تا ئێستا سزا ئابووریەکان کاریگەری لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەبووە، کەواتە ئەمریکا بە نیازی چییە؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی بڕیارە ٢٠ی ئەم مانگە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا جارێکی تر جڵەوی دەسەڵات لە واشنتۆن بگرێتەوە دەست، یەکێک لە دۆسیە ئاڵۆزەکانیش کە رووبەرووی ئیدارەکەی تڕەمب دەبێتەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە، کە لە ئێستادا وەک ڕاپۆتە نهێنییە دزەپێکراوەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاماژەی پێدەدەن؛ تاران لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە دامەزراوە ئەتۆمیەکانیدا بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، پرسیارە جدییەکەش ئەوەیە ئایا وەڵام و بەرەنگاربوونەوەی تڕەمپ و ئیدارەکەی چی دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم لەلایەن ئێرانەوە؟. لەوبارەیەوە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: تڕەمب لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ئەمریکادا قورسترین سزای بەسەر ئێراندا سەپاند ئەوەش بە مەبەستی خنکاندنی تاران بوو لە ڕووی ئابوورییەوە، ئامانجی سەرەکی ئەمریکاش لەو سزایانە گۆڕینی ڕژێمی ئێران نەبوو بەڵکو ناچارکردنی بوو تا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت. هەرچەندە سزا ئابوورییەکان ئێرانیان داتەپاند و لە ئێستادا ئاستی بژێوی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە زۆر خراپە و دراوەکەیان بە تەواوی بەهای لەدەستداوە، بەڵام ئەم سزایانە نەبوونە هۆی ناچارکردنی تاران تا دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت و تا ئێستاش ئێران لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامە و سزا ئابوورییەکان تەنها زیانیان بە گەلانی ئێران گەیاندووە نەک بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە. لە رووی سەربازیشەوە ئێران توانیویەتی چەکی پێشکەوتوو دروستبکات و وەک لە ساڵی ٢٠٢٠دا بینیمان، موشەکەکانی ئەو وڵاتە لە توانایاندا بوو هێرشیان پێبکرێتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق. بەڵام ئێستا کە رژێمی ئەسەد لە سووریا ڕووخاوە و بزوتنەوەی حەماس لە فەلەستین و حزبوڵڵاش لە لوبنان تەواو لاواز کراون، وایکردووە هەڵوێستی ئێران لە ناوچەکەدا زۆر لاواز ببێت، جگە لەوەش بۆردومانەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە زیانێکی زۆری پێگەیاندووە و بە گوتەی فەرماندە سەربازییەکانی تەلئەبیب لەو بۆردوومانەدا توانیویانە بەشێک لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران لەناوبەرن. ئەم لاوازییە لەسەر ئاستی سەربازی و قەیرانی ئابووری و نارەزایی ناوخۆیی وایکردووە وەزیری دەرەوەی ئێران بڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. لە نوێترین لێدوانیشیدا عەباس عێراقچی دەڵێت: دۆڕانی سوپای سووریا و روخانی رژێمی ئەسەد زەنگی ئاگادار کردنەوەیە بۆ ئێران و هێزە چەکدارەنی. پێشبینیش دەکرێت ئەگەر وتوێژەکانی داهاتوو دەرحەق بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران شکست بهێنێت، ئەوا وەشاندنی گورزی سەربازی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، تاکە رێگەی بەردەمی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ دەبێت.
داوا دەکرێت چەکدارە بیانییەکان لە ریزەکانی هەسەدە دووربخرێنەوە، بەڵام لە دیمەشق پلەکانیان بەرزدەکرێتەوەوە. ئامادەکردنی: هاوڵاتی دوای ئاشکرابوونی ناوەرۆکی یەکەمین دانوستانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتی کاتی سووریا؛ کە تیایدا هەسەدە داوایکردووە لە سووپای نوێی سوریادا فیرقەیەک یان فەیلەقێکی سەربەخۆ بە هێزەکانی سووریای دیموکرات بدرێت و بەرهەمهێنانی نەوتیش لە نێوان بەرێوەبورایەتی خۆسەری و دیمەشق بە یەکسانی دابەشبکرێت، بەڵام بەرپرسانی نوێی دیمەشق ئەم پێشنیارەی هەسەدەیان رەتکردووەتەوە و لەسەر ئەوە رێکەوتوون کۆبوونەوەکانی نێوانیان بەردەوامبێت. هاوکات داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە و دوورخستنەوەی چەکدارانی بیانی لە ریزی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا روو لە فراوانی دەکات؛ کە ژمارەیان دەیان کەسە و ئەرکی سەرەکیشیان لە رابردوودا راهێنان و مەشقی سەربازی بووە بە شەڕڤانان، بەڵام لە هەمانکاتدا دوای پێکهێنانی وەزارەتی بەرگری لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سوریا و راسپاردنی "مرهەف ئەبو قەسرە" بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، "ئەحمەد شەرع" سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا پلەی سەربازیی ژمارەیەک لە فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان لە سوپای نوێی سووریادا بەرزدەکاتەوە کە 7ـیان جیهادیی بیانین. ئەحمەد شەع لە نووسراوی پلە بەرزکردنەوەکەشیاندا، خۆی وەکو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سووریا ناساندووە. ئەو چەکدارە بیانیانەش کە شەرع پلەی باڵای لەنێو سوپای سووریادا پێداون؛ ئەلبانی و تورکی و ئوردنییان تێدایە و تا ئێستاش بە تەواوی نازانرێت ژمارەیان چەندە. چەند سەرچاوەیەکیش دەڵێن ئەحمەد شەرع بە نیازە رەگەزنامەی سووریان پێبدات. کۆی ئەو هەموو بڕیار و رێنماییە نایاسایی و دوفاقیانەی ئەحمەد شەع دەریکردوون هیچ بنەمایەکی دەستووریان نییە و خۆناساندنیشی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سووریا کەس نازانێت لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت. لە دوای روخانی ئەسەد و بەرپابوونی شەڕێکی خوێناوی لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەکرێگیراوانی تورکیادا، تا ئێستا ئەحمەد شەرع هیچ هەڵوێستێکی جدی نەبووە بۆ راگرتنی شەڕەکە کە تەنها لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە شەڕ و پێکدادانەکاندا کوژراون. بە بڕوای چاودێران، بۆ یەکلایی کردنەوەی کۆی ناکۆکییە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا، ئەو وڵاتە پێویستی بە دەستوورێکی نوێ و هەڵبژاردنی پەرلەمان هەیە، بەڵام وەک پێشتر شەرع رایگەیاندبوو نووسنەوەی دەستوور سێ ساڵ و هەڵبژاردنیش چوار ساڵی دەوێت، تا ئەو وادەیەش سوویا لەبۆشایی یاساییدا دەبێت و کۆی بڕیا و رێنمایبەکانی شەرعیش پوچەڵ و بێ بنەما دەبن. بۆیە ئەگەر لە ماوەیەکی کەمدا هەڵبژاردن نەکرێت و شەرعییەتی دەسەڵات لە هاوڵاتیانی سووریا وەرنەگرن، پێدەچێت ئەمریکا و رۆژئاواش دان بە دەسەڵاتی کاتی ئێستای سوریادا نەنێن، سەرئەنجام کێشە و ئاڵۆزییەکانی سووریا بە بێ چارەسەر دەمێننەوە و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەش دەبنە قوربانی قەیرانە یەک لەدوا یەکەکان. هەرچی هێزەکانی سوریای دیموکراتیشە بەرچاو ڕوونی تەواوی هەیە و خۆی دەزانێت لە پێناو چیدا دامەزراوە و لە سووریای دوای رژێمی ئەسەدیشدا چۆن هەڵسوکەوت بکات، بەڵام دەسەڵاتی نوێی سووریا هەر لەسەرەتاوە بەهۆی دەستوەردانەکانی تورکیا و لایەنگریی ژمارەیەک لە گروپە چەکدارەکانەوە بۆ ئەو وڵاتە، دووچاری دوفاقی سیاسی بووە و بەو شێوەش هەرگیز ناتوانێت هاوڵاتیانی سووریا بە کەنارێکی ئارام بگەیەنێت.
بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ناوەراست و خۆرئاوای عێراق چۆڵکراون. ئامادەکردنی: هاوڵاتی لە دوای گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و چڕبوونەوەی داواکارییەکان بۆ هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداری دەدات لە وەشاندنی گورزی سەربازی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە گروپە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی رادەستکردنی دەسەڵاتیش بە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، فەرماندە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی خۆیان حەشارداوە. ئەوەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە لەشکرکێشی بۆ سەر میلیشیاکانی عێراق نزیکبوەتەوە، ئەم مەترسییانەش لە کاتێکدایە کە زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاشکرای دەکەن ئەو گروپە چەکدارانە چەندین ناوچەیان لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق چۆڵکردووە کە چەندین ساڵە لەناویاندا نیشتەجێن. سەرباری ئەو هەموو پێشهاتانەش کە رووبەرووی عێراق بووەتەوە، دۆخەکە گەیشتووە بەوەی باس لە گۆڕینی سیستمی سیاسی بکرێت، لە هەمانکاتدا محمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: رێگە بە گۆڕینی سیستمی سیاسی له عێراق نادەین و هەموو جۆرە چاکسازییەکیش کە لە دەرەوە بەسەرماندا بسەپێندرێت ڕەتدەکەینەوە، سودانی بەدووریشی زانی ئەو گۆڕانکارییانەی لە سووریادا ڕوویانداوە، کاریگەری بۆ سەر عێراق هەبێت، بەڵام نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا بە پێچەوانەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە؛ پێی وایە ڕووداوەکانی سووریا سەرەتایەکە بۆ دابەشکرنی وڵاتانی ناوچەکە، بە گوتەی مالیکی دوژمنان هانی لاوان دەدەن بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە لەناو عێراقدا. پێشتریش مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەزگاکانی راگەیاندنی ئاشکراکردبوو، کە دۆناڵد ترەمپ داوای لە سودانی کردووە؛ کە دەبێت لە عێراقدا چەک بە تەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت، ئەو داوایەش لە چوارچێوەی داواکارییە بەردەوامەکانی واشنتۆندایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی. هەر لەوبارەیەوە هۆشیار زێباری وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق؛ پێی وایە کاردانەوەکانی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد تەنها لە سنوری سووریادا نامێنێتەوە و لە کۆتایی قسەکانیشیدا دەڵێت هەموو شتێک لەم جیهاندا ئەگەری ڕوودانی هەیە! دوای روداوەکانی سووریا، ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە باڵادەستی ئێران لە ناو عێراقدا؛ لە رێی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەکدارانەوە کە سیاسەت و ئەجیندای تاران لە بەغدا جێبەجێدەکەن، بە تایبەت حەشدی شەعبی کە چەک و تەقەمەنی زۆری لەبەردەستدایە و زۆر لە سوپای عێراق پۆشتەوپەرداغ ترە و دەستوەردانی تەواویش لە کۆی کایە سیاسیەکانی عێراقدا دەکات و هەژموونی خۆی سەپاندووە. هەموو ئاماژەکان روو لەو ئەگەرەن کە ئەمریکا پلانێکی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی داڕشتبێت، بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەش سەرەتا بە لەناوبردنی شاگردەکانی دەستیپێکرد؛ هەر لە باشوری لوبنان و پەروباڵکردنی حزبوڵڵاوە تا گەیشت بە روخانی رژێمی ئەسەد لە سووریا. ئێستاش سەرەی حەشدی شەعبییە لە عێراق و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات؛ بۆ دەستەبەرکردن و گەیشتن بەم ئامانجەشی، ڕەنگە ئەمریکا گۆڕانکاری زیاتر لە سیستمی حکومڕانیی وڵاتانی ناوچەکەدا بکات.
ئایا دەسەڵاتی نوێی سووریا هەمان هەڵەی دەسەڵاتی پێشوو دووبارە دەکاتەوە و درێژە بە توندوتییژی دەدات؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی عەلەوییەکانی سووریا کە لە ماوەی دەسەڵاتی ٥٤ ساڵەی رژێمی ئەسەد لە تەواوی سووریادا باڵادەستبوون، جگە لەوەی کە %٨٠ لاوانی ئەو پێکهاتەیە لە سوپای سووریادا پلەی ئەفسەریان هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی پۆستە باڵاکانی وڵات لە سووریادا بەدەست پێکهاتەی عەلەوییەکانەوە بووە. لە کۆی کایە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا هەژموونی تەواویان هەبوو و جڵەوی دەسەڵاتیان خستبووە ژێر رکێفی خۆیانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە دەکرێت رژێمی سوریا لە رێی پیلانی بەرنامە بۆدارێژراوەوە لاوانی عەلەوییەکانی ناچارکردووە تا بەردەوام لە ناو سوپای سووریادا بمێننەوە، بۆ ئەمەش ناوچەکانی ریفی تەڕتوسی لە رووی ئابووریەوە فەرامۆش کردبوو تا هیچ سەرچاوەیەکی بژێوییان نەبێت و روو لە ریزەکانی سوپاکەی بەشار ئەسەد بکەن. بەڵام لە دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە لایەن چەکدارانی دەستەی تەحریر شامەوە، پێکهاتەی عەلەویەکان بەردەوام رووبەرووی سوکایەتی و پێشێلکاری بونەتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین گرتە ڤیدیۆ بڵاوبوەتەوە کە بە ناشرینترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت؛ کەسیش نازانێت بە چ پێوەرێک یان چ دادگایەک سەلماندویەتی ئەمانە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەسەددا تاوانیان دەرحەق بە گەلی سووریا ئەنجامداوە تا بەوشێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت. دەسەڵاتی کاتی دیمەشق تا ئێستا چەندین جار دوپاتی کردووەتەوە کە عەلەوەییەکان بەشێکن لە سووریای نوێ و رێگە بە هیچ کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوە لە دژیان ناردرێت و ئەوانەشیان کە لە کردەوەی تاوانکارییەوە تێوەگلاون رووبەرووی دادگا دەکرێنەوە. ژمارەی عەلەوییەکان لە سوریا دەگاتە نزیکەی ٢ ملیۆن کەس و %١٠ ی کۆی دانیشتوانی سووریا پێکدەهێنن، بە درێژایی مێژوو ئەم تائیفەیە فەرامۆش کرابوون تا ساڵی ١٩٧٠ ی سەدەی ڕابردوو کە حافز ئەسەد جڵەوی دەسەڵاتی لە سووریا گرتە دەست، ئیتر لەو کاتەوە سەردەمی زێڕینی عەلەوییەکان دەستیپێکرد تا روخانی بەشار و هەڵهاتنی، لە ئێستاشدا مەترسی گەورە بۆسەر چارنووسیان دروستبووە بەتایبەت دوای ئەو کوشتارە زۆرەی لە دوای روداوەکانی ساڵی ٢٠١١ەوە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە. بەپێی ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ نزبکەی ٥٠٠ هەزار کەس لە سووریا کوژراون کە ٢٣١ هەزاریان هاوڵاتی مەدەنی بوون، ئێستاش لەهەموو کات زیاتر بانگەوازی تۆڵەکردنەوە دەکرێت و دەگوترێت پێویستە ئەحمەد شەرع تۆڵەی ئەو هەموو کوشتارە و دەستدرێژییە بۆسەر ژنانی سووریا لە عەلەویەکان بکاتەوە و زۆریشیان دەڵێن ئەگەر ئەحمەد شەرع ئەو کارە نەکات ئەوا خۆیان تۆڵەیان لێدەکەنەوە. لە ئێستادا سووریا کێشە و ناکۆکی زۆری هەیە و ئەو کێشانەش مەحاڵە بە دەسەڵاتێکی وەک ئەحمەد شەرع و دارودەستەکەی چارەسەر بکرێت، چونکە تەنها ئەزموونی شەڕکردنیان هەیە و لە ئیدارەدانی کێشە و قەیراندا شارەزایی ئەوتۆیان نییە، بۆیە ڕەنگە تا چەند ساڵی داهاتووش سووریا ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینێت.
کۆبانی کە سومبلی تێکشکانی تیرۆریستانە، ئایا رێگە دەدرێت جارێکی تر ببێتەوە مەیدانی شەڕ و پێکدادانەکان؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی کۆبانی ئەو شارەی بووە سومبلی گیانفیدایی شەرڤانان، لە مێژووی کوردیشدا بۆ یەکەمجار خوێنی لاوانی هەرچوارپارچەی کوردستان لەو شارەدا تێکەڵ بەیەکتربوون بۆ بەرگری لێی و رێگەیان نەدا بکەوێتە دەست تیرۆریستانی داعش و نموونەیەکی باڵای ئازایەتی و گیانفیدایی لەم شارەدا تۆمارکرا و نیشانی سەرتاسەری جیهاندرا. لەگەڵ ئەو ناوبانگە زۆرەی ئەم شارە پەیدایکرد و ناوی بەتەواوی جیهاندا بڵاوبویەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و هەڵهاتنی بەشار بۆ مۆسکۆ، تورکیا لە رێی هێزە تایبەتەکانی خۆی و بەکرێگیراوانی، دوای کۆکردنەوەی هێزێکی زۆر بە نیازە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەو شارە داگیربکات. بۆ بەرگرتن لەو خەونەی تورکیاش هێزەکانی سووریای دیموکرات یەکە تایبەتەکانی رەوانەی شارەکە کرد و داواشی لە دانیشتوانەکەی کردووە بۆ بەرگری لە کۆبانی چەکهەڵگرن و ئامادەکاری بۆ بەرگری بکەن. دوای فراوانبوونی مەترسییەکانیش، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، دوای پێنج ساڵ لە جێهێشتنی، جارێکی تر گەڕانەوە شاری کۆبانی ئەمریکا کە هاوپەیمانی هێزەکانی سوریای دیموکراتە لە شەڕی دژ بە داعش، جارێکی تر بنکەی سەربازی لەناو شاری کۆبانی دامەزراندەوە بەڵام ئەم جارەیان بۆ بەرگرتن لە هەڕەشەکانی داعشی راستەقینە کە بریتییە لە تورکیا و بەکرێگیراوانی، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمریکا یەکەیەکی تایبەتی رەوانەی شارەکە کردووە کە تایبەتن بە دامەزراندنی بنکەی سەربازی. هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هۆتێلێکی ناوەراستی شاری کۆبانییان کردووە بە بنکەی سەرەکی سەربازی خۆیان و لە چواردەوری شارەکەش چەندین کامێرای چاودێرییان داناوە تا بە وردی ئاگاداری جموجۆڵەکانی هێزەکانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بکەن. تا ئێستاش لەدەروازی وەلید لە سنوری عێراقەوە زیاتر لە ٤٠٠ ئۆتۆمبێلی بارهەگر چەک و تەقەمەنی رەوانەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە و رۆژی پێنجشەممەش لە ڕێگەی نوێترین کاروانی سەربازییەوە کە لە ٥٠ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر پێکهاتبوون، چەک و تەقەمەنی ڕەوانەی رۆژئاوای کوردستان کردووە، لە رێی ئاسمانییشەوە بە ١٨ فرۆکەی بارهەڵگری سەربازی، هێز و کەرەستەی سەربازی زیاتری رەوانەی بنکەی (خەراب جیر) لە نزیک شارۆچکەی رمێلان کردووە، کۆکردنەوەی ئەو هێزە زۆرەش لەلایەن ئەمریکاوە ئەو راستیە دەسەلمێنێت کە سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد گرنگییەکی زۆری هەیە، ئەمجارەیان نەک هەر جێیناهڵن بەڵکوو هێز و چەک و تەقەمەنی زیاتریشی بۆ ڕەوانەدەکەن. تورکیاش کە بەردەوام هەوڵی داگیرکردنی شاری کۆبانیی داوە، پێشتر لە رێی تیرۆریستانی داعش و ئێستاش لە رێی بەکرێگیراوەکانییەوە، مەبەستییەتی ئەو ناوچە سنوریانە بە شاری عەفرینەوە ببەستێتەوە و لە رێی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکەوە لەژێر چنگی کورد دەریانبهێنی و بیانکات بە بەشێک لە خۆی. دامەزراندنی بنکەی سەربازی ئەمریکاش لە ناوەراستی شاری کۆبانی وەڵامێکی توند و هەڕەشە ئامێزە بۆ تورکیا تا لەو شارە نزیک نەبێتەوە.
کوردانی رۆژئاوا چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ناکۆکی زلهێزەکان دەکەن؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی ناکۆکی و ململانێی نێوان زلهێزەکان، بە تایبەت ئەمریکا و رووسیا گوازرایەوە بۆ ناو سوریا و هەریەکەیان هەوڵی لاوازکردنی پێگەی ئەویتر دەدات تا لەناو خاکی سووریا؛ کە گرنگترین و ستراتیجی ترین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەراستە، بیکاتە دەرەوە و خۆی ببێتە بڕیاردەری بێ رکابەری ناوچەکە. لەوبارەیەوە ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاویکردەوە، دەزگای هەوڵگری رووسیا، هەریەک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە پیلانیان دارشتووە هێرشبکرێتە سەر هەردوو بنکەی سەربازی تەڕتووس و حمێمیم_ ی رووسیا، تا ناچاربکرێت لە سووریا بکشێتەوە. مۆسکۆ لە پارێزگای تەڕتووسی رۆژئاوای سووریا بەندەرێکی سەربازی هەیە کە دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست و گەورەترین بنکەی ئەو وڵاتەیە لە دەرەوەی رووسیا؛ هەروەها بنکەیەکی ئاسمانی لە حمێمیم هەیە و بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بەکاریدەهێنێت. ئەو دوو بنکە سەربازییەش بۆتە جێی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا لە ناوچەکە، سەرچاوەکانی هەواڵیش باس لەوە دەکەن یەکێتی ئەوروپا مەرجی کردنەدەرەوەی ئەو دوو بنکە سەربازییەی رووسیای لە سووریا هەیە؛ تا پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق ئاسایی بکاتەوە، هەرچی ئەمریکاشە، کە بە گوتەی دۆناڵد تڕەمپ، سووریا بە گۆڕەپانی شەڕی خۆی نازانێت، بەڵام لەواقیعدا جۆرێکی ترە و وەک بڵاوکرایەوە پنتاگۆن لەماوەی ڕابردوودا ژمارەی سەربازەکانی لە سووریا بۆ دوو هێندە زیادکردووە و بەردەوامیش هاوکاری سەربازی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەنێرێت کە تاکە هێزی هاوپەیمانی ئەمریکایە لە سووریا. سووریا لەسەر نەخشەی سیاسی جیهان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، پێشتر ناپلیۆن سووریای بە دڵی زەوی ناوبردبوو و لەوبارەیەوە دەڵێت: "هەر هێزێک دەست بەسەر دڵی زەویدا بگرێت واتا (سووریا) ئەوا دەتوانێت حوکمی هەموو جیهان بکات"، وینستۆن چەرچڵیش دەڵێت: "سووریا کلیلی رۆژهەڵاتی ناوەراستە و هیچ زلهێزێک ناتوانێت رابەرایەتی جیهان بکات ئەگەر سووریای کۆنتۆڵ نەکردبێت"، وڵاتێک لەسەر نەخشەی سیاسی جیهان هێندە گرنگ بێت بە دڵنیایی دەبێتە گۆڕەپانی توندی ململانێی نێوان زلهێزەکان و هیچیان ئەو گۆڕەپانە گرنگە بۆ ئەوی تر بەجێناهێڵێت، هەرچی تورکیاشە کە ئێستا خۆی بە براوەی یەکەمی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد دەزانێت، لە ململانێی نێوان زلهێزەکاندا هێشتا پیاوە نەخۆشەکەی جەنگی جیهانی یەکەمە و نەک هەر ناتوانێت ببێتە بڕیاردەر لە دیمەشق، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەردەم دوای شوێنپێی زلهێزەکان دەکەوێت. کوردی رۆژئاوای کوردستانیش بە تایبەت هێزەکانی سووریای دیموکرت، کە هاوپەیمانی ئەمریکان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا و رێکەوتنی واژۆکراو لە نێوان هەردوولایاندا هەیە، بەڵام هەرگیز هەموو هێلکەکانی بەتەنها نەکردووەتە ناو سەبەتەی ئەمریکا و بەشێکی لای خۆی هێشتووەتەوە، ئەوەش نهێنی سەرکەوتنیانە لە بەرێوەبردنی ئەو پارچەیەی کوردستان کە دۆست و دوژمن شایەتی بۆ لێهاتوویی و سەرکەوتنیان دەدەن؛ هەم لەبەرەکانی شەڕ و هەم لە بەرێوەبردن و ئیدارەدانی ئەو پارچەیەی کوردستاندا. پرسی کورد لەسەر ئاستی کۆی پارەچەکانی لەناوچەکەدا تا ئێستا رێگە نەدراوە تێکەڵ بە ناکۆکی و ململانێی نێوان هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە بکرێت، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە و سەربەخۆیی خەبات و تێکۆشان بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆزی کورد دەپارێزێت، بێگومان ئەم خاڵە بۆ ئاستی نێودەوڵەتیش ڕاستە و هەڵەیەکی گەورە دەبێت ئەگەر رێگە بدرێت پرسی کورد تێکەڵ بە ململانێی توندی نێوان زلهێزەکان بکرێت، چونکە ئەوکات کورد دەبێتەوە بە ناوکۆیی نێوان زلهێزەکان و لەو دۆخەشدا لە جیاتی بەدیهاتنی پرۆسەی چارەسەریی، دیسانەوە وەک ڕابردوو، دەبێتەوە بە قوربانی ناکۆکییەکان.
هەناردەکرنی ئەو نەوتە ڕاگیرا کە میلیشیاکان بە قاچاغ بۆ سووریای بەشار ئەسەدیان دەنارد. ئامادەکردنی: هاوڵاتی لە دوای روخانی رژێمی ئەسەد و کۆتاییهاتنی بەرەی مقاوەمە و هیلالی شیعی، زۆر نهێنی ئاشکرا دەبێت کە چۆن داهاتی عێراق بۆ بەرژەوەندی ئەجیندا و سیاسەتی ئێران لە ناوچەکە بەکارهێنراوە و دوای لاوازبوون و نەمانی هەژموونی حزبوڵا لە باشووری لوبنان و هەڵهاتنی بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ، پەرلەمانتارێکی عێراق بە ناوی مستەفا سەنەد داوای کرد عێراق هەناردەکردنی نەوتی ڕەش بۆ سوریا رابکرێت کە بڕەکەی لە ساڵێکدا ١٢٠ هەزار تۆن بوو، بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە داهاتی یەک مانگی ئەو نەوتە بەشی موچەی یەک ساڵی ١٩ هەزار فەرمانبەری گرێبەستی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی بەسرە دەکات. دواتر دەرکەوت عێراق هیچ گرێبەستێکی فەرمی لەگەڵ سوریادا نییە و ئەو نەوتە لەلایەن میلیشا شیعەکانەوە بە شێوەی قاچاغ بۆ سووریا هەناردەکراوە، لەوبارەیەوە رۆژنامەی "العربی" لە زاری بەرپرسێکی عێراقەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بڵاویکردەوە ئەو نەوتەی بۆ سووریا هەناردەکراوە بەشێک نەبووە لە گرێبەستە فەرمییەکان و ئۆپیک ئاگاداربێت، بەڵکو لە رێگەی تانکەرەوە بە قاچاغ و لە دەروازەی نافەرمییەوە گواستراوەتەوە بۆ وێستەگەکانی کارەبای ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەددابوون. سەبارەت بە راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکانیش بۆ کەرتی غەززە و لوبنان، زێدان خەڵەف عەتوانی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ مافی مرۆڤ، دەڵێت: راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و لوبنان دەگەرێتەوە بۆ نەمانی رێگەی وشکانی و ئاسمانی، گوایە ئیتر ناتوانن هاوکاری مرۆییان بۆ رەوانە بکەن، دەشڵێت پێشتر عێراق هەزاران تۆن هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە و لوبنان ناردووە، بێ ئەوەی ئاشکرای بکات بۆ لە ئێستادا رێگەی وشکانی و ئاسمانی نەماون تا هاوکارییان بۆ ڕەوانە بکرێت، تاکە گۆڕانکاری روخانی دەسەڵاتێکی عەلەوی بوو لە سوریا کە بە تەواوی لەلایەن ئێرانەوە کۆنتێۆڵکرابوو، بە روخاندنیشی ئیتر پێویستناکات عێراق داهاتی خۆی لە هەناردەکردنی نەوت و هاوکاری مرۆیی بەکاربهێنێت کە نەچێتە خزمەتی ئەجیندا و سیاسەتی ئێرانەوە لە ناوچەکەدا. کۆی ئەو راستیانە ئەوە دەسەلمێنن تەنانەت لە هاوکاری مرۆییشدا ئەجیندا و سیاسەت باڵادەستبووە و ئەو هاوکاریانە بۆ مەبەستی پاراستن و بەهێزکردنی بەرژەوەندی مەزهەبی بەکارهاتوون، بە کۆتاییهاتنی هیلالی شیعی لە ناوچەکە کۆی هاوکارییەکانیش راگیران بێ ئەوەی هەستی مرۆیی کاریگەری هەبێت کە بە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و هاوکارییە مرۆییەکان، ئێستا بە ملیۆنان هاوڵاتی سوریا و کەرتی غەززە و باشووری لوبنان بێ خۆراک و بێ کارەبا و سوتەمەنی ماونەتەوە. ئێرانیش کە لە سوریای بەشار ئەسەددا بە گوتەی خۆیان دەیان ملیار دۆلاریان خەرجکردوە، بەڵام بە رووخانی رژێمی ئەسەد دەستبەجێ هەناردەی نەوتی بۆ سوریا ڕاگرت، تەنانەت لەو رۆژەی کە بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ هەڵهات کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی ئێران گەیشتبووە بەندەرەکانی سووریا، بەڵام بە بڵاونەوەی هەواڵی هەڵهاتنی ئەسەد کەشتییەکە بە نەوتەکەیەوە بۆ ئێران گەڕایەوە، ئێستا دەردەکەوێت چۆن نەوت وەک چەکێک بۆ پشتیوانی لە دەسەڵاتی دۆست و بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی نەیار بەکاردێت، بێ گوێدانە میللەت و ئەو قەیران و کارەساتانەی سیاسیەکان بەسەریاندا هێناون.
گۆڕانکاریەکانی سووریا و کاریگەری لەسەر ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کودستان چی دەبێت؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی لەدوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و گرتنە دەستی جڵەوی حکومڕانی لەلایەن حزبە ئیسلامییەکانەوە، بە تایبەت دەستەی تەحریر شام کە پێشتر بەرەی نوسرەبوو، بەرپرسانی ئەمریکای ناچارکردووە بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشقدا بکەن و هەمان هەڵەی ئەفغانستان لە ساڵی 2021 دا، دووبارە نەکەنەوە. لەوبارەیەوە رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتێکدا دەڵێت: لە کاتێکدا کاربەدەستانی ئەمریکا هەڵسوکەوت لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریادا دەکەن، لە هەمانکاتدا ئەو ئێش و ئازارەیان لەبیرە کە لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ کۆشکی دەسەڵات لە ئەفغانستان دوچاریان بوو. ئەو رۆژنامەیە لەزاری شارەزایانی سیاسی ئەمریکاوە دەڵێت: پێویستە تاڵیبان ببێتە وانەیەک بۆ ئەمریکا تا بە ئاگاییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ سوریادا بکات و چالاکانە لەو وڵاتەدا بوونی هەبێت. هەر لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە بەرپرسانی ئەمریکا مەترسی ئەوەیان هەیە کە ئەحمەد شەرع گوتە و لێدوانە میانڕەوەکانی ئێستای نەگۆڕێت بە کردار و هاوشێوەی تاڵیبان هەڵسوکەوت بکات لە کاتی کۆنترۆڵکردنی جومگەکانی دەسەڵات و حوکمێکی ئیسلامی توندڕەو لە سووریادا بسەپێنێ، وەک چۆن تاڵیبان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان کۆتوبەندی زۆریان سەپاند و تەواوی قوتابخانەکانی کچانیان داخست و مۆسیقایان قەدەغە کرد و پێشێلی مافی کەمینەکانیان کرد و رێگەیان نەدەدا ژنان بچنە زۆرینەی شوێنە گشتییەکان. لەوبارەیەوە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتەیەکیدا لەبەردەم ئەنجومەنی پەیوەندیەکانی دەرەوە وتی: وانەیەکمان لەبەردەمدایە ئەویش ئەو رووە میانڕەوەبوو کە تاڵیبان پێشتر دەریخست تا دەستی گەیشتە دەسەڵات لە ئەفغانستان بەڵام دواتر رووی راستەقینەی بەدەرکەوت بەوهۆیەشەوە تا ئێستا ئەو وڵاتە کەنارگیرکراوە لەسەر ئاستی جیهان. هەربۆیە ئەوەی بەدیدەکرێت تا ئێستا ئەمریکا دەستەی تەحریر شامی لە لیستی تیرۆر دەرنەکردووە و بە وردی چاودێری هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی نوێ دەکات و ئەو سزایانەشی هەڵنەوەشاندۆتەوە کە بەسەر سووریادا سەپاندویەتی. لە دوای گۆڕانکارییەکانیش لە سووریا، ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی دەستەی تەحریر شام لە دیمەشق بە دەستکەوت و سەرکەوتنی خۆیان دەزانن و هەندێکیان بە شانازییەوە دەڵێن پێشتر پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع هەبووە و بەشێوەیەکی ناراستەوخۆش خوازیارن کە شۆرشە ئیسلامییەکەی سووریا ناوچەکە و وڵاتانی تریش بگرێتەوە و پەلبکێشێت بۆ دەرەوەی سنووری سووریا. لە ناوەندە عەرەبییەکانیش مەترسی ئەوە بەدیدەکرێت کە گۆڕینی دەسەڵات لە سووریا هاوشێوەی بەهاری عەرەبی بێت و شەپۆلی ئیسلامی سیاسی زیندوو بکاتەوە و جارێکی تر روو لە وڵاتانی عەرەبی بکەن، ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە؛ ئایا ئەمریکا رێگە بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئیسلامی توندڕەو لە سووریادا دەدات کە سنوری بە ئیسرائیلەوەیە؟ یان هەمان چارەنووسی دەسەڵاتی ئیخوانەکان لە میسر چاوەرێیان دەکات کە دەسەڵاتیان لێسەندرایەوە و زۆرینەی سەرکردەکانی لە زیندانەکانی میسردا گیانیان لەدەستدا و ماوەی دەسەڵاتیشیان بووە وانەیەک بۆ گەلی میسر، تا جارێکی دیکە رێگە بە دەسەڵاتی لەو جۆرە لە وڵاتەکەیان نەدەن و بۆ هەتا هەتایە سەرهەڵدان و زیندووبونەوەیان لە میسر مەحاڵ بێت.
کەڵەکەبوونی کێشە و قەیرانەکانی هەرێم و خەمساردی یەکێتی و پارتی، هەرێم بەرەوکوێ دەبات؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی ماوەی زیاتر لە دوو مانگ و دە رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەرێت تا ئێستا ئاسۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دیارنییە، ئەوەش لە کاتێکدایە هەڵبژاردنەکە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لە وادەی ئاسایی خۆی دواکەوتبوو، لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێشووی پەرلەمان بە شێوەیەکی نایاسایی و هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە، شەرعییەتی کۆی پرۆسەی سیاسی و دەسەڵاتی هەرێم مەترسی گەورەی لەسەر درووستبووە، بەڵام هەردوو حزبی باڵادەستی هەرێم زۆر بێ باکن و بە ئێستاشەوە لەسەر پۆست و پلەوپایە ناکۆکن و چارەنوسی هەرێمیان بە ئاسۆیەکی نادیار گەیاندووە. لەگەڵ ئەوەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دووچاری چەندین جۆری قەیران بونەتەوە هەر لە نەبوون و دواکەوتنی زیاتری موچەوە بیگرە تا نەبون و کەمی تەواوی خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بەڵام تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکنایەن و تەنانەت تاکە هەنگاوێکی سەرەتاییشیان لەو بارەیەوە نەناوە، دیارە ناکۆکی قوڵیان هەیە و هەریەکەیان تێڕوانینیان بۆ داهاتووی هەرێم و ناوچەکە جیاوازە، ئەو جیاوازیی و ناکۆکییە قوڵەش بە روونی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەدەرکەوت کە هێندە توند بوو بە جۆرێک هەردوولا گەیاندیانە مریشکەرەشە. لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان تەنها هەنگاوێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم نرابێت کۆبوونەوەیەکی چەند سەعاتی پەرلەمان بوو کە تیایدا پەرلەمانتارە دەرچووەکان سوێندی یاساییان خوارد و بە فەرمی بونە پەرلەمانتار، بە واتایەکی تر ئیتر لەو رۆژەوەی کە سوێندی یاساییان خواردووە بونەتە خاوەنی مووچە و دەرماڵەی باش، کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بە کراوەیی ماوەتەوە تا ئەو کاتەی یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکدەکەون، بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا هەردوولا چەند کۆبونەوەیەکی چەند سەعاتییان کردووە لەنێوان خۆیان و حزب و لایەنە سیاسیەکانی تری کوردستاندا، کە پێشتر خۆیان رایانگەیاندبوو شاندی تایبەتیان بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت ئامادەکردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا پارتی و یەکێتی تەنانەت لەسەر پۆستی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمانیش ناکۆکن و پەرلەمان لەلایەن بەتەمەنترن پەرلەمانتارەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، زۆرکەسیش پێیوایە پەکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوادەخرێت، تا پشکی کورد لە کۆی پۆستەباڵانی عێراق لە پۆستی سەرۆککۆمار و وەزیر و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تێکەڵ بە پۆستە باڵاکانی هەرێم دەکرێن و بەیەک پاکێچ و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە نێوان خۆیاندا دابەشیدەکەن. کۆی ئەو خەمساردی و ناکۆکییانەی پارتی و یەکێتی لە کاتێکدایە ناوچەکە بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێپەڕدەبێت و ئەگەری دارشتنەوەی نەخشەیەکی نوێ لە لایەن زلهێزەکانی دنیاوە بۆ ناوچەکە لە ئارادایە و بەرپرسانی باڵای هەرێمیش بە نیازن کورد بەم پەرتەوازەییەوە ببەنە نێو ئەو قۆناغ و نەخشە نوێیەوە کە ناوچەکە چاوەرێی دەکات. لەناو عێراقیش بە کاریگەری گۆڕانکارییەکانی سوریا تەرازووی هێز بەرەوگۆڕانکاری دەچێت، پێکهاتەکان خۆیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ڕەورەوەی گۆڕانکارییە چاوەروانکراوەکان ئامادە دەکەن، ئەوەی تەنها وەک خۆی ماوە و لەسەر شێوازی ڕابردووی بەردەوامە دەسەڵاتدارانی هەرێمە کە بەنیازن بۆ 30 ساڵی داهاتووش لەسەر سیاسەت و شێوازی بەرێوەبردنی ئێستای هەرێم بەردەوام بن، پلانیشیان ئەوەیە کە ئەزموونی هەرێم بۆ رۆژئاوای کوردستان بگوازنەوە، بێ ئاگا لەوەی کە لە رۆژئاوای کوردستان بە بوونی هێزێکی تۆکمەی یەکگرتوو توانیویانە سەرنجی هەموو جیهان بەلای خۆیاندا ڕاکێشن، زلهێزێکی وەک ئەمریکا ئەوان بە هاوپەیمانی ستراتیجی خۆی دەزانێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تا ئێستاش هێزی پێشمەرگە یەکگرتوو نییە، ئەوەش دوای چەندین جار لە هۆشداری ئەمریکا بۆ یەکگرتنەوە و ئەگەرە خراپەکانی یەکنەگرتنەوەیان دێت، کە هێندەی تر هەرێمی کوردستان بە چارەنوسێکی نادیار دەسپێرێت.
تا ئێستا سووریا میلیشیا چەکدارەکان بەرێوەی دەبەن، هەسەدە چۆن لەگەڵ سوپایەکدا یەکدەگرێت کە داهاتووی دیارنییە؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە و یەکگرتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سوریا روو لە فراوانبوون دەکات، هەرچەندە بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەردەوام ئامادەیی هەسەدە بۆ یەکگرتن لەگەڵ سوپای سوریا نیشاندەدەن بەو مەرجەی بگەنە رێکەوتنێکی گونجاو، بەڵام کام سوپا و کام یەکگرتن؟ تا ئێستا هەنگاوەکان بۆ ئەو مەبەستە تەنها کۆبوونەوەیەکی چەند سەعاتی ئەحمەد شەرع بوو لەگەڵ فەرماندەی میلشیا چەکدارەکانی سووریا لە دیمەشق، کە نزیکەی ١٥ میلیشیای چەکدار لەو وڵاتەدا هەیە و هەریەکەیان بەرژەوەندی تایبەت و مەرجەعی تایبەت و پەیوەندی ژێربەژێری تایبەتی خۆی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو رووی دەمیان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە تا خۆی هەڵوەشێنێتەوە و لەگەڵ سوپای سوریا یەکبگرێت. راستە لە حکومەتی کاتی سوریادا کەسێک هەیە بە ناوی "مورهیف ئەبو قەسرە" کە بووەتە وەزیری بەرگری سووریا، ئەم مورهیفە پێشتر یەکێک بووە لە فەرماندە سەربازییەکانی دەستەی تەحریر شام و وەزارەتەکەی تا ئێستا چۆڵوهۆڵە و میلیشیاکانی سەرقاڵی تۆڵەسەندنەوە و راوەدونانی پاشماوەکانی رژێمی ئەسەدن و بۆ پێکهێنانی سوپای سووریاش هیچ هەنگاوێکی جدی نەنراوە. لای خۆیەوە دلیار جزیری رۆژنامەنوس لە رۆژئاوای کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سکای نیوز دەڵێت: بەبێ دارشتنەوەی دەستووری نوێی سووریا و دیاریکردنی هێڵە گشتییەکان؛ ناکرێت باس لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سوریا بکرێت، دەشڵێت لە ئێستادا بەربەستی زۆر لە بەردەمی هێزەکانی سووریای دیموکرات دروستبووە، لەلایەک بەرەنگاربوونەوەی شانە نووستووەکانی تیرۆریستانی داعش و لەلایەکی تریشەوە پەلامارەکانی تورکیا و بەکرێگیراوانی بۆ سەر ناوچە کوردییەکان، ئیتر چۆن میکانیزمی یەکگرتنەوە جێبەجێ دەکرێت! لەوبارەیەوە "محەمەد حەبەش" ئەکادیمیست و پەرلەمانتاری پێشووی سوریا دەڵێت: لێدوانی بەرپرسانی باڵای تورکیا مایەی قبوڵکردن نییە، چۆن دەتوانن بڵێن کۆتایی بە بوونت دەهێنین ئەگەر چەک دانەنێیت یان خۆت هەڵنەوەشێنیتەوە، دەشڵێت تورکیا بۆی هەیە تەنها پێشنیار پێشکەشبکات نەک راستەوخۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریادا بکات. هاوکات "ساڵح معاییتە" شارەزای سەربازی و ستراتیجی، پێی وایە هێزە کوردییەکان لەرووی جوگرافییەوە %٢٠ خاکی سووریایان کۆنترۆڵکردووە و لەماوەی ١٣ ساڵی رابردووشدا دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە و چاویان لە دەستوری داهاتووی سووریایە، ئەگەر بە روونی دان بە پێکهاتەی کورد و مافەکانی لە سووریا بنێت، ئەوکات دەتوانرێت سوریا یەک سوپای یەکگرتووی هەبێت. لە ساڵانی رابردوودا هێزەکانی سوریای دیموکرات کە جگە لە کورد، عەرەب و کریستیان و نەتەوەکانی تریش لە پێکهاتەکەیدا بەشداربوون، نمونەیەکی سەرکەوتوویان لە ئازایەتی و پابەندبوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و تۆکمەیی نیشانی تەواوی جیهاندا، سەرەتای دروستبوونی ئەو هێزەش بۆ پاراستنی ناوچەکانیان بوو لە پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش کە تا ئێستاش ئەو تیرۆریستانە مایەی مەترسین بۆسەر سووریا و تەواوی ناوچەکە و جیهان، جگە لەوەش پیلانگێرییە بەردەوامەکانی سەرانی تورکیاش هیچی لە مەترسییەکانی داعش کەمتر نییە و پێویستی بە بوونی هێزێکی تۆکمەی وەک هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە تا بەرژەوەندیبە باڵاکانی ئەو وڵاتە بپارێزێ و رووبەرووی پیلانگێری و داگیرکرییەکانی تورکیا لە ناو خاکی سوریادا بوەستێتەوە.
ئایا پێوەری پیشەیی بەهەند وەرگیراوە یان پابەندبوون بەحزب و نزیکی لە بەرپرسە باڵاکان؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی لەگەڵ رووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، دەسەڵاتی نوێی سووریا دەستی کرد بە پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی بۆ وڵات و لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، محەمەد بەشیر راسپێردرا کابینەی حکومەتی کاتی سوریا پێکبهێنێت. محەمەد بەشیریش بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتە کاتییەکە زۆرینەی لەو کەسایەتیانەی دیاریکردووە کە بەشدار و بەرپرس بوون لە حکومەتی رزگاری نیشتمانی کە پێشتر لە ئیدلیب لەسەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد پێکیانهێنابوو. تا ئێستاش میکانیزمی دیاریکردنی کەسایەتییەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیر لە حکومەتی کاتی سووریا روون نییە، کەپێشتر لە ئیدلیب لەلایەن ئەنجومەنێک بە ناوی ئەنجومەنی شوراوە وەزیرەکان دیاری دەکران، بەڵام لەم حکومەتە نوێیەدا تەنها بە راوێژ لەگەڵ ئەحمەد شەرع یان بە بریاری راستەوخۆی خۆی دەستنیشان کراون. زۆرینەی وەزیرەکانیش پێشینەی ئیسلامییان هەیە و فەرماندەی جەنگ بوون کەبریتین لە: ✹ محەمەد بەشیر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەسەردەمی ئەسەد لە کارگەی غاز کاریکردووە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کارەبا و سەرۆکی حکومەتی رزگاری نیشتمانی بووە لە ئیدلیب. ✹ ماهر شەرع برای ئەحمەد شەرع بۆ پۆستی وەزیری تەندروستی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە لە پزیشکی ژنان و راوێژکاری وەزارەتی تەندروستی بوو لە حکومەتی رزگاری نیشتمانی لە ئیدلیب. ✹ ئەسعەد شیبانی ناسراو بە " ئەبو عائیشە" بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە کە وتەبێژی پێشووی بەرەی نوسرەبوو، ئەسعەد خەڵکی گوندی " ئەبو راسین" ە لە شاری حەسەکە و دەشگوترێت کوردە، بەڵام کوردبوونەکەی هاوشێوەی کوردبوونەکەی تەها یاسین رەمەزانە. ✹ مورهیف ئەبو قەسرە بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، کە پێشتر فەرماندەیەکی سەربازی دەستەی تەحریر شام بوو، لە سەردەمی رژێمی ئەسەد لەبواری ئەندازیاری کشتوکاڵ خوێندویەتی. ✹ محەمەد عەبدولرەحمان بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، پێشتر فەرماندەی سوپای فەتح بووە و بواری سەربازی لە زانکۆی حومس تەواوکردووە. ✹ شادی محەمەد ئەلویسی بۆ پۆستی وەزیری داد، پێستر مامۆستای پەروەردەی ئیسلامی بووە و دواتر بۆتە ئیمام و وتاربێژی یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری حەلەب. ✹ عائیشە دبس بۆ پۆستی بەرێوەبەری نوسینگەی کاروباری ژنان، عائیشە تاکە ژنی کابینەکەی محەمەد بەشیرە و پێشتر لە بواری مافی ژنان کاریکردووە. ✹ محەمەد یەعقوب عومەر بۆ پۆستی وەزیری راگەیاندن، پێشتر ئاژانسی هەواڵی شام" ی دامەزراندوە و بەکالۆریۆسی لە زانستی سیاسیدا هەیە. ✹ فادی قاسم بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە، پسپۆڕیی لە بواری کیمیا هەیە و پێشتر بەرێوەبەری کاروباری مرۆیی بوو لە ئیدلیب. ✹ محەمەد سەلیم بۆ پۆستی وەزیری ژینگە، بڕوانەمەی لە بواری ئەندازیاری میکانیک هەیە و پێشتر ئەمینداری گشتی وەزارەتی ئەوقاف بووە لە ئیدلیب. ✹ حوسام حاج حسین بۆ پۆستی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پێشتر سەرۆکی نوسینگەی کاروباری مزگەوتەکان بوو لە حکومەتی رزگاری نیشتمانی. ✹ عەبدولمونعیم عەبدولحافز بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە لە رووی تەمەنەوە لە هەموویان گەورەترە و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە. ✹ نزیر محەمەد قادری بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە پێشتر مامۆستای زمانی عەرەبی بووە و ماوەی دە ساڵ لەسەر چالاکی سیاسی لەسەردەمی بەشار ئەسەد زیندانی کراوە. ئەم حکومەتە کاتیەی کە لە دیمەشق پێکهێنراوە ناتوانێت نوێنەرایەتی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی سووریا بکات و رووبەرووی ئەرکێکی زۆر قورس دەبێتەوە کە وڵاتێکی وێران و ئابوریەکی داتەپیوی بۆ بەجێماوە و دەستوەردانە دەرەکی و نێودەوڵەتیەکانیش هێندەی تر ئەرکی قورستر دەکات، لە کاتێکدا گەلی سوریا چاوەرێی دەسەڵاتێک دەکات کۆتایی بە ئێشوئازارەکانی رابردووی بهێنێت.
تڕەمپ دەڵێت: ئەگەر ئەمریکا نەبێتە تاکە سەرچاوەی غاز بۆ ئەوروپا، ئەوا پێناسی گومرگیی نوێ بەسەریاندا دەسەپێنین. ئامادەکردنی: هاوڵاتی ڕووداوە جیهانییەکان بە تایبەت جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا دروستکردووە، بە جۆرێک خۆری کیشوەری ئەوروپا نەک بە تەنها ڕوو لە کزبوونە بەڵکو مەترسی باڵکێشانی تارمایی بەسەریاندا دەکرێت، کە هەردەم وڵاتانی ئەو کیشوەرە، نمونەی گەشاوەی زانست و ئابوری و خوێندن و پەروەردە و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بوون لە سەرتاسەری جیهان. سەرباری ئەوەی ئەورووپا مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە لە داهێنانی زانستیدا بە تایبەت لە بوارەکانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیای نوێ و دەرمانسازییدا، بەڵام بەم دواییە هەست بە دواکەوتنی دەکرێت لەچاو زۆر وڵاتی پێشکەوتووی دیکەدا. پێشتر ئەورووپا کە بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی پێشکەوتوو ناسرابوو، بەڵام ئەمرۆ لە کۆی 15 جۆری ئۆتۆمبێلی کارەبایی پڕفرۆشی جیهان، تەنانەت یەک دانەشیان هی وڵاتانی ئەوروپا نین. لەوبارەیەوە ماریۆ دراگی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا و پارێزگاری ئێستای بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە دەڵێت: لە نێوان 50 کۆمپانیای زەبەلاحی جیهاندا تەنها چواریان ئەورووپین، کە ئەمەش نزمی ئاستی توانای کێبرکێی وڵاتانی ئەورووپا نیشان دەدات. هاوکات کریستین لاجارد سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەوروپا دەڵێت: ئێمە بە پێچەوانەی رابردووەوە لە قۆناغێکی پێشکەوتنی خێرای تەکنەلوژیدا دەژین، بەڵام بەداخەوە ئەوروپا لە ئێستادا پێشەنگی ئەو پێشکەوتنە نوێیە نییە. چاودێرانیش دەڵێن ئەگەر وڵاتانی ئەورووپا لەسەر ڕێڕەوی ئێستایان بەردەوام بن، ئەوا ئەو وڵاتانە دەبنە مۆزەخانەیەکی جوانی ماندوو، بۆ گەشتیارانی چینی و ئەمریکی. سەرباری کۆی ئەو ئاماژانە کە بوونەتە هۆی پاشەکشێی وڵاتانی ئەورووپا، گەڕانەوەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ سەرکورسی دەسەڵات بارگرانی سەرشانیان هێندەی دیکە زیاد دەکات. ترامپ لە نوێترین لێدوانیدا داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە، نەوت و غازی زیاتر لە ئەمریکا بکڕن بە جۆرێک هاوتەریب بێت لەگەڵ ئاستی هەناردەی ئەوروپا بۆ ئەمریکا کە ساڵانە بە 500 ملیار یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، ئەگەرنا ئەوا واشنتۆن پێناسی گومرگی لە سەر هەناردەی ئەوروپا بۆ ئەمریکا بە رێژەی %20 زیاد دەکات، چونکە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم هەرەشەیەش ئابووری ئەوروپا رووبەرووی قەیرانی جدی دەبێتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا بۆ وڵاتانی ئەورووپا بازاڕێکی زۆر گرنگە و زۆرینەی کەرەستەی بەرهەمهاتووی ئەورووپا هەناردەی ئەمریکا دەکرێت. لەسەر ئاستی سەربازیش، تڕەمپ بەردەوام داوای لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ کردووە، کە ئەوپارەیەی کەوتووەتە ئەستۆیان رادەستی واشنتۆنی بکەن، ئەگەرنا ئەوا ئەمریکا جارێکی تر هەڕەشەی کشانەوە لەو هاوپەیمانێتییە دەکات، هەڕەشەکانی تڕەمپیش بارگرانیەکی تری ئابووری بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا دروستدەکات و هێندەی تر دووچاری کورتهێنانی بودجەیان دەکاتەوە. جگە لەوەش دوور نییە هەندێ لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ناچار بە گرتنەبەری سیاسەتی سکهەڵگوشین بکات. گۆرانکارییە ئابوری و سەربازییەکانی جیهان بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا زۆر خێران، بۆیە هەر جۆرە بەجێمانێک لەو کاروانە نەک بە تەنیا زیانی گەورەی بۆ وڵاتە دواکەوتوو و تازە گەشەکردووەکان هەیە، بەڵکو بۆ وڵاتە پێشکەوتووەکانیش بە داتەپینی ئابوری و پاشەکشێی زانستی دوایی دێت. بەو پێیەشی لە ئێستادا وڵاتانی ئەورووپا لە کاروانی نوێی داهێنانە بەردەوامەکانی بواری تەکنەلۆژیا پاشەکشەیان کردووە، پێدەچێت نەوەکانی داهاتووی ئەو کیشوەرە باجی قورسی ئەو پاشەکشێکردنە بدەن.
ئایا گەلی سوریا دەتوانێت داهاتی دزراوی خۆی لەو وڵاتانە وەرگرێتەوە؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی دوای هەڵهاتنی بۆ مۆسکۆ، زۆر قسە و باس لەبارەی سەروەت و سامانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا و ئەندامانی خێزانەکەی دەکرێت کە خۆی و باوکی زیاتر لە 53 ساڵ حوکمی سووریایان کرد و لەماوەی دەسەڵاتیشیان هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لە دۆخێکی نالەباردابوون و ئاستی بژێویان بە شێوەیەک دابەزیبوو کە موچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی لە نێوان 10 تا 15 دۆلاردا بوو. بەلاچونیشی لەدەسەڵاتیش هەوڵەکان بۆ دەستنیشانکردنی بڕ و شوێنی سەروەتەکەی بەشار ئەسەد چڕبووەتەوە، لەوبارەیەوە رۆژنامەی وڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت: "هەوڵێکی جیهانی لەئارادایە بۆ دۆزینەوەی سەروەت و سامانی خێزانی ئەسەد کە کاتێکی زۆریان لەبەردەستدا بووە بۆ شاردنەوەی". پێگەی "زە بایبر" ی بەریتانیش دەڵێت: " بەشار ئەسەد بڕی 66 ملیۆن یۆرۆی لە بانکی (ئاتش ئێس بی سی) لە لەندەن داناوە و داوا لە حکومەتی بەریتانی دەکرێت رێگەبدات ئەو بڕە پارەیەی ئەسەد کە لەو بانکە دایناوە بۆ پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی سوریا تەرخانبکرێت". هەر سەبارەت بە سەروەت و سامانی ئەسەد و خێزانەکەی رۆژنامەی فاینانشڵ تایمز بڵاویکردەوە، بەشار توانیویەتی سزا نێودەوڵەتییەکان تێپەڕێنێت و بڕی 250 ملیۆن دۆلار رەوانەی هەژماری بانکی خۆی لە رووسیا لە نێوان ساڵەکانی 2018 تا 2019 بکات. سەبارەت بە کۆی سەروەتو سامانی بەشار ئەسەد و خێزانەکەشی ( سکۆت لۆکاس ) شارەزای بواری رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا لە زانکۆی بێرمینگهام لە بەریتانیا دەڵێت سەروەتی بەشار و خێزانەکەی دەگاتە 12 تا 16 ملیار دۆلار ئەوەش جگە لەو زێڕ و خشڵانەی کە بۆ دەرەوەی سووریا گواستویانەتەوە. چاودێرانیش دەڵێن بازرگانی ماددەهۆشبەرەکان، بە تایبەت کارگەکانی دروستکردنی حەبی کەبتاگۆن پانتاییەکی فراوانی لە سەروەت و سامانی بەشار ئەسەد و خێزان و کەسە نزیکەکانی هەیە، بە تایبەت ماهر ئەسەدی برای کە چەندین ملیار دۆلاریان لەو بازرگانییە دەستکەوتووە و سووریایان کردبووە وڵاتی ماددە هۆشبەرەکان و مەترسی تەواویان بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دروستکردبوو. چاوەروانیش دەکرێت زۆرینەی سەروەت و سامانی خێزانی ئەسەد لە رووسیا بێت و موڵک و ماڵێکی زۆر و زەوەندیان لەو وڵاتە کڕیبێت ئەوە جگە لە هەژماری بانکییان کە ملیارەها دۆلاری دزراوی سوریا بە ناوی خۆیان یا کەسانی نزیکیان دانراون، گەڕانەوەی ئەو بڕە پارە زۆرەش لە رووسیاوە بۆ سووریا کارێکی ئاستەمە بەهۆی ئەو پشتیوانییە زۆرەی ڤلادیمێر پۆتن لە بەشار ئەسەد و خێزانەکەی دەیکات. لە کۆتاییدا بەشار ئەسەد رۆشت و وڵاتێکی وێرانەی بە کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکی بەجێهێشت، وڵاتێک کە تا ئێستاش برسێتی باڵیکێشاوە بەسەریدا و زیاتر لە 7 ملیۆن هاوڵاتی سوریا ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا بوون، وڵاتێک ژێرخانی ئابووی داروخاوە و چەندین ساڵ کاری بەردەوامی دەوێت تا بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە.
ڕۆڵی ئەمریکا لە پاراستنی رۆژئاوای کوردستان و دانانی سنورێک بۆ دەستدرێژییەکانی تورکیا چییە؟ کردنەدەرەوەی ئێران لە سووریا و دەستوەدانەکانی تورکیا لەو وڵاتەدا چۆن ڕوو دەدات؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی سەرکەوتنە سەربازی و سیاسیەکانی کوردانی رۆژئاوای کوردستان، تورکیای دوچاری هستریا کردووە و دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت سنوی دەسەڵاتیان بەرتەسکبکاتەوە و ئاستێک بۆ ئەو پشتیوانییە دابنێت کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بەدەستیان هێناوە، لەرێی نانەوەی ئاژاوە و بۆردومانی بەردەوام و هاندانی بەکرێگیراوان بۆ پیلانگێڕی و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی و بردنەپێشی حزبە کارتۆنییەکان لە دیمەشق کە لە رۆژئاوای کوردستان هیچ پێگەیەکی جەماوەرییان نییە. ئەو بیانوانەش کە هەردەم سەرانی تورکیا وەکو چەکێک لە دژی رۆژئاوای کوردستان بەکاریدەهێنێت ئەمانەن: هێزەکانی سوریای دیموکرات مایەی مەترسین بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا. بەستنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە تیرۆر، کە هەموو جیهان دەزانێت ئەم تۆمەتانە ناڕاستن. بوونی چەکداری بیانی لە ریزەکانی سوپای سووریای دیموکرات. تەنها ئەم سێ تۆمەتەیە کە بەرپرسانی باڵای تورکیا و راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام دەیڵێنەوە و وەک چەکێک لە دژی رۆژئاوی کوردستان بەکاریدەهێنن، لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدیش بە ئاشکرا داوای چەکدانان و هەڵوەشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن و بەروونی دەڵێن یان کوردانی رۆژئاوای کوردستان تەسلیم بوون قبوڵ دەکات یان لەرێی بەکارهێنانی هێزەوە ئامانجەکانیان لە باکوری سووریا بەدیدەهێنن. لەسەر ئاستی باڵاش، بەردەوام تورکیا داوای راگرتنی هاوکاریە سەربازییەکان دەکات کە ئەمریکا و خۆرئاوا پێشکەشی رۆژئاوای کوردستانی دەکەن، بەجۆرێک کارگەشتوەتە ئاستێک کە شرۆڤەکارێکی تورکی وەک بەکیر ئاتاجان داوای رووبەرووبوونەوەی سەربازی لە دژی ئەمریکا بکات ئەگەر بەردەوامبێت لەسەر هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئەو هستریایەش کە دووچاری تورکیا بووە، سەلمێنەری ئەو بۆچوونەیە کە تورکیا کارتەکانی لە سووریای دوای بەشار ئەسەد بەرەو سوتان دەچن و پێدەچێت روداوەکان تەواو پێچەوانەی خواستەکانی سەرانی ئەنقەرە بێت. لەوبارەیەوە تا ئێستا هاوکاریەنێودەوڵەتییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن، بەجۆرێک پنتاگۆن ژمارەی سەربازەکانی لە سوریا زیادکردوە و ئاڵای ئەمریکاش لەسەر زۆربەی شوێنە گشتیەکانی شاری کۆبانی هەڵکراون، وەک ئاماژەیەک بۆ تورکیا و بەکرێگیراوانی کە نزیکبوونەوە لەو شارە هێڵی سوورە، بەردەوامیش هەواڵی تێکشکان و هەڵهاتن و تەسلیم بوونی چەکدارە توندڕەوەکان کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات لەبەرکانی شەڕ بە تایبەت لە مەنبج و بەنداوی تشرین روو لە زیادبوون دەکات و خەونی سیاسەتی شەرەنگێزی تورکیا لەو بەشەی کوردستان بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت. دوای شکستە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیاش لەبەرەکانی شەڕ، ئەنقەرە بەردەوام هەوڵ دەدات نوێنەرایەتی کردنی کورد لە دەسەڵاتی داهاتووی سوریا لە دیمەشق کارتۆنی بێت لەرێی ئەو حزبە بەناو کوردیانەی چەند ساڵێکە لە هۆتێلەکانی ئەستەنبوڵ بەخێویان دەکات کە لەناوخۆی ئەو پارچەیەی کوردستان هیچ پێگەیەکی جەماوەرییان نییە، بۆ بەرگرتن لەو پیلانگێرییەش جەنەراڵ مەزڵوم عەدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد ( ئەکەسە) کۆبویەوە وتەبێژی ئەنەکەسەش کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی لەقەڵم دا لەهەمووی گرنگتر کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا رێکخراوە، ئەوەش بەهەوڵێکی تری ئەمریکا لێکدەدرێتەوە تا ئەنەکەسە لە ژێر رکێفی تورکیا دەربکات و کورد هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەبێت لە چوارچێوەی سووریای نوێدا. ئەوەی تا ئێستا لە سوریای دوای رژێمی ئەسەد غائیبە وڵاتانی عەرەبین، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە ئەندامی کۆمکاری عەرەبییە و یەکێکە لە وڵاتە ستراتیجیەکانی ناوچەکە، بەڵام تائێستا هیچکام لەوڵاتە باڵادەستەکانی عەرەب شاندی باڵایان رەوانەی دیمەشق نەکردوو و ئەم خەمساردییەش بەوە لڵکدەدرێتەوە کلیلی دەسڵاتی داهاتووی سوریا رادەستی تورکیا بکرێت کە رۆڵێکی نەرێنی دەبینێت و هەردەم هەوڵدەدات سوریا بۆ بەدیهانیانی ئەجیندا و خواستی خۆی لەناوچەکە بەکاربهێنێت و دوچاری شەرێکی نەبڕاوەی ناوخۆی بکات کە لەداهاتوودا کۆتاییهێنان بەو شەڕە قوربانی زۆری دەوێت و باجەکەشی قورس دەبێت. هاوکات چاودێران ئەو دوورەپەرێزییەی وڵاتی عەرەبی بەوە لێکدەدەنەوە کە وڵاتی عەرەبی تا ئێستا دانی بە گۆرانکاریەکانی سوریای نوێ نەناوە و خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە دەکەن، بەجۆرێک پێشتر هیچ رێکەوتنێک لەنێوان تورکیا و ئەحمەد شەرع فەرماندەی دەستەی تەحریر شام نەبووە و دەکرێت وڵاتانی عەرەبی لەرێی ئەحمەد شەرعەوە سوریا لەژێر رکێفی ئەنقەرە دەربهێنن و بگەرێتەوە بۆ ناو کایەی ئاسایی خۆی لە چوارچێوەی وڵاتانی عەرەبیدا.
هێشتا دۆخی سوریا سەقامگیر نییە و کاتی زیاتری دەوێت تا ئاڵۆزییەکان ڕوون ببنەوە. ئامادەکردنی: هاوڵاتی پرسی پەنابەرانی سوریا یەکێکە لە دۆسیە گرنگ و ئاڵۆزەکانی ئەو وڵاتە کە لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە راستەوخۆ بەدەرکەوت و بووەتە جێگای مشتومڕی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بە جۆرێک لە دوای چەند رۆژێکی کەم لە کۆنترۆڵکردنی شاری دیمەشق لە لایەن هێزەکانی دەستەی تەحریر شامەوە، زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا و نەرویج و نەمسا و دانیمارک، رێوشوێنی تایبەتیان گرتووەتەبەر و تەواوی مامەڵەکان بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی سوری لە وڵاتەکانیان راگرتووە، بە ئومێدی رودانی گۆڕانکاری لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری لە سوریا و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان. لە دوای روداوەکانی سوریا و سەرهەڵدانی ناکۆکی و شەڕ و پێکدادانەکان، نزیکەی 7 ملیۆن هاوڵاتی سوریا ئاوارە بوون و روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە بە جۆرێک 3 ملیۆن پەنابەر لە تورکیان و نزیکەی 800 هەزار پەناریش روویان لە ئەڵمانیا کردووە، لە لوبنانیش نزیکەی 800 هەزار پەناری سوری لێیە، لە کاتێکدا 700 هەزار لە ئوردن و 300 هەزار لە عێراق و نزیکەی 150 هەزار لە نەمسا و 200 هەزار پەنابەری دیکەش روویان لە سوید کردووە، 500 هەزار پەنابەری تریش بەسەر چەندین وڵاتی تردا بڵاوبونەتەوە، ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرانیش لە کاتێکدایە لە ناوخۆی سوریاش ملیۆنەها ئاوارەی ناوخۆیی هەن و بەردەوامیش ژمارەکە لە زیادبووندایە بەهۆی ناکۆکی و شەڕ و پێکدادانەکانەوە بە تایبەت بەهۆی پیلانی دوژمنکارانەی تورکیا و بەکرێگیراوەکانییەوە لە دژی ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان. لەگەڵ روخانی رژێمی ئەسەد ئاسۆیەک بۆ گەڕانەوەی پەنارانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان کراوەتەوە، بە جۆرێک کۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان پێشبینی دەکات لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025 دا، نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەر بگەرێنەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی سوریا، وەزیری ناوخۆی تورکیاش دەڵێت تەنها لە ماوەی پێنج رۆژدا 8 هەزار پەنابەری سوری کەمپەکانی تورکیایان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەربەستی زۆر هەیە کە رێگرن لەبەردەم پەنابەرانی سوریا، گرنگترینیان بریتین لە خراپی باری ئابوری و ئەو وێرانییەی بەسەر سوریادا هاتووە لەگەڵ داتەپینی ژێرخانی ئابوری و نەبوونی سەرچاوەی بژێوی و پێداویستیە سەرتاییەکانی ژیان لە زۆر ناوچەی سوریا، لە هەمووشی گرنگتر بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیری وڵاتە، کە مەترسی ئەوە هەیە دۆخی وڵات لە داهاتوودا تێکبچێت و جارێکی دیکە ناچاربن ئاوارەی وڵاتان ببنەوە. لە رابردوودا پەنابەرانی سوریا دوچاری زۆرترین ئێش و ئازاربوون و نەهامەتی زۆریان بینیوە، بە تایبەت ئەو پەنابەرانەی روویان لە تورکیا کردبوو، چونکە ئەو وڵاتە مامەڵەی کارتی فشاری لەگەڵدا دەکردن و وەک دەرفەتێک لێی دەڕوانین بۆ گۆرینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان وەک ئەوەی لە عەفرین کردی و سەدان هاوڵاتی عەرەبی لەو شارە کوردییە نیشتەجێ کردووە، سەرباری ئەوەش میلیشیای چەکداری لێدروستکردن و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی کردن لە لیبیا و تەنانەت لەشەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا وەک بەکرێگیراوێک بەشداری ئەو شەڕەی پێکردن. لە دوای روخانی رژێمی ئەسەدەوە چاوەروان دەکرێت بە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرە سوریەکان بۆ وڵات و ناچە جیاجیاکانی خۆیان و کەمبونەوەی ژمارەیان لە تورکیا، کۆتایی بەو کارتی فشارانەش بێت کە بەدەست ئەنقەرەوەیە و بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە لە رابردوودا بەکاری هێناون بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و پیلانە دوژمنکارانەکانی، کە بە دوورن لە هەر بەهایەکی مرۆڤانەوە.