ئەمریکا و سوریا دەیانەوێت ئەنجامدەری راستەقینەی هێرشەکە بشارنەوە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی  لە هێرشەکەی تەدموری پارێزگای حومس حکومەتی سوریا دەیەوێت شتێک پەردەپۆش بکات، ئەویش ئەوەیە ئەو کەسەی هێرشەکەی کردووە ئەندامی ئاسایشی گشتیی سوریا نەبووە و ئەندامی داعش بووە. لە هێرشەکەی تەدمور دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێک کوژران، سێ سەربازی دیکەی ئەمریکی و دوو ئەندامی ئاسایشی گشتی سوریاش برینداربوون. هەر زوو حکومەتی سوریا لەرێی میدیای فەرمییەوە رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە. دوابەدوای ئەمە ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا کە بە سێنتکۆم ناسراوە رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن تاکە چەکدارێکی داعشەوە بووە.  بەڵام ئاماژە و لێدوانی جیاواز هەیە دەیسەلمێنێت هێرشەکە لەلایەن ئەندامێکی ئاسایشی سوریاوە ئەنجامدراوە. یەکەم ئاماژە و لێدوان لە زاری گوتەبێژی وەزیری ناوخۆی سوریاوەیە بەناوی نورەدین ئەلبابا کاتێک سەرەتا گوتی، چەکدارێکی سەر بە داعش تەقەی لە دەروازەی بنکەیەکی سەربازیی کردووە.  بەڵام دواتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، چەکدارەکە ئەندامێکی ئاسایشی گشتی سوریا بووە لە بیابانی تەدمور، بەڵام هیچ پلەیەکی باڵای نەبووە. نورەدین ئەلبابا زیاتر قسەی کرد و باسی لەوە کرد، لەو بیابانەدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس چوونەتە نێو ریزەکانی ئاسایشی گشتی سوریاوە و هەفتانە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. ئەوەی سەیروسەمەرەیە ئەم قسەیەیەتی کاتێک گوتی، سێ رۆژ لەمەوبەر هەڵسەنگاندن بۆ هێرشکارەکە کراوە و گەیشتووین بەو دەرئەنجامەی کە رەنگە بیری توندڕەویی هەبێت، بۆیە چاوەڕێ بووین رۆژی یەکشەممە بڕیارێک لەبارەی دۆسیەکەیەوە بدرێت، بەڵام هێرشەکە لە رۆژی شەممە روویدا و شەممانیش رۆژی پشووە لە دەمودەزگا حکومییەکاندا. هەر ئەمە نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی دیکە نوسینێکی جۆو کێنت، بەڕیوەبەری ناوەندی دژەتیرۆری ئەمریکایە لە تۆڕی ئێکس کاتێک هێرشەکەی بە هێرشێکی "ناوخۆ" وەسف کرد، کە مەبەست لێی ئەوەیە هێرشکارەکە لەنێو خودی حکومەتی سوریادا بووە.  ئاژانسی فرانس پرێسیش، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی سوریاوە ئاشکرایکردووە، هێرشکارەکە ئەندامی ئاسایشی گشتی سوریا بووە و 10 مانگە دامەزراوە. تەنانەت روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەمان شتی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، ئەو چەکدارە ئەندامی ئاسایشی گشتیی سوریا بووە. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی هێرشکارەکە سەر بە دەوڵەتی سوریایە، بەڵام دەگوترێت ئەمریکا بەجۆرێک دەیەوێت پەردەپۆشی بکات چونکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەی هەڕەشەی تووندی کرد، بەڵام رایگەیاند، هێرشەکە هێرشێکی داعش بووە دژی ئەمریکا و سوریا لە ناوچەیەکی مەترسیداری وڵاتەکە کە لەژیر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا نییە. بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش هەمان شتی گوت و رایگەیاند، ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریادا نییە. مانگی رابردوو ئەحمەد شەرع لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبوویەوە و لەدوای ئەو سەردانەی شەرع، سوریا بە فەرمی چووە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش. بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، هێرشەکە لەکاتی کۆبوونەوەی ئەفسەرانی ئەمریکی و سوریدا بووە لە بنکەیەکی سەربازیی لە تەدموور. تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا باسی لەوە کرد هێرشێکی لەناکاو بووە بۆ سەر کاروانێکی چاودێریی هاوبەشی سوریا و ئەمریکا. لەدوای ساڵێک لە رووخانی بەشار ئەسەد ئەمە یەکەم هێرشی لەوشێوەیەیە ئەنجامدرێت. ماوەی ساڵێکە واشنتن وەبەرهێنانیکی گەورە دەکات بۆ کرانەوەی سوریا بەرووی جیهاندا و ناساندنی ئەحمەد شەرع وەک کەسێکی دیمکراتخواز، ئەمە جگە لەوەی زۆربەی سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵگرتووە.  شارەزایان و چاودێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی ئەوە دەگرن ئەمریکا نایەوێت ئەحمەد شەرع لەم هێرشەدا تێوەبگلێت، بۆیە زۆربەی لێدوان و نووسینەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، بە دۆناڵد ترەمپیشەوە، بەو ئاراستەیەیە کە هێرشەکە داعش ئەنجامیداوە.

چەمچەماڵ، ئەو شارەی کە ساڵانێکە نازناوی "شاری تینوو"ـی هەڵگرتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیمەنێکی پێچەوانەی پێشاندا. لەبری وشکی، ئاو شەقام و ماڵەکانی گرتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لە سێ بەشی سەرەکیدا وردەکاریی ئەم ڕووداوە و هۆکارەکانی دەخاتەڕوو. جوگرافیا و خاک؛ بۆچی زەوییەکە ئاوەکە هەڵنامژێت؟ بۆ تێگەیشتن لە لافاو، سەرەتا دەبێت لەو زەوییە تێبگەین کە ئاوەکەی بەسەردا دەڕوات. قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری (بە تایبەت ناحیەی شۆڕش و تەکیە) خاوەنی تایبەتمەندییەکی جوگرافیی هەستیارن کە لەم خاڵانەدا کورتیان دەکەینەوە: ١. تۆپۆگرافیای نیمچە دۆڵی: چەمچەماڵ لە ڕووی جوگرافییەوە وەک "ناوچەیەکی نزم" یان "دۆڵ" دەکەوێتە نێوان زنجیرە چیاکانی سەگرمە و ناوچە بەرزەکانی کەرکوک و بازیان. کاتێک باران لە چیاکانی دەوروبەر دەبارێت، ئاڕاستەی ئاوەکە بە شێوەیەکی سروشتی بەرەو نزماییەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش شۆڕ دەبێتەوە. ٢. پێکهاتەی خاک (جیۆلۆجی): خاکی ناوچەکە بە زۆری لە جۆری "قوڕین و تێکەڵەی سیڵت"ـە. ئەم جۆرە خاکە کاتێک وشک دەبێت (وەک ئەوەی لە وەرزی هاوین و پایزدا هەیە) ڕەق دەبێت، کاتێکیش بارانی بەخوڕ دەبارێت، زەوییەکە توانای مژینی کەمە. واتە لەبری ئەوەی ئاوەکە بچێتە ناخی زەوی، بەسەر ڕووی خاکەکەدا دەخلیسکێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی لێشاوی خێرا و لافاو. ٣. دۆڵ و شیوەکان: چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش لەسەر یان لە نزیک چەندین "شیو" و ڕێڕەوی ئاوی وەرزیی دروستکراون. ئەم شیوانە لە کاتی ئاساییدا وشکن، بەڵام سروشتیان وایە لە کاتی بارانی بەخوڕدا دەبنە ڕووباری هار. ئاسمانی تووڕە و زەویی تێرنەبوو هاوکات بە گرنگیی تێگەیشتن لە تایبەتمەندیی تۆپۆگرافی، زانینی تایبەتمەندیی سروشتیی و ژینگەیی ناوچەکەش گرنگە، بەتایبەتیش دەستنیشانکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی لەم بوارەدا درووست بوون، وەک: ١. گۆڕانی شێوازی باران: بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، شێوازی بارانبارین لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. پێشتر باران بە هێواشی و بۆ ماوەیەکی درێژ دەباری، بەڵام ئێستا دیاردەی "بارانی چڕ و کورتخایەن" ڕوودەدات. واتە بڕی بارانی مانگێک لە ماوەی ٣ کاتژمێردا دەبارێت. ٢. ئامارەکانی بارانبارین: تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە چەمچەماڵ لە نێوان (٣٠٠ بۆ ٤٥٠ ملم)ـە. بەڵام لە شەپۆلەکەی ئەم دواییەدا، ڕێژەیەکی زۆر بەرز لە ماوەیەکی کەمدا تۆمار کراوە کە نزیکە لە نیوەی تێکڕای دابارینی ساڵانە. ئەمەش فشارێکی گەورە دەخاتە سەر ژێرخانی ئاوەڕۆکان کە بۆ ئەو بڕە زۆرە دیزاین نەکراون. ٣. وشکەساڵی و لافاو: توێژینەوەکان دەریدەخەن کە چەمچەماڵ یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. وشکەساڵیی بەردەوام ڕووەکی سروشتیی لەناوبردووە؛ نەبوونی ڕووەک و پووش و پاوان وا دەکات هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئاوی باراندا نەبێت و خێراییەکەی دوو هێندە زیاد بکات. خەڵک و حکومەت؛ دەستی مرۆڤ لە کارەساتەکەدا؟ لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە ئاراوە: ئایا ئەمەی ڕوویدا تەنها سروشت بوو یان دەستی مرۆڤی تێدابوو؟ سەرچاوە ڕۆژنامەوانیی و زانستییەکان، پەیوەست بەم بوارەوە ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەدەن، لەوانە: ١. تەجاوز بۆ سەر ڕێڕەوی ئاو: بەپێی بەدواداچوونەکان، لە ناحیەی شۆڕش و بەشێک لە گەڕەکەکانی چەمچەماڵ و تەکیە، خانووبەرە و پرۆژەی نیشتەجێبوون لەسەر یان زۆر نزیک لە "دۆڵ و شیوە سروشتییەکان" دروستکراون. کاتێک ئاو دێت، ڕێڕەوە سروشتییەکەی گیراوە، بۆیە دەچێتە ناو ماڵەکانەوە. ٢. کەمتەرخەمیی حکومی و لاوازیی ژێرخان: سیستەمی ئاوەڕۆی ناوچەکە کۆنە و توانای وەرگرتنی ئاوی بارانی بەخوڕی نییە. زۆربەی مەنهۆڵ و ئاودەرە و پردەکان بچووکن و بە خاشاک و پاشماوە گیراون، کە ئەمەش ڕێگە لە ڕۆیشتنی ئاو دەگرێت. ٣. نەبوونی پۆند و بەنداوی بچووک: ئاوی بارانەکە لە بەرزاییەکانەوە بە بێ هیچ بەربەستێک دێتە خوارەوە. ئەگەر پۆند و بەنداوی بچووک لە دەوروبەری شارەکە هەبوایە، هەم لافاوەکە کۆنترۆڵ دەکرا و هەم ئاوەکە بۆ هاوین گل دەدرایەوە. دەرسێک بۆ داهاتوو ناوچەکە مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ لافاوی لەناکاودا هەیە، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی شار بە شێوەی هەڕەمەکی، زیانەکان لە ساڵانی کۆتاییدا زۆر زیاتر بوون. شارەزایان پێیانوایە دەتوانرێت بە گرتنەبەری هەندێک رێکار، ئەگەری دووبارە بوونەوەی کارەساتەکە کەم و لاواز بکرێت، لەنمونەی: لادانی زیادەڕۆیی: دەبێت بەپەلە ئەو خانوو و بەربەستانەی لەسەر ڕێڕەوی دۆڵەکان دروستکراون لاببرێن یان ڕێڕەوەکە فراوان بکرێت. پاککردنەوەی وەرزانە: پێش دەستپێکی وەرزی باران، دەبێت شارەوانییەکان سەرجەم ئاوەڕۆ و پردەکان لە خاشاک پاک بکەنەوە. دروستکردنی پشتێنەی سەوز و بەنداو: چاندنی دار لە دەوروبەری شار و دروستکردنی پۆند و بەنداوی بچووک بۆ شکاندنی تەوژمی ئاوەکە، باشترین چارەسەری درێژخایەنە. گۆڕینی ژێرخانی ئاوەڕۆ دەبێت ژێرخانی ئاوەڕۆ بەهێزبکرێت و بەشێوەیەک دیزاین بکرێت کە توانای گرتنەخۆی ئاوی لافاوی زۆریشی هەبێت. دواجار ئەم کارەساتە وانەیەکی تاڵ بوو. وانەیەک پێمان دەڵێت: سروشت ڕەحم ناکات کاتێک دەستکاریی یاساکانی دەکەین. سەرەڕێگرتن لە دۆڵەکان، گیرانی ئاوەڕۆکان، بایەخنەدان بە ژێرخانی شار لە سەوزکردن و کۆگاکردنی ئاو و لەهەمویشی گرنگتر:  بێباکی بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، باجەکەی قورسە؛ بەداخەوە ئەم باجەش زۆربەی کات هەژارەکان دەیدەن!

ئیێتا شەڕەکەیان لەسەر فڕۆکە ترسناکەکەی ئەمریکایە ئامادەکردنی هاوڵاتی فڕۆکەی ئێف-35 ئیسرائیلی تووشی دوودڵییەکی گەورە کردووە. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەنهێنی خەریکی لۆبیکردنە و دەیەوێت بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ رازی بکات ئەو فڕۆکەیە هەرگیز نەدرێتە دەست رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.  پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، رۆژی یەکی ئەم مانگە، نەتانیاهۆ لەگەڵ فرانک سەینت جۆن، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای لۆکهید مارتن کۆبووەتەوە، کە ئەو کۆمپانیایە بەرپرسە لە دروستکردنی فڕۆکە تۆقێنەرەکەی ئەمریکا.  نەتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کردووە چۆن بتوانرێت باڵادەستی ئیسرائیل لە فڕۆکەکەدا بهێڵرێتەوە ئەگەر هاتوو ترەمپ فرۆکەی ئێف-35ـی دایە دەست سعودیە و تورکیا. ئەلمۆنیتەر دەڵێت، نەتانیاهۆ ترسێکی گەورەی لێنیشتووە، بەڵام نایەوێت رووبەرووی ترەمپ بێتەوە و دژایەتی بکات. مانگی رابردوو ترەمپ رایگەیاند فڕۆکەی ئێف-35 بە سعودیە دەفرۆشن. میدیای ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئەو فڕۆکەیەی دەدرێت بە سعودیە وەشانێکی ئاست نزمترە بەراورد بەوەی لەژێر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە.  بەڵام دوودڵی نەتانیاهۆ زیاتر لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەکەیە بە تورکیا. ئەلمۆنیتەر باس لەوە دەکات بەرپرسانی ئیسرائیل زیاتر لە قسەیەکی ئەردۆغان نیگەرانن کە وادەریدەخات بیەوێت رووبەرووی ئیسرائیل بێتەوە.  ئەو گوتارەی باسی دەکەن لە تەمووزی 2024 بوو کاتێک ئەردۆغان گوتی، دەبێت ئەوەندە بەهێزبین ئیسرائیل نەتوانێت کاری گەمژانە بەرامبەر فەڵەستین بکات، هەروەک چۆن چووینە قەرەباخ و لیبیاوە، رەنگە هەمان شت بەرامبەر ئەوان بکەین. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ، ئەمریکا تورکیای لە پرۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆکەکە دەرکرد دوای ئەوەی ئەنقەرە سیستمی بەرگری ئێس-400ـی لە روسیا کڕی و چەند سزایەکی بەسەردا سەپاند. بەڵام لەمدواییانە پەیوەندییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان باشبوون و جارێکی دیکە واشنتن خەریکە رازیدەبێت فڕۆکەکە بدات بە ئەنقەرە. تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا هەفتەی رابردوو گوتی واشنتن و ئەقەرە کار لەسەر کێشەکانیان دەکەن سەبارت بە ئێف-35 بەڵام چەند بەربەستێک ماون. تورکیا لە ساڵی 2019 بەنیازبوو 100 فڕۆکەی ئێف-35 لە ئەمریکا بکرێت، بەڵام دەرکردنی ئەنقەرە لە پرۆگرامەکە، ئەمریکا دەڵێت، هەتاوەکو خاوەنی سیستمی ئێس-400 بیت، ئێف-35 وەرناگریت، بەرپرسانی تورکیاش رەتیدەکەنەوە واز لە سیستمی ئێس-400ـی رووسی بهێنن.  بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، لەنێو سوپای ئیسرائیل باس لە مەترسی پێدانی فڕۆکەی ئێف-35 دەکرێت بە وڵاتانی دیکە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی تورکیا، هەروەها دزەکردنی زانیارییە تەکنەلۆجییەکانی فڕۆکەکە بۆ چین. بەرپرسێکی باڵای سوپای ئیسرائیل دەڵێت: بابەتی سەرەکی ئیف-35 توانستە نهێنییەکانیەتی کە دەتوانێت خۆی بدزێتەوە لە رادار و سیستمی بەرگری، ئەمەش لە هەموو مۆدێلەکانی فڕۆکەکە هەیە و دەدرێتە سعودی و تورکەکان، جگە لەوەی سیستمی کۆنتڕۆلکردنی هەیە کە دەتوانرێت سەربەخۆ کاری پێبکرێت و نەگەڕێتەوە بۆ تاوەڕی سەرپەرشتی.  ئەو بەرپرسە سەربازییە باس لەوەش دەکات، "ئێف-35ـەکانی ئێمە توانییان ئێرانییەکان تووشی سەرسوڕمان بکەن و بە یەکجار سیستمی بەرگریمان تێکشکاندن بەبێ ئەوەی زیانمان بەربکەوێت. ئەم توانایە رەنگە لەدژی ئیسرائیل بەکاربهێنرێت کە وڵاتێکی بچووک و بەرتەسکە و پێویستی بە ئاگاداری پێشوەختە هەیە پێش ئەوەی چەکی دوژمن ئاسمانەکەی ببەزێنیت. بەرپرسە سەربازییەکەی ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە، لەپڕێکدا هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل و بە یەکجار هەموو ناوچە گرنگەکانی لەدەست بدات بۆیە دەڵێت، سەرجەم ئامانجە سەربازی و سڤیلییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەیەکی بچووکی چڕدا کۆبوونەتەوە، ئەگەر فڕۆکەی ئێف-35 لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەڵبستێت و لەپرێکدا لە ئاسمانی ئیسرائیل دەربکەوێت دۆخێک دروست دەبێت ئیسرائیل ناتوانێت بەرگەی بگرێت و بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری دەخاتە سەر توانای بەرگریکردن لە خۆی.

بەرپرسانی وڵاتەکە ترسیان لێنیشتووە و بە بودجەی زەبەلاح چەک دەکڕن خزمەتی سەربازی لە ئەڵمانیا دوای 14 ساڵ گەڕێنرایەوە ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەڵمانیا بەتەواوی خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات و بەرپرسانی وڵاتەکە بڕوایانوایە جەنگ لەگەڵ رووسیا بێگومان روودەدات.  ئەو پیاوەی گەورەترین ترسی لێ نیشتووە لە ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیایە کە چەندین جار هۆشداری داوە و گوتوویەتی: دەبێت تاوەکو 2029 خۆمان بۆ جەنگ ئامادەبکەین. هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەڵمانیا بەتەواوی ئامادەکارییە بۆ جەنگێکی درێژخایەن، بەوپێیەی چەند رۆژێک لەمەوبەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئارۆی ئیسرائیلی جێگیرکرد، کە سیستمێکی زۆر پێشکەوتووە و لە جەنگی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێراندا سیستمەکە تواناکانی خۆی سەلماند چونکە بەشێکی زۆری مووشەکەکانی ئێرانی لە دوورییەکی زۆرەوە خستەخوارەوە.  ئەڵمانیا ئەم سیستمەی لە سێ ناوچەی باکور، باشور و ناوەراستی وڵاتەکە جێگرکرد بۆ ئەوەی ببێتە قەڵغانێکی تەواوەتی بەسەر وڵاتەکەیەوە دژی مووشەکە مامناوەند مەودا و دوور مەوداکانی رووسیا. تێچووی سیستمەکە چوار ملیار و 18 ملیۆن دۆلارە و بەوە ناسراوە کە دەتوانێت لە دووری هەزار کیلۆمەترەوە هەست بە هەر مووشەکێک بکات و بیخاتەخوارەوە، مەودای بڕینی مووشەکەکانی سیستمەکەش دوو هەزار 400 کیلۆمەترە.  ئەوەی ئەڵمانیا خەریجیکردووە لەم سیستەمەدا بەشێکی زۆر کەمە، چونکە پەرلەمانی وڵاتەکە بەنیازە بە یەک گوژمە رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 52 ملیار دۆلار بدات بۆ کڕینی چەک و پێداویستی جەنگ کە ئەمە زەبەلاحەترین بودجەیە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە یەک جار رەزامەندی لەسەر بدات بۆ وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە.  هەر ئەمەش نییە، بۆریس پیستۆریۆس بەجۆرێک کەوتووەتە خۆی کە یەکێک بوو لەوانەی بەرگریی لە گەڕانەوەی خزمەتی سەربازی دەکرد، هەر بۆیە پەرلەمانی وڵاتەکە دوای 14 ساڵ، لە سەرەتای ئەم مانگەوە پرۆژەیاسای خزمەتی سەربازی خۆبەخشی پەسەندکرد و لەمەودوا هەر هاووڵاتییەکی ئەڵمانی سەروو 18 ساڵ بە رەزامەندی خۆی دەتوانیت خزمەت بکات.  بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا تاوەکو تەمووزی 2027 رێگە بەمە دەدات و ئەگەر بزانێت کەم کەس بەدەم داواکەوە هاتوون ئەوا کارەکە دەکاتە زۆرملێ و دەبێت هەموو کەسێکی سەروو 18 ساڵ پشکنین بۆ خزمەتی سەربازیی بکات بۆ ئەوەی ئەگەر جەنگ هەڵگیرسا راستەوخۆ بچنە سوپاوە و بەزۆرەملێ دەستبکەن بە خزمەتی سەربازی. سوپای ئەڵمانیا 182 هەزار کارمەند و سەربازی لەئێستادا هەیە و پیستۆریۆس چاوی لەوەیە تا ساڵی داهاتوو 20 هەزار سەرباز زیاد بکات و تاوەکو 2023ـیش ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی بگەیەنێتە 260 هەزار.  چەند مانگێک لەمەوبەر ئەڵمانیا رەزامەندی یەکێتی ئەوروپای وەرگرت بۆ خەرجکردنی 500 ملیار یۆرۆ لە ژێرخانی بەرگریی لەماوەی چەند ساڵێکدا. بەرلین بەنیازە بودجەی بەرگرییەکەی بگەیەنێتە 108 ملیار یۆرۆ و تاوەکو ساڵی 2029ـش ئەو بڕە دەگەیەنێتە 150 ملیار یۆرۆ. ئەڵمانیا ئاسمانی وڵاتەکەشی لەبیرنەکردووە و داوای 15 فڕۆکەی ئێف-35ـی ئەمریکی کردووە، پێشتریش 35 فڕۆکەی جەنگی هەمان جۆری لە ئەمریکا داواکردبوو. ئەم خەرجییانە بەشێکی زۆری بە بە فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، کە لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ تووڕەیە و دەڵێت بودجەی بەرگرییان کەمە. ترەمپ هێندە لە ئەوروپییەکان تووڕەیە کە فەرامۆشی کردوون و لەنوێترین لێدوانیشدا گوتی، وڵاتە ئەوروپییەکان لە پوکانەوەدان و لاواز بوون.  روسیا و ئەوروپییەکان یەکتری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەیانەویت جەنگی ئۆکراین فراوانتر بکەن. ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، چەند رۆژێک لەمەوبەر لەسەر ئەو بابەتە هەڕەشەيەکی تووندی لە وڵاتە ئەوروپییەکان کرد و گوتی: ئێمە لە ئۆکراین بەوردییەوە مامەڵە دەکەین، ئەوەی دەیکەن جەنگێکی راستەوخۆ نییە، ئەگەر ئەوروپا بیەوێت جەنگ هەڵبگیرسێنێت ئەوا ئێمە ئامادەین و دۆخێک دێتەئاراوە کە کەس نەبێت دانوستانی لەگەڵ بکەین.  

زیانی لافاوەکە چی بوو؟ کێ قەرەبوویان دەکاتەوە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام لە رۆژی سێشەممە شەپۆلەکە هێندە چڕبوو کە بووە هۆی لافاوێکی گەورە، بەتایبەتی لەسەر چەمچەماڵ. بە گوێرەی ئاماری کەشناسی لە 24 کاتژمێردا 120 ملیمەتر باران باریوە. لافاوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس. یەکەمیان، کچێکی تەمەن 22 ساڵ بوو بەناوی بۆکان بەشارەت کە خاوەن پێدوایستی تایبەت بوو. بەشارەت شەریفی باوکی دەڵێت: هەموو شت لەناکاو بوو، سێ منداڵم بە باوەش رزگار کرد ئیدی ئاگام لە بۆکان نەما، وامزانی لەگەڵ منداڵەکانی دیکەیە، بەڵام وانەبوو. قوربانییەکی دیکە، عومەر سەعید ئەمینە، بەگوتەی هاوڕێکانی چووە بۆ نوێژکردن و لە کاتی نوێژدا گوتییەتی: مردن و ژیان بەدەست خودایە با نوێژەکەمان بکەین. کوڕەکەی بە دڵی پڕەوە دەڵێت، دوای نوێژ بە تەنیشت دیواری مزگەتەکەدا هاتووەتەوە، لەوکاتەدا لافاو دیواری مزگەوتەکەی بەسەردا رووخاندووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. زیانە مادییەکانیش زۆر بوون بەجۆرێک لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش ئاو چووەتە زیاتر لە 600 ماڵ. سەدان ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە و لافاو بردوونی. دەیان کەسیش، کە منداڵیشیان تێدایە، بە زەحمەتییەکی زۆر لە لافاوەکە رزگار کران. کاریگەرترین دیمەنیش، کە کاردانەوەی زۆری بەدوادا هات، رووخانی دیواری قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی بوو لە ناحیەی تەکیە کە لافاو چووە نێو پۆلەکان و لە ماوەی چەند چرکەیەک ئاو گەیشتە سەریان. دواترمامۆستاکان بە باوەش و زەحمەتییەکی زۆر قوتابیانیان رزگار کرد. کەرکوکیش بەبێ زیان لەم لافاوە دەرنەچوو. شەوی رابردوو لە گەڕەکی شۆراو لافاو چووە نێو چەند ماڵێکەوە و ژنێک لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگاربوون لە لافاو دەست بە ستوونێکی کارەباوە دەگرێت و بەهۆی شۆڕتی کارەباوە گیان لەدەستدەدات. کارمەندێکی شارەوانیش بە هەمان شێوە لە کاتی پاککردنەوەی جۆگە و رێڕەوەکان کارەبا دەیگرێت و بریندار دەبێت و لە کەلاریش منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ بەناوی هەردی عومەر لە ئاوی پردی گازینۆ خنکا. زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە؟ زیانە مادوییەکان بە تەواوی دەستیشان نەکراون، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان بە زیاتر لە 10 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت. رەمک رەمەزانی، قایمقامی قەزاکە گوتی، با راشکاو بم لەگەڵتان ئەگەر لە چەند ملیار دینارێک زیاتر بێت ناتوانین قەرەبوویان بکەینەوە. قوباد تاڵەبانیش کە دوێنی سەردانی زیانلێکەوتوانی کرد، گوتی لێپێچینەوە دەکەین و چاوپۆشی لەکەس ناکەین، هەر کەس کەمتەرخەم بێت سزای دەدەین. بەڵام خەڵکی قەزاکە قسەیەکی دیکەیان هەیە و دەڵێن، پۆندێک لە بانی مەقان دروستکراوە، لەسەر پۆندەکە زیادەڕۆیی کراوە و ئاڕاستەی لافاوەکەی گۆڕیوە بەرەو چەمچەماڵ و شۆرش، هەربۆیە لافاوەکە لەماوەی کەمدا دروستبووە.

وڵاتەکە بەپێی چەند مەرجێک رێ بە فرۆشتنی ماددە کحولییەکان دەدات ئامادەکردنی هاوڵاتی. دوای 73 ساڵ سعودیە رێکارەکانی فرۆشتنی مادە کحولییەکان ئاسانتر دەکات، لە چوارچێوەی دیدگای سعودیە بۆ ساڵی 2030. سعودیە کە وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانە و زۆربەی یاساکانی لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگرتووە، زیاتر لە 73 ساڵە فرۆشتن و مامەڵەکردن بە ماددە کحولییەکانەوە تێیدا قەدەغەیە، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، یاسای نوێ دەردەکرێت کە خۆی بە کرانەوەی وڵاتەکەی بە رووی جیهاندا وەسفی دەکات. پێگەی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، سعودیە دەیەوێت فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بۆ کەسانی ناموسڵمان ئاسانتر بکات بەڵام بە مەرج. یەکەم، کەسەکە دەبێت موسڵمان نەبێ.  دووەم، داهاتی مانگانەی زیاتر بێت لە 50 هەزار ریاڵی سعودی کە دەکاتە زیاتر لە 13 هەزار دۆلار. ئەمە چۆن بوو؟ لە ساڵی 1952 پاشا عەبدولعەزیز بن سعود بە فەرمی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی لە سعودیە قەدەغەکرد و ئەگەر کڕین یان فرۆشتن یان ئاسانکاری بۆ بکرایە بە زیندانی کردنی چەند مانگ یان چەند ساڵێک کەسەکە سزا دەدرا، جگە لە سزای مادی و هەندێک جار 500 قامچیشی لێدەدرا.  ئەم بڕیارەی پاشا عەبدولعەزیز دوای ئەوە هات کە مشاری کوڕی پاشا عەبدولعەزیز بە سەرخۆشی تەقەی لە ماڵی جێگری کونسوڵی ئەوکاتی بەریتانیا کرد و لە رووداوەکەدا جێگری کونسوڵ کوژرا. سزاکەی پاشا عەبدولعەزیز بۆ کەسانی بیانی جیاواز بوو، چونکە تەنها لە وڵاتەکە دەردەکران. بەڵام دوای فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی محەمەد بن سەلمان و هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان و دروستکردنی پڕۆژە گەورەکان، حکومەتی سعودیە لە 24ـی مانگی یەکی 2024 رایگەیاند، رێگە بە کردنەوەی یەک فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکان دەدەن ئەویش لە ریازی پایتەخت لە ناوچەی باڵویزخانەکان و تەنها بۆ دیپلۆماتکار و بالیۆزەکانە دەبێت. ئێستا ئەوەی جارێکی دیکەی میدیای عەرەبی و جیهانی سەرقاڵ کردووە هەواڵەکەی پێگەی بلومبێرگی ئەمریکییە کە باس لەوە دەکات دەبێت ئەو کەسانەی دانیشتووی سعودیەن و ناموسڵمانن، بە فەرمی بیسەلمێنن داهاتی مانگانەیان لە 50 هەزار ریاڵی سعودی زیاترە بۆ ئەوەی بتوانن بچنە فرۆشگاکەوە و خواردنەوە کحولییەکان بکڕن. حکومەتی سعودیە ناسنامەیەک بۆ ئەو کەسە بیانی و ناموسڵمانانە دەردەکات کە مەرجەکانیان تێدایە بۆ ئەوەی بە ئاسانی مامەڵە بە خواردنەوە کحولییەکانەوە بکەن. ئێستا تەنها یەک فرۆشتگای مادە کحولییەکان لە سعودیە هەیە کە دەکەوێتە ریازی پایتەختەوە، بەڵام هەوڵی کردنەوەی دوو فرۆشگای دیکە دەدرێت لە شارەکانی جیدە و زەهران. لە کافێیەکی ریازیش دیاردەیەکی نوێ دروستبووە و پیاوانی موسڵمان و ژنانی عەبابەسەر و نیقاب سەردانی دەکەن بۆ خواردنەوەی بیرەی بێ کحول کە بە بیرەی حەڵال ناسراوە.  کافێکە کەشێکی تەواوی وەک باڕ و یانەکانی هەیە، خاوەنی کافێکەش دەڵێت، دەمانەوێت ئەزموونێکی وا بدەین بە سەردانیکەرانمان کە بتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکانەوە بڵاوی بکەنەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت،   سزای لەسێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی کورد بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان، هەڵوەشایەوە. سزای سێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سنە و یەکێک لە ئەندامانی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) کە ئێستا لە بەندیخانەی ئێڤین بەسەردەبا، هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دوبارە بۆ هەمان لقی دەرکەری سزا نێردرایەوە. بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای سێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی کورد، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا هەڵوەشایەوە و بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە بۆ لقی دەرکەری سزا، واتە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بەڕێکرایەوە. مستەفا نیلی، پارێزەری وەریشە مرادی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئەکاونتی (ئێکس)ی خۆی نووسیویەتی: "دوای لێکۆڵینەوە لە داوای پێداچوونەوەی پەسەندکراو سەبارەت بە خاتوو وەریشە مرادی لە دیوانی باڵا، بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان (نەبوونی تێگەیاندنی تۆمەت بنەمای دەرچوونی سزای سێدارە لە قۆناغەکانی دادڕەسیدا)، سزای دەرچووی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران هەڵوەشێنرایەوە و دۆسیەکە دووبارە بۆ لێکۆڵینەوە بۆ هەمان لق بەڕێکرایەوە". ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر ی ساڵی ڕابردوو(١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) و هاوکات لەگەڵ “ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارەدان” لە ناڕەزایەتی بە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای سێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ماوەی ٢٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت. وەریشە مرادی، خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی ئەبوولقاسم سەلەواتی بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک سزای سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو. دوایین دانیشتنی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی وەریشە مرادی لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو و پارێزەرەکانی ناوبراو لە درێژەی یەکەمین دانیشتنی دادگا (٢٧ی جۆزەردان) و دووەمین دانیشتنیشدا، مافی خوێندنەوەی دۆسیەکەیان پێنەدرا. هەروەها، وەریشە مرادی لە مافی بەرگریکردن لە خۆی لە درێژەی دادگاکەدا بێبەش کرا. ناوبراو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لە ڕێگەی مەریوان بۆ سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕفێنرابوو. هەروەها لە کاتی ڕفاندندا بە توندی لێی درا و بەبێ چارەسەری پزیشکی بۆ گرتووخانە گوازرایەوە.

هەنگاوی داهاتووی تورکیا بەرامبەر رۆژاڤا چییە؟ هەسەدە ئامادەکاری دەکات و ئەنقەرەش خەریکی ناردنی هێز و چاودێریکردنە ئامادەکردنی، هاوڵاتی بەیانییەکی زووی هەشتی مانگ هادی ئەلبەحرە، سەرکردەی هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە وتارێكی 25 چرکەیی گرتنی دیمەشق و کەوتنی رژێمەکەی ئەسەدی راگەیاند. ئەمە چۆن روویدا؟ دەستەی تەحریر شام لە ساڵی 2017 بە پشتگریی تورکیا دامەزرا کە لە چەند گروپێک پێکهاتبوون بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع کە ئەوکات بە ئەبو محەمەد جۆلانی ناویدەرکردبوو. لە کۆتاییەکانی مانگی 11ـی ساڵی 2024 تەحریر شام ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد و بە توندی رووبەڕووی هێزەکانی ئەسەد بوویەوە. سەرەتا لە حەلەب دەستی پێکرد تا دیمەشق بەردەوام بوو. تەنها بە 11 رۆژ زۆربەی ناوچەکانی سوریای گرت و لە رۆژی هەشتی مانگی دوانزە سەرکەوتنیان راگەیاند. دوای ساڵێک لە رووداوەکان چی روویدا؟ دوای ئەوەی بەشار ئەسەد وڵاتی بەرەو سوریا بەجێهێشت ئەحمەد شەرع چووە شوێنەکەی و بەشێک لە وڵاتان پشتگریان کرد، لەوانەش بە پلەی یەکەم تورکیا بوو.  دوای 12 ساڵ لە جەنگی ناوخۆ و کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس، سوریا جارێکی دیکە بەڕووی جیهاندا کرایەوە و ئەمریکا، بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ، بەشێکی زۆری سزاکانی لەسەر لابرد. لەدوای رووخانی ئەسەد هێزەکانی تەحری شام هێرشیان کردەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوا کوردستان و چەند ناوچەیەکیان داگیرکرد. هەرچەندە بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی گەورەتر لەنێوان سوپای سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) روونەدات، لە مانگی ئازاری 2025 ئەحمەد شەرع لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رێککەوتنێکی ئیمزاکرد کە بە رێککەوتنی 10ی ئازار ناسرا. لە رێککەوتنەکەدا تێیدا ئاگربنەست راگەیاندرا و زەمینە خۆشکرا بۆ تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا. بەڵام دوای ساڵێک لە دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سوریا بەڵێنەکانی جێبەجێنەکردووە لە پێدانی ماف بە کەمە نەتەوایەتییەکان و بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسی و تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا.  مەزڵوم عەبدی بە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی راگەیاندووە، 2026 بۆ ئەحمەد شەرع یەکلاکەرەوە دەبێت، ئەگەر بزانێت بە ژیری مامەڵە بکات، ئێمەش گۆڕانکاری جدیمان لەو دەوێت نەک تەنها بەڵێن. مەزڵوم عەبدی باسی لەوەش کرد، هەسەدە 100 هەزار شەڕڤانی هەیە و تێکەڵبوونی بە سوپای سوریا قورسە، هەرچەندە بڕیاریانداوە کە سێ فیرقەی هێزەکانی هەسەدە و دوو یەکەی تایبەت، کە یەکێکیان یەکەی ژنان، بە سەربەخۆیی بهێڵنەوە بۆ پاراستنی و بەرگریکردن لە رۆژاڤا. تورکیا زۆر هەوڵدەدات لەمیانی پرۆسەی ئاشتیدا و لەرێی فشارکردن لە ئەحمەد شەرع هەسەدە چەک دابنێت، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی پێشتری ئەلمۆنیتەر رێبەر ئۆجەلان سازش لەسەر ئەوە ناکات و هەسەدە لای ئەو هیڵی سوورە. ئەنقەرە دەشیەوێت بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لەناوبچێت و سوریا یەک دەوڵەت بێت، بەڵام ئیدارەی خۆسەر نایەوێت سازش لەسەر ئەمە بکات و دەیەوێت بە لامەرکەزی بمێنێتەوە. مەزڵوم عەبدی زۆر بە راشکاوانە گوتی، هەسەدە هیچ جێگرەوەیەکی نییە و هاوکاری ئەمریکا پێویستە بۆ دەسەڵاتی ناناوەندی لە سوریا و دەبێت واشنتن رۆڵێکی هاوسەنگتر بگێڕێت.

ئەو هەنگاوە هەڵەی رێنووسیی و زمان بوو یان شتێکی دیکە بوو؟ تەڵەیەک بۆ بەرپرسێکی گەورە نراوەتەوە و گومان دەکرێت بکرێتە قوربانی ئامادەکردنی هاوڵاتی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەزارەتی دادی عێراق بە بڵاوکردەوەی راگەیەندراوێک لە رۆژنامەی وەقائعی عێراق کە مێژووی دەرکردنی بۆ مانگی رابردوو دەگەڕێتەوە، گڕی لە شەقامی سیاسی وڵاتەکە بەردا کە تێیدا حزبوڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن خرانە لیستی تیرۆرەوە و بڕیاردرا دەست بەسەر سەروەرت و سامانیاندا بگیرێت.  زۆری نەبرد حکومەتی عێراق هاتە دەنگ و رایگەیاند، ئەو راگەیاندراوە هەڵەیە و پێش بڵاوکردنەوە پاکنووسی تێدا نەکراوە.  بەڵام، زۆربەی سیاسییەکانی عێراق ئەم هەنگاوە بە هەڵەی زمانەوانی لێکنادەنەوە و دەڵێن نهێنییەکی دیکەی لە پشتە کە پەیوەندی بە دۆخی سیاسیی وڵاتەکەوە هەیە. محەممەد شیاع سودانی هەرزوو بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و لە راگەیاندراوێکدا گوتی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ بە بەرپرسیار دانانی ئەو کەسانەی "هەڵەکەیان" کردووە.  پێگەی زە ناشناڵی ئیماراتی لە زاری چەند سیاسییەکی عێراقەوە بڵاویکردەوە کە گروپەکانی سەر بە ئێران فشارێکی زۆریان لە بەغدا کردووە بۆ ئەوەی حزبوڵا و حوسییەکان لە لیستەکەدا لاببات. یەکێک لە سیاسییەکان دەڵێت، ئێستا حکومەت لەژێر تووڕەییەکی زۆری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندایە بەهۆی ئەو نووسراوەوە و چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە بە ناساندنی حزبوڵا و حوسییەکان لەلایەن بەغداوە هەنگاوێکە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل. هەرچەندە پێشتر سودانی بە پشتگیری چوارچێوەی هەماهەنگی بووە سەرۆکوەزیران، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی ئەمساڵ پەیوەنییەکانی هەردوولا گرژی تێکەوتووە، بۆیە سودانی بە لیستێكی جیا بەشداری هەڵبژاردنی کرد.  چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتەبێژی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی هەموو شتێکی ئاشکرا کرد و گوتی، سودانی لە گروپی وەتسئەپی چوارچێوەی هەماهەنگی دەرکراوە و خولی دووەم نابینێتەوە، بەو مانەیەی چوارجێوەی هەماهەنگی ناهێڵێت ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران. چەند بەرپرسێکی عێراق بە پێگەی زە ناشناڵیان راگەیاندووە، ئەوان بڕوایانوایە نووسراوی بە تیرۆریست ناساندنی حزبوڵا و حوسییەکان بە ئەنقەست نووسراوە بۆ ئەوەی پێگەی سودانی لاواز بکەن تا نەتوانێت ببێتەوە سەرۆکوەزیران و پەیوەندییەکانی لەگەڵ گروپەکانی سەر بە ئێران تێکبچێت.  یەکێک لە بەرپرسەکان دەڵێت، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوە بوو تا زامنی ئەوە بکرێت سودانی نەتوانێت بۆ خولی دووەم ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران. ئەو نووسراوەی باسی حزبوڵا و حوسییەکانی تێدایە بووەتە جێی باس لە ناوخۆی وڵاتەکە و هەرای ناوەتەوە. مستەفا سەنەد، پەرلەمانتارێکی عێراقی کە نزیکە لە ئێرانەوە، لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک نوسیوویەتی: عێراق هەڵوێستێکی شەرمەزارانەی گرتووەتەبەر کە هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی ئەوەی نەکردووە، شەرمەزار بن. هەرچەندە بەغدا گوتی، کارەکە هەڵە بووە و لیستێکی نوێ بڵاودەکرێتەوە کە ئەو دوو گروپەی تێدا نەبێت، بەڵام بەرپرسێکی عێراقی دەڵێت، نووسراوەکە چونکە لە وەزارەتی دادەوە دەرچووە هێشتا هێزی یاسایی خۆی هەیە چونکە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق قەوارەی یاسایی و زمانحاڵی فەرمی حکومەتە. هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق پێیوایە، پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکومەت لەژێر دەستی گروپەکانی سەر بە ئێرانە. هحشیار زێباری پشتگیری لە بڕیارەکە دەکات و دەڵێت: لیژنەکە کاری پیشەیی خۆیان کردووە بۆ ناساندن و دەستبەسەرداگرتنی سامانی گروپە تیرۆریستییەکان.  

گەڕی دووەمی شەڕەکە کەی دەستپێدەکات؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی  ئەمانە قسەی یۆرام ئیتینگەر، راوێژکاری پەرلەمانی ئیسرائیلە و دەڵێت، ئەمجارە ئێران بەهێزێکی گەورەتر خۆی ئامادە کردووەتەوە و سەکۆ موشەکییەکانی نۆژەنکردووتەوە، گرووپەکانی بەرەی مقاومە و حزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەنی پڕ چەک کردووە. هەر ئەوەش نا رۆژنامەی  یه‌دیعۆت ئه‌حره‌نۆت ئیسرائیل نووسیویەتی، ئێران دەستی کردووتەوە بە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی شل بۆ موشەکەکانی و هەرەوەها 10 بۆ 12 کەشتی لە چینەوە بۆ هاتووە کە جۆرێکی تایبەتی سۆدیۆمی تێدایە و لە بواری مووشەکی بالیستیکیدا بەکاردەهێنرێت، ئەو بڕەی لە چینەوە بۆی هاتووە بە نزیکەی دوو هەزار تۆنە و بەشی 500 مووشەکی بالیستکی دەکات.  رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تەنها لەسەر کات ماوە، ئێران کار دەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر هێرشێکدا دوو هەزار مووشەک لە یەککاتدا هەڵبدات. رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات، ئێران بەشی 11 چەکی ئەتۆمی یۆرانیۆمی پیتاندووە و بەردەوامیش مووشەک و درۆن بۆ گرووپەکانی سەر بەخۆی دەنێرێت. لەسەر چاککردنەوەی شوێنە زیان پێگەیشتووەکانی شەڕە 12 رۆژەکەی ئێران و ئیسرائیل، دەزگای پەخشی ئیسرائیل دەڵێت، ئێران هەر زوو سەکۆ مووشەکییەکانی چاککردووەتەوە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە چەک بۆ حزبوڵا، مووشەکی بالیستیکی و درۆن بۆ حوسییەکان بنێرێت. بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگیریی ئیسرائیل [مۆساد]، تێبینی چەند کەشتییەکیان کردووە کە چەکیان بۆ گرووپەکانی نزیک لە ئێران ناردووە. تایمز ئاشکرای کردووە، رەنگە ئیسرائیل بەر لە کۆتایی ساڵ هێرش بکاتەوە سەر دامەزراوە ئەتۆمیی و سەکۆ مووشەکییەکان و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئەوەی ئێران توانای نەبێت بەرگری لە خۆی بکات.  لە 13ـی حوزیران ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و ئۆپەراسیۆنەکەی بە "هەستاوەنەی شێر" ناوبرد و ئێرانیش لە زاری خامنییەوە کردی بە  "بەڵێنامەی راستگۆیی سێیەم". هەرچەند ژمارەی کوژراو بریندارەکان لە هەردوولا بە تەواوی ئاشکرا نەکرا، بەڵام ئێران دەڵێت، هەزار و 62 کوژراومان هەیە و ئیسرائیلیش دەڵێت 28 کەس لە وڵاتەکەی کوژراوە.

کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەولێر و بەغدا خەریکی چین؟ عێراق گەرەترین هەڵەی ئەمریکا بوو کە نابێت دووبارەی بکاتەوە ئامادەکردنی: هاوڵاتی ئەمانە هەمووی قسەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا بوون، کە لە چاوپێکەوتنێکدا ئەوەی لەژێر بەڕە بوو خستییە سەر بەڕە.  تۆم باراک بە چاوپێکەوتنێکی 13 خولەکی لەگەڵ میدیای زە ناشناڵی ئیماراتی نهێنی زۆری لەبارەی سیاسیەتی ئێران و ئەمریکا لە عێراق دەرکاند و باسی هەژموونی گەورەی تارانی بەسەر بەغداوە کرد، سەرەڕای ئەو هەموو بودجەیەی واشنتن بۆ حێراقی تەرخانکردووە.  تۆم باراک بەهۆی ئەوەی خۆی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەراستە، بۆیە چۆنیەتی رووداوەکان دەزانێت و بەوەش ناسراوە کە زۆر راشکاوە و لەبەر دڵی کەس قسە ناخواتەوە.  نێردەی تایبەتی ترەمپ دانی بەوەدا نا، سیاسیەتی ئەمریکا لە عێراق نمونەیەکی گەورەیە کە نابێت هەرگیز دووبارە بکرێتەوە و گوتی: دوای تەرخانکردنی سێ ترلیۆن دۆلار و کوژرانی هەزارەها کەس، ئەمریکا بەدەستبەتاڵی لێی دەرچوو، ئێرانیش هەموو هەژموونی خۆی لە عێراقدا جێگیرکردووە.  تۆم باراک زۆر راشکاوانە گوتی، کاتێک ئەمریکا هات، کورد و شیعە و سوونەی رێکخست و پیشتریش رێی بە دروستبوونی هەرێمی کوردستاندا، لێرەدا واشنتن بۆ ماوەیەک عێراقی فیدڕاڵی بۆ رێکخستن، بەڵام دواتر گوتی، خۆتان مامەڵە لەگەڵ خۆتان بکەن چونکە ئەمە بۆ ئەمریکا ئاسانتر بوو، ئیتر لەنێو خۆیاندا بوو بە شەڕ و ململانێ و بۆشاییەکی ئەمنی دروستبوو، ئێرانیش ئەمەی قۆستەوە و بۆشاییەکەی پڕکردەوە. ئەو دەڵێت، لە عێراق تەنها میلیشیاکانی ئێران دەسەڵاتییان هەیە و سەرۆکوەزیران هیچ دەسەڵاتێکی نییە، باسی لە کونسوڵخانە نوێیەکەی ئەمریکا لە هەولێریش کرد کە 800 ملیۆن دۆلاری تێچووە، بەڵام بە قسەی خۆی لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد "سوودێکی وایان بۆ ئەمریکا نییە" بەهۆی هەژمووی ئێرانەوە. ----  باراک پێیوایە ئێران بە ئاسانی دەستبەرداری عێراق نابێت، چونکە حەماس و حزبوڵا و تەنانەت بەشار ئەسەدی لەدەستدا، بەڵام عێراق تاکە شوێنە تاران ئێستا پێگەیەکی گەورەی خۆی تێدا جێگیرکردووە و وەک ناوچەکانی دیکە نایدات بەدەستەوە.

وادەکەی مەسعود پزیشکیان بەسەرچوو خەڵکی وڵاتەکە هاواریان لێهەستاوە و تاران ناچارە پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات ئامادەکردنی هاوڵاتی  ئەوەی بەسەر خەڵکی ئێراندا دێت لەماوەی 58 ساڵی رابردوو وێنەی نەبووە، بەجۆرێک هێندە بێئاوی رووی تێکردوون کە لە بۆشایی ئاسمانەوە رووبار و بەنداوەکانیان بە وشکی دەبینرێت. ئەمساڵ تائێستا 20 پارێزگای وڵاتەکە تەنانەت یەک دڵۆپە بارانیان بەخۆیانەوە نەبینیووە، لەکاتێکدا ئێستا وەرزی بارانە لە ئێران و دەبوو لە مانگی نۆی ئەمساڵەوە باران دەستیپێکردبا. ئەوەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە تارانی پایتەختە کە 15 ملیۆن دانیشتوانی هەیە و بووەتە شارێکی وشک و برینگ. پێشتر مەسعود پزشکیان، سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو مانگی 12 باران نەبارێت ئەوان بەناچاری پێویستە خەڵکی تاران شارەکە چۆڵ بکەن.  بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆیتەرز، نزیکەی 10%ـی بەنداوەکانی وڵاتەکە وشک بوون و هیچ ئاوێکیان تێدا نەماوە. میدیاکانی ئێران باس لە دۆخی خراپی خەڵکی وڵاتەکە دەکەن و دەڵێن، ئیتر وەک جاران نەماوە، بەرپرسانی وڵاتەکە بۆ پارێزگاریکردن لە ئاو، رۆژانە 6 بۆ 12 سەعات ئاو لە ماڵان دەگرنەوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دۆخەکە خراپترە. میدیای ئێران دەڵێت، ئیستا خەڵکی بانە تەنها دوو کاتژمێر ئاویان بۆ دەکرێتەوە. لە تاران دۆخەکە بەجۆرێکە هەندێک کات 15 کاتژمێر بۆ رۆژێک ئاو لە خەڵک دەگیرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی ئاسایی دانیشتووانی تاران 12 سەعات لە رۆژێکدا هیچ ئاوێک بە بەلوعەکانیاندا نایەت. دانیشتوانێکی تاران بۆ پێگەی ئێران وایەر دەڵێت، ئێمە لە قوتابخانە باسی بەرزەخ و دۆزەخمان بۆ کراوە، بەڵام ئێستا رێک وەک ئەوە وایە لەنێو هەردووکیاندا بژین.  بەهۆی بێبارانییەوە، هەوای پیسیش بەرۆکی دانیشتووانی شارەکەی گرتووە و ئێستا بووەتە یەکێک لە پیسترین شارەکانی جیهان.  ئاژانسی هەواڵی میهر دەڵێت، بەنداو وعەمبارە سەرەکییەکانی تاران ئێستا ئیتر تەنها 11% ئاویان تێدایە. بەرپرسانی وڵاتەکە کەوتوونەتە خۆو داوای یارمەتی لە وڵاتانی دیکە دەکەن. عەباس عەلیئابادی، وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، هەر وڵاتێک ئاومان پێ بفرۆشێت ئێمە ئامادەین لێی بکڕین.  پێشتر عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای ئێران، داوای لە دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد دەست بە ئاوەوە بگرن، بەڵام خەڵکی وڵاتەکە دەڵێن، ئەمە داوایەکی نامەعقوڵە چونکە خۆ بەرپرسان هەر ئاو ناکەنەوە بۆمان تا دەستی پێوە بگرین.

✍️ سەرتیپ جەوهەر ئەگەری پێكهاتنی حكومەتی هەرێم هەروا دێت ئالۆَزتر و زەحمەتتر دەبێت، ئەگەر تەدەخولی دەرەكیی بەتایبەت ئەمریكا نەبێت، ئەم 4 ساڵە حكومەت دروستناكرێت. پەیوەندی پارتی و یەكێتیی تائێستا گرژە، هێشتا لێكەوتەو كاریگەریی بانگەشەی توندی هەڵبژاردنی رابردوو بەسەر پەیوەندییەكانیانەوە ماوە. بەر لەچەند رۆژێك دیداری قاوەخواردنەوەیەك لەماڵی قوباد تاڵەبانیی لەهەولێر لەنێوان هەلادوولادا ببوو، پێدەچێت زیاتر بۆ گلەیی گازندە لەیەكتر بووبێت و بۆ رەواندنەوەی ئەو شەڕە ئیعلامییە توندەی نێوان هەلادوولا بووبێت عەرەب گوتەنی بۆ تەلتیفی ئەجوا بووە نەك گفتوگۆی جددی پێكهێنانی حكومەت. پارتی لێرەو لەوێ‌ باس لەلێدان لەگروپە چەكدارەكانی عیراق دەكات تا كۆتایی ئەم مانگە، واتە دیسان گرەو لەسەر لاوازبوونی ئێران لەعیراق دەكات. پێیانوایە ئەگەر ئەوە ببێت كاریگەری لەسەر رۆڵ و پێگەی یەكێتیی دەبێت لەعیراق، بەئیعتیبار یەكێتیی لەبەرەی ئێرانەو نزیكی لایەنە شیعەكانە. بەر لەچەند رۆژێكیش تۆم باراك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆكاروباری سوریا لەبەغدا بوو، نامەیەكی هەڕەشەداری توندی لەبارەی گروپە چەكدارەكان گەیاندە سودانیی. یەكێتیش لێرەو لەوێ‌ باس مسۆگەركردنی زۆرینەیەكی مسۆگەری دەنگ دەكات لەپەرلەمانی عیراق بۆ بەدەستهێنانی سەرۆك كۆمار، بۆیە ئەگەر سەرۆك كۆمار مسۆگەربكات، ئیدی سەقفی داواكارییەكانی سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم بەرزبكاتەوە و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم زەحمەتتر دەبێت، مەگەر ئەمریكا فشاری زیاتر بكات و هەردوولا ناچار بەپێكهێنانی حكومەت بكات. لەكوردستان، پارتی باس لەمسۆگەركردنی 51 دەنگ دەكات بۆ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام پێدەچێت زەحمەت بێت. ئەگەر حكومەت دروستبكات، یان دەبێ‌ لەگەڵ نەوەی نوێ‌ یانیش یەكگرتووی ئیسلامیی بێت.  یەكگرتووی ئیسلامیی پێشەكی بڕیاریداوە نەچێتە حكومەت، نەوەی نوێش سەرۆكەكەی لەزیندانە، سەرباری ئەوەی ئاماژەیەكیان كردووە بەئەگەری بەشداری لەحكومەت، بەڵام پێدەچێت زیاتر بۆ فشاركردن بێت لەیەكێتیی نەك نیەتی راستەقینە! 19 مانگ كەیسێكی دیكەی دادگاییكردنی شاسوار عەبدولواحید دێتەگۆڕێ، 24ی مانگیش وادەی حوكمەكەی ئێستای تەواو دەبێت، بۆنی ئەوە دەكرێت گفتوگۆیەكی جەنتڵمانی لەگەڵ كرابێت، بۆیە بەدوورنازانرێت ئازاد بكرێت. ئەگەر ئازاد بكرێت كەوایە نەوەی نوێ‌ گرەنتیكراوە بەشداری حكومەت نەكات. ئەگەر 24 مانگیش ئازاد نەبێت، ئەوا زەحمەتە تا دوای رێككەوتنی پارتی و یەكێتیی ئازاد بكرێت.

چی دەربارەی ئەو کونسوڵخانەی ئەمریکا دەزانیت لە هەولێر؟ وا بووەتە بابەتی رۆژ.  ئامادەکردنی، هاوڵاتی. کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بووەتە بابەتی رۆژی میدیا ناوخۆی و عەرەبییەکان. کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر چۆن دامەزرا؟ لە سەرەتای ساڵی 2007 ئەمریکا بڕیاریدا ئۆفسێکی خۆی لە هەولێر بکاتەوە بۆ کاروباری هاوڵاتیانی خۆی و چەند کارێکی دیپلۆماسی، دوای بەهێزبوونی پەیوەندییەکان هاتنی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ئەمریکی ئۆفیسەکە لە ساڵی 2011 کرایە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر. دواتر ئەمریکا لە ساڵی 2018 بڕیاریدا کونسوڵخانە گەورەتر بکات و بیکاتە هاوشێوەی باڵوێزخانەیەک. ئەوە بوو لە شەشی مانگی تەمموزی 2018 بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و باڵێۆزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵی ئەو کاتەی ئەمریکا لە هەولێر بەردی بناغەکەی دانرا. تایبەتمەندییەکانی چین؟ کونسوڵخانە نوێیەکە لەریزی باڵوێزخانەکانی وەک بەغداد و بەیروت ناوی دەهێنرێت و گەورەترین کونسوڵخانەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر رووبەڕی 206 هەزار مەتر دروستکراوە بودجەی تەرخانکراوی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلارە. ئەم کونسوڵخانەیە هۆتێل، مەلەوانگە و هۆڵی یاری لەشجوانیشی تێدایە و رێکاری ئەمنیی توندوتۆڵیش گیراوەتەبەر بۆ پاراستی کارمەندان و سەردانیکەران. کونسوڵخانەکە دەکەوێتە سەر رێگای پیرمام و نزیک شەقامی 150 مەتریی هەولێرە توانای لە خۆگرتنی هەزار کەسی هەیە. کێ بەشداریی کردنەوەی کونسوڵخانە نوێیەکە بوو؟ کردنەوەکەی میوانی تایبەتی لە ئەمریکاوە بۆ هاتبوو کە بریتیبوون لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندێکی یاوەری و  باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد، لە کوردستانیش بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران. رۆژنامەنووسان و نووسەران چی دەڵێن؟ مەحمود یاسین کوردی، رۆژنامەنووس دەڵێت، ئەمریکا لەوە زیاتر چی بکات 800 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە و لە کوردستان ناڕوات و دەیەوێت پەیوەندییەکان بەهێز بکات. کامەران کوردیش دەڵێت، پیرۆزە کردنەوەی ئەو کونسوڵخانە نوێیە دەبێت خۆمان بۆ پێشهاتە گرنگەکان ئامادەبکەین. جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران گوتی، کردنەوەکە گەورەترین وەبەرهێنانی ئێمەیە لە ناوچەکە و ویستی ئێمە بۆ بەردەوامی پەیوەندییەکان نیشان دەدات. تۆ چی دەڵێت؟ پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن دەگاتە کوێ؟

سەرۆکی پارتێکی رەگەزپەرست بە شەرمەزاری بۆ تورکیا وەسفی دەکات بارەگای بارزانی وەڵامێکی تووندی دایەوە و ئەنقەرەش راستەوخۆ هاتە سەر خەت ئامادەکردنی هاوڵاتی دوو رۆژە هەرایەکی گەورە لەنێو تورکیا دروستبووە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی کە ئاڵای کوردستان بەسەر قۆڵیانەوەیە. ئەم ڤیدیۆیانە سیاسەتمەداران و بەرپرسانی تورکیای هەراسان کردووە. با پێتان بڵێم چۆن ئەمە روویدا و کاردانەوەکان چین؟ هەر لەدوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ شرناخ لە 29ـی مانگی رابردوو بۆ بەشداریکردن لە چوارەمین سیمپۆزیەمی مەلای جزیری لە زانکۆی شارەکە، کۆمەڵە ڤیدیۆیەکی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی بڵاوبووەیەوە، کە چەکیان پێیە و ئاڵای کوردستان بەسەر قۆڵیانەوەیەوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوخۆی تورکیا ڤیدیۆکان تەقینەوە و رای گشتی تووڕە بوون. یەکەم سیاسەتمەدار قسەی لەسەر کرد دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بوو. باخچەلی هەمان ئەو کەسەیە بە دەستپێشخەری پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ناوبانگی دەرکردووە.  باخچەلی لەسەر ڤیدیۆکان گوتی، شەرمەزارییە بۆ تورکیا رێگەیدا پاسەوانەکانی بارزانی بە چەکەوە هاتوچۆ بکەن. بارەگای بارزانی زوو وەڵامی باخچەلی دایەوە و رایگەیاند، کارەکە پرۆتۆکۆلی بووە و پێشتر لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا رێککەوتووین، کارێکی ئاساییە و پێشتریش کاتێک بەرپرسە باڵاکانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە یەکە سەربازییە تایبەتییەکانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە.  ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیای هێنایە سەر خەت، بەشی کۆتایی راگەیاندراوەکەی بارەگای بارزانی بوو کە دەڵێت: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی بانگەشەی ئەوە دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی خودا باخچەلی هیدایەت داوە و وازی لە  شۆڤێنییەت هێناوە، بەڵام دیارە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە لە پێستی مەڕدا. لەسەر ئەمە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی بەپەلەی دەرکرد و گوتی: بەیاننامەکەی بارەگای بارزانی لەرووی ناوەڕۆک و بەکارهێنانی زمانەوە جێی قبوڵ نییە، تۆمەتی بێ بنەمای تیدایە و بێریزی کراوە، داوامان لە سەرکردایەتی پارتی کردووە روونکردنەوە بدات. تەنانەت عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) قسەی کرد و گوتی: بارەگای بارزانی سووکایەتی بە باخچەلی کردووە و باخچەلی هەڵسەنگاندنی نەرێنی بۆ کەسایەتی بەرێز بارزانی نەكردووە. هەرچەندە بە راستەوخۆ سیاسەتمەداران و بەرپرسانی تورکیا قسەیان لەسەر ئاڵای کوردستان نەکردووە، بەڵام ژووری بازرگانی جزیرە لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان لەبارەی کاردانەوەکانی بەرپرسانی تورکیا دەڵێت: ئامانجی راستەقینەی کاردانەوەکان ئاڵای هەرێمی کوردستانە. ئەگەر پاسەوانەكانی بارزانی ئاڵای هەرێمی کوردستانیان لەسەر شان نەبوایە، کەس ناڕەزایی نەدەبوو. تەنانەت ئەگەر پاسەوانەکانی بارزانی مووشەکیشیان لەسەر شان بووایە کەس هیچی نەدەوت و نارەزایەتییان دەرنەدەبڕی.