وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەدەچێت و کۆتایی بە "پلەبەرزکردنەوەی بەلێشاو و نایاسایی" هاتووە.   نووسینگەی وەزیری پێشمەرگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە ساڵی 2019ـەوە زیاتر لە 20 خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کە پێشتر کەڵەکە ببوون، جێبەجێ کراون و پلەی شایستەی خۆیان وەرگرتووە. هەروەها چەند خشتەیەکی دیکەی پلەبەرزکردنەوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراون و چاوەڕێ دەکرێت بەم نزیکانە بگەڕێنەوە وەزارەت.   راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە چوارچێوەی بنەما و مەرج و رێنماییە یاساییەکاندا دەبێت و هیچ ئەفسەرێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە پلەی بەرزناکرێتەوە.   لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئەوە رەتکراوەتەوە کە هیچ جیاوازییەک لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی 70 و یەکە سەربازییەکانی دیکەدا هەبێت: "هیچ جیاکارییەک لە پێدانی ئازووقە بە فیرقەی یەک و دوو نییە و سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ماف و شایستەکانیاندا یەکسانن".   دەقی راگەیێندراوەکە:   1. دەربارەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی فەرماندەیی هێزەکانی 70، وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک لیست ساڵانە لە مانگی ئادار و ئەیلوولدا سەرجەم خشتەکانی پلەبەرزکردنەوە ئامادە دەکات و ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکات. (ساڵانی پێشوو پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بۆ ماوەی چەند ساڵ راگیرابوو و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە بێبەشبوون لە مافی پلەبەرزکردنەوەیان) بە هەوڵی تیمی باڵای وەزارەت توانراوە کاری جددی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بکرێت بە کۆی گشتیی لە ساڵی 2019ـەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە 20 خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کە لەوەوپێش کەڵەکەببون و نەکرابوون لە وەزارەت، توانراوە پلەکانیان بەرزبکرێتەوە و پلەی شایستەی خۆیان وەربگرن. لە ئێستاشدا چەند خشتەیەکی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و کارەکانیان تەواو بووە، چاوەڕوانین بەم نزیکانە بگەڕێنەوە وەزارەتی پێشمەرگە. بەم هەنگاوە بەردەوامانە توانیومانە دۆخی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگە بخەینەوە سەر راستەڕێی یاسایی و ئاسایی خۆی.  لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کۆمەڵێک بنەما و مەرج و رێنمایمان داناوە کە لەو چوارچێوەیەدا ئەفسەران پلەیان بەرزدەبێتەوە وەکو تر هیچ ئەفسەرێک لە دەرەوەی رێنمایی و مەرجە یاساییەکان و بەبێ پایە، شایستەی پلەبەرزکردنەوەی جێبەجێ ناکرێت. بەمەش کۆتایی بە پلەبەرزکردنەوەی بەلێشاو و نایاسایی و ناسەربازیی هاتووە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.   2- دەربارەی راگرتنی نووسراوەکانی هێزەکانی 70 لە ناو بەشە کارگێڕییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، رایدەگەیەنین ئەم بابەتە دوورە لەڕاستی نووسراوەکانی هێزەکانی 70 کاری یاسایی خۆی لەسەردەکرێت هەر نووسراوێکیان هەبێت لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکاندا جێبەجێ دەکرێت و کراوە.    3- دەربارەی جیاوازی لە پێدانی ئازووقە بۆ فیرقەی یەک و دوو لێرەوە رایدەگەیەنین؛ هیچ جیاکاریەکی بنەڕەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بوونی نییە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرجەم ماف و شایستەکانیان یەکسانن و بەبێ هیچ جیاوازییەک ئەوەی لەبەردەستی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت بەسەر هەموو یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابەشکراوە.   4- بەڕێز وەزیری پێشمەرگە، پارێزەری ماف و شایستەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و جێبەجێکارێکی سەرسەختی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەتاکو ئەمڕۆ بەردەوام سەرپەرشتی پرۆسەی چاکسازی و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکات، پێداگرە و ویستی جددیی و ئیرادەیەکی نیشتیمانی بەهێزی هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و دامەزراندنی ژێرخانی سەربازی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنیاتنانی ناوچەکانی سەرکردایەتی و فیرقەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا. بە چادێری و بەدواداچوونی بەردەوامی بەرێز وەزیری پێشمەرگە توانراوە پرۆسەی چاکسازی قۆناغی زۆرباش ببڕێت و ببێت بە بنەما و بەرنامەی کارکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ببێتە واقع و دەرئەنجامی زۆرباش بەدەست بهێنرێت.    ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە لە قۆناخێکی بەهێز و سەرکەوتوودایە وەک یەک تیمی پێکەوەیی کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی. پێویستیشمان بە پشتیوانی و پاڵپشتی هەمووان هەیە و دەبێت هاوکارمان بن لەو ئەرکە سەختەی پێمان سپێردراوە نەک سەنگەری دژایەتیمان لێ بگرن.    نووسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە

  هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، ئەوەدووپاتدەکاتەوە هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ نەکەوێتە ناو پەکەکەوە ناتوانێت کۆنگرە کۆبکاتەوە، ناتوانێت بڕیار بدات، ناتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، گەریلا ناتوانێت دەست لە چەک هەڵگرێت. ئەمەش ڕوونە. لەمیانى بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤیدا، بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە هەڵسەنگاندی بۆ پێشهات و ڕووداوەکانی دوای بانگەوازییە مێژوویەکی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ کرد. ئەو لەبەشێکى قسەکانیدا ئەوەى خستەڕوو، ڕۆژنامەوان، سیاسەتمەدار، ئەکادیمیستەکان، نووسەر، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، شاندە جیاوازەکان، یاساناسەکان؛ هەموو ئەو دەوروبەرە جیاوازانەی کە دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ ببینن، دەبوو توانای بینینیان هەبێت.   هەروەها ئەوەشى وت: دەبوو هەر کەسێک کە دەیەوێت بتوانێت بچێتە لای ڕێبەر ئاپۆ و چاوپێکەوتن بکات. دەبوو ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەر کەسێک کە دەیەوێت دابنێت. دەبوو سیستەمی ئیمراڵی بە تەواوی بگۆڕدرایە. دەبوو ئەم سیستەمە، سیستەمی ئیمراڵی، سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجە بە تەواوی لا ببرێت. دەبوو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجی بکرێت. بەرپرسەکەى کەجەکە ئەوەشى خستەڕوو مەبەستمان لە هەلومەرجی تێکۆشان و ژیانی ئازاد ئەمەیە. ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. دەبوو ڕێبەر ئاپۆ ڕێکخستنەکەی لە ناویدا هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بیبینن دەبوو لە پەیوەندیدا بوایە. ئەمە دەبوو جێبەجی بکرێت. ئەمە جێبەجی کرا؟ جێبەجێ نەکرا. گۆشەگیری بەردەوامە. ٢٤ ڕۆژ لە ٢٧ی شوبات تێپەڕیوە. هێشتا گۆڕانکاری نییە. پەیوەندی زۆر نییە، زانیاریش نییە، زانیاریمان نییە. بەسێ هۆزات دەشڵێت: ئەمە چۆن دەبێت؟ بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەندراوێکی بڵاوکردەوە. هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ نەبێت، هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ نەکەوێتە ناو پەکەکەوە ناتوانێت کۆنگرە کۆبکاتەوە، ناتوانێت بڕیار بدات، ناتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، گەریلا ناتوانێت دەست لە چەک هەڵگرێت. ئەمە ڕوونە. هیچ لایەنێکی ئەمە بێ گفتوگۆکردن نییە. تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبات. هەڤاڵان گوتیان. بێگومان بەمجۆرەیە. بەڕێوەبەری پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕێبەر ئاپۆیە. ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبات. پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراتیک و سەرلەنوێ بونیاتنانەوە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە ئافرێنراوە و بەڕێوەدەبرێت. جگە لە ئەو، کەس ناتوانێت ئەم ئیرادە، هێز دەستپێشخەریی نیشان بدات. ئەمە ڕوونە.  هەتاوەکو لەم بابەتەدا هەنگاوێک نەنرێت ئەم کۆنگرەیە ناتوانێت کۆبێتەوە، ناتوانێت بڕیارێکی لەو شێوەیە وەربگرێت. تاکەکەس دەتوانێت ئەمە بکات ڕێبەر ئاپۆیە. دامەزرێنەری پەکەکەیە. ئەوەی کۆتایی بەم پرۆسەیە بهێنێت، کۆتایی بە تێکۆشانی چەکدار بێنێت، ڕێبەر ئەپۆ خۆیەتی. ئەمە ڕوونە.

وەزارەتى دارایی ڕایدەگەیەنێت ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازار تەواو کرا. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو سبەی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.        دواکەوتن و نەناردنى پارەى مووچەى مانگى ئادارى هەرێمى کوردستان، پەیوەندیدارە بە نەبوونى نەختینەى پێویستی وەزارەتى دارایی فیدراڵ.   ئەو کێشەیەی نەختینە، وایکردووە مووچەى هەندێک دامەزراوە نزیکەى هەفتەیەک دوابکەوێت، تاوەکو ئێستاش خانەنشینانى عێراق مووچەى مانگى ئاداریان وەرنەگرتووە.   سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى عێراق راگەیاند: ئەو کێشەیە بەهۆى ئەوەیە؛ بانکى ناوەندى نەیتوانیوە پارەی پێویست بۆ وەزارەتى دارایی فیدراڵ تەرخان بکات بۆ خەرجکردنى مووچەى مانگى ئادار.   عێراق، مانگانە پێویستى بە 7.5 تریلیۆن دینارە بۆ مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى بە هەرێمى کوردستانیشەوە، کە پشکى لە مووچە مانگانە دەگاتە نزیکەى یەک تریلیۆن دینار.       دەقى ڕاگەیەندراوەکە                                       ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازار تەواو کرا.   کەمێک لەمەوبەر سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچە کە بڕەکەی ( ٩٥٤،٨٨٠،٤٦٧،٧٧٩ ) نۆ سەدو پەنجاو چوار ملیار و هەشت سەدو هەشتا ملیۆن و چوار سەدو شەست و حەوت هەزارو حەوت سەدو حەفتاو نۆ دینارە وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە تەواو کراو بڕیارە سبەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.  ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.      

  دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتنى دادبینى تایبەت بە سکاڵایەک دەکات کە لە دژى یەکێک لە مەرجەکانى فرەژنى لە هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە.   دانیشتنەکەى دادگەى فیدراڵى، ئەمڕۆ (سێشەممە، 25ـی ئادارى 2025) دەکرێت، کە دادبینى سکاڵاکە دەبێت.          سکاڵاکە لەلایەن هاونیشتمانیێکى هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە، تێیدا وەک "زەرەرمەندێک لە هەموارى یاساى بارى کەسى"، داواى کردووە بڕگەیەکى ئەو هەموارە هەڵبووەشێتەوە، کە رەزامەندیی هاوژینی یەکەمە لە بەردەم دادگە، بۆ هێنانى هاوژینی دووەم.    ئاسۆ هاشم، یەکێک لە پارێزەرانى ئەو سکاڵایە دەڵێت: دادگەى باڵاى فیدراڵى یەکەم دانیشتنى دادبینى لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات و، ئەگەر هەیە دادگە دوابڕیار بدات."     ئەو هەموارەى یاسای بارى کەسى لە ساڵی 2008 لە پەرلەمانى کوردستان پەسند کراوە، ئەوەش بۆ تووندکردنى مەرجەکانى فرەژنى.   سکاڵاکە لە دژى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە کە هەموارەکەى کردووە، تاوەکو هەموارى ئەو بڕگەیە بە نادەستوورى بناسێنێت.   شەرمین بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان،  راگەیاند: وەڵامى تایبەت بەو سکاڵایەمان ئامادەکردووە و لە دانیشتنەکەدا ئامادە دەبین."    پێشتر لە 11ـی شوباتى 2025، لەسەر داواى پەرلەمانى کوردستان، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق یەکەم دانیشتنى تایبەت بەو سکاڵایەى دواخست.

  لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕەتی دەکاتەوە پارەی کاشیان لەبەردەست نەبێت بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ. سەرچاوەیەک لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی ئاشکرایدەکات: ئێستا زیاتر لە یەک تریلۆن دینار لە بانک ئامادەیە، هەر کاتێک نووسراوی خەرجکردنی پارەمان بەدەست بگات خەرجی دەکەین و پارە بەسەر بانکەکان دابەش دەکەین. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە هیچ مانگێک پارەی کاش لە بە‌غداوە بۆ مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێت کە مانگانە بڕەکەی 950 بۆ 960 تریلۆن دینارە، بەڵکو لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق خۆی دەوڵەمەندە و بەردەوام پارەیەکی زۆری لەبەردەستە. لە چەند دەزگایەکی میدیایی عێراقی و کوردی دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە بەهۆی نەبوونی پارەی کاشەوە کێشە بۆ مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بووە. دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە تێمێکیان لەگەڵ فەرمانگەی بودجە و ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە قۆناخی تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانن.   سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی مانگی ئادار ـەوە دڵنیایی دا کە "لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی سێ دەنێردێت و راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، پێش جەژن هەموو فەرمانبەران مووچە وەردەگرن."   12ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا. بەمشێوەیە لەم مانگەدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوو مووچە وەردەگرن. 

  دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رێسایەکی سەبارەت بە شێوازی کارکردنی ئەو کەسانە دەرکرد کە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناسراون و بینەریان زۆرە. هەروەها باسی لەوەشکرد، دیاریکردنی رێژەی باج خستنە سەریان بە گوێرەی فۆڵۆوەرسەکانیان دەبێت بە شێوەیەک لەگەڵ ئەو یاسایانەی لەناو عێراقدا جێبەجێدەکرێت گونجاو بێت و سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنێت و دووربێت لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک کە لەگەڵ کۆمەڵگە نەگونجێت. هاوکات ئەو کەسانەی ناودارن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ئەم بڕیارە پابەندیان دەکات بەوەی نیشتیمان پارێزراو بێت لەهەر بابەتێکی نەگونجاو و پشتیوانی دەزگا ئەمنییەکان بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و هەروەها باس لەوەشکراوە کە دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە هەر وتارێک کە ئەگەرە بۆ دروستبوونی تێکدانی کۆمەڵگە. لە درێژەی یاساکاندا بڕیاردرا باج بە گوێرەی ژمارەی فۆڵۆوەرسەکان دانرێت بەم شێوەیە: ١. ساڵانە یەک ملیۆن دینار باج دەدرێت ئەگەر بێتو ژمارەی فۆڵۆوەرسەکان زیاتر لە پێنج ملیۆن بێت   ٢. ساڵانە ٨٥٠ هەزار دینار باج دەدرێت ئەگەر بێتو ژمارەی فۆڵۆوەرسەکان لە نێوان ٣ بۆ ٥ ملیۆن بێت ٣. ساڵانە ٦٥٠ هەزار دینار باج دەدرێت ئەگەر بێتو ژمارەی فۆڵۆوەرسەکان لە نێوان ١ بۆ ٣ ملیۆن بێت ٤. ساڵانە ٤٥٠ هەزار دینار باج دەدرێت ئەگەر بێتو ژمارەی فۆڵۆوەرسەکان لە نێوان ٥٠٠ هەزار بۆ یەک ملیۆن بێت ٥. ساڵانە ٢٥٠ هەزار دینار باج دەدرێت ئەگەر بێتو ژمارەی فۆڵۆوەرسەکان لە نێوان ١٠٠ هەزار بۆ ٥٠٠ هەزار بێت

  کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما بە ئەمڕۆ و سبەینێوە نزیکەی شەش پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە. کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان بە گشتى ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت، پلەکانی گەرماش 1 بۆ 2 پلەی دیکە بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 22  پلەی سیلیزی سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی دهۆک: 19  پلەی سیلیزی کەرکوک: 23 پلەی سیلیزی  زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 18 پلەی سیلیزی سۆران: 16 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 10 پلەی سیلیزی گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی

  سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی سلێمانی ڕاگەیاند، بۆ ئەم مانگەش ئەو 100 هەزار دینارەی لە خانەنشینان بڕابوو بۆیان ناگەڕێتەوە،  پێناچێت ئەمساڵیش 100 هەزاری دەرماڵەی خانەنشینان بگەڕێتەوە. ئەو سەرچاوەیەی خانەنشینی سلێمانی  ئەوەش دەڵێت، ئەو خانەنشینانەی مووچەکانیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە مووچەی مانگی سێ بە لێبڕینی 100 هەزار دینارەکە وەردەگرن. گوتیشی، ئەو 100 هەزار دینارەی پێشتر بەشێک لە خانەنشینان بۆیان خرابووە سەر مووچەکانیان، دەرماڵەی بژێوی بوو، خەرجکردنی هەموو دەرماڵەیەک لە عێراق دەبێت محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی بدات و خەرجکردنی دەرماڵەکانی ساڵی 2025 لە سەرەتای ساڵەوە بڕیاریان لێدراوە، هەرچەندە داواکراوە ئەم 100 هەزارە بگەڕێتەوە، بەڵام پێناچێت ئەمساڵ بگەڕێتەوە. لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ، 100 هەزاری دەرماڵەی بژێوی خانەنشینان بڕدراوە. لەلایەکى دیکەوە، بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت، ئەوانەی خانەنشینبوون مووچەی مانگەکانی یەک و دوویان وەرنەگرتووە و زۆرینەیان مانگی سێش مووچە وەرناگرن.   بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵانی 1962، 1963 و 1964 خانەنشین بوون. سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان، زۆرینەی ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، مووچەی مانگی ئاداریش وەرناگرن".   ئەم ساڵ بەهۆی یاسای خانەنشینینیی عێراقەوە، زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.    سادق شێخ عوسمان گوتی: "دوو مانگی رابردوو کەمترین خانەنشین مامەڵەیان تەواو کراوە بۆ ئەوەی لە مانگی سێدا مووچەیان بۆ ببەسترێت؛ هۆکاری وەرنەگرتنی مووچەش هەر ئەوەیە".   بە گوتەی سادق شێخ عوسمان، لە زیاتر لە 10 هەزار خانەنشین لە پارێزگای سلێمانی، کەمتر لە 200 کەسیان مامەڵەی خانەنشینییان تەواوکراوە و بۆ مانگی سێ مووچە وەردەگرن.   سادق شێخ عوسمان گوتی: "بەڕێوەبردنی مامەڵەی خانەنشینان خاو بەڕێوەدەچێت، سەرەتا بڕیارێک درا کە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی پارێزگاکان خۆیان مامەڵەکان بکەن، دواتر کاری پێنەکرا، ئێستا دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی پارێزگاکان هەموویان مامەڵەکان ببنەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە هەولێر بۆ تەواوکردنی کارەکان، ئەوەش رێوشوێن و کاتی زیاتری پێویستە".

  لە هەولێر و سلێمانییەوە رێژەى گەشتکردن بۆ تورکیا کەمیکردووە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ خۆپشاندانەکانی تورکیا کە لە دژى دەستگیرکردنى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کە ماوەى چوار رۆژە بەردەوامن و بوونەتە هۆى دابەزینى بەهاى لیرە. عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بەراورد بە ساڵانی رابردوو گەشتیارانی پشووەکانی جەژن بۆ وڵاتی تورکیا کەمیانکردووە و رێژەکە بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە. ئەو وتیشى، "ئەو دۆخێکی ناسەقامگیر لە تورکیا هەیە و دابەزینى بەهاى لیرەی تورکی کاریگەریی لەسەر گەشتیاریی هەیە، چونکە تاوەکو پارەی هەر وڵاتێک زیاتر لە بەهاکەی بێتە خوار نرخەکان بەرزدەبنەوە و گرانی زیاتر دەبێت، ئەمەش لە لایەکی دیکەوە خواست لەسەر گەشتکردن کەمدەکاتەوە". عەتا ئەنوەر، هۆکارێکى دیکەى کەمبوونەوەى گەشتیارانى بۆ گرانى نرخی ڤیزای تورکیا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق گەڕاندەوە، کە لەنێوان 140 بۆ 180 دۆلاردایە، لە کاتێکدا تورکیا ئاسانکاریی زیاتری بۆ خەڵکی وڵاتانی دیکە کردووە و نرخەکانی کەمکردووەتەوە". هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەى رێژەى گەشتیاران، نرخی تکتەکانی گەشتیاریش بۆ تورکیا کەمیکردووە، بەجۆرێک نرخی تکتەکان لە بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە 320 دۆلارەوە بۆ 220 بۆ 250 دۆلار دابەزیوە. شێرزاد زراری، بەرپرسی گەشتوگوزار لە کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەولێر دەڵێت: لاى ئەوان رێژەی گەشتیاران 60% کەمیکردووە و بەشێک لە گەشتیارانیش، کە پلانی گەشتیان هەبووە بۆ مانگی رەمەزان و پشووەکانی جەژن پلانی گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە". ئەوەشى بۆ دۆخى چەند رۆژى رابردووى تورکیا گەڕاندەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ساڵانی رابردوو لە پشووەکانی بەهار و جەژنی رەمەزاندا نرخی تکتەکانى تورکیا روویان لە بەرزبوونەوە دەکرد و گەشتیارێکی زۆر روویان لەو وڵاتە دەکرد. بەگوێرەی ئاماری گەشتیاریی تورکیا، ساڵی رابردوو تەنیا لە مانگی رەمەزاندا زیاتر لە 20 ملیۆن کەس گەشتیان بۆ وڵاتەکە کردووە، یان لەوێوە گەشتیانکردووە. بەهۆی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ لە 19ی ئەم مانگە، شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان زۆربەی شارەکانی تورکیای گرتووەتەوە و ئەمڕۆ دادوەرى دادگاى ئیستانبوڵ بە تۆمەتى گەندەڵى بڕیارى بەندکردنى بۆ دەرکرد.

  لەژێر چاودێرى ئەمریکا و فەرەنسا و بە هەماهەنگى مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی هەسەدەو مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان،  لایەنە کوردییەکانى رۆژاڤا (پارتى یەکێتى دیموکراتیی "پەیەدە" و ئەنجومەنى نیشتانى کوردى سوریا "ئەنەکەسە") رێککەوتن، ئەمەش ڕێککەوتنێکی مێژووییە کە دیدگایەکی یەکگرتوویان بۆ داهاتوویان خستەڕوو. ئەمڕۆ دووشەممە، کەناڵى ئەلعەرەبییە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: پەیەدە و ئەنەکەسە داڕشتنی ئەم ڕێککەوتنەیان تەواو کردووە.   کەناڵی ئەلعەرەبییە بڵاوی کردەوە؛ بەسەرپەرشتی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە نێوەندگیریی ئەمەریکا و فەرەنسا، ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا و پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی گەیشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی و دوا داڕشتنەوەی رێککەوتنەکە ئامادەیە. لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان، رێککەوتنە هەشت خاڵییەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەریان وەک بنەمایەکی سەرەکیی بۆ دیدی هاوبەشی هەردوولا بۆ ئایندەی سوریا دیاریکردوە. بەشێکی دیکەی رێککەوتنی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان، دانپێدانانی مافی گەلی کوردە لە سوریا نوێ و بونی نوێنەرایەتی سیاسیان و لە دەستوریشدا پێویستە دان بە مافی کورددا بنرێت و سوریا دەوڵەتێکی دیموکراتی فرەیی و لامەرکەزی بێت. بڕیارە ئەو رێککەوتنە بکرێتە بنەما بۆ مامەڵەی داهاتوو لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و دانوستانەکان سەبارەت بە پرسی کورد و رۆژئاوای کوردستان لە ئایندەی سوریا. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی نزیکى داهاتوودا لایەنەکانى رۆژئاواى کوردستان "رێککەوتنى کۆتایی" لەسەر یەکڕیزیی و پێکهێنانى شاندێکى یەکگرتوو رابگەیەنن، بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی سوریا، ئەوەش دواى کۆبوونەوەى ئەرێنى نێوانیان کە تێیدا جەختیان لە یەکخستنى هەڵوێستەکانیان کردەوە. رۆژی سێشەممەی رابردوو (18ـی ئاداری 2025) لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، بە سەرپەرشتی و چاودێریی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئامادەبوونی نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کۆبونەوەی هاوبەشی پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) بەڕێوەچوو بە ئامانجی یەکخستنی گوتاری کورد لە سوریا. محەمەد ئیسماعیل سەرۆکى ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا رایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان ئەرێنى بووە و بەم نزیکانە رێککەوتنى کۆتایی لەنێوان لایەنە کوردییەکان رادەگەیەنرێت. گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانى شاندێکى یەکگرتوو بەمەبەستى رەوانەکردنى بۆ دیمەشق تەوەرێکى گفتوگۆکانى کۆبوونەوەى حەسەکە بووە، محەمەد ئیسماعیل دەڵێت، شاندەکانی هەردوولا گەشبینن بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر خاڵە هاوبەشەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ پێکهێنانى شاندێکی هاوبەش بۆ ئەوەی بچنە دیمەشق و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد بکەن. چاوەڕواندەکرێت شاندەکە لەدواى نەورۆز پێکبهێنرێت، ئەوەش بەوتەى فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا کە پێیوایە کۆبوونەوەکە هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی شاندەکە. مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە دواى کۆبوونەوەکە لە تۆڕى ئێکس ئاماژەى بەوەکرد، کۆبوونەوەکە ئەرێنى بووە بە ئاڕاستەى هەنگاونان بۆ یەکڕیزى کورد لە رۆژئاواى کوردستان لەپێناو بنیتنانى وڵاتێکى فرەیی و دیموکراسی کە مافى سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا پارێزراو بێت. کۆتایی ساڵی 2019 و دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش لە رۆژئاوای کوردستان، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێشخەرییەکی کرد بەناوی گفتوگۆی کوردی- کوردی، بە چاودێریی ئەمەریکا چەندین کۆبونەوە لەنێوان پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا، بەڵام کۆبونەوەکان ئەنجامێکی ئەوەتۆیان نەبوو. لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە هەشتی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، وەفدی هاوبەشی فەرەنسا و ئەمەریکا چەندجارێک لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد کۆبونەوە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی- کوردی کە ماوەی چوار ساڵ لەمەوبەر دەستپێشخەریی بۆ کرا و دواتر کارەکانی راگیرا، ئامانجیش هەڵوێستی یەکگرتوو و یەکخستنی داواکارییەکانی کورد بوو بۆ قۆناغی داهاتووی سوریا. لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە 35 حزب و لایەنى سیاسی هەیە، زۆرینەیان بەشێکن لە پارتەکانی یەکێتی نیشتمانی کورد (پەیەنەکە) کە بە نزیکی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێن. لایەنەکانی دیکەش بەشێکن ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) کە بە نزیکی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا دادەنرێن.

  ئەمڕۆ شاندێکی شەش کەسی دەم پارتی و دەبەپە سەردانی باشووری کوردستان دەکەن و لەگەڵ زۆرێک لە دامودەزگا و کەسایەتییەکانی باشووری کوردستان کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدەن. بەپێی وتەى سەرچاوەیەک لە پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ شاندێکی شەش کەسیی دەم پارتی و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، سەردانی باشووری کوردستان دەکەن. شاندەکەی دەم پارتی و دەبەپە کە سەردانی باشووری کوردستان دەکەن، بریتین لە کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی دەبەپە، بەردان ئۆزتورک و ئەبرۆ گونەی، هاوسەرۆکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی، ساڵحا ئایدەنز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین و هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی سلۆپی ئادالێت فیدان. بەگوێرەی ئەو زانیارییانە ئەمڕۆ شاندەکە دەگەنە باشووری کوردستان و ڕاستەوخۆ سەردانی شاری سلێمانی دەکەن و کۆبوونەوەکانیان ئەنجام دەدەن، پاشان لە هەولێر درێژە بە کۆبوونەوەکانیان دەدەن. بڕیارە شاندەکە لەگەڵ زۆرێک لەلایەنە سیاسیی و ڕێکخراوەکان و هەروەها زۆرێک لە کەسایەتییە دیارەکانی باشووری کوردستان کۆبوونەوە ئەنجام بدەن. پێشتر لە ١٥ـی شووباتی ٢٠٢٥، شاندی ئیمرالی دەم پارتی سەردانی باشووری کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی لە باشووری کوردستان کۆبوونەوە و پەیام و سڵاوی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان گەیاند، سەردانی ئەم شاندەش لە درێژە ئەو سەردانەی دیکەدایە.

  وەزیرى نەوتی عێراق ئاشکرایدەکات، هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە و رێکخراوی ئۆپیکیان ئاگەدارکردووەتەوە، لەئێستادا هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 290 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتی عێراق لە دیمانەیەکی کەناڵی عێراقییەی فەرمییدا رایگەیاند "بەگوێرەى یاسای بودجە، بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان دیارییکراوە و رێکخراوی ئۆپیکیان لەوە ئاگەدارکردووەتەوە، هەرێمی کوردستان لەکاتی ئێستادا رۆژانە 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت". حەیان عەبدولغەنی راشیگەیاند، وەزارەتەکەی هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە. ئەم گوتانەی وەزیرى نەوتی عێراق لەکاتێکدایە، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، رێگرییەکانی بەردەم پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە، بەڵام وەزارەتەکانی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکان و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، نەگەیشتوونەتە رێککەوتن سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

وەزارەتی داد ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی زیندانی چەمچەماڵ لە مانگی داهاتوودا دوای تەواوکردنی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکرنى بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکان.  موراد ئەلسەعدی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە بە ڕۆژنامەى سەباحی عێراقى ڕاگەیاند: ماوەی دە ساڵە زیندانەکە هیچ زیندانێکى تێدانیەو لەخزمەت دەرچووە، بۆیە وەزارەت دەستپێشخەری کرد بۆ نۆژەنکردنەوەی بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکان، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە چاکسازییەکان و باشترکردنی بارودۆخی زیندانییەکان".  ئەو بەرپرسە ڕوونیشیکردەوە، کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە بریتی بوون لە بەرزکردنەوەی ژێرخانی زیندانەکە و بەرزکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، هەروەها دانانی نوێترین کامێرا و گرتنەبەری تەکنەلۆجیای سەردەمیانە لە هۆڵەکاندا، کە بە یەکەکانی فێنککەرەوە و تەندروستی دانراوە. هەروەها جەختی لە جێبەجێکردنی بەرزترین ستانداردی مافی مرۆڤ لە ناو خانەکان و ناوچەکانی دەوروبەری کردەوە، جگە لە دامەزراندنی هۆڵی تایبەت بە وۆرکشۆپی مەشق و ڕاهێنان. ئەلسەعدی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو زیندانیانەی دەگوازرێنەوە بۆ زیندانی چەمچەمال ئەوانەن کە بە تاوانی تاوانکاری لە پارێزگاکانی سەلاح الدین و نەینەوا و کەرکوکەوە سزا دراون، ئەمەش دڵنیای دەدات کە زیندانییەکان بە ئاسانی دەتوانن چاویان بە خێزانەکانیان بکەوێت.

  تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی کۆتایدایە.    وەزارەتی دارایی دەڵێت، "سەرجەم رێکارەکان لە قۆناخی کۆتاییدان و چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلی مووچەی مانگی ئازار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان."                                         تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە جنێڤ بوو بۆ بەشداریکردن لە چواردەیەمین کۆنگرەی نێوەدەوڵەتیی بەڕێوەبردنی قەرز، ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە بۆ دەوام و لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەبەردەستی ئەودایە. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ماوەی پێنج رۆژە تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکەیان لە بەغدان بۆ ئەوەی رێکارەکانی ناردنی مووچە تەواو بکەن. تیمەکە ئێستا لەگەڵ فەرمانگەی بودجە و ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە قۆناخی تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانن.  دەقى ڕاگەیەندراوەکە. تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی؛ ڕێکارەکانی وەرگرتنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی کۆتایدایە.                                                                ماوەی پێنج ڕۆژە تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازار لە شاری بەغدان، لە ئێستادا تیمەکە لەگەڵ فەرمانگەی بودجەو ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەقۆناغی تەواوکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانن، سەرجەم ڕێکارەکان لە قۆناغی کۆتایدایەو چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلی مووچەی مانگی ئازار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان.                          تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.                                       

  ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ئاشکرایدەکات، ڕۆژانى نەورۆزیش گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی لۆلان و گۆشینی هەرێمی خواکوڕک ٢ جار، گۆڕەپانەکانی دێڕەشێ و سیانی هەرێمی گارە ٥ جار، بەگشتی ١٤ جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانکراون. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هەپەگە گوتی: "بە ڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاو لە گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین کە بە داخوازی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ گۆڕەپانەکانی نەورۆزیان پڕکرد و بە جۆشێکی مەزن نەورۆزیان پیرۆز کرد. بەو هێز و مۆراڵەی لە گەلەکەمانەوە وەرمانگرتووە، بەهێزتر درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین. بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بەزارەکی باس لەوە دەکەن کە ئەم نەورۆزە وەک جەژنی بەهار و خوشک_برایەتی پیرۆز دەکەن. کەچی سوپای داگیرکەری تورک لە ڕۆژانی نەورۆزدا بێ وەستان چیاکانی کوردستانی بۆردوومان کرد.  بێگومان لەم هێرشانەدا، هێزەکانی گەریلامان ڕێکاری گونجاویان گرتەبەر و هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشت. بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد بەهار پیرۆز دەکات، ٧١٢ جار لە ئاسمان و زەوییەوە بۆردوومانی کرد و زیان بە سرووشتی جوان گەیشت". هەپەگە دەربارەی وردەکاری هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر هێزەکانی گەریلا، ئەم زانیارییانەی بڵاوکردەوە. "هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک" ٢٠ و ٢١ و ٢٢ ی ئادار، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی لۆلان و گۆشینی هەرێمی خواکوڕک ٢ جار، گۆڕەپانەکانی دێڕەشێ و سیانی هەرێمی گارە ٥ جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی بێشیلی هەرێمی مەتینا ٣ جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهاری هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ٤ جار؛ بەگشتی ١٤ جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانکراون. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورس و تۆپ و هاوەن ٢٠ و ٢١ ی ئادار ، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی سنین و لۆلان و بەری زینێی هەرێمی خواکوڕک ٨٥ جار، گۆڕەپانەکانی دێڕەشێ و گەرگەشێ و سپیندار و مژێ و گردی کون و زێڤکێ و گردی ڕەشید و گردی زەنگڵ و دەشتی کافێ و هەفتەباخی هەرێمی گارە ٣٨٠ جار، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بێشیلی و شێلازێ و سەری مەتینای هەرێمی مەتینا ٨٩ جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهاری هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ١٤٤ جار؛ بەگشتی ٦٩٨ جار بە چەکی قورس و تۆپ و هاوەن، تۆپباران کران".