتییان هەیە و هەریەکەیان ئەوی تر بە هەوڵی داگیرکردنی خاکی سوریا تۆمەتبار دەکات. لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئیدانەی بڕیارێکی ئیسرائیل دەکات بۆ فراوانکردنی سنورەکانی لە بەرزاییەکانی جۆلان، ئەو کارەش بەداگیرکاری لەقەڵەم دەدات و داوا دەکات ئیسرائیل بە رێکەوتنی ساڵی 1974 وە پابەندبێت، لە کاتێکدا خۆی ناوچەیەکی فراوانی خاکی سوریای داگیرکردووە و بە هاوکاری بەکرێگیراوەکانیشی پیلانگێری بۆ داگیرکاری زیاتر دەکات. لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت: تورکیا بە شێوەیەکی بەرنامە بۆدارێژراو دوژمنکاریەکانی خۆی لەناو خاکی سوریا ئەنجامداوە و لە رێی پرۆسەی سەربازییەوە لە ساڵەکانی 2016 و 2018 و 2019دا، ئێستاش بێ هیچ پاساوێک بە نیازی پەلاماردانی کوردی سوریایە، هەر لەو بەیاننامەیەدا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت: تورکیا % 15 خاکی سوریای داگیرکردووە و گروپی چەکداری هەیە وەک ئەوەی ناونراوە سوپای نیشتمانی سوریا، لەو ناوچانەش کە داگیریکردوون دراوی تورکیا بەکاردێت و لقی بانقەکانی خۆی لەناویاندا کردوەتەوە. سەرەڕای کۆی ئەم روداو و داگیرکارییەی تورک بۆسەر خاکی سوریا و دەستوەردانەکانی لە کاروباری ئەو وڵاتە و پیلانەکانی بۆ نانەوەی شەڕ و ئاژاوە و داگیرکاری زیاتر، کەچی هیچ هەڵوێستێکی جدی وڵاتانی عەرەبی بەدیناکرێت و بچوکترین جوڵەی دیبلۆماتییان بۆ بەرگرتن لە تەماع و پێشێلکاریەکانی تورکیا دەرحەق بە خاک و گەلی سوریا نیشان نەداوە، جگە لە هەندێ بەیاننامەی شەرمن سەبارەت بەسەروەری و یەک پارچەیی خاکی سوریا، کە هیچ بەها و نرخێکیان نییە. سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستانیش تا ئێستا حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بە روونی هەڵوێستی خۆیان دەرحەق بە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان نیشان نەداوە، بەڵام لەسەر ئاستی جەماوەری دانیشتوانی هەرێم خۆیان بە پشتوپەنای رۆژئاوا دەزانن و هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک رێکخستووە بۆیان.
خوا پەرستی و یەکتا پەرستی لایان چۆنە و ژیانی کۆمەڵایەتییان چۆن رێکخستووە؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی لەگەڵ ڕووخانی رژێمی ئەسەد تایەفەی دروزییەکان لەسوریا زۆر باس دەکرێت و داوای پاراستنیان دەکرێت، کە ژمارەیان لەسەر ئاستی جیهان بە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار تا دوو ملیۆن شوێنکەوتوو دادەنرێت، پێش ڕووداوەکانی سوریاش لە %3 کۆی دانیشتوانی ئەو وڵاتەیان پێکهێناوە، زۆر بیروراش سەبارەت بە ناوی دروزیەکان هەیە بەڵام خۆیان وایان پێ باشترە کە بە یەکتاپەرستەکان ناوببرێن. چونکە بیروباوەرەکەیان بەیەک خودایی و هاوتا بۆ پەیدانەکردنى دەگەڕێننەوە. سەرەتای ئاینى دروزى و یەکەم بانگخوازى ئەو ئاینە خەلیفەى فاتیمیەکان حاکم بامر اللەیە کە لە ساڵى 1017 لە میسر حوکمی کردووە و هەرکەسێکیش چوبێتە سەر ئاینەکەیان لەرێی پەیمانێکەوە بووە کە لە ئەهرامەکانى میسر دانراوە، بەڵام دواتر بانگخوازى بۆ ئەو ئاینە داخرا و ڕێگە بە هیچ کەسیکى تر نەدرا بێتە ناو ئەو ئاینەوە، تەنها ئەوانە نەبن کە باوک و دایکیان دروزی بوون. بەپێى بیروباوەڕى دروزییەکان خوداى گەورە ژمارەیەکى دیاریکراوى لە رۆحی خولقاندووە لەسەر زەوى، ئەو رۆحانە لەجەستەیەکەوە دەچنە جەستەى مرۆڤێکى ترەوە، نەک تەنها لاى دروزییەکان بەڵکو لاى هەموو خەڵک. بەڵام بەرجەستە بوون لاى دروزیەکان وا لێکدەدرێتەوە کاتێ لێکۆڵینەوە لە منداڵەکانیان دەکرێت کە زانیاری سەیر دەربارەى ژیانى کەسێکى تر دەڵێن کە نایناسن، ئەوە لاى دروزیەکان بە دواندن ناودەبرێ بەو واتایەی هەموو نەوەیەک یا منداڵێک لەبارەى ئەوەوە دەدوێ کە بەسەر نەوەکانى دیکەدا هاتووە. هەندێ کەسیش دروزیەکان بە مەزهەبێکى ئیسلام و هەندێکیان بە ئاینێکى سەربەخۆ لەقەڵەمی دەدەن، چونکە هەندێ لە پیاوەئاینییەکانیان وەک شیخ محمد ئەبو شەقرە خۆیان بە موسڵمان لە قەلەم دەدەن, لەهەمان کات لە سوریا تایەفەى دروزییەکان بە مەزهەبێکى ئیسلام دادەنرێت و وەک سەرجەم تایەفە و ئاینەکانی تری ئەو وڵاتە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. هەندێ زاناى ئەهلى سوننە و جەماعەش دەڵێن دروزییەکان پەیوەندییان بە ئاینى ئیسلامەوە نییە، زانایانى شیعەش سەبارەت دروزییەکان دەڵێن ئەگەر دروزییەکان باوەڕیان بە یەکتاپەرستى و پیغەمبەرایەتى هەبێ ئەوا وەک سەرجەم موسڵمانان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ، بەڵام گەر یەکێک لە بنەماکانی ئاین یا پێغەمبەرى موسڵمانان رەتکەنەوە ئەوە کوفرە و لە خانەی موسڵمانییەتی دەردەچن. ژن و ژنخوازیش لای دروزییەکان تەنها لە نێوان خۆیاندا ئەنجام دەدرێ و رێگە نادەن لەگەڵ خەڵکى دەرەوەى خۆیان هاوسەرگیرى بکرێت، لای دروزییەکان فرەژنى رێگەپێدراو نییە، یەکێک لە مەرجەکانى هاوسەرگیریش ئەوەیە هەردوو کەسەکە راستییەکان لەبارەى یەکترەوە بزانن وەک لایەنى تەندروستى و عەقڵى، گەر رێکەوتن لەسەرى، ئەوکات هاوسەرگیریەکە ئەنجام دەدرێت، یەکێکى تر لە مەرجەکان ئەوەیە ئەو دوو کەسەى هاوسەرگیرى دەکەن بۆیان هەیە داواى جیابوونەوە بکەن و دواى جیابوونەوەش بۆیان نییە بچنەوە لاى یەکتری. مەزارى شوعەیب پێغەمبەر، گرنگترین شوێنى کۆبونەوەى دروزیەکانە لە حطین کە دەروانێت بەسەر دەریاچەى طەبەریادا کە خۆیان دەڵێن گوایە کاتی شەڕى خاچپەرستەکان صلاح الدینى ئەیوبى شەوێک لەو شوێنە خەوێکى دیوە و فریشتەکە پێى گوتوە تۆ سەردەکەوی بە مەرجێک سوارى ئەسپەکەت ببیت و بەرەو رۆژئاوا بڕۆى، دواى شەڕ لەوشوێنە کە ئەسپەکەت دەوستێ ئەوە مەزارى شوعەیب پێغەمبەرە. دواى هاتنەدى خەوەکە دروزیەکان لەوشوێنە مەزارگەیەکیان بنیات ناوە و لە نزیک ئەو شوێنە تاشەبەردێکى لێیە گوایە جێ پێى شوعەیبە لە ٢٥ى نیسانى هەموو ساڵێک لەو شوینە کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆ دەربارەى کاروبارى تایەفەکەیان. ئافرەتیش لای دروزییەکان دوجۆرن یەکەم ( عاقلات) ئەوانەن کە نیقاب دەپۆشن و پێیان دەگوترێ صایە. دووەمیش پێیان دەوترێت (جاهلات) ئەوانەن کە نەحجاب نە نیقاب ناپۆشن. لای دروزیەکان رێگە پێدراو و قەدەغەکراوەکانیان لە قورئانى پیرۆزەوە وەرگرتوە، بەپێى بۆچونى ئەوان خواپەرستى دوو شتە یەکیان ڕیگە پێدراوە ئەوەى تریان مامناوەندە کە ئەمانە دەگرێتەوە: بارى کەسێتى، بابەتى خوازبێنى و هاوسەرگیرى و تەڵاق، وازلێهێان، وەسیەت و دابەشکردنى سەروەت و سامان. دروزیەکان لەخواردن و خواردنەوەشیاندا هەوڵدەدەن رزقى حەڵاڵ بەدەست بێنن و مادە هۆشبەرەکان لایان قەدەغەکراوە و دەبێتە مایەى زیانى تەندروستى و عەقلى و ئابورى و کۆمەڵایەتى. ژمارەى گشتى دروزیەکانیش لە جیهاندا یەک ملیۆن تا 2 ملیۆن کەس دەبێت و زۆربەیان لە باکورى ئیسرائیل نیشتەجێن، ئەوانی تریشیان دابەشبوون بەسەر چەند ناوچەیەکدا، بۆ نموونە لە سوریا نزیکەى 700هەزارکەس و لە لوبنان بەپێى سەرژمێریەکى نافەرمى ژمارەیان دەگاتە 400 هەزار کەس، لە ئوردنیش نزیکەى 32000 کەسن. دروزییەکان بەردرێژایی مێژوو هەردەم هەرەشەی لەناوبردنیان لەسەربووە و ئەوانیش هاوشێوەی کورد نەهامەتی و دەردیسەری زۆریان بینیوە، زۆرێک لە ئیسلامییە توندڕەوەکانیش بە کافر و لادەریان داناون و زوڵمی زۆریان لێکراوە، هەربۆیە هەردەم دەنگێک هەبووە داوای پاراستنی کردوون.
ترەمب مەترسی هەیە لەوەی ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم ئامادەکردنی: هاوڵاتی رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە، لاوازبوونی بزوتنەوەی حەماس لە فەلەستین و کوژرانی سەرۆکەکانی، تێکشکانی حزبوڵا لە لوبنان و کوژرانی حەسەن نەسروڵا، روخانی رژێمی بەشار ئەسەد و هەڵهاتنی بۆ روسیا، کۆی ئەم ڕوداوانە ئێرانی رووبەرووی پێشهاتێکی مەترسیدار کردۆتەوە بەجۆرێک مەترسی بۆسەر ئایندەی دەسەڵاتی تاران درووست کردووە، چونکە پێشتر ئێران هەردەم لەدەرەوەی وڵاتەکەی شەڕی نەیارەکانی کردووە و میلشیا چەکدارەکانی لایەنگری خۆی لە ئاگری شەڕەوە گلاندووە، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە ئاگری شەڕەکە بگاتە ناو خاکی ئێران و هەوڵی جدی بۆ لاوازکردنی ئەو وڵاتە بنرێت لە کاتێکدا سەپاندنی چەندین سزای جۆراو جۆر بەسەر ئێراندا ئەو وڵاتەی تەواو شەکەت و ماندوو کردووە. لەوبارەیەوە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت" ئاشکرای کردووە تیمەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گفتوگۆیان سەبارەت بە وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە، رۆژنامەکە دەڵێت دوای لاوازبوون و روخانی هاوپەیمانەکانی ئێران و ئاشکرابوونی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە پێشکەوتنی بەرچاو لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکەن، وایان لە تیمەکەی تڕەمپ کردووە بیر لەرێگەچارەی سەربازی بکەنەوە. چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداریش باس لەوە دەکەن ترەمپ بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی ئاگادارکردوەتەوە لەوەی مەترسی هەیە ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بۆ بەرگرتن لەو هەنگاوەش بیر لە رێگەچارەی کاریگەر دەکاتەوە، لە کاتێکدا ڕاپۆرتە نهێنییەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران هێندە یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە بەشی دروستکردنی چوار بۆمبی ئەتۆمی بکات. تا ئێستاش ئیسرائیل بە گەورەترین دوژمنی سەرسەختی ئێران دادەنرێت و هەردەم هەوڵی داوە رێگە بە ئێران نەدرێت چەکی ئەتۆمی بەرهەم بێنێت، هەر بۆیە بە وردی چاودێری جموجۆڵەکانی ئێران دەکات، وەک رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" دەڵێت هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ هەر پرۆسەیەکی سەربازی لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران وەک دامەزراوەکانی ناتانز و فۆردۆ، بۆ ئەو مەبەستەش پێدەچێت ئەمریکا چەکی تایبەت و زۆر پێشکەوتوو بە ئیسرائیل بدات. ئەم گوشارە سەربازیانەش وەک هەڕەشەیەک دەبێت بەدەست ئیدارەکەی ترەمپەوە تا ئێران ناچاربێت رێگەچارەی دیبلۆماتی قبوڵ بکات، کە پێشتر مەسعود پزیشکیانی سەرۆکی ئێران، سەبارەت بە قەیرانی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی ئامادەبوو دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بکات، لەهەمانکاتدا بەرپرسانی ئێران تەئکید دەکەنەوە کە وڵاتەکەیان هیچ سازشێک لەژێر هیچ گوشارێکدا قبوڵ ناکات و ناچار پشکنەرەکانی سەر بە تەوەیەکگرتوەکان لە وڵاتەکەیان دەردەکەن و لە بەڵێننامەی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەکشێنەوە ئەگەر هەر جۆرە هێرشێک بکرێتە سەریان. ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان زلهێزەکان و ئەو وڵاتانەش کە لێیانەوە نزیکن جیهانیان رووبەرووی پێشهاتێکی زۆر مەترسیدار کردۆتەوە و قەیرانی یەک لەدوای یەکی ئابوری و کەمبونەوەی خۆراک و فراوانبوونی گۆڕەپانەکانی جەنگ بۆتە سیمای ئەم سەدەیە و پێدەچێت لە کۆتاییدا مرۆڤایەتی بە تۆنێلێکی تاریک بگەیەنن کە گەڕانەوەی کارێکی قورس و ئاستەم بێت.
دۆڕان و کەوتنی رژێمی ئەسەد بە دۆڕان و کەوتنی هاوپەیمانەکانی لە قەڵەم دەەدرێت بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، بەشێک لە سوپای روسیا هانای بۆ ناوچە کوردیەکانی ژێردەسەڵاتی ( هەسەدە) بردووە ئامادەکردنی: هاوڵاتی ڕووخانی رژێمی ئەسەد و ئەو گۆڕانکاریانەی بە دوای ئەو رووداوەدا هاتوون زۆرن، یەکێک لەو گۆڕانکاریانەش چارەنوسی بنکە سەربازییەکانی روسیایە لە سوریا، کە ئەگەری زۆری لە خۆگرتووە و هەرجۆرە کشانەوەیەکی روسیاش بە تێکشکان و دۆڕانی تەواوی روسیا لەقەڵەم دەدرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، چونکە ڕوسیا یەکێکە لە وڵاتە زلهێزەکان و زۆرترین کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و بەرژەوەندییەکی زۆر و فراوانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە و هەموو هەوڵێک بۆ مانەوەی بنکە سەربازییەکانی لە سوریا دەدات. لەو بارەیەوە شرۆڤەکاری سیاسی سێرگی مارکۆڤ دەڵێت دۆڕانی رژێمی ئەسەد دۆڕانی هاوپەیمانەکانی بوو لە ناوچەکە، مۆسکۆش هەموو هەوڵێک بۆ مانەوەی بنکە سەربازییەکانی دەدات، هۆکاری روخانی رژێمی ئەسەدیش دەگەرێنێتەوە بۆ ئەوەی کە گوێی بە رێنماییەکانی روسیا نەداوە. دوای تێکشکانی سوپاکەی ئەسەد و کشانەوەشیان لە بەرەکانی جەنگ، بەشێکی زۆری خاڵە سەربازییەکانی سوپای روسیا چونەتە قامیشلۆ و هانایان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بردووە و لەوێ جێگیربوون. ئەم پرسەش دەبێتە کارتێکی تری بەهێز بەدەست کوردی رۆژئاواوە و دەکرێت وەک کارتێکی تری فشار لەسەر مێزی دانوستانەکانی داهاتوو بەکاریان بهێنێت. چاودێرانیش پێیان وایە چارەنوسی مانەوەی بنکە و هێزە سەربازییەکانی رووسیا لە سوریا کە پێکهاتوون لە بنکەی دەریایی تەڕتوس و بنکەی ئاسمانی حمەیمیم پێشتر بەپێی رێکەوتنێک لە نێوان مۆسکۆ و دیمەشق لەو وڵاتە جێگیرکرابوون و سەرلەنوێ پێویستی بە رێکەوتنی نوێ هەیە، چونکە لەگەڵ روخانی رژێمی بەشار ئەسەد کۆی ئەو رێکەوتنانەش کۆتاییان پێهاتووە کە پێشتر واژۆیان لەسەر کرابوو، لە ئێستاشدا روسیا دانوستانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەمەبەستی مانەوەی بنکە سەربازییەکانی لەو وڵاتە دەستپێکردووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئۆپۆزسیۆنی سوریا هەرگیز رێگە بە مانەوەی بنکەیەکی سەربازی نادات کە پێشتر بۆردومانی کردوون و ئاگر و ئاسنی بەسەردا باراندوون. لە دانوستانەکانی داهاتووی نێوان هەردولاشدا، هەریەکەیان کارتی فشاری خۆی هەیە، هەرچی روسیایە کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و مافی بەکارهێنانی ڤیتۆی هەیە، دەستەی تەحریر شامیش کە لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە خراوەتەوە ناو لیستی تیرۆرەوە بۆ سڕینەوەی لەو لیستەدا بە دڵنیاییەوە پێویستی بە ڕەزامەندی ڕوسیایە کە پێشتر ڕایگەیاندبوو بڕیاری کۆتاییان لەبارەی سڕینەوەی دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆردا نەداوە. ئەوەی لەهەمووی گرنگترە هەڵهاتنی بەشار ئەسەد و خێزانەکەی و سەرانی حزبی بەعسە بۆ مۆسکۆ کە پێدەچێت لە داهاتوودا دەسەڵاتی کاتی سوریا دانوستان بۆ رادەستکردنەوەیان بکات. کۆی ئەو کارت و ئەگەرانەش لە داهاتوودا دەبنە خاڵی گرنگی دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و مۆسکۆ بۆ مانەوەی بنکە سەربازییەکانی روسیا لەسوریا، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا مۆسکۆ ڕەزامەند دەبێت بە سڕینەوەی دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆر و ڕادەستکردنەوەی ئەسەد لەبەرامبەر مانەوەی بنکە سەربازییەکانیدا لە سوریا؟ یان هەژموونی خۆی وەک زلهێزێک بەکاردێنێ و گوێ بە داواکاری و هەرەشەکان بۆ کشانەوەی بنکە سەربازییەکانی نادات؟
لەرێی ئەو پرۆژەیەوە دەتوانرێت نەوتی هەرێم و رۆژئاوای کوردستان لە دەریای ناوەراستەوە رەوانەی بازارەکانی جیهان بکرێت پڕۆژەکە سوودی بەرچاوی هەیە و دەبێتە ڕێڕەوی بازرگانی نوێ و پشتبەستن بە کەناڵی سوێس کەمدەکاتەوە ئامادەکردنی: هاوڵاتی هەموو گۆڕانکارییە سیاسییەکان گۆڕانکاری ئابوری و بازرگانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وڵاتان هەردەم بەدوای رێڕەوی نوێی بازرگانیدا دەگەرێن بۆ ئەوەی بە کەمترین تێچوو و بە زووترین کات کاڵا بازرگانییەکان هاوردە و هەناردە بکەن، لەو چوارچێوەیەشدا لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا و کۆتاییهان بە دەسەڵاتی ٥٣ ساڵەی ئەو بنەماڵەیە، ئیسرائیل بیر لە رێگایەک دەکاتەوە ئەو وڵاتە بە هەرێمی کوردستانەوە ببەستێتەوە. دۆزینەوەی رێگەی دەریایی رەئس رەجا سالح لەلایەن پرتوگالییەکانەوە لە ساڵی 1498 ی زاینی گرنگییەکی زۆری لەرووی بازرگانییەوە هەبوو، تا تەواوبوونی هەڵکەندنی نۆکەندی سوێس لە ساڵی 1869 دا کە دەریای سووری بە دەریای سپی ناوەراست دەبەستێتەوە و رێگای بازرگانی نێوان هەردوو کیشوەری ئەوروپا و ئاسیای بەرێژەیەکی بەرچاو کەمکردەوە، تا ئێستاش بە گرنگترین رێڕەوی بازرگانی لە جیهاندا دادەنرێت. لە عێراقیش دەست بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کراوە لەرێی راکێشانی هێڵی شەمەندەفەر و چەندین رێگەی نێودەوڵەتی لە بەندەری فاوەوە بۆ سەر سنوری تورکیا کە پرۆژەکە بڕی ١٧ ملیار دۆلاری تێدەچێ و شارەزایان پێیان وایە ئەو رێڕەوە بازرگانییەی عێراق جێگەی نۆکەندی سوێسی میسر دەگرێتەوە. لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدیش لە سوریا، ئیسرائیل بیر لە دروستکردنی رێرەوێک دەکاتەوە ئەو وڵاتە بە هەرێمی کوردستانەوە ببەستێتەوە لەوبارەیەوە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاویکردۆتەوە بیرۆکەی دروستکردنی رێڕەوی بازرگانی لە نێوان ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان رەنگە وەک خەون دەربکەوێت، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کەوتنی رژێمەکەی ئەسەد و لاوازبوونی ئێران هەلێکی هێناوەتە کایەوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو خەونە. لەگەڵ بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ دروزییەکانی سوریا و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ کوردەکان, ئیسرائیل وا خەریکە بناغەی ئەو رێڕەوە بازگانییە دادەنێت. دەشڵێت باشوری کوردستان، لەلایەن حکومەتی عێراق و تورکیاوە روبەڕووی چەندین قەیرانی دارایی کراوەتەوە، ئەوەش هۆکارە بۆ سنوردارکردنی توانا ئابوورییەکانی هەرێم و گەشەسەندنی ئابووریەکەی. رونیشی کردۆتەوە بڕیاری دادگای پاریس و راگرتنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جیهان لەلایەن تورکیاوە بووە هۆی لاوازبوونی ئابووری هەرێم، بەڵام کردنەوەی رێڕەوێکی بازرگانی لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگای خاکی سوریاوە بۆ ئیسرائیل، دەبێتە هۆی گەرەنتیکردنی داهاتووی ئابووری هەرێمی کوردستان و گەشەسەندنی ئابوورییەکەی، رێڕەوەکەش دەبێتە دەرچەیەکی مێژوویی بۆ هەرێمی کوردستان و رزگاری دەکات لە تورکیا و عێراق. سەبارەت بە ڕۆژئاواش کە زۆرینەی گێڵگە نەوتیەکان کەوتونەتە ناوچە کوردییەکان، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوانیش نەبوونی رێرەوێکە تا بتوانن لێوەی نەوتەکەیان بە بازار بکەن، دروستکردنی ئەو پرۆژەیەش سودێکی ئابوری زۆر بە رۆژئاوای کوردستان دەگەیەنێت و دەتوانن لەو رێڕەوەوە نەوتەکەیان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکەن. ئۆرشەلیم پۆست نوسیویەتی: بەدڵنیاییەوە ئەنجامدانی پرۆژەیەکی وەها ستراتیژ بێ رێگریی و بەربەست نییە. دروستکردنی رێڕەوێکی وەها گرنگ، پێویستی بە نزیکەی 30 ملیار دۆلار هەیە. کوردیش لە هەرێمی کودستان ململانێی ناوخۆیی هەیە و ئابووریەکەی کە لەسەر فرۆشی نەوتە، لە ئێستادا راگیراوە. ئەو کێشانەش پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە. پێش ئەوەی پرۆژەیەکی وەها گەورە و گرنگیش دروست بکرێت، پێویستە سەرەتا ئاسایشی رێڕەوەکە گەرەنتی بکرێت لەوبایەوە رۆژنامەکە دەڵێت: شارەزایانی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری ئیسرائیل لەگەڵ توانا سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل دەتوانن سەرکردایەتی دروستکردنی پرۆژەیەکی وەها گرنگ بکەن. ماوەی سەد ساڵ زیاتریشە دژایەتی تورکیا بۆ کورد بەردەوامە. هەرچەندە لە ئێستادا تورکیا دژایەتی پرۆژەکە بکات، بەڵام لە داهاتوودا ئەگەری زۆرە بیروڕای بگۆڕێت ئەگەر سودە بازرگانییەکانی زۆربێت و پەیوەندەییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەرەوپێشبچێت. هەروەها ئەگەری بەرەپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، رەنگە کاریگەری لەسەر تورکیا و گرووپە سونەکانی سوریا هەبێت بۆ ئاسانکاریکردن بۆ پرۆژەکە.
لەدوای تێکشکانی هیلالی شیعی ئایا بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، تاران دەباتەوە بۆ پێگەی خۆی یان زیاتر کەنارگیر دەکرێت. ئامادەکردنی: هاوڵاتی لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی عێراق - ئێران کە ماوەی 8 ساڵی خایاند و تێکشانی عێراق لە هەردوو شەڕی یەکەم و دووەمی کەنداو و روخانی رژێمی بەعس لە عێراقدا، گۆرەپانەکە تەواو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران چۆڵ بوو تا لەرووی مەزهەبییەوە هەژموونی خۆی بەسەر کۆی ناوچەکەدا بسەپێنێ و ئەوەی ناونرابوو هیلالی شیعی لەعێراق و سوریاوە بگاتە باشوری لوبنان، لە دوای گۆڕانکاریەکانیش لە تێکشکانی حزبوڵای لوبنانی و روخانی رژێمی ئەسەد شتێک نامێنێ بە ناوی بەرەی مقاوەمە کە چەکێکی قورس بوو بە دەست ئێرانەوە بۆ سەپاندنی ئەجیندا و هەژموونی خۆی. دوای کۆی ئەو گۆڕانکارییانەش، ئێستا سەرنج لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە، کە لە دوا ڕاپۆرتی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کە ئاراستەی ئەندامانی ئەو ئاژانسە کرابوو، ئاشکرا کراوە، تاران پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندۆتە %60 ئەو رێژەیەش زۆربەرزە و زۆر نزیکبۆتەوە لە %90 کە چەکی ئەتۆمی لێ بەرهەم دێت. لەو بارەیەوە رافائیل گروسی بەرێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات لەوەی ئێران هەوڵی زیادکردنی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی داوە کە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بەکار دەهێنرێت. بونی ئێرانیش بە خاوەنی چەکی ئەتۆم بە واتای باڵا دەستی تەواوی ئەو وڵاتە دێت بەسەر ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەڵەتیدا، بە تایبەت ئیسرائیل کە هەردەم هەوڵی داوە رێگری لە تاران بکرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو چەکە، کشانەوەی ئەمریکاش لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 دا لەو رێکەوتنە ئەتۆمییەی لەگەڵ ئێران واژۆکرابوو گورزی کوشندەی لەو وڵاتە داو ئابوری و جوڵەی بازرگانی لە ئێراندا پەکخست. تا ئێستاش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گومانەوە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەروانێت، سوربوونی تارانیش لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر لەو رێژەیەی کە ئاژانسی وزەی ئەتۆم بۆی دیاری کردووە، مەترسییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر دەبێت و زیاتر تاران لەهەر جۆرە رێکەوتنێک دەرحەق بەو پرسە دوور ئەخاتەوە و ئەو وڵاتە رووبەرووی سزای قورستر دەبێتەوە و زیاتر کەنارگیر دەکرێت. لە ئێستاشدا جیهان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە بەرەیەکیان ئەو وڵاتانەن کە خاوەنی چەکی ئەتۆمن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە خاڵین لەو چەکە، لەگەڵ دروستبوونی هەر ناکۆکی و گرژییەک هەردەم خاوەن ئەتۆمەکان باڵا دەستن و وڵاتانی دیکە ناتوانن زۆر سنور هەیە بیبەزێنن هەر بۆیە زلهێزەکانی دنیا هەرگیز رێگە بە تاران نادەن چەکی ئەتۆمی بەرهەم بێنێ، پێدەچێت تێکشکانی حزبوڵا و روخانی رژێمی سیاسی لە سوریا هەنگاوی جدی زلهێزەکان بێت تا ئاستێک بۆ سنور بەزاندنەکانی ئێران دابنێن.
هیوا سەید سەلیم بەشار ئەسەد، ئەو بەچکە دیکتاتۆرەی درێژە پێدەری حوکمی بابی بوو، کە حافز ئەسەد)ی باوکی لە ساڵانی ( 1970 – 2000) سی ساڵ حوکمی سووریای کردبوو، ئەویش دوای ئەوەی لە ڕێگای کودەتای سەربازییەوە ساڵی 1971 جلەوی دەسەڵاتی لە سووریا گرتبووە دەست، بەشار دوای مردنی باوکی لە ساڵی 2000 وە ئەویش بە بەرەدوامی حوکمی سووریای دەکرد. ئەو رۆژەی بڕیار دەدرێت بەشار لە سووریا لە شوێنی بابی دابندرێت، بەشار گرفتی یاسایی دەبێت چونکە بە پێی دەستووری سووریا سەرۆک کۆمار دەبوو تەمەنی 40 ساڵ کەمتر نەبێت، بەڵام لە ڕاپرسیەکدا کە ھەمیشە سیستەمە دیکتاتۆریەکان وەک سیناریۆیەک پەنای بۆ دەبەن ئەو ماددەیە لە دەستووری سووریا بە قازانجی بەشار دەستکاری دەکرێت، دواتر بە دەنگی 97% خەڵک بەشار دەکرێتە ئەو سەرۆک کۆمارەی کە بیندرا چ سەرۆک کۆمارێک بوو. بەشار ئەسەد، 24 ساڵ حوکمی سووریای کرد لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا 99% دەنگی دەنگدەرانی سووریای دەبردەوە، لە پاڵ پۆستی سەرۆککۆماریدا، ئەمینداری گشتی حزبی بەعسی سووریش بوو، فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی سووریا بوو، واتا وەک عەرەب دەڵێت بەرپرسی "بەڕ و بەحر" ھەر خۆی بوو، وەک ھەر دیکتاتۆرێکی جیھان کۆشکی زۆر و ژیانی خۆشی ھەبوو، میدیا سووری خرابووە خزمەتی پیاھەڵگوتنییەوە وەک سەرۆکێکی مەزن. شایانی باسە، سووریا ھەرگیز وڵاتێکی ھەژاری ناوچەکە نەبووە، نەوتی خۆی ھەبووە و لە پاڵ نەوتیش وڵاتێکە خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ بە پیت و بەرەکەتە، لەبارەی گەشتیاریشەوە دەوڵەمەند بوو. بەڵام لە بنیادی دامەزراندنیەوە گرفتی حوکمڕانی ھەبووە، شەش دەیەیە کەمینەیەکی عەلەوی لە یەک خێزان بە ئاگر و ئاسن حوکمی سووریا دەکەن، نەتەوەی کورد لە سووریا پشکی شێری لە چاوساندنەوەکان بەرکەوتووە. دوای ھاتنە سەر دەسەڵاتی بەعسییەکان لە سووریا، شۆڕش و کودەتا بۆتە سیمای گۆڕینی دەسەڵات لەو وڵاتە، ساڵی 1970 حافز ئەسەد کودەتای لە رەفیقە بەعسییەکانی کرد، ساڵی 1983 ماھر ئەسەدی برای ویستی دەرفەتی نەخۆشکەوتنی حافزی بقۆزێتەوە و کش مەلیکی لێبکات، بەڵام سەرنەکەوت، بەشار ئەسەد بە کودەتای سپی لەسەر دەستووری سووریا حوکمی گرتە دەست، دوای 24 ساڵ بە شۆڕشی سەربازی رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتەکەی ڕاماڵدرا. ئەوەی لێردا مەبەستمە باسی بکەم ئەوەیە سەرۆکەکان ئەگەر متمانە و خۆشەویستی میللەتیان لەدەستدا، ھێزی زۆر و زیندانی گەورە و میدیای دەستەمۆ و پارەی زۆر فریایان ناکەوێت، ڕۆژێک دێت بەر نەفرەتی توڕەیی خەڵک دەکەون و وەک بەشار ئەسەد لەسەر کورسی دەسەڵات ڕادەماڵدرێن.
هیوا سەید سەلیم بەشار ئەسەد، ئەو بەچکە دیکتاتۆرەی درێژە پێدەری حوکمی بابی بوو، کە حافز ئەسەد)ی باوکی لە ساڵانی ( 1970 – 2000) سی ساڵ حوکمی سووریای کردبوو، ئەویش دوای ئەوەی لە ڕێگای کودەتای سەربازییەوە ساڵی 1971 جلەوی دەسەڵاتی لە سووریا گرتبووە دەست، بەشار دوای مردنی باوکی لە ساڵی 2000 وە ئەویش بە بەرەدوامی حوکمی سووریای دەکرد. ئەو رۆژەی بڕیار دەدرێت بەشار لە سووریا لە شوێنی بابی دابندرێت، بەشار گرفتی یاسایی دەبێت چونکە بە پێی دەستووری سووریا سەرۆک کۆمار دەبوو تەمەنی 40 ساڵ کەمتر نەبێت، بەڵام لە ڕاپرسیەکدا کە ھەمیشە سیستەمە دیکتاتۆریەکان وەک سیناریۆیەک پەنای بۆ دەبەن ئەو ماددەیە لە دەستووری سووریا بە قازانجی بەشار دەستکاری دەکرێت، دواتر بە دەنگی 97% خەڵک بەشار دەکرێتە ئەو سەرۆک کۆمارەی کە بیندرا چ سەرۆک کۆمارێک بوو. بەشار ئەسەد، 24 ساڵ حوکمی سووریای کرد لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا 99% دەنگی دەنگدەرانی سووریای دەبردەوە، لە پاڵ پۆستی سەرۆککۆماریدا، ئەمینداری گشتی حزبی بەعسی سووریش بوو، فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی سووریا بوو، واتا وەک عەرەب دەڵێت بەرپرسی "بەڕ و بەحر" ھەر خۆی بوو، وەک ھەر دیکتاتۆرێکی جیھان کۆشکی زۆر و ژیانی خۆشی ھەبوو، میدیا سووری خرابووە خزمەتی پیاھەڵگوتنییەوە وەک سەرۆکێکی مەزن. شایانی باسە، سووریا ھەرگیز وڵاتێکی ھەژاری ناوچەکە نەبووە، نەوتی خۆی ھەبووە و لە پاڵ نەوتیش وڵاتێکە خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ بە پیت و بەرەکەتە، لەبارەی گەشتیاریشەوە دەوڵەمەند بوو. بەڵام لە بنیادی دامەزراندنیەوە گرفتی حوکمڕانی ھەبووە، شەش دەیەیە کەمینەیەکی عەلەوی لە یەک خێزان بە ئاگر و ئاسن حوکمی سووریا دەکەن، نەتەوەی کورد لە سووریا پشکی شێری لە چاوساندنەوەکان بەرکەوتووە. دوای ھاتنە سەر دەسەڵاتی بەعسییەکان لە سووریا، شۆڕش و کودەتا بۆتە سیمای گۆڕینی دەسەڵات لەو وڵاتە، ساڵی 1970 حافز ئەسەد کودەتای لە رەفیقە بەعسییەکانی کرد، ساڵی 1983 ماھر ئەسەدی برای ویستی دەرفەتی نەخۆشکەوتنی حافزی بقۆزێتەوە و کش مەلیکی لێبکات، بەڵام سەرنەکەوت، بەشار ئەسەد بە کودەتای سپی لەسەر دەستووری سووریا حوکمی گرتە دەست، دوای 24 ساڵ بە شۆڕشی سەربازی رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتەکەی ڕاماڵدرا. ئەوەی لێردا مەبەستمە باسی بکەم ئەوەیە سەرۆکەکان ئەگەر متمانە و خۆشەویستی میللەتیان لەدەستدا، ھێزی زۆر و زیندانی گەورە و میدیای دەستەمۆ و پارەی زۆر فریایان ناکەوێت، ڕۆژێک دێت بەر نەفرەتی توڕەیی خەڵک دەکەون و وەک بەشار ئەسەد لەسەر کورسی دەسەڵات ڕادەماڵدرێن.
تا ئێستا تەنها پێکهاتەی کورد بە بەرپسیارێتییەوە مامەڵەیکردووە و نایەوێت کێشە و ناکۆکییەکان قوڵترببنەوە تورکیا رۆڵی نەرێنی لە سوریا هەیە و مایەی مەترسیشە بۆ سەر داهاتووی تەنانەت ئەو گروپانەش کە خۆی هاوکارییان دەکات. ئیسرائیل لەرێی بۆردومانەکانی، دەیەوێت توانای سەربازی سوریا تەواو لاواز بکات و چەندین جاریش داوای پاراستنی پێکهاتەی کوردی کردووە. ئەمریکا مەرجەکانی بۆ داننان بە حکومەتی نوێی سوریا ئاشکرا دەکات ئامادەکردنی: هاوڵاتی روداوەکانی سوریای دوای روخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و شەڕو پێکدادانەکان و پەلاماردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوپای سوریای دیموکرات ( هەسەدە) ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە تا ئێستا تەنها لایەنی کوردی بە بەرپسیارێتییەوە مامەڵە دەکات و نایەوێت گرژی و ئاڵۆزییەکان بە بنبەست بگات و سەرەتای شەڕێکی نەبڕواوە و دووروو درێژ لە سوریا بەرپاببێت. هەروەك چۆن لە عێراق دا نەیانهێشت ناوچە كێشە لەسەرەكان بگەرێتەوە سەرهەرێم هیچ نەبێت لە ئێستادا لە پێناو سەقامگیری لەسەر حسابی كورد ناهێڵن دەسەڵاتی كوردی لە رۆژئاوای فورات بمێنێت. هێنانەدی ئاسایش و ئاشتی لە سوریا و کۆی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش هەمیشە لەسەر حسابی كورد بووە. لە دوای پەلاماری گروپە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیاش بە تایبەت بۆ سەر شاری مەنبەج، دەریخست ئەو هێز و لایەنە شەڕەنگێزانە هیچ گوێ بە سەقامگیری و داهاتووی وڵاتەکەیان نادەن و تەنها فەرمان و رێنمایی ئاغاکانیان لە ئەنقەرە جێبەجێ دەکەن، لەبەرامبەردا هێزەکانی سوریای دیموکرات جگە لەوەی لەبەرەی شەڕدا تۆکمە و بەهێزن، لەرووی بریای سیاسیشە و داناو حەکیمن و پشتی روداوەکان دەبینن و هەردەم چاویان لە داهاتووە. لەوبارەیەوە بڕیاری ڕاست و دروست دەدەن و ناهێڵن ئاگری شەڕ هێندەی تر ئێستا و داهاتووی ناوچە کوردیبەکان و تەواوی سوریا بخاتە مەترسییەوە، هەر بۆیە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بڕیارێکی ژیر و ئازایانەی دەرکرد بۆ کشانەوەی شەڕڤانان لە منبج و وەستاندنی ئەو هێرشانەی لە رۆژئاوای فووڕاتەوە دەکرێن، بە نێوەندگیریی ئەمریکاش گەیشتونەتە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاوڵاتیان. پێشتریش عەبدی رایگەیاندبوو ئەو ناوچانەی کە پێشتر کۆنترۆڵیان کردبوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش بووە. کۆی ئەو پەلامارانەی چەکدارە توندڕەوەکانیش بە فەرمان و رێنمایی تورکیا بووە، ئەو گروپانەش بێ ئاگان لەوەی تاکە مەبەستی تورکیا داگیرکردنی بەشێک لە خاکی سوریایە و پێدەچێت دوای بەدەستهێنانی ئەو خەونە هەر خۆی پلان بۆ لەناوبردن و کۆتاییهێنان بەو گروپە چەکدارانە دارێژێت. ئیسرائیلیش مەبەستییەتی تەواوی توانای سەربازی سوریا لەناوبەرێت لە رێی بۆردوومانی چڕی تەواوی سەنتەری لێکۆڵینەوە و بنکە و سەربازگە و حەشارگەکانی چەک و تەقەمەنی لەو وڵاتە، لەهەمان کاتدا چەندین جار دوپاتی کردۆتەوە کە پێویستە پێکهاتەی کوردی سوریا پارێزراوبن و بەهێزێکی گرنگ بۆ سوریایەکی سەقامگیر لەقەڵەمی دەدات. کۆی ئەو روداوانە و گرژی و ئاڵۆزییەکانیش لە کاتێکدایە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی دەکرێت لە دوای راسپاردنی محەمەد بەشیر بۆ پێکهێنانی ئەو حکومەتە. هەموو ئاماژەکانیش روو لەوەن بۆ ئەوەی حکومەت داهاتووی هەبێت و ببێتە خاڵی کۆکەرەوەی کۆی لایەنە جیایاکانی سوریا، دەبێت هەموان لە پێکهێنانیدا بەشداربن و هیچ پێکهاتەیەکی سوریا فەرامۆش نەکرێت، پێکهاتەی کوردیش کە ناوچەیەکی فراوانی ئەو وڵاتەی لە ژێردەستدایە پێویستە پێگە و نوێنەراتی تەواوی لەو حکومەتەدا هەبێت و خۆشیان ئامادەییان بۆ بەشداری کردن نیشانداوە. هەرچی ئەمریکاشە لە زاری ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە مەرجەکانی واشنتۆنی بۆ داننان بە حکومەتی داهاتووی سوریا ئاشکرا کردووە کە بریتین لە: ■ رێزگرتنی تەواو لە مافی کەمینەکان. ■ رێگەنەدان بە سوریا ببێتە بنکەیەکی تیرۆر و لێیەوە هەڕەشە لە دراوسێکانی بکرێت. ■ چەکە کیمیایی و بایۆلۆجییەکان بە شێوەیەکی دروست لەناوببرێن. ■ رێگەدان و ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ سەرجەم ئەو ناوچانەی پێویستیان بە هاوکارییە. وەزیری دەرەوەی ئەمرکا داواشی کردووە دەبێت پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات و پێکهێنانی حکومەتی کاتی بەدوور بێت لە تایفی و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و هاوتەریب بێت لەگەڵ بنەماکانی بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. سەرەنجام دەبێت پێکهاتەکانی سوریا خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی وڵاتەکەیان بدەن، رێگەش نەدەن وڵاتانی دراوسێ و ئیقلیمی لە رێی دەستوەردانەکانیان داهاتووی ئەو وڵاتە بە تۆنێلێکی تاریک بگەیەنن کە گەڕانەوەی ئاستەم بێت.