رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر کەناڵی ئاسمانیی زووم لە شاری سلێمانی. بەڕێوەبەری کەناڵەکە دەڵێت، ئەوان لە باڵەخانەکەیاندا نەماون. ئیدارەی کەناڵی زووم کارمەندەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە نەچنەوە بۆ دەوام، هەروەها پەخشی هەموو بەرنامەکانی راگرتووەو لە ئێستادا تەنیا چەند دیمەنێکی راستەوخۆ پەخش دەکات. دواهەمین پۆستیشیان لەسەر فەیسبووک دوو کاتژمێر پێش ئێستا بووە. رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ وتى: "هێزێکی گەورەی ئەمنی بە چەکی سووک و قورسەوە بەسەر کەناڵی ئاسمانیی زوومیان داداوە". کەناڵی ئاسمانیی زووم بە میدیای بەرەی گەل دادەنرێت، کە لەلایەن لاهوور شێخ جەنگییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. رەحمان غەریب گوتی: "لە کەناڵەکە تەنیا پەیامنێرێک هەبووە بە ناوی محەممەد دڵشاد و هێزەکە دەستگیریان کردووە، لە هەوڵداین بۆ ئازادکردنی". هێمن مەحموود، بەڕێوەبەری کەناڵی زووم ئاماژەى بۆ ئەوەکرد ئاگاداری هێز نین، چونکە پێشوەختە کەناڵەکەمان چۆڵکردووە. تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، پەخشی کەناڵە بە دانانی کامێرایەکی جێگر بە شێوەی راستەوخۆ بەردەوامە. ئەمە دووەمجارە هێزەکانی یەکێتی هەڵدەکوتنە سەر میدیاکانی لاهوور شێخ جەنگی. لە 08ـی تەمموزی 2021، کاتێک ناکۆکی کەوتە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هێزەکانی یەکێتی بارەگای تەلەڤزیۆنی ئای پڵەسیان کۆنترۆڵکرد، کە ئەوکات لاهوور جەنگی خاوەنداری دەکرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی لالەزار دەڵێت، "پێویستە سەرجەم كێشه و ناكۆكييهكان به ياسا و دوور له تووندوتيژى يهكلايى بكرێنهوه." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "جهخت له سهروهريى ياسا و پاراستنى ئاسايش و ئاراميى شار و پاراستنى سهر و ماڵى هاووڵاتييان دهكهينهوه. پێویستە سەرجەم كێشه و ناكۆكييهكان به ياسا و دوور له توندوتيژى يهكلايى بكرێنهوه." لە راگەیێندراوەکەداسەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان دەکات و هیوای "زووچاکبوونەوە" بۆ برینداران دەخوازێت." دەقی پەیامەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: پهيامێك له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستانهوه دوابەدوای ڕووداوه نهخوازراوهکەی بهرهبهيانى ئهمڕۆى سلێمانى كه بهداخهوه ژمارهيهك قوربانیى لێكهوتهوه، جهخت له سهروهريى ياسا و پاراستنى ئاسايش و ئاراميى شار و پاراستنى سهر و ماڵى هاووڵاتييان دهكهينهوه. پێویستە سەرجەم كێشه و ناكۆكييهكان به ياسا و دوور له توندوتيژى يهكلايى بكرێنهوه. هاوكات، سهرهخۆشى له خێزان و كهسوكارى سەرجەم قوربانیيەكان دەكەین و هاوخهمیانین، هيواى زوو چاكبوونهوه بۆ برينداران دهخوازين. سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان 2025/8/22
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە، شەوی ڕابردوو بۆ دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک هێزێکی زۆر بە چەکی قورس جوڵەی پێکراو بەهۆی شەڕەوە نائارامییەکی زۆر لە سلێمانی دروستکرا. ئاماژەشیداوە، هێزی جێبەجێکار بۆ دەستگیرکردنی کەسانی داواکراو پۆلیسە نەوەک هێزی دیکەن. لە ڕاگەیەندراوەی دەستەکەدا هاتووە؛ شەوی 22-8-2025، بەمەبەستی دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک بەناوەکانی (ل،ج،ب) و (پ،ج،ب) و (ڕ،ح،غ) لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شاری سلێمانی هێزیکی زۆری ئەمنی جۆراو جۆر بەچەکی سووک و قوڕس کۆبوونەوە و چوونە ئەوشوێنە، کە بەلالەزار ناسراوە و شوێنی نیشتەجێی داواکراوەکانە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی ئەو ڕووداو و دەرەنجامەکانی دەکات و ڕایگەیاندووە، بەهەموو شێوەیەک شەڕو ئاڵۆزی ڕەت دەکاتەوەو هەمیشە پشتیوانی ڕێکاری یاسایی و زمانی دیالۆگ دەکات. هەروەها ئاماژەیداوە، بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو هێزی جێبەجێکار پۆلیسە نەوەک هێزی دژە تیرۆرو هێزی تر کە لەو ڕووداوە بەداخەوە هێزی جیاوازو چەکی سووک و قورس بەکارهێنراوە . جەختیشی کردووەتەوە، بەپێی ڕێکارە یاساییەکان دەبێ تۆمەتبار ببرێتە گرتووخانە و نەوەک شوێنی دیکە و بارەگای حزبی. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پاڵپشتی تەواوی جێ بەجێکردنی بڕیاری دادگاکان دەکات بۆ ڕادەست کردنی هەر کەس و داواکراوێک بەڕێکاری یاسایی خۆی ، بۆیە هەر جۆرە ڕێگاو شێوازێکی تر ڕەت دەکەینەوە بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان، بەڵام بەداخەوە دەبابەو دۆشکەو چەکی قوڕس بەکارهاتووە ئەمە زیاتر لەنمایشێکی سەربازی دەچێت و ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت بۆ ناوبانگی هەرێم. ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە: دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێگ بڵاودەکاتەوە لەسەر گرژیەکانی دوێنی شەوی شاری سلێمانی. شەوی 2025/8/22 بەمەبەستی دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک بەناوەکانی (ل،ج،ب)و(پ،ج،ب)و(ڕ،ح،غ)لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شاری سلێمانی هێزیکی زۆری ئەمنی جۆراو جۆر بەچەکی سوک و قوڕس کۆبونەوەو چونە ئەوشوێنە کە بەلالەزار ناسراوە.کە شوێنی نیشتەجێی داواکراوەکانە بەداخەوە ڕووبەڕوو بونەوەی سەخت و شەڕێکی چوار کاتژمێری لەو ناوچەیە ڕویداو تا کاتژمێر هەشتی بەیانی بەردەوام بوو کوژراوو برینداری لێ کەوتوەتەوە. ئەو ڕووداوە نائارامی زۆری دروست کرد لەشاری سلێمانی و خەڵکی ئەو ناوچەیەی نیگەران کردو ترس ودڵە ڕاوکێی بڵاوکردەوە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی ئەو ڕووداوەو دەرەنجامەکانی دەکات و بەهەموو شێوەیەک شەڕو ئاڵۆزی ڕەت دەکاتەوەو هەمیشە پشتیوانی ڕێکاری یاسایی و زمانی دیالۆگ دەکات. وە لامان وایە بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو هێزی جێبەجێکار پۆلیسە نەوەک هێزی دژە تیرۆرو هێزی تر کە لەو ڕووداوە بەداخەوە هێزی جیاوازو چەکی سوک و قوڕس بەکارهێنراوە . وە بەپێی ڕێکارە یاساییەکان دەبێ تۆمەتبار ببرێتە گرتن و گواستنەوە نەوەک شوێنی تر و بارەگای حیزبی. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پاڵپشتی تەواوی جێ بەجێکردنی بڕیاری دادگاکان دەکات بۆ ڕادەست کردنی هەر کەس و داواکراوێک بەڕێکاری یاسایی خۆی بۆیە هەر جۆرە ڕێگاو شێوازێکی تر ڕەت دەکەینەوە بۆدەستگیرکردنی داواکراوان کە بەداخەوە دەبابەو دۆشکەو چەکی قوڕس بەکارهاتوە ئەمە زیاتر لەنمایشێکی سەربازی دەچێت و ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت بۆ ناوبانگی هەرێم. لێرەوەش نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لەوەی کە هەندێ لەو هێزە ئەمنیانە لەکاتی دەستگیرکردنی چەند کەسێک ڤیدۆ وێنەیان گرتووە ودواتر کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش پیشان داوە بەدەستگیرکراوی و دەست بەستراوی ناویان لێ دەنێن بەدیل گیراو لەکاتێکدا تۆمەتبار بێ تاوانە تا یەکلایی بونەوەو چەسپاندنی تاوانەکەی لەسەری لەلایەن دادگاوەو ڕێگە پێ دراو نیە لەپێناو شکوی مرۆڤەکان حاڵەتی لەو جۆرە پیشان بدرێ. بەداخەوەین بۆ گیان لەدەستدان و بریندار بونی ئەو کەسانەی لەو ڕووداوە بونە قوربانی، هیوامان وایە لەو کەیسەو ڕووداوانە یاسا سەروەر بێت هەر دادگا لەڕێگای رێکارە یاسایەکان ئەم کەیسەیەکلای بکاتەوە نەوەک هیچ لایەنێکی تر. بەداخەوەش چەند جارێکە بەکارهێنانی ئەو هێزانە بۆ ڕووداوو کەیسی تر دووبارە دەبنەوە لەشاری سلێمانی لەکاتی بونی ململانێکان. وەک دەستەش لەنزیکەوە بەردەوام دەبین لەچاودێری کردنی ئەو ڕوداوە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان 22ی ئابی - 2025
بەرەی گەل داوا لە کۆنسووڵخانە، نوێنەرایەتییەکان و حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکات لەبەرامبەر ئەو "کردەوە تیرۆریستییە" بێدەنگ نەبن و دەڵێت، گیانی لاهوور شێخ جەنگی لە ئەستۆی سەرۆکی یەکێتییە. شەوی پێنجشەممە 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کرد و گوتیان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای نزیکەی چوار کاژێر لە شەڕ کردن، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، ئاسۆ و پۆلادی برای دەستگیر کران. بەرەی گەل راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە داوا دەکات، کۆنسووڵخانە، نوێنەرایەتییەکان، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان "لە بەرامبەر ئەم کردەوە ناشارستانی و تیرۆریستییە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی راشکاویان هەبێت." لەبارەی لاهوور شێخ جەنگی و ئەو کەسانەی لە روداوەکە دەستگیر کراون بەرەی گەل دەڵێت، "گیانی هەڤاڵ لاهوور و تەواوی هەڤاڵانمان لە ئەستۆی خودی سەرۆکی خۆسەپێنی یەکێتی دایە." لە شەڕەکەی لالەزاردا چوار کەس کوژراون. سێیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکانن و یەکێکیان لایەنگرێکی لاهوور شێخ جەنگیە. بەگوێرەی زانیارییەکان 10ـی دیکەش بریندار بوون. جگە لە زیانە گیانییەکان، شوێنە گەشتیارییەکان، خانوو و ئۆتۆمبێلێکی زۆر لە شوێنی رووداوەکە زیانیان بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەیاسادەرچوو، کارمەندێکیان بەناوی (ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) شەهید بوە. دەقی راگەیەنراوەکەی بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر.. بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی هاوڕێ و هەڤاڵ و هاوسەنگەرمان (ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) رادەگەیەنین کە شەوی ڕابردوو لەکاتی سەپاندنی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەر بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەیاسا دەرچوو، گیانی سپارد و گەیشتە پلەی شەهادەت. ئاری یەکێک بوو لە پێشمەرگە نەبەرد و قارەمان و دلێرەکانی دژەتیرۆر کە بە کارامەیی و تواناکەی توانیبووی خۆی بسەلمێنێت. دڵنیایی ئەدەین خوێنی شەهید ئاری بە فیڕۆ ناڕوات و لە یاسا دەرچووان توندترین سزا دەدرێن و دەستگیرکردنیان تەنها قۆناغی یەکەمی سزادانیان بووە. خودای گەورە سەبوری ئێمە و کەسوکاری بداتەوە.
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، ڕایدەگەیەنێت ، کەی ڕەوایە ناسەقامگیری ئەمنی زیاد بکرێ و خوێنی رۆڵەی میلەتەکەمان برژێت، ویرای دەربڕینی نیگەرانی و ئەسەف بۆ ئەم حاڵەتە. بەهۆى پێکدادان و شەڕەکەى بەرەبەیانى ئەمڕۆى سلێمانى، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی پەیامێکى بڵاوکردەوە. دەقى پەیامەکە پەیامێک لە ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە بەداخ و حەسرەتەوە شەوی رابردوو لە سلێمانی بەدیار پێشهاتێکی نەخوازراوی ناخۆشەوە بووین، لەم کات و ساتەدا کە هاوڵاتیان چاوەڕێی موچە وسەقامگیری بژێوی بوون و میللەتەکەمان لەبەردەدم چەندین تەحەدیاتە، کەی ڕەوایە ناسەقامگیری ئەمنی بۆ زیاد بکرێ و خوێنی رۆڵەی میلەتەکەمان برژێت، ویرای دەربڕینی نیگەرانی و ئەسەف بۆ ئەم حاڵەتە. دەخوازین پەنا بۆ یاسا وداگا ببرێت بۆ چارەسەری کێشەکان .
سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕاگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی و دوو لە براکانی لە شەڕەکەی سلێمانیدا دەستگیرکران، دواتر براونەتە دەباشان و لای بافڵ تاڵەبانی دەستبەسەر دەکرێن. ئەو برایانەی لاهوور جەنگی کە دەستگیرکراون هەر یەکە لە پۆڵاد شێخ جەنگی و ئاسۆ شێخ جەنگین، بەپێى زانیاریەکان پۆڵاد شێخ جەنگی بە برینداری دەستگیرکراوە. لەلایەکى دیکەوە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دوای گرتنی لالەزار و دوستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و براو کەسە نزیکەکانی فەرمانی ڕوبەروبونەوەی هەر جوڵەیەکی گوماناوی و دەستگیرکردمی هەر کەسێکیان پێدەدرێت کەبیەوێت وەک پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی گردبونەوە بکات ناڕەزایی دەرببڕێت. بەپێی ئەو زانیاریەکان لەدوای گرتنی لالەزارو دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و برا و کەسە نزیکەکانی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لەناوشار بڵاوەیان پێدەکرێت و لەحاڵەتی ئامادەباشیدا دەمێننەوە و فەرمانی گرتن و ڕوبەڕوبونەوەی هەر کەس و حاڵەتێکی گوماناویان پێدراوە. سەرچاوەى زانیاریەکان باس لەوەش دەکەن سەرجەم بازگەکانی هاتنە ناو سلێمانی بەڕیکاری توندوتۆڵیی دەمێننەوە بۆ ئەوەی ڕێگە لەهەرکەسێک بکرێت کە بیەوێت بۆ پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی بێتە سلێمانییەوە.
بەگوێرە ئامارە نافەرمییەكان، لەشەڕو پێکدادانەکانى چەند كاتژمێری رابردووی لالەزاردا، لە هێزە ئەمنیەكان سێ كەس كوژراون و 26 كەسی دیكەش برینداربوون. کاتژمێر سێ و نیوی بەرەبەیانی هەینییەوە بەمەبەستى دەستگیرکردنى، لاهور شێخ جەنگى و براکانى هێزە ئەمنیەکان چونە نزیک هۆتێل لالەزارو شەڕ و پێکدادان دەستیپێکرد و پاش سێ کاتژمێر، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی دەستگیرکران و لالەزاریش لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کۆنترۆڵکرا. بەگوێرەی دواین ئامارە نافەرمییەكان، لە هێرشەكەی چەند كاتژمێری رابردووی لالەزاردا، لە هێزە ئەمنیەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سێ كەس كوژراون و (26) كەسی دیكەش برینداربوون. هەروەها لە هێزەكەی لاهوری شێخ جەنگیش حەوت كەس كوژراون و ژمارەیەكی تریش بریندابوون، دەوترێت برینی دووان لە بریندارەكان سەختن، میدياكانی نزیك لە یەكێتی ناو و ناسنامەی (3) كارمەندە كوژراوەكەیان بڵاوكردووەتەوە، كە سەربە دژە تیرۆرو هێزەكانی كۆماندۆ و ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایشن. بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپراسیۆنی ئاسایش رایگەیاندووە، سەرمەند عەلی کارمەندمان لە گرژییەکانی لالەزاردا گیانى لەدەستداوە. فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رایگەیاند، ''بەداخ و خەمێکی قووڵەوە ھەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەی فەرماندەییمان کاکە دیار سەردار حەکیم رادەگەیەنین، کە جوانەمەرگ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەرواری 22ی ئابی 2025، لەپێناو چەسپاندنی یاسا و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان وەک ناوەکەی "دیار" رۆحی پیرۆزی کردە دیاریی خاک و نیشتمان و ئاسایش و ئارامی''.
پارێزگاری سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت داوا لە هەموو لایەک دەکەین هاوکاربن بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەو بەهەر ڕوبەڕوبونەوەو بەریەککەوتنێک کە ئارامیی گشتیی دەخانە بەر مەترسییەوە. لەبارەی گرژی و پێكدادانەكانی شاری سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە، داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی پێكدادانەکان دەکات. دەقى پەیامەکە.. شەڕو بەریەککەوتن؛ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، تەنها کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و چارەسەرەکان؛ دوادەخات. لە ڕابردوو ئێستادا، بەبەردەوامیی لە هەوڵدابووین بۆ ئەوەی دۆخەکان نەگەنە ئەم دۆخە ناهەموارو نەخوازراوە، هێزی لۆژیک و لێکتێگەیشتن و یاساسەروەریی بکرێنە بنەمای یەکلاکردنەوەی هەر ناکۆکییەک، بەڵام بەداخێکی سەختەوە؛ پێشنیازو دیالۆگ و میکانیزمە ئاشتیخوازانەکان؛ کەمترین پشتیوانیی کران. داوا لە هەموو لایەک دەکەین هاوکاربن بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەو، بەهەر ڕوبەڕوبونەوەو بەریەککەوتنێک کە ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی گشتیی دەخانە بەر مەترسییەوە. د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانى هەرێم لەبارەی دۆخی سلێمانی هاتە دەنگ و دەڵێت گرژی و پێکدادانەکان ڕابگیرێن. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم گرژی و پێکدانانەی لە سلێمانی ڕوو دەدات ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج، بۆیە پێویستە هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن دەقى پەیامەکە.. پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەم گرژی و پێکدانانەی لە سلێمانی ڕوو دەدات ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج، بۆیە پێویستە هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن و دەست بەجێ ئەو پێکدادانانە ڕابگیرێت و گەنجانی ئەم وڵاتە نەکرێنە قوربانی، هەر کێشە و ناکوکییەکیش هەبێت پێویستە بە رێگەی یاسایی چارەسەر بکرێت. لە گەل هەموو لایەنەکان لە هەوڵداندام بۆ ئەوەی کۆتایی بەم گرژیانە بهێنرێت و ڕێگە لە خوێن ڕشتن و توندو تیژی بگیرێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لاهور شێخ جەنگى کەمێک لەمەوبەر جەختى کردەوە کەئەو لەماڵەکەى خۆیەتى و لەکەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە بیستویەتى فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرچووە. لاهور شێخ جەنگى لەلێدوانێکى ڕؤژنامەوانیدا وتى: دەستدرێژیمان بکرێتە سەر کارەساتى گەورە ڕودەدات و کەسیش ناتوانێت من دەستگیربکات، لەماڵى خۆمم و دەستدرێژى لەهیچ کەسێک قبوڵناکەم. لاهور شێخ جەنگی هەر لەو چاوپێکەوتنەى ئەمشەودا وتى: لە میدیاكانەوە بیستم فەرمانی دەستگیركردنم بۆ دەرچووەو هێزێکى زۆر هێنراوەتە دەوروبەرى ماڵەکەم و گەمارى ئەو ناوە دراوە ڕێگە نادرێت کەس بێنە ماڵەکەم. ئەو باسى لەوەکرد، نازانم کەى فەرمانم بۆهاتووە هیچ شتێکى لەوجۆرەمان پێنەگەیشتوە خێرە تائێستا پێم نەوتراوە. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد ئەمشەو مالیکى و چەند سەرکردەیەکى ترى عێراقى پەیوەندیان بەنوسینگەى سەرۆکى یەکێتیەوە کردوە ئەم دۆخە کۆتایی پێبێنن و قابیلى قبوڵکردن نییە. لاهور شێخ جەنگى وتیشى: ئەمەى دەکرێت چەتەگەرى و ماقیاگەریەو قابیلى قبوڵکردن نییە، داوالەخەڵکى کوردستان دەکەم خۆڕاگربن، شەخسێک خۆى سەپاندوە بەسەر یەکێتیداو گەندەڵە. لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: ئەوەی بەرامبەرم دەكرێت، چەتەگەری و مافیاگەرییە، چونکە من پێشتر چومەتە بەردەم دادگا و چوار ساڵە هەموو شەوێك دەڵێن دێینە سەرت. لاهور شێخ جەنگی وتیشى: بۆچی دەبێت، بافڵ بەمن بڵێ خۆ ڕادەست بكە؟ دەبێت پۆلیس بە من بڵێت، ئەبێت میلیشیا بە میلیشیا وەڵامبدرێتەوە.
سەرچاوەیەک ڕایدەگەیەنێت، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە یەکێتییان گوتووە تێکدانی دۆخی ئەمنیی سلێمانی قبوڵکراو نییە. لەسەر ئەو دۆخە نائاساییەى لە ئێوارەى ئەمڕۆوە لە سلێمانى دروست بووە، چوارچێوەى هەماهەنگى پەیامێکى توندى ئاراستەى بەرپرسانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان کردووە سەرچاوەیەکى ئاگادار ئاشکرایکرد، ئەمشەو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پەیامێکی توندیان ئاراستەی بەرپرسانى یەکێتی کردووە سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد، کە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەیامەکەیاندا هۆشدارییان داوە و بە یەکێتییان گوتووە تێکدانی دۆخی ئەمنیی سلێمانی قبوڵکراو نییە هەروەها سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەشیان بە یەکێتییان گوتووە، تێکدانی دۆخی سلێمانی تێکدانی دۆخی عێراقە ئەمە لەکاتێکدایە لە ئێوارەى ئەمڕۆوە هێزێکى زۆرى ئەمنى لە نێو سلێمانى و دەوروربەرى بڵاوەى پێکراوە و نووسینگەى لاهور شێخ جەنگیش لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرایکرد، کە سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت دادگا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی سیناریۆ دروست بکات. سەرچاوەکە ئەوەشى ئاشکراکرد، سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار بکات.
ئاراس شێخ جەنگی، ڕایدەگەیەنێت من هەمو کات دژی گێرەشێوێنی و بەکار هێنانی هێزی چەکدار بووم بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، بۆیە ئێستاش ئەمشەو کە بیستم یەکێتی نوێ هێزی بڵاوکردۆتەوە لە ناو سلێمانی،ئەم کارە بە کارێکی خراپ ئەزانم. لەتۆڕى کۆمەڵایەتى خۆى ئاراس شێخ جەنگى پەیامێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت: داوا لە سەرانی یەکێتی نوێ دەکەم کە ئەم هێزانە بگەڕێننەوە شوێنەکانی خۆیان ،چونکە بەرپرسیاریەتی هەر ئەگەرێک ئەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. ئەم پەیامەى ئاراس شێخ جەنگى دواى ئەوەدێت، سەرچاوەیەک لە نووسینەگەی لاهور شێخ جەنگییەوە ڕایگەیاند سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت دادگا بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی سیناریۆییەک دروست بکات هاوشێوەی سیناریۆکانی پێشووی سەرچاوەکە لە نووسینەگەی لاهور شێخ جەنگییەوە وتیشى: سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار بکات. دەقى پەیامەکەى ئاراس شێخ جەنگى لەم ساتەوەختەدا کۆمەڵێک پەیج و سایت بەناوی منەوە هەندێک شتیان بڵاوکردۆتەوە،حەز ئەکەم بە ڕونی بە خەڵکی کوردستان بڵێم من هەمو کات دژی گێرەشێوێنی و بەکار هێنانی هێزی چەکدار بووم بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، بۆیە ئێستاش ئەمشەو کە بیستم یەکێتی نوێ هێزی بڵاوکردۆتەوە لە ناو سلێمانی،ئەم کارە بە کارێکی خراپ ئەزانم وە ئەمە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە سلێمانی و دەورو بەری بچێتە دۆخێکی نەخوازراو، بۆیە داوا لە سەرانی یەکێتی نوێ دەکەم کە ئەم هێزانە بگەڕێننەوە شوێنەکانی خۆیان ،چونکە بەرپرسیاریەتی هەر ئەگەرێک ئەکەوێتە ئەستۆی ئەوان.
داعش هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژاڤای کوردستان چڕکردووەتەوە، روانگەی سوریش دەڵێ، ئەمساڵ زیاتر لە 150 جار هێرشکردووەتەسەر هێزە ئەمنییەکانی رۆژاڤا و ئەوانەی هاوکاریان بوون. بەگوێرەی راپۆرتێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هێرشەکانی داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زۆر زیادیکردووە، بەشێوەیەک داعش شەڕڤانان و هێزەکانی ئاسایش و ئەو کەسانەی هاوکاری هێزەکانی رۆژاڤا بووە بە ئامانج گرتووە. دەشڵێ، لە هەشت مانگدا داعش 157 هێرشیکردووەتەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و بەهۆیەوە 45 شەڕڤان و ئاسایشی رۆژاڤا و 12 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون. وەک راپۆرتەکە ئاماژەی پێداوە، زۆرینەی هێرشەکانی داعش لە پارێزگای دێرەزوور، حەسەکە و رەقە بوون.
سەرچاوەیەك لە نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی، بەهاوڵاتى ڕاگەیاند: سەرۆكی یەكێتی دەیەوێت دادگا بەكاربێهێنێت.. تا لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار بكات. سەرچاوەکەى نوسینەگەی لاهور شێخ جەنگی، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد "سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت دادگا بەکاربهێنیت، بۆ ئەوەی سیناریۆییەک دروست بکات هاوشێوەی سیناریۆکانی پێشوی، تا لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار بکات." بەپێى زانیاریەکانى هاوڵاتى فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەند کەسێکى نزیک لە لاهور شێخ جەنگی دەرچووە. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ هاوڵاتى، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند کەسێکی نزیکی لاهور شێخ جەنگی دەرچووە و بەرپرسانی ئەمنی داوای ڕادەستکردنیان دەکەن، هێزە ئەمنییەکانیش بەوهۆیەوە کەوتوونەتە ئینزارەوە. سەرچاوەکان وتیان: ئەو چەند کەسە کە ژمارەیان نازانرێت، تۆمەتبارن بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی "کردەوەی ئەمنی" لە ماوەکانی ڕابردوودا. هاوکات سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی کەوتونەتە ئینزارەوە و سەرجەم بازگەکان گیراون بۆ ڕێگرییکردن لە ئەگەری هەڵهاتنی ئەو کەسانەی کە وەک دەوترێت "داواکراون". بەهۆى پێدانی فەرمانگەكە بە بازگەكانی سلێمانی، قەرەباڵغییەكی زۆر لەو بازگانە دروست بووە.
