ئەو خانەنشینانەی بەر لە دەرچوونی یاسای خانەنشینی ژمارە 9ـی ساڵی 2014 خانەنشینکراون، مووچەکانیان هاوتای خانەنشینانی بەغدا دەکرێت و مینحە 100 هەزار دینارییەکەش دەیانگرێتەوە. سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی ڕایدەگەیەنێت: ئەوانەی پێش 2014-01-01 خانەنشینکراون، واتا بەر لە دەرچوونی یاسای خانەنشینی ژمارەی 9ـی ساڵی 2014، مووچەیان دەستکاری دەکرێت و لەگەڵ عێراق هاوتا دەکرێت، زیادکردن و دەستکاری مووچەشیان بەپیی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت دەبێت. بەوتەى سەرچاوەکە هەر خانەنشینێکی زیندوو مووچەکەی لە 500 هەزار دینار کەمتر بێت، بۆی دەکرێت بە 500 هەزار دینار، ئەوانی تریش بەپێی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت مووچەکانیان دیاری دەکرێت. مینحە 100 هەزارییەکەش دەیانگرێتەوە ئەوانەی مووچەیان لە ملیۆنێک کەمترە کە دەستی پێکردووە و ئێستا ڕاگیراوە، ڕەنگە لە مانگی چوار یان پێنج دەستپێبکاتەوە کێشەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لەگەڵ عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانیان قۆناغی باش چووەتە پێشەوە، پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوو ئەوانەی ماون مووچەکانیان هاوتا دەکڕێت. بۆ میراتگرانی خانەنشینانیش کەمترین مووچەیان 400 هەزار دەبێت بەمشێوەیە: میراتگرێک 320 هەزار مووچەکەی بێت، لەگەڵ 100 هەزارەکە دەبێتە 420 هەزار. دوو میارتگر بە هەردووکیان 360 هەزار وەردەگرن لەگەل دوو 100 هەزاری. سێ میراتگر یان زیاتر 400 هەزار وەردەگرن بە هەموویان، بەهەمانشێوە ئەوانیش مینحە 100 هەزارییەکە دەیانگرێتەوە. بۆنموونە خانەنشینێک کۆچی دوایی کردووە، چوار میراتگری هەیە، مووچەشی کەم بووە، 400 هەزاری بۆ دادەنرێت، ئەم 400 هەزارە بەسەر هەر چواریان دابەش دەکرێت و هەر یەکێکیان 100 هەزاری بەردەکەوێت، هەر یەکێکیشیان 100 هەزار وەردەگرێت، واتا مووچەی هەر یەکێکیان دەبێتە 200 هەزار.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزان، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات و هیوا دەخوازێت، بنەماکانی تەبایی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و گەلانی جیهاندا بەهێزتر ببێت و زیاتر گەشە بکات. ئەمە دەقی پەیامی سەرۆک وەزیرانە: بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. ئومێدەوارم پشووی جەژن، لە خۆشی و شادی و ئارامیدا بەسەر ببەن. لە خوای مەزن نزاکارین کە ڕۆژوو و خواپەرستیی هەمووان قبوڵ بکات و هیوادارین بنەماکانی تەبایی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و گەلانی جیهاندا بەهێزتر ببێت و زیاتر گەشە بکات. جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە ئاشتی و تەناهی و تەندروستیدا بژین. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەبۆنەى هاتنى جەژنى ڕەمەزانەوە پەیامێکى بڵاوکردوەو تیایدا دەڵێت: هیوادارین جەژن ببێتە بۆنەیەک بۆ یەکگرتنەوەی نیشتمانمان کە لەمێژە بەدەست بەڵای شەڕ و قەیرانەوە دەناڵێنێت. هیوادارین جارێکی دیکە سوریا ببێتە نیشتمانێک بۆ هەموو سوریاییەکان. هەروەها لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى هەسەدا هاتووە: هەموومان بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەیدا دەکەین، ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری خاکەکانیدا زاڵ دەبێت. هەموو جۆرە شەڕ و شەڕێک کۆتایی دێت و ئاوارە و ئاوارەکان و کۆچبەرەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. دەقى پەیامەکە پیرۆزە بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی چەکدارە خۆپاراستنەکانمان دەکات لەسەر سنوورەکانی نیشتمان، پاسەوانی ئاسایش و سەلامەتی وڵاتەکەی. هەروەها بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پیرۆزبایی لە هەموو نەتەوەی ئیسلامی و کەسوکاری شەهیدانمان و سەرجەم گەلەکەمان دەکەین. هیوادارین هەموو لایەک جەژن لە کەشێکی خۆشی و ئاسایش و ئارامیدا بەسەر بەرن. هەروەها هیوادارین جەژن ببێتە بۆنەیەک بۆ یەکگرتنەوەی نیشتمانمان کە لەمێژە بەدەست بەڵای شەڕ و قەیرانەوە دەناڵێنێت. هیوادارین جارێکی دیکە سوریا ببێتە نیشتمانێک بۆ هەموو سوریاییەکان، بەبێ گوێدانە پەیوەندی و بیروباوەڕ و ئاراستەکانیان. هەموومان بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەیدا دەکەین، ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری خاکەکانیدا زاڵ دەبێت. هەموو جۆرە شەڕ و شەڕێک کۆتایی دێت و ئاوارە و ئاوارەکان و کۆچبەرەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. داگیرکردنی خاکەکانی کۆتایی دێت و سوریەکان بە دەستی خۆیان ئایندەی وڵاتەکەیان لە قاڵب دەدەن، بەگوێرەی خواستەکانیان و بە شێوەیەکی دیموکراسی. ساڵی نوێتان پیرۆز بێت فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات
بەپێی بەشێكی دیكەی ئەو ڕاپۆرتەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لەبارەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، دەردەكەوێت لە كۆی 100 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان تەنها 27 یان بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان هەیە، 10 پەرلەمانتاریش بڕوانامەی ناوەندی و ئامادەیی. بەپێی ڕاپۆرتەكە 13 پەرلەمانتار دكتۆرا، 14 یان ماستەر، یەكێكیان دكتۆرای باڵا و 55 یان بەكالۆریۆس و حەوتیان دبلۆم و پێنجیان ئامادەیی و پێنجیشیان ناوەندییان تەواوكردووە. هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە زۆرترین پەرلەمانتاری پارتی دكتۆرایان هەیە كە نۆ كەسن، هەر پێنج بڕوانامە ناوەندییەكەش پەرلەمانتاری پارتین، یەكێتی هیچ پەرلەمانتارێكی خاوەنی دكتۆرا نییە، نەوەی نوێش پەرلەمانتارەكانی نە دكتۆرا و نە ماستەری تێدایە، تاقە پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی هەرێمی كوردستانیش بڕوانامەی ئامادەیی هەیە. دوو ڕۆژ لەمەوبەر، دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتی خۆی لە چوارچێوەی پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند: ئەو رەوشەی لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا راگوزەراوە پێچەوانەی ئەو هەموو بەڵێنانەیە كە لە لیستەكان لە سەروبەندی بانگەشەدا بە دەنگدەرانیان داوە، ئۆباڵیشی دەكەوێتە ئەستۆی هەردوو هێزی پارتی و یەكێتی بەرپرسیارن لێی. دامەزراوەی پەی ئاماژەی بەوەكردووە: ئەو هێزانەی بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون یەك هەڵوێست نین و دابەش بوون كاریگەرییان بەسەر گۆڕانكارییەكانەوە نییە، هەندێكیان هەڵوێستیان بەرپرسیارانەیە و گوێیان لێ ناگیرێت، هەندێكیان لاوازن، هەندێكیان چاویان لە دەستكەوتە و هەندێكیان یارییەكی قێزەون دەكەن لەنێوان دوو هێزە سەرەكییەكیەكەدا. بەپێی راپۆرتەكەی پەی؛ دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چوار مانگ بەسەر یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی لە دۆخی پەرلەمانی كوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت تەنها ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی سوێندخواردنیانەوە مووچەیان بۆ بەستراوە و هەریەكە و سێ پاسەوانی بۆ دەستنیشان كراوە خانوو شوقەی نیشتەجێ بونیان بۆ دابین كراوە، تائێستا دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ تێكڕای مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا دەگاتە 2.240.700.000 دوو ملیار دوو سەد و چل ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینار. لە راپۆرتەكەدا وردەكاریی زیاتر خراوەتەڕوو، كە تائێستا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ، هەر پەرلەمانتارێك كە مووچەی مانگانەی 8.200.000 هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە، بەڵام لەبەرئەوەی لیژنەكان پێكنەهێنراون، بڕی 500 هەزار دینار دەرماڵەی لیژنەكان وەرناگرن بۆیە موچەی مانگانەیان 7.700.000 حەوت ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینارە بووە، بەوپێیەش هەر ئەندامێك تێكڕا نزیكەی 23.100.000 بیست و سێ ملیۆن و 100 هەزار دینار موچەی وەرگرتووە. ئەو پەرلەمانتارانەشی كە مووچەیان وەرنەگرتووە، تەنها ئەو پەرلەمانتارانەن كە سوێندی یاساییان نەخواردووە، ئەوانیش (عەبدولستار مەجید، عومەر گوڵپی، لاهور شێخ جەنگی). لەبەشێكی دیكەی راپۆرتی چاودێرییەكەیدا، دامەزراوەی پەی نوسیویەتی: لەبەرامبەر ئەنجامدانی كاری پەرلەمانی كە بریتییە لە ئامادەبوونی دانیشتنەكان و ئەندامێتی لە لیژنە تایبەتمەندەكان و بەشداری لە كۆبونەوەكانی و پابەندبوون بە خۆ تەرخانكردنی تەواو بۆ كاری پەرلەمانی، ئەندام كۆمەڵێك مافی هەیە كە بریتییە لە وەرگرتنی مووچە، بەڵام ئەندامان هیچ كام لەو ئەركانەیان نەبینییوە، نە ئامادەی دانیشتنەكان بوونە، نە لیژنەكان پێكهێنراون تا كاری بەدواداچوونی تێدا بكەن، نە یەك خولەكیش خۆیان بۆ كاری پەرلەمانی تەرخانكردووە، ئەی چۆن دەكرێت مووچە وەربگرن كاتێك یەكەم دانیشتنی سوێندخواردن پووچەڵ بێت. دامەزراوەی پەی لە راپۆرتەكەیدا نوسیویەتی: پەرلەمانتارانی لە سەروبەندی كاندید بونیان لە بانگەشەی هەڵبژاردن زۆرترین بەڵێنیان بە هاوڵاتیانی دەنگدەردا لە سەروەری یاساوە تا چاك كردنی مووچە و گوزەرانیان، بەڵام دوای سوێندخواردنیان بێدەنگیان هەڵبژاردووە و جگە لە وەرگرتنی ئیمیتیازاتەكانیان هەڵوێستێكیان نەنواندووە كە كاریگەری ئەرێنی هەبێت لەسەر گۆڕینی رەوشەكە، جگە لە چەند ئەندامێك نەبێت كە ژمارەیان كەمە و لە پەنجەكانی دەست تێپەڕناكان و بەشێكیان لێدوانی بەر لە هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیان پێچەوانەی یەكترن. لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە، دواخستنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، كاریگەری نەرێنی لەسەر رەوشی هەرێم دەبێت، چونكە تا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژێردرێت، لیژنەكانی پەرلەمان پێكناهێنرێت، رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ناگیرێتەبەر، كوتلەی بروە دەستنیشان ناكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ و كابینەی كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت. ئاماژەی بەوەشكردووە: لە بۆشایی هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی حكومەتی كاربەڕێكەر درێژەی دەبێت، دوور لە چاوی دەسەڵاتێكی چاودێری و بەردەوامیش دەبێت لەسەركارە نایاساییەكانی، ئەو رەوشە ناهەموارە و پێشێلكارییە یاساییانەش هەموو ئەو لیستانە لێی بەرپرسیران كە لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی سەروەری یاسایان دەكرد.
کەجەکە رایگەیاند، پەیامێکی مێژوویی بڵاوکراوەتەوە و هیودارن کۆتایی بە نکۆڵیکردنی کوردان بێت و برایەتی گەلان بەهێزتر و بەرفراوانتر بێت. کۆمیتەی گەلان و باوەڕمەندییەکانی کۆماجڤاکێن کوردستان کەجەکە بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بانگەواز لە گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەکەن، ئەم جەژنە بکەنە ئامرازی بەهێزکردنی یەكێتی و هاوکاریکردنی یەکتریی، پەیامێکی مێژووی دراوە وەک هەموو کەسێک ئەم پرۆسە مێژووییە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانی زانایانی ئاینی و رێبەرانی باوەڕدارەکان. دەشڵێت، وێڕای راگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام تورکیا هەموو رۆژێک بەسەدان جار لە زەمینەوە بە تۆپ و تانک لە ئاسمانەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی گۆڕەپانی گەریلاکان بۆردومان دەکەن. تەواوی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیە: "جیهانی ئیسلامی بە تەواوکردنی ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە ئامادەکارییدایە بۆئەوەیی جەژنی ڕەمەزان پیرۆز بکات. وەک تەڤگەر سەرەتا جەژنی ڕەمەزان لە جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکەین و هیواخوازین ئەم جەژنی ڕەمەزانە بۆ هێنانەئارای دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانی ئیسلامی، بۆ ئاشتی و یەکسانی لە نێوان گەلان و باوەردارییەکاندا ببێتە سەروەر و ببێتە ئامرازێک بۆ پەرەدان بە ژیانی دیموکراتیکی. هیواخوازین ئاشتی، ئازادی، یەکێتی، یەکگرتوویی، یەکسانی، خوشک-برایەتی و بەرەکەت بهێنێ بۆ هەموو گەلانی موسڵمان کە ڕۆژەووەکانیان بە نیازی باش، نزای باش و کاری باشەوە تەواو دەکەن. وەک کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەژن لە نێو شەڕێکی سەخت، گرژی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتییدا تێپەڕ دەکەین. کۆمەڵگە موسڵمانەکان کە لە جوگرافیایی جیاوازدا دەژین، ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری، سیاسەتەکانی کۆڵۆنیالی-زۆرداری و کێشە سیاسییەکان بوونەتەوە. لە چەندین دەڤەری ڕۆژهەڵاتی ناوین، وە بە تایبەت لە غەززە، سووریا، ڕۆژئاوا، باشوور و هەرێمەکانی گەریلا، جڤاتی موسڵمانان مانگی ڕەمەزان بە تێکۆشان لە دژی هێرشی قڕکاری، فشار، زۆرداری، برسێتی و قەیرانەوە تێپەڕ دەکەن. هێرشەکان لە مانگی ڕەمەزاندا لەسەر غەززە درێژەی هەیە. گەلی عەلەوی لە مانگی ڕەمەزاندا لە سووریا قڕکران. لە ڕۆژئاوا پەرستنەکانی ڕۆژوو بە بەرخۆدانی گەلی شکۆدار لە دژی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی سەر بەنداوی تشرین بەسەربرا. وێرای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش هەموو ڕۆژێک بە سەدان جار لە زەمینەوە بە تۆپ و تانک، لە ئاسمانەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی گۆڕەپانەکانی گەریلا بۆردوومان کران. بەم بۆنەوەیەوە دەمانەوێت ئەوە بیربهێنیەوە بەرخۆدانی موسڵمانان لە دژی هێرشەکان وێڕایی ڕۆژووی ڕەمەزانی پیرۆز، هێندەی پەرستشەکانیان پیرۆزە. جەژنی ڕەمەزان لە هەموو موسڵمانان پیرۆز دەکەین کە لە هەموو جێگەیەک لە بەرخۆداندان. بانگەوازی لە هەموو موسڵمانان دەکەین کە لە ئاینداری حەقیقەت، دادپەروەری، ئاشتی، باشی و ڕاستییدان لە قۆناغەکانی داهاتوودا هاوکاری تێکۆشانی دیموکراسی بکەن کە بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لە ئارادایە. کوردستانیانی وڵاتپارێزی هێژا؛ لەم پرۆسەیەدا کە گەواهیدەری پرۆسەیەکی نوێین و ناوەندکەی کورد و کوردستانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکەوە پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزان دەکەین. کوردانی موسڵمان زۆرینەیی ڕۆژەکانیان کە ڕۆژوویان تێدا گرتووە بە چالاکی دیموکراتیکی و تێکۆشان لە گۆڕەپانەکاندا تێپەڕ دەکەن. تێکۆشانی مەزنی گەلی کورد کە بە ٨ی ئادارەوە دەستیپێکرد و لە نەورۆزدا گەیشتە ترۆپک، پەیامێکی مێژوویان دا. ئەم پرۆسەیە کە بە ماناداریی مێژوویەوە تێیدا کۆبووینەتەوە، ئیمکانەکانی پێکهێنانی شۆڕشی ئازادی، ڕوانگەیی نەتەوەیی دیموکراتیک، بونیادنانی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی لە هێڵی شارستانێتی دیموکراتیکدا زیاتر گەورە دەبێت و پێش دەکەوێت. وەک هەموو کەسێک ئەم پرۆسە مێژووییە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانی سەیدانی هێژا، زانایانی ئاینی و ڕێبەرانی باوەردارییەکان. لەسەر بناغەی بونیادنانی ژیانی ئازاد، یەکسانی و هاوبەش دامەزراندنی مۆدێلی ژیانی دیموکراتیک و ئازادی گەلان و بەڕێوەبردنی تێکۆشانی سەردەمی بە ئامانجی گەورە و پیرۆزی پێکهێنانی ڕێنێسانسی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەمەش بە مانایی سەرلەونوێ لە دایکبوونەوە دێت. هیودارین کۆتایی بە نکۆڵیکردنی کوردان بێت، خوشک-برایەتی گەلان بەهێزتر و بەرفراوانتر بێت، ڕۆژهەڵاتی ناوین لە زەمینەی شەڕ و ئاڵۆزی ڕزگاری ببێت و دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادی تێیدا سەروەر بێت. بەم بۆنەوەیە وەک تەڤگەر جارێکی دیکە جەژنی ڕەمەزان لە هەموو گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستانیان پیرۆز دەکەین و هیواخوازییان نیاز و نزایان قبوڵ بێت. دەبێت لە جەژنی ڕەمەزاندا بەهێزتر خاوەنداری لە شەهیدانمان بکەین و یادییان بکەینەوە. دەبێت بەشێوەی کۆمەڵ سەردانی گۆڕستانی شەهیدان بکەین و یەکگرتووی خۆمان بە بنەماڵەی زیندانیان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدانەوە لە بەرزترین ئاستدا نیشان بدەین. بە بۆنەی جەژنەوە جارێکی دیکە وەک تەڤگەر بە ڕێز و منەتدارییەوە لە ئاست یادکرنەوەی شەهیدانماندا بەژنمان دادەنەوێنییەوە و بەڵێنمان دووپاتەکەینەوە بۆ دۆزی مافداری کۆمەڵگەی دیموکراتیک درێژە بە تێکۆشانی گەلی کورد بدەین. بانگەوازی لە گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و هەموو جێگەیەکی جیهان دەکەین، ئەم جەژنی ڕەمەزانە بکەنە ئامرازی بەهێزکردنی یەكێتی، پەرەدان و مەزنکردنی هاوکاری و یەکگرتوویی. بانگەوازی لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەموو لایەنەکانی موسڵمانی دیموکراتیک دەکەین بە هۆشمەندی نەتەوەیی دیموکراتیکییەوە خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و یەکێتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی دیموکراتیک بەهێز بکەن. دیسانەوە هیواخوازین ئەم جەژنە دادپەروەری، ئاشتی، خوشک-برایەتی و ئازادی بۆ گەلان بێنێت و جەژنی ڕەمەزان لە هەموو گەلانی موسڵمان و بە تایبەت گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز دەکەین."
دەم پارتی بڕیاری داوە کە بەشداری لەگردبوونەوەی ماڵتەپە بکات کە لەسەر بانگەوازی جەهەپە ئەمڕۆ شەممە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت. بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئیستەنبوڵ، جەهەپە ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئازار لە کەناری ماڵتەپە گردبوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجام دەدات. دەم پارتی بڕیاری خۆی سەبارەت بەگردبوونەوەی ماڵتەپە ڕاگەیاند لەهەژماری سۆشیال میدیای پارتەکە لەئەستەنبوڵ لێدوانێکی لەبارەی گردبوونەوەکە بڵاوکردەوە. لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "وەک هێزەکانی کرێکاری و ئاشتی و دیموکراسی ئەستەنبوڵ، ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئازار کاتژمێر ١٢:٠٠ لەگردبوونەوەی ماڵتەپە کۆدەبینەوە، ئێمە بەرگری لەدیموکراسی و ئیرادەی گەل دەکەین!". پێشتر هەموو سەرنجەکان لەسەر ئەوە بوو کە ئایا دەم پارتی بەشداری لەگردبوونەوەی ماڵتەپە دەکات کە لەلایەن جەهەپە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو ڕێکخرابوو یان نا. میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕیارەی دەم پارتی لەئێستاوە حکومەتی ئاکەپەی توڕە کردووەو بەدووری نازانن کاریگەریی لەسەر ئەو پرۆسەی ئاشتییە هەبێت کە چەند مانگێکە قسەی لەسەر دەکرێت. پێشتر سەبارەت بەو ناڕەزایەتیانەی کە دوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو دەستیپێکرد، تونجەر باقرخانی هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە بەشداریی کردبوو، وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بەناڕەزاییەکانو وتی “ئێمە گروپی چالاکوانی جەهەپە نین، ئێمە پشتگیریان دەکەین، بەڵام بۆ ئەمە ناچینە سەر شەقامەکان”.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ناڕازیین لە رێکار و هەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق" بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان. ئەپیکور دەڵێت، "ئەمڕۆ بۆمان روونبوویەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات، کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگیرێت، هەوڵدەدات پرۆسە و رێگەیەک بگرێتەبەر کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابنێت." مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان "ئەپیکور"هەینی 28ـی ئاداری 2025، ڕاگەیاند: کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نیازێکی پاکەوە دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی فێدراڵ بە ئامانجی گەیشتن بە بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری عێراق-تورکیا، بەشێوەیەک ئەو بڕیارە ھاوتەریب و گونجاو بێت لەگەڵ رێککەوتنە یاساییەکانمان و بوودجەی عێراق. گوتەبێژی ئەپیکور، دەڵێت: ئەمڕۆ بۆمان ڕوونبووەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگرێت، ھەوڵدەدات پرۆسە و ڕێگەیەک بگرێتەبەر کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابنێت. مایڵز کاگینز جەختی لەوە کردەوە، ئەم ھەنگاوانەی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق قبوڵکراو نین و، ئەپیکور ئامادە نییە دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکات، تا ئەوکاتەی پابەندبوونێک لە حکوومەتی عێراقەوە نەبێت و تێدا رێز لە گرێبەستەکانمان بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندبوون و دڵنیایی ھەبێت لەبارەی شێوزای وەرگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، لە رابردوو و داھاتووش. بە گوێرەی زانیارییەکان، لە دوا کۆبوونەوەی نێوان، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک، تەنانەت لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک گرژی و ئاڵۆزی و دەمەقاڵی لەنێوان شاندی وەزارەتی نەوت و شاندی کۆمپانیاکانی نەوت دروست بوو.
سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "پشت بە خودا، بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەگەین." لەبارەی خۆپیشاندانەکانیش رەخنە لە جەهەپە دەگرێت و بە "هەوڵێکی فاشیستانە"ی ناودەبات. پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە رۆژی هەینی 28ی ئاداری 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتەکەی بڵاوکردەوە، کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوەیە و دەڵێت، "پشت بە خودا، بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەگەین." باخچەلی پێیوایە سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری کاریگەریی لەسەر بوارە جیاوازەکانی ژیان لە تورکیا دەبێت، لەوانەش لە بواری ئابوورییەوە، وتیشى: ئەگەر بێتو چەکەکان بنێژرێن تورکیایەک دێتە ئاراوە، هیچ وڵاتێک نابێت شان لەشانى بدات. ئەو گوتانەی باخچەلی لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە." دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت رێبەری پەکەکە خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات. سەرۆکی مەهەپە لەبارەی خۆپێشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رەخنەی لە جەهەپە گرت و گوتی، "ئەو ناڕەزایەتییە نابەجێیانەی جەهەپە پێشڕەوێتییان دەکات، دوورن لە هەموو بەهایەکی دیموکراسی، زۆر ناهاوسەنگ و هەڕەشەئامێزن." باخچەلی ئەو خۆپیشاندانانەی بە "بەربەست" لەبەردەم دیموکراسی و برایەتیی خەڵکی تورکیادا ناوبرد و رایگەیاند، "رژاندنی خەڵک بۆ سەر شەقام، بە مەبەستی تێکدانی دۆخی تورکیایە و هەوڵێکی فاشیستانەیە." دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی ئەم مانگە و بڕیاری زیندانیکردنی لە 23ی مانگ، ناڕەزایەتی لە لایەن ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە لێکەوتوەتەوە.
لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە ١٣ داواکاریی بە مەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر تونجەر باقرخان و ١٠ پەرلەمانتاری دیکە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کرا. بە مەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندی ١١ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکان کە تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی)ـیشی تێدایە، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ١٣ داواکاریی پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی تورکیا کرد. سەرۆکایەتی کۆمار داواکارییەکانی بۆ لیژنەی تێهەڵچوون کە لە ئەندامانی لیژنەی دادپەروەری و دەستووری بنەڕەتی پێک دێت، ناردووە. ئەو کەسانەی کە داواکارییەکەیان لە دژ بەرزکراوەتەوە بەمشێوەیەیە: تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، عەلی ماهیر باشارر، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، گوڵستان کلچ کۆچیغیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، ئەحمەد شک، پارلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) سیبەل سوویچمەز، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ترابزۆن، نەخلا دەمیر، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئاگری، جەمال ئەنگینیورت، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئەستەنبوڵ، ماهیر پۆڵات، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئیزمیر، بێریتان گونەش ئاڵتن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین، کۆرای ئایدن، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنقەرە، سالیحا ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین. زانراوە، هەریەک لە جەمال ئەنگینیورت و سالیحا ئایدەنیز هەریەکی دوو داواکاریی لە دژیان بەرز کراوەتەوە.
حکومەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، یەک رەنگ دەبێت، پێکهاتەکانی وەک کورد، دروز و عەلەوی تێدا بەشدار نابن وەک لایەنی سیاسی، بەڵکو مەرجی ئەوەی ئەو کەسانە هاوسۆزی تەحریر شام بن. بەپێی سەرچاوەکان، حکومەتی نوێی سوریا، یەک رەنگ دەبێت، جیهادییەکانی نزیک لە ئەبو محەمەدی جۆلانی رۆڵی کاریگەریان دەبێت لە پێکهاتەی حکومەتەکەدا، کە پێکدێت لە 22 وەزارەت و بڕیارە سبەینێ شەممە 29ـی ئازار رابگەیەنرێت. بەپێی دەستوری نوێی سوریا، حکومەتەکە سەرۆک وەزیرانی تێدا نییە، سیستمی حوکمڕانی سوریا سەرۆکایەتی دەبێت، بەڵکو سکرتێری گشتی سەرۆک وەزیرانی تێدایە. سەبارەت بە رۆڵی پێکهاتەکان لە حکومەتی نوێی سوریا، بەپێی زانیارییە، وەزیرەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع لە روی نەتەوەو مەزهەبەوە ژمارەیەک عەرەب، کورد، مەسیحی، سوننە، عەلەوی و دروزی لە خۆدەگرێت وەک کەسایەتی سەر بە تەحریر شام و نزیک لە ئەحمەد شەرع، نەک نوێنەرایەتی پێکهاتە و لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان، بازرگان و دەرچوانی زانکۆکانی رۆژائاواش لە خۆدەگرێت، تەنانەت یەک وەزیری رژێمی بەشار ئەسەد-یش تێدا دەبێت. سەبارەت بە رۆڵی ژنانیش، بەپێی سەرچاوەکان، یەک وەزیری ژن لە خۆدەگرێت. وەزارەتەکانی بەرگری، دەرەوە، داد و ناوخۆ بۆ لایەنی تەحریر شام دەبن. پێشبینی دەکرێت موحەمەد بەشیر، سەرۆک وەزیرانی ئێستا رۆڵی دیکەی وەزاری پێبدرێت. حکومەتەکەی شەرع بلۆکی سیاسی (حزبی سیاسی) تێدا نابێت، ئەو کەسانەشی دەبنە وەزیر دەبێت هاوسۆزی تەحریر شام بن.
کەشناسیی عێراق پێشبینی بارینی نمەباران لە رۆژانی جەژن دەکات، بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش، لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و دهۆک نمەباران دەبارێت. ئەمڕۆ هەینى 28ـی ئادارى 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ڕاگەیاند، "بەگوێرەی پێشبینییەکانمان لە سبەی شەممەوە، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق ئەگەری بارینی نمەباران و دابەزینی پلەکانی گەرما هەیە." عامر جابری گوتی، "لە رۆژی یەکشەممەوە ئاسمانی وڵات هەوری تەواو دەبێت و بارانی پچڕ پچڕ لە بەشێکی زۆری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبارێت. شەپۆلەکەش تاوەکو ئێوارەی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت." بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچە سنوورییەکانى پارێزگاى هەولێریش هەندێکجار دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور. کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سبەی شەممە، لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و دهۆک هەندێک کات هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی دەلێت: پێشبینی دهكرێت له ئێوارەی رۆژی شەممە تاوەکو درەنگی شهوی یهكشەممە، شهپۆلێكی نمەبارانی بههارە و ههوره بروسكه ناوچهكانی ههرێمی کوردستان بگرێتهوه و به بڕی جیاواز باران ببارێت." بە گوتەی محەممەد کەمال، لهرۆژی دووی مانگی داهاتووەوە ئەگەری شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەیە، هەروەها خێرایی لە 27 بۆ 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت.
لەسەر داوای یەکێتی تۆپی پێی عێراق، یانەی نەورۆز لە یاریی داهاتووەوە چوونەژوورەوەی هاندەران دەکات بە پارە، بەڵام یانەکە پارەیەکى رەمزى لە هاندەران وەردەگرێت. لەو ژمارە یاریەی کە یانەی نەورۆز ماویەتی و لە یاریگای خۆی یاری دەکات، هاندەر بە بلیت دەچێتە یاریگا نێودەوڵەتیەکەی نەورۆزەوە، ئەوەش لەسەر داوای یەکیتی تۆپی پێی عیراق بۆ کەمکردنەوەی پشێوی و رووداوە نەخوازراوەکانی ناو یاریگا، چونکە یاریگاکە جێگەی 15 هەزار هاندەر دەبێتەوە، بەڵام لە هەموو یاریەکاندا سەروو 20 هەزار هاندەر ئامادە دەبن. هێرش کەمال جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز دەڵێت، یەکیتی تۆپی پێی عیراق فشاری لە یانەکەیان کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی یاریگا و باش بەڕێوەچوونی یاریەکان دەبێت هاتنەژوورەوەی هاندەر بکرێت بە پارە. دەشڵێت، ئەم بڕیارە دوای ئەوەهات لەدواین یاری نەورۆز بەرامبەر قوەجەویە، زیاتر لە 25 هەزار هاندەر ئامادەی یارییەکە بوون، بۆیە سەرپەرشتیاری یاریەکە ئەوەی وتبوو ناتوانێت یاریەکە بە باشی بەڕێوەبەرێت، چونکە هاندەرێکی زۆر لە یاریگاکەدایە و ناتوانرێت وەک پێویست کۆنترۆڵ بکرێت. جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە کورسیییە ڤی ئای پییەکان، هەموو کورسییەکانی دیکەی ناو یاریگا هەمان نرخ دەبێت. ئەوەش لەدوای ئەوەدێت کە لە ماوەی رابردوودا، دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز لەو بارەیەوە راپرسییەکی کردبوو، کە زۆربەی هاندەرانی یانەکە و وەرزشکاران لەگەڵ ئەوەدابوون چوونەژوورەوە بۆ ناو یاریگاکە بکرێت بە بلیت.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت: دەزگای حكومی، كاری ئەوە نییە ئەوە دەستنیشان بكات كام رووداوە بەهای هەواڵی تێدایە، یان ببێتە هۆی كۆتوبەند كردنی میدیاكان لە گەیشتن بە راستی رووداوەكانی یان شاردنەوەی زانیاری لەسەر رێژەی كوشتن لەناو كۆمەڵگادا بە هەر هۆكارێك بن. سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی کردن لە مافی رۆژنامەنووسان بڵاوی کردەوە: رووداوەكانی كوشتن سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راكێشاوە، مشتومڕێكی بەرفراوانی دروستكردوە لەبری قسەكردن لەسەر باشترین ڕێگاكانی رووماڵكردنی تاوان كە رێز لە ئەخلاق و ڕێسا و میساقەكانی پیشەكە بگرێت، قسە هاتە سەر كۆتوبەندكردن. رۆژی 26ـی ئاداری 2025، فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی، بە نوسراوێك كە بۆ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی ناردوە، ئاماژەی بەوەکردووە ناکرێت، چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری تاوانلێكراو بكرێت" بە پێچەوانەی دەقی مادەی (236) برگە 1 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ـی ساڵی 1969 هەمواركراو کە لە هەرێمی کوردستان بەرکارە. ئاماژەی بەوەشکردووە: هەر حاڵەتێك بچێتە خانەی پێشێلكردنی یاسا و رێساكان لە لایەن دەستەی مافی گشتی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی رێكاری یاسایی لە بەرامبەر دەگرینەبەر و داوایكردوە سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن پابەندبكرێن كە خۆیان بەدووربگرن لە روماڵكردنی ئەو جۆرە هەواڵانە رەچاوی یاساو رێنماییەكان بكەن، ئەگەر پابەند نەبن رێكاری یاساییی دەگرێنە بەر. لەوبارەیەوە سەنتەری میترۆ رایگەیاندوە: لەگەڵ ئەوەدا نیین میدیا بچێتە ناو هەندێک وردەكاریی تاوانەكان كە كاریگەرییان لەسەر رێڕەوەی لێكوڵینەوەكاندا هەیە یان شێوازی روماڵكردنەكەی ببێتە مایەی هاندانی توندوتیژی یان كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی خێزانی قوربانییەكە هەبێت، یان تایبەتمەندی قوربانییەكە پێشێل بكات، یان لە بری دادگاكان حوكم بدات. جەخت دەکاتەوە کە: دەزگای حكومی، كاری ئەوە نییە كە ئەوە دیاری بكات كام رووداوە بەهای هەواڵی تێدایە، یان ببێتە هۆی كۆتوبەند كردنی میدیاكان لە گەیشتن بە راستی رووداوەكانی یان شاردنەوەی زانیاری لەسەر رێژەی كوشتن لەناو كۆمەڵگادا بە هەر هۆكارێك بن. لە راگەیەندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی ئاداری 2025 بڵاوی کردوەتەوە، سەنتەری میترۆ رایگەیاندوە: تێدەگەین كە لە پرسی روماڵی تاواندا، هەندێ دەزگای میدیا لە پێودانگەی پیشەیی و ئەخلاق و رێسای رەفتاری پیشەكە لایداوە، بەڵام نابێت ببێتە هۆكارێك كە رینمایی لایەنێكی رەسمی ببێتە جێگرەوەی یاسا. راگەیەندراوەکەی سەنتەری میترۆ دوای ئەوەهات کە دوێنێ چوارشەممە، فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی، لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری كردووە ئاماژەى بەوەکردووە، لەكاتێكدا دادگاو لایەنە پەیوەندارەكان سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوەن لە هەر تاوانێكی كوشتن كە روودەدات، بەبێ رەچاوكردنی ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و یاسا كارپێكراوەكان، ئەو جۆرە تاوان و روداوانە دەكرێنە هەواڵی بەپەلەو زانیاری ناڕاست و بێ بنەما بڵاودەکرێنەوە. دەشڵێت: لە دەزگاکانى راگەیاندن، لێكدانەوەی نایاسایی و نادروست بۆ روداوەكان دەکرێت و چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری كوژراو دەکرێت، ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر باری دەروونی هاوڵاتییان، بەتایبەت هەرزەكاران و بەلاڕێدابردنی رەوتی لێكۆڵینەوەكان.
دامەزراوەی پەی ئاشکرای کرد؛ ئەوەی لە دۆخی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت تەنها ئەوەیە ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی سوێندخواردنیانەوە مووچەیان بۆ بەستراوە و هەریەکە و سێ پاسەوانی بۆ دەستنیشان کراوە خانوو شوقەی نیشتەجێ بونیان بۆ دابین کراوە، تائێستا دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ تێکڕای مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا دەگاتە 2.240.700 ملیار دینار. دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتی خۆی لە چوارچێوەی پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە: ئەو رەوشەی لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا راگوزەراوە پێچەوانەی ئەو هەموو بەڵێنانەیە کە لە لیستەکان لە سەروبەندی بانگەشەدا بە دەنگدەرانیان داوە، ئۆباڵیشی دەکەوێتە ئەستۆی هەردوو هێزی پارتی و یەکێتی بەرپرسیارن لێی. دامەزراوەی پەی ئاماژەی بەوەکردووە: ئەو هێزانەی بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون یەک هەڵوێست نین و دابەش بوون کاریگەرییان بەسەر گۆڕانکارییەکانەوە نییە، هەندێکیان هەڵوێستیان بەرپرسیارانەیە و گوێیان لێ ناگیرێت، هەندێکیان لاوازن، هەندێکیان چاویان لە دەستکەوتە و هەندێکیان یارییەکی قێزەون دەکەن لەنێوان دوو هێزە سەرەکییەکیەکەدا. بەپێی راپۆرتەکەی پەی؛ دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چوار مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی لە دۆخی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت تەنها ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی سوێندخواردنیانەوە مووچەیان بۆ بەستراوە. ئەو پەرلەمانتارانە هەریەکە و سێ پاسەوانی بۆ دەستنیشان کراوە خانوو شوقەی نیشتەجێ بونیان بۆ دابین کراوە، تائێستا دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ تێکڕای مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا دەگاتە 2.240.700.000 دوو ملیار دوو سەد و چل ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینار. لە راپۆرتەکەدا وردەکاریی زیاتر خراوەتەڕوو، کە تائێستا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ، هەر پەرلەمانتارێک کە مووچەی مانگانەی 8.200.000 هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە، بەڵام لەبەرئەوەی لیژنەکان پێکنەهێنراون، بڕی 500 هەزار دینار دەرماڵەی لیژنەکان وەرناگرن بۆیە موچەی مانگانەیان 7.700.000 حەوت ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینارە بووە، بەوپێیەش هەر ئەندامێک تێکڕا نزیکەی 23.100.000 بیست و سێ ملیۆن و 100 هەزار دینار موچەی وەرگرتووە. ئەو پەرلەمانتارانەشی کە مووچەیان وەرنەگرتووە، تەنها ئەو پەرلەمانتارانەن کە سوێندی یاساییان نەخواردووە، ئەوانیش (عەبدولستار مەجید، عومەر گوڵپی، لاهور شێخ جەنگی).
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە پێش جەژن، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، ئەو دەنگۆیە راست نییە. شەوی چوارشەممە، 26ـی ئادار، رۆژنامەڤانێکی تورک لە پەخشی راستەوخۆی بەرنامەکەیەدا گوتی، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندووە، "سەلاحەدین دەمیرتاش سزای زیندانیکردنی 10 ساڵەی یەکلاکەرەوەی هەیە بەهۆی ئەوەی ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆریستییە، چۆن ئازاد دەکرێت؟" وەزیر ئاماژەی بەوەشداوە کە ئازادکردنی دەمیرتاش لە کارنامەی ئەواندا نییە. دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە 22ـی تشرینی یەکەمی پار لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان، لە 27ـی شوباتی ئەمساڵدا ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. لە چەند رۆژی رابردوودا لە هەندێک لە دەزگاکانی هەواڵ و سۆشیاڵمیدیا لە تورکیا، دەنگۆی ئازادکردنی دەمیرتاش پێش جەژنی رەمەزان بڵاوبووەوە. شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی TGRT Haber ئەو بابەتە بووە جێگەی باس. پێشکێشکاری بەرنامەکە ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ سەرچاوەکانی دەم پارتی پەیوەندیی تەلەفۆنی کردووە و پێیانگوتووە، "دەنگۆیەکی لەو شێوەیەیان پێگەیشتووە، بەڵام ناتوانن پشتڕاستی بکەنەوە". ئەو پێشکێشکارە ئاماژەی بەوەدا، سەبارەت بەو بابەتە پرسیاری لە یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کردووە و گوتی، "کاتێک گوتم بەڕێز باخچەلی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش کردووە. هەر بۆیە چاوەڕوانییەکی وا هەیە، وەزیری داد لە وەڵامدا گوتی، 'سەڵاحەدین دەمیرتاش سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە بەهۆی ئەوەی ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆریستییە، چۆن ئازاد دەکرێت؟' هیچ ئەگەرێکی لەو شێوەیە نییە بۆ ئازادکردن". عەبدولڕەحمان کارابوڵوت کە یەکێک لە پارێزەرانی سەڵاحەدین دەمیرتاشە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی سەڵاحەدین دەمیرتاشی بڵاوکردەوە و نووسی: "پەنا بەخوا جەژن لەگەڵمان دەبێت". هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، هەوڵی جددی لە کەناڵە یاسایی و سیاسییەکان بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هەیە، بەجۆرێک رۆژانە داواکاری بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش پێشکێشی دادگە دەکرێت. ئێوارەی هەمان رۆژ سلێمان دەمیرتاش، برای سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "لەوانەیە سبەی! لەوانەیە لە سبەیش زووتر! دەی پەنا بەخوا". دوای ئەم پۆستە، براکەی دەمیرتاش پۆستێکی دیکەی لە ئێکس بڵاوکردەوە و ئەمجارەیان نووسی، "بە دڵنیاییەوە ئەم نادادپەروەرییە رۆژێک کۆتایی دێت، ئێمە بڕوامان بە زیندوویی دەهێڵینەوە، بەڵام ئەمە رستەیەک نییە کە لەسەر بنەمای داتای کۆنکرێتی نووسیومە، پێویستە بە زووترین کات رووبدات".
