تەلەفزیۆنى سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، شەش ئەندامی وەزارەتی بەرگری سوریا لە نزیک شاری ئەلکیسوا لە لادێکانی دیمەشق لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج کوژران. سەرچاوە سەربازییەکان بە تەلەفزیۆنی سووریایان ڕاگەیاندووە، یەکەکانی سوپا لە چیای ئەلمانیە، لە چوارچێوەی شوێنێکی سەربازی لە نزیک گوندی دێر عەلی، پێش بۆردومانی ئیسرائیل، مانۆڕی چەکی زرێپۆشیان ئەنجامداوە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئێوارەی دوێنێ لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلدا، جەبەل ئەلمەنیە کە لە لایەک دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری جیادەکاتەوە و لە لایەکی دیکەش دەشتی حەورانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە شەش کارمەندی سوپا کوژراون کە ئەفسەرێکیان تێدایە. لای خۆیەوە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری سوریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل لە نزیک دیمەشقی پایتەخت لانیکەم سێ سەرباز کوژراون و باڵەخانەیەکی سەربازی سەر بە فیرقەی 44 لە ئەلکسوا کردە ئامانج. لای خۆیەوە کەناڵی ئەلئیخباریەی سوریا بڵاویکردەوە کە لە نزیک شاری ئەلکسوا لە لادێی دیمەشق کارمەندانی سوپای سوریا لە هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل کوژراون.
لەژمارەى ئەمڕۆیدا رۆژى چوارشەممە، رۆژنامەى العرب ڕاپۆرتێکى لەسەر پەیوەندیەکانى نێوان یەکێتى و پارتى دواى ڕوداوەکانى سلێمانى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو پارتى دیموکرات، یەکێتی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەڕەشە لە سەقامگیری و ئارامى کوردستان دەکات و یەکێتیش پێکدادانی هێزەکانى زێرقانی لە دژی خێڵی خورشید هەرکی بیری پارتى دەخاتەوە. ناکۆکییە سروشتییەکانی پەیوەندی نێوان هەردوو حزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت بۆ ماوەیەکی کورت بشاردرێتەوە، بەڵام بە هەر ڕووداوێکی سیاسیی بەرچاو یان شۆکێکی ئەمنی بە ئاشکرا دەتەقێتەوە، وەک ئەوەی کە بەم دواییە لە پارێزگای سلێمانی بینرا. کاردانەوەی لێکەوتەوە کە هەڕەشەی تێکدانی ئەو پێشکەوتنە کەمییە دەکات کە بە ئاراستەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتە نوێیەکەی ئەنجام دراوە. بەپێى وتەى ڕۆژنامەکە، سەرکردە دیارەکانی هەرێمی کوردستان بە جددی دۆخەکەیان گرتووە و دەستیان کردووە بە جوڵە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی. سەرچاوەیەکی سیاسی بڵاویکردەوە، سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، ئامادەکاری دەکات بۆ سەردانی سلێمانی "لە هەوڵێکدا بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی کوردستان. بڕیارە لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی کۆببێتەوە، دیارترینیان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی ئەو حزبەیە. گرژییە نوێیەکان لەو ڕووداوە خوێناویانە سەرچاوە دەگرن کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پارێزگای سلێمانی قەڵای یەکێتی ڕوویاندا. ئەم ڕووداوانە بریتی بوون لە بەکارهێنانی هێز بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و هاوبەشی پێشووی لە سەرکردایەتی حزبی، لەناو هۆتێلێکدا کە لەگەڵ ئەندامانی هێزەکەیدا بوو هەوڵى دەستگیرکردنیان دراو لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی، لێدوانێکی نەرێنی سەبارەت بە ڕووداوەکانی هۆتێل لالەزار لە سلێمانی بڵاوکردەوە، هاوکات دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە یەکێتی پۆستێکیان بڵاوکردەوە، کە بە فەرمانی "دەسەڵاتدارانی باڵا" کە بە هەڵمەتی میدیایی لە دژی یەکێتی ناوی دەبرد، ئیدانەیان کرد. بەڵام میدیا ناوخۆییەکانی دیکە ڕەهەندێکی جددیتریان بەو ناکۆکییە بەخشی کاتێک باسیان لەوە کرد کە یەکێتی لایەنەکانی ناو حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی تۆمەتبار کردووە بە تێوەگلان لە هەوڵی کودەتا بەسەریدا و دەستێوەردانی ئەمریکی و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پرسە لە ئارادایە. ڕۆژی سێشەممە، ئاژانسی هەواڵی بەغدا ئەمڕۆ لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە کە بە ئاگاداری وەسفی کردووە، ڕایگەیاندووە، هەوڵی نێوەندگیری بەهێز لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەدرێن بۆ ئەوەی میدیاکانی یەکێتی نەتوانن ئەو دانپێدانانە پەخش بکەن. ڕووداوەکانی هۆتێل لالەزار کە شێخ جەنگی لێی دەستگیرکرا، نوێنەرایەتی "دڵۆپ"ێکی دیکەی دەکرد کە جامەکەی ناکۆکییە شاراوەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لێ ڕژا، دوای ئەوەی پارتی ڕکابەر و نەیارەکەی بە هۆکاری تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و هەڕەشەکردن لە ئاسایشەکەی خستە ئەستۆی خۆی. ئەمەش لە بەیاننامەیەکدا هات کە لەلایەن حزبەکەی بارزانییەوە بڵاوکراوەتەوە، کە تیایدا هاتووە، کاردانەوەی ڕووداوەکانی هۆتێل، "کە گیانی خەڵکێکی زۆریان لێدەسەندرێتەوە، نیگەرانییەکی زۆری لای دانیشتوانی سلێمانی بەتایبەتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتی دروستکردووە.
ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان هێلین ئومێد باسی لەوەکرد حكومەتەکەی ئاکەپە لە ئامادەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرۆسەکە دەترسێ، چونکە رێبەرێتی ئامادەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی و ئاشتییە و گوتی: "کۆمیسیۆن و کۆمەڵگەش ترس و نیگەرانیان لەوەیە ئاکەپە لە پرۆسەکە بکشێتەوە." هێلین ئومێد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان کە بەناوی ئەندامی تەڤگەری ئازادییەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەدیا خەبەر تیڤی کردووە رایگەیاند: گەر ئەمجارەش ئەم پرسە چارەسەر نەکرێت ئەوا دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی پر لە توندوتیژی. تەواوى چاوپێکەوتنەکە.. سڵاو و خۆشەویستی خۆی بۆ ڕێبەر ئاپۆ نارد و لە کەسێتی شەهیدانی فەرماندە نوورەدین سۆفی و کۆچەرۆ ئورفا و هەروەها شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارادا بە ڕێز و پێزانینەوە هەموو شەهیدانی مانگی ئابی بیرهێنایەوە. هێلین ئومێد دەربارەی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئەمەی گوت: "پرۆسەکە بەرەوپێشەوە دەچێت، سەرنجی هەمووان بە تایبەت لەسەر کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەییە، نابێت کارەکانی کۆمیسیۆن جیاواز لە کارەکانی پرۆسەی گشتیی تەماشا بکرێت. لە پرۆسەیەکداین کە بە ڕەنج، قوڵبوونەوە و هێزی هزری ڕێبەر ئاپۆ ئافرێندراوە. پێکهێنانی کۆمیسیۆن و کارەکانیشی بەشێکن لە پرۆسەکە." 'کۆمەڵگە ترسی لەوەیە ئاکەپە لە پرۆسەکە بکشێتەوە' هێلین ئومێد ڕایگەیاند لە بابەتەکانی خاوەنداریکردن لە پرۆسەکە، ڕوبەڕوبوونەوەی واقع، خاوەنداریکردن لە ڕاستییەکان و گفتوگۆیەکی بوێرانە، ترس و نیگەرانی هەیە و دەستنیشانی کرد هۆکاری ترس و نیگەرانییەکانیش دەسەڵاتداری ئاکەپەیە. لەسەر ئەم بابەتە هێلین ئومێد ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "دۆخەکە لەبەر دوو هۆکار بەم شێوەیە؛ ڕابردوویەک لە ئارادایە. بە پرۆسەیەکی سیاسییدا تێپەڕین، دەرکەوت ئاکەپە خۆی سپاردووە بە کۆمەڵگەی کورد و خواستی خۆی ڕێکخراو بکات. واقعی ئاکەپە-ئەردۆغانمان بینی لە داوای ساڵانی دووهەزارەکانەوە بووە دەسەڵاتدار، بەڵێنی ئازادی دا بە کوردان، پرۆسەکە بە پێشکەوت، لەو پرۆسانەدا ڕۆڵیکی گێڕا، بەڵام دواتر زۆر بە زوویی، هەروەک دەگوترا 'دەمامکەکەیان کەوتەخوارەوە' و ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆیان نیشان دا و کۆمەڵگەی کوردی و تورکیش ئەمەی بینی. تەماشاکە؛ توندوتیژی و ستەم تەنها لە دژی کوردان دەکرێت. دەمەوێت بڵێم، کەسانی بە ویژدانی کۆمەڵگەی تورکیا لەم بابەتەدا دەبێت زیاتر بە هەڵوێستی لێپرسینانەوە بجوڵێنەوە. ئەوە حەقیقەتێکە؛ ستەم کردن لە کۆمەڵگەی کوردی هاوکات کۆمەڵگەی تورکیش لەناو دەبات. یانی تورکەکان دەچەوسێنێتەوە و وادەکات دەنگی کۆمەڵگەی تورک دەرنەکەوێ. بە هەڕەشە دەترسێندرێت و بە بەردەوامی خەریکی بانگەشەیە بۆ شەڕ، ڕێکلامکردن بۆ چەک، گرتن، دەستەبەسەکردن و توندوتیژی پۆلیس و ... مەبەستم ئەوەیە: ئاکەپە خاوەن تۆمارێکی لەم شێوەیەیە. بۆیە هەمووان ترسێکییان هەیە، نیگەرانن لە پرۆسەکە بکشێتەوە. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە ئاکەپە زۆر پراگماتیکانە دەجوڵێتەوە. ئەوەی ئەم پرۆسەیەیی خێراتر کردووە هەنگاوەکانی ڕێبەر ئاپۆیە. هەمیشە ئاکەپە و حکومەت لەم بابەتەدا لاواز بوون. بۆچی؟ لەبەرئەوەی سەیری ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات و دەیەوێت لەسەر ئەو بنەمایە پێگەی خۆی دیاری بکات. گەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت خواستێتی جارێکی دیکە کوردان سەرکەوت بکات. چونکە فێری ئەمە بووە و بەدەر لەمە ناتوانێت سیاسەتێکی دیکە بکات. دەڵێت شەڕ، توندوتیژی، فشار و ستەم و ئەمە وەک فرسەت دەبینێت، هەندێک ئەمە بە دیکتاتۆرێتی تاکڕەوی ناودێنن. هەموو بڕیارەکان لە لایەن یەک کەسەوە دەدرێت. دەسەڵاتێکی سیاسی لەم شێوەیە فۆرمی گرت. ئەمە گۆرەپانێکی ئاسوودە و بێ سەرێشەیە. سەپاندنی سیاسەتێکی لەم شێوەیە زۆر ئاسوودەیە. هەر بۆیە ترەمپ لەم ڕووەوە سەرسامی ئەردۆغانە. ڕەنگە پۆتینیش سەرسام بێت پێی، ئەویش بە هەمان شێوە دەوڵەتێکی هەواڵگری درووست کرد. قۆرخکاری و ناوەندگەرای پانتاییەکی سیاسی ئاسوودەیە بۆ ئاکەپە و لە ئێستاشدا نایەوێت لەم حکومکردنەی جیابێتەوە. دیموکراسی شێوازێکی سەختی حوکمڕانییە و سیستەمێکی سیاسییە کە تێیدا دەبێت بۆچوونی هەموانی قبوڵ بێت. بەدەر لەمەش بەمانای ئەوەدێت کۆمەڵگە خۆی بنکی ڕێکخستنی خۆی بونیات بنێت و سیاسەتی خۆی بکات. بەڵام ئەو زیهنییەتی لە بەرانبەرماندایە لەم ڕووەوە جێگەی باوەڕ نییە. بۆیە ئەوانەی لە کۆمیسیۆندان، هەندێکیش لەوانەی بەشداری کۆمیسیۆن بوون هەندێک بە ترس و نیگەرانیەوە قسەدەکەن. ترسیان لەوەیە گەر سبەی لە پرۆسەکە کشایەوە بڵێت؛ تۆ لە کۆمیسیۆنەکەدا فڵان شتت گوت و ئەندامی فڵان لایەنی، دەتوانێت جارێکی دیکە بیگرێت. یانی هیچ گەرەنتییەکی پرۆسەکە نییە. لە تورکیادا هیچ گەرەنتییەک نییە. 'ترسیان لە ئامادەیی ڕێبەر ئاپۆیە بۆ پرۆسەکە' لەلایەکی دیکەوە بەشداری بەهێزمان لە پرۆسەکەدا داخوازمان بوو بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ، ئەوەشمان ڕوونکردەوە تەنها رێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەرێوەبەرێت. لەم چوارچێوەیەدا هەموو ئەوانەمان کرد کە ڕێبەرێتی دوای لێکردین. یانی لەم بابەتەدا بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ کرد. بەڵام لەولایشەوە دۆخێکی ئاوا لە ئارادایە، نزیکەی مانگێکە هیچ دیدارێکی ڕێبەر ئاپۆ نەکراوە، ڕاستە گوتمان گۆشەگیری هەندێک شکێندراوە. ڕاستە ڕێبەر ئاپۆ چەند دیدارێکی ئەنجام دا و بووە هۆکاری زیندووبوونەوەی هیواکان. بەڵام دیداری رێبەر ئاپۆ لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران و سیاسەتمەداراندا وەک پێویست نییە، هەرچەندە خۆی لە خۆدا ئەم دیدارانە بە مەرجی دەستووری ئەنجام دەدرێن. پێگەی دیلگرتن هێشتایش درێژەی هەیە. هەوڵدانی بە ئامرازکردن ئەمەیە، بیرکردنەوەی دەسەڵاتداری ئێستا ئەوەیە هەموو شتێک بکاتە ئامراز و لە بەرژوەندی خۆی بەکاری بهێنێت. مەبەسمان لە سیستەمێکی سیاسییە کە هەموو بەهاکانی تێکوپەکان داوە. بۆیە هەوڵدەدات بەم شێوەیە نزیکی ڕێبەر ئاپۆ بێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە سەرناگرێت. خواستیانە واقعێکی لەو جۆرە بخوڵقێنن و هەموو شتەکان بەپێی خواستیان بەڕێوەبچێت. بە دڵنیاییەوە ئەمە یارییەکی شەڕی تایبەتە. دووبارەی دەکەمەوە داڕێژەر و ئەندازیاری ئەم پرۆسەیە ڕێبەر ئاپۆیە و دەسەڵاتداریش لەگەڵ بیرۆکەکانییدا دانوستانی نەکرد. خۆ ڕێبەر ئاپۆ کەسایەتییەکی بارزگان نییە، ڕێبەرمان کەسایەتییەکی مێژووییە. ناتوانن بە گوشار و سەپاندن لە ڕێبەر ئاپۆ نزیک ببنەوە، یان لەڕێگەی فێڵ و ئیستیغلاکردنەوە بگەن بەو خواستەیان. باشە با بپرسین شتەکە ئاوایە؟ چونکە لە ئامادەیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرۆسەکە دەترسن، رێبەر ئاپۆ بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتیانە ئامادەیە. ئامادەیە بۆ سەروەربوونی سیاسەتێکی دیموکراتیک لە تورکیادا. کورد خرایە دەرەوەی کۆمارەوە، ئاشتەوای کوردان لەگەڵ کۆماردایە. مەبەستمان لە ئەنتێگراسیۆن خودی ئەم خاڵەیە. ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک تەنها پەیوەندیدار نییە بە ئێمەوە، یانی مەبەستمان لە ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ئەوەنییە میلیتانە چەکدارەکان بێن بەشداری سیاسەت بن. ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی خاوەنداری لە کۆمار بکات و ببێتە پایەیەکی بنەڕەتی. بەڵام لەم بابەتەدا هێشتایش ئاستەنگی جددی هەیە، وەک ئەوەی لە ڕێگریکردن لە کوردی ئاخاوتنی دایکە نەزاهەت بینیمان لە کۆمیسیۆندا. داخۆ کۆماری تورکیای نوێ، کۆماری دیموکراتیک، کۆماری تورکیایەکی دیموکراتیک بەم شێوەیە دەتوانرێت درووست بکرێت؟ داوا لە هەموو کەسێک دەکەم جددیانە بیر لەم بابەتە بکاتەوە. ئەمە یاری منداڵان نیە؛ ٥٠ هەزار مرۆڤ بوون بە قوربانی!. دەتوانم ئەمە بڵێم، گەر ئەمجارەش ئەم پرسە چارەسەر نەکرێت ئەوا دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی پر لە توندوتیژی.
ئەمڕۆ چوارشەممە (27ـی ئاب) کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، کە ژمارەیەک سەرۆک سەرکردەو کەسایەتیی سیاسی لە 21 وڵاتی جیهانەوە بەشداریی تێدا دەکەن. لە یەکەم رۆژى کۆنفرانسەکەدا، یەکەمین کۆنگرەی ژنانی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی دەبەسترێت و سەرۆکی یەکێتیی ژنانی سۆسیال دیموکرات هەڵدەبژێردرێت. کۆنفرانسەکە بڕیارە بۆ ماوەى چوار رۆژ بەردەوام بێت، چەندین وتار، بابەت و پانێڵی جیاواز لەسەر پرسە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پێشكەش دەکرێت. کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتیی، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەدەچێت و د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بەشداردەبێت. کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی، کە تاوەکو 30ـی ئاب بەردەوام دەبێت، ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە هاوپەیمانییەکانی نێوان بزووتنەوە پێشکەوتووخوازەکانی عەرەب و کورد و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان پارتە سۆسیال دیموکراتەکانە. هەروەها ئامانجیشی ئەوەیە، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی پەیوەست بە وەڵامدانەوەی پرۆگرام و حوکمڕانی دیموکراتی بکرێت و لەو رێگەیەوە کار بۆ دامەزراندنی بناغە و دیدگایەکی سیاسی نوێ و پلانی ستراتیجیی سۆسیال دیموکراسی لە جیهانی عەرەبیدا دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان کە پێکهاتوون لە هاوسەرۆکی پەیەدە غەریب حسۆ، ئەندامانی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ساڵح موسلم و فۆزا یوسف گەیشتنە سلێمانی، بڕیارە بەشداری کۆنفرانسی "هاوپەیمانی سۆشیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی" بکەن کە لە ڕۆژانی ٢٧ بۆ ٣٠ ئاب بەڕێوەدەچێت.
یەكێك لە تەوەرە گرنگەكانی دیداری نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ جین شاهین، سیناتۆری دیاری ئەمریكا كە لە عەممانی پایتەختی ئوردون بەڕێوەچوو،باسكردن بووە لە پێویستی بەردەوامی دانوستانەكان لەبارەی گەیشتن بە چارەسەری نا ناوەندی لە سوریا، بە نێوەگیری نێودەوڵەتی. كەناڵی "روناهی" لەزاری سەرچاوە تایبەتەكانییەوە ئاشكرایكردووە: كۆبونەوەی چەند رۆژی رابردووی مەزڵوم عەبدی و جین شاهین، هاوڕێ لەگەڵ پەرلەمانتاری ئەمریكی جۆ ویڵسۆن، سێ تەوەری سەرەكی باسكراوە. بەگوێرەی سەرچاوەكە، لە كۆبونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان كردووەتەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش و، پێویستی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی (10)ی ئازاری نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریاو مەزڵوم عەبدی، لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا، لەگەڵ پێویستی درێژەدان بە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی نا ناوەندی لە سوریا لە ڕێگەی نێوەندگیری نێودەوڵەتییەوە. ئەو پێشهاتانە لەكاتێكدا، ئەحمەد شەرع لەمیانی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك كەسایەتی و بەرپرسی میدیا عەرەبی و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە لە دیمەشقی پایتەخت رایگەیاند: ئەگەر فیدراڵیزم یان نا ناوەندی بە واتای دابەشبون بێت، ئەوە رەتیدەكەینەوە، لەبارەی هەنگاوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش وتی:ئەگەر ئامانج مافەکانی کورد بێت، پێویست بە دڵۆپێک خوێن ناکات، چونکە ئەو مافانە لە دەستووردا دەبن، بەڵام پشکپشکێنە هاوشێوەی عێراق و لوبنان قبووڵکراو نییە. شەرع ئاماژەی بە رێککەوتنی 10ی ئازار کردو وتی: ئەو رێککەوتنە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە قبوڵكراوە و وەک بنەمایەك بۆ گفتوگۆ تەماشا دەكرێت.
وتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایدەگەیەنێت پێویستە حکومەتی هەرێم بڕی (120) ملیار دیناری داهاتە نانەوتییەکان رادەست بكات، بۆ ئەوەى مووچەکە خەرج بکرێت. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی رێکارەکانی ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەستپێدەکەن کە 120 ملیار دینارە. رۆژی سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو و سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکەش ڕاگەیاند: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت". نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، سەبارەت بە پابەندبونە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێداچونەوەی بە راپۆرتی لیژنەی وەزاری پەیوەندیدار بە پابەندبونە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، رەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی حوزەیرانی 2025 لەلایەن وەزارەتی داراییەوە. پێویستە حکومەتی هەرێم بڕی (120) ملیار دیناری داهاتە نانەوتییەکان رادەست بكات، بەگوێرەی بڕیارنای ژمارە 636ی ساڵی ی حكومەت2025. هاوكات ئەنجومەن لیژنە هاوبەشەکانی راسپارد بۆ درێژەدان بە کارەکانیان و رێنمایی پێکهێنانی تیمێکی یاسایی كرد، کە راوێژکاری یاسایی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی بەشە یاساییەکان لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و دەستەی چاودێری دارایی فیدراڵی لەخۆدەگرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشە یاساییەکانی پەیوەست بە داهاتە نا نەوتییەکان، بەپێی یاسا. سەبارەت بە دۆسیەی نەوتیش، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ئەو دەرەنجامانە كرد كە لیژنە هاوبەشەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە هەرێمی کوردستان پێیگەیشتون، جەختی لە پێویستی پەلەکردنی گەیاندنی دەستبەجێی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی ناو هەرێم كردووتەوە بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی دەوڵەت (سۆمۆ) کردەوە، بەمەبەستی هەناردەکردنی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیا، بەپێی یاسای هەموارکراوی بودجەی فیدراڵی.
سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زانیاری لەبارەی ژمارەی کوژراوان و دەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دراوە". ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی بە ژمارەیەک رۆژنامەڤانی دەزگاکانی راگەیاندنى وت، 12 کەس لە شەڕەکەی لالەزار کوژراون کە 3 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بوون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، 160 کەسیش دەستگیرکراون. سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی باس لەوە دەکات، لە دوو مانگدا 4 جار هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دراوە. یەکەم "هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی" بە گوتەی ئەو سەرچاوە باڵایە، "لە رێگەی فەرماندەیی بووە، بەڵام ئەمریکی لەگەڵ بووە و هەربۆیە پیلانەکەیان جێبەجێ نەکردووە." وەک سەرچاوەیە دەڵێت، یەکێکی دیکە لە هەوڵەکان "لە رێگەی نیشانەشكێن لە دووری 600 مەتر لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونەوە لە دەباشان بووە." هەروەها باس لەوە دەکات، "چەکدارەکە ئامادەکاری کردووە و تەنانەت جارێک هێمای دووربینی نیشانەشکێنەکەی خستووەتە سەر سنگی بافڵ تاڵەبانی، بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە و تەقەی نەکردووە." یەکێکە دیکە لە هەوڵی "تیرۆرکردنەکە" ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی گوتی: "لە چێشتخانەی ڤۆگ بووە لە سەرچنار، بەڵام سەری نەگرتووە." "بەشێک لە هەوڵەکانی شکستیان هێناوە" ئەو سەرچاوەیە هۆکارەکەی باس کرد و گوتی: "بەهۆی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بە ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ هاتووچۆی کردووە." "جارێکیش پیلانی تیرۆرکردنی قوباد تاڵەبانی دراوە، ئەوەش کاتێک لە نێو فڕۆکەدا بووە لە ئاسمانی سلێمانی." بە گوێرەی سەرچاوە باڵاکەی نێو یەکێتی. سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی گوتی، پێش دەستپێکردنی شەڕەکە بافڵ تاڵەبانی 3 جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی کردووە و گوتوویەتی: "وەرە دەرەوە خۆم دێم دەتبەم، بەڵام نەهاتووە و خۆی رادەستنەکردووە". "پارتی دیموکراتی کوردستان لەو هەوڵ و پیلانگێڕییەدا نەبووە و بەشدار نەبووە." سەرچاوە باڵاکەی نێو یەکێتی وای گوت.
شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان کە پێکهاتوون لە هاوسەرۆکی پەیەدە غەریب حسۆ، ئەندامانی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ساڵح موسلم و فۆزا یوسف گەیشتنە سلێمانی، بڕیارە بەشداری کۆنفرانسی "هاوپەیمانی سۆشیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی" بکەن کە لە ڕۆژانی ٢٧ بۆ ٣٠ ئاب بەڕێوەدەچێت. شاندەکە لە لایەن بەرپرسانی سلێمانییەوە پێشوازییان لێ کرا و سەردانی مەزاری مام جەلالیان کرد، لە دەفتەریی یادەوەریی مەزارەکەدا ساڵح موسلیم ئاماژەی بە پێشهاتە نوێکانی پەیوەست بە کورد لە ناوچەکە کرد و نووسی: "بەهۆی ئەو پیلانە سیاسییەوە کە لە دژی دەگێڕدرێت، ئەمڕۆ کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی پێتانە، بەڵێتان پێدەدەین کە لەسەر ئەو ڕێچکەیە بڕۆین کە ئێوە و ڕێبەر ئاپۆ نەخشەتان بۆ کێشاوە، تاوەکوو ئازادی و سەقامگیریی بەرقەرار دەبێت بۆ گەلەکەمان لە ناوچەکەدا". دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ساڵح موسلیم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "هاوپەیمانیی سۆشیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبیدا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا کە لەسەر دەستی مام جەلال دروست بووە، زۆر گرنگ بوو بۆ ناوچەکە، هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازم." کۆنفرانسی "هاوپەیمانیی سۆشیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی" بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، لە ٢٧بۆ٣٠ ئاب لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، هاوشانی شاندەکەی ڕۆژئاوا شاندێک کە پێکدێن لە نوێنەرانی دەم پارتی، کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، نوێنەرانی وڵاتان، و پارت و ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان بەشداری تێدا دەکەن. ئامانج لە کۆنفراسەکە پتەوکردنی پەیوەندییە هاوپەیمانێتییەکانی نێوان بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی کورد و عەرەب و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان پارتە سۆشیال دیموکراتەکانە.
سەرچاوەیەکى باڵاى حکومەتى عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەکۆبونەوەکەى ئەمڕۆدا بڕیاری ئەوەدراوە کە مووچەى مانگى شەش خەرج بکرێت، بەو مەرجەى ١٢٠ ملیار دینارى داهاتى ناوخۆ بنێردرێت بۆ بەغدا. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دا. لیژنە هاوبەشەکانیان لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن. ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا کە یەکێک لە تەوەرەکانی کارنامەکەی، پرسی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت بوو. سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکە لە بەغدا ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، بە زۆرینەی دەنگ و بەبێ مەرج، بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دا. هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش دا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕاسپێردراوە لە سبەینێوە دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات و چاوەڕێش دەکرێت، هەر سبەینێ، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار لە داهاتی فیدراڵی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات. لیژنە هاوبەشەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ سەردانی لاهور شێخ جەنگی و بەشێک لە دەستگیرکراوەکانیان کردوە لەشاری سلێمانی. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى دەستەکە ناوبرا ئاماژەی بەوە کردوە تەندروستی باشەو لەژورێکی تایبەت دانراوەو تەواوی پێداویستیەکانی بۆ دابین کراوە، بەڤیدیو لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە، داوای پەرتوکی کردبوو لەئاسایش کومەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە، لەوکاتەی کەهاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لەکانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبۆتەوە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی لاهور شێخ جنگی و بەشێک لە دەستگیرکراوەکانیان کرد لەشاری سلێمانی ڕۆژی سێشەمه ٢٦ی ئاب شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەڕاسپاردەی سەرۆکی دەستە د.مونا یاقۆ سەردانی شاری سلێمانیان کرد، شاندەکە لەگرتوخانەی کانی گۆمە چاویان کەوت بە لاهور شێخ جنگی لەنزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کرد دەربارەی ڕەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوەو ڕێکارەکان پرسیاریان لێ کرد. ناوبرا ئاماژەی بەوە کرد تەندروستی باشەو لەژورێکی تایبەت دانراوەو تەواوی پێداویستیەکانی بۆ دابین کراوە وە هەروەها بەڤیدیو لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە وەهەروەها داوای پەرتوکی کردبوو لەئاسایش کومەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە، وە ئاماژەی بەوەش کرد لەوکاتەی کەهاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لەکانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبۆتەوە. دواتر لاهور شێخ جنگی داوای کردووە کە دۆسیەکەی بەڕێکاری یاسایی بروات و دەستەش چاودێری بکات. هەروەها لەسەر ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە گوتی زووتر نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکاو بەریتانیاوفەرەنسا و حکومەتی هەرێمی لێ ئاگادار کردۆتەوە کە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن. دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەدا مافی ناوبراوە ڕێگە بە پارێزەرەکانی بدرێ سەردانی بکەن و بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسەش چارەسەر بکرێ و ڕێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەکان. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کەلەکاتی لێکۆڵینەوەکان هیچ توندوتیژیەکی بەرامبەر نەکراوەو هیچ دان پێدانێکی بەزۆری لێی وەرنەگیراوە هەروەها لەوەڵامی پرسیاری تیمی دەستە سەبارەت بە ڤیدیو کردن لەکاتی لێکولینەوە گوتی هیچ کامیرا و ئامێری تۆمارکردن نەبووە لەکاتی لێکولینەوە. دواتر تیمەکەی دەستە چاویان بەبەشێک لەدەستگیراوەکان کەوت کە وەک ئەندامی هێزەکەی لاهور شێخ جنگی ناسراون و بەپێی بەدوا داچونی شاندەکەی دەستە ژمارەیان ١٦٢ کەسن وە ئاسایش گوتی ژمارەی کوژراوەکانی هەردوو لا پێنج کەسن هەروەها ئاماژەیان پێکرد کە ڕۆژانە ڕێگە بەبەشێک لەکەس و کاریان دراوە سەردانیان بکەن وە ئاماژەیان بەوە کردوە لە ئێستادا شوێنیان باشە لەو کاتەی هێنراونەتە ئاسایش. ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژیەک نەبونەتەوە. دەستەی مافی مرۆڤ ڕایدەگەینێ هەر کەسێکی نادیارو بێ سەرو شوێنە لەو ڕووداوە دەتوانێ سەردانی نوسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ بکات بۆ سۆراخ کردنی کەسەکانیان جێی باسە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ یەکەم دامەزراوەی فەرمیە دوای ڕووداوەکانی سلێمانی سەردانی دەستکیرکراوانی کردبێت. دەستەی سەربەخۆی مافی مروڤ لەهەرێمی کوردستان ٢٦ی ئابی ٢٠٢٥
لە بنکەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە شارۆچکەی تل تەمەری باکووری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، مانۆرێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا. ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردووە، لە بنکەی سەربازیی(قەسرەک) لە شارۆچکەی تل تەمەر و دەورووبەری، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و هێزەکانی هاوپەیمانان، مانۆرێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا و فڕۆکە جەنگییەکان زۆر نزم بەسەر ناوچەکەدا دەسووڕانەوە. خەڵکی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن، جگەلە نزمی فڕۆکەکان، دەنگی تەقینەوە و تەقەی زۆریان بیستووە، لەوەوە زانیوویانە مانۆری سەربازیی ئەنجام دەدرێت، سەرچاوەکانی هەواڵیش دەڵێن: ئەمڕۆ بەیانی، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئەرکی تایبەت بە(ئیرادەی تۆکمە) لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی شەوی ڕابردووی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانان، ئامانج لێی، پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هەردوولایە. پەیامەکە ئاماژە بەوەشدەکات، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە هەوڵێکە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکان لەپێناو شکستپێهێنانی داعش، هەروەها پارێزگاریی کردن لە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.
سەرۆک کۆمارى تورکیا دەڵێت تورکیا گەرەنتی ئاسایشی کوردە لە سوریا، ئەوانەی ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەردەکەون، ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن، دەدۆڕێن. ئەمڕۆ سێ شەممە لە یادی سەركەوتنی سەلجوقیەکان بەسەر بیزەنتینیەکان لە شەڕی مەلازیگرت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا وتارێکى پێشکەشکرد و سەبارەت بەپرۆسەى چارەسەرى ڕایدەگەیەنێت: ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە لە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە بۆ ڕووخاندنی دیوارەکانی ناتەبایی دەستمان پێکردوە. هەروەها ئەوەشدەخاتەڕوو هەموو دامەزراوەکان بە وردبینی و زڕنیگیەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن. وتیشی: میللەتەکەمان سەرنجی ئەو کەسانە دەدات کە هەوڵی ژەهراویکردنی پرۆسەکە دەدەن بە ئەجێندای ناپەیوەندیدار. هەرچییەک بکەن، ئەمجارەیان سەرکەوتوو نابن. ئەمجارە کەس ناتوانێت لە ڕێگای ئەم کەشوهەوای هیوادا بوەستێت. ئەردۆغان جەختى لەسەر ئەوەکردەوە تورکیا گەرەنتی ئاسایشی کورد لە سوریا دەکات. ئەوانەی ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەردەکەون. ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن، دەدۆڕێن. وتیشى: وەک تورک و عەرەب و کورد تا کۆتایی زەمان لەم خاکەدا شان بە شانی یەکتر دەژین. چاوەڕوانی پشتیوانی هەر هاوڵاتییەکم کە دژی تیرۆر و خوێن و فرمێسک و دووبەرەکی وەستاوە.
سەرۆک کۆمارى تورکیا دەڵێت تورکیا گەرەنتی ئاسایشی کوردە لە سوریا، ئەوانەی ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەردەکەون، ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن، دەدۆڕێن. ئەمڕۆ سێ شەممە لەبۆنەیەکدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا وتارێکى پێشکەشکرد و سەبارەت بەپرۆسەى چارەسەرى ڕایدەگەیەنێت: ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە لە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە بۆ ڕووخاندنی دیوارەکانی ناتەبایی دەستمان پێکردوە. هەروەها ئەوەشدەخاتەڕوو هەموو دامەزراوەکان بە وردبینی و زڕنیگیەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن. وتیشی: میللەتەکەمان سەرنجی ئەو کەسانە دەدات کە هەوڵی ژەهراویکردنی پرۆسەکە دەدەن بە ئەجێندای ناپەیوەندیدار. هەرچییەک بکەن، ئەمجارەیان سەرکەوتوو نابن. ئەمجارە کەس ناتوانێت لە ڕێگای ئەم کەشوهەوای هیوادا بوەستێت. ئەردۆغان جەختى لەسەر ئەوەکردەوە تورکیا گەرەنتی ئاسایشی کورد لە سوریا دەکات. ئەوانەی ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەردەکەون. ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن، دەدۆڕێن. وتیشى: وەک تورک و عەرەب و کورد تا کۆتایی زەمان لەم خاکەدا شان بە شانی یەکتر دەژین. چاوەڕوانی پشتیوانی هەر هاوڵاتییەکم کە دژی تیرۆر و خوێن و فرمێسک و دووبەرەکی وەستاوە.
بەکاریگەریی ڕووداوەکانی ئەم دواییە، یەکێتی پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ پارتی هەڵپەساردەوە. بەوتەی سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتمانی کە بۆ پەنجەرە قسەی کردوە، بافڵ تاڵەبانی- سەرۆکی یەکێتی، زۆر لە پارتی نیگەرانە و پێیوایە ڕۆڵی هەبووە لەو ڕووداوانەی ئەم دواییە لە سلێمانی ڕوویانداوە کە دیارترینیان هەوڵدان بووە بۆ تیرۆرکردنی خودی تاڵەبانی. وتیشی: یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی لەوە تووڕەن کە پلانداڕێژەری کارەکە ئەژی ئەمین، سەرۆکی پێشووی دەزگای زانیاریی یەکێتییە کە ئێستا لە هەولێرە. باسی لەوەشکرد: تووڕەیی یەکێتی بەو ئاراستەیەیە کە پارتی ڕێگەی بە ئەژی ئەمین داوە ئازادانە کاربکات و دەست بۆ دۆسییەی گەورە ببات لە سنووری سلێمانی لە نمونەی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی و هەوڵ بۆ ئەنجامدانی "کودەتا" بدات، داواش دەکات دۆسییەی ناوبراو یەکلایی بکرێتەوە و ڕۆڵەکەی کۆتایی پێبهێنرێت. بەوتەی سەرچاوەکەی یەکێتی، ئەو حزبە هەموو پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ پارتی هەڵپەساردووە و ئێستا پەیوەندییەکانی هەردوولا لەو پەڕی خراپیی دایە. شەوی پێنجشەمە و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی (21 و 22ـی ئاب) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر لالەزار کە بارەگای سەرەکی بەرەی گەل و ماڵی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەکەی لێبوو، یەکێتی ئەگەرچی بە فەرمیی ڕاینەگەیاندووە، بەڵام بە نافەرمی باس لەوەدەکات هۆکاری پەلامارەکە بۆ بوونی "پیلانێک" دەگەڕێتەوە بەمەبەستی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی.
شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی، لە ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەدا گەشت بۆ ئیمرالی دەکات بە مەبەستی دیداری ڕێبەر ئاپۆ، ئەمەش یەکەم سەردانی شاندی دەم پارتى دەبێت لە دوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی. وابریارە، پێنج شەمەى ئەم هەفتەیە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، کە لە هەریەکە لە پەروین بوڵدان جێگری سەرۆک پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی، مەدحەت سانجار پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەر لە نووسینگەی یاسایی سەدە پێکهاتووە بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی زیندانی ئیمرالی بکەن. هێشتا ڕۆژی دیدارەکە دیاری نەکراوە، بەڵام دیدارەکە کە لە چوارچێوەی کارەکانی “کۆمسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی”ـدا لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام دەدرێت. چاوەڕوان دەکرێت ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا، پەیوەست بە کارەکانی کۆمسیۆنەکە و پرۆسەی چەک لەناوبردن پەیامی گرنگە بدات. ئەنجامدانی ئەمدیدارەش لە کاتێکدایە، نزیکەی یەک مانگ بەسەر کۆتا دیداری ئیمرالی و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا تێپەڕدەبێت. سەردانەكەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی دوای دێت، تونجەر باكرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە چەند رۆژی رابردودا وتارێكی توندی داو وتی: لە ٢٥ی تەمموزەوە کۆبونەوەکانی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و شاندی ئیمرالی لە زیندانی ئیمرالی لە پاشەكشێدان و رایگەیاند: ئایا دەرگاکانی زیندانی ئیمرالی تەنها كەرەستەیەكە لە دەستتدا؟ مانگێک بیکەیتەو و دواتر بۆ مانگی داهاتوو دایبخەیت، ئایا بەم شێوەیە پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەکەیت؟ ئایا بەم شێوەیە بە ئاشتی دەگەین؟ ئەم داخستنە بۆ ماوەی مانگێک خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات.
