سەرتیپ جەوهەر ماوەیەكە هەستدەكرێت دڕدۆنگیی و ساردییەك لەپەیوەندی نێوان پەیەدەو ئەنەكەسە هەیە، هەروەك ساردیش كەوتۆتە نێوان پارتی و پەیەدە یان رێڤەبەری خۆسەر. رەنگە ئەو ساردیی و دڕدۆنگییەی دروستبووە بەهۆی جێبەجێنەبوون یاخود دواكەوتنی جێبەجێبوونی رێككەوتنی قامیشلۆ بێت لەنێوان ئەنەكەسەو پەیەدە كە ماوەی پێنج مانگی بەسەردا تێپەڕیوە. ماوەیەكە لێرەو لەوێ‌ ئەندامانی ئەنەكەسە باسی ئەوەدەكەن لەلایەن دیمەشقەوە بانگهێشتكراون بۆ دیدەنی و دیداری ئەحمەد شەرع حاكمی ئێستای سوریا، وەك ئاماژەیەك كە رەنگە بەبێ‌ گەڕانەوە وەفدی هاوبەشی كورد سەردانی دیمەشق بكەن. هۆكاری ئەو ساردییەی لەپەیوەندی نێوانی پارتی و پەیەدە یان ئەنەكەسەو پەیەدی دروستبووە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، دەكرێت لەچەند لایەنێكەوە بەكورتی بخرێتەڕوو. یەكەم: رەنگە پرسی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی قامیشلۆ (یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كورد) كە لەكۆتایی مانگی نیسانی رابردوو كرا هۆكارێك بێت، بەڵام لەدۆخێكی وەك ئێستای سوریاو رۆژئاوای كوردستان جێبەجێكردنی رێككەوتنێك دوای دابڕانێكی دوورو درێژی ناوماڵی كورد بێگومان پێویستی بەوەختی زیاترە، بەتایبەت پەیەدە ئێستا رابەرایەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات، بەنزیكەی 14 ساڵە هێزێكی چەكدارن، بەركەوتەی شەڕ یان ئیستحقاقی شۆڕش كاریگەری لەسەر بیركردنەوەو جێبەجێبوونی هەر رێككەوتنێك دەبێت كە لەگەڵ ئەنەكەسەدا كراوە، بەڵام پەیەدە یان فەرماندە مەزلوم عەبدێ ئەو بەرپرسیارێتیەی دەكەوێتە ئەستۆ كە هەوڵبدات رێگری لەلەتبوونی نێوماڵی كورد بكات، چونكە ئەنجام زیانی بۆ هەموو كوردە نەك تەنها ئەنەكەسە. دووەم: ماوەیەكە توركیا هەست بەئالۆزییەكی زۆر دەكات لەگۆڕانكارییەكانی سوریا. ئیسرائیل رێنادات هەناسەیەك لەسوریا بدات، هاوكات ئەو ئاشتیەی باكوریش واتە ئەردۆغان لەگەڵ رێبەری پەكەكە (عەبدوڵلا ئۆجالان) زۆر ساردبۆتەوە، بۆیە ئێستا فشار لەدیمەشق و رەنگە لەپارتی دیموكراتی كوردستانیش بكات بۆ ئەوەی وەفدی ئەنەكەسە دوور لەرێڤەبەری خۆسەر و بەتەنها بچنە دیمەشق بۆ گفتوگۆ بۆ دوو مەبەست، یەكەمیان لەتكردنی یەكڕیزیی و ناوماڵی كورد، دووەمیشیان وەك بەدیلی رێڤەبەری بچن گفتوگۆ لەسەر مافی گەلی كورد لەدیمەشق بكەن. سێبەم: بەپێی رێككەوتنی پێشووی مەزلوم عەبدێ و ئەحمەد شەرع، پێویستە تا مانگی 12 هێزەكانی سوریای دیموكرات تێكەڵ بەسوپای سوریا ببنەوەو لەگەڵ جێبەجێكردنی خاڵەكانی دیكەی رێككەوتنەكە كە لە 10 ئاداردار كرا، بەڵام تائێستا هیچ نەكراوە، بۆیە دیمەشق دەیەوێت ئەو رێككەوتنەی نێوان كورد كە لەمانگی نیساندا كرا تێكبدات و پەیامێك بۆ مەزلوم عەبدێ بنێرێ كەئەوان بەدیلی رێڤەبەری خۆسەریان هەیە بۆ گفتوگۆكردن. من نازانم ئەنەكەسە دەچنە دیمەشق یان نا، بەڵام چوونیان زیانێكی زۆر گەورە بەخۆیان دواتر بەكوردیش دەگەیەنێت. ئەگەر بەتەنها بچنە دیمەشق ئەوا یەكەم: رووبەرووی میللەتی كورد لەرۆژئاوای كوردستان دەبنەوەو وەك لایەنگری ئەحمەد شەرع یان رژێمی نوێی سوریا تەماشا دەكرێن.  دووەم: رەنگە سەرەتا ئەحمەد شەرع هەرایەكی ئیعلامیی گەورە بۆ پێشوازیان دروستبكات، بەڵام ئامادەنابێت هیچیان بداتێ‌، چونكە بڕوای بەمافی گەلانی سوریا نییە. لەكاتێكدا كە رێڤەبەری خۆسەر (پەیەدە) كەخاوەنی هێزێكی گەورەو كاریگەری وەك (سوریای دیموكرات) ەو پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە تائێستا لەگەڵ شەرع نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك، كەوایە مومكین نییە ئەنەكەسە كە بەدڵنیاییەوە لەڕێی توركیاوە دەچنە دیمەشق شتێك بۆ كورد بەدەستبێنن، بیریشمان نەچێت بڕیاری چارەنوسی رۆژئاوای كوردستان هەر لای مەزلوم عەبدێ‌ و هێزەكانی سوریای دیموكرات دەمێنێتەوە. بەكورتی ئەگەر ئەنەكەسە بێ‌ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی قامیشلۆ بچنە دیمەشق، بێگومان هیچیان دەستناكەوێت، رەنگە ماوەیەك لەرووی ئیعلامییەوە باسبكرێن، بەڵام هەم رێككەوتنەكەی قامیشلۆ هەڵدەوەشێتەوەو هەم پروشكی ئەو بەرپرسیارێتیە بەر پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەكەوێت. نابێ ئەو راستیەش لەبیر بکەین کە ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا،هێزەکانی سوریای دیموکرات بەنوێنەری باکوری خۆرهەڵاتی سوریا دەزانن، هرکەس و لایەنی دیکە بچێت لای ئەوان نوێنەرایەتی کورد یان رۆژئاوای کوردستان ناکات و پشتیوانی ناکەن.

دڵشاد ئەنوەر کاتێک لە ڕۆژی ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەرپابوو، جیهان پێشبینی  درێژەکێشانی شەڕەکەی بەمجۆرەی ئێستا نەدەکرد، بەڵام هەر زوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەی بە گوێی جیهاندا دا، ئەم شەڕە گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێدەکەوێتەوە. هێرشەکەی قەتەر و زەنگە مەترسیدارەکە  هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر کە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج، لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە ئیسرائیل پلانی کۆتاییهێنانی بە بزووتنەوەی حەماس بەتەواوەتی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەسەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا، ئەمەریکا گڵۆپی سەوزی بۆ قەتەر هەڵکرد، تا دەرگا بەڕووی بزووتنەوەی حەماس دا واڵا بکات و ڕێگەی پێبدات باڵی سیاسی و دیپلۆماسی لەو وڵاتە چالاک بێت. پلانەکەی ئەمەریکا بۆ چالاکبوونی باڵی سیاسی و دیپلۆماسی حەماس لە قەتەر، تا لە کاتی پێویستدا لینکیان لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە هەبێت، وەکچۆن پێشتر هەمان دەرفەتی بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان لە قەتەر ڕەخساندبوو.  دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر و هەڕەشەی گرتنەبەری هەمان هەنگاو لە تورکیاش، ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە ئیسرائیل بڕیاری کۆتایی لەبارەی حەماسەوە داوە و چیتر هیچ وڵاتێک بۆ سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە ئەمان نییە.   هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش لەناو تورکیا دژی سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە، ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە ئیسرائیل بڕیاری کۆتایی داوە بۆ کۆتایی هێنان بە حەماس و چیتر هیچ وڵاتێک ئەمان نییە بۆ سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە. ئیسرائیل کە وڵات بە وڵات بە دوای سەرکردەکانی حەماسەوەیە و پێشتریش زۆربەی سەرکردە سەربازیی و سیاسییەکانی لە غەززە کردووەتە ئامانج، ناشیەوێت بە ئاسانی هێرشەکانی بۆسەر غەززوە ڕابگرێت کە کارەساتی گەورەی مرۆیی لێکەوتووەتەوە. پلانەکانی ئیسرائیل بۆ داهاتووی غەززوە ڕوون نییە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە هەمیشە غەززەی بەمەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی زانیووە، بۆیە دەیەوێت ئەم مەترسییە دووربخاتەوەو بزووتنەوەی حەماسیش کۆتایی پێبهێنێت. ئامانجەکانی ئیسرائیل هەرچەندە هێرشەکەی ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل شۆکهێنەربوو، توانا و سومعەی سەربازی ڕووشاند، بەڵام لە ئێستادا ئیسرائیل دەیەوێت ئاقاری شەڕەکە بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بقۆزێتەوە. لە هێرشی وڵاتانی عەرەبی بۆ سەر ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧، سەرەتا ئیسرائیلییەکان شپرزە بوون، بەڵام ئەنجامەکەی بە فراوانبوونی هەژموونی ئیسرائیل کۆتایی هات، بۆیە ئەو وڵاتە دەیەوێت مێژوو دووبارە بکاتەوە. دوای هێرشەکەی ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بونیامین ناتەنیاهۆ ڕایگەیاند: "ئەم جەنگە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا." سەرباری هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ قەتیسکردنی شەڕ لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا، بەڵام هەست بەوە دەکرێت ئیسرائیل خواستی گەورەکردن و فراوانبوونی جەنگی هەیە و نایەوێت لێرەدا ڕابوەستێت. لە شەڕی وەکالەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، شەڕ لە جوگرافیایەکی دیاریکراو و لەگەڵ هێزە نزیکەکان لە ئێران بوو، بەڵام وردە وردە شەڕەکە فراوانبوو تا ئێرانیشی گرتەوە. هەرچەندە ئێران هەوڵیدا نەچێتە شەڕی راستەوخۆوە و لە ڕێگەی هێزە نزیکەکانییەوە ئەم شەڕە بکات، بەڵام دوای لاوازبوونی حەماس، حیزبوڵڵا، حوسییەکان و ڕووخانی ئەسەد، دواجار پریشکی ئاگرەکە گەشتە ئێران. لە مانگی ١١ ی ساڵی ٢٠٢٣، جیهان چاوەڕوانی وتارەکەی حەسەن نەسروڵای سەرۆکی پێشووتری حیزبوڵای لوبنان بوون، بەوەی شەڕی فراوان دژی ئیسرائیل ڕابگەیەنێت، بەڵام وتارەکە هەمووانی شۆککرد، کاتێک پاکانەی بۆ ئێران کرد. ئێرانییەکان زوو درکیان بە مەترسی دۆخەکە کردبوو، وەفدەکانیان لە نێوان عێراق، سوریا، یەمەن و لوبناندا هاتووچۆیان دەکرد، رێنماییان دەدایە هێزە نزیکەکانیان، بەڵام ئەم هەوڵانە نەبوونە مایەی دوورخستنەوەی شەڕ لە خۆی. دوای لاوازبوونی هێزە نزیکەکانی و ڕوودانی قۆناغی یەکەمی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دا، سەردەمی شەڕی بەوەکالەت بەسەرچوو، لە ئێستادا چاوەڕوانی هەڵگیرسانی قۆناغی دووەمی شەڕ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەکرێت. لەنێو سەرجەم هێزە نزیکەکان لە ئێران، تەنها گروپە شیعەکانی عێراق بەسەلامەتی لەو دۆخە دەربازییان بووە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، بۆیە پرسیار ئەوەیە لە قۆناغی دووەمی شەڕدا، چارەنوسی ئەم هێزانە چی دەبێت؟ شەڕ و ئامانجە دژ بەیەکەکان ئەگەر سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەزیان بۆسەر کۆمەڵێک گروپ و وڵات شکابێتەوە، ئەوا دۆخەکە بۆ روسیا جیاوازترە، بەو پێیەی کردنەوەی دەرگایەکی تری شەڕ فشارەکانی سەری لاوازکرد. لەکاتێکدا روسیا لە ژێر فشارێکی قورسی نێودەوڵەتیدا بوو بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە، بەڵام هەڵگیرسانی شەڕ لە غەززە فشارەکانی سەر ئەو وڵاتەی بە جۆرێک لاوازکرد و رۆژئاواییەکانی بەجۆرێک سەرقاڵکرد، ئێستا داوای ڕاگرتنی شەڕی لێدەکرێت. لەکاتێکدا شەڕی غەززە بەلای بەرژەوەندی روسیادا شکایەوە، تورکیاش هەوڵیدا سود لەو شەڕە ببینێت بۆ فراوانبوونی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەداو بە ڕووخانی رژێمی ئەسەدیش ڕۆڵی لە سوریا پەیدا کرد، بەڵام خەریکە پێیدەخزێنرێتە نێو ئاڵۆزییەکانەوە. هەرچەندە بە هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع لە سوریا هەژموونی تورکیا بەسەر ئەو وڵاتەدا زاڵبوو، بەڵام هێشتا نەیتوانیووە خەونە گەورەکەی بەدی بهێنێت کە لاوازکردن و لە قاڵبدانی هێزەکانی سوریای دیموکراتە. تورکیا دەیویست بە جۆرێک سود لە جەنگی غەززە وەربگرێت، پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ هەسەدە لاوازبکات و حکومەتی نوێی سوریا دژی ئەو هێزە کوردییە بەکاربهێنێت، بەڵام ئێستا خەریکە دۆخەکەی بەسەردا قەڵپ دەکرێتەوە. پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا بۆ هەسەدە بەردەوامن، دەستبردنی حکومەتی سوریا بۆ هێزەکانی هەسەدە دەرفەتی دەستوەردانی زیاتر بە ئیسرائیل لە ناوخۆی سوریا دەدات، ئەمە جگە لەوەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل لە تورکیا زیاتر بووە، بۆیە هەموو ئەمانە مایەی نیگەرانین بۆ تورکیا. بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئیسرائیل ئامانجی ستراتیژی هەیە لە فراوانکردنی شەڕ و دەستبەرداری ئەم ئامانجەی نابێت، ئەمەش لە پێناو ئەوەی بەسەر تەواوی ڕکابەرەکانیدا باڵادەست بێت، بۆیە لەمڕووەوە گوێ بە زیانی مرۆیی و ئابووری نادات.

نووسین: خەبات کوردە دوای ئەوەی دوێنێ ٩ ی سێبتەمبەر ئیسڕائیل دەستی گەیشتە شوێنی کۆبونەوەی ئەندام و سەرکردەکانی حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر ، هەر چەندە بە پێی هەواڵی دەزگا سیخوڕیەکان ، تورکیا بە چەند ساتێک پێش بۆردومانەکە سەرکردەکانی حەماسی ئاگادار کردۆتەوە و شوێنەکەیان بە جێهێشتوە و کەسیان بەرنەکەوتون . ئەو کردە سەربازیەی سوپای ئیسڕائیل یەکەم جارە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی شەڕی ئێران و ئیسڕائیل بەو شێوازە دێت و یەکەم جارەیشە ئیسڕائیل لە ناو دەوڵەتانی کەنداو کاری سەربازی لەو شێوەیە ئەنجام بدات . هەر چەندە هیچ لە سەرکردەکانی حەماس نەکوژران ، بەڵام چالاکیەکە لە ڕووی سەربازیەوە بۆ سوپای ئیسڕائیل بە چالاکیەکی سەرکەوتوو ئەنجام دەدرێ ، چونکە دووری و پێکانی سەد دەر سەدی نیشانەکە و نەبوونی زیانی مەدەنی بۆ ئیسڕائیلیەکان بە سەرکەوتوو هەژمار دەکرێ . بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە ئیسڕائیل زەرەرێکی گەورە دەکات . ئێستا و دوای ئەو چالاکیەی سوپای ئیسڕائیلیەکان ، دەوڵەتانی کەنداو و عێڕاق ئێران و تورکیا بە گشتی ترسیان لە ڕەفتارەکانی ئیسڕائیل نیشتوە وەکو ئەوەی کە لەمەودوا هیچ بەربەست و عورف و عاداتێکی نێو دەوڵەتی نەمابێ کە ڕێگر بێ لە دووبارە بوونەوەی هەر کردەیەکی سەربازی چاوەڕوان کراو لە ناوچەکەدا . هەر چەندە هەندێ لە چاودێران پێیان وایە کە ئیسڕائیل ناتوانێ لە ناو هەر شارێکی تورکیا ئەو کردە سەربازیە ئەنجام بدات ، بەو پێیەی کە هەر دوو لا ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆن ، بەڵام لە ڕابردوو ئەو کردە سەربازیانەش لە نێو دەوڵەتانی ناتۆدا ڕویانداوە و شەڕی یۆنانی و تورکەکانیش نمونەیەکی زەقە و تا ئێستاش ترسی هەڵگیرسانەوەی هەر هەیە . ئیسڕائیل لەو شەڕەیدا کە لە گەڵ حەماس خەریکە دوو ساڵ تەواو دەکات و تا ئێستاش زەرەری چەندین ملیار دۆلاری بەرکەوتووە و ڕێژەی کوژراو و بریندارەکانی چەند هەزارێکی تێپەڕاندوە ، ئەگەر ئەو چەند دیلە ئیسڕائیلەی لای حەماس لە ناو تونێلەکانی شاری غەززە شاردراونەتەوە ، نەبوایا دەمێ بوو بە یەکجاری غەززەی تەخت کرد بوو . ئێستاش ئەو خاوەخاوە و خۆدزینەوەیەیی حەماس دەیکات بۆ ئازاد کردنیان هۆکارە بۆ درێژ بوونەوەی شەڕەکە و برسی بوونی زیاتری خەڵکەکەی کەرتی غەززە و سەبری ئیسڕائیلیەکانی سفر کردۆتەوە و دەیەوێ بەر هەر شێوازێک بێت ، ئەو عینادیەی حەماسیەکان بپچڕێنێ و هەراسانیان بکات تا هەرچی زووە کۆتایی بە ڕوخانی حەماس بهێندرێت و دیل و لاشەی سەربازە مردوەکانی دەستکەوێتەوە . هەر چەندە لە دوێنێوە چەندین سەرکردەی دەوڵەتانی کەنداو و تورکیا و ئێران و عێڕاق و ئوردن ئیدانەی ئەو هێرشەیان کردوە بە سەرکردەکانی هەرێمیشەوە ، بەڵام چاوەڕێ دەکرێ لە داهاتودا ئیسڕائیل و سوپاکەی و دەزگا جاسوسیەکەی بە هۆی پێشکەوتوویی و بونی ساڕوخە کاریگەریەکانیان قەت سڵ لەو هەڕەشانە نەکاتەوە و چی بووێ و لە چ شوێنێک بێت لە ناوچەکە ئەنجامی دەدات و لە هیچیشیان نەترسێ و قەتیش گوێ نەداتە ئیدانەی دەوڵەتانی دونیا .

نووسین: محەممەد ئەمیر وەرگێڕان: یادگار عەلی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٧-٩-٢٠٢٥ حكومه‌تى نيپال – نيپال وڵاتێكى هيمالايايیه‌ له‌نێوان هندستان و چين – بڕيارىدا، كه‌ هه‌موو پلاتفۆرمه‌كانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان ده‌بێت له‌ حكومه‌ت تۆمار بكرێن، ئه‌گينا قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێن، وه‌ك جۆرێك له‌ كۆنترۆڵكردن.  كاتێك ئه‌و پلاتفۆرمانه تۆمار نه‌كران، هه‌موويان داخران. ئه‌م قه‌ده‌غه‌كردنه‌ به‌هۆى ترێندێكى جيهانييه‌وه‌ بوو به‌ناوى منداڵانى نيپۆ (Nepo Babies) كه‌ واتای منداڵانى كه‌سايه‌تييه‌ ناسراو و گشتييه‌كان دەگەیەنێت، كه‌ وێنه‌ى ژيانى شاهانه‌ و سامان و ناز و سه‌فه‌ر و گه‌وره‌يى خۆيان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى منداڵى كه‌سێكى به‌ناوبانگ يان به‌خته‌وه‌رن له‌ ژيانياندا. ئه‌م ترێنده‌ كاريگه‌ریی له‌سه‌ر منداڵانى نیپۆی نيپال هه‌بوو، كه‌ ژيانێكى باش و ئۆتۆمبيل و پاره‌ و شتى تريان هه‌يه‌، له‌ كاتێكدا گه‌نجانى ئاسايى نيپال ڕۆژانه‌ [١٧] سه‌عات كار ده‌كه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر پاره‌يه‌كى كه‌مدا، ئه‌گه‌ر بگره‌ كاريشيان ده‌ستبكه‌وێت. لێره‌دا هاشتاگێك به‌ناوى منداڵانى نيپۆ له‌ نيپال سه‌رى هه‌ڵدا و ڤيديۆكان ده‌ستيان به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ كرد. حكوومه‌تى نيپال بڕيارىدا، كه‌ پلاتفۆرمه‌كانى تۆڕه ‌كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان يان تۆمار بكرێن و نووسينگه‌يان له‌ وڵات هه‌بێت يان دابخرێن. به‌دڵنياييه‌وه‌ گووگڵ و مێتا ڕه‌تيان كرده‌وه‌، بۆيه‌ [٢٦] پلاتفۆرم داخران. بەیانی بۆ ڕۆژی دواتر، نه‌وه‌ى زێد (هه‌ژار) له‌ خه‌و هه‌ڵسان و بينيان پلاتفۆرمه‌كانيان، كه‌ وزه‌ى خۆيان تێدا به‌تاڵ ده‌كرده‌وه‌ و پاره‌يان لێ په‌يدا ده‌كرد له‌ سايه‌ى بێكارىی، كه‌ گه‌يشتبووه‌٢٠%، به‌ ته‌واوى داخران.  ئه‌ى ئێستا چییان بکردایە؟ بێدەنگ بوونایە؟ نەخێر نه‌وه‌ى زێدى هه‌ژار (ڤی پی ئێن) يان كرده‌وه‌ و له‌سه‌ر پلاتفۆرمى ديسكۆرد كۆبوونه‌وه‌ و بڕيارياندا بچنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانى كاتماندوو بۆ ناره‌زايى ده‌ربڕين به‌رامبه‌ر به‌م قه‌ده‌غه‌كردنه‌. منداڵى بچووك به‌ جلى قوتابخانه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام بۆ خۆپيشاندانێكى ئاسايى، كه‌ داواى كردنه‌وه‌ى پلاتفۆرمه‌كانيان ده‌كرد، ئەمانە بەشێک لە دروشمەکانیان بوون (ئێمه‌ لە ژوورەوەین، ئينته‌رنێت، فه‌يسبووكى ئێمه‌ بكه‌نه‌وه‌، بێزار بووين)، به‌ڵام پۆليس به‌ زه‌برى هێز وه‌ڵامى دانه‌وه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ١٩قوتابى ڕاسته‌وخۆ بريندار بوون. لێره‌دا نه‌وه‌ى زێد زۆر تووڕه‌ بوون و ده‌ستيان كرد به‌ لێدان له‌ هه‌موو كه‌سێك.  هێرشيان كرده‌ سه‌ر په‌رله‌مان و وێرانيان كرد، هه‌روه‌ها باڵه‌خانه‌ى سه‌رۆك وه‌زيران و كۆشكى سه‌رۆكايه‌تى و زۆربه‌ى باڵه‌خانه‌ حكومیيه‌كان و باڵه‌خانه‌ى حيزبه‌كان، كه‌ سه‌رۆكى حيزبه‌كان و وه‌زيره‌كانى لێ دەهاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و لێيان درا. ئه‌مه‌ سه‌رۆكوه‌زيران (كی شارما ئۆلی) ی ناچارکرد ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌ و پلاتفۆرمه‌كانيش دووباره‌ کرانەوە. به‌ڵام ئه‌مه‌ هێورى نه‌كرده‌وه‌، چونكه‌ بابه‌ته‌كه‌ پەره‌ى سه‌ند بۆ لێپێچينه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵكاران. پۆليس پاشه‌كشێى كرد و سوپاى نيپال هاته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆى سه‌پاند تا بڕيارى نوێ ده‌رده‌كرێت. له‌ سايه‌ى ئه‌و بۆشاييه‌ سياسييه‌ى، كه‌ لە دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكوه‌زيران دروستبوو، ئێستا گفتوگۆ هه‌يه‌ له‌نێوان نه‌وه‌ى زێد و نوێنه‌رانى حكومه‌ت بۆ گه‌يشتن به‌ ڕێككه‌وتنێك، كه‌ كۆتايى به‌وه‌ى ڕووێداوه‌ بێنێت، به‌ داواكارنامه‌يه‌ك، كه‌ داواى لێپێچينه‌وه‌ له‌ منداڵانى نيپۆ و خێزانه‌كانيان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى ده‌كات. هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌هۆى داخستنى ئينستاگرام، واتساپ و فه‌يسبووكەوە بوون.

ئامادەکردن: هاوڵاتی ئەیلولی ٢٠٢٥ ساتە وەختە هەستیار و ناجێگیرەکەیە لە قۆناغی گواستنەوەی دوای ئەسەد لە سوریا، لەکاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق و تورکیا لە پەیوەندییەکی گرژ و بەردەوام پڕ لە هەڵکشاندان. سەرەڕای ڕێککەوتنێکی ١٠ی ئازار بە ئامانجی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای حکومەتی ئینتقالی سوریا و هەروەها هەوڵە جددیەکەی پاریس، جێبەجێکردنەکەی لەنێوانی دیدگا ناکۆکەکاندا بۆ داهاتووی وڵاتەکە بە تەواوی وەستاوە.  هەسەدە، کە هاوپەیمانییەتێکی پێکهاتە جیاوازەکانە بە سەرکردایەتی کوردەکان و لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، بەردەوامە لە داکۆکیکردن لە سوریای لامەرکەزی. فەرماندە مەزلوم عەبدی لە کۆتاییەکانی مانگی ئابدا ئەم هەڵوێستەی دووپاتکردەوە و هۆشداریدا لەوەی کە دۆخە هەستیار و ناسکەکە کە پەیوەندیی نە شەڕ نە ئاشتییە لەگەڵ دیمەشق، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەتوانێت داڕمێت ئەگەر دانوستانەکان نەتوانن ئۆتۆنۆمییەکی ڕاستەقینە و مانادار بۆ ناوچەکە بەدەستبهێنن. دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، پێداگری لەسەر سیستمێکی مەرکەزی دەکات و دوابەدوای کۆنفڕانسەکانی کەمینەکان بە سپۆنسەری کوردەکان کە داوای فیدراڵییان دەکرد، دانوستانەکانی وەستاند. گرژیەکان لە ٢ی ئەیلولدا پەرەی سەند کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سوریا ڕێگرییان لە بارێکی چەک کرد کە گوایە بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڕۆیشت، ئەمەش بێمتمانەیی و گرژیی لە نێوان هەردوولا زیاتر کرد. بەکارهێنانی زاراوەی "میلیشیا" لەلایەن دیمەشقەوە بۆ وەسفکردنی هەسەدە جەخت لەسەر ڕەتکردنەوەی دەکاتەوە لە شەرعیەتدان بەو گروپە وەک هێزێکی نیشتمانی. لە لایەکی دیکەوە تورکیا هەڵوێستی خۆی توندتر کردووە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست، هۆشداریی دا لە ئەگەری پابەندنەبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕێککەوتنی مانگی ئازار، ئەنقەرە و دیمەشق ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش دەستپێدەکەن. بەرپرسانی تورکیا هەر جۆرە مۆدێلێکی بنەمادار بە ئۆتۆنۆمیی ڕەتدەکەنەوە  و وەک "پلانی دابەشکردنێکی دەمامکدار" ناویدەبەن و بۆ ئەمەش هێزەکانی سوریای دیموکراتیان تۆمەتبار کردووە بە پاشەکشەکردن لە هەوڵەکانی یەکگرتن و دانوستانەکانی ڕێککەوتن.  لەگەڵ ئەوەی کە ئەو تۆمەتبارکردنانەی تورکیا بۆ هەسەدە بە تەواوی بێبنەما و ناڕاستن، بەڵکو ئەوە تورکیا خۆیەتی دەستێوەردان دەکات لە ڕەوتی دانوستانەکان و هاتنە ناوەیەکی خراپی هەبووە بۆ نێو پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق. تەنانەت گفتوگۆکانی پاریس کە بەرهەمدار و نزیک لە ڕێککەوتنی تەواوەتی بوون، بە هاتنە ناوەوە خراپەکەی تورکیا و ئاماژە و فەرمانە تێکدەرانەکانی، هەموو گفتوگۆ و دانوستانەکانی نزیک لە ڕێککەوتنی ڕاگرتن و بەجیی نزیکبوونەوە، دوورکەوتنەوە لە یەکتری ڕەنگڕێژ کرد لە نێوان کوردەکان و دیمەشقدا.  سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانی بەرپرسانی تورکیا بە تایبەتی ئەوەی دوایی دەوڵەت باجچەلی و ڕاپۆرتەکانی دوایی تورکیا هەموویان پێشنیار دەکەن بۆ تواندنەوەیەکی بێدەنگ هێزە چەکدارە ڕاهێنراوەکەی هەسەدە لە نێوا سوپای دیمەشقدا، بەڵام ئیرادە و ستراتیژە ڕوون و بەرجەستەکانی هەسەدە وەڵامێکی نەرێنییە بۆ ئەو داواکارییە لەلایەن هەر کەس و لایەن و دەوڵەتێکەوە بێت. ئەمەش بەرپرسانی تورکیای بە توندی نیگەران کردووە. ڕۆژانە ناوە ناو لە هێڵەکانی تەماسی نێوان هەسەدە و سوپای دیمەشقدا، پێکدادانی پچڕپچڕ هەیە لە نزیک حەلەب و ڕەققە، ترسی دووبارەبوونەوەی ململانێکانی بە شێوەیەکی گەرم و بەردەوام، زیندووکردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەی سوریا بەرەو نەزمێکی سیاسی نوێ دەڕوات، چارەنووسی هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک تاقیکردنەوەیەکی قورس دەمێنێتەوە بۆ توانای وڵاتەکە بۆ ئاشتکردنەوەی ناسنامەی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگاکەی خۆی. جا چ لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوە بێت یان سازان و ڕیککەوتن، دەخاتە بەر سەنگی مەحەک.  مانگەکانی داهاتوو دیاری دەکەن کە ئایا نەخشەڕێگای ڕێککەوتنی مانگی ئازار و دواتریش نەخشەڕێگای گفتوگۆکان ڕێککەوتنەکەی پاریس، دەتوانن بەردەوام ببن و جێبەجێ بکرێن و بە ئاکام بگەن و بە ئەمەش زمانی لۆژیک و ئاوەز دەبێتە زمانی فەرمی دەوڵەت یان بە پێچەوانەوە سەرکوت و سەپاندن و زمانی دژ بە عەقڵ و لۆژیک دەبنە سەنتەر و زاڵ دەبن؟ با بزانین و چاوەڕوان بین. بۆچوونی تۆ وەکو تاکێکی ئاگادار لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکان چییە؟

ئامادەکردن: هاوڵاتی لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت کێشەی ئیسرائیل ئێران وایکردووە ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگ نزیک بێت.  لێدوانی بەرپرسانی هەردوو وڵات ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە دوای جەنگی ١٢ ڕۆژە و وەستانی جەنگەکە، جەنگەکەی بە تەواو نەکراویی هێشتەوە و جەنگێکی تر ماوە و دەبت تەواو بکرێت. چاودێران و شیکەرەوەکانیش بە گشتی پێشبینی ئەوە دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا جەنگە دەستپێبکاتەوە لە نێوان هەروو وڵاتدا.  ڕاپۆرتێکی بەراوردکاریی لەبارەی توانا سەربازیی و جەنگییەکانی هەردوو وڵاتەوە دەخەینە ڕوو. ژمارەی سوپا و هێزی چەکدار ژمارەی سەربازانی سوپای هەردوو وڵات بەم جۆرەیە ئێران: ٦١٠ هەزار سەرباز لەگەڵ ٣٥٠ هەزار هێزەکانی پاراستن، هەروەها ٢٢٠ هەزار هێزەکانی فریاکەوتن و نیمچە سەربازیی.  ئیسرائیل: ١٧٠ هەزار سەرباز و ٤٦٥ هەزار هێزەکانی پاراستن، هەروەها ٣٥ هەزار هێزەکانی فریاکەوتن و نیمچە سەربازیی. لە کاتیکدا جەنگ لەم سەردەمەدا بە پلەی یەکەم و سەرەکیی پشت دەبەستێت بە توانای مووشەک، سیسستەمی بەرگریی، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. واتا تەکنۆلۆژیا و ئاستی پێشکەوتوویی چەکەکان خاڵی یەکلاکەرەوەیە نەوەکو ژمارەی سەرباز. هێزی زەمینی ئێران: ١٩٩٦ تانک، زیاتر لە ٦٥ هەزار زرێپۆش، ٥٨٠ بنکەی گەڕۆکی کاتیۆشا و نزیکەی ٧٧٥ سەکۆی جێگیری تۆپ و کاتیۆشا.  ئیسرائیل: ١٣٧٠ تانک، زیاتر لە ٤٣ هەزار زرێپۆش، ٦٥٠ بنکەی گەڕۆکی کاتیۆشا و نزیکەی ١٥٠ سەکۆی جێگیری تۆپ و کاتیۆشا. هێزی ئاممانی ئێران: بە گشتی ٥٥١ فڕۆکەی هەیە بەم شێوەیە: ١٨٦ فڕۆکەی جەنگیی، ١٠ فڕۆکەی ئەرک و کردەی جەنگیی زۆر تایبەت، ١٠٢ فڕۆکەی ڕاهێنان، ٧ فڕۆکەی گوێزەرەوەی سووتەمەنی و پێداویستی، ١٢٩ هێلیکۆپتەر لەگەڵ ١٣ هێلیکۆپتەری جەنگیی.  ئیسرائیل: بە گشتی ٦١٢ فڕۆکەی هەیە بەم شێوەیە: ٢٤١ فڕۆکەی جەنگیی، ٢٣ فڕۆکەی ئەرک و کردەی جەنگیی زۆر تایبەت، ١٥٥ فڕۆکەی ڕاهێنان، ١٤ فڕۆکەی گوێزەرەوەی سووتەمەنی و پێداویستی، ١٤٦ هێلیکۆپتەر لەگەڵ ٤٨ هێلیکۆپتەری جەنگیی، کە لە فڕۆکەی جەنگی F-35I ""، فڕۆکەی هێرشبەری F-15I "" و فڕۆکەی F-16 ی نوێکراوە، پێکدێت.  ئێران پشت بە جۆرەکانی وەک فانتۆم٤ یان ئێف ٤ F-4 Phantom و MiG-29 و فڕۆکە دەستکاریکراوەکانی ناوخۆی وەک "ساعیق" و "ئەزاڕەخش" دەبەستێت. لە کاتێکدا هێزی ئاسمانی ئێران هێزی ئاسمانی ئیسرائیلی نییە، بەڵام بە تاکتیکی خێار و لەپڕ گۆڕاو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ تا ڕاددەیەک ناهاوسەنگیی کەم دەکاتەوە. هێزی دەریایی ئێران: ٧ کەشتی جەنگیی، ١٩ ژێردەریایی، ٢١ کەشتییە جەنگییە پاسەوانەکانی سنوورە ئاوییەکان. ئیسرائیل: سفر کەشتی جەنگیی، ٥ ژێردەریایی، ٤٥ کەشتییە جەنگییە پاسەوانەکانی سنوورە ئاوییەکان. ئێستا ئەگەر باسی مەودا و توانای مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران بکەین بەم شێوەیەی خوارەوە ئیران: قادر٣٨٠: درێژییەکەی ١٠ مەترە و تا مەودای ١٠٠٠ کیلۆمەتر بڕ دەکات.  شەهاب٣: ١٥ مەترە و مەودای ١٣٠٠ کم دەبڕێت. خێیبەرشکان: ١١ مەتر درێژە و ١٤٥٠ کم دەبڕێت. عیماد: ١٨ مەتر درێژە و ١٧٠٠ کم دەبڕێت خوڕەمشەهر: ١٤ مەتر درێژە و ٢٠٠٠ کم دەبڕێت کە کێشی ٢ تەنە. غادر: ١٦ مەتر درێژە و ٢٠٠٠ کم دەبڕێت سەجیل: ١٩ مەتر درێژە و ٢٠٠٠ کم دەبڕێت ئیسرائیل: جێریکۆ٢:  ١٥ مەتر درێژە و ١٥٠٠ تا ٣٥٠٠ کم دەبڕێت جێریکۆ٣: ١٥ مەتر و نیو درێژە و ٤٨٠٠ تا ٦٥٠٠ کم دەبڕێت شایانی ئاماژە پێدانە، بەشێک لە مووشەکە بالسیتییەکانی ئێران و ئیسرائیلیش توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە.  سیستەمی بەرگری بەرگری ئاسمانی فرە چینی ئیسرائیل بریتییە لە قوبەی ئاسنین Iron Dome (مەودای کورت)، سەقفی داود David’s Sling (مەودای مامناوەند) و Arrow 2/3 (ڕێگری بالیستیکی مەودای دوور). ئەم سیستێمانە لە کاتی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا کاریگەرییان سەلماند، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ئێرانیان لە ئاسمانی تەلئەبیب و حەیفادا گرت هەرچەندە هەندێکیان هەر توانیان سیستمەکان ببڕن. بەرگری ئاسمانی ئێران بریتییە لە سیستەمی باڤار-373 (هاوشێوەی ئێس-300ی ڕوسیا)، خورداد-15 و سیستەمی ڕەعد، کە پێشتر و لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا سیستەمەکانی ئێران کارا نەبوون و فڕۆکە و درۆن و مووشەکە ئسرائیلییەکان توانیان ئامانجەکانی خۆیان بپێکن.  لە توانا و تەکنیک و تەکنۆلۆژیادا ئیسرائیل لە پێش ئێرانەوەیە و بەهێزترە بەڵام هێشتا ئەگەری چاوەڕواننەکراو دەشێت بەشیک بن لە گەمەکە و جەنگەکە هەروا ئاسان نەبێت. بەگوێرەی بۆچوونی چاودێران و هەروەکو لە جەنگی ١٢ ڕۆژەشدا بەدیکرا، زاڵبوون بەسەر جەنگەکەدا کارێکی ئاسان نییە و دیاریکردنی ئاڕاستەی ڕووداوەکان و جەنگەکەش بەشێک دەبن لەو ناڕوونییەی کە دەبیت هەڵیان بگرین بۆ داهاتوو و ئایندە وەڵامیان بداتەوە. 

سەرچاوە: میدیای پەنجەرە لە گۆشەیەکی ونبووی مێژوودا و لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان، چیرۆکی توانه‌وه‌ى میلله‌تێك هه‌ڵگیراوه‌ کە بە "چەرکەس" ناسراون. گەلێک کە ژمارەیەکی بەرچاویان نیشتەجێی ئەم ناوچانەن، بەڵام چووه‌تە قۆناغی توانەوە لەنێو کورد و عەرەبدا. د. ئەحمەد کەتاو، سەرۆکی ڕێکخراوی نیشتمانی هەمەجۆر و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی چەرکەس له‌ عێراق، ڕووناکی دەخاتە سەر چیرۆكى ئه‌و میلله‌ته‌ى كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌سه‌ر هۆز و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا دابه‌شبوون. چەترێکی فراوان: چیچانی، داغستانی و ئەدیغە چه‌ركه‌سه‌كان گه‌لێكى ڕه‌سه‌نی قه‌وقازیین، مێژوویه‌كى دوورودرێژیان له‌ناوچه‌ى قه‌وقازدا هه‌یه‌. قه‌وقاز ناوچه‌یه‌كە ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئاسیا و ئه‌وروپاوه‌، له‌نێوان هه‌ردوو ده‌ریای ڕه‌ش و قه‌زوین دا. به‌هۆكارى شه‌ڕ و كۆچپێكردن، به‌ زۆر وڵاتى ئاسیا و عه‌ره‌بییدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌: سوریا، ئه‌رده‌ن، میسر، لوبنان و به‌شێكیشیان له‌ عێراق و كوردستان گیرساونه‌ته‌وه‌. ناوی چەرکەس تەنها بۆ یەک نەتەوە نییە، بەڵکو وەک چەترێکی فراوان چیچانی، داغستانی و ئەدیغە لەخۆدەگرێت. ئەم گەلە، لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەمەوە، بەشێکیان کۆچی بەکۆمەڵیان بۆ سنورەکانی دەسەڵاتی عوسمانی ئەنجامداوە و لە عێراق، ئەردەن و سوریا نیشتەجێکراون. بەپێی وتەی دکتۆر کەتاو، ئەم کۆچە بە سێ قۆناغی سەرەکی ئەنجامدراوە. سەدەیەک لە شەڕ و جینۆساید: قۆناغی یەکەمی کۆچ قۆناغی یەکەمی کۆچ، لە ساڵی 1761 دەستیپێکردووە، کاتێک شەڕێکی خوێناوی لەنێوان قەوقاز و ڕوسیای قەیسەری هەڵگیرساوە. دکتۆر کەتاو بە ئازارەوە دەڵێت: "شەڕەکە 100 ساڵی خایاند، دواجار ڕوسیا هەموو ناوچەی قەوقازی کۆنترۆڵ کرد و 8 وڵاتی لەژێر چەتری یەکێتی سۆڤیەت کۆکردەوە."  بەڵام دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکە، ڕووداوێکی کارەساتبار ڕوویدا کە ئەویش "جینۆساید" بوو، ئەمەش ناچاری کردن کۆچی بەکۆمەڵ ئەنجام بدەن و نیشتمانی ڕەسەنی خۆیان جێبهێڵن. هاوئاینی: هۆکاری دابەشبوون و قۆناغی دووەمی کۆچ هاوئاینی، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ قۆناغی دووەمی کۆچی چەرکەسەکان. ئەوان لەژێر دەسەڵاتی ڕوسیاوە بەرەو دەسەڵاتی عوسمانییەکان کۆچیان کرد، کە ئاینی هاوبەشی ئیسلام کۆیکردبوونەوە. عوسمانییەکانیش چەرکەسییەکانیان بەسەر عێراق، سوریا و ئەردەن و لوبناندا دابەش کرد، وەک بڵاوبوونەوەی تۆوێک لە خاکێکی نوێدا. سێ برا و نەوەکانیان: چەرکەسەکانی هەرێمی کوردستان هەرچەندە سنورەکان وەک ئێستا دیار نەبوون، بەڵام 300 ساڵ لەمەوبەر سێ برای چەرکەس ڕوویان لە خاکی ئێستای هەرێمی کوردستان کردووە. د. کەتاو دەڵێت: "براكان ڕەنگە بەهۆی کێشەوە ڕوویان لە ئێرە کردبێت. ئێستا چەرکەسییەکانی هەرێم، نەوەی ئەوانن."  ئه‌و باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ دواى هاتنیان، تێكه‌ڵ به‌ كورد بوونه‌ و له‌نێویدا تواونه‌ته‌وه‌. ده‌ڵێت: "چوچانییەکانی سلێمانیش چیچانی و چەرکەسن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە چەرکەسییەکانی پارێزگای دیالە، نازناوی خۆیان بۆ 'عەزاوی' گۆڕیووە." "چهار کەس" یان "شەڕکەس"؟ چەند ڕایه‌ك بۆ ناوی چەرکەس هەیە کە وەک چەترێک بۆ چیچانی، داغستانی و ئەدیغە بەکاردێت. هەندێک پێیانوایە ناوەکە لە "چهار (چوار) کەس"ـەوە هاتووە، لەکاتێکدا هەندێکی تر پێیانوایە "شەڕکەس"ـە و لە وشەی "شەڕکەر"ەوە وەرگیراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوێری و قارەمانێتییان لە مێژوودا. د. کەتاو، خۆی پەیوەندی خێزانی لەگەڵ چیچان و قەوقازدا هەیە و سەردانی کەسوکاری کردووە، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی بە ڕەچەڵەک و مێژووی گەلەکەیەتی. نکوڵییکردن لە جینۆساید: ئازارێکی بێ کۆتایی سەبارەت بە دیدارەکانی لەگەڵ باڵیۆز و بەرپرسانی ڕوسیا، د. ئەحمەد کەتاو بە ئاشکرا دەڵێت: "لە دوای ساڵی 2003ـه‌وه‌، پەیوەندیم لەگەڵ بەرپرسانی ڕوسیا هەیە، بەڵام وەکچۆن تورکیا نکۆڵی لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەکەن، ڕوسیاش دان بە جینۆسایدی چەرکەسەکاندا نانێت." چیرۆکی چەرکەسەکان، له‌لایه‌ك چیرۆکی ئازار و جینۆسایده‌، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ به‌سه‌رهاتى میلله‌تێكه‌ كه‌ له‌نێو كو‌لتووره‌ جیاوازه‌كاندا تواوه‌ته‌وه‌ و شوێنه‌واری نه‌ماوه‌.

ئامادەکردن: هاوڵاتی ململانێی ناوخۆیی و کێشە بەردەوامەکان لە سوریا، دیمەنێکی ئەمنی ناجێگیریی دروستکردووە. دوو هێزی سەربازیی سەرەکیی و باڵادەست لە بەرامبەر یەکتریدا وەستاون، ئەوانیش بریتین لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبی سوریا بە سەرۆکایەتی دیمەشق.  لە کاتێکدا هەسەدە سەرقاڵی پاراستنی خاک و خەڵکی ناوچەکانی سنوری دەسەڵاتی خۆی و دیدگا و ئامانجە سیاسییەکانییەتی، بەشێک لە چاودێران و شیکەرەوەکان پێکدادانی نێوان ئەم دوو هێزە، هەسەدە و سوپای عەرەبی سوریا، بە ئەگەرێکی نزیک دادەنێن.  هەسەدە، بە مێژوویەکی درەوشاوەی ١٤ ساڵییەوە لە ڕێزگرتن لە مۆزایکی پێکهاتە کۆمەڵایەتیی و نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی کۆمەڵگای سوریاوە، لەلایەک، سوپای عەرەبی سوریاش بە تەمەنێکی کەمتر لە ساڵێک بە مێژوویەکی ڕەشی دوو کۆمەڵکوژییەوە دژ بە هەردوو پێکهاتەی عەلەویی و دروزییەکان، لەلایەکی تر.  هەسەدە، بە بیر و ئایدیایەکی مرۆڤانە و پێشکەوتنخوازانە کە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و هەروەها تەواوی پێکهاتە جیاوازەکان، هاوشانی یەکدی تانوپۆی هێزەکانیان چنیوە لە بەرامبەریشدا سوپای سوریا بە ئایدیۆلۆژیایەکی نەتەوەیی شۆڤێنی و ئاینیی توندڕەوانە لەگەڵ میلیشیا چەکدارە دینییە توندڕەوەکانی هاوپەیمانی کە پێکڕا دژ بە سەرەتاییترین مافەکانی گەلان و ئازادیی و دیموکراسیی و مافی مرۆڤن.   لەم ڕاپۆرتەدا بەرواردێکی خێرا دەخەینە ڕوو لەبارەی توانا سەربازییەکانی هەردوولاوە لەڕووی ژمارە و ڕێکخراویی هێزەکانیان و جۆری چەک و ئاستی توانا و پێشکەوتووییەکەیان.  هەسەدە کە هاوپەیمانییەکە بە پلەی یەکەم لە چەکدارانی کورد، عەرەب و ئاشووری پێکهاتووە، لە سەرەتای شۆڕشی خەڵکی سوریاوە دژ بە ڕژێمەکەی ئەسەد سەریهەڵدا دواتر وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعشدا دەرکەوت.  هێزی مەزەندەکراوی هەسەدە بەنزیکەیی ١٠٠ هەزار جەنگاوەر دەبێت، بەشێکی بەرچاویان لە شەڕی گەریلا و شەڕی شارەکاندا بە باشی ڕاهێنراون. توانا و هێزی سەربازیی هەسەدە لە چەکی قورسدا نییە بەڵکو لە جووڵە و تۆڕە هەواڵگرییەکان و چەکی سووک و ئۆتۆمبێل و تۆپخانەی سنوورداردایە کە لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت. هەروەها ئەم گرووپە پارێزگاری لە "یەکینەکانی پاراستنی ژنان" (یەپەژە) دەکات، کە بوونەتە هێمای بەرخۆدان و بەرپاکردنی یەکسانی جێندەری لە ململانێکانی سوریادا. سەرەڕای دیسیپلین و یەکگرتوویی، هێزی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو، زرێپۆشی قورس و تۆپخانەی بەرفراوانی نییە، هەرچەندە دەگترێت کە لەم دواییانەدا هەندێک مووشەکی دژە تانک و دژە فڕۆکەی لەلایەن ئەمریکاوە پێدراوە. لەبەرامبەردا دیمەشق، فەرماندەیی سوپای عەرەبی سوریا دەکات، کە لە پێش جەنگەوە سوپای فەرمی دەوڵەتی سوریا بووە. هەرچەندە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەشێکی گەورەی سوپا وازیهێناوە و زیانێکی زۆر بەر چەک و توانا سەربازییەکانی کەوتووە و سوپاکە زۆر لاواز بووە، بەڵام هێشتا بە پشتیوانیی بەرچاوی ڕووسیا و ئێران و حیزبوڵڵا خۆی پێکهێنایەوە. خەمڵاندنەکانی ئێستا دەڵێن ژمارەی سەرباز و ئەفسەرانی سوپا دەگاتە نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس، بە میلیشیا و هێزە چەکدارە ناوخۆییەکانیشەوە.  سوپای عەرەبی سوریا، خاوەنی کۆمەڵێک چەکی ئاساییە، لەوانە تانکی سەردەمی سۆڤیەت، موشەکی بالیستی، تۆپخانە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی دابینکراو لەلایەن ڕووسیاوە. هەسەدە، هاوبەشییەکەی لەگەڵ ئەمریکا و دانپێدانانی سیاسی ڕۆژئاوا هیزێکی گەورەیە بۆی و تا ڕاددەیەک گەرەنتی هاوکاریی و پاراستن و مانەوەیەتی. بەڵام لە بەرامبەر سوپای عەرەبی سوریا لە هاوکاریی چەکدارە میلیشیاییە دروستکراوەکانی تورکیا بەهرەمەندە و هاوکات یارمەتییە سنووردارەکانی ڕووسیا و هەروەها پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆکانی هەندێک لە دەوڵەتەکانی کەنداو. لە کۆتاییدا، هەسەدە نوێنەرایەتی هێزێکی ڕێکخراو و بە دیسپلین و بەتوانا دەکات هەروەها خاوەنی دۆزێکی ڕەوا و پرەنسیپەکانی دڵسۆزیی و گیانفیداییە و بەڵام لە هەمان کاتدا لە ڕووی چەک و توانای بەرگریی ئاسمانییەوە سنوردارە، کە پشت بە هاوپەیمانەکانی دەبەستێت. لە کاتێکدا دیمەشق سوپایەکی گەورەتر و چەکی قورستری هەیە، بەڵام هێشتا بە دەست نائارامیی ئەمنییەوە لە چەندین ناوچەی سنوری دەسەڵاتیدا دەناڵێنیت.  ناهاوسەنگی سەربازیی جەخت لەسەر هەستیاریی و ناسکیی داهاتووی سوریا دەکاتەوە، کە ڕەنگە گفتوگۆ و دانپێدانان بە مافەکانی یەکتریدا و ڕێگای یەکلاییکردنەوەی سیاسی نەک باڵادەستی سەنگەرەکان و ڕێگای چەک و سەربازیی، تاکە ڕێگا بێت بۆ سەقامگیری بەردەوام.

ئامادەکردن: هاوڵاتی لە ماوەی نزیکەی دوو دەیەی ڕابردووەوە، سعودیە وەک یەکێک لە کاریگەرترین دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێواش هێواش دەرکەوتووە و هەم وەک زلهێزێکی ناوچەیی و هەم وەک دەوڵەتێک کە چاوی لەسەر هەژموونێکی فراوانترە لە ناوچەکەدا و پێگەی خۆی بەرجەستە کردووە و سەلماندووە. ستراتیژە جیۆپۆلەتیکییەکان و گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و کرانەوەی سیاسیی و هاوسەنگیی هێز لە سەرانسەری ناوچەکەدا، نەخشە و دیزاینی ناوچەکە  دادەڕێژنەوە و لە قاڵب دەدەنەوە. تایبەتمەندییەکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ڕیاز، هەماهەنگیی وورد و بەرچاو بووە لەگەڵ ئیسرائیل. سەرەڕای نەبوونی پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمی تا ئەم دواییانە، سعودیە و ئیسرائیل هەڵوێستیان هاوتەریب بووە بەرامبەر بە ئێران، کە هەردووکیان بە هێزێکی دادەنێن کە هۆکاری ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا و لە چەندین وڵاتی ناوچەکە هێزی چەکداریی ئایدیۆلۆژییی روستکردووە. هەروەها ئێران هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە لەسەریان بەهۆی مووشەکە بەهێز و دوورهاوێژەکانییەوە و هەوڵەکانییەوە بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ناوکیی. لەلایەکی ترەوە، تورکیا هەیە کە هەوڵی باڵادەستبوون و سەپاندنی هەژموونی خۆی دەدات و ئەمەش ئاڵنگارییەکی دیکەی بەردەمی سعودیەیە کە لە ململانێیەکی هەندێک جار شاراوە و هەندێکجار ئاشکرا و ڕاستەوخۆدایە لەگەڵیدا. بە تایبەت لەو شوێنانەدا کە تورکیا و ئیسرائیل ناکۆکیی قووڵ دەکەوێتە نێوانیان، سعودیە ئامادەیە و هەماهەنگیی تەواوی لەگەڵ سیاسەت و هەڵوێستەکانی ئیسرائیل هەیە.  سعودیە تەنها وڵاتی بەهێزی ناوچەکەیە لە مێژوویەکی زیاتر لە چەند دەیەوە هیچ ناکۆکییەکی دیار و بەرچاوی نەبووە لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ئەمەش سروشت و تایبەتمەندییەکی پڕاگماتیکی بە سیاسەت و دیپلۆماسییەتی سعودیە بەخشیوە. هەروەها لەڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، بە نزیکەیی هاوسنووری زۆربەی ووڵاتانی ڕۆژهەڵتی ناوەڕاستە.  خاڵە بەهێزەکانی شانشینی عەرەبی سعودیی تەنها لە پێگەی جیۆپۆلەتیکیدا نامێنێتەوە بەڵکو لە پلان و دەسەڵاتە ئابوورییەکەشیدایە. پلانی چاکسازیی و دیدگای ٢٠٣٠ ی شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان، سعودیە دەستیکردووە بە هەمەچەشنکردنێکی بەرفراوان لە ئابوورییەکەیدا. وڵاتەکە بە دوورکەوتنەوە لە پشتبەستنی تەواوەتی و زۆری بە نەوت، وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریی، تەکنەلۆژیا، وزەی نوێبووەوە، و پڕۆژە گەورەکانی وەک NEOM، شارێکی زیرەکی ئایندەیی دەکات. ئەم کارنامە بەهێزە بە ئامانجی ڕاکێشانی کۆمپنیاکانی وەبەرهێنانی بیانییە بۆ سعودیە تا وەکو ببێتە ناوەندێک بۆ بازرگانی جیهانیی لە کەنداودا هاوشانی ئیمارات. کە بێگومان بە جێبەجێکردن و سەرکەوتنی پلانەکەی بگرە لەو ململانێیەشدا پێش ئیمارات دەکەوێت بە هۆکاری فراوانی ڕووبەری وڵاتەکە و ئابوورییە بەهێزەکەیەوە.  بە هەمان شێوە گرنگە وردە وردە کردنەوەی کۆمەڵگای سعودییە. کاتێک بە کۆتوبەند و سنووردارکردنێکی توندی کۆمەڵایەتی و ئایینی ناسرابوو، شانشینییەکە یاساکانی تایبەت بە جیاکاری ڕەگەزی سووک کردووە، ڕێگەی بە ژنان داوە لە کەرتە جیاوازەکاندا دەربکەون و کار بکەن و ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت، هەروەها فەزای دەربڕین و ئازادیی کولتووریی فراوانتر کردووە لە ڕێگەی کۆنسێرت و وەرزش و چالاکیی و بۆنەکانی کات بەسەربردنەوە. هەروەها لە ڕێگای کۆمەڵێک یاسا و بڕیارەوە وایکردووە گوتاری ئایینییش نەرمتر بێت، ئەمەش بە هەڵمەتێکی بەرفراوان بە سەرکردایەتیی دەوڵەت لە دژی توندڕەویی ئاینیی و جەختکردنەوە لەسەر لێکدانەوەیەکی میانڕەوتر بۆ ئیسلام. ئەم چاکسازییانە، هەرچەندە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی نزیکی دەوڵەتدان، بەڵام وێنەیەکی کراوەتر و پڕۆسەیەک لە مۆدێرنیزاسیۆن دەخەنە ڕوو کە هێزی نەرمی یان سۆفت پاوەری شانشینییەکە بەهێزتر دەکات. لە ڕووی ستراتیژییەوە سعودیە کاردەکات بۆ هاوسەنگکردنی ڕۆڵی دوولایەنەی خۆی. لەلایەکەوە پارێزەری بەها نەریتیی و ڕەسەنەکان و لەلایەکی ترەوە دەرکەوتنی وەکو هێزێکی پێشکەوتووخواز و مۆدێرن و سەردەمییانە کە دەیەوێت ئەمانە بکاتە دەستمایەی سەرمایەیەکی بەهێزی ڕەمزیی بۆ ململانێ ناوچەیی و جیهانییەکانی. یەدەگی دارایی بەهێز و خەرجییە سەربازییەکان و پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی و سەرکردایەتیکردنی جیهانی عەرەبی، کاریگەریی و ڕۆڵێکی بەهێز بە ڕیاز دەبەخشن لە داڕشتنی ئاڕاستەی گۆڕانکاریی و داینامیکییەتی ناوچەییدا.  بەڵام سەرباری ئەم خاڵە گەش و بەهێزانە لەسەر ڕێگای هەژموونگەرایی خۆی لە ناوچەکەدا، هێشتا لەبەردەم ئاڵنگارییە قورسەکان و کێبڕکێ بەهێزەکاندایە، چونکە ئێران و تورکیا لەمپەری ئاسان نین لەبەردەمیدا و هەروەها گۆڕانی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەبەردەوامیی کە ئەمانەش ئاماژەن بۆ ئەوەی گەیشتنی سعودیە بە خواست و ئامانجەکانی ئاسان و بێ سەرئێشە و بە ڕێگایەکی تەخت و کورت نابێت. وێنەکە تاڕاددەیەک بەم شێوەیەیە، لە نەزمی پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سعودیە لە گۆڕەپانێکدا وەستاوە، بەشێوەیەکی جەختکەرەوە، دەوڵەمەند و بە بیری چاکسازییەوە، هەوڵدەدات سەرکردایەتیی ناوچەکە بکات و لە هەمان کاتدا لە بەڕێوەبردنی ڕکابەریی و هاوپەیمانییەکاندا سەرکەوتوو بێت کە بتوانێت هەژموونی فراوان و کاریگەرییە بەهێزەکانی داهاتووی خۆی دیاری بکات.

ھیوا سەید سەلیم شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان لە دەستپێکیەوە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت لەژێر ھەڕەشەی دەوڵەتی تورکیا دابووە، تورکیا بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و ڕێگڕی لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونێکی دیکەی کوردستانی ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک ھێرش و ئۆپراسیۆنی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. تا ئێستاشی لەگەل دابێت ناوچەکانی (عەفرین و سەرێ کانیێ و گرێ سپی)، وە تەنانەت چەند ناوچەیەکی دیکەی سوریاش لەژێر داگیرکاری سوپای تورکیا ماونەتەوە. ھاوکات لەگەڵ ڕوخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی دیسێمبەری 2024، جارێکی دیکە سوپای تورکیا ئەو بارودۆخە دەقۆزێتەوە بۆ پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستان، ماوەی شەست ڕۆژ ھێرشی چڕوپڕی کردە سەر پردی (قەرەقۆزاغ و بەنداوی تشرین) ، لەو ھیرشەدا کە گرووپە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا بە ھاوکاری بۆردومانی فڕۆکە و درۆنی تورکی و تۆپە دوورھاوێژەکان بەکاردەھێندران ھێرشەکان بە بەرخۆدانی شەڕڤانان تێکشکێندران.  شایانی باسە، دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان دەبوو کۆتایی بە ھەڕەشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بھێنێت، بەڵام چونکە دۆخی ڕۆژئاوا گرێدراوە بە خودی پرۆسەکە بە دیوەی ئەرێنی و نەرێنیەکەی ئەویان تا ئێستا نەکراوە، بگرە ھەر کاتێک ئاستەنگ بۆ پڕۆسەکە درووست دەبێت بەرپرسانی تورکیا ھەڕەشەکانیان بۆ سەر ڕۆژئاوا چڕتر دەکەنەوە. پرسی چەکدانانی ھێزەکانی ھەسەدە یەکێک لەو دوایانەیە کە ھەمیشە تورکیا پێداگری لەسەر دەکات، دوایین جاریش دەوڵەت باخچەلی کە بە ئەندازیاری دواین پڕۆسەی ئاشتی (تورکیا- کورد) ناوی دێت لەم چەند ڕۆژە بە زمانی پڕ لەھەڕەشە دوای چەکدانانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە)ی کرد. جێگای ئاماژەیە لە دەستپێکی پڕۆسەکەدا لە ئاستی کوردستانیش نیگەرانیەک ھەبوو بەوەی ئەگەر پرسی خۆھەڵەوەشاندنەوەی پەکەکە باڵ بکێشێت بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەسەدەش، بەڵام ئۆجالان لە دیدارێکدا لەگەڵ عومەر ئۆجالان لە ئیمرالیەوە ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بەو پرسە گەیاندە ڕای گشتی، کە پێڤاژۆی ئاشتی لەسەر حسابی رۆژئاوای کوردستان و ھێزەکانی ھەسەدە نابێت، بگرە ئەم پرسە ھێز بە ھەسەدە دەبەخشێت، لەم چەند ڕۆژەش پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمرالی ڕوونتر ھەڵوێستی ئۆجالانی بۆ ڕای گشتی باسکرد بەوەی کاتێک ئۆجالان لای ئەوان گووتویەتی بە بەرپرسانی تورکیای گوتووە: " رۆژئاوای کوردستان بۆ من ھێڵی سوور" شایانی باسە، نیگەرانی بەرپرسانی تورکیا لەوەیە ڕۆژئاوای کوردستان بە گشتی و ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) لە لایەن ئەمەریکا و ھاوپەیمانان پشتیوانی ماددی و مەعنەوی و سەربازی دەکرێن، تا ئێستا فشارەکانی تورکیا و ھەماھەنگی تورکیا و ئیدارەی ئەحمەد شەرع نەیتوانیوە ھێڵە سوورەکەی ئۆجالان لە ڕۆژئاوی کوردستان ببەزێنن. تازە پڕۆسەی ئاشتی لە قۆناغی دەسپێک دابوو لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەکان باس لە ئایندەی ھێزەکانی (ھەسەدە و پەژەک) دەکرا، بەشدابووێکی کۆبوونەوەکە لە دڵسۆزی خۆیەوە دەیگووت: " من پەرۆشی ئەوەمە ئەو پڕۆسەیە لەسەر حسابی ئەو دوو ھێزە بێت" بەڵام ئەو بەرپرسەی کەنەکە کە کۆبوونەوەکەی بەڕیوە دەبرد ئەوسا  بە باوەڕیەکی زۆرەوە ئەو قسەیەی (ئۆجالان)ی درکاند کاتێک گووتی: " پڕۆسەی ئاشتی نەک لەسەر حسابی پەژەک و ھەسەدە نابێ بگرە ھێز بەو دوو ھێزە دەدات" بۆیە ھەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن کە کوردستانیان نیگەرانی ڕۆژئاوا نەبن، چونکە ئۆجالان ڕێگا بە بەزاندنی ئەو خەتە سوورە نادات.

نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ هەرێمی کوردستانی عێراق کە زۆرجار وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ دیموکراسی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە گێژاودا ناوی دەهینرێت، ڕووبەڕووی ڕەخنەی جدی دەبێتەوە لە پرسی مامەڵەکردندا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان.  لە پشتی پێشکەوتنی ڕواڵەتییانەی ڕێگاوبان و باڵاخانەکان و گەشەی ئابوورییەوە واقیعێکی تاریک هەیە کە بە تیرۆرکردن و تۆقاندن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران ڕەنگڕێژکراوە. لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ڕووداوەکانی تیرۆرکردن، هەڕەشە بەردەوامەکان و دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەوان و میدایاکاران، کاریگەریی هەمەلایەنی لەسەر ئەو پیشەیە و هەروەها تاریک کردنی وێنەی هەرێمی کوردستان لە پرسی ئازادیی ڕاگەیاندندا هەبووە. ئەم پێشێلکردنە توند و بەردەوامەی کاری ڕاگەیاندن و شکۆ و ڕێزی ڕاگەیاندنکاران، جگە لەوەی کە نەتوانراوە سنوورێکی بۆ دابنرێت و کۆتایی پێبهێنرێت هەروەها ئاماژەکانی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی ئەو بوارە لەلایەن دەزگا دەوڵەتیەکانی هەرێمەوە هەستی پێدەکرێت.  هاوکات لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون، زۆرجار بە بێ تۆمەتی ڕوون، بە بیانووی “مەترسی خستنە سەر ئاسایشی نەتەوەیی” یان “بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست” لە کاتێکدا هەروەکو هەندێک لە یاساناسان و مافپەروەران دەڵێن ئەم تۆمەتانە ئامرازێکی ناڕوونن کە تەنها بۆ بیدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران بەکاردەهێنرێن.  لە ناوەندی پرسەکەدا لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکانن کە بۆ کۆنترۆڵکردنی بە زەبر و هەندێجار توندوتیژانەی کایەی ڕۆژنامەنووسیی و بواری ڕاگەیاندن کار دەکەن. دەزگا میدیاییە سەربەخۆکان سەرەڕای هەڕەشەی توندوتیژیی و دەستگیرکردن، هەروەها ڕووبەڕووی فشاری دارایی و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی و هەراسانکردنی سیستماتیکی دەبنەوە.  سەرەڕای ئەوەی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسیی و میدیایی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە و لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەزگای قەزایی پێویستە پابەند بن پێوەی، بەڵام وەکو هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان لە چەندین بۆنەی جیاوازدا ڕایانگەیاندووە کە پڕۆژە یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی هێندەی لە یاسایەکی مردوو و تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز دەچێت هێندە لە پڕۆژەیەکی یاسایی بۆ دابینکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و ڕێز و شکۆ ڕاگرتنی کاری ڕۆژنامەنووسیی ناچێت.  ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لێکۆڵینەوە لە گەندەڵیی یان خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەکەن، زۆرجار خۆیان دەکرێنە ئامانج و لە چەندین لایەنی جیاوازەوە فشاریان لێدەکرێت. ڕەخنەگران دەڵێن ئەمە ژینگەیەکی پڕ لە سانسۆر و فشارە بۆ میدیاکاران و لە دەرئەنجامدا دەزگای میدیایی و میدیاکاری خۆسانسۆرکار بەرهەم دەهینێت. ئەمەش کاری ڕۆژنامەگەریی و بواری ڕاگەیاندن لە مانا و ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی بەتاڵدەکاتەوە. لەلایەکی ترەوە بەرپرسان و دەسەڵاتداران بەرگری لە سیاسەتەکانیان دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەندێک ڕۆژنامەنووس سنووری ئاکاریی و یاسایی تێدەپەڕێنن، هەندێکجار دەبنە سەرچاوەی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و دەبنە هاندەری نائارامیی، هەروەها هەندێک جار ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە هەندێک لە ڕۆژنامنووسان کار لەگەڵ ئەجێندای بیانی دەکەن. ئەوان دەڵێن ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەبێت لەگەڵ ئاسایش و سەقامگیری نیشتمانیدا کۆک و هاوتەریب بێت، بەتایبەتی لە ناوچەیەکدا کە هێشتا ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی تیرۆر و ململانێ ناوچەییەکان دەبێتەوە. لایەنگرانی حکومەت و دەسەڵاتداران، دەستگیرکردنەکان نەک وەک سەرکوتکردن، بەڵکو وەک ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی ئارامیی کۆمەڵگا و ڕێکوپێکیی و نەزم و دیسپلین دادەنێن. چاودێرانی نێودەوڵەتی وەک پەیامنێرانی بێ سنوور و هیومان ڕایتس وۆچ، چەندین جار هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە و ڕەخنەیان ئاڕاستەکردووە لە بواری پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی کاری ڕۆژنامنووسییدا لەبەرئەوە لە تاقیکردنەوەی پێوەرەکانی ئازادیی ڕۆژنامەوانیدا نمرەی نزمیان بۆ دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان داناوە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و فشارەکان و کۆتوبەندەکانی سەر ئازادیی ڕاگەیاندن بەردەوام بن و بەدواداچوونی یاسایی لەبارەیانەوە نەکرێت و ئەنجامی بەرجەستە و ڕاستەقینەیان نەبێت و بێ سزا بمێننەوە و دەستگیرکردنەکان بەبێ ڕێوشوێنی پێویست بەردەوام بن، ئەوا هەرێم مەترسی لەناوبردن و تێکدانی تەواوەتی ناوبانگی خۆی وەک مۆدێلێکی دیموکراسی لە عێراقدا هەیە. ئەو پرسە ململانێیەکی قووڵ لە نێوان بەڵێنە گەورە و ڕواڵەتییەکانی دیموکراسی و پێکهاتەی دەسەڵاتی حزبایەتیی و تەنانەت دەسەڵاتی بنەماڵەکانیش لە ناو حزبەکاندا ئاشکرا دەکات. بۆ بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی کورد، ڕاگەیاندن و ڕووماڵکردنی هەواڵە هەستیار و گرنگەکان و ڕاستییەکانی هەندێ بوار، بووەتە پیشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ژیانیان. دۆخی نالەباری ئەوان تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاڵنگارییە گەورەیەی لە بەردەم هەرێمی کوردستانە: ئایا بەڕاستی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە باوەش دەگرێت و قبوڵی دەکات، یان بەردەوام دەبێت لەو ڕێگایەی خۆی کە بێدەنگکردنی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران و ڕاستییەکانە لە گۆشەیەکی تاریکدا؟

نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای (SCO) لە دوو دەیەی ڕابردوودا وەک یەکێک لە کاریگەرترین بلۆکە ناوچەییەکان لە ئۆراسیا دەرکەوتووە، کە نوێنەرایەتی سەکۆیەک و بەشێکی گەورە و گرنگی جیهان دەکات بۆ هاوکاری سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە نێوان ئەندامەکانیدا.  ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگهای لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠١ لە شەنگەهای لەلایەن چین، ڕووسیا، کازاخستان، قرقیزستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان دامەزراوە، سەرەتا هەوڵیدا چارەسەری کێشە سنوورییەکان، تیرۆر و تەحەددیاتی ئەمنی ناوچەیی بکات. بەدرێژایی ساڵان، مەودای ئەو ڕێکخراوە فراوانتر بووە و ئەمڕۆش ڕێکخراوەکە هیندستان، پاکستان و ئێران لەخۆدەگرێت، لەگەڵ زۆرێک لە دەوڵەتانی دیکە- وەک تورکیا و هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- ئارەزووی خۆیان بۆ هاوبەشییەکی نزیکتر دەربڕیوە. لە ناوەڕۆکی خۆیدا، ڕێکخراوی هارکاریی شەنگهای SCO سێ ئامانجی ڕاگەیەندراوی هەیە: دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، پێشخستنی هاوکاری ئابووری، و بەهێزکردنی متمانەی سیاسی لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکەدا. ئەم گرووپە لە کاتێکدا سەریهەڵدا کە باڵادەستی یەک جەمسەری ئەمریکا خەریکی داڕشتنی سیاسەتی جیهانی بوو. ڕووسیا و چین، وەکو دوو زلهێزی سەرەکی ناو ڕێکخراوەکە، لە ڕێکخراوەکەدا دەرفەتێکیان بینی بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانییەک کە توانای هاوسەنگکردنی کاریگەرییەکانی ڕۆژئاوای هەبێت و لە هەمان کاتدا نەزمێکی نێودەوڵەتی فرە جەمسەری بەرەوپێش ببات. لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەندامانی ڕێکخراوەکە نوێنەرایەتی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان دەکەن و باڵادەستیی بەسەر سەرچاوە سروشتییە بێئەندازە زۆر و گرنگەکانەوە دەکەن، لەوانەش نەوت، گاز و کانزا دەگمەنەکان.  دەستپێشخەرییەکانی ڕێگاوبانی چین زەمینەیەکی بەپیتی لەناو ڕێکخراوەکە دەستەبەر کرد، وەبەرهێنانی لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووری، هێڵی ئاسن، بۆری وزەی نەوت و گازی سروشتی و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵیدا پەرەپێداوە.  لە بەرامبەردا ڕووسیا، ڕێکخراوەکە وەک میکانیزمێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی و دیپلۆماسیەتی وزە لەگەڵ ئاسیا دادەنێت. وڵاتانی ئەندام بە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بازاڕەکانی ڕۆژئاوا، هەوڵدەدەن خۆیان لە سزاکانی ئەمریکا و فشارە ئابوورییەکان بپارێزن. لە بواری سەربازی و ئەمنیدا، ڕێکخراوەکە SCO ساڵانە لە ژێر ئاڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، مانۆڕی هاوبەش ئەنجام دەدات. بەڵام زۆرێک لە شیکەرەوەکان ئەم مەشقانە وەک نیشاندانی هێزی سەربازی بەکۆمەڵ و کارکردنی هاوبەش لێکدەدەنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕۆژئاوا کە ئۆراسیا چیتر ئەکتەرێکی پاسیڤ نییە لە کاروباری ئەمنی جیهانیدا. میکانیزمە هەواڵگرییە هاوبەشەکان و هاوکاری تەکنەلۆژی لە پیشەسازییەکانی بەرگریدا زیاتر ئاستی یەکگرتوویی بلۆکەکە بەرز دەکەنەوە. لە ڕووی سیاسییەوە،ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگهای SCO وەک سەکۆیەک و ناوەندێک بۆ ئەندامان، کاردەکات بۆ هەماهەنگی هەڵوێستەکان لەسەر پرسە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان. لە کاتێکدا کە هاوپەیمانییەکی سەربازی فەرمی نییە وەک ناتۆ، بەڵام هەڵوێستی بەکۆمەڵی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوەکەدا هەندێکجار تەحەدای هەژموونی ئەمریکا دەکات، بەتایبەتی سەبارەت بە دەستێوەردانەکان، سزاکان و سیاسەتی تاکلایەنە. ڕێکخراوەکە لە سەرکۆیەکی ناوچەیی زیاترە و بگرە هاوپەیمانییەتێکی ستراتیژییە کە هەوڵدەدات هاوکێشەی پەیوەندییەکان و هاوسەنگی هێز لەئاستی جیهاندا سەر لەنوێ دابڕێژێتەوە. ڕێکخراوەکە بە ئاوێتەکردن و پێکەوەگرێدانی پەیوەندی ئابووری و هاوکاری سەربازیی و هاودەنگی سیاسیی خۆی وەک پڕۆژەیەک و بەرەیەکی دژ بە باڵادەستی ڕۆژئاوا پیشان دەدات و دەیەوێت بەدیلی فرە جەمسەری لە کاروباری جیهاندا بێنێتە ئاراوە.

سەرچاوە: میدیای پەنجەرە لە هەرێمی کوردستان بەدەر لە یاساو ڕێنماییەکان و بەهەڕەمەکی پاسەوان بە ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی و پارەدارو کادیری حزبی و تەنانەت زانای ئاینیش دراوە، لەکاتێکدا ئەو پاسەوانانە موچەخۆری حکومەتن، بەڵام لە باخ و شوێنە جیاجیاکان خزمەتی کەسیی دەکەن. پاسەوان بۆ هەمووان، بەڵام نەک بە یاسا! ئەو بەرپرسە مەدەنی و سەربازییانەی کە پێویستیان بە پاسەوانەو ژمارەی پاسەوانەکانیان بە پێی یاسا و ڕێنمایی دیاریکراوە، بەڵام جێبەجێ نەکردنی یاسا و ڕێنماییەکان دەرفەتی بۆ خەڵکێکی زۆر ڕەخساندووە، تا لە دەرەوەی یاسا پاسەوانیان پێبدرێت. ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێدانی پاسەوان بە خەڵک لە هەرێمی کوردستان بە هەڕەمەکی ئەنجامدراوەو گەر مەسەلەکە بە یاسا ڕێکبخرێتەوە، دەبێت ژمارەی ئەو پاسەوانانەی لای خەڵکن زۆر کەم بکرێتەوە. لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "پێدانی پاسەوان بە هەڕەمەکی ئەنجامدراوە، خەڵکی مەدەنی و فەرمانبەر هەن کە پاسەوانیان لایە، مەلا هەیە پاسەوانی پێدراوە، ئەفسەرو مامۆستای زانکۆ هەن پاسەوانیان هەیە." یاسا هەیە، بەڵام جێبەجێ ناکرێت! بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، کە لە ساڵی 2021 دەرچووەو واژۆی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی بەسەرەوەیە، ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و مەدەنییانە دیاریکراون کە دەبێت پاسەوانیان هەبێت لەگەڵ دیاریکردنی ژمارەی پاسەوانەکانیان. لە نوسراوەکەدا کە وێنەیەکی ده‌ست پەنجەرە کەوتووە، وەزیر و پلەی وەزیر لەکاتی ئەرکدا 10 پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون یەک پاسەوانیان دەبێت، بریکاری وەزیریش 5 پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون پاسەوانێکی بۆ دانراوە. پەرلەمانتار دوو پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون پاسەوانێکی بۆ ماوەی ساڵێک دەبێت، پارێزگار 8 پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون بۆ ماوەی ساڵێک 1 پاسەوانی دەبێت، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا 2 پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون تا ماوەی ساڵێک پاسەوانێکی دەبێت. لە نوسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمدا کە گشتاندنی بۆ کراوە، سەرجەم پلەدارە سەربازی و مەدەنییەکانی تێدا ئاماژەپێکراوە، کە لە کاتی ئەرکدا چەند پاسەوان و دوای خانەنیشین بوونیش چەند پاسەوانیان پێدەدرێت، دەبێت دوای ساڵێک پاسەوان لە زۆربەیان وەربگیرێتەوە. فەوج و لیوای پاسەوان! پێچەوانەی ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێم، پێدانی پاسەوان لە هەرێمی کوردستان تێکەڵکراوە بە واسیتەو دۆستایەتی، بەجۆرێک خەڵکانێکی زۆر لە ڕێگەی پەیوەندی کەسییەوە پاسەوانیان وەرگرتووە. عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: "یەکەیەکی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ هەیەو ئەمە تاڕادەیەک دیوە فەرمییەکەیە، بەڵام بەرپرس هەیە لیوای هەیە، بەرپرس هەیە فەوجی هەیە، بەرپرسی حزبی هەیە 60 پاسەوانی هەبووە و کۆچی دوایی کردووە، دواتر پاسەوانەکانی وەکو میرات لای نەوەکانی ماونەتەوە." دەشڵێت: "دوو ساڵ لەمەوبەر دیراسەیەکی وردی ئەو هەموو پاسەوانەمان کرد کە لای حزب و بەرپرس و بارەگا حزبییەکانن، ڕەنگە ژمارەیان بگاتە 50 هەزار پاسەوان." پاسه‌وان یان خزمەتکار؟ هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان یەکەی پاسەوانی هەیە بۆ دابینکردنی پاسەوان بۆ بارەگا حزبی و حکومییەکان، بەرپرسانی حزبی و حکومی، بەڵام بەهەزاران پێشمەرگە و پۆلیسی خۆجێی، پۆلیسی زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن و هێزە جۆراوجۆرەکانی تر دراون بە خەڵکانی جیاوازو وەکو پاسەوان لایانن. لەکاتێکدا ئەو کەسانەی پاسەوانیان بۆ دابین دەکرێت دەبێت گومانی هەبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان بکرێت، بەڵام بەشێک لەوانەی پاسەوانیان لایە پاسەوانەکانیان بۆ خزمەتکردنی باخ و میوان و ماڵەکانیان بەکاردەهێنن. حكومه‌تیش پێی چاكناكرێت! سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ناوەندی بڕیاردایە، دانی بەوەدانا جۆرێک لە پشێوی هەیە لە پێدانی پاسەوان بە خەڵکانی سەر بە چین و توێژە جیاوازەکان. سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم کە لەبەر هەستیاری پێگەکەی نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "کاتێک دەست بۆ پاسەوانی بەرپرس یان کەسایەتییەک دەبرێت تا لێی وەربگیرێتەوە، سەدان گرفت دروست دەکات." قەیرانی میلاک و فشارەکانی هاوپەیمانان گرفتی کەمی میلاکی هێزە خۆجێییەکان و پێدانی هەزاران پاسەوان بە خەڵکانی سەر بە چین و توێژە جیاوازەکان لەسەر بنەمای پەیوەندی کەسیی، لەکاتێکدایه‌ هێزەکانی هاوپەیمانان فشارەکانیان لەسەر حکومەتی هەرێم بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان و بە نیزامی کردنیان بەردەوامە. سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت: "میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت 138 هەزار کەس بێت، بەڵام ژمارەکە ئێستا زیاترە." دەشڵێت: "دەبێت ڕێگەی خانەنیشینکردنی ناچاری بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ژمارەکە بۆ 138 هەزار کەمبکرێتەوە، ئەو پلەدارانە خانەنیشین بکرێن کە پایەیان نییە، یاخود ڕێگەی خانەنیشینکردنی پێشمەرگە بە تەمەنەکان بگیرێتە بەر." به‌ڵام وادیاره‌ حكومه‌تى هه‌رێم و به‌رپرسانى حزبی و حكومی، له‌ بری پابه‌ند بوون به‌وه‌ى هاوپه‌یمانان داواى ده‌كه‌ن، سوورن له‌سه‌ر ئه‌و ره‌فتاره‌ى خوویان پێوه‌ گرتووه‌. بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، لە تازەترین نوسراودا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکی پۆلیس و هێزێکی سەربازیی کراوە، داوای دابینکردنی 6 پاسەوان بۆ کادیرێکی حزبی کراوە، کادیرەکە تازە سەنگەری لە نێو حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر گۆڕیووە و پاسەوانەکانی پێدراوە.

نووسینی: لوقمان حەوێز ڕێژەی باران لە وەرزی بارینی داهاتووش 2025-2026 لە ڕێژەی بارانی ساڵێکی ئاسایی کەمتر دەبێت بەتایبەتی لەمانگی 10 و 11 و 12 و 1، بەگشتی دەتوانم بڵێم ڕێژە و بڕی باران بارین لەمانگی دە واتە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ 2025 تاوەکو مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو 2026 لە خوار ڕێژەی بارانی ساڵێکی ئاسایی دەبێت، بەڵام ڕێژەکە هەندێک زیاتر دەبێت بە بەراورد بە بڕی باران لە ساڵی ڕابردو ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو دۆخەی لانینا کە لەو ماوەیەدا بەرجەستە دەبێت لانیایەکی لاوازترە بە بەراورد بەو لانیانەیەی کە لە ساڵی ڕابردو هەبوو، بەگشتی ڕێژەی بارین بۆ زۆربەی ناوچەکان لە هەرێمی کوردستان لە نێوان %40 بۆ %60 ی ڕێژەی بارانی ساڵێکی ئاسایی دەبێت، ئەو ڕێژەیەش بە پێی شوێنەکان هەندێک دەگۆڕێت. وردەکاری و لێکدانەوەی زانستی زیاتر: بە گشتی لە هەر وەرزێکی بارین کاتێک دۆخی ئێل نینۆ لە زەریای هێمن El.Nino بەرجەستە بووە ڕێژەی باران لە زۆربەی ناوچەکەکانی شام و باشور و ناوەراستی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئێران یان ئاسایی بووە یان لەسەروی ئاسایی بووە، زۆربەی کاتەکان لەسەروی ئاسایی بووە، کاتێکیش دۆخی نیوتراڵ بەرجەستە بووە بڕی باران یان ئاسایی بووە یاخود کەمێک لە خوار ئاسایی بووە، لە دۆخی لانینا La.Nina ڕێژەی باران بەشێوەیەکی بەرچاو لە خوار ئاسایی بووە و بە گشتی وەرزێکی وشک یان نیمچە وشک بووە. دۆخی ئێل نینۆ چیە و دۆخی لانینا چیە و دۆخی نیوتڕال ENSO لە زانستی کەشناسی چیە؟ ئەو دۆخانە لە ناوەڕاستی زەریای هێمن نزیک کەمەری ناوەراست بەردەوام ڕوودەدەن،  دیاردەی لانینا بریتیە لە ساردبوونەوەی ئاوی سەر ڕووی پانتاییە ئاویەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زەریای هێمن لە نزیک هێڵی کەمەری ناوەڕاست بە بڕی نێوان 1 بۆ 2 پلەی سەدی لەخوار تێکڕای پلەی گەرمیە ئاساییەکەی. دیاردەی ئێلنینۆ بریتیە لە گەرمتربوونی ئاوی زەریای هێمن بە هەمان ڕێژە لە سەروی پلەی گەرمیە ئاساییەکەی، دۆخی نیوتڕالیش ئەو دۆخەیە کە پلەی گەرمی سەر ڕووی ئاوی ئەو شوێنەی زەریای هێمن نزیکە لە تێکڕای پلەی گەرمیە ئاساییەکەی، ئەو گۆرانکاریانە بەشێوەیەکی بەردەوام ڕوودەدەن بەهۆی گۆڕانی خێرایی و ئاڕاستەی با لەسەر ئەو شوێنانەی زەریای هێمن، ئەو گۆڕانکاریانە کاریگەریان لەسەر ئاو هەوای زۆربەی ناوچەکانی جیهان هەیە بەتایبەتی هەردوو کیشوەری ئەمەریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوڕوپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دۆخەکانی ئێل نینۆ و لانینا کاتێک سەرهەڵدەدەن دەکرێت لەنێوان چەند مانگێک بۆ یەک دوو ساڵ بەردەوام بن. دۆخی ئێل نینۆ و لانینا و نیوتڕاڵ لە ماوەی ساڵی ڕابردو و ئێستا چۆن بووە..؟ بۆ وەرزی بارینی ئەم پایزە و زستان و بەهاری ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت؟ ئێل نینۆ لە وەرزی دابارینی 2023-2024 بەرقەرار بوو بۆیە ئەو وەرزە پڕباران و تەڕ بوو، بەڵام لە مانگی شوباتی 2024 دۆخی ئێلنینۆ ‌تەواو بوو. لە مانگی ئاداری 2024 دۆخی لانینایەکی توند سەریهەڵدا و تاوەکو مانگی شوباتی 2025 بەردەوام بوو، بۆیە لە هاوینی 2024 پێشبینی ئەوەم کرد وەرزی بارینی 2024-2025 وشک و کەم باران بێت و وا دەرچوو. لە مانگی ئاداری 2025 دۆخی نیوتڕال بەرجەستە بوو و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، واتە لەوکاتەوە نە ئێل نینۆ و نە لانینا هەیە، بەڵام ئێستا بە پێی ئەو داتایانەی هەمانە ئێستا لە چاوەڕوانیداین دیسان لە پایزی 2025 دۆخی لانینا سەرهەڵداتەوە، بەڵام لانینایەکی لاوازتر دەبێت، پێشبینی دەکرێت پێش کۆتایی مانگی نۆ و یان لە مانگی دە 2025 دەست پێبکات و لایەنی کەم تا سەرەتا یان کۆتایی مانگی شوباتی 2026 بەردەوام بێت، ئەمەش بۆ دۆخی بارانی ئەم وەرزەی داهاتوو باش نابێت بۆ ناوچەکانی ئێمە، دوای ئەوکاتەش و بە وردی لە ئاداری 2026 دۆخی نیوتڕال دەستپێدەکاتەوە، ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کۆتایی زستان و مانگەکانی 3 و 4 ڕێژەی باران هەندێک گۆڕانکاری بەسەردا بێت و ڕێژەی باران لە مانگەکانی بەهاردا باشتر بێت بە بەراورد بە مانگەکانی زستان. لەبەر ئەوەی بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەوا و گەرمبوونی گۆی زەوی تێکڕای پلەکانی گەرمای ئاوی دەریای سور لەبەرزبوونەوەیەیەکی بەردەوامدا بووە لە ساڵانی ڕابردو ئەمەش ڕێژەی شێی زۆرتر کردوە لەنێو ئەو نزمە پاڵەپەستۆیانەی کەلە دەریای سورەوە دێن بۆیە ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو ئەگەری ڕوودانی لافاو و دابارینی بەخوڕ ناوە ناوە لە ناوچەکانی سعودیە دەبێت وەک ساڵانی پێشوو، ئەو کاریگەریە هەندێک جار دەگاتە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقیش بۆیە بەدوری نازانرێت لەوناوچانە ڕێژەی لافاو و بارانی بەخوڕ زۆرتر بێت، دورنیە ئەو کاریگەرییە نوێیەی دەریای سور لەسەر ناوچەکانی ئێمە، ئەمساڵیش چەند جارێک لەگەڵ هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەکان هەستی پێبکرێت و ڕووبدات بەڵام بەڕێژەیەکی زۆر کەمتر لە ناوچەکانی سعودیە و باشوری عێراق.

خەبات کوردە گرژیەکانی تورکیا و ئیسڕائیل بەرەو جەنگێکی هاوشێوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسڕائیل ڕێدەکەن ؟ بەڵێ ئەو دەنکە خورمایەی کە ئەردۆگان دەیخوات ، دەنکەکەی لە گیرفانی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل دایە ، چۆن .؟ ماوەیەکە کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک لە تورکیا ڕۆژانە و بەردەوام دەیانەوێ وا خۆیان نیشان بدەن کە کارگەکانیان چەکی پێشکەوتوو بەرهەم دەهێنن . ساڕوخەکانی تورکیا تا ئێستا لە ٥٣٠ کم زیاتر بڕ ناکا بە مەرجێ نزیکترین خاڵی نێوان ئیسڕائیل و تورکیا ٥١٥ کیلۆمەترە ! ڕۆژانەش چەندین جۆر ساڕوخ تاقیدەکەنەوە و بە هۆی نەبوونی تەکنەلۆجیای پێویست سەرکەوتوو نابن . ئەگەر خاکی سوریا و بەشە دابەشکراوەکەی قوبرسیش نەبێ قەت نە فڕۆکەی F16 کانی تورکیا دەگەنە سەر ئیسڕائیل وە نە توانای بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە F35 ەکانی ئیسڕائیلیشیان هەیە ، تەواوی هەموو ئەو سیستەمە بەرگریانەی کە لە ناو خاکی تورکیاش دان لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆدان ، بێجگە لە سیستەمی S400 ڕوسیەکە نەبێ کە تا ئێستاش لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕوسیا دایە . لە درێژایی سەد ساڵەی تەمەنی تورکیای ئەتاتورکدا سوپای تورک غەیری شەڕی یۆنان و قوبرس بەشداری هیچ شەڕێکی نێودەوڵەتی نەکردوە ، غەیری چەند ئۆپەراسیۆنێک نەبێت کە لە چل ساڵی ڕابردودا دژی پەکەکە ئەنجامی داون و لە ڕۆژئاڤای کوردوستانیش بە چوار ئۆپەراسیۆن چەندین شاری کوردانی کاول کردوە . ئیسڕائیل تەنها لەو مانگەدا کۆتایی بە هەموو پلانە سیاسی و سەربازیەکانی تورکیا هێنا لە سوریا و ئێستا دابەشبوونی سوریا بۆ چوار پێنج کانتۆنی فیدڕاڵی بۆتە ئەمری واقیع و ئەمەریکاش بە تەواوی بۆ ئەو دابەشبونە پشتی لە ئەردۆگان و سیاسەتەکانی دا کردوە ، ئێستا چاوەڕێ دەکرێ ئیسڕائیل زەختێکی زۆر لە تورک بکات یەکجاری بارەگا و هێزە سەربازیەکانی لە ناوچەکانی ( نبع السلام ) کە لە سەردەمی حاکمداری تڕەمپ ی یەکەم کە لە ٢٠١٩ لە باکوری سوریا داگیری کردون چۆڵیان بکات یان بە زەبری هێز پێیان چۆڵبکەن . لایەنێکی تریش قوبرسە کە ترسێکی گەورەی خستۆتە ناو دڵی ئەردۆگانەوە و زۆر دەترسن ئیسڕائیل لە ناکاو هێزە دەریایی و ئاسمانیەکانی بگەیەنێتە کەناراوەکانی باکوری قوبرس و ئەو بەشە داگیر بکات کە تورکەکان لە ٥٠ ساڵی ڕابردوەوە داگیریان کردوە . هەر چەندە ئەردۆگان و هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەکەی دەیانەوێ ئەوەندە گرنگی بەو بارگرژیەی نێوان تورکیا و ئیسڕائیل نەدەن و چاوەکان بەرەو ڕووبەڕوبونەوەی سەربازی ڕێنەکات ، بەڵام ئیسڕائیل ئەو پشو درێژیەی نیە وەکو ئەردۆگان و گەمە قێزەوەنە سیاسیەکانی و هەر کاتێ کە دەمار گرتی بە کردەی سەربازی گۆڵەکانی خۆی دەکات و نەیارەکانی دەم دەبەستێت . تورکیا چەند ڕۆژێکە بۆ ئەوەی چاوەکانی ئیسڕائیل لە خۆی دورخاتەوە خەریکی جوڵەیەکی سیاسی گڵاو ترە و بە جارێ ڕووی وەرگێڕاوەتە سەر شیعە و سوننەکانی عێڕاق و خەریکی ئاگری فیتنەیەکە و ئەردۆگان بۆ خۆی دەستی کردوە بە جوڵە . ڕۆژێ لە گەڵ هەر دوو سەرکردە سوننەکە ( خمیس خەنجەر وحەلبوسی ) دوور لە چاوی میدیاکان کۆدەبێتەوە و بۆ بەیانی فاڵح فەییازی سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەعوەتی ئەنقەرە دەکات . هەموو ئەو جوڵانەش لە دوای ئەوەوە دێن کە لە ژێر زەختی ئەمەریکا و کشانەوەی هێزەکانی لە تەواوی عێڕاق ، شیعە ناچار کرا یاسای بە حەشد بوونی هێزەکانی لە پەرلەمان بکشێنێتەوە و هەڕەشەکانی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بە هەند وەربگرن ، کاتێ کە ڕایگەیاند : بۆ خۆم ئەو جارە حکومەتێک لە بەغدا بۆ عێڕاقیەکان پێکدەهێنم و تەواوی سەرکردە و بەرپرسە حکومی و حیزبیەکانی عێڕاق بە تۆمەتی دزی و گەندەڵی و بە فیڕۆدانی سامانی گشتی تاوانبار دەکەم و بڕیارمداوە هەر هەموویان ڕووبەڕووی دادگا بکەمەوە