دوای ئەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی گەنجێک بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی هەڵە و بەگوێرەی ڕێنمانی زیرەکی دەستکرد بەخێرای سۆشیاڵ میدیا داگیر دەکات، کەسوکاری ئەو گەنجە نیگەرانن لەبەرامبەر شێواندنی ڕاستییەکەی.  سەلمان خدر، باوکی ئەو گەنجە ڕاگەیاند، لە زۆرێک لە دەزگا میدیاییەکان نیگەرانین بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری لەسەر مردنی کوڕەکەم، ئەمە وای کردووە دووجار جەرگمان بسووتێت.  ئەو وتى: کوڕەکەم لە منداڵییەوە نەخۆشی دابەزینی فشاری خوێنی لەگەڵ و ئەمجارەش هاوشێوەی هەموو جارێک دووبارە تووشی هەمان دۆخ بووەتەوە و هەموو ئەو هەواڵانە باس لەوە دەکەن کە گوایە، زەکەریا ڕاوێژی بە زیرەکەی دەستکرد کردووە بۆ بەکارهێنانی دەرمان دوورە لە ڕاستییەوە و چەواشەکارییە.  ڕۆژی یەکشەممە، لە چەند دەزگایەکی میدیایی بڵاوکرایەوە، گەنجێکی دەڤەری برادۆست بەهۆی وەرگرتنی ڕێنمای لە زیرەکی دەستکرد خواردنی دەرمانی هەڵە بۆ چارەسەری نەخۆشی گیانی لەدەستداوە و هەواڵەکە بە خێرای لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەوە.  زەکەریا سەلمان، قوتابی قۆناغی دووەمی زانکۆیە و خەڵکی دەڤەری برادۆستە، دوای ئەوەی فشاری خوێنی دادەبەزێت ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆران دەکرێت و دۆخی تەندروستیی بەرەو باشبوون دەچێت، دواتر لەهەمان ڕۆژ جارێکی تر فشاری خوێنی دادەبەزێت بەرلەوەی ڕەوانەی هەولێر بکرێت کۆچی دوای دەکات.  لەلایەکى دیکەوە سامان عەبدوڵلا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین ڕاگەیاند، زەکەریا سەلمان، قوتابی قۆناغی دووی بەشی ڕووپێوان بوو و نوێنەری قوتابییانی بەشەکەی خۆی بوو لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین. سامان عەبدوڵلا گوتیشی: دوای بەدواداچوون و قسەکردن لەگەڵ 'مام سەلمان خدر' کە باوکی قوتابیەکەیە، ڕەتی کردوە کوڕەکەی لە ئەنجامی ڕاوێژ بە ژیریی دەستکرد و خواردنی دەرمانی هەڵە،  کۆچی دوایی کردبێت. ئاماژەی بەوەش کرد،  وێڕای سەرەخۆشیمان لە بنەماڵەی قوتابی زەکەریا سەلمان، پشتڕاستی دەکەینەوە قوتابی ناوبراو بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی هەڵە و ڕێنمایی وەرگرتن لە ژیری دەستکرد کۆچی دوایی نەکردووە.  

  لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە پارەدان بەشێوەی کاش لە تەواوی فەرمانگەکانی حکومەتی عێراق قەدەغە دەکرێت و دەبێتە ئەلیکترۆنی. ئەم بڕیارە فەرمانگە فیداڵییەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، وەکو فەرمانگەی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و دامەزراوە فیدراڵییەکانی دیکە. ساڵح سەلمان راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند،  عێراق لە وەرگرتنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، ساڵی 2018 بۆ 2019 تەنها كەمتر لەڕێژەی 10%ـی پارەدانی ئەلیكترۆنی هەبووە، بەڵام ئێستا رێژەكەی بۆ 40% بەرزبووەتەوە، هەروەها ژمارەی ئامێرەكان فرۆشتن بە شێوەی ئەلیکترۆنی گەیشتووەتە 60 بۆ 70 هەزار، ژمارەی هەژماری بانكیش 22 بۆ 33 ملیۆن زیادیكردووە. لەو چوارچێوەیەشدا، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە لە مامەڵەی تەواوی فەرمانگە حكومییەكاندا پارەی كاش نامێنێت و دەبێت بەئەلیكترۆنی، پێویستە هاووڵاتیان بەبێ كارتی بانکی سەردانی فەرمانگەكان نەكەن.

  بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەک، پرسی کورد و خەباتی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پەکەکە بووەتە بابەتی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە زانکۆیەکی میسڕی. بەشی مێژووی کۆلێژی ئادابی زانکۆی دەمەنهور لە میسڕ، پرسی کورد و خەباتی عەبدوڵا ئۆجالانی لە چوارچێوەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ جێکردووەتەوە، بەدیاریکراویش پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەکەکە و بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسی کە لەلایەن ئۆجالانەوە بڵاوکرایەوە، جگە لە پرسی کورد، پرسی فەلەستین و کەسایەتییە کاریگەرەکانی وەک نێڵسۆن ماندێلا، کراونەتە بابەتی تاقیکردنەوەکان. لە پرسیارەکاندا باس لە رۆڵی پەکەکە لە زیندووکردنەوەی دۆزی کورد، ناڵینی کورد بەدەست سیاسەتی بەتورککردن و بەفارسکردن و تەعریب لەماوەی سەدەی رابردوو کراوە، جگە لەوەش ئاماژە بە پێزانینی ئەکادیمی بۆ پێگەی کورد و رۆڵی فیکری و سیاسی ئۆجالان لە پێشنیازی ئاشتی و دیموکراسی کراوە.

  لە دیداری خانەوادەکاندا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، ڕێبەر ئاپۆ پەیامی جەژنە پیرۆزەی نارد و دەڵێت: جەژنی قوربانی “بێقوربانی” لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم، سڵاو بۆ گەلەکەمان دەنێرم. دوێنێ بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، هەریەک لە عەلی ئۆجالان، برازای و عومەر ئۆجالان، برازای ڕێبەر ئاپۆ و ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی لە ڕحا، سەردانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد، کەمێک پێش ئێستاش عومەر ئۆجالان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامی جەژنە پیرۆزەی ڕێبەر ئاپۆی بڵاوکردەوە. عومەر ئۆجالان دەڵێت: بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە وەک خانەوادە دیدارمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دا، هیوا و باوەڕیمان زیاتر بووە کە پرۆسەی بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” ڕێ لەبەردەم سیاسەتێکی نوێ، ڕێکخستنبوونێکی نوێ و بونیادنانی واتایەکی نوێ دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەشداوە، لەم کاتەدا کە کە پێشهاتی گرنگ و مێژووی ڕوودەدەن پەیامی پیرۆزبایی بەڕێز عەبدولا ئۆجالان بۆ جەژن پێشکەشی ڕای گشتیی دەکەم. پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەمشێوەیەیە: “جەژنی قوربانی “بێقوربانی” لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم، سڵاو بۆ گەلەکەمان دەنێرم”

  ئەو راپۆرتەی بوەهۆی بڕینی موچەی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێم خۆی واژۆی کردوە و بەغدادیش داوای داهاتی سێ ساڵی فرۆشی نەوت دەکات. سەرکردەیەکی باڵای عێراق کە ناوى ئاشکرا نەکردوە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای راپۆرتێک موچەی فەرمانبەرانی راگرتوە، کە واژۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، کاتێک ناوەڕاستی ساڵی رابردو گرفت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستبو، لیژنەیەکی باڵا لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاتنە هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە هەولێر سەرقاڵی وردبینی لە لیست و ناو و زانیاری کەسی فەرمانبەران و داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان بون، دواتر راپۆرتێکی هاوبەش لەنێوان هەردو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادەکرا و واژۆی ئەندامانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستانیشی لەسەرە، بەپشت بەستن بەو راپۆرتە ناردنی پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم راگیراوە. رۆژی چوارشەممەی رابردو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو راپۆرتەی بردوەتە ناو کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کۆک بون لەسەر ئەوەی گرفتەکان لە بنچینەوە چارەسەربکرێن و تا ئەو کاتەش موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رابگیرێت. لەبارەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە، سەرچاوەکە وتی: حکومەتی هەرێم بە وردی داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغداد کردوە، بەجۆرێک تەنها لەساڵی 2023ـدا داهاتی نەوتی لە فرۆشی نەوت کە حکومەتی هەرێم دەستیکەوتوە زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار بوە و واژۆی لەسەر ئەو راستی و دروست ئەو داتایانە کردوە. باسی لەوەشکرد، عێراق هیچ لێخۆشبونێک بۆ حکومەتی هەرێم دەرناکات، داهاتی نەوتی لەو سێ ساڵەدا هەرچەند بو، لەکۆی گشتی بودجەی سێ ساڵە دەریدەکات و بەوشێوەیەش رەنگە هەرێمی کوردستان قەرزار بێت. سەبارەت بە چارەسەری گرفتەکە سەرچاوەکە دەڵێت: دەبێت حکومەتی هەرێم بچێتە ژێر باری کۆمەڵێک داواکاری بەغدادەوە یەکێک لەوانە بەزوترین کات هەناردەکردنەوەی نەوت و دەرکردنی ئەو پارەیە لە بودجە کە لە داهاتی نەوت دەستیکەوتوە، چونکە ئێستاشی لەسەر بێت حکومەتی هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.

  یەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستی هەولێر سزای 20 پزیشک دەدات و لیژنەیەکی چاودێریی بۆ سەردانی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی پێکدەهێنێت، لەسەر بایکۆتکردنی دەوامی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان. بەپێی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، کە ئیمزای د.دلۆڤان محەمەد فاتح بەڕێوەبەری گشتی لەسەرە، دوای سەردانی بۆ نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری لە دووەم رۆژی جەژن و لەسەر راپۆرتی سەرۆکی پزیشکانی خولاو، سزای یەک رۆژ نەهاتوو و بڕینی مووچەی بۆ 12 پزیشک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رزگاریی و بەشی روداوەکان و چاودێریی چڕ دەرکردووە. هەمان رۆژ و بە نوسراو بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر، سزای یەک رۆژ مووچە بڕین و نەهاتنی بۆ 7 پزیشکی دیکەی نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری منداڵان لە دووەک رۆژی جەژن دەرکردووە، ئەویش بە هەمان شێوە لەسەر راپۆرتی سەرۆکی پزیشکانی خولاو. تەندروستی هەولێر نوسراوێکی دیکەی ئاڕاستەی نەخۆشخانە تایبەتەکان کردووە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی دەوام نەکردنی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و دێرین، نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت ئاگادار دەکەنەوە کە هەر پزیشکێکی نیشتەجێی خولاو و دێرین لە کەرتی گشتی پابەندی دەوام نەبووە، نابێت لە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش دەوام بکات و هەڕەشەی سزادانیان دەکات. هاوکات لەگەڵ سزادانی ئەو پزیشکانە، تەندروستی هەولێر لیژنەیەکی بەدواداچونی پێکهێناوە بۆ سەردانی ئەو فریاکەوتن و نەخۆشخانە و سەنتەرانە کە بەشێوەی 24 کاتژمێری کاردەکەن. تەندروستی هەولێر دەڵێت: لیژنەکە بۆ بەدواداچوون و لە نزيکەوە ئاگاداربوونە لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی تەندروستی و کێشە و گرفتەکان. سزادانی ئەو پزیشکانە دوای ئەوە هات کە رۆژی شەممە (7ـی حوزەیرانی 2025)، پزیشکانی نیشتەجێێ خولاوی ساڵی یەکەم و دووەمی هەولێر، سلێمانی، سۆران، کۆیە، رپەڕین و گەرمیان رایگەیاندراوێکیان ئاڕاستەی رای گشتی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی تەندروستی، بەڕێوبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکان و بەڕێوبەرانی سەرجەم نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکان کرد و هۆشدارییاندا لەوەی ماوەی شەش مانگە دۆخێکی چەقبەستوو درووستبووە بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی تازە دەرچوو، بەجۆرێک سەرجەم پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم و سێیەم تا پزیشکانی پایە بڵند بەو هۆیەوە ماوەی شەش مانگە لە دەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکییان خزمەت دەکەن و لە شوێنەکانی خۆیان ماونەتەوە. ئاماژەیان بەوەکردووە: پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەم لەماوەی رابردوو هەموو ڕێگەیەکی یاسایی و مەدەنییان گرتەبەر  بەرامبەر ئەم دۆخە کە مەترسی دروست دەکا لەسەر سیستەمی تەندرووستی کوردستان، لەکۆتا هەڵوێست بەیاننامەیەکیان بە ناو و ئیمزای 1600 پزیشک لەسەرتاسەری کوردستان لە گردبوونەوەیەک پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار کرد. نیگەرانیی خۆیان نیشانداوە لەوەی؛ وەزارەتی تەندروستی نەک هیچ پلانێکی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵکو بەبێ حسابکردن بۆ رای ئێمەی پزیشک، تاک لایەنانە هەستاون بەشێواندنی سیستەمی پلەبەندی پزیشکی، بەجۆرێک کە پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم ناچار دەکات دەوامی سێ خولی پزیشکی بخەنە ئەستۆی خۆیان، بەبێ هەڵسەنگاندنێکی ورد و حیسابکردن بۆ لێکەوتە وکورتخایەن و درێژخایەنەکان و ئەو لۆدە زۆرەی کە دەکەوێتە سەر پزیشکان. لە بەیاننامەکەدا رایاگەیاندووە: رۆژی شەممەوە 7ـی حوزەیرانی 2025 کاتژمێر 8ـی بەیانی بایکۆتی دەوامکردن لە سەرجەم فریاکەوتن و نەخۆشخانەکانی هەولێر، سلێمانی، سۆران، کۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان بە هەمو بەشەکانیانەوە رادەگەیەنین تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان.

رۆژنامەی جومهوریەتی تورکی بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە، داوای کردووە لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان بکات. بە گوێرەی هەواڵی رۆژنامەکە، مەزڵوم عەبی داوای کردووە سەردانی تورکیا بکات، بەڵام تورکیا ئەم داوایەی رەتکردووەتەوە و تا ئێستا هیچ دیدارێکی رەسمی لەنێوان مەزڵوم عەبدی و حکومەتی تورکیادا ئەنجام نەدراوە. ئەم رۆژنامەیە روونیشی کردەوە، ئامانجی مەزڵوم عەبدی لەم دیدارە لە ئیمراڵی، گفتوگۆکردن بووە لەسەر پرسی دانانی چەک و بۆ ئەم دیدارە، داوای مۆڵەتی لە دامودەزگا رەسمییەکانی حکومەتی تورکیا کردووە. عومەر چەلیک گوتەبێژی ئاکپارتی پێشتر لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو، کە هیچ دیدارێکی فەرمی لەنێوان هەسەدە و بەرپرسانی حکومەتی تورکیادا ئەنجام نەدراوە و ئەگەر دیدارێک بکرێتئاژانسە هەواڵییەکانی تورکیا رایدەگەیەنن.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا کۆبوونەوەیەکی مێژوویی کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی حکومەتی سوریا و شاندێکی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرۆکایەتی پەروین یوسف سەرۆکی دانوستانکاری سوریا کراوە. گفتوگۆکان لەسەر پێکهێنانی لیژنەی لاوەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بوو کە لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرپەرشتی ئەمریکا واژۆ کراوە.  هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵدرا زەمینەی هاوبەش بۆ دانوستانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە مشتومڕاوییەکان بدۆزرێتەوە. پەروین یوسف، سەرۆکی شاندى کوردی و هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بۆ ڕۆژنامەى شەرقلئەوسەت پشتڕاستکردەوە کە کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و بە ئاگاداری و پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و زلهێزەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاردراوە دوای پشووی جەژنی قوربان لیژنە لاوەکییەکان پێکبهێنرێت. یوسف وتیشی: ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوولادا هەبوو بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لە هەموو بوارەکاندا بە سەرپەرشتی لیژنەی ناوەندی، بەو پێیەی چەند پرس و فایلێک هەیە کە پێویستیان بە پسپۆڕی هەردوولا هەیە، بۆ گەیشتن بە دیدگایەکی هاوبەش بۆ تێکەڵکردنی ئیدارەی خۆسەر بە پێکهاتەکانی دەوڵەتی سوریا. ڕێککەوتنەکە کە لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا شەرع و عەبدی واژۆیان کردووە و تێیدا ئاماژە بە یەکخستنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئیدارەی نوێی دەوڵەتە لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.  لە نێو ئەو لیژنانەی کە بڕیارە پێکبهێنرێن، "لیژنەی کارگێڕی" هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی تێکەڵکردنی دامودەزگا ئیدارییەکان و فەرمانبەرەکانیان لە پێکهاتە و دەستەکانی دەوڵەتدا؛ لیژنەیەکی دووەمی پەروەردەیی بۆ ناونوسینی قوتابیان، قوتابخانەکان، و کۆمەڵگە پەروەردەییەکان لە وەزارەتی پەروەردە و داننان بە بڕوانامە و ئاستەکانیان. لیژنەیەک تایبەتمەند بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و چۆنیەتی تێکەڵکردنی ئەو هێزانە لە پێکهاتەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ؛ و لیژنەکانی تر کە دواتر بەپێی پێویست دیاری دەکرێن. ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر بەسەر چوار پارێزگاری سوریادا دابەشکراون کە دەکەونە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە: لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب، لادێکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر، ناوەندی شارەکانی ڕەققە و تەبقە، جگە لە پارێزگاری حەسەکە و شاری قامیشلۆ کە حەوت شارستانی ناوخۆیی بەڕێوەدەبرێن لەلایەن ئەنجومەنەکانەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم ئیدارە ناوخۆییانە بەشێکن لەو سیستەمە حوکمڕانییەی کە خەڵکەکەیان بەڕێوەی دەبەن، کە بە باشی ئاگاداری کێشەکانیانن. دەشڵێت: "بە واتایەکی تر دەمانەوێت مافی ئەو ئیدارانە بپارێزین بۆ پەرەپێدان و هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق لەسەر بنەمای ڕێکخستنە دەستوورییەکان، و دەستەبەرکردنی بەردەوامی یاسایی و ڕەوایان". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە بەشێکین لە سوریا، ئەمەش هەڵوێستێکی پرەنسیپییە بۆ ئێمە، لامەرکەزییەت دژایەتی یەکڕیزی نییە، هەموومان سوریین، بەڵام بۆ هەر هەرێمێک تایبەتمەندی نەتەوەیی هەیە، لەگەڵ هەمەجۆریی ئایینی و نەتەوەیی". هەروەها هەر ناوچەیەک تایبەتمەندی کولتووری تایبەتی خۆی هەیە، "ئەمەش دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو سیستمی لامەرکەزییان هەیە و وڵاتی بەهێزن، لەوێدا زاراوەی لامەرکەزی شێواوە، وەک ئەوەی مانای دابەشبوون و دابڕان بێت". ئەم لیژنانە جگە لە پرسە سەربازی و ئیداریەکان باس لە بارودۆخی ئابووری و ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکان و وزە دەکەن. ئێس دی ئێف لە ئێستادا نزیکەی 85%ی سامانی نەوتی وڵاتەکەی کۆنترۆڵ کردووە، جگە لە 45%ی کێڵگەکانی گازی سرووشتی و بەرهەمهێنانیان، لەوانە کێڵگەکانی ئەلعومەر و ئەلتەناک لە لادێی دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

  هەپەگە ڕایدەگەیەنێت توركیا هێرشێكى فراوانى ئاسمانیى كرده‌سه‌ر گه‌ریلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان، كچه‌ گه‌ریلایه‌ك شه‌هیدبووە، ئه‌و كچه‌ گه‌ریلایه‌ به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌ڵمانى بوه‌و پێشتریش به‌شداریى به‌رخۆدانى كۆبانێى له‌ڕۆژئاواى كوردستانیش كردوه‌. ناوەندی ڕاگەیاندن‌و چاپەمەنی هێزه‌كانى پاراستنى گه‌ل (هەپەگە) ڕاگه‌یه‌نراوێگى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى:"ڕۆژى 29ى 4ى ئه‌مساڵ توركیا هێرشێكى گه‌وره‌ى ئاسمانیى كرده‌سه‌ر گردی بەهاریی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لەهه‌رێمى كوردستان‌و به‌هۆیه‌وه‌ (تیژدا زاگرۆس) كه‌ به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌ڵمانییه‌ شه‌هیدبوه‌". له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا هاتوه‌، "هاوڕێمان تیژدا لەسەر بنەمایی ئازادی گەلان، پارادیمی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی‌و ئازادیخوازی ژنی ڕێبەر ئاپۆیی لەخۆیدا ناونشینکرد، خۆی لەسیستەمی سەرمایەداری دابڕیی‌و ڕویکردە چیا ئازادەکانی کوردستان. هه‌په‌گه‌ جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "تیژدا زاگرۆس بوە به‌میلیتانێکی فیدایی نمونەیی پەکەکە ـ پاژک‌و جێگەی خۆی لەمێژویی ئازادی گەلاندا گرت‌و بەکۆکردنەوەی ئەزمونی ئایدۆلۆژی، شارەزابونی سەربازیی، هاوڕێیەتی قوڵ‌و بڕیاردارییەکانییەوە بۆ گورزوەشاندن لەدوژمن، بەکەسایەتی پڕاوپڕ لەمۆراڵ‌و جۆشەوە هەموو ئەرکێکی بەسەرکەوتوییەوە بەجێگەیاند". هه‌روه‌ك هه‌په‌گه‌ حه‌وت گه‌ریلاى دیكه‌ى به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌ڵمانى ئاشكراكردوه‌و نوسیویه‌تى:"هاوڕێمان تیژدا، ڕێچکەگری ڕوناهی (ئاندریا وۆڵف)، نودەم (یوتا شنایدەربانگەر)، شیار (جاکۆب ڕیمەر)، سارا (سارا هاندلمان)، باگەر (میشێل پانسیر) ئازاد (تۆماس جۆهان سپایس)و ئێلێفتریا (ئیڤا ماریا شتایگەر) بوو بەشێوەیەک ناوی خۆی لە مێژویی تێکۆشانی ئازادی گەلاندا تۆمارکرد کە بۆ هەمیشە زیندوو دەبێت". هه‌په‌گه‌ ئاشكراشیكردوه‌، له‌بنه‌ڕه‌تدا تیژدا زاگرۆس، ناوى (کێلی فرێیگانگ)ه‌و له‌شارى هامبۆرگى ئەڵمانیا له‌دایكبوه‌، دایكى ناوى (گوندا)یه‌و باوكیشى ناوى (جۆگهه‌ن)و ڕۆژى 29ى مانگى 4 به‌هۆى هێرشێكى سه‌ختى توركیاوه‌ شه‌هید بوه‌.

  لە یەکەم رۆژى جەژنى قورباندا، بەشێک لە هاونیشتمانییان قوربانییان ئەنجامدا و بەگوێرەى ئامارێک، بەراورد بە ساڵى رابردوو، قوربانیکردن لە یەکەم رۆژى جەژندا لە هەرێمى کوردستان لە کوشتارگە فەرمییەکاندا 50% کەمیکردووە. دابەشنەکردنی مووچە کاریگەریی لەسەر دۆخی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و بەهۆیەوە جەژنێکی ساردوسڕ بەڕێدەکەن و دەڵێن، دڵیان خۆش نییە و تەنانەت سەردانیکردنی خەڵکیش کەمبووەتەوە و منداڵانیش وەک پێویست بۆ وەرگرتنی جەژنانە بە ماڵاندا ناگەڕێن. هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر، ڕاگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا تاوەکو کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆ 63 سەر ئاژەڵى گەورە و 196 سەر ئاژەڵی بچووکیان سەربڕیوە. محەمەد محێدین، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کوشتارگەی سلێمانییش دەڵێت، لەیەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە کوشتارگەکەیان 410 سەر ئاژەڵ کراوە بە قوربانیی، بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە 50% کەمیکردووە. بەڕێوەبەری کارگێڕیی کوشتارگەی سلێمانی گوتیشى، لە یەکەم رۆژدا تەنیا سێ هاونیشتمانیی قوربانییان کردووە، 407 سەر ئاژەڵەکەى دیکە لەلایەن رێکخراوەکانەوە هێنراون بۆ قوربانیی. هاوکات، دڵنیا فاروق بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەریی پارێزگاى هەڵەبجە رایگەیاند، رێژەی قوربانیی بەراورد بە ساڵی رابردوو لە سنوورى پارێزگاکەدا، %50 کەمیکردووە و لەیەکەم رۆژی جەژندا تاوەکو کاتژمێر 20ـى شەو، تەنیا 82 سەر ئاژەڵ کراون بە قوربانیی. لەبارەى ئامارى قوربانیکردن لە رۆژى یەکەمى جەژندا، بەڕێوەبەرایەتى ڤێرتێرنەریی پارێزگاى دهۆک رایانگەیاند، لە کۆتا رۆژى جەژندا ئامارەکان رادەگەیەنن. ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سێ رۆژى دیکەى جەژنى قورباندا، قوربانیکردن تیایدا رێگەپێدراوە و هاونیشتمانییان و رێکخراوە خێرخوازییەکان قوربانیی ئەنجامیدەدەن، بەمەش ئامارەکانى قوربانیکردن لە جەژنى قوربانى 2025دا لە هەرێمى کوردستان زیاد دەکەن.

  قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات فشار بخەنەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پابەندبوون بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی. قەیس خەزعەلی، سەرۆكی گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق، ئەمڕۆ لەوتاری نوێژی جەژندا رایگەیاند: کێشە بنەڕەتی کە تەواوی کێشەکانی لێیەوە سەرچاوە دەگرن ئەوەیە، زۆرینەی بەرپرسانی هەرێم بڕوایان بە عێراقێکی یەکگرتوو نییە. وتیشی: رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان  زیاترە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشور، ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، زۆرینەی پەنابەرانی عێراق لە دەرەوەی وڵات، خەڵکی هەرێمی کوردستانن. خەزعەلی راشیگەیاند: بەرپرسیارێتی دەوڵەت كارێكی هاوبەشە، هەموو خەڵکی عێراق بەبێ جیاوازی ماف و ئەرکیان هەیە، ئەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ئەوە نامەنتیقیە داوای هەموو شتێک بکەن بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بدەن. لەبەشێكی تری وتارەكەیدا جەختیكرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت رادەستی بەغداد ناکات و بە نرخی خوڵ دەیفرۆشێت، داهاتی دەروازە فەرمی و نایاساییەکانی هەرێم رادەستی بەغداد ناكات.  وتیشی: هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن لە کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکەن، من لە پشت بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوەم.

  ئەندامێكی مەكتەبێكی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت: بڕیاری راگرتنی موچەی موچەخۆران سیاسییە و ئاشكراشیدەكات؛ عێراق نەوتی وڵاتانی دیكە تێكەڵ دەكات و بەناوی نەوتی عێراقەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی دەكات هاوكات باسی كشانەوەی كورد لە پرۆسەی سیاسیی دەكات. لەسەر راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەب سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وەزیری پێشوتری دەرەوەی عێراق بە سكای نیوزی عەرەبی رایگەیاندوە: راگرتنی موچە بڕیارێكی تەواو سیاسییە و كاتی راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم زۆر خراپ بوە، دارایی عێراق سزای بەكۆمەڵ بەسەر خەڵكی كوردستاندا جێبەجێ دەكات، بۆیە بەبێ سزادانی ئەو كەسانەی لەپشتی بڕیارەكەوەن تێناپەڕێت. وتیشی: هەرێمی كوردستان پشكی خۆی لە بودجەی عێراقدا بەرێژەی لە (12.67%) هەیە، بەڵام بەغداد پابەندی جێبەجێكردنی یاسای بودجە نابێت، كە ئەوەش پێچەوانەی دەستور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە. لەسەر بەقاچاغ بردن و هەناردەكردنی نەوت هەرێم رونیكردەوە؛ ناتوانێت رەتی بكاتەوە كە بەشێوەی قاچاغ نەوتی هەرێم هەناردە ناكرێت، بەڵام بەرێژەیەكی زۆر كەمە، چونكە نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری و لەڕێگەی توركیاوە بەشێوەیەكی فەرمی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت، بەڵام عێراق پڕۆسەكەی راگرتوە و تا ئێستا زیاتر لە (25) ملیار دۆلار زیانیان لەوڵات گەیاندوە. ئاشكرایكرد، بەغداد نەوتی وڵاتانی دیكە تێكەڵ بە نەوتی عێراق دەكات و بەناوی نەوتی خۆیەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكات. وەزیری پێشوتری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێی دەستور پڕۆسەی دەرهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و غاز تەنها لەدەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیدا نییە، بەهۆی رێگریەكانیانەوە لە ساڵی (2007)ـەوە تا ئێستا نەتوانراوە یاسای نەوت و غاز دەربچوێنرێت. سەبارەت بە هەڵوێستی داهاتوی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: لەدوای بڕیاری راگرتنی موچە كە بڕیارێكی ستەمكارانەیە، پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداد تێكچوە و ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە پێدەچێت كە كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بكشێتەوە و بەغداد بەجێبهێڵێت.

پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەڵێت، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن. ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە لە رۆژانی 27 و 30 مانگی رابردوو، دوو گەریلایان گیانیان لەدەست داوە.   ناوەندی چاپ و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا لە رۆژانی 27 و 30ـی مانگی رابردوو لەڕێگەی تۆپ و درۆنەوە پێگەکانیانیان لە ناوچەکانی زاپ و مەتین لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردوون و لە ئەنجامدا دوو گەریلا بە ناوەکانی (باوەڕ و وڵات) گیانیان لەدەستداوە.   هەپەگە راشیگەیاند، گەریلاکان "لە چوارچێوەی مافی رەوای خۆیان" وەڵامی هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە و لە رۆژانی 30 و 31ـی مانگی رابردوو و یەکی ئەم مانگە، لە ناوچەکانی زاپ لە هەرێمی کوردستان سێ سەربازی تورکیایان کوشتووە.   لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا 18ـی نیسانی 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە هەفتەیەکدا لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی، سێ گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.   هێرشەکانی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.   12ی ئایاری 2025 پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 1ـی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.   زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە رۆژی هەینی 16ـی ئایاری 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا بە (ستێرک تیڤی) راگەیاند، بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە تەنیا بۆ "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" دراون. ئاماژەی بەوەش کرد، "کەس باسی دانان و رادەستکردنی چەکی نەکردووە، چونکە ئێستا زەوینەی وەها لە ئارادا نییە."   زاگرۆس هیوا گوتیشی: "بەرلەوەی باسی دانانی چەک بکەین، دەبێت باسی پاشەکشەی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی باشووری کوردستان بکەین."   لە یەکی تشرینی یەکەمی پار لەلایەن حکومەتی تورکیا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا؛ ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.

لەپەیامێکیدا بەبۆنەى جەژنى قوربانەوە، لاهور شێخ جەنگى داوا لە  کەسی یەکەمی هەموو لایەنەکان دەکات ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان رابگەیەنن، تاوەکو هاووڵاتیان بزانن و ببینن لایەنەکان بەرژەوەندی حزبی خۆیان وەلا ناوەو بەرژەوەندی خەڵک و کوردستانیان خستووەتە سەروو هەموو شتێکەوە. لەپەیامەکەیدا بەبۆنەى جەژنى ڕەمەزانەوە بڵاویکردەوە، لاهور شێخ جەنگى بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پیرۆزبایی لە موسڵمانانی جیهان و خەڵکی کوردستان دەکات، دەڵێت: پیرۆزبایی جەژن لەکاتێکدا دەکەم بەداخەوە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی قورس و قەیراناویدا تێدەپەڕن. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا دەڵێت: وەک بەرپرسیارێتی سەر شانمان لە پێناو تێکنەچوونی زیاتری بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی خۆمان، بانگەوازێک بۆ کۆبوونەوەی کەسی یەکەمی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە کورسیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر خەڵک و ئایندەی ئەم هەرێمە. لاهور شێخ جەنگى دەشڵێت: بۆ کۆبوونەوەکەش داواکارم لایەنەکان لەئاستی کەسی یەکەمیاندا بەشداربن بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە کە واپێویستە کاک مەسعود خۆی بەشداربێت و سەردانی سلێمانی بکات، با جارێکیش بڕیاری چارەنووسساز لە سلێمانییەوە بدرێت، باشترە کۆبوونەوەکە لە بارەگای هیچ لایەنێک نەبێت بەڵکو لە شوێنێکی تایبەت بکرێت. هەروەها دەشڵێت: رەنگە هەندێک لایەن ئەم بانگەوازەیان لاسەیربێت و وەڵامێکی پۆپۆلیستی بدەنەوە و بڵێن بەشدارنابین، بەڵام لایەنە سیاسییەکان ئەگەر دوور لە موزایەدەی سیاسی قسەی جدی و چارەسەریان لایە با لە کۆبوونەوەکەدا ئازایانە دەستبخەنە سەر برینەکان و هەرچی لە بەرژەوەندی خەڵک بوو بیڵێن، نەک لە میدیاکانەوە بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت یەکتری تەخوین دەکەن و خەڵکیش بێ هیوا دەکەن. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى لاهور شێخ جەنگى دەڵێت: داواکارم لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییانەوە کەسی یەکەمی هەموو لایەنەکان ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان رابگەیەنن، تاوەکو هاووڵاتیان بزانن و ببینن لایەنەکان بەرژەوەندی حزبی خۆیان وەلا ناوەو بەرژەوەندی خەڵک و کوردستانیان خستووەتە سەروو هەموو شتێکەوە. لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی ئەم بانگەوازەمان، پێشنیازی تر دەخەینە روو کە هەر لایەنێکی سیاسی بیەوێت دەتوانین پێکەوە دەستەیەک پێکبهێنین و سەردانی لایەنە سیاسییەکانی بەغداد بکەین.   دەقى پەیامەکە بەناوی خوداى بەخشندەى میهرەبان، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پیرۆزبایی لە موسڵمانانی جیهان و خەڵکی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی جەژن لەکاتێکدا دەکەم بەداخەوە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی قورس و قەیراناویدا تێدەپەڕن، بێ متمانەیی خەڵک بە سیاسییەکان لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشاندایەو دڵنیانەبوون لە داهاتووى رۆڵەکانیان شەو ڕۆژ لە زهنیاندا دەزڕنگێتەوە. هاووڵاتیانی خۆشەویست، من وەکو لاهور شێخ جەنگی کە رۆژێک لە رۆژان بەرپرسیارێتیم هەبووە لەم هەرێمەدا مافی ئەوەتان پێدەدەم نیگەرانبن لە هەمووان، چونکە بەداخەوە وایلهاتووە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە جگە لە قسەی بێکردار و یەکترشکاندن لە میدیاکانەوە نەمانتوانیووە وەکو پێویست خزمەتی هاووڵاتیانی کوردستان بکەین. دۆخی ئێستای کوردستان بە جۆرێکە بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە نە پەرلەمانی هەیە ببێتە شوێنی کۆکەرەوەی هەموو لایەنەکان و نوێنەرایەتی خەڵک بکات، نە حکومەتی هەڵبژێردراوی هەیە، نوێنەرانی کوردیش لە بەغداد یەک دەنگ و یەک بڕیار نین، هەموو ئەمانە وایکردووە خەڵکی کوردستان نوێنەرایەتی راستەقینەی نەبێت و هەر لایەنە و بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی باس لە دۆخی کوردستان بکات. سەرباری ڕەخنەکانمان گۆڕانکاری و کاردانەوەکان خێران و کار گەیشتووەتە برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێنەدانی مافە داراییەکانیان. هەربۆیە وەک بەرپرسیارێتی سەر شانمان لە پێناو تێکنەچوونی زیاتری بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی خۆمان، بانگەوازێک بۆ کۆبوونەوەی کەسی یەکەمی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە کورسیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر خەڵک و ئایندەی ئەم هەرێمە. بۆ کۆبوونەوەکەش داواکارم لایەنەکان لەئاستی کەسی یەکەمیاندا بەشداربن بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە کە واپێویستە کاک مەسعود خۆی بەشداربێت و سەردانی سلێمانی بکات، با جارێکیش بڕیاری چارەنووسساز لە سلێمانییەوە بدرێت، باشترە کۆبوونەوەکە لە بارەگای هیچ لایەنێک نەبێت بەڵکو لە شوێنێکی تایبەت بکرێت. کەسی یەکەمی لایەنەکان هەرچی هەیانە بەڕاشکاوی بەرامبەر یەکتری بیڵێن ئەگەر دەیانەوێت گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکەن دەبێت لە قاچاخچێتی و داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە تا دەگاتە بەهەدەردانی سەروەتی ژێرخان و سەرخانی ئەم وڵاتە لەوێ باسی بکەن، رێگە چارەش بخەنە روو، تا چیتر لە رێگەی میدیاکانەوە برینەکان قوڵتر نەکەینەوە و هاووڵاتیانی کوردستان بێ ئومێدتر نەکەین. رەنگە هەندێک لایەن ئەم بانگەوازەیان لاسەیربێت و وەڵامێکی پۆپۆلیستی بدەنەوە و بڵێن بەشدارنابین، بەڵام لایەنە سیاسییەکان ئەگەر دوور لە موزایەدەی سیاسی قسەی جدی و چارەسەریان لایە با لە کۆبوونەوەکەدا ئازایانە دەستبخەنە سەر برینەکان و هەرچی لە بەرژەوەندی خەڵک بوو بیڵێن، نەک لە میدیاکانەوە بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت یەکتری تەخوین دەکەن و خەڵکیش بێ هیوا دەکەن. داواکارم لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییانەوە کەسی یەکەمی هەموو لایەنەکان ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان رابگەیەنن، تاوەکو هاووڵاتیان بزانن و ببینن لایەنەکان بەرژەوەندی حزبی خۆیان وەلا ناوەو بەرژەوەندی خەڵک و کوردستانیان خستووەتە سەروو هەموو شتێکەوە. لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی ئەم بانگەوازەمان، پێشنیازی تر دەخەینە روو کە هەر لایەنێکی سیاسی بیەوێت دەتوانین پێکەوە دەستەیەک پێکبهێنین و سەردانی لایەنە سیاسییەکانی بەغداد بکەین.

  رێكخراوێكی ئەمەریكی ژمارەی هێرش و پەلامارەكانی توركیا لە مانگی ئایار بۆ سەر هەرێمی كوردستان  بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: بەراورد بە مانگی نیسان بەرێژەی لە (143%) زیادیانكردوە. كامەران عوسمان، لە تیمی رێكخراوی (CPT)ـی ئەمەریکی بە (KNN)ـی رایگەیاند: لە مانگی ئایاردا سوپای توركیا (510) جار هێرشی كردوەتە سەر هەرێمی كوردستان بەمەش بەرێژەی لە (143%) بەراورد بە مانگی نیسان و لە (332%) بە مانگی ئایار، ژمارەی بۆردومانەكانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای دهۆك زیادی كردوە. وتیشی: سەرجەمی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا، بۆ سەر قەزای ئامێدی چڕكراونەتەوە بەجۆرێك  لە (98%)ـی بۆردومانەکان بۆسەر قەزاكە بون، هەروەها لە (2%)ـی  بۆردومانەکان بۆ سەر قەزای زاخۆ بون. رونیكردوەتەوە كە، لە مانگی ئایاردا، سوپای تورکیا (458) هێرشی لەڕێگەی (36) جار تۆپباران، (16) جار  فڕۆکەی جەنگی و (16) هێرشی دیكەی لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە ئەنجامداوە. كامەران عوسمان، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ژمارەی هێرشەکانی تورکیا لە ساڵی (2025)ـدا گەیشتوە بە هەزار و (14) بۆردومان كە زۆرترین هێرشیش کە لەڕۆژێکدا تۆمارکرابێت لە رۆژی (12ـی ئایار) رۆژی راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) بوە كە (94) جار هێرشی ئەنجام داوە.